بۆری كه‌ركوك- توركیا ئاماده‌یه بۆ ناردنی نه‌وت
2024-04-21 10:16:36
(دره‌و):
تاقیكردنه‌وه‌ی دووه‌می هێڵی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- موسڵ- توركیا سه‌ركه‌وتوو بوو، هێڵه‌كه له‌سه‌ره‌تای مانگه‌وه ئاماده‌یه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌م بۆرییه چاره‌نوسی بۆری نه‌وتی كوردستان ده‌خاته تونێلێكی نادیاره‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به (دره‌و)ی رایگه‌یاند، تیمه‌كانی وه‌زاره‌ت ئه‌مڕۆ جارێكی تر هێڵی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهان تێست كردووه‌و له سه‌ره‌تای مانگی پێنجه‌وه هێڵه‌كه ئاماده‌یه بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.
سه‌رچاوه‌كه وتی: ئه‌مه دووه‌م تاقیكردنه‌وه بووه بۆ زانینی سه‌لامه‌تی بۆرییه‌كه، له كه‌ركوكه‌وه تا زاخۆ نه‌وت به بۆرییه‌كه‌دا ره‌وانه كراوه‌و هێڵه‌كه كێشه‌ی تێدا نییه.
به كه‌وتنه‌وه گه‌ڕی ئه‌م هێڵه، چیتر نه‌وتی كه‌ركوك پێویستی به‌وه نامێنێت له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه تا سنوری توركیا بگوازرێته‌وه‌و له‌وێوه بچێته سه‌ر هێڵی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیا تاوه‌كو به‌نده‌ری جه‌یهان، به‌پێی به‌دواداچونێكی پێشتری (دره‌و)، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش له‌رێگه‌ی كه‌ركوكه‌وه ره‌وانه‌ی توركیا بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م جۆره هه‌بێت، بۆری نه‌وتی كوردستان كۆتایی پێ دێت كه رێژه‌ی 60%ی بۆرییه‌كه پشكی كۆمپانیای (رۆسنه‌فتی) روسی و 40%ی پشكی كۆمپانیای (كار)ه.
له‌باره‌ی بۆری كه‌ركوك- جه‌یهانه‌وه
بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ - توركیا ) دوو بۆریە، بۆری یەكەم (40) ئینجەو بۆری دووەم (46) ئینجە، بەرهەدووكیان توانای رەوانەكردنی (ملیۆنێك و 600) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە.
ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوك (K1)ەوە دەردەچێت، لە (تەلوەرد)ەوە بۆ ناحیەی ریازی سەربە حەویجەو لەوێشەوە بۆ بێجی، پاشان بۆ فەتحە لە موسڵ تا وێستگەی (MS) لە رۆژئاوای زاخۆ، لەوێ فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكور هه‌یه‌و رۆژانە دووجار پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەكەن.
بۆری كه‌ركوك- موسڵ- توركیا
لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیەوە، كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا، ڕێڕەوێكی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك بدۆزنەوە، بەڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا هۆكارە سیاسییەكان ڕێگرده‌بن لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، تا ئەو كاتەی بەعسییەكان دەسەڵات ده‌گرتە دەست.
به‌عسییه‌كان سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی كەركوك لە دەست ئینگلیزەكان دەرهێنن و خۆماڵیی ده‌كه‌ن، دواتر لە 26/12/1974دا رێككەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق – توركیا لەنێوان هەردوو حكومەتدا ئیمزاكرا، لە 7ی نیسانی 1975 دەستكرا بە كاركردن لەم هێڵە لەلایەن كۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانییەوە، پرۆژەكە بریتی بوو لەراكێشانی لولەیەكی 40 ئینجی بەتوانای 750 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەكی پاڵنان لەهەردوو بەری عێراق و توركیا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەكی (ژماردن) لە نزیك زاخۆ، درێژی هێڵەكە 985.3 كم لە ویستگەی IT1 كە دەكەوێتە دووری 26كم لە رۆژئاوای كەركوكەوە دەست پێ دەكات، ماوەی 345كم پرۆژەكە دەكەوێتە ناو خاكی عێراقەوە واتە لە كەركوكەوە تا زاخۆ، 640.3 كیلۆمەتریشی دەكەوێتە خاكی توركیاوە، هێڵەكە بە تەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە رووباری دجلەو زێی خاپوور دەپەڕێتەوە دەچێتە خاكی توركیاوە.
لە كانونی دووەمی 1977 (محێدین مه‌عروف) جێگری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق، پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق توركیای كردەوە، لەكاتی كردنەوەكە دا ئاهەنگێكی گەورە سازكرا كە سلێمان دیمریل سەرۆك وەزیرانی ئەوسای توركیا‌و ژمارەیەك وەزیری تری لەگەڵدا بوو.
لە ساڵی 1986 هێڵەكە فراوانییەكی تری بەخۆوە بنیوه‌و لولەیەكی تری 46 ئینجی بۆ راكێشراوه، كە توانای هەناردنی هەردوو لولەكە گەیشتە 1.600.000 بەرمیل لە رۆژێكدا.
لەبەری عێراقه‌وه هێڵەكە سێ ویستگەی پاڵنان هەیە، لەبەری توركیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەكی هەیە ps3 جەزیره- ps4 ماردین- ps-5 (غازی عەنتەب)، دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی توركی لە ناوچەی (ئەدەنە).
ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵە بوو، لە توانایدا بوو (ملیۆنێك و 600 هه‌زار) بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات.
عێراق بەرانبەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو بڕێك پارە باجی بە توركیا دەدات، لە سەرەتادا ڕێككەوتن بە (42) سەنت بەرانبەر هەر بەرمیلێك ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە سەرووی (1,5) ملیۆن بەرمیل بێت، (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكردن لەخوار (750) هەزار بەرمیلەوە بێت. لە دوای ساڵی 2003 ئەم رێكەوتنە دەستكاری كرا‌و بەم چەشنەی لێهاتووه:
(70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت، (112) سەنت ئەگەر بڕەكە لە 200 هەزار كەمتر بێت.
له 25ی ئازاری 2023وه توركیا به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی راگرت، له‌وكاته‌وه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق چه‌ند هه‌وڵێكی داوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌ستپێبكاته‌وه به‌بێ پشتبه‌ستن به بۆری نه‌وتی هه‌رێم، هه‌وڵی یه‌كه‌م بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی هێڵی بانیاس بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و زیانه گه‌وره‌ی به‌ر هێڵه‌كه كه‌وتووه له‌ناو خاكی عێراق و سوریا، هه‌وڵه‌كه شكستی هێنا، دواجار وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق په‌نای برد بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی هێڵی بۆری كه‌ركوك- جه‌یهان.