یەک ئەردۆگان یان چەند ئەردۆگانێک؟

Draw Media

2023-05-13 12:06:51



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

(١-٢)

 

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بڕێکی زۆری نوسینی کوردیی بریتییە لە گشتگیریی قەبە و تەڵاقدانی هەر هەستێکی مێژوویی لە پەیوەندیدا بەو دیاردەو ژینگانەوە کە دروستدەبن و دێنەپێشەوە. واتە گرێنەدانی دیاردەکان بە سیاقە مێژووییەکان و بە ئەگەر و رێگرەکانی ناو ئەو سیاقانەوە. لەمەش خراپتر پەخشکردنی داوەریکردن و حوکمدانی گەورە و قورس بە زمانێکی زۆرجار ئینشایی و نیمچەشیعریی و شیعریی. هەموو ئەمانەش بەناوی فیکرو بیرکردنەوەی زانستیی و رادیکالەوە.  
لەهیچ شوێنێکدا ئەم شێوازە لە نوسین بەو روونییە دەرناکەوێت وەک لە باسکردنی کەسایەتییە مێژووییەکاندا، ئەوەی دەیبینین نییشاندانی ئەو کەسایاتییانەیە وەک خاوەنی جەوهەر و ئاکارێکی نەگۆڕ، کە گۆڕانە مێژووییەکان هیچ کاریگەرییەک لەسەریان بەجێناهێڵێت. ئەم جەوهەرە لە قووڵایی ئەو کەسانەدا ئامادەیە و بەدوای هەلی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دەرکەوتن و خۆنمایشکردن. لە ساتەوەختی جیاوازیشدا هەرجارەو بەشێکی ئەو جەوهەرە دەردەکەوێت و خۆی بەرجەستەدەکات. لەم روانیەنەدا مەسەلەکە تەنها مەسەلەی تێپەڕینی کاتە بۆ ئەوەی ئەو جەوهەرە نەگۆڕە بەتەواوی ئاشکراببێت. نوسەری زاناو بلیمەتیش ئەو نوسەرەیە کە هەرزوو ئەو جەوهەرە دەبینێت و ئاشکرای دەکات. 
ئەم جۆرە روانینە هەرچییەک بێت ناچێتە قاڵبی فیکرێکەوە لانی هەرەکەمی مەنهەجیبوون و زانستیبوونیان تێدابێت. بە هەرحاڵ ئەمە بابەتی سەرەکیی ئەم نوسینە نییە، بەڵکو پێشەکییەکی کورت و پێویستە بۆئەوەی بتوانین کۆمەڵێک سەرنج لەسەر کەسایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و سیاسەت و ستراتیژە جیاوازەکانی دەرببرین، وەک کەسایەتییەک لە ئێستادا هەم کۆمەڵگای تورکیی و هەم ناوچەکە و هەم جیهان، گیریان بەدەستییەوە خواردوە و خوازیاری رزگاربوونن لێی. 
خاڵی سەره‌کی لەم نوسینە جیاکردنەوەی زیاد لە ئەردۆگانێکە لە یەکتریی و نیشتەجێکردنی هەر یەکێکیانە لەناو سیاقی مێژوویی خۆیدا. ئەردۆگان سەرەتا سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول بوو، دواتر سەرۆک وەزیرانی تورکیاو دوای ئەوەش سەرۆکی وڵاتەکە. ئەم پیاوە لە هەریەکێک لەو قۆناغانەدا هەم کەسایەتیەکی جیاوازی هەبووە و هەم هەڵگری دیدگاو بەرنامە و پرۆژەی سیاسیی جیاواز، بووە. کۆکرنەوەی هەموویان لەژێر ناوی فاشیستبوون، یان ئیخوانچی، یان دژەکورد، یاخود دەسەڵاتگەر، راکردنە لە خوێندنەوەیەکی وردی کەسایەتی و سیاسەتەکانی ئەم پیاوە و نیشتەجێکردنیەتی لەناو دروشمێکدا کە زۆرجار هەڵەیەک کە تەمەڵیەکی فیکریی و مەنهەجی و تیوریی ئاڕاستەی دەکات. 

ژیانی سیاسیی ئەردۆگان لە ساڵانی هەشتادا بە ئەندامبوون لە ریفاه پارتی سەر بە نەجمەدین ئەربەکان دا، دەستپێدەکات، واتە ئەردۆگان لەسەرەتاوە مەیلی سیاسیی بەلای ئیسلامی سیاسیدا بووە و باوەڕی بەوەبوو کە ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت کێشەکانی تورکیا چارەسەربکات. بەڵام ئەردۆگان وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ (١٩٩٤-١٩٩٧) زیاتر وەک کەسێکی تەکنۆکرات دەردەکەوێت، تا نوێنەری ئیسلامی سیاسیی، تەکنۆکراتێک کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی و بەدەزگاییکردنی کارەکانی شارەوانی ئەستەنبوڵ. شەفافیەت لە ئییشکردندا دروشمی سەرەکیی و ئاڕاستەکەری کارەکانی ئەو قۆناغەیەتی. کارکردنی لەناو سیستمی سیکولاری تورکیادا فێری ئەوەیکردبوو کە ئیسلامی سیاسیی شانس و ئەگەری سەروەربوون و حوکمڕانیکردنی لەبەردەمدا نییە. دامەزراندنی ئاکەپە خۆیشی، کە چەند اڵێک دواتر ڕووئەدات، پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی و دروستکردنی دەوڵەتی دینیی نەبوو. 
ئەردۆگان وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٥) کەسایەتییەکی ترە و دیدو روانینەکانی گۆڕانی هەمەجۆریان بەسەردادێت. لەوانە بۆ نموونە لەباتی وێناکردنی خۆرئاوا وەک شەیتان، هەموو هەوڵی خۆی تەرخاندەکات بۆ نزیکبوونەوە لە خۆرئاوا بەگشتیی و بوون بە ئەندام لەناو یەکێتی ئەوروپادا. لەم قۆناغەدا خۆی وەک پردێک نمایشدەکات لەنێوان خۆرئاواو جیهانی ئیسلامیداو کۆمەڵێک چاکسازیی گرنگ لەناو دەوڵەتی تورکیاشدا ئەنجامئەدات. لەوانە بۆ نموونە، دەسەڵاتی سوپاو دەستێوەردانی لە سیاسەتەوە سنورداردەکات، بە فەرمی باس لە مەسەلەی کورد دەکات و هەنگاوی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی دەنێت (ئەم خالە لە بەشی دووهەمی ئەم نوسینەدا بە وردیی باسدەکەم). گەشەیەکی بەرچاو بە ئابوریی تورکیا دەدات و بڕو رادەی گەندەڵیی لە وڵاتەکەدا کەمدەکاتەوە. 
لەم قۆناغەدا گوتاری ئەردۆگان لە پەیوەندییدا بە دینەوە ئەو گوتارەیە کە لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بە «پۆست ئیسلامیزم» ناودەبرێت. پۆست ئیسلامیزم وەک جۆرێک لە بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ گرێدانی دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا، بە ئیسلامەوە. وازهێنان لە پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی دینیی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ماف. ھاوکات وێناکردنی دین وەک کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکەکانی ئەو پرۆژە دیموکراسییە. پۆست ئیسلامیزم ئەو جۆرەیە لە کۆنزەرڤاتیزمی دینیی کە میکانیزم و کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیموکراسیتی قبووڵە. بوون بە بەشێک لە ئەوروپای یەکگرتوو، ژێرخانی ئەم گوتارە تازەیەی ئەردۆگانە، و بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا کۆمەڵێک ریفۆرمی گرنگ ئەنجامئەدات. بەڵام دوای نائومێدبوونی تەواوەتی لەوەی تورکیا ببێت بە ئەندام لە ئەوروپای یەکگرتووداو دوای هاتنەکایەی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی، گۆڕانێکی تازە و گەورە بەسەر دیدگاو روانینەکانی ئەردۆگاندا دێت. بەڵام هێشتا بەرگریی لە دەوڵەتی سیکولار دەکات و پێیوایە دامەزراندنی دەوڵەتی دینیی شوێنی لە سەدەی بیست و یەکدا نابێتەوە. ئەردۆگان ئەم گوتارەی بەئاشکرا لەو سەردانەدا باسکرد کە دوای سەرکەوتنی بەهاری عەرەبیی لە مسیرو هاتنە سەر حوکمی ئیخوانەکان، ئەنجامیدا.
لەدوای بەهاری عەرەبییەوە ئەردۆگان هەوڵئەدات ببێتە نوێنەرو سەرکردەی وڵاتە موسڵمانە سونییەکان. بەهاری عەرەبیی، کە لە ساڵانی سەرەتایدا بەهاری ئیخوانی موسلیمین بوو، دواتریش هاتنەکایەی جەنگی ناوخۆی سوریاو ئامادەگیی بەهێزی هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و هێزە جیهادیستەکان لەناویدا، وادەکات ئەردۆگان خەیاڵی ئەوەی تیادا دروستببێت ئەنقەرە بکاتە پایتەختی ئیسلامی سونیی لە جیهاندا. لەم قۆناغەدا ئەردۆگان دیدێک بۆ شوناسی تورکیا گەشەپێئەدات کە جێگای زیاد لە گروپ و شوناسێکی ئەتنی تێدادەبێتەوە، لەوانەش کورد، بەڵام جێگای دینەکانی تری تێدا نابێتەوە. لەدوای بەهاری عەرەبییەوە ئیسلام دەبێتە بنەمای سەرەکیی ئەو شوناسەی ئەردۆگان بۆ تورکیا پێشنیاریدەکات. ئەمە وادەکات لەدوای ٢٠١١ گوتاری سەرەکیی ئەردۆگان دەبێت بە گوتاری «عوسمانیزمی نوێ» کە تیایدا تورکیا خەون بەوەوە دەبینێت ببێت بە سەرۆکی هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆی وڵاتە ئیسلامییە سونییەکان، ببێت بە سێنتەری سیاسیی و کولتوریی هەموو جیهانی موسڵمانان.  

 
هەرچی ئەردۆگانە وەک سەرۆکی تورکیا و گۆڕینی سیستمە سیاسییەکەی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی (٢٠١٧-... )، کۆتایی بە بەشی هەرەزۆری ئەو رەهەندە پۆزەتیڤانە دەھێنێت کە ئەزموونی ئاکەپە لە دە ساڵی یەکەمیدا هەڵیگرتبوو. لە قۆناغی سەرۆکایەتیدا ئەردۆگان دەبێتە سەرۆکێکی ستەمگەر و تاکدەسەلات، دەسەڵات لە ولاتەکەدا بە شێوەیەکی ترسناک بە مەرکەزیی دەکات و کۆڵەکە سەرەکییەکانیشی بە کەسایەتیی خۆیەوە و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە، گرێئەدات. لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەرجەمی نەیار و رەخنەگرەکانی خۆی ئەدات، کۆدێتای ساختە رێکدەخات، سەرۆک شارەوانییە ھەڵبژێراوەکان لادەبات و زینداندەکات،  میدیای وڵاتەکە کۆنترڵ و ئاراستە دەکات، سیستمی داوەریی دەسکاریدەکات، پەلاماری وڵاتەکانی دەوروبەری ئەدات، هتد... بەکورتییەکەی دوای زیاد لە بیست ساڵ حوکمڕانیکردن ئەم پیاوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە سەرکردە ستەمگەر و دەسەڵاتگەرە ھەرە ترسناکەکانی ناوچەکە. تا دێت زیاتر و زیاتر گەشە بە گوتارە دینییەکەشی دەدات و خۆی وەک سەرکردەی هەموو جیهانی ئیسلامی پێشنیاردەکات. بەناوی دروستکردنی سیستمێکی سیاسیی چالاک و کاریگەرەوە شوێنێک بۆ جیاوازیی سیاسیی، چ لەناو تورکیا خۆیدا و چ لەناو پارتەکەی خۆیشیدا ناهێلێتەوە. کەسە نزیەکەکانی یەکە بە یەکە لێی دوردەکەونەوە، یان ئەو خۆی قاویان ئەدات و وایان لێدەکات دووربکەونەوە و وازبهێنن. لەم قۆناغەدا زیاتر و زیاتر خۆرئاوا وەک شەیتان وێنادەکات و بەگژ هەموو دەنگێکدا دەچێتەوە نەچێتە ژێر ئەمر و نەهیی و خواست و خەونەکانی ئەوەوە. لە «سیاسەتی سفر کێشەوە» لەگەڵ دەوربەرەکەیەدا دەگوازێتەوە بۆ دروستکردنی کێشە لەگەڵ ھەمواندا و دەستخستنە ناو دۆخی ناوەکیی زیاد لە وڵاێکەوە. لەوانەش سوریا، لیبیا، سۆماڵ، سودان، ئازەربایجان، و زیاد لە بەشێکی کوردستانیش، هتد... لەناو  تورکیا خۆیدا خۆی وەک بەرجەستەکەری «ئیرادەی گشتیی» خەڵکی تورکیا وێنادەکات و پێی وایە بردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە هەڵبژاردن لە تورکیادا، لە نێوان ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ساڵی ٢٠١٩، ئەوی کردوە بە نوێنەر و بەرجەستەکەری ئەو ئیرادە گشتییە. 
ئەردۆگانی ئێستا، ئەردۆگانی ناو ئەو نەخۆشییە سیاسییە کوشندەیەیە کە خۆی بە نوێنەری نەک تەنها ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگاکەی خۆی دەزانێت، بەڵکو خۆی بە نوێنەری ئیرادەی گشتی سەرجەمی جیهانی ئیسلامییش.
 ئەوەی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا دەکاتە هەڵبژاردنێکی هێجگار گرنگ و چارەنووسساز، دەیکات بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی ئەم ساتەوەختەی جیهان، بوونی ئەگەری لابردن و رزگاربوونە لەم پیاوە ترسانەکەی ناوی ئەردۆگانە.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand