تازە بە تازە زەمینەسازیی دەکەن...
2022-12-18 17:09:27
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانیی، دوای تێپەڕین بەناو چەندان ساڵ لە جەنگ و ململانێ و ڕێکەوتنی پڕ لە ھەڵبەز و دابەزدا، دوای ئەوەی زۆرینەیان لە پێشمەرگەیەکی سادەوە بوون بە ملیۆنێر و ملیاردلێرەکانی دوای ڕاپەڕین، تازە بە تازە، پارتی و یەکێتی، ”زەمینەسازیی“ دەکەن، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ڕێز لە یەکتری بگرن و غەدر لەیەکتری نەکەن. تازە بە تازە ئەم ئەندام یان ئەو ئەندامی تیپی پێنجەمی سیاسەتکردنی ئەم حیزبانە، مەبەستم ئەندام پەرلەمانەکانیانە، یەکتری بە ناشیرینترین شێوە تاوانباردەکەن و ئەو زمانە چالاک دەکەنەوە کە لە ھەموو کون و قوژبنێکی ناو مێژووی ئێمەدا، بۆنی خوێن و بۆگەنی پێکدادانی گەورەی، لێدێت. تازە بە تازە بە نوێنەری وڵاتانی دەرەوە و بە ھێزە ناوچەییەکان و بە سیاسەتمەدارانی عێراق و بە خەڵکی کوردستان دەڵێن کە نێوانیان خراپە و ھەرێمەکە لەبەردەم بە ڕەسمیناساندنی دوو ئیدارەیی و پارچەپارچەبوونێکی دانپیانراودایە. ھەموو ئەمانەش لە دۆخێکی جیھانیی و ناوچەیی و ناوخۆیی، تەواو ئاڵۆز و پڕ لە قەیران و ھەڕەشە و کارەساتی گەورەدا.
میلەتان لە میانەی سی ساڵدا لە قۆناغێکە دەگوازنەوە بۆقۆناغێکی تر، لە سەردەمێکی حوکمڕانیی خراپەوە بۆ سەردەمێکی باشتر و لە لۆژیکێکی بیماری سەیرکردنی دونیاوە، بۆ لۆژیکێکی تەندروست و بەرھەمھێن. ٣٠ ساڵ لە مێژووی میلەتاندا ماوەیەکی درێژە. تیایدا کەسایەتییەکان و پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتداران و نوخبەی حوکمڕان، دەگۆڕێن، کەسانی نوێ دێن و دیدی نوێ و تازە لەگەڵخۆیاندا دەھێنن، کەسە کۆنەکان دەڕۆن و وازدەھێنن. لە ھەڵەکانی پێشویانەوە فێردەبن و دونیایەک دروستدەکەن باشتر و ئازادتر و ئینسانیتر لەوەی بەر لەوان ھەبووە. کەچی لە دونیای ئێمەدا، زۆربەی جار، شتەکان لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕۆن، ھەمان تاقم و ھەمان نوخبە، بە ھەمان تاس و ھەمان حەمامی پڕ تاوان و پڕ گەندەڵیی و خراپەکارییەوە، ئامادەن. باوکەکان دەڕۆن کوڕەکانیان دێن و کوڕەکانیش کە دەڕۆن ڕێگایان بۆ ھاتنی کوڕەکانی خۆیان، خۆشدەکەن. ھەمووشتێک تاپۆ و قۆرخکراوە. لەمەشدا بڕی ھەرەزۆری ئەو کێشە و ململانێ خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبیی و ناوچەییە دووبارەدەکەنەوە، کە ئاکاریی سەرەکیی حوکمڕانییەکەیانە.
لەناو ئەم دیمەنە ناشیرینەدا کۆمەڵگایەکی ماندو و نائومێد و توڕەیان دروستکردوە، کە بەردەوام لە لێواری تەقینەوەدایە، کۆمەڵگایەک ئەم قەیران دەیداتە دەستی ئەو قەیران و ئەم نەھامەتیی دەیگوازێتەوە بۆ ناو ئەو نەھامەتیی تر. دڵی ھێزە بیانییەکانیش بەوە ئەدەنەوە کە بەڵێنی شەڕنەکردنیان پێئەدەن.
ئەو پرسیارەی بکرێت لێرەدا لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا بە ڕاست بۆ دانوسان و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ لە دونیای ئێمەدا چارەسەری کێشەکان ناکات؟ بۆ ئەو ھەموو یەکتربینین و بەیەکەوە دانیشتانە، ئەو ھەموو موجامەلە و ھێرشە میدیایانە، دەرەنجامێکی تەندروستیان نییە؟ بۆ ھەندێکجار سوێند بە سەری یەکتری دەخۆن ھەندێکجاری تریش یەکتری دەکەنە خائینی عەیار بیست و چوار؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە تێزە فیکرییە بەناوبانگەکانی دونیای دوای جەنگی جیھانی دووھەم، دونیای دوای کوشتن و بڕینە گەورەکانی جەنگەکە و دوای کەوتنی ئەزموونی نازیزم و فاشیزم لە ئەوروپادا. مەبەستم تێزەی ”عەقڵانیەتی پەیوەندکار“، ”التواصل العقلاني“، Communicative rationality، فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن ھابرمازە.
ئەم تێزە پێ لەسەر گرنگیی ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆ و دانوسان دادەگرێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەنێوان مرۆڤە جیاوازەکاندا، باس لەوەدەکات کە گەیشتن بە ڕێکەوتن بەناو دیالۆگ و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و دانوساندا تێدەپەڕێت.
بەخشینی ئەم توانا گەورەیە بە گفتوگۆ و دانوسان لای ھابرماز لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکیی وەستاوە.
یەکەمیان ھێزی زمانە ھەم وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندییکردن و ھەم وەک توانایەک بۆ دروستکردنی واقیع. زمان وەک پردێک بۆ پەڕینەوەی ھاوبەش.
دووھەمیش ئامادەگیی جۆرێکی بەرھەمھێنە لە عەقڵانیەت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو عەقڵانیەتەی کە پێویستە ئامادەبێت و کاری خۆی لەگەیشتن بە مەیسەرکردنی گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێکەوتندا بکات، چ جۆرە عەقڵانیەتێکە؟
زۆر بە کورتیی، وەڵامی ھابرماز ئەوەیە ئەم عەقڵانیەتە عەقڵانیەتێکە دۆزینەوەی قازانجی گشتیی ئاراستەی دەکات، قازانجی گشتیش قازانجی ئەم ھێز یان ئەو ھێز بەتەنھا، یان قازانجی چەند ھێزێکی سیاسیی بەیەکەوە نییە، بەڵکو قازانجی ”کۆمەڵگا“یە وەک گشتێک. دەستگرتن بە بەھا عەقڵانییەکان و بە بەھای گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و دانوسانەوە، ئەو ستراتیژە ئینسانییە سەرەکییەیە کە دەتوانێت ”کۆمەڵگا“ بباتە دەرەوەی دۆخی پڕ لەدابەشبوون و توندوتیژیی و ئەگەری پێکدادانەوە. بە کورتییەکەی ژێرخانی ئەم عەقڵانیەتە چەمکی ”کۆمەڵگا“ و چەمکی ”قازانجی گشتیی“ە.
لە دونیای ئێمەدا ھەردوو کۆڵەکەکە وێرانە. زمانی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا زمانی دیالۆگ و بەیەکگەیششتن نییە، بەڵکو زمانی دابڕانە کە بە جنێو سواغدراوە و پڕە لە توانای سوکایەتیکردن و تاوانبارکردنی سیاسیی و ئەخلاقیی، یەکتری. لەشکرێکیش لە میدیاکار و ئەندام پەرلەمان و کادر و ھەواداری حیزبیش ھەن، بە تێپەڕین بەناو چەند نەوەیەک لە سەرکردەی سیاسیدا، جگە لەم زمانە سیاسییە داوەشاوە خاوەنی ھیچ زمانێکی تر بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن، نین. لە دۆخی ئیشکردنیدا ئەم زمانە یاخود زمانی بەشەیتانیکردنی یەکترییە، یان، کەی ویستیان، زمانی دیوە پێچەوانەکەیەتی، واتە زمانی بە فریشتە و بە مەرجەعکردنی یەکترییە.
دووھەمیان غیابی تەواوەتی ئەو عەقڵانیەتەیە کە ڕێخۆشکەرە بۆ لەیەکتری تێگەیشتن و دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش. ئەم عەقڵانیەتە ئەو ژێرخانە سەرەکییەیە کە گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و گەیشتن بە ڕێکەوتن ئاراستە دەکات.
ئەوەی ئێمە بە درێژایی ساڵانێکی درێژ لە ھەرێمی کوردستاندا دەیبینین، غیابی تەواوەتیی و ترسناکیی ھەر دوو چەمکی ”کۆمەڵگا“ و ”قازنجی گشتیی“ە لە سیاسەتی کوردیی و لە خەیاڵی سیاسیی خێزان و بنەماڵە و حیزبە سیاسییە حوکمڕانەکاندا. جێگرتنەوەی ئەو چەمکانە بەڕستێک لە چەمکی تر کە بریتین لە: خێزان و بنەماڵە و خێڵ و ناوچە و پارتی سیاسیی. واتە جێگرتنەوەیان بە کۆمەڵێک ھێز کە جگە لە پارچەپارچەکردنی زیاتر و زیاتر، ھیچ شتێکی دیکەیان لێ چاوەڕوان ناکرێت.
ھەموومان دەزانین ساڵانێکی درێژە گفتوگۆ و یەکتربینین و دانوسانی زۆر و بەردەوام لەنێوان ھێزە ناکۆکە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا ھەبووە، دەیەھا جار وەفد ھاتون و وەفد چوون، لیژنەی جیاواز و ھەمەجۆر بۆ گفتوگۆ دروستکراون، قسەی زۆر و بێکۆتایی کراوە، بەڵام ئەوەی کۆی ئەم شتانەی ئاراستەکردوە، چ لە دۆخی گەیشتن بە ڕێکەوتن و چ لە دۆخی ڕێنەکەواتندا، غیابی ”کۆمەڵگا“ و لەوێشەوە غیابی ”قازانی گشتیی“ە. غیابی زمانێکە بتوانێت بچێتە دەرەوەی ئەو زمانە سیاسییە بارگاوییە بە سوکایەتیکردن و جەنگ لە ھەرێمدا.
ئەوەی غائیبە ئەو ”عەقڵانیەتە پەیوەندکار“ەیە کە چەمکی ژمارە یەک و ھەرەسەرەکی لەناویدا، چەمکەکانی کۆمەڵگا و قازانجی گشتییە. قسەکردنە بە زمانێک دوور لە زمانی درۆکردن و فێڵکردن لە یەکتریی و لە کۆمەڵگا. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا لە شوێنی ”عەقڵانیەتی پەیوەندکار“ ئامادەیە، فۆرمی جیاوازی ”عەقڵانیەتی سنووردار“ە، کە لە پەیوەندیاندا بە چەمکەکانی کۆمەڵگا و قازانجی گشتییەوە، وەک ھێزی ترسناک و ھێزی ناعەقڵانیی دەردەکەون و کاردەکەن. ئەوەی لای ئێمە ھەیە و ئیشدەکات، بە پلەی یەکەم، ”عەقڵانیەتی خێزانیی“ و ”بنەماڵەیی“یە، واتە عەقڵانیەتێکە ئەوەی، بە پلەی یەکەم، ئاراستەی دەکات خواست و ویست و قازانج و دەسکەوتی خێزان و بنەماڵەیە. دوای ئەوە ”عەقڵانیەتێکی حیزبیی“ە کە ”قازانجی تایبەتیی“ حیزبێک دەخاتە پێش ”قازانجێکی گشتیی“ ھەموو کۆمەڵگاوە.
بە کورتییەکەی، ئەوەی لە دونیای ئێمەدا پێویستە، ئەو شانۆگەرییە بێلەزەتەی یەکتربینین و پەیوەندیکرن و گفتوگۆ نییە، کە جارێک بە جنێو و ھەڕەشە و جارێکیتر بە مەدح و سەنایەکی درۆزنانەی یەکتری سواغدراوە. شانۆگەرییەک ئێمە سی ساڵە دەیبینین. ئەوە بەس نییە، کەسەکان و ھێزەکان لەگەڵ یەکتریدا دابنیشن و دەرگای گفتوگۆ دانەخن، ئەوەی پێویستە داھێنانی زمانێکی سیاسییە بتوانێت ئەو کەلەپورە پڕ جنێو و سوکایەتییە تێپەڕێنێت کە زمانی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا دروستیکردوە. ھەروەھا بەرھەمھێنانی عەقڵانیەتێکە تیایدا کۆمەڵگا و قازانجی گشتیی کۆڵەکە سەرەکییەکانی بن. ھەردوو ئەگەرەکە لە ئێستادا لە مەحاڵ دەچن تا ئەگەرێکی کراوە.