هەڵاتن لە چنگ دەسەڵاتێكی قۆرخکار

Draw Media

2022-08-19 12:47:39



درەو:
مێرا جاسم بەکر؛ دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KAS)ی ئەڵمانی


بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KSA)ی ئەڵمانی، سیستمی حیزبایەتی و خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی پاڵنەری هەرە سەرەکی کۆچی گەنجانە لە هەرێمی کوردستان.
# یەکێتی و پارتی دۆخێكی سیاسیی وایان دروستكرد كە بێهیوایی بەربڵاوی لێكەوتەوە و هاووڵاتییانی هەرێم لەناو هیوایەکی کەم یان لەناو بێهیواییەکی تەواو بۆ چاکسازی ئابووری و سیاسی بەجێماون و بەجێمان. 
# بۆیە لە گۆشەیەکی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "نیشتمان ئێستا زێدی سیاسەتمەدارانە".
# دۆخەکە بە هێواشی بۆ پارتی لە ناوچە لاوەکییەکان بەرەو خراپتر دەڕوات، دیارە بۆ یەکێتیش بەرەو داڕمان دەڕوات. 
# لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، پارتی دیموکراتی کوردستان 16.6% و یەکێتی 6.1% دەنگەکیان بردەوە.
# 77.3% دەنگدەران دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەدا.
# متمانە بوون بە بزوتنەوەی گۆڕان کاڵ بووەوە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٦%ی دەنگەکانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤. 

مێرا جاسم بەکر؛ دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KAS)ی ئەڵمانی

پوختە
لەدوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشەسەندوو لە باکووری ئەو وڵاتە دەرکەوت، تەنانەت لەلایەن زۆر کەسەوە بە "عێراقەکەی دیکە" ناویان دەبرد. ناوچەکە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەشەسەندنی بەرچاوی ئابووری و ژێرخانی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بە پێچەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور کە تووشی قەیرانی ئابووری و ئەمنی بوون. بەڵام کاتێک لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا کۆمەڵێک کۆچبەر لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا دەرکەوتن، بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسوڕمان بوو کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکەدا گیریان خواردبوو، کوردی عێراق بوون. 
چی وایکرد کوردانی عێراق بە کۆمەڵ کۆچ بکەن؟ دەسەڵاتی دووانەیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە دوای پێكهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992، دۆخێكی سیاسیی وایان دروستكرد كە بێهیوایی بەربڵاوی لێكەوتەوە و هاووڵاتییانی هەرێم لەناو هیوایەکی کەم یان لەناو بێهیواییەکی تەواو بۆ چاکسازی ئابووری و سیاسی بەجێماون و بەجێمان. گرنگتر لەوەش ئەوەیە، کە ئابووری مۆدێرن وا دەکات چیتر ئەو دوو حیزبە نەتوانێن زۆرینەی لایەنگران و هاوڵاتیان لە هێزی کاردا هەڵبمژێت. لەناو نەبوونی هیچ چاکسازییەکی سیاسی و ئابووریی مانادار و پەرەسەندنی دانیشتووان. بچوکبوونەوەی هەلی کار بۆ توڕێکی بچووکی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کۆچی کوردی عێراق بۆ ئەوروپا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان دەبێت.

پێشەکی
ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بوو، کاتێک لە بەغدا بووم، هاوڕێیەکی کوردم تەلەفۆنی بۆ کردم و لێی پرسیم، "مێرا، تکایە دەتوانی سەردانی  لەوێ نوسینگەیەکی گەشتیاری بکەیت و بپرسیت ڤیزەی بێلاڕووس چەندی تێدەچێت؟ پێم وت لەوێ هەرزانترە". دوای  دوو ڕۆژ هاتمەوە سلێمانی و سەردانی کافێیەکم کرد کە تێیدا کارم دەکرد. لە کافێیەکەدا بەدوای هێڤاردا دەگەڕام لەوێ گارسۆن بوو، کە هەمیشە پێش دەستپێکردنی کارکردن لەگەڵیدا کەمێک گفتوگۆم دەکرد. لە یەکێک لە هاوکارەکانیم پرسی: هێڤار لە کوێیە؟. هاوکارەکە وەڵامی دایەوە "تۆ نازانی؟ ئەو لە بێلاڕووسە”. دواتر لە ئێوارەدا یەکێک لە باشترین هاوڕێکانمم ناسی. وتی: "ئاه، ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا ڤیزاکەم وەربگرم ... هەموو ئەوانەی دەمناسین ڕۆشتوون." دوو لەو سێ کەسە ئێستا لە ئەوروپان و ئەو کەسەی پرسیاری کرێی ڤیزەی لێکردم قاچی شکا و نەیتوانی گەشتەکە ئەنجام بدات.
ئەم سێ کەسە کە ئارەزووی کۆچکردنیان هەبوو، نوێنەرایەتی چینە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەکەن، لە چینی کرێکارەوە تا چینی ناوەڕاست و خواروو  و سەرەوە و پێشینەی پەروەردەیی جیاواز دەکەن. یەکەمیان کە بۆ دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ گەشتەکەی لە باوکی وەرگرتبوو، خوێندنەکەی تەواو نەکردبوو تا لە کارێکی ناجێگیرەوە باز بداتە کارێکی جێگیر تر، بەو پیشەیەی ئێستای شۆفێری بارهەڵگرە، مانگانە پارەیەکی نزیک و  زیاتر لە (200) دۆلارێک وەردەگرێت. دووەمیان لە قوتابخانەیەکی حکومی دەرچووە، بەڵام هاوشێوەی زۆرینەی رەهای گەنجان، نەیتوانی لە بواری خوێندنەکەیدا کارێک بدۆزێتەوە و لە کافێیەک کارێکی وەرگرت کە مانگانە مووچەی (450) دۆلار بوو. ئەو پاشەکەوتی چەندین ساڵەی خۆی بەکارهێنا بۆ دابینکردنی تێچووی گەشتەکەی. سێیەمیان خوێندنی لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییە ناسراوەکانی سەرتاسەری وڵات تەواو کردبوو، بە کارێکی جێگیر کە داهاتی مانگانەی زیاتر لە (2000) دۆلار بوو، کە بە ڕێژەیی نوخبەیەکی بچووک لە کەرتی تایبەتدا بەدەستی دەهێنێت، بەڵام هێشتا کۆچیان کردووە.
ئەم دەروازەیە نموونەی پاشخانی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەشێک لە کوردەکانی عێراقە، کە لەم دواییانەدا هەوڵیانداوە کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا. جگە لەوەش، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی خواستی کۆچکردن کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە سەریهەڵداوە. لەو کاتەوە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابووری و سیاسی خراپدا تێپەڕیوە، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی خواستی کۆچکردن. ناوچەکە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە جاران جەمسەرگیرترە و ئابووری بەزەحمەت کار پێشکەش بەو لێشاوی گەنجانە دەکات کە دەچنە ناو هێزی کارەوە. دوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، لە دوای دامەزراندنی یەکەم حکومەتی هەرێم لە ساڵی (1992)ەوە باڵادەستی خۆیان  بەسەر هەرێمدا سەپاند “دوانەی قۆرخکار" دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سیستەمی سیاسی و ئابووری هەرێمدا پاراستووە. کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر دهۆک و هەولێردا بە کردەوە بێ کێبڕکێیە، لە کاتێکدا یەکێتی سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی هەڵبژاردنی هەرڵنژاردن ە دەرکەوتنی هێزی دیکە، باڵادەستی سەربازی و ئابووریی خۆی بەسەر سلێمانیدا سەلماندووە.
لەگەڵ تێكچوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2014)ەوە، خواستی كوردانی عێراق بۆ كۆچكردن بۆ ئەوروپا زیاتر بووە، سەرەڕای ئەو بەربەستە یاسایی و قۆڵبڕین و فێڵکردنانەی زۆرێك لە كۆچبەران رووبەڕووی دەبنەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە پاڵنەرەکانی کۆچی بەکۆمەڵ کە لە دوای ساڵی (٢٠١٤)دا لەپەرەسەندندان و بۆیە لەو کاتەوە بە دیاردەی کۆچ شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. لە ئەنجامدا هەر کە خەڵکێک دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابێت ڕۆیشتوون و لێشاوێکی کۆچبەری کورد گەیشتووەتە سنوورەکانی ئەوروپا. ئەم بێ ئومێدییە لای خەڵکی کوردستان تەنیا قەیرانێکی مرۆیی نییە، بەڵکو بووەتە چەکی سیاسەتی دەرەوە بۆ وڵاتانی وەک بێلاڕووس، کە ناڕەزایەتییەکانی کورد دەقۆزنەوە بۆ بەکارهێنانیان دژ بە رکابەرییەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپی. بۆیە کێشەی کۆچی بەکۆمەڵی کورد لە سیاسەتی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و بە شێوەیەکی دانەبڕاو بەستراوە بەو کێشانەوە کە حکومەتە میواندارەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
کورد بە درێژایی سەدەی بیستەم بە چەندین شەپۆل لە عێراق هەڵاتووە. بەڵام شەپۆلی ئێستای کۆچ جیاوازە لە شەپۆلەکانی تر چونکە هەڵهاتنەکە دژ بە چەوساندنەوەو شەڕ و گۆشەگیری نیە لەلایەن حکومەتێکی غەیرە کوردەوە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کوردەکانی عێراق بە هۆی هەرەسی 'شۆڕشی ئەیلول'ەوە کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و ئێران و یەکێتی سۆڤیەت. لە ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، زۆرێک بەهۆی چەوسانەوەو ستەمی سیاسی و جینۆساید و ئاوارەبوونی زۆرەملێ کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرابوو، هەڵهاتن. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی هەژاری لەڕادەبەدەر لە ئەنجامی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر عێراق و عێراق بۆ سەر حکومەتی تازە دامەزراوی هەرێمی کوردستان و شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان زۆر کەسی دیکەی ئاوارە کرد و بووە هۆی ئەوەی پەنا بۆ دەرەوەی عێراق ببەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئاماژەیە بۆ شکستی سیستەمێکی سیاسی کە زۆربەی کوردەکانی عێراق خەونیان پێیەوە دەبینی و زۆرێکیان خەباتیان بۆ دەکرد، لە هەمووی گرنگتر، ئەوە بوو کە بڕیار بوو کەرامەتی کوردەکان بپارێزێت، چونکە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە و لە دوای دروستبوونی عێراقی مۆدێرن لە ساڵی ١٩٢١ەوە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی لەو شێوەیەی داوە.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات هۆکارە سەرەکییەکانی پشت کۆچی کوردانی عێراق بۆ ئەوروپا ڕوون بکاتەوە. شیکارییەکانی پشتی بەستووە بە (12) گفتوگۆی فۆکۆس گروپی نیمچە ڕێکخراو (FGD) لە (12) ناوچەی سەرەکی هەرێمی کوردستان، لە مانگی (تشرینی دووەم تا کانوونی دووەمی 2021). پێشینەی بەشداربووان بریتی بووە لە دەرچووانی دامەزراو، دەرچووانی بێکار، جوێندکارانی زانکۆ، فەرمانبەرانی حکومەت (لە کەرتی پەروەردە، تەندروستی و ئاسایش) و ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی، چالاکی سیاسی. ناوچەکانی هەر سێ پارێزگای هەرێمەکەیان لەخۆگرتبوو، بە تایبەتی ناوچەکانی سەرەکییەکانی سەرچاوەی کۆچبەران. شوێنەکان بەم شێوەیە بوون؛
-    پارێزگای هەولێر؛ شاری هەولێر، شەقڵاوە، سۆران، چۆمان
-    پارێزگای سلێمانی؛ شاری سلێمانی، دەربەندیخان، سەیدسادق، ڕانیە
-    پارێزگای دهۆك؛ شاری دهۆک، ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ
نەخشەی خوارەوە ئەو ناوچانە لە سەرانسەری هەرێم نیشان دەدات کە گفتوگۆکانی (فۆکۆس گروپ) تێدا ئەنجام دراوە بۆ بۆ ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە.


هۆکارەکانی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە دوای ساڵی (٢٠١٤)ەوە 
1.    لاوانی کورد، بەهۆی پەراوێزخستنیان لە لایەن پارتە سیاسییەکان و گوزەرانیان لە چوارچێوەی ئابوورییەکی لاوازدا، بەدوای دەرفەتێدا دەگەڕێن؛  نەبوونی ئابورییەکی سەقامگیر کە دەرەنجامەکەی  سەریکێشا بۆ فراوانبوونی مەحسوبەت و نزیکبوون لە حیزبەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2007 تا 2014، کە لەو ماوەیەودا هەرێم زۆرتر پشتی بە بەشە بودجە حکومەتی فیدراڵی بەستبوو. پێکهاتەیەکی ئابووری وەها دروست بوو کە نەیتوانی لەگەڵ گەشەی خێرای دیمۆگرافیای خەڵکانی خوار ٣٠ ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا بگونجێت. بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا کە دەوروێشی و نزیکبوون لە حیزب  دەسەڵاتی دووانەیی پارتی و یەکێتیی چەسپاند، کە لە توانایدا نەبوو گەشەسەندنی لاوان بۆ ناو هێزی کار هەڵبمژێت. 
2.    خۆبەدەستەوەدان و نەبوونی بەدیل بۆ سیستمی سەركردایەتی سیاسی و حزبی هەنووكە: دوای رووخانی رژێمی بەعس، كوردانی عێراق هیوایان خواست بۆ چاكسازیی ئابووریی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا، داوای ئەم جۆرە چاکسازیانەی دەکرد لەڕێگەی خەباتی مەدەنی، دواتریش، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. به‌ڵام هاوپه‌یمانیکردنی لەگەڵ پارتی و یه‌كێتی خۆڕانەگری سه‌لماند و سەرئەنجام بێكاریگه‌ریی گۆڕان و توشبوونی بە ململانێی ناوخۆیی بووه‌ هۆی پاشەکشەکردنی. لە هەڵبژاردنیشدا شکستی هێناو لەئاستی بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی جەماوەریدا نەبوو، بۆیە خەڵک لەبەردەم دوو بژاردە دەمێننەوە؛ وەک ساڵانی ڕابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و ڕەخنە، کە حکومەتی هەرێم بە ڕێوشوێنی سەرکوتکەری وەک دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و لێپێچینەوە وەڵامی دایەوە. بژاردەی دووەمیش کۆچکردن بۆ ئەوروپا بوو چونکە تێگەیشتن کەوەی خەباتی سیاسی و ناڕەزایەتی قوربانی زۆری دەوێت.
3.    كەمبوونەوەی ئینتیما و نەمانی پەرۆشی بۆ پرۆژەی نەتەوەیی: بێ ئومێدی قووڵی كوردانی عێراق لە سیستەمێكی خۆبەڕێوەبەرییەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵی 1992ەوە لە سەردەستی پارتی و یەكێتی دروست بووە، كە بەڵێنی كۆتاییهێنانیان بە چەوسانەوە و گێڕانەوەی كەرامەت و شکۆ لە نێو كوردانی عێراقدا دابوو. سیستمەکە شکستی هێناو لە گەیاندنی ئازادی بۆ هەمووان و چەسپاندنی دیموکراسی و گەرەنتیکردنی هەموو مافەکانی هاوڵاتیبوون و دابینکردنی قەرەبووی ئەو کەسانەی کە بەدەست دەستدرێژییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زەرەرمەند بوون، و پشتیان بە بەڵێنەکانی پارتی و یەکێتی بەستبوو بۆ گەیشتن بە خواستە نەتەوەییەکان. لە ئەنجامدا زۆرێک لە کوردەکانی عێراق وازیان لە ئایدیاڵەکانی بنیاتنانی نەتەوە هێنا و لە جیاتی ئەوە کۆچیان کرد لەپێناو پاراستنی کەرامەتی خۆیان.

سیستمی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان؛ پاڵنەری سەرەکی کۆچکردن
‌أ. دروستبوونی فۆرمێک لە چینایەتی لەماوەی ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤، بەهۆی بوونی ئابوورییەکی کرێخۆر کە وابەستەی پشکی بودجەی فیدراڵی بوو؛ هۆكارێكی سه‌ره‌كی كۆچی كوردی عێراق، ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ درێژخایه‌نه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم له‌ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2014ه‌وه‌ رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ هه‌زاران گه‌نج ده‌چنه‌ ناو هێزی كار و ساڵانه‌ لە زانکۆکان دەردەچن و خوێندن تەواو ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی هەرە زۆریان‌ شكست دەهێنێن له‌ دۆزینه‌وه‌ی كار. زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکییە حکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنی ڕابردوودا ١٦٧ هەزار و ٦٨٣ خوێندکاریان وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەیان هەزاریان لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکییە ئەهلییەکان وەرگیراون. لە ئەنجامدا ساڵانە پێویستی بە ڕەخساندنی ٥٠ هەزار هەلی کار دەبێت بۆ یەکخستنی گەنجان بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکراوەتەوە.  پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی هەلی کار لە ناوچەکەدا ئەوەندە کەم بووە؟ لە بنەڕەتدا، پارتی نەیتوانیوە ئابوورییەک بنیات بنێت کە تاڕادەیەک توانای دابینکردنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی گەشەسەندوو هەبێت، چونکە پێکهاتەی سیاسی هەرێمی کوردستان دوای ٢٠٠٣ی لەسەر سیستەمی مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی دوو حزبی (پارتی و یەکێتی) بنیات نراوە.
دوای لەشکرکێشییەکەی سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری بەخۆوە بینی تا مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٤. لوتکەی ئەم بووژانەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ ڕوویدا، کە لەو ماوەیەدا هەرێم زیاتر لە ٦٦ ملیار دۆلاری لە حکومەتی ناوەندی وەرگرت وەک بەشە بودجەی فیدراڵی حکومەتی هەرێم. ئەمە جگە لەوە حكومه‌تی هه‌رێم داهاتێکی زۆری له‌ ناوخۆوه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ داهاتی گومرگی سنووره‌كان، باج، هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ بۆ دەرەوەی وڵات له‌ رێگه‌ی تانکەرەوە‌. پارتی و یەکێتی ئەم بودجەیەیان بەکارهێنا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆیان و دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان – پارتی لە هەولێر و دهۆک، و یەکێتی لە سلێمانی. حیزبەکان لە بەرامبەر پشتیوانی سیاسیان خەڵکێکی زۆریان لە کەرتی گشتی دامەزراند. لە ساڵی 2000 تا 2013 ژمارەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هێندە زیادی كرد لە 450 هەزارەوە بۆ 1 ملیۆن و 400 هەزار كە زۆرینەیان لە دوای ساڵی 2003 دامەزران – كاتێك لێشاوی داهاتی نەوتی فیدراڵی بۆ خەزێنەی هەرێم زیادی كرد. تا ساڵی ٢٠١٤ (٥٣%)ی کۆی هێزی کاری هەرێم لە کەرتی گشتیدا دامەزراون. پارتی و یەکێتی بەشێکی زۆر لەو کەسانەیان لە هێزە ئەمنییەکانیان دامەزراند، کە لە کەرتێکی ئاسایش و پۆلیس پشکی شێری پێکدەهێنێت (٤٢٪)ی ئەو ٧٠٠ ملیۆن دۆلارەی کە حکوومەتی هەرێم مانگانە دەداتە فەرمانبەرانی گشتی بۆ ئاسایش و پۆلیس دەڕوات. بەپێی ڕاپرسییەکی دیمۆگرافی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)ەوە ئەنجامدراوە، دوو لەسەر سێی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی مووچەی گشتییەوە دابین دەکەن.
هەروەها لایەنە سیاسییەکان ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سەرانسەری هەرێمەکەدا پێشکەشیان کرد، ئەو ناوچانەیان کردە ئامانج کە دانیشتوانی زۆری ئاوارەیان تێدایە وەک گەرمیان و ڕاپەرین، بۆ سوودی هەڵبژاردن. ئەمە لە کاتێکدا بوو وێرانبوونی ژێرخانی ناوچەكە بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەكان لە ئەنجامی خەباتی چەكداری دژ بە رژێمی بەعس لە حەفتاكان و هەشتاكان و شەڕی ناوخۆی كورد لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و سزای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر عێراق لە ساڵانی 1991 تا 2003، هەزاران کەس ئاوارە بوون دەست بە بونیادنانەوەی نەکرا. ئەم کەسانە لە ژینگەی شار و دەوروبەری شارەکاندا بێکار مابوونەوە، کە بەخواستی خۆیان بێت یان بە ناچارەی وابەستەی پارتە سیاسییە کوردییەکان بوون.
هەروەها پاڵپشتی سیاسی لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی تێپەڕی و گەیشتو دابەشکردنی خانەنشینی و بەشداریکردن لە بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی (خانووبەرە، دەستپێکردنی کار و قەرزی هاوسەرگیری، سکۆلەرشیپ بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ بێکاران و کەمئەندامان، و دەرماڵە بۆ خوێندکاران و هتد...). تا ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی تەواوی دانیشتووان – ٩٨%ی ٥.٤ ملیۆن دانیشتووان – بەشەخۆراکیان وەرگرتبووە. ئەمانە بەبێ گوێدانە قەبارە یان ئاستی هەژاری خێزانەکان دابەش دەکران. بەم شێوەیە دانیشتووان بە گشتی لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بوون لەم سیستەمە. ئەم سیستمە توانی دیاردەی "کۆچی پێچەوانە" بێنێتە ئاراوە، بەو پێیەی هەزاران کوردی ڕەوەند لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣ گەڕاونەتەوە ناوچەو شارەکانی خۆیان.
بەڵام ئابووری هەرێم زۆر پشتی بە پشکی بودجەی فیدراڵی بەستبوو کە لەسەر بنەمای داهاتی نەوتی نیشتمانی بوو، هەروەها جەختێکی کەمی لەسەر پەرەپێدانی ئابوورییەکی بازاڕی بژاردە نەدەکردەوە. جگە لەوەش، بە ١.٤ ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتی لە کۆی شەش ملیۆن کەس، کەرتی گشتی پشتی بە پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵی عێراق بەست بۆ دابینکردنی کار بۆ دانیشتووانێک کە بە خێرایی گەشە دەکات. لە ساڵی ٢٠١٣دا، هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە گەڕان و بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ، لە ئەنجامدا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٤دا پشکی بودجەی فیدراڵی بە تەواوی ڕاگیرا تا بتوانن مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بدەن، کە بۆ پشتگیری سیاسی پشتیان پێدەبەستن، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتی دامەزراندن. لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت بەرگەی شۆکەکانی بازاڕی نەوت بگرێت.
گەنجانی دەرچووی زانکۆ کە تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵەوەیە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی داڕمانی ئابووریی هەرێمەوە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی فیدراڵیدا، حکومەتی هەرێم لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە هەلی کار بۆ خزمەتگوزاری شارستانی دروست بکات و لەبری ئەوە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و "سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە"ی لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ جێبەجێ کرد. سەرباری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا نەیتوانی قەرەبووی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، چاکسازی ئابووری بەرچاوی لەگەڵدا نەبوو کە ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا. جگە لەوەش مووچە و خانەنشینی و یارمەتییەکانی دیکە بە پچڕپچڕ دەدرا و هەندێک جار بە هیچ شێوەیەک بۆ چەند مانگێک دابەش نەدەکرا. بۆیە نادڵنیایی و سەرلێشێواوی لەبارەی بەردەوامبوونی ئەم شایستە داراییانە زاڵ بوو.

ب. گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاو تۆڕە حیزبییەکان
داڕمانی ئابووری بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاو دامەزراوە حیزب و نزیک لە حیزبە سیاسییەکان کۆنترۆڵی گرێبەستە بازرگانییەکان بکەن، بۆیە هەرێم لەڕووی ئابورییەوە زۆرتر سوودی بۆ دەست پێوەند و بازرگانی نوخبەکان و هێزە ئەمنییەکان و کادیرە سیاسییە باڵاکان بوو تا خەڵکی هەرێمی کوردستان. نوخبە سیاسییەکان بەردەوام بوون لە قازانجکردن لە کارە بازرگانییە تایبەتەکان. ئەمە جگە لەوەی پارتی  و یەکێتی لە مێژە هەموو پیشەسازییە گەورەکانیان لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا کۆنترۆڵ کردووە، وەک بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پێداویستی پزیشکی، بیناسازی، گەڕان بەدوای نەوت و هەناردەکردن لەنێو ئەوانی دیکەدا. هەروەها لایەنەکان خاوەنی پشکی گەورەن لە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر دانپێدانانی مۆڵەتی یاسایی. بەم پێیە، "ژمارەیەک لە بازرگانی سەر بە حیزبەکان بوونەتە خاوەنی کارێکی چەند ملیار دۆلاری، کە دامەزراندن و داهات بۆ حیزبەکان بەدەست دەهێنێت بە قەبارەیەک کە رکابەری هەندێک لە دامەزراوە گەورەکانی کەرتی گشتی بکات" . بۆ نموونە کۆمپانیای KAR ی سەر بە پارتی و قەیوانی سەر بە یەکێتی کە خاوەنی دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوتی هەرێمن. ئێستا قەیوان زاڵە بەسەر کەرتی بیناسازی لە سلێمانی، وەک بەڵێندەر بۆ دروستکردنی گرنگترین کارە گشتیەکانی شارەکە: وەک دروستکردنی ڕێگای 100 مەتری. هەروەها کۆنترۆڵکردنی کەرتی خانووبەرە بۆ کۆمپانیاکانی حیزب و لە نێو حیزبیشدا بۆ توێژێکی دەستڕۆیشتوو. 
بەڵام ئەم کارگانە دەرفەتی کارکردنی پێویست دروست ناکەن، چ جای بتوانن خواستی گەنجان هەڵمژن. لە ئەنجامدا زۆرینەی ئەو گەنجانەی کە چاوەڕێیان دەکرد دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ بچنە ناو هێزی کارەوە، بێکار و بێ تۆڕی سەلامەتی مانەوە. جگە لەوەش هیچ دڵنیایییەکی باوەڕپێکراویان لە حکومەت وەرنەگرت.
هاوکات کەرتی تایبەت بە پلەی یەکەم لە پارێزگای هەولێر ئامادەیە، بە تایبەتی لە شاری هەولێر. تا مانگی تەمموزی 2014، 63%ی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و 73%ی کۆمپانیا بیانییەکانی تۆمارکراو لە هەرێم لە پارێزگای هەولێر بوون. نەبوونی دەرفەت لە پەراوێزی شارەکان، کە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێیدا دەژین، دیارە. لەوێدا کەرتی تایبەت نزیکە لەوەی بوونی نەبێت و کەرتی گشتی زۆربەی دانیشتووانی دامەزراندووە. لە دەرەوەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، باوترین کارەکان لە پەراوێزەکاندا لە چێشتخانە، کافێ یان چایخانەکانن، کە بە تێکڕا مانگانە ٢٠٠ دۆلار مووچە دەدەن. 
ج. تێگەیشتنی خەڵک لە سیستمی دوو حیزبی لە دوای ٢٠١٤ ەوە وەک پاڵنەری کۆچکردن: ئەو کەسانەی ئیمتیازیان هەیەو سوودمەندن لە حیزب، و ئەوانەی کە سوودمەندنین. بە وتەی بەشداربووانی توێژینەوەکە، زۆرینەی ئەوانەی لە بازنەی بچووکی نوخبەکانی ناو سیستەمی پارتی و یەکێتی، کە بەرپرسانی ئیداری و سیاسەتمەداران و ستاف و کادیرەکانیان لەخۆدەگرێت، سودمەندن لە سیستمەکە. بەم پێیە، جەماوەر "وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە کاتێکدا نوخبەی حیزب و سیاسییەکان و کوڕو نەوەکانیان زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی ئابووریدا و قۆرخیان کردووە"، ئەمەش هەستێکی نامۆبوون بڵاودەکاتەوە، وەک یەکێک لە بەشداربووان وتی. ئەو هەستەی کە کوردستان وەک نیشتمانێک تەنیا هی ژمارەیەکی دیاریکراوی خەڵکە، زیاد دەکات. لە ئاکامدا کاتێک دەوڵەت ئیتر گشتگیر نابێت و لە ڕووی داراییەوە پاداشتی کەمینەیەکی بچووک دەداتەوە، زۆرێک کۆچ بە تاکە دەرفەتیک دەزانێت کە بۆی ماوەتەوە.
کەلێنی سامانی نێوان نوخبە و جەماوەر بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە و نوخبەکانی نێو پارتی و یەکێتی هەست پێدەکرێت کە لەلایەن دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە: بارزانی و تاڵەبانی کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی دەکەن. خەڵک بە تایبەت گەنجان هەستیان بە "بێ بەش کردنی زێدی خۆیان کردووە" و "نیشتمان ئێستا زێدی سیاسەتمەدارانە". 
لە هیوای چاکسازییەوە بۆ کۆچ: نەبوونی بەدیلێکی سیاسی لە ناوخۆدا
فرەیی سیاسی و ئازادکردنی سیستمی هەڵبژاردن و سەرهەڵدانی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز گەیشتە هەرێمی کوردستان. بەڵام خۆبەدەستەوەدانی خەڵک لە سیاسەت لەگەڵ کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، ئاماژەیە بۆ بێهیوایی بەرفراوان لە پرۆسەکانی بەڕواڵەت دیموکراسی. هاوڵاتیان چیتر لەو باوەڕەدا نین کە بەشداریکردنیان لە سیستەمی سیاسیدا دەبێتە هۆی چاکسازیی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بەردەوامبوونی دۆخی سیاسی دەسەڵاتی دوو حزبی، سەرەڕای سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری بە ناوی ‘گۆڕان‌ کە لە هەڵبژاردنەکاندا تەحەدای پارتە دەسەڵاتدارەکانی دەکرد، دەبێتە هۆی بێباکی. خۆبەدەستەوەدانی لە سیاسەت کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت، بەشدارە لە خواستی کۆچکردن بۆ ئەوروپا، کە بەڕواڵەت بەها ئابوورییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پارێزراون.
ئەم بەشە گواستنەوەیەکی کرۆنۆلۆژی لە هیوای چاکسازییەوە بۆ کۆچ دەخاتە ڕوو. تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داڕمانی متمانە بە خەباتی مەدەنی بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری، و بە سەرهەڵدانی لێپێچینەوەی سیاسی و پەراوێزخستن لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت.
بزوتنەوەی گۆڕان: هیوای چاکسازی
 لەساڵی 1992وە تائێستا دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرێت، كە كۆنترۆڵی هاوبەشیان بەسەر ئابووری و خاك و قۆرخكردنی توندوتیژیدا هەبووە. هەر زوو دوای لەشکرکێشییەکەی سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، خەباتی جەماوەر لە دژی ئەو دووانەیە زیاتر بوو. لە ساڵی ٢٠٠٦دا میدیای کوردی گەندەڵی بەربڵاوی ئەو دوو حیزبە و نەبوونی شەفافیەت و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئاشکرا کرد. لە ئەنجامدا خەڵک ڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانی توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێنا کەسانێک کە دژایەتی پارتی و یەکێتییان دەکرد، ئومێدیان بە گۆڕان هەبوو کە داواکارییەکانیان بگوازێتەوە بۆ چاکسازیی راستەقینە لەسەر زەوی. بزووتنەوه كه له لایەن نەوشیروان مستەفا كارێزما و جێگری سکرتێری پێشووی یەكێتی دامەزراوه ، له یەكەم بەشداری لە هەڵبژاردنی هەرێمی 2009دا له كۆی 100 كورسی پەرلەمان 25 كورسی مسۆگەر كرد.
بەهاری عەرەبی بووە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان بە ڕێبەرایەتی گۆڕان لە ساڵی 2011، بەتایبەتی لە ناوچەی یەکێتی کە هاوکات بنکەی سەرەکی گۆڕانیش بوون. خۆپیشاندانەکان سەرەڕای سەرکوتکردنی بەکۆمەڵ و کوشتن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بۆ زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بەردەوام بوو. ڕۆشنبیران، نووسەران، چالاکانی سیاسی و خەڵکی ئاسایی لە گۆڕەپانی ئازادی لە سلێمانی کۆبوونەوە و داوای چاکسازییان کرد.
 ئەو بزووتنەوەیە ئومێدی بۆ نەوەیەکی نوێ و کۆن دروست کرد کە لە دژایەتیکردنی دووانەیی پارتی و یەکێتیدا دوای سەرانی گۆڕان کەوتن. گۆڕان هەر زوو بوو بە حیزبی پێشڕەو بۆ چاکسازی. سەركردە كاریگەرەكانی لە نێویاندا فەرماندە سەربازییە سەرەكییەكانی پێشووی یەكێتی سەركردایەتی خۆپیشاندانی جەماوەرییان كرد و لە پەرلەمان ڕووبەڕووی پارتی و یەكێتی بوونەوە و تەنانەت بوتڵیان فڕێدایە سەر سەرۆكی پەرلەمانی پارتی. لە هەڵبژاردنی هەرێمی 2013 بزووتنەوەكە 24 كورسی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا لیستە جیاجیاكانی پارتی و یەكێتی بەڕیز 38 و 18 كورسییان بەدەست هێنا، بەمەش گۆڕان بووە دووەم دەسەڵاتدارترین حزب، ناتالی ئەم ئاواتە بۆ لەرزاندنی پێکهاتەی دەسەڵاتی دووانەیی لە ساڵی ٢٠١٣دا بە "شۆڕشێکی بێدەنگ" ناوبرد.
زاڵبوونی دەسەڵاتی دووانەیی بەسەر فرەیی سیاسیدا
 گۆڕان وەك بزووتنەوەی پێشەنگی ئۆپۆزسیۆن، لە ساڵی 2014 بڕیاریدا بەشداری لە حكومەتی نوێی هەرێم بكات و هاوپەیمانی لەگەڵ براوەی هەڵبژاردنەكاندا دروستكرد، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە. لەسەر کاغەز، بەشداریکردنی حکومەتی گۆڕان ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بوو کە بە دەنگدەران درابوون. بەڵام پارتی و یەکێتی هەرچی ریفۆرمێک بوو رەتیانکردەوە کە ببێتە هۆی هەڕەشە لە دەسەڵات و هەژموونییان. لە ساڵی ٢٠١٥دا کێبڕکێیەکی سیاسی توند لەنێوان گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دروستبوو، گۆڕان داوای جێبەجێکردنی سیستمی پەرلەمانی کرد، هاوشێوەی سیستمی عێراقی فیدراڵ. لە ئاکامدا پارتی سەرەڕای کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەیدا دەدا، پەرلەمانی داخست و وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکوومەت دەرکرد.
لەو کاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی هەوڵی سزادانی گۆڕانیان داوە یاخود ھاوبەشییان پێکردووە بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەو ئەگەرەکان لە دژی ڕۆڵی دووانە، بۆیە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 نیوەی كورسییەكانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی 2013. بەڵام مەبەست لێی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەك بوو كە بزوتنەوەكە دەتوانێت لەسەر حكومەتی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دروستی بكات.
 دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، وابەستەیی بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕکابەریی نێوان حزبەکان نیشاندەری شکستی بزووتنەوەکە بوو وەک بەدیلێکی بژاردەیی بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، و ئەو هیوایانەی پەکخست کە بزووتنەوەیەکی مەدەنی دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت. لە کۆتاییدا متمانە بوون بە بزوتنەوەی گۆڕان کاڵ بووەوە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٦%ی دەنگەکانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤. ئەم شکستە بزووتنەوەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێبەش کرد بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە.
ئەم گرافیکەی خوارەوە دابەزینی ئاستی کەوتنی دەنگەکانی گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیشان دەدات


پەراوێزخستنی سیاسی: خەڵک و بەرەنگاری دەسەڵاتداران
شکستی سیاسەتی هەڵبژاردن و خۆپێشاندانی ئاشتیانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی دووانەیی پارتی و یەکێتی وایکردووە خەڵک بەتایبەتی لاوان پێیانوابێ کە پەراوێزخراون و بێبەشن لە بەشداریی سیاسی. گەیشتن بەو بڕوایەی کە دوو چینی دژ بەیەک دروستبوون کە ئەوانیش، "گەل" و "دەسەڵاتداران"ن.
دەسەڵاتی نیمچە بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێم هیواکانی بۆ خەڵک و گەنجان لەناو بردووە کە دەتوانن خواستی سیاسییان هەبێت. پلە باڵاکانی دەوڵەت و دامودەزگا سیاسییەکان لە لایەن هەردوو حیزبەوە قۆرخ کراون. جگە لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، جێگری سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی ئەمنی لەلایەن ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە داگیرکراوە. لە ئەنجامدا بەشداربووان ڕوونیان کردەوە کە ئەوە بنەماڵەکانن کە مافی سەرکردایەتی و حوکمڕانییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ڕوونیان کردەوە کە گواستنەوەی دەسەڵات تەنیا لە بازنەی ئەو دوو بنەماڵەیەدا ڕوودەدات. ئاماژەیان بەوەشکردووە، “گرنگ نییە چەندە شارەزا و لێهاتوو و خوێندەوار بیت، هەندێک پۆست پێشتر بۆ نوخبەیەک تەرخان کراوە، پێشتر دەزانیت کێ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانە.
جگە لەوەش پەراوێزخستنی سیاسی خەڵک و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دەسەڵاتی دووانەیی حیزبی بە ڕوونی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. بە واتایەکی تر هەردوو حیزب خەریکە شەرعیەتی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنی دانیشتووان لەدەست دەدەن. لە کاتێکدا دۆخەکە بە هێواشی بۆ پارتی لە ناوچە لاوەکییەکان بەرەو خراپتر دەڕوات، دیارە بۆ یەکێتیش بەرەو داڕمان دەڕوات. لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 16.6% و یەکێتی 6.1% دەنگەکیان بردەوە لە کۆی 3.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە سەرانسەری سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا، واتە 77.3% (2.6 ملیۆن لەو 3.4 ملیۆن دەنگدەرە) دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەدا. واتە 22.7%ی دەنگەکانی کۆی دەنگدەران، کەمتر لە چارەکێکی دانیشتووان پێکدەهێنن. جگە لەوەش پارتی 26.5% و یەکێتی 56.9%ی دەنگەکانی لەدەستداوە، بە بەراوردکردنی ژمارەی دەنگەکانی ئەو دوو حیزبە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2021 بەراورد بە 2014. 
ئەم گرافیکەی خوارەوە دابەزینی ئاستی کەوتنی دەنگەکانی یەکێتی و پارتی لە سێ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیشان دەدات

دۆخی ترس: لێپێچینەوەی سیاسی بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتی
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وەک پاڵنەرێک بۆ کۆچکردن ئاماژەی پێکراوە، ترسە لە گۆشەگیری سیاسی. لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بەهۆی پێشێلکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هاوڵاتیان و ئازادی ڕادەربڕینیان مانشێتەکانی داپۆشیوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم ناڕەزایەتیەکان سەرکوت دەکەن و فەرمانی دەستگیرکردنی پێشوەختەی ڕێکخەرانیان داوە. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ناڕازییان دەستبەسەر کراون. هەموو هاووڵاتییەکی هەرێم ئاشنایە بە کەیسی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی ناوچەی بادینان کە زیاتر لە دوو ساڵە دەستبەسەر کراون. پێنج کەسیان بە تۆمەتی ناڕوون بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی سزای ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ساڵانی ڕابردوودا ترسی بۆ ئەندامانی خێزانەکان و هاوکارەکانیان دروستکردووە. دەرچووی زانکۆ و چالاکێکی سیاسی لە زاخۆ ڕوونی دەکاتەوە، “کاتێک دەبینیت ئەمڕۆ کەسێک لەسەر ڕەخنەکانی دەستگیر دەکرێت، ترست هەیە ڕۆژی دواتر نۆرەی تۆ بێت”. لێپێچینەوەی سیاسی وا لە چالاکوانان دەکات باجی بەرخۆدانەکانیان بدەن. زۆرێک لە بەشداربووان باسیان لەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو لێدوانانەی کە لە فەیسبووکدا دراون، چۆن دەتوانرێت مرۆڤ دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت. کەسێک ئاماژەی بەوەشکردووە، جارێک کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەو لە فەیسبووک پۆستم کرد و دوای سێ کاتژمێر ماڵەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئاسایشەوە گەمارۆدرا. دوو ڕۆژ و سێ شەو دەستبەسەر بووم” چالاکوانێک وتی. یەکێکی دیکە لە بەشداربووان ڕوونی کردەوە کە لە فەیسبووک شتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕۆژی دوای ئەوە لەلایەن ئاسائیشەکانەوە بانگی کراوە بۆ ئەوەی سەردانیان بکات و چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. کاردانەوەی خێرای ئاسایش، چاودێریی زیادەڕۆیی لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە دەردەخات.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی بڕوانە؛
-    Mera Jasm Bakr, ESCAPING FROM DUOPOLY RULE; How a Two-party System Drives Iraqi Kurdish Migration En Masse?, Konrad adenauer stiftung, May 2022;
https://www.kas.de/documents/266761/0/Mera+Jasm+Bakr+-+Escaping+From+Duopoly+Rule.pdf/77824695-e4c7-a379-00a7-45895fef7ad4?version=1.0&t=1653638687052 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand