فرەژنیی و ئینکارکردنی واقیع

Draw Media

2022-06-05 09:26:48



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

لە چەند ڕۆژی ڕابورددا بەھۆی ھێنانی ژنھێنانی چوارەمی ئەمیری کۆمەڵەی دادوەریی، عەلی باپیرەوە، مشتومڕێکی گەورە دروستبوو، کە بەداخەوە زۆربەی ئەوەی کە گوترا سنووری ھێرش و پەلاماریی شەخسیی و شێوازی جێنودان و سوکایەتیکردنی تێنەپەڕاند. کەسانێکی زۆر بەگژ ئیسلام و ئیسلامییەکاندا چوونەوە، لەشکرێکی دینیی جنێوفرۆشیش بەگژ عەلمانیەت و عەلمانییەکاندا. ئەوەی غائیب بوو ئەگەری ناسینیی ئەو کێشانەیە کە ئەو ھێنانی ژنی چوارەمە لەلایەن عەلی باپیرەوە ھێمای بۆدەکات. 
با لەسەرەتاوە ئەو خاڵە بۆ خوێنەر ئاشکرابێت کە دیاردەی فرەژنیی، لە دیدی مندا، لەسەر مامەڵکردنێکی تەواو نایەکسان و نائینسانیی ژن دروستبووە، لە جەوھەریشدا بەخشینی وزەیەکی سێکسی گەورەترە بە پیاو و مامەڵەکردنی ژنە وەک کەسێکی بێحەز و ئارەزو و چێژی سێکسیی. ھەموو ئەمانەش بەشێکە لە دونیابینییەکی بیمار کە کۆمەڵگای پیاوسالاریی دروستدەکات و ھەیمەنەی پیاو لەناویدا، دەپارێزێت. لە دونیای ئەمڕۆشدا، فرەژنی شوێنی لەناو ئەو مافە سەرەتاییانەدا نابێتەوە کە مرۆڤەکان، بە ژن و پیاوەوە، لە سەدەی بیستەمدا و دوای خەباتێکی زۆر بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی، بەدەستیھێناوە. 
 فرەژنی لە یەککاتدا دیاردەیەکی دینیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە، لە سەردەمە کۆنەکاندا لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی جیھاندا ئامادەبووە، ھەم لە دینی جولەکە و ھەم لە ئیسلام و ھەم لە چەندان دینی دیکەی نایەکتاپەرستدا، ڕێگەپێدراوە. بەڵام  لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەم دیاردەیە  تەنھا لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا و لای ئەو موسڵمانانەی کە سەرمایەدار و پارەدارن، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامادەیە. لای ئەمانە فرەژنی دراوەتە پاڵ ویستێکی خودایی و جێبەجێکردنیشی وەک جێبەجێکردنی ئەمرێکی خودایی مامەڵەدەکەن. ئەمانە خواستە سێکسییە شەخسییەکانی خۆیان بە خواستی گشتی خوداوە بۆ ھەموو مرۆڤەکان، گرێئەدەن. 


ھەموو ئەمانە لەکاتێکدا لەناو مێژو و کەلەپوری ئیسلام خۆیدا، چەندان کەسایەتی دینیی گەورە و چەندان خوێندنەوەی جیاواز لە ئارادان، کە تەواو ناکۆکن بەو خوێندنەوانەی کە فرەژنی وەک خواستێکی خودایی مامەڵەدەکەن. ھەر لە سەدەی نۆزدەھەمدا ئیمامێکی وەک محەمەد عەبدە، کە بە گەورەترین کەسایەتی دینیی سەدەی نۆزدەھەم و موفتی وڵاتی میسر ناسراوە، بە ئاشکرا رەفزی فرەژنی دەکات و بەگژیدادەچێتەوە. رەفاعە تەھتاوی، دیسانەوە ئیمامێکی دینی گەورەی ھەمان سەدە، نەک تەنھا دژی فرەژنی بوو، بەڵکو گرێبەستێکی لەگەڵ ژنەکەیدا ئیمزاکرد کە تا ئەو لە ژیاندابێت ئەم بەھیچ جۆرێک ژنیتر، نەھێنێت. لەناو شیعەکاندا، تەنانەت کەسێکی وەک عەلی خامەنەئی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ فرەژنی دەربڕیوە و پێی لەسەر ئەوەداگرتوە کە پیاو نابێت تەنانەت وەک نوکتەش باسی ژنی دووھەم لەگەڵ ھاوەسەرەکەیدا بکات و دڵی بشکێنێت.(بڕوانە https://www.bbc.com/arabic/tv-and-radio-44010717). ئەوە با واز لە ڕا و بۆچوونی ئەو ژنە خوێدنەوارە موسڵمانانە بھێنین کە باوەڕیان وایە قورئان تەنھا لەڕێگای خوێندنەوەیەکی پیاوانەی ناڕاستەوە شەرعیەت بە فرەژنی ئەدات، دەنا فرەژنی شەرعی نییە و لەگەڵ گوتاری دادپەروەرانەی خودادا ناگونجێت، لەوانەش بۆ نموونە خوێندنەوەکانی ریفات حەسن، ئەمینە وەدود، ھبە رەوف و ئەوانیتر. 
بەڵام ئایا بەڕاستیی فرەژنی چ جۆرە دیاردەیەکی ناو دونیای ئەمڕۆکەی ئێمەیە؟ کێن ئەو پیاوانەی فرەژنی دەکەنە بەشێک لە یاسا و عورفێکی دینیی و بەبەرچاوی ھەمووانەوە ئەنجامیئەدەن؟
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە کێشەی ژمارەیەکی ناو کۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا کێشەی فرەژنیی نییە، بەڵکو کێشەی بێژنیی و کێشەی نەبوونی توانای پێکھێنانی خێزان و شوکردن و ژنھێنانە. ژمارەی ئەو پیاوانەی کە دەتوانن زیاد لە ژنێک بھێنن، ژمارەیەکی کەمن و سەر بەو نوخبە ئەرستۆکراتیی و سەرمایەدارە دەوڵەمەندەن کە لە دونیای پڕ لە دزیی و جەردەیی دوای ڕاپەڕیندا دروستبوون. ئەمانە فرەژنی وەک جۆرێک لە بەرخۆریی تەماشادەکەن، وەکچۆن زیاد لە ئۆتۆمبێلێک و زیاد لە ماڵێک و زیاد لە چەند ملیۆنێک دۆلاریان ھەیە، ئاواش زیاد لە ژنێکیان ھەیە. ڕۆحیەتی مەسرەفگەرای مادیی ئەمانە بۆ ناو مەسرەفکرنی سێکسیی و لەوێشەوە مەسرەفکردنی ژنان گواستراوەتەوە. ئەمانە دەتوانن لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەی لە ھەرێمدا دروستبووە، شێوازی بەرخۆریان لە بەرخۆریی شتومەکەوە بۆ بەرخۆریی ژنان، بگوازنەوە. لەمەشدا ھەم نوخبە دینییە دەوڵەمەندەکە و ھەم نوخبە نادینییەکە وەکو یەک بەشدارن، نوخبە دینییەکە بەناوی دین و خوداوە ئەم بەرخۆرییە ئینسانییە ئەنجامئەدەن و نوخبە نادینییەکە بەناوی ئازادیی شەخسیی و ئازادیی ھەڵبژاردنەوە. 
وەک ووتم کێشەی ژمارە یەکی بەشێکی گەورەی گەنجانی وڵاتەکە، بە نێر و مێوە، ئەوەیە کە ناتوانن بۆ یەکجاریش خێزان دروستبکەن و ژیانێکی سێکسیی گونجاو و ڕێکخراویان ھەبێت. ئەمەش، بە بۆچونی من، وادەکات کێشەی سەرەکیی ھەرێم کێشەی فرەژنی نەبێت، بەڵکو کێشەی نەبوونی توانابێت بۆ دروستکردنی خێزان و بۆ بەیەکگەیشتنی نێر و مێ لە چوارچێوەی خێزاندا. 


بە پێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاماری پارێزگای سلێمانی که‌ لە ساڵی ٢٠١٩، ئەنجامدراوە، ڕێژەی ئەو كچانەی لە تەمەنی 30 تا 49 ساڵیدا هاوسەرگیرییان نەكردووە لە پارێزگای هەولێر 42%، لە سلێمانی 43% و لە دهۆك کەمەکێک زیاترە لە 43%. بەمەش دەردەکەوێت ئەو کچانەی لە ھەرێمی کوردستاندا تەمەنیان هەڵکشاوە و هاوسەرگیرییان نەکردووە ڕیژەکەی دەکاتە ٤٢.٦%. بەپێی ڕوپێوێکی تری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٤١ ھەزار و ٤١٧ کەس، کە تەمەنیان گونجاوە بۆ کارکردن، بێکارن.  کە دەکاتە زیاد لە ٢٢ لە سەدی کۆی ژمارەی دانیشتونای ھەرێمی کوردستان. ساڵانەش ١٤٠٠٠ دەرچوی زانکۆ دەچنە ڕیزی بێکارنەوە. بەشی ھەرەزۆری ئەم ژمارە گەورەیە توانای ژنھێنان و شوکردن و دروستکردنی خێزانیان نییە. ئەم ژمارە تۆقێنەرانە نیشانمان ئەدەن کێشەی ژمارەیەکی ھەرێم فرەژنیی نییە، بەڵکو بێتواناییە لە شوکردن و ژنھێناندا. 
خاڵێکی گرنگ کە بڕێکی زۆر لە ئەندامانی ھێزە ئیسلامییەکان نایبینن و ناچێتە ناو ھۆشیاریی کۆمەڵایەتییانەوە، ئەو ڕاستییەیە کە چاوەڕوانییەکانی بڕێکی گەورە لە کچان و ژنانی ناو دونیای ئەمڕۆ، گۆڕانی گەورەیان بەسەردا ھاتوە. بەشێکی گەورەی ژنانی وڵاتی ئێمە ھەم خوێندەوارن و ھەم چاوەڕوانی ئەوەن وەک بوونەوەرێکی خاوەن ڕا و کەرامەت، وەک کەسێکی خاوەن کەسایەتیی و سەربەخۆ و یەکسان بە پیاو، مامەڵەبکرێن. نەک ئەوەی دوو دوو و سێ سێ و چوار چوار ببن بە ژنی ئەم پیاو یان ئەو پیاو بەتەنھا. زۆرینەی ژنانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان، فرەژنی، وەک غەدرلێکردن و ڕێزنەگەرتن لە ژن تەماشادەکەن، بەبێ ئەوەی باوەڕیان بە ئیسلام وەک دین لەقبووبێت. واتە ئەوان ھەم خۆیان بە موسڵمان و ھەم خۆشیان بەخاوەنی کەسایەتیی و ماف دەزانن و فرەژنیان قبووڵنییە. 
لە ڕاستیدا بڕێکی زۆر لە ئیسلامییەکان توانایەکی گەورەی نەبینین و ئینکارکردنی واقیعیان ھەیە. ئەم ئینکارکردنەش تەنھا سەر بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی زیاد لە گروپێکی دینیی ئەم ناوچەیە. بەناوبانگترین نموونەیەکی مێژوویی کە ئەم جۆرە ئینکارکردن و داننەنان بە واقیعدا نیشانئەدات، بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەم دەگەڕێتەوە. کاتێک ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی ١٧٩٨دا میسر داگیردەکات، پیاوانی دین و شێخەکانی ئەزھەر لە قاھیرە کۆدەکاتەوە و قسەیان بۆدەکات. ناپلیۆن پێیاندەڵێت عەرەب و موسڵمانەکان لەسەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدیندا لەبواری زانست و ھونەردا باڵادەست و پێشکەوتووبوون، بەڵام ئەمڕۆ لەناو جەھل و نەزانینێکی قووڵدا دەژین. ھیچ شتێکیان لە زانستی نەوەکانی پێشخۆیانەوە بۆ نەماوەتەوە. شێخەکانی ئەزھەر لە وەڵامی ناپلیۆندا دەڵێن: نا ئێمە قورئانمان بۆ ماوەتەوە و ھەموو زانستەکانیش لەناو قورئاندا ئامادەیە. ناپلیۆن لێیان دەپرسێت باشە قورئان فێرتان دەکات چۆن تۆپ و چەکی مۆێرن دروستبکەن. ئەزھەرییەکان بە بەیەک دەنگ و بە هەماسەتەوە دەڵێن: بەڵێ. فەتحی بن سەلامە، دەرونشیکاریی بەناوبانگی عەرەب، لە شیکردنەوەی ئەم ڕووداوەدا دەڵێت ئەزھەرییەکان لەو دانیشتنەدا توانایەکی گەورەی ئینکارکردنی واقیع نیشانئەدەن. واقیعێک وایکردوە ناپلیۆن میسر داگیربکات و ئەزھەرییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا کۆبکاتەوە. ڕەفزکرنی سەیرکردنی واقیع بەو شێوەیەی کە ھەیە بیمارییەکی دەرونییە و لە دونیای ئێمەدا بەشێوەیەکی بەربڵاو، ئامادەیە. بەرگریکردن لە فرەژنی لە دونیای ئەمڕۆدا ھەم بەشێکە لەم بیمارییە دەرونییە و ھەم لە ونکردنی ھەموو ھەستێک بەو واقیعەی لە ئێستادا، دروستبووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand