Draw Media

جەنگی ئیسرائیل و ئێران

جەنگی ئیسرائیل و ئێران

2025-06-17 19:08:53


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لە رۆژی ٧ ئۆکتۆبەرەوە، ئەو رۆژەی حەماس هێرشە سەربازییە گەورەکەی کردە سەر ئیسرائیل، جەنگ و پێکدادانە سەربازییەکان، بەر لە هەمووشتێک پەردە لەسەر ئەو بکەر و رژێمە حوکمڕانانە لائەدەن، کە ساڵانێکی درێژە لەم ناوچەیەدا هەن و کاردەکەن. ئەو بکەر و ڕژێمانە هەرچییەکیان تێدابێت، لانی هەرەکەمی بەرپرسیاریەت و دڵۆپێک دەربەستبوونی ئەخلاقیی و ئینسانیان، بەرامبەر بە ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی ناو سنووری حوکمڕانییەکانیان، تێدانییە. 

ئەوەی گوێ لە پڕوپاگەندەی ئەم جەنگ و پێکدادانانە بگرێت، بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت هەموو لایەنکان خۆیان وەک قوربانیی نمایشدەکەن و حیکایەتی مەزڵومیەت و بێگوناهی خۆیان دەگێڕنەوە. لای هەر یەکێکیشیان رەهەندێکی دینیی بەم حیکایەتانە دەبەخشرێت. لای حەماس و رژێمی ئایەتوڵاکانی ئێران، شێوەی بەرگریکردن لە ئیسلام و لە خودا و بەگژاچوونەوەی «ئیستیکباری جیهانیی» دەگرێتەخۆی. لای ئیسرائیلییەکانیش باس لە مافێک دەکرێت کە گوایە خودا چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر بەوانی داوە و کردونی بە خاوەنی راستەقینەی خاکی فەلەستین. هەموویشیان لەو ساتەدا کە خۆیان بە مەزڵوم و غەدرلێکراو دەزانن و دەچنە پەیوەندییەکی راستەوخۆشەوە لەگەڵ خودادا، هاوکات ئامادەن تا ئاستی ئەنجامدانی گەورەترین تاوانی جەنگ و  جینۆسایدکردن بڕۆن. کێیان بوێت بکوژن و کوێشیان بوێت وێرانی بکەن.  

ئیسرائیل هێز و توانای خۆی لە وێرانکردندا دەناسێت و دەشزانێت هیچ یەکێک لە دوژمنەکانی دەرەقەتی نایەن. بۆیە هەر هەل و ئەگەرێکی وێرانکردنی دوژمنەکانی بۆ دروستببێت، بێ دوو دڵی  دەیقۆزێتەوە و ئەوەی بۆی بکرێت ئەنجامی ئەدات. ئەوان لە غەزە و لوبنان و سوریادا چیان پێکراوە، ئەنجامیانداوە و لەمەشدا سڵیان لە پێشێلکردنی سەرجەمی ڕێگرە یاسایی و ئەخلاقیی و ئینسانییەکان نەکردۆتەوە. ئیسرائیل جبەخانەیەکی سەربازیی و تەکنۆلۆژیی گەورە و پێشکەوتوی هەیە و هاریکاریی بەشە بەهێزەکەی جیهانیشی لەپاڵدایە، لە سەرووی هەمووانە پاڵپشتیکردنی ئەمریکا. ئەمەش وادەکات ئەوەی ئیسرائیل بە راستی بزانێت بێ دوودڵی ئەنجامیبدات، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا هێزە دینییە توندڕەوە سونەتییەکان حوکمی وڵاتەکە بکەن. هەرچی حەماس و ئێرانە دوو هێزن قەبارە و قورسایی و هێزی خۆیان ناناسن و جیاوازییەک لەنێوان خورافەتی بەلاغەسازیی و هاوکێشەی هێز لەسەر زەمینی واقیعدا، ناکەن. هەردووکیان پەلاماری هێزێک دەدەن زۆر لە قەبارەی ئەوان گەورەترە و  دەتوانرێت تا ئەو شوێنەش بڕوات هەردووکیان لەناو ببات، یان لانیکەم لەرووی سەربازییەوە تەواو ئیفلیجیان بکات. نەناسینی توانا و هێز و قورسایی خۆیان، ئەو هەڵە گەورەیەیە هەم حەماس و هەم ئێران ئەنجامیانداوە و ئەنجامیئەدەن. نەناسینی ئەم توانایەش تەنها مەسەلەی گەمژەیی سیاسیی و سەربازیی نییە، بەڵکو هێماشە بۆ نەبوونی لانی هەرە کەمی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیی و بەتەنگەوەنەهاتنی ژیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ، کە بەهۆی خورافەتسازیی ئەوانەوە دەشێت ژیانیان لەدەستبدەن.  

ئیسرائیل هەرزوو غەزەی وێرانکرد و دوو ملیۆن مرۆڤی بێدەرەتان و ئاوەرە و بێئایندە کرد. لە ئێستاشدا بەرەو ئەوە دەڕوات ئێرانیش بکات بە غەزەی دووهەم. لەم ساتەدا لێدان لە ئێران وەک لێدان لە غەزە، یان لێدان لە باشوری بەیروت، کە حیزبوڵای تێدابوو، یان لێدان لە سوریای، لێبێت. ئیسرائیل بە هەمان ئەو ئاسانییەی لەو شوێنانەی دەدا، لە ئێستادا لە ئێران ئەدات. ئەوەتا فڕۆکەکانی ئیسرائیل کوێیان بوێت، بەبێ لانی هەرەکەمی بەرگریکردن، وێرانی دەکەن. چۆنیان بوێت بەو شێوەیە هێرشدەبەن، کام بەشی وڵاتەکەیان بوێت ئەو بەشە وێران دەکەن. کێیان بوێت دەیکوژن، ئەوەتا دەستیان بە بەشێکی گەورەی بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتەکانی ولاتەکە گەیشتوە و ژمارەیەکی گەورەی لێ کوشتوون. وەکچۆن لە غەزە و خواروی بەیروتدا بە دانیشتوانەکانیان دەگوت شوێنەکانیان بەجێبهێڵن چونکە ئیسرائیل بۆردومانیان دەکات، بەهەمان شێوە بە دانیشتوانی تارانی پایتەخت و شارەکانی تری ئێرانیش دەڵێن چۆلى بکەن چونکە بۆردمانیان دەکات. 

حوکمڕانانی لە جۆری حەماس ئاسا و ئەوانەی ئێران، بەبێ هەستکردن بە هیچ بەرپرسیاریەتێک و زۆر بە ئاسانی وڵاتەکانیان رادەکێشنە ناو کۆمەڵێک کێشەوە کە لە قەبارە و توانای ئەو وڵاتانە بۆ چارەسەرکردنیان گەورەترن. «حیکایەتی مەزڵومیەت» و جنێودان بە «ئیستیکباری عالەمی» و هەڕەشەی لەناوبردنی «قەوارەی زایۆنی»، نە لەگەڵ توانا و هێز و دەسەڵاتی خۆیاندا دەگونجێت، نە هاریکاریی کۆمەڵگاکانیشیان دەکات  بتوانن ژیانێکی سادەی مرۆڤانەی دوور لە کوشتن و وێرانکردن و ماڵوێرانیی و ئیهانە و زەلیل و برسیکردنەوە، بژین. واقیع بە بەلاغە و ئینشا دروستدەکەن، نەک بەو ژێرخانە زانستیی و تەکنۆلۆژیی و دەزگایی و ئەخلاقییانەی کە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن پێویستی پێیانە.

دوای زیاد لە چوار دەیە لە حوکمرانی ئایەتوڵا و ئاخوندەکان لە ئێراندا، کۆمەڵگای ئێرانی کۆمەڵگایەکە دەیان ملیۆن مرۆڤی تێدایە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکەی ناتوانن پێداویستییە هەرە سەرەکیی و سەرەتاییەکانی ژیانی رۆژانەیان دابینبکەن. بەدەیان ملیۆن کەس بێماڵ و بێحاڵن و لە گەڕەکە تەنەکەییە عیشوائیەکاندا دەژین. ئابوریی وڵاتەکەیان وێّرانە و رێژەی هەڵئاوسان و بێنرخبوونی پارەکەیان شوێنی بەزەیی پىاهاتنەوەیە. چەندان نەوەی نائومێد و بێئایندەیان دروستکردوە. لە هەرشوێنێکیشدا بتوانن بەگژ هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازدا دەچنەوە کە نەیەوێت حوکمڕانان، بەناوی دین یان بەناوی هەرشتێکی دیکەوە، زەلیل و بێنرخ و ئیهانەی بکەن. 

لە کۆمەڵگایەکی وێرانی لەو بابەتەدا، ئەم جۆرە حوکمڕانانە، سڵ لەوە ناکەنەوە بەسەدان ملیۆن دۆلار لە دروستکردنی هێزی پرۆکسی، واتە هێزی نۆکەری دەرەکیی، و  لە بەرنامەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لە پرۆژەی بەرهەمهێنای رۆکێتی درێژمەودا سەرفبکەن. میلەتێک نان نەبێت بیخوات چەکی ئەتۆمی و رۆکێتی دوورمەودا و نۆکەری دەرەکیی، بۆ چییە؟ بە تایبەتی لەکاتێکدا سەرجەمی ئەو چەک و رۆکێت و نۆکەرانە، لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا، لەلایەن هێزێکی وەک ئیسرائیلەوە، وێران بکرێن. 

ئیسرائیل تا ئێستا پەلاماری هەمەلایەنەی بنکە ئابورییە سەرەکییەکانی ئێرانی نەداوە، گەر ئەم کارە ئەنجام بدات، ئەودەم وڵاتەکە تەواو وێرانتر دەبێت و دەیان ملیۆن مرۆڤ، ژیانیان دەکەوێتە ژێر مەترسیی هەژاریی و برسیەتییەکی هەمەلایەن و تەحەمول نەکراوەوە. ئەوەی دروستدەبێت وێرانەیەک دەبێت ژیان لەناویدا دەسڕدرێتەوە. غەزە چەندە شوێنی ژیانی تیا ماوە، تاران و شارەکانی تری ئێرانیش، هەر ئەوەندە شوێنی ژیانیان تێدادەبێتەوە. 

ئەوە با واز لە مۆدێلە دەسەڵاتگەرە دینییەکەی حومکرانانی ئەران بهێنین، کە بە کردەوە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکەیان کردوە بە دوژمنی راستەقینەی خۆیان. ئەو تاوانانەی ئەوان بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەی خۆیان دەیکەن، کەم وێنەیە. ئەمەش نەک تەنها بەرامبەر ئەو کەمینە ئەتنیانەی بێ لانی هەرە کەمی ماف و ڕێز لە وڵاتەکدا دەژین، بەڵکو بەشێکی زۆری دانیشتوانی وڵاتەکە، بە تایبەتی ژنان دەگرێتەوە، کە لەناو مۆدێلێکی خنکێنەری ژیان و ژنبووندا دیلکراون. بێنرخکردنی ژیان سەردێری سەرەکی ئەم جۆرەیە لە حوکمڕانیی.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیلیش رازیبن بە مانەوەی ئەم دەسەلاتە و نەیانەوێت بیڕوخێنن، بێگومان دوای ئەوەی ئەو دەسەڵاتدارانە تەسلیمبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، ئایا وەڵامی میلەتەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بەو فۆرمە نابەرپرسیار و وێرانکەرەی دەسەڵات چی دەبێت؟ ئەو میلەتانە چی بەرامبەر بە حوکمڕانانێک دەکەن ئەو هەموو کارەساتانەیان بەسەردا هێناون و دەهێنن؟ لە مێژوودا  هەندێک ساتەوەخت هەن، مرۆڤەکان ناچارن پرسیارە گەورە و بنەڕەتییەکان لە خۆیان بکەن. ئەمرۆ ڕۆژی کردنی ئەو پرسیارانەیە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand