Draw Media

موچە و کەرامەت

موچە و کەرامەت

2025-07-06 16:02:35


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


 زانای دەرونناسی ئەمریکی، ئەبراهام ماسلۆ، لە ساڵی ١٩٤٣ دا تیورە بەناوبانگەکەی دەربارەی پێداویستییەکانی مرۆڤ، بڵاوکردەوە. لەو تیورەدا ماسلۆ پێنج ئاستی جیاوازی پێداویستییەکانی مرۆڤ لەیەکتری جیادەکاتەوە و لە فۆرمی هەرەمێکدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە پلەبەندیان دەکات.  لە خواری خوارەوەی هەرەمەکەدا پێداویستییە هەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان دادەنێت و پێداویستییە ئاڵۆز و پێشکەوتوەکانیش لە پلەکانی سەرەوەی هەرمەکەدا. لەم کارەیدا ماسلۆ پێنج ئاستی جیاوازی پێداویستییەکان لەیەکتری جیادەکاتەوە. 

ئاستی یەکەم، پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤە، کە لە خوارەوەی هەرەمەکەدان، ئەمانە «پێداویستیە فیزیۆلۆژییەکان»ی مرۆڤە. کە بریتین لە بوونی خواردن، ئاو، باو، گەرما، ماڵ و شوێنی پشوودان. مرۆڤ بەبێ دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستییانە توانای مانەوەی نابێت و ژیان لە دەستئەدات.  

ئاستی دووهەم، لەدوای دابینکردنی پێداویستییە فیزیۆلۆژیانەوە، دابینکردنی پێداویستی ئاسایش و سەلامەتبوونە. مرۆڤ دوای خاوردن و ئاو و نان و شوێنەکی دەبێت، دوای ئەوە پێویستی بە ئاسایش و سەلامەتی هەیە. پاراستنی مرۆڤ لە زیان پێگەیاندن و ئازاردان و دابینکردنی سەقامگیریی و دڵنیایی ئابوریی. بوونی ماڵ و بوونی سەرچاوەی دارایی بۆ هەستکردن بە ئاسایش و دڵنیایی بەشێکی گرنگی تری پێداویستیی هەستکردنن بە ئاسایش.  

ئاستی سێهەم، پێداویستی مرۆڤە بە خۆشەویستی و سەربەخۆیی. لەم ئاستەدا مرۆڤ پێویستی بە خۆشەویستیی کەسانیتر و بە بوونی جۆرێک لەسەربەخۆیی وەک کەس هەیە. زۆرجار ئەمانەش لە ڕێگای هاوڕێیەتیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و خێزانەوە دابیندەکرێن. ماڵ وەک شوێنی ئینتیمایەکی سۆزدارانە، بۆ شوێن دیسانەوە بەشێکە لە پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم ئاستەشدا. لەپال خۆشەویستیدا مرۆڤ هەست بە جۆرێک لە ئینتیما بۆ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە دەکات کە تیایدا ئامادەیە. هەم ئەو کەسانیتری خۆشدەوێت و هەم کەسانیتر ئەویان خۆشدەوێت. ئەمەش هەستی قبووڵکردنی کەسەکان لەلایەن کەسانی ترەوە تێر و بەهەزدەکات.

ئاستی چوارهەم, ئاستی پێداویستییەکانی مرۆڤە بە رێزگرتن و دانپیانانە بە مرۆڤدا وەک کەسێکە کە خاوەن کەسایەتی سەربەخۆی خۆیەتی. کەسێک خاوەنی پێگەی تایبەت و رێزگرتن لەو پێگە تایبەتەش. بەدەمەوەچوونی ئەم پێداویستییە وادەکات کەسەکە هەم رێزی خۆی بگرێت و هەم هەست بەوەبکات کەسانیتر رێزی دەگرن. ئەمەش هەستی بە ئیتیماکردنی لەناودا بەهێزتر دەکات. 

ئاستی پێنجەم، کە بەرزترین ئاستە، ئاستی پێداویستیی مرۆڤە بەوەدیهێنانی کەسایەتی خۆی، واتە ئاستی ئەوەی کەسەکە ببێت بەو کەسەی کە دەخوازێت ببێت. بتوانێت توانا ناوەکییەکانی خۆی وەدیبهێنێت و لەم ڕێگایەشەوە پەرەی زیاتر بە توانا کەسییەکانی خوی بدات و گەشەکردنی کەسایەتی خۆی مەیسەربکات. بە کورتییەکەی، پێدویستی مرۆڤ بەوەی بتوانێت ببێت بەو کەسەی کە دەخوازێت و دەتوانێت، ببێت. 

بێگومان ئەم تیورەیەی ئەبراهام ماسلۆ رەخنەی هەمەجۆری لێگیراوە و دەسکاری هەرمیەتی پلەبەندییەکان کراون، بەڵام لە جەوهەردا شتێکی زۆر لە راستی تێدایە و تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان بەناو دابینکردنی ئەو پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکیی و ئالۆزدانەدا تێدەپەرێت. 

من ئەم تیورەی ماسلۆم بۆیە بەو درێژییە باسکرد بۆ ئەوەی دۆخی بێموچەیی و نادڵنیایی و بێئومێدکردنەی خەڵکی هەرێم لەپاڵ ئەم تیوریەدا لێکبدەمەوە. نەبوونی موچە، واتە نەبوونی بژێوی ژیان، هێما بۆ وەدینەهاتن و دەستەبەرنەکردنی تەنانەت ئاستی یەکەم و دووهەمی پێداویستییەکانی ناو هەرەمەکەی ماسلۆ دەکات. هێما بۆ دروستبوونی دۆخ و ژینگەیەک دەکات تەنانەت دابینکردنی«پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکان»ی مرۆڤی تێدانییە، یان لانیکەم ئەم پێداویستییانە لەژێر فشار و مەترسیی گەورەدان. مەبەستم دابین نەکردن یان زەحمەتبوونی دابینکردنی خواردن، ئاو، گەرما و ماڵ. لە دونیای ئەمرۆدا مرۆڤ کە موچەی نەبوو، ناتوانێت ئەو پێداویستییە سەرەتایی و فیزیۆلۆژیانەی بەردەوامبوونی ژیان دابینبکات، چونکە دابینکردنی هەریەکێکیان پّێویستی بە سەرچاوەی مادیی تایبەت هەیە. ئەم دۆخە لە هەرێمدا هەر هێجگار سەخت و وێرانەکەرە جونکە ژمارەیەکی گەورە لە فەرمانبەر و موچەخۆر هەن، کە ژیانییان لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی پابەستی بوونی موچەی مانگانەیانە.

مرۆڤ گەر نەیتوانی پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکانی بەردەوامبوونی ژیانی دابینبکات، یان نادڵنیابوو لە دابینکردنیان، ناتوانێت پێداویستییەکانی تری وەک هەستکردن بە ئاسایش و زیان پێنەگەیشتن و ئازارنەچەشتن دابینبکات. نەمانی سەقامگیریی ئابوریی دەشێت تا ئەو ئاستە بڕوات  مرۆڤ نەتوانێت هەست بە مسۆگەرکردنی هەبوونی ماڵ و نان و ئاویشی هەبێت. کە ئەمانەشی نەبوو هەستکردن بە ئاسایش و سەلامەتی بە تەواوی لەدەستدەدا، یان لانیکەم ئەم هەستە بەتەواوی لەلای لاواز دەبێت. 

مرۆڤ کە لەو ئاستە سەرەتاییانەدا هەستی بە سەلامەتی و سەقامگیریی نەکرد، ناتوانێت لە ئاستەکانی تردا ئەم هەستەی هەبێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەو هەستەی لا دروستدەبێت کە نرخ نە بۆ خۆی و نە بۆ کەسایەتیی و نە بۆ کەرامەتی دانەنراوە، فڕێدراوەتەوە دەرەوەی بەشى هەرزۆری دابینکردنی ئەو پێداویستییانەوە کە مرۆڤ دەکەن بە مرۆڤێکی خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت. 
کەرامەت ئەو بەها سروشتییە ناوەکییەیە کە هەموو مرۆڤێک تەنها بە هۆی مرۆڤبوونەوە، خاوەنییەتی. بە حوکمی ئەوەیش هەموو مرۆڤێک خاوەنی کەرامەتە، بۆیەن شایەنی ئەوەیە خاوەنی ماف و ڕێز و مامەڵەیەکی ئیسانیی و دادپەروەرانەیە. بەڵام هەموو ئەم شتانە پێویستیان بە دابینکردنی ئەو پێداویستییانەیە کە لەسەرەوە باسمانکرد. ناکرێت کەرامەتی مرۆڤ بپارێزرێت لەکاتێکدا ئەو مرۆڤە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی دابیننەکرابێت. 


بۆیە ئەو جیاکارییەی لە هەرێمدا لەنێوان موچە و کەرامەتدا دەکرێت، نەک تەنها هێما بۆ بێدەربەستبوون و نابەپرسیاریەتیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورە و کەم نموونە دەکات، بەڵکو بەرجەستەکردنێکی تەواوی عەقڵەیت و سایکۆلۆژیای  نرخ دانەنانە بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ زمانی قسەکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەک نییە، نەتوانێت یاخود نەیەوێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوون دەستەبەربکات. 

ئەم نەتوانینەش بڕیارێکی خودایی یان سروشتیی لەپشت نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسیی و ئابوریی لەپشتە کە نوخبەیەکی حوکمران لە وڵاتەکەدا داویانە و بەردەوامیش دەیدەن. بەر لە هەموو شتێک ئابوری هەرێم ئابورییەکی نائازاد و تەواو قۆرخکراوە، بە تایبەتی کەرتە سەرەکییەکانی، کە لەژێر دەستی نوخبە سیاسیی و کۆمپانیا شەخسیی و حیزبییەکانیاندایە. قۆرخکردن و فشار، گەندەڵیی و هەڕەشەکردن، دزین و ناچاکردن، بەشی دانەبڕاو و سەرەکیی ئەو سیستمە ئابورییەن. سیستمێک لە سەرێکەوە رۆژانە ملیۆنێری سەر بە نوخبە حوکمڕانەکە بەرهەمدەهێنێت، لەسەرێکی دیکەوە کەسانێکی تر کە توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە. 
لە هەرێمدا دەسەڵاتی ئابوریی و دەسەڵاتی سیاسیی لەیەک جیانین، زۆرینەی ئەوانەی دەسەلاتی سیاسیان هەیە هەمان ئەو کەسانەن کە دەسەلاتی ئابوریشیان هەیە، کۆکردنەوەی ئەم دوو دەسەڵاتەش بەیەکەوە دۆخێکی دروستکردوە بتوانن بەشە سەرەکییەکانی ئابوریی هەرێمەکە قۆرخبکەن و نوخبەیەکی بنەماڵەیی سوڵتانی وەک جێگرەوە بۆ دەوڵەت کاربکات. لەمەشدا یاسای هێز شوێنی یاساکانی  بازاڕ و کاری دەزگا ئابورییەکانی گرتۆتەوە. ئەم دۆخە ژینگە دەوڵەتییەکەیان تەواو لاواز و پەراوێز خستوە. بە کورتییەکەی، ئەوەی سیستمە ئابورییەکە ئاراستەدەکات لۆژیکی ئیىشکردنی ئابورییەکی ئازاد و لۆژیکی بازار نییە، بەڵکو لۆژیکی پاراستنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانییەیە کە لەئارادایە و کاردەکات. شانس و دەرفەتە ئابوورییەکان لە ڕێگەی بەیعەتی سیاسیی ناوەکیی و دەرەکییەوە کاردەکەن. کۆی ئەم شتانەش سیستمە ئابوریەکە دەگۆڕێت بۆ ئابوریی تاڵانکاریی، کە تیایدا دەسەڵاتی سیاسیی و دەزگاکانی حوکمرانیی، وەک ئامرازی کەڵەکەکردنی سەرمایە لای ئەو نوخبە حوکمڕانە، کاردەکەن.  

ئەمەش وادەکات دابینکردنی ئەو پێنج پێداویستییەی لەسەرەوە باسمکرد، بەشێک نەبێت لەو عەقڵیەت و هەڵسوکەوت و میکانیزمانەی لەناو سیستمە ئابورییەکەی هەرێمدا سەروەر کراوە. 

چۆنیەتی رێکخستن و ئیدارەدانی هەرێم و مۆدێلی حوکمڕانییەکە و چۆنیەتی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابووریی، ئەو دۆخەی دروستکردوە کە خەڵک لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیان دڵنیانەبن. لەناو دۆخێکی لەو بابەتە شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی عەقڵانیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی، بەرامبەر بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک نابێتەوە.  

ئەوەی لەم سیستمەدا غائیبە هاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و خاوەن بڕیارە. کەسانی خاوەن ماف، بە تایبەتی مافی یاسایی، دەکرێت خۆیان  لە بەرامبەر ئەو ناهەقییە گەورانەی بەرامبەریان دەکرێت، لەڕێگای یاساکانەوە بپارێزن. بەڵام ئەمە دۆخی هەرێم و دۆخی کۆمەڵگاکە نییە. بۆیە مەسەلەی پاراستنی کەرامەت مەسەلەی مژدەدان نییە بە ژیان و مردن بەیەکەوە. بەڵکو، بەر لە هەمووشتێک،  مەسەلەی یارینەکردنە بە بژێو و سەرچاوە مادییەکانی ژیانی بەشەکی گەورەی خەڵک لە کۆمەڵگاکەدا. کەرامەت کاتێک مانای هەیە کە ئامرازەکانی پاراستن و نرخاندنی ئەو کەرامەتە بوونی هەبێت. دەنا دەگۆڕێت بۆ دەستەواژەیەکی بێمانا کە دوو ئەرکی سەرەکیی دەبینێت: شاردنەوەی ناشیرینیەکانی دۆخەکە و شاردنەوەی بکەرە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو دۆخە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand