Draw Media

دەسەڵات و ئەخلاق

دەسەڵات و ئەخلاق

2025-06-29 12:07:13


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

کەسایەتیی و تاکبوونی مرۆڤ هەمیشە لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتەوە دروستدەبێت. شێوازی پەیوەندییەکانی بە دەسەڵاتەوە جۆری کەسایەتیی ئەو و شێوازی خودبوونی دروستدەکات. بەڵام دەسەڵات تەنها بەمانای میکانیزمەکانی ترساندن و سەرکوتکردن نا، چونکە ملکەچبوون تەنها لە رێگای زۆر و زەبر و زەنگەوە دروستنابێت، بەڵکو لە ڕێگای دروستکردنی جۆری تایبەتی ئارەزووکردنیشەوە، دروستدەکرێت. دەسەڵات وەکچۆن لە ڕێگای سەرکوتکردنەوە لەناو مرۆڤدا گوێڕایەڵی دروستدەکات، بە هەمانشێوە ئارەزوی تایبەتیش دروستدەکات کە هەمان ئەرک پیادەدەکات، واتە لە ڕێگای دروستکردنی ئارەزووەوە کەسانی ملکەچبوو دروستدەکات. دروستکردنی ئارەزووی تایبەت لەناو مرۆڤدا بەشێکە لە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی مرۆڤەکان و بەشێکە لە میکانیزمەکانی دروستکردنی کەسانی ملکەچ. بەم مانایە دەسەڵات شێوازی تایبەتی تاکەکەس و شێوازی تایبەتی خودبوون دروستدەکات. شتێک بەناوی خود یان کەسایەتییەکی ئازادەوە بوونی نییە کە پێش دەسەڵات بوونی هەبووبێت، هەموو کەسایەتییەک، بە کەسایەتییە ئازادەکانیشەوە، کەسایەتی ناو جۆرێکی تایبەتی دەسەڵاتن. کەسی ئازاد لە پەیوەندیدا بە دەسەڵات و بە گوتارەکانی دەسەڵاتەوە دروستدەبێت. جا ئەو خودە لەو پەیوەندییانەدا یان دەبێتە خودێکی یاخیی و هەوڵی دروستکردن و  پاراستنی ئازادییەکانی خۆی ئەدات، یاخود نووقمی ناو گوتار و میکانیزمەکانی کارکردنی دەسەڵات دەبێت و دەگۆرێت بۆ خودێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ. 
دەسەڵات خۆیشی بەر لە هەمووشتێک دەخوازێت خۆی لەناو دەرونی کەسەکاندا سەرلەنوێ بەرهەمبهێنێتەوە، لەناو دەروندا خۆی دووبارە و سەدبارە دروستبکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی توانای سڕینەوە، کوشتن یان ئیفلیجکردنی بەرگریکردنی لای کەسەکان هەبێت. مادام دەسەڵات هەیە کەواتە بەرگریش هەیە، لە هەرشوێنێک دەسەڵات هەبووم لەوێشدا بەرگریی هەیە. 
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا دەیبینین لاوازبوونی تواناکانی دەسەڵاتە لەکارکردن لەناو دەرون و دونیای ناوەکیی تاکەکەسەکاندا. لاوازبوونی توانای دەسەلاتە لەوەدا خۆی وەک بەشێک لە خواست و ئارەزوەکانی تاکەکەس نیشتەجێبکات.  لە دونیای ئێمەدا زۆربەی هەرەزۆری پردەکانی متمانەکردن لە نێوان تاکەکەسەکان و فۆرمە باڵادەستە جیاوازەکانی دەسەڵاتدا پچڕاوە، نەک تەنها لەگەڵ دەسەلاتی سیاسیدا، بەڵکو لەگەڵ دەسەڵاتی دینیی و رۆشنبیریشدا. 

مرۆڤ تەنها لەڕێگای لەشی بایۆلۆژیی و مێژووی شەخسیی خۆیەوە ناناسرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگای پەیوەندییە جیاوازەکانییەوە دەناسرێتەوە، لە ڕێگای ئەو پەیوەندییانەوە لەگەڵ کەسانیتر و رەمز و مەسەلە سەرەکییەکانی ناو ژینگەکەی و لە گەڵ زمان و سیمبۆلەکانی ناو ئەو ژینگەیەدا، دروستیدەکات. بە بۆچونی من زۆرینەی ئەم پەیوەندیانە مرۆڤی ئێمە نابەنەوە ناو شێوازە باڵادەستەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی و دەسەڵاتی رۆشنبیریی، ناو دونیای ئێمە. 

لەسەرێکی دیکەوە کۆمەڵگای ئێمە لەمرۆدا کۆمەڵگایەکە لە چەندان سەرەوە گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگایەکی تەواو ئاڵۆز و لەزۆر سەرەوە کراوە بە رووی دونیای دەرەوەدا. ئەو داخرانە خێڵەکیی و بەهایی و ئەخلاقیی و ئاینییانەی زیاد لە پەنجا سڵێک لەمەوبەر لەناویدا بوو، گۆڕانی گەورەیان بەسەرداهاتووە. ئەوەی لە ئێستادا لەئارادایە ئەو کۆمەڵگا سوونەتییە نییە کە پەنجا ساڵێک لەمەوبەر بوونی هەبوو. ئەو کۆمەڵگایە لە دەیان رێگاوە و بە شێوازی جیاواز بە دونیای دەرەوەوە گرێدراوە. کەچی بڕێکی گەورەی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ناوی، لە پێش هەمووانەوە، دەسەڵاتی سیاسیی دەسەڵاتی تەواو داخراون بەسەر بازنەی بجووکی کۆمەڵێک بنەماڵە و خێزانی حوکمڕان، هاوکات فۆرمەکانی تری دەسەڵاتیش، لەناویاندا دەسەڵاتی دینیی، بەسەر کۆمەڵێک گوتاری دینیی داخراودا. 

ئەوەی بەشێکی کۆمەڵگاکە عەلمانیی، بەشێکی دینیی، بەشێکی تری لەناوەندی دین و نادیندا، بەشێکی تریشی تەواو نادینییە، ئەوەیش هەندێک کۆمەڵگاکەی پارتی و هەندێکی یەکێتیی و ئەوانیتریان دابەشن بەسەر هێزە سیاسییەکانی دیکەدا، ئەوەی زۆرینەیەکیش پشتی کردۆتە سەرجەمی هێزە سیاسییەکان، هێما بۆ دوو ڕاستی کۆمەڵایەتیی گرنگ دەکەن. یەکەمیان، ئالۆزبوونی کۆمەڵگاکەیە وەک کۆمەڵگا. دووهەم، دروستبوونی شوناسی پڕجوڵە و ناجێگیر و دانەخراو. شوناسی دینامیکی کە زۆرجار کەسەکان خۆیان بۆ خۆیانی دروستدەکەن، نەک لە دەرەوەڕا بەسەریاندا بسەپێنرێن. ئەم دۆخە ئاڵۆزە دوو دیاردەی دژ بەیەک دروستدەکات. لەسەرێکەوە ئارەزوویەکی گەورە بۆ بەتاکەکەس بوون. لەسەرێکی دیکەوە، ئارەزویەکی بەهێز بۆ بوون بە ئەندام لەم یان لەو گروپ و رێکخراوی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆردا. ئەم دوو ئارەزووەش، ئارەزووی سەربەخۆبوون و ئارەزووی ئینتیما، هەڵگریی جوڵە و ناکۆکیی ناوەکین. 

هەموو ئەمانە پرسیارێکی ئەخلاقیی گەورە دروستدەکەن، پرسیاری ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی لەو بابەتەدا کام بنەمای ئەخلاقیی پەویستە، کەوا لە مرۆڤ بکات هەم سەربەخۆ و ئازادد و هەم ئیتیمایەکی دەستەجەمعی هەبێت. لە کاتێکدا فۆرمە سەرەکییەکانی دەسەڵات دژ بە هەردووکیان کاردەکەن. 
پێموایە گرنگترین بنەمای ئەخلاقیی بنەمای قبووڵکردنی کەسانی جیاواز و لەخودنەچووە، گەر کراو وەک بەشێک یان ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی ناو خودبوون خۆیشی. بە زمانێکی سادەتر بدوێم مەسەلەی سەرەکیی ئەخلاق لە دونیای ئێمەدا مەسەلەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی ئەخلاقییانەی جیاوازییەکانە، کەس و دیدگا و بۆجوون و شێوە جیاوازەکانی ژیان. ئەوەی لێرەدا پێویستی بە بونیادنان هەیە، وێنەیەکە بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز کە کورتنەاێتەوە بۆ هەڵگری ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئایدیۆلۆژیا و ئەندامی ئەم یان خێزان و بنەماڵە و هەواداری ئەم یان ئەو حیزبی سیاسیی. بەڵام ئەوەی لە دونیای ئێمەدا غائیبە، بە پلەی یەکەمیش لەناو کایەی سیسیی و حوکمرانیدا، واتە لەناو چالاکییەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتییدا، ئەو دیدگا و تێڕوانینەیە بۆ ئەخلاق کە باسمکرد.  ئەخلاق وەک ژێرخانی رێکخستنی جیاوازییەکان و بینینی هەردوو دیوەکەی ئارەزوەکانی مرۆڤبوون: ئارەزووی سەربەخۆبوون و ئارەزووی ئینتیماکردن. 

لەم دیدگایەدا ئەخلاق لە چۆنیەتی داپۆشینی لەشی ژن و چۆنیەتی دەرکەوتنیدا لەناو ژیانی گشتیدا بەرجەستە نییە، یان لە رىش هێشتنەوە و قات و بۆیمباخ لەبەرکردن، تەنانەت لە دزی نەکردن و دەستدرێژی نەکردنە سەر کەسانی تر. ئەخلاق لێرەدا هێز و پێدراوێکی ناوەکییە وادەکات مرۆڤ لە قووڵاییەکانی خۆیدا هەم نرخی خۆی بزانێت و هەم نرخی کەسەکانی تر، هەم نرخی ژیانی پێکەوەیی و هاوبەش. ئەخلاق وەک هێز یان سەرزەمینێک کە چاکەکاریی و هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کەسانیتری لەخۆنەچووی، تیادا دروستببێت. وەک سەرچاوەی دروستکردنی تاکەکەسێکی بە وەفا بۆ خۆی و بۆ دەوروبەرەکەی و بۆ مرۆڤەکانی تر. ئەخلاق لێردا هەرچییەک بێت ئەخلاقیی گوێڕایەڵیی و ئیتاعەتکردن نییە، ئەخلاقێکیش نییە لەسەر بنەمای ئەمر و نەهیی و ترساندن و هەڕەشەکردن بە سزادان دروستبووبێت. ئەم جۆرە تێگەیشتنانە بۆ ئەخلاق جگە لە دروستکردنی کەسانێک بە دەرونێکی تەواو شێواو و بیمار و ئازادیی نەناس، یان دابڕاو لە ئازادیی، هیچی تری لێ سەوز نابێت. 

ئەخلاق شتێکە لەناوەوەی مرۆڤ خۆیدا دروستدەبێت، لە توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی و توانای خۆشویستنی ژیان و خۆشویستنی کەسانیترەوە سەرچاوەدەگرێت. لەم دیدگایەدا ئەخلاق گرنگترین بەرهەمی عەقڵە، بەرهەمی مرۆڤ وەک بوونەوەرەکی خاوەن عەقڵە، کە لە ڕێگای ئەو عەقڵەوە ویژدانێکی ئینسانیی کراوە و هاریکار دروستدەکات. ئەخلاق لێرەدا پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەوی بە پێداویستییە مرۆییە سەرەکییەکانەوە هەیە، پێداویستی مرۆڤ بە سەربەخۆیی، بە ئینتیما، بە چالاکبوون، بە دانپیانان، بە خۆشەویستی، هتد... لەناو سیستم و ژینگەیەکی ئەخلاقیی لەو بابەتەدا بەختەوەریی ڕاستەقینە لە چێژ و دەسەڵاتەوە نایەت، بەڵکو لە کردە و توانای خۆدروستکردن و خۆداهێنانێکی سەربەخۆ و بەرپرسیارەوە دێت. 
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات نیانە، بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەلاتی دینیی، تا ڕادەیکیش دەسەڵاتی رۆشنبیریش، ئەم دیدگا ئەخلاقییە کراوەیەیە. ئەخلاقی راستەقینە لە دونیای ئێمەدا ئەخلاقی دەرەوەی ئەو سێ شێوازە سەرەکییەی دەسەڵاتە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand