کورد و دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە و خەباتی چەکداریی
.jpg)
2025-05-23 20:55:51
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
(بەشی چوارهەم)
تەمەنی مەسەلەی کورد لە ناو دەوڵەتی تورکیا لە باکوردا، بۆ ساڵانی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەت لە تورکیادا دەگەڕێتەوە. بوون بە کەمینیەکی ئەتنی لەناو دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەریی مۆدێرنی توندوتیژ و توێنەرەوەدا، ژێرخانی دروستبوونی ئەم مەسەلەیەیە لە باکوردا.
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥دا سەرەتای بەرگریکردنی کوردە لە کوردبوونی خۆی و لەو مافانەش کە بە پێداگرتن لەسەر شوناسی کوردبوونەوە، گرێدراون. بێگومان لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، ئەرستۆکراتە کوردەکانی ناو ئیمارەتە کوردییەکان، سەرکردایەتی جۆرێک لە بەرگرییان کردوە کە سەر بە قۆناغی بەر لە دایکبوونی ناسیۆنالیزم و گرێدانی کوردبوونە بە خواست و مافی سیاسییەوە.
لە بەرگریی و یاخیبوونەکانی ساڵانی بیستی سەدەی بیستەمدا پیاوانی دین و شێخانی تەریقەت سەرکردایەتیی ئەو بەرگریکردنانە دەگرنەدەست. لە ساڵانی سیدا، تێکەڵبوونی هەوڵی رۆشنبیرانی کورد، بە تایبەتی ئەوانەی لە ئەستەنبول دەژیان، بە هەوڵی نەوەکانی شێخ و ئەرستۆکراتەکان، رۆلی سەرکردایەتیکردن و ئاراستەکردنی یاخیبوونەکان دەبینن. هەموو ئەو هەوڵانەش بە ڕژانی خوێنێکی زۆر و بە کوشتاری گەورە لەلایەن دەوڵەتەوە وەلامدەدرێنەوە، بە دەیان هەزار کەس دەکوژرێن و دەگیرێن و بەسەدان هەزاریش بە نیازی توندنەوەیان لە زەوی و ژینگەی خۆیان هەلدەکندرێن و بەزۆر راگوێزی شونێنانی تر دەکرێن. سیاسەتی و تواندنەوە و نکوڵیکردن لە بوونی کورد و گرتن و کوشتن و بێماڵکردنی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی کوردستان بەشێوەیەکی سیستماتیکی دەبێتە کاردانەوەی سەرەکیی دەوڵەتی تازە دروستبووی تورکیا بەرامبەر بە کورد. ئەم فشار و چەوساندنەوە هەمەلایەن و سەختە، لە کۆتایی سییەکانەوە تا سەرەتای ساڵنی شەست جۆرێک لە بێدەنگبوون و تەسلیمبوونی ڕێژەیی بە فشارەکانی دەوڵەت و بە سیاسەتی تواندنەوە و نکوڵیکردن لە بوونی کورد، دروستدەکات. لێرە و لەوێ ئەم یان ئەو نووسەر، شتێک لە بەرگریی شەخسیی نیشانئەدەن، لەناویاندا بۆ نموونە موسا عەنتەر، بەڵام شتێک بەناوی بەرگرییەکی رێکخراو و سیستماتیکەوە بوونی نامێنێت.
لە ساڵانی شەستەوە، بە تایبەتی لەناو ریزەکانی چەپی تورکیدا، مەسەلەی کورد جارێکی دیکە زیندوودەبێتەوە، بەڵام نەک وەک مەسەلەی بوونی میلەت و ئەتنییەکی جیاواز کە لەسەر ئەو بنەمایە خوازیاری مافی ئەتنیی و نەتەوەییە، بەڵکو وەک مەسەلەی دواکەوتن و پشتگوێخستنی ئابوریی بەئەنقەستی ناوچە کوردییەکان، کە پێشخستنیان لە رووی ئابورییەوە چارەسەری مەسەلەکەیان، دەکات. بە مانەیەکی دیکە چەپی تورکی مەسەلەی کورد مەسەلەی میلەتێکی جیاواز نابینێت و مامەڵەناکات، بەڵکو وەکو کێشەی پشتگوێخستن و دواکەوتنی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی ناوچە کوردییەکان وێنایدەکات.
ئەوەی لەم قۆناغەدا دەگۆڕێت گۆرانی بکەرە سیاسییە بەرگریکارەکانە. لە ساڵانی شەستەوە سەرکردایەتیکردنی بەرگریکردنی کورد بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکی دەکەوێتە دەستی هێزە چەپە شارییەکان. لە ساڵانی هەفتادا خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تورکیادا هێدی هێدی دێنەپێشەوە و لە دوا دەرەنجامدا لە چەپە تورکەکان جیادەبنەوە. ئەم خوێندکارانە زیاتر پێ لەسەر شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیی سەربەخۆی خۆیان دادەگرن و کوردساتان وەک خاکێکی داگیرکراو، نەک وەک بەشێک لە تورکیا، وێنادەکەن. لەگەڵ لەدایکبوونی تێزی «داگیرکردنی کوردستان» و مامەڵەکردنی کوردستاندا وەک دۆخی کۆلۆنیالکردنی خاکی میلەتێکی جیاواز، خواستە سیاسییەکانی ئەم نەوە تازەیە، لە داواکردنی ھاوڵاتیبوونی یەکسانەوە لەناو تورکیادا دەگوازرێتەوە بۆ مەسەلەی ”ڕزگاری نیشتیمانی“ و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەم خۆجیاکردنەوەیەی چەپە کوردەکان، لە چەپی تورکیی و خۆرێکخستنیان لە ئۆرگانی سەربەخۆدا، ئەو کارەیە کە پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨دا بە کردەوە ئەنجامیئەدات. لەگەڵ دروستبوونی پەکەکەدا سەرکردایەتی خەباتکردن بۆ مەسەلەی کورد دەگوازرێتەوە بۆ قوتابیان و دەرچوانی زانکۆ، کە زۆرینەیان لە خێزانە ھەژارەکانەوە هاتوون.
لە ساڵی ١٩٨٤ ەوە پەکەکە بڕیاری خەباتی چەکداریی لە باکوردا دەدات و ئەم جۆرە خەباتە دەبێتە ئامرازی ژمارەیەک و ژمارە و دوو ژمارە سێی بەرگریکردن لە تێزی کوردستان وەک نیشتیمان و خاکێکی داگیرکراو. وێناکردنی کوردستان خۆیشی، بە هەر چوار پارچەکەیەوە وەک یەک نیشتیمانی کۆلۆنیاڵکراو کە پێویستە لە دەوڵەتێکی دیموکرات و سۆسیالیستی یەکگرتو و سەربەخۆدا یەکبگرێتەوە، دەبێتە وێناکردنی سەرەکیی. مانیڤێستی پەکەکە کە ئاپۆ لە ساڵی ١٩٧٨ دەینووسێت باسی ڕزگارکردنی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی سەربەخۆ لە کوردستاندا دەکات بە یەکگرتنەوەی ھەموو پارچەکانەوە لەگەڵ یەکدا. خەباتی چەکداریش ئامرازی سەرەکی ئەم پرۆژەیە.
ساڵانی نەوەدیش، ساڵانی دوای کۆتاییهتانی جەنگی سارد و هاتنەکایەی نەزمێکی جیهانی جیاوازە، ساڵانی دروستبوونی چەند گۆڕانکارییەکی گرنگیشە لەناو ستراتیژیەتی کارکردنی پەکەکەدا. دەکرێت لەم ساڵانەدا قسە لە هاتنەکایەی چوار ستراتیژی نوێ بکەین:
یەکەم: دروستکردنی پارتی سیاسیی کوردیی فەرمی لەناو تورکیا خۆیدا و بەشداریکردنی ئەم پارتانە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تورکیادا. واتە کرانەوەیەکی رێژەیی کایەی سیاسیی لە تورکیادا، تا ئەو شوێنەی بکرێت پارتی کوردیی یان زۆر نزیک لە کوردەوە دروستبکرێت.
دووھەم: خۆ ڕێکخستن لەناو کوردانی ئەوروپادا و کارکردنی بەردەوام بۆ چالاککردنی کۆچبەرانی کورد لە شارە گەورەکانی ئەوروپادا.
سێھەم: پەنابردنی زیاتر و شێلگیرانەتر بۆ بەکارهێنانی میدیای جەماوەریی، ماس میدیا، کە لە دروستکردنی مێد تی ڤی لە ساڵی ١٩٩٥دا یەکەمین دەرکەوتی جدیی دەردەکەوێت. دواتر ئەم دۆخە گەشەی زیاتر و زیاتر دەکات.
چوارھەم: پەنابردن بۆ دانوسان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا.
ئەم دۆخە تازەیە و هاتنەکایەی ئەم ئەگەرە تازانەی خەباتکردن وا لە پەکەکە دەکەن لە ساڵانی نەوەدەوە چەندانجار یەک لایەنە بڕیاری ئاگربەست بدات. پەکەکە لەم ساڵانەدا بەشێوەیەکی یەکلایەنە شەڕ رادەگرێت: ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ٢٠٠٤، ٢٠٠٩.
گۆڕانێکی تری ساڵانی نەوەد لەوەدایە کە پەکەکە واز لە تێزی داگیرکردنی کوردستان و دروستکردنی دەولەتێکی سەربەخۆ لە هەر ٤ پارچەکەدا دەهێنێت و لەباتی ئەوە داوای چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لەناو تورکیا خۆیدا دەکات.
ساڵانی نەوەدا هاوکات ساڵانی گۆرانی گەورەیە لە شوێنی خەباتکردندا. لەپاڵ خەباتی چەکداریی لە شاخەکانی کوردستاندا، هاوکات گرنگیدان بە خەبات لەناو شارە کوردەیەکان و شارە تورکییەکاندا دێتەکایەوە. بەھۆی ڕاگواستنەوەی ژمارەیەکی گەورە لە خەلکی کوردستانەوە بۆ شارە تورکییەکان، لەوانەش بۆ نموونە بۆ ئەستەنبوڵ، ئەم ئەگەرە بەهێز و گورێکی گەورەوە، دێتەکایەوە. ئەمە جگە لە شارەکانی ئەوروپاش، بە ھۆی ئامادەگیی ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپادا.
هەموو ئەمانە وادەکەن «مەسەلەی کورد» لە هەموو ئاستەکانیدا لە هەرکاتێک زیندووتر و ئامادەتربێت، بەڵام سەرجەمی ئەو کێشانەش هەر ئامادەبن کە ژێرخانی دروستبوونی «مەسەلەی کوردن» لە سەدەی بیستەمدا. بۆ نموونە، تا ئەم ساتەش ناوچە جیاوازەکانی باکور لەڕووی ئابورییەوە دواکوتو و پشتگوێخراون. ناوچە کوردییەکان زۆنێکی گەورەی شەڕ و پێکدادانی خوێناوین و رووبەرێکی گەورەی ئەو ناوچانە تەواو میلیتاریزە کراون و لەهەندێک رووەوە سەربازگەیەکی گەورەن. ئەوەی لە ئێستادا هەیە و ڕووئەدات درێژکراوەی هەمان ئەو ستراتیژییە سەربازییانەی مامەڵەکردنی مەسەلەی کوردە کە لە ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتاوە لەئارادایە، بەڵام بە تونایەکی گەورەتری تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردنەوە. هاوکات لە ساڵانی نەوەدەوە تا ئەمڕۆ ھەزاران گوندی ناوچە کوردییەکان ڕوخێنراون و زیاد لە ٢ ملیۆن کەسیش ناچار بە ڕاگواستنی بەزۆر، کراون. لە دوای ساڵی ٢٠١١ەشەوە ژمارەیەکی زۆری پەناھەندەی سوریا، کە زۆربەی هەرەزۆریان عەرەبی سونەن، براونەتە ناوچە کوردییەکانەوە و لەوێدا نیشتەجێکراون.
دواهەمین رووداوێکی گرنگ لە ساڵانی نەوەدا ڕووبدات فڕاندن و گرتنی ئۆچ ئالانە لە ساڵی ١٩٩دا. سەرەتا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەکرێت بەڵام لەژێر فشاری ئەوروپادا ئەو سزایە بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی، دەگۆڕێت. گیرانی ئۆچ ئالان سەرەتای دروستبوونی قۆناغێکی تازەیە کە بە گۆاڕنی ئایدیۆلۆژی ئۆچ ئالان خۆی دەستپێدەکات و لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دەگات.
لەدوای دەستگیرکردنییەوە لە ساڵی ١٩٩دا ئۆچ ئالان لە زینداندا دیدگایەکی دژە دەوڵەت و دژە مۆدێرنیەتەی کاپیتالیستی و دژە دیموکراسیەتی نوێنەرایەتیی گەشە پێئەدات و لە شوێنی ئەوانەدا داوای رزگارکردنی جیهان لە کاپیتالیزم و لە سیستمی دەوڵەت نەتەوە و لە لیبرالیزمی سیاسیی دەکات. دروستکردنی شارستانیەتێکی تەواو تازەو جۆرێکی تەواو جیاواز لە مۆدێرنبوون، وەک جارەسەر نمایش دەکات. لەمەشدا ئەو تەنها بە دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتیی رازینابێت، بەڵکو داوای کۆنفیدرالیەتی دیموکراسیی دەکات.
سادەترین ڕەخنەیەک بکرێت لەم دیدگا تازانەی ئۆچ ئالان بگیرێت ئەوەیە کە پەیوەندییان بە «مەسەلەی کورد» و «توانا ناوەکیی و دەرەکییەکانی» کۆمەڵگا و خەڵکی کوردستانەوە نییە. دامەزرادندنی «مۆدێرنەیەکی تازەی بێ کاپیتالیزم»، ئەرکێک نییە میلەتێکی بچووک و لاواز ئەنجامی بدات یەک سەدەیە نکوڵی لە بوونی دەکرێت. شەری کاپیتالیزم نە بە کورد دەکرێت و نە لە گوند و شارە تەریک و دواکەوتوەکانی کوردستانەوە ئەنجامئەدرێت. «مۆدێرنەی ناکاپیتالیسیتی» پرۆژەیەک نییە لە توانای میلەتی ئێمەدا بێت و ئەرکێکیش نییە بە خەڵکی کوردستان بسپێردرێت. کۆتاییهێنانیش بە «دەوڵەتی نەتەوە» و دۆزینەی ئەلتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت نەتەوە، دیسانەوە کاری میلەتێک نییە سادەترن مافی نەتەوەیی و نیشتیمانی لێ زەوتکراوە، لەناویاندا بۆ نموونە تەنانەت مافی ناوانانی منداڵەکەت بەو ناوەی کە خۆت دەتەوێت، هتد...
لەسەردەمی هاتنەسەرحوکمی ئەردۆغان و ئاکاپەوە، بە تایبەتی لەنێوان سالانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٥دا، کۆمەڵێک گۆرانکاریی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە، هاتوونەتە کایەوە، کە قابیلی لەسەر راوەستاندن و باسکردنن. لە بەشی داهاتووی ئەم باسەدا لەسەر ئەم بابەتە دەوەستم.
بۆ ئێستا دەکرێت جارێکی دیکە ئەو خاڵە وەبیربهێنینەوە کە مەسەلەی کورد لە تورکیادا لە ساڵانی نەوەدەوە لەناو دوو کەلەپوردا کاردەکات. یەکەمیان، کەلەپوری خەباتی چەکدارییە. دووهەمیان، کەلەپوری خەباتی پەرلەمانی و مەدەنییە. پەکەکە لەچەند هەفتەی رابردوودا یەکەمیانی وەستاندوە و بەتەواوەتی رووی لە دووهەمیانە. ئەمەش ئەگەری گۆرینی باکوری لە زۆنی شەڕەوە بۆ زۆنی ئاشتی تێدایە. لەبەشی داهاتوو و کۆتاییدا، لەسەر ئەم مەسەلەیەش دەوەستم.
