لەبارەی دەروێشەوە

Draw Media

2020-07-09 19:48:31



زریان رۆژهەڵاتی

گرێدانی رەهای رۆحی بە شێخ، جۆرێکی کولتووری خێڵ- کۆچەرییە کە ئاوێتەی دین کراوە. لای خێڵە کۆچەرەکانی ئاسیای ناوەڕاست، گوتەیەکی کۆن هەیە کە دەڵێت لەئاسمان یەک هەتاو، لە عەرزیش یەک ئەفەندی! کۆچەر پێویستی بە رابەرێک هەیە تا بۆ ژیان و مانەوە رێی پیشانبدات. کاتێ ئەوەی نامێنێت کۆستێکی گەورە دەکەوێ، بەرچاوی هەموو ئەندامانی خێڵ رەش دەبێت و ئەبێ بە پەلە سەرۆکی نوێ جێی بگرێتەوە. بۆیە هەر لە زووەوە دیاریکراوە کە کێ شوێنی دەگرێتەوە تا بۆشایی درووست نەبێت. ئەندامانی خێڵیش گرێدانی موتڵەقیان دەبێ بۆ ئەو رابەرە جا چ شێخ بێ یان خان و ئاغا. ئەمە بە دین توندوتۆڵتر کراوە و تا رۆژی ئەمڕۆش درێژەی پێدراوە. ئەم کولتوورە زیاتر زارەکییە و متمانەی تەواوی تیایە. بۆیە بە قسەی یەکێک بە ئاسانی خۆی تەیار دەکات و بێ گوێدانە کۆرۆنا و هەر بەربەستێکی دیکە، مردن بەگیان دەکرێ و سەری رێگا دەگرێت. ئەو قسەیەی کە زۆرجار دەیبیستین و دەڵێ؛ قسە قسەی پیاوە، لەوێوە دێت. لەکاتی یەکجێنشینی و گەشەکردنی شاردا کە لە جیاتی تاڵانی، ئاژەڵداریی کۆچەری و...، تاکەکان دەبنە خاوەنی مڵک و ماڵ، ئەمە و جۆری پابەندییەکانیش دەگۆڕێن. مەرجی مانەوە ئیتر سەرۆکی خێڵ نییە، بەڵکوو بڕی ئەو موڵک و ماڵەیە کە تاک هەیەتی. متمانەش کەم دەبێ و لە جیاتی قسەی پیاو، بەربەرە نووسین و قسەی یاسا پەیدا دەبێت. لە جیاتی گرێدانی رەهاش بە سەرکردە، وردە وردە گرێدانی خاک- نیشتمان درووستدەبێت! هەڵبەت وادیارە لای ئێمە هێشتا زۆری ماوە...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand