راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دادگای فیدراڵی عێراق وەكو دواین وێستگە، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری پەسەندكرد. بەپێی دەستور دەبێت دوای 15 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگاوە، پەرلەمانی نوێ یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەت. هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەكانی پەسەندنەكردبوو، لە میدیاكانی عێراق دەنگۆی پێكهێنانی كوتلەیەكی گەورە لەنێوان (ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و (هاوپەیمانی فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانێتی (النصر- سەركەوتن)، بڵاوبوەوە. بەپێی ئەم هەواڵانە بێت، هاوپەیمانی (سائرون) كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت دوورخراوەتەوە. بەڵام مەحمود روبەیعی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: خوازیارین حكومەتێكی بەهێز لەنێوان (فەتح و سائرون و هێزە نیشتمانییەكانی تر) كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن، پێكبهێنرێت، هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی پێكهێنانی كوتلەی گەورەوە باسدەكرێن، راست نین. النصر: عەبادی تاكە كاندیدە لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانی (النصر) رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و حەیدەر عەبادی تاكە كاندیدە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو. حسێن عادلی وتەبێژی هاوپەیمانی (النصر) لە بەیاننامەیەكدا وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هەواڵانەی كە باسلەوە دەكەن بەشێك لەلایەكانی هاوپەیمانێتی (النصر) چونەتە پاڵ نوری مالیكی، وتی: كوتلەی النصر بەهێز و یەكگرتووە لە سیاسەتەكانیدا و هەموان هاوڕان لەسەر كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی دەبن بەپێی دەستوری عێراق ئەو لایەنەی كە دەتوانێت لەدوای هەڵبژاردن دەنگی (50+1) ی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوە، دەتوانێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار دەنگی (165) پەرلەمانتار كۆبكاتەوە. ساڵی 2010 دادگای فیدراڵی روونكردنەوەیەكی لەبارەی "كوتلەی زۆرینە" بڵاوكردەوە و یەكلای كردەوە، مەرج نییە ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنی بردوەتەوە، ئەو حكومەت پێكبهێنێت، هەر لایەنێك بتوانێت لەناو پەرلەمان گەورەترین كوتلەی پێكبهێنێت، مافی پێكهێنانی حكومەتی پێدەدرێت. لەبەر رۆشنایی ئەم روونكردنەوەیەی دادگا، ساڵی 2010 نوری مالیكی كودەتایەكی یاسایی بەسەر ئەیاد عەلاویدا كرد و چانسی پێكهێنانی حكومەتی لە عەلاوی وەرگرتنەوە، سەرباری ئەوەی عەلاوی سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن مالیكی جارێكی تر ئەو سیناریۆیە دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری عەلاوی، كودەتا بەسەر موقتەدا سەدری سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمدا بكات. محەمەد موسەوی ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكدا بۆ (سۆمەریەنیوز) ئاشكرایكرد، نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و كوتلەكە زۆرینەی لایەنەكان لەخۆدەگرێت و كوتلەكە (200) پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا هەیە. بەپێی قسەی موسەوی، كوتلەكە هەریەكە لە ( ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان) لەخۆدەگرێت. بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، هەر لەناو ئەو كوتلەیەدا كە مالیكی دەیەوێت پێكیبهێنێت، (32) پەرلەمانتاری ئیئتیلافی النصری حەیدەر عەبادی هەن كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربوون لەگەڵ (34) ئەندامی ئیئتیلافی میحوەری نیشتمانی. كۆبونەوەی وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی 25-5-2018 نەوەی نوێ لەگەڵ سەدر دەڕوات لەلایەكی ترەوە كەناڵی (NRT) سەربە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەواڵێكدا ئاشكرایكرد، نەوەی نوێ بەشدار دەبێت لە دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراقدا. كەناڵەكە رایگەیاند، كوتلەكە پێكدێت لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لیستی النصر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنیە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی. بڕیارە ئەمڕۆ ئەو لایەنانە لە بەغداد كۆبونەوەیەك بكەن، ئەمەش دەریدەخات لەپاڵ هەوڵەكانی نوری مالیكیدا، موقتەدا سەدریش هەوڵی پێكهێنانی كوتلەی گەورەی خستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاندووە، كوتلەكە 134 كورسی پەرلەمانی هەیە، واتە هێشتا ئەم لایەنانە (31) كورسی تریان پێویستە بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە دروست بكەن. كۆبونەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ لەگەڵ موقتەدا سەدر 22-5-2018 مەكگۆرك و قاسم سلێمانی لە عێراق هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" جموجوڵە سیاسییەكانی لە عێراق چڕكردوەتەوە. مەكگۆرك ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا كۆبوەوە، بەپێی هەواڵێك كە نوسینگەی مالیكی بڵاویكردوەتەوە، لە دیدارەكەدا مالیكی بە مەكگۆركی وتووە: هێزە نیشتمانییەكان نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان. هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد بەشداربووە، مالیكی ئاماژەی بەوەكردووە" هێشتا پرۆژەی زۆرینەی سیاسی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی عێراق". دوێنێش مەكگۆرك لەگەڵ هەریەكە لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە و عەبدولحسێن موسەوی سەرۆكی حزبی فەزیلەی ئیسلامی كۆبوەوە. هاوكات لەگەڵ جوڵە سیاسییەكانی برێت مەكگۆرك لە عێراق، میدیاكانی ئێران ژمارەیەك وێنەی قاسم سلێمانی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانیان بڵاوكردەوە كە سەردانی مەزارگەی ئیمامی عەلی كردووە لە شاری نەجەف. قاسمی سلێمانی یەكێكە لەو كەسانەی كە رۆڵ و جێدەستی لە نەخشەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا دەبێت، هاوشێوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا. سوننەكان لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە سەلاحەدین لەگەڵ وەفدێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كۆبوەوە. بەپێی هەواڵێك كە لە سایتی مەسعود بارزانی بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كراوە و جەخت كراوە لەسەر "رێگریكردن لە تاكڕەوی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا"
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە هەموو مشتومڕێك هێنا و بە بڕیارێك ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەندكرد كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو. دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەنگاوە دەستورییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەستپێدەكات بەمشێوەیەی خوارەوە: - دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەنددەكات. - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە. - پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن. - پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. - سەرۆك كۆماری نوێ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، گەورەترین كوتلەی پەرلەمان، ئەو كوتلەیە نییە كە زۆرینەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێناوە، بەڵكو بە گوێرەی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیە كە ( 50+1)ی كورسییەكانی پەرلەمانی هەیە كە دەكاتە 165 پەرلەمانتار. - سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی. - پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەندبكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت. - ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.
(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەندكرد كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو. ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا وتی:" دادگای باڵای فیدراڵی بەیانی ئەمڕۆ 19ی ئاب بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی كۆبووەوە بۆ تێڕوانینی داواكاری پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد". ساموك وتیشی:" دادگا وردبینی ئەو ناوانەی كرد كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بە نوسراوێكی رۆژی 16ی ئاب پێشكەشیكردووە و دوای وردبینی و لێكۆڵینەوە و پەڵپ لەسەر هەندێكیان، دادگای فیدراڵی دوانیوەڕۆی ئەملاِۆ بڕیاری خۆی بۆ پەسەندكردنی ناوەكان دەركرد و بڕیارەكەش بە كۆی دەنگ دراوە". پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە كۆتایی بە مشتومڕی لایەنەكان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی دەهێنێت و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی بەدوادا دێت.
(درەو میدیا): شارەزایەكی كاروباری توركیا دەڵێت توركیا دوو قەیرانی جیاوازی هەیە و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیاش بەرەو كۆتایی دەچێت. ستیڤ كوك، شارەزا لە كاروباری توركیا لە میانی بەشداریكردنیدا لە بەرنامەی " GPS" ی كەناڵی " CNN" وتی:" لە ژمارەیەكی زۆر پرس و دۆسییەدا دەردەكەوێت كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا لەسەر لێواری كۆتاییدان، هەردوو دەوڵەت بەرژەوەندیی ستراتیژی جیاوازی و ئامانجی لە پێشینەی جیاوازیان هەیە، توركەكان پەرەیان بە پەیوەندییەكانیانداوەلەگەڵ روسیا و ئەو شەڕەیان ئاڵۆزكرد كە واشنتۆن دژی رێكخراوی داعش لە سوریا بەرپایكردووە، هەروەها لە راستیشدا هاوكاریی ئێرانیان كردووە لە خۆبەدوورگرتن لەو سزایانەی كە بە ئامانجی وەستاندنی هەوڵەكانی ئێران بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی سەپێندراون". كوك وتیشی:" ئێستا لە توركیا دوو قەیرانی جیاواز هەیە، قەیرانی لیرە و دۆخی خراپی ئابوری كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ قەیرانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ هەلی دایە سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆئەوەی لۆمەی ئەمریكا بكات و بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەی بخاتە سەرشان كە ئابوری توركیا پێیدا تێدەپەڕێت.
(درەو میدیا): كارین كنایسڵ ، وەزیری دەرەوەی نەمسا هاوسەرگیرییكرد و بەهۆی بانگهێشتكردنی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیاوە بۆ ئاهەنگەكەی رووبەڕووی رەخنە بووەوە. لە ئاهەنگی هاوسەرگیری وەزیری دەرەوەی نەمسادا كە رۆژی شەممە 19ی ئاب لە هەرێمی ستیریای نەمسا بەڕێوەچوو، پوتن ئامادەبوو، پاش پێشكەشكردنی دیاریی، لەگەڵ بوكەخان " وەزیری دەرەوەی نەمسا" سەمای كرد. ئەم هەنگاوەی وەزیری دەرەوەی نەمسای رووبەڕووی رەخنە كردەوە و سیاسییە نەیارەكانی كنایسڵ تۆمەتباریان كرد بە كاركردن دژی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا. پوتن لە رێگایدا بەرەو ئەڵمانیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ، لە نەمسا وچانێكی دا و بەشداری ئاهەنگی هاوسەرگیری وەزیری دەرەوەی نەمسای كرد. كارین كنایسڵ " 53 ساڵ" لەگەڵ سەرمایەدارێك بەناوی " ڤۆڵڤگانك میلینگەر" هاوسەرگیری كرد و ئاهەنگەكەشیان لە شارۆچكەی " گاملیتس"ی بچوكی نزیك سنوری سلۆڤینیا بەڕێوەچوو. پوتن بە چەپێك گوڵ و بە هاوڕێتی دوو گۆرانیبێژی قۆقازی خۆی كرد بە ئاهەنگەكەی وەزیری دەرەوەی نەمسادا و گۆرانیبێژەكانیش چەند گۆرانییەكیان پێشكەشی میوانەكان كرد. میدیاكانی روسیاش لەسەر زاری دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێی پوتنەوە رایانگەیاند سەرۆكی روسیا، سەماوەرێكی چالێنان و عەساریەكی رۆن دروستكردنی كۆن و تابلۆیەكی بە دیاری پێشكەشی وەزیری دەرەوەی نەمسا كردووە كە ژیانی گوندنیشینەكان نیشاندەدات. پیسكۆڤ راشیگەیاند پوتن لە ئاهەنگەكەدا بە ئەڵمانیی وتارێكی پێشكەشكردووە و لەسەر شەرەفی بوكەخان و كاكی زاواش پێكێك شەرابی نۆشیوە. كارین كنایسڵ كە كەسایەتییەكی ئەكادیمی سەربەخۆیە، لەلایەن پارتی ئازادی راستڕەوی توندڕەوەوە كە هاوبەشە لە حكومەتی ئیئتیلافی وڵاتدا وەك وەزیری دەرەوە دیاریكراوە. ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە بانگهێشتكردنی پوتن بۆ ئەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییە لە نێو میدیاكانی نەمسادا مشتومڕی دروستكردووە و ئەندامانی پارتی سەوزی نەمسا لەوانە بوون كە رەخنەیان لەو هەنگاوەی وەزیری دەرەوە گرت و داوایان لێكرد دەستلەكاربكێشێتەوە. هەندێك كەسایەتی سیاسیش سكاڵایان لەو خەرجییە هەبوو كە بەهۆی سەردانەكەی پوتن و گرتنبەری رێوشوێنی ئەمنیی توندەوە لەسەر شانی هاوڵاتیانی نەمسا دەكەوێت كە باج بە حكومەت دەدەن. دوای بەشداری لە ئاهەنگەكەی وەزیری دەرەوەی نەمسا، سەرۆكی روسیا گەیشتە بەرلینی پایتەخی ئەڵمانیا و لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد.ز سەردانەكەی پوتن بۆ ئەڵمانیا لە كاتێكدایە بەرلین لەلایەن ئەمریكاوە گوشاری زۆری خراوەتەسەر بۆئەوەی پرۆسەی راكێشانی بۆری غاز " نۆرد ستریم 2" رابگرێت كە غاز لە روسیا بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە. سەرچاوە: بی بی سی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 24ی نیسان/ ئەپرێلی رابردوو، هێلیكۆپتەرەكەی سوپاسالاری توركیا ژەنەراڵ خوڵوسی ئاكار لە باخچەی ماڵەكەی عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا نیشتەوە، دوای چوار رۆژ، گویل رایگەیاند كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید ناكات، دوای ئەوەی چەند راپۆرتێك باسیان لە نیازی گویل كرد بۆئەوەی ركابەرێتی ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا. گویل، كە سەردانەكەی ژەنەراڵ خوڵوسی ئاكاری پشتڕاستكردەوە و وتی هیچ هەڕەشەیەكی پێ نەبووە تا لە خۆكاندیدكردن پەشیمانی بكاتەوە، بەڵام رەتیكردەوە وردەكاریی سەردانەكە ئاشكرابكات. سەرەڕای ئەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا دڵنیایە لەوەی كە ئاكار هەڕەشەی لە گویل كردووە بۆئەوەی لە خۆكاندیدكردنی پاشگەزببێتەوە. واقیعەكە ئاماژەبەوەدەدات كە ئەردۆغان ناخوازێت هیچ ركابەرێكی هەبێت، بە تایبەتی هاوبەشە دێرینەكەی لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان، كە ناچاربوو دەستلەكاربكێشێتەوە، كاتێك لەلایەن پەرلەمانەوە بە سەرۆكی وڵات هەڵبژێدرا، كە ئەو كات بە گوێرەی دەستور وا پێویست بوو. بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا وتی:" پرۆسەی ئۆپۆزسیۆن بۆ كاندیدكردنی عەبدوڵا گویل شكستیهێنا "، ئەوەش نیشانیدەدات كە ئەرددۆغان نایەوێت لە نێو حزبەكەی و ئەوانەشی لەسەر ئەو ئەژماردەكرێن دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەبێت. سایتی " زە بلاك سی" بە هاوكاریی گۆڤاری " دێرشپیگڵ"ی ئەڵمانیی چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرپرسان و فەرمانبەران و كەسە نزیكەكانی بازنەی بڕیاردان لە توركیا كردوووە و راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، كە چەند لایەنێكی شارەوای پەیوەندی ئەردۆغان بە حزبەكەیەوە ئاشكرادەكات. بە گوێرەی راپۆرتەكەن ئەردۆغان كاریكردووە بۆ پاككردنەوەی حزبەكەی، هەتا رێگەنەدرێت هیچ نەیار و ئۆپۆزسیۆنێك لە ناویدا نەبێت و هیچ كەسێكی تر ئەستێرەی نەدرەوشێتەوە. گوناهێك كە لێخۆشبوون نیە لەوانەیە باشترین نمونەش بۆئەوە، ئەوەبێت كە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوودا هات. ئەردۆغان ، دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی " ئاكەپە"لەدژی چەند ئەندامێكی حزبەكەی، داودئۆغڵۆی بۆ سەرۆكایەتی حزبەكە بردەپێشەوە ، بەڵام دوای دووساڵ لەو هەنگاوە، ئەردۆغان لە سەرۆك وەزیرانەكەی بێزاربوو. دادوئۆغڵو زیاتر لەوەی پێویست بوو دەركەوت و بەرزبووە، باشەی ئەنجامدانی رێككەوتنی كۆچی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ گەڕایەوە، كە بەلای ئەردۆغانەوە گوناهێكە لێخۆشبوونی نیە. لە توركیا وێبلاگێكی نوێ دەركەوت بەناونیشانی " دۆسیەی مراوییەكە" و دەستیكرد بە رەخنەگرتن لە دادوئۆغڵۆ و بە ناپاك " خائین" وەسفیكرد كە لە هێڵی سەرۆك لایداوە. داود ئۆغڵو ئایار/ مایۆی 2016 دەستیلەكاركێشایەوە بەهۆی ناكۆكییەوە لەگەڵ ئەردۆغان، بە گوێرەی چەند راپۆرتێك هۆكارەكەی خواستی ئەردۆغان بوو بۆ هەمواركردنی دەستور و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر لە سەرۆك كۆمار لەسەر حسابی سەرۆك وەزیران. ئەردۆغان كەسێكی متمانەپێكراوی بێ خواست و خەونی لەجێگەی داود ئۆغڵۆ دیاریكرد ، وەزیری گواستنەوە " بن عەلی یەڵدرم" كە تا هەڵبژاردنەكەی 24ی حوەزیرانی رابردوو هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، پۆستەكەی بەڕێوەبرد. لەگەڵ دەستبەكاربوونی یەڵدرم هێز و دەسەڵات لە سەرۆكایەتی وەزیرانەوە گواسترایەوە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی، و ئەردۆغان بە ئاشكرا بڕیاری پەیوەست بە حكومەتی دەردەكرد و دەستەیەكی راوێژكاریی پێكهێنا كە زۆر لە حكومەتی سێبەر دەچوو. ململانێی باڵەكان لە دەرەوە حكومەتی توركیا بە شێوەی یەكگرتوو پەیوەست بە دڵی یەك پیاوەوە دەردەكەوت، بەڵام لە راستیدا وەزیرەكان و راوێژكارەكان كێبركێیان ببوو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرۆك. لە پشتی پەردەوە دوو تیم كەوتنە ململانێی یەكتر: تیمێك كە شێوازی سەددامی لاباشە و لە دەوری زاواكەی سەرۆك، وەزیری وزە بەرات ئەڵبایراق كۆبوونەوە و تیمێكی تر كە زیاتر میانڕەون و كەسانی وەك وتبێژی حزب ئیبراهیم كاڵنی لە خۆگرتووە. ئەردۆغان سیاسەتی زیاتر توندی پەیڕەوكرد و زاواكەشی بەرات ئاڵبایراق بەرەو رێبازی زیاتر توندتر لە دژی ئۆپۆزسیۆن لە ناوەوە و لە دەرەوە رێگەی گرتەبەر. بە گوێرەی راپۆرتەكەی " زە بلاك سی" ئاڵبایراق لە پشتی دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بوو لە رۆژنامەنووسی توركیی – ئەڵمانیی " دەنیز یوجیل". باوەڕی ئاڵبایراق بەوە ی كە ئەردۆغان سەلامترین بژاردەیە لە توركیا بەلای یەكێكی ئەوروپاوە, وایكرد بە بوێرییەكی زیاترەوە رەفتاربكات، بەوتەی راپۆرتەكە. لەبەرئەوە ئاڵبایراق رەخنە لەو كەسانەی ناو حزب دەگرێت كە داوی دانوستان لەگەڵ ئەوروپا دەكەن و بە " بیانیی" وەسفیاندەكات. ململانێی لە ناو " ئاكەپە" دا دەربارەی هەژمون و دەسەڵات بەردەوامە، رۆژنامەی جمهوریەتی توركیی لە نیشان/ ئەپرێلی رابردوو رایگەیاند ئاڵبایراق فەرمانیداوە بە چاودێریكردنی تەلەفۆنەكانی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ كە لەناو ئاكەپەدا ركابەرێكی بەهێزی زاواكەی سەرۆكە. سۆیلۆش بە ئامادەكردنی دۆسیەیەك كە زانیاری لەدژی ئاڵبایراق لەخۆدەگرێت وەڵامی دایەوە، ئەوەش بەەوتەی ئەو سەرچاوانەی كە ئاگاداری ئەوەن. لە كاتێكدا ئەردۆغان هەوڵدەدات لە رێگەی بێدەنگكردنی هەر دەنگێكی نەیار و دژی لە ناو حزبەكەیدا یەكگرتوویی " ئاكەپە" بپارێزێت، كێبركێ و ململانێی جەمسەرەكانی حزبەكەی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرۆك چەندین كێشەی تری لێبكەوێتەوە كە رەنگە ئەردۆغان هیچ حسابێكی بۆ نەكردبێت. سەرچاوە: سایتی " الحوڕە"
(درەو میدیا): سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان پێشبینیدەكەن تا 48 كاتژمێری داهاتوو داددگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەندبكات و پێش كۆتاییهاتنی مانگی ئابیش خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی گرێبدات. بەپێی ئەو بنەما سیاسییەی لەعێراق پیادەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ئیستحقاقی پێكهاتەی سوننەكانە و لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا جموجۆڵێكی زۆر لەناوەوەی عێراق و چەند پایتەختێكی عەرەبی بەتایبەت عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچووە و چەند كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕ لەنێوان هێز و لایەن و كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننەدا گرێدراوە و سێ كاندید ڕكابەرییان كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئایندەی پەرلەمانی عێراق، كە ئەوانیش (ئوسامە نوجێفی و محەمەد ڕێكان حەلبوسی و تەلاڵ زەوبەعی)یە، بەپێی زانیارییەكان دوای كشانەوەی زەوبەعی، ئێستا ململانێكە لەنێوان نوجێفی و حەلبوسیدایە و وەك دەوترێت چانسی دووەمیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەهێزترە. مەرجەكانی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار سەرۆك كۆماری عێراقیش كە پشكی كوردە و لەماوەی سێ خولی ڕابردوو بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكلاببوەوە، پێدەچێت خولی چوارەمیش هەر لای یەكێتی بمێنێتەوە و لای ئەوانیش چەند كاندیدێك ڕكابەری لەسەر دەكەن، كە دوانیان (عەبدوللەتیف ڕەشید و محەمەد سابیر)كە ئاوەڵزاوای كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراقن و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقیش وەك یەكێك لەكاندیدەكان ناوی دەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەی تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە لە كوردستان، بەڕەسمی ڕەزامەندی پیشاننەداوە جارێكی تر ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێتەوە، بەوپێیەی لەڕابردوودا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دابەشكراوە، بەڵام ئێستا ئەو هاوكێشە كۆنە كۆتاییهاتوە و پارتی چاوی لە هاوكێشەیەكی نوێیە كە خۆی لە دوو داواكاری سەرەكیدا دەبینێتەوە، یەكەمیان دەستبەرداربوونی یەكێتی لەتەواوی پۆست وەزارەتەكانی بەغداد لەحكومەتی ئایندە و پارێزگاری كەركوك ، دووەمیشیان، ئەو كەسەی یەكێتی دیاریدەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە پەسەندكراوی پارتی بێت، وەك خۆیان دەڵێن نابێت (لەگروپی 16ی ئۆكتۆبەر بێت)، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" پارتی تێبینی لەسەر هەردوو ئاوەڵزاواكەی تاڵەبانی هەیە و نایەوێت هیچكامیان لە شوێنەكەی تاڵەبانی دانیشتن و فوئاد مەعسومی بەلاوە پەسەندترە بۆ دانیشتن لەسەر ئەو كورسییەی كە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لەسەر دانیشتوە، لەگەڵ ئەوەی لێرەولەوێ ناوی تریش دەهێنرێت وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵام ئەوانەی باسكران دیارترینیانن. شەڕەكە توندەكە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە پۆستی سەرۆك وەزیران هاوشێوەی دوو پۆستە سەرۆكایەتیەكەی تر، لەچوارچێوەی سیستمی "تەوافوق"دا، بۆ پێكهاتەی شیعە یەكلابوەتەوە بەوپێیەی زۆرینەن لە عێراق، بەڵام جیاوازی ئەم پۆستە لەگەڵ دوو پۆستەكەی تردا لەزۆر ڕەوەوە زیاترە، بەوپێیەی بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە و ئەو كەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت دەبێتە بڕیاردەری یەكەمی بێڕكابەر لە عێراق، هەر ئەوەشە لەپشت ئەو ململانێ توندەی لەناوخۆی هێزە شیعەكان لەلایەك و لەدەرەوەی سنورەكانیش لەسەر دیاریكردنی ئەوكەسایەتیە هەیە كە ئەم پۆستە دەگرێتە دەست، ئەمەش بەپێچەوانەی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان كە زیاتر ململانێكان لەناوخۆی ئەو هێزە كورتدەبێتەوە كە پۆستەكەی بەردەكەوێت وەك ئیستحقاقی نەتەوەیی و پێكهاتەیی و هەڵبژاردنیش. بەو پێودانگە، هەردوو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی كۆماری عێراق دەكرێ لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكلاببنەوە، بەڵام پۆستی سەرۆك وەزیران بە تایبەتی لەوڵاتێكی پڕ ململانێی وەك عێراق ، وێڕایی دەستوردانە دەرەكییەكان پێویستی بە نەشتەرگەرییەكی قەیسەرییە كە سەرەتاكەی بە ڕێككەوتنی زۆرینەی لایەنە براوەكان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیدا تێپەڕدەێت، كە دواتر لەگەڵ كورد و سوننە دەیكەنە پاكێجێك بۆ دابەشكاری كۆتایی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا. پارتی و یەكێتی دانوستانەكان دەخەنە دوای جەژن پارتی و یەكێتی سەردانەكەیان بۆ بەغداد كەتایبەتە بەئەنجامدانی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت خستوەتە دوای جەژن و هەوڵی ئەوە دەدەن قەناعەت بەلایەنە ناڕازییەكان بكەن بچنە چوارچێوەیەی وەفدەكەیانەوە. ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی قەتەری، لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسیەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە سەردانەكەیان بۆ بەغداد دوابخەن، كە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە ئەنجامی بدەن، ڕونیشیكردوەتەوە، ئەم دواخستنە لەپێناو كردنەوەی دەرگای دیالۆگە لەگەڵ پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەوڵدان بۆ ڕازیكردنیان تابەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن. دەربارەی هەنگاوی یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ پارتی، رەشنووسێكی 27 خاڵییان ئامادە كردووە. پیرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاندوووە لەگەڵ پارتی رەشنووسێكی27 خاڵییان ئامادە كردووە و بەسەر چوار بەشدا دابەشبووە، ئێمە ئەو رەشنووسەمان ئامادەكردووە و چوار لایەنەكەی كوردستانیش دەتوانن خاڵی دیكە بۆ رەشنووسەكە زیاد بكەن. بەگوێرەی سەرچاوەكە، چونە ناوەوەی گفتوگۆكان بەوەفدێكی كوردی یەكگرتوو توانایەكی گەورەی دەداتێ بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سیاسی لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، تەئكیدیشیكردووە، هیچ ناكۆكییەك لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نیە و لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی پێشوەخت كراون. ڕەوتی حیكمە باس لە سوپرایزی سیاسی دەكات عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە بوونی لێكگەیشتن لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئاشكراكردوە و ڕونیشیكردوەتەوە، گفتوگۆكانیان لەگەڵ سائرون و نەسر و وەتەنیە بوەتە هەماهەنگییەكی بنچینەیی. زەیدی ڕاشیگەیاندووە، پێشتر هاوپەیمانی لەنێوان حیكمە و سائیرون و نەسر و وەتەنیەدا هەبووە و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ كارەكانی ئەنجامدەدەن. ئەو سەركردەیەی ڕەوتی حیكمە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وتوە، گەیشتونەتە لێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان (پارتی و یەكێتی) و سوپرازییان دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت ناتوانن لە وادەی خۆیدا كە 22ی مانگی كانونی یەكەمی داهاتووە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدەن و بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە پێویستیان بە شەش مانگ هەیە. ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " مەعلومە" وتی:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە كانونی یەكەمی داهاتوو بكرێت پێش بەڕێوەچوونی پێویستی بە كۆمەڵێك ئامادەكاریی هەیە". بەدران وتیشی:" كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەككخراوە و ئەوەش بەواتای ئەوەدێت كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەوادەی خۆیدا كارێكی ئاستەمە". سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەیبەوەشدا كە ئەنجومەنی كۆمسیاران لانی كەم پێویستی بە زیاتر لە شەش مانگ هەیە بۆئەوەی كارەكانی دەستپێبكاتەوە بە ئامانجی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ریاز بەدران ئاشكراشیكرد" دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمانی نوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەشواق حاجی حەمید، یەكێكە لەو هەزاران كچە ئێزدییانەی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی "داعش" بۆسەر شەنگال، دەستگیركراوە، ئەوەی چیرۆكی ئەم كچە لەوانەی تر جیادەكاتەوە ئەوەیە، دوای رزگاربوونی لە دەستی "داعش" و كۆچكردنی بۆ ئەڵمانیا، روبەڕووی یەكێك لەو كەسانە دەبینێتەوە كە لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچانی ئێزدییدا ئەوی بە (100 دۆلار) كڕیوە. ئەشواق تەمەنی (14 ساڵ) دەبێت كاتێك ناوچەكەیان روبەڕووی دڕەندترین هێرش دەبێتەوە لە مێژوودا، ئەو هاوشێوەی هەزاران كچ و ژنی ئێزدیی دەكرێتە كۆیلە و لە بازاڕی " نەخاسە" بە تیرۆریستێكی "داعش" دەفرۆشرێت كە بە " ئەبو هەمام" ناودەبرێت. ئەشواق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "بی بی سی" دەڵێ" دوای دەستگیركردن، روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجە و لێدان بووەتەوە و دوای سێ مانگ توانیویەتی هەڵبێت و پاشان لەگەڵ دایكی و برایەكیدا رووبكاتە ئەڵمانیا". پاش چەند مانگێك مانەوە لە ئەڵمانیا، رۆژێك لە شەقامێكی ئەڵمانیا، گوێی لە پیاوێك دەبێت كە بەناوی خۆیەوە بانگی دەكات، ئەو پیاوە "ئەبو هومام"ە و شوێنی نیشتەجێبوونی دەزانێت. ئەشواق دەربارەی ئەوە دەڵێ:" هەرگیز باوەڕم نەدەكرد لە ئەڵمانیا روبەڕووی رووداوێكی لەو جۆرە ببمەوە.. وڵاتەكەم و خێزانەكەم بەجێهێشت و چووم بۆ ئەڵمانیا بۆئەوەی ئەو ئازار و ئەشكەنجەیە لەبیربكەم كە روبەڕووی بومەوە، دوا شت كە چاوەڕوانم نەدەكرد، كۆبوونەوەیەكی نهێنی بوو لەگەڵ رێكخراوی داعش، ببینم هەموو شتێك دەربارەی من دەزانێت". "ناگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا" دوای ئەو رووداوە ئەشواق دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، لە كەمپێكی ئاوارە ئێزدییەكان نیشتەجێ دەبێت، ئەو هێشتا دەیەوێت خوێندن تەواو بكات و لە هەمان كاتیشدا خۆی و خێزانەكەی خوازیارن هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، باوكی ئەشواق دەڵێ:" ئێمە لە چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی دەترسین". ئەشواق باسلەوە دەكات " هەرگیز جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا" و ئێستا خێزانەكەی هاوشێوەی ژمارەیەكی زۆر لە خێزان ئێزدییەكان داواكاری ژیانیان لە ئوسترالیا پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی پرۆگراوێكی تایبەت بەو ژنانەی كە لەلایەن "داعش"ەوە رفێندراون. ئەڵمانیا چی دەڵێت؟ چیرۆكەكەی ئەشواق و بینینی یەكێك لە رفێنەرەكانی لە یەكێك لە بازاڕەكانی ئەڵمانیا لە شوباتی رابردوودا و بەجێهێشتنی ئەڵمانیا، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە. نوسینگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەكان لە ویلایەتی (بادن فۆرتمبێرگ) لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لە ئازاری رابردووەوە ئاگاداری ئەو پرسەیە و لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووە و ئێستا بەچاودێری نوسینگەی داواكاری گشتی فیدراڵی بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە. كانوونی دووەمی رابردوو ئەشواق لە ناوچەی (شڤبیش گمۆند) پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە لەوەی پیاوێكی بینیوە كە پێدەچێت یەكێك بێت لەو چەكدارانەی "داعش" بەناوی " ئەبو هومام" كە بەشداربوون لە رفاندنیدا و دوای پێنج رۆژ پۆلیس بە گوێرەی وەسفی ئەشواق وێنەی ئەو كەسە دەكێشن، بەڵام تائێستا پۆلیس نەیتوانیوە ئەو كەسە بدۆزێتەوە و ئەشواقیش لە ئەڵمانیا نەماوە و ئەوەش بەوتەی لێكۆڵەران پرۆسەكەی قورسكردووە و دەزگا ئەمنییەكان ناتوانن زانیاری پێویستیان دەستبكەوێت. لایخۆیەوە وتەبێژی داواكاری گشتی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" وتی:" سەیری كەیسەكەم كردووە، بەڵام تائێستا و لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان، نەمانتوانیوە بە دروستی ناسنامەی تاوانبارەكە دیاریی بكەین".
(درەو میدیا): بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی (خبرگزاری جمهوری اسلامی- ایرنا) دەڵێت" نابێت هەرگیز هەرێمی كوردستان ببێت بە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی بەتایبەتیش ئێران". بەرهەم ساڵح لەبارەی جموجوڵەكانی ئەمدواییەی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەناوچە سنورییەكان، بە ئاژانسە ئێرانییەكەی تووە:" ئێمە دژی ئەو هەنگاوانەین و دڵنیاین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری حكومەتی ناوەند هەنگاوی پێویست دەنێت، چونكە ئەو كارانە تەنیا ئاسایشی دراوسێكان ناخەنە مەترسییەوە، بەڵكو ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەخەنە مەترسییەوە". لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا، بەرهەم ساڵح باسی لەوە كردووە كە دەبێت چاكسازی بنەڕەتی لە پەیكەری بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستاندا بكرێت. لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیشەوە ئاماژەبەوەدەكات، یەكێك لە كێشە بنەڕەتییەكان لە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان نەبوونی پرۆسەیەكی شەفافی هەڵبژاردنە كە وایكردووە خەڵك باوەڕیان بە دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات نەمێنێ و كەمی ئاستی بەشداریكردنی خەڵكیش لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق باشترین بەڵگەیە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 30ی ئەیلوی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خواستی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نیشان دەدات و دەڵێ:" بەبۆچونی ئێمە دەبێت هەڵبژاردنێكی باش بەڕێوەبچێت و كات و زەمینەسازی گونجاوی بۆ فەراهەم بكرێت، تاوەكو خەڵك بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن و دڵنیا بن لەوەی رێز لە دەنگەكانیان گیراوە". بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنەكەدا ستایشی مەرجەعیەتی شیعەی عێراق لە نەجەف دەكات و وتویەتی:" مەرجەعیەتی نەجەف لە مێژووی عێراقدا هەمیشە ناوەندی میانڕەویی، لێبوردەیی و پێكەوەژیان بووە، بۆیە خەڵكی كوردستانی عێراق رێزێكی تایبەتییان بۆ مەرجەعیەت هەیە، مەرجەعیەتی نەجەفی ئەشرەف لە ساتێكی سەخت و تاریكی مێژووی كوردستانی عێراقدا بەرگرییەكی مێژوویی لە مافەكانی خەڵكی كورد كرد. لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە، بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لە ئارامی و پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەكرێت چارەسەربكرێت. سەبارەت بە كاندیدبونیشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق ئاماژە بەوەدەكات" سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە و شوێنی متمانەپێدانیش پەرلەمانە.
راپۆرتی شیكاریی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان تاوەكو 25ی تەموزی 2009 لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چەقیبەستبوو، لە 1992 تا 2009 حوكمڕانی لە هەرێم بەشێوەی (50+ 50) لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بەشكرابوو، هەرچەندە ئەوكاتیش خەڵكانێك هەبوون رەخنەیان هەبوو لەوەی پشكی یەكێتی وردە وردە بەرەو پاشەكشێ دەچێت، بەوپێیەی پارتی زۆربەی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوە گرتووە، بەڵام ئەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوسراودا بوو لەنێوان هەردوو حزبەكەدا كە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی". ساڵی 2009 دروستبوون و دەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم هاوسەنگییەی لەقكرد، بەجۆرێك كاریگەری كرد، وردە وردە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكان بەرەو كاڵبونەوە و نەمان رۆیشت، ئێستادا ئەو رێككەوتنە هیچ وجودێكی نەماوە و زۆرجار بەرپرسانی هەردوو حزب ئاماژە بە پێویستی نوسینەوەی رێككەوتنێكی نوێ دەكەن. رێككەوتن لەسەر ساختەكاریی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندایە، ئەم هەڵبژاردنە جارێكی تر نەخشەی سیاسی هێزەكان دائەڕێژێتەوە، بە جۆرێك رەنگە پێگەی سیاسی هەندێك لایەن بەشێوەیەك بەهێز ببێت، كە چاوەڕوانكراو نەبێت، پێگەی هەندێك لایەنی تریش بە شێوەیەك لاواز ببێت، كە چیتر مانایەك بۆ هاوسەنگی هێز نەهێڵێتەوە. هەڵبژاردن پرۆسەیەكە خۆی لەبنەڕەتەوە بۆ ئەوە دانراوە سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان و تێڕوانینەكانیان لەناو كۆمەڵگە پێوانە بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم پرۆسە گرنگە بۆشاییەكی قوڵی تێدایە كە بۆشایی "ساختەكاریی"یە، هێزە دەسەڵاتدارەكان بەردەوام بەرلەوەی بیر لە راكێشانی دەنگی خەڵكی بكەنەوە لەڕێگەی پرۆژەكانیانەوە، بیر لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەكەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان، چونكە دواجار ئەو بۆشاییە كە تەرازووی هێز دەگۆڕێت. هەمیشە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دوو لایەنە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان لە پشتی پەردەوە جۆرێك لە رێككەوتنی نهێنیان كردووە لەبارەی چۆنیەتی سودوەرگرتن لە دەنگە ساختەكان، بە جۆرێك ئەم رێككەوتنە نهێنییە وایكردووە لە كۆتایی هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەنەكە لە كۆبوونەوەكان و بەشێوەی ئاشكراش دانیان بەوەداناوە ساختەكاری كراوە، بەڵام دواجار هەردوولا ئەنجامەكانیان قبوڵكردووەو چاوپۆشیان لە ساختەكاری یەكتر كردووە. پرسی ساختەكاری پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، لەبری بنبڕكردنی، ئێستا لە ناوەندی سیاسیدا هەرێمدا دەنگۆی ئەوە هەیە دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە چەند حزبێكی تر كێش بكەنە ناو ئەم رێككەوتنە نهێنییەوە لەبارەی ساختەكاری، بەجۆرێك چەند كورسییەك زیاتر لەوەی بەدەستیدەهێنن، بدەن بەو لایەنانەی تر لەبەرامبەر بێدەنگبوونیان لە كەموكورتییەكانی پرۆسەكە. دواین هەڵبژاردن كە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو لە 12ی ئایاری رابردوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە زاری وتەبێژەكەیەوە كە سەعدی ئەحمەد پیرەیە، پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتباركرد بەوەی كە لە دهۆك ساختەكاری كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە زاری ئەدهەم بارزانی بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیەوە لە سلێمانی–هەڵەبجە، بە فەرمی یەكێتی تۆمەتباركرد بەوەی لە سلێمانی ساختەكاری كردووە. لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی یەكترییان بە ساختەكاری تۆمەتباردەكرد، حەوت حزبی تریش (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری، بزوتنەوەی ئیسلامی، شیوعی و نەوەی نوێ) ئەو دوو حزبەیان تۆمەتباركرد بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە هەموو حزبەكان بە جیاوازی بیرو بۆچونیانەوە هاوڕابوون لەسەر بوونی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن. قەبارەی ساختەكاریی بەپێی لێدوانی فەرمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، (268 هەزار) ناوی دووبارەو گوماناوی لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراوە، بەڵام ئەمە هێَشتا گومان و ترسی لایەنەكانی لە ساختەكاری نەڕواندوەتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشتر ئەندامانی كۆمسیۆن باسیان لەوەكرد (640 هەزار) ناوی دووبارە و مردوو و ئاوارەكان و ساختە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەوپێیە بێت ئەگەر تەنها (268 هەزار) ناوی گوماناوی سڕابێتەوە، ئەوا هێشتا (372 هەزار) ناوی گوماناوی تر لە تۆمارەكەدا ماوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان بە (20 هەزار) دەنگ ئەژماربكرێت، دەتوانرێت لەرێگەی ئەو (372 هەزار) ناوە گوماناوییەی تۆماری دەنگدەران بە ساختەكاریی (19 كورسی) پەرلەمانی داهاتووی هەرێم پێ پڕبكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن كەم بێت وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، بەهای ئەم دەنگە ساختانە بەرزتریش دەبێتەوە و رەنگە ژمارەیەكی زیاتر لە كورسییەكانی پەرلەمان پڕبكاتەوە. گومانەكان لەسەر زیاتر لە (600 هەزار) دەنگە، پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دانی بەوەدانا كە (615 هەزار) ناوی ساختە و دووبارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاماژەی بە (600 هەزار) ناوی گوماناوی كرد، ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامیش باسلە (500 هەزار) ناوی ساختەو دووبارە دەكات، واتا كۆی گومانەكان لەسەر نزیكەی (600 هەزار) ناوە كە بەشی پڕكردنەوەی (30 كورسی) پەرلەمان دەكات، ئەو ناوە گوماناوییانەی كە كۆمسیۆن سڕیویەتیەوە بەشی (10 كورسی) دەكات، واتا هێشتا بەشی (20 كورسی) ناوی ساختە و دووبارە و گوماناوی ماوە. هەندێكی تر زیاتر دەڕۆن و پێیانوایە بەشی (40 كورسی) ناوی ساختەو دووبارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەگوێرەی زانیاری (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان)، (930 هەزار) ناوی ساختە و دووبارە و مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە و ئەو ژمارەیەش بەشی (40 كورسی) پەرلەمان دەكات. هەموو ئەم زانیارییە جیاوازانە دەریدەخەن هاوسەنگی هێز لە قۆناغی داهاتووی كوردستان ساختەكاری یەكلای دەكاتەوە، نەك دەنگدان و بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەڵبەت ئەگەر بەر لە هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران بەتەواوەتی پاكنەكرێتەوە و هەموو لایەنەكان رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن. ئەوەی جێگەی سەرەنجە لایەنەكان كە زۆربەیان گلەییان لە ساختەكاری هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنیا (245 هەزار) ناوی ساختەیان خستوەتەبەردەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، ئەو دەنگە ساختانەش بەمشێوەیە دابەشبووە: • ناوی مردوو: زیاتر لە (96 هەزار). • ناوی دووبارە: (6 هەزار). • ناوی ئاوارەكان: (23 هەزار). • (42 هەزار) ناوی ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لەسەروی (90) ساڵەوەیە. • زیاتر لە (78 هەزار) ناوی ئاوارەكانی رۆژهەڵات و باكور و باشووری كوردستان، بەپێی زانیارییەكان (30 هەزار) ناوی ئاوارەی باكوری كوردستان و (35 هەزار) ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان هەیە كە فۆرمی خۆراكیان بۆ كراوە، لەگەڵ بوونی ناوی زیاتر لە (50 هەزار) ئاوارەی موسڵ. كێشەیەكی تری تۆماری دەنگدەران خۆی دەبینێتەوە لە بوونی (96 هەزار و 258) ناو، كە (ناوی سیانی و ساڵی لەدایكبون)یان وەكو یەكە. گومانەكان لەسەر نزیكەی (600 هەزار) ناوە كە بەشی پڕكردنەوەی (30 كورسی) پەرلەمان دەكات، ئەو ناوە گوماناوییانەی كە كۆمسیۆن سڕیویەتیەوە بەشی (10 كورسی) دەكات، واتا هێشتا بەشی (20 كورسی) ناوی ساختەو دووبارەو گوماناوی ماوە ژمارەی دەنگدەران بەپێی ئەو تۆمارە بۆ خولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكراوە ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، ژمارەیان (3 ملیۆن و 88 هەزارو 642) كەسە، كە بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس بوو، واتا بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (371 هەزارو 560) كەس زیادی كردووە. ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول بەمشێوەیە دابەشبووە: • هەولێر: (ملیۆنێك و 103 هەزارو 732) كەس مافی دەنگدانیان هەیە • سلێمانی: (ملیۆنێك و 193 هەزارو 768) كەس مافی دەنگدانیان هەیە • دهۆك: (722 هەزارو 920) كەس مافی دەنگدانیان هەیە • هەڵەبجە: (68 هەزارو 234) كەس مافی دەنگدانیان هەیە كێ دەنگەكان دەژمێرێت ؟ ئەو كۆمسیۆنەی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی كوردستان دروستكراوە و ناوی (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان– عێراق)ی لێنراوە. ئەندامانی كۆمسیۆنەكە لە (9) كەس پێكدێن و بریتین لە نوێنەری (5) حزبی سیاسی سەرەكی، بەمشێوەیە: • پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 ئەندام و سەرۆكی كۆمسیۆن • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەك ئەندام و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن • بزوتنەوەی گۆڕان: 2 ئەندام كە یەكێكیان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە • یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان: یەك ئەندام • كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: یەك ئەندام ئەم كۆمسیۆنە لەدوای دامەزراندنییەوە تەنیا یەك ئەزمونی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەیە، ئەویش پرۆسەی ریفراندۆم بوو لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017، ریفراندۆم كە ئەم كۆمسیۆنە بەڕێوەی برد، پرۆسەیەكی بێ كەموكورتی نەبوو، بەڵام هەموو لایەنەكان بەهۆی ئەوەی پرسێكی هەستیار بوو لەبارەی چارەنوسی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا، بێدەنگیان لە كەموكورتییەكان كرد، هەموو لایەنەكان ئەو راستییە دەزانن لە پرۆسەی ریفراندۆمدا لە ناوچە جێناكۆكەكان ساختەكاری زۆر هەبووە بۆ بەرزكردنەوەی دەنگی "بەڵی"، تەنانەت زانیاری هەیە ئەوكات سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی لەسەر ئەنجامەكە هەبووەو داوای لە ئەندامەكانی خۆی كردووە لە كۆمسیۆن ئیمزا لەسەر ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆم نەكەن، بەڵام دواجار بزوتنەوەی گۆڕانیش كەوتەژێر فشاری هەست و سۆزە نەتەوەییەكەی ئەوكات و بێدەنگی لە كەموكورتییەكان كرد. بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پێناچێت چیتر لایەنەكان ئەم چاوپۆشییە لە كەموكورتییەكانی كۆمسیۆن بكەن، چونكە ئەمە راستەوخۆ پەیوەندی بە تەرازووی هێزەوە هەیە. ساختەكاریی.. مۆتەكەی هەڵبژاردنەكان لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنەوە لە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا بەردەوام باس لە ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، لە هەریەكێك لەو هەڵبژاردنانەی كە لە هەرێم كراون بە قەبارەی جیاواز ساختەكاری كراوە، چەندین بەڵگە و دۆكیۆمێنت هەن كە ئاستی ساختەكاری لەو هەڵبژاردانەدا دیاری دەكەن. لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردن كە لە 19ی ئاداری 1992 بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی كۆتایی كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەوە راگەیەندرا، لە پارێزگای دهۆك (178 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام (198 هەزار) كەس دەنگیدابوو، واتە بەرێژەی 111%، ئەویش ئەنجامی هەڵبژاردنی بە قازانجی پارتی یەكلاكردەوە. لە دووەم خولی هەڵبژاردن، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەبارەی پرۆسەی ساختەكارییەوە نامەیەكی ئاڕاستەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی كردووە و تێدا نوسیویەتی:"هەندێك خروقات یەكجار زۆر زەقن پینە ناكرێن.. ناكرێت ئەو تەزویرە زۆرانەی كراون قبوڵبكرێن". لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراقدا لە 2014 بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە پرۆسەیەكدا لە "ئەلبیسەكە"ی سلێمانی بەجۆرێك گۆڕانكاری لە دەنگەكاندا كراوە، كە (5) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دراوە بە یەكێتی نیشتیمانی. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، لایەنە ناڕەزاییەكانی چەندجارێك رایانگەیاند، پرۆسەی ساختەكاری گەیشتوەتە ئاستی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێژەی دەنگی لایەنەكان، ئەمە پەرەسەندنێكی مەترسیداربوو لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا، رەنگە هۆكارە سەرەكییەكەشی ئەوە بێت یەكەمجار بوو ئامێری ئەلكترۆنی بەكارهێنرا لە پرۆسەی دەنگداندا كە ئەگەری "هاككردنی" چاوەڕوانكراو بوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەم هەڵبژاردنی ئەلكترۆنیە بۆ یەكەمجار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روبەرووی گومان گەورە بووەوە. ساختەكاری چۆن هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت؟ بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو هاوڵاتیانی كوردستان جارێكی تر بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ (ئەگەر هەڵبژاردن دوانەخرێت)، چەند رۆژێكە لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و لەپشتی پەردەوە گفتوگۆی چڕ دەكرێت لەبارەی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا، لەمەشدا زیاتر باس لە تۆماری دەنگدەران دەكرێت كە گوماندەكرێت لەو رێگەیەوە ساختەكاری بەشێوەیەكی داپۆشراو بكرێت. لەناو ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ئەوە بڵاوبوەتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نزیكەی (50) كورسی بەدەستدەهێنێت، ئەم زیادبوونە لە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە دوو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. یەكەم: ساختەكاریی دووەم: كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سنوری سلێمانی پێشبینی پارتی بۆ بردنەوەی (50) كورسی پەرلەمانی داهاتوو، مەترسی لای هێزەكانی تر بەتایبەتیش یەكێتی نشتیمانی دروستكردووە. بەپێی یاسا، لە هەرێمی كوردستان كابینەی حكومەت بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمان وەرگرێت، لەكۆی (111) ئەندامی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی متمانەی ( 50 + 1)واتا (56) ئەندام هەیە، ئەگەر پارتی (50) كورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مسۆگەر بكات، بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت نەك پێویستی بە لایەنەكانی تر نامێنێت، بەڵكو پێویستییەكی ئەوتۆشی بە هێزێكی وەكو یەكێتی نشتیمانی نامێنێت كە لە (26) ساڵی رابردوودا شەریكە حوكمڕانی بووە و ئێستاش لەڕووی دەسەڵاتەوە روبەڕێكی فراوانی خاكی هەرێمی بەدەستەوەیە، ئەمەش ئەو تێكچونەی تەرازووی هێزە كە رەنگە هەڵبژاردنی داهاتوو دروستی بكات. تێكچوونی تەرازووی هێز لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هێندە بۆ یەكێتی مەترسیدارە هێندە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر مەترسیدار نیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەكێتی سەرباری ئەوەی لە زاری هەندێك لە بەرپرسەكانیەوە بەدیاریكراوی قوباد تاڵەبانی خواستی خۆی نیشانداوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێ" پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:" بەفەرمی خواستی خۆمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیاندووە"، ئێستا روون نیە هەڵوێستی فەرمی یەكێتی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە چیە. (درەو میدیا) زانیویەتی بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەسەر پشكی یەكێتی لە هەوڵدایە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە دوابخرێت، لەمەشدا دەیەوێت فراكسیۆنی گۆڕان بكاتە مەقاشەكەو هاوشێوەی یاسای "هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم"، دواخستنی هەڵبژاردن بە پرۆژە یاسایەكی فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاری لەسەر بدرێت.
(درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی لەباری هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بوسەر شەنگال بڵاوكردەوە، كە تێیدا فەرماندەیەكی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوی (زەكی شەنگالی) شەهید بوو. بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكات: • عێراق ئیدانەی هێرشی توركیا دەكات بۆسەر ناوچەی نیشتەجێبوون لە شەنگال • رەتیدەكەینەوە هیچ هەماهەنگییەك لەنیوان بەغداد و ئەنكەرە هەبێت بۆ ئەو هێرشانە • عێراق داوا لە توركیا دەكاتەوە هێزەكانی لە بەعشیقە بكشێنێتەوە • هەماهەنگی نێوان عێراق و توركیا پێویستە لەسەر بنەمای روانگەیەكی هاوبەش بێت بۆ تیرۆر بە هەموو شێوازەكانییەوە، بەجۆرێك هاوڵاتیانی مەدەنی تێدا پارێزراو بن دوێنێ كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا شەهیدبوونی (زەكی شەنگالی) پشتڕاستكردەوە و گومانی خۆی نیشاندا لەوەی لەو هێرشە ئاسمانییەدا پارتی دیموكراتی كوردستان یاخود حكومەتی عێراق هاوكاری توركیایان كردبێت و زانیارییان پێدابێت بەتایبەتی ئەوەی لەكاتی هێرشەكەدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك لە توركیا بوو.
(درەو میدیا): كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) گومان دەكات پارتی و بەغداد چاوساغی ئەنكەرەیان كردبێت لە هێرشەكەی شەنگال، وەزارەتی بەرگری توركیاش وردەكاری هێرشەكەو زانیاری لەبارەی ئەو سەركردەیەی كەجەكە بڵاودەكاتەوە كە لە هێرشەكەدا شەهید كرا. دەستەی هاوسەرۆكایەتی (كەجەكە) لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە دەڵێ: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شەنگالەوە دەستمان كەوتووە، گومان دەكرێت هێزەكانی نزیك بە پارتی دیموكراتی كوردستان یان حكومەتی عێراق هاوكارییان كردبێت بۆ ئەو هێرشە، سەرنجڕاكێش ئەوەیە، كە ئەو هێرشە ڕێك پاش سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەنكەرە ڕویداوە، مام زەكی زۆرجار وەك نوێنەری خەڵكی ئێزدی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق دیداری كردووە". (كەجەكە) ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر حكومەتی عێراق و پارتی پەیوەندییان بەو هێرشەوە نیە، پێویستە بۆ ڕایگشتی ئاشكرابكەن و ئەو هێرشە شەرمەزار بكەن. توركیا وردەكاری هێرشەكە ئاشكرادەكات وەزارەتی بەرگری توركیا لە تویتێكدا كە لەڕێی تۆری كۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاویكردەوە، هەواڵی شەهیدكردنی ئەو بەرپرسە باڵایەی (كەجەكە)ی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند" (ئیسماعیل ئوزدان) بەرپرسی ڕێكخراوی (كەجەكە/پەكەكە) بووە، لە ناوچەی شەنگالی باكوری عێراق و داواكراو بووە لە لیستی سوری وەزارەتی ناوخۆو لە پرۆسەیەكی هاوبەشی سوپا و دەزگای هەواڵگری توركیادا كوژراوە". سەرچاوەكانی نزیك لە سوپا و حكومەتی توركیا بایەخێكی زۆریان بەو پرۆسە سەربازییە داوە كە (ئیسماعیل ئوزدان)ی تێدا كرایە ئامانج. توركیا خەڵاتی بۆ دەستگیركردنی ئوزدان دانابوو ئیسماعیل ئوزدان، كە بە (مام زەكی شەنگالی) ناسرابوو، تەمەنی (66 ساڵ) بوو، بە بەتەمەنترین ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنرێت. ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا لە قەزای شەنگال شەهیدكرا. بەگوێرەی قسەی سەرچاوە ئەمنییەكانی توركیا، ئوزدان لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1996 چەندین چالاكی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ئەوروپا ئەنجامداوە، ساڵی 1996 بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ (پەكەكە) لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیانەوە دەستگیركراوە، ساڵی 1998 ئازادكراوە، دواتر لەڕیزەكانی (كەجەكە) درێژەی بەكاری سیاسی و چەكداری داوە، ساڵی 2018 بە بەرپرسی (كەجەكە) لە ناوچەی شەنگال دەستنیشانكراوە. لیستی داواكراوان و پێناسەی ئەنكەرە بۆ تیرۆر لیستی داواكراوان لە توركیا، پێكدێت لە (5) لیستی جیاواز، ئەوانیش لیستەكانی (سور، شین، سەوز، پرتەقاڵی و خۆڵەمێشی) ین. هەریەك لەم لیستانە ناوی ئەو كەسانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە داواكراون بەتۆمەتی پەیوەندییان بەڕێكخراوە"تیرۆرستییەكان" و چەپ و جوداخوازەكان، ئەوان كە دینیان قۆرخكردووە، لەگەڵ ڕێكخراوەكەی (فەتحوڵا گولەن). لیستی سوری داواكراوان، لەڕیزی پێشەوەی لیستەكانی تردا دێت و گەورە بەرپرسانی ڕێكخراوە "تیرۆرستییەكان" لەخۆ دەگرێت، دەسەڵاتدارانی توركیا (4 ملیۆن) لیرە خەڵاتیان داناوە بۆ هەر كەسێك زانیارییەكانی ببێتە هۆی دەستگیركردنی یەكێك لەو كەسانە.
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لەناو پەرلەمانی كوردستان هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. (درەو میدیا) زانیویەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانەوە كرد، بەڵام زۆربەیان تەلەفۆنەكانیان داخستبوو، ئەوانەشی وەڵامی پەیوەندییەكانیان دایەوە ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكەن. عومەر عینایەت ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، ئەو ئاگاداری ئەوە نییە فراكسیۆنەكەی گفتوگۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان دەستپێكردبێت، بەڵام ئەندامانی فراكسیۆن ئاگاداركراون لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی ئەوە دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە بكرێن، بەپێی ئەو ئاگاداركردنەوەیەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بۆ ئەندامانی فراكسیۆنەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندایە و كاری بۆ دەكات. بڕیارە رۆژی 30/9 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئەو پەرلەمانەی كە ئێستا لەسەركارە، ساڵی رابردوو تەمەنی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بەهۆی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆمەوە پرۆسەی هەڵبژاردن دواخرا و پەرلەمان ماوەی ساڵێك بە یاسا تەمەنی خۆی درێژكردەوە، تەمەنی درێژكراوەی پەرلەمانی ئێستا رۆژی 6/11ی داهاتوو كۆتایی دێت، ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە دیاریكراوە، دەبێت پەرلەمان بۆ جاری دووەم تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان پشتڕاستیكردەوە، لەناو پەرلەمان و لەنێوان فراكسیۆنەكاندا وتوێژ دەستیپێكردووە لەبارەی دواخستی هەڵبژاردنەوە. بێگەرد تاڵەبانی وتی: كۆدەنگییەك لەناو زۆربەی فراكسیۆنەكاندا هەیە بۆ دواخستی هەڵبژاردن و داوا دەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بودجە لە دوو هەڵبژاردندا خەرج نەكرێت، هەروەها هەندێك لە لایەنەكانیش داوا دەكەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران زیاتر خاوێن بكرێتەوە. وتی: تائێستا هیچ پرۆژەیاسایەك لەوبارەیەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام بڕیارە بەمنزیكانە فراكسیۆنەكان پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەن. رۆژی 11ی ئەم مانگە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆران لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵی لەنێوان كەسی یەكەمی (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو كۆبونەوەیەدا چوارلایەنەكە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێ كردووە و بەشێكیان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بوون و بەشێكیشیان لەگەڵ بایكۆت. ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، ئەوان وەكو فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە و دەخوازن پرۆسەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت. ئومێد خوشناو رەتیكردەوە هیچ فراكسیۆنێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی گفتوگۆی كردبێت. پێشتر فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ (دەنگی ئەمریكا) وتی:" هەر لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات بابێت گفتوگۆ بكات و پاساوەكان و زیانەكانی هەڵبژاردنمان پی بڵێت و بڕوامان پێی هەبێت، بەڵام ئێمە و یەكێتی و توركمان و مەسیحی و سۆسیالیست دەڵێین با لەكاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر حیزبێكیش بیەوێت با بەشداری هەڵبژاردن نەكات". بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەم رۆژانە كێشە ناوخۆییەكانی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، لە هەموو لایەنەكانی تر زیاتر جەخت لەسەر دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام هەندێك لەبەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانەكانیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەگەڵ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنن لەكاتی خۆیدا. بڕیارە رۆژی 30/12ی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخرێت، وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكەوێتە مانگی 12وە.
( درەو میدیا): لە سێ نوسراوی جیاوازدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رەسمی دان دەنێت بە پارێزگای هەڵەبجەدا. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیجی رەسمی خۆی سێ نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بڵاوكردەوەو نوسیویەتی" ڕەزامەندی فەرمی بەغدا وەرگیرا". لە نوسینەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە" ھەڵەبجەییەكان لە ڕۆژی ٩ی ئابی ٢٠١٨ ەوە بە فەرمی (كارتی نیشتیمانی و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان) دەكرێت بە ناوی (پارێزگای ھەڵەبجە)ی جگەرگۆشەمەوە وەك پارێزگای ژمارە ١٩ ی عێراق و چوارەمین پارێزگای ھەرێم". بەپێی نوسراوەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی ئەم فەرمانگانە: * بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە * بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پاریزگای هەڵەبجە. * بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی پارێزگای هەڵەبجە. * تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە. * پۆلیسی گومرگی پارێزگای هەڵەبجە. * نشینگەی پارێزگای هەڵەبجە * بەڕێوەبەرایەتیی زانیاری پارێزگای هەڵەبجە.