ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق وەزارەتە بەتاڵەكان پڕدەكاتەوە؟

Draw Media

2018-11-08 09:24:43



راپۆرتی: ئارام مەحمود 
لە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، متمانەدان بە كاندیدانی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی كابینەی نوێی حكومەتی تیادا نیە، كە ژمارەیان (8) وەزارەتە، لەكاتێكدایە بڕیاربوو لەدانیشتنی ڕۆژی (6)ی ئەم مانگە لەپەرلەلەمان یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ململانێی توندی لایەنەكان لەسەر  وەزارەتەكان ، تائێستا ئەو پرسە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

ڕەنگە عەبدلمەهدی ئەمڕۆ ناوەكان بهێنێتەوە
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەرلەمانی عێراق بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی متمانەدان بەكاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەت لەخشەی كاری ئەمڕۆدا نیە، بەڵام دەنگۆیەكی بەهێز لە ناو پەرلەمان هەیە كە (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بێتە پەرلەمان و ناوی كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان پێشكەش بكات بەمەبەستی متمانە وەرگرتن و تەواو كردنی كابینەی حكومەتەكەی.

ڕێككەوتن نەكراوە و متمانەیان پێنادرێت
 (محەمەد خالیدی) سەرۆكی كوتلەی (بەیارق ئەلخەیر) لەپەرلەمانی عێراق بەڕژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە"ناكۆكییەكان هێشتا گەورەن سەبارەت بە پێدانی وەزارەت بە كام لایەن لەلایەك و لەلایەكی دیكەش لەسەر كاندیدەكان" ڕونیشكردۆتەوە" هەندێك لەو تێبینیانەی هەیە سیاسین، لەكاتێكدا بەشێكی تریان پەیوەستن بەسیڤی  وەزیرەكان یان ڕابردوی سیاسیان".  
لای خۆیەوە پەرلەمانتار (ئەحمەد جبوری) ئەندامی كوتلەی (تەمەدون) بەدوری دەزانێت لەدانیشتنی ئەمڕۆدا متمانە بەكاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان بدرێت، (جبوری) بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە"ناكۆكییەكی زۆر هەیە سەبارەت بەو وەزارەتانەی پڕ نەكراونەتەوە، بەڵام ناكۆكی گەورە لەسەر  وەزارەتی بەرگرییە" ئاشكراشیكردووە" زیاتر لەلایەنێك داوای ئەو وەزارەتانە دەكات، سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆكانیش بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ئەنجامی كۆتایی".

عەبدولمەهدی گەشبینە
ئەوە لەكاتێكدایە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند" كارەكان بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی پرۆگرامی حكومەت بەپێی ئەو كاتەی دیاریكراوە، هەماهەنگیش لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوامە بۆ یەكلایكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان".
ئاماژەی بەوەشدا"لە ئێستادا هیچ بۆشاییەكی كارگێڕی لەوەزارەتەكاندا نیە و لە ڕۆژانی داهاتوشدا كۆتایی بە ناونانی وەزارەتە پڕ نەكراوەكان دەهێنن".
 

       
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand