هاوپەیمانی دەبێت بە سێ بەشەوە 

Draw Media

2018-11-08 20:58:43



( درەو میدیا): 
بڕیارە سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرورەی یەكلابكرێتەوە، كە ئێستا بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبووە ئەوانیش بریتین لە:

بۆچونی یەكەم: ئەم گروپە كە دیارترین سەركردەكانی ئارام قادرو محەمەد رەئوف و سەرگوڵ قەرەداغین, سبەی كۆبوونەوەی گشتی دەكەن و بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێت‌و لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوە‌و ئامادەكاریی بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات، چاوەڕوان دەكرێت سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتییدا بەشێك لە بەرنامەی سیاسی و لۆگۆ و ناوی هاوپەیمانی بە كەمێك دەستكارییەوە بگۆڕن.


بۆچونی دووەم: ئەم بۆچونە زۆرینەی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و زیاتر لە كۆنە یەكێتییەكان پێكهاتوون و داوادەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئێستاش لیژنەیان پێكهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی و كۆبوونەوەشیان كردووە، ئەم گروپە بەشداری كۆبونەوەی سبەی ناكەن.

بۆچونی سێیەم: ئەم گروپە كە پێگەی جەماوەریان بەهێز نیە لەناو هاوپەیمانی لە رۆژی 7/11/2018 ەوە حزبێكیان دامەزراندووە بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە.
ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتییدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە.
گروپی یەكەم:
ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتی‌و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوە‌و بەردەوام بێت.
گروپی دووەم:
ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوون‌و پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیدا‌و ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایك‌و پۆستەكانیان وەربگرنەوە.
گروپی سێیەم:
ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوون‌و  بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە ئێستا حزبێكیان دامەزراندووە، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بتوانن بەم دۆخە سیاسیی و ئابورییەوە بەردەوام بن. 

ئەم گروپە ئەوانەی ناو هاوپەیمانی بوون كە داوایان دەكرد، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ‌و وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی.
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand