"ناكرێت سەرۆك كۆمارەكەم بخەمە دەنگدانێكەوە‌و بیشكێنم"

Draw Media

2019-12-22 18:43:06



 گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا

برازای جەلال تاڵەبانی‌و براگەورەی نەوەی دووەمی سیاسییەكانی ماڵباتی تاڵەبانییە، ئەو پێشمەرگەی دێرینە، بەڵام نەوەی نوێ زیاتر لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە دەیناسن، ئەوكات ئەو بە راشكاوی‌و بێ پەردە گوزارشتی لە دۆخی شێواوی سیاسی‌و سەربازی كورد دەكرد، ئەم رۆژانە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆر دەردەكەوێت، (درەو میدیا) لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەكرد، هەوڵماندا روبەڕوو بیبینین، چەندجارێك مۆڵەتی وەرگرت، دواجار پێی وتین ناچارم بەتەلەفۆن گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەتان لەگەڵ بكەم، چونكە زۆر سەرقاڵم، ئەو (ئاراس شێخ جەنگی)یە، یەكێكی ترە لە ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كە خۆی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندید كردووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا لەبارەی بارودۆخی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە وەڵامی پرسیارەكانی (درەو میدیا) دەداتەوە.


دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: 
درەو میدیا:
لە كۆنگرەی چواری یەكێتی ئەبینرێن، بەرنامەتان چییە؟ خۆتان بۆ هیچ پۆستێكی باڵای حزبی كاندید دەكەن ؟
ئاراس شێخ جەنگی: من خۆم كاندید ئەكەم بۆ پۆستی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئەوەش كە دەردەكەوم من لە كۆنگرەكانی تریش هەر لەوێ بووم، بەڵام ئەوكات هیچ پێویستم بەوە نەبوو، چونكە خۆم كاندید نەكردبوو، ئەوكات جەنابی مام جەلالیش لە ژیاندا بوو، بەڵام ئێستا بەڵێ من خۆم كاندید كردووە.


درەو میدیا: لەوێنەكانی ناو كۆنگرەدا ئێوە وەكو نێوەندگیرێك لەنێوان جەمسەرو كارەكتەرە ناكۆكەكاندا دەردەكەن، ئایا وێنەكان گوزارشت لەواقیعی كاری ئێوە دەكەن ؟
ئاراس شێخ جەنگی: من هەروا بووم، من بە چەپكەگوڵەكەی مام جەلال ئیش ئەكەم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هی هەموومانە، بەتەنیا هی من نییە، هی عەمر نییە، هی زەید نییە، هی هەموومانە، هەموومان بەیەكەوە ئەبێت ئیش بكەین، ئەبێت هەموومان هەموو كاتێك هاوكاری یەكتر بین بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگەڕێنینەوە سەر شاڕێگە ئەسڵیەكەی خۆی.


درەو میدیا: لە دەرەوە وا دەردەكەوێت كۆنگرەی چوار بەڕێزەوە نەوەی یەكەمی سیاسییەكانی حزب خانەنشین دەكات‌و نەوەیەكی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، ئێوە خۆتان لەسەر كام یەكێك لە دوو نەوەكەی یەكێتی ئەژمار دەكەن ؟
ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا من جاری بەتەمای خانەنشینی نیم (بەپێكەنینەوە)، بەڵام رەنگە بۆ كۆنگرەی داهاتوو خۆم خانەنشین بكەم.

 كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە 


درەو میدیا: پێتوایە نەوە كۆنەكە لەم كۆنگرەیەدا خانەنشین دەبن ؟
ئاراس شێخ جەنگی: من لەگەڵ ئەوە نیم، لەگەڵ ئەوەدام ئەم ئەنجومەنی سەركردایەتییە تازەیە تێكەڵ بێت لە هەردوولا هەموومان پێكەوە، هەندێك لە كۆنەكانیشی تێدا بێت‌و هەندێك خەڵكی تازەش بێتەپێشەوە، چونكە ئەوانە ئەزمونیان هەیە، ئێمە ئەبێت سود لە ئەزمونەكەی ئەوان وەربگرین، لەم مەرحەلەیەش من لەگەڵ ئەوەم كەوا مەجموعەیەك لەو هەڤاڵانە كە بەئەزمونن بمێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانین یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەبەرین.


درەو میدیا: ئێوە گەورە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقن، سەرۆك كۆمار لە كۆنگرەدا دوچاری مشتومڕ كرایەوە، دەوترێت زۆرێك لە ئەندامانی كۆنگرە كارتی سوریان بەڕویدا بەرزكردوەتەوە كاتێك پێشنیازكراوە بەتەزكییە بكرێت بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ؟
ئاراس شێخ جەنگی: نا، مەلەسە سەرۆك كۆمار نەبوو، هەڵەتێگەیشتنێك هەبوو، ئەو هەڤاڵەی كە پێشنیازەكەی كرد، بەشێوەیەك كردی كە نەیتوانی خەڵكەكە بەباشی تێبگەیەنێت، بەڵام دوای ئەوە كە خەڵكەكە تێگەیشت ئەمە بۆ ئەم سەرۆك كۆمار نییە، ئێمە لە عێراق‌و كوردستاندا چەند پۆستێكی سیادیمان هەیە وەكو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت، لەبەرئەوە ئەبێت ئەو خەڵكانەی خۆمان بە ئیحترامەوە بخەینە ئەو سەركردایەتییەی كە هەیە، ناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم بخەمە ناو دەنگدانێكەوە‌و بیشكێنم‌و چەند كەسێك هەستێت.. یەعنی نابێت‌و لە عورف و هیچ عادەتێكدا نەبووە لە دنیادا، ئێمە پێشتریش ئەوەمان پەیڕەو كردووە، جەنابی مام جەلال‌و كاك كۆسرەت‌و كاك بەرهەم.


درەو میدیا: مەبەستت ئەوەیە تەزكیەتان پەیڕەو كردووە‌و پێشتریش هەر هەبووە ؟
ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ، بەڵام ئەمە بۆ چەند كەسێكە بۆ چەند پۆستێكە، پاشان خۆم هێشتا مەعلوم نییە، ئەوان ئەوە دەرچوون، بەڵام خۆ لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سێ كەسن، ئیتر تەواو، خۆناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم سەركردایەتی نەبێت.


درەو میدیا: دوای كارتە سورەكانی كۆنگرە، ئێستا بەرهەم ساڵح چانسی هەیە بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی ؟
ئاراس شێخ جەنگی: من جاری نازانم، ئەوەیان ماوەیەتی، چونكە ئەوە ئەكەوێتەوە دەست ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە داهاتوودا، نازانم بەڕاستی، كێ ئەڵێ خۆی، خۆی هەڵئەبژێرێت بۆ ئەو پۆستە، جاری من بەڕاستی ئەوەم لە جەنابی كاك بەرهەم نەپرسیوە.

هێشتا دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیارینەكراوە


درەو میدیا: لەبارەی جێگری سەرۆكی حزبەوە قسەوباسی جیاواز هەن، هەندێك دەڵێن سەرۆك تەنیا یەك جێگری دەبێت، هەندێكی تر باس لە چوار جێگر تاوەكو پێنج جێگر دەكەن ؟ كام یەكێك لەو پێشنیازانە دەبێتە بڕیاری كۆتایی ؟
ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، چونكە مەسەلەی پەیڕەو لە كۆنگرەدا هەندێك شتی ماوە كە تەواو بكرێت، ئەو ئەنجومەنە تازەیە راسپێردراوە كەوا لەگەڵ هەندێك خەڵكی شارەزا بۆ ئەوەی كەوا رێكبكەون دەستكاری پەیڕەو بكرێت‌و ئەو پەیڕەوە بكرێت بەرێگای خەباتی یەكێتی. 


درەو میدیا: ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ لە داهاتوودا سەرۆكایەتی دەكات دەسەڵاتەكانی چین ؟ راستە مافی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی سەرۆك‌و ئەنجومەنی سەركردایەتیان دەبێت ؟
ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، ئەوكات ئەویش هاوشێوەی ئەو ئەنجومەنە تازەیەی كە هەڵدەبژێردرێت دادەنیشن بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانیان دەستنیشان بكەن.


درەو میدیا: چارەنوسی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چی دەبێت، ئەوان زۆربەیان ئێستا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی دانراون، كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ دەنگی بۆ نەداون ؟
ئاراس شێخ جەنگی: مەكتەبی سیاسی نەما، تەواو بوو، دوێنێ ئەو مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتییە كۆنەی كە هەبوو هەمووی تەواوبوو، ئێمە هاتینە ناو كۆنگرەی تازەوە، ئێستا كەس مەسئولی سیاسییە نییە، جگە لە سێ كەس كە سەركردایەتین‌و ئەوانەن هەڵبژێردراون (بەرهەم ساڵح- رێواز فایەق- قوباد تاڵەبانی).


درەو میدیا: ئەو مەكتەب سیاسییانە لە داهاتوودا كێشەی بۆ سەرۆك‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حزب لە بڕیارداندا دروستناكەن ؟
ئاراس شێخ جەنگی: من نازانم دەسەڵاتەكانیان چییە، وەكو پێموتن دەسەڵاتەكانیان دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی تازە لیژنەیەك دیاری دەكرێت بۆ دانانی دەسەڵاتی ئەم هەڤاڵە بەڕێزانە.


درەو میدیا: دەوترێت كۆنگرەی چوار بە تەوافوقێكی پێشوەختەی تەواوەتی بەڕێوەدەچێت، ئەمە تاچەند راستە ؟
ئاراس شێخ جەنگی: وانییە، وەڵا خەڵك هەیە هەڵئەسێت قسەئەكات، من خۆم هەڵساوم قسەم كردووە، رەخنەم هەبووە، بەڵام هەندێك شت هەیە ئەبێت تەوافوقی لەسەر بكرێت، خۆ ئێمە ناتوانین یەكێتی بخەینە حاڵەتێكەوە كەس نەزانێت بۆ كوێ ئەڕوات، ئێمە مەجبورین یەكێتی بەرەو كەنارێكی ئارام بەرین، لەبەرئەوە هەندێك شت هەیە خەتی سورە، ناتوانین لێی لابدەین.

پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەب‌و توركمانەكانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە


درەو میدیا: باسلەوەكرا فەرەیدون عەبدولقادر لە هۆڵی كۆنگرە كراوەتە دەرەوە؟
ئاراس شێخ جەنگی: راست نیە، كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، بەعەكسەوە وەكو دوێنێ خۆیشی رونكردنەوەیەكی دا، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە، یەعنی هیچ نەبووە، هەر خۆی خۆی هاتووەو خۆیشی پێش ئەوە وتویەتی دێم بۆ فەترەیەكی كەم‌و ئەڕۆم، شتی وان نییە، ئێمە كۆمەڵێك كەسین كە تۆزێك ئەدەب‌و ئەخلاقمان تێدایە، ئەم پیاوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێمە بووە، چەندەها ساڵ وەكو مەسئولمان وابووە، چۆن خەڵك ئەكەینەدەرەوە لە قاعەكەدا، ئەمە ئەسڵەن ئسوڵ‌و ئەدەبی ئێمە نییە. 


درەو میدیا: ئێستا لایەنە كوردستانییەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بەچڕی چاودێری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەكەن، هاتنەپێشەوەی نەوەی دووەم لەناو یەكێتیدا بەبۆچوونی ئێوەی چ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی حزبەكەدا دروستدەكات، هەندێك لە ئێوە باسی گێڕانەوەی هاوسەنگی سیاسی دەكەن، ئەم هاوسەنگییە چۆن دروستدەكرێت ؟ 
ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا ئێمە ئیشی بۆ دەكەین، ئێمە پەیڕەوو پرۆگرامی تازەمان هەیە، ئەم پەیڕەوو پرۆگرامە دەبێت ئیشی بۆ بكەین، پیشانی خەڵكی بدەین كە ئێمە بەڕاستمانە دەمانەوێت خزمەتی خەڵكی بكەین، كێشەو كەموكوڕییەكانی كە هەیە بتوانین پڕی بكەینەوە، بتوانین كارو ئیشی باش پێشكەشی خەڵك بكەین، هەڵبژاردنیش هەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین بەرنامەكەمان جێبەجێ بكەین ئەوكات خەڵك هاوكارمان دەبن بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات‌و ئەو هاوسەنگییەی كە هەیە لە ناوچەكە.


درەو میدیا: ئێمە پێش هەمووان لە (درەو میدیا) دەقی رەشنوسی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیمان دەستكەوت‌و بڵاومانكردەوە، وا دەردەكەوێت پەیڕەوەكە زۆر ئاڵۆزە، بەبۆچونی ئێوە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە لەواقیعدا دوچاری ئاستەنگ نابێت ؟
ئاراس شێخ جەنگی: ئەو پەیڕەوەی كە ئێوە بڵاوتانكردەوە رەشنوس بوو، دەستكاری دەكرێت، لیژنەی تایبەتمەند دادەنرێت بۆ ئەوەی دەستكاری ئەو پەیڕەوە بكات، ئەو پەیڕەوە وا دەگونجێنین، كە لەگەڵ واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بگونجێت. 


درەو میدیا: پەیڕەوەكە لەڕووی دەسەڵاتەوە یەكێتی دابەشكردووە بەسەر چەند ئۆرگانێكدا، ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لەناو یەكێتیدا كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئێوە بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنن؟

ئاراس شێخ جەنگی: بۆچی..؟ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت‌و ئەوانیش لیژنەیەك هەڵدەبژێرن وەكو مەكتەبی سیاسی پێشوو، مەرج نیە ناوی مەكتەبی سیاسی بێت، ئیشوكارەكان بەڕێوەدەبات‌و سەرۆكی دەبێت‌و جێگری دەبێت، لەناو یەكێتی دەسەڵاتەكان بەردەوام وابووە، مەكتەبی سیاسی بڕیارەكانی داوەو سەركردایەتی هەبووە، باوەڕناكەم ئاڵۆزییەك هەبێت. 


درەو میدیا: واتا یەكێتی پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە یەكێتییەكی جیاواز دەبێت؟ 
ئاراس شێخ جەنگی: بەدڵنیایەوە.. بە دڵنیاییەوە.


درەو میدیا: ئەمانەوێت لەبارەی كەركوكەوە پرسیارتان لێ بكەین، ئێوە لە دوای ریفراندۆم‌و بەمدواییەش لە دانوستانی پێكهێنانی حكومەتدا كەركوكتان خستەناو گرەوی بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارەوە، بەڵام تائێستا ئەو پۆستەتان وەرنەگرتووە، چارەنوسی كەركوك بەكوێ دەگات ؟
ئاراس شێخ جەنگی: پۆستی پارێزگار دەبێت لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكەیتەوە، كاتی خۆشی رام وابووە، ئەو پۆستە دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەب‌و توركمانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە، ئەنجومەنی پارێزگا هەڵوەشاوەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دواخراوە، بارودۆخی عێراق ئاوای لێهاتووە، دەبێت لەگەڵ عێراق، لەگەڵ عەرەب‌و توركمان هەرسێكمان دابنیشین، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand