درەو میدیا: بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە نزار مەحمود، باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دوارۆژی راگەیاند: پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەربزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێت و ئەم ناوانەمان كاندیدكردووە: - شاهین حەمە ڕەزا، بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە - حەمید بارام ، بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە - جیهاد سابیر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەپێی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان كە لە رۆژی 2019/9/2 لە پارێزگای هەڵەبجە بەرێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی بەردەكەوێت: - جێگری پارێزگاری هەڵەبجە - قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە - بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە - 5 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە - 3 بەڕێوەبەری گشتی بەردەكەوێت
درەو میدیا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی تر بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكەن. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە(درەو میدیا)ی راگەیاند: پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی ( كەریم حەمەبۆر كاكەیی) رێككەوتوون بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) كاندیدكردنی كەریم حەمەبۆر كاكەیی دوای ئەوە هاتووە، لیژنە هاوبەشەكەیاندا لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبونەتەوە بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پارتی و یەكێتیش ناڕازیبوون بە دانانی تەیب جەبار و بەراشكاوی وتویانە دەنگی پێنادەن. كەریم حەمەبۆر كاكەیی ئاوەڵزاوی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیە و لە شاری هەولێر دادەنیشێت، بەڵام سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئەوەشی ئاشكراكرد، رەزامەندی پارتیشی بۆ وەرگیراوە، ئاماژەی بە دوو سیناریۆ كرد لە دیاریكردنی كەریم حەمبۆر كاكەیی بۆ پارێزگاری كەركوك: سیناریۆی یەكەم: لەبەر ئەوەی لە كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی یەكێتی و پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژە بەوە كراوە، كە لەرووی یاساییەوە دەبێت(3) كاندید هەبێت بۆ پارێزگاری كەركوك لە ناو ئەنجومەنی پارێزگار، بۆیە نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی هەوڵ ئەدەن دوو كاندیدی تر زیاد بكەن، یەكێك لەو كاندیدانەش كەریم حەمەبۆر كاكەییە، دیاریكردنی بۆ زیادكردنی كاندیدەكانە. سیناریۆی دووەم: بەهۆی ناڕازی بونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەبەرامبەر كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك، یەكێتی و پارتی بیریان لە كاندیدی دیكە كردووەتەوە، چونكە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دژی كاندیدكردنی بوون، بە بیانۆی ئەوەی پرسیان پێنەكراوە لە دیاریكردنیدا. لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019، لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك. وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە: - یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان - پارتی: ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز وەفدەكە بەجیا لەگەڵ ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە. بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە, لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 40 ) رۆژ واتا هێشتا ( 5) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە.
درەو میدیا: د. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت كە" سەردەمی شاخمان بەڕێكرد، لەدەوڵەتانی دنیا ئەنجومەنی حیزبەكان نیە، بۆیە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین كە پەرلەمان و حكومەتە، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی." د. شۆڕش حاجی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەپێی پرەنسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئێمە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان وە لەوەشدا لەگەڵ ئەوەین كەدامەزراوەی هاوچەرخ كە پەرلەمانی كوردستان "مەرجەع" بێت هەم بۆ دەركردنی یاسا و چاودێری كردنی حكومەت وەهەم بۆ باسكردنی هەر مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی یا هەر بەرنامەیەكی تر كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەو سەردەمەمان بەڕێكردووە كە سەردەمی شاخ بوو لە "غیابی" پەرلەمان و حكومەت هەموو حیزبەكان ئەوەی كە پێی دەوترێت ئەنجومەن ئێستا، بەڵام ئەوكات بەرەی كوردستانی بوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی كە ڕوبەڕوی گەلەكەمان دەبوەوە تا یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بین كە ئەوە 28 ساڵ تێپەڕی بەسەر پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە پەرلەمان ببێتە مەرجەع." د.شۆڕش حاجی زیاتر ڕونیكردەوە" مەبەستم ئەوەیە بەرەی كوردستانی لەوكاتەدا گرنگ بوو بۆ یەكخستنی ڕای لایەنەكان بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕی سەردەمی ئێستا، سەردەمی پەرلەمان و حكومەت و هەڵبژاردنە لەدەوڵەتەكانی دنیا ئەنجومەنی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا نیە، من خۆم وەك شۆڕش حاجی لەگەڵ ئەوەم كەسی یەكەم و دووەمی حیزبەكان یا لەناو پەرلەمانی كوردستان یا لەناو حكومەتدا بن لەدەرەوەی دامەزراوەی حكومەت و پەرلەمان هیچ كەس مەرجەع نەبێت، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی." د.شۆڕش حاجی دەڵێت" ئەو حیزبانە دامەزراوەی ڕێكخراوەیی خۆیان هەیە، وە ڕێگای تر هەیە كە ئەو حیزبانە بتوانن بۆچونی خۆیان بگەیەنن ئەویش لەڕێگای نوێنەرەكانیان دەتوانن لەگەڵ ئەو حیزبانەی نوێنەرییان لەپەرلەمان و حكومەت هەیە كۆبننەوە و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان لەسەر پرسەكان بگەیەنن، ڕێزم هەیە بۆ هەموو حیزبەكان بەڵام كاتێك حیزبێك لەو ئاستەدا نەبێت هیچ نوێنەری لەپەلەمان و حكومەت نەبێت ناكرێت ئێمە بچین لەبەر خاتری ئەوان سی ساڵ بگەڕێینەوە دواوە وەكو سەردەمی شاخ یان وەك ئەوەی ئێمە بچین ئەنجومەنێك بۆ هۆزەكانی ئەمەزۆن دروست بكەین."
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف (15) ساڵ لەمەوبەر لە نامەیەكدا داوا دەكات "جەلال تاڵەبانی" دەست لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بكێشێتەوە بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا خۆی تەمەنی (75) ساڵەو جارێكی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە، رۆژی 14ی ئەم مانگە بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێرێت، ئەوانەی دەنگ دەدەن خۆیان وادەی یاساییان بەسەرچووە، بەڵام دەیانەوێت دامەزراوەیەكی تری بزوتنەوەكە لە قەیرانی بەسەرچوون رزگاربكەن. دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ بڕیاردان بوو لەسەر هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكە. دوای كۆبونەوەكە، زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند:" لە سبەینێوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكرێتەوە، دوای داخستنی دەرگای خۆكاندیدكردن، ناوی كاندیدەكان ئاشكرادەكرێتو لە وادەی دیاریكراودا كە 14/9/2019 یە، هەڵبژاردنەكە دەكرێت". دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو ! بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا وادەی یاسایی هەردوو جڤاتی (نیشتمانیو گشتی)، خانەی راپەڕاندن، رێكخەری گشتی بەسەرچووە، بەڵام ماوەی بەسەرچونەكانیان جیاوازە، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە ساڵی 2014وە وادەی یاسایی بەسەرچووە، بەڵام خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی لە رۆژی 25ی تەموزی ئەمساڵەوە وادەكەیان بەسەرچووە. گۆڕان چی دەكات ؟ بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە تەنیا خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی نوێ بكاتەوە، نەك جڤاتی نیشتمانی، ئەمە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی ئەندامانی خانەو رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، واتە دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو (جڤاتی نیشتمانی)، ئەندامانی دامەزراوەیەك هەڵدەبژێرن كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجیێكردنە لەناو حزبدا، كە ئەوەش (خانەی راپەڕاندن)ە. كێ دەنگ دەدات ؟ جۆزیف ستالین سەركردەی كۆچكردووی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەو كەسە گرنگ نییە كە دەنگ دەدات، ئەوە گرنگە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات". بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی ئەو كەسەی نییە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات، چونكە خاوەنی ژورێكە بەناوی هەڵبژاردنو ئەو ژورە پرۆسەكە بەڕێوەدەبات، بەڵام كێشەی دەنگدەرەكانی هەیە. جڤاتی نیشتمانی كە ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی (49) كەسە، واتە ئەم (49) كەسە سەركردایەتی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكەن، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەم ژمارەیە وەكو خۆی دەمێنێتەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت. رۆژی 25ی تەموزی 2017 دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمینجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنو شوێنگرەوەی رێكخەری كۆچكردووی پڕكردەوە، ئەوكات ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (56) كەس بوو، واتە لەنێوان هەڵبژاردنی پێشووو هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (7) كەس كەمی كردووە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، دەكرێت ئەندامانی ئەم جڤاتە ژمارەیان تاوەكو (62) كەس زیادبكرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (49) كەسەی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی كە خانەو رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، زۆرینەیان (سیڤی)یان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا كەسیان پۆستیان پێنەدراوە. بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیان كردووە، باسلەوە دەكەن، هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستە حكومییەكانەوە، دەیانەوێت كاریگەری لەسەر بڕیاری ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دروستبكەن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی خانەو رێكخەری گشتییەوە، ئەوەش هۆكارەكەیە كە تائێستا (سیڤی) ئەو ئەندامانەی جڤاتی نیشتمانی یەكلانەكراوەتەوە كە داوای وەرگرتنی پۆستی حكومییان كردووە، واتە خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستەوە، دەنگدەرەكانی كۆنترۆڵكردووە كە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانین. جڤاتی نیشتمانی چییە ؟ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە "بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا"، ئەندامانی ئەم جڤاتە پێكهاتوون لە: • ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، كە بەپێی دەستور ژمارەیان (7) كەسە، ئێستا (5) كەس ماوەتەوە (عوسمان حاجی مەحمودو محەمەد تۆفیق رەحیم دەستیان لەكاركێشاوەتەوە). • باژێڕوانەكان، ئەمانە بەرپرسی مەكۆكانی بزوتنەوەكەن لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان، گۆڕان (27 بۆ 28) مەكۆی هەیە (چوار باژێڕوان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، باژێروانێك كێشەی هەیە، واتە 5 ئەندامی جڤات شوێنیان بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە). • تەواوكارەكان، ئەمانە مەبەست لەو كەسانەن كە بەتەواوكاری كراون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، بۆ نمونە لە شارێكی وەكو سلێمانیدا كە شارێكی گەورەیە، لەپاڵ باژێڕوانی سلێمانیدا چەند كەسێكی تر وەكو نوێنەری سلێمانی لە جڤاتی نیشتمانی دانراون، بەهەمان شێوە بۆ هەولێرو دهۆكیش، ژمارەی ئەوانەی بە شێوەی تەواوكار بوون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (7) كەسن، بەڵام ئێستا (6) كەسیان ماوەتەوە. • سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقو كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمانە ژمارەیان (5) كەسە. • رێكخەری ژورەكان، بزوتنەوەی گۆڕان (11) ژوری هەیە، ئەم (11) كەسە هەمویان ئەندامی جڤاتی نیشتمانین، بەڵام ئێستا ئەمانەش كێشەیان هەیەو (5) پۆستیان بەتاڵەو پێشتر رێكخەری ئەو ژورانە یان خۆیان وازیان هێناوە، یان لە پۆستێكی تر دەستبەكاربوون یاخود دورخراونەتەوە. • نوێنەری ئەنجومەنەكانی رەوەندی كوردی لە هەندەران، ئەمانە ژمارەیان (3) كەسە، نوێنەرەكانی رەوەندی بەریتانیاو دانیماركو هۆڵەندا، ئەمانەش یەكێكیان وازی لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوەو ئێستا (2) كەسیان ماوەتەوە. • نوێنەری كاروباری رێكخراوەیی ئافرەتان. رێككەوتنێكی پێشوەختە ! بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، بەر لە چەند مانگێك رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (نماو چیا)و رێكخەری گشتیو هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كراوە لەبارەی نەخشەی داهاتووی سەركردایەتی بزوتنەوەكەوە. لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا رۆڵی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • مستەفا سەید قادر: كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە (ئێستا چاوەڕێی دەرچوونی مەرسومی سەرۆكایەتییە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە) • عومەر سەید عەلی: رێكخەری ئێستا بزوتنەوەی گۆڕانو رێكخەری دوو ساڵی داهاتووی بزوتنەوەكە • جەلال جەوهەر: كاندید بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی (ئەم پۆستە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بەوپێیەی پۆستێكی نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستكراوە) • جەمال حاجی محەمەد: پۆستێكی باڵای لە حكومەت پێبدرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، جارێكی تر وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێتەوە (لەم چوارچێوەیەدا پێشتر جەمال حاجی محەمەد دەستی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشایەوە لە بەرژەندی مستەفا سەید قادر) سێ كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەم رێككەوتنە ژێربەژێرەدا پەراوێزخراون، ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (شۆڕش حاجی، رەئوف عوسمان، محەمەد تۆفیق رەحیم). شۆرش حاجی بەمدواییە دەستیكردووە بە نوسینی زنجیرە وتارێكی رەخنەیی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان، رەئوف عوسمان كە سەرۆكی جڤاتی گشتییە، نیگەرانە لە پرۆسەی دیاریكردنی وەزیرەكان، محەمەد تۆفیق رەحیم كە زاوای نەوشیروان مستەفایە، بەهۆی كاندیدنەكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، نیگەرانەو چووەتە دەرەوەی وڵات، (محەمەد تۆفیق رەحیم لە كۆنفرانسی نیشتمانی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕانیشدا بەهۆی ناڕەزایەتییەوە بەشدار نەبوو). محەمەد تۆفیق رەحیم كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وەكو نوێنەری بنەماڵە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، ئێستا لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دوركەوتووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، دورخستنەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە بۆ سێ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە: • هۆكاری یەكەم: دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی رێكخەری پەیوەندییەكانی لەنێوان كوڕەكانی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەبینی، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو مەسرور بارزانی رێككەوتنی كردووەو بۆ ئەم قۆناغە چیتر پێویستی بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیم نییە. • لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی بەهێزی بینی لە روبەڕووبونەوەی ئەو سەركردانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناڕازی بوون لە سیاسەتو چۆنیەتی ئیدارەدانی بزوتنەوەكە، بەدیاریكراوی (عوسمان حاجی مەحمود، قادر حاجی عەلی)، ئێستا ئەم دوو كارەكتەرە وازیان لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوەو لەگەڵ خۆیان كۆتاییان بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیمیش هێناوە. • كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە بۆ ئەم قۆناغە كاریان بە محەمەد تۆفیق رەحیم نەماوە، دەیانەوێت بۆ دەرەوەی بزوتنەوەكە وای نیشان بدەن كە بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بە حزبێكی بنەماڵەییو زاوای نەوشیروان مستەفا كە محەمەد تۆفیق رەحیم دورخراوەتەوەو كاندیدنەكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان. رەنگە محەمەد تۆفیق رەحیم دیارترین كارەكتەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت كە لەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەدا خۆری بەختی ئاوا ببێت. خانەی راپەڕاندن چییە ؟ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا". كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا. 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختەدا) • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی (درەو میدیا) زانیویەتی، رۆژی 12ی ئەم مانگە، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە دامەزراوەیەكی راوێژكارییە، سەرۆكو سكرتێرو بڕیاردەری نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەو كەسەی كە لە شوێنی (رەئوف عوسمان) دەبێت بە سەرۆكی جڤاتی گشتی، یەكەمین كەسە كە كورسی خانەی راپەڕاندنی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خۆی مسۆگەر دەكات. (6) كورسییەكەی تری خانەی راپەڕاندن، رۆژی (14) مانگ لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانیدا یەكلادەكرێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەردەوان لەگەڵ یەكتر ناڕێك بوون لەگەڵ یەكترو پەیوەندییەكانیان بەچەندین هەورازو نشێودا تێپەڕیووە، واتە نەیانتوانیوە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتوو بمێننەوەو بەردەوام لێكترازان رویداوە. نامەكەی "سەید" بۆ "مام" لە سبەینێوە هەر كەسێك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دەیەوێت بۆ پۆستە حیزبییەكان خۆی كاندید بكات كە (7) پۆستە، دەتوانێت لە ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكە فۆرم تایبەت پڕبكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەسەر فۆڕمەكە خانەی تایبەت بە (7) پۆستەكەی خانەی راپەڕاندن هەیە، بە پۆستی رێكخەری گشتیشەوە، هەر كەسێك كە فۆرمەكە پڕدەكاتەوە دەبێت نیشانەی راست لە یەكێك لەو خانانە بدات كە لەبەردەم پۆستەكانی خانەدا دانراون. عومەر سەید عەلی كاندیدی بەهێزو بێ ركابەری پۆستی رێكخەری گشتییە، ئەو یەكەم رێكخەری دوای كۆچی نەوشیروان مستەفایە، لە دوو ساڵی رابردوودا روبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی رەخنەی هەڵسوڕاو و ناڕازییەكانی ناو بزوتنەوەكەی بووەوە. 15 ساڵ لەمەوبەر عومەر سەید عەلی لەگەڵ (7) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناڕازیبوون لە سیاسەتو چۆنیەتی ئیدارەدانی حزبەكەیان، ئەوان لەنامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی حزبەكەیان لە یەكێك لە خاڵەكاندا داوا دەكەن "مام جەلال" دەستبەرداری پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی ببێت بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا "سەید عومەر" خۆی تەمەنی گەیشتووەتە (75) ساڵو بۆ جاری دووەم بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە. "سەید عومەر" دواین كەسی ئەو سەركردانەی یەكێتی بوو كە "مام جەلال"ی بەجێهێشتو رووی لە نەوشیروان مستەفا كرد، بەڵام یەكەم كەس بوو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا متمانەی كوڕەكانی وەرگرت.
درەو میدیا: " كەس دژی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان نیەو دەبێت حیزبەكان خۆیان تەكلیف لە كاك مەسعود بارزانی بكەن بۆ سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە، وە بڕواناكەم كەسیش دژی سەرۆكایەتی كردنی بێت." ئەمە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە كە لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریكا راگەیاندووە. مانگی تەموزی رابردوو (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا بەناوی" بارزانی بەیاسا دەكرێتە مەرجەع" راپۆرتێكی ووردی لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە. بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكانی پێباشە" من پێم وایە هەموو حیزبەكان پێیان باشە و كەس دژی نەبووە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە من یەكەمجار لەگەڵ بەڕێز كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی دانیشتم و ئەو بابەتەم پێشنیار كرد ئەوانیش پێشوازییان لێكرد و وتیان شتێكی باشە." پاساوی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە لای محەمەدی حاجی مەحمود بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە " ڕاستە لەكوردستان سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك لە حیزبەكان لە حكومەتدا نین وە كۆمەڵێكی تریشیان لە هیچیاندا نین، ئێستا زۆرێك لە حیزبەكان چوار ساڵە پێكەوە كۆنەبونەتەوە لەكاتێكدا هەموویان ئامانجیان یەكە و بۆ كورد و دەزگا شەرعیەكان كاردەكەن ئەمانە خۆی بۆی هەموویان وەشتێكی پێویستە كە كۆیان بكاتەوە كە ئەمە ئەنجومەنێكە ڕاوێژكارییە، سیاسیە هەر ناوێكی هەبێت ئەم حیزبانە ماوە ماوە كۆبكاتەوە بۆ تاوتوێ كردنی كێشەكان كە ئێستا كێشەی ئەمریكا و ئێران لەناوچەكەدا هەیە كەكورد لەناوچەكەدا زیانمەند دەبێت دەبێت كورد كۆبێتەوە بزانێت چی بكات؟، خۆ ئەمە شتێكی تازە نیە بۆ نمونە لە ئەمریكا ئەنجومەنی پیران هەیە لە بەریتانیا لۆردات هەیە لە وڵاتانی عەرەبی "ئەعیان" هەیە، خۆ ئەگەر لەكوردستانیشدا شتێكی وا هەبێت كە بتوانێت ڕاوێژكاری لەنێوان حیزبەكاندا هەبێت و نەخشەیەك دابنێن كە بیخەنە بەردەم پەرلەمان و حكومەت ڕەنگە ئەوكات پەرلەمانی كوردستان بتوانێت بە بڕیارك چوارچێوەیەك بۆ ئەو ئەنجومەنە دابنێت." هەندێك ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە ویستی هەندێك كەسایەتی و لایەنە بۆ داتاشینی پۆست و هێنانە پێشەوەی بارزانی وەك مەرجەع؟ محەمەدی حاجی مەحـمود دەڵێت" من پێم وایە بەحوكمی ئەو دۆخی ئێستا هەیە لەناوچەكە "كاك مەسعود بارزانی" دەتوانێت لەقۆناغی یەكەمدا سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات، من واقیعانە بیردەكەمەوە نە وەك حیزبی، نە بەڕقی شەخسی بیردەكەمەوە كوردستان ئێستا بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كێشەمان لەگەڵ عیراق و وڵاتانی هەرێمی هەیە شوێنەواری شەڕی داعش و قەیرانی ئابوریمان هەیە جۆرەها كێشەی تریش جا بۆیە ئەگەر ئەو ئەنجومەنە بتوانێت ئەو حیزبانە هەمووی كۆبكاتەوە ئەوا زۆرباشە، خاڵی دووەم، پێم وانیە كاك مەسعود پێویستی بە پۆست هەبێت خۆ كاك مەسعود ئێستا سەرۆكی هەرێم نیە پادشای هۆڵەندی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاتن، هەموویان ئەویشیان بینی بەبێ ئەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە لەكوردستان واتە بڕواناكەم ئێستا ئەو "مەسعود بارزانی" پێویستی بەوەبێت كەسەرۆكی ئەو ئەنجومەنە بێت بەڵام كورد ئێستا خۆی پێویستی بەچیە و بەكێیە بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە؟ من پێم وایە ئەوكات حیزبەكان دەبێت خۆیان پێشنیار بكەن داوا لەكاك مەسعود بكەن بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە. .من پێم وایە ئێستا زۆر پێویستە سەرۆكایەتی كاك مەسعود بۆ ئەو ئەنجومەنە، چونكە بە حوكمی كەسایەتی و پێگەی حیزبەكەی كە ئێستا گەورەترین حیزبی كوردستانە و نیوەی زیاتری هەموو حیزبەكانی تری هەیە وە خۆشی كەسایەتیەكی دیار و ناسراوە." بەبۆچونی محەمەدی حاجی مەحمود زۆربەی زۆری حیزبەكان ڕازی دەبن كە "مەسعود بارزانی" سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات و وتی" من پێم وایە زۆربەی زۆری حیزبەكان بەسەرۆكایەتی كردنی ؟كاك مەسعود" لەو ئەنجومەنەدا ڕازی دەبن، هەروەك لە ڕاگەیاندنەكانەوە گوێ-مان لێیەتی بۆ یەكێتی نیشتمانی كاتێك من دەستپێشخەریم كرد ئەوان وتیان ئێمە خۆمان لەسەركردایەتی ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەین بەڵام لەگەڵی بوون، وە بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان پێش ماوەیەك داوایان كرد كەدەڵێن با كۆبونەوەی هەموو حیزبەكان بكرێت، كۆبونەوەی حیزبەكانیش دەبێت لە چوارچێوەیەكدا بێت كە ئەو چوارچێوەیە ئەنجومەنەكەیە، بۆیە بەبۆچونی من نەك دەبێت ڕازی بن ئەو حیزبانە ( یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها نەوەی نوێ) بەسەرۆكایەتی كردنی كاك مەسعود لەو ئەنجومەنە بەڵكو دەبێت" تەكلیفی لێ بكەن، من كاك مەسعودیشم نەبینیووە تابزانم ڕازی دەبێت یا نا بەسەرۆكایەتی كردنی ئەو ئەنجومەنە بەڵام ئەوكاتەی حیزبەكان ڕێككەوتن كە داوایان لێكرد ئەوكات دەردەكەوێت ڕازی دەبێت یاخود نا كەسەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات."
درەو میدیا: وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە سكاڵاكاری مامۆستایەك كە لەلایەن پۆلیسێكەوە هێرشی دەكرێتە سەر. بەپێی رونكردنەوەیەكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمیك كوردستان" ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێكەوتی ٢ی٩ی٢٠١٩ پۆلیسێك سەر بە لیوای نەوت و گاز بەناوی (هـ. ع. م. ق) هێرشی كردۆتە سەر مامۆستایەك بە ناوی (ڕ. ر. ك) لەبەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ناوبراو خوێندكارە و لەكاتی ئەنجامدانی ئەزمونە گشتیەكانی پۆلی ١٢ دا گزی (قۆپیە)ی كرووە، مامۆستای ناوبراو یاریدەدەری بەڕێوبەری هۆڵ بووە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتوە، وێرای ئەمە پۆلیسی ناوبراو هەڕەشەی لە چەند مامۆستایەكی دیكە كردووە كە چاودێری هۆڵ بوون لە قوتابخانەی سەگرمە" لە رونكردنەوەكەدا وەزیری پەروەردە بەدواداچونی وورد دەكات بۆ روداوەكە" داوای لە وەزیری ناوخۆ كرد ریكاری پێویست بەرامبەر پۆلیسی ناوبراو بگرنە بەرو وەزیری ناوخۆ فەرمانی كرد كە پۆلیسی ناوبراو دەستگیر بكرێت و دوای چەند كاتژمێركی كەم ناوبراو دەستگیر كرا" لە رونكردنەوەكەدا وەزیری پەروەردە فەرمانیكردوە" بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كە پێویستە ڕۆژی سێشەمە هەستن بە تۆماركردنی سكالا بەرامبەر پۆلیسەكە و بەرێز وەزیری پەروەردە لەم كەیسەدا دەبێتە سكاڵاكار" رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەوە ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێكەوتی ٢ی٩ی٢٠١٩ پۆلیسێك سەر بە لیوای نەوت و گاز بەناوی (هـ. ع. م. ق) هێرشی كردۆتە سەر مامۆستایەك بە ناوی (ڕ. ر. ك) لەبەردەم بینای بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ناوبراو خوێندكارە و لەكاتی ئەنجامدانی ئەزمونە گشتیەكانی پۆلی ١٢ دا گزی (قۆپیە)ی كرووە، مامۆستای ناوبراو یاریدەدەری بەڕێوبەری هۆڵ بووە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتوە، وێرای ئەمە پۆلیسی ناوبراو هەڕەشەی لە چەند مامۆستایەكی دیكە كردووە كە چاودێری هۆڵ بوون لە قوتابخانەی سەگرمە، بەرێز وەزیری پەروەردە لە ساتە وەختی بیستنی هەواڵەكەوە بەدواداچونی زۆر وردی لەسەر ئەو ڕووداوە كرد، هەروەها داوای لە جەنابی وەزیری ناوخۆ كرد ریكاری پێویست بەرامبەر پۆلیسی ناوبراو بگرنە بەر، بەڕێز جەنابی وەزیری ناوخۆ فەرمانی كرد كە پۆلیسی ناوبراو دەستگیر بكرێت و دوای چەند كاتژمێركی كەم ناوبراو دەستگیر كرا، پێش ئەوەیش بەرێز دكتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە پەیوەندی بە بەڕێز (د.هەڤال ئەبو بەكر)ەوە كرد وەك سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و سەرۆكی یەكەی كارگیری پارێزگاری سلێمانی دەربارەی ئەم كەیسە، هەروەها بەرێز وەزیری پەروەردە فەرمانی كرد بە بەڕێزان (م. دڵشاد عمر)كە بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و (م. عمر محمد امین) یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كەپێویستە ڕۆژی سێشەمە هەستن بە تۆماركردنی سكالا بەرامبەر پۆلیسەكە و بەرێز وەزیری پەروەردە لەم كەیسەدا دەبێتە سكاڵاكار. سەرجەم مامۆستایانی بەرێز و خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری سەروەری یاسا و ماف و شكۆی ئەوان دەبین.
(درەو میدیا): پەیجی فەرمیی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" رایگەیاند دادگای 19ی سزا قورسەكانی ئەنكەرە بڕیاری بێ تاوانی سەلاحەدین دەمیرتاشی دەكرد لەو دۆسیەیەی كە دۆسیەی سەرەكییە، بەڵام دەمیرتاش جارێک ئازاد ناکرێت و لەزینداندا دەمێنێتەوە، بەو پێیەی ناوبراو جگە لەم دۆسیەیە، لەدادگای باڵا چەندین دۆسیەی دیکەی لەدژ کراوەتەوە.
(درەو میدیا): ژمارەیەك هونەرمەند پارەیان بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریو هونەری سلێمانی وەرگرتووە، بەڵام كارەكەیان نەكردووە. بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریو هونەر لە پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارینامەیەكدا، هۆشداری بەو هونەرمەندانە دەدات كە پارەیان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری، بەڵام تائێستا كارەكەیان ئەنجامنەداوە. لە نوسراوێكدا كە خۆی ئیمزای لەسەر كردووە، بابەكر دڕەیی یەك مانگ مۆڵەت بەو هونەرمەندانە دەكات كە پارەیان وەرگرتووە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بكەن، بەپێچەوانەوە هەڕەشە دەكات رێوشوێنی یاساییان لەدژ بگرێتەبەر. ئەم نوسراوە دوای ئەوەدێت بەمدواییە ئەندامێكی لیژنەی رۆشنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بابەكر دڕەیی تۆمەتبار كرد بە بەهەدەردانی مینحەی تایبەت بە "پایتەختی رۆشنبیری" كە بڕەكەی (20 ملیار) دینارە، بەڵام دڕەیی تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ ماوەی ساڵێك و 10 مانگە دەست بەكاربووە، بە وتەی خۆی لەماوەی "تەنها 11 مانگیدا 11 هەزار ئیشی كردووە"، پارێزگاری سلێمانی هەموو جوڵەو پێشوازی و ئیمزاو بینینێكی بە كارو چالاكی ئەژماركردووە، بێ ئاوییو خراپی رێگاوبانەكان و وشكبونی باخچەكان و فەوزای سیاسی و ئابوری لە وێنەكانی پارێزگاردا بوونی نیە. بەپێی بەدواداچونێكی( درەومیدیا) لە ماوەی یەك مانگدا پارێزگاری سلێمانی 71 دیدارو پێشوازی ئەنجامداوەو لە 11 كۆڕ و چالاكیدا وتاری هەبووە، بەڵام هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لەكۆی وێنەی چالاكییەكانی پارێزگاردا نیە. وێنەی زۆر و كرداری كەم هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە رۆژی 5ی كانونی یەكەمی 2017 وەك پارێزگاری سلێمانی سوێندی خوارد، كە ماوەی ساڵێك و 10 مانگە لە پۆستەكەیدایە، رەنگە لە مێژووی پارێزگارەكانی سلێمانیدا هیچ پارێزگارێك هێندەی ئەو وتار و لێدوان و وێنەی بڵاونەكردبێتەوە، بەڵام بەردەوام خۆی بە پارێزگارێكی چالاك و ئیشكەر دادەنێت، بەردەوام باس لە پرۆژەو كارو چالاكییەكانی دەكات، كەم بۆنەو مەراسیم هەیە وتاری تێدا نەدات و وێنەی چالاكی و پێشوازی و وتارەكانی بڵاونەكاتەوە، كە زیاتر چالاكی تەشریفاتی و پێشوازی و سەردانی كۆمەڵایەتین كەمترین پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن لە چالاكییەكانیدا دەبینرێت. پارێزگار بە گوێرەی یاسای ژمارە(6)ی وەزارەتی ناوخۆ كە ساڵی 2009 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، فەرمانبەری یەكەمی جێبەجێكردنە لە پارێزگاو بە وەزارەتی ناوخۆوە دەبەسترێتو پێویستە ئەو یاساو پەیڕەو رێنماییو فەرمانانە جێبەجێ بكات كە لە وەزیرەكانەوە دەردەچنو سەبارەت بە مافو خزمەتی وەزیفیش بە پلەی تایبەتی ( بریكاری وەزارەت) دەبێت. پارێزگار لەیەك مانگدا بە پێی بەدواداچوونێكی (درەو میدیا) بۆ كارو چالاكییەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە تەنها مانگی ئابی 2019ی وەك نمونە وەرگرتووە،لە ( 1/8 -31/8/2019) لەو ماویەدا كە تەواوی كارو چالاكیەكانی پارێزگار لە ( پرۆژە، وتار ، پێشوازی، سەردان، كردنەوەی پێشەنگا، سوپاسنامەو رێزلێنان......هتد) لە پەیجی رەسمی پارێزگاری سلێمانی و پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوك بڵاوكردوەتەوە، بەم شێوەیە بووە. - 11 وتاری پارێزگار لە كۆڕو كۆبونەوەو مەراسیم و كردنەوەی پێشانگاو چالاكی جۆراو جۆر - 71 سەردان و پێشوازی لە هاوڵاتیان و چالاكان و هەندێك لە بەرپرسان. پارێزگاری سلێمانی هەموو چالاكییەكی بە ژمارەیەك وێنە لە پەیجی رەسمی پارێزگار بڵاوكردوەتەوە، بەڵام تەواوی ئەو سەردانو چالاكیانەی كە لەماوەی یەك مانگدا ئەنجامی داون، پرۆژەیەكی ستراتیژی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی تێدا نابینرێت،جگە لە سەردان و پێشوازی و بەسەركردنەوەو بەشداریكردن لە چالاكی و پێشەنگا كە كاری ئاسایی رۆژانەی هەر بەرپرس و هاوڵاتییەكە، هیچ كاریگەریەكی لەسەر بەرەو پێشچوونی كار و پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی نەبووە. هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014دا زیاتر لە (240 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا. وێنە راستەقینەكانی سلێمانی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگایەكی گەشەسەندووی زیندووەوە بەرەو پارێزگایەكی پشتگوێخراوی بێ ساحێب هەنگاو دەنێت، خراپی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی پرۆژەی ستراتیژی و خراپی رێگاوبانەكان و زۆربوونی ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ بوەتە وێنەیەكی راستەقینەی ئەو پارێزگایەی كە پارێزگاكەی وێنەی چالاكییەكانی خۆی رۆژانە نمایش دەكات، بەپێی وێنەكانی پارێزگاربێت، سلێمانی كەمترین كێشەو زۆرترین خزمەتگوزاری و پێشكەوتنی هەیە. • خراپی رێگاو بانەكان هۆكاری سەرەكی روداوەكانی هاتوچۆیەو رۆژانە قوربانیانی هاتوچۆ لە زیادبوندایە، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردودا 24 ڕوداوی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیانەوە(5 ) كەس گیانیان لە دەستداوەو( 53 )كەسیش برینداربوون. • شاری سلێمانی و شارۆچكەكانی دەوروبەری بەدەست كەمی و خراپی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند" بەهۆی شكانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە قولەرەیسی بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكانی سلێمانی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بێ ئاو دەبن". • بەشی زۆری باخچەكانی سلێمانی زەردبوون و بەرەو وشكبون دەچن بەهۆی ئاونەدان و بێئاویەوە بەپێی ئامارە رێكخراوەكانی ژینگە تا ساڵی (2018) لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی (564) باخچە و دوو ملیۆن و 500 هەزار درەخت بونی هەبووە، هاوكات لەسەر ئاستی عێراق، شاری سلێمانی زۆرترین باخچەو سەوزایی تێدایە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتیەوە لە دوو ساڵدا دوو هەزار درەخت وشكبوون و مەترسییەكان لەسەر ژینگە و سەوزایی سلێمانی بەرەو زیاتریش دەچێت، چونكە بەهۆی ئاونەدانی دارەكانەوە، لە ساڵی (2016) و (2017) دا ( 2000) دوو هەزار بنەدار وشك بوون. • حزب بەزەقتر لە پێشوو دەستی خستوەتە ناو تەواوی كایەكانی زانكۆ و دامەزراوەكانی حكومەتەوە، ئێستا لەبەرامبەر لاوازی پێگەی پارێزگار، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی رۆڵ دەگێڕێت لە دانان و لابردنی بەرپرسی دامو دەزگاكان. • فەوزایەكی ( سیاسی، كۆمەڵایەتی ، خزمەتگوزاری، ئەمنی..هتد) لە سلێمانیدا هەیە، لەدەستی پارێزگار دەرچووە. ئەرك و دەسەڵاتەكانی پارێزگار لە مادەی 18ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پارێزگار بەرپرسی یەكەی جێبەجێكردنە لە پارێزگاداو لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگادا بەرپرسە لە رووی مافو خزمەتی فرمانییەوە بە پلەی تایبەتی ( وەكیلی وەزارەت) دەبێو لەرووی كارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە وەزارەتی ناوخۆوەو ئەم ئەركو دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات: یەكەم: ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی پارێزگا بە بەشدارییكردن لەگەڵ سەرۆكەكانی فەرمانگە خۆجێییەكانو بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەن. دووەم: جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتی حكومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگادا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان. سێیەم: جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا جێبەجێكراوەكان دەیاندات. چوارەم: نوێنەرایەتی پارێزگا دەكات لەو كۆنگرەو كۆڕو سیمینارانەی كە بۆیان بانگ دەكرێت. پێنجەم: سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەچوونی شوێنە گشتییەكان لە پارێزگاداو پكشنینیان جگە لە دادگاكانو یەكە سەربازییەكانو پاسەوانی هەرێم ( پێشمەرگە)و زانكۆو كۆلیجەكانو پەیمانگاكانی فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی. شەشەم: 1- دەچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێییەكانو تەنسیبكردنیان لەسەر ئاستی پارێزگا، لەوانەی كە لەپەی حەوتەمو بەرەو خوارەوەن لە پەیژەی پلەكانی فەرمانبەریەتی كە لە یاسادا هاتووە لەونەی كە دەپاڵێورێن لە فەرمانگە تایبەتمەندەكانی بەپێی پلانی ئەو میلاكەی لەلایەن پەیوەندیدارەكانەوە پەسەندكراوە. 2- چەسپاندنی فەرمانبەرە خۆجێییەجان لە پارێزگادا لە نێو پەیژەی پلەكانی فەرمانبەریەتی كە لە یاسادا هاتوون. حەوتەم: وەرگرتنی رێكاری كارگێڕییو یاسایی دەرحەق فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێییەكان لەسەر ئاستی پارێزگا. هەشتەم: بەرپرسیاریەەتی دابینكردنی ئاسایشو نیزام لە پارێزگاداو بۆی هەیە فەرمان بدات بە پۆلیسو دەزگاكانی ئاسایش بەپێی یاسا لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەدا بكەن كە لە سنوری پارێزگاكەدا روودەدەن، بەو ناوەی كە سەرۆكی لیژنەی ئاسایشە لە پارێزگادا. نۆیەم: داواكردنی كردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بنكەكانی پۆلیس، دوای پەسەندكردنی ئەنجومەن بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی. دەیەم: پاراستنی ئاسایشو نیزامو مافی هاوڵاتیانو گیانو ماڵو موڵكیانو لەباری نەتوانینی دەزگاكانی ئاسایش لە بەدیهێنانیدا، ئەم كارە دەخرێتە بەردەم وەزیری ناوخۆو بڕێكی پێویست لە هێز بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركانە داوادەكات. یازدەیەم: یەكەم: ناڕەزایەتی دەربڕین لە بڕیارەكانی ئەنجومەن لەم بارانەی خوارەوە دەبێت: 1- ئەگەر سەرپێچی دەستور یان یاسا كارپێكراوەكان بوو. 2- ئەگەر لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەندا نەبوو. 3- ئەگەر سەرپێچی پلانی گشتی حكومەتی هەرێم یان بودجە بوو. دووەم/ پارێزگا بڕیارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەن لەماوەیەك لە 15 رۆژ زیاتر نەبێت لە مێژووی پێڕاگەیاندنی لەگەڵ هۆیەكانی رەخەنە گرتنەكەیو تێبینییەكانیدا. سێیەم: ئەگەر ئەنجومەن پێی داگرت لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەبێ لابردنی ئەو سەرپێچییەی كە پارێزگار دەریخستووە دەبێ بینێرێت بۆ دادگای كارگێڕی بۆئەوەی بڕیاری لێبدات. دوازدەیەم: پارێزگار بۆی هەیە هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكانی یان قایمقام یاخود بەڕێوەبەری ناحیە بدات، هەریەك لە كاروباری یەكە كارگێڕییەكەیدا.
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكاتەوە، بەپێی قسەی هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی. هێمن شێخانی بونی مەرجەع بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست نازانێت و دەڵێت" جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم". شێخانی لەم گفتوگۆیەدا باس لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دەكاتو دەڵێت گۆڕان هێشتا بەتەواوەتی ئەو پۆستانەی وەرنەگرتووە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا رێككەوتنی لەسەر كردووە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو: بەپێی دواین زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە بكات، پێشتر كۆبونەوەتان رەتدەكردەوە، چۆن بوو ئێستا بڕیاری كۆبونەوەتان داوە؟ هێمن شێخانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكێتی خۆی كێشەی هەیە، ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە، بڕیارمانداوە ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستووە هێورببێتەوە، ئەو گرژیانە لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، نە لەبەرژەوەندی ئەو حزبانەدایە كە سەركردایەتییەكەیان لە سلێمانییە، نە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەدایە. درەو: باس لەوە دەكرێت وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گلەییان هەیە لە مامەڵەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ؟ هێمن شێخانی: تا ئێستا ئەوەی كە من لە زاری خۆیانەوە (وەزیرەكانی گۆڕان) بیستومە، هیچ بەربەستێك لەبەردەم كارەكانیاندا نییە، راستە ئەركەكانیان قورسەو سەرەتایە، بەڵام ئەو بەرنامەیەی هەنگاوی بۆدەنێن تائێستا هیچ بەربەستێكیان نەبووە. درەو: ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێوە لە پیرمام لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، ئەو كۆبوەنەوەیە بۆچی بوو ؟ هێمن شێخانی: چارەسەركردنی كێشەی كەركوك خاڵێكی گرنگو جەوهەرییە، دانیشتنەكان دەبێت دوو لایەنەو سێ لایەنە نەبێت، هێزی یەكەم لە پارێزگای كەركوك كە یەكێتییە دەبێت ئەوانیش لە كۆبونەوەكاندا بنو رێككەون لەسەر ئەوەی پشكی كورد چەندەو چۆن پارێزگاری لێدەكەن، هەروەها لە كۆبونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە پشكی 12%ی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا نەهاتۆتە خوارەوە، بۆ نمونە (3) نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە پشكی گۆڕانە، بەڵام تائێستا دیاری نەكراوە بۆ كام وڵاتەیە. درەو: رێگری هەیە یان رۆتینیە رێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی هەمووی جێبەجێنەكراوە ؟ هێمن شێخانی: نا.. نا رێگری نیەو من تا ئێستا هیچ رێگرییەكم نەبینیوە، پێشم وانیە رێگری هەبێت، ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ كراوە كۆتا كۆبونەوە دەبێت بۆ رونكردنەوەی زیاتری پشكی گۆڕان لە حكومەت. درەو: رەخنەی ئەوەی لە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت، كە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام لە پارتی نە سەرۆك و نەجێگری سەرۆك ئامادە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ نەبوون ؟ هێمن شێخانی: بەرای ئێمە پرسەكە بەتایبەت پرسی كەركوك ئەوەندە گرنگە، لای ئێمە ئەگەر پۆستی لەسەرو كاك عومەریشەوە هەمانبوایە دەماننارد، واتا پرسەكە گرنگە، گرنگە ئەوەیە ئێمە پەیامەكە بگەیەنین هەوڵەكە بدەین، ئامانجەكەمان بپێكین، ئەوەی ئەوان كەسی یەكەمیان نەناردووەو ئێمە كەسی یەكەم چووە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە كەسی لەسەرو كاك عومەرییشەوە هەمان بوایە دەماننارد. درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كەی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ؟ هێمن شێخانی: لە 14ی مانگ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دەكرێت بە رێكخەریشەوە. درەو: ئامادەكاری كراوە، رێوشوێنو هەنگاوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە گیراوەتەبەر ؟ هێمن شێخانی: بەڵێ، ئامادەكاری كراوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە. درەو: گۆڕانكاری دەكرێت لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا ؟ هێمن شێخانی: دەرگای گۆڕانكاری لە 100% دەكرێتەوە، ئەو ئەندامانەی كە دەردەچنەوە پەیوەندی بە دەنگدانی جڤاتی نیشتیمانییەوە هەیە كە دەنگی پێدەدرێتەوە، بەڵام بەتەئكید گۆڕانكاری لە خانەی راپەڕاندن دەكرێت. درەو: گۆڕانكارییەكە رێكخەری گشتیش دەگرێتەوە ؟ هێمن شێخانی: من ئەوە نازانم، چونكە من ئێستاش نازانم كێن ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین ؟ درەو: عومەر سەید عەلی بۆ ئەم خولەش وەكو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەمێنێتەوە ؟ هێمن شێخانی: باوەڕ بكە تائێستا نازانم ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین كێن، ئەزانم كەسی شیاومان هەیە، بەڵام نازانم كاندیدەكانی رێكخەری گشتی كێن. درەو: جگە لە عومەر سەید عەلی كەسی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كاندید دەكات ؟ هێمن شێخانی: ئەوەی خۆم تەوەقوعی دەكەم لە كاندیدێك زیاتر هەیە بۆ رێكخەری گشتی. درەو: ئێستا باس لە بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەكرێت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، رای بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە چییە ؟ هێمن شێخانی: رای خۆمو بەشی زۆری ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیش ئەوەیە كە تاكە مەرجەعی ئێمە خودی بەرنامەكەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، لە رابردوودا ئەو بووەو بۆ ئێستاو داهاتووش هەر ئەوە مەرجەعمانە، هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆمان نازانین. من وەكو هێمن، جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم. درەو: ئێوە بوونی مەرجەعێكی سیاسی بە زیان بۆ هەرێمی كوردستان دەزانن ؟ هێمن شێخانی: مەرجەع پێویست نیە، پێموایە گرفتو كێشەكان قوڵتردەكاتەوە.
درەو میدیا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئابی 2019 (111)ملیۆن و (706)هەزارو (151) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (6) ملیارو (341) ملیۆن و (553) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (56.770)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئاب لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (106)ملیۆن و (520)هەزارو (44) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 253 ) هەزارو ( 665 ) بەرمیل هەناردەكراوە .
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕفعەت زیاتر لە 20 رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن "بە گەشتێكی خێزانی چوەتە دەرەوە"، بەڵام تائێستا نە سەرۆكایەتی هەرێمو نە میدیاكانی خۆیو حزبەكەی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە. دواین دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە بوو، كە بەشداری چالنجی نەمامناشتنی كرد، یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەو دەكەن، بۆ ئەوەی مەرسوم بۆ دەستبەكاربوونی دوو جێگرەكەی دەربكات. كورتەیەك ئەمڕۆ نزیكەی (100) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە، لەدوای مەسعود بارزانی مامییەوە، دووەم سەرۆكە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا. رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی دوای (12 ساڵ) كورسی سەروكایەتی هەرێمی چۆڵكردو دەستی لەكاركێشایەوە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسایەك لە پەرلەمان دابەشكرا بەسەر (سەرۆكایەتی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری)، ماوەی نزیكەی دوو ساڵ دوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، تا ئەو كاتەی 28ی ئایاری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم هەڵبژێردرا. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005 دروستكرا، لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی، هەرێمی كوردستان تەنیا یەك سەرۆكی هەبوو كە ئەویش مەسعود بارزانی بوو، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەهۆی هەمان رێككەوتنەوە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە یەكێتی بۆ ماوەی دوو خول پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە بەراورد بە دامەزراوەكانی تر لەدوای دروستبوونییەوە زۆرترین كێشمەكێشو مشتومڕی لەسەر بووە. كێ سەرۆكە ؟ شكستهێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، تەنیا پێگەی سیاسی هەرێمی لە ئاستی عێراقو ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو كاریگەریشی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی پارتیو بنەماڵەی بارزانی دروستكرد. لەدوای ریفراندۆم مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی جێبەجێكرد كە وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەركەوتوو نەبوو ئامادەم سەری خۆمی لەسەر دابنێم"، بارزانی سەری سیاسی خۆی داناو دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە. تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوەو پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرسو نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردانو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانیدا، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییەو هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە. رەنگە كەناڵی (رووداو)و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕو توڕەیی بارزانی مام بپارێزن، میدیا فەرمیو سێبەرەكانی تری پارتیش هەمان دەستەواژە بۆ بارزانی بەكاردەهێنن. ئێستا بەپێی ئەوەی لە میدیاكانی پارتیدا دەردەكەوێت، هەرێمی كوردستان دوو سەرۆكی هەیە. بەراوردكارییەك دوای سوێندخواردنییەوە، ماوەی (80) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، لەم ماوەیەدا ئەوەی لە میدیای فەرمییەوە بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی تەنیا (25) چالاكیو دیداری سیاسی هەبووە كە زۆرینەیان نوێنەرو كونسوڵی وڵاتان بوونو دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم بۆ پیرۆزبایی سەردانیان كردووە، لە هەمان ماوەدا مەسعود بارزانی كە هیچ پۆستێكی فەرمی حوكمی نییەو تەنیا سەرۆكی پارتییە (27) دیدارو سەردانی سیاسی هەبوو. بەپێچەوانەی رۆژانی دوای شكستی ریفراندۆمەوە كە ئەستێرەی بەختی نێچیرڤان بارزانی درەوشایەوە، لەسەرەتای ئەمساڵ بەر لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی "بارەگای بارزانی" راگەیاند، لەوكاتەوە ئەم بارەگایە شوێنی بارەگای سەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوەو هەموو وەفدە سیاسییە باڵاكان لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێم كوردستان دەبێت سەردانی پیرمان بكەنو لەو بارەگایە لەنگەر بگرن، واتە لەپاڵ دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمدا بارەگای بارزانی بووە بە دامەزراوەیەكی تر كە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) كە پێشتر لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هەوڵ هەیە لە داهاتوودا بارەگای بارزانی بەپێی یاسا بكرێت بە بارەگایەكی فەرمی (سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم). سەرۆكێكی بێ بارەگا نێچیرڤان بارزانی ماوەی دوو مانگو 20 رۆژە وەكو سەرۆكی سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام تائێستا بارەگای نییەو كۆبونەوەی دیدارەكانی لە ماڵەكەی خۆیدا دەكات لە شاری هەولێر. مەسعود بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا نە دەستبەرداری دەستەواژەی "سەرۆك" بووەو نە "بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم"ی رادەستكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەناو شاری هەولێر نۆژەنكردوەتەوەو دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بباتە ناو ئەو بینایەوە، پرۆسەی نۆژەنكردنەوە لەگەڵ دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانییەوە دەستیپێكردووە، بەڵام نازانرێت بۆچی تائێستا بارەگای سەرۆكایەتی نوێی هەرێم نەكراوەتەوە. بەپێی هەمواری نوێی یاسایی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی نوێی هەرێم دوو جێگری دەبێت، یەكێكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە (مستەفا سەید قادر)، ئەوی تریان سەربە یەكێتییە (جەعفەر شێخ مستەفا)، تائێستا هیچ یەكێك لەم دوو جێگرە بەفەرمی دەستبەكارنەبوونو مەرسومی سەرۆكایەتییان بۆ دەرنەچووە، واتە ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە لە هەرێمی كوردستان هیچ شوێنگرەوەیەكی یاسایی نییە. نێچیرڤان لە كۆنگرەی 14 دا پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای دروستبوونی لە ساڵی 1946 تاوەكو ئێستا تەنیا (13) كۆنگرەی كردووە، دواین كۆنگرەی پارتی لەساڵی 2010 دا بوو واتە كۆنگرەی حزب زیاتر لە دوو خول دواكەوتووە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمساڵ هەموو ئەو حزبانەی ئاگاداركرد كە كۆنگرەیان دواكەوتووە، دەبێت كۆنگرەی بكەن، ئەگەرنا ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن. لە كۆنگرەی (13)دا بە بێ دەنگدانو بە تەزكیەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی كرا بە (جێگری سەرۆكی پارتی)، بەڵام هەر لەو كۆنگرەیەدا هەموو دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی دورخرانەوە. دیارنییە پارتی بەمزوانە كۆنگرەی (14) دەكات یاخود نا، بەڵام بەتەماشاكردنی هاوكێشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی، دەردەكەوێت كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەیەكی ئاسان نابێت بۆ نێچیرڤان بارزانی.
راپۆرتی: درەو میدیا میدیاكانی توركیا هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی (سەعدوڵا ئەرجین)ی، وەزیری پێشوتری داد_یان لە پارتی دادو گەشەپێدان بڵاوكردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە دەستلەكاركێشانانەوەدا كە بەم دواییە بەرۆكی دادو گەشەپێدانی گرتووە، كە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ئەرجین، پرسی دەستلەكاركشانەوەكانی لە ناو پارتی دادو گەشەپێدان كردۆتەوە باسی گەرمی میدیاكانی توركیا، بە جۆرێك مانشێتی ڕۆژنامەكانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو باسیان لە دەستلەكاركێشانەوەی (بەشیر ئاتالای و حسێن چیلیك و نیهاد ئەرگۆن) كردوە لە پارتەكەی ئەردۆغان، كە پێشتر وەزیر بوون، ئەوەش بەو مانایە دێت پارتی دادو گەشەپێدان دووچاری خوێن بەربوونێكی ڕاستەقینە بووە. پارتی دادو گەشەپێدان لەساڵی ۲٠٠۱ دا لەسەر داروپەردوی پارتی فەزیلەی ئیسلامی دروستبوو، كە لە ۲۲ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە بڕیارێكی دادگای دەستوری توركیا هەڵوەشنیرا. پارتەكەی ئەردۆغان كە ڕۆژی ۱٤ی ئەم مانگە یادی دامەزراندی ۱۸ ساڵەی كردەوە، خاوەنی ۹ ملیۆن ئەندامە، بەوەش بە گەورەترین پارتی توركیا دادەنرێت. هاوپەیمانێتیە نوێكان و پارتی جێگرەوە ئۆكتای یەڵماز شرۆڤەكاری سیاسی پێیوایە، دەستلەكاركێشانەوەكان دەبێتە مایەی شڵەژاندنی ئەردۆغان، یەڵماز كە قسەی بۆ پێگەی ئەلەكترۆنی كەناڵی حورە كردووە، ئاشكرایكردووە، ئەندامە جیابۆوەكانی دادو گەشەپێدان، نیەتی دروستكردنی پارتێكی نوێیان هەیە لەسەر داروپەردوی پارتی دادو گەشەپێدان. ئەوەشی وتوە، ڕۆژنامەكانی توركیا زانیارییان سەبارەت بە (عەلی باباجان) وەزیری ئابوری پێشوی توركیا بڵاوكردۆتەوە كە سەركردایەتی شەپۆلی دەستلەكاركێشانەوەكانی ناو دادو گەشەپێدان دەكات، بە هاوكاری كۆمەڵێك كەسایەتی دیارو چالاكی ناو شانۆی سیاسی ئەو وڵاتە، بیر لە دروستكردنی پارتێكی نوێ دەكەنەوە، كە عەبدوڵا گویل_ی سەرۆكی پێشوتری توركیاش پشتیوانی دەكات. ڕۆژنامەی (یەنی چاغ)ی، توركی بڵاوكردۆتەوە، وەزیرەكانی پێشوی پارتی دادو گەشەپێدان بڕیاریانداوە پەیوەندی بكەن بە (سەعدوڵا ئەرجین) و ئەو پارتە نوێیەی بڕیارە دروستبكرێت، بەبێ ئەوەی ناویان بێنێت. تەئكیدیشی كردووە، دەستلەكاركێشانەوەكان لەلایەن (عەبدوڵا گویل و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان)وە، پشتیوانی دەكرێن. پەتاكە سوپاشی گرتۆتەوە میدیاكانی توركیا هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ٥ جەنەڕاڵی سوپایان بڵاوكردەوە، بەوتەی هەندێك سەرچاوەش ئەو جەنەڕاڵانە دەستیان لەكارنەكێشاوەتەوە بەڵكو داوایان كردووە خانەنشین بكرێن. میدیاكانی توركیا داوای ئەم ٥ جەنەڕاڵەیان وابەستەی جوڵەكانی ئەردغان كردووە لە سوریا، بەوپێیەی هەر ٥ جەنەڕاڵەكەی سوپا لەچوارچێوەی ئەو تیمەدان كە سەركردایەتی پرۆسەكانی توركیا دەكەن لەناو خاكی سوریا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا، لەسەر ئاستی كوردستان كاندیدی ژمارە یەك بوو، بەڵام چارەنوسی سیاسی لەلایەك كەوتوەتە ناو هەڵدێری ململانێی نێوان ئامۆزاكانەوە (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی)، لەلایەكی تر ململانێی ناوخۆییەكانی حیزبەكەی، ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی نادیارن، هەوڵێك هەیە لە كۆنگرەدا بەرپرسیارێتی پاشەكشێی یەكێتی بخرێتە ئەستۆ، ئەمە چیرۆكی قوباد تاڵەبانییە. كابینەیەكی ناسەقامگیر ماوەی 50 رۆژی تەواوە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووەو دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا كابینەكە بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووەو (6) پۆست هەن كە پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆست هەن كە پڕكراونەتەوەو كێشەی دەسەڵاتو ئەركیان هەیە. پۆستە پڕنەكراوەكان بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن: • پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی. • پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە. • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو (شوان قلیاسانی و جەلال جەوهەر) كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. • پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێتو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات. پۆستە كێشە لەسەرەكان جگە لەو (6) پۆستەی كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە، چەند (2) پۆستێكی تر هەن لە كابینەی نوێدا كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی)و پۆستی وەزیری هەرێم (خالید شوانی). قوباد تاڵەبانی چارەنوسی نادیارە قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جاری دووەم لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە، پۆستێك كە ئێستا كێشەی دەسەڵاتی هەیە. تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا. قوباد تاڵەبانی دەنگی زۆری هێنا، بەڵام دەسكەوتی كەمی چنییەوە، ئەو ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیارنین، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكەوتووە، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە كە كابینەی پێشوودا دەسەڵاتی زۆری بە قوباد تاڵەبانی دابوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت نایەوێت هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەسرور بارزانی پێدانی دەسەڵات بە جێگرەكەی وەكو تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێم تەماشادەكات، سەرباری ئەوە قوباد تاڵەبانی خستوەتە لیستی دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانییەوە، كە لەم كابینەیەدا هەمویان دورخراونەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی حكومەتی سلێمانی مامەڵەی دەكردو جڵەوی هەموو بڕیارو خەرجیو داهاتەكانی زۆنی سەوزی كۆنترۆڵكردبوو، تەنانەت لێپرسینەوەی لە بەرپرسانی ئیدارەی زۆنی سەوز دەكردو لە ئاستی هەرێمی كوردستانیشدا رۆڵی دیاری لە جموجوڵی دارایدا هەبوو. بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی حزبەكەی (یەكێتی) تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە "تەنیا جانتا بۆ نێچیرڤان بارزانی هەڵدەگرێت"، قوباد تاڵەبانی سودی لە پەیوەندییە دۆستانەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بینی بۆ جڵەوكردنی دەسەڵات لە زۆرنی سەوز، بەڵام پێناچێت لەگەڵ مەسرور بارزانیدا بتوانێت هەمان رێگا تاقیبكاتەوە. چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، قوباد تاڵەبانی نیگەرانە لەوەی لە كابینەی نوێدا تائێستا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، تا ئەو رادەیەی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری حزبەكەی كردووە، ئەو لە حكومەت بكشێنیتەوەو لە دەرەوەی حكومەت بمێنێتەوە. سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلە لەوەدەكەن، قوباد تاڵەبانی نیگەرانەو دەوام ناكات، بەڵام سەمیر هەورامی وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی ئێستا سەرقاڵی كاركردنی خۆیەتی لە ئەنجومەنی وەزیران. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیدا كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ببەسرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە لە پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی بدرێت، هەندێك لە جەمسەرەكان ناو یەكێتی كادیرانی حزبیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا رەخنەی توند لە ئەدای كاركردنی قوباد تاڵەبانی بگرن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو بەرپرسیارێتی پاشەكشێتی یەكێتیو خراپی خزمەتگوزارییەكانو ناڕەزایەتییەكانی زۆنی سەوز دژ بە یەكێتی بخەنە ئەستۆی ئەو. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو یەكێتی هەوڵێك هەیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی بڕیاری پاشەكشێكردن بدات لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، بڕیاری كشانەوەكەی لەلایەن جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییەوە دوابخرێت بۆ ساڵێك دوای دەستبەكاربوونی، چونكە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوەی ساڵێكی دیاریكردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی نوێنەرەكانی یەكێتی لە حكومەت، ئەوانەی ئەم داواكارییە دەكەن دەیانەوێت كشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە حكومەت وا لێكبدرێتەوە كە لە هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی سەركەوتوو نەبووەو لە پۆستەكەی لابراوە، نەك خۆی داوای كشانەوەی كردووە. لەناو یەكێتی هەندێك ناڕەزایەتی تر لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە هەیە، هەندێك لە یەكێتییەكان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەهۆی پەڵپگرتنی قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت، یەكێتی ژمارەیەك پۆستی تری لە كابینەی نوێدا لەدەستداوەو زیانی بەركەوتووە، كەچی ئێستا قوباد تاڵەبانی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت. سەرباری ئەم كێشانە، هێشتا قوباد تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی دڵیان لای یەكترە، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزانو دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی بەهەر هۆكارێك ئەگەر ئەو لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لە شوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن. نێچیرڤان بارزانی خوازیار بوو یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات، (عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەبووە. بەڵام ئەم رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بۆیە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆلای نێچیرڤان بارزانی ئەگەرێكی لاوازە، هەرچەندە باسلەوە دەكرێت (جەعفەر شێخ مستەفا) كە كاندیدكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هێشتا دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووەو ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، واتە دڵنیا نییە لەوەی پۆستەكەی پێدەدرێت یاخود نا. خالید شوانی چاوەڕوانە ! پۆستی وەزیری هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (خالید شوانی) پۆستەكەی وەرگرتووە، یەكێكی ترە لەو پۆستانەی كابینەی نوێی حكومەت كە پڕكراوەتەوە بەڵام كێشەی لەسەرە. هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان یەكێتیو پارتی كراوە، دەبوو ئەم پۆستی ناوی لێبنرایە (وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد)، بەڵام بەرپرسانی پارتی رەتیدەكەنەوە رێككەوتنی لەوجۆرەیان كردبێت. لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەت، وەفدی حكومەتی هەرێم یەكجار سەردانی بەغدادی كردووە، ئەوجارەش خالید شوانی لەناو وەفدەكەدا نەبوو. لە كابینەی نوێی حكومەتدا (3) پۆستی وەزیری هەرێم هەیە، پارتیو یەكێتیو پێكهاتەی توركمان هەریەكەیان پۆستێكیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا وەزیرەكەی پارتی ناونیشانی بۆ دیاریكراوە كە (ڤالا فەرید)و پۆستی وەزیری هەرێمی بۆ كاروباری حكومەتو پەرلەمان پێدراوە، خالید شوانیو ئایدن مەعروف لە پێكهاتەی توركمان وەزارەتەكەیان هیچ ناونیشانێكی وەزیفی بۆ دیارنەكراوە، یەكێتی داوا دەكات پۆستەكەی (خالید شوانی) بكرێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەولێرو بەغداد، پێدەچێت ئەم ناونیشانە كێشە بۆ پۆستەكە دروستبكات لە داهاتوودا. پۆستێك لە مەرجی گۆڕاندا سەرباری ئەو پۆستانەی كە پڕنەكراونەتەوەو ئەو پۆستانەی كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان لەسەرە، پۆستێكی تر هەبوو كە لە كابینەی نوێدا كێشەی دروستكرد، ئەویش پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی) بوو. ئەم پۆستە بڕیاربوو بدرێت بە (رێباز حەملان) وەزیری داراییو ئابوری كابینەی پێشووی حكومەت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان دژی دانانی ئەو پۆستەو كاندیدكردنی رێباز حەملان وەستایەوەو پارتی بە مەرجەكەی گۆڕان قایل بوو. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر دوو هۆكاری دژی دانانی رێباز حەملانو پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بووە بۆ كاروباری دارایی، یەكەم: رێباز حەملان پێشتر سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بووەو وازی لە بزوتنەوەكە هێناوە، دووەم: پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری دارایی لێدانو كەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزیری داراییە كە لەم كابینەیەشدا سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە (ئاوات شێخ جەناب). بەهۆی ناڕەزایەتی گۆڕانەوە پارتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی لابردو پێناچێت تا كۆتایی هیچ كەسێك ئەم پۆستە وەرگرێت، رێباز حەملان هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانیو چاوەڕوان دەكرێت وەكو راوێژكاری لە سەرۆكایەتی هەرێم دابنرێت.
درەو میدیا: سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە شاری كەركوك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند: ئەمرۆِ هێزێكی حەشدی شەعبی (130) خێزانی داعشی لەكەمپێكی نزیك كەركوك نێشتەجێكرد. سەرچاوەكە وتی خێزانەكانی داعش لە كەمی یەكی ناحیەی لەیلان لە كەركوك جێگیركراون، كە پێشتر ئەم كەمپە لەسەردەمی شەڕی داعشدا ئاوارەی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و نەینەوا تێدا نێشتەجێكرابون. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ژمارەی ئەو كەسانە كە كەسوكاری داعشن و ئەمڕۆ جێگیركراون ژمارەیان ( 504) كەسەو مەترسی هەیە ئەم خەڵكانە لە كاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەی تایبەت بە دەنگدانیان بۆ بكرێت و بەشداری لە هەڵبژاردنیان پێبكرێت لە بەرژەوەندی لایەنێك، كە لەكاتێكدا بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان هەر كەسێك دەتوانێت بە دوو بەڵگە دەنگبدات. بە پێی نوسراوێك كە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140ی لەسەرە لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، هێنراون بۆ پارێزگای كەركوك .