Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود یەكێك لە دەركەوتەو ئاماژە دیارەكانی گۆڕانی هاوكێشەی هێز لە هەرێمی كوردستان، دانانی "مەرج"و "پڕكردنەوەی بەڵێنامە"یە لەلایەن (پارتی دیموكراتی كوردستان)ەوە، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە لایەنەكانی تر، تا بەشداربن یان "بەشدارییان پێبكرێت" وەكو بەرپرسێكی (پارتی) دەڵێت لەكابینەی (9)ی نوێی حكومەتی هەرێم. ئەمە بەهەموو پێوەرەكان پێشهاتێكی بێپیشینەو تازەیە لە پرۆسەی سیاسی‌و ژیانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، كە بەمانای دەستپێكی قۆناغی لاسەنگی‌و كۆتایهاتنی سەردەمی هاوسەنگی هێز دێت. پارتی جاران‌و پارتی ئێستا! لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی (8) دا، كە بە "حكومەتی بنكەفراوان" ناسرا، (پارتی) نەك هەر بەوشێوەیەی ئێستا "بێمنەت" نەبوو، بەڵكو هەوڵی زۆریدا بۆ بەشداریكردنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، بەتایبەت (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) كە بە هێزەكانی (ئۆپۆزسیۆن) ناسرابوون، تەنانەت سازشی زۆریشی بۆ كردن تا قایلیان بكات بە بەشداری. "بە ڕۆژ لەحكومەت.. بەشەو ئۆپۆزسیۆن" پێدەچێت (پارتی) زۆر بەوردی ئامادەكاری بۆ قۆناغی ئایندە كردبێت، لەئێستاوە بێ پێچ‌و پەنا ئەوە بەگوێی هەموو لایەنەكاندا دەدات "حكومەتێكی بێ كشەو پەرلەمانێكی بی سەرئێشەی" دەوێت‌و "ئەزمونی ڕابردوو دووبارە ناكاتەوە"، زۆریشی لە كەس نیە بۆ بەشداری، بگرە بەپێچەوانەوە هەر لایەنێك بەنیازی بەشداربێت دەبێت سەرەتا بەڵێنی "بێدەنگی"بدات‌و پەرلەمانتارەكانیشی "گوێڕایەڵ" بن و،  پەرلەمان نەكە مینبەری " ئۆپۆزسیۆنبوون". گەیاندنی زیاد لەجارێكی ئەم پەیامە لەڕێی (عارف تەیفور) بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی‌و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بێ "مەغزا"نیە.  ئەو بەرپرسەی پارتی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) بەڕاشكاوی دەڵێت"پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومەت، كە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەیە ئەمجارە لە حكومەت نەبن‌و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یان پەرلەمانتارەكانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەكانیان لە حكومەت بیگەیەنن بە حكومەت، نەك پەرلەمان بكەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبوون". (عارف تەیفور) تەئكیدەدەكات"دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لە لایەنەكان وەربگیرێت، وە پابەند‌و مولەتەزیمیش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێكیش ئامادە نەبوو ئەو بەڵێنە بدات، ئەوا ئامادەنین بەشداری حكومەتیان پێبكەین، ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە". (عەلی حوسێن) بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی‌و عێراقییەكانی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی حزبكەی وتووە" هەر حزبێك بیەوێت بێتە حكومەتەوە، دەبێت بەفیعلی لە پرۆسەی حكومەتداریدابێت‌و، ناكرێت پێیەكی لە حكومەت و پێیەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت. بەرنامەو بەڵێنەكانیان چی بەسەردێت؟ لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە چاودێران بەمافی (پارتی) دەزانن، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز‌و خاوەن دیدێكی هاوبەش بدات وەك هێزی یەكەم كە بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەت‌و حوكمڕانی بۆ چوارساڵی ئایندە دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام پێیانوایە، هەوڵدان بۆ بێدەنگردنی پەرلەمان‌و كردنی بە بەشێك لە سەفقەو ڕێككەوتنی لەتكردنی كێكی حكومەت، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی‌و وەزیفەی ڕاستەقینەی پەرلەمان دەبێت، كە خۆی لە خۆیدا ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەوەی وەك پێویست ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوەو، هێزەكانیش هەر یەكەو بەجۆرێك لەهەیبەت‌و شكۆی ئەو دامەزراوە گرنگەیان كەمكردوەتەوە، كە باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمە.  پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئاخۆ لایەنەكان بە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یشەوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی لیستێك لە "مەرج" وەك پسوڵەی بەشداریی لە حكومەت؟ لەكاتێكدا لە ڕابردوودا (پارتی) هەوڵی زۆریداوە بۆ بەشدارییان‌و ئەنجامەكەی بۆ (یەكێتی) بۆڵەبۆڵ‌و هەستكردنی بەردەوام بە مەغدوری، بۆ (بزوتنەوەی گۆڕان) دورخستنەوەو، بۆ هێزەكانی تریش پەراوێزخستن، ئاخۆ ئەمجارە كە (پارتی) "بێمنەتە" لە بەشدارییان، ئەبێ‌ حاڵیان چۆن بێت لەكابینەی داهاتووی حكومەت ؟ كە كردنەوەی دەرگای چونە ژورەوەی بە "مەرج"و "پڕكردنەوەی   بەڵێننامە" دەستپێدەكات.  


(درەو میدیا): ژمارەیەك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە وڵاتانی ئەوروپا، پرۆژەیەكیان بەناوی ""پرۆ گۆران" ئاراستەی رێكخەر و خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانكردووە. كۆپییەكی پرۆژەكە دەست (درەو میدیا) كەوتووە كە تێیدا ئاماژە بە كێشە‌و هۆكاری دابەزینی ئاستی جەماوەریی بزوتنەوەی گۆڕان كراوە. بەشداربوانی پرۆژەی "پرۆ گۆڕان" داوای دانوستان‌و گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ جڤاتی نیشتمانی‌و خانەی راپرەاندن پرۆژەیەكیان ئامادەكردووە‌و وەكو خۆیان دەڵێن" ئەم پرۆژەیە لەڕێی خوڵقاندنی فشاری گەورەی ناوخۆییەوە رێ لەو تاقمە بگرێ كە مەرامی وایە، پێكهاتەیەكی گەورەی وەك بزوتنەوەی گۆڕان بكا بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی". دەقی پرۆژەكەی رەوتی "پرۆ گۆڕان": پڕۆگۆڕان پرۆژەی کۆبونەوەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەوروپا ٢٠ - ٢١/١٠/٢٠١٨، لاهای – هۆڵاند پێشەکی: کۆمەڵێک لەهەڵسوراوانی گۆڕان لەوڵاتانی ئەوروپا، لەڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەشاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەند کۆبونەوە بۆلێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان. کۆبونەوەکە لەئاکامی باسکردنێکی چڕوپڕ، دەستی لەسەر زامەکانی بزوتنەوەکە لەبوارەکانی رێکخراوەیی، سیاسی، پەیوەندییەکان، کارگێری و دارایی و جەماوەری دانا. لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی رۆچونێکی مەترسیدار بۆتەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەرو دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە، گۆڕان تاچەند ساڵێک لە مەوبەر وزەی سیاسی و رۆشنبیری و ئومێدی بە گەنجان دەبەخشی ئێستا وزەو تواناکانیان فەرامۆش دەکات و بەئاراستەی نادروستدا دەیان بزوێنن و لەئومێد بێبەریان دەکات، ئێستا سەروەری و سەربەخۆیی گۆڕان کەوتۆتە گێژاوی میزاجی جیاجیای ناو بزوتنەوەکە و دەرەوەشی، بۆیە لەبریارداندا تەریک کەوتوە و نازانرێت لەژێر چ کاریگەریەکدا بریاردەدرێت، هەربۆیەش لەزۆربەی روداوە سیاسیەکاندا پێگەو هەڵوێستی گۆڕان ناڕون و ناجێگیرو تەماویە، گۆڕان ئێستا لە بازنەکانی گوتارێکی سیاسی چەقبەستوی بێ کاریگەردا دەخولێتەوە بێئەوەی بتوانێت دیدگایەکی ڕونی  بۆ ئایندە و ئەڵتەرنەتیڤەکان هەبێت . لە مێژە، لێرە و لەوێ، تاوە ناتاوێ، ئەم ‌و ئەو بەتاك‌ و کۆ بەرەخنە، نامە، یادداشت، پێشنیاز، گفتوگۆی رووبەڕو.. هەوڵی باشکردنی ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان یان دەدا. نەبونی وەڵام و وەڵامی ناتەواو، یا فەرامۆشکردن ئاکامی ئەو هەوڵانە بو تا کار بە نوچدانە گەورەکەی بزوتنەوەکە گەیشت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق‌و هەرێمی کوردستاندا. تەواو راستە کەدەرچەی ژمارەی کورسیەکان بەری تەزویری هێزە دەسەڵاتدارەکان بو؛ بەڵام ئەم راستیە، راستیەکی رەونەقتر، ناشارێتەوە ئەویش ناتوانایی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بو لەئیدارەدانی گشتی بزوتنەوەکەدا! هەوڵەکانی رابردو بۆ باشکردنی ئەدا بو؛ بەڵام ئەم پرۆژەیە ( پرۆژەی گۆڕان - پرۆگۆڕان) بۆ بەهاناوەهاتنی بزوتنەوەکە هاتوە لەرۆچون لەسەر دەستی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕاندا کە هەم ئۆباڵی حاڵ خراپی بزوتنەوەکەی دەکەوێتە گەردن‌ و، هەم خراپترکردنی دۆخەکە بەهۆی درێژەدان بە سیاسەتی نەخوازیار ‌و ئاڵودە بونی بەوەی بە ' تەوریسی سیاسی' ناوزەد دەکرێ. ئەوەی دەگوزەرێ ناگونجێ لە گەڵ بەهاکانی گۆڕان و دژ بەو رێچکە شارستانی گۆڕانخوازانەیە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك میراتێکی مەعنەوی، رێکخراوەیی و سیاسی بۆی بەجێ‌ هێشتوین. دەبێ گەردی تاکڕەوی ‌و تۆزی لادان لە جەستەی گۆران بتەکێنرێ ‌و بە ئەڵتەرناتیڤێ کە بەری بیرکردنەوە، گفتۆگۆ، هەڵوێست ‌و کاری دەستەجەمعی هەمو گۆڕانخوازان بێ، جێیەکەی پڕ بکرێتەوە. پرۆژەی گۆرانخوازان بە فۆڕمیۆلای پڕۆژە، هۆکارەکانی رۆچون‌ و راگرتن، بوژاندنەوە و هەڵسانەوە ‌و بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەکە دەکا، دەخوازێ زەمینەیەکی لەبار بۆگۆڕانکاری ئەرێنی راستەقینە بخوڵقێنێ بۆ رزگارکردنی بزوتنەوەکە. لە بازنەی هەڵسەنگاندنی گشتیدا پرۆژەکە بابەتە گرنگەکانی: هۆکارەکانی رۆچون، بوژاندنەوە و هەڵسانەوە، میراتی سیاسی ‌و بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەی گۆڕان باس دەکا‌و دواتر بە دەرئەنجامێ قەناعەتەکانی بۆ دۆخەکە دەخاتەڕو. ناساندن: پرۆژەی گۆرانخوازان هەڵمەتێکی ناوخۆیی، ئاشکرا، خەمخۆر، بیناکار، رەخنەگر، رێکخراوەیی... ئەو گۆڕانخواز ‌و هەڵسوڕاوانەیە کە دڵیان لای بزوتنەوەکە و بەرژەوەندی گشتی خەڵكە. ئاکامی جوت هەڵبژاردنەکەی عێراق ‌و هەرێم بۆ گۆڕان کەمەر شکێن بو، هاوکات وانەیەکی گرانبەهایە تایبەت بۆ بێدار بونەوە ‌و کەوتنەخۆ. ئەمەی رویدا، بەلای ئێمەوە، کۆتایی دونیا نیە؛ بەڵکو کۆتایی گەڕێکە و سەرەتای گەڕێکی تر، گەڕی لێكدابڕان‌ و گەڕی لێکتێگەیشتن و یەکگرتنەوە.  ئەم پرۆژەیە بڕوای تەواوی بەهەڵسانەوە و بوژاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە. لەگەڵ گەورەیی ئەوەی بەسەریدا هات، هێشتا پاشخانی بزوتنەوەکە بە بەهای پڕشنگدار دەوڵەمەندە کە مەکۆی سەرەکی لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا دەتوانن، بەڵکو دەبێ، بیناسازی لەسەر بکەن!  پرۆگۆران دەخوازێ ئەوهەڵوێستە مەترسیدار ‌و رێچکە چەوت و نەخوازیارانەی، هەنوکە، زۆرێ لە ئەندامانی بازنەی دەسەڵات پیادەی دەکەن ‌و یا دەیسەپێنن، رابگرێ‌ و، لەگەڵیدا بزوتنەوەکە بە دامەزراوەیی بکا. ئەمەی دواییان، کاراکردنی خودی بزوتنەوەکە بەتایبەتی زامن‌ دەکا‌و، چالاکوان‌و دەنگدەر ‌و خەڵکیش بەگشتی، ئاسودە دەکا ‌و لەگەڵ خۆی ئاشتیان دەکاتەوە! هاتنە کایەی پرۆگۆڕان پێویست‌ و بایەخدارە. ناڕەزایی زۆر، تان ‌و پۆی بزوتنەوەکە و ناوخەڵکی گرتۆتەوە! ناڕازییان هەقیانە؛ بەڵام پێویستیان بە کۆکردنەوە‌ و رێکخستن‌ و رابەرهەیە. رابەرێ لەناخی خۆیانەوە هەڵکەوێ‌ و ژیر‌و بوێرانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا بکا، لەلایەك کەمپەینەکە لە دەستوەردانی دەرەکی ‌و بەکارهێنان بپارێزێ‌ و، لەلاکەی ترەوە رێ لەوە بگرێ گۆڕان زیانی پێ بگا یا هەوڵ بدا بە کەمترین زیان زۆرترین دەرچەی ئەرێنی بۆ بزوتنەوەکە و ئەوانەی خێری بۆ دەخوازن، فەراهەم بینێ! ئەم پرۆژەیە لەڕێی خوڵقاندنی فشاری گەورەی ناوخۆیی ‌و بە پشتیوانی هەموو ئەوانەی دڵیان لای گۆڕانە ‌و ئەو میراتە مەعنەوی، سیاسی و رێکخراوەیی مەزنەیە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، وەك ئەمانەتێ بۆمانی جێ‌هێشتوە، رێ لەو تاقمە بگرێ کە مەرامی وایە، پێکهاتەیەکی گەورەی وەك بزوتنەوەی گۆڕان بکا بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. دەزانین ئەرکێکی قورسمان لەپێشە؛ بەڵام پێکانی ئامانجەکان بە ئەستەم نابینین! ئەم کۆمەڵە خەمخۆرە رچەشکێنە بەو تایبەتمەندیانەی لە پڕۆژەکەیاندایە‌ و، بەو هەڵوێستەی لە خەمخۆران‌ و خەڵکی رەچاو دەکەن، هیوایان گەیشتنیان بە مەنزڵ، گەشە! مەنزڵ واتە گەڕاندنەوە بۆ سەردەمی شکۆمەندی‌ و لەگەڵیدا کاڵکردنەوەی نەرێنیەکان ‌و بە دامەزراوەیی کردنی بزوتنەوەکە، نەدەکرا زیاتر چاوەڕێ بین، دوای ئەوەی بازنەی دەسەڵات هەموو دەروازەکانی بەڕوی هەوڵەکاندا، کڵۆم دا. پرۆگۆڕان پڕۆژەیەکی ناوازەیە: ئامانجی رونە، نەخشەڕێی هەیە، لە هەوڵەکانی پێش خۆی بەهرەمەندە، ئەگەرەکانی بەردەم داڕێژەرانی رونن ‌و ئەزمونی ئیدارەدانی ململانێیان لایە‌ و ئامادەی ئاڵینگارین. ئێمە دەخوازین ئەقڵ ‌و حیکمەت لای هەمووان میوان بن‌و بە سفتی ببێتە مایەی خێر بۆ بزوتنەوەکە، بەوەی مەکۆی سەرەکی کراوە بێ ‌و سود لەم هەوڵ ‌و هەلە وەربگرێ ‌و دانوستان بکا ‌و پرۆژەکە بە موڵکی گۆڕان بزانێ! پرۆژەکە هەمو گۆڕانخوازان دڵنیا دەکاتەوە کە نیەتی تەبایی‌ و هەستی دڵسۆزانەی جێی شك نیە ‌و هەر وشە‌و پیتێ کە تیایدا داڕێژراوە، راڤە لە خەمخۆری بۆ گۆڕان و بەرژەوەندی گشتی دەکا‌و هیچی تر. هاوکات نەیاران ئاگادار دەکاتەوە کە بە هەمان دوری لەم دو بۆچوونە ناوخۆییەی ناو گۆڕان بوەستن‌و دەست وەردان نەکەن! ئەم پرۆژەیە بە فەرمی دەدرێتە جڤاتی نیشتمانی، ماوەیەك دیاری دەکرێ بۆ وەرگرتنەوەی وەڵام‌ و بۆ دانیشتن‌و دانوستان‌و گەیشتن بە دەرچەیەکی ئەرێنی! گەر ئەمە روی نەدا، پڕۆژەکە روناکی دەبینێ‌و بەپێی ئەو نەخشەڕێیەی بۆی داڕێژراوە، ئاستی کۆبونەوە و لێدوان و هەڵسەنگاندنەکان بە خەستی بەرفراوان دەکرێن و پرۆژەکە دەکەوێتە رێ ‌و دەچێتە بواری قۆناغێکی نوێیەوە. پەیامی پرۆژەکە: بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دانەڕمێ، رەنجی گۆڕانخوازان بە با نەچێ، هیوای خەڵك خەفە نەبێ، دەبێ ئەمەی ماوەیەکە دەسەڵاتی گۆڕان پیادەی دەکا‌ و دەیسەپێنێ، بە کەمپەینێکی رێکخراوی خەمخۆرانەی مەدەنی گۆڕانخوازان ‌و خەڵك، بەزویی، بە خێرایی ‌و پێداگری، رێی لێ بگیرێ‌و رابگیرێ، بزوتنەوەی گۆڕان رابێ ‌و وەك بزاڤێکی دامەزراوەی تۆکمە روە‌و ئامانجەکانی رێ بکاتەوە! پرۆگۆڕان کام رێ پیادە دەکات؟ گوشاری ناوخۆیی‌ و جەماوەری دەخاتە سەر بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان تا ناچاریان بکا واز لە ئیدارە و سیاسەتە چەوتەکانیان بێنن ‌و بڵاوە بەو کەمینە هەلپەرستەش بکا کە لە دەوری میراتی مەعنەوی‌ و سیاسی ‌و مادی بزوتنەوەکە و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ئاڵاون! جیاکاریەکانی پرۆگۆڕان: پرۆگۆڕان: حەزێکی خۆڕسك، کاتی، لابەلا، دابڕاو، پاڕانەوە نیە. نامە، داوا، یادداشت پێشکەش ناکا ‌و داکەوێ، وەڵامی دەوێ؛ بەڵام ماوەیەکی کەم، چاوەڕێی دەکا! داوا ‌و مەرجی ئاڵۆزی نیە؛ رێك‌و رەوان، وەك ئاماژەی بۆ کراوە، تەنیا دوو رێ /  ئەگەری لەبەردەمە‌و هی سێیەمی نیە! پرۆگۆڕان: ١) هەڵمەت/ کەمپەینە واتە زنجیرە کارێکە بۆ پێکانی ئامانجێ یا زیاتر. ٢) پڕۆژەیە و بنەماکانی: نەخشەڕێ، پرۆسە، پێگەی مرۆڤ ‌و هێز / دەسەڵات.. لەخۆ دەگرێ. هۆکارەکانی رۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان: دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و پەرلەمانی کوردستان،‌ دەنگەکانی گۆڕان دابەزینی دراماتیکی بەخۆوە دی! ئەم ئاماژە زەقانە، چ پاساوێ بۆ بەردەوامی بازنەی دەسەڵات دەهێڵێتەوە، غەیری چونە ژیر باری لێپرسراوێتی ‌و رادەستکردنی بزوتنەوەکە بە ئەنجوومەنێکی کاتی. خەڵك لە ٢٠٠٩ دا بە بڕی ٢٥ کورسی ‌و لە ٢٠١٣ دا بەبڕی ٢٤ کورسی دەنگی بە گۆڕان دا! لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی گۆڕان چیان بەوان دا؟ وەڵام لای بازنەی دەسەڵاتە، غەیری پاساو هێنانەوە بۆ تەزویر، چی پێ‌یە بە دەنگدەرانی بڵێ؟ پێش هەڵبژاردن مشور ناخوا؛ دوای هەڵبژاردن دێتە دەنگ، بە داخەوە بازنەی دەسەڵات تاکڕەوە، گوێ ناگرێ ‌و تەنیا ئەوە دەکا کە زەینی خۆی دەیخوازێ! دەسەڵاتدارانی گۆڕان غافڵ بون لەوەی کە شوێنکەوتوانی بزوتنەوەکە تۆراون، دەڕۆن یا بێدەنگ خۆیان کەنار دەگرن ‌و چیتر دوای ناکەون ‌و پشتیوانی ناکەن! دابڕانی دەسەڵاتداران لە جەماوەر، گۆڕانخواز، دەنگدەر، هەڵسوڕاو، بنەمای قەیرانە فرە رەهەندەکانی بزوتنەوەکەیە، لە ئاکامدا دابڕانی بزوتنەوەکەی بەدوای خۆیدا هێنا‌ و دەرد ‌و حاڵەت ‌و دیاردەی: بەرەڵڵایی، بێ سەروبەری، پچڕانی شیرازە، دەستەگەری، باڵباڵێن، پاشا گەردانی، فرە کوێخایی، گومڕایی، وێڵی، بەرژەوەند پەرستی‌و هەلپەرستی هێنا ‌و نەشونمایان کرد‌و گۆڕان یان توشی دەردێ کردوە، گەر فریای نەکەوین، لێبۆتەوە!  خەوشەکانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان قورس ‌و زۆرن، ئەوان خاوەنی کەسایەتی رابەریانەی خۆیان نین، لە پەنا کاریزمای رەوانشادا کوڕ ماون‌ و لەسەری دەژین، نەیان توانی بونی خۆیان بسەلمێنن. نەیان توانی ئەو سەرچاوە و تێهاویشتە بەلێشاوانەی لەخزمەتیاندا بو، لەوانە نیو ملیۆن دەنگدەر، بکەن بە دەرچە‌ و دەستکەوت. شکستیان هێنا لەوەی پێگەی سیاسی‌ و جەماوەری گۆڕان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی بەگەڕ بخەن! لە ئاست گۆڕانکاری خێرا ‌و ئاڵینگارە ناوخۆیی ‌و عێراقی ‌و ناوچەییەکاندا هەڵوێست ‌و ئەدایان نەرێنی بوو، بزوتنەوەکەیان ناکاریگەر‌ و نادیار کرد‌ و خۆشیان تەرەك! دەسەڵاتدارانی گۆڕان هەڵەی ستراتیژیان کردوە لەوانە: هەڵوێست وەرنەگرتن لەمەڕ ریفراندۆمەکەی ٢٥/٠٩/٢٠١٧، نەقۆستنەوەی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، بە دامەزراوەیی نەکردنی بزوتنەوەکە، کۆکردنەوەی هەموو هێلکەکان لە سەبەتەیەکدا، واتە لکان بە هەڵبژاردنەوە وەك تاکە ئامرازێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات‌ و گۆڕانکاری لە هەرێمدا. خانەی راپەڕاندن کە پێگەی دیاری هەیە لە بزوتنەوەکەدا نوقمی کەموکوڕیە: دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بە پەلە هاتن‌ و خۆیان کرد بە جێبەجێکار. پاشخانی سیاسی‌و رێکخـراوەییان یەکە ‌و، یەك ژێندەرن‌ و تەمەن هەڵکشاون. مەگەر خۆیان بزانن چۆن پۆستەکانی نێوانیان بەش کردوە؟ ناکۆك ‌و پەرتەوازەن؛ بە دەستەجەمعی کار ناکەن واتە خەسڵەتی تیم‌ یان تێدا نیە کە بنەمای کاری یەکە مۆدرنە پێشکەوتوەکانی دونیایە، جار ‌و باریش. بوژاندنەوە و هەستانەوە: گۆڕان هەڵگری پەیام ‌و روانینی جودا ‌وناوازە، پەیکەری قەوارەیەکی تۆکمەی لە ناخدایە، دەوڵەمەندە بە ئەزمون ‌و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی، راستە پێگەی سیاسی‌ و جەماوەری بەکاتی دابەزیوە؛ بەڵام ئەو وزە شاراوەی لە ناخیدایە، کۆمەکی هەڵسانەوەی پێ دەکەن‌ و دەتوانێ رۆڵی پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆنی‌و جەماوەری بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، دەوڵەمەندە بە میراتی رەنگاڵی نەوشیروان مستەفا‌و هێشتا رکابەرێکی سەرسەختی گەندەڵی و نا دادپەروەریە. یەکەم، پەیام و بەرپرسیاریەتی: سەرەتا با دان بەوەدا بنێین کە خۆمان بەرپرسین لەوەی بەسەرمان هاتووە ‌و، دەرەوە نەدەینە بەر رێژنەی لۆمە. باوەڕ بەوە بهێنین کە هەر بەزاتی خۆمان هەڵدەستینەوە. بۆ هەستانەوە هەڵوێستە کردن‌ و هێوربونەوە‌ و رەخساندنی ژینگەی ئارامی، دور لە توڕەیی‌و ژاوەژاو، بە گرنگ ببینین! هیچ نیە رێ بە خانەی راپەڕاندنێکی شیرازە پچڕاو بدا، رابەری بزاڤێکی گەورە لە هەرێمێکی پڕ کێشە، عیراقێکی ئاوس بە توندڕەوی، رۆژهەڵاتێکی ناوینی ئاڵۆسکاو .. بکا! چونە دواوەی بازنەی دەسەڵاتی گۆڕان و سپاردنی بە ئەنجومەنێکی کاتی کە نوێنەرانی سەرجەم دامەزراوە باڵاکانی گۆڕان و فراکسیۆنەکانی و رەوەندی کوردی بەتوانای فرە رەنگ بۆ رابەریکردنی بزوتنەوەکە لە قۆناغێکی دیاریکراوی راگوزەردا، بۆ گۆڕان باشە‌ و بۆ زاتی خۆیان بە چاکە تۆمار دەبێ. رێکخستن ‌و یەکخستنی هەوڵەکان‌ و لکاندنیان بەیەکەوە گرنگن چونکە هەڵسانەوە هەماهەنگی دەستەجەمعی ‌و کەمکردنەوەی بەرەنگاری دەوێ. بەر لە هەستانەوە دەبێ کاری جدی بۆ راگرتنی داچون ‌و گرتنەوەی دۆخەکە بکەین. پێشوازی دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەم کەمپەینە‌ رێ خۆش دەکا بۆ بیناکردنەوە ‌و بە هەدەرنەدانی وزەی خۆماڵیمان و گۆڕینی رق‌ و ناکۆکی بە هاوسۆزی‌و تەبایی. هێنان‌و بەشدارپێکردنی شارەزایان بۆ ناو بیناکردنەکە‌ و یا بۆ سەرپەرشتیکردنی قۆناغی راگوزەر، دوا جار، بەسودی گشتی گۆران دەکەوێتەوە کە هەمو بەناویش بێ لەسەری کۆکین. دەبێ گۆڕانخوازان پەی بەوە بەرن کە خۆیان هەوێنی هەڵسانەوەن چونکە یەکەی بونیاتی گۆڕانن.  دەبێ گۆڕانیش بە میهرەبانی مامەڵە لەتەك گۆڕانخواز و دەنگدەراندا بکا، بە چاوگی هێزی مەعنەوی، فیکری و مادی لێیان بڕوانێ، گوێ بۆ رایان شل بکا بە هەند وەریان بگرێ‌و لە بڕیارداندا بەشداریان بکا. دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان بە چاوی رەخنەگرێکی دوربین ‌و وردبینەوە بە بۆچون‌ و‌ هەڵوێست ‌و ئەدای خۆیدا بچێتەوە. وەڵامی ئەوە بداتەوە چی دەوێ؟‌ و چۆن پێی دەگا؟ دوای ئەوەی پێگەی ئۆپۆزسیۆنی‌و کاری پەرلەمانی ‌و بەشداری حکومی تاقیکردەوە ‌و زۆری چەشت، ئایا باوەڕی بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە ماوە؟ چۆن لە ناخی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەڕوانێ؟‌ و ئایا لەمەو دوا چۆن ململانێیان دەکا؟ کەی لۆژیك‌ و واقیع رێ بە بزاڤێکی وا گەورە دەدا بێ‌ و لە دۆخی هەرێمێکی نوقم لە گەندەڵی، لە ژینگەیەکی بارگاوی پڕ کێشمەکێش‌ و بەیەکادانی بێ بڕانەوەدا، هەمو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی شەق ‌و شڕی دەنگدانەوە؟ یا دەبێ ئەڵتەرناتیڤەکانی تریش رەچاو بکا و لەگەڵ هەر دۆخێکدا، هۆشمەندانە‌ و بوێرانە، ئەوەیان پیادە بکا کە گونجاوە؟ لە پڕۆسەی گۆڕیندا، مرۆڤ فاکتەری یەکلاکەرەوەیە. تاك مەزنترین سەرچاوەی هێز‌و توانای گۆڕانە کە دەبێ سەرمایەگوزاری تێدا بکا. هەڵسوڕاو، گۆڕانخواز، دەنگدەر، جەماوەر، رێکخراوی نا حکومی، سەندیکا ‌و کۆمەڵە جیاکان ... ئەو کەس‌ و جێیانەن کە دەبێ گۆڕان تیایاندا بێ! ئەمانە نەرمە هێزن و هێزی رەقی دەسەڵاتیان پێ بەراورد ناکرێ! مەخابن لەبری ئەوەی رێکی بخا، کارای بکا، دەسەڵاتدارانی گۆڕان فەرامۆشیان کردون.  دووەم، پرۆگۆڕان و میراتی سیاسی: بەلای پرۆگۆڕان ەوە: -    لە سیاسەتدا سۆز بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە ‌و ئەم بە تەواوی بەرژەوەندی تاك‌و خێزان‌ و بنەماڵە ‌و خێڵ ‌و ... دادەپۆشێ. -    دارایی یەکێ لەو تێهاویشتە گرنگانەیە کە دەڕژێنرێتە ناو پڕۆسەی گۆڕانەوە بۆ خزمەتکردن‌و پێکانی ئامانج. دوژمن‌ و نەیار نەبێ، کێ زاتی ئەوە دەکا، گۆڕان لەم ماف‌ و فاکتەرەی بێ‌بەش بکا. -    ویژدان نیە قبوڵی بکا، داراییەك رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ کارپێکردنی ماکینەی گۆڕان هێنابێتی، ئێستا نزیکەکانی خۆی، بنەماڵە بن یا هاوڕێی، بێن‌ و لە جێیەکی دی ‌و، بۆ مەرامێکی پێچەوانە، بەکاری بهێنن! -    رەوانشاد دو جۆر میراتی جێهێشتووە: ١) میراتی سیاسی - رێکخراوەیی بۆ گۆڕانخوازان ‌و خەڵك بەمانا فراوانەکەی؛ ٢) میراتی شەخسی بۆ نەوەکانی. -    هەمو ئەو موڵکانەی لە خزمەتی گۆڕاندا بون ‌و دەبێت ببن، دەکرێت بە رێکاری یاسایی و عورف رێکبخرێن و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێن، لەکاتێکدا: خانو، موچەی خانەنشینی،.. هی نەوەکانین!  قێزەوەنترین مەرام لەوەی بە تەوریسی سیاسی ناوزەد دەکرێ یا خاوەندارێتی تایبەتی بۆ شوێن و دەزگاکانی گۆڕان ئەمەیە کە ئەوانەی لەپشتیەوەن، تیرۆری کەسایەتی مەعنەوی گۆڕان و خودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەن! خەڵکی بێنە سەر باوەڕێ کە ماڵی دنیا پێش مبادئ دەکەوێ، تەنانەت لای نەوشیروان مستەفاش. کە بێ‌شك، ئەمە بەهەمو پێوەرێک دژ بە خوڵقیەت ‌و ئاکاری ئەوە، سەودای وا‌و کاک نەوشیروان، نێوانی ئاسمان‌و رێسمان لە یەکتر دورن. -    هیچ نکۆڵی لەوە ناکەین کە گردی زەرگەتە‌ و زۆر دامەزراوە‌ و کۆمپانیای سەر خاکی کوردستان موڵکی گشتین، نزیك یا دور، دەبێ بۆ خاوەنە گشتیەکەی بگەڕێنەوە، بەو موڵکانەشەوە کە قۆرخ کراون، بەخشراون یا فرۆشراون! سێیەم، بە دامەزراوەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان:  -    کێشەی نادامەزراوەیی گۆڕان دیاردەکە بە زەقی خۆی نواند‌ و دەسەڵاتدارانی گۆڕان لە ئاست چارەکردنیدا ناتوانان یا خەم ساردبون. لێرەوە بە دامەزراوەیی یارمەتی گۆڕان دەدا، زۆرێ لە کەلێنە گەورەکەی غیابی رابەرە نەمرەکەی، پڕ بکاتەوە! -    بۆ بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆگۆڕان ئەم خاڵانە پێشنیار دەکا: -    قاییل بونی بازنەی دەسەڵات بە بایەخی چەمکەکە‌ و رازیبون ‌و پابەندبون بە پڕۆسەکەوە، - بە دامەزراوەییکردن تان‌و پۆی هەموو یەکەکانی گۆڕان بگرێتەوە‌ و تێگەیشتن لێی بکرێ بە ئەرکێکی مەزنی ئیدارەدان. هەڵبژاردنێ دەبێتە بنەما بۆ ئەو مەبەستە: -    ناشێ، ئەوانەی سەر لەم بابەتە دەرناکەن بێن ‌و دەستوەردان بکەن‌، دەبێ پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنێکی شارەزا ‌و ئەستۆپاك‌ و خاوەن را‌؛ بۆ زامنکردنی هەڵبژاردنێکی مۆدرن‌ و خاوێن، ئەنجام بدرێ، یەکسانی هەل لە تەواوی پڕۆسەکەدا رەچاو بکرێ. -    دەبێ کات‌ و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ‌و کۆنفرانسی نیشتمانی، لەمپەڕ ‌و ئاڵینگاری، گۆڕانکاریە گەورەکانی بەردەم گۆڕان رەچاو بکا؛ نەك بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان یا ئەوانەی لەگەڵیان، کاتێکی نەگونجاو یا شێوازێکی نامۆ پیادە بکەن! نابێ لە پەنجەرەوە دەربچن‌ و لەژیر پەردەی دیموکراسی‌ و هەڵبژاردن ‌و دەنگدان‌و بڕیاری زۆرایەتیدا، لە دەرگای شەرعیەتەوە بێنەوە ژورێ وەك ئەوەی، نە بای پشێوی ناوخۆ ‌و نە بۆرانی زویری هەلسوڕاو ‌و رەنجانی دەنگدەرانیان دیبێ! دەرئەنجام: لەوەی خراوەتە بەردەم بەڕێزتان وای بۆدەچین هەنوکە وێنا شێواوەکەی بزوتنەوەکە ببینن. ئەم شێواییە لەوەوە نەهاتوە کە ئەو پڕنسیپ‌ و بەها‌و پەیام‌ و ئامانجانەی بزوتنەوەکە لەسەری پێکهاتوە ‌و بۆ بەدیهێنانیان کار دەکا، چەمکی خراپ، نالەبار یا نامۆن بن؛ بەڵکو دەقاودەق لەوە هاتووە کە: بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان لە روی فیکری، ئیدارەدانی مەلەفە جیاجیاکان، نیەت، دیدی ستراتیژی، چۆنیەتی مامەڵەی یار ‌و نەیار، ... لە ئاست ئەرکەکانیدا نەبوە ‌و نیە! دەسەڵاتداران لە ژوری کڵۆمکراودا دانیشتون، لە زیزبون، دورکەوتونەتەوە، لە وازهێنانی گۆڕانخواز‌، تۆرانی دەنگدەر ‌و جەماوەر بێ ئاگا بون، چاویان لە چەندین دیاردەی گەندەڵی و قێزەوەنی ناو گۆڕان پۆشیوە ! تا بەری سیاسەتە نەزۆکەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و پەرلەمانی هەرێمدا بە دابەزینی دراماتیکی ژمارەی کورسیەکان گەیی! خراپتر لەمە، دان بەو شکست ‌و زیانە گەورانەدا نانێن کە بۆ باری دەرونی گۆڕانخواز‌ و جەماوەریان خوڵقاندوە، رەخنە لەخۆیان ناگرن‌ و بەهێمنی دەسبەرداری دەسەڵاتەکانیان نابن، ماونەتەوە، هەر بەرێچکە نالەبارەکانیاندا دەڕۆن و هەڵپەی بەشداری پەرلەمان ‌و حکومەت‌و خەریکی نەویترکردنی ناوبانگی گۆڕانن. لە کاتێکدا دەبو بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان خەلیفەی ئەمینی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بونایە؛ کەچی ئاڵودەی میراتی سیاسی بون، بەشێکن لە بڕیاری سێبەر، دێن ‌و سزا‌و ئازاری دەرونی هەڵسوڕاوە بەویژدان‌و بەئەمەکەکانی گۆڕان دەدەن، وەك ئەوەی بەسەر گۆڕان یان هێناوە کەم بێ ‌و بیانەوێ زیاتری بکەن! ئەم کەمپەینە ناوخۆییە دەیەوێ گۆڕان بە کۆ هەوڵی هەمو، بێ لابردنی هیچ گۆڕانخوازێ، هەڵسەنگاندنی زانستیانەی رەخنەئامێزانە بۆ ئەم رۆچونە بکا، بە نیەتی پەیداکردنی ئەڵتەرناتیڤێ کە بە پڕاکتیکی خزمەتی گۆڕان بکا،رێوجێی هەڵسانەوە و بوژاندنەوە دابڕێژێ ‌و ئەنجامی بداو بزوتنەوەکە لەم قەیرانە قوڵانە دەربهێنێ ‌و بە دامەزراوەکردنی، لە جاران تۆکمەتری بکاو بیخاتەوە سەر شاڕێی ئومێدی خۆمان‌و خەڵك‌! دەکرێ ‌و بگرە پێویستە دەسەڵاتدارانی گۆڕان، پێشوازی لەو خەمخۆری ‌و هەوڵانە بکەن، یەکیان بخەن ‌و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان رێکبخەن. ئەمەی لێرە داڕێژراوە بەری ساڵانێ لەروانین‌ و رەخنە ‌و هەڵسانگاندن‌ و پێداچونەوەیە بەگشتی ‌و، بەری کۆبوونەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی هەڵسوڕاوی ئەوروپایە لە ٢٠ - ٢١/١٠/٢٠١٨ لە لاهای، هۆڵاند. نوێنەرانی هەڵسوڕاوانی کۆبونەوەکە، دوای ئەوەی بەڕێزەوە پڕۆژەکە دەخەنە بەردەمتان، ئامادەی دانیشتنن. دەکرێ پڕۆژەکە لە فۆڕمیۆلای داتاشۆدا لای خۆتان، راستەوخۆ پێشکەشتانی بکەین. چاوەڕێی وەڵامی فەڕمی بەڕێزتانین! دەبێ گۆڕان خۆی بدۆزێتەوە، باوەڕی بە تواناکانی بێ‌ و خۆی بە فریادڕەس‌و خاوەنی ئەو کلیلە ئاڵتونیە ببینێ کە قفڵی ژەنگگرتوی گۆڕانی: حوکمڕانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، فەرهەنگی، ژینگەیی .. پێدەکرێتەوە!


(درەو میدیا): لەسەر نەوتی كێڵگەی (كوردە میر)ی ناوچەی گەرمیان، كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) سكاڵا لەسەر كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی كەنەدی تۆماردەكات. كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) كە ڕاوێژكاری پێشووی كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی كەندی بووە، رێژەی 3%ی پشكەكانی لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كوردەمیر)ی گەرمیان هەبووە. (مۆندی پێترۆلیۆم) كە كۆمپانیەكی هاوبەشە لە دوورگەی ڤێرجنی بەریتانی‌و لەلایەن (یاسر فكیكی) سەرپەرشتی دەكرێت، كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی تۆمەتباركردووە بەوەی لە مانگی نیسانی 2006دا گرێبەستەكەی راگرتووە وەكو بژاردەی دڵنیایی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم ، كە وێسترن زاگرۆس رێژەی 40%ی هەبوو لەو كێڵگەیەدا.  ئێستا كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) داوای زیاتر لە (100 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی لە كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) دەكات. رۆژی 14ی كانوونی دووەمی دادگای باڵای (كووین بێنچ) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەبارەی دۆسیەی كێشەی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە كۆبوەتەوە، لە دانیشتنی دادگادا دادوەر پرسیاری لە كۆمپانیای (وێسترن زاگرس) كردووە "ئایا كۆمپانیاكە پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانییەوە چییە؟".  یاسر فكیكی سەرپەرشتیاری كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) دەڵێ:" بافڵ تاڵەبانی پێی وتوم:  ئەگەر گرێبەستەكەت رابگریت، كە ئەو لە جێی كۆمپانیا وێسترن زاگرۆس مامەڵەی كردووە، لە شوێنێكی ترو لە گرێبەستێكی تردا بەشداری بە كۆمپانیاكەی ئەوان دەكات، بەڵام دوای ئەوەی گرێبەستەكەیان پێ ڕاگرتووە، لە هیچ شوێنێكی تر  گرێبەستیان نەداوەتێ". مانگی ئۆكتۆبەر چاودێرێك كە بە وردی ئاگاداری كەیسەكەیە وتویەتی:" ئەم كەیسە زۆر گەورەیە، وێسترن زاگرۆس رێژەی 40%ی گرێبەستەكەی هەبووە، نەوتی یەدەگی كێڵگەی كوردەمیر بە 500 ملیۆن بەرمیل خەمڵێنراوە، خەمڵاندنێكی تریش هەیە كە چاوەڕێدەكرێت زیاتر لە ملیارێك بەرمیل یەدەگی نەوتی هەبێت، تاوەكو نەوتی زیاتر هەبێت بەشەكەی یاسر فكیكی زیاتر دەبێت". سەرچاوە: Gulf States News وەرگێڕانی : ئەنوەر كەریم  


ڕاپۆرتی:ئارام مەحمود یەكێك لە دادوەرە دیارەكانی هەرێمی كوردستان جارێكی تر قەزییەی سەربەخۆ نەبوونی دادگاكان دەكاتەوە بە هەواڵی یەكەمی ڕۆژ و، پرسیاری گەورە لەسەر وەزیفەی سەرەكی ئەو دامەزراوە گرنگە دروستدەكات، كە ئۆباڵی بەشێكی زۆری بێدادی و لادان و تەنانەت بردنی داهاتی گشتی و زۆرێكی تر لە هۆكارەكانی خراپی ڕۆژگاری ئەمڕۆی دەخرێتە ئەستۆ.  لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەمە پێنجەم دادوەرە دەست لەكاردەكێشێتەوە ( دادوەر ناز نوری ، دادوەر هاوژین حامد، دادوەر فەرهاد حاتەم، دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین، دادوەر لەتیف مستەفا) دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دادوەرانە هەمووی بەهۆی دەستوەردان و نەبوونی سەروەری یاساوە بووە، لە كاتێكدا هەموو حزبەكان ئاماژە بە گرنگی و سەروەری یاسا دەكەن.    تۆڕی یاسا ماسییە بچوكەكان دەگرێت ئەگەر تا دوێنێ‌ لەه ەرێمی كوردستان ئەو بڕوایە بە تۆخی لای خەڵكە سادەكە ئامادەبووبێت كە "تۆڕی یاسا تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێ‌ و ماسییە گەورەكان بە ئاسانی لێی قوتار دەبن" یان "یاسا تەنها بۆ هەژارەكانە" ئەوا لەناو خودی دامەزاروەكە خۆشی خەریكە دەبێتە دیاردە و پرسیاری گەورە لەسەر جەدوای ئامادەیی و وەزریفەی حەقیقی ئەو دەزگایە لەناو ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی  و فەزای یاسا دروستدەكات.   "دەسەڵاتی دادوەری بووە بەلق و مەڵبەندی حزب" (لەتیف مستەفا)، ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی دەڵێت:" دوای (30) ساڵ لەكاركردن لەدادگاكان، كە (20) ساڵ وەكو دادوەر و داواكاری گشتی كاریكردووە، بڕیاری داوە دەستلەكاربكێشێەوە". (لەتیف مستەفا) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" دەسەڵاتی دادوەری نەك هەر سەربەخۆ نیە بەڵكو لەوپەڕی خراپیدایە، چ لە دەستوەردان لە دانانی دادوەرەكان و هەروەها لە سەرۆكایەتی دادگاكان  و دەستوەردان لە پەیمانگای دادوەرییشدا، ئەمەش وایكردووە كە بەڕاستی دەسەڵاتی دادوەری ببێتە پاشكۆ و وابەستەی حزب وحكومەت و بەسەربەخۆیی نەمێنێتەوەو بوەتە درێژكراوەی لق و مەڵبەندەكانی پارتی و یەكێتی". ئەو دادوەرە ئاماژە بەوەشدەكات" لە دوای 12ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە كاتێك (10) دادوەری دادگای تەمیز خانەنشیبون و (10) دادوەری تازە دانران، لەنێوان یەكێتی و پارتی پەنجا بەپەنجا پڕكرانەوە، بۆیە دەسەڵاتی دادوەری نەماوە و بوەتە بەشێك لە حزب".  "بۆم دەركەوت یاسا درۆیە" پێش دادوەر (لەتیف مستەفا)، (ناز نوری) لێپرسراوی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوەو لە كاتی خۆیدا و  لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا دامەزراوەكەی خستەژێر پرسیارەوە كاتێك وتی: " لە مانگی 7ی 2014 ئەو ڕۆژەی لە دادگا هاتمەدەرەوە كتێبخانەیەكی گەورەم هەبوو، پڕ بوو لە كتێبی یاسایی، پاسەوان و كارگوزارەكان لێیان پرسیم چی لە كتێبەكان بكەین؟ منیش پێم وتن دەتوانن هەمووی بسوتێنن، چونكە بڕوام بەهیچ نەماوە، دوای 27 ساڵ لە پیشەی پارێزەری بۆم دەركەوت یاسا درۆیە". ئەو دادوەرە باسی ئەوەشیكردووە"سیستمی قەزا هەمووی بەدەستی حزبەوەیە، دەستورو پەرلەمان بەدەست حزبەوەن".  "هەمومان لەبەردەم یاسا یەكسانین " دادوەر (فەرهاد حاتەم) سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی، كە دوای دادوەر (ناز نوری)، ئەویش لە نامەیەكی هەشت خاڵیدا كە بۆ وەزیری ناوخۆی نوسیبوو، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ "سەروەر نەبوونی یاسا و پیشتگیركردن لە تاوانباران گێڕابوەوە". (فەرهاد حاتەم) ڕایگەیاندبوو، هەمووان لەبەردەم یاسا یەكسانین، ڕەخنەی توندیشی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گرتبوو كە فەرمانی دادگا ڕادەگرێت لە گرتنی تۆمەتباران و زۆرێك لە گەندەڵییەكانیش لەڕێگەی یاساوە ئەنجادەدرێن".     پێشتریش دادوەر هاوژین حامید بەهۆی دەستوەردان لە دادگاكانەوە دەستی لەكار كێشایەوەو وڵاتی جێهێشت، ساڵی رابردووش دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی دەستلەكاركێشانەوەی رایگەیاند. دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتی دادوەری كە بە دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەپێی مادەی دووەمی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007 ی یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان- عێراق" دادوەری سەربەخۆیەو لە یاسا بەولاوە هیچ دەسەڵاتێكی بەسەردا نیە" بەڵام بەپێی نوسراوی سایتی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری بەم شێوەیە باس لە ئەنجومەنی دادوەریكراوە"  ئەنجومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێ كردن (حكومەت) ، هەتا ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبوو كاری سەرجەم دادگاكانی كوردستان بە یاسای ژمارە  (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون" ئەنجوومەنی دادوەری پێكدێت لە : 1.سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەكانی . 2. سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر – دهۆك – سلێمانی – كەركوك/گەرمیان). 3.سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری. ( تا ئێستا یاسای تایبەت بە م دەستەیە دەرنەچووە). 4.سەرۆكی داواكاری گشتی. ئەنجومەنی دادوەری چەند تایبەتمەندی و كارێك لە ئەستۆ دەگرێ، لەوانە: یەكەم : ئامادەكردنی پلان و نەخشە بۆ دامەزراوەی دادوەری و وتووێژی لە سەر كردن و دەربڕینی تێبینیەكانی لەوبارەیەوە. دووەم : سەیركردنی كاروباری دامەزراندن و بەرزكردنەوە و پلە و پایەی گواستنەوە و گەراندنەوەی دادوەرەكان و لێكۆڵینەوە لە رەوشت و توانایان و سەرپەرشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەری . سێیەم : ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەن و بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەند كردنی . چوارەم : لایەنی رێكخستنی كارگێریی و دادگاكان بە كاروباری خزمەتی كارمەندان و بەرزەفتكردنیان. پێنجەم : دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكان و دامەزراندنی فەرمانبەرانی كە ئەو میلاكانە پڕ دەكەنەوە و ئەوانی دیكە لە چوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن. شەشەم : دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن .   دەسەڵاتی دادوەری بودجەی تایبەتی خۆی هەیەو لە مادەی چواری هەمان یاسادا ئاماژە بەوە كراوە " دەسەڵاتی دادوەری بودجەیەكی تایبەتی هەیە و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە ئامادەدەكرێت " بەپێی دوایین پرۆژە بودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 ژمارەی فەرمانبەرانی دەسەڵاتی دادوەری ( 3468 ) كەس بووەو ئەو بودجەیەی بۆی تەرخانكراوە ( 46 ملیار و 787 ملیۆن دینار بووە، لە كاتێكدا هەر لەو ساڵەدا بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم ( 42 ملیار  )دینار بووە, ئەمە سەرەرای ئەوەی وەزارەتی داد ( 4257 ) فەرمانبەری هەبووەو بودجەكەشی ( 48 ملیار و 840 ملیۆن دینار ) بووە.


راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانی دابەشكردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەر یەكێك لەو دوو بۆچونە بەڵگە‌و پاساوی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كۆتایی خۆی نەداوە. بۆچوونی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكدێت لە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی ئەوانەی كە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكەیان پێباشە‌و ماونەتەوە. ئەمانە بۆچونیان وایە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە دۆخی لە كابینەی هەشت باشتر دەبێت‌و ئەگەر گۆڕان بەشداربێت تێیدا دەتوانێت هەندێك لە بەڵێنەكانی بۆ دەنگدەرانی جێبەجێ بكات. لەناو ئەم بەرەیەدا بۆچونێكی تر هەیە كە پێی وایە، گۆڕان ناتوانێت جارێكی تر ببێت بە ئۆپۆزسیۆن ‌و ئەگەر لە دەرەوەی دەسەڵات بمێنێتەوە زیانی گەورەتر دەكات‌و ئاستی دەنگەكانی بەتەواوەتی دادەبەزێت. میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لەم بۆچوونە دەكەن، واتە بۆچونی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بۆ ئەمەش ماوەیەكە هەڵمەتێكی راگەیاندنیان لەدژی یەكێتی نیشتمانی دەستپێكردووە‌و یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵدەدات بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم دووربخاتەوە. ئەمانە پێیانوایە بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم بە سود بۆ گۆڕان تەواو دەبێت‌و دۆخی دارایی بزوتنەوەكە باشتر دەبێت‌و رزگاری دەبێت لەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت دواجار ئەم بۆچونە سەربكەوێت‌و ببێتە بۆچونی زاڵی بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لێدەكات. بۆچوونی دووەم: ئەمانە زیاتر ئەو كەسانەن كە رەخنەیان لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە‌و هەندێكجار پێیان دەوترێت "بەرەی ناڕازی"، ئەمانە پێیانوایە گۆڕان بە بەشداریكردنی لە كابینەی هەشتدا زیانی گەورەی جەماوەری بەركەوتووە‌و نەیتوانیوە بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، بە بەشداربوونی لە كابینەی نۆیەم، بەتەواوەتی دوچاری داڕمان دەبێتەوە‌و پشتیوانی دەنگدەرانی لەدەستدەدات. ئەم بەرەیە بڕوایانوایە گۆڕان لە كابینەی پێشوودا كە خاوەنی (24) كورسی پەرلەمان بووە، رێگری لێكراوە، ئێستا بە (12) كورسییەوە هیچ رۆڵێكی لە حكومەتدا نابێت‌و بەشداربوونی تەنیا بۆ ئەوەیە چەند كەسێك پۆست وەربگرن. سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی لەناو ئەم بەرەیەدان پێیانوایە، پارتی بۆ تاكتیك دەیەوێت گۆڕان بباتە ناو حكومەتەوە، تاوەكو هەندێك سنور بۆ خواستەكانی یەكێتی دابنێت ‌و دور نییە دواجار یەكێتی‌و پارتی رێكنەكەون‌و گۆڕان لە كابینەكە دوورنەخەنەوە یان ناچاری بكەن خۆی بچێتە دەرەوە. هەندێكی تر باسلەوەدەكەن، هیچ گرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی پارتی جارێكی تر هاوشێوەی كابینەی هەشت، وەزیرەكانیان لە حكومەت دوورنەخاتەوە. گۆڕان راپرسی دەكات جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی بەشداریكردن لە حكومەت، بەمدواییە لە لێدوانێكدا بۆ (شارپرێس) رایگەیاند" تائێستا ئەو پرسە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەكراوەیی ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە". جەلال جەوهەر ئاماژەی بەوەكرد، لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێت‌و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا كۆنەبوەتەوە، هەندێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان باسلەوەدەكەن، ئێستا لەناو هەڵسوڕاواندا راپرسی دەكرێت لەبارەی پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی گۆڕان لە حكومەت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری لەبارەی ئەو راپرسییە ناوخۆییەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستكەوتووە، بەپێی زانیارییەكان، راپرسییەكە زیاتر لە شێوەی كۆبونەوەدایە لەگەڵ ژوورو هەڵسوڕاوە دیارەكان‌و لەو كۆبوونەانەدا بەرپرسانی باڵای گۆڕان (ئەوانەی پشتیوانی بەشداریكردنی گۆڕان دەكەن لە حكومەت) سودەكانی بەشداربوون بۆ ئامادەبوان رووندەكەنەوە‌و دواتر گوێ لە بۆچونی ئامادەبوان دەگرن. واتە راپرسییەكە بەشێوەی دابەشكردنی فۆڕم نییە‌و زیاتر لەچوارچێوەی وەرگرتنی بیروڕادایە بەشێوەیەكی زارەكی لە سنورێكی دیاریكراوی رێكخستنەكاندا. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندجارێك پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە‌و لەو پەیوەندییانەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند" وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە". عەلی حوسێن وتی:" پارتی وەك هێزی براوە، بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێكدەهێنێت، لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمان‌و حكومەت، لیژنەی دووەم شاندی فەرمییە". پێشینەیەكی خراپ بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، یەكجار بەشداری لە كابینەی حكومەتی هەرێمدا كردووە، كە ئەویش كابینەی هەشت بوو، بەهۆی ناكۆكی لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندی نێوان گۆڕان‌و پارتی تێكچوو، بەوهۆیەوە پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە كابینەی هەشت دەركردو سەرۆكی پەرلەمانیش كە سەربە گۆڕان بوو، رێگری لێكرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە پێشینەیەكی خراپی هەماهەنگی نێوان گۆڕان‌و پارتی بوو لە حكومەتدا. لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی ئاسایی بونەتەوە، بەمدواییە گۆڕان‌و پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگی یاسای هەڵپەساردنی (دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم)‌و یاسای (تیرۆر)یان تێپەڕاند. پارتی كە پێشتر گۆڕان تۆمەتباردەكرد بە شكاندنی بەڵێن‌و رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەت، ئێستا بۆچونی گۆڕاوە‌و خوازیارە گۆڕان بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا بكات، رەنگە مەبەستی سەرەكی پارتی لە هێنانە پێشەوەی گۆڕان، بۆ جڵەوكردنی یەكێتی‌و داواكارییە زۆرەكانی بێت لە كابینەی نوێدا. پشكی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2014 پێكهات‌و كابینەیەكی بنكەفراوان بوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: یوسف محەمەد •    وەزارەتی پێشمەرگە: مستەفا سەید قادر •    وەزارەتی دارایی: رێباز حەملان •    وەزارەتی بازرگانی: ساماڵ سەردار •    وەزارەتی ئەوقاف: كەمال موسلیم •    دەستەی وەبەرهێنان: رێبوار خەلیل •    نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا: دارا بەكر ساڵح •    لەگەڵ ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار سیناریۆی بەشداری گۆڕان لە حكومەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ ئەو پۆستانەی كە وەریاندەگرێت. ئەگەر حكومەتی داهاتووی هەرێم (سێ قۆڵی- ترۆیكا) بێت، واتە تەنیا پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان پێكیبهێنن، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت: •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی  •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان •    وەزارەتی دارایی •    لەگەڵ چەند پۆستێكی تر ئەگەر كابینەی داهاتوو (چوارقۆڵی) بێت واتە لە (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی) پێكبێت، كە ئەمە ئەگەرێكی لاوازە‌و قسە هەیە پارتی نایەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بكات، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت. •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی •    وەزارەتی دارایی •    لەگەڵ چەند پۆستێكی تر


( درەو میدیا): لە وەڵامی نامەیەكی ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت: - دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2018 (۳۸۱۲٤۱۸۲) سی و هەشت ملێۆن و سەدو بیست وچوار هەزارو سەدو هەشتاو دوو كەسە، - دانیشتوانی سێ پارێزگاكەی هەرێم:  (٥۳٠۹٥۹۲) پێنج ملێۆن سێسەدو نۆ هەزارو پینج سەدو نەوەدو دوو - سلێمانی (۲۱٦۲۲۷۹) كەس  -هەولێر (۱۸٥٤۷۷۸) كەس - دهۆكیش (۱۲۹۲٥۳٥) كەس -.كە ئەگەر رێژەكەی وەرگرین دەكاتە 13،927%


 ( درەو میدیا): ئەمڕۆ هەینی رۆژی یەكلابونەوەی هاوپەیمانی بۆدیموكراسی و دادپەروەری بوو، رۆژێك لەلایەك ناوی هاوپەیمانی گۆڕدراو سەرۆكی نوێ بۆ هاوپەیمانێتیە نوێیەكە هەڵبژێردرا، لەلایەكیش بەزۆرینەی رەهای دامەزرێنەرانی, هاوپەیمانی هەڵوەشێنرایەوە. ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆبونەوەی گشتی هاوپەیمانی ئەنجامدرا كە 400 هاودید تیایدا بەشداربوو، بەپێی بەلاغی كۆتایی كۆبونەكەش " بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا" سەرۆكی نوێی هاوپەیمانێتیەكە لە وتارێكدا جەختی كردەوە" كە هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت" بەڵام ئەم گروپە كە ناوی هاوپەیمانیان گۆڕی هیچ بیناو میدیایەك و مومتەلەكاتێكی هاوپەیمانیان لەبەردەست نیەو بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بیناو بارەگای نوێ بكەنەوە  بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیدا بووەو داوای لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی كردووە كە هاوپەیمانی هەڵبوەشێننەوە. هەربۆیە  ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەناوی زۆرینەی رەهای دەستەی دامەزرێنەری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییان راگەیاند.  لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە"ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا"  راشیانگەیاندووە كە هاوپەیمانی گشتی درێژكراوەی هاوپەیمانی نیەو دەڵێن"بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت" رۆژی 7/11/2018 گروپێك لە هاوپەیمانی حزبێكیان دامەزراند بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە.   دەقی هەردوو رونكردنەوەكە: ............................... بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی: بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان ئەمڕۆ هەینی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨ لە هۆڵی دێدەمان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری زیاتر لە ٤۰۰ هاودید، هاوپەیمانیی كۆبوونەوەیەكی گشتی ساز كرد. كۆبوونەوە بە مەراسیمێك كرایەوە، سەرەتای كۆبوونەوەكە بە وەستانی خولەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، دواتر لیژنەی باڵای كۆبوونەوە چەند ڕێنماییەكی پێشكەشی بەشداربووان كرد، دواتر لیژنەی هەمواركردنی پەیڕەوەی ناوخۆی هاوپەیمانیی ئەو بڕگانەی پەیڕەوەی ناوخۆی خستەڕوو كە هەموار بكرێنەوە و دەنگی بۆ درا وبە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران لە بڕگەیەكی تری كۆبووونەوەكەدا وتاری (هاوپەیمانیی) لە لایەن بەڕێز م. محمد رەئوف لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی خوێندرایەوە.لە وتارەكەدا جەخت لەسەر زەروورەتی دیدگای نیشتیمانی وەك تاكە ڕێگاچارەی رزگاری گەلی كوردستان لە قەیران و نەهامەتییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان كرایەوە. دواتر بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ بەڕێز (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا. لە میانەی وتەیەكیشدا بەڕێز ئارام قادر سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) جەختی لەسەر پابەندبوون بە بەهاباڵاكان و دەستووری هاوپەیمانی كردەوە و زەروورەتی فراوانكردنی هاوپەیمانی و پلانەكانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هاوپەیمانیی كردەوە. كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نیشتیمانی جەختیكردەوە:  ۱. قۆناغی نوێی كاری سیاسیی، هەنگاوی جیددی دەبێت بۆ فراوانكردنی بەرەی چاكەخوازی لە پێناو حوكمڕانییەكی باش و ژیانێكی باشتر بۆ هاوڵاتیان. ۲. هاوپەیمانیی ناونیشانی هاوڵاتیبوون و مرۆڤ سەنتەری دەكاتە سیمبوڵی ڕێزگرتن و كردنەوەی بواری ڕای جیاواز، ئەمەش نیشانەی ڕەنگاوڕەنگی پڕۆژەی هاوپەیمانییە. ۳. هاوپەیمانیی لەسەر ڕێڕەوەی دیدگای نیشتیمانی كاری جیدیی دەكات بۆ تێپەڕاندنی دابەشكارییە ئایدۆلۆجی و جوگرافی و زەمەنی و باكگراوندە جیاوازەكان.  ٤. هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزێكی سەربەخۆی كاریگەر دەبێت و پەیوەندییەكانیشی لەسەربنەمای بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی بەڕژەوەندی تەسكی حزبی دادەڕێژێت و بڕوای بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی پڕۆژەی دیدگای نیشتیمانییە. ٥. هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت. ٦. هاوپەیمانیی كاردەكات بۆ ئەوەی هێزێكی دەستەبژێر ببێتە بەدیلی كارو پڕۆژەی ڕابردووی هێزە سیاسییەكان و ئامادەكاری دەكات بۆ قۆناغ و پێشهاتە نوێییەكان. لە كۆتاییشدا كۆبوونەوە هەرچی زووتر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە پێویست زانی و جەختی لەسەر ماف و ئیمتیازاتی خەڵكی كوردستان كردەوە كە پێویستە لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە هەوڵی دەستەبەركردنیان بدرێت. كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨ هەولێر ...................................... ڕونكردنەوەیەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە كۆبونەوەی بەشێك لە هاودیدان لە هەولێر: ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا. ئێمە وەكو زۆرینەی ڕەھای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی ڕایدەگەیەنین:- ١ - چارەنوس و ئایندەی ھاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیكارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەكانی یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پارتە سیاسیەكان لەعێراق كە ھاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاری دەكرێت و لەم ڕوەوە ھەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕاست و دروست، بە بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەكانی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەستیپێكردوە و ھەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەڕمی و دەستوری ھاوپەیمانی . ٢ - بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەكانی حزبایەتی، بڕیاڕی گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەركردایەتی و ستراكچەری ھاوپەیمانی، وەك ھەر پارتێكی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ئەنجامدرا، تەنھا پەرچەكردارێكی نایاسایی و ناحزبیە و ھیچ كاریگەریەكی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی نابێت، كە پێشوتر دەستی كردوە بەوەرگرتنی ڕێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستوریەكان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ھاوپەیمانی كەھەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێكارە داواكراوە حزبی و یاساییەكان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسیەكانی عێراق . ٣- ئەو ٣ سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، كەدیارە ڕێگای جیاوازیان ھەڵبژاردوە، ھیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە هاوكاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەك زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی هاوپەیمانی نەدایەو لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نوێ كە ئەوكات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبهێنن، كە لەهاوپەیمانی خوازیاری درێژە پێدەری كاری سیاسین لەگەڵ ئەوان، نەك بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن ، بۆیە داواكاریشین بەزوویی ئەو پێشێلكاریە ڕاست بكەنەوە، كە لەكۆبونەوەی ھەولێر تێیكەوتن و ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی بگرن و دوربكەونەوە لە بەكارھێنانی ناو و لۆگۆی ھاوپەیمانی، كەپێشوتر بەزۆرینە و كەمینە، یەكلایی كراوەتەوە. ٤- بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت. ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ٩ / ١١ / ٢٠١٨    


( درەو میدیا):  بڕیارە سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرورەی یەكلابكرێتەوە، كە ئێستا بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبووە ئەوانیش بریتین لە: بۆچونی یەكەم: ئەم گروپە كە دیارترین سەركردەكانی ئارام قادرو محەمەد رەئوف و سەرگوڵ قەرەداغین, سبەی كۆبوونەوەی گشتی دەكەن و بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێت‌و لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوە‌و ئامادەكاریی بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات، چاوەڕوان دەكرێت سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتییدا بەشێك لە بەرنامەی سیاسی و لۆگۆ و ناوی هاوپەیمانی بە كەمێك دەستكارییەوە بگۆڕن. بۆچونی دووەم: ئەم بۆچونە زۆرینەی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و زیاتر لە كۆنە یەكێتییەكان پێكهاتوون و داوادەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئێستاش لیژنەیان پێكهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی و كۆبوونەوەشیان كردووە، ئەم گروپە بەشداری كۆبونەوەی سبەی ناكەن. بۆچونی سێیەم: ئەم گروپە كە پێگەی جەماوەریان بەهێز نیە لەناو هاوپەیمانی لە رۆژی 7/11/2018 ەوە حزبێكیان دامەزراندووە بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە. ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتییدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە. گروپی یەكەم: ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتی‌و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوە‌و بەردەوام بێت. گروپی دووەم: ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوون‌و پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیدا‌و ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایك‌و پۆستەكانیان وەربگرنەوە. گروپی سێیەم: ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوون‌و  بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە ئێستا حزبێكیان دامەزراندووە، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بتوانن بەم دۆخە سیاسیی و ئابورییەوە بەردەوام بن.  ئەم گروپە ئەوانەی ناو هاوپەیمانی بوون كە داوایان دەكرد، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ‌و وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی.   


( درەو میدیا):  سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان ( پیرە سەرۆك) رایدەگەیەنێت" ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." ڕێڤینگ ھروری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: "دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان  كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرێوە بچێت دووبارە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تاكوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی پێك دێن." ھرووری، ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، كاندیدەكان بۆ ھەریەك لەم پۆستانە دیاری دەكرێن و ئەندامان دەنگی خۆیان دەدەن و ھەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 6/11/2018 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا كاندیدە دەرچوەكان سوێندی یاساییان خواردوو دانیشتنەكەش بە كراوەیی هەڵگیرا، تا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دیاری دەكرێن، بەو پێیەی تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكێنانی حكومەت و پەرلەمان دەستی پێنەكردووە و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەوە بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەم زوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.     


( درەو میدیا) : مەسعود بارزانی رازی نابێت وەزیری دادی عێراق بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" كە دوێنێ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تەلەفۆن بۆ عادل عەبدولمەهدی و سەركردەكانی شیعە دەكات و پێیان رادەگەیەنێت كە نابێت پۆستی وەزیری داد بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" بارزانی داواشیكردووە" ئەگەر ئەو پۆستە نەدرێتە پارتی ئەوا بدرێتە كاندیدی لایەنە ئیسلامیەكان یان بزووتنەوەی گۆڕان" هەربۆیە بەهۆی كێشەی ئەو وەزارەتی داد لە نێوان یەكێتی و پارتی و هەندێك پۆستی دیكە لە نێوان لایەنە شیعەكان، متمانەدان بە 8 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دواخراوە.بەڵام  لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن كە پۆستی وەزارەتی دادیان مسۆگەركردووە  ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیەی مەسعود بارزانی بەبەرپرسانی بەغداوە بۆ جاری دووەمە كە دژی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستە وزاریەكانی عێراق ئەنجامی دەدات، پێشتریش بەها ئەعرەجی رایگەیاندبوو كە مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی ئاگادار كردبووەوە لەوەی ئەگەر وەزارەت بدرێتە یەكێتی ئەوا بەشداری ناكەن و دەكشێنەوە. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەپێی پێشبینییەكان، لە باشترین حاڵدا حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە سێ لایەن پێكدێت، ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان زۆر لاوازە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا چوار سیناریۆ بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی پۆستە باڵاكان لەنێوان لایەنەكان دەخاتەڕوو. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی كرد، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دۆخێكی نادیارەوە نازانرێت كەی شەمەندەفەری حكومەت دەگات. لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردن نەیانتوانی لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا پۆستەكان یەكلابكەنەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ هەبووە بۆ دابەشكردنی كێكی حكومەت، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نایەوێت كابینەی (9)ی حكومەت كابینەیەكی بنكە فراوان بێت، بەو واتایەی زۆرینەی حزبەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە لە باشترین حاڵدا پێشبینی دەكرێت كابینەی نوێ لە (2 بۆ 3) لایەن پێكبێت، واتە حكومەتی (دوو قۆڵی)  یاخود حكومەتێكی (سێ قۆڵی) كە لە فەرهەنگی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا". لەبەر رۆشنایی ئەم زانیاریانەدا دەتوانرێت پێشبینی چەند سیناریۆیەك بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم.  سیناریۆی یەكەم : حكومەتی ترۆیكا ئەمە بەهێزترین سیناریۆیە بۆ شێوازی حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، واتا كابینەی حكومەت‌و پەرلەمان لەلایەن ئەم سێ لایەنەوە پێكبهێنرێت. پێشبینی زاڵ بۆ حكومەتی "ترۆیكا" ئەوەیە (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە گالیسكەی حكومەت‌و پەرلەمانی داهاتوو رابكێشن، كە سێ لایەنی یەكەم‌و دووەم‌و سێیەمی براوەی هەڵبژاردنن. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت‌و حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان لەم سێ هێزە پێكبێت، پێشبینی دەكرێت پۆستە(باڵاكان) بەم شیوەیە دابەش ببێت:  •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی  •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان •    سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ گۆڕان •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان •     وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی وەزارەت‌و دەستەكانی تریش بەوشێوەیە دابەشدەكرێن. لەم سیناریۆیەدا ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لە پشكی لایەنەكاندا، بەتایبەت پشكی بزوتنەوەی گۆڕان. سیناریۆی دووەم: حكومەتی دوو قۆڵی  ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك پێشبینكراوە، بەتایبەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاری دەنگدەرەكانی خۆی یاخود بەشداری پێنەكردنی لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە، لە بەشداریكردن لە دەسەڵات بكشێتەوە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، دەتوانرێت پێشبینی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بكرێت بەمشێوەیە: •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی •     جێگری سەرۆكی حكومەت: بۆ یەكێتی •     سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •     جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •     جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كەمینەكان  •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی‌و پێشمەرگە: بۆ یەكێتی  وەزارەت‌و پۆستەكانی دیكەش بەوشێوە دابەشدەكرێت‌و پێشبینی ناكرێت دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بێت، بەڵام پێشبینش ناكرێت جیاوازی زۆر هەبێت لە پشكی پارتی‌و یەكێتیدا لە كێكی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پارتی چەندجارێك رایگەیاندووە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكناهێنێت. سیناریۆی سێیەم: حكومەتی چوار قۆڵی ئەمەبەست لەم سیناریۆیە ئەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەم چوارلایەنە پێكبێت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی). پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندینجار ئەوەی راگەیاندووە كە ئەزمونی حكومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێیانوایە لەكابینەی هەشتەمدا گۆڕان‌و كۆمەڵ وەكو دوو هاوبەش لە نیوەی رێگادا پارتییان لە حكومەت بەجێهێشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی خواستی هەیە بەشداری بكات لەدەسەڵات‌و بۆ ئەمەش لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، پێشبینی دەكرێت پۆستەكان بەم شێوەیە دابەشبكرێت: •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی  •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان •    سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •     جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان •     وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی •    وەزارەتێك‌و دەستەیەك: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كێكی دەسەڵات كێكی دەسەڵات بۆ خولی نوێی حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە (35) پۆست، كە ئەمانە: •    پۆستی سەرۆك وەزیران •    پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری كارگێری •    پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی (ئەگەر هەیە ئەم پۆستە زیاددبكرێت) •    وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو •     وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان •    وەزارەتی پەروەردە •     وەزارەتی كارەبا •    وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی •    وەزارەتی دارایی‌و ئابووری •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن •    وەزارەتی داد •     وەزارەتی ناوخۆ •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان •    وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار •     وەزارەتی سامانە سروشتییەكان   •    وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •    وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان •    وەزیری هەرێم  بۆ كاروباری ژینگە •    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم •    فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •     فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت •    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران •    دەستەی وەبەرهێنان •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم •    ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان •    دەزگای گشتی كاروباری مین  


( درەو میدیا): باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاریكردووە لەبەرامبەر زانیاری كە ببێتە هۆی دەستگیركردنی سێ‌ سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە". باڵیۆزخانەكە دەڵێت:" ئەمریكا 5 ملیۆن دۆلاری بەرامبەر بە زانیاری بۆ دەستگیركردنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایك و 3 ملیۆن دۆلاری بۆ دوران كاڵكان دیاریكردووە". ئەمەش دوای سەردانی ماتیۆ پاڵمەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت بۆ ئەنكەرە. ماتیۆ لەو بەیاننامەیەدا كە سایتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە توركیا بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" زۆر دڵخۆش بوووم بە یەكەم سەردانم بۆ ئەنكەرە لەو كاتەوەی پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكام بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا وەرگرتووە و لەم سەردانەدا چاوم بە چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا كەوت لەگەڵ سەرمایەداران، ئەندامانی پەرلەمان و بیروڕامان دەربارەی چەند پرسێكی جێگی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕكرد." ماتیۆ دەشڵێت:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری توركیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ لە بواری نەهێشتنی تیرۆردا بەرزدەنرخێنین و لە چوارچێوەی سەردانەكەمدا خۆشحاڵم كە پرۆگرانی خەڵاتەكان لە پێنداوی دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیەنم كەسێ‌ سەركردەی دیاری رێكخراوی تیرۆریستی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" بە ئامانج دەگرێت و ئیدارەی ئەمریكا لە بەرامبەر دەستكەوتنی زانیاری كە ببێتە خۆی دیاریكردنی شوێنی سەركردە باڵاكانی پەكەكە: موراد قەرەیلان دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار،  جەمیل بایك دەگاتە 4 ملیۆن دۆلارن دوران كاڵكان دەگاتە 3 ملیۆن دۆلار  تەرخاندەكات".  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبونەوەی خۆی گرێدا، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت كە پێكدێت لە (سەرۆكی پەرلەمان- جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان). سەرۆكی كاتی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان- یەكێتی نیشتمانی كوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كۆتایی بە كۆبونەوەكە هێنا‌و دانیشتنەكەی بەكراوەیی هێشتەوە تا ئەوكاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت. هەردوو فراكسیۆنی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی) دژایەتی خۆیان بۆ هێشتنەوەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی راگەیاند. رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكاری سەرەكی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بوو بە كراوەیی. نازانرێت لایەنە سیاسییەكان تا چەند هەفتەی تر دەگەنە رێككەوتن، بەڵام تا رێككەوتن نەكرێت، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لە دانیشتنی یەكەمدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، واتە تا رێككەوتنی سیاسی نەكرێت پەرلەمان هەر دانیشتنێك بكات، هەر بە كۆبونەوەی یەكەم ئەژماردەكرێت. لایەنەكان چی دەڵێن؟ عەلی حەمە ساڵح سەر‌وكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای كۆتایهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جێهێشتنی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی هیچ خیلافێكی یاسایی نیەو سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەتوانێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵێتەوە. عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ: " پەرلەمان بۆ خۆی بە شكاندنی ئەو پەیڕەوی ناوخۆییەی پەسەندی كردووە دەستیپێكردو ناكرێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە".  كازم فاروق ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: سەرۆكی كاتی پەرلەمان گوێی بە پێشنیازی پەرلەمانتارەكان نەداوەو دانیشتنەكەی بەكراوەیی هەڵگرتووە، ئەمەش پێشلێكارییە دژ بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. پێشینەیەكى خراپ! هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی، پێشینەیەكە كە سەرەتا لە پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2010 دەركەوت، كاتێك زیاتر لە (5) مانگ دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی هێڵدرایەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام ئەوكات دادگای دەستوری عێراق دواجار بڕیاریدا لەسەر ئەوەی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی كارێكی نادەستورییە، بۆیە پەرلەمانی عێراق ئەوكات لەژێر فشاری دادگای دەستوریدا پەلەی كرد‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كابینەی حكومەت یەكلاكرایەوە. ئەم نەریتە ساڵی 2013 گواسترایەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی یەكەمی خۆی نزیكەی (6) مانگ بەكراوەیی هێشتەوە. هێشتنەوەی دانیشتن بەكراوەیی یاساییە؟ ئەگەر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هەندێك كێشە هەبوبێت لەبارەی دەستەواژەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان، لەم خولە نوێیەدا تاڕادەیەك تەمومژ نەماوە، چونكە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمان بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، پەیڕەوێكی ناوخۆی نوێی بۆ پەرلەمان پەسەندكرد، كە تاكە سەرچاوەی یاسایی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمانە. بەپێی ئەو پەیڕەوە ناوخۆ نوێیە، كە لەبەشی یەكەمدا‌و لە پێناسەكاندا هاتووە، مەبەست لە (دانیشتنی پەرلەمان) برتییە لە " كۆی گشتی ئەو كۆبونەوانەیە كە لە رۆژێكدا دەبەسترێن". بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) بۆ پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكانی خولی چوارەم، ئەم پێناسەیە هیچ دەرفەتێكی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسایبوون یان نایاسایبوونی هێشتنەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی نەهێشتووەتەوە، چونكە ئەم پێناسەیە بەڕوونی یەكلایكردوەتەوە كە دانیشتنی پەرلەمان دەبێت تەنیا لە یەك رۆژدا بێت، نەك یەك بۆ چەند رۆژ یاخود چەند هەفتە‌و چەند مانگێك درێژبكرێتەوە، مەبەستی (مشرع- یاسادانەر)یش لە وشەی (رۆژێك) هەمان مەبەستە، واتە هێشتنەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی، كارێكی نایاسایی بوو. چەند پێشێلكارییەكی تر ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان كە تاكە رێكخراوی چاودێری كارەكانی پەرلەمانە لە هەرێمی كوردستان‌و لە چوار ساڵی رابردوودا راپۆرتی وردی لەسەر هەموو كۆبونەوە‌و بڕیارەكانی پەرلەمان ئامادەكردووە، لەبارەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە. لە راگەیەندراوەكەدا ئینستتیوتی پەی دەڵێ" ئەوەی تێبینی كرا لە یەكەم دانیشتنی دەستپێكدا كۆمەڵێك پێشێلكاری لە یاساكان‌و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا كراوە". ئینستتیوتی پەی لەم خاڵانەدا پێشێلكارییەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردووە: 1-    بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك‌و هەردوو جێگری یەكەم‌و دووەم) هەڵبژێردرایە، بەڵام جگە لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هیچی تر نەكراو دانیشتنەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی مادەی یەكەمی پەیرەو دانیشتنی پەرلەمان لە شەو و رۆژێكدایەو ناكرێت دانیشتن بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە، ئەمەش یەكەم پێشێلی پەیرەو بوو لەلایەن خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە ئەنجامدرا. 2-    بەپێی مادەی (21) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە لیژنەیەك سەبارەت بە دروستی ئەندامێتی ئەندامانی پەرلەمان پێكبهێنرێت، بۆ پێداچوونەوەی ئەو تانانەی لەسەر دروستی ئەندامێتی پێشكەشكراون. ئەمەش پێشێلێكی تری پەیرەو بوو 3-    بەشێك لە پەرلەمانتاران لەساتی سوێندخواردنەكەدا پەیوەست نەبوون بەو دەقە یاساییەی سوێند كە لە مادەی (12)ی پەیڕەودا هاتووە. 4-    لەساتی خستنە دەنگدانی پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چەند ئەندامێك ویستیان بە (نقطة نظام) خاڵی پەیڕەوی رای خۆیان دەرببڕن بەڵام لەلایەن سەرۆكی كاتیەوە رێگەیان پێنەدرا، ئەمەش پێشێلی پەیرەو بوو.


(درەو میدیا): یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەم پەرلەمانی كوردستان بە سوێندخواردنی كاندیدە سەركەوتووەكان كۆتایی هات، بەڵام هیچ یەكێك لە قوباد تاڵەبانی‌و شاسوار عەبدولواحید بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد‌و سوێندیان نەخوارد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان، بەڵام دەكشێنەوە‌و نابن بە ئەندامی پەرلەمان. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە لیستی یەكێتی (راهی رەهبەر سەید ئیبراهیم) شوێنەكەی قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمانی كوردستان پڕدەكاتەوە، شوێنەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش لەلایەن (سیروان بابان)ەوە پڕدەكرێتەوە. قوباد تاڵەبانی كە لە كابینەی هەشتەمدا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، جارێكی تر چاوی لە وەرگرتنی پۆستی حكومی باڵایە، شاسوار عەبدولواحیدیش دەیەوێت وەكو سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بمێنێتەوە.


( درەو میدیا): ئەمڕۆ كاندیدە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردو بوون بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنەكە بە سەرۆكایەتی بەتەمنترین پەرلەمانتار بەرێوەچوو. بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت، دانیشتنەكە تەنها تایبەتكرا بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران‌و كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە تا ئەوكاتەی رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكان دەكرێت لەسەر پۆستەكان. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا گۆڕانكاری لە ژمارەو پێگەی حزبەكاندا دروستبووە، هەندێك حزب كورسییەكانیان زیادی كردووەو هەندێكی تر كەم، بەشێوەیەكی گشتی ژمارەیەكی كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لە (40) كورسییەوە بۆ (24) كورسی كەمیكردووە، واتا (16) كورسی كەمیكردووەو ژمارەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە (56) كورسییەوە بۆ (66) كورسی زیادیكردووە، واتا ئەو دوو لایەنە لە پەرلەمانی نوێدا (10) كورسی زیادیكردووە. بەپێی ئەنجامی كۆتای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی، ژمارەی دەنگ‌و كورسی لایەنەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بەمشێوەیەیە:  دەنگ و كورسی لایەنەكان  پارتی دیموكراتی كوردستان:  686،070 دەنگ-  45  كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:   319،912 دەنگ-  21  كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان:          186،903 دەنگ- 12  كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:       127،115  دەنگ-  8   كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:  109،494 دەنگ-  7  كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح:    79،434 دەنگ -   5  كورسی هاوپەیمانی سەردەم:           15،581   دەنگ  -  1  كورسی لیستی ئازادی:                 8،063    دەنگ   - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی:   3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی:          2 كورسی            - چاكسازی توركمانی:            1  كورسی - لیستی میللەت:                   1 كورسی - بەرەی توركمانی:               1 كورسی - لیستی رافیدەین:                 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی دەنگی  بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەمشێوەیەیە:  * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەكانی پارتی 1. هێمن هەورامی: 47،436  2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەركی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940  10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312  11. حیكمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972  12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان كەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366  16. رێبوار بابكەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسكەندەر مەم ئەسكەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426  23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوكری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەكەدین كاكەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097  3. رێواس فایەق ، 5،982  4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783  8. عوسمان كەریم 3،765 9. سەركۆ ئازاد 3،560  10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721  14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. كاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیكرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی گۆڕان 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. ئامینە محەممەد 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. كازم فارووق، 2،207 3. كاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393  5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی كۆمەڵ 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان كانی كوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوكریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی بەرەو ئیسڵاح 1. د. شێركۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەكر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ   ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی (شیوعی) 1. محێدین حەسەن، 1،222 كۆتاكان هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمك 815 - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی  محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسی ئازاد ئەكرەم، 346 - بەرەی توركمانی: 1 كورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 كورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی كلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی فاهیك كەمال، 615 دەنگ



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand