(درەو میدیا): بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە دوێنێ شەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردنەوە، ژمارەیەك كاندید لە لیستە جیاوازەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی سیستمی كۆتای كەمینەكان، بە كەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان. ئەو كاندیدانەی كە بەكەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن: • گوڵستان سەعید (لیستی بزوتنەوەی گۆڕان)، بە (825) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شادی نەوزاد (لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، بە (561) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شوكریە سمایل (لیستی كۆمەڵی ئیسلامی)، بە (955) دەنگ
( درەو میدیا): وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت سەرباری تێبینییەكانیان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵدەكەن. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی وتی:" سەرباری تێبینییەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە". وتیشی:" یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم". لەسەر پرسی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستانن وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند لەگەڵ پارتی دەیان تەنگژەیان پێكەوە بەڕێكردووە و ئیدارەدانی كوردستان بەپلەی یەكەم لەسەر شانی یەكێتی و پارتییە.
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 دەنگی زۆربەی لایەنەكان كەمیكردووە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018. جیاوازی دەنگی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (686،070 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (743,984) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (57914 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.8%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (319،912) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (350,500) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (30588 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 8.7%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (186،903) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (476,736 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (289833) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 60.8%) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (109،494) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (118,574 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (9080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.7%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (79،434) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (186,741 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (107307) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 57.4%)، هەرچەندە پێشتر یەكگرتوو بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ( بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشەشی ) لەگەڵ بوو. - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (15،581) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12501) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (3080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 19.8%) هەرچەندە پێشتر سۆسیالیست بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ (پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان) لەگەڵ بوو، بەو پێیە بێت دەنگی سۆسیالیستیش كەمیكردووە. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (8،063 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12392) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (4329) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 34.9%).
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018گۆڕانكاری بەسەر ژمارەی كورسی لایەنەكاندا هاتووە وەك. جیاوازی كورسی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (45) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (38) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (7) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 18.4%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (18) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (21) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (3) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (12) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (24) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (12) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50 %) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (7) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (6) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (1) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (5) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (10) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (5) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50%) - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو ، وەك خۆی. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو، وەك خۆی
( درەو میدیا): كاتژمێر 12ی ئەمشەو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد كە 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە ( 119117 ) هەزار دەنگ پووچەڵكرانەوە، كە لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكە و هەولێر 59 بنكە پووچەڵكراونەتەوە. دەنگ و كورسی لایەنەكان بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی - لیستی میللەت: 1 كورسی - بەرەی توركمانی: 1 كورسی - لیستی رافیدەین: 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی هاوكات دەنگی بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەم شێوەیە بووە:. * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەکانی پارتی: 1. هێمن هەورامی: 47،436 2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەرکی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940 10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312 11. حیکمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972 12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان کەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366 16. رێبوار بابکەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسکەندەر مەم ئەسکەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426 23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوکری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەکەدین کاکەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی یەکێتی: 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097 3. رێواس فایەق ، 5،982 4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783 8. عوسمان کەریم 3،765 9. سەرکۆ ئازاد 3،560 10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721 14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. کاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیکرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی گۆڕان: 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. ئامینە محەممەد 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی نەوەی نوێ: 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. کازم فارووق، 2،207 3. کاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393 5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی کۆمەڵ: 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان کانی کوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوکریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی بەرەو ئیسڵاح: 1. د. شێرکۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەکر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم: 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی: 1. محێدین حەسەن، 1،222 کۆتاکان: ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی: 3 کورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمک 815 - گەشەپێدانی تورکمانی: 2 كورسى محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاکسازی تورکمانی: 1 كورسى مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسى ئازاد ئەکرەم، 346 - بەرەی تورکمانی: 1 کورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 کورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، 1 کورسی کلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاکی ئەرمەن: 1 کورسی فاهیک کەمال، 615 دەنگ
( درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكدا جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە" بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان خستۆتە روو كە " داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت" دەقی راگەیەنراوەكە راگەیەنراوێك لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە: ئەمڕۆ، 20/10/2018، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ تاوتوێ كرانو بڕیاریان لەبارەوە درا. كوردستانو عێراقو ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێتو گەلەكەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشەو قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستاو داهاتوی كرد. هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانو دەرهاویشتەكانی یەكێك بو لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكە. هەروەها هەڵسەنگاندنو پێداچونەوە بە كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بو. هاوڵاتیانی كوردستان... ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو رێژەی كەمی بەشداریكردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانو حوكمڕانیانو ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەكاریو پێشێلكارییانەی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئەنجامدران، كاریگەریو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنو پرۆسەی سیاسیو ناووناوبانگی هەرێمەكەمان دروست كرد. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین كە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد. سوپاسو پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شێلگیرانە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان كرد. لە هەمان كاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت. جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە. لە كۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا. بزوتنەوەی گۆڕان 20/10/2018
(درەو میدیا): بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەك كورسی هەیە، چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی نوێدا پارێزگاری لە تاكە كورسییەكەی بكات. بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانو رەوتی چاكسازیو گەشە) بە لیستێكی هاوبەش بەناوی لیستی "بەرەو ئیسلاح" بەشداری هەڵبژاردنی كرد. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیسی بەرەو ئیسلاح لە پێنج كورسییەوە ببێت بە شەش كورسی، پێشبنی دەكەن بە دەنگی كۆتای ژنان (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) كچی رابەری پێشووی بزوتنەوەكەیان سەركەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داویكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیستی بەرەو ئیسلاح وەكو خۆی بمێنتەوەو نەبێت بە شەش كورسی، چاوەڕێ دەكەن (عەبدوڵا وەرتێ) لە بزوتنەوەی ئیسلامی سەركەوێت بۆ پەرلەمان. ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كاندیدێكی سەرنەكەوێت بۆ پەرلەمان، ئایا یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدێكی خۆی دەكێشێتەوە بۆ ئەوەی كاندیدی بزوتنەوە شوێنی بگرێتەوە، ئەمە پرسیارێكە كە لەناو لایەنە ئیسلامییەكان دروستبووە، بەتایبەتیش لەلای ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی، كە پێشتر تۆمەتبار دەكران بەوەی ناهاتونەتە ناو لیستی بەرەی ئیسلامییەكانەوە بۆ هەڵبژاردن. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە كردو ئەو رایگەیاند، ئەوەی ئەوان لەچوارچێوەی یەك لیستدا كۆبونەتەوە، بەجێهێنانی ئەركی ئاینی بووە لەپێناو یەكڕیزی موسوڵمانان، واتە ئەوان لەسەر بنەمای باگراوەندی سیاسی كۆنەبونەتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای باگراوەندی ئاینی كۆبونەتەوە. لەبارەی ئەوەی ئایا یەكگرتوو ئامادەیە دەست لە كورسییەكی خۆی هەڵگرێت بۆ بزوتنەوە، سەلام كەریم وتی: ئێمە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوینو هەركەسێك سەركەوێت بۆ پەرلەمان لە هەر لایەكمان بێت مافی خۆیەتی. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا شولن قەڵادزێی تاكە نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە پەرلەمانی كوردستان و كەسایەتیەكی رێز لێگیراوبوو لەناو هەموو فراكسیۆنەكاندا، شوان قەڵادزێی لە روداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداو پاش ماوەیەك بزوتنەوەی ئیسلامی ئاری عەبدوللەتیفی لە شوێنی دانا. بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 19/5/1992 لە ژێر ناوی ( لیستی ئیسلامی) بەشداری هەڵبژاردنی كردوو ( 49108 ) دەنگی بەدەست هێنا بەرێژەی ( 5.05%) بەڵام نەیتوانی بەربەستی یاسایی ( 7%) تێپەرێنێت بۆیە هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، لە كاتێكدا دەنگەكانی بەشی چوار كورسی پەرلەمان بوو.
( درەو میدیا) : بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتین لە: 1- عەلی حەمە ساڵح 2- گۆڕان عومە ( گۆرانی ئینزیبات) 3- یاسین خدر 4- شاخەوان رەئوف بەگ 5- رزگار محەمەد 6- جەلال محەمەد ئەمین 7- دابان محەمەد 8- بەڵێن ئیسماعیل 9- شیرین ئەمین 10- د. شایان 11- ئاشنا عەبدوڵا 12- گوڵستان سەعید هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر گۆڕان كورسیيەكی بۆ زیاد بكرێت، (دلێر عەبدولخالق) سەردەكەوێت بۆ پەرلەمان.
راپۆرتی: درەو میدیا لە خشتەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە لەلایەن سۆمۆوە ( كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق)بڕی هەناردەی نەوتی رۆژانەو مانگانەی هەرێمی كوردستان رون دەكاتەوە لە 1/1/2018 تا 19/10/2018 بەجۆرێك، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی لە مانگی 10 تشرینی یەكەم( 433,782 )بەرمیل بووە، خۆ ئەگەر ئەو تێكرایە بۆ تەواوی مانگی 10 دابنرێت ئەوا هەرێم لە مانگی ( 13 ملیۆن و 13 هەزار 460 ) بەرمیل رەوانە دەكات، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018 هەناردەی نەوتی هەرێم ( 534,914 ) بەرمیل بووە لەو رۆژەدا، لە ماوەی 19 رۆژی ئەم مانگەدا هەرێمی كوردستان ( 7 ملیۆن و 808 هەزار 069 ) بەرمیلی رەوانە كردووە. نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزیكەی 80 دۆلارە نەوتی هەرێم كەمتر لە 10 دۆلار دەفرۆشرێت، واتا داهاتی نەوتی تەنها ئەو 19 رۆژەی مانگی 10 دەكاتە ( 546 ملیۆن و 564 هەزار دۆلار) خۆ ئەگەر تێكڕای مانگی 10 وەربگرێن ئەوا داهاتی مانگی 10ی نەوتی هەرێم دەكاتە ( 910 ملیۆن دۆلار ) هەر بەپێی خشتەكە تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی مانگی ئەیلولی هەرێمی (405,378 ) بەرمیل بووە و لە مانگەكەشدا ( 12,161,328 ) بەرمیلی رەوانەكردووە كە داهاتەی ئەو نەوتە دەكاتە ( 851 ملیۆن دۆلار ) كە نزیكەی ( 200 ملیۆن دۆلار)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و كرێی گواستنەوەو قەرزەكان دەڕوات، بەو پێیەش ( 651 ملیۆن دۆلار)ی دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 781 ملیار دینار) لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە ( 317 ملیار دینار)ە لەگەڵ پارەی ئەمریكیەكانی كە ( 30 ملیار دینار)ە لەگەڵ ( 120 ملیار دینار)ی داهاتی ناوخۆ، كۆی گشتی دەكاتە ( یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار) هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە 1/1/2018 ەوە - لە مانگی یەكی 2018 دا هەرێم رۆژانە ( 310هەزار و 705 ) بەرمیل نەوتی رەوانكردووە كە لەو مانگەدا ( 9 ملیۆن و 631 هەزارو 845 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە. - لە مانگی دوو واتا شوباتی 2018 هەرێم برشی ( 8 ملیۆن و 479 هەزارو 95 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای رۆژانە دەكاتە ( 302 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوت، - لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708 ) - لە مانگی چوار واتا نیسانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 9 ملیۆن و 386 هەزارو 387 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 312 هەزارو 880 ) - لە مانگی پێنج واتا ئایاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 496 هەزارو 853 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 338 هەزارو 608 ) - لە مانگی شەش واتا حوزەیرانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 329 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 344 هەزارو 328 ) - لە مانگی حەوت واتا تەموزی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 743 هەزارو 816 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 378 هەزارو 833 ) - لە مانگی هەشت واتا ئابی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 556 هەزارو 702 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 372 هەزارو 797 ) - لە مانگی نۆ واتا ئەیلولی 2018 دا هەرێم بڕی ( 12 ملیۆن و 161 هەزارو 328 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 405 هەزارو 378 ) - لە مانگی دە واتا تشرینی یەكەم 2018 دا ( تەنها 19 رۆژ )هەرێم بڕی ( 7 ملیۆن و 808 هەزارو 069 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 433 هەزارو 782 )
( درەو میدیا): " ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی سەنگی كوردی بەتەواوی لە بەغداد لاواز كردووە، بە جۆرێك ئێستا لایەنە عێراقیەكانیش ئەو حیسابە بۆ كورد ناكەن، بەو پێیەی بڕیارە لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ وەزارەت بۆ كورد دیاری بكرێت، كە ئەوانیش ( وەزارەتی داد و كۆچ و كۆچبەران و دارایی)یە كە وەزارەتی داد بۆ یەكێتی دەبێت و خالید شوانی كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستەو دوو وەزارەتەكەی تریش بۆ پارتیە" ئەمە لێدوانی كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕانە كە بۆ "درەو میدیا " دوا. كاوە محەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان، هەوڵ ئەدەین ژمارەی وەزارەتەكانی كورد بكرێتە چوار وەزارەت لە پێناو خۆمان نا، بەڵكو لە پێناو ئەوەی ئەم دابەشكارییە نەبێتە بنەما بۆ سەنگی كورد لە حكومەتی عێراق، چونكە بەم شێوەیە كورد 13% دەبێت لە حكومەتی عێراق لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق كورد 18%، هەروەها 5 بۆ 6 بۆ سونە دیاریكراوەو شیعە 12 بۆ 13 وەزیر دیاریكراوە، ئەو لاوازیەی كورد دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لە بەغداد" سەبارەت بە كاتی پێشكەشكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بە پەرلەمان، كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد كە پێش وادەی كۆتایی خۆی رۆژی دووشەممە یان چوارشەممەی داهاتوو كابینەكەی پێشكەشدەكات كە پێدەچێت 17 وەزارەت پێشكەشبكات، لە كۆی 22 وەزارەت كە پێدەچێت وەزارەتە ئەمنییەكان دوابخرێت بۆ كاتی تر" سەبارەت بە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كە لە كاابینەكانی پێشوو كورد جێگرێكی سەرۆك وەزیرانی هەبووە( جگە لە كابینەكەی عەبادی كە دوایی لایبرد ) و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بە رەسمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد" ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە كە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە دەدرێت بە كورد بكرێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێت و وەزارەتی دارایی دەبێت" لە كابینەكانی پێشوی حكومەتی عێراق( كابینەی ئەیاد عەلاوی ، ئیبراهیم جەعفەری ، نوری مالیكی ، حیدەر عەبادی) كورد پێنج وەزارەت و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە.
راپۆرتی / محەمەد رەئوف رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، بەجۆرێك ئێستا كۆی داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە. داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا) كە كۆی گشتی ئەو داهاتانە بەشی تەواوی موچەی موچەخۆران و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات. یەكەم/ داهاتی نەوت هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2018 دا رۆژانە ( 399.032 ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە كە كۆی گشتی ئەو مانگە ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا كردووە، كە بەپێی راپۆرتی (گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان)، لە مانگی ئەیلولدا نرخی بەرمیلێك نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530,000 $) هەشت سەدو پەنجاو سێ ملیۆن و 530 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیە ( 135 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە بە توركیا و 25 ملیۆن دۆلار كرێی گواستنەوەو 35 دۆلاریش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانە، واتا مانگانە ( 195 ملیۆن دۆلار)ی دەڕوات كەواتا كۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی ئەیلول ( 658,503,000$) شەش سەدو پەنجاو هەشت ملیۆن و 530 هەزار دۆلار ئەمە داهاتی نەوتە بۆ یەك مانگ دەكاتە ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار. دووەم/ داهاتی ناوخۆ داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە پێی وتەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ( 120 ملیار دینار) ە كە زیاتر بۆ خەرجی وەزارەتەكانە سێیەم/ پارەی عێراق ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت. چوارەم/ پارەی ئەمریكا ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) . بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە : داهاتی نەوت ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار + داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)، كۆی گشتی دەكاتە = 1,257,236,000,000 ( یەك ترلیۆن و 257 ملیار و 236 ملیۆن دینار ) بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,257,236,000,000 دینار - 897,000,000,000 دینار = 366,000,000,000 دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 366 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
راپۆرتی: درەو میدیا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوەكانی چڕكردوەتەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكاندیدا، بەتایبەتیش دوای كەمبونەوەی دەنگ و كورسییەكانی لە هەردوو هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك هەڵبژاردن و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان بە تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی گۆڕان و دەربازبونی لە قەیرانە ناوخۆییەكانی لێكدەدەنەوە كە خوێنی نوێ و دەم و چاوێ نوێ دێنە پێشەوەو تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانێتی، لەبەرامبەردا هەندێك پێیان وایە كە گۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە جەوهەردا بۆ تەسفیەكردن و دەرپەڕاندنی بەشێك لە دەنگە ناڕازیەكانە. هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان دەبوو 12/12/2016 هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامبدرایە، پێش ئەو وادەیە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە كە ئەوكات بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە لە بەریتانیا بوو، نامەیەكی بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەكە نارد و لە یەكێك لە خاڵانەكانی داوای كردبوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەهۆی نەگونجاوی بارودۆخەكەوە. هەندێك خوێندنەوەی ئەوە بۆ ئەو داوایەی نەوشیروان مستەفا دەكەن "لەو كاتەدا خۆی لە هاوكێشەی بڕیاردان دووربووە و ترسی هەبووە لە دەستوەردان و قوڵكردنەوەی ململانێیە ناوخۆییەكان، وێڕایی نالەباری دۆخی سیاسی و ئابوری و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان". ئەوە لە كاتێكدایە، لە پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕاندا هیچ بڕگەیەك ئاماژەی بەدواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی نەكردووە، هەروەك ئەوەشی تیادا نەنوسراوە "كێ" یان كام "ئۆرگانە"ی، گۆڕان مافی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە. ڕەنگە تاكە بڕگەیەك كە جۆرێك لە شەرعەیەتی دابێت بەدواخستنی (كۆنفرانسی نیشتمانی) بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبێت، كە چوار ساڵێك جارێك و پێش هەڵبژاردنی گشتی(پەرلەمان) لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، بەوەش بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواخراوە، بەڵام دیسان ئەمە ناكاتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، كە بەهەڵبژاردنی دەستەی بازنە و ڕایەڵەكان دەستپێدەكات و دواتر ئەوانیش لەسەر ئاستی قەزاكان دەستەی قەزاكان هەڵدەبژێرن، ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكەدا بۆ باژێڕوانی قەزاكان سەردەكەون ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و نوێنەرایەتی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو دامەزراوەیە، كە بەدامەزراوەی سەركردایەتیكردنی گۆڕان و ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت، ڕێكخەری ژوورەكانیش كە ژمارەیان(12)یە، لەڕێی ڕێكخەری گشتییەوە دیاریدەكرێن و ناوەكانیان ڕادەستی جڤاتی نیشتمانی دەكات بۆ پەسەندكردن. بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەر دوو ساڵ جارێك ئەنجام دەدەرێت، بە وپێیەش ئەم جڤاتەی ئێستا كە لە 12/12/2014 هەڵبژێردراوە دەبوو لە 12/12/2016 خولەكەی تەواوبكات و سەرلەنوێ هەڵبژاردنی بۆ بكرێتەوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی بۆ نەكراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بێت دوو ساڵە شەرعیەتی ڕێكخراوەیی بەسەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 25/7/2017 ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژاردووە، كە ماوەی تەمەنی ئەوانیش(2)ساڵە. خاڵێكی تر كە جێگەی باسە لەم ڕاپۆرتەی "درەومیدیا" دا، لە هەندێك شار و ناوچەی وەك (كەركوك و بادینان و كەلار) لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تائێستا هەڵبژاردنی ناوخۆیی تیادا بەڕێوەنەچووە. لەگەڵ ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانیش (كۆنگرە) پاساویشی هەبووبێت بۆ داخستن، هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان نەخراوەتەڕوو، چونكە كاری سەرەكی كۆنفرانسی نیشتمانی دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چوارساڵی داهاتوو, هەڵسەنگاندنی كاری ڕێكخراوەییە لە چوارساڵی ڕابردوودا، هاوكات توانای ئەوەشی هەیە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بكات، واتە بەپێچەوانەی حزبەكانی تر، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنفرانسی (نیشتمان)یدا، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك ئەنجامنادات. خواستی گۆڕانكاریی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دابەزینی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نیوە، داواكاری گۆڕانكاری و تازەبوونەوە بووە داواكارییەكی پێویست و لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی ئەوحزبە فشارەكانیان بەو ئاڕاستەدا چڕكردەو ەو داوای پێداچونەوەی گشتگیریان كرد لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش جارێكی تر ئەم دوایە بەچڕی سەرهەڵدایەوە و بەچەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردن كە ڕۆژی 30 ئەیلولی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدەدەن و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەدا دەكەن. تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی هیچ ڕاگەیەندراو، یاخود نوسراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە، كەناڵی ( KNN) كە زمانحاڵی ڕەسمی ئەو حزبەیە، بەبێ ناوهێنانی هیچ سەرچاوەیەكی ڕەسمی، شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا كە لە شێوەیەی زانیاری بەدەستهاتوو بڵاویكردەوە، ڕایگەیاند" لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، هەر لەو ماوەیەدا هەنگاوە كردارییەكان بۆ خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەكات كە بریتین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرە". ڕاشیگەیاندوو"بەشێكی دیكەی هەنگاوە كردارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستەوخۆ لەدوای بەستنی كۆنگرە، بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە، كە هەر لە ڕێكخەری گشتیەوە تاكو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و بەرپرسی ژوورەكان و باژێڕوانەكان دەگرێتەوە. لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی "KNN"دا، هاتووە، ئامانجی ئەو گۆڕانكارییانە" چونەوە سەر شاڕێی ئامانجە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە". هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بزوتنەوەی گۆڕان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، (كۆنفرانسی نیشتمانی) ڕێكدەخات و بۆ بەداواچونی ئەو پرسە، پرسیاری لەزیاد لە سەرچاوەیەكی ئاگادار كرد كە ئاخۆ گۆڕان دەتوانێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی نیشتمانی بكات؟ لە وەڵامدا سەرچاوەكانی "درەو میدیا" ئاماژە بەوەشكرد كە هیچ بڕگەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ نیە ڕێگری لەو كارەبكات. ڕەنگە ئامانجی پێشخستنی "كۆنفرانسی نیشتمانی" پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دەستكاریكردنی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە و گۆڕینی هەندێك لە بڕگە و مادانە بێت كە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تازەیەی هاتوەتە پێشەوە ناگونجێ، یان لە رابردوودا بەربەست و ڕێگری بۆ هەندێك لەو هەنگاوانە داناوە كە بەرپرسانی بزوتنەوەكە ویستویانە بینێن و دەستورەكە ڕێگر بووە، كۆنفرانسی نیشتمانی ئەو دەرفەتەیان دەداتێ دەستكاری بكەن و هەمواری بكەنەوە. هاوكات لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی حەمە ساڵح, هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا كە لاپەڕەی تایبەت خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لە سەرجەم ئۆرگانەكان، لە ماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردنی جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی". خاڵێكی تر كە مایەی ڕاوەستانە، چی لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی (KNN) هەم لە نوسینەكەی (عەلی حەمە ساڵح)دا، ئاماژە بە گۆڕینی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن كراوە، لە كاتێكدا بە پێچەوانەی جڤاتەكان كە دووساڵە ماوەكەیان تەواوبووە، ڕێكخەر و خانەی ڕاپەڕاندنیش هێشتا نزیكەی 10 مانگیان ماوە بۆ تەواوكردنی دوو ساڵەكەیان و دوای كۆنفرانسی نیشتمانی و تەواوبونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، نزیكەی 7 مانگ ماوەیان دەمێنێت. رێكخەری گشتی و ئەركەكانی بەگوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كە لە یەكەمین كۆنگرەی نیشتمانی ئەو حزبەدا پەسەندكراوە رێكخەری گشتی ئەم ئەركانەی هەیە: - سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەكات. - لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە. - لەكاتی ئامادەنەبوونیدا، یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی بە گوێرەی مادەی یانزەیەمی دەستوری گۆڕان، لە كاتی چۆڵبوونی جێگەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لە سۆنكەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەمانە بۆیان هەیە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن. - ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی - ئەندامانی جڤاتی گشتی - كەسایەتی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤات هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانیدا دەكرێت و بە دەنگدانەی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرێت، ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنا، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دووەمین كەس دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە و ئەوسا زۆرینەی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.
راپۆرتی: درەو میدیا بە تۆمەتی (بەقاچاغبردنی نەوت و سپی كردنەوەی پارە) ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیی هەولێر دەستبەسەركراون و هەندێكیشیان هەڵاتوون، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بە دیاریكراویش لە 6 و 7 ی ئەم مانگەوە دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوت و بە قاچاغبردنی و سپیكردنەوەی پارەی ئەو نەوتە بەقاچاغبراوە. سەرەداوی روداوەكە دوای ئەوەی ئاسایشی هەولێر دەستدەگرێت بەسەر زیاتر لە ( یەك ملیۆن و 380 هەزار) دۆلار واتا ( 138 دەفتەر دۆلار) كە لە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا بووەو هێنراوە بۆ بازاڕەكانی هەرێم و ساغكراوەتەوە، لە رێگەی مەخمور هەولێر دەستگیردەكرێت، كە پارەكە لە گەیارە و شەرگاتەوە هاتووە،، گومانەكە زیاتر دەبێت كاتێك دەردەكەوێت شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە پاسەوانی یەكێك لەو ئەفسەرانەیە كە ئێستا دەستبەسەركراوە، كاتێك دەردەكەوێت هێنانی پارەكە بۆ سپیكردنەوەیەو بەهۆی بەقاچاغبردنی نەوتەوە دەستكەوتووە، لەوێوە دەزگا ئەمنییەكان دەستدەكەن بە لێكۆڵینەوە. تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێستا نزیكەی ( 28 ) كەس دەستگیركراون، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی نەوت لە نێو ئەو كەسانەدا بەپێی زانیارییەكان هەریەك لە جێگری بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی جموجوڵی ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی دژە تیرۆر لە ئاساییشی هەولێر، بەڕبوەبەری ئاساییشی ( بنەسڵاوە ، بەحرەكە، گوێر) و بەرپرسی ژمارەیەك بازگە و ژمارەیەك بەرپرسی پێشمەرگە و پۆلیسیش تێوەگلاون، بەشێكیان دەستگیركراون و بەشێكیشیان دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. قاچاغچی نەوت دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتە، كە ماوەیەكی زۆرە نەوتی لێوە بە قاچاغ دەبەن و لە بازاڕی رەشی هەرێمدا ساغی دەكەنەوە و تۆڕێك لە بەرپرسانی ئەمنی تێوەگلاون و بازرگانیان بە نەوتەوە كردووە وپارەیان سپیكردوەتەوە، ئەو بۆریە نەوتەی كە نەوتی لێوە بە قاچاغبراوە، بۆری بیرە نەوتییەكانی چەڵتوك لە مەخمور و چل هەوێزە و كێڵگە نەوتییەكانی گوێرن كە بە بۆری دەچنە پاڵێوگەی كار ، ئەو بۆریە نەوتە كونكراوەو رۆژانە نزیكەی 30 تەنكەر نەوتیان لێوە بردووەو بە قاچاغ لە بازاڕەكانی هەرێم ساغیانكردوەتەوە، پارەی ئەو نەوتەشیان لە بازارەكانی هەرێمدا سپیكردوەتەوە. هەڵوێستی بەرپرسانی حكومەت لەگەڵ ئەوەی برپرسانی حكومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێن كە روداوەكە راستە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو تۆڕەی دەستگیركراوە بەرپرسی ئەمنییان تێدا بێت، هەروەك بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەگەرچی دانی بەوەدا نا کە ئەفسەرێكیان بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەكردووە، بەڵام دەنگۆی تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی رەتكردوەتەوە< سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای هەندێك راپۆرت بووە و ئێستاش لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت. بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی رابردوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسانە، چاوەڕەوان دەكرێت ئەو كەیسەش وەك دەیان كەیسی تری هاوشێوە " دیزە بەدەرخۆنە بكرێت"، بەو پێیەی ئەو كەیسە بەرپرسی ئەمنی لە پشتەوەیە و رەنگە بەشێك لەو بەرپرسانە لە هەرەمی دەسەڵاتدابن و بەتایبەتیش لە حزبی باڵادەست بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت لێپرسینەوەی جدی بكرێت و ئەو كەیسە بكاتە ئامانج.
(درەو میدیا): بە فەرمانی ئۆفێسی دەستەی نەزاهە، هەموو فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی كەركوك- سلێمانیو بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچو كۆچبەران دەستگیركران. ئۆفێسی كەركوكی دەستەی نەزاهە سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو گومرکەی دەستگیركرد كە بەمدواییە لەسەر رێگەی سلێمانی دانرا. بەپێی هەواڵێك كە سایتی (سۆمەریەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، هێزێكی دەستەی نەزاهە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كەركوك، ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی سلێمانیان دەستگیركردووە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی فەرمانبەرانی گومرك لەسەر بنەمای سكاڵای چەند لایەنێك بووە لە وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی لەو بازگەیەدا. فەرمانبەرەكان ئێستا دەستبەسەرنو بڕیارە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموویاندا بكرێت. بەمدواییە ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی كەركوك بانگەوازێكیان ئاڕاستەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركوكو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە بەفەرمانی حكومەتی عێراق دانران و سەدان كەس لە هاوڵاتیانی هەرێم لەو گومرگانە دوچاری كێشە بوونو دەست بەسەر ئۆتۆمبیلی ژمارەیەكی زۆر خەڵكدا گیراوە. لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێك كە سایتی (كەركوك ناو) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، دوێنێ لەسەر بڕیاری ئۆفیسی دەستەی نەزاهە لە كەركوك عەممار سەباح بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانی لە شارەكە دەستگیركراوە. بەڕێوەبەری ئۆفێسی وەزارەتی كۆچو كۆچبەران بەتۆمەتی" زیانگەیاندن بە سامانی گشتی" دەستگیركراوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، گەڕێكی نوێی ململانێی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات، ململانێی ئەمجارە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكە. گەڕی نوێی ئەم شەڕە سیاسییە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا، كە پارتیو یەكێتی لەو روداوانەدا یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن. یەكێتی كە تاوەكو پێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر) دەسەڵاتداری كەركوك بوو، لەدوای ئەو رووداوانە دەسەڵاتی لەدەستداو پارێزگارەكەی لە كەركوك (نەجمەدین كەریم) كەركوكی جێهێشتو لەوكاتەوە لە هەولێر دادەنیشێت. لەدوای رۆیشتنی نەجمەدین كەریمەوە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راكان سەعید كە لە پێكهاتەی عەرەبە، بەشێوەی وەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوك بەڕێوەدەباتو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار راكان سەعید وەكو ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام تائێستا سوێندی یاسایی نەخواردووەو لەپۆستەكەیدا لە كەركوك ماوەتەوە. یەكێتی دەستی لە كەركوك بەرنەداوەو دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە یادی یەكساڵەی رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا پۆستی پارێزگار وەرگرێتەوە. یەكێتی چۆن پارێزگار وەردەگرێتەوە؟ بەپێی ئەوەی ئامادەكاری بۆ كردووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت نیسابی یاسایی تەواو بكات بەمەبەستی سازدانی دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو لەو دانیشتنەدا پارێزگارێكی نوێ كە سەربە یەكێتییە بۆ كەركوك هەڵبژێرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت نیسابی پێویست بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی قایلكردنی نوێنەرانی هەردوو پێكهاتەی عەرەبو توركمان لەگەڵ رازیكردنی (2) ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامیو (2) ئەندامی حزبی شیوعی. بەپێی بڕیاری ژمارەی (71)ی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق كە تائێستا لە پارێزگای كەركوك كار بەو بڕیارە دەكرێت، نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە زۆرینەی رەها واتە (50+1) پێكدێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام بە بەئامادەبوونی (21) ئەندام نیسابی یاسایی تەواو دەبێت. قایلكردنی عەرەبو توركمانەكان بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن یەكێتییەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدایە، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە بڕیارە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبكرێت: • پارێزگار: بۆ پێكهاتەی كورد (یەكێتی) • جێگری پارێزگار: بۆ پێكهاتەی عەرەب • سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: بۆ پێكهاتەی توركمان یەكێتی كێ دەكات بە پارێزگار؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، یەكێتی ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەسەر دانانی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك. (درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر یەكێتی (خالید شوانی) دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر بڕیاردراوە خالید شوانی لە بەغداد پۆستی وزاری پێبدرێت، چونكە بوونی ئەو لە بەغداد بۆ یەكێتی گرنگترە. ئێستا قسەوباس لەسەر دوو كەس هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەو دوو كەسەش بریتین لە هەریەكە لە: • ئاسۆ ئەڵمانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیو بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی ئەنجومەنی پارێزگا چۆن دابەشبووە؟ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە (41) ئەندام پێكدێت، كورسییەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبوون: • لیستی برایەتی كورد: (26) ئەندامی هەیە، لەم ژمارەیە پارتی (12) ئەندامی هەیە، یەكێتی (6) ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامی (3) ئەندام، حزبی شیوعی (2) ئەندام، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەبو ئەندامێكی مەسیحی و ئەندامێكی توركمان. • پێكهاتەی عەرەب: (6) ئەندامی هەیە • پێكهاتەی توركمان: (9) ئەندامی هەیە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا یاساییە؟ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە دەیەوێت پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، خۆی كێشەی هەیەو ماوەی ساڵێكە بێ سەرۆكە. پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەپێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە یەكێكە لە پۆستە كێشەلەسەرەكان، بەپێی ئەو دابەشكارییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە كەركوك كاری پێكراوە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا پشكی پێكهاتەی توركمان بووە. تاوەكو ساڵی 2014، حەسەن تۆران لە پێكهاتەی توركمان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دەكرد، لەو ساڵەدا تۆران خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندیدكردو لە هەڵبژاردن سەركەوت، دوای رۆشتنی حەسەن تۆران، بەشێوەی وەكالەتو بە كاتی رێبوار تاڵەبانی لە لیستی برایەتی كەركوك كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە كرا بە سەرۆكی ئەنجومەن، لەوكاتەوە بەردەوام توركمانەكان داوا دەكەن كەسێك لەوان بكرێتە سەرۆكی ئەنجومەن، بەڵام كورد رێگەی نەدا جارێكی تر ئەو پۆستە بدرێتەوە بە توركمان، بەبەهانەی ئەوەی توركمان رێژەیان لەوە كەمترە لە پارێزگاكەدا كە ئەو پۆستەیان پێبدرێت. رێبوار تاڵەبانی كە بەوەكالەت لە شوێنی حەسەن تۆران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دەكرد، هاوشێوەی نەجمەدین كەریم لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی جێهێشتووەو لە هەولێر نیشتەجێیە. لەدوای رۆشتنی رێبوار تاڵەبانییەوە بۆ هەولێر، ماوەی ساڵێكە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیكەوتووە، رێبوار تاڵەبانی رۆژی (4)ی ئەم مانگە بە نوسراوێك (عیرفان كەركوكلی) راسپارد لە شوێنی ئەو بە وەكالەت كاروباری ئەنجومەن بەڕێوەببات، ئەمە لەكاتێكدایە رێبوار تاڵەبانیش خۆی بە وەكالەت ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە. نوسراوەكەی رێبوار تاڵەبانی لەلایەن پێكهاتەی عەرەبو توركمانو نوێنەرەكانی یەكێتییەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا رەتكرایەوە، بەوپێیەی رێبوار تاڵەبانی ماوەی ساڵێكە لە دەوامكردن دابڕاوەو دابڕانەكەشی پەیوەندی بە گەشتكردن یاخود نەخۆشییەوە نییە، بۆیە مافی ئەوەی نییە لە شوێنی خۆی كەسێكی تر دابنێت. ئێستا كە یەكێتی دەیەوێت پارێزگارو سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێرێت، رەنگە دوچاری هەندێك ئاستەنگ ببێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە باس لەوە دەكرێت تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنی دەسەڵاتی دیاریكردنی كات و ئەجێندانی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەیە، ئەگەر بەشێوەی كرداریش دوچاری كێشە نەبێ، ئەوا ركابەرەكەی كە پارتییە وەكو خاڵێك لەسەری تۆماردەكاتو رەنگە لە دادگاش لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای لەسەر تۆماربكاتو هەڵبژاردنی پارێزگار وەكو پرۆسەیەكی نایاسایی لەقەڵەمبدات. پارتی چی دەكات؟ پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی بەجێهێشتووەو دەڵێ" كەركوك داگیركراوەو تا داگیركاری كۆتایی نەیەت ناگەرێتەوە بۆ ئەو شارە"، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدات جارێكی تر لەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگارەوە بگەڕێتەوە. پارتی كە گەورەترین حزبە لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، دەیەوێت هاوشێوەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەجیا لە یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەبێت، بەڵام تائێستا دیار نییە پارتی كێ بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، ئەگەر دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح)، پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیشدا لەسەر دەستی یەكێتی دوچاری شكستێكی سیاسی تر ببێتەوەو دواجار ئەم رووداوەش كاریگەری زیاتر لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزب لە هەرێمی كوردستان دروستبكات، بەتایبەتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا. ئەوەی تائێستا دیارە، ئەوەیە پارتی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، داوا دەكات كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە بەر كورد دەكەوێت، لەناو لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا یەكلابكرێتەوە، نەوەك لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر لەناو لایەنە كوردییەكانیشدا یەكلابكرێتەوە، ئەوكاتە پارتی ڤیتۆی هەیەو داوا دەكات هیچ كەسێك لەوانە كاندید نەكرێت بۆ پۆستی پارێزگار كە بەوتەی ئەوان بەشداربووە لە"خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر". یەكەم بەرپرسی پارتی گەڕایەوە بۆ كەركوك پارتی كە هێشتا كەركوك بە شارێكی داگیركراو دەزانێت، هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكەم بەرپرسی خۆی لە ئیدارەی كەركوك گەڕاندەوە بۆ شارەكە. شێرزاد رەشید كاكە بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك كە سەربە پارتییە گەڕایەوە بۆ كەركوكو لە پۆستەكەیدا دەستی بەكاركردەوە. وەكو خۆی دەڵێت، شێرزاد كاكە لەسەر فەرمانی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ كەركوكو كاروباری خۆی لەژێر رێنمایی وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، چونكە خوێندنی كوردی لە كەركوك سەربە هەرێمی كوردستانە. تەڵە بۆ یەكێتی دانراوە! یەكێتی رۆژی 9/8ی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە هەوڵیدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا سازبداتو پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بەڵام نەیتوانی نیسابی یاسایی بۆ سازدانی دانیشتنەكە كۆبكاتەوە. بەرپرسانی پارتی گومانیان هەیە لەوەی ئەمجارەش یەكێتی بتوانێت نیساب تەواو بكات، لە حاڵێكیشدا ئەگەر بتوانێت نوێنەرەكانی عەرەبو توركمانو (2) ئەندامی یەكگرتوو و (2) ئەندامی حزبی شیوعیش قایل بكات بە بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە، رەنگە لەو مامەڵەیەدا دوچاری تەڵەیەكی سیاسی ببێتەوەو پۆستی پارێزگار لەدەستبدات، چونكە بەبۆچونی بەرپرسانی پارتی ئەگەر بەوشێوەیەی ئێستا نیسابی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا تەواو بكرێت، توركمانو عەرەب زۆرینە دەبن لەناو ئەنجومەنداو دورنییە لەحاڵی تەواوبونی نیسابدا پشت لە یەكێتی بكەنو لەژورەوە كەسێك لە خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێرن.