درەو: "قاسم سولەیمانی پەیوەندی پێوەكردم و وتی دەتانەوێت چیتان بۆ بكەین، منیش وتم ئەگەر بكرێت چەكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویستە، بەیانی رۆژی دواتر بە دوو فڕۆكەی پڕەوە هاوكارییەكانی گەیاند" ئەمە وتەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لەبەرنامەی ( السطر الاول)ی كەناڵی ئاسمانی ( MBC) كردی. مەسعودبارزانی باسی لە سەرەتاكانی شەڕی داعش كردو ئاماژەی بەوەكرد، كە "ئێرانیەكان رۆژەكانی یەكەم هاتن و چەكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕیان پێداین، پرسیان دەتانەوێ چیتان بۆ بكەین" سەبارەت بە ئەمریكاو هاوپەیمانانیش بارزانی وتی" ئەمریكا دوای 3 بۆ 4 رۆژ لە شەڕی داعش لە ئاسمانەوە پشتیوانیان كردین و زۆر بە باشی پشتیوان بوو، هێشتا هەولێر لە ژێر هەڕەشەی مووشەكەكانی داعش بوو، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێداین و هاوكێشەی جەنگەكە گۆڕا" سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد" گرنگ ئەوەیە بەریفراندۆم بناغەیەكی پتەومان دانا بۆ ئەو مافە من ناڵێم خەون، بەڵام نەوەی دوای من و دوای ئەوان دێن دەیبنین، بەڵێ بێگومان، من دڵنیام كە گەلی كورد سەلماندی بە هیچ شێوەیەك خۆی رادەستی ستەم ناكات" دەقی چاوپێكەوتنەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بهغدا دوای 2003 سهرۆك بارزانی: ئێمه وا پێشبینیمان دهكرد، كه دوای 2003 عێراقێكی نوێ، كه مافی ههمووانی تێدا دهپارێزرێت و فیدرالی دهبێت، بۆ ئهو كاته زۆر باش بوو، ههموو حزبهكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یهكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبهكانی دیكه و تهنانهت پهرلهمانیش لهسهر بڕیارهكه رهزامهند بوو، بۆ ئهوهی بهشداری له دووباره بنیاتنانهوهی عێراقدا بكهین و كهس لاری نهبوو. ئهمهریكا لهسهردهم بوشی باوك مەسعود بارزانی: دوای 1991 ئهمهریكییهكان پێیان گوتین كه هێزهكانمان دهكشێنینهوه، تهنیا ناوهندێكی ههماههنگی له زاخۆ دههێڵێنهوه، ئهگهر حكومهتی عێراق هێرشی كردنه سهر ئێمه لێی دهدهین، بهڵام ئهگهر ئێوهش هێرش بكهن، ئێمه هیچ پهیوهندیمان پێتانهوه نابێت، ئهوه پهیامی واشنتن بوو. دوای ئهوهی بێل كلینتن بووه سهرۆكی ئهمهریكا، پهیامی ئهمهریكییهكان ههندێك گۆڕا، ئهوجاره گوتیان ئهگهر ئێوه هێرش بكهن، ئێمه پهیوهندیمان پێوه نابێت، بهڵام ئهگهر ئهوان هێرش بكهن، ئێمه دێینه سهرخهت، بهڵام لهو كات و ساتهی كه ئێمه خۆمان دیاری دهكهین، من بهبیرم كه پێم گوتن، لای ئێمهی موسڵمان ئهوه ههیه كه فاتیحه بۆ گیانی مردووان دهخوێنرێت، پێم گوتن ئهگهر ئێمه مردین فاتیحهمان بۆ مهخوێنن. ئهو كات و ساتهی ئێوه دیاری دهكهن كهی دهبێت؟ دهبێت، چونكه گونجاو نهبوو. پێش كهوتنی بهغدا، له سهردانێكی رانهگهیهندراو چووینه واشنتن، گهیشتینه ئهو بڕوایهی كه دهیانهوێت رژێمی بهغدا بڕووخێنن، ئهگهر ئهوان ههمان بۆچوونیان ههبێت ئێمهش ئهوهمان دهوێت، بڕوای تهواومان هات، كه لهراستیدا رووخانی رژێمیان دهوێت. پرسهكه بهو شێوهیه بوو كه گوتیان چی بكرێت باشه، منیش پێشنیازی ئهوهم كرد كه ههموو لایهنه ئۆپۆزیسیۆنهكانی عێراق كۆبكرێنهوه، ئهوهبوو له لهندهن كۆنگرهكه له مانگی كانوونی یهكهم/ دیسهمبهری 2002 بهسترا، رێككهوتن لهسهر بنیاتنانهوهی عێراق، بهڵام له رۆژی كۆتاییدا، بۆنی تۆڵهكردنهوهم كرد، گوتم بهڕێزان ههرچهنده خهریكی داڕشتنی راگهیهندراوی كۆتایین، بهڵام من قسهیهكم ههیه، قسهكهشم ئێستا ماوه بۆ ههمووان ههیه و گوتی: "پێمان باشه واز له ناكۆكییه لاوهكییهكان بهێنین، با خهڵك نوێنهری ئهمینی خۆی ههڵبژێرێت، له رێگهی دیموكراسی و ئازادی رادهربڕین، فرهیی و یهكسانی و دادپهروهری لهبهرچاو بگیرێت و كۆمهڵگهیهكی دیموكراسی بنیات بنێت". به درێژایی ژیانم، دژی دیكتاتۆر و ستهمكاری وهستاومهتهوه، 37 كهس له ئهندامی بنهماڵهكهم، له براكانم برازاكانم و ئامۆزاكانمم لهدهستداوه، زیاتر له 8 ههزار بارزانی، 182 ههزار ئهنفالی كورد، 5 ههزار شههیدی كیمیاییبارانی ههڵهبجه. دهبێت بپرسین ئایا دوای رووخانی سهددام دهكرێت من بچم 37 كهسی سهددام بكوژم، دواتر 8 ههزار كهس له هۆزهكهی له تكریت و 182 ههزار كهس له نهتهوهكهی بكوژرێن، چی دهبێت؟ با رێكبكهوین، چهند كهسن، ههزار دوو ههزار تاوانبارهكان بدرێنه دادگا و سزای خۆیان وهربگرن، بهڵام ئهوانی دیكه لێبگهڕێن. مهبهستی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵهكردنهوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بهڵێ.. پێمگوتم من ترسم له داهاتوو ههیه و وڵات بنیات نانرێت، ههندێك لهگهڵ بوون و ههندێكیان لهگهڵمدا بوون. تۆ دژی ریشهكێشی بهعس بووی؟ مەسعود بارزانی: من دژی ئهوه بووم به شێوهیهكی رهها و بهو شێوهیه مامهڵه لهگهڵ پاشماوهی رژێم بكرێت، تهنها ئهوانهی تاوانیان ئهنجامدابوو ئهوان سزا بدرێن و لێپێچینهوهیان لهگهڵ بكرێت، ئهوهی دهمێنێتهوه، رزقیان مهبڕن، من دژی ئهوهم. من دژی ریشهكێشكردنی سیاسی نهبووم، بهس دژی ئهوهبووم كه رزقی ئهوانه ببڕێت كه هیچ پهیوهندییهكان به تاوانهكانی رژێمهكهوه نییه. دهستگیركردنی سهددام حوسێن پێشبینی ئهوهت دهكرد كه سهددام بهو شێوهیه دهستگیر دهكرێت؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا پێشبینی ئهوهم دهكرد ئهگهر كارهكه بگاته ئهو رادهیه، شتێك بكات و مێژووێك بۆخۆی درووست بكات، یان كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، بهڵام كه بینیم بهو شێوهیه له چاڵهكه دهریدههێنن، لهبهرچاوم كهوت. عێراقییهكان به دهنگێكی نزمهوه دهڵێن سهددام ستهمی لێكرا؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا سهددام بهرپرسی ههموو تاوانهكان بوو كه ئهنجامدرابوو بهرامبهر عێراقییهكان و دراوسێكانیش، بهڵام نهدهبوو له شهوی جهژن له سێداره بدرێت، پێموایه دهبوو یان پێشتر یان دواتر بێت. پێتوایه كه لهسێدارهدانی له شهوی جهژن مهبهستدار بوو؟ دواتر گوێم لێبۆوه كه ههوڵی رفاندنی دراوه، بهڵام دواتر زۆر به دوای ئهو بابهتهدا نهچووم. كاتێك سهددامت لهژێر پهتی سێداره بینی چ ههستێكت ههبوو، ئهو كهسهی برا و كهسوكاری تۆی كوشت وا له سێداره دهدرێت؟ مەسعود بارزانی: وا ههستم كرد كه خوا تۆڵه له ستهمكاران دهكاتهوه، ئیمانێكی رههام بهوه ههیه، كه خوا دهرفهتت دهدات بهڵام پشتگوێ ناخات. پهیوهندی سهرۆك بارزانی و پۆل بریمهر مەسعود بارزانی: برێمهر كهسێك بوو شارهزایی تهواوی لهسهر ناوچهكه نهبوو، كۆبوونهوهیهكی لهگهڵ ئێمه ئهنجامدا، ههڵهیهكی دیكه ئهوهبوو كه بارهگاكهی له كۆشكی سهرۆكایهتی كۆمار بوو، بارهگای ئهنجومهنی دهسهڵاتیش بوو، ئێمهش چووین و كۆبووینهوه. گوتی من نوێنهرانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی و سهرۆكی ئهمهریكا دهكهم، بڕیاری ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی پرۆسهكه داگیركارییه، بهڵام وشهكه ههندێك قورسه و پێویسته پابهندی بن، منیش ههموو دهسهڵاتێكم ههیه و بڕیارهكان دهدهم و ههموو دهسهڵاتێكم ههیه، بۆیه بڕیارمان داوه لهنێو ئێوه لیژنهیهكی راوێژكاری درووست بكهین، بۆ ئهوهی راستگۆش بم لهگهڵتان، مهرج نییه ههموو پێشنیاز و راوێژهكانتان وهربگیرێت. به خۆبهزلزانی دهركهوت؟ مەسعود بارزانی: منیش گوتم من نوێنهرایهتی خۆم دهكهم، ههر تاكێكیش لێره نوێنهری خۆیهتی، ئهوهی پهیوهندی بهمنهوه ههیه دهتوانی بهو شێوهیه قسه دهكهی خۆت تاقی بكهیهوه، بزانه چۆن دهبێت و چۆن دهتوانی دهوڵهتهكه و دامهزراوهكانی بنیاتبنێیهوه و تا چهند سهركهوتوو دهبی، ئهوهیان بۆخۆت دهگهڕێتهوه، بهڵام من له ژیانمدا نابمه راوێژكاری هیچ كهسێك، من بارهگاكهم له ههولێره و ئهگهر پێویستییهكتان بهمن بوو، ئهوه من له ههولێرم و فهرموون. ئهوانی دیكهش خۆیان نوێنهرانیهتی خۆیان دهكهن. وهڵامی ئهو چ بوو؟ مەسعود بارزانی: ئهو كاته زۆر باش له بیرم نییه، بهڵام ماوهی نزیكهی 2 مانگ هیچ پهیوهندییهكی بهمنهوه نهدهكرد، نهك ههر ئهوهنده، بهڵكو دهیهویست بێزارم بكات، بهڵام له ههموو شوێنهكان وهڵامی خۆمم ههبوو بهرپهرچم دهدایهوه. دواتر هات و گهڕایهوه، سهردانهكانی بهردهوام بوو وهكو ئهوهی هیچ رووی نهدابێت. ئهندامێتی له ئهنجومهنی دهسهڵات (مجلس الحكم) بهبێ ئاگاداری خۆم، ناوی منیان له لیستی ئهنجومهنهكهدا نووسیبوو، من سهرهتا رهتمكردهوه، بهڵام دواتر بینیم كهسایهتی بهڕێز داوایان كرد، گوتم ئهگهر رهتی بكهمهوه، رهنگه به شێوهیهكی دیكه بیر بكهنهوه، بهڵام من وتم لهبهر رێزی ئێوه قهبووڵمه، پێمباشتر بوو بكهم نهك ئهو دۆسته بهڕێزانهم نیگهران بكهم. مانگی نیسان من له ئهنجومهنی دهسهڵات بووم، بڕیارمدابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له بهغدا بمێنمهوه، دوای منیش ئهوهی دێت با ئهو ئهركهكه وهربگرێت، بهڵام ئهو شهوهی گهیشتمه بهغدا، رووداوهكانی فهللوجه روویاندا، ههڵوێستێكی زۆر ناخۆش بوو، نهدهبوو بهغدا جێبهێڵم كه لهو كاتهدا هاوڕێ و هاوكارهكانم جێبهێڵم، بڕیارێكی باش نهبوو، بۆیه تا كۆتایی مانگهكه مامهوه. سهختترین شت له ئهنجومهنی دهسهڵات چ بوو؟ مەسعود بارزانی: سكرتێری ئهنجومهنم بانگ كرد، بۆ ئهوهی بزانین چۆن ئیدارهی كارهكان دهكهن، گوتی بڕیارهكان لێرهوه دهردهچن و بۆ بریمهر رهوانه دهكرێت، ئهویش یان تانه له بڕیارهكه دهدات، یان قهبووڵی دهكات. گوتم باشه تا ئێستا چهند بڕیار دهرچووه، بریمهر رهزامهندی لهسهر چهندیان داوه و تانهی له چهند بڕیاریش داوه، ئهویش گوتی 113 بڕیار دهرچووه تا ئێستا، بریمهر تانهی له 97 بڕیارداوه، منیش قسهم لهگهڵی كرد، گوتم سوێن به خوای گهوره، ئهگهر بڕیارێك دهربچێت و من واژۆی لهسهر بكهم و تۆ تانه له بڕیارهكه بدهی یهك خوولهكیش نامێنمهوه. یان له ئێستاوه پێم بڵێ ئهگهر وهكو ئهوان مامهڵه لهگهڵ دهكرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێك نادهین وهیچ واژۆ ناكهم، بهڵێنی پێدام كه وا نهبێت، لهراستیشدا پابهند بوو و تانهی له هیچ بڕیارێكی من نهدا. هیچ حاڵهتێكی تایفهگهری ههبوو لهوێ تێپهڕبێت یان شتێكی لهو بابهته؟ مەسعود بارزانی: نهخێر.. لهراستیدا ئهوانهی له ئهنجومهنی دهسهڵات بوون، كهسانی رێزلێگیراو بوون و رێزی یهكتریان دهگرت، بهڵام هیچ دهسهڵاتێكی نهبوو، ههموو دهسهڵاتهكان لای بریمهر بوون، بهڵام ئهنجومهنهكه لهگهڵ یهكتر گونجاو بوون و ههستیان به بهرپرسیارێت دهكرد. وڵاتانی عهرهبی چۆن مامهڵهیان لهگهڵ ئهنجومهنی دهسهڵات دهكرد؟ خۆیان دهپاراست، زۆربهیان و وابزانم ههموویان، بهڵام یهكهم وڵات ئێران بوو هات و پیرۆزبایی لێكردین، بهشێكیش له وڵاتانی ئهوروپی مامهڵهیان دهكرد. ریفراندۆمی سهربهخۆیی ههندێك پێیانوابوو رۆژێك دوای ریفراندۆم ههرێمی كوردستان سهربهخۆیی خۆی رادهگهیهنێت، ئایا ئهوه پلانی ئێوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهر له ریفراندۆم و دواتریش نهمانگوتووه كه دووهم رۆژ سهربهخۆیی رادهگهیهنین، گوتمان ئهوه دهرفهتێكه بۆ گهلی كورد رای خۆی رابگهیهنێت و بچینه گفتوگۆ لهگهڵ بهغدا، پێویسته به گفتوگۆ و رێگهی ئاشتی بگهینه چارهسهرێك، ئهوه ئامانجهكه بوو. ئایا مهسعود بارزانی لهوه دهترسا كه نهوهی داهاتووی كورد زۆر گرنگی به پرسی نهتهوهیی كورد نادات وهك نهوهی سهردهمی ئێوه؟ مەسعود بارزانی: بۆ من سهركهوتنی گهوره ئهوهبوو كه رێژهیهكی زۆر بهبڵێ دهنگیان بۆ سهربهخۆیی دابوو، نزیكهی 93%ی گهلی كوردستان دهنگیان بهڵێ بوو. لهلای منیش ئهوه گهورهترین سهركهوتن بوو. كاردانهوهی كۆمهڵگهی نێودهوڵهی چی بوو؟ چ دهوڵهتێك زۆر پشتگیری ئێوهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: بهشێك له وڵاتان بهر له ریفراندۆم بهڵێنی ئهوهیان دابوو كه ئهگهر پشتگیریش نهكهن دژ نهبن، بهڵام دهستبهرداری بهڵێنهكهیان بوون. كامهیان به دیاریكراوه؟ مەسعود بارزانی: دهتوانم بڵێم ههموویان، بهڵام به پلهی جیاواز. ئهی ئێران و توركیا؟ مەسعود بارزانی: ئهوان زۆر دژ بوون و ئاڵای دوژمنداریان بهرزكردهوه، وڵاتانی دهرووبهر ههموویان. واتا لهسهر ههموو شتێك ناكۆكن تهنها لهسهر ئهوه یهكیان گرت؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ رێك ئهوهمان بینی. لهو بڕوایهدای رۆژێك له رۆژان ببینی ئهو خهونه بووهته راستی؟ مەسعود بارزانی: گرنگ ئهوهیه بناغهیهكی پتهومان دانا بۆ ئهو مافه من ناڵێم خهون، بهڵام نهوهی دوای من و دوای ئهوان دێن دهیبنین. ئایا تۆ دڵنیای له گهلی كوردی؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بێگومان، من دڵنیام كه گهلی كورد سهلماندی به هیچ شێوهیهك خۆی رادهستی ستهم ناكات. شهڕی تیرۆریستانی داعش مەسعود بارزانی: داعش دیاردهیهكی سهیر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان ههبوون بهڵام له ژێر زهوی بوون، كردهوهیهكی تیرۆریستیان ئهنجام دهدا، ئۆتۆمبێلێكی بهمین چێنراو، یان خۆكوژێت خۆی دهتهقاندهوه. بهڵام داعش له ماوهی 24 هات و خۆمان بهرامبهر سهنگهرێكی ههزار و پهنجا كیلۆمهتری رێكخراوهكه بینییهوه، كه سوپایهكی بههێز و پتهو بوو، ئهوهشیان له سوپای عێراقییهوه دهستكهوتبوو. وهك زریپۆش و تانك و چهكی شكێنهر، له سووریاشهوه چهكیان دهستكهوتبوو. هێرشێكی فراوانیان كرد، بهداخهوه ئێمه توانستی ئهوهمان نهبوو، چونكه حكومهتی بهغدا رێگری لهوه دهكرد چهك بگاته پێشمهرگه، لهكاتێكدا دهستوور مافی ئهوهی داوه بگاته ئهو چهكه بگاته پێشمهرگه، ئهمهریكاش كاری لهسهر ئهوه نهكرد، ئهمهریكا و بهغدا ههردووكیان دهستبهرداری پابهندییه دهستوورییهكه بوون. لهراستیدا له رۆژانی یهكهم پێشمهرگه و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان كرده قهڵغان و به ئیمانی خۆیان بهرپهرچی هێرشی گهوره و وهحشیانهیان تیرۆریسانیان دایهوه. داڕمانی سوپا شتێكی ئاسایی بوو له مووسڵ یان شتێك ههبوو؟ مەسعود بارزانی: هیچ كات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نهبووه، ئهگهر ههشبووبێ بۆ كهسێك بووه شتێكی ساختهبووه. ئێمه زانیاریمان ههبوو كه لهسهر سنوورهكانهوه هاتووچۆ دهكهن، له سووریاوه بۆ رۆژئاوا مووسڵ، ماوهی ساڵێك بوو ههموو سوپای عێراق له ناوچهی رومادی سهرقاڵ بوون. داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند بهراستی، دواتر چهكدارانی داعش هاتنه ناوچهی حهزهر له باشووری رۆژئاوای مووسڵ. ئێوه چاودێری دۆخهكهتان دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشنیازمان كرد لهگهڵ بهغدا به هاوبهشی ئۆپهراسیۆنێك ئهنجام بدهین و دهریان بكهین، بهڵام گرنگی پێ نهدا، دواتر گهشهیان به كردهوهكانیان دا، خۆیان پێشخست شانهی نووستوویان درووست كرد و بازنهكانیان فراوان كرد و خهڵكی دیكهش هاوكاریان كردن، ئهو هێزهی هاته مووسڵیش هێزێكی تایفی بوون، زۆر خراپ مامهڵهیان لهگهڵ خهڵك دهكرد، تهنانهت خهڵكی مووسڵ وایاندهزانی چهكدارانی داعش نایانكوژێت و به بهزهییترن له سوپای عێراق، ئهوهش كارهسات بوو. بهغدا فهرماندهی هێزی پیاده و یاریدهدهری سوپاسالاری نارده مووسڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخهكه، ئهو كاته چهكدارانی داعش و تیرۆریستهكان، له بادۆش زیندانیكرابوون، له بنهڕهتیشدا داعش ئامانجی ئازادكردنی ئهو زیندانانهی خۆی بوو، سهربازگهیهك ههیه له مووسڵ بهناوی غهزلانی، ئهوێ بارهگای فهرماندهی ئۆپهراسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده لهوێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نهدهكرد مووسڵ وا به ئاسانی بكهوێت، هێرشهكهیان بۆ سهر بادۆش بوو، رهنگه پاسهوانهكان رێك كهوتبن، سهربازگهكهشیان هاوهن باران كرد، یاریدهدهری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده ههموویان شوێنهكهیان جێهێشت و سهربازگهكهیان چۆڵ كرد و ههواڵهكهش له شار بڵاوبۆوه و داڕمان، وهك ئهوهی ئاگر له پووش و پهڵاش بهربووبێت و شانه نووستووهكانیش دهستیان بهكاركرد، داعش له جیاتی ئهوهی بچێته بادۆش هاته مووسڵ، چونكه شتێكی گهورهتری دهستكهوت مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات بادۆش خۆی دهكهوێت. داعش خۆیشی نهیدهزانی بهو ئاسانییه دهتوانێت مووسڵ داگیربكات. ههندێك دهڵێن مالیكی مووسڵی رادهستكرد؟ مەسعود بارزانی: رهنگه نهتوانین وابڵێین، بهڵام مالیكی پشتی به سوپایهك بهست كه وایدهزانی سۆزی بۆ ئهو ههیه و تا دوا فیشهك دهجهنگێت، هێزهكهش ههموو ههڵاتن و چهك و جلی سهربازیان جێهێشت و زۆربهیان هاتنه لای هێزهكانی پێشمهرگه. مهسعود بارزانیمان بینی گهڕایهوه مهیدانی جهنگ، بهڵام به تهمهنێكی جیاواز و له قۆناغێكی جیاواز، چی وای كرد خۆی بچێتهوه مهیدانی جهنگ؟ مەسعود بارزانی: ههستم به مهترسی دۆخهكه كرد، وهحشیهتگهری داعشمان بینی له كوشتن و سهربڕین، ئهتككردنی نامووس، تهنانهت له كتێبهكانی مێژووش ئهوهمان بهرچاو ناكهوێت، رهچاوی هیچ شتێكیان نهدهكرد و ههموو تاوانێكیان ئهنجام دهدا. گهلهكهمان لهبهردهم چارهنووسێكی رهشدا بوو، ناچاربووین بچین و ئهركی خۆمان ئهنجام بدهین. زۆربهی فهرماندهكان هۆشداریان دهدا لهوهی مهسعود بارزانی بچێته بهرهكانی جهنگ چونكه شهڕهكه نزیك بوو زۆر؟ مەسعود بارزانی: رۆژهكانی سهرهتای جهنگ پێویست بوو، چونكه رهوشهكه زۆر مهترسیداربوو، داڕمان له چهند شوێنێك روویدا، ئهزموونهكه نوێ بوو، چهكدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سهربازی گوللـهنهبڕیان له سوپای عێراقهوه چنگ كهوتبوو. چهك تهقهمهنی و پێویستمان نهبوو، بهرامبهر ئهو ئۆتۆمبێلانه هیچ شتێك كاریگهریی نهبوو، ئهوان دههاتن و سهنگهرێكیان به تهواوهتی لهناو دهبرد، له ههندێك شوێن دۆخهكه زۆر خراپ بوو، بۆ ئهوه چووم ورهیان بهرزبكهمهوه. لهوه دهترسای نهوهی ئێستای كورد نهتوانێت له ئاست دۆخهكه بێت له چاو ئهو نهوهیهی كه پێشتر به یهكهوه خهباتتان كردووه؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا دهترسام، چونكه نهوهی كۆن ههندێكیان شههید بوون و ههندێكیان بههۆی تهمهنهوه نهیاندهتوانی لهو دۆخهدا له سهنگهربن، بهڵام له ماوهی 2 ههفتهدا، دهركهوتن كه پاڵەوانن و جێگهی شانازی بوون، بهراستی پاڵهوان بوون به مانای وشه. دوو ههفتهی یهكهم، هێرشهكانمان راگرت، دواتر پێگهی خۆمان قایمتر كرد، دواتر هێرشی پێچهوانهمان دهستپێكرد، فهرماندهی یهكێك له هێزه تایبهتهكان هێرشی كرد، بینی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی داعش دێته نزیك هێزهكانی پێشمهرگه و هیچ بهربهستێكی لهبهردهم نییه، به ئۆتۆمبێلهكهی چووه بهردهمی و رێگری لێكرد لهوێ خۆی تهقاندهوه، فهرماندهكه لهوێ شههیدبوو بهڵام نهیهێشت خۆكوژهكه بگاته ناو پێشمهرگه. ئایا ئهمهریكا بهو شێوهیه هاوكاری پێشمهرگهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشتر ئهمهریكییهكان هیچ شتێكیان پێنهدهداین و گوشاریان له بهغدا نهدهكرد كه چهك به پێشمهرگه بدهن، بهڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له ئاسمانی پشتیوانیان كردین و زۆر به باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپهیمانی نێودهوڵهتی زۆر باش بوو، ههرگیز سهردانی سهرۆكی فهرهنسا لهبیر ناكهم بۆ ههوهلێر (فرانسوا ئۆلاند) له 12ی ئهیلوول/ سێپتێمبهری 2014، كه هێشتا ههولێر له ژێر ههڕهشهی مووشهكهكانی داعش بوو، ئهڵمانیا چهكی میلانی پێداین و هاوكێشهی جهنگهكه گۆڕا. ههروهها سعودیه و ئیمارات و ئوردن، هاوكاریان كردین. رۆڵی ئێران چی بوو؟ مەسعود بارزانی: یهكهم رۆژهكان هاتن و چهكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـهنهبڕیان پێداین، پرسیان دهتانهوێ چیتان بۆ بكهین، قاسم سولهیمانی پهیوهندی پێوهكردم، منیش گوتم ئهگهر بكرێت چهكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویسته، بهیانی رۆژی دواتر به دوو فڕۆكهی پڕهوه هاوكارییهكانیان گهیاند. لهبارهی حهسهن نهسڕوڵڵا لهوانهیه گوێبیستی قسهكانی بووبی له بارهی هاوكارییهكانی ئێران قسهی كرد، تۆ چیت ههبوو بۆی؟ مەسعود بارزانی: برایانی عهرهب بهر له كورد وهڵامیان دایهوه، لهراستیدا نواندنێكی شكستخواردوو وچیرۆكێكی ههڵبهستراو بوو، ناشزانم هۆكاری چی بوو، دواتریش پهیوهندی پێوهكردم. داوای لێبوردنی كرد؟ مەسعود بارزانی: (به پێكهنینهوه) با ناوهڕۆكهكهی لێگهڕێین باسی ناكهم، وازی لێبێنه. سهردانی ریاز و پێشوازی شاهانهی شا سهلمان مەسعود بارزانی: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سهردانی سعوودیهم كردووه، ههریهكه له بهڕێزان شا فههد، شا عهبدوڵڵا و شا سهلمانم بینیوه، شا عهبدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامهوه كه من نهمبیستبوو، من ئاماژهم به پهیوهندی نێوان شا فهیسهڵ و بارزانی نهمر كرد، بهڵام ئهو گوتی پهیوهندییهكه كۆنتره و دهگهڕێتهوه سهردهمی شا عهبدولعهزیز، ئهوهش بۆمن شتێكی نوێ و گرنگ بوو بهراستی. هیچ گۆڕانگارییهكت له ههڵوێستیان بینیوه له بهرامبهر پرسی كورد، مهبهستم شا سهلمان شا عهبدوڵڵا و شا فههده؟ مەسعود بارزانی: لهراستیدا ههموویان ههڵوێستهكانیان مرۆیی و گهورهبووه، دوا سهردانیشم بۆ لای شا سهلمان رێزلێنانێكی زۆر روون و گهوره و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گهل و شای سعوودیه ههیه.
چاوپێكەوتنی: محەمەد رەئوف "كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، بەپێی تەمەنو نەخۆشی مرۆڤەكە مەترسیەكەی دەبینم، ئەگەر تۆ كەسێكی تەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت و نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە، تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە، فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ و سیەكان و شەكرەو جگەرەو نێرگەلە كێش بیت مەترسیدارە"، ئەمە وتەی زاناو پسپۆڕێكی كوردە كە ئێستا یاریدەدەری پرۆفسیۆرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی بەناوبانگی هارڤاردی ئەمریكا، ئەویش پرۆفیسۆری یاریدەردەر د. ئارام گەڵاڵیە. ئارام گەلاِڵی كە خەڵكی شاری سلێمانیەو چەندین دۆزینەوەی لە بواری شێرپەنجەو جیناتی مرۆڤدا كردووە، ئەو كوڕی شەهید ( حەمە سەعیدی موهەندیسە) كە لەسەسەرەتای نەوەدەكاندا موعجیزە ئاسا كارەبای بۆ شاری سلێمانی گەڕاندەوەو دواتر پەیكەرێكی لەبەردەم كارەباكەی سلێمانی بۆ درووستكرا. د. ئارام گەڵاڵی كە مامۆستاو توێژەرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی هارڤارد و زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەیە، بە زمانكێكی پزیشكی دەدوا سڵی لە وشە كوردیەكان دەكردەوە، خۆشی كەمێك كوردیەكەی لاواز بوو بوو بەهۆی ئەوەی دەمێكە نەگەڕاوەتەوە كوردستان، وەك ئەو دەیوت كورد لە زمانی پزیشكیدا لاوازە، " شەوو رۆژ لەو زانكۆیەی كاری تێدادەكەن سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر كۆرۆنا" بەڵام ئەگەر پەلەشی تێدا بكرێت وەك ئەو دەڵێت " زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 چارەسەرێكی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، پێشبینی دەكرێت لە شەش مانگی یەكەمی 2021 ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە" د. ئارام گەڵاڵی مەترسی و قەلەقیەكانی كۆرۆنا كەمدەكاتەوەو دەڵێت "90%ی ئەوانەی توش دەبن بە كۆرۆنا هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن" سەبارەت بەو دەرمانانەی كە باس دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێت ئەو پسپۆڕەی زانكۆی هارڤارد دەڵێت: ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا. دەقی چاوپێكەوتنەكەی پ.ی.د. ئارام گەلاِڵی درەو: ڤایرۆسی كۆرۆنا چیەو چۆن بڵاو دەبێتەوە تایبەتمەندییەكانی ئەم ڤایرۆسە چیە.؟؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەم ڤایرۆسە تێكهەڵكیشە كەمێك لە مەجالی پزیشكی دەردەچێت و بوارەكانی تریش دەگرێتەوە، سۆسیال میدیا وای كردووە شتێك لە شوێنیكی دونیا زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، ئێمە لێرە لە مێشكی ئەمریكا ( ماساجۆستیس) دەڵێین كۆمەڵگە ئامادەی گۆڕانكارییەكان نەبووە، بۆیە گۆڕانكارییەكی وا كاریگەری زۆر درووست دەكات، لەبەر ئەوەی خەڵكەكە ئەترسن، هەرچەندە پێویست بەو ترسە زۆرە ناكات چونكە ( رێڕەوێكی سروشتیەو ڤایرۆسێكە دێت و دەڕوات). ڤایرۆس وەكو هەموو تەنێكی پرۆتینی وایە كۆمەڵك كۆدی (جینیتیكی لە ڤایرۆسدا هەیە)، چینیەكان خزمەتێكی گەورەیان كردوو ئەو كۆدەیان دۆزیەوەو بڵاویانكردەوە، ئەو بڵاوكردنەوەیە وای كرد لێرە زۆر بەخێرای دەستنیشانبكرێت. درەو: كەوتا ئێستا كۆرۆنا بەو قەبارە گەورە مەترسیدارە بەراورد بە ڤایرۆسەكانی تر؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: كۆررۆنا خۆی كوشندەترە لە ڤایرۆسەكانی تر ئەوە جێگەی گفتوگۆكردن نیە بەڵام مەترسیەكە لە دوو لاوە كاریگەری هەیە ئەوانیش: یەكەم: لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە ئامادە نەبووە، ڤایرۆسەكە زۆر خێرا بڵاوبوەوە، خەڵك نازانێت لە چی دەترسێت لەبەر ئەوەی بناغەیەكی هۆشیاری تەندروستیان نیە لەسەری. دووەم: لەبەر ئەوەی لە چینەوە هات، چین دەوڵەتێكی زۆر داخراوە هەرچی پەتایەك پێشتر لەوێ بڵاوبۆتەوە، ئەوان كەمتر قسەیان لەسەركردووە هەتا خەڵكی كوشتووە دوایی ووردە ووردە بڵاویان دەكردۆتەوە، چین ئەمجارە جیاوازتر مامەڵەی لەگەڵ كۆرۆنا كردو كراوەتر بوون، پێشتر زۆر داخراوبون لە بابەتی (سارس) و زیانی زۆریانكرد، تەجروبەیان لە دەرەوە وەرنەگرت، ئەم جار كە كراوەبوون، شارەزایانی دەرەوە بە گومان بوون لە چین، پێیان وابوو رەنگە ئەو زانیاریانەی بڵاوی دەكاتەوە رەنگە 10% ی بێت، خەڵكی متمانەی پێیان نەبوو، بۆیە خەڵكی وتیان رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت. كۆرۆنا بۆ گروپێكی كۆمەڵگە مەترسیە، بۆ گروپێكی كۆمەڵگە كە (بەتەمەنن) لەگەڵ ئەو كەسانەی نەخۆشی دیكەیان هەیە، بەتایبەت (فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ بەرگری لە سیەكانیدا كەم بێت، كێشەی لە سیەكانیدا، یان جگەرە كێش، نێرگەلە، نەخۆشی شەكرە)یان هەبێت ئەمانە چانسیان زیاترە بیانخاتە نەخۆشخانە. درەو: ئێوە لە زانكۆی هارڤارد هیچ توێژینەوەیەكتان كردووە لەسەر كۆرۆنا؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: لە زانكۆی هارڤارد شەو رۆژ لە كاردان، لێرە كارەكان بەشكراوە: - یەكەم هەنگاو پشكنینی هاوڵاتیان، دەكرێت بۆ هەموو خەڵكی كە بزانن هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یان نا، ئەمە تەنها پشكنینێكە بەوەی بزانرێت هەڵگری ڤایرۆسەكەی یان نا. - دووەمیان تێستێكی ترە كە لە هارڤارد دۆزراوەتەوەو لە زانكۆی كۆلۆمبیاش هەیەو دۆزراوەتەوە، ئەمە بۆ ئەوە نیە بزانرێت كە ڤایرۆسەكەت هەیە یان نا، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە بزانرێت بەرگریت هەیە بەرامبەر كۆرۆنا یان نیتە، كە ئەمە زۆر گرنگە بۆ كۆمەڵگە، چونكە تێستت بۆ كەسێك كردوو زانیت بەرگری هەیەو ڤایرۆسەكە كاری تێناكات، پێی بڵێت برۆ كاری خۆت بكە لە كۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت. درەو: كەواتا تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسە چین.؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: خۆی ڤایرۆس كۆمەڵێك خێزانی جیاوازن و بەگشتی دەكرێن بە دوو بەشی گەورەوە: یەكەم: گروپێكیان دوو شریتە بەرامبەر بەیەكتری پێكەوە نوساوە دووەم: یەك شریتە ئەو ڤایرۆسانەی یەك شریتن كەمینەن بەڵام یەك كێشەیان هەیە زوو زوو دەگۆڕێن، واتا جیناتەكەی بەهۆی كات و كەشوهەواوە دەگۆڕێت، ئەم ڤایرۆسە گۆرانكاری خێرای تیا دەبێت لەبەر ئەوەی یەك شریتە. ڤایرۆس لە بواری پزیشكیدا بە تەنێكی زیندوو ناونابرێت، زیندوو نیە، هەر بونەوەرێك پێی بڵێیت زیندووە دەبێت لانی كەم دوو تایبەتمەندی تیا بێت: یەكەم: هەر شتێكی زیندوو كە خواردن دەخوات دەبێت بیكات بە ووزە، ڤایرۆس خواردن ناكات بە ووزە. دووەم: ڤایرۆس زاووزێ و زۆر بوونی نیەو ئەوەی پێناكرێت. ڤایرۆس بەس كۆدێكی پرۆتینیە، لەناو چوارچێوەیەكی پرۆتینی كەدا، هیچی دیكە نیە، بۆ ئەوەی ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوە بكات دەبێت شوێنێك داگیر بكات جاری وایە خەلیەی مرۆڤ داگیر دەكات، خۆی مرۆڤ بونەوەرێكی زۆرینە خەلیەیە، وەك بەكتریا و ئەمیبا نیە یەك خەلیییە نین، ئەم خەلیانە بۆ ئەوەی كار بكەن وەك پرۆسەی هەناسەدان و كارەكانی دیكەی مرۆڤ، ئەم خەلیانە بەیەكەوە كۆنتاكتێكی زۆر موعەقەد دەكەن، زۆر قورسە تێگەیشتن لێی، سیگناڵ و نامەبەردن و نامەهێنەری زۆریان تیایە، ئەم سیگناڵانە بەكۆد دەنێرن بۆ یەكتری، ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە سیگناڵێك دەچێت كە بۆ خەلییەی سیەكان هاتووە، خەلیەی سیەكان دەرگای بۆ دەكات و داخلی سیەكان دەبێت، ئەم نامەیە كە وەردەگرێت شریتێكی كۆدە، كە نامەكە دەكاتەوە، ئەو نامەیە بەرگێكی هەیە كە بەرگەكە لادەبات، رێك ئەو كۆدە داخڵ دەبێت، ئەچێتە ژووری كۆنترۆڵەوە ئەو شوێنەی كە هەموو خەلیەكە كۆنترۆڵ دەكات، ئەڵێت كاری تۆ وەستا بەس كاری تۆ ئەوەیە من زیاد بكەیت، ئیتر دەڵێت من كۆپی بكە، دواتر خەلیەی سی هەموو كارێكی خۆی دەوەستێنێت، لە هەناسەدان و كارەكانی دیكە كاری ئەوە دەبێت ئەم ڤایرۆسە كۆپی بكات و زیادی بكات، ئیتر خەلیە دوای خەلیە كارناكەن و كەسەكە هەناسەی پێنامێنێت، ئیتر ئەو ئۆكسجینەی داخلی لەشی دەبێت كەمترە لەوەی لەشی پێویستیەتی، یان دەبێت ئۆكسجینی بدرێتێ یان دەكەوێتە ژێر ئامێری هەناسەدانەوە. هەر ڤایرۆسێك كە توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، هەر ڤایرۆسێك بۆ ئەوەی مەترسی بێت لەسەر مرۆڤ، دەبێت كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات، دەوروپشتمان هەموو ئەو ڤایرۆسانەیە كە مەترسیش نین لەسەرمان، مەترسی یەكەم ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە دەبێت كۆمەڵێك شوێن بگۆڕێت، كۆرۆنا لە خێزانێكی ڤایرۆسە كە دەمێكە زانراوە لای زاناكان، بەڵام ڤایرۆسی كۆڤید 19 گۆڕانكاری كردووەو گۆرانكارییەكەش مەترسی درووستكردووە. درەو: كەواتا فۆرم و شێوازی ئەم ڤایرۆسە چۆنە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەم ڤایرۆسە شكڵی سیگناڵێكی هەیە بۆ خەلیەكانی سی مرۆڤ، ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر خەلیەكانی دیكەی مرۆڤ ناكات، كۆرۆنا (ئامانجەكەی بەس سی مرۆڤە)، ئەوانەی كێشەی سیان هەیە زیاتر كاریگەریان لەسەری دەبێت، ئەو كەسانەی كە جگەرەكێش نین و كێشەی سیەكانیان نیە، ئەو ڤایرۆسە كە داخڵ دەبێت كاریگەری لەسەر 5%ی خەلیەكانی سی درووست دەكات بەرگری سیەكان دەزانێت كێشەیەك هاتووەو لەناوی دەبات، هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر بەرگری سیەكانیش درووست دەكات، ئەو بەرگریانە كارییان ئەوەیە كە هەر تەنێك لەژێر كۆنترۆڵ دەردەچێت لەناوی دەبەن، بەڵام سترێس و ترس و خەفەت كاریگەری لەسەر ژمارەو چالاكی ئەو خەلایانە دەكەن كە كاریان ئەوەیە بەرگری درووست بكەن و بتپارێزن، كاریگەری لەسەر كۆمەڵێك هەست دەكات و كاریگەری لەسەر چالاكیان درووست دەكات. درەو: لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا رێكارەكان چۆن گیراونەتەبەر بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كاریگەری زۆر لەسەر كۆمەڵگە درووستكردووە، وڵاتە دیموكراسیەكان لەبەر ئەوەی رای هاوڵاتیانیان بەلاوەگرنگە، كۆمەڵێك هەنگاو هەڵدەگرن رەنگە زۆر گرنگ نەبێت، ناچارن دەكەونە ژێر كاریگەری شەقامەوە، بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریكا زەحمەتە لەبەر ئەوەی وڵاتێكی پیشەسازیە، ئەگەر خەڵكەكە كەرنتین بكەیت كاریگەری ئابوری دەبێت، بەڵام بۆ كوردستان ئەگەر خەڵكەكە كاریش نەكات زۆر كاریگەری نابێت، بەڵام ئەمریكا و ئەوروپا كۆمەڵك بەرەیان كردۆتەوە: یەكەمیان: ئەوەیە كە كارگەو ناوچە پیشەسازیەكان ئەو كەلوپەلانەی پێویستە بەرهەمی بهێنن نەك بەرهەمەكانی خۆیان، ئێستا لە ئەمریكا كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستیكردوە بە بەرهەمهێنانی ماسك و كحول، یەكەم خۆپاراستن یەكێكە لە هەنگاوەكان. دووەم: تێستی هاولاتیان كە بتوانرێت ئەوانەی كە توشبوون لێكیان جیابكەنەوە. سێیەم/ ئەو كەسەی كە توشی بووەو هەستی پێ نەكردووە، كە 75%ی ئەو كەسانەی كە توشی دەبن هەستی پێناكەن كە گرتویەتی، كە ڤایرۆسەكە دەچێتە لەشیانەوە تەفاعول لەلەشیدا دەكات و مەناعەكەی بەهێزەو لای دەبات، تا نزیكەی دوو سێ ساڵ بەرگری هەیە، بەڵام بەرگری هەتا هەتایی بەمە درووستناكرێت، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لەیەك شریتە لەوانە دووی دووسێ ساڵ درووست ببێتەوە وەك ئەنفلۆنزایەكی ئاسایی توشت بێتەوە دوو یان سێ ساڵ درووست ببێتەوە. لە ئەمریكا چارەسەر كراوە بە دوو بەشەوە: یەكەم: رێگای خێرا، ئەوەیە دەرمانێك هەبێت بۆ ڤایرۆسی تر بەكار هاتبێت و بزانرێت بۆ كۆرۆناش باشە، ئەوكاتەپێویست ناكات دەرمانەكە بە كۆنترۆڵەكاندا بڕوات، دەرمانەكە كۆنترۆڵی كراوە بۆ شتی دیكە. دووەم: رێگای خاو، كە چینیەكانیش بەو رێگایەوەن، دەیانەوێت ڤاكسینێك یان چارەسەرێكی تایبەت بەس بۆ كۆرۆنا بدۆزنەوە، ئەمە كاتی دەوێت زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 بدۆزرێتەوە، ئەگەر زۆر خێرا بێت رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی 2021 بدۆزرێتەوە. لە ئەمریكا كۆمەڵێك ڤاكسینیان بەرهەمهێناوە، بەڵام كێشەی دەرمان وەك شتی دیكە نیە، دەكرێت دەرمانێك بدەیت بە نەخۆشێك چاكی بكەیتەوە، بەڵام ناكرێت نەخۆشیەكی كەی تیا درووست بكەیت دوو مانگ دوای ئەوە، دەرمان بە كۆمەڵێك قۆناغدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەكەم، ئەوەی لەسەر كەسی ئاسایی تاقیدەكرێتەوە كەسەكان كەمە ( جگە لەوەی یەكەم جار لەسەر خەلیە تاقیكراوەتەوە دواتر لە ئاژەڵ تاقیكراوەتەوە لە مشك و جرجەوە دواتر بۆسەر مرۆڤ)، ئەمە هەنگاوی یەكەم، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم دەرمانە مەترسی نیە، كێشە درووست ناكات ژەهراوی نیە. قۆناغی دووەم، ئەو كەسانەی كە بارودۆخیان زۆر خراپە، ئەگەر دەرمانی نەیدەیتێ رەنگە بمرێت، دەرمانەكەی دەدەیتێ بۆ ئەوەی بزانیت چاكی دەكات یان نایكات. قۆناغی سێیەم، زۆر گرنگە كە دەرمانەكەی دەدەیتێ دەبێت بزانیت تا ماوەیەك دوو مانگ یان شەش مانگ تا سالێك بزانیت كێشەی تری لێدەرناكەوێت كوێر نابێت، كێشەیەكی درووست نابێت، دەبێت ئەم تێستانە بكرێت، كات دەبات، رەنگە دەرمانەكە كۆرۆنا چارەسەر بكات، بەڵام كێ دەڵێت كێشەی تر درووست ناكات. هەرچەندە لە ئەمریكا سەرۆك زۆر فشار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە، بەڵام پێم وایە ئەگەر رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو بدۆزرێتەوە، درەو: بەڵام لە هەرێمی كوردستان باس لە بەرهەمهێنانی چەند دەرمانێك دەكرێت كە رۆڵی هەیە لە چارەسەری كۆرۆنا بەتایبەتیش دەرمانی (ئەزسرۆمایسین)و (هیدرۆكسیكلۆركوین).؟؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەو دەرمانانەی لە كوردستان باسی لێوە دەكرێت پێشتر چینیەكان بەكاریان هێناوە، ئەو دەرمانانە هەیە و دەرمانی مەلاریابووە، چینیەكان بەكاریان هێناو وتیان ئەو خەلیەی توشی نەخۆشیەكە دەبێت (20% بۆ 30%) یان بەم دەرمانە توشبوەكە وەڵام دەداتەوەو چارەسەرێكی باشە، دەرمانەكە هەیە لە بازاڕداو ئەوە نیە دۆزرابێتەوە دەرمانێكە بۆ مەلاریا بەكارهاتووەو دەرمانی دووەمیان نەخۆشی (HIV) ئایدز بەكارهاتووە تایلەندییەكان بەكاریانهێناوە، ئەم دەرمانانە لە بازاڕدان بۆیە بەكار دەهێنرێت بۆ ئەوەی دەرمان ئەو هەموو كاتە نەبات ئەوەی هەیە دەدرێت بەو نەخۆشانەی كە بزانن كێشە درووست ناكات و چارەسەرە. ئەم دەرمانانەی كوردستان لە ( WHO) و لەم وڵاتانەش بەكار دێت زۆر، ئەوە بەشی یەكەمە ئەوە نیە بڵێن دۆزراوەتەوە، واتا خۆی هەیەو لە بازاڕدان و كۆنن، لە ئەمریكا كەم بەكار دێت، ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، وەك چۆن كەسێك نەخۆشی دەبێت دەڵێن بەخوا ئەو دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشیەش باشەو خراپە نیە، كە دەرمانی خۆی نیە بەڵام دەڵێن بۆ ئەو نەخۆشیەش باشە. ئەو دەرماننانە دەرمانێكە بۆ كۆرۆناش سودی هەیە بەڵام دەرمانی كۆرۆنا نیە، زاناكانی ئەمریكا دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە بەتایبەت بۆ كۆرۆنا، نەك ئەو دەرمانە كۆنانە، بەڵام ئەم دەرمانانە مەترسیان نیە چونكە بە قۆناغەكانی خۆیدا تێپەڕیون و مەترسیان نیە. ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، واتا حەقی خاوەنەكەی نەماوە، چونكە دەرمانێك كە درووست دەكرێت مافی خاوەنەكەی هەیەو لە هەر شوێنێكی دنیا درووست بكرێتەوە دەبێت ماف بدرێت بەمان، دەرمانی وا هەیە لە بودجەیەكی نەوتی زیاتر پارە بۆ ئەو دەوڵەتانە پەیدا دەكات، ئەو دەرمانانە جاری وایە مافەكەی بۆ ماوەی 15 ساڵ جاری وایە بۆ 40 ساڵ مافی دۆزینەوەی دەرمانەكە دەدرێت بەو وڵاتەی دۆزیویەتیەوە ئەو دەرمانانەی كە كارگەیەك دەڵێت لە كوردستان درووستی دەكەم ئەوەندە كۆنە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا، لەهەموو دونیادا هەركەسێك ئەگەر فۆرمەڵەكەی هەبێت ئەتوانێت لە كوردستان درووستی بكات، لە دوكانێكی بچوكدا درووستی بكات، ئەم دەرمانانە بۆ شتی دیكە بوون ئێستا دەڵێن بۆ كۆرۆناش باشە. بەڵام بۆ دۆخی ئێستا باشە لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە خێرایەو دۆزینەوەی دەرمانی نوێ فریای ناكەوێت، بەڵام وڵاتە پێشكەوتووەكان بەم دەرمانانە رازی نابن دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە تایبەت بە كۆرۆنا ئەوەش زۆر دەخایەنێت، تا دەرمانێكی تایبەت دەدۆزرێتەوە، دەكرێت ئەو دەرمانە كۆنانە بەكار بهێنرێت. ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمتر دەرمانی دەوێت زیاتر پشوی دەوێت لەبەر ئەوەی (75%)ی ئەوانەی توشی كۆرۆنا دەبن هەستی پێناكەن، 25%ی دەمێنێتەوە لە15%ی ئەو لە 25% ئەو كەسانەن كە تۆزێك بێتاقەتیان دەكات و هەست دەكەن پەتایەكی سوكیان هەیە، ئەوانەش 15% كە دەكرێن بە سێ گروپەوە ئەوانیش: - لوتیان تەڕ دەبێت و قوڕگیان دێتەوە یەك - كۆكەیەكی وشكیان لەگەڵدایە - تۆزێك هەناسەی توند دەكات بەڵام مەترسیدار نیە ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ( ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ) ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن، ئیتر (10%)ی ئەوەی تۆ دەیبینیت، ئەو كەسانە توشیان دەبێت لەو 10%یە ئەو كەسانە دەمرن، (15%) كە پێویستی بە پزیشك ناكات و پشویەكی دەوێت، واتا 90% پێویست ناكات بچنە لای پزیشك، ئەوەی دەمێنێتەوە لە (10% )كە دەگەنە فۆرمی چوارەمی كە ووردە وردە هەناسەی پێنادرێت، تایەكەشی وەك كوردەواری دەڵێن تای درۆزنە، دێت و دەروات لەپڕ تایەكەی بەرزدەبێتەوەو نایمێنیت، ئەو كەسانە نەخۆشخانەیان پێویستەو یارمەتی هەناسەدانیان پێویستە، لەو (10% )یە لەوانەیە خەڵك بمرێت. بۆ نمونە لە كۆریا لە 100 كەسی توشبوو یەك كەس مردووە، لە ئیتالیا كە دەڵێن نزیكەی (4 هەزار) كەس مردوون، ئەو 4 هەزار كەسە لە 4%ی لە 10%یەكەیە ەاتا لە (10 هەزار) كەس (4 ) كەسێتی) ئەوانەی دەمرن لە ئیتالیا زۆربەیان 80 ساڵ بەرەوژور تەمەنیانەو (99%)یان ئەوانەن جگە لە كۆرۆنا كە نەخۆشی( زەخت، دڵ، سی، جگەرەكێش ) هەبووە. درەو: كەواتا كۆرۆنا بەو شێوەیە مەترسیدارە كە وڵاتان لە ئاستیدا دەستەوەستانن و خەڵكیش توشی دڵە راوكێ و ترس و قەلەقی بووە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، من بە مەترسی نابینم بەڵام بەپێی تەمەنەكان، ئەگەر تۆ كەسێكی نەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە. تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە، یان نەخۆشی شێرپەنجەت هەبێت مەترسیدارە، ئەو نەخۆشیانەی باسمانكرد هەتبێت بەڵی مەترسیدارە. بەڵام ئەگەر خۆت كەسێكی لەشت ساغ بیت و ئاسایی بێت بەو شێوەیە نیەو مەترسیدار نیە، دوو شت هەیە ئەو ترسەی درووست كردووە بۆ نمونە لە شارێكی وەك نیویۆركدا كە (18ملیۆن) كەسی تیا دەژی تۆ 10%ی خەڵكەكەی بخاتە نەخۆشخانە كە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە ئەوا دەكاتە سەرو یەك ملیۆنێك كەس هیچ بونیەیەكی تەحتی نیە تەحەمولی ئەوە بكات ئەوە كێشەكەیە، ئەگەرنا ووردە ووردە خەڵكەكە هەر بەرگری پەیدا دەكات بەرامبەر كۆرۆنا، ئەوەی ئیتالیا ئەوەیە كێشەكە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە خەڵكیكی زۆریش خراوەتە نەخۆشخانە، دەكرێت توشبوو بێت و هەر نەچیتە نەخۆشخانەو لەماڵەوە كەرنتینە بیت واتا 90%ی ئەوانەی توش بوون هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، یەكێك لە سیناتۆرەكانی دیارەكانی ئەمریكا (پۆڵ رایەن) كە خۆی پزیشكە پشكنینیان بۆ كردووەو دواتر چووە بۆ وەرزش و لەشجوانی دواتر پێیان وتووە كۆرۆنات هەیە، كە هەر هەستیشی پێنەكردووە كە تەمەنی نزیكەی 60 ساڵ دەبێت ساڵەوەیە. لەبەر ئەوەی مەترسیەكەی بەو شێوەیە نیە بەڵام لە شارێكدا كە ملیۆنێك كەسی تێایدا بێت لەوانەیە فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان درووست بكات، لەوانەیە فشارەكە وابكات مەترسی درووست بێت و بەهۆی نەبوونی ئامێر كە ئەگەر 4 قەرەوێلەت هەبێت و 50 كەس بێنی بۆ ئامێری هەناسەدان ئەوكاتە مردن زیاد دەكات. درەو: رێشوێنەكانی حكومەتی هەرێم لە چی ئاستێكدایە، ئایا رێوشوێنەكان بە سیستمێكی خراپ و ئیمكانیاتی كەمەوە، لە چی ئاستێكدایە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: رێو شوێنەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەرووبونەوەی كۆرۆنا زۆر بە باشی دەبینم، بەتایبەت لە وڵاتێكدا كە سیستەمی تەندروستی باش نەبێت و دراوسێ وڵاتێكی وەك ئێران بێت و سنورێكی زۆری لەگەڵدا هەبێت و پەیوەندی زۆرت لەگەڵ هەبێت و ئەو وڵاتەش كێشەیەكی زۆری هەبێت بە كۆرۆنا، لە تایوانی و سەنگاپورەش بەو شێوەیەی كوردستان كراوە بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە سێ لایان ئاوە هۆكارە جوگرافیەكە یارمەتیدەریانەو دراوسێكانیان بەو شێوەیەی ئێران نیە، بۆیە پێویستە دەستخۆشی لە هەرێم بكرێت، لەهەرێم پەیوەندییەكی زۆر لەگەڵ دراوسێكاندا هەیەو سنورەكە وشكانیەو خەڵكی دەتوانێت بە پێی هاتوچۆی پێدا بكات، لە هەرێم بودجەیەكی دیاریكراویش هەیە. لە ئەمریكا سەرۆك داوای ( 2 ترلیۆن دۆلار)ی كرد واتا ( 2 هەزار میارد) دۆلار، هەرچەندە سیناد رەتی كردەوە لەبەر یەك شت، وتیان بەشێكی زۆری بۆ كارگەكان دەچێت بۆ خەڵكی ئاسایی كەمتر دەچێت پێویستە بۆیە هەوڵ بدە پارەكە بەشێوەیەك دابەش بكە كە خەڵكە ئاساییەكەش پارەی بۆ پچێت نەك كارگەكان لە ئیفلاس رزگار بكەیت و پارەیەكی كەم بۆ خەڵكی ئاسایی تەرخانبكرێت. ئەم هەفتەیە بۆ ئەمریكا قورس دەبێت بەڵام رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا رێژەیەكی زۆری پێداویستی پزیشكی بەرهەمبهێنرێت كە لە ئەمریكا زیاد بێت و بنێردرێت بۆ وڵاتانی دیكە، چونكە ئێستا بەشێكی زۆری كارگەكانی ئۆتۆمبێل و چەك و تەقەمەنی وەستاون و پێداویستی پزیشكی بەرهەم دێنن. درەو: مرۆڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا بكات بەتایبەت تا ئەوكاتەی ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەگەر دوور مەودا لە كۆرۆنا بڕوانین، ئەبێت لەوە تێبگەین مرۆڤایەتی لەگەڵیدا خۆی رابهێنێت، ئەمە شتێك نیە بێت و بڕوات، لەهاوین و بەرزبونەوەی پلەی گەرمیدا كەم دەبێتەوە ئەو ڤایرۆسە كە لەگەڵ پژمە دێتە دەرەوە ئەگەر پلەی گەرما بەرزبێت دەبێت بە هەڵم كەمتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی كۆرۆنا لە كۆئەندامی هەناسەدایە كاتێك پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كۆدێكی پرۆتینیە ئەو كۆدە شكڵو شێوەی دەگۆڕێت بە پلەی گەرمان، بۆ نمونە هێلكەیەك كە دەیكەیت بە هێلكەو رۆن شكڵ و شێوەكەی دەگۆڕێت، گۆشت كە ئەیبرژێنێت ئەو كۆدە پرۆتینیەی كە درووستی كردووە هەمووی تێك دەچێت، كۆرۆناش بە گەرماكە لەبەر ئەوەی لە ئاوی لوت و دەمدایە، لەوێدا فۆرمە سروشتیەكەی خۆی هەیە بەڵام كە گەرمە ئەبێت بە هەڵم ئەو شكڵو شێوەیەی تێك دەچێت، وەك چۆن هێلكەكە بە هێڵكەورۆن تێك دەچێت، واتا راستە لە وەرزی گەرمادا كۆرۆنا كەم دەبێتەوەو گەرما دەتپارێزێت، لەسەرماشدا پرۆسیسی بەهەڵمبوون خاوتر دەڕوات لەبەر ئەوەی زیاتر توشت دەبێت، زیاتر بە پژمەی بەرامبەر دەگوازرێتەوە. هەموو ڤایرۆزێك شوێنی (T)ی هەیە ئەو شوێنەی كە داخڵی مرۆڤ دەبێت و مەترسیدارە ئەم ڤایرۆسە ئەو شوێنە تایبەتەی لێوەی دەچێتە ژوورەوە ( چاوو، لوت) دەم)ە، بۆ نمونە من دەست لە ڤایرۆسەكەش بدەم توشم نابێت تا دەستنەدەم لە دەموچاومەوە، دەستشتن، شتی باشە بۆ خۆپاراستن. لە كۆتاییدا پێش ماڵئاوایی وتی ئەمەوێت شتێكت پێ بڵێم كاری ئێوەی رۆژنامەنووس زۆر گرنگە چاوە بەسەر ئەوانەی بڕیاردەدەن لەبەر ئەوەی میدیای ئازاد بڕبڕی پشتی هەموو ئەم كارانەی ئێمەیە بۆیە جێگەی رێزو سوپاسن. ............................................... پ، ی ،د. ئارام گەڵاڵی مامۆستای كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد - ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایك بووم - 1996 بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كوردستانم جێهێشتووە - لە وڵاتی سوید زیاتر خوێندوومە - لە سوید چومە بەشی زانستی - لە سوید لەیەك كاتدا پێنج بروانامەم خوێندووە ( دوو بەكالیۆریۆس، دوو ماستەر، ئەندازیاری)م خوێندووە - ماستەرێكم لەسەر (خۆپاراستن لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە) - ئەو بەشانەی خوێندوومە دۆزینەوەی دەرمانی تازەیە - هەموو بڕوانامەكانم لەبواری پزیشكیدایە - یەكەم دكتۆرام وەرگرت لەسەر ( ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ناو خەلیەدا روئەدا كە خەلیەكە لە خەلییەكی ئاساییەوە بەرەو شێرپەنجە دەبەن) - زیاتر لێكۆڵینەوەكانم لە بواری (جینات)ە - بڕوانامەیەكیشم لەسەر جینات هەیە (ئەو گۆڕانكارییە جینیانەی كە شێرپەنجە درووست دەكات) - پۆست دكتۆرایەكم بەدەست هێنا لێكۆڵینەوەكانم بەرەو پرۆفیسۆری لەسەر دوو بوار ( پیس بوونی ژینگە لەسەر درووست بونی شێرپەنجە، نمونەكەش كاریگەری پلاستیك لەسەر تەندروستی مرۆڤ) - لە سوید لە هەشت مەجالی جیاوازدا دۆزینەوە(اختراع)م هەیە (شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی سی ). - دواتر هاتمە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا - دەمەوێت زانیاریم هەبێت لە هەموو بەسەكانی شێرپەنجە. - لە هارڤارد دۆزینەوەم لە پرۆستات بووە بۆ پۆست دكتۆرای دووەم - ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسیۆرم لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد - دۆزینەوەیەكم هەبووە تایبەت لە بواری شێرپەنجەی مێشكی منداڵ - ئێستا وانە بە دكتۆراكان دەڵێمەوە قوتابیەكانم لە زۆربەی وڵاتانەی دونیاوەیە - كەمتر وانە دەڵێمە زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەم - پادشای سوید سپۆنسەری كارەكانم دەكات شەهید حەمەسعیدی موهەندیس
بەدواداچون: محەمەد رەئوف " ئیتالیا زۆر شڵەژاوە، بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت" ئەمە قسەی "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنوسی ئیتالی هاوپیشەمە كە لە رێگەی چاتەوە گفتوگۆمانكرد سەبارەت بە مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر ئیتالیا. ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ( IVLP) لە ئەمریكا بۆ ماوەی مانگێك پێكەوە "سالڤۆ تۆسكانۆ" خولی ( رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری)مان بینی، ئەمڕۆ ویستم هەواڵی بپرسم، دوای ئەوەی سەیری ئامارە فەرمییەكانم كرد و بۆم دەركەوت كە ئیتالیا دووەم وڵاتی جیهانە لەروی توشبون و مردن بە كۆرۆنا، نوێترین ئامار (17 هەزارو 660) كەس لە ئیتالیا توشی كۆرۆنا بوون و (هەزارو 266)كەسیش مردوون. بەردەوام لەگەڵ "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنووسی ئیتالی گفتوگۆ دەكەین ئەو كەسێكی روخۆش و دەم بەخەندەیە، بەڵام ئەمڕۆ مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر وڵاتەكەی كاری تێكردبوو، ئەمڕۆ كە هەواڵم پرسی وتی" هاوشێوەی تەواوی هاوڵاتیان منیش لەماڵی خۆمان كەرەنتینەكراوم... دۆخەكە زۆر سەختە.. بەڵام دڵنیام تێیدەپەڕێنین". دەقی گفتوگۆ كورتەكەمان. پرسیار: ئێستا بارودۆخی ئیتالیا لەگەڵ كۆرۆنادا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت. درەو: ژمارەی ئەوانەی لە ئیتالیا دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون چەندە، چەند كەس مردوون ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: تاوەكو دوێنێ ۱٥ هەزار كەس توشی كۆرۆنا بوون لە ئیتالیا و زیاتر لە هەزار كەسیش بونەتە قوربانی. پرسیار: حكومەت چی كردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رێوشوێنی بێ پێشینە گیراوەتەبەر، ئیالیا شڵەژاوە، خوێندنگەو بازاڕو دیسكۆ و ریستۆرانتەكان داخراون، داوا لە خەڵك دەكرێت تا دەتوانن لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، بەبێ كارێكی پێویست ناتوانیت لەماڵەكەت بچیتەدەرەوە، ئەمە رێوشوێنێكی نائاساییە بۆ راگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمە شێوازێكی دراماتیكییە لە باكوری ئیتالیا بەتایبەتی لە لۆمباردی. پرسیار: دەوترێت هەموو خەڵكی ئیتالیا كەرەنتینە كراون، حكومەت بەم هەنگاوەی دەتوانرێت رێگری لە كۆرۆنا بكات ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: ئەمە خۆپاراستنێكی روكەشە، ئەگەر خەڵك لەگەڵ یەكتر مامەڵە نەكەن، ڤایرۆسەكە ناتوانێت زیاتر بڵاوببێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە لێرە هەوڵی بۆ ئەدەین، هەروەك ئەوەی لە چین كراو سەركەوتوو بو، حكومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە لەماوەی ۱۰ بۆ ۱٤ رۆژدا ئەنجامێكی باشی لەسەرتاسەری وڵات دەستكەوێت. پرسیار: كۆرۆنا مەترسی لەسەر دۆخی ئابوری لە ئیتالیا دروستكردووە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بەدڵنیایی، بارودۆخەكە زۆر دراماتیكییە، بەڵام لەوباوەڕەدام ئیتالیا تێیدەپەڕێنێت. پرسیار: رێوشێونەكانی جكومەت یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی توش بوون بە ڤایرۆسەكە؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: لەوباوەڕەدام، ئیتالییەكان ئێستا هۆشیارترن، پێدەچێت لەسەرەتاوە هەندێك كاتمان لەدەستدابێت، بەڵام ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە هەفتەی رابردوو لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاش رویدا. پرسیار: ئەی رۆژنامەنوسان و میدیاكان رۆڵیان چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: میدیاكان رۆڵێكی نائاسایی دەگێڕن لە ئاگاداركردنەوەی خەڵكدا، بەدڵنیایی لەبارودۆخێكی وەكو ئێستادا هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاودەبێتەوە، بۆیە لێرەدا رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان دەردەكەوێت بۆ گەیاندنی هەواڵی دروست بە خەڵك. پرسیار: بەبڕوای ئێوە لەم بارودۆخەدا دەبێت رۆژنامەنوسان چۆن كاربكەن؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رۆژنامەنووسان نابێت ترس بڵاوبكەینەوە، بەڵام لەكاتی گونجاویشدا پێویستە بارودۆخەكە رابگەیەنین. پرسیار: لە ئیتالیا رۆڵی میدیا لەنێوان حكومەت و خەڵكدا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: هەر كەسە بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەسێت، خەڵك بەدرێژایی رۆژ بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن، ئێستاش دوای كەرەنتینەكردنی ملیۆنان كەس لە ماڵەكانیاندا، ئەمە زۆر زیادی كردووە. پرسیار: ئێستا تۆ وەكو رۆژنامەنوسێك چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەیت؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: منش وەك هاوڵاتیان لە ماڵكەی خۆمدا كەرەنتینەكراوم و پەیوەستم بە رێنماییەكانەوە، بەڵام بەبۆچونی من تاكە شتێك كە پێویستە رۆژنەمەنوسان لەم بارودۆخەدا بیكەن ئەوەیە راستییەكان بڵێن. ............... ئیتالیا دەكەوێتە باشوری كیشوەری ئەوروپاوە - ژمارەی دانیشتوان: (60 ملیۆن و 507 هەزار) كەسە - روبەری گشتی: (301 هەزارو 338) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. - سیستمی حوكم: كۆماری پەرلەمانیە - سەرۆك: سێرجیۆ ماتارێلا - سەرۆك وەزیران: جۆزیبی كۆنتی
ئامادەكردنی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف ساڵی 2009 دیپلۆمی باڵای لە كۆرۆنادا بەدەستهێناوەو یەكەم كەس بووە جۆرێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەناوی (IB) لە عێراق ئاشكراكردووە، ساڵی رابردووش هەر لە كۆرۆنادا لە زانكۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا بڕوانامەی دكتۆرانی بەدەستهێناوەو بەمدواییە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، چوار توێژینەوەی زانستی لەسەر كۆرۆنا هەیە، وایلێهاتووە هاوڕێكانی بۆ تەنز پێی دەڵێن" بەخوا ئەم كۆرۆنایە دەستی تۆی تێدایە". ئەو دكتۆر (زانا حەمید) پسپوری ڤایروسی كورونایە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربونەوەی كورونا لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نزیكەی (14) كەسی تردا لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدان دژ بە كۆرۆنا لە تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچنار، كە تایبەتكراوە بە كەرەنتینەكردنی ئەو كەسانەی دوچاری كۆرۆنا بوون. ئەو زانیاری وردی لەبارەی كۆرۆناوە هەیە، بەپێی ئەو قسانەی كە بۆ (درەو)ی كرد، كۆرۆنا ڤایرۆسێكە كە لە 1937 دۆزراوەتەوەو ئاشكراكراوە، ڤایرۆسەكە كلاسیكییەكەی كۆرۆنا كە بە "بابە گەورە"ی ئەم ڤایرۆسە نوێیە دەناسرێت، كۆرۆنای مریشكە، واتە لە مریشكو كێلگەكانی پەلەوەر دەداتو لەناویان دەبات، بەپێی بەدواداچونەكانی دكتۆر زانا، ئەم ڤایرۆسە كۆرۆنا كلاسیكییە ساڵی 2017 بڕی (23 ملیۆن) پاوەن زیانی بە ئابوری بەریتانیا گەیاندووە، ئەمەش ئەو زیانە بووە كە بە كێڵگەكانی پەلەوەری كەوتووە، بابە گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤاكسینی لەناوبردنی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە توانایەكی بەهێزی هەیە لە خۆگۆڕیندا، بۆیە زۆرجار ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر لەناوبردنی نییە. دكتۆر زانا ترسی هەیە، ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا كە بە "كۆڤید- 19" ناسراوە، هاوشێوەی كۆرۆنای مریشكی لێ بێت، كە لەناو خەڵكدا بە "ئەنفلۆنزای باڵندە" ناوبانگی رۆشتبوو، ئەو دەڵێ ئەو حاڵەتانەی كە بەهۆی كۆرۆنای مریشكەوە دەمردن، دەركەوت ڤایرۆسەكە لە گورچیلەی داونو لەوڕێگەیەوە لەناوی بردون، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هێشتا نازانین "كۆڤید-19" لە چ كۆئەندامێكەوە گورزی مردن لە مرۆڤەكان دەدات. گرنگترین كارێك كە چینییەكان كردیان بەبڕوای دكتۆر زانا ئەوەبووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید- 19"یان خستوەتە ناو "بانكی جینات"ەوە، چونكە ئەمە رێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی پشكنەرە تەندروستییەكان لە داهاتوودا لێكۆڵینەوەی وردتر لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە بكەن كە ئێستا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووەو زیانێكی گەورەشی بە ئابوری وڵاتان گەیاندووە. ساڵی 2016 دكتۆر زانا لە بەریتانیا لەچوارچێوەی تاقیكردنەوەكانیدا، ڤایرۆسە كلاسیكییەكەی كۆرۆنای لەسەر خانەی مرۆڤ چاندووە، بۆی دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لەتوانایدایە خانەكان بكوژێت، چارەسەری بۆ ڤایرۆسەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ ئەو چارەسەرەی تەنانەت لەسەر وێبسایتی زانكۆی لیڤەرپوڵ-یش (زانكۆكەی خۆی) دانەناوەو نایەوێت كەس بیبینێت، چونكە دەیەوێت بەهۆی ئەو دۆزینەوەیەوە پۆینتی بڕوانامەكەی وەرگرێت. ئەو لەشێوازی روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسدا پشت بە رێسای رێگریكردن لە بڵاوبونەوە دەبەستێت، نەك چارەسەری كەیسی تاكەكەسی، واتە توێژەرە وەك لەوەی تەنیا كەسێك بێت كە لە تاقیگەیەكدا پشكنین بۆ كەسەكان بكاتو دواتر رایبگەیەنێت كەسێك دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە یاخود نا. دكتۆر زانا هێشتا كاری جددی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نەكردووە، واتە كاركردنێك بەوشێوە قوڵییەی كە خۆی دەیەوێت، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم ئەوەیە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید- 19" خۆی ڤایرۆسێكی نوێیەو لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە ناوی كەوتوەتە ناوانەوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە دكتۆر زانا ئێستا لە كوردستانەو لێرە هاوشێوەی بەریتانیا تاقیگەی باشی بۆ پشكنین دەستناكەوێت، ئەو تاقیگانەی كە لە كوردستان هەن، لەڕووی كوالیتییەوە لیڤڵیان (1 و 2)ە، دكتۆر زانا دەڵێ لێكۆڵینەوە لە ڤایرۆسە نوێیەكە پێویستی بە تاقیگەی لیڤڵ (3و 4) هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەماوەی 16 رۆژی رابردوودا كە لە كەرەنتینەی سەرچنار لە سلێمانی كاریكردووە، بە هەندێك زانیاری سەرەتایی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە گەیشتووە، یەكێك لەو زانیارییانەی كە دەستی دكتۆر زانا كەوتووە ئەوەیە توانیویانە لە سلێمانی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" لە كەسی ساغدا بدۆزنەوە، واتە كەسێك كە هیچ نیشانەیەكی توشبوونی بە ڤایرۆسەكە تێدا نییە لەوانە كۆكە یاخود تا. دكتۆر زانا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بەناوی دكتۆر (پێشنیار)، پێشنیاری ئەوەیان بۆ بەرپرسانی تەندروستی كردووە، لەدۆخێكی وەكو ئێستادا بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، شێوازی روماڵكردنی گروپ بۆ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام بدرێت، ئەم شێوازە ئەوەیە تیمەكە لەبری ئەوەی پشكنین بۆ هەزاران كەس بكات، ئەو كەسانە دابەش دەكات بەسەر چەند گروپێكداو لەناو ئەو گروپانە سامپڵ وەردەگرێت، ئەگەر گومانی دوچاربوون هەبوو، ئەوكات پشكنین بۆ هەموو كەسەكانی ناو گروپەكە دەكات، ئەمە شێوازێكی تایبەتی گەڕانە بەدوای ڤایرۆسدا. دكتۆر زانا گەشبینە، دەڵێ" ئێمە لە قۆناغێكی باشی رێگریكردنداین لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرباری ئەوەی لەڕووی زانستییەوە تێبینیمان لەسەر كەرەنتینەكان هەیە، بەڵام ئەوە باشترین ئۆپشن بوو". گرنگترین كارێك كە لە سلێمانی كراوە ئەوەیە، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی توانیویانە توانای پشكنینی ڤاپرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید-19" دابمەزرێنن، بەڵام كارە خراپەكە كە ئەوانی توشی نیگەرانی كردووە، گەڕانەوەی خەڵكە بۆ كوردستان بەشێوەی قاچاخ لە دەرەوەی وڵاتەوە. هێشتا چارەسەری سەرەكی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" نەدۆزراوەتەوە، چارەسەرێك كە جیهانیی بێتو هەمووان بتوانن لێی سودمەند بن، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بەو چارەسەرانەی پێشتر بۆ ڤایرۆسەكە دۆزراونەتەوە، توانراوە دۆخی تەندروستی چەندین كەس رزگاربكرێت، دكتۆر زانا كە پشكنینی بەردەوام بۆ دۆخی تەندروستی توشبووەكان دەكات دەڵێ ئەو چارەسەرانە كاریگەرییان هەبووەو چەند نمونەیەكی لەبەردەستدایە كە دۆخیان باشتربووە، واتە نیشانەكانی وەكو كۆكەو تایان تێدا نەماوە. دكتۆر زانا زۆر بە گەشبینییەوە دەڵێ:" ئێمە ئێستا لەوپەڕی قۆناغی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەداین، ئێمە ئێستا لە قۆناغی هێرشكردنداین بۆسەر ڤایرۆسەكە، ماوەی سێ رۆژە قۆناغی هێرشمان دەستپێكردووە، ئێستا هەموو ئەو كەسانەمان وەرگرتووە كە لە باشماخ كاردەكەن، لەقۆناغی داهاتوودا دێینە سەر ئەو كەسانەی كە لەناو بازاڕەكاندا كاردەكەنو بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكی تردا هەیە". هەندێك دەپرسن ئایا ئەو كۆرۆنایەی كە ئێستا لە كوردستان تۆماركراوە یاخود ئەوەی لە ئێران هەیە، هەمان ئەو ڤایرۆسەیە كە لە چین هەیە، دكتۆر زانا ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، چونكە ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیەو دەیەوێت ئەم كارە لەڕێگەی زانكۆی لیڤەرپوڵەوە بكات، بەتایبەتیش ئەوەی پرۆژەكە لەڕووی داراییەوە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش باسی لەوەكرد، دووجۆر لە ڤایرۆسەكە دەناسرێتەوە یەكێكیان زۆر بەهێزەو ئەوی تر ئاساییە، ئەوەی تائێستا لە كوردستان هەیە شێوە ئاساییەكەی ڤایرۆسەكەیە. هەموو ئەنجامی ئەو پشكنینانەی كە راگەیەندراونو دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەلایەن ئەو تیمانەوە ئاشكراكراون كە دكتۆر زاناو هاوڕێكانی كاری تێدا دەكەن، واتە ئەوان رۆژانە لەنزیكەوە كۆرۆنای "كۆڤید- 19" دەبینن، خەڵك خۆی لە ڤایرۆسەكە دەشارێتەوە، ئەمان بەدوای ڤایرۆسەكەدا دەگەڕێن، بەڵام بە دەبڵ كەمامەو عەینەكو جلوبەرگی تایبەتییەوە، لەشوێنی كاركردنیان نەك نان ناخۆن، بەڵكو تەنانەت ئاویش ناخۆنەوەو تەوالێتیش بەكارناهێنن، بۆیە پێش ئەوەی بچنە سەركارەكانیان، بەتەواوەتی خۆیان ئامادە دەكەن، نزیكەی 2 ملیۆن كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنیا چاویان لەسەر ئەم تاقیگەیەیە، لە كەلارو راپەڕینو هەڵەبجەو لە كەرەنتینەكانی ناو شاری سلێمانییەوە رۆژانە سەدان سامپڵ بۆ پشكنین رەوانەی تاقیگەكەی دكتۆر زاناو هاوڕێكانی دەكرێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە ئەترسن ئەوەیە، ئەوانەی لە كەرەنتینەكاننو توشبوون، زۆربەیان ئەندامی یەك خێزانن، واتە كەسی نزیكی یەكترنو دەردەكەوێت ڤایرۆسەكە هێشتا چوارچێوەی خێزانی بۆ ناو كۆمەڵگە بەتەواوەتی نەبڕیوە، حاڵەتیش تۆماركراوە كە خەڵك هەڵگری ڤایرۆسەكە بووەو بەبێ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە كراوەو ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا نەماوەو بەردەوامیش پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ ئاگاداربوون لە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەكە. تاكە چارەسەرێك كە ئێستا بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری "كۆڤید-19" بەكاردەهێنرێت، وەكو دكتۆر زانا باسی دەكات ئەو ئەنتی بایۆتیكانەیە كە بۆ زۆر ڤایرۆس دەبن، "ڤایرۆسەكان راستە لەیەكتر جیاوازن، بەڵام لە زۆر سیفەتیشدا لەیەكتر دەچن، هەندێك ئەنتی ڤایرۆس هەیە، ئەو سیفەتە هاوبەشانە بەكاردەهێنێت". دكتۆر زانا گەشبینە بە ئاستی هۆشیاری خەڵك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، بەڵام مەترسی گەورەی ئەو ئەوەیە ڤایرۆسەكەیان لەناو كەسانێكدا دۆزیوەتەوە كە لەڕووی تەندروستییەوە ساغنو رەنگە كەسانێكی تر هەبن بەهەمان شێوە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشانەكانیان تێدا نییەو كەرەنتینە نەكراون، بیگوازنەوە بۆ كەسانی تر. تاكە كەسێك كە تائێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانیو هەرێمی كوردستان دوچاری كۆرۆنا بوبێتو گیانی لەدەستدابێت مامۆستایەكی ئاینی بوو بەناوی "مەلا رەشید"، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ ئەو پیاوە كردووە، ئەو دەڵێ:" ئێمە كە دەستنیشانمان كرد هەڵگری كۆرۆنایە، دوای چەند كاتژمێرێك كۆچی دوایی كرد، رێژەی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا زۆر نەبوو، بۆیە دڵنیانین ئایا بەهۆی كۆرۆناكەوە گیانی لەدەستداوە یاخود نەخۆشی تر". هەندێك دەڵێن ڤایرۆسەكە لە هەوادا نییەو راستەوخۆ بەبەركەوتن دەگوازرێتەوە، هەندێكی تر باسی ئەوە دەكەن لە وەرزی گەرمادا ڤایرۆسەكە نامێنێت، دكتۆر زانا هیچ یەكێك لەم چیرۆكانە پشتڕاستناكاتەوە، ئەو دەڵێ كاتێك ڤایرۆسەكە نامێنێت كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە نەمێنن. مانەوە لە ماڵەوەو تێكەڵنەبوون لەگەڵ قەرەباڵغی، هەروەها بەكارهێنانی جێڵی كحول بۆ پاكژكردنەوەی دەستو پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانی ترەوە، بەڕای دكتۆر زانا رێگای سەرەكین بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە.
(درەو): تەمەنی هەڵكشاوە، بەڵام هێشتا لەسەر گەنجەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێت، بەمدواییانە پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی وەرگرت، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، ماوەیەك بوو بەڵێنیدابوو گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ (درەو) بكات، بەڵام كاتو شوێنی دیدارەكە دیاری نەكرابوو، دواجار دوێنێ بە هاوڕێیەتی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی سەردانی (درەو)ی كردو گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەمان تۆماركرد، لەو گفتوگۆیەدا عەدنان عوسمان وەڵامی پرسیارەكانی (درەو) دەداتەوە لەبارەی، پێگەو پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەتو دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكەو بابەتی تەوریسی سیاسیو پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراقو پرسی گەندەڵیو دۆسیەی نەوتو ئەدای كاری وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: سازدانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف درەو: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت، چی تازە هەیە لەوبارەیەوە ؟ عەدنان عوسمان: كۆبونەوەكە بۆ دوو مەبەست بوو، مەبەستی یەكەم پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی هەردوولا، مەبەستی دووەم قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی ئیستحقاقاتی گۆڕان لە كابینەكە، هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە روویداوە هەروەها دواكەوتنی پڕكردنەوەی پۆستەكان. درەو: جڤانی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێوە سكرتێری ئەو جڤاتەن ماوەی مانگێك دەرفەتی بە رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن داوە بۆ ئەوەی پرسی پۆستەكانی حكومەت لەگەڵ پارتی یەكلابكاتەوە، ئەگەر لەو مانگەدا پۆستەكان یەكلانەبوونەوە جڤات بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیایی دوای ئەوەی پۆستەكانمان بۆ دیاری ئەكرێت، لەبەرئەوەی تائێستا هەندێكی دیاری نەكراوە، بەتایبەتی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە دیاری بكرێن، ئێمە بای ئەوە سیڤیمان لایە كە بتوانین لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژدا یەكلایی بكەینەوە. درەو: هەڵسوڕاوەكانتان زۆر رەخنەیان هەیە لەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەتان لەگەڵ پارتی وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەگەری كشانەوە لە حكومەت لای ئێوە ئەگەرێكی كراوەیە یاخود ئەمە تەنیا وەكو كارتی فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، ئێمە لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین، پێمانوایە كارێكی زۆر باشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە ئەو رێككەوتنەی كرد، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی لە كوردستانو بە نیسبەت خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە كە كۆمەڵێك موئامەرەو كۆمەڵێك نیازی خراپ بەرامبەری هەبوو، پێمانوابوو ئەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنە بۆ كاتی خۆشی گرنگ بووەو بۆ پرۆسەی سیاسیش لە كوردستاندا ئێستاش گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت ئەو رێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازیو چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین. درەو: وەڵامەكەمان وەرنەگرت، واتە ئەگەری كشانەوە لە حكومەت ئەگەرێكی بەهێزە یان نا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین مەسەلەی بەرنامەی حكومەتو ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، تائێستا هەردوو لایەنەكەی تر كە شەریكن لەگەڵماندا پابەندن بەو رێككەوتنەو دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە. درەو: ئەی ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەرۆیشت ؟ عەدنان عوسمان: ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت. درەو: باسلەوە دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو كەس لەوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدتان كردوون دەستبەكاردەبن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ راستە. درەو: ئەم دوو پۆستە لەوانەن كە ئێستا لای پارتین ؟ عەدنان عوسمان: ئەو دوو پۆستە لای پارتین وەریاندەگرین، ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكرێت لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان، بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو پرسانەو جەختكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەكانی حكومەتو پرۆسەی چاكسازیو بە هەرسێ لایەنەوە پشتگیری هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەت بكەین، ئەم كۆبونەوەیە بەهۆی وەزعی یەكێتییەوە تائێستا نەكراوە، بۆیە ئێمە ئەو كۆبونەوەیەمان لەگەڵ پارتیدا كرد، بۆئەوەی لانی كەم ئەو پشكانەی گۆڕان كە دەكەونە لای پارتی، یەكلای بكەینەوە. درەو: واتە دەستان لەو پۆستانە شتووە كە لای یەكێتین ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، یەكێتی خۆیشی دژ بەوە نییە ئەو پشكانە بەر گۆڕان بكەون، چونكە ئەوە بەشێكە لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنو رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام هەر ئەوەیە كە یەكێتی ئێستا ئەڵێن ئێمە سەرێكمان نییە، هەیئەیەكی قیادیمان نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسانە، ئێمەش چاوەڕێین. درەو: بەڵام ئێوە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتتان لەگەڵ پارتی كردووە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، نەك یەكێتی ؟ عەدنان عوسمان: كە حكومەتەكە لە دوو قۆڵییەوە بوو بە سێقۆڵی، حەتمەن ئەوكاتە پێویست بەوە ئەكات پێداچونەوە بە هەموو پۆستەكاندا بكرێت، بە پشكی پارتیو یەكێتیو گۆڕانیشەوە. درەو: باست لەوەكرد لای پارتییەوە كێشەیەكی ئەوتۆ نەماوە، بەڵام بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی وتەبێژی حكومەتەوە ناڕەزایەتی لەسەر لێدوانێكی چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەربڕی، مەسرور بارزانی ڤیتۆی داناوە لەسەر چالاكی موهەندیس دەڵێ نابێت لە حكومەت هیچ پۆستێك وەرگرێت، لە كۆبونەوەكەتان لەگەڵ پارتی، كێشەی چالاكی موهەندیستان باسكردووە، ئایا گۆڕان كاندیدبوونی بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتی شارەوانی دەكێشێتەوە ؟ عەدنان عوسمان: لەو كۆبونەوەیەدا هیچ باسێكی چالاكی موهەندیس نەكراوە، هیچ ڤیتۆیەك لەسەر كاك چالاكی موهەندیس نییە، قسەكەی خراپ تەئویل كراوە. درەو: ئێستا ئێوە كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس دەكێشنەوە یاخود نا؟ عەدنان عوسمان: نەخێر نایكێشێنەوە، داواشمان لێنەكراوە بیكێشینەوە. درەو: بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردتان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبوو (67) پۆست وەرگرن، بەڵام تائێستا تەنیا (5) پۆستتان وەرگرتووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیو پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانو راوێژكارەكانو پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی كەی پڕدەكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: راستییەكەی كێشەكە ئەوەیە، پارتی هەر لەسەرەتاوە رەئی وابوو كە ئێمە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وەربگرین، ئێمە پێمانوابوو ئەو یاریدەدەرە پۆستێكی گرنگەو ئەو پرسە گرنگەی كە ئێمە بەهۆیەوە بەشداریمان لە حكومەت كردووە لەو پۆستەدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە داوامان كرد یاسایەكی هەبێتو چوارچێوەی ئیشەكانیو هەیكەلیەتی دەزگاكە دیاری بكاتو دەسەڵاتەكانی دیاری بكاتو بزانرێت لەگەڵ كێ كۆنتاكی هەیە، پەرلەمان یان حكومەت یان دەستەی نەزاهە، بۆیە ئەم مەسەلەیە دواكەوت بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت، لەم كۆبونەوەیەی كە لەگەڵ پارتی كردمان، ئیتیفاق لەسەر ئەوەكراوە كە ئێمە رەشنوسی یاسایەك ئامادە بكەینو دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێتو بڕیاری لەسەر بدرێت، دوای ئەوە ئێمە كاندیدەكەمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، دوو پۆست بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە، یەكێكیان ئەم پۆستەیەو ئەوی تر سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، بۆ ئەوەش لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دوای پەسەندكردنی ئەو رێوشوێنانە، ئێمە ناوی هەردوو كاندیدەكە رادەست ئەكەین. درەو: وا وێنا دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لەبەر وەرگرتنی هەندێك پۆست چوەتە حكومەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەدواین كۆبونەوەتاندا لەگەڵ پارتی باسی بابەتی چاكسازیتان كردووەو وەفدی پارتی داوای لێكردوون پرۆژەی خۆتان لەوبارەیەوە پێشكەش بكەن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە پێشتریش پاكێجی چاكسازیمان هەبووە لە زۆر بواردا، لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوتو بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، ئێمە چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێتو بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەكو باسم كرد چاوەڕێی دەسەڵاتەكانی ئەو دەستەیە دەكەین، چونكە دەبێت چاكسازییەكان لەڕێگەی ئەو دەستەیەوە بكرێن، ئەو دەستەیە فۆرمەڵەی چاكسازییەكان دەكاتو ئەولەویەتی چاكسازییەكان دیاری دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوەی زۆر لامان گرنگە پرۆسەی چاكسازییەكەیە، چونكە ئەوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە. درەو: بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك بەناوی چاكسازی پەسەندكرا، ئەمە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی ئێوە نەبوو، بەڵام بەرگریتان لێكرد، یاساكە تێپەڕی، بەڵام هێشتا لە ئاستی خواستی هاوڵاتیاندا نییە، ئێوە چۆن چاكسازییەكتان دەوێت ؟ عەدنان عوسمان: جا بە هەندێك شتتان بۆ راستبكەمەوە، ئێمە پێشتر لە هەدروو خولەكەی پەرلەماندا پرۆژەی چاكسازیمان هەبووە. درەو: ئێمە بەدیاریكراوی باسی ئەو پرۆژە چاكسازییە دەكەین كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا ؟ عەدنان عوسمان: لە خولی رابردوودا پرۆژەیەك پێشكەش كراوەو دواتر هەڵایەكی لەسەر دروستبووەو سەحب كراوەتەوە، كە هەر ئەم پرۆژەیەیەو هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچەو خانەنشینی، ئەگەر رێژەی بۆ دابنێت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، پرۆژەی چاكسازی ئەبێت لە بواری پێشمەركەدا بكرێت لە بواری ئاسایشو لە بواری دادگاكانو كەرتی ئابوریو پەروەردەو هەموو بوارەكانی تردا بكرێت كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە موچەخۆرو لە بندیوارو دنیایەك پرسی گرنگ هەن كە دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە، ئەمە كە پێشكەشكراوە، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد كە بەڕوونی بوترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازیو فیعلەن لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوانو هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە. درەو: ئێوە ئەو سەردەمەی كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزبوون بەردەوام باستان لە ناشەفافی دۆسیەی نەوت دەكرد، ئێستا پۆستی وەزارەتی دارایی لای ئێوەیە، وەزیرەكەتان ئاگاداری دۆسیەی فرۆشو داهاتی نەوتە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە دێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە بەڵێ وەزیر ئەزانێت. درەو: واتە بەشێكی تری داهاتی نەوت هەیە كە نایەتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. درەو: واتە ئێوەش ئاگاداری ئەو بەشەی داهاتی نەوت نین ؟ عەدنان عوسمان: كەس ئاگاداری نییە، ئێستا هەر لەم زۆنە ئەوە پرسی نەوتە، ئەوە پرسی غازە، ئەو پرسی دەروازە سنورییەكانە كە بە ئاشكرا قاچاخچێتی تێدا دەكرێتو دەستەو باند هەیە، خۆ ئەمانە ئەگەر دەستێكی گەورەیان لە پشت نەبێت ناتوانن ئەو كارانە بكەن، ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە شەفافیەتە لە سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە هەر شوێنێكی كوردستاندا دەبێت بێتە ناو سندوقی داهاتەكانەوەو وەزارەتی داراییش ئاگادار بێتو وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەو سندوقەوە تەمویل بكرێت، تائێستا سندوقەكە دروستنەكراوە، ئەو یاسایە لە 2018وە دەركراوە، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە. درەو: ئێستا بە دیاریكراوی ئەتەوێت بڵێی وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوت نییە ؟ عەدنان عوسمان: وەڵا ئەوە ئەبێت لەخۆی پرسیار بكەن. درەو: لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەدای كاری وەزیرەكانتان كرد، لەوێ لە وەزیرتان نەپرسی ؟ عەدنان عوسمان: من بەشداری ئەو دانیشتنەم نەكرد، نازانم. درەو: ئێستا ئێوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری فرۆشو داهاتی نەوتن ؟ عەدنان عوسمان: ئەمە قەوانێكی كۆنە، لە زەمانی عیماد ئەحمەدەوە پرسیار ئەكرێت ئایا ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوتن، هەمان شت بە قوباد تاڵەبانی ئەوترا، ئەم قەوانە ئەبێت كۆتایی پێبهێنرێت، ئەو سندوقە دەبێت دروستبكرێتو سەرجەم داهاتەكان بڕواتە ناو ئەو سندوقەوە، ئیتر ئەبێت كۆتایی پێبێت كە كێ ئاگادارەو كێ ئاگادار نییە، ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین بەڵێ رێژەیەك دێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام رێژەیەكی تر بەهەدەر ئەدرێت لە نەوتو لە غازدا، ئێستا ئەو شەڕەی كە لەسەر غاز هەیە چییە، شەڕی عیساباتو دەستەیە كە لە دەرەوەی یاساو دامەزراوەكانی حكومەت شەڕ لەسەر قوتی خەڵك ئەكەن، ئەوەی لە گومرگەكاندا روئەداتو ئێمە هەزارجار فراكسیۆنەكەمان رونكردنەوەی داوە بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە داهاتەكان بۆ كەسو حزبو لایەن بێتو نەچێتە ناو حەزێنەی دەوڵەتەوە. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتارەكانتان بەمدواییە باس لە گەندەڵیو قاچاخچێتی دەكەن لە مەرزەكان، بەشی هەرەزۆری ئەو پۆستانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری مەرزەكانەوە ئێستا لای بزوتنەوەی گۆڕانن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتی مەرزو گومرگی پەروێزخانو باشماخ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی، بۆچی چارەسەری دۆخی مەرزەكان ناكەن ؟ عەدنان عوسمان: پرسیارێكی جوانە، جا ئەوە یەكێكە لە ئاماژەكان لەوەی هێشتا موئەسەساتی حكومەتی دروستنەبووە كە ئێمە زۆر جەختی لەسەر ئەكەینەوە، هێشتا دوو ئیدارییە، لەوانەش چەندین ئیدارەیی هەبێتو لە هەر ناوچەیەكدا ئیقتاعیەتێك هەبێتو كەسێكو لایەنێك دەستی بەسەردا گرتبێت، ئەمە نیشانەی لاوازبوونی موئەسەسەی حكومییە كە ئێمە كارمان لەسەر كردووە، چ وەزیرەكەمان وەزیری دارایی، چ فراكسیۆنەكەشمان پرۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ حكومەتو هەوڵیشیان داوەو رەزامەندیش نیشاندراوە، بەڵام وەك ئەزانین دوو هێزی باڵادەست كە هێزی چەكدارییان هەیەو دادگایان هەیەو داواكاری گشتییان بەدەستەوەیە، ئەوە ئەو دوو هێزەیە كە هێشتا هەنگاوی عەمەلییان بۆ ئەو مەسەلەیە هەڵنەناوە. درەو: بۆچی تۆپەكە هەڵدەدەیتە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی زانیارییەكان، ئێوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لیژنەیەكتان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرو بەرپرسەكانتان دروستكردووە، ئێوە لێكۆڵینەوەتان كردووە لە ئەگەری ئەوەی رەنگە بەرپرسانی خۆشتان لەو مەسەلانەدا تێوەگلابن، بەتایبەتی كە بەمدواییەدا بەرپرسێكی سەربە ئێوە لە مەرزی پەروێزخان دەستبەسەركراو گومانی تێوەگلانی هەیە، تۆڕی ئەو لیژنەیەی كە ئێوە دروستتان كردووە تائێستا هیچ ماسییەكی گرتووە ؟ عەدنان عوسمان: جارێ ئەوەی پەروێزخان لەسەر گەندەڵی نییە، لەسەر دۆسیەیەكی ترە كە جێبەجێ نەكردنی بڕگەیەكی یاساییە كە وەزارەتی دارایی بەرپرسە لێی نەك بەرپرسەكەی ئێمە، ئەمە یەك، دووەم ئێمە باسمان كردووە، راگەیاندن ئەتوانێت دۆسیەی گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە بڵاوبكاتەوەو ئێمە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا لێكۆڵینەوە دەكەین. درەو: ئێوە چاوەڕێی ئەوەن راگەیاندنەكان دۆسیەكانیان بڵاوبكەنەوە؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. چاوەڕێی دیوانی چاودێرین، چاوەڕێی راگەیاندنین، چاوەڕێی دەستەی نەزاهەین، چاوەڕێی هەڵسوڕاوەكانی خۆشمانین، داوامانكردووە لە هەر شوێنێكدا هەر بەڵگەیەك، پارچە وەرەقەیەك، كاغەزێك لەسەر گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە هەیە لە هەر ئاستێكدا هەیە، بیگەیەنن بە ئێمە. درەو: تائێستا لیژنەكەتان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كەسدا كردووە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. ئێمە بەردەوامین، بەڵام بەگوێرەی دیكۆمێنت، واتە هەر لە خۆتەوە لەسەر گومان نا، دۆیكۆمێنتمان لەبەردەستدا بێت هەر كەسێك بێت لە هەر پۆستو هەر ئاستێكدا بێت ئێمە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەینو بڕیاریشی لەسەر ئەدەین. درەو: ماوەیەكە بەردەوام یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانییە، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت ؟ عەدنان عوسمان: هێشتا كاتێكی دیاریكراومان دانەناوە، بەڵام بەنیازین هەر لەگەڵ دەستپێكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە تازەكەماندا بیكەین، لە ئێستاوە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسەكە، كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان كێشەیەكی گەورە نییە بە نیسبەت گۆڕانەوە، گرنگە بكرێت، دواكەوتووە، ئەوە بەڵێ راستە، گرنگە بكرێت، من خۆم لەگەڵ ئەوەم هەموو ساڵێك بكرێت، چونكە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا ئێمە سەركردایەتی هەڵنابژێرین، رێكخەر هەڵنابژێرین، كێشەیەكمان نییە، ئێمە زۆرتر لەسەر بەرنامەو لەسەر پەیڕەو قسە ئەكەین، بۆیە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە، دواكەوتووە، زۆرم پێ خراپە كە دواكەوتووە، بەڵام لە ئێستاشدا كە دواكەوتووە چاوەڕێی ئەوە ئەكەین كەشوهەوایەك بێت كە گۆڕان بباتە قۆناغێكی ترەوە. درەو: تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیاییەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەكرێت. درەو: باسی پەیڕەوت كرد، لە فەرهەنگی ئێوەدا پەیڕەو ناوی لێنراوە "دەستوری ناوخۆیی"، بڕیارە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا هەندێك گۆڕانكاری لە دەستوریی ناوخۆیدا بكەن كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەی نوسیویەتییەوە، ئەو بابەتانە چین دەتانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەنو پێتانوایە بۆ قۆناغی ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبارە نین ؟ عەدنان عوسمان: من ناتوانم پێتان بڵێم، چونكە لیژنەیەكمان پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە دەستورەكەو بەرنامەو دروشمەكاندا ئەكات، كاتی خۆیشی كە ئەم دەستورە دانراوە، وا دانراوە كە لە هەموو كۆنفرانسێكی نیشتمانیدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ئێمە لەم كۆنفرانسەدا پێداچوونەوە ئەكەین لەوەی لە چ خاڵێكدا كورتمان هێناوەو لە چ خاڵێكدا باشمان هێناوە، پێویستمان بە چ ئۆرگانێكەو پێویستمان بە چ ئۆرگانێكی تر نییە، دەسەڵاتی كۆنفرانسە كە هەموو گۆڕانكارییەك لە دەستورەكەدا بكات، بەڵام شێوازی ئیشكردنی گۆڕان بەم شێوازەی ئێستا، بەم سیستمەی ئێستا، واتە بڕبڕەی پشتی ئیشكردنی گۆڕان لەڕووی رێكخراوەییو ئۆرگانەكانەوە كە ئێمە پێمانوایە ئاسۆییە، دەستكاری ناكرێت. درەو: ئەمە هۆكارەكەیە كە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان تائێستا نەكراوە لەكاتێكدا بەپێی دەستوری ئێوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە پێش هەموو كارەكانی ترەوەیە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئێمە چاوەڕێی ئامادەسازییەكان دەكەین، هەنگاوی یەكەم تۆماری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو تۆمارانە ئەبێت ساغبكرێتەوە، بزانین كێمان لەگەڵدا ماوەو كێمان لەگەڵدا نەماوە، كێ رۆیشتووەو كێ هاتوەتە ناو ریزەكانمانەوە، ئەو تۆمارە كە چاككرا، لەسەر ئەساسی ئەو تۆمارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەكرێت. درەو: هەڵبژاردنی مەكۆكان كەی دەكرێت، دوای كۆنفرانسی نیشتمانیی؟ عەدنان عوسمان: ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین ئەو تۆمارە ئامادە بكەین، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكرێت، شەش حەوت لیژنەمان پێكهێناوە بۆ گەڕان بەسەر هەموو شارەكانی كوردستاندا، ئەمە لەوانەیە شتێكی تازە بێت، شەش حەوت لیژنەیە، خانەی راپەڕاندنو ژووری پەیجوری سەرپەرەشتی ئەكەن، بە هەموو شارو قەزاكانی كوردستاندا ئەگەڕێنو ئەو تۆمارانە ساغ ئەكەینەوە، دوای ئەوە كۆنفرانسی قەزاكانو ناوچەكان ئەكەین، لەدوای ئەوەش كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكەین. درەو: زانیارییەكان باسلەوە دەكەن دەتانەوێت گۆڕانكاری لە باژێڕوانی مەكۆكاندا بكەنو پێكهاتەی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكەنەوە، بەڵام هەندێك لە باژێڕوانەكان ئامادە نین شوێنەكانیان بۆ كەسانی تر چۆڵ بكەنو دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییانە زۆر پێچەوانەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕانە، جا نازانم لە كوێ هێناوتانە، دەستورەكە تەحدیدی كردووە هیچ باژێڕوانو ئەنجومەنی قەزایەك لە دوو خول زیاتر كە هەر خولێك دوو ساڵە، ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، تا دەستورەكە نەگۆڕدرێت ناتوانن، بۆیە بەشێكی زۆر لە باژێڕوانەكان كە ماوەیەكی زۆرە باژێڕوانن، یان ئەنجومەنی قەزاكانو بازنەوانەكان ئۆتۆماتیكی لادەچنو ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە كە من پێمخۆش بێت یاخود نا، ئەو شێوازەی كە كاك نەوشیروان بۆ جڤاتەكەو بۆ پەیكەرەی رێكخستنی بزوتنەوەی گۆڕان داناوە، بەردەوام لە تازەبونەوەدایە، بۆ نمونە خانەی راپەڕاندن بۆ سێ خول زیاتر ناتوانێت كە هەر خولێك دوو ساڵە، باژێڕوانەكانیش بەهەمان شێوە، جڤاتی نیشتمانی بەردەوام خۆی تازە دەكاتەوە، چونكە هەندێك باژێڕوانو بازنەوانمان هەیە بەگوێرەی دەستورەكە ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە. درەو: ئێوە بەمدواییە دوای هەڵبژارنی خانەی راپەڕاندن پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانیتان وەرگرت، ئێوە لەسەر گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێن، ئێستا ئێوە كە سەرۆكایەتی جڤاتی نیشتمانی دەكەن ئەدای جڤاتەكە بەبەراورد بە پێشتر چ گۆڕانكارییەك تێیدا رویداوە ؟ عەدنان عوسمان: لە دنیای حزبایەتیو دەوڵەتداریدا دوو شت هەن، تۆ كە لە ئۆپۆزسیۆنیت قسەی ترت هەیە، بۆچوونو خەونو خەیاڵی ترت هەیە، كە ئەچیتە ناو دەسەڵاتەوە سنوردار ئەبێت، لەبەرئەوەی هەمووی ئەچێتە چوارچێوەی فاكتو كاركردنەوە، واتە تۆ كە بەڵێنێكت دا ئەبێت جێبەجێی بكەیت، لە حزبایەتیشدا بەهەمان شێوەیە، تۆ كە لەناو پۆستەكەدا نیت تەسەوراتو دنیابینییەكت هەیە، كە ئەچیتە ناو پۆستەكەوە كار لەسەر ئەوە ئەكەی ئەو دنیابینییە چۆن جێبەجێ ئەكەیت. ئێمە لە كوردستاندا كێشەیەكی گەورەمان هەیە، نەك هەر لەناو گۆڕاندا، لەناو هەموو حزبەكاندا، كێشەیەكمان هەیە كە من ناتوانم ناوی بنێم كێشەی گەنجو پیر، كێشەی ستایلێكی كۆنە لەگەڵ ستایلێكی تازە، ستایلێك كە قاچێكی لەناو رابردوودایە، قاچێكی لەناو حزبی مەركەزیدایە، قاچێكی لەناو پێش راپەڕیندایە، قاچێكی لەناو خەباتی شاخو ماندوبوونو پێشمەرگایەتیو ئیستحقاقی شۆڕشگێڕانەدایە، ئەم جیلەی تریشمان قاچێكی لەناو دنیایەكی تازەدایە لە دوای راپەڕینەوە، قاچێكی لەناو دەوڵەتدارێتیو موئەسەسەو بوون بە دامەزراوەی حكومیو پەرلەمانیدایە، ئەو جیلەی تر ئەوەندە لە رابردوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی داهاتووی نییە، جیلە تازەكە ئەوەندە لە داهاتوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی رابردووی نییە، ئێمە گۆڕان كە دروستبوو، وەكو حزبێكی گەنجانە دروستبوو، لەبەرئەوەی گۆڕان ویستی دابڕان بكات لە رابردوو، كێشەی نەبوو كە تۆ رابردووەكەت ئاڵای شۆڕشە، كۆمەڵەیە، ئیسلامییە، یەكگرتووە، شیوعییە یاخود چییە، گرنگ ئەوەیە ئێستا بەبەرنامەی گۆڕان رازیتو بیر لە ئایندە ئەكەیتەوە، بیر لە سیستمێكی تازەو جیاواز ئەكەیتەوە بۆ ئایندە، ئەمە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگ بوو، بۆیە گەنج بوشداربوو تێیدا، پیر بەشداربوو، ئەم ململانێیە لە كوردستاندا هەر ئەمێنێت، ساڵانێك ئەخایەنێت تاوەكو وردە وردە ئەو نەوە تازەیە یاخود ئەو عەقڵو شێوازە تازەیە بەتەواوەتی دەسبگرێت بەسەر حزبی سیاسیدا لە كوردستاندا. درەو: ئێمە پرسیارەكەمان لەسەر ئەدای جڤاتی نیشتمانی بوو، پێشتر ئەگەر رەخنەیەك هەبووبێت لەوە بووە كە جڤات رۆڵی وەكو پێویست نییە، ئێستا كە ئێوە بوون بە سكرتێری جڤات دۆخەكە وەكو خۆیەتی، لەسەردەمی ئێوەدا تەنانەت جڤات نەیتوانی ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان یەكلابكاتەوەو دەسەڵاتی خۆی بەخشی بە رێكخەری گشتی ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییە دروست نییە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەم جڤاتو خانەی راپەڕاندنە تازەیەوە ئەو بڕیارە درابوو كە هەموو پۆستەكان رێكخەری گشتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، برادەرانی جڤات خۆیان ئەو بڕیارەیان دابوو كە دەسەڵاتەكەیان بدەن بە رێكخەری گشتی، نەك لە سەردەمی ئێمەدا، لەسەردەمی ئێمەدا جڤات ئێستا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو پێشتریش هەر رۆڵی هەبووە، ئێستا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندی جڤاتو بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ جڤات تێناپەڕێت. درەو: جڤات یاخود سكرتێری جڤاتەكە كە ئێوەن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، جڤات، سكرتێر ئیدارەی كۆبونەوەكان دەدات، خانەی راپەڕاندن بڕیاریان لا نییە، بڕیار جێبەجێ دەكەن، بڕیار نادەن، جڤات بڕیار دەدات، تائێستاش وا هەڵمانداوەو واشمان كردووە، هەربۆیە كۆبونەوەی جڤات جاری وا هەیە ئەجێندایەكی دورودرێژی بۆ دائەنێین، بۆ ئەوەی جڤات لە هەموو پرسەكاندا، لە پرسە سیاسییەكانو پرسە رێكخراوەییەكان رۆڵی هەبێت، هەروەها ژورەكانیش، بزوتنەوەی گۆڕان ئیعتمادی سەرەكی لەسەر ژورە، بڕیار لە ژورەكانەوە ئەدرێتو دواتر گەڵاڵە ئەكرێتو دواتر لە جڤاتدا كاری لەسەر ئەكەین، بۆیە من هەستئەكەم هەنگاوێكی گەورە كراوە لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئێستا بڕیاردانی جەماعییە. درەو: بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان دیدارێكی فیكری سازكرد بۆ قسەكردنو هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خۆی، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا دیدارەكە زور بەلای بابەتی تەوریسی سیاسیدا نەچوو، لەحاڵێكدا هەندێك لەوانەی لە ئێوە زویر بوون، ئەمە بە كرۆكی كێشەی بزوتنەوەكە ناودەبەن ؟ عەدنان عوسمان: بەشێك لەوانەی كە زویرن، پێشتریش پێش ئەوەی باسی تەوریسی سیاسی بكرێت، لەگەڵ كاك نەوشیرواندا كێشەیان هەبوو، قسەیان هەبوو لەسەر شێوازی بڕیاردان، لەسەر میكانیزمەكانی ئیشكردن، لەسەر ئۆرگانەكانیش كێشەیان هەبوو، تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوەو ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانەو لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیار دەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە. درەو: لە بابەتی تەوریسدا بەس باسی بڕیاری سیاسی ناكرێت، باس موڵكیەتی بزوتنەوەكە دەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە باسی سیاسەت ئەكەین، موڵكیەتی ئابوری جیاوازە، ئێمە پرۆژەیەكی سیاسین، پرۆژەیەكی ئابوری نین، من كە هاتومەتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە حەقم نەبووە لەوەی گردەكە هی كێیەو هی كێ نییە، كۆمپانیای وشە هی كێیە. درەو: بەڵام پرۆژە سیاسییەكەی ئێوە لە بنەڕەتەوە كۆمپانیایەك بوو كە كۆمپانیای وشەیە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە لای من زۆر گرنگە بزوتنەوە سیاسییەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی ئەكات، كێ بڕیاری تێدا ئەدات، بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، تا ئەم ساتەوەختەی كە من تێیدام ئەمانە بڕیار ئەدەنو بڕیاری ئەمانە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوەو رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوەو فەرمایشی كەسی تر جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە مەسەلەی تەوریسی سیاسی جگە لە بیانویەك هیچی تر نییە، ئەكرێت خەڵك رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت بۆ نمونە بڵێت بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكانی خۆی لایداوە، بڵێت ریفۆرمخواز نییە، بڵێت دەستەمۆ بووە، هەموو قسەیەك واردە، بەڵام بەڕاستی بوترێت هۆكاری ئەوە تەوریسە، من پێموایە دروست نییە. درەو: بۆچی كۆمپانیات لە حزب جیاكردەوە، لە حاڵێكدا ئەگەر ئەم تێكەڵاوبوونەی حزبو كۆمپانیایە بۆ لایەنەكانی تر دروست نەبێت بۆ ئێوەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێڕوانینێكی دروستە، ئێوە بە كۆمپانیا دەستان پێكردو دواتر بوون بە بزوتنەوەی سیاسی ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی ئێمە كۆمپانیایەكی ئیعلامی بوو. درەو: بەڵام كۆمپانیاكەتان دواتر بووە بە خاوەنی موڵكو چووەتە ناو بواری ئابوریشەوە، بۆچی ئەو جیاكارییە دەكەیت، تۆ ئەتەوێت بەتەواوەتی كۆمپانیاكە لە بزوتنەوە سیاسییەكە داببڕیت ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. من كاتی خۆیشی لەگەڵ ئەوەبووم كە كۆمپانیای وشە موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێتو حزب موئەسەیەی ئیعلامی خۆی هەبێتو كۆمپانیای وشەش موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێت، كاتی خۆی كۆمپانیای وشە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان بوو لە هەموو بوارێكدا، لە بواری وەبەرهێنانو لە بواری ئیعلامیشدا كاری كردووە، دواتر كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، ئۆرگانی خۆی هەبوو، دامەزراوەی خۆی هەبوو، بەهۆی ئەو واقیعەی كە ئەوكاتە هەبوو، ئیمكانیاتی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیای وشە تێكەڵ بوو، من لە 2013 كە كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا بوو، نوسینم هەیە لەو بوارەی كە كۆمپانیای وشە دەبێت جیابكرێتەوەو دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بێت، لە یەكەم كۆنگرەی گۆڕاندا بەهەمان شێوە بڕیارماندا كە كۆمپانیای وشە ببێت بە دامەزراوەیەكی میدیاییو كاری خۆی بكات، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ژوری رۆژنامەوانیمان هەیە، هەموو دامەزراوە میدیاییەكانی خۆمان ئەخەینە ژێر چەتری ژوری رۆژنامەوانییەوە، كۆمپانیای وشەش كۆمپانیایەكە ئەكرێت ستراتیژیەتی خۆی هەبێتو ئەو ستراتیژیەتە نزیكە لە گۆڕانەوە یان سێبەری گۆڕانە شتێكی ئاساییە، بەڵام من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو دوانە تێكەڵ بكرێن. درەو: لە قسەكانی پێشتردا باسی دروستكردنی تەلەفزیۆنێكی نوێت كرد، لەدوای داخستنی كەناڵی KNNوە ئێوە كەناڵی تەلەفزیۆنیتان نییە، ئەو كەناڵە نوێیەی كە دەكرێتەوە موڵكیەتەكەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە یاخود كۆمپانیای وشە؟ عەدنان عوسمان: بۆ كۆمپانیای وشە دەگەڕێتەوە. درەو: دەوترێت هەندێك لە بودجەی ئەو تەلەفزیۆنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دابین دەكرێتو رێكخەری گشتی ئێستا رایگرتووەو بەوهۆیەوە كاركردن لە پرۆژەكەدا راوەستاوە، ئەمە جارێكی تر تێكەڵبوونەوە لەنێوان بزوتنەوەكەو كۆمپانیاكەدا دروستناكاتەوە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هیچ بودجەیەكی كۆمپانیای وشە لای رێكخەری گشتی نییە، هیچ بودجەیەكی رێكخەری گشتیش لای كۆمپانیای وشە نییە، رەنگە خۆیان كێشەیەكی مالییان هەبێتو ئێستا خەریكی چارەسەركردنن، بەڵام ئێمە خۆمان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان خەریكی ئەوەین كە KNN وەكو كەناڵێكی لۆكاڵی كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەو كەناڵەی تر كەناڵی كۆمپانیای وشە دەبێتو دەبێت بە كەناڵێكی سەربەخۆو خۆیان ئاڕِاستەی ئەكەنو بڕیاری لەسەر ئەدەن. درەو: مەبەستت لە خۆیان كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، كۆمپانیای وشە، كۆمپانیای وشە بۆردی هەیە. درەو: ئەم رۆژانە لە عێراق گفتوگۆكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت چڕبووەتەوە، فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بەپێچەوانەی رێككەوتنەكەتان لە هەرێم، لەگەڵ پارتی هەماهەنگ نین، ئێوە لە كوردستان دەسەڵاتنو لە بەغداد ئۆپۆزسیۆنن، ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا پارتی لە بەغداد هیچ پۆستێكی بە ئێوە نەدا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە لە بەغداد نەمانویستووە ئۆپۆزسیۆن بین، یەكێتیو پارتی دەستیان بەسەر هەموو پۆستەكاندا گرتووەو برابەشیان كرد، ئامادەنەبوون پۆستمان پێبدرێت، نە لە پەرلەمانو نە لە حكومەت. درەو: فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لایەنێكی تری دەرەوەی پارتیو یەكێتیدا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15" باسلەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مستەفا سەید قادری جێگرییەوە دەیەوێت گۆڕان لەو گروپە بكشێتەوە، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە من ئاگادارم هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەموو ئەو گروپانە، هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە كاربكەن، ئەمجارە پێداچونەوەیەكی ورد بكرێت هەم مافی كورد لە بەغداد هەم پشكی كوردیش لەبەغدادو لە دامودەزگاكاندا، ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانن بەگوێرەی مەوقیعیەتو پێگەیان، چەند ئەركیان بەردەكەوێت مافیشیان پارێزراو بێت، تائێستا هەنگاوەكان چی ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی هات سەردانی ئێمەی كرد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەوڵئەدەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئێمە پێمان باشە گروپی (15) لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر یەكێتیو پارتی لەم ساتەدا باشترین تەنسیقو هەماهەنگیان هەبێت، ئەگەر پێكەوە بتوانن گروپێكی فراوان دروست بكەن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەما، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی هەموو لایەنەكان، هەموو بڕیارەكان لەوێوە بدرێت، نەك لە پشتەوە لایەنێك بڕوات خۆی گفتوگۆ بكات، بڕیار بدات، لەخەمی پشكی كوردا بن، نەك لە خەمی پشكی حزبدا بن، لە خەمی قەزیەو مافەكانی كوردا بن، لە مەسەلەی نەوتەوە لە مەسەلەی سنورەوە لە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە، ئەجێندایەكی دیاریكراوی نیشتمانیان هەبێت، كە هەموو فراكسیۆنەكان لەدەوری كۆببنەوە، هەریەكە بە گوێرەی پێگەی خۆی لە حكومەتەكە كورسی وەردەگرێت، هەروەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەریەكە بەگوێرەی ئیستحقاقی خۆی، بەڵام چوارچێوەیەكی نیشتیمانی دابنێین پێكەوە بڕیاربدەینو لەو دەستەیەشەوە بڕیار بدرێت، لە پشتەوەو لە پەناوە ئەوە نەكرێت، بەداخەوە ساڵانێكە بەم شێوەیە كاریان كردووە. درەو: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەغداد، بەبێ ئەوەی هیچ تەنسیقێك لەگەڵ حزبەكانی تردا بكات، نوێنەری ئێوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە مستەفا سەید قادرە لەوبارەیەوە پرسیاری كردووە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین، ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارە هەڵئەسێتو كۆبونەوەی كردووە، لەو كۆبونەوانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموویاندا بەشداری كردووە، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لە هەموو كۆبونەوەكان بەشداربووە. درەو: بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكەتان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات؟ عەدنان عوسمان: ئەوە رەنگە هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام نوێنەری فراكسیۆنەكەمان بەشداربووەو لە هەموو ئەو بڕیارانە بەشداربووینو قسەمان هەبووە، رەئیمان تێیدا هەبووە، ئێمە پێمانوایە حزبەكان ئاساییە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بەغدادو لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، سەردان دەكەن، كێشەمان نیە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمو ئیستحقاقاتی نیشتمانییەوە، پێمانوایە دەبێت لەچوارچێوەی دامەزراوەدا بێت، لەچوارچێوەی وەرگرتنی رای لایەنەكان بێت، لەچوارچێوەی ستراتیژێكی نیشتمانیدا بێت.
(درەو): چەند مانگێك دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای سازدانی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیمان لێكرد، ئەوكات دوای كرد گفتوگۆكە دوابخەین بۆ دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، دواجار دوێنێ لە نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی بینیمانو دیدارەكەمان سازدا، ئەو یەكەمین تاكە ژنێكە كە ئێستا یەكێك لە سێ پۆستە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە دەسەڵاتەكان لەهەرێمو كێشمەكێشەكانی ناو پەرلەمانو چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتو یاسای چاكسازیو چەندین بابەتی تر دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە سازدانی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: یەكەمین ژنیت لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا پۆستێكی سیادی وەربگریت، وەكو ژنێك دوای زیاتر لەشەش مانگ سەرۆكایەتی، ژنبوون چ كاریگەرییەكی نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر خۆتو پۆستەكەت هەبووە ؟ رێواز فایەق: لەسەرەتاكانەوە كە پۆستەكەم وەرگرت، زیاتر لە جارێك هەم رۆژنامەنوسانو هەم خەڵكی تریش لێیان ئەپرسیم ژنبوون چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر ئەوەی كە تۆ ئەم پۆستە بەڕێوەدەبەیت، لەسەرەتاكانەوە ئەموت هیچ هەستێكم نییە لەبارەی ئەوەی ژنبوون هیچ كاریگەرییەكی باش یاخود خراپی هەبێت، بابەتەكە وەكو خۆی دەڕوات، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت نا، دوو جۆر كاریگەری هەیە، كاریگەرییەكیان ئەوەیە، ئەوانەی لە دەرەوە دێن ئەم بە نمونەیەكی باش سەیر ئەكەن، هەیانە زیاتر لە جارێك داوای بینینەوەم دەكەن، واتە بۆ دەرەوە مۆدێلێكی ئەرێنییە. درەو: ئەی بۆ ناوخۆی هەرێم چۆنە ؟ رێواز فایەق: لەناوخۆ كە سەیری حاڵەتەكە ئەكەم، هەست ئەكەم ژنبوون رەنگە كاریگەرییەكی خراپی هەبێت، واتە كاریگەرییەكەی خراپ بووە لەسەر ئەوەی من ئەو پۆستەم هەیە، نازانم هۆكارەكەی چییە، رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە من بڕوام بەوە نییە هێزێكی ئەمنی، هێزێكی سەربازی پشتیوانیم بكات، دەمەوێت بەهێزی نەرم مامەڵە بكەم، ئەمە وایكردووە هەركاتێك خەڵك نیگەرانییەكی هەبێت، زۆربەی روبەڕووی من دەكەنەوە، وەكو ئەوەی بەتەنها من سەرۆك بم لەم هەرێمەدا، وەكو ئەوەی هیچ كەسێكی تر لەم هەرێمەدا بەرپرسیارێتی نەبێت، خەڵك كە دانامەزرێن قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نەوتی نییە قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نیگەرانییەكی هەیە لە سیستمی سیاسی قسە بە ئێمە دەڵێن ! هەست ئەكەم خەڵك بەناداددپەروەری دەكەن قسە بە ئێمە دەڵێن ! رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت ژنبوون هیچ مەترسییەك لەسەر ئەوان دروستناكات لەسەر ئەوانەی كە هێرش دەكەن سەر ژن، واتە ژنبوون بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەم هەستە هەیە، سەرەتاكان هەندێك نیگەران دەبووم لەم دۆخە، بەڵام ئێستا بەلامەوە بووە بە شتێكی رۆتینو وەكو بەشێك لە پۆستەكە سەیری دەكەم، ئەوانەی هێرش دەكەن ئەگەر بیانزانیایە هێزێكی سەربازی یان ئەمنی پشتیوانمە، دڵنیام هەندێك ئیستیان دەكرد، بەڵام دەزانن من ئەو كارانە ناكەمو بڕواشم پێی نییە. درەو: لەدوای دەستبەكاربونتانەوە رەخنەی زۆر لە ئەدای كاری پەرلەمان لەم خولەدا دەگیرێت، دواین كەس كە رەخنەی گرت هەردوو نوسەر مەریوان وریا قانعو ئاراس فەتاح بوون، رایەكی دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت وەكو پێویست نییە ؟ رێواز فایەق: من نوسینەكەیانم خوێندەوە، لەگەڵ بەشێكی زۆری نوسینەكەیاندا بووم، ئەو قسانە بۆچونی منیشە نەك بەتەنیا بۆچوونی ئەو دوو نوسەرە، زیاتر لە جارێك لە لێدوانو قسەو چاوپێكەوتنەكانمدا وتومە پەرلەمان لە هەمان ئەو فەزاو ژینگە سیاسییەدا كار دەكات كە دامەزراوەكانی تر كاری تێدا دەكەن، لەیەك خاڵدا لەگەڵ نوسینەكەیان نیم كە دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە زۆر زوووە بۆ تەقیمكردنی ئەم خولە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە دەبێت هەمومان بیزانین، هەم حزبە سیاسییەكانو هەم دەسەڵاتی جێبەجێكردنو هەم ئەو دەزگا راگەیاندنە گەورانەی كە لە پشت حزبەكانو دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوەن، هەمویان دەیانەوێت پەرلەمان وەكو قەزەم پیشان بدەن، بەڵام دیوەكەی تری ئەمە ئەوەیە كە دەیانەوێت ئەوانەی ئێستا لەناو پەرلەمانن ئەوانەن كە راستەوخۆ خەڵك هەڵیبژاردوون، بڵێن ئەمانە ئەوانەی خۆتانن كە خۆتان هەڵتانبژاردوون، ئەمان ئاوا خراپن، ئەمان ئاوا خەمتان لێ ناخۆن، ئێمە كە ئێوە هەڵتان نەبژاردووین دەتوانین ژیانتان بگۆڕین، لەبەرئەوە ئەمە بەردەوامەو لە ساڵی 1992وە هەر هەبووە، ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆ بكەیت، سەیری یاسای هەڵبژاردن بكەیت كە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی تێدایە، بەڕوونی هەژمونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا دیارەو بە قانونو بە قەناعەتی حزبە سیاسییەكان واكراوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گەورەتر دەركەوێت لە دەسەڵاتی پەرلەمان، تەنانەت یاسای پرۆتۆكۆڵ كە لە عێراق كاری پێدەكرێتو لە هەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵمان نییە، سەرۆكی كۆمار، سەرۆكی حكومەت، ئینجا سەرۆكی پەرلەمانی داناوە، لە هەرێمیش ئەمە جێبەجێ دەكرێت، لەبەرئەوەی خۆمان قانونمان نییە، كەواتە ئەوەی كە خەڵك دەیبینێت بە قانون بەرجەستە كراوە. درەو: ئەم سەردەستبوونەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا دەبینرێت، كاتێك پەرلەمان ناچاركراوە بەر لە دەركردنی یاساكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ؟ رێواز فایەق: بەپێی پەیڕەوی نوێ، پەرلەمانتاران دەتوانن پێشنیازی یاساو بڕیار پێشكەش بكەن، حكومەتیش دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشكەش بكات، سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت پرۆژەی یاساو بڕیاریش پێشكەش بكات، لە پەیڕەوی تازەدا یەك ئیزافە كراوە كە خولی پێشوو ئەو پەیڕەوە پەسەندكرا، ئەویش ئەوەیە كە هەر پێشنیازە یاسا یان پێشنیازە بڕیارێك كە پێویستی بە پارە بێت، ئەبێت حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت، ئەمە لە كوێوە هاتووە ؟ لە ساڵی 2013وە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستاندا نییە، هەموتان ئەزانن ئەگەر بتەوێت لە پرۆژەی بودجەی گشتی كە دێتە پەرلەمان شتێك بكەیت كە پارەی تێبچێت، ئەبێت هەر لە پرۆژەكەدا پارەكە لە شتێكی تر كەمبكەیتەوە، لەبەرئەوە دەڵێن حكومەت پارەو داهات پەیدا دەكات، ئەو دەتوانێت چی جێبەجێ بكات، ئێمە ئەزمونێكی ناخۆشمان هەبووە لە پەرلەمان، لە خولی پێشوو بۆ نمونە بڕیاری تەشریعی ژمارە (19)مان سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد بۆ هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ، تائێستا حكومەت جێبەجێی نەكردووە، چونكە ئەڵێ پرستان پێنەكردوین، بۆ بارگرانی دارایی دەبێت پرسمان پێبكەن، ئێمە بۆ ئەوەی جارێكی تر توشی ئەم ئەزمونە نەبینەوە لە خولی پێشوودا پەیڕەوەكەمان بەمشێوەیە ئامادەكردەوە كە ئەگەر پرۆژەیەك پارەی ویست پێش ئەوە دەبێت بزانرێت پارەكە هەیە دواتر یاساكە دەربكرێت، بەشێكی ئەمە لەبەرئەوەیە پەرلەمان نەشكێت، چونكە خەڵك دەپرسنەوە لەو قانونانەی لە پەرلەمان دەردەچن. درەو: حكومەت پرۆژەی بودجەی نییە، بەڵام چەندجارێكە سەرۆكی حكومەت بودجە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك پرۆژە تەرخان دەكات، ئێوە ئاگادارن ئەو داهاتانە لە كوێوە دێنو چۆن خەرج دەكرێن ؟ رێواز فایەق: ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە، پێشتر بەر لە ساڵی 2013، یاسای بودجە هاتووەتە پەرلەمانو حكومەت بە فەرمی رایگەیاندووە كە داهاتەكەی چەندە، بۆ پەرلەمانیش ئاسان بووە چاودێری بكات بزانێت ئەم داهاتە راستە یاخود نا، بەڵام ئێستاو لەماوەی رابردووشدا پرۆژەیاساكە نەهاتووەتە پەرلەمان، زیاتر لە جارێك لە وەزیری دارایی پرسیاركراوە، من دەزانم لیژنە تایبەتمەندەكان پرسیاریان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت لە كۆی پارەی نەوت، من نزیكەی (375 ملیار) دینارم دێتە بەردەست، باقییەكەی تری قەرزە، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی دەوری دەستەی سەرۆكایەتییەكانی (پەرلەمانو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم)دا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد، سەرۆكی حكومەت پێی وتین كە قەرزەكانمان چۆنە، چۆن وەرمانگرتووە، تەنانەت باسی لەوەكرد كە ئەو سودەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو قەرزانەی لە رابردوودا كراونو دەبێت بیدەینەوە خۆی لە (40 ملیۆن) دۆلاری مانگانە نزیك دەكاتەوە تا ئەوكاتەی ئەو قەرزانە تەواو دەبن، ئەم نەوتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لەبەرئەوەی پێشتر پارەكەی وەرگیراوە ئەڕوات بەبێ ئەوەی پارە بگەڕێتەوە ناو خەزێنەی ئێمە، چونكە پێشتر لە ساڵی 2014 بۆ 2017 پارەكەی وەرگیراوە، جگە لەمە بەشێكی دەدرێتەوە بە سودی ئەو قەرزانە، بەشێكیشی دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكانی بەرههەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەمانە لەڕووی ژمارەوە كە هاتبێتە بەردەستی پەرلەمان، لە راستیدا نەهاتووە. درەو: كۆمپانیای دیلۆیت كە وردبینی فرۆشی نەوتی هەرێم دەكات، راپۆرتی داهاتی نەوت بۆ ئێوە نانێرێت ؟ رێواز فایەق: ناینێرێت. درەو: واتە ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوت نین ؟ رێواز فایەق: لەراستیدا، نەخێر، بەفەرمی نەخێر، شتی نافەرمی دەزانین، بەڵام بەفەرمی نەخێر پەرلەمانی كوردستان نازانێت. درەو: ئێوە وەك سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت ئاگاداری بڕیاری سیاسین لە هەرێمی كوردستان؟ رێواز فایەق: خۆی ئەوەی كە جیاواز بێت لەم خولەو لە خولەكانی پێشوودا ئەوەیە كە كۆبونەوەی دەوری سێ سەرۆكایەتییەكەمان هەیە، پێشتر ئەمە نەبووە، بەڵێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئەو بابەتەمان موناقەشەكردووە بەیەكەوە، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن راگەیەنراوەكان دەردەكەین، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەیسەكان دەكەین، بەڵێ كۆبونەوە دەكەین بەیەكەوە بڕیار دەدەین. درەو: بۆنمونە لە پرسی بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی چونەدەرەوە یاخود مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، پرستان پێكراوە؟ رێواز فایەق: بەڵێ بەیەكەوە بووینو بەیەكەوە بڕیارماندا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی عێراق بكەین، حزبە سیاسییەكانمان كۆكردەوە بەراوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكان بڕیارماندا كە چۆن مامەڵە بكەین لەبارەی مەسەلەی هەمواری دەستورو ئەو بابەتانەی تر. درەو: كاروبارەكان لەناو پەرلەمان چۆن بەڕێوەچن، پەرلەمان هیچ بودجەیەك یاخود نەسریەیەكی مانگانەی تایبەت بە خۆی هەیە ؟ رێواز فایەق: بودجەكەمان (500 ملیۆن) دینارە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمان. درەو: باس لەوەدەكرێت پەرلەمان قەرزارەو رێژەی قەرزەكانی گەیشتوەتە دوو ملیار دینار، پەرلەمان ئەو قەرزانەی لە كوێ وەرگرتووە، قەرزەكان تەنیا لەم خولەدا كراون، یاخود لە خولی پێشووەوە بۆتان بەجێماوە ؟ رێواز فایەق: خۆی ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە دیوانی پەرلەمانەوە هەیە، بەڵام بەڵێ قەرزەكانمان تەقریبەن لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە، بەپێشبینی خۆم لە خراپترین حاڵەتدا لە (200 ملیۆن) دینار زیاترمان لانەماوە، پێشبینی دەكەم دوای وردبینی ئەو قەرزانە هەر بگاتە (200 ملیۆن)، بەڵێ ئەو قەرزانە لە بازاڕ هێندراون، بەڵام پەیوەندییان بەمنەوە نییە. درەو: باسلەوەدەكرێت داواتان لە حكومەت كردووە قەرزەكانتان بۆ بداتەوە، بەڵام حكومەت رەتیكردوەتەوەو ئێوە بەناچاری خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانتان لە گوندی ئیتالی فرۆشتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ، ئێمە خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان فرۆشتووەو پارەكەیمان داناوە بۆ چاككردنەوەی مەسعەدەكانی پەرلەمان كە وەزعیان زۆر خراپە، بەجۆرێك خراپە كە ئێمە زۆربەی رۆژەكان بە قادرمەكاندا هاتوچۆ دەكەینو هەم پەرلەمانتارانو هەم فەرمانبەرەكانمان وەزعیان خراپە، بەشێكیان هەر ناوێرن مەسعەدەكان بەكاربهێننو دەترسن مەسعەدەكان بكەون. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوە ژوری تایبەت بە خۆتان لەناو پەرلەمان نۆژەنكردوەتەوە، پێشتریش هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ژوری خۆی نۆژەنكردوەتەوە، ئەمە نۆژەنكردنەوانە پێویستن، وا دەرئەكەوێ خولی پێشوو، پەرلەمانیان بە وێرانكراوی بۆ ئێوە بەجێهێشتووە ؟ رێواز فایەق: خۆی عادەتەن كە دەچیتە شوێنێك، دەبێت ئەو شوێنە رێكبخەیتەوە، من نازانم ئەوانەی پێش من بەڕێزیان چییان كردووە، بەڵام ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی من دەزانم ژوری هەموو فراكسیۆنەكان نۆژەنكراونەتەوە، ژوری هەمو لیژنەكان هەر پێداویستییەكیان هەبوبێت بۆیانكراوە، لە پەرلەمان ژوری پرۆتۆكۆڵو كۆبونەوەی فەرمیمان نەبووە، ژورێكی كۆبونەوە دروستكراوە كە نزیكەی شوێنی (54) كەسی تێدا دەبێتەوە، بۆ ئەو حاڵەتانەی كە حكومەت دێن بۆ پەرلەمانی كوردستان، ژورێكی تر بۆ هاتنی میوانانی بیانی ئامادەكراوە هەم بۆ كۆبونەوەو هەم بۆ دانیشتنو تەنانەت نانخواردنیان، پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە سەرۆكایەتییەكانی ئەم هەرێمی كوردستانە، دەبێت لە ئاستی پێویستدا بێت، بەڵێ منیش ژورەكەی خۆم نۆژەنكردوەتەوە، لەبەرئەوەی پێموابوو دەبێت نۆژەنی بكەمەوە، لەو كاتەوە كە كاك عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمان بووە، ئەو ژورە نۆژەن نەكراوەتەوەو پێویستی بەوە بوو نۆژەنبكرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی هەرێمینو میوانمان دێت، بەشێوەیەك بوو كە میوان دەهات من بۆخۆم شەرمم دەكرد لە پەردەو دیوارو دیكۆری ئەو ژورە، چونكە تەسەورناكەم ژوری هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی تر تەنانەت وەزارەتەكانیش بەوشێوەیە بێت. درەو: دوای نۆژەنكردنەوەكە، وێنەكەی كۆچكردووە مستەفا بارزانی لە شوێنی پرۆتۆكۆڵ لابرا، ئەمە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمە بەمەبەست بوو یاخود پەیوەستە بە بڕگەیەكی یاساییەوە ؟ رێواز فایەق: بڕیارێكی تەشریعی هەیە ژمارە (7) ساڵی 1997 لە پەرلەمان دەرچووە بۆ هەڵواسینی وێنەی جەنابی مەرحوم مەلا مستەفا بارزانی، لەو ساڵەوە ئەو وێنەیە لە یەك شوێندا دانراوە، ئەو وێنەیە هەر ماوە، بەڵام من شوێنی پرۆتۆكۆڵو پێشوازیكردنم لەدوای نۆژەنكردنەوەكەوە گۆڕیوە بۆ ئەو شوێنەی كە خۆم بەدڵمە. درەو: ئەو بڕیارەی كە ساڵی 1997 لەبارەی وێنەكەی مستەفا بارزانی دەرچووە بۆ هەموو دامودەزگاكانە یاخود بە تەنیا بۆ پەرلەمانی كوردستانە؟ رێواز فایەق: بەڵێ لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانە. درەو: وەكو بزانن وێنەكە لە هەموو دامودەزگاكانی تریش هەڵواسراوە ؟ رێواز فایەق: لە زۆر دامودەزگا هەڵناواسرێت، تەنانەت لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتیش لە ژوری پێشوازیكردنی میوانەكان هەڵنەواسراوە. درەو: پێشترو دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان (درەو) راپۆرتێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەوەی لە پرۆسەی كڕینی كەلوپەلو ئامادەكردنی خانوو و شوقەی نیشتەجێبوونی دەستەی سەرۆكایەتیو پەرلەمانتاراندا بەهەدەردان كراوەو گومانی گەندەڵی هەیە، بەر لە دەستبەكاربوونی ئێوە ڤالا فەرید لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكهێنا بوو، كاری ئەو لیژنەیە بە كوێ گەیشتووە ؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بەهەدەردانە یان هەر شتێكی تر، پەیوەندی بەوكاتەوە نییە كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەندی بە پێش ئێمەوە هەیە، بەرلەوەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەگوێرەی پەیڕەو سەرۆكی دیوان تا ئەوكاتەی سەرۆك هەڵدەبژێردرێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت، سەرۆكی دیوان لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و شوقەكانی پەرلەمانو كڕینی پێداویستییەكانیان، دوای ئەوەی بەڕێز دكتۆرە ڤالا بووە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەو لیژنەیە هەر لەكارەكانی خۆی بەردەوام بووە، لە نوقتەیەكدا پێیانوابووە بەهەدەردان هەیە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕی 850 ملیۆن دینار لە كڕینی كەلوپەلدا خەرجكراوە، گومانی گەندەڵی لەسەر 450 ملیۆن دیناری هەیە، دەوترێت دەستەی چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لەو گومانانە دەكات، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: نا ئەو بڕە زۆرە نییە، دكتۆرە ڤالا ئەو لیژنەیەی دروستكردووە، ئەو رۆژەی كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان پێی وتم دكتۆرە تكادەكەم كاری ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت، وتم بێگومان بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی لیژنەیەكی قانونییە، ئێمە دەرفەتێكی زۆرماندا بە لیژنەكە ماڵ بە ماڵ، شوقە بە شوقە، واتە 56 خانوو و 56 شوقە ماڵ بە ماڵ گەڕاونو چوون بۆ ماڵی ئەندامی پەرلەمانو بانگیان كردووەو ئەو شتانەی كە بۆی كراوە یەك بە یەك بۆیان خوێندوەتەوەو پێیان وتووە تۆ ئەمەت بۆ كراوە یاخود نا، هەر ئەمە نزیكەی سێ بۆ چوار مانگی پێچوو تا كارەكەیان تەواوكرد. درەو: ئێستا راپۆرتی كۆتایی لەوبارەیەوە گەیشتووە بە ئێوە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ گەیشتووە. درەو: راپۆرتەكە ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت ؟ رێواز فایەق: دوای ئەوە راپۆرتەكە تەواوكرا، هێنرایە بەردەستی ئێمە، لە هەموو جیهاندا كەسێك كە لیژنەیەكی تەحقیقی لەسەر دروستدەكرێت، ئەویش مافی خۆی هەیە وەڵام بداتەوە، واتە مافی بەرگری لەخۆكردن بۆ هەموو كەسێك پارێزراوە، ئێمە بڕیارماندا كۆپییەكی ئەو راپۆرتەی كە لیژنەی وردبینییەكە نوسیویەتی لەسەر لیژنەی كڕینەكە بیاندرێتی بۆ ئەوەی بە نوسین وەڵاممان بدەنەوە، دەرفەتمان پێیانداو وەڵامیان داینەوە، ئێستا ئێمە چی دەكەین. ئەم وەڵامانە بڕگە بە بڕگە بەراورد دەكەین، ئەو حساباتانە دەبەینە وردبینی فەرمی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئەمە حەقی خەڵكی تێدایە، بۆ من ئاسانە بەیانی ئیحالەی محكەمەیان دەكەم، زۆر زۆر ئاسانە تەنیا نوسراوێكە، هیچ لە دۆخی من ناگۆڕێت، بەڵام پارەی خەڵك لە دەرەوە كە پارەی پەردەیە، پارەی قەنەفەیە، پارەی كەلوپەلی كارەباییە، دەبێت تەسفیە بكرێت، خەڵكی كاسب هیچ پەیوەندی بەم كێشەیەوە نییە، وردە وردە ئێمە لە تەسفیەكردنی تەواوەتی نزیكبوینەتەوە، دوای ئەوەش ئێمە هاتووین ئەم راپۆرتەمان داوە بە لیژنەی كاروباری پەرلەمان، كە لیژنەیەكی تایبمەتمەندەو یەكێك لە كارەكانی چاودێریكردنی پەرلەمانە، ئەمە بۆ ئەوەی ئەوانیش قسەی خۆیان بكەن، ئەم لیژنەیە چەند پێشنیاریان بۆ ئێمە كردووە، یەكێكیان ئەوەیە راستەوخۆ رەوانەی دەستەی نەزاهە بكرێت، یەكێكی تریان ئەوەیە لیژنەیەكی ئینزباتی لە پەرلەمان دروستبكرێتو لەناوخۆدا سزا بدرێن. درەو: بەڵام دەوترێت لە دەرەوەی پەرلەمانەوە دەستوەردان كراوەو بەوهۆیەوە رێواز فایەق راپۆرتەكەی راگرتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: ئێمە لای خۆمانەوە بڕیارمانداوە، نە هیچ شتێكی دەرەكی كاریگەری لەسەر من هەیە، نە سازش لەسەر بابەتێك دەكەم كە لەڕووی یاساییەوە بڕوام پێیەتی، نە هیچ كەسێكیش بۆ مفاوەزاتو دانوستانی لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ مندا كردووە، كە پارەی خەڵكی كاسب درایەوەو زانیم كێشەی بازاڕ حەل بوو، دڵنیاتان ئەكەم كە ئەم كەیسە ئیحالە ئەكەین بۆ ئەو شوێنەی كە قانون ئەیخوازێت. درەو: دوای دەستبەكاربونتان بڕیارتاندا بە راگرتنی ئیفادی پەرلەمانتاران، بەمدواییە پەرلەمانتارێك باسی لەوەكرد بڕی (5 هەزار) دۆلارتان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران خەرجكردووە، ئێوە لە راگرتنی ئیفاد پارە دەگەرێننەوەو لە كڕینی ئۆتۆمبیلدا پارەكان دەدەنەوە بە پەرلەمانتاران، ئەمە لەحاڵێكدایە بەپێی گرێبەستی پەرلەمان لەگەڵ كۆمپانیای جیهان دەبێت پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خۆیان بە قیست ئۆتۆمبیل رابكێشن؟ رێواز فایەق: با سەرەتا لە بابەتی ئیفادەوە قسە بكەم، تەبعەن من ئێستا ئیفادم بۆ پەرلەمانتاران كردوەتەوە، بەڵام بەمەرج، مەرجەكە ئەوەیە ئەگەر دەعوەت بویت، مادام دەعوەتیت با ئەو شوێنەی كە دەعوەتی كردویت پارەت بۆ بدات، ئێمە پارەت بۆ نادەین، وە ئەگەر ئێمە خۆمان وەكو پەرلەمانی كوردستان بڕیار ئەدەین وەفدێك بنێرین، خۆمان ئەندامەكانی دیاری دەكەین كێ بچێت بۆ ئەو وەفدە، ئەوكاتە مەسرەفی ئەكەین، دیارە پێویستییەك هەیە بۆیە وەفدێك دەنێرین، وە ئەگەر فراكسیۆنەكانو ئەندامانی پەرلەمانیش دەعوەتی شەخسییان بۆ دێت، ئێمە بەس مۆڵەتیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو چەند رۆژەی كە سەفەر دەكەن غیاب نەدرێن، ئەگەرنا هەموو شتێكیان لەسەر خۆیانە، بابەتی ئەوەش كە قەراردراوە هەر پەرلەمانتارێك (5 هەزار) دۆلاریان پێبدرێت، ئەمە پێش ئێمە كراوە، ئێمە كە هاتین ئەم بڕیارە دراوە، كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان ئەم بڕیارە درابوو، بەشێكی زۆریش لە پەرلەمانتاران وەریانگرتبوو، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە ئەمەوێت باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە ئێمە بە پەرلەمانتارانی خۆمانمان وت، حكومەت چیكرد بۆ وەزیرەكان، ئێمەش ئەوەتان بۆ ئەكەین، ئێمە وامان پێوتن، دوایی بۆمان دەركەوت حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو (لاندكرۆز)ی سفری كڕیوە، راستە ئەوان تائەوكاتەی وەزیر ئەبن ئەو ئۆتۆمبیلانەیان لادەبێتو دواتر ئەیدەنەوە بە حكومەت بۆ وەزیرەكانی دوای خۆیان، بەڵام ئەمە نیگەرانی زۆری لای پەرلەمانتاران دروستكرد، دەمەوێت ئەو ڕاستیەش باس بكەم كە دۆخی هەموپەرلەمانتاران وەك یەك نیە، بەشێك لە پەرلەمانتاران بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسێۆن، چونكە ئەوان نیوەی تەواوی موچەكەیان ئەدەنەوە بە حزبەكانیان، ئەمە حاڵەتێكە كە بەراوردی پەرلەمانتار ئەكەیت لەگەڵ وەزیرێك ناتوانیت بڵێی من هاوكاری ناكەم، لەبەرئەوە بەش بە حاڵی خۆم جگە لەوەی ئەوە جێبەجێكردنی بڕیارێكە كە پێشتر دراوەو جێبەجێ دەكرێت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت من بزانم ئەندامێكی پەرلەمان پێویستی هەیە، شكۆی ئەندامی پەرلەمان دەپارێزم. درەو: دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پەرلەمان بە كوێ گەیشتووە، ئێوە لە سەرەتاوەی هەندێك گۆڕانكاری كاتیتان لە پۆستە ئیدارییەكان كرد، بەڵام دواتر پرۆسەكە راوەستا، ئەمە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانەوە هەیە، بەڵام دەوترێت بەهۆی دۆخی یەكێتی نیشتمانییەوە كە ئێوە لەو حزبەن، دابەشكردنی پۆستەكان راگیراوە ؟ رێواز فایەق: جاری یەكێتی نیشتمانی متمانەی بە ئێمە هەبووە بۆیە لەو پۆستەی داناوین، هەموو ئەو پۆستانەی كە لە پەرلەمان گۆڕانكارییان تیێدا كراوە بۆ خۆم كردومن، هیچ كەسێك لە یەكێتی نیشتمانی بە منی نەوتووە ئەم پۆستە بدە بەكێ یاخود مەیدە، كەس تەدەخول لەم ئیشانەدا ناكات، من تەكەتولچی نیم لەو بابەتانەدا، راگرتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە هەندێك شوێن پێوستی بە ئاڵوگۆڕ نییە، خۆی ئەو كەسەی كە لەو شوێنەدایە كەسێكە كە موەفەقە یاخود ماوەیەكی زۆر نییە لەو شوێنەدایە، حەقیقەتێكیش هەیە ئەبێت باسی بكەین كە ئەوەش ئەوەیە لە خولی پێشوودا برای بەڕێزمان كاك دكتۆر یوسف سەرۆكی پەرلەمان بووە بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی كە وەرگیرانەوەو گۆڕان وەریانگرت لە یەكێتی وەرگیرانەوە نەك لە پارتی، واتە لەناو پەرلەماندا كە گۆڕان هاتو كاك یوسف بوو بە سەرۆكی پەرلەمان تەنانەت یەك پۆستیشی لە پارتی وەرنەگرتەوەو بیدات بە گۆڕان، هەموو ئەو پۆستانەی كە دابووی بە گۆڕان لە یەكێتی وەرگرتەوە. درەو: ئەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەكەن ؟ رێواز فایەق: سێ بەڕێوەبەرایەتی لەناو پەرلەمانی كوردستان هەیە كە بریتین لە كارگێڕیو دارایی، كاروباری پەرلەمانو لیژنەكان لەگەڵ راگەیاندنو پەیوەندییەكان، كارگێڕیو دارایی لای پارتییە، كاروباری پەرلەمان من خۆم ئیختیارم كردووە لەبەرئەوەی زۆر زۆر پێویستم پێیەتی لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە، ئەوە لای ئێمەیە، راگەیاندنو پەیوەندییەكانیشمان دابوو بە فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام ئەوان خۆیان رەتیانكردەوەو وتیان ئێمە ئەوەمان ناوێت بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاك عەلی حەمەساڵحی بانگكردبوو بۆ ئەوەی كەسێك دیاری بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، وتویەتی ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان ناوێت، بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، لەوحاڵەتەدا پارتی بۆ خۆی وەریگرتەوەو بەشی خزمەتگوزاری كە لای ئەوان بوو دایان بە گۆڕان. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەییان لە ئەدای كاركردنی ئێوە هەیە تەنانەت لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی خۆتان (فراكسیۆنی یەكێتی) دەڵێن رێواز فایەق پرۆتۆكۆڵ پێشێلدەكاتو دەچێتە ژوری هێمن هەورامی، لەكاتێكدا هیچ كاتێك لە پەرلەمان روینەداوە سەرۆك بچێت بۆلای جێگرەكەی، هەمیشە جێگر چووە بۆلای سەرۆك ؟ رێواز فایەق: جاری ئەمە پێشێلكردنی پرۆتۆكۆڵ نییە، هیچ شتێك لەناو پرۆتۆكۆڵدا نییە بڵێ كێ نابێت بچێت بۆلای كێ، بۆ نمونە رەنگە نەخۆش بێت پێویست بكات من بچم سەری لێبدەم، من ئەچمە ژوری مونا خانیش، سەرۆك پەرلەمانەكانی پێش منیش ئەوەیان كردووە، با كەس ئەو رمڵە لێنەدات، من خۆم سەرۆكی پەرلەمانم لە ژووری جێگردا بینیوە، من بەدیاریكراوی ئەزانم چەندجار چووم بۆ ژورەكەی كاك هێمنو جاری تریش ئەچم، بەڵام بەبەردەوامی ئەو دێتە ژورەكەی من بۆ ئەوەی كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەین، جارێك نەخۆش بوو، عەمەلیاتێكی كردبوو، هاتبووەوە، چووم بۆ لای، جارێكی تر كۆبونەوەیەكمان هەبوو لەسەر دانانی قانونێك بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ژورەكەی مندا مێزێكی وا نەبوو، ئەوكات من ژورەكەم نۆژەن نەكردبووەوە، نزیكەی هەشت كەس بوین چوین لە ژورەكەی ئەو كۆبونەوەكە بكەین، جارێكی تر كە سەفەرم كرد چووم بۆ ژورەكەیو پێم وت من ئەڕۆم ئەمانەتی تۆو ئێرە، ئەوە سێجار، بەدیاریكراوە رەنگە چوار بۆ پێنج جار چوبم، بەڵام ئەو رەنگە سی جار هاتبێت، لەبەرئەوە من جاری تریش دەچمو ئەویش دێتو ئەوەش پەیوەندی بە پرۆتۆكۆڵەوە نییە. درەو: لەسەر ئەوەش قسە هەیە گوایە سەرۆكی حكومەت ئێوە بانگ دەكات بۆ كۆبونەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو دەبێت ئێوە ئەو بانگ بكەن ؟ رێواز فایەق: سەرۆكی حكومەت منی بانگ نەكردووە بۆ كۆبونەوە، من داوای كۆبونەوەم كردووە لە سەرۆكایەتی حكومەت، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئەو قسەیە دەكەن، ئەوان بە ئێمەیان وتو فشارێكی زۆر زۆریان كرد كە نایانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی گرێبەست بێت، ئەیانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی هەمیشەیی بێت، ئەوەی كە ئێمە مانگانە حكومەت پارەمان بۆ ئەنێرێت بەلای منەوە زۆر ئیستفزازییەو زور پێی ناڕەحەتم، ئەسڵ ئەوەیە قانونی بودجە لە پەرلەمانی كوردستان هەبێتو ئێمە بەشی خۆمان دیاریكراو بێتو ئەنجومەنی دادوەری بەشی خۆی دیاریكراو بێتو مانگانە بچێتەسەر حسابەكەی بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئێمە بچن بە وەزیری دارایی بڵێین كەی موازەنەكەمان دێت، ئەمە كێشەی دووەممان بوو، موشكیلەی سێیەم لە خولەكانی پێشوودا بەردەوام ئەو كێشەیە هەبوو كە پێویستی ئەكرد وەزیرێك بێت بۆ پەرلەمان بەتایبەتی لە خولی پێشوو، وەزیرەكە نەئەهات بۆ پەرلەمان، ئەمە كێشەیەكی تر بوو، كێشەی چوارەم ئەوە بوو ئەمانویست لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەت لە داهاتوودا بەرچاوڕونییەكی زیاترمان هەبێت، لەوەی كە پێشتر هەبووە، ئێمە داوامانكرد بچین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ حكومەت، جیاوازی چونەكەی من لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆم چییە، ئەوانەی پێش منیش چوون، بەڵام ئەوان نەیانهێشتووە ئیعلام بزانێت هەر (200 مەتر)ەكەی بەینی خۆمانیان بڕیوەو چونەتە ئەودیو و كۆبوونەتەوە، دەیان جار كۆبونەتەوە، بەڵام من ژنێكی ترسنۆك نیم، هیچ شتێكیش بەدزییەوە ناكەم، كاردانەوەكان چییە زۆر بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر خۆم باوەڕم بەخۆم بوو، من ئەو كەسەم كە خۆم هەم، ئێمە داوای كۆبونەوەمان كردبوو، ئەوان داوای كۆبونەوەیان نەكردبوو، بە سوپاسەوە چوین لەوێ دانیشتین بە یەكەوە، ئەو بابەتانەمان لەگەڵ باسكردن كە ئێمە دەمانەوێت قانونێكی خۆمانمان هەبێت لە پەرلەمان، ئەم حاڵەتە ئێمە پێی ناڕەحەتین كە دەبێت لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكەین، وە دەمانەوێت قانونی بودجە بێتە پەرلەمان، وە دەمانەوێت پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت، چونكە ئێمە لە دۆڵێك نینو ئێوەش لە دۆڵێك، ئەو بەڕێزانەی كە لە سەرۆكایەتی حكومەت كە لەگەڵ ئێمە دانیشتن لە هەمان ئەو حزبانەن كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان پێكهێناوە، ئێمە هیچ گرێ و كینەیەكمان نیە بەرامبەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمەكەمان...چووینە سەرۆكایەتی هەرێمیش، بڕیاربوو بچینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریش بەڵام ئەوان لوتفیان كرد و هاتن.. درەو: ئێوە لەبەرنامەتاندایە هاوكات لەگەڵ بانگهێشتكردنی وەزیرەكان، سەرۆكی حكومەتیش بانگ بكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن پرسیارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت دەكەن، وەڵامەكە دێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی نایداتەوە بە پەرلەمانتاران؟ رێواز فایەق: هیچ كەسێك موقەدەس نیە، هیچ كەسێك ئەوەندە مەحسونو پارێزراو نیە كە پێویستبكات ئێمە بیپارێزین، پێموایە ئەو حكومەتە پەرلەمان دەنگی پێداوە، بە یاساو بە پەیڕەو لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیر ئەبێت پابەندی پرۆسەی چاودێری بن لە پەرلەمانی كوردستان، من بڕوام بەوە نیە هەموو كارەكان لەدەستی خۆمدا بێتو خەڵكی تر كاری لەبەر دەستدا نەبێت، لەسەرتای دەستبەكاربوونمدا هاتم بە نوسراوێكی فەرمی مەسەلەی ئاڕاستەكردنی پرسیارو گێرانەوەی وەڵامی پرسیار بۆ پەرلەمانتاران، لەبەرئەوەی لەڕێگەی وەزیری هەرێمەوەیە بۆ كاروباری پەرلەمان، دام بە موناخان سكرتێری پەرلەمان، بابەتی لیژنەكان كە لەپەیڕەودا جێگر بۆی هەیە چاودێری كاروبارەكان بكاتو سەرپەرشتیان بكات، لەگەڵ نوسراوی نوسینگەكانو فراكسیۆنەكانیش واژووكردنو ئاڕاستەكردنیم داوە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بابەتی پرسیار بەتەواوی لای سكرتێری پەرلەمانە. ئێمە دوایین ئامارمان بۆ هاتوەتەوە، پێشتر (155) پرسیاری وەڵامنەدراوەمان هەبوو، ئێمە لەناو پەرلەمان بە سكرتێری پەرلەمانمان وت نوسراوی جەختكردنەوە بۆ حكومەت بكە، نوسراوی جەختكردنەوەی كردووە، ئێستا (39) پرسیار ماوە وەڵامنەدراوەتەوە، هەر لە دوایین كۆبونەوەدا كە 30/1/2020 بوو، پێمان وت نوسراوێكی تر بكە بۆ ئەو (39) پرسیارە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن ئەگەر بزانن وەزیرێك خۆی لە پرسیار دەدزێتەوە بچن بۆ پرۆسەی پرساندن (استجواب)، چی رێی لێگرتوون، چەندینجاریش من لە هۆڵی كۆبونەوە جەختمكردوەتەوە، ئەگەر وەزیر یان حكومەت خۆی دەدزێتەوە لە پرسیارەكانتان، بڕۆن بۆ پرۆسەی پرساندن، داوای پرساندنی ئەو وەزیرە بكەن كە وەڵامناداتەوە، بەڵام قسەكردن لەسەر ئەوەی وەڵامی پرسیارێك لەلای سكرتێری پەرلەمان مابێتو وەڵامی نەدابنەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانە كێیە كە وا دەڵێت من سێشەممە چاوەڕێی دەكەم با بڵێت فڵان پرسیارم وەڵامدراوەتەوەو سكرتێری پەرلەمان وەڵامەكەی نەداومەتەوە، ئەوكات بزانێت هەڵوێستی من چی دەبێت، بەڵام بە وتی وتی نابێت. كاك قوباد گەورەترین كەسی یەكێتییە لەناو حكومەتدا، لە كاك قوبادەوە بۆ دوا وەزیرەكانی یەكێتی پارێزراو نین، ئەمە ئەگەر وەكو حزبییەك قسە بكەم، وەكو سەرۆكی پەرلەمانیش هیچ كەسێك پارێزراو نیە، لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیرو ئامادەش نیم هیچ كەسێك بپارێزم ئەگەر زانیم ئەو كەسە موخالەفەی یاسایی هەیە. درەو: ئێستا چوار فراكسیۆن هەن كە لەناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی) وەكو سەرۆكی پەرلەمان ئەدای پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئۆپۆزسیۆن هیچ كێشەیەكی بۆ ئێوە دروستكردووە؟ رێواز فایەق: هیچ كێشەیەكیان بۆ ئێمە دروست نەكردووە، هیچ كێشەیەكمان نیە، خۆی من پێموایە ئەوكاتەی كە بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسێۆن بوو، كاری ئۆپۆزسێۆن لەناو پەرلەمان بەڕوونی دەركەوت،من پێم وایە باشترین فراكسێۆنی ئۆپۆزسێۆن لە ئێستادا فراكسیۆنی یەكگرتووە،چونكە بەدواداچوون دەكەن، ڕەخنەدەگرن، بیرۆكە و چارەسەریش پێشكەش دەكەن) درەو: بەمدواییە لەگەڵ هێمن هەورامی جێگرت بە بەیاننامە قسەتان لەگەڵ یەكتر دەكرد، لەدەرەوە وا دەردەكەوێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوە دابەشبووەو هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانتان نەماوە، ناكۆكییەكانی ئەمدواییە پەیوەندی بە چییەوە هەیە ؟ رێواز فایەق: لەڕاستیدا بەرلەوەی بە بەیاننامە قسەبكەین ئێمە بە نامەو تەلەفۆن قسەمان دەكرد بەیەكەوە، خۆی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان راگەیاندن سەربە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، ئێمە هەرسێكمان دەتوانین بابەتو هەواڵ بڵاوبكەینەوە لەناو ماڵپەرەكە، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەر هەموویان دەتوانن شت بڵاوبكەنەوە لەناو ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم كەیسە كەیسێكی تایبەتە (كەیسی مەجید ئیبراهیم)، هەندێك هەستیاری هەیە، لەڕاستیدا ئێمە لەپەرلەمان بۆمان نیە لیژنەی تەحقیقی دروست بكەینو هیچ بابەتێك یەكلایی بكەینەوە، بۆ نمونە بڵێین فلان كەس خۆی كوشتووە یان كوژراوە، بۆ نمونە بشوترایە كوژراوە هەر هەڵەبوو، لیژنەكە ئیمزایان لەسەر كۆنوسی ئامادەبوون كردووە، لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنەیەك كۆدەبێتەوە دوو جۆر ئیمزا هەیە، ئیمزایەكیان كۆنوسی ئامادەبوونەكەیە، هەموان ئیمزای دەكەن، ئیمزایەكی تریان ئیمزایە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو شتەی كە بڕیاری لەسەر ئەدرێت، ئەوەی ئەو رۆژە كراوە هەمووان ئیمزایان كردووە لەسەر ئەوەی ئەو رۆژە لە كۆبونەوە ئامادەبوون، بۆخۆم من پێموابوو بۆخۆی زوو بوو، چونكە كۆبونەوەی لیژنەكە لەم هەفتەیەدایە، دووەم، من پێموابوو زەرور نیە سایتی پەرلەمانی كوردستان ئەمە بڵاوبكاتەوە، سێیەم، ئەم بابەتە مادام بابەتێكی هەستیارە ئەبوو بەیەكەوە دابنیشین، راستە لیژنە هەواڵەكەیان هێناوە، بەڵام بەیەكەوە دابنیشینو سیاغەی هەواڵەكە بەشێوەیەك بكەین كە هەم میدیا هەم رایگشتی بە ئاڕاستەیەك نەبات، بۆ نمونە ئێوە (درەو) نوسیبوتان بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان، مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی كوشتووە، لەكاتێكدا ئەمە كاری پەرلەمانی كوردستان نیە باس لەوە بكات، ئەوە دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە، كێ كێی كوشتووە، من ئەزمونم زیاترە، ئەگەر ئەو هەواڵەم ببینیایە پێش ئەوەی بڵاوببێتەوە نەمئەهێشت بەوشێوەیە بڵاوببێتەوە كە لەلای رایگشتیو ئیعلام شتێك دروست ببێت كە پەرلەمان كەیسەكەی یەكلاییكردوەتەوە، لە كاتێكدا ئیشی پەرلەمان نیە كەیس یەكلایی بكاتەوە، ئیشی دادگایە یەكلایی بكاتەوە. درەو: پێشتریش لەسەر كەیسێكی تر كە دۆسیەی پێوەرەكانی ئاو بوو بەهەمان شێوە كێشە لەسەر راپۆرتەكە دروستبوو، دەوترێت پەرلەمانتارێكی پارتی ئەو كارانە دەكات ؟ رێواز فایەق: من نەمزانی بوو كە بۆ پێوەرەكانی ئاویش هەر هەمان پەرلەمانتار هەمان هەواڵی ئامادەكردووەو بەناوی هاوڕێكانییەوە بردویەتی بۆ سایتی پەرلەمانو دوایی رێگەی لێگیراوە، دوای ئەوەی ئەمە رویدا ئینجا بە منیان وت ئەم حاڵەتە رویداوە، چونكە لیژنەكان پەیوەندی بە جێگرەوە هەیە، تایبەتمەندی جێگرە ئەو كێشانەی لە لیژنەكان دروست دەبێت ئەگەر خۆیان نەیەن بۆ منی باس بكەن، لەڕاستیدا نایزانم بەدواشیدا ناگەڕێم، چونكە ئەوەندە فزوڵی نیم، بەڵام دەڵێن هەر هەمان پەرلەمانتار بووە، ئەبێ تەحقیق بكەم بزانم وایە، هەر هەمان پەرلەمانتار هەر بە هەمان شێوە هەواڵی ئامادەكردووە، بەهەمان شێوە شتێكی بەناوی كۆی پەرلەمانتارانەوە ئامادەكردووە، كە رەئی هەموویانی لەسەر نەبووە، بەڵام دڵنیانیم لێی تاوەكو تەحقیقی تێدا نەكەم، نازانم با تەحقیق بكەم، بزانم هەمان پەرلەمانتار هەمان تەسەروفی جارێكی تریش كردووە، ئەو كاتە قسەی خۆم دەبێت. درەو: یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان بەوشێوەیە تێپەڕی ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە بەڕێژەیەك موچە خانەنشین دەبن، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: من بڕوا ناكەم ئەو یاسایە، ئەو بەشەی پەیوەندی بە خانەنشینیەوە هەیە جێبەجێبكرێت، چونكە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی كوردستان دەردەچێت، ئەوكاتە حكومەت ئامادەی دەكات، دوێنی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەگەڵ من كرد كە پرۆسەی نوسینەوە دەستیپێكردووە، واتا پرۆسەی دانانی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، كە هەموو خەڵك بەیەك پێوەر خانەنشین دەبن. من داوام كرد ئەو مادەیە لاببەین لەو یاسایە، چونكە ئەو یاسایە شتی زۆر باشی تێدایە، مادام یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو دێتو پەرلەمانتار جارێ سێ ساڵی ماوە بۆ ئەوەی خانەنشین ببێت، وەزیر سێ ساڵی ماوە بۆ خانەنشینی، قەیچێكە ئەم شەش مانگەش با چاوەڕێ بكەین تا یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دێت، بەڵام بۆچونێكی تر هەبوو وتیان ئەگەر لای بدەین رایگشتی دەڵێن ئەو مادەیەی پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبوو لایان برد. بۆچونی من بە شەخسی باسی دەكەم ئەوەی بە (2.5) كەڕەتی خزمەتی ساڵانە هەرچی بێت بۆ من یەك شت دەكات، چونكە من تا تەواو دەبم دەبێت بە (27) ساڵ خزمەتو دكتۆراشم هەیە بۆ خۆم بەشەخسی، لەڕاستیدا من حەزم دەكرد ئەوەی عێراق جێبەجێبكرێت، ئەوەی عێراق وەكو خۆی واتا یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارەی (9)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بەركار بكەین، بۆ فەرمانبەریشو بۆ پەرلەمانتاریشو بۆ حاكمیش، كە دادپەوەری زیاتری تێدایە، كە ئەوە نەبوو بەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هەر (111) پەرلەمانتارەكە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەی خانەنشینیانە، بەڵام بیهێننە پێش چاوی خۆتان (78) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رازی بوون بەوەی دەنگ بدەن نزیكەی (4 ملیۆن) دینار لە موچەكەیان كەمببێتەوە، خەڵك وا تێگەیشت كە ئێمە یاسای خانەنشینی بۆ پەرلەمانتار دادەنێین، وانەبوو، یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار هەیە هەر پەرلەمانتارێك هەر وەزیرێك (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەیەتی، كە یاسای چاكسازی دێت، پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی تێدا نیە، خۆی دەستبەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی موچەكەی لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە كەمبكرێتەوە بۆ (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینار هێشتا قسەی پێدەوترێت، ئەمە حاڵەتە ناسروشتییەكەیە، لەوێ هیچ مەرجێك نیە. درەو: بەشێكی پەیوەندی بە هەڵاو موزایەدەی پەرلەمانتاران خۆیانەوە نەبوو، بەتایبەت ئێستا فۆرمێك هەیە كە پەرلەمانتاران پڕی دەكەنەوەو بەوەی خانەنشینی وەرناگرن؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر گرنگەو جەدەلێكی یاسایی زۆر گەورەشی لەسەرە، حەق پێش ئەوەی دروست ببێت چۆن تەنازولی لێدەكەیت، مافی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم هێشتا دروست نەبووە، چۆن تەنازولی لێدەكەیت، ئەمە قسەیەكە، جەدەلێكە دەوترێت كە تەنازولكردن لە مافێك كە دروست نەبووە یاسایی نیە، ئەم جەدەلە بەچی چارەسەر كرا، ئەی بۆ ئاساییە بۆ نمونە منو تۆ كە رێككەوتنێك دەكەین، (عەقد شەریعەتی موتەعاقدین لە نێوان منو تۆدا) ئەڵێت من بەرپرسیار نیم لەهیچ زیانێك تۆش دەڵێیت من تەنازول دەكەم لە تەعویز، خۆ هێشتا مافی تەعویزت نیە تا تەنازولی بۆ بكەیت، بەراورد كرا بەوە. بەشێك لە پەرلەمانتاران وتیان مادام هەندێك لە پەرلەمانتاران ئەڵێن نامانەوێت ئەبێت مادەیەك دابنرێت لە یاساكەدا كە مادەكە دێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر لە هۆڵی پەرلەمان دەنگی هێنا ناتوانم هیچ رێگریەك لەمە بكەم. درەو: تۆ خۆت لەگەڵ ئەو مادەیە بوویت یان نا؟ رێواز فایەق: من لەگەڵ ئەو مادەیە نیم لەو مونتەڵەقەی كە یاسا چارەسەری ئەوەی كردووە، ئەوەی كە تەمەنی (63) ساڵ نیە ئیجبار نیە خانەنشین ببێت، ئازادە، ئەمە بۆ فەرمانبەر وایە، بۆ حاكمێكو بۆ ئێمە وایە، بۆ هەمو كەسێك (45) ساڵ ئەتوانێت بچێتەوە سەر وەزیفەكەی خۆی، بەڵام كە هێنایان وتم بە ئارزەووی خۆتان با تێیدا بێت، ئێستاش لەدوای بەركاربوونی یاساكە كە (30) رۆژەكە دەستی پێكرد، دیوانی پەرلەمانی كوردستان، بەرەسمی ئیعلانی كرد ئەڵێت ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ئەو (30) رۆژەیە كە یاسای دایناوە، ئەندامانی پەرلەمان بێن فۆرمەكە پڕبكەنەوە. درەو: ئەو پەرلەمانتارانەی فۆرمەكەیان پڕكردوەتەوە، ئیتر خانەنشینی ننایانگرێتەوە؟ رێواز فایەق: ئەو فۆرمە ئێستا ئەرزشی یاسایی نیە، بەڵام ئێمە ئیعلانی ئەكەین بە رەسمی، كە یاساكە بەركاربوو چووە بواری جێبەجێكردن، دەڵێت ئەمڕۆ ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات كە بڕگەی (4)ی مادەی (7)دا هاتووە، ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەیەوێت خانەنشینی وەرنەگرێت ئەچێت فۆرمەكە پڕ دەكاتەوە، كە (30) رۆژەكە تەواو بوو هەر دیوانی پەرلەمان ئەڵێت ئەو (30) رۆژە تەواو بوو كە یاسا داینابوو بۆ تەنازولكردن لە مافی خانەنشینیو ئەم پەرلەمانتارە بەرێزانەی خوارەوە خانەنشینیان رەتكردوەتەوە، ئێمەش بە نوسراوێكی رەسمی دەینێرین بۆ بەڕێوەبەرێتی خانەنشنینیو دەڵێین لەدوای كۆتایهاتنی ئەم خولە، ئەم پەرلەمانتارانە مامەڵەی یاساییان بۆ خانەنشینی بۆ ناكرێت، بەڵام بڕوای خۆمتان پێ بڵێم ئەو ژمارەیەی كە ئیعلانیان كردبوو كەمدەبێتەوە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارو راوێژكاری پەرلەمان هەن كە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتارییاندا دەخوێنن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەپێدراو نییە پەرلەمانتار جگە لە كارەكەی هیچ ئەركێكی تر لەئەستۆ بگرێت، قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: هیچ پەرلەمانتارێك بەرەسمی نەهاتووە، داوای مۆڵەت لە ئێمە بكات بۆ ئەوەی بچێت بخوێنێت، ئەو تەعلیماتەی كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت بۆ خوێندنی ماستەر، ئەبێت تەفەروغی تەواو بكات، ئەمەش بۆ ئەندامی پەرلەمان نابێت، چونكە كاری پەرلەمانتار فەرمانبەر نیەو نوێنەرایەتییەو بۆ (4) ساڵەو دەبێت چوار ساڵەكەی خۆی تەواو بكات، لەبەرئەوەی هەر ئەندامێكی بەڕێزی پەرلەمان بێت بۆلای ئێمە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بۆ خوێندنی ماستەر نایدەینێ، ئەگەر مۆڵەتی نەبێتو بخوێنێت ئەوكاتە بڕوانامەكەی ئەهێنێتەوە وەزارەت خوێندنی باڵا بەرپرسە لەوەی بۆی تەعدیل نەكاتو بۆی ئەژمار ناكرێت، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ غیابو مۆڵەتی دانیشتنەكانی پەرلەمانو لیژنەكانی پەرلەمان لەمەوداو دوای ئەوەی ئیعلانمان كردووە، رێوشوێنی یاساییو پەیڕەویی دەكەین لەگەڵ غیاباتیش. درەو: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلەی خوێندنتان بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرزكرایەوە، ئێوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی خوێندندان ؟ رێواز فایەق: ئەزانن كە من پێش ئەوەی لە خولی پێشو ببم بە ئەندامی پەرلەمان،ئەندامی دەستەی ئەندامی دەستەی وانەبێژی بووم لە زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی، لەمادەی (44) لەناو یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا دوو بڕگە هەیە، لە بڕگەیەكیاندا ئەڵێت هەركەسێك ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە بێت، تەنانەت دوای خانەنشینبوونیش یان گواستنەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەر فەرمانگەو دامودەزگایەكی تر، مافی ئەوەی هەیە پلە زانستییەكەی بەرزبكرێتەوە، ئەگەر مەرجی تێدا بوو، بەبێ وانە وتنەوە. من دكتۆراكەم تەواوكردووە نازناوی زانستیم هەبووە، كە بووم بە ئەندامی پەرلەمان، مودەریس بووم، دەستمكرد بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانم، هەلومەرجەكە وابوو كە لەساڵی 2015 دەرگای پەرلەمانی كوردستان داخرا، خەڵك ئەگەر بە شتی ترەوە سەرقاڵ بوبێت من سەرقاڵی لێكۆڵینەوەكانم بوومو لێكۆڵێنەوەكانم تەواوكرد. ئەو سێ لێكۆڵینەوەی من نوسیومە بۆ ئەوەی نازناوی زانستی پێوەرگرم، یەكەم كەسم لەسەر ئاستی عێراقو هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو سێ بابەتەم نوسیوە، لە ۳ گۆڤاری زانستی باوەڕپێكراویش بڵاوكراونەتەوە،هەركەس بیەوی بە سێرچی گۆگڵ دەیاندۆزێتەوە، لەناو گۆگڵیش هەیە بڵاوكراوەتەوە، ئەگەر كەسێك خۆی بە خاوەنی حەرفێكی ئەو لێكۆڵینەوەیەی من بزانێت، تەحەمولی ئەنجامەكەی دەكەم. درەو: لێكۆڵینەوەكانت لەسەر چ بابەتێكن ؟ رێواز فایەق: یەكەمیان باسی (نیزامی خاوەندارێتی نەوتو ئوسوڵی نەوتیی) دەكات، لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە لەنێوان یاسای عێراقیو یاسای ئەمریكی، لە ئەمریكا ئەگەر من پارچەیەك زەویم هەبێت بەناوی خۆمەوە بێت نەوتی تێدا بێت، خۆم ئەتوانم كۆمپانیا بێنم، بەڵام لە عێراق نیزامەكە جیاوازە، ئەگەر هاوڵاتیەك لە زەویەكەیدا نەوت بدۆزرێتەوە ئەبێت بڕوات تەعویز دەكرێتەوە، دەوڵەت بۆی هەیە كۆمپانیا بهێنێت، راكێشانی بۆری نەوت لە شوێنێك بۆ شوێنێك لە نیزامی ئەمریكیدا مانگانە دەبێت پارەی بدەیتێ لەبەرئەوەی بەناو زەویەكەیدا بردوتە، بە بەردەوامی وەكو موڵكێكی ئەو وایە كە بەكرێت گرتبێت، بەڵام لە عێراقدا كە زەوی هاوڵاتییەك بۆریەكی نەوتی پێدا دەڕەوات، یەكجار تەعویزیەكی دەدرێتیێو تەواو، تەحەدا دەكەم لەهەموو عێراقو هەرێمی كوردستانیشدا یەك كەس ئەم كارەی كردبێت. دووەم: لەسەر نیزامی تەئمین (دڵنیایی) نوسیوەمە، تەئمین لەسەر ئەو مەترسیانەی كە بەهۆی پیشەسازی نەوتییەوە ئەكەونەوە، بەڵام بەراوردمكردووە لەنێوان عێراقو نەرویجدا، لەوێ كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چینو لێرە كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چین، چەند جیاوازن؟ لێرە شۆفێری تەنكەرێك كە بە تەنكەرەكەیەوە دەسوتێت پێشتر (12) ملیۆن دینار حەقی پارەی تەنكەری نەوتەكەشی داناوە، لەوێ چۆن تەعویز دەكرێتەوە، بە ملیۆن دۆلار تەعویز دەكرێتەوە. خەڵكی تر لەسەر بواری گشتی نەوتی نوسیوە، من لەسەر بواری تایبەتی نەوتم نوسیوە، بۆ نمونە تەعویز بەهۆی تەئمینەوەیە (دڵنیایی)، تەعویز یەكێكە لەوانەی لە یاسای مەدەنیدا هەیە، خاوەندارێتی لە یاسای مەدەنیدا هەیە. سێیەم: بیرتانە كاك نێچیرڤان بارزانی دەیوت كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی دادەمەزرێنین خەڵك دەكەینە خاوەنی پشك، ئێستا ئارامكۆ بەشێك لە پشكەكانی دەفرۆشێت لەكاتێكدا كۆمپانیایەكی نیشتمانییە، من لەسەر ئەوەم نوسیوە كە (كۆمپانیایەكی نیشتمانی چۆن لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت پشكەكانی بفرۆشێت بە هاوڵاتی ئاسایی) لە یاسای نەوتی ژمارە (22)ی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 رێگەی بەوەداوە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێمی كوردستان پشكەكانی بە خەڵك بفرۆشێت، كێ لەسەر ئەمانەی نوسیوە با بێت بڵێت وشەم لەسەری نوسیوە، لەبەر ئەوەی من (ئیستحقاقی) خۆم وەرگرتووە، من بۆم نیە راستەوخۆ پێشكەشی زانكۆكەی خۆمی بكەم، دەبێت مامەڵەكەم راستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەم، چونكە ئێستا من لەناو دەستەی وانەبێژیدا نەماوم، ئەوان بە رۆڵی خۆیان ئاڕاستەی زانكۆكەی منی دەكەنەوە بزانن من لەوێ مودەڕیس بووم، چیم كردووە چیم نەكردووە، ئەم بەڕێزانە لەوێ رێوشوێنەكانی یاسایی چیە، تەبعەن لەوێ خەڵكی یاسایی لێ نییە، ئەوانیش ئاڕاستەی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانیان كردوەتەوە، بۆ دانانی لیژنە، من ئەگەر یەك تۆز ترسم هەبوایە لەڕووی یاسایی، لەڕووی ئیجرائی، ئەو كارەی من كێشەیەكی تێدایە، جورئەتم نەدەكرد بڵاوی بكەمەوە، من فەخری پێوە دەكەم، وە دەستم كردووە بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانی پرۆفیسۆریو ئینشەڵا لە ئایندەیەكی نزیك لەوەختی خۆمدا دەبم بە پرۆفیسۆر.
(درەو): سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هەردووكیان سەربە یەك حزبی سیاسین، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان خراپە، ئەمڕۆ كاتێك چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ كرد، چەند كاتژمێرێك بوو كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نوسراوێكی ئاڕاستە كردبوو، تێیدا دەڵێ چیتر هیچ نوسراوێك لە ئێوە وەرناگرینو كاری لەسەر ناكەین، ئەو باسی ئەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری داهاتو خەرجییەكانی پارێزگار نییە، باسی ئەو (14) ملیۆن دینارە دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلێك بۆ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجیكردووە، لەگەڵ چەندین بابەتی تری تایبەت بە كارەكانی ئەنجومەنو پارێزگار، ئەو بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەم چاوپێكەوتنەدا قسە بۆ (درەو) دەكات. چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: سەرلەنوێ لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی كەشوهەوا، دۆخی كارەبا خراپ بووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سوتەمەنیشتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەی سوتەمەنیو كارەبا كە هەردووكیان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێكی ئەم بابەتە كێشەی سیاسییە. درەو: چۆن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە، بۆخۆتان باش دەزانن كە پارەیەكی باش هاتووەتە ئەم وڵاتەوە، ساڵانە پارەیەكی باش بۆ سێكتەری كارەبا خەرجدەكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا كێشەكە چارەسەر نابێت، ئەم كێشەیە سودی بۆ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، چونكە وا ئەكات بەردەوام هەرێم چاوی لە توركیاو ئێران بێت كە سوتەمەنی بۆ بنێرن، مەسەلەی نەوت لە دەرەوەی ئیرادەی كوردستانەو لای ئێرانو توركیاو وڵاتانی زلهێزی بواری نەوتە، ئەگەرنا لە بابەتی كارەبادا هەموو هەرێمی كوردستان هێندەی شارێكی چین نییە، بۆ نمونە ئێوە بچن پرسیاری لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن لە چەمچەماڵ، بەردەوام دوو هێڵی وێستگەكە كارناكات، چونكە حكومەت گازی پێویستیان پێنادات، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت گاز هەناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە خۆی پرسیارە. درەو: ئەم قسانەی ئێوە دەچێتەوە سەر هەمان رێچكەی قسەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە وتی: كارەبا كاری ئێمە نییە ؟ ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە پرسی خراپی كارەبادا هیچ بەرپرسیارێتییەك ناخەنە ئەستۆی خۆتان ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا دەبێت سەیری دەسەڵاتەكان بكەیت، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتێكی چاودێرییە، ئەتوانێت دەست بخاتەسەر كەموكوڕییەكان لەبواری خزمەتگوزاریدا، بۆ نمونە هاوڵاتی بەشێوەیەكی ئاسایی دەڵێ كارەبا نییە، بەڵام ئێمە ئەمە ئەكەین بە نوسراو و ئاڕاستەی پارێزگاری دەكەین، ئەویش وەزارەتی كارەبای لێ ئاگاداردەكاتەوە، بەڵام پارێزگار دەسەڵاتی جێبەجێكارەو سەرۆكی یەكەی ئیداری پارێزگایە. درەو: ئەی بۆ بابەتی سوتەمەنی چی دەڵێن، زستان تەواو دەبێت هێشتا نەوتتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، پارێزگار وتی با خەڵك دەخیلەیەك دروست بكەن و خۆیان نەوت بكڕن چاوەڕوانی حكومەت نەكەن ؟ بەرزان محەمەد: دەبوو پارێزگار بڵێ من ئاگام لەو بابەتەیەو كردومە، پارێزگار بەدەیان نوسراوی بەرزكردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت، ئەوەنەی من ئاگاداربم ئێمە وەكو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی حكومەت دانیشتین، سەرۆكی حكومەت ئێمەی دڵنیاكردەوەو وتی نەوتی هەموو كوردستان بۆ هەموو ساڵەكە كڕدراوە، هۆكاری ئەوەی كە نەوتەكە دابەشناكرێت، بۆمن جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئێمە هەرسێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكان بوین (سلێمانی- هەولێر- دهۆك) لە كۆبونەوەكەدا وتی ئێمە نەوتی ساڵەكەمان دابین كردووە. درەو: ئێستا بۆچی بەدواداچوون ناكەن لەبارەی ئەوەی بۆ نەوتەكە دابەشنەكراوە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە رۆژانە هاوڵاتیان دێنە لامانو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوتو كانزاكانەوە ئەو پرسیارە دەكەین، ئێستا رۆژانە لەدەرەوەی ناوەندی پارێزگاكان نەوت دابەشدەكرێت، هەفتەی رابردوو لە بەرزنجە نەوت دابەشكرا، لە بازیان نەوت دابەشكراوە. درەو: بەڵام رەنگە زستان كۆتایی بێتو دابەشكردنی نەوت نەگاتە ناو شار ؟ بەرزان محەمەد: بەدڵنیایی، پرۆسەكە زۆر خاوە. درەو: ئێستا پێمان بڵێ ئایا دۆسیەی نەوتو كارەبا پەیوەستە بە پارێزگارەوە كە پارێزگار دەڵێ ئەوە كاری ئێمە نییەو ئەو بوارانە وەزارەتی تایبەت بە خۆیان هەیە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، پارێزگار وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پارێزگای سلێمانی وایە، هەموو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لایە. درەو: ئایا پارێزگار ئەو دەسەڵاتانەی جێبەجێ دەكات، بۆنمونە بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا لەڕووی كردارییەوە چی كردووە ؟ بەرزان محەمەد: نەك هەر پارێزگار، ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكمان هەیە بەناوی لیژنەی وزە، بەراستی بەدواداچوونی كردووە بۆ هەموو ئەو مەسەلانە، بەردەوامیش لەسەر دابەشكردنی نەوتی ماڵان لیژنەكەمان قسەی خۆی هەیە. درەو: كەواتە جەوهەری كێشەكە لە كوێدایە ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەوەدایە پرۆسەی دابینكردنەكە بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچێت، كێشەكە ئەوەیە لامەركەزیەت نەچەسپاوە، ئەنجومەنی پارێزگا وەكو پێویست دەسەڵاتی نییە، داهاتی پارێزگا ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، تاوەكو ئەنجومەنەكان بتوانن دەسەڵات بدەن بە پارێزگارەكان بۆ ئەوەی لەو داهاتانە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری. درەو: ئێستا پارێزگای سلێمانی داهاتی خۆی بۆ پرۆژەكان لە كوێوە پەیدا دەكات ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ داهاتێكمان نییە. درەو: ئەنجومەن نا، مەبەستمان پارێزگارە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەن هیچ شارەزاییەكمان نییە لەبارەی داهاتەكانی پارێزگارەوە. درەو: واتە ئێوە نازانن پارێزگار داهاتەكانی چەندێكەو لەچیدا خەرجیان دەكات ؟ بەرزان محەمەد: نەخێر. ئاگادار نین. درەو: واتە هیچ ژمارەیەكیش لەبەردەستتاندا نییە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە لیژنەیەكمان هەیە كە لیژنەی داراییە، ئێوە ئەتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە پرسیار بكەن، هەرچەندە من بۆخۆم چەندجارێك یاداشتی لیژنەی دارایم بەرزكردوەتەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنو ئاگاشم لێبووە سەرۆكی ئەنجومەن بە نوسراو لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تائێستا یەك داتای رێكوپێكمان نەهاتووەتە بەردەست. درەو: بەمدواییە پارێزگار هەندێك خەرجی دەكات بۆ كڕینی پێداویستی بۆ خوێندنگەكان، نازانن سەرچاوەی ئەم خەرجییەش لەكوێوە دابین كراوەو چۆن خەرجكراوە ؟ بەرزان محەمەد: من جێگری سەرۆكی ئەنجومەنم، نازانم داهاتەكان لە كوێوە دێن، تەنیا ئەوەم بیستووە كە ئەڵین هەندێك كۆمپانیا هاوكاری دەكات. درەو: كۆمپانیا هاوكاری پارێزگار دەكات ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ. درەو: ئەو هاوكارییەی كۆمپانیاكان لەبەرامبەر چیدایە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا من وردەكارییەكەی نازانم، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار پارەیەكی بەردەستیشی هەیە نازانم بەدیاریكراوی مانگانە (50 ملیۆن) دینارە. درەو: ئەی ئەو (50 ملیۆن) دینارە لە كوێوە هاتووە ؟ بەرزان محەمەد: ئەوە هی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوە بۆ هەموو خەرجییە تەشغیلییەكانی پارێزگارە. درەو: ئێوە نازانن ئەو پارەنەش چۆن خەرجدەكرێن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە تائێستا نازانین چی لەبەردەستدایە، كە نەمانزانی چی لەبەردەستدایە چۆن بزانین چۆن خەرجكراوە! درەو: ئەی ئێوەی دەسەڵاتی ئەوەتان نییە لە پارێزگار بپرسنەوە، ئەی نابێت ئەو داهاتە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنو لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدرێت. بەرزان محەمەد: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی هەیە لێی بپرسێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەدوای قەیرانی داراییەوە كۆمەڵێك بودجە هەبوو كە ساڵانە دەهات وەكو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، ئێستا ئەوانە نەماون، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو پارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین دەكرێنو هەر لەوێش بڕیاریان لەسەر دەدرێت، پارەكان بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەكرێت كە رێژەی 90%یان تەواوبوون. درەو: ئێوە گومانتان لە خەرجكردنی ئەو پارانە هەیە ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم ناتوانم گومان بكەم، ئەگەر بەڵگەیەكم پێ نەبێت، بەڵام ئێمە لەڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام پرسیارمان كردووەو وەڵامی پێویستمان وەرنەگرتووە، راپۆرتێكی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەموان) هەیە زۆر بە وردی باسی ئیشوكارەكانی ئەنجومەن دەكات، ئەو رێكخراوە كە رێكخراوێكی ئەمریكی سپۆنسەری دەكات ساڵانە چاودێرە بەسەر ئیشوكارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو دواتر بە راپۆرت بڵاوی دەكاتەوە. درەو: واتە ئێوە بە نوسراوی فەرمی داوای داهاتو خەرجیتان لە پارێزگار كردووە ؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو سەرۆكی لیژنەی داراییو كارگێڕی داوای هەموو داهاتو خەرجی پارێزگای سلێمانی كرد، بەڵام لەڕاستیدا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆ نەهاتە بەردەستمان، تەنیا بەژمارە رێژەی داهاتو خەرجییان بۆ ناردین نەك وردەكارییەكەی. درەو: واتە وەسڵی داهاتو خەرجی نیشانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا نادرێت ؟ بەرزان محەمەد: لەوانەیە سەیركردنی وەسڵ كاری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، چونكە ئەوە چاودێری داراییو نەزاهە ئەو كارانە دەكەن. درەو: ئێوە ئاگاداری گرێبەستەكانی پارێزگارن ؟ بەرزان محەمەد: ئەوەی ئێمە زیاتر ئاگامان لێیەتی ئەو كەمكردنو زیادكردنانەیە كە بۆ بوارە خزمەتگوزارییەكانن وەكو پاككردنەوە، بەڵێ ئێمە ئاگاداری ئەوانەینو ئەگەر سەرەنجێكیشمان هەبوبێت پێیان وتوین. درەو: ئێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا ئێوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بانگەشەی چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریتان دەكرد لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەڵام ئێستا ئەنجومەنو پارێزگارەكان چاوەڕێی رەحمو كەرەمی حكومەتن لە هەولێر یارمەتیدان بدات، بۆچی لامەركەزیەتی ئیداری نەچەسپا ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆمو بزوتنەوەی گۆڕانیش لەراستیدا باش لە بابەتەكە نەگەیشتبوین، چونكە یاسای ژمارە (3) یاسایەكە دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە لامەركەزیەتەوە نییە، شتێك كە پەیوەندی بەوەوە نەبێت، ئەبێت هەمواری بكەیتەوە، یاساكە ئەنجومەنی پارێزگای سەرپشكردووە چاودێر بێت بەسەر حكومەتی خۆجێییەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەسەڵاتەكانی مەحدودە، بۆ نمونە ئەو رێنماییانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەردەچێت لەبارەی ئەو باجانەی دەخرێتە سەر هاوڵاتیان، ئێستا دوكاندارێك پێنج جۆر باجی لەسەرە، لەوانەیە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەمەدا نەبێت، بەڵام هەر لە یاساكەدا هاتووە ئەڵێ ئەنجومەن كاتێك دەتوانێت بڕیارو رێنمایی دەربكات كە دژ نەبێت لەگەڵ بڕیاری ناوەنددا، لەوكاتەدا ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەریان دەكات لە ئەرزی واقیعدا هیچ ئەرزشێكیان نابێت. درەو: واتە بەبڕوای ئێوە بەرلەوەی باس لە چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری بكرێت دەبێت یاساكان هەموار بكرێنەوە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، دەبێت یاسای ژمارە (3) زۆر بەباشی هەموار بكرێتەوە، بەداخەوە ئەمساڵ هەمواركرایەوە بۆ دوو مەبەست، یەكەم بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دووەم ئەوە بوو دەسەڵاتی ئەوەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا سەندەوە كە خۆی پارێزگار دیاری بكات، بۆئەوەی حزبەكان لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەوە خەڵك بهێنن بیكەن بە پارێزگار. درەو: دەمانەوێت لەبارەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ خەڵك قسە بكەین، ئێستا ئەگەر تەماشای راگەیاندنی پارێزگار بكەیت دەردەكەوێت پارێزگار زیاتر سەرقاڵی كاروباری تەشریفاتییەو زۆر بەكەمی وێنەی كردنەوەی پرۆژەكان دەبینرێت، وێنەكانی پارێزگار وای نیشان دەدەن پارێزگای سلێمانی بێ كێشەیە، ئەو وێنانە بەبۆچونی ئێوە گوزارشت لەواقعی پارێزگاكە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لەڕاستیدا منیش ئەوە جێگەی سەرەنجمە، من ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار زۆر ئیشی باشی كردووە، هەر لە نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەوە بۆ كاری تر، بەڵام من تێناگەم، ئەو پرسیارە لەخۆی بكەن، بابەت بڵاودەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە پارێزگارەوە نییە، تەنانەت بابەتێكی میدیاییش نییە، بۆ نمونە تۆ بۆ پشتیوانی كرێكاری شارەوانی دەچیت شت كۆدەكەیتەوە، ئەمە هیچ لەبەرژەوەندی گشتیدا نییە، یاخود ئافرەتێك لە بواری خۆیدا سەركەوتووە تۆ ئەو هەموو كێشەیەی ئەم شارە بەجێبهێڵیتو بچیت رەسمی لەگەڵدا بگریت، بەراستی من لەوەی پارێزگار تێناگەم، بەڵام من پێتان ئەڵێم ئاگام لێیەتی جۆرەها ئیشی باشی كردووە، ئەوانە هیچی لە ئیعلامدا نابینم، بەڵام ئەو شتانە ئەبینم كە ئیشی پارێزگار نییە. درەو: واتە بەقسەی ئێوە ئەوەی راستە كە پارێزگار جارێك وتی لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردووە ؟ بەرزان محەمەد: من ئێستا تەنیا ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چوار بۆ پێنج داواكاریی هاتوەتە لام، چوار پێنج نوسراوم كردووە، ئەگەر لێكی بدەیتەوە ئەوانە هەمووی ئیشە، بەڵام تۆ وەختێك ئەتوانیت بە شتێك بڵێی ئیش كە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتی تێدا بێت، بۆ نمونە ئەگەر تۆ بتوانیت كارەبای سلێمانی لەباتی ئەوەی خەڵك هەشت كاتژمێر كارەبای هەبێت دە كاتژمێر هەیبێت ئەوە پێی ئەوترێت ئیش، بەڵام تۆ كێشەیەكی شەخسی هاوڵاتییەك یان نوسراوێك بۆ شوێنێك خۆی بە ئیشە بەڵام ناتوانی وەكو ئیش باسی بكەیت. درەو: باسی بەرژەوەندی گشتیت كرد، ئەتویست بڵێی كارەكانی پارێزگار بۆ بەرژەوەندی تایبەتین، بەمدواییە باسلەوەكرا پارێزگار بڕی 14 ملیۆن دینار بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەندامێكی ئەنجومەن خەرجكردووە ؟ بەرزان محەمەد: من لەسەر بابەتی 14 ملیۆن دینارەكە هیچ سەرەنجێكم نییە، ئەندامێكی ئەنجومەن لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای تۆماركردووەو ئێمەش سكاڵاكەمان داوە بە لیژنەی یاساییو چاوەڕێی وەڵامی لیژنەی یاسایی دەكەین. درەو: ئەی دۆسیەی گومانەكانی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەكوێ گەیشت كە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە جوڵێندرا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە بەرێز بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانیمان بانگهێشتی ئەنجومەن كرد، كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ كرد، دوای كۆبونەوەكە دۆخەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، ئەو بەڕێزەی كە ئەندامی ئەنجومەنەو سكاڵاكەی كردووە هیچ بەڵگەیەكی نەبوو تاوەكو ئێمە مەسەلەكە بجوڵێنین، بۆیە ئێمە كە بەڕێوەبەری رۆشنبیریمان بانگ كرد داوای زانیاریمان لێكرد واتە بۆ لێپرسینەوە نەبوو، ئەو بابەتە تائێستا لای بەرێز سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیرییە. درەو: بەمدواییە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بابەتی دەروازە سنورییەكانو گەندەڵیدا جوڵەیەكی كرد، هەرچەندە وا دەركەوت جوڵەیەكی تاكەكەسییەو هەوڵی یەك ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام بەگشتی ئێستا زۆر باسی قاچاخچێتی دەكرێت لە دەروازە سنورییەكان، ئێوە لەم بوارەدا چیتان كردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا ئێمە لیژنەكانمان ئەوەی وابەستەبێت بەو بابەتەوە، لیژنەی وزەو لیژنەی كشتوكاڵو لیژنەی كارگێڕی سەردانی دەروازەی باشماخیان كردووە، ئەوەندەی من ئاگاداربم یاداشتی خۆیان داوەو سەرەنجی خۆیان لەسەر كۆمەڵێك شت هەبووە، بەڵام وەكو پێموتن ئەوانەی ئێمە دەیخەینەڕوو بەمەبەستی چارەسەر دەبێت بەڵگەی لەگەڵدا بێت نەك بەتەنیا قسە بێت. درەو: ئێوە چاودێرن لەسەر كاروباری فەرمانگەكان لە سلێمانی، دوای زیاتر لە چوار ساڵ كاركردنی ئێوە هێشتا رۆتینات زۆرەو كەمینەكردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا رۆتینات لە فەرمانگەكاندا جیاوازی هەیە، تاڕادەك كەمبوەتەوە، بەڵام لە كوێدا كەمبووەتەوە، لەو فەرمانگانەدا كەمیكردووە كە باج وەردەگرن. درەو: لە بواری خزمەتگوزاریدا چیتان كردووە لەگەڵ فەرمانگەكاندا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە ئەگەر رۆژانە دە نوسراو بكەین، هەشت نوسراویان بۆ بایەتی خزمەتگوزارییە. درەو: سایلۆی سلێمانی كە روخێندرا بڕیاربوو بكرێتە پرۆژەیەكی گەورە، ئەوە بەكوێ گەیشت، بۆچی كاری تێدا ناكرێت؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن لەڕێگەی لیژنەی پلانو پرۆژەكانەوە هەردوو كۆمپانیای (هیوا رەئوفو ئاردی سەفین) لەگەڵ بەڕیوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، میوانداریمانكردن لە ئەنجومەن، بابەتەكان تاوتوێكرانو خەلەلەكان دۆزرایەوە، هۆكارەكان چیە كۆمپانیای ناوبراو ئەم پرۆژەیەی نەجوڵاندووە ؟، كارگەی ئاردی سەفین بۆ كارگەیەكی بە براندێكی باشتر درووست نەكردووە، كە لە گرێبەستەكەدا تێیدایەتی، بڕیارماندا كۆبونەوەی دواتر لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانیدا بێت، ئێمە نوسراومان بۆ پارێزگاری سلێمانی كرد، كە لەبەروارێكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەنجومەن، لە راستیدا نەهات، لەوكاتەدا چوبوو بۆ هۆتێل تایتانێك بۆ مەراسیمیێكی زۆر ئاسایی كە ئەیتوانی نەچێت، دیارە ئەنجومەن پێی ناخۆش بوو كە نەهات، یاداشمان نوسی و داوای رونكردنەوەمان كرد، ئەو هات لەبری ئەوە رێنمایی بۆ ئەنجومەن دەركرد كە نوسی بووی دەبێت بەم هۆكارانە من بانگ بكەن، یەكەمجارە لە بەڕێوەبردندا لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات، خۆی پرۆسەكە بەپێچەوانەوەیە، ئەمەش بە رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەن كردبووی، من وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن وەڵامی نوسراوەكەیم دایەوە، تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمڕۆ بەداخەوە بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی نوسراوێكی بۆ كردبووم كە نوسراوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەرناگرینو كاری لەسەر ناكەین، كە ئەمە لەڕووی كارگێڕییەوە كارێكی خراپە، زۆر نایاساییە، من پشت بە پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەن دەبەستم بۆ نوسراو، كە دەسەڵاتی نوسراوم هەیە، من پشتبەست بە پەیرەو ئەو نوسینەم كردووە، ماوەیەكی دیاریكراویش لەسەر ئەو مەسەلەیە دەوەستین، كە ئەوە كەمكردنەوەیە لە شكۆی ئەنجومەنو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە نوێنەری راستەوخۆی خەڵكن، نەبووە لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات. درەو: ئێوە چەندجار پارێزگارتان لەم خولەدا بانگهێشتی ئەنجومەن كردووە بۆ لێپرسینەوە؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو لە مانگی 12دا دووجار بانگی پارێزگارمان كرد نەهات. درەو: دەوترێت پارێزگار كەسە نزیكەكانی لە نوسینگەكەی دامەزراندووە، ئەمە راستە؟ بەرزان محەمەد: لەراستی من وەكو خۆم وەكو بەرزان ئەوانە بە كێشەی گەورە نازانم، من كاركردنی پارێزگار بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان بەلامەوە گرنگە، ئەوە بەشتێكی تایبەتی خۆی دەبینم. درەو: پارێزگاری سلێمانی جگە لە ئۆفیسی خۆی لەناو پارێزگا هیچ ئۆفیسیكی تری لەدەرەوەی پارێزگار هەیە؟ بەرزان محەمەد: قسە لەسەر شوقە دەكەن لە دەروازەو خۆی وتویەتی ئەوە موڵكی پارێزگایە، نەك خۆی، تائێستا ئێمە داوای رونكردنەوەمان لێنەكردووە. درەو: زۆر باس لەوە دەكرێت پارێزگای سلێمانی دواكەوتووە، دەوترێت سلێمانی پەراوێزخراوە، ئێوە درك بەوە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لە سلێمانیدا هەموو بێ خزمەتگوزارییەك هەیە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیم لابوو، وتی: چووم بۆ هەولێر بۆلای وەزیرو بریكاری وەزیری كارەبا، قەناعەتم پێكردوون (32) ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجبكەن بۆ راكێشانی كارەبا، وتی: پێم وتوون بەقەد ئاستی پرۆژەكانی هەولێر یان دهۆك بێت، دیارە ئەمە بۆخۆی ئەوە دەگەیەنێت كە جیاوازییەك هەیە، ئەوە پارێزگاری سلێمانی ئەتوانێت قسە بكات، چونكە ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێكارن، مانگانە ئەوەی دەدرێت بە سلێمانی كەمترە لەوەی هەولێر یان دهۆك یاخود نا ؟! درەو: پارێزگاری سلێمانی لەنێوان قسەو كرداردا كامیانی زۆرترە ؟ بەرزان محەمەد: واباشترە ئەو پیاوە (پارێزگار) بۆ هەموو شتێك قسەی نەبێت، ئەو پارێزگارە، لەوانەیە ئێستا خراپترین بارودۆخی نێوان منو ئەو بێت، بەڵام من ئاگام لێیەتی زۆر كاری باش دەكات، ئەو پیاوە ئیش دەكات، بەڵام ئەو كارانەی دەیكات باشەكان باس ناكات ، بەڵام ئەوانەی پێویست ناكات خەڵكی بزانێت دێت ئەوانە باس دەكات، ناشكرێت تۆ لەسەر هەموو شتێك قسەت هەبێت، ئەو برادەرە وا تێگەیشتووە كە لەبەر ئەوەی پارێزگارە دەبێت لەسەر هەموو شتێك قسەی هەبێت. درەو: بەمدوایانە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوە كرد هەوڵێك لەلایەن یەكێتییەوە هەیە بۆ گۆڕینی پارێزگار، هیچ شتێكی جدی هەیە لەناو ئەنجومەن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە، چونكە ئەوە بەرێككەوتنی سیاسی كراوەو ئەگەر باس بكرێت لەنێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕاندا دەكرێت. درەو: رێككەوتنەكە كۆتایی هاتووە، كە كۆتایی هاتووە چۆن پرسی پارێزگا باس نەكراوە ؟ بەرزان محەمەد: ئەو بارودۆخە سیاسییەكەی كە لەم ناوچەیەدا هەیە ئەو بوارەی هێشتوەتەوە كە ئەو پرسە وا بڕوات، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەم ناوچەیە خۆی نەگرتوتەوە، ئەو لایەنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵدا هەیە كە یەكێتییە، تائێستا كۆنگرەكەشی یەكلانەكردوەتەوە، بڕوام وایە ئەگەر كۆنگرەكەیان تەواوبێت بە پەیوەندییەكانی خۆیاندا دەچنەوە، تا ئەم ساتەوەختە هیچ شتێك لە بارەی گۆڕینی پارێزگارەوە نەهاتووە. درەو: بە قسەكانتدا دەردەكەوێت پەیوەندی نێوان پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن كە یەكێتییە زۆرباشە، بەڵام پەیوەندی نێوان پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە هەردوكتان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن خراپە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بەرزان محەمەد: هۆكارەكەی تەنها بۆ كاركردن دەگەڕێتەوە، پێموایە لیژنەكانی ئەنجومەن كە یاداشتێك بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە، ئەوە پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی پێداون، ئەو یاداشتانەش بۆ ئەوەیە زانیارییان دەستكەوێت یان لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان بكەن، بەڵام بۆ زۆر بابەت بەتایبەت سایلۆكە ئەوە وەڵامی پارێزگار بوو، ئەوەی ئەركی سەرشانی خۆمەو پەیڕەوەكە دەسەڵاتی پێداوم ئەوە جێبەجێ دەكەم. درەو: ئێستا پەیوەندی نێوان پارێزگارو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، ئەوەندە ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگاو بزوتنەوەی گۆڕانیش بن؟ بەرزان محەمەد: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندی ئاساییە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیشدا تەبعەن تا ئەم ساتە ئەو نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لەو پۆستە، نە خۆی وتویەتی نە بزوتنەوەی گۆڕانیش وتویەتی، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو پیاوی دەوڵەتە (بە پێكەنینەوە)، كۆبونەوەی فراكسیۆن جیایە لە حكومەت، بەڵام یەك كۆبونەوەمانكردووە لەنێوان فراكسیۆنی ئەنجومەنی خۆجێیو حكومەت ئەو نەهاتبوو، نازانم ئەچێتە كۆبونەوەكان یان ناچێت، بەڵام تا ئەم ساتە هەر گۆڕانە، لەسەر پشكی گۆڕانە.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا برازای جەلال تاڵەبانیو براگەورەی نەوەی دووەمی سیاسییەكانی ماڵباتی تاڵەبانییە، ئەو پێشمەرگەی دێرینە، بەڵام نەوەی نوێ زیاتر لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە دەیناسن، ئەوكات ئەو بە راشكاویو بێ پەردە گوزارشتی لە دۆخی شێواوی سیاسیو سەربازی كورد دەكرد، ئەم رۆژانە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا زۆر دەردەكەوێت، (درەو میدیا) لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەكرد، هەوڵماندا روبەڕوو بیبینین، چەندجارێك مۆڵەتی وەرگرت، دواجار پێی وتین ناچارم بەتەلەفۆن گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەتان لەگەڵ بكەم، چونكە زۆر سەرقاڵم، ئەو (ئاراس شێخ جەنگی)یە، یەكێكی ترە لە ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كە خۆی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندید كردووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا لەبارەی بارودۆخی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە وەڵامی پرسیارەكانی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: لە كۆنگرەی چواری یەكێتی ئەبینرێن، بەرنامەتان چییە؟ خۆتان بۆ هیچ پۆستێكی باڵای حزبی كاندید دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من خۆم كاندید ئەكەم بۆ پۆستی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئەوەش كە دەردەكەوم من لە كۆنگرەكانی تریش هەر لەوێ بووم، بەڵام ئەوكات هیچ پێویستم بەوە نەبوو، چونكە خۆم كاندید نەكردبوو، ئەوكات جەنابی مام جەلالیش لە ژیاندا بوو، بەڵام ئێستا بەڵێ من خۆم كاندید كردووە. درەو میدیا: لەوێنەكانی ناو كۆنگرەدا ئێوە وەكو نێوەندگیرێك لەنێوان جەمسەرو كارەكتەرە ناكۆكەكاندا دەردەكەن، ئایا وێنەكان گوزارشت لەواقیعی كاری ئێوە دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من هەروا بووم، من بە چەپكەگوڵەكەی مام جەلال ئیش ئەكەم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هی هەموومانە، بەتەنیا هی من نییە، هی عەمر نییە، هی زەید نییە، هی هەموومانە، هەموومان بەیەكەوە ئەبێت ئیش بكەین، ئەبێت هەموومان هەموو كاتێك هاوكاری یەكتر بین بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگەڕێنینەوە سەر شاڕێگە ئەسڵیەكەی خۆی. درەو میدیا: لە دەرەوە وا دەردەكەوێت كۆنگرەی چوار بەڕێزەوە نەوەی یەكەمی سیاسییەكانی حزب خانەنشین دەكاتو نەوەیەكی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، ئێوە خۆتان لەسەر كام یەكێك لە دوو نەوەكەی یەكێتی ئەژمار دەكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا من جاری بەتەمای خانەنشینی نیم (بەپێكەنینەوە)، بەڵام رەنگە بۆ كۆنگرەی داهاتوو خۆم خانەنشین بكەم. كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە درەو میدیا: پێتوایە نەوە كۆنەكە لەم كۆنگرەیەدا خانەنشین دەبن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من لەگەڵ ئەوە نیم، لەگەڵ ئەوەدام ئەم ئەنجومەنی سەركردایەتییە تازەیە تێكەڵ بێت لە هەردوولا هەموومان پێكەوە، هەندێك لە كۆنەكانیشی تێدا بێتو هەندێك خەڵكی تازەش بێتەپێشەوە، چونكە ئەوانە ئەزمونیان هەیە، ئێمە ئەبێت سود لە ئەزمونەكەی ئەوان وەربگرین، لەم مەرحەلەیەش من لەگەڵ ئەوەم كەوا مەجموعەیەك لەو هەڤاڵانە كە بەئەزمونن بمێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانین یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەبەرین. درەو میدیا: ئێوە گەورە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراقن، سەرۆك كۆمار لە كۆنگرەدا دوچاری مشتومڕ كرایەوە، دەوترێت زۆرێك لە ئەندامانی كۆنگرە كارتی سوریان بەڕویدا بەرزكردوەتەوە كاتێك پێشنیازكراوە بەتەزكییە بكرێت بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: نا، مەلەسە سەرۆك كۆمار نەبوو، هەڵەتێگەیشتنێك هەبوو، ئەو هەڤاڵەی كە پێشنیازەكەی كرد، بەشێوەیەك كردی كە نەیتوانی خەڵكەكە بەباشی تێبگەیەنێت، بەڵام دوای ئەوە كە خەڵكەكە تێگەیشت ئەمە بۆ ئەم سەرۆك كۆمار نییە، ئێمە لە عێراقو كوردستاندا چەند پۆستێكی سیادیمان هەیە وەكو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو جێگری سەرۆكی حكومەت، لەبەرئەوە ئەبێت ئەو خەڵكانەی خۆمان بە ئیحترامەوە بخەینە ئەو سەركردایەتییەی كە هەیە، ناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم بخەمە ناو دەنگدانێكەوەو بیشكێنمو چەند كەسێك هەستێت.. یەعنی نابێتو لە عورف و هیچ عادەتێكدا نەبووە لە دنیادا، ئێمە پێشتریش ئەوەمان پەیڕەو كردووە، جەنابی مام جەلالو كاك كۆسرەتو كاك بەرهەم. درەو میدیا: مەبەستت ئەوەیە تەزكیەتان پەیڕەو كردووەو پێشتریش هەر هەبووە ؟ ئاراس شێخ جەنگی: بەڵێ، بەڵام ئەمە بۆ چەند كەسێكە بۆ چەند پۆستێكە، پاشان خۆم هێشتا مەعلوم نییە، ئەوان ئەوە دەرچوون، بەڵام خۆ لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سێ كەسن، ئیتر تەواو، خۆناكرێت من سەرۆك كۆمارەكەم سەركردایەتی نەبێت. درەو میدیا: دوای كارتە سورەكانی كۆنگرە، ئێستا بەرهەم ساڵح چانسی هەیە بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من جاری نازانم، ئەوەیان ماوەیەتی، چونكە ئەوە ئەكەوێتەوە دەست ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە داهاتوودا، نازانم بەڕاستی، كێ ئەڵێ خۆی، خۆی هەڵئەبژێرێت بۆ ئەو پۆستە، جاری من بەڕاستی ئەوەم لە جەنابی كاك بەرهەم نەپرسیوە. هێشتا دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیارینەكراوە درەو میدیا: لەبارەی جێگری سەرۆكی حزبەوە قسەوباسی جیاواز هەن، هەندێك دەڵێن سەرۆك تەنیا یەك جێگری دەبێت، هەندێكی تر باس لە چوار جێگر تاوەكو پێنج جێگر دەكەن ؟ كام یەكێك لەو پێشنیازانە دەبێتە بڕیاری كۆتایی ؟ ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، چونكە مەسەلەی پەیڕەو لە كۆنگرەدا هەندێك شتی ماوە كە تەواو بكرێت، ئەو ئەنجومەنە تازەیە راسپێردراوە كەوا لەگەڵ هەندێك خەڵكی شارەزا بۆ ئەوەی كەوا رێكبكەون دەستكاری پەیڕەو بكرێتو ئەو پەیڕەوە بكرێت بەرێگای خەباتی یەكێتی. درەو میدیا: ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ لە داهاتوودا سەرۆكایەتی دەكات دەسەڵاتەكانی چین ؟ راستە مافی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی سەرۆكو ئەنجومەنی سەركردایەتیان دەبێت ؟ ئاراس شێخ جەنگی: هێشتا دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، ئەوكات ئەویش هاوشێوەی ئەو ئەنجومەنە تازەیەی كە هەڵدەبژێردرێت دادەنیشن بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانیان دەستنیشان بكەن. درەو میدیا: چارەنوسی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چی دەبێت، ئەوان زۆربەیان ئێستا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی دانراون، كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ دەنگی بۆ نەداون ؟ ئاراس شێخ جەنگی: مەكتەبی سیاسی نەما، تەواو بوو، دوێنێ ئەو مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییە كۆنەی كە هەبوو هەمووی تەواوبوو، ئێمە هاتینە ناو كۆنگرەی تازەوە، ئێستا كەس مەسئولی سیاسییە نییە، جگە لە سێ كەس كە سەركردایەتینو ئەوانەن هەڵبژێردراون (بەرهەم ساڵح- رێواز فایەق- قوباد تاڵەبانی). درەو میدیا: ئەو مەكتەب سیاسییانە لە داهاتوودا كێشەی بۆ سەرۆكو ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حزب لە بڕیارداندا دروستناكەن ؟ ئاراس شێخ جەنگی: من نازانم دەسەڵاتەكانیان چییە، وەكو پێموتن دەسەڵاتەكانیان دوای هەڵبژاردنی سەركردایەتی تازە لیژنەیەك دیاری دەكرێت بۆ دانانی دەسەڵاتی ئەم هەڤاڵە بەڕێزانە. درەو میدیا: دەوترێت كۆنگرەی چوار بە تەوافوقێكی پێشوەختەی تەواوەتی بەڕێوەدەچێت، ئەمە تاچەند راستە ؟ ئاراس شێخ جەنگی: وانییە، وەڵا خەڵك هەیە هەڵئەسێت قسەئەكات، من خۆم هەڵساوم قسەم كردووە، رەخنەم هەبووە، بەڵام هەندێك شت هەیە ئەبێت تەوافوقی لەسەر بكرێت، خۆ ئێمە ناتوانین یەكێتی بخەینە حاڵەتێكەوە كەس نەزانێت بۆ كوێ ئەڕوات، ئێمە مەجبورین یەكێتی بەرەو كەنارێكی ئارام بەرین، لەبەرئەوە هەندێك شت هەیە خەتی سورە، ناتوانین لێی لابدەین. پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەبو توركمانەكانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە درەو میدیا: باسلەوەكرا فەرەیدون عەبدولقادر لە هۆڵی كۆنگرە كراوەتە دەرەوە؟ ئاراس شێخ جەنگی: راست نیە، كاك فەرەیدون پیاوێكی موحتەرەمە، برای ئێمەیە، ئەزیزمانە، بەعەكسەوە وەكو دوێنێ خۆیشی رونكردنەوەیەكی دا، كاك فەرەیدون هاتوەتە قاعەكەوەو دوای رۆیشتووە، خۆی رۆیشتوەتەوە، یەعنی هیچ نەبووە، هەر خۆی خۆی هاتووەو خۆیشی پێش ئەوە وتویەتی دێم بۆ فەترەیەكی كەمو ئەڕۆم، شتی وان نییە، ئێمە كۆمەڵێك كەسین كە تۆزێك ئەدەبو ئەخلاقمان تێدایە، ئەم پیاوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێمە بووە، چەندەها ساڵ وەكو مەسئولمان وابووە، چۆن خەڵك ئەكەینەدەرەوە لە قاعەكەدا، ئەمە ئەسڵەن ئسوڵو ئەدەبی ئێمە نییە. درەو میدیا: ئێستا لایەنە كوردستانییەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بەچڕی چاودێری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەكەن، هاتنەپێشەوەی نەوەی دووەم لەناو یەكێتیدا بەبۆچوونی ئێوەی چ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی حزبەكەدا دروستدەكات، هەندێك لە ئێوە باسی گێڕانەوەی هاوسەنگی سیاسی دەكەن، ئەم هاوسەنگییە چۆن دروستدەكرێت ؟ ئاراس شێخ جەنگی: وەڵا ئێمە ئیشی بۆ دەكەین، ئێمە پەیڕەوو پرۆگرامی تازەمان هەیە، ئەم پەیڕەوو پرۆگرامە دەبێت ئیشی بۆ بكەین، پیشانی خەڵكی بدەین كە ئێمە بەڕاستمانە دەمانەوێت خزمەتی خەڵكی بكەین، كێشەو كەموكوڕییەكانی كە هەیە بتوانین پڕی بكەینەوە، بتوانین كارو ئیشی باش پێشكەشی خەڵك بكەین، هەڵبژاردنیش هەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین بەرنامەكەمان جێبەجێ بكەین ئەوكات خەڵك هاوكارمان دەبن بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتو ئەو هاوسەنگییەی كە هەیە لە ناوچەكە. درەو میدیا: ئێمە پێش هەمووان لە (درەو میدیا) دەقی رەشنوسی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیمان دەستكەوتو بڵاومانكردەوە، وا دەردەكەوێت پەیڕەوەكە زۆر ئاڵۆزە، بەبۆچونی ئێوە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە لەواقیعدا دوچاری ئاستەنگ نابێت ؟ ئاراس شێخ جەنگی: ئەو پەیڕەوەی كە ئێوە بڵاوتانكردەوە رەشنوس بوو، دەستكاری دەكرێت، لیژنەی تایبەتمەند دادەنرێت بۆ ئەوەی دەستكاری ئەو پەیڕەوە بكات، ئەو پەیڕەوە وا دەگونجێنین، كە لەگەڵ واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بگونجێت. درەو میدیا: پەیڕەوەكە لەڕووی دەسەڵاتەوە یەكێتی دابەشكردووە بەسەر چەند ئۆرگانێكدا، ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لەناو یەكێتیدا كە لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئێوە بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنن؟ ئاراس شێخ جەنگی: بۆچی..؟ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێتو ئەوانیش لیژنەیەك هەڵدەبژێرن وەكو مەكتەبی سیاسی پێشوو، مەرج نیە ناوی مەكتەبی سیاسی بێت، ئیشوكارەكان بەڕێوەدەباتو سەرۆكی دەبێتو جێگری دەبێت، لەناو یەكێتی دەسەڵاتەكان بەردەوام وابووە، مەكتەبی سیاسی بڕیارەكانی داوەو سەركردایەتی هەبووە، باوەڕناكەم ئاڵۆزییەك هەبێت. درەو میدیا: واتا یەكێتی پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە یەكێتییەكی جیاواز دەبێت؟ ئاراس شێخ جەنگی: بەدڵنیایەوە.. بە دڵنیاییەوە. درەو میدیا: ئەمانەوێت لەبارەی كەركوكەوە پرسیارتان لێ بكەین، ئێوە لە دوای ریفراندۆمو بەمدواییەش لە دانوستانی پێكهێنانی حكومەتدا كەركوكتان خستەناو گرەوی بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارەوە، بەڵام تائێستا ئەو پۆستەتان وەرنەگرتووە، چارەنوسی كەركوك بەكوێ دەگات ؟ ئاراس شێخ جەنگی: پۆستی پارێزگار دەبێت لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكەیتەوە، كاتی خۆشی رام وابووە، ئەو پۆستە دەبێت لەگەڵ بەغداو عەرەبو توركمانی كەركوك یەكلای بكەیتەوە، ئەنجومەنی پارێزگا هەڵوەشاوەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دواخراوە، بارودۆخی عێراق ئاوای لێهاتووە، دەبێت لەگەڵ عێراق، لەگەڵ عەرەبو توركمان هەرسێكمان دابنیشین، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا عەلی كەریمى یەكێكە لەو چالاكە سیاسیانەی كە لەچەند دەیەی رابردوودا لەناو حزبەكانی رۆژهەڵات و باشوری كوردستان كارەكتەرێكی دیار بوو، وەك خۆی دەڵێت" لەیەك كاتدا پێشمەرگەی شۆڕشی دوو پارچەی كوردستان بووە"، ئەو سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێران پێی وایە هۆكارەكە تەنها گرانبونی نرخی بەنزین نیە، دەیان قەیران و كێشەی تر پاڵنەری خۆپیشاندانەكانن، ئامۆژگاری هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵات دەكات "لە ئێستادا و بەچەكەوە واریدی خۆپیشاندانەكان نەبن". لەم گفتوگۆ رۆژنامەنوسیەیدا لەگەڵ ( درەو میدیا) عەلی كەریمی دوایی پێشهاتی خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەخاتە روو. دەقی چاوپێكەوتنەكە درەو میدیا: لە خۆپیشاندانەكاندا هەندێك درووشم دەوترێنەوە كە بەدوورن لە كرانبونی نرخی بەنزین، پرسیارەكە ئەوەیە هۆكاری خۆپیشاندانەكان تەنها گرانبونی نرخی بەنزینە یاخود هۆكاری دیكە ؟ عەلی كەریمی: راستیەكەی ئەوەیە كە بەرزبونەوەی سێ قاتی نرخی بەنزین كە نرخی دۆلارێك گەیشتوتە (15 هەزار) تمەن، كرێكارێك تا ئیوارە كاردەكات كیلۆیەك گۆشت ناكات، بەنزین مۆرەیەكی حەیاتیە بۆ خەڵك، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان ژیانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی كرێ و گواستنەوەیە، گرانبونی نرخی بەنزین لەسەر هەموو ئەو قەیرانانەی تر، بیانوو هۆكار گەلێك بوون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەماوەیەكی كەمی دوو سێ رۆژە خەڵكی بڕژێنە سەر شەقامەكان، دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەر ناكۆكیەكانی خۆیان و دزی و گەندەڵیەكی لەرادەبەدەر، ئەو بەرزكردنەوەیەی نرخی بەنزین لای خەڵكی واكەوتەوە كە بەرپرسان دەیانەوێت دزی و راوور روت بكەن، بە ئاشكرا خۆپیشاندەران لە تارانی پایتەخت وتیان چیدیكە پارەی خۆمان بۆ( سوریا و یەمەن و حزبوڵا ) نانێرین. درەو میدیا: بۆچی بەرپرسانی ئێران پەنایان بۆبەرزكردنەوەی نرخی بەنزین برد، ئایا بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین قەیرانی دارایی ئێران سوك دەكات؟ عەلی كەریمی: نەخێر، ئەوان پێیان وابووە زۆربوونی ئۆتۆمبیل كاریگەری ژینگەیی و تەندرووستی زۆر خراپی هەیەو پێویستە بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین رێژەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل كەمبكەنەوە، ئەمە كێشەیەكە رەگێكی مێژووی هەیە، بەڵام لەم كاتەدا كە ئەو بریارەیاندا بەرای من دەستێك هەبوو لەناو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە دەیانویست باڵەكەی تر بشكێنێت، ئەوەی دیكەش خامنەیی بوو كە پێی وابوو دەبێت ئەو هەم و جەنجاڵی و قەرەباڵغیەیەی ئۆتۆمبیل نەمێنێت، بەشێكیشی بۆ پاشەكەوتی كورتهێنانی بودجە بێت. ئەو هەنگاوەیان بۆیە كرد كە لەتەپڵی سەری حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران بدەن، ئەوەیان بەروحانی كرد و روحانیش چوە داوەكەوەو ئێستاش دەیانەوێت هەمووی لەسەری روحانیدا بشكێننەوە، كە روحانی موستەهەقە. درەو میدیا: ئەم خۆپیشاندانانە چی كاریگەرییەكی لەسەر شەقامی كوردی هەبووە لە شاروشارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان؟ عەلی كەریمی: لە راستیدا شەقامی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر دەمێكە چاوەڕەوانی ئەوەن، خەبات و قوربانیدانیان ئاوێتەی هەموو شارە گەورەكانی ئێران بێت، بەدرێژایی ئەو 40 ساڵە كورد لە پەراوێزدا بووەو هەرگیزاو هەرگیز، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دوانەی پێكەوە نەكوڵاوە، بۆیە كە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەبوو لە شەقامەكاندا كورد بەتەنها دەمانەوە، بەڵام ئەمجارە، بەڵام ئەمجارەیان شەقامی مەریوان و جوانڕۆو سنەو كەرماشان، ناڕەزایی خۆیان لەگەڵ شەقامی ئێرانی تێكەڵاوكرد، لەوەدا كارێكی زۆر عاقڵانەیانكرد، بەبێ ئەوەی كە فەرمان لە حزبێكی سیاسی یان لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە وەرگرن دەستیان خۆش بێت. درەو میدیا: گرانبوونی نرخی بەنزین زیاتر كاریگەری لەسەر بارودۆخی شارەكوردییەكان درووست كردووە، یاخود شەقامی كوردی گرانبونی نرخی بەنزینیان لەگەڵ هەستی نەتەوایەتی تێكەڵكردووە؟ عەلی كەریمی: گرانبوونی نرخی بەنزین لە بیانویەك زیاتر نیە، گەلانی ئێران زۆر زۆر قەیران و نەهامەتی چێشتووە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام میللەتی كورد جیاواز لە بەشەكانی تری ئێران لە چەوساندنەوەی ئابوریدایە لەچەوساندنەوەی نەتەوایەتیدایە، كە شارەكانی تەحریمە لە زۆر شت، كە بۆ شارە گەورەكانی ئێران كراوە بۆ شارە كوردییەكان نەكراوە، چی لەبواری ئابوری چی لەبواری خۆشگوزەرانیەوە، ئەوەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكرێت پەنگخواردنەوەی كۆمەڵێك كۆمەڵێك ویست و داخوازی 41 ساڵی رابردووە چی لەبواری نەتەوەیی و ئابورییە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران ئیهانەی هەستی نەتەوایەتی گەلی كوردیان كردووە، هەر زیندان و ئەشكەنجەدان و فشاری زۆریان لە گەلی كورد كردووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمڕۆ كە هەلەكەیان قۆستۆتەوە. درەو میدیا: ئێوە لە نزیكەوە ئاگاداری رروداوەكانن، ئێستا بە كوێ گەیشتووە، بەتایبەت لە شارە كوردییەكان؟ عەلی كەریمی: من چەند لینكێكم هەیە لە شارەكانی كوردستان و راستیەكەی ئەوەیە زۆر بەگەرمی لە بۆكان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستی پێكردووەو زۆربەی بانكەكانی ئەو شارە سوتێنراون، قایمقامی شاری جوانڕۆ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گیرابوو، ژمارەیەك گەنجی خۆپیشاندەر شەهید بوون، شەهیدەكان باس لە 12 و 13 شەهید دەكەن بریندارەكان لەسەرو 50 وەیە، لە مەریوان شەهیدەكان گەیشتۆتە 9 كەس و بریندارەكان لە 50 تێپەڕیوە، ئەوەی كە داوو دەزگاكان دەسوتێنن ئەوەیە كلتۆرێكە هەر لەسەردەمی شاوە رقو توڕەیی خەڵك ماتێك دەستیان ناگاتە خودی دەسەڵات، تۆڵە لە كەرستەو ئامرازەكانی دەسەڵات تۆڵە دەكەنەوە، وەك بانكەكان و فەرمانگەكان، بە رەئی من ئەوە شتێكی سورشتیەو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا روو دەدات، لەبیرمانە 41 ساڵ لەوەو پێش و زەمانی روخانی شا، خەڵكی هەر ئەو كارەیان دەكرد، ئەمڕۆكەش هەر ئەو كاە دەكەن. درەو میدیا: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە شاری مهاباد چۆنە، هەست ناكرێت خۆپیشاندانەكان لەوشارە وەك شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان بێت؟ عەلی كەریمی: تا ئێستا هیچ روداوێك لە مهاباد روینەداوە، شاری مهاباد هەمیشە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەری مارەكە دانراوە، بە ماكەی كوردایەتی داناوە، رەنگە ئەوە بێت بەهۆی ئەو رقەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە خەڵكی ئەوشارە نەیانەوێت بیانویەك بدەنە دەست كۆماری ئیسلامی، چونكە رەنگە خەڵكی ئەو شارە قەتڵوعام بكات، لە سێ رۆژی رابردوو لە 57 شاری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەیە بەڵام لە هەمووان زیاتر لە مەریوان و لە جوانڕۆ خەڵكی شەهید بووە، لە هەموویان زیاتر لە مەریوان و جوانڕۆ و شارە كوردیەكاندا بریندار هەیە، ئەوە بەو مانایەیە كە كۆماری ئیسلامی ناوێرێت بەرامبەر خەڵكی شیراز و تەورێز و ئیسفەهان و شارە گەورەكانی ئێران، دێت تۆڵە خەڵكی كورد دەكاتەوە، هەموو بەرپرس و هێزە ئەمنیەكان و پۆلیس لە شارە كوردییەكان غەیرە كوردن، پاسداری فارس و عەجەمن، بۆیە ئەوان رقەوە فیشەك بەناوچاوانی هاوڵاتیانی كوردەوە نیشانەدەگرن، بەڵام لە شارەكانی دیكە قاچیان بێت یان دەستیان بێت، بەقینەوە تەقەیان لێناكەن، بۆیە ئەگەر شاری مهاباد وریا نەبێت كۆماری ئیسلامی تۆڵەو رقی هەمووی بەهاوڵاتیانی مهاباد دەڕێژیت. درەو میدیا: رۆڵی حزبە كوردیەكانی ئێران چیەو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن؟ عەلی كەریمی: من لەگەڵ زۆربەی حزبەكانی رۆژهەڵات راوێژو قسەم كردووە، ئەوان پێیان وایە كە دەبێت ئێستا ئەوان خۆیان بەدیار نەخەن، ئەوان پێیان وایە لە ئێستادا ئەگەر حزبەكان رێبەرایەتی و سەركردایەتی خۆپیشاندەران بكەن بیانوو دەدەن دەست كۆماری ئیسلامی ئێران، رەنگە لەوەدا من تەییدیان بكەم، لێبگەڕێن كە كۆمەڵانی خەڵكی رۆژهەڵات خۆیان رابەری خۆیان بەدەستەوە بگرن، وەك هەموو ئەو جوڵانەوانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لە تونس و یەمەن و سوریا و هتد,, دەستیان پێكردووە، زۆربەیان سەركردایەتیەكی دیاریكراویان نەبوو، بەڵكو لەناو شۆڕەكەدا سەركردایەتی درووست بووە، هیوادارین حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جارێ بەچەكەوە واریدی هیچ شتێك نەبن، هەتا گرێدراوێكی باش بكەن لەگەڵ جوڵانەوە سەرتاسەریەكەی ئێران، بەیەكە بتوانن كاربكەن. درەو میدیا: هەست ناكەن شەقامی رۆژهەڵاتی كوردستان حزبەكانی كوردیەكانیان جێهێشتبێت؟ عەلی كەریمی: ئەو شەقامەی كە ئێمە 41 ساڵ پێش ئێستا جێمانهێشت، ئەورۆكانە ئەو شەقامە نیە، ئەو شەقامە ئێستا كۆمەڵێك بیروباوەڕی تازەی بەسەردا هاتووە، 41 ساڵ لەمەوبەر شەرم و گەنجێك ماركسی نەبێت كۆمۆنیست نەبێت، ئێمە دەیان رێكخراوی چەپ و كۆمۆنیستمان هێناو لە مهایاد بارەگاكان بۆ كردبوونەوە، ئەو كات ماركسی یان سۆسیالیست نەبای عەیب بوو، ئێستا گوارەكان هەمووی گۆڕاوە،وە خەڵك وابیرناكاتەوە. درەو میدیا: ئەنجامی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە بەكوێ دەگات و لەكوێدا دەوەستێت؟ عەلی كەریمی: جیاوازیەكی گەورە دەبینم لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی سێ ساڵی پێشوو یاخود جوڵانەوەی سەوز كە 12 ساڵ پێش ئێستاكرا، كە كۆمەڵانی خەڵكو بەهەموو جۆرو دەستەیەكەوە تێكەڵاوبوون، تەنها نوقستانیەك ئەوەیە كە رۆڵی گەورەی ژنان نابینم، كەمتر ژنان دەبینم، چونكە شتەكە لەبەنزینەوە دەستی پێكردوو و بەنزینیش زیاتر كاری پیاوان بوو پیاوان هاتنە شەر شەقامی، بەرەئی من رەنگە ئیدامەی خۆیدا ژنانیش بێنە سەر شەقام، جیاوازیەكی گەورەش كە دەیبینم، خەڵكی شارە كوردیەكان هاتونەتە سەر شەقام ئەوەیە كە شۆڕە مەدەنیەكە تێكەڵاو بووە، زۆربەی، میدیا و كەناڵە نێو دەوڵەتیەكان چەندێك باسی شیرازو شارەگەورەكانی ئێران دەكەن، دوو هێندەباسی شارە كوردیەكان و جوانڕۆ و مەریوان و بۆكان دەكەن، ئەوەی گرنگە ئێمە بتوانین ئەو خۆپیشاندان و شۆڕە تێكەڵبكەین بە شارە گەورەكانی ئێران بەتایبەت تاران، جیاواز لە رابردوو رەهبەریەكی یەكگرتوو درووست بكرێت، لە ئێستادا ئەو هێزە كوردیانەی چەكیان هەیە بە چەكەوە خۆیان نیشان نەدەن، هەتا ئەو رۆژەدا پێویست دەكات و ئەو كاتیش دەبێت هێزێكی نیشتیمانی هەبێت، بەبێ هێزێكی نیشتیمانی، توشی كارەساتی گەورە دەبین وەكو باشوری كوردستان، وەك چۆن لەباشور توشی بووین.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا چوار ساڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەوكات كە یەكێك لە پۆستە باڵاكانی كوردی لە بەغداد بەدەستەوە بوو، هاوشێوەی ئێستا عێراق بە شەپۆلێك خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی قورسدا تێپەڕی، خۆپیشاندەران چوونە ناو گرنگترین دامەزراوەی عێراقەوە كە پەرلەمان بوو، یەكێك لە سەركردە گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە، كە لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا) ئاشكرایدەكات ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبیو ئۆرگانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوە، ئەو (ئارام شێخ محەمەد)ە، لەم چاوپێكەوتنەدا دەیەوێت وەكو كەسێكی سەربەخۆ قسە لەسەر دۆخی عێراق بكات. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: ئێوە لەماوەی رابردوودا پۆستێكی باڵاتان لە عێراق هەبووە، خوێندنەوەتان چییە بۆ دواین پەرەسەندنەكانی عێراق، دۆخەكە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت ؟ ئارام شێخ محەمەد: پێشهاتەكانی دۆخی عێراق لە گۆڕانكاری بەردەوامدان، قورسە پێشبینیەكی دیاركراوی بۆ بكرێت، بەڵام ئەوەی بوەتە فاكتو راستی ڕوون ئەوەیە، دۆخی سیاسی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، كە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە. پێناچێت خۆپیشاندەران بەدەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە ماڵەكانیانو شەقامەكان چۆڵبكەن، پشتیوانیكردنی ئاشكرای مەرجەعییەتیش بۆ خۆپیشاندەران لە دواین بەیاننامەیدا، گۆڕێكی گەورەتر دەدات بە خۆپیشاندەران بۆ سوربون لەسەر داواكارییانو، چۆڵنەكردنی شەقام تا ئەوكاتەی هەنگاوی بەرجەستە لەسەر زەمینی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی عێراق بەدیدەكەن، پێموایە خۆپیشاندانەكان لەپەرەسەندنی بەردەوامدا دەبنو رەنگە تا هەینی داهاتوو گۆڕانكارییەكان زۆر خێراتربن، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانیش لە ئێران رۆڵی دەبێت لە پەلەكردنو بڕیاردان لە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ترسی دەرنەچوونی دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكانو دروستبوونی ئاژاوەو پشێویی، كە ئەمە مەسەلەیەكە كەس خوازیاری نییەو لەبەرژوەندی گەلانی عێراقیشدا نییە. درەو میدیا: هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێن لە بواری چاكسازیدا؟ ئارام شێخ محەمەد: حكومەتەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كۆمەڵێك بڕیاریداوە بەئاڕاستەی ئەنجامدانی چاكسازی، وێڕایی ئەوەی دەیان بەرپرسی عێراق راپێچی بەردەم دادگاكان كراوە بە تۆمەتی گەندەڵیو لیستەكەش درێژەو هێشتا زۆری تریش ماوە لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، هەمواركردن كابینەی وزاریو گۆڕینی وەزیرەكانیش یەكێكی ترە لە هەنگاوەكانو رەنگە (7 بۆ 9) وەزیری ئەم كابینەیە بگۆڕدرێن، پەرلەمانی عێراقیش هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ پەسەندكردنی ئەو یاسانەی حكومەت لەبەرژەوەندی خەڵكن، بەڵام بەداخەوە پێدەچێت كات درەنگ بێتو شەقامیش متمانەی بە زۆرێك لەهێزە سیاسییەكان نەمابێت، بۆیە تائێستا هەموو ئەو هەنگاوانە نەیتوانیوە قەناعەت بە خۆپیشاندەران بكەنو كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بهێنن. شتێكی تر كە پێویستە بیڵێم ئەوەیە، ئەم خۆپیشاندانانەی كە ئێستا لە عێراقو چەندین وڵاتی تری ناوچەكە سەریانهەڵداوە، ئەنجامن نەك هۆكار، كاردانەوەن پێش ئەوەی كاربن، ئەنجامی كەڵكەبونی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتیو دابەشنەكردنی سامانی گشتییە بەسەر تاكو گروپە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەیەكی یەكسان. ئەوەی لە عێراق رودەدات بەرهەمی كەڵەكەبونی كێشەی چەندین ساڵو پەنگخواردنەوەی كۆمەڵێك دەردی ئابوریو كۆمەڵایەتییە، كە خراپی ئەدائی سیاسیو ئیدارەدانی نازانستیانە سەرچاوەی نەهامەتییەكانێتی. درەو میدیا: بەڕای ئێوە بۆ دەربازبون لە ئاكامە خراپەكانی دۆخی ئێستای عێراقو رێگەگرتن لەئەگەری سەرهەڵدانی پشێوی، هێزە سیاسییەكانی عێراق بڕیاری چیبدەن؟ ئارام شێخ محەمەد: بەڕای من بۆ بەرگرتن لە سەركێشانی دۆخەكە بۆ پشێویو ئاژاوە، كە وەك وتم لەبەرژەوەندی كەس نییە، هێزە سیاسییەكان كۆمەڵێك داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران هەیە هەوڵی دیراسەیەكی خێراو جدی بدەنو بڕیاری لەبارەوە بدەن، تا ئەو ئاپۆڕا گەورەیەی خەڵك لەسەر شەقام بێتو رۆژانە خۆپیشاندەر بكوژرێتو برینداربێت، دەرگاكان بەڕووی هەموو ئەگەرەكاندا كراوەیە، بۆ ئەوەی رێ لەمە بگیرێت، با هێزە سیاسییەكان بەپێی ئەو رێكارانەی دەستور دیاریكردووە لە هەنگاوی یەكەمدا بڕیاری قبوڵكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بدەن، بەڕای من رەنگە ئەمە بەشدارییەكی بەرچاوی هەبێت لە خاوكردنەوەی توڕەیی شەقام، دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردنو گۆڕینی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیش هەنگاوی گرنگن لەم رووەوە، پێموایە پەرلەمانی عێراق هەنگاوەكانی بەم ئاڕاستەیە دەستیپێكردووەو ئەمە كارێكی باشە. درەو میدیا: ئەی لەبارەی داواكاری هەمواركردنەوەی دەستور؟ ئارام شێخ محەمەد: داواكاری گۆڕینی دەستور داواكارییەكی سیاسییە، خەڵكی هەلی كارو نانو ژیانێكی شەرەفمەندانەی ئەوێت، بەڕای من ئەم داواكارییە داواكاری كۆمەڵێك هێزی سیاسییەو لە داواكاری خەڵكیانەوە پێچاوە، ئەگەر حكومەتێكی رەشیدو خزمەتكاری خەڵك لە عێراق بوونی هەبێت، شەقام كێشەی دەستوری نییە، عێراق كێشەی دەستوری نییە، كێشەی ناعەدالەتیو گەورەبونی جیاوازی نێوان چینەكانی هەیە، ئەگەر كێشەیەك لە دەستوردا هەبێت، ئەوا ئەوەیە جێبەجێناكرێتو هێزە دەسەڵاتدارەكان پابەندنابن پێوەی، ئەگینا دەستوری عێراق یەكێكە لە دەستورە پێشكەوتوو و مەدەنییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، پاشان دەستوری عێراق تەنها گریبەستێكی سیاسیو كۆمەڵایەتی نییە لەنێوان دەسەڵاتو خەڵك، دەستوری عێراق كۆدو كلیلی پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونو مافە نەتەوەییو ئاینیو هەموو جیاوازییەكانە، هەر دەستكاریكردنێك لاسەنگی دروستبكاتو دەنگی رەنگێك بەسەر رەنگەكانی تردا زاڵبكات، ئەوا هەموارەكە لەبری ئەوەی هەنگاوێك بێت بە ئاڕاستەی چاكسازی، زیانی گەورەتر دەدات. درەو میدیا: ئەمە رای بزوتنەوەی گۆڕانیشە كە پشتیوانی لە دەستكاریكردنی دەستور ناكات ؟ ئارام شێخ محەمەد: من ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبیو ئۆرگانیم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوەو وەك سیاسییەكی سەربەخۆ تەعبیر لە بۆچونەوەكانی خۆم دەكەم، نازانم ئەوان رایان چۆنەو چۆن بیر دەكەنەوە لەم مەسەلەیەدا، ئەتوانیت لە خۆیان بپرسیت.
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكاتەوە، بەپێی قسەی هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی. هێمن شێخانی بونی مەرجەع بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست نازانێت و دەڵێت" جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم". شێخانی لەم گفتوگۆیەدا باس لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دەكاتو دەڵێت گۆڕان هێشتا بەتەواوەتی ئەو پۆستانەی وەرنەگرتووە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا رێككەوتنی لەسەر كردووە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو: بەپێی دواین زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە بكات، پێشتر كۆبونەوەتان رەتدەكردەوە، چۆن بوو ئێستا بڕیاری كۆبونەوەتان داوە؟ هێمن شێخانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكێتی خۆی كێشەی هەیە، ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە، بڕیارمانداوە ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستووە هێورببێتەوە، ئەو گرژیانە لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، نە لەبەرژەوەندی ئەو حزبانەدایە كە سەركردایەتییەكەیان لە سلێمانییە، نە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەدایە. درەو: باس لەوە دەكرێت وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گلەییان هەیە لە مامەڵەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ؟ هێمن شێخانی: تا ئێستا ئەوەی كە من لە زاری خۆیانەوە (وەزیرەكانی گۆڕان) بیستومە، هیچ بەربەستێك لەبەردەم كارەكانیاندا نییە، راستە ئەركەكانیان قورسەو سەرەتایە، بەڵام ئەو بەرنامەیەی هەنگاوی بۆدەنێن تائێستا هیچ بەربەستێكیان نەبووە. درەو: ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێوە لە پیرمام لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، ئەو كۆبوەنەوەیە بۆچی بوو ؟ هێمن شێخانی: چارەسەركردنی كێشەی كەركوك خاڵێكی گرنگو جەوهەرییە، دانیشتنەكان دەبێت دوو لایەنەو سێ لایەنە نەبێت، هێزی یەكەم لە پارێزگای كەركوك كە یەكێتییە دەبێت ئەوانیش لە كۆبونەوەكاندا بنو رێككەون لەسەر ئەوەی پشكی كورد چەندەو چۆن پارێزگاری لێدەكەن، هەروەها لە كۆبونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە پشكی 12%ی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا نەهاتۆتە خوارەوە، بۆ نمونە (3) نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە پشكی گۆڕانە، بەڵام تائێستا دیاری نەكراوە بۆ كام وڵاتەیە. درەو: رێگری هەیە یان رۆتینیە رێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی هەمووی جێبەجێنەكراوە ؟ هێمن شێخانی: نا.. نا رێگری نیەو من تا ئێستا هیچ رێگرییەكم نەبینیوە، پێشم وانیە رێگری هەبێت، ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ كراوە كۆتا كۆبونەوە دەبێت بۆ رونكردنەوەی زیاتری پشكی گۆڕان لە حكومەت. درەو: رەخنەی ئەوەی لە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت، كە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام لە پارتی نە سەرۆك و نەجێگری سەرۆك ئامادە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ نەبوون ؟ هێمن شێخانی: بەرای ئێمە پرسەكە بەتایبەت پرسی كەركوك ئەوەندە گرنگە، لای ئێمە ئەگەر پۆستی لەسەرو كاك عومەریشەوە هەمانبوایە دەماننارد، واتا پرسەكە گرنگە، گرنگە ئەوەیە ئێمە پەیامەكە بگەیەنین هەوڵەكە بدەین، ئامانجەكەمان بپێكین، ئەوەی ئەوان كەسی یەكەمیان نەناردووەو ئێمە كەسی یەكەم چووە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە كەسی لەسەرو كاك عومەرییشەوە هەمان بوایە دەماننارد. درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كەی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ؟ هێمن شێخانی: لە 14ی مانگ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دەكرێت بە رێكخەریشەوە. درەو: ئامادەكاری كراوە، رێوشوێنو هەنگاوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە گیراوەتەبەر ؟ هێمن شێخانی: بەڵێ، ئامادەكاری كراوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە. درەو: گۆڕانكاری دەكرێت لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا ؟ هێمن شێخانی: دەرگای گۆڕانكاری لە 100% دەكرێتەوە، ئەو ئەندامانەی كە دەردەچنەوە پەیوەندی بە دەنگدانی جڤاتی نیشتیمانییەوە هەیە كە دەنگی پێدەدرێتەوە، بەڵام بەتەئكید گۆڕانكاری لە خانەی راپەڕاندن دەكرێت. درەو: گۆڕانكارییەكە رێكخەری گشتیش دەگرێتەوە ؟ هێمن شێخانی: من ئەوە نازانم، چونكە من ئێستاش نازانم كێن ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین ؟ درەو: عومەر سەید عەلی بۆ ئەم خولەش وەكو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەمێنێتەوە ؟ هێمن شێخانی: باوەڕ بكە تائێستا نازانم ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین كێن، ئەزانم كەسی شیاومان هەیە، بەڵام نازانم كاندیدەكانی رێكخەری گشتی كێن. درەو: جگە لە عومەر سەید عەلی كەسی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كاندید دەكات ؟ هێمن شێخانی: ئەوەی خۆم تەوەقوعی دەكەم لە كاندیدێك زیاتر هەیە بۆ رێكخەری گشتی. درەو: ئێستا باس لە بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەكرێت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، رای بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە چییە ؟ هێمن شێخانی: رای خۆمو بەشی زۆری ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیش ئەوەیە كە تاكە مەرجەعی ئێمە خودی بەرنامەكەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، لە رابردوودا ئەو بووەو بۆ ئێستاو داهاتووش هەر ئەوە مەرجەعمانە، هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆمان نازانین. من وەكو هێمن، جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم. درەو: ئێوە بوونی مەرجەعێكی سیاسی بە زیان بۆ هەرێمی كوردستان دەزانن ؟ هێمن شێخانی: مەرجەع پێویست نیە، پێموایە گرفتو كێشەكان قوڵتردەكاتەوە.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا تائێستا كاتی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری لەسەرنەدراوە، تەنها مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە رۆژی 21ی تشرینی دووەم كە رۆژی شەهیدانی یەكێتییە كۆنگرەی چوارەم ببەسترێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو میدیا) باسی چۆنیەتی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیو ئەو پرۆژانە دەكات كە بۆ ئەو كۆنگرەیە ئامادەكراون. ئەسەسەرد باسلەوەدەكات، سەرجەم كۆنگرەكانی تری یەكێتی بە جۆرێك لە تەوافق و رێككەوتن بەستراونو بۆ كۆنگرەی چوارەمیش جۆرێك لە تەوافق گەرەنتی سەركەوتنی كۆنگرەكە دەدات. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: مەكتەبی رێكخستن رۆژی 21/11ی وەكو رۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرە دیاریكرد، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەناو یەكێتی كێ بڕیار لە كاتی كۆنگرە دەدات؟ فەرید ئەسەسەرد: مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە، رۆژی كۆنگرەی دیاری نەكردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كاتی دیاریكردنی كۆنگرە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت، بەرنامەی كۆنگرەش، واتە پەیڕەوی ناوخۆی حزب لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە دادەنرێت. درەو میدیا: مەلا بەختیار بۆچوونی وایە دەبێت ئەنجومەنی ناوەند بڕیار لە كاتی كۆنگرە بدات، چونكە ئێستا تەنیا ئەو دامەزراوەیە لەناو یەكێتیدا شەرعیەتی ماوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەمە مەسەلەیەكە تێڕوانینی جیاوازی لەسەرە، پەیڕەوی ناوخۆ باس لەوە دەكات ئەگەر كۆنگرە نەبەسترا, ئەوا سەركردایەتی شەرعیەتی خۆی لە دەستدەدات، بەڵام ئەم سەركردایەتییە تەنیا ئێستا شەرعیەتی لەدەستنەداوە، واتە كاتێك كاك بەختیار ئەم قسەیەی كردووە نزیكەی شەش ساڵ بووە كە سەركردایەتی شەرعیەتی لەدەستدابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە یەكێكە لەو تێڕوانینانەی كە باسمكرد، ئەكرێت دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە حاڵەتی ئێستادا من پێموایە نەرمییەك بنوێنرێت سەبارەت بە مەسەلەی پەیڕەوی ناوخۆو شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئێمە جگە لە دەقێكی پەسەندكراوی كۆنگرە، لە پەیڕەوی ناوخۆدا هیچ دەقێكی ترمان نییە. درەو میدیا: ئێستا باس لە سازدانی كۆنگرەی تەوافوقی دەكرێت، هەندێكیش دژی ئەمەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو كۆنگرەكانی پێشتری یەكێتی بە تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەچوون، بە بۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی چۆن دەبێت؟ فەرید ئەسەسەرد: ئێمە سێ كۆنگرەمان بەستووە، لە هەرسێ كۆنگرەكەدا جۆرێك تەوافوق هەبووە، بۆ نمونە كۆنگرەی یەكەم لە ساڵی 1992 تەوافوقەكە لە ئاستێكی نزمدا بوو، تەنیا لەسەر ئاستی سكرتێری گشتیو سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانو سكرتێری یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بوو، واتە تەنیا ئەو سێ كەسە بە تەزكییەو تەوافوق دەرچوونو ئەوانی تر كۆنگرە راستەوخۆ هەڵیبژاردن، هەموو ئەندامەكانی تری سەركردایەتی هەمووی بەدەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی دووەمیش تەوافوقێك لەسەر ئاستێكی دیاریكراو لەسەر پێشنیازی بەڕێز مام جەلال هاتەئاراوە سەبارەت بە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیو چەند كەسێكی تر، بەدەر لەمانە، ئەوانی تر هەمویان بەشێوەیەكی ئازادو بە دەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی سێیەمیش جۆرێك تەوافوقی تێدابوو لەسەر ئاستی بەڕێز مام جەلالو دوو جێگرەكەی، ئەوانی تر هەمووی بە دەنگدان بوو، ئەكرێت شتێكی لەم بابەتە لە كۆنگرەی داهاتوودا پەیڕەو بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە من پێموانییە ئەندامانی خۆمان رەزامەند بن بە تەوافوقی 100% لە هەمان كاتیشدا رەنگە بەبێ ئاستێكی دیاریكراوی تەوافوق رەنگە كۆنگرەكە هەندێك كێشەی لەبەردەمدا بێت، من لەگەڵ ئەوەم رێگەیەكی مامناوەندی لەنێوان هەردوكیاندا پیادەبكرێت، بەوجۆرەی كە لە سێ كۆنگرەكەی پێشوو پیادەكراوە. درەو میدیا: لەنێوان تەوافوقو ناتەوافوقدا چارەنوسی پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی چی لێدێت، باس لە سیستمی هاوسەرۆكایەتی دەكرێت، هاوشێوەی پەكەكەو حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، ئەمە سیستمێكی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی ؟ فەرید ئەسەسەرد: لە دۆخێكدا كە تائێستا پرۆژەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ لەئارادا نییە، كە بە رەسمی درابێت بە ئەندامانی سەركردایەتی، هەرچی باسدەكرێت لەمبارەیەوە پرۆژەیە یان پێشنیارە، لە هەموو حاڵەتەكاندا لە كۆبونەوەكاندا دەتوانین یەكێك لەو پرۆژانە یاخود یەكێك لەو پێشنیازانە پەسەند بكەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەتوانین پیادەی شێوەی هەڵبژاردنی سكرتێری گشتی وەكو سێ كۆنگرەكەی پێشتر بكەین، پاشان ئەكرێت شێوازی تریشی بۆ دیاری بكرێت، لە هەمانكاتیشدا ئەكرێت سەركردایەتییەكیشی بۆ دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەمبارەیەوە نییە، من پێموایە دوو دەزگای سەرەكی ئەتوانن بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدەن ئەوانیش ئەنجومەنی سەركردایەتیو ئەنجومەنی ناوەندن. درەو میدیا: كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ ئەندامانی كۆنگرە چۆن دیاری دەكرێن ؟ فەرید ئەسەسەرد: لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەم مەسەلەیە یەكلاكراوەتەوە، ماددەیەك هەیە باسلەوەدەكات كێ بەشداری لە كۆنگرەدا دەكات. درەو میدیا: واتە بەپێی پەیڕەوە كۆنەكە كۆنگرە دەكەنو هیچ پرۆژەیەكی تر بۆ سازدانی كۆنگرە لەئارادا نییە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ناتوانرێت، تائەوكاتەی كۆنگرە نەبەسرێت هەر كار بەم پەیڕەوە دەكرێت، واتە تا هەموارنەكرێتەوە یان هەڵنەوەشێندرێتەوە هەر كاری پێدەكرێت، پەیڕەو لە كۆنگرەوە بۆ كۆنگرەیە، لە كۆنگرەیەك پەسەند ئەكرێتو لە كۆنگرەیەكی داهاتوو بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەڵدەوەشێتەوەو پەیڕەوێكی تر جێگەی ئەگرێتەوە یاخود هەموار ئەكرێتەوە، ئەو پەیڕەوەی ئێمەش هەروایە، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەدا تێپەڕیووە هەندێك كێشە هەیە رەنگە زەمەنیش تێی پەڕاندبێت یاخود هەندێك بابەتی تازە هاتبێتەئاراوە، ئەكرێت نەرمییەك سەبارەت بە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیڕەودا بكرێت، بۆ نمونە بەپێی پەیڕەو دەبێت هەزار كەس بەشداری لە كۆنگرەدا بكەن، بەڵام ئەكرێت لەوەش زیاتر بێتو ئەكرێت لەوەش كەمتر بێت، شەرت نییە پابەندبونەكە دەقاودەق بێت، پێداویستی سەركەوتنی كۆنگرە پێموابێت ئەوەیە، ئەگەر بكرێت بە پێوەر. درەو میدیا: ئەگەر كار بە پەیڕەو دەكرێت كەواتە گرنگی ئەو پرۆژانە چین كە بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادەكراون، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە تائێستا چوار پرۆژە هەنو یەكێك لە پرۆژەكان پرۆژەی بەڕێزتانە ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەوەی شێوەی پرۆژەی وەرگرتووە تەنیا دوو پرۆژەیە، پرۆژەی مەكتەبی رێكخستنە كە ئەمە بەمانای وشە پرۆژەیە واتە مەرجەكانی پرۆژەی تێدایە، پرۆژەیەكی تریش هەیە كە هی ئەنجومەنی ناوەندە، ئەویش بەمانای وشە بە پرۆژە ئەژمێردرێت، بۆچونەكانی من پرۆژەنین، هەندێك تێڕوانین سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بە كۆنگرەوە هەیە، ئەوەی كاك بەختیاریش من پێموانییە نابێت بخرێتە قاڵبی پرۆژەوە، بەڵام هەندێك تێڕوانینە سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بەشێوەی بەستنی كۆنگرەوە هەیە، مەسەلەكان بەوشێوەیەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئێمە دەتوانین هەردوو پرۆژەكە ببەین بۆ كۆنگرە لەوێ یەكلایی بكەینەوە، لەهەمان كاتیشدا ئەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەردووكی بكەین بە یەكو بە یەك پرۆژەوە بچین. درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەم یەكێتی كۆدەكاتەوە یان دابەشی دەكات بەسەر چەند حزبێكی تردا ؟ فەرید ئەسەسەرد: من پێموایە ئەگەر بڕیارماندا لەسەر بەستنی كۆنگرە، ئەبێت پێشوەخت پێداویستییەكانی كۆنگرەیەكی سەركەوتومان دابین كردبێت. درەو میدیا: كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەكرێت، واتە ئەوكاتەی كە باسدەكرێت گوایە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ؟ فەرید ئەسەسەرد: رۆژێكی دیاریكراو دەستنیشان نەكراوە وەكو بڕیار، مەكتەبی رێكخستن پێشنیازی رۆژێكی كردووە لە كۆتایی ئەمساڵدا، لە هەموو حاڵەتێكدا من تا ئەندازەیەكی زۆر دڵنیام لەوەی كە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستین، پێشموایە كۆنگرەكە سەركەوتوو ئەبێت. درەو میدیا: دوای نۆ مانگ مشتومڕ، دواجار یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كردو بەشداری دەسەڵاتی كرد، ئێوە بە پشكی یەكێتی لە حكومەت رازین ؟ فەرید ئەسەسەرد: ئەم رێككەوتنە هاتە ئەنجومەنی سەركردایەتیو خرایە دەنگدانەوە، بەكۆی دەنگ پەسەندكرا. درەو میدیا: بەڵام یەكێك لە پۆستە وزارییەكانتان (خالید شوانی) تەنیا وەكو وەزیری هەرێم ماوەتەوەو هیچ ناونیشانێكی پێنەدراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی ئەو پۆستە وەكو خۆی بەبێ ناونیشان ئەهێڵێتەوە، هەندێكی پۆستی تری وەكو دەستەكان هێشتا یەكلانەبونەتەوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: لەسەر دەستەكان تیمی حكومی ئەتوانێت لەگەڵ پارتیدا رێكبكەوێت، بەڵام مەسەلەی ئەوەی پێی ئەوترێت وەزیری هەرێم، لەسەرەتادا وەزیری تەواو هەیە كە خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە، وەزیری دەوڵەتیش هەیە، لە هەرێم ئەمە پێی دەوترێت وەزیری هەرێم، ئەمە یان ئەركێكی دیاریكراوی بۆ دیاری دەكرێت یاخود بەگشتی ئەهێڵدرێتەوە، ئەوەی ئێمە تائێستا بەگشتی هێڵدراوەتەوە، بەڵام بەگشتی ئەگەر پێویستی كرد ئەكرێت ئەركێكی دیاریكراوی پێ بسپێردرێتو ناوەكەشی ئەوكاتە ئەبێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری فڵان مەسەلە. درەو میدیا: بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە پارتی دەڵێن ئێمە تەنیا لەسەر پێدانی وەزیرێكی هەرێم لەگەڵ یەكێتی رێككەوتوین بەبێ دیاریكردنی ناونیشانو ئەركەكەی، ئەمە لەكاتێكدایە دوو وەزیری تری هەرێم هەن كە ناونیشانیان پێدراوە ؟ فەرید ئەسەسەرد: بەڵێ راستە، من پێوایە ئەوەی ئەوان دەیڵێن راست بێت، بەڵام ئەگەر پێویست بێت ئێمە وتووێژ لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین، ئەگەر نەشگەیشتین بە رێككەوتن ئێمە پۆستەكەمان هەر هەیەو ئەتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات. درەو میدیا: هەر لەبارەی رێككەوتنەكەتانەوە لەگەڵ پارتی دەمانەوێت بپرسین پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك بەكوێ گەیشت، ئێوە نۆ مانگ لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك پێكهێنانی حكومەتتان دواخست، بەڵام دواجار حكومەت پێكهاتو تائێستا پارێزگار دانەنراوە، یەكێتی پاشەكشێ كردووە؟ فەرید ئەسەسەرد: ئێمە پاشەكشێمان نەكردووە، بەڵام هەندێك پێشهاتی تازە هاتوەتەئاراوە، ئەمانەوێت بەجۆرێك چارەسەری بكەین كە كێشەی گەورەتری لێنەكەوێتەوە، ئەوەیە مەسەلەكە.
درەو میدیا: قادری حاجی عەلی رایدەگەیەنێت" ئەوە نائاساییە كە ئەزمونێكی زۆر تاڵو تفتت لەكابینەی پێشودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێتو بەناشرینترین شێوە لەحكومەتو پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت". لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدارو كەسایەتی دیاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كۆپییەكی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە بۆ (درەو میدیا) نێردراوە، ئاماژە بەوە دەكات: لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەباتو بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادیو دادپەروەری. قادری حاجی عەلی ئەوەش دەخاتە روو " بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوەو لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت، ڕێكخەرە گشتیەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دامو دەزگای ئەو حكومەتە، خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بداتو دەنگت نەداتێ، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكاتو دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكانو ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت" دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی قادری حاجی عەلی كۆپییەكی بۆ (درەو میدیا) نێردراوە، لێرەدا وەك خۆی دەقەكەی بڵاودەكەینەوە. لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدارو كەسایەتی دیاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێمو نیگەرانیو نائومێدی خەڵك لەحزبەكان بەگشتی، لەگەڵ كۆمەڵێك پرسی تری تایبەت بەهۆكارەكانی چارەسەر نەكردنی پرسی موچەو پاشەكشێی بەردەوامی ژیانو گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەسایەی ئەم مۆدیلە لەئیدارەو حوكمڕانی. پ/ باسەرەتا بە پرسیارە دەست پێبكەین، ناونیشانی ئێستای سیاسی ئێوە چییە؟ و/ من لەمڕۆدا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیمو سەر بە هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم. گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەباتو كاری سیاسییدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبۆتە پیشە، بەڵكو كەرەسیەك بووە بۆ ئەوەی لەڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێخۆشو باش بكەم. هەروەكو چۆن لەگەڵ هاوڕێكانمدا كاتێك لەشاخ خەباتی چەكداریمان دەكرد، لەپێناو چەند پرنسیپێكدا تێدەكۆشاینو ئەوەندەی بیرمان لە شەهید بوون دەكردەوە هێندە بیرمان نەدەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببین بە سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانو وەزیر، ئاوهاش كە بزوتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند بیرمان لەدەستكەوتی شەخسیو بەرژەوەندی خێزانی نەدەكردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات ڕاستگۆیبوونە بەرامبەر بەو ئایدیاو پرنسیپانەی كە كاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند. پ/ ئەم قۆناغە كە هەندێك بە قۆناغی تاریكو نائومێدكەر ناوی دەبات، ئێوە ناوی دەنێن چی؟ و/ لەمێژوی نزیكی ڕاپەڕینو شۆڕشەكانی كورددا شكستی كاتیو سەركەوتنی كاتیش تۆمار كراوە. كاتێك لە 1975 دا شۆڕش بڵاوەی پێكرا، هەندێك بە ئاشبەتاڵ، هەندێكی تر بە نسكۆ لەقەڵەمیان دەدا. ئەم دۆخەش سەرەنجام تێكشكانو بێئومێدییەكی گەورەی لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا دروستكرد. چونكە هەم شكستێكی سیاسیو هەم شكستێكی چەكداری بوو. لەساڵی 1988یشدا پاش پرۆسەی ئەنفال، جارێكی تر رووبەڕوی كارەساتێكی مرۆییو سیاسی گەورەتر بوینەوە، كە هەندێ كەس بەئاشبەتاڵی چەكداری ناویان ناوە، بەڵام چونكە ئیرادە هەبوو، هێزی بەرگریو شۆڕش لە هەردوو جارەكەدا هەستایەوەو ئەم ئەزمونەی دروستكرد كە ئێستا لەبەردەستماندایە. لەدوای فەشەلی حوكمڕانی یەكێتیو پارتیو نائومێدبوونی هاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە هێزی بەرگری نوێی دروستكرد كە لە ڕووە سیاسیەكەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەباتو بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادیو دادپەروەری. بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسیو ئیداریو ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی، گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، وە سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی. ئەوەی هەستی پێدەكرێت دیاردەی نەمانی جیاوازییە لە گوتاری سیاسی حیزبەكاندا. لاوازبوونی بڕواو متمانەی خەڵكە بە هەڵبژاردنو دەرەنجامەكانی. جێگاگرتنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانە بەدەستكەوتی شەخسیو پۆستو پایە بۆ خێزانە سیاسییەكانو منداڵو خزمو كەسو كاریان، وە بێئەرزشكردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموكراسییە كە پەرلەمانە لەڕوی چۆنایەتی و چەندایەتیو هەیبەتو توانایەوە. وێرانكردنی ئینتیمای هاوڵاتیانە بۆ نیشتیمانەكەیان. ڕۆچونی ڤایرۆسی گەندەڵیە بۆ هەناوی هەموو دامەزراوەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. زۆر شتی تریش. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتیانەدا هەست دەكەم خەڵك وەك شكستەكانی پێشوو ئیرادەی هەستانەوەی هەیە. بایكۆتو سزادانی حزبەكان لەهەڵبژاردندا ئەم ڕاستیە دەردەخەن كە ئەمڕۆ بە بایكۆتی دەنگ، سبەینێش بەیاسا یان بەهەر ئامرازێكی تری مەدەنی سزایان دەدەن. پ/ بەبەشداری بەشێك لەهێزە سیاسیەكان لە حكومەتدا، ئایندەی حوكمڕانی لەكوردستاندا چۆن دەبینیت؟ و/ ئاساییە لەوڵاتێكی دیموكراسیدا بەتواناو بەركەوتەیی دەنگی خۆت وەبەجێگیركردنی بەرنامەكەت یان بەشێكی بەرنامەكەت لەحكومەتدا بەشداری بكەیت. بەتایبەت كە بەرنامەی حكومەتی نوێ لەگەڵ پرنسیپی حزبەكەتو دروشمەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەتدا بگونجێ وە هەموو حزبێك كە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەنیازی ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەبێتو پرۆژەكەی یان بەشێكی جێبەجێ بكات، دەنا دەبێتە ئۆپۆزسێۆن. ئەمە لەكاتێكدا ئاساییەو دروستە كە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێتو سەرەنجامی هەڵبژاردنەكە لای هەموان پەسەند بكرێت. ئەوەی ئاسایی نییە لەكوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێتو سەرلەبەری پرۆسەكە بەساختەكاریو خۆسەپاندن بەهێز بزانیتو پاشان لەبەر دەستكەوتو پلەو پۆست ڕازی كردنی نوخبەیەك لەكادری هەلپەرستو بێ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە هەڵبگریتو ببیتە شەریكی ئەو حزبانەی كەدەنگەكانیان خواردویتو هەزارو یەك ڕەخنەت لێیان هەبووە. ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت. بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوەو لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت. ئەوە نائاساییە كە ئەزمونێكی زۆر تاڵو تفتت لەكابینەی پێشودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێتو بەناشرینترین شێوە لەحكومەتو پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت. ڕێكخەرە گشتیەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دامو دەزگای ئەو حكومەتە. خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بداتو دەنگت نەداتێ، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكاتو دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكانو ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت. ئەوە نائاساییە كە سوور بزانیت موجامەلەو پێدانی پۆست زیاد لەقەبارەو ئیستیحقاقی خۆت جۆرێكە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواكاریە قەبەكانی دەسەڵاتەوە. پ/ گۆڕان لە كوێی ئەم هاوكێشانەی ئێستادایە، قسەتان لەسەر شوناسی سیاسیو وەزیفەی مێژوویی چیە؟ و/ گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزراو خەڵكێكی زۆریش قوربانی بۆدا چاككردنی بارودۆخی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلەو پۆستو ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردوە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشت بكاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتكردنە لەدەنگدەرانی گۆڕانو خەڵكی ئەم هەرێمە، لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكاریەكان. پ/ ناكۆكیە جەوهەریەكان لەگۆڕاندا چین، دەكرا بزوتنەوەك بەم دۆخەی ئێستا نەگەیشتایە؟ و/ بەگشتی ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدانو دیاری كردنی سیاسەتی بزووتنەوەكەو ناڕوونی لەجۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا. كەموكوڕی لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكەیە. وازنەهێنان لەتەكەتولو سەركردن بەیەكدا، سیاسەت كردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هەندێ كەسی بێ ئیرادەو ڕیاكەر لەدەوری سەركردەكان. كاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشەو پاشان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە هەندێك جیاوازی لاوەكی لەبۆچونمان هەبوبێت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو كاك نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبوو كە هەموومان لەسەری كۆك بووین هەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەكردەوە كە خەباتی بۆ بكەین: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بەبنەماڵەو بەخێزان بوونی سیستمو سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا، زۆر بەداخەوە كەئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بەگۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناكۆكی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا. لەكۆتایشدا ڕێككەوتنی ژێربە ژێری دەستەیەكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاساو بڕیارانەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەك بۆ دژایەتی گەندەڵیو دروستكردنی حكومەتی هاوڵاتیان، جگە لەوەی دەستكەوتی ئابوری نوخبەیەكی بەرژەوەندی خوازی ناو گۆڕانە بۆ بەرجەستەكردنی پایەكانی تەوریسی سیاسی. ئەمە هەموی دوور لەئیرادەو بڕیاری جڤاتەكانی گشتیو نیشتیمانیو هەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش كراوە. پ/ كێشەی موچە بۆچی چارەسەر ناكرێت، لەكاتێكدا ئومێدێكی گەورە لەسەر ئەوە هەڵچنرا بوو دوای ناردنی پارە لە بەغداوە كۆتایی بەم كێشەیە بێت؟ و/ وا چاوەڕوان دەكرا كە ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق تەرخانكرابوو بۆ هەرێمی كوردستان كێشەی موچە چارەسەر بكات، دیارە بە هیمەتی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا توانرا كە ئەو بەشە بودجەیە لەیاسای بەدجەی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر بكرێت لەبەرامبەر ڕادەست كردنی نەوتدا، كەلە ڕاستیدا حكومەتی عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا كردوە، لەكاتێكدا ئەوان لە ئێمە باشتر ئەزانن كە بەرهەم هێنان لەكوردستاندا بەئاشكراو دزیەكانەوە زۆر لەوە زیاترە. لەسەرەتای ساڵەوە بەغداد باپەند بوونی خۆی بەناردنی بەشە بودجەی كوردستان جێبەجێ كردوە، بەڵام لێرە حكومەت نەدەتوانێ موچە خوراوەكان قەرە بوو بكاتەوە، نەچارەنوسی پاشەكەوتەكانیش دیاری دەكات، بەڵكو ئەو پارەیەی كە دێت وەك خۆیان دەڵێن دەدرێتەوە بەقەرزی كۆمپانیاو وڵاتەكان. بە بۆچونی من خەلەلەكە ئا لێرەدایە، هەرگیز نە ئێمەی خەڵكی هەرێم نە حزبەكانیش نە بەغدادیش نازانیین ئەم هەموو قەرزە چییە كە دەبێت تا چەندین ساڵی تریش گیرۆدەی دانەوەی بەین، لێتان ناشارمەوە وە پێشتریش لەچاوپێكەوتنێكدا پار ساڵ گوتومە گومانی تەواوم هەیە كە ئەو قەرزانەی باس دەكرێت كەگوایە لەو وڵاتو كۆمپانیایاو بانكانە كراوە، نەك هەر ناشەفافو ناڕونەو دوور لەهەموو چاودێریەكی پەرلەمان كراوە، بەڵكو ئەمڕۆش هیچ بەرهەمێكی دیار نییە كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار برابێت، تەنها خۆیانو خوا دەزانێ كە چونەتە حسابی كێو لەچ كەناڵێكی تاریكدا وونكراوە، ئێستا ئێمە وەك هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمە دەبێت ئەو قەرزە بدەینەوە، لەبەر ئەوە هەتا ئەم قەرزە نادیارە تەواو نەبێتو پڕنەكرێتەوە نەپارەی هەرێمو نە هی عێراقیش ناچێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. جگە لەوەی 250 هەزار بەرمیلەكەش نانێرن، جگە لەناشەفافی هەموو داهاتەكانی تریش، جگە لەهەموو مەسرەفە قورسەكانی لێپرسراوانو دەزگاكان، جگە لە تەخشانو پەخشان كردن بۆ حزبو میدیا زەبەلاحو دامەزراوەكانی تری، جگە لە مەسرەفی حیمایەو میوانو سەفەر كەمانگانە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. كەواتە چۆن موچەو خزمەتگوزاری دابین دەكرێت ؟!! پ/ كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد بۆچی وەك نەخۆشیەكی درێژخایەنی لێهاتوەو چارەسەر ناكرێت؟ و/كێشەكانی هەرێمو بەغداد زۆرن كەبێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغكردنەوەی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكانە، بەتایبەتی كەركوك، ئاشكرایە كەسیاسەتی حكومەتەكانی عێراق پێش پرۆسەی ئازادی ساسەتێكی نەتەوە پەرستانە بووە ، ئەوەی پێیان كرا كردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی كەكوك، بەڵام دوای 2004 بارودۆخێكی وا هاتە پێش كەدەكرا لەهەندێ قۆناغدا چارەسەر بكرێت یان تا ڕادەیەكی باش ناكۆكیەكان كەم بكرێتەوە، وەك لەكاتی نوسینەوەی دەستورو دامەزراندنەوەی حكومەتی عێراق كە كورد باڵادەست بوو خاوەن پشتیوانیەكی نێونەتەوەیی گەورە بوو، یان لەكاتی دەركردنی داعشو كەوتنە دەستی ئەو ناوچانە بۆ ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە. لەحاڵەتی یەكەمدا بەشێوە دبلۆماسیەكەی دەتوانرا لەڕێگا یاساییەكەیەوە فشار بكرێت كە بەمادەی 140 لەدەستوردا دیاری كرابوو. لەحاڵەتی دووەمیشدا بە بوونی سیاسەتێكی تەندروستی هەرێم لەو ناوچانە كە وابكات نەك تەنها كورد بەرگری لەدەسكەوتنەكانی بكات، بەڵكو عەرەبو توركمانو كلدانیو ئاشوری هەموو پێكهاتە ناڕازیەكانی تر بەموڵكی خۆیان بزانیایەو بەرگریان لێبكردایە، نەك تەنها موڵكی پارتیو یەكێتی بێت. بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ناكۆكی نێوان هەردوو حزبە فەرمانڕەواكەی كوردستان لەسەر نفوزو دەسەڵاتو نەوت لەكەركوكو ناوچەكانی تر نەك تەنها پێگەی هەرێمیان لاوازو بێبەها كرد بەڵكو دانیشتوانی ئتنیو ئاینی جیاوازی ئەو ناوچانەشیان لەسیاسەتی ئەم دوو حزبە نائومێد كرد، كە وەك سیاسەتی كورد تەماشایان دەكرد. ڕاستیەك هەیە دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوانە بیڵێم كێشەی كەركوك دوای پرۆسەی ئازادی ئەوەندەی كێشەی نێوان پێكهاتە سیاسیەكانی كورد خۆیەتی، هێندە كێشەی هەرێمو پێكهاتە نەتەوەییو ئاینیەكان نییە، هێندە كێشەی ململانێی پارتیو یەكێتیە بۆ بەتاڵان بردنی سامانو داهات هێندە كێشەی سیاسی هەرێمو بەغداد نییە، دڵنیام گەر ڕۆژێك پارتیو یەكێتی بەیەكگرتوییو یەك دەنگی داوای چارەسەری كێشەكەیان بكردایە، زۆر باش دەیانتوانی لەگەڵ بەغدادا یەكلای بكەنەوە، تا ئێستا كەلەڕوی سەربازیەوە لەدەستیشمان داوە شەڕ لەسەر دەسكەوتێكی ئایندەیی وەهمیو خەیاڵی دەكەن، لەكاتێكدا هەموو جومگەكانی ئەو ناوچانە بەدەست بەغدادایە كەچی شەڕ لەسەر دانانی پارێزگارە كە خوا دەزانێت ئەگەر داشبنرێت لەم بارو دۆخەدا دەتوانێ پارێزگاری شارەكە بێت یان نا. بێ دوو دڵی دەڵێم كێشەی ئەو ناوچانە دەرەنجامی نەبوونی مۆدێلێكی سیاسیو ئابوریو كلتوری ئەم دوو حزبە بوو بۆ بنیادنانی پێكەوە ژیانێكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتە نەتەوەییو ئاینەكان لەگەڵ یەكتر، كە هیچ پێكهاتەیەك هەست بەخۆكەمبینی چەوسانەوەو غوبن نەكات. بۆیە كێشەی نەگەڕانەوەی كەركوكو ئەو ناوچانە بەرهەمی ئەم شكستە سیاسیو ئیداریو سەربازیەیە كەلەپاش ریفراندۆم قوڵتر بۆتەوە، نەك تەنها كێشەی ڕگەزپەرستیو تایفی، بێگومان هەر ئەم ئیفلیجیو شكستە سیاسیەو ئیداریەی یەكێتیو پارتی بوون كەوایكرد وڵاتانی دراوسێ زیاتر بێنە ناو كێشەی كەركوكەوە وە ببن بە هۆكارێكی تێكدانو چارەسەر نەكردن. پ/ چ ئومێدێك دەبینن لەو نائومێدیەی ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا؟ و/ ڕاستە نائومێدیەك باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا، خەڵكی متمانەیان بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، حكومەت، دادگاكان، حزبەكان.....هتد، زۆر لاواز بوە، وا هەشت مانگ تێپەڕی كەچی لەبەر ململانێی حزبیو تەكەتولاتی ناو حزبەكان خۆشیان لەسەر دابەشكردنی پۆستو ئیمتیازات ئەم حكومەتە دانامەزرێت. ئەگەر لە 28 ساڵی ڕابردوشدا دەسكەوتێك لەڕوی سیاسیەوە بەدیهاتبێت وەچەند هەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت نرابێت، بەڵام ئێستا نەك تەنها مەترسی لەدەستدانی ئەو دەستكەوتانە هەیە، بەڵكو مەترسی پایەداركردنی مۆدێلێكی نوێ بەدەسەڵاتگەرایی بنەماڵەییو خێزانی لەئارادایە كە لە نوسینەوەی دەستور یەكلا بكرێتەوە. هەر چاودێرێكی سیاسی ڕخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بكات ئەو ڕاستیە دەبینێت كە خول بەخول پەرلەمانی هەرێم بەرەو لاوازكردنو لەدەستدانی هەیبەتی دەبرێت، لەكاتێكدا پەرلەمان دڵی زیندوی سیستمی دیموكراسیە. سەیرە لەخولی یەكەمی پەرلەماندا كەسانی زۆری خاوەن پسپۆری یاساییو ئابوریو هەتا سیاسی دەسەڵاتدار لەسەرۆك حزبەكانو مەكتەب سیاسیەكانی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەموو ڕێزێكم بۆ ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بوە بە جێگەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێئیشەكانی حزب كاتێك ئەمە دەڵێم ئەو ڕاستیەش دەزانم كەهەندێكی كەمیان شارەزایی باشیان هەیەو جێگەی سوودو ڕێزن بۆ هەرێم..... زۆر شتی تر هەیە كە جێگەی بەراورد كردن نەماوە. بەڵام لەهەموو ئەم كەمو كوڕیانەدا لەدەرەوەی ئەم دەزگاو حزبانەدا، هەست بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ خەمخواردن لەچارەنوسی ئەم هەرێمە. بایكۆتكردنی سەروو لە 50% ی خەڵكو دەنگ نەدانیان بەو حزبانە دوو دیاردەی پۆزەتیڤی لێدەخوێنرێتەوە، یەكەم: بەبێ جیاوازی لەنێوان حزبەكانی دەسەڵاتو ئۆپۆزسێۆندا خەڵك بەدەنگنەدانیان سزای هەموو حزبەكانیان دا، پێیان ووتن كە لەئێوە ناڕازینو حوكمی ئەم وڵاتەتان پێ ناكرێت، دووەم: ئەوانەشی كە بایكۆتیان كرد سەرەڕای ئەوەی كە دەنگیان نەدا بەحزبەكانی خۆیان دەنگیشیان بۆ حزبەكانی تر نەبوو، واتا تەواو بێزارو نائومێدن لەهەموو سیاسەتو سەركردەكانی هەموو حزبەكان. ئێمە خۆمان بە بەشێك لەم كۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانین، ئیرادەی ئەوەمان ماوە كۆمەڵگاكەمان هەرشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن بە دڵنیاییەوە ئەوە دەكەین . كۆی ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە وشیاری دەنگدەر بەرەو سەرەوە چوەو چیتر دەنگی خۆی ناداتەوە بەحزبێك كە نوێنەرایەتی نەكاتو لەگەڵ پرنسیپو دروشمەكانی خۆشیدا ڕاستگۆ نەبێت.، چیتر دروشمی بریقەدارو كوردایەتی موزەیەفو قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیوقودسیەتی هیچ كەسو بنەماڵەیەك نابێت دەنگدەر بگەمژێنێتو هەڵخڵەتێنێ. بۆ من جێگەی ئومێدو دڵخۆشیە كە ئیرادەیەكی پۆزەتیڤ ماوە، یاخی بوون لەپێناو حەق ماوە، وشیاریەكی ڕەخنەگرانە لەبرەودایە كەدەكرێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەو خەڵكە ئەڵتەرناتیڤێكی باشتر بدۆزێتەوەو متمانەی پێبكات . خۆشبەختانە هەم ویژدانی زیندوو لەناو هەموو چینو توێژەكانو هەتا لەناو حزبو ڕێكخراوەكانیشدا ماوە، هەروەها ڕۆشنبیری وشیارو بەتواناو دڵسۆز ماوە كە دەتوانن كاریگەریەكی باشیان لەسەر زهنیەتی خەڵك هەبێتو ببنە بەشێكی گرنگ لەمانەوەی ڕوحی بەرگریو گۆڕانكاریدا.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: محەمەد رەئوف ماوەی 42 رۆژ لە ناو زیندانەكانی ئاساییش و پۆلیسی دهۆك لەژێر ئەشكەنجەیەكی دەرونی و روحی زۆردا مایەوە، ئەو لە زیندان لەگەڵ داعش و تلیاك كێشەكاندا دایان ناوە، شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و چالاكێكی دیاری دەڤەری بادینانە، لەسەروبەندی روداوەكانی شیلادزێ دەستگیركرا، پێشی وایە روداوەكانی بادینان و شیلادزێ " لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد" شێروان لە زیندانەكاندا پێشێلكاری گەرەوی بینیوە "ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێنە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە" دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی درەو میدیا لەگەڵ شێروان شێروانی درەو میدیا: شێوازی ئازادكردنت چۆن بوو، دادگا بڕیاری كۆتایی داوە یان بە كەفالەت ئازادكراویت و دۆسیەكەت بە كراوەیی ماوەتەوە و ھەركات بیانەوێ دەستگیرت دەكەنەوە؟ شێروان شێروانی: هەرخۆی دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین، لەسەر نیەت كەس سزا نادرێ چجای ئەوەی سزایەكی زۆر توند، گومانی لەسەر تەعلیقكراوە مادەی 156 چجای ئەوەی كە قسە لەسەر ئەوەیە ئاساییشی حزبی و ئاساییشی نەتەوەیی چەندێك جیاوازن لەو زۆنە كێ حوكمدارە كە پارتیە، ئاساییشی نەتەوەیی بە ئاساییشی خۆی دەزانێت، ئەوە پرسیارگەلێكن، بۆیە سەرلەبەری دەستگیركردن و راگرتن و ئەزیەتدانی ئێمە هەموو پەیوەندی بە میزاج و بەرژەوەندی حزبێكی دیرایكراوی ئەم ناوچەیەوە هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هیچ بنەمایەكی یاسایی وا قوڵ نیە، كە ئێمە مستەحەق بین ئەوان بەو شێوازە مامەڵەمان لەگەڵ بكەن. ئازادكردنەكەشی ئاوا بوو كە بەرێوەبەری ئاساییشی دهۆك ( بژار دۆسكی) بانگی كردم، دوای دانوستان و مناقەشەیەك وتی ئێمە بڕیارمانداوە ئێوە ئازادبكەین، لەگەڵ دادوەر قسەمانكردووە، بەڵام من خۆم هەستم بەوە كردبوو كە هەوڵی ئازادكردنمان لە ئەنجامی كۆمەڵێك فشارە كە هەندێك دەزگای نێودەوڵەتی و رایگشتی و ریكخراوەكان و هاورێكان و ئەمانە وایانكرد كە بەراستی كەیسی ئێمە ئەبێ بە چاوێكی تر سەیری بكرێن. ئێمە رۆژنامەنووسین شتی تر نین، بۆیە حاڵەتەكە هەندێك غەریب بوو بۆ دەزگا ئەمنیەكانی دهۆك و بەرێوەبەری ئاساییش كە ئەو خۆی نابێ تێكەڵی پرسی داعشێك لەگەڵ ئێمە بكات یان تلیاك كێش كە ئەو ماوەیە زیاتر لەگەڵ ئەو دوو چینە بووین، مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووس كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی، نیشتیمانی و رێكخراوەیی و پیشەیی و ئەخلاقی هەیە، فیعلەن گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە رۆژنامەوان و چالاكوان دەبێت حسابێكی تری بۆ بكرێت، بۆیە لە ئەنجامدا بڕیاردرا ئازادبكرێین. بەڵام نازانم چەندێك كەیسی ئێمە بە كراوەییە بەڵام لەناو لێكۆڵینەوەكاندا ئەو قسەیە دەوترا، كە مەبەستم لێكۆڵینەوەی ئاساییشە، كە ئەتوانین زۆر بەتوندی مامەڵەتان لەگەڵ بكەین و ئێمە هەندێك بەڵگەی ئێوەمان لەبەردەستدایە بە دۆكیۆمێنتەوەو دەتوانین دژی ئێوە بەكاری بهێنین، بەڵام بەكاری ناهێنین یەعنی وەكو تەهدید و هەڕەشەیەك بۆسەر گیانی ئێمە بۆ ئەوەی لە قەلەقدا بمێنینەوە. ئەو هێزانەی قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو درەو میدیا: بارودۆخی ئێوەو هاوڕێكانت لە ناو زیندان چۆن بوو، ئایا ئەشكەنجەی جەستەیی یان دەرونیتان دراوە ؟ شێروان شێروانی: لە كاتی رەشبگیریەكەدا من خۆم گوێم لێ دەبوو لە شەق و زللەو لێدانی هاورێكانم، بەڵام من خۆم ئەشكەنجەی جەستەیی نەدراوم بەڵام دەرونی زۆر دراوم، خۆزگە ئەشكەنجە بدرام بەڵام زیندانی تاكە كەسی نەبینم، چونكە بەراستی سزایەكی قورس بوو، نۆ رۆژ لەناو زیندانی تاكەكەسی دواجار هەرچەندە تۆمەتبارێكی داعشیان هێنا لەگەڵ من، ئەوە بۆ من قورس بوو بەراستی، نۆ رۆژ لەوێ ئازارێكی زۆرم چەشت هەم ئەوەی سەرما بوو پێداویستی ناو ژوورەكە بەزیندان نەئەچوو، سەرمایەكی زۆر بوو بەتانیم داوا دەكرد نەیان دەهێنا، دەنگێكی زۆر بەهێز دەهات بەبەردەوامی هەواكێشی چێشتخانەیان خستبووە ئەو زیندانیە تاكە كەسیەو بەبەردەوامی كاری دەكرد بۆ ئەوەی مێشكمان تێكبچێت، گڵۆپی روناكی بەربەردەوامی هەڵكرابوو، ئاوی سارد، داوای كتێبم كرد رەتیانكردەوە، تەنانەت داوای قورئانێكم كرد وتم كاكە من هەر لە زیندانم قورئانێكم بدەنێ، ئەویشیان رەتكردەوە دوو سێجار بەراستی بۆ من قورس بوو، هەستمان بەوە كرد كە ئەشكەنجەیەكی روحی و دەروونی زۆر كراین، من 42 رۆژ خێزانی خۆم نەبینی، تەنها برایەكم بینی، خێزانی خۆم كوڕی خۆم هاتن نەیانهێشت بمبینن، بەبەردەوامی ئەو رۆژانەی سەردان هەبوو ( مواجهە) هەبوو موراوەغە بەمن دەكرا، ئەبرامە دەرەوە بۆ ئەوەی كەس نەمبینێ تەنانەت بەمنیان دەتوت تۆ قسەت كردووە لە كاتی سەردانی براكەت، دیارە من كە براكەم هات كۆمەڵێك شتم پێوت بۆ رای گشتی باس بكە بۆ برادەرەكان، ئەوە لەسەر من كەوتبوو باجی قورس بوو بەسەراحەت، بۆیە من پێناسەم بۆ ئەشكەنجەدان جیاوازە ئەمانە ئەگەر ئەشكەنجە نەبێت چیە. درەو میدیا: كاتێك لە زیندان بویت باسلەوە كرا دەزگای میتی توركیا لێكۆلینەوەیان لەگەل كردویت، ئەمە راستە ؟ شێروان شێروانی: لەیەكەم رۆژەوە كە ئێمە دەستگیركراین هەڵبەت چاوی ئێمەیان بەست، دەستیشمان لە پشتەوە كەلەپچەكرا، براین بۆ ژورێك وەك تەكتیكی خۆیان لەم ژورە بۆ ئەو ژورە، شێوازێكی تەرهیبی شێوازێكی تۆقێنەر و ترسێنەر هەریەكەمان بە جیاواز، لێكۆڵەر دەهاتن لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكردین نازانین چاومان بەسترابوو، لەوانەیە لەوكاتەدا گۆمانێك هەبێت، چونكە زۆربەی پرسیارەكان 80%ی پەیوەندیان بە كەیسی پەكەكەو باشوری كوردستانەوە هەبوو، ئەمە گومانی بۆ درووستكردین هەندێك جار دەمان ووت چەندە دەبێت یاسایی بێت چەندە دەزگای هەواڵگری لێرە ئامادەیی هەبێت، بەڵام ئێمە بەچاوی خۆمان نەمانبینی كە دەزگای هەواڵگری میت لەوێ بێت، تەنها دەنگی لێكۆڵەری كورد دەهات كە پرسیاریان دەكرد، بەڵام لە لێكۆڵینەوەی یەكەم چاوی هەموومان بەسترابوو. روداوەكانی بادینان و شیلادزێ لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد درەو میدیا: بۆ ئازادكردنت ھیچ بەڵگەنامەیەكیان پێ پركردویەتەوە كە ناچارت بكات لە داھاتوودا بەشدار ھیچ جۆرە خۆپیشاندان یان چالاكییەكی مەدەنی نەكەی ؟ شێروان شێروانی: نا هەڵبەتە زمانی نەرم بوو بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆك، لەكۆتاییدا كە ئێمەی ئازادكرد تەنها وتی هەندێك شت كە هێڵی گشتین، نابێت بیبەزێنن، دەبێت بەبەرسیارێتی مامەڵە بكەن، وتی 7 ساڵە من بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆكم خەرقێكت بینیوە لەرووی ئەمنیەوە، منیش وتم یەك پرسیارم هەیە كە تۆ خۆت بەبەرپرسیار دەزانی ئەی باشە خێرە كەیسی شەهید وەدات حسین، ئاوا بەرێوەچوو لەناو جەرگەی بەرپرسایرێتی خۆتدا هەست بەبەرپرسیارێتی ناكەیت، ئەویش وتی هێشتا ئەو كەیستە لێكۆڵینەوەی بەردەوامەو لەگەڵ خانەوادەكەی دانیشتووین، هەندێك سەرەداومان بەدەستگەیشتووە بەس كاتی خۆی دێت. بەڵام لە كۆتاییدا زمانیان نەرم بوو هیچ بەڵێننامەیەكیان نەبوو، بەڵام ئێمەیان دەترساند كە كەیس وبەڵگەی ترمان لەسەرتان هەیەو وەك دەڵێی تەهدیدێكی نەرم دەكراین. درەو میدیا: ئێستا دوای ئازادبونت بۆ چونت چییە لەسەر روداوەكانی شیلادزێ و پەلاماردانی بارەگاكانی توركیا ؟ شێروان شێروانی: هەڵبەتە ئەو روداوانە لە غیابی بوونی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد، بۆ پارتی و دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە شوك بوو، قورس بوو هەزم نەدەكرا، لە كوردستاندا ئەو هێزانەی كە ئۆپۆزسیۆنن لە زەواج و غەراماتن لەگەڵ دەسەڵاتدا، بۆیە بزوتنەوەیەكی جدی لەشەقامدا درووستبوو كە پێشەنگایەتی چالاكوان و رۆژنامەنووسن ئەمەی پێهەزمنەكرا، بۆیە كەوتە رەشبگیركردن و زیندانی كردنی ئەو چالاكوان و خۆپیشاندەرانەی بادینان، خەڵك هەبووە بەشداری خۆپیشاندانی نەكردووە بەس پێشتر چالاكوان بووەو چالاكی هەبووەو تارماییەكی هەبووە دەستگیركراوە، ئێمە پێشتر 70 كەس بووین دەستگیركراین بەڵام بەشێكیان ئازادكران، ئەمە پەیوەندی بەو كارتەوە هەبوو كە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرزكرایەوە لە بادینان، دەستدرێژی توركیا و بێدەنگی حكومەت و حزبەكان دەكرێت سنورێكی هەبێت، غەزەبی جەماوەر لە هەر لەحزەیەكدا بتەقێتەوە بەرووی ناوچەوانی بریارێكی حكومەت یان حیانەتی نیشتیمانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو دەڤەرە واتا روداوەكانی بادینان و شیلادزێ ئەگەر كارتێك بوو بێت دژ بە توركیا ئەوا دەیان كارت بووە بەرووی دەسەڵاتدارنی هەرێم. دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین درەو میدیا: هەڵوێستی رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكان و بەتایبەت حزبەكان چۆن دەبینن لە بەرامبەر كەیسەكەی ئێوەدا ؟ شێروان شێروانی: زیاتر قسەكانم رووی لەو هێزانەیە وەك ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ) ئەوانەی قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، بەراستی موجامەلەی ئەوان یاخود مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە تۆزێك لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو، هەستمان نەكرد كە جوڵەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە گەڵ ئێمە فشارە بەسەر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیەوە، بۆ ئیمە قورس بوو غیابی ئۆپۆزسیۆن لە شەقام، ئێمە بوینە قەڵغان بوینە باجدەری رەقەم یەك لە شەقامدا لەلایەكی تر میدیای ئازادیش لەژێر پرسیاردایەو وەك جاران نەماوە ئێستا پترۆ میدیا و میدیای سێبەرو میدیای حزبی لەرووی گەوجاندنەوە بۆ رای گشتی زاڵە، ئەمە هەردووكی بۆ ئێمە قورس بوو لەو قۆناغەدا، بەڵام بەدیوێكی تردا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەراستی دوای ئازادكردنمان زانیمان فشارەكە لەوێوە دەستی پێكردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتی لەئاستی بادینان گروپێكی پارێزەری خۆبەخش درووست بوو ئەمە بۆ پارتی زۆر غەریب بوو، ئەوە پاڵپشتیەكی زۆر گەورە بوو، لەرووی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان و گروپی پارێزەران و هاورێكانمانەوە ئەوە شتێكی تازەش بوو لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنیدا. درەو میدیا: ئێوە چیتان بینی لەناو زیندانەكان رەوشی زیندانەكان چۆن بوو ؟ شێروان شێروانی: لەو ماوەیەی لە زیندان بووم بەشێكی لێكۆڵینەوەی ئاساییش لەسەر ئەوەبوو ئەو كارە رۆژنامەوانیانەی كردوومن، یەكەم، لەسەر تیرۆری سیاسی لە كوردستان، دووەم لەسەر زیندانی نهێنی و نایاسایی و پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ دەكرێت، ئەو قوربانیانەی بەهۆی بۆردومانی توركیا و ئێرانەوە دەكەوێتەوە، كۆكردنەوەی بابەت لەسەر جەلادەكان، كە بڕیار بوو كۆمەڵێك بابەت كۆببكەینەوە لەسەر ئەوانەی دژ بە مافی مرۆڤ دەكرێت لە كوردستان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمانە هەمووی كرابوونە تۆمەت بۆمن هەتا گۆمانی ئەوەیان درووست دەكرد كە بۆ دەزگایەكی هەواڵگری جیهانی كاردەكەین و كە لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە وانیە. لەلایەكی تر ئەگەر رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەبێت و بتوانێت گرنتی ژیانی ئێمە بكات و نەكەوینە دەستیان، دەیان حاڵەتی سەرسوڕهێنەری پێشێلكاری مافی مرۆڤ هەیە لە زیندان خۆم بەچاوی خۆم بینیم لەناو زیندان بەشێكی گوێم لێبوو ئەگەر ئەو كەیسانە بدرێتە رێكخراوە جیهانیەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان تێكرا دەكەوێتە ژێر فشاری نێودەوڵەتی، چونكە پێشێلكاری ئەوەندە گەورەن ئەوەندە گەورەن، ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێتە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
دیداری رۆژنامەوانی: درەو میدیا لە چل دەیەی رابردوودا یەكێك بووە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە رووداوە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان، بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكان لە جەلال تاڵەبانیو هاوكات نەوشیروان مستەفاش، زۆرجار رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، ئێستا دوای دەرچوونی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لە شانۆكە، پشتیوانێكی بەهێزی بەرهەم ساڵحە. لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا)، شێخ محەمەدی سەرگەڵو چیرۆكی جیابونەوەو گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی دەگێڕێتەوە، باسی ساتی جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتیو جەلال تاڵەبانی دەكات، سەرگوزشتەی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕێتەوە، بۆیەكەمجار لەم دیدارەدا چەندین نهێنی پشتی پەردەی رووداوە سیاسییەكانی ئەمدواییەی كوردستان، بەدیاریكراویش وردەكاری هەوڵێك بۆ رێككەوتن لەنێوان یەكێتیو گۆڕان ئاشكرادەكات. دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: ئێوە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەركەوتن، ئێستا ئەو حزبە هەڵوەشاوەتەوە، رۆڵی ئێوە لە كوێیە، لەناو یەكێتیە یا وەك جاران بێلایەننو ناتانەوێت بەشداری سیاسەت بكەن؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من هەرلە زووەوە لە ساڵی 1990ەوە كاك بەرهەمم ناسیوە، پێموابوو كادرێكە بەكەڵكی ئەم وڵاتە دێت لەڕووی دیپلۆماسیو ئیداریو دەوڵەتدارییەوە، ساڵی 1990 هێشتا راپەڕین نەبووبوو، جارێكیان مام جەلال بۆخۆی بە ئێمەی وت:" من دەتوانم بە كاك بەرهەم بڵێم مامۆستای منە، چونكە قسەم بۆ راستئەكاتەوە لەگەڵ ئەوروپییەكان"، ئەو كاتەش كە هاتەوە من بۆخۆم زۆر ئەمەلم پێی هەبوو، پێموابوو كارەكتەرێكی باشە بۆ ئەم وڵاتە، پێم وابوو ئەگەر پشتیوانی لێبكرێو پشتگیری بكرێت، سەركەوتنی باش بەدەستدەهێنێت لەڕووی دیپلۆماسیو ئیداریو دەوڵەتدارییەوە، من هەر پشتیوانیم كردووە، سەركەوتبێت یان كەوتبێت، سەرگەڵوش هەیە وەك ماڵی خۆی حسابی كردووە هەفتانە سەردانی كردووین. كاتێك نەشتەرگەریم بۆ كرابوو پار مانگی چوار هات بۆ لام وتی:" حەز ئەكەم لەگەڵمان بیت، وتم لەگەڵتان نابم وەك بەرپرسیارێتی"، بۆ جێگری خۆی باس دەكرام، بەڵام من وتم ئەو شتانە ناكەم، پشتیوانتانم، دوایش داوایانكرد سەرپەرشتی سلێمانی بكەم، كردیشم، هەڵمەتێكی باشمانكردو دەنگی باشیش هات، بەڵام دەنگەكان زۆری بڕان، ئەوەی من زانیاریم هەیە ئەوەی لە هاوپەیمانیو گۆڕان بڕا هی هیچ هێزێكی دیكە ئەوەندەی لێكەمنەكرایەوە، لە كاتی خۆیدا هەموو ئەو پێشێلكاریانە بڵاوكرانەوە. كاك نەوشیروان پێی وتم یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت درەو میدیا: رێككەوتنێكی پشتی پەردە هەبوو لەلایەن یەكێتیو پارتییەوە بەدیاریكراوی بۆ پرسی ساختەكاریی؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بڕوا ناكەم، بەڵام بۆ لێدانی بەرهەم ساڵح هەموو لایەك موتەفیق بوون، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو كاتەدا كە ئێمە هاوپەیمانی بووین، راستگۆ نەبوون لەگەڵ بەرهەم ساڵحو هاوپەیمانیدا، پێموابوو نەیاندەویست بەرهەم ساڵح ببێتە كارەكتەرێكو لەم ناوچەیە دەوری خۆی ببینێت، بەرەئی من ئەوە جەماوەری گۆڕان نەبوون، چونكە جەماوەری گۆڕان خۆشیاندەویست، هاوپەیمانیشیان پێ باش بوو، پێشیان مەقبول بوو، هاوپەیمانیش دەبوو بە چەترێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزەكان، پێموایە بەرژەوەندی هەندێك لە سەرەكردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رێگای بەوە نەدا. درەو میدیا: ئەو كاتە هەوڵتان ئەدا بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكە فراون بكەنو یەكگرتوو و گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بێنە ناو بەرەكەی ئێوەوە، ئەو هەنگاوانە بۆچی شكستیان هێنا؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: هۆكاری یەكەم بزوتنەوەی گۆڕان بوو، چییان لەگەڵ ئەوەتین دوایی بە جۆرێكی تر رەفتاریان دەكرد، بە قەناعەتی من مەسەلەكە شتی شەخسی بوو، ئەیانزانی ئەم كۆكراوەیە كۆكراوەیەكی باشە، هەموو بەیەكەوە، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی لەژێر یەك چەتر بوینایە، ئەبوینە هێزێكی زۆر باش، چەند محاوەلەیەكیشمانكرد، من خۆم لە كۆبونەوەیەك بەشداریم كردو لەگەڵ برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، وتمان با خانەی راپەراندن نەبێت (د. یوسفو عەدنان عوسمانو محەمەد هەورامیو كاك ئاكۆو ئەمانە هاتبوون، كۆمەڵێك رۆژنامەنوسیش لە هاوپەیمانی هاتبوون)، دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق بوو، من قسەمكردو وتم:" ئەو هەموو دەنگانەیان تەزویركردو رۆیشتیش، خەڵكی بڕوای بە حزب نەماوە، بڕوای بەوە نەماوە پەرتەوازە بین، بەڵام ئێمە ئەتوانین یەك لیستی هاوبەش دروستبكەین، لیستی چاكسازی ناودەنێن، لیستی كوردستانی ناودەنێن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەتوانین ئێمە چوار تەلەفزیۆنمان هەیە ئەو چوار حزبە، ئەتوانین بەیەك نەفەس تەوجیهی خەڵك بكەین، دەستەیەكی راگەیاندنی باش دابنێین بۆ سەرپەرشتیكردنی تەلەفزیۆنەكانو یەك دەستەش بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە ئەتوانین متمانەی خەڵك بگێرێنەوە، دوو سێ مانگمان لە پێشەوەیە". هەموو زۆریان پێ باش بوو، د. یوسف بە هەمان نەفەس قسەیكرد، كاك عەدنان عوسمانو كاك محەمەد هەورامی قسەیان كرد، وتمان وەڵاممان بدەنەوە، كاك كەمال رەئوفمان لەگەڵ بوو وتی:" مادام ئەوەندە رێكن با كامێرەیەك بێت وێنەی بگرێت، د. یوسف وتی:" نەوەڵا ئێمە پرسمان بە خانەی راپەڕاندن نەكردووە، خۆش نیە لە پشتی ئەوانە بێین، بەڵام بە تەئكید ئێمە سبەینێ وەڵامتان ئەدەینەوە". كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین درەو میدیا: راستە دەوترێت كاریگەری یەكێتی لەسەر كارەكتەرەكانی گۆڕان هەبووە بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە سەرنەگرێت؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبوو هەنێدك برادەر لەسەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە خانەی راپەڕاندن یاخود لە ماڵی كاك نەوشیروان پەیوەندییەكیان لەگەڵ ماڵی مام جەلال هەبووە لەو سەردەمە، دانیشتینیان هەبوو، شتیان هەبوو، بەرژەوەندییان لەگەڵیان هەبوو، پێموابێت ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبوو ئێمە ئەو شتانەی لە كۆبونەوەكان باسمان دەكرد لەگەڵ سەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ رۆژی دواتر ماڵی مام جەلال لە دەباشان دەیانبیستەوە. درەو میدیا: لەو كاتانەدا باسی سەرۆكایەتی كۆمار كرابوو، پێتان وابوو بەو 11 كورسییەی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرۆك كۆمار بەدەستدەهات؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەكرا، ئەو سەردەمە وترابوو، مەگۆركیش (بریت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) وتبووی:" بەو 11 كورسییەوە یەكێك خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك كۆمار"، پێیانوابوو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت، تەنانەت بەرهەم ساڵح وتبووی:" ئێوە لەخۆتان كەسێك هەڵبژێرن، ئێمە دەكشێینەوە، یاخود بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئێمە ناچینە پرۆسەكەوە هەموو دەنگەكان كۆدەكەینەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان"، سوڵحەكەیان لەگەڵ نەكردین، دەلیلی بەهێز ئەوەبوو كە لە ساڵیادی كۆچی كاك نەوشیرواندا كە بەرهەم ساڵح چووە ئەوێ، برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆریان پێخۆش بوو. كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین. درەو میدیا: لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆمەڵێك هەبوون لەسەر خەتی بەرهەم ساڵح بوون، بەڵام كاتێك بەرهەم ساڵح هاوپەیمانێتییەكەی راگەیاند هیچ یەكێك لەو كەسانە نەهاتنە ناو هاوپەیمانێتییەكەی؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: داوایان لێنەكرا، ئەهاتن ئەگەر داوایان لێبكرایە. درەو میدیا: بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا هەرچی هەیبو لەناو یەكێتی هێنایە دەرەوە؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان پارەیەكی زۆری بەدەستەوە بوو، كەسێتییەكی كاریزمایی زۆر بەهێزی هەبوو، كاك نەوشیروان هەر ئەو (12 ملیۆن) دۆلارە نەبوو كە لە مام جەلالی وەرگرت، كاك نەوشیروان رەنگە چەندین (12 ملیۆن) دۆلاری دیكەشی لەملاولاوە بۆ هاتبێت، ئیمكانیەتێكی گەورەی لەبەردەستدابوو، زانیاریم هەبوو كە بەرهەم ساڵح نزیكەی ملیۆنێك دۆلار قەرزار بووە لەسەر هاوپەیمانی، دەوترا كەسێكی وەك مەحمود سەنگاوی لە گەرمیان بێت زۆر بەهێزە، بەڵام مەحمود سەنگاوی (400 بۆ 500) چەكداری لەگەڵە بەچی بەخێوی دەكەیت ؟!، هەم زەمەنە، هەم كەسێتییە كاریزماییەكە، هەم توانا ئابورییەكەش دەوری خۆی هەبوو. درەو میدیا: پرۆسەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی چۆن بوو، بێگومان ئێوە لەناو روداوەكاندا بوون ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: سەرەتاكەی لە كاك بافڵ تاڵەبانیو كاك لاهورەوە دەستیپێكرد، ئەهاتن سەردانی دكتۆر بەرهەمیان دەكردو قسەیان لەگەڵ دەكرد، هەمیشە دەیان وت تۆ كەسێكی بەتواناو لێهاتووی، بەڵام هەرگیز نە لەسەرەوە نە ژێربەژێر باسی ئەوە نەكراوە كە هاوپەیمانێتییەكە هەڵوەشێنێتەوەو بەجێی بهێڵێت، هەتا دوای تەزویرو هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری عێراق، ئەوەبوو مەكگۆرك دووجار هات بۆ سلێمانی، جاری یەكەم هەوڵێكیدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، وە ئێرانییەكانیش هەوڵیاندا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، چەندین دانیشتن كرا لەوبارەیەوە. ئارام قادر موافق بوو، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی درەو میدیا: رەئی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوكاتەدا چی بوو؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی پێی خۆش بوو بەرهەم ساڵح بەسەربەخۆ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی یەكێتی لاوازو پارچە پارچە بێت. دواینجار ئەوەبوو مەكگۆرك هات، چووە ماڵی دكتۆر بەرهەمو نانی بەیانی لەوێ خوارد، دوایی چونە گردەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو لەوێ كۆبونەوەیەك كرا، سێ كۆبونەوەشی لەگەڵ یەكێتی كرد، لەگەڵ دەباشان بەجیا، لەگەڵ مەلا بەختیار بەجیا، لەگەڵ كاك كۆسرەت بەجیا. كۆبونەوەی یەكەم ئەوەبوو بە 11 كورسییەكە، دكتۆر بەرهەم هەر تەركیزی لەسەر 11 كورسییەكە بوو، ئەیویست لەو رێگەیەوە بڕوات بۆ سەرۆك كۆماری، ئەمەیان نەكرا، ئێمە گەیشتینە قەناعەت كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو تەعامولەمان لەگەڵ ناكاتو متمانەی نەبوو، ئەوەی دەیان وت متمانەمان بە بەرهەم نیە لە جڤاتی نیشتمانیو گشتی گۆڕان، مەسەلەكە متمانە نەبوو، بەرهەم هەموو بەڵێنێكی پێدەدان، بەڵام خۆیان نەیاندەویست، چونكە نەیان دەویست بەرهەم لەو بەرەیە نزیكبێتەوە، بە بڕوای من، كە ئەمە رەئی خۆمە، هەندێكیان پێیان وابوو كە بەرهەم كەسێتی ئەوان دەخوات، رەنگە ئەو رۆڵەیان نەمێنێت ئەگەر ئەو بچێت، هەندێكی حەساسیەتی شەخسی بوو. بۆیە دواینجار ئێمە لە ماڵی كاك بەرزان هەورامی لە تەویڵە كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت هات، برادەرانی خەتەكەی ئێمە لەناو یەكێتی 10 ئەندامی سەركردایەتی بوون هاتبوون، كاك بافڵیش لەسەر خەت بوو بەتەلەفۆن لەگەڵمان، كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت داوای لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد كە كاندیدی دەكەن بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراقو بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئێمە لەو سەردەمە پێمان لەسەر ئەوە چەقاند كە دەبێت سەرەتا وەك سەربەخۆ خۆی هەڵبژێرێت دوایی ئەوە بگەڕێتەوە ناو یەكێتی، ئەمە مەقبول نەبوو، وتیان ناتوانینو دەنگیش ناهێنین لە سەركردایەتیو ئەشخرێتە دەنگدانەوە، مەكگۆرگیش هەر بڕوای وابوو، لەو سەردەمەدا ئێرانییەكانیش هەر رەئیان وابوو، هەموولایەك رەئیان وابوو كە بەرهەم ساڵح بچێتە سەركردایەتی یەكێتیو لەوێ هەڵیبژێرن وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار. درەو میدیا: هاوپەیمانی نیشتمانیو سەركردەكانی لەم گفتوگۆیانەی نێوان بەرهەم ساڵحو یەكێتی ئاگاداربوون ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێش ئەوە دكتۆر بەرهەم لەگەڵ ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی كۆبوەوە، لەگەڵ هەموو كادرە ئەساسییەكانی هاوپەیمانی كۆبونەوەی كردووە، پرسی بەهەموویان كردووە، ئەو كەسەی بڵێ من ئاگام لێی نەبووە، یان بەجێی هێشتوین، هیچ راست نیە. درەو میدیا: ئارام قادر ئەو كاتە بەشداربووە لە كۆبونەوەكان؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر بەشداربووەو موافقیش بووە، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، بەڵێ بەشداربوو لە كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵح، یەكێك لەوانە كاك حەمەرەئوف بوو، ئەوانی تریش هەموویان. درەو میدیا: رەئی ئەوان چی بوو؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر پێی ناخۆش نەبوو، پێی باش بوو، بەڵام مامۆستا حەمەرەئوف وتی :"زەمان چیە كە فێڵت لێناكەن ؟"، بەس من پێم وابوو دكتۆر بەرهەم زەمانەتەكەی وەرگرتبوو، زیاتر لەلایەنی ئەمریكییەكانەوە، زەمانەكەش ئەگەر بیرتان بێت ئەو ئیشارەتە بوو كە مەكگۆرگ لە دەباشانەوە قسەی كرد، وتی ئێمە بۆ سەرۆك كۆمار یەكێكمان دەوێت زمانزان بێت، دیپلۆماسی بێت، بڕوانامەی هەبێتو پەیوەندی نێودەوڵەتی باش بێت، لەناو یەكێتی كێی ترت هەیە واتا یەعنی دكتۆر بەرهەم، ئەوەبوو هێرۆخانیش هیچ تەعلیقێكی نەبوو، بافڵو لاهوریش پشتیوانی یەكەمی بوون، زۆریان پێ باش بوو، بۆیە چەندجارێك هەر دادەنیشتینو گفتوگۆمان دەكرد، پێمان باش بوو دەستلەكاربكێشێتەوە لە هاوپەیمانی، بۆیە دەستیلەكاركێشایەوەو ئێمەش پێمان باش بوو، رەنگە یەكێك لەوانە من بووبم كە پێم وت:" ئەمە زۆر زۆر بڕیارێكی قورسە، بەراستی جورئەتێكی ئەوێت مرۆڤ ئەو بڕیارە بدات، بەڵام هەر ئەمە باشترە لەوەی ئێمە چوار ساڵی دیكە دابنیشین بەدیار دوو ئەندام پەرلەمانەوە، دەسەڵاتی هیچت نەبێتو پارەشت نەبێتو كرێی بارەگاكانیشت نەبێت"، وەزعی ئابوریشی خراپ بوو هەتا ئێستاش هاوپەیمانی قەرزی خەڵكی بەسەرەوە ماوە، هەربۆیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا زۆرینەیان دەنگیان بە دكتۆر بەرهەمداو ئەوانی دیكە دەنگی زۆر كەمیان هێنا. ئەوەنەی من ئاگادارم یەكێتی جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئامادەن رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەن درەو میدیا: ئێستا هیچ پەیوەندییەك هەیە لەنێوان بەرهەم ساڵحو ئەو حزبە تازەیەی كە لەسەر داروپەردووی هاوپەیمانی دروستبووە، واتا هاوپەیمانی نیشتمانی؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك ئارام قادر سەرەتای پێی وتم لەگەڵمان بێیت بۆلای دكتۆر بەرهەم، كە سەرەتا هەڵبژێردرابوو بە سەرۆك كۆمار، بۆیە كۆبونەوەو كاك ئارامو ئەوان داوای لۆگۆی هاوپەیمانیان كرد، بەرهەم ساڵح وتی بەسەرچاو، داوای مومتەلەكاتەكانی هاوپەیمانیان كرد، وتی هەمووی بۆ ئێوە، داویانكرد كە دوو بۆ سێ مانگ كرێی ئەو بینایانەیان بۆ بدەن، وتی بەسەرچاو، داوای دوو ئەندام پەرلەمانەكەی هاوپەیمانیان كرد، دكتۆر بەرهەم وتی ئەندام پەرلەمان كورسیو مێز نیە، ئێوە ئەتوانن قسەیان لەگەڵ بكەن، ئەگەر لەگەڵتان مانەوە ئەوە پیرۆزەو ئێوە هەر دۆستی ئێمەنو هاوڕێی ئیمەن، ئەوانیش بەهەمان شێوە، جگە لە مۆڵەتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری كە ئەوەی نەدانێ، چونكە ئەوە بەناوی دكتۆر بەرهەمەوە بوو، بۆیە ناوەكەیان گۆڕی. لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی سیاسی ژێربەژێر لەنێوان بەرهەم ساڵحو ئەواندا نەماوە، بەڵام هاورێیەتیان ماوە، بەڵام وەك خۆیان ئاماژەیان پێكرد، چەندینجار هەندێك لە كەناڵەكانی نزیك لە پارتی هەوڵیانداوەو ختوكەی ئەو سەركردانەیان داوە كە دژی بەرهەم ساڵح قسە بكەن، بەڵام ئەوان هیچ قسەیەكیان دژی نەكردووە. درەو میدیا: ئێستا تۆ یەكێتیت یان هاوپەیمانی یان كەسایەتییەكی بێلایەن؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من هەروەكو پێش هاوپەیمانی ساڵی 2000، مام جەلال ناردمی بۆ ئیدارەو مالیەی یەكێتی قەناعەتم وابوو ناتوانم لەوێ درێژە بە كارەكانم بدەم، دوو مانگ سێ مانگ لەوێ مامەوەو ئیستیقالەم كردو لەو سەردەمەوە من هیچ كارێكو بەرپرسیارێتییەكم لە یەكێتی نەبووەو تا 2003 كە لە عێراقدرا من نوێنەری یەكێتی بووم لەگەڵ ئەمریكییەكان لە میحوەری كەركوك، ئێستا من پەیوەندی شەخسیم باشە لەگەڵیان، بەینم باشە لەگەڵیان، بەڵام لە هیچ دامودەزگایەكی یەكێتی ئیشم نەكردووەو ئیشیش ناكەم، من خانەنشینم، حەزمكردووە حورمەتی پێشمەرگایەتی خۆم بپارێزم بەڕاستی. درەو میدیا: هەست بەوە دەكرێت لاسەنگییەك لە سیستمی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەتایبەتی باس لەوە دەكرێت سلێمانی لە هەموو بوارەكاندا دواكەوتووە، لەڕووی دەسەڵاتی سیاسیشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆربەی جومگەكانی كۆنترۆڵكردووە، وەكو كەسێك لەناو رووداوە سیاسییەكانی چل ساڵی رابردوودا بوون، هۆكاری ئەو لاسەنگییە بۆچی دەگەڕێننەوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە بە درێژایی مێژووی دوای راپەڕین، ئێمە كە لە یەكێتی هاتوینەتەوە، كۆمەڵێك هەڵەی سیاسی گەورە كراوە، یەكێك لەوانە ئێمە ئەو دروشمانەی كە لە شاخ بەرزمانكردبووەوە، ئەو ئازادیو دیموكراتییەی كە ئێمە باسمان دەكرد، ئەو دژبوونی بنەماڵەییەی كە باسمان دەكرد، ئەو خۆنەویستییەو خەباتكردنە بۆ خەڵك كە باسمان دەكرد، كە هاتینەوە بەداخەوە بەشێك لە بەرپرسەكانمان وا تەسەڕوفیان نەكرد، وای لێهات لە چاوی زۆركەسی بێلایەن ئێستا كە سەیری پارتیو یەكێتی دەكات، دەڵێ وەكو یەكن. ئەمەش بۆ یەكێتی ناگونجێت، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانو ماڵی مەلا مستەفا ئەگونجێت، چونكە ئەوان بە ئاشكرا ئەڵێن ئەو حیزبە هی ئەو بنەماڵەیەیەو ئەبێت هەمیشە یەكێك لەو بنەماڵەیە سەرۆكی ئەو حیزبە بێت، نابێت خەڵكی تر، لە هەموو شوێنە كاریگەرو هەستیارەكاندا یەكێك لەو بنەماڵەیە مەسئولیەتی، لە ئەنجومەنی ئاسایشو سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم، ئەوانە هێڵی سورنو دەبێت بۆ یەكێك بن لە بنەماڵە، بەڵام ئەوەی یەكێتی نیشتمانی لە شاخ بانگەشەی بۆ دەكرد، بەپێچەوانەی ئەوانەوە بوو، خەڵكی سلێمانیش لەزووەوە خەڵكێكی رۆشنبیرو خەڵكێكی چاوكراوەو رەخنەگرن، تەحەمولی ئەم وەزعەی یەكێتییان نەكرد كە هاتینەوە لە شاخ، بۆیە من پێموایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لێیو بەدانیشتنی كۆمەڵێك لە كادیرەكانی، تۆ سەیركە یەكێتی چی بەسەرهاتووە، لە راپەڕین هاتینەوە باشترین كادیرەكانی یەكێتی ئەو سەردەمە لە قاسمەڕەشو لە سەقزو دیوی ئێرانەوە بەرەو ئەوروپا رۆشتن، دوای راپەڕین هاتینەوە كاك نەوشیروانیش رۆشت، ئەویش لە شەقلاوەوە بەجێی هێشت لە دوای كۆنگرەی یەك، بەدرێژایی پێنج شەش ساڵ نەهاتەوە لە ئەوروپا، كۆمەڵێك كادیری باشی تر رۆشتن، باشە ئەم كادیرە باشانە كە ئەڕۆن كێ جێیان ئەگرێتەوە، خەڵكی تر جێگای ئەگرێتەوە كە شیاو نییە بۆ ئەو شوێنە، من هەمیشە رەخنە لەخۆم دەگرم لەگەڵ هەموو هاوڕێكانمان، مەسئولیەتی یەكەمی ئەو وەزعانەی كە وای لێهات ئێمە هەموومانین كە بەجێمانهێشت، هەر كەسێك شوێنی خۆی بەجێهێشتو كەسی تر شوێنەكەی پڕكردەوە، ئیتر وای بەسەردێت، ئینجا بزوتنەوەی گۆڕانیش كە جیابونەوە باشترینی كادیرەكان لە مەكتەبی سیاسییەوە تا ناوەڕاستو خوارەوە جیابونەوەو رۆشتنو نانبڕاوبوون، بێ پارە بوون، بێ وەزع بوون، وازیان لە هەموو ئیمتیازاتی ناو مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی هێنا، كادیرە پێشكەوتووەكانی یەكێتی وازیان لە ئیمتیازات هێناو لەگەڵ گۆڕان رۆیشتن، ئەمانە كە رۆشتن هەموو بەنیەتی پاك رۆیشتن، بەنیەتێك رۆیشتن كە درێژە بەو رێبازە بدەن یەكێتی لە شاخ هەیبوو، ئێ بەڵام دەركەوت بزوتنەوەی گۆڕان كە ئومێدێكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، وە ئەو جەماوەرەی كە بزوتنەوەی گۆڕان هەیبوو خۆڕسك بەوشێوەیە، لەمێژووی تازەی كوردستاندا شتی وا نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەویش ئیدارەیەكی باشی نەدراوە، ئەویش وەكو پێویست نەبوو، ئێستا ئەیبینین. كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە درەو میدیا: ئێستا دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینی ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە ئێستا دۆخی باش نییە، ئەوانەی كە وەزیفە وەردەگرن ئەڵێن هەرگیز گۆڕان دۆخی وەكو ئێستا باش نەبووە (بەپێكەنینەوە)، ئەوەشی كە كادیرە دڵسۆزەكانیەتی ئەڵێ وەزعەكان زۆر خراپە، ئەوەی من ئەیبینم بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵوەرین ئەڕوات، من پێموایە ئایندەیەكی رەش چاوەڕێی گۆڕان ئەكات، نەك گەش. درەو میدیا: ئەی لەسەر یەكێتی بۆچونت چییە، پێتوانییە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی وایكردووە سلێمانی دوابكەوێت ؟ یان بەكورتی ئەوەندەی ئێوە ئاگاداربن ئێستا دۆخی یەكێتی چۆنە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من ئەیبینم دۆخی یەكێتی ئێستا بەرەو باشتر ئەڕوات، من بۆخۆم یەكێك لەو پرسیارانەی كە لە كاك بافڵم كرد رۆژێكیان، وتم ئێوە چۆن گەیشتنە قەناعەت كە بەوشێوەیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح تەعامول بكەن، ئەو وتی من ئێستا پورەكانمو كێ و كێ مەرحەبایم ناكەن، وتم چۆن گەیشتیە ئەو قەناعەتە، وتی من گەیشتومەتە قەناعەتی تەواو كە یەكێتی بە ئەو نەبێ (بەرهەم ساڵح) بەئێمە بەڕێوەناچێت، پێویستمان بە بەرهەم ساڵحە سەرپەرەشتی ئەو وەزعانە بكات، من پێموایە ئێستا وەزعەكان وا گۆڕاوە، لە هەندێك حاڵەتدا كارەكتەرێكی وەكو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت بڕیار بدات، بەڵام هێشتا ماویەتی، ئەگەر هەوڵبدەینو رەگ دابكوتێو یەكێتی نیشتمانی تۆزێك خۆی كۆبكاتەوە، یەكێتی لەبارە بۆئەوەی بەپێی ئەو مێژووەی كە هەیەتی، ئەو جەماوەرەی كە هەیەتی، لەبارە بۆ ئەوەی بەرەو باشتر بچێت، من پێموایە ئەمساڵ باشترە لە پار. درەو میدیا: هیچ هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی یەكێتیو گۆڕان تواناكانیان یەكبخەن، چونكە دەوترێت بەشی گەورەی كێشەی ئەم ناوچەیە پەیوەندی بە كێشەی نێوان یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەمدواییە زۆر ویستی بەرەو بزوتنەوەی گۆڕان بچێتو رێككەوتنێك بكات بەتایبەتی لەم دوو سێ هەفتەی دوایدا. درەو میدیا: چۆن ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەنەی من ئاگادارم جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئێمە ئامادەین رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەین، ئەمە پێش ئەوەی گۆڕانو پارتی ئیتیفاق ئیمزا بكەن، یەكێتی داوایكرد لەگەڵ گۆڕان پێكەوە بچن بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتیو یەكتری بەجێنەهێڵن، یەكێتی ئامادەیی دەربڕی ئیتیفاقی "دەباشان" جێبەجێ بكات یان ئیتیقافێكی نوێ لەگەڵ گۆڕان بكات، كاك مەسعود عەبدولخالق ئەو قسەیەی گەیاند بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ یەك دوو برادەری تردا، بەڵام لەوەدەچوو ئەوان گەیشتبنە قەناعەت كە ناتوانن لەگەڵ یەكێتی رێكبكەون، من پێموایە ئەسڵەكەی ئەوە نەبوو، پێدەچێت پێشتر لەگەڵ پارتی رێككەوتبن، رەنگە رێككەوتنەكەیان بگەڕێتەوە بۆ دوای 12/5 كە تەقەكان لە گردەكە كرا. درەو میدیا: ئێستا یەكێتیو گۆڕان بە جیا بەشداری حكومەتیان كرد، پێشبینی ئێوە بۆ پەیوەندی نێوان ئەو دوو هێزە لە چەند ساڵی داهاتوودا چییە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من وای ئەبینم هەردوكیان یەك چارەنوسیان هەیە، دەبێت لە كۆتایدا هەر نیمچە بەرەیەك دروستبكەن یان یەكبگرنەوە، چونكە بەمشێوەیە نابێت، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، زۆرێك لە كادیرە ئەساسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، بەڵام موشكیلەكەی بزوتنەوەی گۆڕان چییە ؟ ئێستا گۆڕان زۆری لێ هەڵدەوەرێت، زۆری لێ ئەڕوا، زۆر وازئەهێنێ، كادیرە بەهێزەكانی دادەنیشتن، بۆ نمونە ئەوە كاك عوسمانی حاجی مەحمود، ئەوە كاك قادری حاجی عەلی، كاك سەڵاح رەشید، كاك رۆستەم، جەمال عەزیز..، دانیشتون هەركەس لە ماڵی خۆی، من پێموایە ئەو خراپە بەڕاستی، من پێموابوو لەژێر هەر پەردەیەكدا بێت، ئەو برادەرانە بۆخۆیان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان شتێك دروستبكەنو نەهێڵن ئەو خەڵكە بەملاولادا بڕوات، تاوەكو وردە وردە زەمەن وا حوكم ئەدات، چونكە تەعامولكردن لەگەڵ پارتی وائاسان نییە، ئەو تەعامولەی كە ئێستا پارتی دەیكات، ئیشی بە بزوتنەوەی گۆڕانە كە بەوشێوەیە بەپیریەوە ئەچێتو ئەڵێ تۆ 12%ی كورسییەكانت هەیە ئێمە 20% پێدەدەین، رەنگە ئەمە بۆ دروستكردنی فەوزاو ناكۆكی بێت لە سلێمانی، بەهەمان شێوەش كە لەگەڵ یەكێتی دێتەپێشەوە من پێموایە یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان زۆر ئاگاداری خۆیان بن، زۆر وریا بن، ئەبێ ئەو حەقیقەتە بزانن بەڕای من لە ئایندەیەكی زۆر دوریش نا، رەنگە چارەنوسیان هەر یەك چارەنوس بێت، ئەبێت هەر لە یەكتر نزیكببنەوە. یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوەو تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە درەو میدیا: ئێستا یەكێتیو گۆڕان هەردوكیان لاوازن لەبەرامبەر پارتیدا ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ هەردوكیان لاوازن، بەڵام ئەگەر تەبابنو تەنسیقێكی مونەزەم بكەن، من پێموایە وەزعیان باش ئەبێت. درەو میدیا: رێككەوتنەكەی یەكێتیو پارتی چۆن دەبینی، سەرەتا وادەردەكەوت كێرڤی داواكارییەكانی یەكێتی بەرزە، بەڵام دواتر دابەزی، یەكێتی لە هەندێك لە داواكارییەكانی كشایەوە بەتایبەتیش لە پرسی كەركوكدا ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەگەر بە نەخشەو پلان كاربكات، ئێستاش دەتوانێت هەر داواكارییەكی هەبێت بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، بەڵام موشكیلەی یەكێتی تائێستا ئەوەیە كۆدەنگیی تێدا نییە، هەیە زۆری پێخۆشە لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، هەیە زۆری پێناخۆشە، ئەمە بوەتەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكانیش كێشە دروست ببێت، من نازانم كاك كۆسرەتو كاك مەسعود چیان قەرارداوە، پارێزگاری كەركوكیان هێشتوەتەوە لەنێوان خۆیانداو بەدوو قۆڵی خەریكن، بەڵام پێموایە یەكێتی تەنازول نەكات لەو مەوزوعە، ئەگەر تەنازول بكات وەزعی خراپ ئەبێ، یەكێتی ئەبێت پێ لەسەر ئەو داواكارییە دابگرێت كە هەیبوو، كە ئەویش ئاشتەواییە لە بەغدادەوەو بۆ كەركوكو بۆ كوردستان. درەو میدیا: ئێوە یەكێكن لە كەسە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەبارەی ناردنی پارەی موچە لە بەغدادو هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەوە چ زانیارییەكتان هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من بزانم دكتۆر بەرهەم تەنسیقێكی زۆر باشی لەگەڵ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی هەیە، بەبەردەوامی ئەندام پەرلەمانەكانی عێراقو حەلبوسی دەبینێ، ماڵەكانیان یەك دیواری بەینە. درەو میدیا: ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر موچەو ژیانی خەڵك دەبێت ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە یەكێك لەو شتانەی كە وایكردووە بەغداد بەوشێوەیە بێتەپێشەوە، دكتۆر بەرهەم كاریگەری خۆی هەبووە. درەو میدیا: ئێستا پارتی دەڵێت ئێمەبووین موچەمان گەڕاندووەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕانو لایەنەكانی تریش دەڵێن ئێمە بوین؟ شێح محەمەدی سەرگەڵو: هەمووی ئەڵێ ئێمە بووین، تۆ سەیربكە، بڕینی موچەیان بە كاك قوباد راگەیاند، بەڵام كاك نێچیر رایگەیاند كە پاشەكەوت هەڵدەگیرێت، بەداخەوە كاك قوباد پیاوێكە بێ تەجوروبەیە، ئەگەرنا ئەبوایە هەرئەوكات مایكەكەی لەدەست كاك نێچیر وەربگرتایە، یان بۆ نمونە ئەڵێ ئێمە سوپاسی فوئاد حسێن ئەكەین، كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە، بۆیە بەدڵنیایی دكتۆر بەرهەم رۆڵەكەی گێڕاوە. درەو میدیا: واتە ئیتر كێشە لەنێوان هەرێمو بەغداد نەماوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر ئێستاش كێشە ماوە، هەرێمی كوردستان ئەبێت پابەند بێت بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە حكومەتی عێراقی، ئەگەر نەیدات ئەو بودجەیە بەوشێوەیە نایەت. درەو میدیا: چۆن ؟ ئەمە زانیارییە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ ئەمە زانیارییە، ئەمە زانیاری چەند رۆژێك پێش ئێستایە (بەپێكەنینەوە)، ئەبێ حكومەتی هەرێم ئەو نەوتە رادەستبكات، ئێستا حكومەتی هەرێم دەڵێ ئێمە 400 هەزار بەرمیل دەفرۆشین، 250 هەزاری ئەنێرین بۆ بەغداد، 150 هەزاریش تەكمیلەی داهاتی ناوخۆی پێ تەواو ئەكەین، بەڵام خەڵكی تر لەملاولاوە ئەچێ ئەڵێ 600 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، خەڵك هەیە ئەچێت ئەڵێ 700 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، ئاوا ناكرێت، ئەبێ حكومەتی هەرێم مل بدات بۆ ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ بەغداد كردویەتی، ئەگەر نەیكات، بەغداش پابەند نابێت بە ناردنی ئەو پارەیەوە. درەو میدیا: بۆچونی تۆ چییە لەسەر هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە بۆ خەڵك زۆرباشە، ئەگەر بەردەوام بێت، بەڵام ئینسان گومانی هەیە، ئایا پارتی پابەند دەبێت بەو رێككەوتنانەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویەتی یان نایكات. پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی درەو میدیا: ئێوە پێتانوایە پارتی فایلی نەوت رادەستی بەغداد بكات، لەكاتێكدا بەمدواییە رێككەوتنێكی لەبارەی غازەوە كردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: دەبێت فایلی نەوت رادەست بكات، ئەگەر نەیكات دوچاری كارەساتێكی تر دەبینەوە، ئەوەش بە فشاری بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی بوو. درەو میدیا: گۆڕانو یەكێتی ئەو كارتانەیان بەدەستەوەیە فشار لە پارتی بكەن ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە یەكێتی كارتی باشی بەدەستەوەیە، یەكێتی لە سلێمانی سنورێكی گەورەو گرانی بە ئێرانەوە هەیە، سنورێكی گەورەی لەگەڵ بەغداد هەیە، ئەتوانێت بەهەموو جۆرێك مامەڵە بەو غازەوە بكات كە سەرچاوەكەی لە سنوری یەكێتیدایە، بتەوێت یان نا لە كوردستان كورسی گرنگ نییە، مەسەلە هێزو ناوچەو پارەیە. درەو میدیا: ئەی گۆڕان كارتی فشاری لەسەر پارتی هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە گۆڕان وەزعی زۆر خراپ ئەبێت، چونكە نە ئەو پارەیەی بەدەستەوەیە نە ئەو هێزەشی بەدەستەوەیە، كورسی زۆریشی نییە، ئێستا پارتی ئیشیان بە بزوتنەوەی گۆڕانە، دڵیان رائەگرنو هەموو دڵدارییەكیان لەگەڵ ئەكەن تا ئەوكاتانەی مەرامەكانی خۆیان جێبەجێ ئەكەن. درەو میدیا: لەبارەی دۆخی ناوخۆییەوە، پێشبینی ئێوە بۆ دۆخی یەكێتیو گۆڕان چییە، ئایا یەكێتیو گۆڕان دواجار وەكو پارتی دەبن بە حزبی بنەماڵەیی ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئێستا بەرەو ئەوە ئەڕۆن، یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوەو تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە (بەپێكەنینەوە)، من نازانم لە بزوتنەوەی گۆڕاندا مەسئولیەتم نییە، بەڵام ئەوەی لە برادەرەكانی ئەبیستم ئەڵێن بڕیار لای جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی نییە، بڕیار لای چەند كەسێكە ئەویش كوڕەكانی كاك نەوشیروان دەوری خۆیان دەبینن بەتایبەتی كاك چیا. دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیلو زاخۆو دهۆك بوو درەو میدیا: هەندێك قسە هەیە دەڵێن پارتی دەیەوێت لەم ناوچەیە بزوتنەوەی گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت پارتی دەیەوێت هێزی چەكدار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكات، چ زانیارییەكتان هەیە لەوبارەیەوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، دڵنیابە پێش ئەوەی هێزی سەربازی بۆ گۆڕان دروستبكات، یەكێتی هەڵوێستی زۆر توندی دەبێت، دڵنیابە. درەو میدیا: باسی پەیوەندی نێوان یەكێتیو گۆڕانمان كرد، بەوپێیەی ئێوە نزیك بوون لە رووداوەكان، سەرەتای كۆتایهاتنی هاوڕێیەتی سیاسی جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لەكەیەوە دەستیپێكرد ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: لەسەرەتای راپەڕین یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تاكە سواری مەیدانەكە بوو، لەسەردەمی پێشمەرگایەتیشدا بە پانتایی سنورەكانی سلێمانیو هەولێرو دهۆكو كەركوكو خانەقین یەكێتی دەسەڵاتی یەكەم بوو، لەدوای راپەڕینیش كە هاتینەوە لە زاخۆوە تا خانەقین یەكێتی تاكە سواری مەیدانەكە بوو، پارتی ئەوكات هاتبووەوە، بەڵام ئەو هێزە نەبوو، بۆ نمونە دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیلو زاخۆو دهۆك بوو، هەرچی كاك دلێرو یەكێتی بڕیاریان نەدایە پارتی نەیدەتوانی لەوێش هیچی وا بكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ناوخۆییو بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەو بانگەوازەی دەیكرد، لە شاخەوە بۆ خەڵك وەك پێویست پەیرەوی نەكرد، وای لێهات زۆرێك لە كادریرەكانی داوای چاكسازیان دەكردو داوایان دەكرد بچنە ناو خەڵك، پێداوایستی خەڵكی دابین بكەن، بەڵام لە فرۆشتنی بەنداوی بێخمەوە بیگرە كە یەكێتیو پارتی پێكەوە فرۆشتیان تا ئاودیوكردنی ئەو مەكاینو شۆفڵو شتانەی كە لە كوردستان هەبوون، ئەمە بوو بەهۆی ناڕەزاییەتییەكی گەورە، لەبەرئەوەی كادرەكانی یەكێتی فێری رەخنەگرتن بووبوونو رێكخستنەكانیشی زۆر بەهێزبوون لە شار، بەمافی خۆیان دەزانی كە هەر كەموكوڕییەكیان لە هەر شوێنێك ببینیایە باسیان بكردایە، ئەمانە درێژەیان كێشا تا ئەوەبوو كاك نەوشیروان ماوەیەكی دوورو درێژ چوە دەرەوەو لە لەندەن دەژیا، ئەو سەردەمانە ئێمە زیاتر لەگەڵ كاك نەوشیروان پێكەوە بوین، كاك نەوشیروان هەمیشە باسی ئەوەی دەكرد كە چاكسازی لەناو یەكێتیدا، بڕیاری بەكۆمەڵەو دەبێت مافی تاك پارێزراو بێت، بتوانین بینای موئەسەساتی دەوڵەتیو حوكمڕانی بەڕێكوپێكی بكەین، ئەمە درێژەی دەكێشا چەندجارێك كە كێشە دروست دەبوو، مام جەلال دەینارد بەدوای كاك نەوشیروانداو ئەهاتەوەو كێشەكان بەشێوەی كاتی چارەسەر دەبوون، تا گەیشتە ئەو رادەیەی كە نێوانی مام جەلالو كاك نەوشیروان بەتەواوی تێكچوو، ئەوەی من ئاگادارم ئەوەی لە مام جەلال خۆیم بیستووە، لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی لە بەغداد، مام جەلال وتی كاك نەوشیروان جیایكردمەوەو وتی ئیشم پێتە، جیابووینەوەو كاك نەوشیراون وتی من پیاوێكی رۆژنامەنووسم، حەزم بەنوسینو خوێندنەوەی مێژووە، نامەوێ ئیتر تەداخولی سیاسەت بكەم، بۆیە من دێمە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیو خواحافیزیتان لێدەكەم. درەو میدیا: واتە ئەوكات نەوشیروان مستەفا باسی پرۆژەی سیاسی نەكردووە؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە كاك نەوشیروان هەر باسی سەنتەری ستراتیژی لێكۆڵینەوەی كوردی كردووە. مام جەلال بە كاك نەوشیروانی وتووە ئێمە چەند ساڵێكە بەیەكەوە خەبات دەكەینو با بەردەوام بین پێكەوە، بەڵام كاك نەوشیروان رازی نەبوو، دوایی چوینەوە ناو كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیو كاك نەوشیروان وتی هاورێیان ئەوە ئیتر من سەنتەرێكی ستراتیژی دادەنێمو وازدەهێنم لە یەكێتیو ئەتوانن ئێوەش تێیدا بنوسن، مام جەلال وتی منیش تێیدا دەنوسم، بەڵام كاك نەوشیروان وتی من پێویستیم بە پارەیە، وتم چەندت دەوێت وتی پێویستم بە 12 ملیۆن دۆلارە، وتی یەكسەر لەوێ بەرپرسی ئیدارییەكەم بانگكرد وتم ئەو پارەیە بێنن، وتی هێنایان (5 یان 7 ملیۆن دۆلار) بوو، تەلەفۆنی بۆ كاك دلێری سەید مەجید كرد لە سلێمانی باقییەكەی تری بۆ دابین بكەن، ئەوەبوو (12 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجكرد، بۆ خەرجی پێداویستییەكانی راگەیاندنو رۆژنامەو سایت، دواتر داوای گردەكەشی كردبوو. درەو میدیا: واتە هەر ئەوكات گردی زەرگەتە تاپۆكراوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ، هەر ئەو سەردەمەش تاپۆكرابوو، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە ئەوە بوو كە كاك نەوشیروان وتویەتی بۆ ئەوەی سبەینێ برادەرەكان هەریەكەیان نەڵێن ئەوە بەشی منەو كێشە دروست ببێت، با یەكجاری لەسەر خۆم بێت باشترە، بۆیە منیش وەزیری دادو تاپۆم بانگكرد، چوون لە ماڵی كاك نەوشیروان ئەوەیان لەسەر تاپۆكرد، مام جەلال بۆی گێرامەوەو وتی: من تەسەورم دەكرد یەكەم نوسین من بینوسم لە سایتو رۆژنامەكەی كاك نەوشیروان، بەڵام یەكەم نوسین دژی خۆم بوو. من شتێكتان بۆ دەگێرمەوە، ئێمە (10) كەس بووین لە ئاوێنە (رۆژنامەی ئاوێنە) راپۆرتێكمان بۆ مام جەلال نوسی بوو، كە چەند خاڵێك بوو بۆ ئەوەی جێبەجێی بكات، یەكێك لەو خاڵانە ئاشتبوونەوە بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، خاڵێكی تر موفاتەحەی ئەنجومەنی سەرای سلێمانی بوو لە 17ی شوباتدا، كە كاوە محەمەد ئەو سەردەمە كادری یەكێتی بوو (ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی گۆڕان) قسەی كرد، مام جەلال لێی توڕە بوو، وتی: تۆ گۆڕانیت، تۆ جاسوسی گۆڕانیت، بڕۆ دەرەوە، منیش قسەم كردو پێشنیازم كرد كە لەگەڵ ئەنجومەنی سەرای ئازادی كۆببنەوە، ئەوانە كۆمەڵێك گەنجنو لەگەڵیان دابنیشەو دەعوەتێكیان بكە، مام جەلال وتی: چەند كەس دەبن ؟، منیش وتم: رۆژانی هەینی دەگەنە (5 هەزار) كەس، وتی ئینجا ئەوە چییە من پاسەوانەكانی خۆم (11 هەزار) كەسە، منیش وتم هەر ئەو (5 هەزار) كەسە نین، (10) پێنج هەزاری دیكەش دڵی لەگەڵ ئەواندایە، مام جەلال وتی: كاكە تۆ ئاگات لێ نیە، مانگی پێشوو پارەیان پێنەبووە من پارەم بۆ ناردوون (مەبەستی لەوە بووە پارەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە)، دواتر هاتمە دەرەوە دكتۆر بەرهەم تەلەفۆنی كرد، وتم: مام جەلال دەڵێ من پارەم بۆ ناردووە، وتی: بۆ مام جەلال باسی كرد !! وتم بەڵێ. درەو میدیا: ئەی سەبارەت بەخۆت، تۆ لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بووی، چۆن بەشداری پرۆژە سیاسییەكەی ئەوت نەكرد ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان ئەیزانی كە من نابم بە گۆڕان، بەڵام ئەیزانی لەگەڵ برادەران زۆر نزیكم، وتی:" یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت"، سەرەتا هێشتا گۆڕانیان رانەگەیاندبوو، هێشتا ناوەكەشی نەبوو بوو بە گۆڕان، وتی:" بۆ دەعوەتێكیان ناكەیت، وتم:" باشە"، منیش (كاك عومەری سەید عەلی، كاك جەلال جەوهەر، لەگەڵ كاك عوسمانی حاجی مەحمود، كاك قادری حاجی عەلی بوو وابزانم) لەوێدا كاك نەوشیروان مەبەستی كاك عوسمانی حاجی مەحمود بوو بە پلەی یەكەم، لەوێ دانیشتین زۆر مناقەشەمان كرد، بە كاك عوسمانم وت:" كاك نەوشیروان رەئی ئەوەیە"، كاك عوسمان خواهەڵناگرێ ئەو دەمە تەقیمی خۆی هەبوو بۆ كاك نەوشیروان، وتی:" من چی بكەم ئێستا لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەمانەدا كارم بۆ ناكرێت، هەرچۆنێك بێت لای كاك نەوشیروان باشترە"، هەرچۆنێك بێت بڕیاریداو كاك عومەری سەید عەلیش سوپاسی منی كردوو وتی:" دەستت خۆش بێت كە قەناعەتت هێنا بە كاك عوسمان". درەو میدیا: بۆچی نەوشیروان مستەفا زیاتر عوسمانی حاجی مەحمودی بەلاوە گرنگ بوو؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێی وابوو پیاوێكی خۆشەویستەو بەرپرسێكی سەربازی سەركەوتوو بوو لەناو یەكێتیدا، پیاوێكی بەخشندەبوو كە وەزیری ناوخۆ بوو، لەگەڵ گەرمیانییەكان وەكو گۆشتو خوێن وابوو، قەناعەتی وابوو ئەگەر كاك عوسمانی لەگەڵ نەبێت، لە گەرمیانو كەركوك وەزعیان خراپ دەبێت. درەو میدیا: سەرەتا مام جەلال پێشبینی دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو 25 كورسییە بهێنێت؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نا، مام جەلال وایان تێگەیاندبوو كە لەزۆرترین حاڵەتدا (3 بۆ 4) كورسی دەهێنێت، من جارێكیان هەفتەیەك پێش هەڵبژاردنی 25ی تەموز سەردانی مام جەلالم كرد، وتی:" چۆن دۆخەكە دەبینیت؟" منیش وتم:" لە سلێمانی یان وەكو یەكن، یان بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەهێنێت"، تورە بوو، پێی ناخۆش بوو، وتی:" ئەتۆ نازانیت، بزوتنەوەی گۆڕان (2 بۆ 3) كورسی دێنن، منیش كورسییەكیان دەدەمێ"، وا تێگەیەنرا بوو، زۆر راپۆرتی هەڵەی بۆ چووبوو، منیش وتم:" من لەناو خەڵكم، وانیە، گۆڕان زۆر دەهێنێت"، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان ئەچوو بۆ دوكان، تەلەفۆنی بۆكردم، من لەگەڵیدا چووم، وتی:" یا شێخ ئەتو راستت پێ وتم، ئەوانی تر هیچیان راستیان پێ نەوتوم"، مام جەلال بە ئەنجامەكان توشی شۆك بووبوو، بەڵام مام جەلال عادەتێكی هەبوو نەئەبەزی، رۆژێك پێم وت:" بۆ لەگەڵیان دانانیشیت، ئەوان 25 كورسیان هێناوە ؟، وتی:" ئینجا با 100 كورسیش بهێنن، كورسی چیە؟".