شێروان شێروانی: لەگەڵ داعش و تلیاككێشەكاندابووم لە زیندان

Draw Media

2019-03-14 07:57:02



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: محەمەد رەئوف 
ماوەی 42 رۆژ لە ناو زیندانەكانی ئاساییش و پۆلیسی دهۆك لەژێر ئەشكەنجەیەكی دەرونی و روحی زۆردا مایەوە، ئەو لە زیندان لەگەڵ داعش و تلیاك كێشەكاندا دایان ناوە، شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و چالاكێكی دیاری دەڤەری بادینانە، لەسەروبەندی روداوەكانی شیلادزێ دەستگیركرا، پێشی وایە روداوەكانی بادینان و شیلادزێ " لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد"
 شێروان لە زیندانەكاندا پێشێلكاری گەرەوی بینیوە "ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێنە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە"

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی درەو میدیا لەگەڵ شێروان شێروانی

درەو میدیا: شێوازی ئازادكردنت چۆن بوو، دادگا بڕیاری كۆتایی داوە یان بە كەفالەت ئازادكراویت و دۆسیەكەت بە كراوەیی ماوەتەوە و ھەركات بیانەوێ دەستگیرت دەكەنەوە؟
شێروان شێروانی: هەرخۆی دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین،  لەسەر نیەت كەس سزا نادرێ چجای ئەوەی سزایەكی زۆر توند، گومانی لەسەر تەعلیقكراوە مادەی 156 چجای ئەوەی كە قسە لەسەر ئەوەیە ئاساییشی حزبی و ئاساییشی نەتەوەیی چەندێك جیاوازن لەو زۆنە كێ حوكمدارە كە پارتیە، ئاساییشی نەتەوەیی بە ئاساییشی خۆی دەزانێت، ئەوە پرسیارگەلێكن، بۆیە سەرلەبەری دەستگیركردن و راگرتن و ئەزیەتدانی ئێمە هەموو پەیوەندی بە میزاج و بەرژەوەندی حزبێكی دیرایكراوی ئەم ناوچەیەوە هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هیچ بنەمایەكی یاسایی وا قوڵ نیە، كە ئێمە مستەحەق بین ئەوان بەو شێوازە مامەڵەمان لەگەڵ بكەن.
ئازادكردنەكەشی ئاوا بوو كە بەرێوەبەری ئاساییشی دهۆك ( بژار دۆسكی) بانگی كردم، دوای دانوستان و مناقەشەیەك وتی ئێمە بڕیارمانداوە ئێوە ئازادبكەین، لەگەڵ دادوەر قسەمانكردووە، بەڵام من خۆم هەستم بەوە كردبوو كە هەوڵی ئازادكردنمان لە ئەنجامی كۆمەڵێك فشارە كە هەندێك دەزگای نێودەوڵەتی و رایگشتی و ریكخراوەكان و هاورێكان و ئەمانە وایانكرد كە بەراستی كەیسی ئێمە ئەبێ بە چاوێكی تر سەیری بكرێن.
ئێمە رۆژنامەنووسین شتی تر نین، بۆیە حاڵەتەكە هەندێك غەریب بوو بۆ دەزگا ئەمنیەكانی دهۆك و بەرێوەبەری ئاساییش كە ئەو خۆی نابێ تێكەڵی پرسی داعشێك لەگەڵ ئێمە بكات یان تلیاك كێش كە ئەو ماوەیە زیاتر لەگەڵ ئەو دوو چینە بووین، مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووس كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی، نیشتیمانی و رێكخراوەیی و پیشەیی و ئەخلاقی هەیە، فیعلەن گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە رۆژنامەوان و چالاكوان دەبێت حسابێكی تری بۆ بكرێت، بۆیە لە ئەنجامدا بڕیاردرا ئازادبكرێین.
 بەڵام نازانم چەندێك كەیسی ئێمە بە كراوەییە بەڵام لەناو لێكۆڵینەوەكاندا ئەو قسەیە دەوترا، كە مەبەستم لێكۆڵینەوەی ئاساییشە، كە ئەتوانین زۆر بەتوندی مامەڵەتان لەگەڵ بكەین و ئێمە هەندێك بەڵگەی ئێوەمان لەبەردەستدایە بە دۆكیۆمێنتەوەو دەتوانین دژی ئێوە بەكاری بهێنین، بەڵام بەكاری ناهێنین یەعنی وەكو تەهدید و هەڕەشەیەك بۆسەر گیانی ئێمە بۆ ئەوەی لە قەلەقدا بمێنینەوە.

ئەو هێزانەی  قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو

 

درەو میدیا: بارودۆخی ئێوەو هاوڕێكانت لە ناو زیندان چۆن بوو، ئایا ئەشكەنجەی جەستەیی یان دەرونیتان دراوە ؟
شێروان شێروانی: لە كاتی رەشبگیریەكەدا من خۆم گوێم لێ دەبوو لە شەق و زللەو لێدانی هاورێكانم، بەڵام من خۆم ئەشكەنجەی جەستەیی نەدراوم بەڵام دەرونی زۆر دراوم، خۆزگە ئەشكەنجە بدرام بەڵام زیندانی تاكە كەسی نەبینم، چونكە بەراستی سزایەكی قورس بوو، نۆ رۆژ لەناو زیندانی تاكەكەسی دواجار هەرچەندە تۆمەتبارێكی داعشیان هێنا لەگەڵ من، ئەوە بۆ من قورس بوو بەراستی، نۆ رۆژ لەوێ ئازارێكی زۆرم چەشت هەم ئەوەی سەرما بوو پێداویستی ناو ژوورەكە بەزیندان نەئەچوو، سەرمایەكی زۆر بوو بەتانیم داوا دەكرد نەیان دەهێنا، دەنگێكی زۆر بەهێز دەهات بەبەردەوامی هەواكێشی چێشتخانەیان خستبووە ئەو زیندانیە تاكە كەسیەو بەبەردەوامی كاری دەكرد بۆ ئەوەی مێشكمان تێكبچێت، گڵۆپی روناكی بەربەردەوامی هەڵكرابوو، ئاوی سارد، داوای كتێبم كرد رەتیانكردەوە، تەنانەت داوای قورئانێكم كرد وتم كاكە من هەر لە زیندانم قورئانێكم بدەنێ، ئەویشیان رەتكردەوە دوو سێجار بەراستی بۆ من قورس بوو، هەستمان بەوە كرد كە ئەشكەنجەیەكی روحی و دەروونی زۆر كراین، من 42 رۆژ خێزانی خۆم نەبینی، تەنها برایەكم بینی، خێزانی خۆم كوڕی خۆم هاتن نەیانهێشت بمبینن، بەبەردەوامی ئەو رۆژانەی سەردان هەبوو ( مواجهە) هەبوو موراوەغە بەمن دەكرا، ئەبرامە دەرەوە بۆ ئەوەی كەس نەمبینێ تەنانەت بەمنیان دەتوت تۆ قسەت كردووە لە كاتی سەردانی براكەت، دیارە من كە براكەم هات كۆمەڵێك شتم پێوت بۆ رای گشتی باس بكە بۆ برادەرەكان، ئەوە لەسەر من كەوتبوو باجی قورس بوو بەسەراحەت، بۆیە من پێناسەم بۆ ئەشكەنجەدان جیاوازە ئەمانە ئەگەر ئەشكەنجە نەبێت چیە. 

درەو میدیا: كاتێك لە زیندان بویت باسلەوە كرا دەزگای میتی توركیا لێكۆلینەوەیان لەگەل كردویت، ئەمە راستە ؟
شێروان شێروانی: لەیەكەم رۆژەوە كە ئێمە دەستگیركراین هەڵبەت چاوی ئێمەیان بەست، دەستیشمان لە پشتەوە كەلەپچەكرا، براین بۆ ژورێك وەك تەكتیكی خۆیان لەم ژورە بۆ ئەو ژورە، شێوازێكی تەرهیبی شێوازێكی تۆقێنەر و ترسێنەر هەریەكەمان بە جیاواز، لێكۆڵەر دەهاتن لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكردین نازانین چاومان بەسترابوو، لەوانەیە لەوكاتەدا گۆمانێك هەبێت، چونكە زۆربەی پرسیارەكان 80%ی پەیوەندیان بە كەیسی پەكەكەو باشوری كوردستانەوە هەبوو، ئەمە گومانی بۆ درووستكردین هەندێك جار دەمان ووت چەندە دەبێت یاسایی بێت چەندە دەزگای هەواڵگری لێرە ئامادەیی هەبێت، بەڵام ئێمە بەچاوی خۆمان نەمانبینی كە دەزگای هەواڵگری میت لەوێ بێت، تەنها دەنگی لێكۆڵەری كورد دەهات كە پرسیاریان دەكرد، بەڵام لە لێكۆڵینەوەی یەكەم چاوی هەموومان بەسترابوو.   

روداوەكانی بادینان و شیلادزێ  لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد

 

درەو میدیا: بۆ ئازادكردنت ھیچ بەڵگەنامەیەكیان پێ پركردویەتەوە كە ناچارت بكات لە داھاتوودا بەشدار ھیچ جۆرە خۆپیشاندان یان چالاكییەكی مەدەنی نەكەی ؟
شێروان شێروانی: نا هەڵبەتە زمانی نەرم بوو بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆك، لەكۆتاییدا كە ئێمەی ئازادكرد تەنها وتی هەندێك شت كە هێڵی گشتین،  نابێت بیبەزێنن، دەبێت بەبەرسیارێتی مامەڵە بكەن، وتی 7 ساڵە من بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆكم خەرقێكت بینیوە لەرووی ئەمنیەوە، منیش وتم یەك پرسیارم هەیە كە تۆ خۆت بەبەرپرسیار دەزانی ئەی باشە خێرە كەیسی شەهید وەدات حسین، ئاوا بەرێوەچوو لەناو جەرگەی بەرپرسایرێتی خۆتدا هەست بەبەرپرسیارێتی ناكەیت، ئەویش وتی هێشتا ئەو كەیستە لێكۆڵینەوەی بەردەوامەو لەگەڵ خانەوادەكەی دانیشتووین، هەندێك سەرەداومان بەدەستگەیشتووە بەس كاتی خۆی دێت.
بەڵام لە كۆتاییدا زمانیان نەرم بوو هیچ بەڵێننامەیەكیان نەبوو، بەڵام ئێمەیان دەترساند كە كەیس وبەڵگەی ترمان لەسەرتان هەیەو وەك دەڵێی تەهدیدێكی نەرم دەكراین.  

درەو میدیا: ئێستا دوای ئازادبونت بۆ چونت چییە لەسەر روداوەكانی شیلادزێ و پەلاماردانی بارەگاكانی توركیا ؟
شێروان شێروانی: هەڵبەتە ئەو روداوانە لە غیابی بوونی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد، بۆ پارتی و دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە شوك بوو، قورس بوو هەزم نەدەكرا، لە كوردستاندا ئەو هێزانەی كە ئۆپۆزسیۆنن لە زەواج و غەراماتن لەگەڵ دەسەڵاتدا، بۆیە بزوتنەوەیەكی جدی لەشەقامدا درووستبوو كە پێشەنگایەتی چالاكوان و رۆژنامەنووسن ئەمەی پێهەزمنەكرا، بۆیە كەوتە رەشبگیركردن و زیندانی كردنی ئەو چالاكوان و خۆپیشاندەرانەی بادینان، خەڵك هەبووە بەشداری خۆپیشاندانی نەكردووە بەس پێشتر چالاكوان بووەو چالاكی هەبووەو تارماییەكی هەبووە دەستگیركراوە، ئێمە پێشتر 70 كەس بووین دەستگیركراین بەڵام بەشێكیان ئازادكران، ئەمە پەیوەندی بەو كارتەوە هەبوو كە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرزكرایەوە لە بادینان، دەستدرێژی توركیا و بێدەنگی حكومەت و حزبەكان دەكرێت سنورێكی هەبێت، غەزەبی جەماوەر لە هەر لەحزەیەكدا بتەقێتەوە بەرووی ناوچەوانی بریارێكی حكومەت یان حیانەتی نیشتیمانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو دەڤەرە واتا روداوەكانی بادینان و شیلادزێ ئەگەر كارتێك بوو بێت دژ بە توركیا ئەوا دەیان كارت بووە بەرووی دەسەڵاتدارنی هەرێم.  

دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین

 

 درەو میدیا: هەڵوێستی رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكان و بەتایبەت حزبەكان چۆن دەبینن لە بەرامبەر كەیسەكەی ئێوەدا ؟
شێروان شێروانی: زیاتر قسەكانم رووی لەو هێزانەیە وەك ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ) ئەوانەی قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، بەراستی موجامەلەی ئەوان یاخود مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە تۆزێك لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو، هەستمان نەكرد كە جوڵەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە گەڵ ئێمە فشارە بەسەر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیەوە، بۆ ئیمە قورس بوو غیابی ئۆپۆزسیۆن لە شەقام، ئێمە بوینە قەڵغان بوینە باجدەری رەقەم یەك لە شەقامدا لەلایەكی تر میدیای ئازادیش لەژێر پرسیاردایەو وەك جاران نەماوە ئێستا پترۆ میدیا و میدیای سێبەرو  میدیای حزبی لەرووی گەوجاندنەوە بۆ رای گشتی زاڵە، ئەمە هەردووكی بۆ ئێمە قورس بوو لەو قۆناغەدا، بەڵام بەدیوێكی تردا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەراستی  دوای ئازادكردنمان زانیمان فشارەكە لەوێوە دەستی پێكردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتی لەئاستی بادینان گروپێكی پارێزەری خۆبەخش  درووست بوو ئەمە بۆ پارتی زۆر غەریب بوو، ئەوە پاڵپشتیەكی زۆر گەورە بوو، لەرووی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان و گروپی پارێزەران و هاورێكانمانەوە ئەوە شتێكی تازەش بوو لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنیدا.

درەو میدیا: ئێوە چیتان بینی لەناو  زیندانەكان رەوشی زیندانەكان چۆن بوو ؟
شێروان شێروانی: لەو ماوەیەی لە زیندان بووم بەشێكی لێكۆڵینەوەی ئاساییش لەسەر ئەوەبوو ئەو كارە رۆژنامەوانیانەی كردوومن، یەكەم، لەسەر تیرۆری سیاسی لە كوردستان، دووەم لەسەر زیندانی نهێنی و نایاسایی و پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ دەكرێت، ئەو قوربانیانەی بەهۆی بۆردومانی توركیا و ئێرانەوە دەكەوێتەوە، كۆكردنەوەی بابەت لەسەر جەلادەكان، كە بڕیار بوو كۆمەڵێك بابەت كۆببكەینەوە لەسەر ئەوانەی دژ بە مافی مرۆڤ دەكرێت لە كوردستان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمانە هەمووی كرابوونە تۆمەت بۆمن هەتا گۆمانی ئەوەیان درووست دەكرد كە بۆ دەزگایەكی هەواڵگری جیهانی كاردەكەین و كە لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە وانیە.
 لەلایەكی تر ئەگەر رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەبێت و بتوانێت گرنتی ژیانی ئێمە بكات و نەكەوینە دەستیان،  دەیان حاڵەتی سەرسوڕهێنەری پێشێلكاری مافی مرۆڤ هەیە لە زیندان خۆم بەچاوی خۆم بینیم لەناو زیندان بەشێكی گوێم لێبوو ئەگەر ئەو كەیسانە بدرێتە رێكخراوە جیهانیەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان تێكرا دەكەوێتە ژێر فشاری نێودەوڵەتی، چونكە پێشێلكاری ئەوەندە گەورەن ئەوەندە گەورەن، ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێتە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand