لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشمان نین

Draw Media

2020-02-14 11:31:11



(درەو):
تەمەنی هەڵكشاوە، بەڵام هێشتا لەسەر گەنجەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێت، بەمدواییانە پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی وەرگرت، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، ماوەیەك بوو بەڵێنیدابوو گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ (درەو) بكات، بەڵام كات‌و شوێنی دیدارەكە دیاری نەكرابوو، دواجار دوێنێ بە هاوڕێیەتی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی سەردانی (درەو)ی كرد‌و گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەمان تۆماركرد، لەو گفتوگۆیەدا عەدنان عوسمان وەڵامی پرسیارەكانی (درەو) دەداتەوە لەبارەی، پێگە‌و پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت‌و دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكە‌و بابەتی تەوریسی سیاسی‌و پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق‌و پرسی گەندەڵی‌و دۆسیەی نەوت‌و ئەدای كاری وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت.

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
سازدانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
درەو: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت، چی تازە هەیە لەوبارەیەوە ؟
عەدنان عوسمان: كۆبونەوەكە بۆ دوو مەبەست بوو، مەبەستی یەكەم پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی هەردوولا، مەبەستی دووەم قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی ئیستحقاقاتی گۆڕان لە كابینەكە، هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە روویداوە هەروەها دواكەوتنی پڕكردنەوەی پۆستەكان.
درەو: جڤانی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێوە سكرتێری ئەو جڤاتەن ماوەی مانگێك دەرفەتی بە رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن داوە بۆ ئەوەی پرسی پۆستەكانی حكومەت لەگەڵ پارتی یەكلابكاتەوە، ئەگەر لەو مانگەدا پۆستەكان یەكلانەبوونەوە جڤات بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت ؟
عەدنان عوسمان: بەدڵنیایی دوای ئەوەی پۆستەكانمان بۆ دیاری ئەكرێت، لەبەرئەوەی تائێستا هەندێكی دیاری نەكراوە، بەتایبەتی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە دیاری بكرێن، ئێمە بای ئەوە سیڤیمان لایە كە بتوانین لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژدا یەكلایی بكەینەوە.
درەو: هەڵسوڕاوەكانتان زۆر رەخنەیان هەیە لەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەتان لەگەڵ پارتی وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەگەری كشانەوە لە حكومەت لای ئێوە ئەگەرێكی كراوەیە یاخود ئەمە تەنیا وەكو كارتی فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنن ؟
عەدنان عوسمان: نەخێر، ئێمە لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین، پێمانوایە كارێكی زۆر باشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە ئەو رێككەوتنەی كرد، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی لە كوردستان‌و بە نیسبەت خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە كە كۆمەڵێك موئامەرەو كۆمەڵێك نیازی خراپ بەرامبەری هەبوو، پێمانوابوو ئەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنە بۆ كاتی خۆشی گرنگ بووە‌و بۆ پرۆسەی سیاسیش لە كوردستاندا ئێستاش گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت ئەو رێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازی‌و چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین.
درەو: وەڵامەكەمان وەرنەگرت، واتە ئەگەری كشانەوە لە حكومەت ئەگەرێكی بەهێزە یان نا ؟
عەدنان عوسمان: ئێمە ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین مەسەلەی بەرنامەی حكومەت‌و ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، تائێستا هەردوو لایەنەكەی تر كە شەریكن لەگەڵماندا پابەندن بەو رێككەوتنە‌و دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە.
درەو: ئەی ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەرۆیشت ؟
عەدنان عوسمان: ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت.
درەو: باسلەوە دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو كەس لەوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدتان كردوون دەستبەكاردەبن، ئەمە راستە ؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ راستە.
درەو: ئەم دوو پۆستە لەوانەن كە ئێستا لای پارتین ؟
عەدنان عوسمان: ئەو دوو پۆستە لای پارتین وەریاندەگرین، ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكرێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان، بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو پرسانە‌و جەختكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەكانی حكومەت‌و پرۆسەی چاكسازی‌و بە هەرسێ لایەنەوە پشتگیری هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەت بكەین، ئەم كۆبونەوەیە بەهۆی وەزعی یەكێتییەوە تائێستا نەكراوە، بۆیە ئێمە ئەو كۆبونەوەیەمان لەگەڵ پارتیدا كرد، بۆئەوەی لانی كەم ئەو پشكانەی گۆڕان كە دەكەونە لای پارتی، یەكلای بكەینەوە.
درەو: واتە دەستان لەو پۆستانە شتووە كە لای یەكێتین ؟
عەدنان عوسمان: نەخێر، یەكێتی خۆیشی دژ بەوە نییە ئەو پشكانە بەر گۆڕان بكەون، چونكە ئەوە بەشێكە لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن‌و رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام هەر ئەوەیە كە یەكێتی ئێستا ئەڵێن ئێمە سەرێكمان نییە، هەیئەیەكی قیادیمان نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسانە، ئێمەش چاوەڕێین.
درەو: بەڵام ئێوە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتتان لەگەڵ پارتی كردووە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، نەك یەكێتی ؟
عەدنان عوسمان: كە حكومەتەكە لە دوو قۆڵییەوە بوو بە سێقۆڵی، حەتمەن ئەوكاتە پێویست بەوە ئەكات پێداچونەوە بە هەموو پۆستەكاندا بكرێت، بە پشكی پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕانیشەوە. 


درەو: باست لەوەكرد لای پارتییەوە كێشەیەكی ئەوتۆ نەماوە، بەڵام بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی وتەبێژی حكومەتەوە ناڕەزایەتی لەسەر لێدوانێكی چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەربڕی، مەسرور بارزانی ڤیتۆی داناوە لەسەر چالاكی موهەندیس دەڵێ نابێت لە حكومەت هیچ پۆستێك وەرگرێت، لە كۆبونەوەكەتان لەگەڵ پارتی، كێشەی چالاكی موهەندیستان باسكردووە، ئایا گۆڕان كاندیدبوونی بۆ وەرگرتنی پۆستی  بریكاری وەزارەتی شارەوانی دەكێشێتەوە ؟
عەدنان عوسمان: لەو كۆبونەوەیەدا هیچ باسێكی چالاكی موهەندیس نەكراوە، هیچ ڤیتۆیەك لەسەر كاك چالاكی موهەندیس نییە، قسەكەی خراپ تەئویل كراوە.
درەو: ئێستا ئێوە كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس دەكێشنەوە یاخود نا؟
عەدنان عوسمان: نەخێر نایكێشێنەوە، داواشمان لێنەكراوە بیكێشینەوە.
درەو: بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردتان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبوو (67) پۆست وەرگرن، بەڵام تائێستا تەنیا (5) پۆستتان وەرگرتووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی‌و پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و راوێژكارەكان‌و پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی كەی پڕدەكەنەوە ؟
عەدنان عوسمان: راستییەكەی كێشەكە ئەوەیە، پارتی هەر لەسەرەتاوە رەئی وابوو كە ئێمە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وەربگرین، ئێمە پێمانوابوو ئەو یاریدەدەرە پۆستێكی گرنگە‌و ئەو پرسە گرنگەی كە ئێمە بەهۆیەوە بەشداریمان لە حكومەت كردووە لەو پۆستەدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە داوامان كرد یاسایەكی هەبێت‌و چوارچێوەی ئیشەكانی‌و هەیكەلیەتی دەزگاكە دیاری بكات‌و دەسەڵاتەكانی دیاری بكات‌و بزانرێت لەگەڵ كێ كۆنتاكی هەیە، پەرلەمان یان حكومەت یان دەستەی نەزاهە، بۆیە ئەم مەسەلەیە دواكەوت بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت، لەم كۆبونەوەیەی كە لەگەڵ پارتی كردمان، ئیتیفاق لەسەر ئەوەكراوە كە ئێمە رەشنوسی یاسایەك ئامادە بكەین‌و دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێت‌و بڕیاری لەسەر بدرێت، دوای ئەوە ئێمە كاندیدەكەمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، دوو پۆست بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە، یەكێكیان ئەم پۆستەیە‌و ئەوی تر سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، بۆ ئەوەش لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دوای پەسەندكردنی ئەو رێوشوێنانە، ئێمە ناوی هەردوو كاندیدەكە رادەست ئەكەین. 
درەو: وا وێنا دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لەبەر وەرگرتنی هەندێك پۆست چوەتە حكومەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەدواین كۆبونەوەتاندا لەگەڵ پارتی باسی بابەتی چاكسازیتان كردووە‌و وەفدی پارتی داوای لێكردوون پرۆژەی خۆتان لەوبارەیەوە پێشكەش بكەن، ئەمە راستە ؟
عەدنان عوسمان: ئێمە پێشتریش پاكێجی چاكسازیمان هەبووە لە زۆر بواردا، لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوت‌و بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، ئێمە چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێت‌و بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەكو باسم كرد چاوەڕێی دەسەڵاتەكانی ئەو دەستەیە دەكەین، چونكە دەبێت چاكسازییەكان لەڕێگەی ئەو دەستەیەوە بكرێن، ئەو دەستەیە فۆرمەڵەی چاكسازییەكان دەكات‌و ئەولەویەتی چاكسازییەكان دیاری دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوەی زۆر لامان گرنگە پرۆسەی چاكسازییەكەیە، چونكە ئەوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە.


درەو: بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك بەناوی چاكسازی پەسەندكرا، ئەمە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی ئێوە نەبوو، بەڵام بەرگریتان لێكرد، یاساكە تێپەڕی، بەڵام هێشتا لە ئاستی خواستی هاوڵاتیاندا نییە، ئێوە چۆن چاكسازییەكتان دەوێت ؟
عەدنان عوسمان: جا بە هەندێك شتتان بۆ راستبكەمەوە، ئێمە پێشتر لە هەدروو خولەكەی پەرلەماندا پرۆژەی چاكسازیمان هەبووە.
درەو: ئێمە بەدیاریكراوی باسی ئەو پرۆژە چاكسازییە دەكەین كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا ؟
عەدنان عوسمان: لە خولی رابردوودا پرۆژەیەك پێشكەش كراوە‌و دواتر هەڵایەكی لەسەر دروستبووە‌و سەحب كراوەتەوە، كە هەر ئەم پرۆژەیەیە‌و هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچە‌و خانەنشینی، ئەگەر رێژەی بۆ دابنێت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، پرۆژەی چاكسازی ئەبێت لە بواری پێشمەركەدا بكرێت لە بواری ئاسایش‌و لە بواری دادگاكان‌و كەرتی ئابوری‌و پەروەردە‌و هەموو بوارەكانی تردا بكرێت كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە موچەخۆرو لە بندیوارو دنیایەك پرسی گرنگ هەن كە دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە، ئەمە كە پێشكەشكراوە، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد كە بەڕوونی بوترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازی‌و فیعلەن لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوان‌و هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە.
درەو: ئێوە ئەو سەردەمەی كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزبوون بەردەوام باستان لە ناشەفافی دۆسیەی نەوت دەكرد، ئێستا پۆستی وەزارەتی دارایی لای ئێوەیە، وەزیرەكەتان ئاگاداری دۆسیەی فرۆش‌و داهاتی نەوتە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە دێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە بەڵێ وەزیر ئەزانێت.
درەو: واتە بەشێكی تری داهاتی نەوت هەیە كە نایەتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە ؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. 
درەو: واتە ئێوەش ئاگاداری ئەو بەشەی داهاتی نەوت نین ؟
عەدنان عوسمان: كەس ئاگاداری نییە، ئێستا هەر لەم زۆنە ئەوە پرسی نەوتە، ئەوە پرسی غازە، ئەو پرسی دەروازە سنورییەكانە كە بە ئاشكرا قاچاخچێتی تێدا دەكرێت‌و دەستەو باند هەیە، خۆ ئەمانە ئەگەر دەستێكی گەورەیان لە پشت نەبێت ناتوانن ئەو كارانە بكەن، ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە شەفافیەتە لە سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە هەر شوێنێكی كوردستاندا دەبێت بێتە ناو سندوقی داهاتەكانەوە‌و وەزارەتی داراییش ئاگادار بێت‌و وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەو سندوقەوە تەمویل بكرێت، تائێستا سندوقەكە دروستنەكراوە، ئەو یاسایە لە 2018وە دەركراوە، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە.
درەو: ئێستا بە دیاریكراوی ئەتەوێت بڵێی وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوت نییە ؟
عەدنان عوسمان: وەڵا ئەوە ئەبێت لەخۆی پرسیار بكەن. 
درەو: لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەدای كاری وەزیرەكانتان كرد، لەوێ لە وەزیرتان نەپرسی ؟
عەدنان عوسمان: من بەشداری ئەو دانیشتنەم نەكرد، نازانم.
درەو: ئێستا ئێوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری فرۆش‌و داهاتی نەوتن ؟
عەدنان عوسمان: ئەمە قەوانێكی كۆنە، لە زەمانی عیماد ئەحمەدەوە پرسیار ئەكرێت ئایا ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوتن، هەمان شت بە قوباد تاڵەبانی ئەوترا، ئەم قەوانە ئەبێت كۆتایی پێبهێنرێت، ئەو سندوقە دەبێت دروستبكرێت‌و سەرجەم داهاتەكان بڕواتە ناو ئەو سندوقەوە، ئیتر ئەبێت كۆتایی پێبێت كە كێ ئاگادارەو كێ ئاگادار نییە، ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین بەڵێ رێژەیەك دێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام رێژەیەكی تر بەهەدەر ئەدرێت لە نەوت‌و لە غازدا، ئێستا ئەو شەڕەی كە لەسەر غاز هەیە چییە، شەڕی عیسابات‌و دەستەیە كە لە دەرەوەی یاسا‌و دامەزراوەكانی حكومەت شەڕ لەسەر قوتی خەڵك ئەكەن، ئەوەی لە گومرگەكاندا روئەدات‌و ئێمە هەزارجار فراكسیۆنەكەمان رونكردنەوەی داوە بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە داهاتەكان بۆ كەس‌و حزب‌و لایەن بێت‌و نەچێتە ناو حەزێنەی دەوڵەتەوە. 


درەو: هەندێك لە پەرلەمانتارەكانتان بەمدواییە باس لە گەندەڵی‌و قاچاخچێتی دەكەن لە مەرزەكان، بەشی هەرەزۆری ئەو پۆستانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری مەرزەكانەوە ئێستا لای بزوتنەوەی گۆڕانن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتی مەرزو گومرگی پەروێزخان‌و باشماخ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی، بۆچی چارەسەری دۆخی مەرزەكان ناكەن ؟
عەدنان عوسمان: پرسیارێكی جوانە، جا ئەوە یەكێكە لە ئاماژەكان لەوەی هێشتا موئەسەساتی حكومەتی دروستنەبووە كە ئێمە زۆر جەختی لەسەر ئەكەینەوە، هێشتا دوو ئیدارییە، لەوانەش چەندین ئیدارەیی هەبێت‌و لە هەر ناوچەیەكدا ئیقتاعیەتێك هەبێت‌و كەسێك‌و لایەنێك دەستی بەسەردا گرتبێت، ئەمە نیشانەی لاوازبوونی موئەسەسەی حكومییە كە ئێمە كارمان لەسەر كردووە، چ وەزیرەكەمان وەزیری دارایی، چ فراكسیۆنەكەشمان پرۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ حكومەت‌و هەوڵیشیان داوە‌و رەزامەندیش نیشاندراوە، بەڵام وەك ئەزانین دوو هێزی باڵادەست كە هێزی چەكدارییان هەیە‌و دادگایان هەیە‌و داواكاری گشتییان بەدەستەوەیە، ئەوە ئەو دوو هێزەیە كە هێشتا هەنگاوی عەمەلییان بۆ ئەو مەسەلەیە هەڵنەناوە. 
درەو: بۆچی تۆپەكە هەڵدەدەیتە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی زانیارییەكان، ئێوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لیژنەیەكتان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرو بەرپرسەكانتان دروستكردووە، ئێوە لێكۆڵینەوەتان كردووە لە ئەگەری ئەوەی رەنگە بەرپرسانی خۆشتان لەو مەسەلانەدا تێوەگلابن، بەتایبەتی كە بەمدواییەدا بەرپرسێكی سەربە ئێوە لە مەرزی پەروێزخان دەستبەسەركراو گومانی تێوەگلانی هەیە، تۆڕی ئەو لیژنەیەی كە ئێوە دروستتان كردووە تائێستا هیچ ماسییەكی گرتووە ؟
عەدنان عوسمان: جارێ ئەوەی پەروێزخان لەسەر گەندەڵی نییە، لەسەر دۆسیەیەكی ترە كە جێبەجێ نەكردنی بڕگەیەكی یاساییە كە وەزارەتی دارایی بەرپرسە لێی نەك بەرپرسەكەی ئێمە، ئەمە یەك، دووەم ئێمە باسمان كردووە، راگەیاندن ئەتوانێت دۆسیەی گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە بڵاوبكاتەوە‌و ئێمە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا لێكۆڵینەوە دەكەین.
درەو: ئێوە چاوەڕێی ئەوەن راگەیاندنەكان دۆسیەكانیان بڵاوبكەنەوە؟
عەدنان عوسمان: نەخێر. چاوەڕێی دیوانی چاودێرین، چاوەڕێی راگەیاندنین، چاوەڕێی دەستەی نەزاهەین، چاوەڕێی هەڵسوڕاوەكانی خۆشمانین، داوامانكردووە لە هەر شوێنێكدا هەر بەڵگەیەك، پارچە وەرەقەیەك، كاغەزێك لەسەر گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە هەیە لە هەر ئاستێكدا هەیە، بیگەیەنن بە ئێمە.
درەو: تائێستا لیژنەكەتان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كەسدا كردووە ؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ. ئێمە بەردەوامین، بەڵام بەگوێرەی دیكۆمێنت، واتە هەر لە خۆتەوە لەسەر گومان نا، دۆیكۆمێنتمان لەبەردەستدا بێت هەر كەسێك بێت لە هەر پۆست‌و هەر ئاستێكدا بێت ئێمە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەین‌و بڕیاریشی لەسەر ئەدەین.
درەو: ماوەیەكە بەردەوام یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانییە، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت ؟
عەدنان عوسمان: هێشتا كاتێكی دیاریكراومان دانەناوە، بەڵام بەنیازین هەر لەگەڵ دەستپێكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە تازەكەماندا بیكەین، لە ئێستاوە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسەكە، كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان كێشەیەكی گەورە نییە بە نیسبەت گۆڕانەوە، گرنگە بكرێت، دواكەوتووە، ئەوە بەڵێ راستە، گرنگە بكرێت، من خۆم لەگەڵ ئەوەم هەموو ساڵێك بكرێت، چونكە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا ئێمە سەركردایەتی هەڵنابژێرین، رێكخەر هەڵنابژێرین، كێشەیەكمان نییە، ئێمە زۆرتر لەسەر بەرنامە‌و لەسەر پەیڕەو قسە ئەكەین، بۆیە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە، دواكەوتووە، زۆرم پێ خراپە كە دواكەوتووە، بەڵام لە ئێستاشدا كە دواكەوتووە چاوەڕێی ئەوە ئەكەین كەشوهەوایەك بێت كە گۆڕان بباتە قۆناغێكی ترەوە.
درەو: تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكرێت ؟
عەدنان عوسمان: بەدڵنیاییەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەكرێت. 
درەو: باسی پەیڕەوت كرد، لە فەرهەنگی ئێوەدا پەیڕەو ناوی لێنراوە "دەستوری ناوخۆیی"، بڕیارە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا هەندێك گۆڕانكاری لە دەستوریی ناوخۆیدا بكەن كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەی نوسیویەتییەوە، ئەو بابەتانە چین دەتانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەن‌و پێتانوایە بۆ قۆناغی ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبارە نین ؟
عەدنان عوسمان: من ناتوانم پێتان بڵێم، چونكە لیژنەیەكمان پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە دەستورەكە‌و بەرنامە‌و دروشمەكاندا ئەكات، كاتی خۆیشی كە ئەم دەستورە دانراوە، وا دانراوە كە لە هەموو كۆنفرانسێكی نیشتمانیدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ئێمە لەم كۆنفرانسەدا پێداچوونەوە ئەكەین لەوەی لە چ خاڵێكدا كورتمان هێناوە‌و لە چ خاڵێكدا باشمان هێناوە، پێویستمان بە چ ئۆرگانێكە‌و پێویستمان بە چ ئۆرگانێكی تر نییە، دەسەڵاتی كۆنفرانسە كە هەموو گۆڕانكارییەك لە دەستورەكەدا بكات، بەڵام شێوازی ئیشكردنی گۆڕان بەم شێوازەی ئێستا، بەم سیستمەی ئێستا، واتە بڕبڕەی پشتی ئیشكردنی گۆڕان لەڕووی رێكخراوەیی‌و ئۆرگانەكانەوە كە ئێمە پێمانوایە ئاسۆییە، دەستكاری ناكرێت. 


درەو: ئەمە هۆكارەكەیە كە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان تائێستا نەكراوە لەكاتێكدا بەپێی دەستوری ئێوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە پێش هەموو كارەكانی ترەوەیە ؟
عەدنان عوسمان: نەخێر. هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئێمە چاوەڕێی ئامادەسازییەكان دەكەین، هەنگاوی یەكەم تۆماری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو تۆمارانە ئەبێت ساغبكرێتەوە، بزانین كێمان لەگەڵدا ماوە‌و كێمان لەگەڵدا نەماوە، كێ رۆیشتووە‌و كێ هاتوەتە ناو ریزەكانمانەوە، ئەو تۆمارە كە چاككرا، لەسەر ئەساسی ئەو تۆمارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەكرێت.
درەو: هەڵبژاردنی مەكۆكان كەی دەكرێت، دوای كۆنفرانسی نیشتمانیی؟
عەدنان عوسمان: ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین ئەو تۆمارە ئامادە بكەین، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكرێت، شەش حەوت لیژنەمان پێكهێناوە بۆ گەڕان بەسەر هەموو شارەكانی كوردستاندا، ئەمە لەوانەیە شتێكی تازە بێت، شەش حەوت لیژنەیە، خانەی راپەڕاندن‌و ژووری پەیجوری سەرپەرەشتی ئەكەن، بە هەموو شار‌و قەزاكانی كوردستاندا ئەگەڕێن‌و ئەو تۆمارانە ساغ ئەكەینەوە، دوای ئەوە كۆنفرانسی قەزاكان‌و ناوچەكان ئەكەین، لەدوای ئەوەش كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكەین.
درەو: زانیارییەكان باسلەوە دەكەن دەتانەوێت گۆڕانكاری لە باژێڕوانی مەكۆكاندا بكەن‌و پێكهاتەی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكەنەوە، بەڵام هەندێك لە باژێڕوانەكان ئامادە نین شوێنەكانیان بۆ كەسانی تر چۆڵ بكەن‌و دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە ؟
عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییانە زۆر پێچەوانەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕانە، جا نازانم لە كوێ هێناوتانە، دەستورەكە تەحدیدی كردووە هیچ باژێڕوان‌و ئەنجومەنی قەزایەك لە دوو خول زیاتر كە هەر خولێك دوو ساڵە، ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، تا دەستورەكە نەگۆڕدرێت ناتوانن، بۆیە بەشێكی زۆر لە باژێڕوانەكان كە ماوەیەكی زۆرە باژێڕوانن، یان ئەنجومەنی قەزاكان‌و بازنەوانەكان ئۆتۆماتیكی لادەچن‌و ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە كە من پێمخۆش بێت یاخود نا، ئەو شێوازەی كە كاك نەوشیروان بۆ جڤاتەكە‌و بۆ پەیكەرەی رێكخستنی بزوتنەوەی گۆڕان داناوە، بەردەوام لە تازەبونەوەدایە، بۆ نمونە خانەی راپەڕاندن بۆ سێ خول زیاتر ناتوانێت كە هەر خولێك دوو ساڵە، باژێڕوانەكانیش بەهەمان شێوە، جڤاتی نیشتمانی بەردەوام خۆی تازە دەكاتەوە، چونكە هەندێك باژێڕوان‌و بازنەوانمان هەیە بەگوێرەی دەستورەكە ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە.
درەو: ئێوە بەمدواییە دوای هەڵبژارنی خانەی راپەڕاندن پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانیتان وەرگرت، ئێوە لەسەر گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێن، ئێستا ئێوە كە سەرۆكایەتی جڤاتی نیشتمانی دەكەن ئەدای جڤاتەكە بەبەراورد بە پێشتر چ گۆڕانكارییەك تێیدا رویداوە ؟
عەدنان عوسمان: لە دنیای حزبایەتی‌و دەوڵەتداریدا دوو شت هەن، تۆ كە لە ئۆپۆزسیۆنیت قسەی ترت هەیە، بۆچوون‌و خەون‌و خەیاڵی ترت هەیە، كە ئەچیتە ناو دەسەڵاتەوە سنوردار ئەبێت، لەبەرئەوەی هەمووی ئەچێتە چوارچێوەی فاكت‌و كاركردنەوە، واتە تۆ كە بەڵێنێكت دا ئەبێت جێبەجێی بكەیت، لە حزبایەتیشدا بەهەمان شێوەیە، تۆ كە لەناو پۆستەكەدا نیت تەسەورات‌و دنیابینییەكت هەیە، كە ئەچیتە ناو پۆستەكەوە كار لەسەر ئەوە ئەكەی ئەو دنیابینییە چۆن جێبەجێ ئەكەیت. ئێمە لە كوردستاندا كێشەیەكی گەورەمان هەیە، نەك هەر لەناو گۆڕاندا، لەناو هەموو حزبەكاندا، كێشەیەكمان هەیە كە من ناتوانم ناوی بنێم كێشەی گەنج‌و پیر، كێشەی ستایلێكی كۆنە لەگەڵ ستایلێكی تازە، ستایلێك كە قاچێكی لەناو رابردوودایە، قاچێكی لەناو حزبی مەركەزیدایە، قاچێكی لەناو پێش راپەڕیندایە، قاچێكی لەناو خەباتی شاخ‌و ماندوبوون‌و پێشمەرگایەتی‌و ئیستحقاقی شۆڕشگێڕانەدایە، ئەم جیلەی تریشمان قاچێكی لەناو دنیایەكی تازەدایە لە دوای راپەڕینەوە، قاچێكی لەناو دەوڵەتدارێتی‌و موئەسەسە‌و بوون بە دامەزراوەی حكومی‌و پەرلەمانیدایە، ئەو جیلەی تر ئەوەندە لە رابردوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی داهاتووی نییە، جیلە تازەكە ئەوەندە لە داهاتوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی رابردووی نییە، ئێمە گۆڕان كە دروستبوو، وەكو حزبێكی گەنجانە دروستبوو، لەبەرئەوەی گۆڕان ویستی دابڕان بكات لە رابردوو، كێشەی نەبوو كە تۆ رابردووەكەت ئاڵای شۆڕشە، كۆمەڵەیە، ئیسلامییە، یەكگرتووە، شیوعییە یاخود چییە، گرنگ ئەوەیە ئێستا بەبەرنامەی گۆڕان رازیت‌و بیر لە ئایندە ئەكەیتەوە، بیر لە سیستمێكی تازە‌و جیاواز ئەكەیتەوە بۆ ئایندە، ئەمە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگ بوو، بۆیە گەنج بوشداربوو تێیدا، پیر بەشداربوو، ئەم ململانێیە لە كوردستاندا هەر ئەمێنێت، ساڵانێك ئەخایەنێت تاوەكو وردە وردە ئەو نەوە تازەیە یاخود ئەو عەقڵ‌و شێوازە تازەیە بەتەواوەتی دەسبگرێت بەسەر حزبی سیاسیدا لە كوردستاندا.
درەو: ئێمە پرسیارەكەمان لەسەر ئەدای جڤاتی نیشتمانی بوو، پێشتر ئەگەر رەخنەیەك هەبووبێت لەوە بووە كە جڤات رۆڵی وەكو پێویست نییە، ئێستا كە ئێوە بوون بە سكرتێری جڤات دۆخەكە وەكو خۆیەتی، لەسەردەمی ئێوەدا تەنانەت جڤات نەیتوانی ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان یەكلابكاتەوە‌و دەسەڵاتی خۆی بەخشی بە رێكخەری گشتی ؟
عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییە دروست نییە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەم جڤات‌و خانەی راپەڕاندنە تازەیەوە ئەو بڕیارە درابوو كە هەموو پۆستەكان رێكخەری گشتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، برادەرانی جڤات خۆیان ئەو بڕیارەیان دابوو كە دەسەڵاتەكەیان بدەن بە رێكخەری گشتی، نەك لە سەردەمی ئێمەدا، لەسەردەمی ئێمەدا جڤات ئێستا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو پێشتریش هەر رۆڵی هەبووە، ئێستا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندی جڤات‌و بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ جڤات تێناپەڕێت.
درەو: جڤات یاخود سكرتێری جڤاتەكە كە ئێوەن ؟
عەدنان عوسمان: نەخێر، جڤات، سكرتێر ئیدارەی كۆبونەوەكان دەدات، خانەی راپەڕاندن بڕیاریان لا نییە، بڕیار جێبەجێ دەكەن، بڕیار نادەن، جڤات بڕیار دەدات، تائێستاش وا هەڵمانداوە‌و واشمان كردووە، هەربۆیە كۆبونەوەی جڤات جاری وا هەیە ئەجێندایەكی دورودرێژی بۆ دائەنێین، بۆ ئەوەی جڤات لە هەموو پرسەكاندا، لە پرسە سیاسییەكان‌و پرسە رێكخراوەییەكان رۆڵی هەبێت، هەروەها ژورەكانیش، بزوتنەوەی گۆڕان ئیعتمادی سەرەكی لەسەر ژورە، بڕیار لە ژورەكانەوە ئەدرێت‌و دواتر گەڵاڵە ئەكرێت‌و دواتر لە جڤاتدا كاری لەسەر ئەكەین، بۆیە من هەستئەكەم هەنگاوێكی گەورە كراوە لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئێستا بڕیاردانی جەماعییە. 


درەو: بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان دیدارێكی فیكری سازكرد بۆ قسەكردن‌و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خۆی، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا دیدارەكە ز‌ور بەلای بابەتی تەوریسی سیاسیدا نەچوو، لەحاڵێكدا هەندێك لەوانەی لە ئێوە زویر بوون، ئەمە بە كرۆكی كێشەی بزوتنەوەكە ناودەبەن ؟
عەدنان عوسمان: بەشێك لەوانەی كە زویرن، پێشتریش پێش ئەوەی باسی تەوریسی سیاسی بكرێت، لەگەڵ كاك نەوشیرواندا كێشەیان هەبوو، قسەیان هەبوو لەسەر شێوازی بڕیاردان، لەسەر میكانیزمەكانی ئیشكردن، لەسەر ئۆرگانەكانیش كێشەیان هەبوو، تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوە‌و ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانە‌و لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیار دەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە.
درەو: لە بابەتی تەوریسدا بەس باسی بڕیاری سیاسی ناكرێت، باس موڵكیەتی بزوتنەوەكە دەكرێت ؟
عەدنان عوسمان: ئێمە باسی سیاسەت ئەكەین، موڵكیەتی ئابوری جیاوازە، ئێمە پرۆژەیەكی سیاسین، پرۆژەیەكی ئابوری نین، من كە هاتومەتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە حەقم نەبووە لەوەی گردەكە هی كێیە‌و هی كێ نییە، كۆمپانیای وشە هی كێیە.
درەو: بەڵام پرۆژە سیاسییەكەی ئێوە لە بنەڕەتەوە كۆمپانیایەك بوو كە كۆمپانیای وشەیە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە لای من زۆر گرنگە بزوتنەوە سیاسییەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی ئەكات، كێ بڕیاری تێدا ئەدات، بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، تا ئەم ساتەوەختەی كە من تێیدام ئەمانە بڕیار ئەدەن‌و بڕیاری ئەمانە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوە‌و رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوە‌و فەرمایشی كەسی تر جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە مەسەلەی تەوریسی سیاسی جگە لە بیانویەك هیچی تر نییە، ئەكرێت خەڵك رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت بۆ نمونە بڵێت بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكانی خۆی لایداوە، بڵێت ریفۆرمخواز نییە، بڵێت دەستەمۆ بووە، هەموو قسەیەك واردە، بەڵام بەڕاستی بوترێت هۆكاری ئەوە تەوریسە، من پێموایە دروست نییە.
درەو: بۆچی كۆمپانیات لە حزب جیاكردەوە، لە حاڵێكدا ئەگەر ئەم تێكەڵاوبوونەی حزب‌و كۆمپانیایە بۆ لایەنەكانی تر دروست نەبێت بۆ ئێوە‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێڕوانینێكی دروستە، ئێوە بە كۆمپانیا دەستان پێكرد‌و دواتر بوون بە بزوتنەوەی سیاسی ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی ئێمە كۆمپانیایەكی ئیعلامی بوو.
درەو: بەڵام كۆمپانیاكەتان دواتر بووە بە خاوەنی موڵك‌و چووەتە ناو بواری ئابوریشەوە، بۆچی ئەو جیاكارییە دەكەیت، تۆ ئەتەوێت بەتەواوەتی كۆمپانیاكە لە بزوتنەوە سیاسییەكە داببڕیت ؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ. من كاتی خۆیشی لەگەڵ ئەوەبووم كە كۆمپانیای وشە موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێت‌و حزب موئەسەیەی ئیعلامی خۆی هەبێت‌و كۆمپانیای وشەش موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێت، كاتی خۆی كۆمپانیای وشە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان بوو لە هەموو بوارێكدا، لە بواری وەبەرهێنان‌و لە بواری ئیعلامیشدا كاری كردووە، دواتر كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، ئۆرگانی خۆی هەبوو، دامەزراوەی خۆی هەبوو، بەهۆی ئەو واقیعەی كە ئەوكاتە هەبوو، ئیمكانیاتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمپانیای وشە تێكەڵ بوو، من لە 2013 كە كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا بوو، نوسینم هەیە لەو بوارەی كە كۆمپانیای وشە دەبێت جیابكرێتەوە‌و دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بێت، لە یەكەم كۆنگرەی گۆڕاندا بەهەمان شێوە بڕیارماندا كە كۆمپانیای وشە ببێت بە دامەزراوەیەكی میدیایی‌و كاری خۆی بكات، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ژوری رۆژنامەوانیمان هەیە، هەموو دامەزراوە میدیاییەكانی خۆمان ئەخەینە ژێر چەتری ژوری رۆژنامەوانییەوە، كۆمپانیای وشەش كۆمپانیایەكە ئەكرێت ستراتیژیەتی خۆی هەبێت‌و ئەو ستراتیژیەتە نزیكە لە گۆڕانەوە یان سێبەری گۆڕانە شتێكی ئاساییە، بەڵام من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو دوانە تێكەڵ بكرێن.
درەو: لە قسەكانی پێشتردا باسی دروستكردنی تەلەفزیۆنێكی نوێت كرد، لەدوای داخستنی كەناڵی KNNوە ئێوە كەناڵی تەلەفزیۆنیتان نییە، ئەو كەناڵە نوێیەی كە دەكرێتەوە موڵكیەتەكەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە یاخود كۆمپانیای وشە؟
عەدنان عوسمان: بۆ كۆمپانیای وشە دەگەڕێتەوە.


درەو: دەوترێت هەندێك لە بودجەی ئەو تەلەفزیۆنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دابین دەكرێت‌و رێكخەری گشتی ئێستا رایگرتووە‌و بەوهۆیەوە كاركردن لە پرۆژەكەدا راوەستاوە، ئەمە جارێكی تر تێكەڵبوونەوە لەنێوان بزوتنەوەكە‌و كۆمپانیاكەدا دروستناكاتەوە ؟
عەدنان عوسمان: نەخێر. هیچ بودجەیەكی كۆمپانیای وشە لای رێكخەری گشتی نییە، هیچ بودجەیەكی رێكخەری گشتیش لای كۆمپانیای وشە نییە، رەنگە خۆیان كێشەیەكی مالییان هەبێت‌و ئێستا خەریكی چارەسەركردنن، بەڵام ئێمە خۆمان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان خەریكی ئەوەین كە KNN وەكو كەناڵێكی لۆكاڵی كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەو كەناڵەی تر كەناڵی كۆمپانیای وشە دەبێت‌و دەبێت بە كەناڵێكی سەربەخۆو خۆیان ئاڕِاستەی ئەكەن‌و بڕیاری لەسەر ئەدەن.
درەو: مەبەستت لە خۆیان كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایە ؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ، كۆمپانیای وشە، كۆمپانیای وشە بۆردی هەیە.   
درەو: ئەم رۆژانە لە عێراق گفتوگۆكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت چڕبووەتەوە، فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بەپێچەوانەی رێككەوتنەكەتان لە هەرێم، لەگەڵ پارتی هەماهەنگ نین، ئێوە لە كوردستان دەسەڵاتن‌و لە بەغداد ئۆپۆزسیۆنن، ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا پارتی لە بەغداد هیچ پۆستێكی بە ئێوە نەدا ؟
عەدنان عوسمان: ئێمە لە بەغداد نەمانویستووە ئۆپۆزسیۆن بین، یەكێتی‌و پارتی دەستیان بەسەر هەموو پۆستەكاندا گرتووەو برابەشیان كرد، ئامادەنەبوون پۆستمان پێبدرێت، نە لە پەرلەمان‌و نە لە حكومەت.
درەو: فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لایەنێكی تری دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیدا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15" باسلەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مستەفا سەید قادری جێگرییەوە دەیەوێت گۆڕان لەو گروپە بكشێتەوە، ئەمە راستە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە من ئاگادارم هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەموو ئەو گروپانە، هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە كاربكەن، ئەمجارە پێداچونەوەیەكی ورد بكرێت هەم مافی كورد لە بەغداد هەم پشكی كوردیش لەبەغدادو لە دامودەزگاكاندا، ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانن بەگوێرەی مەوقیعیەت‌و پێگەیان، چەند ئەركیان بەردەكەوێت مافیشیان پارێزراو بێت، تائێستا هەنگاوەكان چی ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی هات سەردانی ئێمەی كرد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەوڵئەدەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئێمە پێمان باشە گروپی (15) لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر یەكێتی‌و پارتی لەم ساتەدا باشترین تەنسیق‌و هەماهەنگیان هەبێت، ئەگەر پێكەوە بتوانن گروپێكی فراوان دروست بكەن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەما، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی هەموو لایەنەكان، هەموو بڕیارەكان لەوێوە بدرێت، نەك لە پشتەوە لایەنێك بڕوات خۆی گفتوگۆ بكات، بڕیار بدات، لەخەمی پشكی كوردا بن، نەك لە خەمی پشكی حزبدا بن، لە خەمی قەزیەو مافەكانی كوردا بن، لە مەسەلەی نەوتەوە لە مەسەلەی سنورەوە لە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە، ئەجێندایەكی دیاریكراوی نیشتمانیان هەبێت، كە هەموو فراكسیۆنەكان لەدەوری كۆببنەوە، هەریەكە بە گوێرەی پێگەی خۆی لە حكومەتەكە كورسی وەردەگرێت، هەروەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەریەكە بەگوێرەی ئیستحقاقی خۆی، بەڵام چوارچێوەیەكی نیشتیمانی دابنێین پێكەوە بڕیاربدەین‌و لەو دەستەیەشەوە بڕیار بدرێت، لە پشتەوەو لە پەناوە ئەوە نەكرێت، بەداخەوە ساڵانێكە بەم شێوەیە كاریان كردووە.
درەو: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەغداد، بەبێ ئەوەی هیچ تەنسیقێك لەگەڵ حزبەكانی تردا بكات، نوێنەری ئێوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە مستەفا سەید قادرە لەوبارەیەوە پرسیاری كردووە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین، ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارە هەڵئەسێت‌و كۆبونەوەی كردووە، لەو كۆبونەوانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموویاندا بەشداری كردووە، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لە هەموو كۆبونەوەكان بەشداربووە.
درەو: بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكەتان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات؟ 
عەدنان عوسمان: ئەوە رەنگە هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام نوێنەری فراكسیۆنەكەمان بەشداربووەو لە هەموو ئەو بڕیارانە بەشداربووین‌و قسەمان هەبووە، رەئیمان تێیدا هەبووە، ئێمە پێمانوایە حزبەكان ئاساییە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بەغدادو لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، سەردان دەكەن، كێشەمان نیە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێم‌و ئیستحقاقاتی نیشتمانییەوە، پێمانوایە دەبێت لەچوارچێوەی دامەزراوەدا بێت، لەچوارچێوەی وەرگرتنی رای لایەنەكان بێت، لەچوارچێوەی ستراتیژێكی نیشتمانیدا بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand