عەلی كەریمی: روحانی كەوتە داوەكەوە 

Draw Media

2019-11-18 15:41:00



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا

عەلی كەریمى یەكێكە لەو چالاكە سیاسیانەی كە لەچەند دەیەی رابردوودا لەناو حزبەكانی رۆژهەڵات و باشوری كوردستان كارەكتەرێكی دیار بوو، وەك خۆی دەڵێت" لەیەك كاتدا پێشمەرگەی شۆڕشی دوو پارچەی كوردستان بووە"، ئەو سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێران پێی وایە هۆكارەكە تەنها گرانبونی نرخی بەنزین نیە، دەیان قەیران و كێشەی تر پاڵنەری خۆپیشاندانەكانن، ئامۆژگاری هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵات دەكات "لە ئێستادا و بەچەكەوە واریدی خۆپیشاندانەكان نەبن".
لەم گفتوگۆ رۆژنامەنوسیەیدا لەگەڵ ( درەو میدیا) عەلی كەریمی دوایی پێشهاتی خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەخاتە روو. 

دەقی چاوپێكەوتنەكە
 
درەو میدیا: لە خۆپیشاندانەكاندا هەندێك درووشم دەوترێنەوە كە بەدوورن لە كرانبونی نرخی بەنزین، پرسیارەكە ئەوەیە هۆكاری خۆپیشاندانەكان تەنها گرانبونی نرخی بەنزینە یاخود هۆكاری دیكە ؟ 
عەلی كەریمی: راستیەكەی ئەوەیە كە بەرزبونەوەی سێ قاتی نرخی بەنزین كە نرخی دۆلارێك گەیشتوتە (15 هەزار) تمەن، كرێكارێك تا ئیوارە كاردەكات كیلۆیەك گۆشت ناكات، بەنزین مۆرەیەكی حەیاتیە بۆ خەڵك، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان ژیانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی كرێ و گواستنەوەیە، گرانبونی نرخی بەنزین لەسەر هەموو ئەو قەیرانانەی تر، بیانوو هۆكار گەلێك بوون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەماوەیەكی كەمی دوو سێ رۆژە خەڵكی بڕژێنە سەر شەقامەكان، دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەر ناكۆكیەكانی خۆیان و دزی و گەندەڵیەكی لەرادەبەدەر، ئەو بەرزكردنەوەیەی نرخی بەنزین لای خەڵكی واكەوتەوە كە بەرپرسان دەیانەوێت دزی و راوور روت بكەن، بە ئاشكرا خۆپیشاندەران لە تارانی پایتەخت وتیان چیدیكە پارەی خۆمان بۆ( سوریا و یەمەن و حزبوڵا ) نانێرین.

درەو میدیا: بۆچی بەرپرسانی ئێران پەنایان بۆبەرزكردنەوەی نرخی بەنزین برد، ئایا بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین قەیرانی دارایی ئێران سوك دەكات؟
عەلی كەریمی: نەخێر، ئەوان پێیان وابووە زۆربوونی ئۆتۆمبیل كاریگەری ژینگەیی و تەندرووستی زۆر خراپی هەیەو پێویستە بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین رێژەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل كەمبكەنەوە، ئەمە كێشەیەكە رەگێكی مێژووی هەیە، بەڵام لەم كاتەدا كە ئەو بریارەیاندا بەرای من دەستێك هەبوو لەناو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە دەیانویست باڵەكەی تر بشكێنێت، ئەوەی دیكەش خامنەیی بوو كە پێی وابوو دەبێت ئەو هەم و جەنجاڵی و قەرەباڵغیەیەی ئۆتۆمبیل نەمێنێت، بەشێكیشی بۆ پاشەكەوتی كورتهێنانی بودجە بێت. 
ئەو هەنگاوەیان بۆیە كرد كە لەتەپڵی سەری حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران بدەن، ئەوەیان بەروحانی كرد و روحانیش چوە داوەكەوەو ئێستاش دەیانەوێت هەمووی لەسەری روحانیدا بشكێننەوە، كە روحانی موستەهەقە.

درەو میدیا: ئەم خۆپیشاندانانە چی كاریگەرییەكی لەسەر شەقامی كوردی هەبووە لە شاروشارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان؟
عەلی كەریمی: لە راستیدا شەقامی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر دەمێكە چاوەڕەوانی ئەوەن، خەبات و قوربانیدانیان ئاوێتەی هەموو شارە گەورەكانی ئێران بێت، بەدرێژایی ئەو 40 ساڵە كورد لە پەراوێزدا بووەو هەرگیزاو هەرگیز، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دوانەی پێكەوە نەكوڵاوە، بۆیە كە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەبوو لە شەقامەكاندا كورد بەتەنها دەمانەوە، بەڵام ئەمجارە، بەڵام ئەمجارەیان شەقامی مەریوان و جوانڕۆو سنەو كەرماشان، ناڕەزایی خۆیان لەگەڵ شەقامی ئێرانی تێكەڵاوكرد، لەوەدا كارێكی زۆر عاقڵانەیانكرد، بەبێ ئەوەی كە فەرمان لە حزبێكی سیاسی یان لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە وەرگرن دەستیان خۆش بێت.

درەو میدیا: گرانبوونی نرخی بەنزین زیاتر كاریگەری لەسەر بارودۆخی شارەكوردییەكان درووست كردووە، یاخود شەقامی كوردی گرانبونی نرخی بەنزینیان لەگەڵ هەستی نەتەوایەتی تێكەڵكردووە؟
عەلی كەریمی: گرانبوونی نرخی بەنزین لە بیانویەك زیاتر نیە، گەلانی ئێران زۆر زۆر قەیران و نەهامەتی چێشتووە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام میللەتی كورد جیاواز لە بەشەكانی تری ئێران لە چەوساندنەوەی ئابوریدایە لەچەوساندنەوەی نەتەوایەتیدایە، كە شارەكانی تەحریمە لە زۆر شت، كە بۆ شارە گەورەكانی ئێران كراوە بۆ شارە كوردییەكان نەكراوە، چی لەبواری ئابوری چی لەبواری خۆشگوزەرانیەوە، ئەوەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكرێت پەنگخواردنەوەی كۆمەڵێك كۆمەڵێك ویست و داخوازی 41 ساڵی رابردووە چی لەبواری نەتەوەیی و ئابورییە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران ئیهانەی هەستی نەتەوایەتی گەلی كوردیان كردووە، هەر زیندان و ئەشكەنجەدان و فشاری زۆریان لە گەلی كورد كردووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمڕۆ كە هەلەكەیان قۆستۆتەوە.

درەو میدیا: ئێوە لە نزیكەوە ئاگاداری رروداوەكانن، ئێستا بە كوێ گەیشتووە، بەتایبەت لە شارە كوردییەكان؟
عەلی كەریمی: من چەند لینكێكم هەیە لە شارەكانی كوردستان و راستیەكەی ئەوەیە زۆر بەگەرمی لە بۆكان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستی پێكردووەو زۆربەی بانكەكانی ئەو شارە سوتێنراون، قایمقامی شاری جوانڕۆ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گیرابوو، ژمارەیەك گەنجی خۆپیشاندەر شەهید بوون، شەهیدەكان باس لە 12 و 13 شەهید دەكەن بریندارەكان لەسەرو 50 وەیە، لە مەریوان شەهیدەكان گەیشتۆتە 9 كەس و بریندارەكان لە 50 تێپەڕیوە، ئەوەی كە داوو دەزگاكان دەسوتێنن ئەوەیە كلتۆرێكە هەر لەسەردەمی شاوە رقو توڕەیی خەڵك ماتێك دەستیان ناگاتە خودی دەسەڵات، تۆڵە لە كەرستەو ئامرازەكانی دەسەڵات تۆڵە دەكەنەوە، وەك بانكەكان و فەرمانگەكان، بە رەئی من ئەوە شتێكی سورشتیەو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا روو دەدات، لەبیرمانە 41 ساڵ لەوەو پێش و زەمانی روخانی شا، خەڵكی هەر ئەو كارەیان دەكرد، ئەمڕۆكەش هەر ئەو كاە دەكەن. 

درەو میدیا: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە شاری مهاباد چۆنە، هەست ناكرێت خۆپیشاندانەكان لەوشارە وەك شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان بێت؟
عەلی كەریمی: تا ئێستا هیچ روداوێك لە مهاباد روینەداوە، شاری مهاباد هەمیشە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەری مارەكە دانراوە، بە ماكەی كوردایەتی داناوە، رەنگە ئەوە بێت بەهۆی ئەو رقەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە خەڵكی ئەوشارە نەیانەوێت بیانویەك بدەنە دەست كۆماری ئیسلامی، چونكە رەنگە خەڵكی ئەو شارە قەتڵوعام بكات، لە سێ رۆژی رابردوو لە 57 شاری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەیە بەڵام لە هەمووان زیاتر لە مەریوان و لە جوانڕۆ خەڵكی شەهید بووە، لە هەموویان زیاتر لە مەریوان و جوانڕۆ و شارە كوردیەكاندا بریندار هەیە، ئەوە بەو مانایەیە كە كۆماری ئیسلامی ناوێرێت بەرامبەر خەڵكی شیراز و تەورێز و ئیسفەهان و شارە گەورەكانی ئێران، دێت تۆڵە خەڵكی كورد دەكاتەوە، هەموو بەرپرس و هێزە ئەمنیەكان و پۆلیس لە شارە كوردییەكان غەیرە كوردن، پاسداری فارس و عەجەمن، بۆیە ئەوان رقەوە فیشەك بەناوچاوانی هاوڵاتیانی كوردەوە نیشانەدەگرن، بەڵام لە شارەكانی دیكە قاچیان بێت یان دەستیان بێت، بەقینەوە تەقەیان لێناكەن، بۆیە ئەگەر شاری مهاباد وریا نەبێت كۆماری ئیسلامی تۆڵەو رقی هەمووی بەهاوڵاتیانی مهاباد دەڕێژیت. 

درەو میدیا: رۆڵی حزبە كوردیەكانی ئێران چیەو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن؟
عەلی كەریمی: من لەگەڵ زۆربەی حزبەكانی رۆژهەڵات راوێژو قسەم كردووە، ئەوان پێیان وایە كە دەبێت ئێستا ئەوان خۆیان بەدیار نەخەن، ئەوان پێیان وایە لە ئێستادا ئەگەر حزبەكان رێبەرایەتی و سەركردایەتی خۆپیشاندەران بكەن بیانوو دەدەن دەست كۆماری ئیسلامی ئێران، رەنگە لەوەدا من تەییدیان بكەم، لێبگەڕێن كە كۆمەڵانی خەڵكی رۆژهەڵات خۆیان رابەری خۆیان بەدەستەوە بگرن، وەك هەموو ئەو جوڵانەوانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لە تونس و یەمەن و سوریا و هتد,, دەستیان پێكردووە، زۆربەیان سەركردایەتیەكی دیاریكراویان نەبوو، بەڵكو لەناو شۆڕەكەدا سەركردایەتی درووست بووە، هیوادارین حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جارێ بەچەكەوە واریدی هیچ شتێك نەبن، هەتا گرێدراوێكی باش بكەن لەگەڵ جوڵانەوە سەرتاسەریەكەی ئێران، بەیەكە بتوانن كاربكەن.

درەو میدیا: هەست ناكەن شەقامی رۆژهەڵاتی كوردستان حزبەكانی كوردیەكانیان جێهێشتبێت؟ 
عەلی كەریمی: ئەو شەقامەی كە ئێمە 41 ساڵ پێش ئێستا جێمانهێشت، ئەورۆكانە ئەو شەقامە نیە، ئەو شەقامە ئێستا كۆمەڵێك بیروباوەڕی تازەی بەسەردا هاتووە، 41 ساڵ لەمەوبەر شەرم و گەنجێك ماركسی نەبێت كۆمۆنیست نەبێت، ئێمە دەیان رێكخراوی چەپ و كۆمۆنیستمان هێناو لە مهایاد بارەگاكان بۆ كردبوونەوە، ئەو كات ماركسی یان سۆسیالیست نەبای عەیب بوو، ئێستا گوارەكان هەمووی گۆڕاوە،وە خەڵك وابیرناكاتەوە.

درەو میدیا: ئەنجامی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە بەكوێ دەگات و لەكوێدا دەوەستێت؟
عەلی كەریمی: جیاوازیەكی گەورە دەبینم لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی سێ ساڵی پێشوو یاخود جوڵانەوەی سەوز كە 12 ساڵ پێش ئێستاكرا، كە كۆمەڵانی خەڵكو بەهەموو جۆرو دەستەیەكەوە تێكەڵاوبوون، تەنها نوقستانیەك ئەوەیە كە رۆڵی گەورەی ژنان نابینم، كەمتر ژنان دەبینم، چونكە شتەكە لەبەنزینەوە دەستی پێكردوو و بەنزینیش زیاتر كاری پیاوان بوو پیاوان هاتنە شەر شەقامی، بەرەئی من رەنگە ئیدامەی خۆیدا ژنانیش بێنە سەر شەقام، جیاوازیەكی گەورەش كە دەیبینم، خەڵكی شارە كوردیەكان هاتونەتە سەر شەقام ئەوەیە كە شۆڕە مەدەنیەكە تێكەڵاو بووە، زۆربەی، میدیا و كەناڵە نێو دەوڵەتیەكان چەندێك باسی شیرازو شارەگەورەكانی ئێران دەكەن، دوو هێندەباسی شارە كوردیەكان و جوانڕۆ و مەریوان و بۆكان دەكەن، ئەوەی گرنگە ئێمە بتوانین ئەو خۆپیشاندان و شۆڕە تێكەڵبكەین بە شارە گەورەكانی ئێران بەتایبەت تاران، جیاواز لە رابردوو رەهبەریەكی یەكگرتوو درووست بكرێت، لە ئێستادا ئەو هێزە كوردیانەی چەكیان هەیە بە چەكەوە خۆیان نیشان نەدەن، هەتا ئەو رۆژەدا پێویست دەكات و ئەو كاتیش دەبێت هێزێكی نیشتیمانی هەبێت، بەبێ هێزێكی نیشتیمانی، توشی كارەساتی گەورە دەبین وەكو باشوری كوردستان، وەك چۆن لەباشور توشی بووین. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand