یار ئەحمەد: سەلیمی پێی وتم ئیتر ئازاد بووم دێم بۆ باشور 

Draw Media

2020-04-11 12:42:58



درەو: گفتوگۆی رۆژنامەوانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (مستەفا سەلیمی) لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرا، سەلیمی رۆژی هەینی رابردوو دوای هەڵهاتنی لە زیندان دێتە باشوری كوردستان، بەڵام رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێتەوە، ئەو بەتۆمەتی "دزی چەکدارانە"و  لایەنگری بۆ" حزبی دیموكراتی كوردستان" لە 2003 سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەرسەلان یارئەحمەد ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو) رایدەگەیەنێت، پێش دەستگیركردنەوەی قسەی لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووەو وتویەتی " ئیتر ئازاد بووم ناگەڕێمەوە زیندان، دێم بۆ باشوری كوردستان".
مستەفا سەلیمی لەگەڵ (74 ) زیندانی دیكە رۆژی 27ی ئازاری 2020 لە زیندانی سەقز هەڵهاتن، ئەو پێش ساڵی 2003 پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە، دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتی و گەڕانەوەی بۆ سەقز  وگروپێكی چەند كەسیان درووستكردووەو رژێم بە یاخی ناویانی بردووە
  لە سەقز لە ساڵی 2003 سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، دوای (17 ) ساڵ زیندان و تەنها یەك هەفتە هەڵهاتن لە زیندان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدرا، دوای ئەوەی دوێنێ كەسوكارەكەی ئاگاداركرایەوەكە ئەتوانن بۆ دواجار بیبینن.

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە لەگەڵ (  ئەرسەلان ئەحمەدیار ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ)

درەو: مستەفا سەلیمی كەی و لەسەر چی دەستگیرا؟
ئەرسەلان یار ئەحمەد: كاك مستەفا سەلیمی (17) ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی نزیكەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) لە باشوری كوردستان پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان بووە، دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام هەندێك لە هاوپێشمەرگەكانی دەڵێن "دەركراوە لە حزبی دیموكرات" كە ئەوكات حزبی دیموكرات یەك حزب بووەو دوو حزب نەبووە، دواتر دەگەرێتەوە ئێران لە سەقز گروپێك درووست دەكەن رژێمی بە یاخی ناویانی بردووە، هەڵكوتانە سەر پایەگاكان (رەبیە)ی رژێمی ئێران، لەناو هاوڵاتیانی سەقزدا "وەك یاخی ناوبراون"، یاخی بوون لە حكومەت و رژێم، جارێكیان لەوكاتەدا لە پایەگایەكی ( ئیران شا كە گوندێكی گەورەی سەربە سەقزە) هەڵدەكوتنە سەر ئەو پایەگایە, لەوێ " سەربازێك و بەرپرسی ئەو پایەگایە دەكوژن" ئەم رووداوە ساڵی 2003 بوو، لەو شەڕەدا یەكێك لە هاوڕێكانی كاك مستەفا سەلیم دەكوژرێت، یەكێكیشیان دەستگیردەكرێت و دواتر لەسێدارە دەدرێت، بەڵام كاك مستەفا سەلیمی هەڵدێ بۆ ناوچەی نەهاوەندی پارێزگای هەمەدان بۆ ماڵی خەزورانی كە لوڕن، لە بەهاری ئەو  ساڵەدا لەلایەن رژێمەوە دەستگیردەكرێت، دواتر دەیهێننەوە بۆ شاری سەقزو لەوێ لە دادگای شۆڕشی سەقز دوو تۆمەتی ئاراستە دەكرێت:
یەكەم: سرقەتی موسەلەحانە (دزی چەكدارانە) یان راوو روتی چەكدارانە.
دووەم: پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
ئەم دوو تۆمەتەی ئاراستە دەكەن و دوایی دەڵێن:" تۆ بە تۆمەتی محارەبە" دادگایی كراوی، محارەبەش لە یاسای ئێراندا واتا دژایەتی خوا، كە حوكمەكەی سێدارەیە، حوكمی سێدارە بەسەر مستەفا سەلیمی دەسەپێنن، لەگەڵ 15 ساڵ زیندانی.

درەو: لەو ماوەیەی لە زیندان بوو ئێوە ئاگادری بوون؟
ئەرسەلان یار ئەحمەد:  ئەو ماوەی 17 ساڵە لە زیندان بوو، لەو ماوەیەدا چەندین جار مانی لەخواردن گرتووەو هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە كە ئاراستەی كراوە، چەندجاریش داواكەی چۆتە دادگای پێداچوونەوەی تاران دواجار لە دادگای باڵای شورای ئێرانەوە هەر ئەو حوكمەی كە بەسەریدا درابوو ( لە سێدارەدان و 15 ساڵ زیندانی) پەسەندكرا، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمەتێكیان لایەنگری بووە بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان بەپێی هەموو پێوەرەكان دەبێتە بەندكراوی سیاسی، چونكە یەكێك لە تۆمەتەكانی سیاسی بووە.

درەو: واتا جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانەكەی مستەفا سەلیمی تۆمەتە سیاسیەكەی بووە..؟؟
ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵێ لەبەرئەوەی تۆمەتێكی كە ئاراستەی كرابوو سیاسی بوو، دەمەوێت شتێكت بۆ روون بكەمەوە، كە لایەنی سكاڵاكار بۆ مستەفا سەلیمی ئیدارەی ( ئیتڵاعات)ی ئێران بووە، بەڵام لایەنی سكاڵاكاری شۆڕش مروەتی كە لەگەڵی زیندانی كراوە، بنەماڵەیەكی دیكەن كە كوڕەكەیان بەدەستی شۆڕش مروەتی كوژراوە، شۆڕ مردوەتی لە سێدارە نەدراوە.

درەو: چۆن هەڵهاتن لە زیندان.؟؟
ئەرسەلان یارئەحمەد: بەهۆی ئەوبارودۆخەی قەدەغەی هاتوچۆ و خراپی رەوشی شەقز بەهۆی كۆرۆناوە، لە 8ی خاكە لێوە (27ی ئازاری 2020) لەگەڵ ژمارەیەك زیندانی تر هەڵهاتن، زیندانیە هەڵهاتووەكانی زیندانی سەقز ژمارەیان (74) زیندانی بوو، ئەگەرچی حكومەت دەڵێت (54) كەسمان دەستگیركردونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە نزیكەی (30) زیندانی دەستگیركراونەتەوە.

 

درەو: لە هەڵهاتووەكان زیندانی سیاسی تیا بوو.؟  
ئەرسەلان یارئەحمەد: زیندانی سیاسی تەنها هەر مستەفا سەلیمی تیابوو( هەندێك دەڵێن سیاسی و بووەو هەندێك دەڵێن سیاسی نەبوو).

درەو: لەدوای هەڵهاتنی لە زیندان تۆ هیچ پەیوەندی و قسەكت لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووە؟
ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵی مستەفا سەلیمی پەیامی پێدام وتی ئەوا من ئازاد بووم و ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ زیندان، وتی ئێستا لە رێگەی بانەم، بەتەلەگرام چاتمانكرد.

درەو: لە چاتەكەدا مستەفا سەلیمی چی وت؟
ئەرسەلان یارئەحمەد: هەر ئەوەی وت، ئەوە من ئازاد بووم و ناگەڕێمەوە زیندان، وتی ئەڕۆم بۆ بانەو دەمەوێت بێم بۆ باشور ( هەرێمی كوردستان)، بەڵام دوای ئەوەی هاتە بانە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵما نەما زۆر هەوڵم دەداو نامەم بۆ دەنارد دەنگی نەما.

 

درەو: لەبانە چیان كرد، ئاگات لێیان نەما.؟
ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەوەندەی من بزانم لە بانە لە ماڵێك بوون لەگەڵ (4 ) هاوڕێی دیكەی كە لە زیندان هەڵهاتبوون، دواتر وا دیارە بەهۆی ئەم قەدەغەی هاتوچۆیەو  كۆرۆناوە مستەفا سەلیمی بێتاقەت دەبێت لەبانە، بە هاورێكانی دەڵێت من دەڕۆم بۆ باشور، ناتوانم لەمە زیاتر لە بانە بمێنمەوە، خۆی بەتەنها جیا دەبێتەوە لە هاوڕێكانی و دێتە پێنجوێن ئەو زانیارییانەی پێم گەیشتووە ئاوا بووە:
-    مستەفا سەلیمی هاتۆتە ماڵێك لە گەرمك ماڵی هاوڵاتیەك بەناوی (سیروان)، بەپێی ئەو زانیارییانە پێم گەیشتووە ئەو سیروانە لە سەعات (11)ی شەو خۆی تەلەفۆنی بۆ ئاساییش كردووەو وتویەتی هاوڵاتیەكی ئێران هاتۆتە ماڵمان و بۆ دڵنیایی خۆتان و رێكارەكانی تەندرووستی دەمەوێت ئێوە ئاگادار بن، ئەو شەوە ئاساییش بردوویانەو بەیانیەكەشی بردوویانەتەوە بۆ سنور و وتویانە بە پێی رێنمایی قەدەغەی هاتوچۆ هەیەو ئێمە نایەڵێن هیچ هاوڵاتیەكی ئێران بێتە ئەم دیو ( هەرێمی كوردستان)، بەپێی زانیارییەكانی من مستەفا سەلیمی زۆریش پاڕاوەتەوەو و تەنانەت وتیان گریاوشە تا نەیگەڕێننەوە، پێشی وتوون ئەگەر بمنێرنەوە لە سێدارە دەدرێم، بەڵام بەداخەوە گەڕێنراوەتەوەو دواتر لە بانە دەستگیركراوەتەوە، ئەو زانیاریانەیە كە لای ئێمەیەو ئەتوانین تەئیدی بكەین، تا ئێستا ئەوەندە زانیاری و بەڵگەمان لایەو پێدەچێت زانیارییەكان بگۆڕێن.

درەو: بەڵام دوو هەواڵ هەیە یەكیان دەڵێت هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ رادەستی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانیان كردووەو هەندێكیش دەڵێن نا براوەتە سنوری ئێران و لەوێ ئازادكراوە؟

ئەرسەلان یار ئەحمە: بەڵێ زانیاری وام بۆ هاتووە، من زانیاری ترم پێگەیشتەوە بەڵام ناتوانم پشتڕاستیان بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە ئاساییشی هەرێم دەست و قاچی مستەفا سەلیمیان لە گەرمك بەستۆتەوەو بردویانە بۆ پێنجوێن و دواتریش بەدەستو قاچ بەستراوی رادەستی ئێرانیان كردۆتەوە.
بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی دەست من كەوتووە ئاساییشی هەرێم بردویانەتە سەر سنورو وتویانە بەپێی بڕیار و یاسا نابێت هیچ ئێرانیەك لەم ماوەیە بێتە ناو خاكی هەرێم، دەبێت بگەڕێیتەوە، بردوویانەتە سەر سنورو ئازادیان كردووە.

درەو: ئەم رووداوە بە دەقیقی كەی بووە؟ 
ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەو روداوە ئەم هەینیە نا هەینی پێشتر بووە ( واتا 3ی نیسان)، ئەو هاتۆتە هەرێم و دواتر رادەستی ئێران كراوەتەوە، چونكە دوو هەینی پێشتر 14 رۆژ پێشتر هەڵهاتن  لە زیندانی سەقز (27/3/2020)واتا دوای هەشت رۆژ گەیشتۆتە پێنجوێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدراوەو ئەمڕۆ تەرمەكەیان رادەستی بنەماڵەكەیان كردووەتەوە  بڕیارە بیبەن بۆ گوندەكەی خۆیان لە ئاوایی (ئیلو)ی سەقز بەڵام ئاگاداركراونەتەوە كە نابێت پرسەو سەرەخۆشی بۆ بگرن.
دوێنێ لەگەڵ كوڕەكەی مستەفا سەلیمی قسەم كرد ( ئەشكان مستەفا سەلیمی تەمەن 25 ساڵ)، كە دوێنێ لەلایەن بەرپرسانی رژێمەوە بانكراوەو پێی وتراوە ئەمە دوادیدارە.
بەڵام هەر دوێنێ لەگەڵ  برای (كاك شۆڕش مروەتی) قسەمكرد كە زیندان بوو لەگەڵ (مستەفا سەلیمی) ئەویش لەگەڵ كوڕەكەی كاك مستەفا سەلیمی بانگ كرابوو، وتی بە ئێمەیان نەوتووە دوا دیدارە، بەڵام بە ماڵی كاك مستەفا سەلیمیان وتووە دوا دیدارە، ئەمڕۆش لەگەڵ برای شۆڕش مروەتی قسەم كردەوە وتی كوڕەكەمان لە سێدارە نەدراوە، ( شۆڕش مروەتی 11 ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك سزای سێدارەی بەسەردا دراوە) ئەو سیاسی نەبووە ئەو بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیەوە كەسێكی كوشتووە، بەڵام ئەو لەسێدارە نەدراوە.

...............................
🔸 مستەفا سەلیمی
-    تەمەنی 53 ساڵ بوو
-    خەڵكی گوندی "ئیلۆ"ی سەقزە 
-    17ساڵە لە زیندانی سەقزە
-    پێش 2003 بۆ ماوەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) پێشمەرگە بووە لە  حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران .
-    ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز و وازی لە حزبی دیموكرات هێناوە.
-    ساڵی 2003 بەتۆمەتی  "دزی چەكدارانە"و "ئەندامێتی حزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن"و "دژایەتی كۆماری ئیسلامی" لە دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
-    2020/3/27 لە زیندانی سەقز هەڵهاتووە
-    هاتۆتە باشوری كوردستان و 2020/4/3 رادەستی ئێران كراوەتەوە
-    بەرەبەیانی 2020/4/11 لە زیندانی سەقز لە سێدارە دراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand