لەناو یەكێتیدا تەنیا دوو پرۆژە بۆ كۆنگرە هەیە

Draw Media

2019-08-05 16:52:56



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا
تائێستا كاتی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری لەسەرنەدراوە، تەنها مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە رۆژی 21ی تشرینی دووەم كە رۆژی شەهیدانی یەكێتییە كۆنگرەی چوارەم ببەسترێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو میدیا) باسی چۆنیەتی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی‌و ئەو پرۆژانە دەكات كە بۆ ئەو كۆنگرەیە ئامادەكراون.
ئەسەسەرد باسلەوەدەكات، سەرجەم كۆنگرەكانی تری یەكێتی بە جۆرێك لە تەوافق و رێككەوتن بەستراون‌و بۆ كۆنگرەی چوارەمیش جۆرێك لە تەوافق گەرەنتی سەركەوتنی كۆنگرەكە دەدات.

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
درەو میدیا: مەكتەبی رێكخستن رۆژی 21/11ی وەكو رۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرە دیاریكرد، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەناو یەكێتی كێ بڕیار لە كاتی كۆنگرە دەدات؟

فەرید ئەسەسەرد: مەكتەبی رێكخستن پێشنیازیكردووە، رۆژی كۆنگرەی دیاری نەكردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كاتی دیاریكردنی كۆنگرە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت، بەرنامەی كۆنگرەش، واتە پەیڕەوی ناوخۆی حزب لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە دادەنرێت.


درەو میدیا: مەلا بەختیار بۆچوونی وایە دەبێت ئەنجومەنی ناوەند بڕیار لە كاتی كۆنگرە بدات، چونكە ئێستا تەنیا ئەو دامەزراوەیە لەناو یەكێتیدا شەرعیەتی ماوە ؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەمە مەسەلەیەكە تێڕوانینی جیاوازی لەسەرە، پەیڕەوی ناوخۆ باس لەوە دەكات ئەگەر كۆنگرە نەبەسترا, ئەوا سەركردایەتی شەرعیەتی خۆی لە دەستدەدات، بەڵام ئەم سەركردایەتییە تەنیا ئێستا شەرعیەتی لەدەستنەداوە، واتە كاتێك كاك بەختیار ئەم قسەیەی كردووە نزیكەی شەش ساڵ بووە كە سەركردایەتی شەرعیەتی لەدەستدابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە یەكێكە لەو تێڕوانینانەی كە باسمكرد، ئەكرێت دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە حاڵەتی ئێستادا من پێموایە نەرمییەك بنوێنرێت سەبارەت بە مەسەلەی پەیڕەوی ناوخۆو شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئێمە جگە لە دەقێكی پەسەندكراوی كۆنگرە، لە پەیڕەوی ناوخۆدا هیچ دەقێكی ترمان نییە.


درەو میدیا: ئێستا باس لە سازدانی كۆنگرەی تەوافوقی دەكرێت، هەندێكیش دژی ئەمەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو كۆنگرەكانی پێشتری یەكێتی بە تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەچوون، بە بۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی چۆن دەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە سێ كۆنگرەمان بەستووە، لە هەرسێ كۆنگرەكەدا جۆرێك تەوافوق هەبووە، بۆ نمونە كۆنگرەی یەكەم لە ساڵی 1992 تەوافوقەكە لە ئاستێكی نزمدا بوو، تەنیا لەسەر ئاستی سكرتێری گشتی‌و سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران‌و سكرتێری یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بوو، واتە تەنیا ئەو سێ كەسە بە تەزكییە‌و تەوافوق دەرچوون‌و ئەوانی تر كۆنگرە راستەوخۆ هەڵیبژاردن، هەموو ئەندامەكانی تری سەركردایەتی هەمووی بەدەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی دووەمیش تەوافوقێك لەسەر ئاستێكی دیاریكراو لەسەر پێشنیازی بەڕێز مام جەلال هاتەئاراوە سەبارەت بە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی‌و چەند كەسێكی تر، بەدەر لەمانە، ئەوانی تر هەمویان بەشێوەیەكی ئازاد‌و بە دەنگدان دەرچوون، لە كۆنگرەی سێیەمیش جۆرێك تەوافوقی تێدابوو لەسەر ئاستی بەڕێز مام جەلال‌و دوو جێگرەكەی، ئەوانی تر هەمووی بە دەنگدان بوو، ئەكرێت شتێكی لەم بابەتە لە كۆنگرەی داهاتوودا پەیڕەو بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە من پێموانییە ئەندامانی خۆمان رەزامەند بن بە تەوافوقی 100% لە هەمان كاتیشدا رەنگە بەبێ ئاستێكی دیاریكراوی تەوافوق رەنگە كۆنگرەكە هەندێك كێشەی لەبەردەمدا بێت، من لەگەڵ ئەوەم رێگەیەكی مامناوەندی لەنێوان هەردوكیاندا پیادەبكرێت، بەوجۆرەی كە لە سێ كۆنگرەكەی پێشوو پیادەكراوە.


درەو میدیا: لەنێوان تەوافوق‌و ناتەوافوقدا چارەنوسی پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی چی لێدێت، باس لە سیستمی هاوسەرۆكایەتی دەكرێت، هاوشێوەی پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، ئەمە سیستمێكی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی ؟
فەرید ئەسەسەرد: لە دۆخێكدا كە تائێستا پرۆژەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ لەئارادا نییە، كە بە رەسمی درابێت بە ئەندامانی سەركردایەتی، هەرچی باسدەكرێت لەمبارەیەوە پرۆژەیە یان پێشنیارە، لە هەموو حاڵەتەكاندا لە كۆبونەوەكاندا دەتوانین یەكێك لەو پرۆژانە یاخود یەكێك لەو پێشنیازانە پەسەند بكەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەتوانین پیادەی شێوەی هەڵبژاردنی سكرتێری گشتی وەكو سێ كۆنگرەكەی پێشتر بكەین، پاشان ئەكرێت شێوازی تریشی بۆ دیاری بكرێت، لە هەمانكاتیشدا ئەكرێت سەركردایەتییەكیشی بۆ دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەمبارەیەوە نییە، من پێموایە دوو دەزگای سەرەكی ئەتوانن بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدەن ئەوانیش ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندن. 


درەو میدیا: كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ ئەندامانی كۆنگرە چۆن دیاری دەكرێن ؟ 
فەرید ئەسەسەرد: لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەم مەسەلەیە یەكلاكراوەتەوە، ماددەیەك هەیە باسلەوەدەكات كێ بەشداری لە كۆنگرەدا دەكات.


درەو میدیا: واتە بەپێی پەیڕەوە كۆنەكە كۆنگرە دەكەن‌و هیچ پرۆژەیەكی تر بۆ سازدانی كۆنگرە لەئارادا نییە ؟
فەرید ئەسەسەرد: ناتوانرێت، تائەوكاتەی كۆنگرە نەبەسرێت هەر كار بەم پەیڕەوە دەكرێت، واتە تا هەموارنەكرێتەوە یان هەڵنەوەشێندرێتەوە هەر كاری پێدەكرێت، پەیڕەو لە كۆنگرەوە بۆ كۆنگرەیە، لە كۆنگرەیەك پەسەند ئەكرێت‌و لە كۆنگرەیەكی داهاتوو بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەڵدەوەشێتەوە‌و پەیڕەوێكی تر جێگەی ئەگرێتەوە یاخود هەموار ئەكرێتەوە، ئەو پەیڕەوەی ئێمەش هەروایە، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەدا تێپەڕیووە هەندێك كێشە هەیە رەنگە زەمەنیش تێی پەڕاندبێت یاخود هەندێك بابەتی تازە هاتبێتەئاراوە، ئەكرێت نەرمییەك سەبارەت بە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیڕەودا بكرێت، بۆ نمونە بەپێی پەیڕەو دەبێت هەزار كەس بەشداری لە كۆنگرەدا بكەن، بەڵام ئەكرێت لەوەش زیاتر بێت‌و ئەكرێت لەوەش كەمتر بێت، شەرت نییە پابەندبونەكە دەقاودەق بێت، پێداویستی سەركەوتنی كۆنگرە پێموابێت ئەوەیە، ئەگەر بكرێت بە پێوەر. 


درەو میدیا: ئەگەر كار بە پەیڕەو دەكرێت كەواتە گرنگی ئەو پرۆژانە چین كە بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادەكراون، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە تائێستا چوار پرۆژە هەن‌و یەكێك لە پرۆژەكان پرۆژەی بەڕێزتانە ؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەوەی شێوەی پرۆژەی وەرگرتووە تەنیا دوو پرۆژەیە، پرۆژەی مەكتەبی رێكخستنە كە ئەمە بەمانای وشە پرۆژەیە واتە مەرجەكانی پرۆژەی تێدایە، پرۆژەیەكی تریش هەیە كە هی ئەنجومەنی ناوەندە، ئەویش بەمانای وشە بە پرۆژە ئەژمێردرێت، بۆچونەكانی من پرۆژەنین، هەندێك تێڕوانین سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بە كۆنگرەوە هەیە، ئەوەی كاك بەختیاریش من پێموانییە نابێت بخرێتە قاڵبی پرۆژەوە، بەڵام هەندێك تێڕوانینە سەبارەت بە هەندێك بابەتی دیاریكراو كە پەیوەندییان بەشێوەی بەستنی كۆنگرەوە هەیە، مەسەلەكان بەوشێوەیەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئێمە دەتوانین هەردوو پرۆژەكە ببەین بۆ كۆنگرە لەوێ یەكلایی بكەینەوە، لەهەمان كاتیشدا ئەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەردووكی بكەین بە یەك‌و بە یەك پرۆژەوە بچین.


درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە كۆنگرەی چوارەم یەكێتی كۆدەكاتەوە یان دابەشی دەكات بەسەر چەند حزبێكی تردا ؟
فەرید ئەسەسەرد: من پێموایە ئەگەر بڕیارماندا لەسەر بەستنی كۆنگرە، ئەبێت پێشوەخت پێداویستییەكانی كۆنگرەیەكی سەركەوتومان دابین كردبێت.


درەو میدیا: كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەكرێت، واتە ئەوكاتەی كە باسدەكرێت گوایە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ؟
فەرید ئەسەسەرد: رۆژێكی دیاریكراو دەستنیشان نەكراوە وەكو بڕیار، مەكتەبی رێكخستن پێشنیازی رۆژێكی كردووە لە كۆتایی ئەمساڵدا، لە هەموو حاڵەتێكدا من تا ئەندازەیەكی زۆر دڵنیام لەوەی كە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستین، پێشموایە كۆنگرەكە سەركەوتوو ئەبێت.


درەو میدیا: دوای نۆ مانگ مشتومڕ، دواجار یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كرد‌و بەشداری دەسەڵاتی كرد، ئێوە بە پشكی یەكێتی لە حكومەت رازین ؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەم رێككەوتنە هاتە ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و خرایە دەنگدانەوە، بەكۆی دەنگ پەسەندكرا.


درەو میدیا: بەڵام یەكێك لە پۆستە وزارییەكانتان (خالید شوانی) تەنیا وەكو وەزیری هەرێم ماوەتەوە‌و هیچ ناونیشانێكی پێنەدراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی ئەو پۆستە وەكو خۆی بەبێ ناونیشان ئەهێڵێتەوە، هەندێكی پۆستی تری وەكو دەستەكان هێشتا یەكلانەبونەتەوە ؟
فەرید ئەسەسەرد: لەسەر دەستەكان تیمی حكومی ئەتوانێت لەگەڵ پارتیدا رێكبكەوێت، بەڵام مەسەلەی ئەوەی پێی ئەوترێت وەزیری هەرێم، لەسەرەتادا وەزیری تەواو هەیە كە خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە، وەزیری دەوڵەتیش هەیە، لە هەرێم ئەمە پێی دەوترێت وەزیری هەرێم، ئەمە یان ئەركێكی دیاریكراوی بۆ دیاری دەكرێت یاخود بەگشتی ئەهێڵدرێتەوە، ئەوەی ئێمە تائێستا بەگشتی هێڵدراوەتەوە، بەڵام بەگشتی ئەگەر پێویستی كرد ئەكرێت ئەركێكی دیاریكراوی پێ بسپێردرێت‌و ناوەكەشی ئەوكاتە ئەبێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری فڵان مەسەلە.


درەو میدیا: بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە پارتی دەڵێن ئێمە تەنیا لەسەر پێدانی وەزیرێكی هەرێم لەگەڵ یەكێتی رێككەوتوین بەبێ دیاریكردنی ناونیشان‌و ئەركەكەی، ئەمە لەكاتێكدایە دوو وەزیری تری هەرێم هەن كە ناونیشانیان پێدراوە ؟
فەرید ئەسەسەرد: بەڵێ راستە، من پێوایە ئەوەی ئەوان دەیڵێن راست بێت، بەڵام ئەگەر پێویست بێت ئێمە وتووێژ لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین، ئەگەر نەشگەیشتین بە رێككەوتن ئێمە پۆستەكەمان هەر هەیە‌و ئەتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات. 


درەو میدیا: هەر لەبارەی رێككەوتنەكەتانەوە لەگەڵ پارتی دەمانەوێت بپرسین پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك بەكوێ گەیشت، ئێوە نۆ مانگ لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك پێكهێنانی حكومەتتان دواخست، بەڵام دواجار حكومەت پێكهات‌و تائێستا پارێزگار دانەنراوە، یەكێتی پاشەكشێ كردووە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە پاشەكشێمان نەكردووە، بەڵام هەندێك پێشهاتی تازە هاتوەتەئاراوە، ئەمانەوێت بەجۆرێك چارەسەری بكەین كە كێشەی گەورەتری لێنەكەوێتەوە، ئەوەیە مەسەلەكە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand