■ چیا عەباس لە مێژە هەر یەک لەو دو بەرێزە دەناسم، لە گەڵ دکتۆر خزمایەتیمان هەیە و لە تەمەنی منداڵیەوە دەیناسم. دواتر لە نزیکەوە کاری رێکخراوەیی و حزبیشم لە گەڵ کردوە. دکتۆر لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری ناسراوی شاری سلێمانی گۆشە و پەروەردە کراوە. خوالێخۆشبو باجی روناکی دایکی لە سەرەتای شۆرشی ئەیلولەوە یەکێک بوە لە ژنە تێکۆشەر و بوێرەکان، تا وەفاتی چالاکانە بۆ پرسی نەتەوەیی و مافەکانی ژنان کاری کردوە. دکتۆر لە سەردەمی لاویدا چەپێکی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران بوە، کاتێک دەیەوێت زانکۆ بخوێنێت بە هۆی پەیوەندی بە کۆمەڵەوە سزای لە سێدراەدانی لە لایەن رژێمی سەدامەوە بۆ دەردەچێت، دواتر ئازاد دەکرێت و لە لەندەن خوێندن تەواو دەکات. لەو سەردەمەدا خوالێخۆشبو مام جلال دەناسێت، ئەو ئاشنابونە دەبێتە وێستگەیەکی زۆر گرنگ لە وەرچەرخاندنی ژیانی دکتۆر. لێرە بەدواوە دکتۆر بە پشتگیری مام جلال بە پلەکانی رێکخراوەیی یەکێتیدا هەڵدەکشێت تا دەگاتە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی. دکتۆر لە پێگەی بەرپرسیاریەتی حزبی و حوکمرانیدا دەربری ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبوە، وەک کەسایەتیەکی تەکنۆکرات، سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک، دنیا دیدە و خاوەن پەیوەندی بەرفراوان ناسراوە. وەک تەکنۆکراتێکی لیبراڵی پراگماتیک چەندین ئاراستەی سیاسی گرتۆتە بەر، لە هیچ کام لەو ئاراستانەدا نەگەیشتۆتە دوا مەنزلی خواستەکانی. هۆکارێکی گرنگی ئەم ناجێگیریە دەگەرێتەوە بۆ فاکتێک لە کڵتوری یەکێتیدا، ئەویش ئەوانەی خەباتی پێشمەرگایەتی وشاخیان کردوە باڵادەسترن لەوانەی بە گەڵیک هۆکارەوە بەشداری ئەو خەباتە نەبون. لەم روەوە چەند راپۆرتێکی گرنگی ئەمریکی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردودا باس لە پێگەی دکتۆر لە ناو یەکێتیدا لە سایەی گاردە دێرینەکانی ئەو حزبەدا دەکات. دکتۆر لە دوای نەخۆشبونی مام جلال ەوە پشتێکی گەورەی لە ناو یەکێتی لە دەستدا، لەو ساتەوەش پێگەی لە ناو ئەو حزبەدا جێگیر نەبو. دکتۆر پاش ئەزمونێکی کورت لە گەڵ هاوپەیمانیەکەی توانی وەک سیاسیەکی پراگماتیک بە پشتگیری بەشێکی زۆری یەکێتییەکان ببێتە کاندیدی حزبە رەسەنەکەی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار. پێموایە ئەگەر دکتۆر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت ناتوانێت چەند سنورێک هەیە بیان بەزێنێت، لە مەقامی یەکەمدا منەت و خواستەکانی ئەوانەی لە سەرۆکی هێزێکی ترەوە کردیان بە کاندیدی یەکێتی، دوەمیان ئەگەر متمانەی زۆرینەی لایەنە عەرەبەکان وەرگرێت، دەبێت لە پۆستەکەیدا موراعاتیان بکات، چونکە تا ئەم چرکەیەش دکتۆر تەنها کاندیدی یەکێتییە، ئەگەر هەروا بمێنێتەوە و هەلبژێردرێت دەبێت بەردەوام چاوەروانی ئەوە بێت کە بەرەی کوردی لە بەغدا هەمو کاتێک لە گەڵیدا نەبن. لەم روانگایانەوە دکتۆر کاتێکی ئاڵۆز بەرێدەکات. دکتۆر لە لایەن چەند سەنتەرێکی بریادەری ئەمریکیەوە ناسراوە و لێیان نزیکە، ئەم راستیە دەیخاتە ژێرفشارێکی زۆری ئێرانەوە کە بە چاوێکی متمانەوە ناروانێتە پێگەی دکتۆر. مەبەستم نیە لە تواناکانی دکتۆر کەم بکەمەوە، بەڵام راستیەکی حاشا هەڵنەگرە لە عێراقی ئەم سەردەمەدا زەمینە و هێز و کاریزما و پشتگیری ئەقلیمی و نێودەوڵەتی بریاردەرن نەک لێهاتویی و توانای کەسایەتی. سەبارەت بە کاک فواد: ماوەی نزیکەی نیو سەدەیە لە نزیکەوە دەیناسم، ئەو کاتانەی هەر دوکمان لە ریزەکانی پارتی لە بەغدا کارمان دەکرد، ئەو وەک کادرێکی لێهاتوی حزبی و بەندەش وەک کادرێکی حزبی و خوێندکاران کە بەشێک لە کارەکانمان بە یەکەوە گرێدرا بون. لەو سەردەمانەدا کاک فواد کادرێکی میانرەوی واقیعی بو، وەک لاوێکی کورد بە دڵ و گیان کاری بۆ کوردایەتی دەکرد. هەر دوکمان بەشداری شۆرشی ئەیلول بوین و هەر یەک لێمان کاری خۆی دەکرد. دوای شکستی شۆرشی ئەیلول لە گەڵ کاک فواد یەکەم گروپی پەناهەندەی کورد بوین کە ژمارەمان ١٧ ژن و پیاو و منداڵ بو لە ١٢ ئایاری ١٩٧٥ گەیشتینە هۆڵەند. لە یەکەم چرکەی دروستبونی یەکێتی کاک فواد چالاکانە بەشدار بوە. لە ناوەراستی حوزەیرانی١٩٧٥ و بە ئامادەبونی خوالێخۆشبوان کاک عادل موراد و داتریش دکتۆر کەمال فواد یەکەم رێکخراوی یەکێتی لە دەرەوەی وڵات لە وڵاتی هۆڵەند دروستکرا بە ناوی رێکخراوی زمناکۆ، رێکخراوەکە لە دو شانە پێکهاتبو کە کاک فواد بەرپرسی شانەیەکیان بو و شەهید زاهر حەمەد کە دۆستێکی نزیکی کاک فواد بو بەرپرسی رێکخراوەکە بو. لە ماوەی کارکردنمان بەیەکەوە لە ناو یەکێتی لە هۆڵەند و لە دەستەی بەرێوەبەری رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی چەند ساڵێک، کاک فواد کادرێکی هەڵسورێنەری جدی بو، خاوەنی تێرامانی و هەڵسەنگاندنی خۆی بو، هەر ئەوەش هۆکارێکی گرنگ بو لە سەردمی دانوستانی یەکێتی لە گەڵ بەغدا لە ١٩٨٤ خۆی لە ریزەکانی رێکخستنی یەکێتی دور رابگرێت. لەوە بە دواوە سەرقاڵی خێزان و خوێندن و کاری رۆژنامەگەری بوە. هاوکاتیش بە هێچ شێوەیەک لە بزافی کوردایەتی و سەرکردە و هێزە سیاسیەکانی کوردستان دانەبراوە. هەمیشە هەوڵی داوە کاریگەری ئەرێنی لە سەریان هەبێت، بە تایبەت لە ساڵەکانی شەری ناوخۆ لە گەڵ چەند هاورێکیدا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ راگرتنی شەرەکە. لە سەروبەندی ئامادەسازی بۆ روخاندنی سەدام بە رێگەی چەند کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەری کورد لە ئەمریکا توانی لە دەورەکانی راهێنانی کادری فەرمانرەوایی بۆ قۆناغی دوای سەدام بەشدار بێت، دوای روخاندی سەدام ماوەیەک وەک راوێژکار لە وەزارەتی خوێندن و پەروەردەی عێراق کاری کرد. کاک فواد وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەركێکی ئیداری هەبو، بێگومان جێگەی متمانەی پارتی و مسعود بارزانی بوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و مانەوەشی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئۆتۆماتیک بەرپرسیارە لە هەمو کارەکانی دەوروبەر و سەروی خۆی. هەر چۆنێک بێت دەکرا لەو ساڵانەدا خۆی لە چەند لێدوان و دەربرینی ناواقیعی دور رابگرتایە. پێموایە ئەگەر دکتۆر فواد ببێت بە سەرۆک کۆمار، پێگەی کورد لە عێراق قۆناغێکی ئارام و جێگیر بەسەر دەبات، چونکە لە مەقامی یەکەمدا کاندیدی گەورەترین هێزی کوردستان و خودی مسعود بارزانیشە، بۆیە پشتێکی بەهێزی جێگیری هەیە کە دەبێت گوێی لێ بگیرێت و تا رادەیەکیش مەجبور نابێت منەتی ئەم ئەو هەڵبگرێت، هاوکاتیش کاک فواد ئاراستەیەکی چەسپاوی دیاریکراوی هەیە، وێرای ئەوەی ئەم ئاراستەیەش پراگماتیکە بەڵام ئەسیری چەندین کۆت و بەندێک نابێت کە گێژاوی بۆ دروست بکەن. لێرەدا راستیەک شایستەی باسکردنە: بۆ خۆم ناخوازم هیچ کوردێک لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بکرێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام واقیع و سیاسەت شتێکی تر دەخوازن. لە ساڵی ١٩٩٤ بەندە کارگێری رێکخستنەکانی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی بو. دکتۆر بەرهەم بەپرسی مەڵبەند بو و هاوکاتیش نوێنەری یەکێتی بو لە واشنتۆن. لە ساڵەکانی شەری ناوخۆدا بەردەوام پەیوەندیم لە گەڵ دکتۆر بەرهەم هەبو، ئەو کات کاک فواد هیچ پەیوەندیەکی فەرمی لە گەڵ یەکێتی نەبو، سەرەرای ئەوەش زۆربەی جار دکتۆر داوای لێدەکردم بۆ کار و چالاکیەکانمان راو و بۆچونی کاک فواد وەربگرم. راستیەکەشی من بە گوێم نەدەکرد، چونکە لە روانگایەکی حزبی تەسکەوە لام سەیر بو کاروباری حزب بخەمە بەردەم کەسێکی ناحزبی. خوا ئەو خوایە ئێستا رکابەری یەکترن بۆ یەكێک لە پۆستە هەرە گرنگەکانی عێراق. ئەم دیاردەیە کارێکی تەندروستە، بەڵام هەرچۆنێک ئەو هاوکێشەیە یەکلابکرێتەوە ئاکامێکی پارادۆکسی دەبێت، ئەگەر بەرێکەوتنی سیاسی یەکێک لەو دوانە بکرێتە سەرۆک کۆمار ئەوا " یەکریزیەکی روکەشی" کورد بەرقەرار دەبێت، لە لاکەی ترەوە ئەو " یەکریزیە" پۆستەکە و خاوەنەکەی دەکاتە ئەسیری خۆی و سیما و لێهاتویی و خەسڵەتە تایبەتەکانی سەرۆک کۆماریش پەردەپۆش دەکات. ئەگەر بە رکابەرکردن یەکێکیان بیباتەوە ئەوە پێگەیەکی بەهێز بەدەست دەهێنێت و دەستی کراوەتر دەبێت و مەجبور نابێت زۆر منەت هەڵبگرێت، لە لاکەی ترەوە لە بەر ئەوەی زادەی " یەکریزی" نەبوە چاوەروانی گێرمە و کێشەی زۆر لە بەرەی کوردی لە بەغدا بکات. بۆ خۆم هەر کامێکیان ببێت بە سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٨
■ سەردار عەزیز چەمکی کاندید کوردی نیە، بەڵام کوردێنراوە. ئەم پرۆسەی کورداندنە، تەنها لە ئاستی فیلۆلۆجیدا نیە، بەڵکو ئاستی سیاسی و دەزگایی و کۆمەڵایەتیشی هەیە. دیارە ئاساییە کاتێک وشەیەک یان چەمکێک لە زمانێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ زمانێکی تر لە رووی ووتن و تەنانەت ڕێنوسەوە دەستکاری بکرێت. وشەی کاندیدات کە وشە ڕەسەنەکەی کاندیدە، بۆ ووتن قورسە. بەڵام کاندید ووتنی ئاسانتر و سوککترە. کاندید خۆپاڵاوتنی کەسێکە لە میانەی هێزێکی سیاسی، لە ناو سیستەمێکی سیاسی، بە ڕێگای سیستەمێکی هەڵبژاردن، بەڵام لە سەروی هەمویەوە لە هەناو کەلتورێکی تایبەتدا. کاندیدبوون لە دیدی کەسەکەوە، لە دیدی خەڵکەوە، لە دیدی چۆنێتی بەڕێوەچوونی کاروباری پەرلەمانەوە جیاوازە. ئەم بونەوەرە لە دونیای ئێمەدا نوێیە، نەک تەنها وەک ناو بەڵکو وەک کاراکتەر، ئاکت، وێنا و جۆری پەیوەندی. سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لە دۆخێکی ئاساییدا نیە. سیاسی بوون هەتا ئێستا پەیوەستە بە قارەمان بوون ئەمە وەک واقیعێک نا بەڵکو وەک ئاگاییەک و پرۆسەیەکی مەعریفی. کاندید دەرکەوتەی سەردەمێکە کە هێشتا نەگەیشتوە. سەردەمی سیاسەت لە ڕێگای یاسا و دەزگا و دیبەت و عەقڵانیەت و سازشکردنەوە. بە گشتی دوو جۆر کاندید هەیە لە کوردستان، جۆرێک کە نوێنەری حیزبەکەیەتی و ئەرکی سوککە. جۆرێکی تر کە دەیەوێت نوێنەری خەڵك بێت و ئەرکی قورسە. لە پرۆسەی کاندیدبوون لە دونیای ئێمەدا کۆمەڵێک کێشەی زۆر هەیە: یەکەم، لە ڕووی کەلتورییەوە دونیای ئێمە ئامادەنیە بۆ پرۆسەی نوێنەرایەتی. نوێنەرایەتیکردن خۆی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە دوفاقیە، چونکە نوێنەر ئایا نوێنەری پانتاییەکی جوگرافیە، یان نوێنەری هێزێک دیاریکراو، یان نوێنەری کێشەیەک، یان نوێنەری خواستێک. ڕوون نەبونی ئەمە لە هەناو سیستەمی هەڵبژاردن و سیاسی ئێمەدا کێشەیەکی گەورەی کەلتوری دەزگایی دروستکردوە. سیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان دەبێت وورد بکرێتەوە بۆ بازنەی بچوک، هەتا خەڵك ڕاستەوخۆ بزانن کێ نوێنەریانە، ئەم تاک بازنەییە جۆرێک لە بێ شوێنی بۆ کاندید دروست کردوە، کە لە ئەنجامدا شوێنی خۆی بە نافەرمی دەبێتە بازنەی هەڵبژاردنی، ئەمەش لە ڕێگای کەلتوری ناسراوی و خزمایەتی و ئاشناییەوە بەرهەم دێتەوە. دووەم، دەبێت سیستەمی دەنگدانی کوردستان بگۆردرێت، بە جۆرێک هەر دەنگدەرێک بتوانێت زیاتر لە یەک کاندید هەڵبژێرێت بە پلەبەندی یەکەم و دووەم هەتا لە ئەنجامدا دەنگ نەفەوتێ و هەروەها خەڵک بتوانن سۆز و عەقڵ و نادڵنیاییان هەموو بەیەکەوە دەربڕن. سێیەم، دەکرێت سیستەمی هەڵبژاردنی کوردستان تێکەڵ بێت لە نێوان بژاردەی حیزبی و بژاردەی خەڵک، بژاردەی دەزگایی و بژاردەی جەماوەری. پەرلەمان هەتابێت ئاڵۆز دەبێت چونکە داڕشتنی بودجە، ووزە، دیپلۆماسی، ئابوری، بەڕێوەچونی حکومەت، چاودێری، ئاسایش و زۆر بواری تر بە خێرایی بەرفراون دەبن و دەبێت ڕەهەندی بەرفراوانتری هەبێت لە ڕەهەندی ناوخۆیی. بۆ ئەوەی هاوسەنگی هەبێت دەبێت هەموو جۆرە کەسێک لە پەرلەمان بێت. چوارهەم، خەڵکی هەتابێت زیاتر لە ڕێگای ئەزمونکردنەوە لەوە بە ئاگا ئەبنەوە کە پەرلەمانتار ئەو دەسەڵاتەی نیە کە بانگەشەی بۆ ئەکات. ئەم بە ئاگا بونەوەیە جۆرێکە لە بە عەقلانی بوونی دیموکراسی ئێمەیە. بەڵام مەترسیەکی ئەوەیە کە لە هەناو دوالیزمی ئومێد و نائومێدیدا فەراهەم دەبێت. کاتێک خەڵك بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پەرلەمان ئەوە نەبوە کە وێنای کردوە یان چاوەڕێی کردوە، ئەوا توشی نائومێدی دەبێت. ئەم دۆخە دەبێت سەرلەنوێ بونیادبنرێتەوە. دەبێت کاری وەک یاسا داڕشتن، چاودێری، نوێنەرایەتیکردن، فشارکردن، دیبەیت، جارێکی تر پێناسە بکرێنەوە. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە بەدیلی پەرلەمان چەکە. لە هەمانکاتدا پەرلەمان لە سایەی چەکدایە. ئایا تۆ دەتەوێت ڕۆڵی چەک بەهێز بکەیت یان پەرلەمان. ئەم ململانێیە هاوسەنگ نیە، هەروەها ئاسانیش نیە، بەڵام چارەنوسسازە. پێنجەم، ئەستەمە پەرلەمان بە باشی بەڕێوەبچێت کاتێک کەمترین هاوبەشی و بڕوا هەیە لە نێوان هێزەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و ئەندامانی کۆمەڵگادا. بەڵام پەرلەمان تەنها ڕێگایە کە بتوانێت ئەو هاوبەشییە بەرهەم بهێنێت کە بەبێ هەبوونی هاوبەشی ئەستەمە بتوانرێت حوکمداری سەردەمیانە بەرهەم بێت.
■ عەبدوڵا كوێخا موبارەك لایەنێك یان كەسێكی سیاسیم پێ بڵێن بێ متمانە و بەدناو نەبوبێت؟ ئەو بزوتنەوەی گۆڕانەی كە ساڵانێك جێگەی ھیوا و ئومێدی خەڵك بو، ئەو گۆڕانەی كە لەسەر دەستی كاریگەرترین سیاسەتمەدار و كارێزمای كورد دامەزرا، بەڵام ئێستا تەوریسی سیاسی، شەڕی كۆمپانیا و سەروەت و سامان، ڕێككەوتن و پارە وەرگرتنی ژێر بە ژێر تێیدا سەری ھەڵداوە.! كەسایەتی دیاری سیاسی حزب بەناوی چاكسازی و داد پەروەری دروست دەكات و خەڵك دوای دەكەون و دەنگی پێ دەدەن، بەڵام دوای چەند مانگێك حزبە داد پەروەرەكەی ھەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ھەمان حزب تەنھا لەپێناو وەرگرتنی پۆستێك بۆ شەخسی خۆی.! دو لایەنە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان كە بەردەوام باسی یەكڕیزی كورد لە بەغدا دەكەن و بەردەوام كوردایەتی و نیشتیمان پەروەری خۆیان بە خەڵك دەفرۆشنەوە و ساڵێك لەمەوپێش چونە بەغدا و داوای ڕیفراندۆم و جیابونەوەیان كرد، بەڵام ئێستا ڕێك لە ساڵڕۆژی داواكاری جیابونەوەكەیان بە دو تیمی جیاو و دژ بە یەك لە بەغدان و ھەر یەكەو لە مەرجەعێكی عەرەبی و لایەنیێكی عەرەبی دەپاڕێنەوە و بەڵێنی یەكپارچەیی عێراق دەدەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان پێ بدرێت.! چەندین لایەنی ئیسلامی لە كوردستاندا ھەیە و ئیدعای چەسپاندنی حوكمی ئیسلامی دەكەن و ھیچیشیان ھاوڕای یەكتر نین، لەكاتێكدا ئێمەی ئیسلام یەك كتێبی ئاسمانیمان ھەیە، ئەپرسم ئەگەر ئەمانە درۆ ناكەن و بەرژەوەندی خواز نین بەچی سیفەتێك جیاواز و فرە لایەنن كە ئیسلام تەنھا یەك قورئان و بەرنامەی ھەیە؟! ئەمە جگە لە بەرەڵایی و بێ سەرەوبەرەیی تاكی سیاسی كورد، بازرگانێك حزب دادەمەزرێنێت و خەڵك دوای دەكەون، كوڕە بەرپرسێك لە دیسكۆكانی ئەوروپا دێتەوە و داوای سەرۆكی و بڕیار بەدەستی حزبەكەی باوكی دەكات و دەیان بەناو سیاسی شوێنی دەكەون و دەڵێن ھەقی خۆیەتی، پۆستی سەرۆك كۆمار كۆدەنگی چەندین لایەنی ئەوێت، بەڵام ئێستا زیاد لە ٢٠ تاكی كورد لە بەغدایە و خۆی بۆ سەرۆك كۆمار كاندید دەكات كە نەك حزبەكەی بەڵكو خێزانەكەشی ھاوڕای نیە، زۆر شتی تری سەیروسەمەرە لە سیاسەتی كوردیدا ھەیە. ھەمو ھۆكاری ئەم بەرەڵای سیاسی و دروستبونی بازرگانی سیاسیەش تەنھا بەدەمەوە چون و شوێنكەوتن و شەرعیەتدانی خەڵكە بەم جۆرە كەس و لایەنانە.
■ کەمال چۆمانی “بای بای عێڕاق، بای بای سایکس پیکۆت،” “یەکەم وڵات سەردانی بۆ دەکەیت بە پاسپۆرتی کوردستان کام وڵات دەبێت،” “ئەوانەی دژی ریفراندۆمن دەبێت ناسنامەی دەوڵەتی کوردستانیان پێ نەدرێت،” “دەمانەوێت لەگەڵ عێڕاق جیرانێکی باش بین،” و دەیان پڕۆپاگاندەی تری پڕ لە هیوا و ترس، پڕ لە پەیمانی خۆشبەختیی و گەشبینیی، دەیان گوتەی پڕ لە ئینساندۆستیی و فاشیزم، کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی عێڕاقییان تەنیبو. ساڵێک لەمەوبەر گروپێک لە سیاسیی پێنەگەیشتوی کورد بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە لە دیوەخانی مەسعود بارزانیی لە سەری بڵند کۆبونەوە. ساڵێک لەمەوبەر لە رۆژی ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧دا، پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە سەرکردایەتیی مەسعود بارزانیی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدا. ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ قومارێکی گەورە بو بە خەونێکی لەمێژینەی کوردیی کرا، قومارێک کە دۆڕانەکەی وەک مانگی چواردە هاواری دەکرد. پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆ ٢٠١٧ خەونێکی نەتەوەیی کورد بو، بەڵام لە ناوەڕاستی ٢٠١٧ بوە خەونێکی کەسیی و بۆ ئامانجی تر. ئەنجامدانیشی بوە هۆی بەپاشەوەچونی پڕۆژەی کوردیی لە عێڕاقدا. دوای ساڵێک، هەوڵدەدەم ئەو بڕیارە مێژویییە جارێکی تر هەندێک هەڵبسەنگێنمەوە بەوپێیەی لە نزیکەوە نەک وەک هەر رۆژنامەوان و شیکەرەوەیەکی سیاسیی لەسەر ئەو پرسە چالاک بوم، بەڵکو وەک چالاکێکی سیاسییش هەم دژایەتییم کرد، هەمیش لە چەندان کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوە بەشدار بوم، کە زۆر قسەی تایبەت و نهێنیی تێدا دەکرا. ئەو چەند وشەیە، تەنها بەشێکی کەمی ئەو روداوانەیە کە تۆمارکراون، بەڵام بۆ ئەمڕۆ هەر هێندە بەسە کە باسیبکەین. كەمال چۆمانی: ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ قومارێکی گەورە بو بە خەونێکی لەمێژینەی کوردیی کرا، قومارێک کە دۆڕانەکەی وەک مانگی چواردە هاواری دەکرد چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئەوڕوپیی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر دانیشتین. دوای نان خواردن و گفتوگۆیەکی گەرم، بە دەم قاوە خواردنەوە، پرسیارێکی سەرنجڕاکێشی کرد. ئەو پرسیارە باشتر تێیگەیاندم کە ساویلکەیی و کورتبینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و تێنەگەیشتنیان لە زمانی دیپلۆماسیی و پەیوەندییە ناودەوڵەتیی و هەرێمییەکان و ململانێکانی ناوچەکە، بەتایبەتییش مەسعود بارزانیی، لە چ ئاستێکی شەرمەزارکەر دایە. “دەمەوێت پێم بڵێن چۆن لە مەسعود بارزانیی بگەیەنین کە ئێمە، کە دەڵێم ئێمە واتا ئەمریکاش، جدیین لە دژایەتیی کردنی ریفراندۆم،” دیپلۆماتە ئەوڕوپییەکە پرسیاریکرد. تێنەگەیشتنی بارزانیی و سەرکردایەتیی کورد لەو دژایەتییەی دونیا لە ریفراندۆم، وای کرد چەندان بەیاننامەی ئەوڕوپا و ئەمریکای بەدودا بێت. یەکێک لە بانگەشەکانی بانگەشەکارانی ریفراندۆم ئەوە بو کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا دژایەتیی ریفراندۆم ناکەن. ئەمە وای کرد ئەمریکا بەیاننامەی توند دەربکا، بە زمانێک بنوسێت کە منداڵێکیش لێی تێبگات، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، بەتایبەتییش بارزانیی، هەرگیز تێنەگەیشتن. ئەوەی جێی سەرنجە، لەو بەرنامەیەی کەناڵی ئەل-جەزیرەی قەتەڕیی لە ساڵیادی ریفراندۆمدا پەخشیکرد، مەسعود بارزانیی سورە لەسەر ئەو لێکدانەوە هەڵانەی هەیبون، تەنانەت هێشتا لەوە تێنەگەیشتوە کە ئەمریکا بەجدیی دژ بو. کەمال چۆمانی: ساڵێک لەمەوبەر گروپێک لە سیاسیی پێنەگەیشتوی کورد بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە لە دیوەخانی مەسعود بارزانیی لە سەری بڵند کۆبونەوە. راوێژکارانی ناوخۆ و و دەرەوە ئەوەیان بە بارزانیی دەگوت کە حەزیدەکرد بیبیستێت، نەک ئەوەی کە پێویست بو بیبیستێت. بارزانییش خۆی هێندە ئاگاداریی سیاسەتیی دەرەوە و ململانێ ناوچەیییەکان و جیۆپۆلەتیک و چەمکی دەوڵەت-نەتەوە و رێکخستنی ناودەوڵەتیی نەبو و نییە تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی واقیعیی هەبێت. لەگەڵ یەکێک لەو دەیان راوێژکار و چاودێر بیانییانەی بۆ رۆژی ریفراندۆمەکە لە کوردستان بون و پێشتریش بە نوسین و چالاکیی بەشدارییان دەکرد و لە ئەوڕوپا و ئەمریکا دەردەکەوتن، گفتوگۆیەکی توندمان کرد لەسەر ئایا ئەمریکا دژایەتیی پڕۆسەکە دەکات یا نا. ئەو قسەیەی ئازاری دام کە گوتی: “ئێوە خیانەت لە وڵاتی خۆتان دەکەن.” تەنها ئەوەندەم پێ گوت: “ئێمە وڵاتی خۆمان خۆشدەوێت، نامانەوێت توشی کێشەی گەورەتر بێت. بۆ تۆ یەک شت گرنگە؛ ئەو پارەیەی پێتدراوە، ئەگەریش دەوڵەت دروستبو پارەکەت زیاتر دەبێت، ئەگەریش دروستنەبو، تۆ ئەو بەخشینانەت هەر پێ دەدرێن.” پێش ریفراندۆم دو جار سەردانی کەرکوکم کرد. لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەریش لەبارەی ئەوەم نوسی کە چۆن کەرکوک و نەوتەکەی دەوری سەرەکیی دەگێڕن لە مەسەلەی ریفراندۆمدا. بۆ من کەرکوک لە خودی ریفراندۆمەکە گرنگتر بو. من جاوەڕێمدەکرد نەک هەر ١٦ی ئۆکتۆبەر روبدات، بەڵکو شەڕ لەنێوان نەتەوەی کورد، تورکمان و عەڕەب روبدات. ئەمە ترسی گەورەی من بو. بۆیە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر رویدا، هێندە نیگەران نەبوم چونکە من چاوەڕێی خراپترم دەکرد. بۆیە هەوڵدەدەم لەو وتارە زیاتر تەرکیزم لەسەر کەرکوک بێت کە بۆچی کەرکوک وای لێ هات. لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر موسڵ لە ٢٠١٤، سوپای عێڕاق لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کشایەوە. ئەمە دەرفەتێکی دایە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک کۆنترۆڵ بکات. هەرزو حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و دواتریش بەڕاستەوخۆ نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی فرۆشت. دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کەرکوک زیاتر وای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، رونتر وای لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان و خودی سەرۆکی پارتیی مەسعود بارزانیی کرد کە بانگەشەکانی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ توندتر بکات. بارزانی ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بو، برازا و زاواکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بو، کوڕەکەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بو. پارتی ئابوریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەکیی و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کۆنترۆڵکردبو. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە پارتیی بەخشیبو کە بانگەشەکانی دەوڵەت و ریفراندۆم زیاتر بانگەشەی خۆیان بن نەک بانگەشەی خەڵکی هەرێمی کوردستان. كەمال چۆمانی: سەرکردایەتیی یەکێتییش لە غیابی سەرکردەیەک کە بتوانێت هەموان کۆبکاتەوە، بە هۆی تەماحکاریی بۆ بەرژەوەندیی مادیی زیاتر و پۆست لەژێر سێبەری پارتییدا، توشی دابەشبونێکی گەورە بون ئەمانە وایان کرد لە سەرەتای جولای ٢٠١٧، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و و یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان و چەند هێزێکی دیکە، رۆژی ریفراندۆم رابگەیەنن، واتا بڕیاردرا لە ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک ئەنجامبدرێت. ئەمە سەرەتای روداوێک بو کە بوە روداوێکی سیاسیی گەورەی نەک هەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. هەر لە سەرەتاوە، ویست و ئامانج و هۆکاری هەر هێز و گروپ و کەسێک لە پشتیوانییکردن و دژایەتییکردنی ریفراندۆم جیاواز بو، هەر بۆیە؛ کۆمەڵگای کوردیی بەسەر دو بەرەدا دابەشبو؛ بەرەی پشتیوانیی ریفراندۆم و بەرەی دژی ریفراندۆم. هەرچەندە ئێمە بەوە تۆمەتبارکراین کە خیانەت لە نیشتیمان بکەین، بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوڕا و دیموکراتخواز و نیشتیماندۆست، هەڵمەتێکمان دژ بە ریفراندۆم راگەیاند. ئێمە بوینە یەکەم گروپ دژی قومارکردن بە چارەنوسی گەلێکەوە. ئاسۆ مامەند، بەرپرسی یەکەمی یەکێتیی بو لە کەرکوک. زۆر نهێنیی ریفراندۆمی لان، بەتایبەت لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم و کەرکوک. دواندنی ئەو یارمەتییمان دەدات باشتر لە ریفراندۆم تێبگەین و باشتریش لە چەقی مەسەلەکە بگەین؛ کەرکوک.. ئاسۆ مامەند گوتی: “من ئەندامی حیزبێکم، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە یەکێک لە دروشمەکانی “مافی چارەی خۆنوسین،”ە، بۆیە؛ بڕیاردان بۆ من زۆر ئاسان بو ئەگەر بەڕوکەشیی بڕیارمبدابوایە و بکەوتبومایە ژێر کاریگەریی گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیی و سۆزی حیزبییانەی خۆم بۆ وەدیهێنانی ئەو مافە. هەرزو بۆ هەرێمی کوردستان دەکرا بە بڕیارێکی باشی بزانم، لای کەم بۆ ئەوەی دژ بە بەغداد بەکاریبێنین و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبێنین، بەڵام کاتێک کەرکوک بوە چەقی ململانێکە، من بەجدیی کەوتمە قەناعەتپێهێنانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد تا کەرکوک نەخەنە ناو گۆماوێکی قوڵی لێڵەوە کە خنکان تێیدا ئەگەرێکی زۆر بەهیزتر بو لە پەڕینەوە لێی.” سەرکردایەتیی یەکێتییش لە غیابی سەرکردەیەک کە بتوانێت هەموان کۆبکاتەوە، بە هۆی تەماحکاریی بۆ بەرژەوەندیی مادیی زیاتر و پۆست لەژێر سێبەری پارتییدا، توشی دابەشبونێکی گەورە بون. سەرکردایەتیی یەکێتیی لە کەرکوک، جگە لە پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک نەجمەدین کەریم، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییش بو، دژایەتییەکی سەرسەختی ریفراندۆمیان کرد. ئەوان جگە لەوەی لە واقیعەکە دەگەیشتن و زۆرتر هەستیان بە مەترسییەکان دەکرد، خۆشیان نەیاندەویست کەرکوک بکەوێتە دەست پارتیی و بارزانیی لەڕێی نەجمەدین کەریمەوە کە پێشتر لە ململانێ بون لەگەڵی. لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی، سەرکردایەتیی یەکێتیی لە کەکرکو زۆر دژایەتیی ریفراندۆم دەکەن، بەتایبەت لە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک. ئاسۆ دەڵێت: “بە سەرکردایەتییم گوت: کە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک و کەرکوک دەبێتە هۆی بەخشینی بەهانە بۆ دژایەتییکردنی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکی کەرکوک کە دواجار وا دەکات کەرکوک لەدەستبدەین. دوابەدوای ئەو کۆبونەوەیە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی کرا کە تێیدا هەمو دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک بەشدارییان کرد. بە تێكڕای دەنگ دژی ئەوە بوین ریفراندم لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. یاداشتێکمان ئامادەکرد بۆ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی. ئینجا دەستمانکرد بە کۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی کەرکوک بۆ ئەوەی باشتر بزانین رای هەموان چییە. دەستمانکرد بە لۆبیکردن دژی ریفراندۆم چونکە هەمومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماڵوێرانیی گەورە بەدوای خۆی دەهێنێت.” چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم، مەسعود بارزانیی، کۆسرەت رەسول عەلی، حەمەی حاجی مەحمود، سەلاح دەلۆ، کەمال کەرکوکی، لقی کەرکوکی پارتیی و چەند کەسێکی مەڵبەندی یەکێتیی کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاوانە تەواوی مەترسییەکان بە بارزانیی راگەیەنران و باسی دۆخی نالەباری پێشمەرگە و نابەرانبەریی عەسکەریی نێوان سوپای عێڕاق و هێزی پێشمەرگەیان کرد، هەڕەشە جدییەکانی وڵاتانی دەوروبەریان بۆ رونکردنەوە، باسیان لەو هەڵە ستراتیژییە کرد کە پێشنیازەکانی ئەمریکا و ئەوڕوپا رەتبکەنەوە. بەڵام بارزانیی گوێ لە کەسیان ناگرێت. ئەمە وا دەکات لەسەر ئاستی کەسیی بەرپرسانی کەرکوک بکەونە جموجۆڵ، ئاسۆ مامەند دەڵێت: “دوای ئەمە، خۆم و د نەجمەدین کەریم، کە دۆستایەتییەکی بەتینی لەگەڵ مەسعود بارزانیی دروستکردبو، کۆبونەوەیەکی دو-قۆڵییمان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاویی پێم گوت: “د. نەجمەدین لەبەر خاتری من و یەکێتیی و کەرکوک، تکات لێدەکەم، کاک مەسعود گوێ لە تۆ دەگرێت، تکات لێ دەکەم تکایە هەوڵبدە وا بکەیت ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت، ئەگینا کەرکوک لەدەستدەدەین.” ئەوکات د. نەجمەدین بەڵێنی پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنارێت “بەڵام جارێ ئیعلانی ناکەین تا دو رۆژ پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئۆفەری ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا باشتر بێت و زیاتر بەرژەوەندیی بدەنە کورد.” واتا ئەوان ریفراندۆم وەک کارتێک بۆ گەمەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی باشتر بەکاردێنن. ئاسۆ بەردەوامدەبێت: “کۆبونەوەیەکی تر لە هەولێر ئەنجامدرا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بو. هەڤاڵانم کاک کۆسرەت و کاک مەلا بەختیار و کاک سەعدی پیرە پەیوەندییان پێوە کردم دڵنیایان کردمەوە کە لە کۆبونەوەکەدا تەئکیدکراوەتەوە کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت “کەرکوکمان لە ریفراندۆم دەرکردوە. بۆ رۆژی دواتر، لە سەری رەش کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامدرا بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، کۆسرەت رەسول، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و سەلاحەدین بەهائەدین و من. لەوێدا نێچیرڤان بارزانیی بە منی گوت: “ئاسۆ پێویست ناکات قسەبکەیت. ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ناکرێت.” منیش بێدەنگ بوم چونکە بەڵێنم پێدرابو کە ریفراندۆم نەکرێت. لەو کۆبونەوەیەدا باسی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسنیش کرا. باس لەوە کرا کە “لە ئێستادا ئەوە راناگەیەنین کە لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنادەین بۆ ئەوەی دەستکەوت و زەمانەتی زیاتر بەدەستبێنین.” دوای هاتنەکەی مەسعود بارزانییش بۆ سلێمانیی بۆ بانگەشە بۆ ریفراندۆم، لەو کاتەدا دیارە کۆبونەوەیەک ئەنجامدرابو. بۆ شەوەکەی، کەسێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی تەلەفۆنی بۆ ئاسۆ دەکات و پێیدەڵێت: “ئاسۆ ئاگات لێ بێت، دەیانەوێت ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ئەنجامدەدەن.” ئەمە وای کرد دیسان ئاسۆ دەستبکاتەوە بە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانەی کە پێشبینیی کراوبون لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، رێیان لێ بگیرێت. ئەمجارە کارێکی جدییتریان کرد؛ یاداشتێکیان ئامادەکرد کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک-لیستی یەکێتیی، سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک و یاداشتەکەی مەڵبەندیان هاوپێچ کردن و ناردیان بۆ لیژنەی باڵای ریفراندم. هەموان بیرمانە خۆپیشاندانێک لەسەر قەڵای کەرکوک رێکخرا. کۆسرەت داوا لە ئاسۆ دەکات کە خۆپیشاندانەکە رێکبخەن. ئەویش داوا لە کۆسرەت دەکات بەو مەرجە خۆپیشاندانەکە رێکدەخەن کە “لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت. ئەویش بەڵێنی پێداین و ئێمەش لەسەر بنەمای بەڵێنەکە خۆپیشاندانەکەمان ئەنجامدا.” لە ٢٣ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر بەرپرسێکی یەکێتیی بە ناوی رەوەند رادەسپێردرێت کە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان کۆببێتەوە و وا بکەن هەمو لایەک هەوڵبدەن ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت. كەمال چۆمانی: هەرکەسێک لەناو ئەو گفتوگۆ و ململانێیانە بوایە، داهاتوی گەلێکی نەدەکردە قوربانیی. ئەمە ریفراندۆم نەبو، ئەمە قومارێک بو کە یاریکەرەکە تەنها بردنەوە دەبینێت نەک کارەساتەکانی دۆڕان و ئەنجامەکانی دوای ئەوەی دڵنیابون کە ئەو بەڵێنانەی پێیان درابون بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە کەرکوک وەک خۆیان جێبەجێناکرێن، شەوی ٢٣/٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوکیان رێکخست کە تەواوی سەرکردەکانی کەرکوکی یەکێتیی بەشداربون جگە لە د. نەجمەدین کەریم. کە دڵنیابون ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەیاننامەیەکیان ئامادەکردبو کە ئەوەیان راگەیاندبو کە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک کە جگە لە د. نەجمەدین کەریم تەواوی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوک، ئەندامانی پارلەمان، کادرانی پێشکەوتوی یەکێتیی و دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک هاوڕا بوین.” درەنگانی شەو کۆسرەت رەسول تەلەفۆن بۆ ئاسۆ دەکات پێی دەڵێت: “ئێوە دەتانەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێننەوە،” ئەویش بە بەڕاشکاوانە پێیدەڵێت کە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و هیچ ئامانجمان شەڕی براکوژیی نییە.” هەر هەمان شەو نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆن بۆ ئاسۆ دەکات و داوای لێ دەکات کە ئەو بەیاننامەیە بڵاونەکەنەوە، بە ئاسۆ دەڵێت: “بەیانی [٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧] کۆبونەوەیەک لە سەری رەش ئەنجامدەدەین.” ئاسۆش لەگەڵ هەڤاڵەکانی رێکدەکەون کە بەیاننامەکە دوابخەن. لە ٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەری رەش ئەنجامدرا. ئاسۆ وەکو لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بەشدار دەبێت کە لێپرسراوی لقی پارتیی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێبوار تاڵەبانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان مامۆستا کاکەڕەش بەشداربون. بۆ چەندەهەمین جار بە بارزانیی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەڵێن کە ئەو ریفراندۆمە نابێت لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. ئاسۆ دەڵێت: “لەوێ بیرمخستنەوە: ئێوە هەموتان بەڵێنتان پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت. کاک نێچیرڤان وەڵامیدامەوە و گوتی: بەڵێ، بەڵێنمان دابو کە ریفراندۆم لە کەرکوک ناکرێت.” دوای کۆبونەوەکە ئاسۆ دەیەوێت خۆی بگەڕێتەوە لای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و دژایەتیی ریفراندۆم بکەن، بەڵام بارزانیی داوایلێدەکات بمێنێتەوە و نان بخوات. هەرچەندە ئاسۆ دەڵێت نانیخواردوە، بەڵام بەناڕاستەوخۆیی ئاسۆ وەک دەستبەسەرێک لای خۆیان دەهێڵنەوە تا بەرپرسەکانی کە پشتیوانیی ریفراندۆم بون، وەک یەکێتیی پشتیوانیی خۆیان دوبارەدەکەنەوە. بەڵام مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتبو کە ئەوان نایانەوێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، هەر بۆیە بە کۆسرەت رەسول دەڵێت: “تۆ بڕۆ بۆ کەرکوک و سەرپەرشتیی ریفراندۆم لە کەرکوک بکە.” ئاسۆ دەڵێت: “ئەوە بو لەگەڵ کاک کۆسرەت گەڕاینەوە، فشارەکانی ئەوان بەهێزتر بون. ئێمە لەنێوان بژاردەی رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری پێکدادانی عەسکەریی، ناچار بوین هیچیان هەڵنەبژیرین.” ئەوەی لە کەرکوک رویدا، نە بۆ نیشتیمان بو نە بۆ ریفراندۆم بو. لە کەرکوکدا بەرژەوەندیی گەورە هەن. کەرکوک خاوەنی نەوتێکی زۆرە، کێ بتوانێت کۆنترۆڵی نەوتی کەرکوک بکات، وەک بنەماڵەکانی سعودیە و ئیماڕات و قەتەر بۆ دەیان ساڵ کۆنترۆڵی کوردستان دەکات. پێش ریفراندۆمیش، مەسەلەی پاڵاوتگەیەکی نەوت بۆ کەرکوک ململانێی لەنێوان زۆر لە بەرپرسانی یەکێتیی لە ناوخۆیان و لەگەڵ پارتیی دروستکردبو. ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارێکی جێناکۆکی وەک کەرکوک بێ ویستی هەمو پێکهاتەکانی شارەکە و ئیعتیرافپێکردنی نێودەوڵەتیی، هەر ئەوە ئەنجامیدەبێت. مەسعود بارزانی دوبارە لە بەرنامەکەی ئەل-جەزیرە دوپاتیکردەوە کە ١٦ی ئۆتۆبەر خیانەت بو، بەڵام خۆشی باس لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییە دەکات کە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا تیلەرسن پێیدەڵێت کە دەبێت بکشێنەوە سنوری ٢٠٠٣. هەرکەسێک لەناو ئەو گفتوگۆ و ململانێیانە بوایە، داهاتوی گەلێکی نەدەکردە قوربانیی. ئەمە ریفراندۆم نەبو، ئەمە قومارێک بو کە یاریکەرەکە تەنها بردنەوە دەبینێت نەک کارەساتەکانی دۆڕان و ئەنجامەکانی. ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبو، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی کەسیی، حیزبیی و بنەماڵەیی بو. لە ماڵێکی پەرتەوازە و لێکتراوازی وەک ماڵی کوردییدا، زۆر خراپتر چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام ئەوە ویستێکی ناودەوڵەتیی بو کە رێیگرت لەوەی تەواوی ئەزمونەکە بڕوخێت. ئەگەر ئەمریکا نەبوایە، ئەوەی لە کەرکوک رویدا لەوانە بو لە هەولێر و سلێمانیی و دهۆکیش رویبدابوایە. - تێبینی: بەشێکی ئەو وتارە کە دیدارێک بو لەگەڵ ئاسۆ مامەند دەبوایە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڵاوبکرایەتەوە، بەڵام بە هۆی چەند کێشەیەکەوە و دواتر سەفەر و سەرقاڵیی زۆر زۆرەوە، پێم باش بو لە ساڵوەگەری ریفراندۆمدا بە هەندێک دەستکارییەوە بڵاویبکەمەوە.
ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع (٩) چەندە مانا و بەھاکانی حیزب گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، ئەوھاش دروستکردنی حیزب لە کوردستاندا گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھاتوە. لەناو ئەم دونیا نوێیەدا ھەر کەسێک تەلەفیزیۆنێک و رادیۆیەک و سایتێک و چەند پەیجێکی فەیسبووک و تویتەری ھەبێت و توانی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ژمارەیەک ئینشانووس لە خۆی کۆبکاتەوە، دەتوانێت حیزبێک دابمەزرێنێت. لەمڕۆدا ھەموو پارەدارێک دەتوانێت پارتێکی سیاسیی بۆخۆی دروستبکات، دەتوانێت میدیاکار بکڕێت و کەسانی ناڕازیی و تەرەبوو لە حیزبەکانی تر سەوقبکات و کۆمەڵێک دروشمی پۆپۆلیستیی بەرزبکاتەوە و خۆی وەک تاقانەی مێژوویی و ئەلتەرناتیڤی ھەموو ھێزەکانی تر نمایشبکات. بە بۆچوونی ئێمە زۆرینەی ڕەھای حیزبەکان لەم قۆناغەدا زیاتر ئاکاری کۆمپانیایەکیان وەرگرتوە و لەوە کەوتون ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی تایبەت و کۆنکریت و جیاواز بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی؛ ھەر ئەمەشە وایکردووە دروستکردنی حیزبێکی سیاسیی و دروستکردنی کۆمپانیایەک کە ھەر کەسەو پشکێکی تێدا ھەبێت، وەک یەکی لێبێت. بەحوکمی ئەوەش کە لەناو دۆخێکی ئابووریی چەتەگەریی و نیۆلیبرالی وەک دونیای ئێمەدا دروستکردنی کۆمپانیا تەواو ئاسانبووە و ھەرێمەکە پڕکراوە لە کۆمپانیای وەھمیی، بۆیە دروستکردنی حیزبیش لەناو ھەمان پرۆسەدا کارێکی ئاسانە و حیزبی وەھمیی و کۆمپانیای وەھمیی دەبنە دووانەیەکی یەکدی تەواوکەر. ھەردووکیشیان بوون بە دوو ماشێنی گەورەی دروستکردنی وەھمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کار لەسەر ئەوە دەکەن ھاونیشتیمانیان بکەن بە کارمەند و کرێکار لەناو دەزگاکانی خۆیان و خەونی بەھێزبوونی دەزگاکەیان بە خەونی دەوڵەمەندبوونەوە گرێبدەن و بەھەردووکیشیان وەھمێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بەرھەمبھێنن وەک لە کارنامەی سیاسیی و پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردنەکانیاندا بەرجەستەدەبێت. ئەم مۆدێلەی بەکۆمپانیابوونی حیزب، بەھەردوو فۆرمی فرەپشکیی و موڵکایەتی تایبەتەوە، ئەو گۆڕانە گەورەیەیە کە بەسەر مۆدێلی حیزبایەتی لەدونیای ئێمەدا ھاتووە. حیزب لە ئێستادا نە درێژکراوەی خێڵە و نە وەک خێڵیش کاردەکات، سەرۆکەکانیشیان ئەوەندەی وەک بزنسمانێکی نیۆلیبرال کاردەکەن، ھێندە وەک سەرۆکی عەشیرەتێکی تەقلیدیی کارناکەن. سەرۆکەکانی ئەم تایپە تازەیە لە حیزب بزنسمانێکی نیۆلیبرالن و لەناو تۆڕێکی گەورە لە پەیوەندیی ئابووریی و سیاسیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییدا ئامادەن. بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانی، وەک دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و سەرۆکی دوو حیزبە حوکمڕانەکەی کوردستان، ئەوەندەی دوو بنەماڵەی نیۆلیبرالن و تا بینەقاقایان لەناو پراکتیک و گوتار و شێوازی بیرکردنەوەی نیۆلیبرالییانەدا نووقمە، ھێندە پەیوەندییان بە خێڵ و کولتوور و لۆژیکی ئیشکردنی خێڵەوە نەماوە. سەرجەمی پەیوەندییەکانیان بە دونیاوە جەبری ئابووریی و لۆژیکی نیۆلیبرالیزم و خەونی سوڵتانی ئاراستەی دەکات. خاڵی سەرەکیی ئەم لۆژیکە و ئەم پەیوەندییە تازەیەش بەھەردوو دیوە ئابورییەکەیەوە، ھەم ئابوریی قاچاغ و ھەم ئابوریی ئاسایی، بازرگانیکردن و بوون بەبەشێکە لە ئابووریی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی. شێوازی بارگانیکردنەکەش بێسنوورە، لە بازرگانیکردن بە سیاسەتەوە بیگرە، بۆ بازرگانیکردن بە نەوت و کاڵای ئابووریی و مرۆیی و دەرمان و سێکس و خاک و خەڵکەکەشەوە. ھیچ یەکێک لەم خەسڵەتە نوێیانە بەشێک نین نە لە سنووری کارکردنی خێڵ و نە لە ئاکار و سایکۆلۆژیا و ئەو دونیا ڕەمزییەی کە خێڵ لە مێژووی ئێمەدا ھەڵگریان بووە. بزاوت و پێگەو جوگرافیای کارکردنی ئەم ھێزە نوێیانە بەشێک نین لەو پێگە و ڕووبەرە جوگرافیی و رەمزییەی کە خێڵ لەسەری ژیاوە. لەکاتێکدا خێڵ بڕێک کۆد و بەھای روحیی و رەمزیی و کۆمەڵایەتیی و پەیوەندیی خوێن دەیجوڵێنێت و ئامادە نییە سەودایان لەسەر بکات و دەستبەرداری ئەو ئەخلاقییاتە بێت، حیزبی نوێی کوردیی ئامادەیە نەک خێڵەکەی خۆی، بەڵکو نیشتیمانەکەشی بفرۆشێت لەپێناو ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە نوێیانەی کە لەناو سیستەمی ئابووریی نیۆلیبرالی ئیقلییمی و جیھانییدا بۆی دروستبووە. بەڕای ئێمە، ھەڵەیەکی فیکریی و زانستیی گەورەیە حیزبی ئەمڕۆ، بەشێوەیەکی ئینشایی، بە زاراوە تەقلیدییەکانی خێڵ و خێڵگەرایی بخوێنینەوە و پێمانوابێت ھەم بونیادی حیزب بونیادێکی خێڵەکییە و ھەم سەرۆکی حیزب و سەرۆکی خێڵی جاران وەک یەکن و ھەم بەھا و بزاوت و ھەڵسوکەتی حیزب وەک بەھا و جوڵە و ھەڵسوکەوتی خێڵە بەمانا تەقلیدییەکەی. ئەم جۆرە لێکدانەوە نامێژوویی و حازربەدەست و سادەگۆیانە ڕێگەی ئەوەمان لێدەگرن بزانین چی لە ئێستادا ڕوودەدات، چی بەڕێوەیە بێت و چیش گۆڕاوە. لەمڕۆدا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم ئۆرگانێکی نیۆلیبرالی بە جیھانیبوون کە پشکیان لە کۆمپانیا گەورە جیھانییەکاندا ھەیە، کەشتی فرۆشتنی نەوتیان لە دەریاکانی جیھاندا ھەیە و دەستیان لەناو کەرتی ئابوریی نوێ و فۆرمی تازەی بزنس و لقە جیاوازەکانی بازرگانییدا ھەیە، کە ھیچ شتێک بە خێڵ و خێڵگەرایی تەقلیدییەوە نایانبەستێتەوە. بەکارھێنانی چەمکی خێڵ وەک زاراوە بۆ خوێندنەوەی حیزب لەمڕۆکەی کوردستاندا وەکو درێژکراوەی میتۆدی ئۆرێنتالیزم و جەوھەرگەراییەکی نامێژوویی و سادەگۆ، دەشێت لە میدیا ھەرزانەکاندا خوێنەر و گوێگریی ھەبێت؛ ھەروەک چۆن دەگوترێت سیاسەتی ئەمریکا سیاسەتی کاوبۆیە، ئاوھاش بە ھەمان ریتۆریک و بەھەمان سادەگۆیی دەتوانرێت بگوترێت حیزبە کوردییەکان ھەموو خێڵەکیین و سیاسەتیشیان درێژکراوە و ڕەنگدانەوەی ئەو جوگرافیا کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرھەنگییەیە کە خێڵ دروستدەکات و خێڵ لەناویدا دەژیی. (١٠) لەکاتێکدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە پێشبڕکێی ئەوەدان گەورەترین ڕۆڵ و پشکیان لەناو ئەم سیستەمە ناوچەیی و نێونەتەوەییە نیۆلیبرالییەدا ھەبێت، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ھەرێمیش لە پەراوێزی ئەو سیستەمەدا دەرگیریی چەندین کێشەی سیاسیی و ناوەکیین. حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات چ لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکیی و چ لە ئاستی پەیوەندییە ناوخۆییەکانیاندا لە قەیرانێکی سیاسیی گەورەدا دەژین. ئەم حیزبانە جگە لەوەی لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا سەنگی دیپلۆماسییان زۆر لاواز و ناچیزە، لەئاستە نیشتیمانییەکەشدا بۆ ھیچ پرسێکی سیاسیی خاوەن پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و پێکەوەکارکردنی ستراتیژیی و دورخایەن نین. ئەم حیزبانە چ لەناو خۆیاندا و چ لە پەیوەندییاندا بە یەکترییەوە لە دۆخی نامتمانەییەکی گەورە و نێرجسییەتێکی کوشندەی سیاسیشدان؛ کۆی ململانێ سیاسییەکانیان بردۆتە ناو ئەو رووبەرەی کە دەسەڵات تیایدا ئامادە نییە، ئەویش ڕووبەرە ناڕازاییەکەی دونیای ئێمەیە. ھەریەکێک لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەناو وەھمی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی ھەرێمدا دەژی و لەناو زۆنگاوی ھەڵبژاردندا بەتەنھا خەریکی ڕاوی دەنگی خەڵکانی ناڕازییە، ئەگەرچی ئەم ڕاوکردن و دەنگ کۆکردنەوەیە بەناو ھەڵمەتێکی میدیایی گەورەی ملشکاندن و بەدناوکردنی یەکدیشدا تێپەڕێت. راستییەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسیی ھەیە کە لەم قۆناغەدا ھیچ یەکێک لەم حیزبانە بەتەنھا توانای ھەیمەنەی بەسەر ئەو رووبەرە ناڕازییە پەرتەوازەیەدا نییە کە کۆمەڵگای ئێمە دوای مردنی حیزبی جەماوەریی تێی کەوتووە. ئەو ڕووبەرەش خەریکە بەرەو ئەوە دەڕوات تەواو بە ناسیاسییبکرێت و ھەموو متمانەیەکی بە کردەی سیاسیی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی و وەک ڕەھەندێکی گرنگیی ژیانی ئینسانیی، لەدەستبدات. بەبۆچوونی ئێمە ھیچ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان ھەڵگری سیاسەتێکی کۆنکریت و واقیعبینانە و مێژوویی نییە کە توانای فۆرمولەکردنی ئەلتەرناتیڤێکی قابیلی پیادەکردن و بەردەوامیی ھەبێت. ھیچ یەکێکیش لەو حیزبانە بەتەنھا دەرقەتی ئەو تەحەدا سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ناوەکیی و ئیقلیمییە گەورانە نایەت کە کۆمەڵگای ئێمە و ھەرێمی کوردستان دوای ریفراندۆم دەرگیریی بووە. ئەم دۆخەش وایکردووە ھەموویان بەنەفەسێکی پۆپۆلیستییانە کاربکەن، چونکە ھەر یەکەیان بەچەشنێک وێنای خۆی دەکات، وەک ئەوەی ئەو بەتەنھا دەتوانێت نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەو گشتە ناڕازییە بکات و کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی داھاتووی کۆمەڵگای ئێمەشی لە گیرفاندا بێت. ................................ ئاوێنە
■ رەحمان غەریب بۆ قۆناغی یەكەمی دانوستان، باڤڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی دكتۆر بەرهەم سەرۆكی هاوپەیمانی و هەڵبژاردنی وەك كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەناو حزبەكەیان سەركەوتوو بوون. قۆناغی بڕواهێنان لە دەرەوەی حزبەكەیان قۆناغێكی قورسترە. قورسترە نەك تەنها لەبەر ئەوەی دەبێت تیمە "دوو قۆڵی"یەكەیان هەوڵبدەن ركابەرەكەیان (پارتی)، دەستبەرداری پۆستەكە بێت، ئینجا پێكهاتەی شیعەو سونەكان رازی بكەن، بەڵكو پۆستی سەرۆك كۆمار بە قورسی چۆتە ناو كێبڕكێیی هەڵبژاردنەكانو هاوسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان. كیبَڕكێیەك كە لە سەرەتای دەستپێكردنیدا وەفدی مفاوزكاری یەكێتی بە هێنانەوەو كاندیدكردنی كاك بەرهەم خاڵێكیان تۆمار كرد، كاتێكی زۆری بەسەر نەچوو ئەمڕۆ بە دواخستنی وادەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لەناو پەرلەمانی عێراق، پارتی خاڵی یەكسانی تۆمار كرد. چوونی پارتی بۆ ناو كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بە روكەش وادەربكەوێت كە بەئامانجگرتنی كاك بەرهەمە، بەڵام لە ناوەرۆكدا ئەم ساتەوەختە بە دەرفەتێك دەزانێت بۆ تێكدانی پلانی كاكەكانی تر(باڤڵ - لاهور)و شكستپێهێنانی هەوڵەكانیان. پێم وایە پاساوی رانەگەیەنراوی پارتی بۆ تێكدانی كەشی مفاوەزاتی تیمەكەی یەكێتی، دانانی لەمپەرە لە سەرهەڵدانی هەژموونی رەوتێك كە بە بڕوای ئەو لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر "لاسار"یان كردوە. بە بێ ئەوەی ئەوەمان لەیادبچێت، كە تێكدانی پلانی "لاسار"ەكان، باجەكەی بۆ پارتی شەونخونیان دەبێت بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كە دیارترین ئەركی پۆستی سەرۆك كۆمارە. بوونی تیمەكەی پارتی لە بەغدا نەك بۆ هێزە عێراقییەكان بەڵكو بۆ ئەمریكاش گرنگە، ئەمریكایەك كە دەیویست كەڵكەڵەی دابەشبوونی عێراق لە خەیاڵی سەركردەكانی ئەو حزبە سڕ بكات، ئێستا بە هێزەوە خۆی بۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی سیادی نمایش بكات، هەر زۆر گرنگە. خۆئەگەر لە كۆتایشدا مل بەو داخوازییەی پارتیش نەدرێت ئەوا دیمەنی ماچ و دەستلەملانی سەركردەكانیان لەگەڵ دوژمنی دوێنێو دۆستی ئەمڕۆیان سەرنج راكێشو نمایشێكە بە بێ بلیت، با هەڵگرانی بیری یەكپارچەیی عێراق تێربن لە بینینی و چاویانی پێ لە (كل) نێن. ئێستا دیمەنەكە ئێجگار روونە كوردستان لە یەكڕیزی و یەك تیمییەوە بۆ چەند تیمێكی پەرتەوازەو خاوەن بەرژەوەندی جیاواز، بە ئەجێندای جیاوازەوە لە بەغدا گفتوگۆ دەكەن. ئەم ساتەوەختە مێژوییە بۆ هێزەكانی بەرامبەریش لە بەغدا هەلێكی ئێجگار زێڕینە تا لیستی داخوازییە زۆر و زەوەندەكانی پارتی و یەكێتی، لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەتاڵ بكەنەوە. لەناو ئەم كێبڕكێیەدا، كام تیمەیان جامی سەرۆك كۆمارمان بۆ بێننەوە، بە پێوەری نیشتمانی دۆڕاونو دڵی رەشو رووتی وڵاتەكە خۆش ناكات.
■ دڵشاد ئهنوهر زۆر لهبارهى گهڕانهوهى بهرههم ساڵهح بۆ نێو یهكێتى نوسراو وترا، بهڵام سهرنج و كۆمێنتهكان لهمبارهیهوه، كهمیان دهچوونه چوارچێوهى خوێندنهوهیهكى قوڵى واقیعیهوه، بهڵكو زۆربهیان هێرش و خوێندنهوهى سهتحى بوون بۆ مهسهلهكه. پێش ئهوهى بچمه نێو بابهتهكهوه، ههندێك پرسیار دێنه پێشهوه، بۆچى دكتۆر بهرههم یهكێتى جێهێشت ؟ هاوپهیمانێتیهكهى بۆ شكستى هێنا؟ ئهى بۆچى گهڕایهوه نێو یهكێتى؟ داهاتوى چۆن دهبێت له نێو یهكێتى دا؟ . چوونه دهرهوهى دكتۆر بهرههم له یهكێتى ؟ . تا ئهوكاتهى تاڵهبانى لهژیان دا بوو، تاڵهبانى پشتیوانى و دكتۆر بهرههمیش خوێندكارێكى گوێڕایهڵى بوو، بڕینى چهندین وێستگهى بهرپرسیارێتى حیزبى حكومى لهلایهن دكتۆر بهرههمهوه، پهیوهندى به پشتگیرى كردنى تاڵهبانیهوه ههبوو. ئهگینا گهر پشتگیرى تاڵهبانى نهبایه، بهشێكى زۆر له قیادهكانى یهكێتى، چوونه پێشهوهى بهرههم ساڵهح و ئهو گرنگى پێدانهیان لهلایهن تاڵهبانیهوه پێ ههزم نهدهكرا، ههر زوو دهبوونه لهمپهر لهبهردهمیدا. كۆچى دوایى تاڵهبانى، ههر زوو كاریگهرى لهسهر بهرههم ساڵهح وهدیار خست و بێ پشت و پهناى كرد، تهنانهت لهنێو بنهماڵهى تاڵهبانیشهوه دهنگ دژى بهرههم ساڵهح ههڵبڕا، تا دواجار لهخولى پێشوى پهرلهمانى عێراق دا، فواد مهعسوم ى لهبهرانبهر قوت كرایهوه و رێگهى گهیشتن بهپۆستى سهرۆك كۆمارى لێگیرا. لهبهرانبهریشدا، بهرههم ساڵهح نهیتوانى ئارام بگرێت و دان بهخۆیدا بگرێت، چونكه سیاسهت و ململانێ پشوو درێژى دهوێ، دژایهتیهكان نیگهرانیهكانى بهرههم ساڵهحى گهیانده لوتكه، بۆیه كاتێك له راگهیاندنى باڵى ناوهندى بڕیار نائومێد بوو، یهكێتى جێهێشت و بریارى دروستكردنى هێزێكى نوێ دهدات. واته بریارهكهى بهرههم ساڵهح بۆ دروستكردنى هاوپهیمانى، كاردانهوه بوو بهرانبهر پشتگوێ خستنى و دژایهتى كردنى لهنێو یهكێتى دا. . بهرههم ساڵهح پهلهى كرد! . بهرههم ساڵهح، كاتێك له یهكێتى رۆیشته دهرهوه، ئومێدى گهورهى ههبوو، پێیوابوو لهرێگهى سندوقهكانى دهنگدان و پشتیوانى بهشێك له قیاده بهجێماوهكانى ناو یهكێتیهوه، دهتوانێت تۆڵهى پهراوێز خستنى بكاتهوه. تهنانهت لهههندێك كۆبونهوهدا، وتبووى"كاك نهوشیروان تهنها جهماوهرى لهگهڵ بوو، بهڵام من خاوهن هێزیشم، سهركردهى سهربازیشم لهگهڵدایه، بۆیه من زیاترم پێدهكرێ." رهنگه بۆچوونهكهى سهرهوهى بهرههم ساڵهح بۆ ئهو كاته واقیعى بێت، چونكه كاتێك ئهو یهكێتى جێهێشت، یهكێتى لهڕووى جهماوهرى و گرفتى نێوخۆیشهوه له دۆخێكى ئێجگار خراپدا بوو. پهیوهندى نێوان ماڵى تاڵهبانى و كۆسرهت رهسوڵ لهوپهڕى خراپیدابوو، تهنانهت گهیشتبووه ئهوهى لهههڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق دا، ههندێك له قیادهكانى یهكێتى ئیشیان بۆ كوتلهكهى دكتۆر بهرههم دهكرد. رهنگه دكتۆر بهرههم و بهشێك له قیادهكانى یهكێتى پلانى ئهوهیان ههبووبێت، لهههڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق دا دهنگێكى زۆر بهێنن و یهكێتى تهواو بچوك بكهنهوه، دواتر یهكێتى بهبچووكى جێبهێڵن و ئهوانهشى لهنێو یهكێتى مابوون، بێنه لاى دكتۆر. بهڵام دهرئهنجامى ههڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق دۆخهكهى تهواو پێچهوانه كردهوه، یهكێتى كردهوه بههێزێكى كاریگهر، دكتۆر بهرههم و ئهو قیادانهشى لهنێو یهكێتى مابوونهوه بێ ئومێد كرد، بۆیه ههموو هاوكێشه و پلانهكان ههڵگهڕانهوه. ئهوهى ڕوویدا، راسته بهشێكى پهیوهندى به تهزویرات و هاوكێشه ئیقلیمیهكهوه بوو، بهڵام ههنگاوهكانى بهرههم ساڵهحیش ههر له سهرهتاوه پهله پهلیان پێوه دیاربوو، بۆیه ئیشى بهپهلهش زۆرجار ئهنجامهكهى خراپ دهبێت. ههڵبژاردنى تهوقیتى گونجاو بۆ ههر جوڵهیهكى سیاسى و كۆمهڵایهتى، زامنى سهركهوتن یان شكستهێنانى جوڵانهوهكه دهكات، بۆ نمونه گهر نهوشیروان مستهفا له 2000 بزووتنهوهى گۆڕانى ئیعلان بكردایه شكستى دههێنا، بهڵام له 2009 ئیعلانى كرد، سهركهوتوو بوو، واته تهوقیت زۆر گرنگه. خۆ ئیعلان كردنى هاوپهیمانى و دیموكراسى، وهكو كیانێكى سیاسى تهوقیتهكهى گونجاو نهبوو، بۆیه ئهم هاوپهیمانێتیه ههر لهسهرهتاوه بهمردویى لهدایكبوو، بهتایبهت ئهوكات خهڵك لهدۆخێكى پڕ له نائومێدى و ئابورى خراپدا بوو، بێزاربوو. جیا لهوهش، هاوپهیمانى كاتێك خۆى راگهیاند، راسته خهڵك له گۆڕان تا ڕادهیهك نائومێد بوو ، بهڵام نهوهى نوێ هاتبووه ساحهكه و فهراغى كشانهوهى گۆڕانى پڕ كردبوویهوه، بۆیه ئهو دهرفهته بۆ هاوپهیمانى نهرهخسا تا فهراغهكه بقۆزێتهوه و ئهسپى خۆى تاو بدات. ئینجا خیتابى سیاسى و ئیعلامى و كۆمهڵایهتى هاوپهیمانى، خیتابێكى لاواز و شهرمنانه بوو، بهجورئهتهوه دانهبهزیبوونه گۆڕهپانهكه، نهیانتوانى موخاتهبهى جهماوهر بكهن و سهرنجیان بۆ لاى جوڵانهوهكهیان رابكێشن، ئهمه جگه لهوهى ئهو رابردووهى خودى دكتۆر بهرههم لهنێو دهسهڵاتدا ههیبوو، زیانى پێگهیاندبوون. یانى بهكورتى، هاوپهیمانى پهلهى كرد. ئامادهكارى تهواوى نهكرد. تهوقیتى گونجاوى ههڵنهبژارد. دۆخهكهى بهباشى ههڵنهسهنگاند. نهیتوانى بۆشاییهك بدۆزێتهوه و ئهسپى خۆى تێدا تاو بدات. نهیتوانى لهنێو ململانێ توندهكهى سهر گۆڕهپانى سیاسى ههرێم، خیتابێكى جیاوازى ههبێت و شتێكى تازه پێشكهش بكات، بۆیه ئهم هاوپهیمانێتیه لهپایزى تهمهنیدا، وهفاتى كرد. . پێكهاتهى هاوپهیمانى . یهكێكى تر لهو فاكتهرانهى بووه هۆى شكست هێنانى هاوپهیمانى، پێكهاتهكهى بوو، واته چى ئهوانهى لهدهوروبهرى دكتۆر بهرههم كۆبوو بوونهوه، یاخود ئهوانهى لهنێو یهكێتى دا مابوونهوه و پشتگیریان دهكرد. ئهوانهى لهنێو یهكێتى دا بوون و پشتیوانى بهرههم ساڵهح بوون، ئهوانه بوون كه زۆرترین رهخنه و سهرنجیان لهسهربوو، خهڵك كاتێك ئهمهى دهبینى، ئومێدى بهم هاوپهیمانێتیه لاواز بوو. یهكێتیش هات ئهمهى بهجوانى تهوزیف كرد، ئهوهى به جهماوهر گهیاند، ئهوانهى یهكێتیان رووتاندۆتهوه و بهم حاڵهیان گهیاندووه، له موئامهرهدان بۆ یهكێتى و دهیانهوێ لهناوخۆوه بیڕوخێنن. توانى لهم رێگهیهوه ههم عهتفى جهماوهرهكهى بۆ خۆى كێشكرد و بۆ ئیشكردن گهرمى كردنهوه، ههم زیانیشى به هاوپهیمانێتیهكهى بهرههم ساڵهح گهیاند بهوهى پشتیوانهكانى ئهم خهڵكه خراپانهن. جیا لهوهش، ئهوانهى له دهورى بهرههم ساڵهح كۆبوو بوونهوه، ئهوانه بوون كه پێشتر له ژیانى حیزبایهتیان دا شكستیان خواردبوو، یاخود وهزیر و كادیره باڵا خانهنیشینكراوه موستهفیدهكان بوون، واته ههرچى موستهفید و شكستخواردووى نێو حیزبهكان ههبوو، بهحیزبه عهلمانى و ئیسلامیهكانیشهوه، لهدهورى بهرههم ساڵهح كۆبوونهوه. بێگومان، حیزبى سهركهوتوو، به خهڵكانى شكستخواردو و خانهنیشینى موستهفید بهرێوه ناچێت، ههر بۆیه لهسهرهتاشهوه چاوهروانى داهاتویهكى باش بۆ هاوپهیمانى نهدهكرا. . بهرههم ساڵهح دیسانهوه پهلهیكرد . گهر هاوپهیمانى دهنگى بهێنایه، ئهگهرى زۆر بوو، ئهو سهركردانهى لهنێو یهكێتى دا مابوونهوه و پشتگیرى دكتۆر بهرههم بوون، بێنه نێو هاوپهیمانێتیهكهیهوه، بهڵام كه هاوپهیمانى شكستى هێنا، خهریكبوو ئهو سهركردانهش پشت لهبهرههم ساڵهح بكهن، بۆیه ئهمه ناوبراوى تهواو بێ ئومێد كرد. نكۆڵى لهوه ناكرێت، بهرههم ساڵهح كهسایهتیهكى سیاسى ناسراوه، پهیوهندیهكى قوڵى چى لهسهر ئاستى عێراق و ناوچهكهش ههیه، بۆیه گهر خۆشى تهنها بووایه، وهكو كهسایهتیهكى سیاسى ههر كاریگهرى دهبوو. بهرههم ساڵهح، كاتێك له پێگهى هاوپهیمانێتیهكهى نائومێد دهبێت، له نێو یهكێتیشهوه خوڵك دهكرێت و بهڵێنى پۆستى سهرۆك كۆمارى پێدهدرێت، هێنده پهله دهكات لهگهڕانهوه بۆ نێو یهكێتى، دیسان توشى ههمان ههڵهى كاتى دهرچوون لهیهكێتى دهبێتهوه. بهگهڕانهوهى بۆ نێو یهكێتى، جگه لهوهى میسداقیهت و كهسایهتى سیاسى بهتهواوهتى لهكهدار بوو، لهههمانكاتیشدا نهیتوانى پێش بڕیاردان بۆ گهڕانهوه، پۆستى سهرۆك كۆماریش زهمان بكات كه لهپێناویدا، باجى به كهسایهتى خۆیهوه دا. لهنێو یهكێتى دا، نهیارى پێدانى ئهو پۆسته به بهرههم ساڵهح زۆره، مهلا بهختیار له نێو نهیارهكاندایه كه لهرابردوودا چى ویستبێت تێكى داوه، ههر له ڕاونانى نهوشیروان مستهفا و هاوهڵهكانى، تا دهگاته تێكدانى رێكهوتنامهكهى نێوان گۆڕان و یهكێتى و دواتریش ئیجباركردنى یهكێتى بهئهنجامدانى ریفراندۆم. لهدهرهوهى یهكێتیش، پارتى به ئاشكرا دژه، كههیچگات له خواستهكانى پاشهكشهى نهكردووه و چى ویستووه لهرابردوودا، بهسهر یهكێتى دا فهرزى كردووه. ههرچهنده ئهستهم نیه پۆستى سهرۆك كۆمار بدرێته دكتۆر بهرههم، بهڵام گهیشتنیشى بهم پۆسته زۆر قورسه، بهو پێیهى نهیارى زۆره. خۆ ئهگهر دكتۆر بهرههم سهربارى ئهو ههموو تهنازولاتانه، دهستى نهگاته ئهو پۆسته، ئهوا ئهمجاره بهتهواوهتى دادهروخێت و نائومێد تر دهبێت. به تایبهت گهر پۆستى سهرۆك كۆمارى پێنهدرێ، كێشه ناوخۆییهكانى یهكێتى بهكاتى لهحیم كراوه، ههموو كاتێك ئهم كێشانه قابیلى سهرههڵدانهوهن، دكتۆر بهرههمیش لهنێو بنهماڵهو سهركردایهتیشدا نهیارى ههیه، بۆیه دیسانهوه چارهنوسى لهنێو یهكێتیشدا ڕوو له نادیارى دهكاتهوه. بۆیه بۆ بهرههم ساڵهح گرنگ بوو، مادام ههر بڕیارى گهڕانهوهى دابوو، پهلهى نهكردایه، تا ئهوكاتهى بهرچاوى ڕوون دهبوو، ئایا پۆستى سهرۆك كۆمارى پێدهدرێ یاخود نا، پۆستهكهى زهمان كردایه، ئینجا بریارهكهى بدایه، چونكه ئێستا كهوتۆته نێو ئاوێك نه دهتوانێ لێى بكشێتهوه، مهله كردنیش تێیدا ئاسان نابێت بۆى.
■ بەهرۆز جەعفەر هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان، وا خۆی نیشانداوە کە «بەهێزە» و «دەوڵەتیانە» کارئەکات و «ئەوان نەبن کەس بۆی نییە کورد بێت و کارێک بۆ کورد بکات». ئەم باهۆزە ئیقلیمیەی لەدوای بەهاری عەرەبیەوە هەڵیکردووە، لەرزی بە ناوچەکە هێناوە، دۆخەکە ڕێک لە تاشە بەردێکی گەورە ئەچێت لە بەرزاییەکدا کە بەردێکی بچووک لەژێریدا سەت ساڵە ڕای گرتووە، ئەوە لەدوای کۆتایی شەڕی داعشەوە، ڕۆژانە ئیش لەسەر لەقاندنی بەردە بچوکەکە ئەکرێت، تا تاشە بەردە گەورەکە خلۆر بێتەوە. کە خلۆریش بویەوە ئەسەح کۆمەڵێ شت تەخت ئەکاو، هەندێ شت لەت ئەکاو، هەندێکی تریش لە دامێندا قووت ئەکاتەوە. ئێمە ڕق و ناحەزایەتیەکمان لەگەڵ پارتی نییە، باوک و باپیرمان لە باوک و باپیری عەڕرابەکانی تاڵانکردنی نەوتی کوردستان و، درۆزن و ڕاوێژکارە فشەکەرەکانی بەردەرگاکانی ئەوان تێکۆشەرتر بووە، خۆشمان لە خۆیان باشتر ئەقڵێک مان بەم دونیایەدا ئەشکێ...پارتی هەڵەی ستراتیجی کردووەو، باجەکەشی ئەدات. جا خوا بکات لایەک لە کوردستان گڕ نەگرێت بەهۆی هەڵەی سیاسی و درۆزنەکانی کوردایەتیەوە. زۆر نابات، ئەبینن گۆڕانکاری لەناوچەکەو، لە عێراق ڕوئەدات، بە ئەگەری ئەسەح حیزبی دەعوە وەک گەورەترین حیزب نامێنێ یان ئەبێتە سێ لەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان یش کۆتایی سیاسی لەناوچەکەدا ئەبینێت. هۆکاری سەرەکی ئەمەش پێش هەرشت خۆشباوەڕی ناوەندی بڕیاری پارتییە بە دەوروبەرەکانیان و بە سیاسەتە نادروستەکەیان، لەوەندە ساڵە هیچیان نەکردوە غەیری سوکایەتی و درۆ لەگەڵ خەڵکی خۆیان و تەواوی کوردستانیان. پارتی نەک کاندیدێک هەمویان بچنە بەغدا نەک دەنگ بۆ سەرۆک کۆمار بەدەست ناهێنن، بەڵکو هیچ ڕۆڵێکیان نابێت لە حکومەتی ئایندەی عێراق دا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەدوای ڕیفراندۆم ەوە چ کورد بە گشتی چ پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی پەیامنێرێکی بی بی سی یان ڕووسیا تودەی- RT- کاریگەرییان نییە. لە ئاستی ناوخۆی کوردستان یشدا ڕای گشتی ئەو حیزبە ڕاڕایەو، تێ ئەگەن لەپاڵ کوردایەتی و ماڵی بارزانیەوە دەیان ملیاردێر و سەدان ملیۆنێر دزو درۆزن بەربونەتە گیانی کوردە ڕەسەنەکان و تێکۆشەرەکانی، ئەم هەموو هەڵپەیەش ترسە لە یەکڕیزی و یەکگرتووی ناوچەی سولەیمانی، وە ترسە لە هەیبەت و دیبلۆماسیەتی بەرهەم ساڵەح. ئێستا ئیتر ئەم هەموو هەڵپەیە ترسە لە ئاوتکردنیان، خۆزگە چەند جارێکیش پارتی بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و قووتی خەڵک وا شپرزە بوایە و خێرا خۆی گەیاندبایەتە بەغدا!؟. لاوازبوونی کوردستان لاوازبوونی هەریەکێکمانە، ئێمە زۆر زووتر دڵسۆزانە، شەرەفمەندانە، زانستیانه، دڵپاکانە، ئەمانەمان زۆر پێوتن، بەڵام وایان ئەزانی عالەم ئەبێت خۆ بچەمێنێ بۆ ئەوان،،،ئا،،، ئەوجا ئەم برادەرانە هەموو شت بە موئامەرە تێ ئەگەن. بۆیە ئێستا وەڵامی خۆیان وەرئەگرنەوە. چ بێ حورمەتیەکە ئیلاهی،،، ئێستا جێگری سەرۆکی پارتی داوای هاوکاری لە حەشدی شەعبی ئەکاو، لە مەهدی موهەندیس و مالیکی و عامری زیاتر داوای عێراقی یەکگرتوو ئەکەن، بەڵێ دروست ساڵێ دوای ڕیفراندۆم ەو، وەفدی پارتی لەبەغدان بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز!!. بلا ئەنگۆ یادی ڕیفراندۆم لەبەغدا ئەکەنەوە!؟. ئەوە کوردێکی ڕەسەن نییە بپرسێ ئایا ئەمە سەنەدی ڕیفراندۆم ە !؟؟ کوا ئەنجام و بەرهەمی خوێنی شەهیدان!؟؟.
■ كەمال چۆمانی هەبونی دو کاندیدی جیاواز لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق سەرەتایەکی باشە و پێویستە داکۆکی لێ بکەین. گەورەترین درۆی یەکێتیی و پارتیی لە ساڵانی رابردودا، لە پاڵ هەمو درۆکانی تریان، درۆی یەکگرتویی گوتاری کوردیی بوە لە بەغداد. ئەگەر کۆتایی بەو گوتاری گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنە ناسیۆنالیستییە بهێنرێت، ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغداد زیاتر دەبێت، ئۆپۆزسیۆنی ترسنۆکیی بێ روئیای کوردیی ئەگەری هەیە جورئەتی ئەوە بکات لەگەڵ هێزە شیعیی و سونییەکان هاوپەیمانێتیی دروستبکەن. ئەوەی دەبێتە سەرۆکیش دەتوانێت لە دەرەوەی رێککەوتنەکانی یەکێتیی و پارتیی کاربکات و زۆر نەگەڕێتەوە هەولێر و سلێمانیی بۆ دروستکردنی قەرار. بەرپرسانی کورد لە بەغداد هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانی هەمو عێڕاقییەکان لەبەرچاوبگرن نەک هەر بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی خۆیان چونکە لە هاوپەیمانێتییەکی عێڕاقیی دەبن نەک کوردیی، ئەمەش وا دەکات کێشەکان بە ئاراستەی چارەسەریی بڕۆن و پەیوەندییەکانی گەلانی عێڕاق بەرەو پێشەوە بچن. ئەوکات لە بەغدادیش چیتر هێزە ناسیۆنالیست و طائیفییەکان وەک جاران ناتوانن کارتی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەکاربێنن بۆ گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنی خەڵکی خۆیان. هیوادارم ئەو هەوڵەی پارتیی فشار نەکاتە سەر یەکێتیی و تەنازولی زیاتریان پێبکات، بەڵکو دەبێت هەوڵی ململانێیەکی شەریفانە بدەن. بە بڕوای من، رێککەوتنی یەکێتیی لەگەڵ هێزێکی شیعیی یا سونیی سەد قات باشترە لە رێککەوتن لەگەڵ پارتیی لەسەر حیسابی گەل، هەمان شتیش بۆ پارتیی راستە. حکومەتی زۆرینە لە بەغداد و هەرێمی کوردستان، واتا هەبونی ئۆپۆزسیۆن و کاری جدیی لە پارلەمان و حوکمڕانیی چاکتر. ئەوکات کورد نەک هەر دەتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیرانیش. هەمان شت بۆ مەسیحییەک و یەزیدییەک و تورکمانێکیش راستە. بۆیە، پێویستە ئێمە پشتیوانیی ئەوە بکەین یەکێتیی و پارتیی کاندیدی جیاوازیان هەبێت تا گەلمان رزگار بێت لە گوتاری گەمژاندن و گەوجاندنی ناسیۆنالیزم و درۆی گوتاری یەکگرتوی کوردیی.
■ زمناکۆ ئیسماعیل بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوو گوتاری جیاوازدا دەبینرێت، دوو گوتار کە هەریەکەیان، هەڵقوڵاوی ناخی جەماوەری خۆڕسک و هەڵسوڕاوو لایەنگران و کەسانی دیاری نێو ئەو بزوتنەوەیەن، یەکەم گوتارییان، بایکۆتکردنی دەنگدان و بەشدارینەکردنە لە پڕۆسەی دەنگدان، دوهەم گوتاریش، دژە بایکۆت و گوتاری بەشداریکردنی گۆڕانە لە هەڵبژاردنەکانی هەڵگرتوە. ئەم دابەشبونەی جەماوەرو هەڵسوڕاوو لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرەتایەکی نادیار بە داهاتوی ئەو بزوتنەوەیە دەبەخشێت، سەرەتایەک کە رەنگە ئەو بزوتنەوەیە بەجۆریک لەقاڵب بدات، کە چیتر نەتوانێت جارێکی دیکە گەشە بە لاشەی بدات، لەو ڕوانگەشەوە ئەو بزوتنەوەیەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی، پێویستیان بەگوێگرتنە، پێویستیان بەوەیە کە قسەی کەسانی دڵسۆز و هەڵسوڕاوانی نێو ئەو بزوتنەوەیە بگرنە گوێ، دەبێت کار بە بۆچون و بەرنامەی خەڵکانی دڵسۆز بکەن، چونکە ئەمە دوا دەرفەت و دوا هەنگاوە کە جەماوەری ئەو بزوتنەوەیە پێیان دەبەخشێ، ئەو جەماوەرەی کە بەدەنگدان و متمانە بەخشینیان توانییان، لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ و ٢١-٩-٢٠١٣ دا، ئەو بزوتنەوەیە بکەن بە دوهەم هێزی هەرێمی کوردستان، لەهەمانکاتیشدا هەر ئەو جەماوەرە توانییان، لە هەردوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣-٧-٢٠١٠ و ٣٠-٤-٢٠١٤دا، ئەو بزوتنەوەیە بکەن بەهێزێکی دیاری نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، پشتکردن لەو جەماوەرە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، خۆکوژییە، گوێگرتن و بەدەمەوە هاتنی بانگەوازو بۆچون و رەخنەو تێڕوانینی ئەو جەماوەرە، بوژاندنەوەی دەمارو خوێنبەرەکانی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە نیشان ئەدات، بۆ ئەوەش دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم چەند هەنگاوە بنێت. یەکەم: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەم دوو کەرتبونەوە دەیەوێت بچێتە نێو هەڵبژاردن، کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەیە لەهەڵبژاردنەکان و راگرتنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٨، لەوڕوانگەشەوە دەبێت ئەو بزوتنەوەیە، ئۆپۆزسیۆنبونی دەرەوەی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. رەنگە لێرەدا بگوترێت، ئەمە خۆکوژی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لەبیرتان نەچێت، هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان گاڵتەجاڕییە، بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٣دا توانی ٢٤ کورسی بەدەست بهێنێت، دروشمی بەرەو دەسەڵات بەشێک بوو لەسەرکەوتنەکانی ئەو بزوتنەوەیە، لەبەر ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان بەچەند وەزیرو بریکارو بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی پەڕلەمانەوە نەیتوانی خەونی گۆڕین و بەدیهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی و چاکسازی ریشەی هەرێم بەدەست بهێنێت، ئێستا بەم دوو کەرت بون و بایکۆتکردنەی زۆرینەی هەڵسوڕاوو ئەندام و لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە، هیچ ئامانجێکی بچوکی ئەو کاتەشی پێناپێکرێت، نەک ئامانجە گەورەکەی رەوانشاد کاک (نەوشیروان مستەفا)، کە ئەو ئامانجەش بریتییە لە بەهێزکردنی سیستەمی پەڕڵەمانی و کارکردن بۆ بە دامەزراوەیکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم و بەهێزکردنی دەسەڵاتی قەزائی و دادگایکردنی گەندەڵکاران و سیاسییە پۆخڵەواتەکانی هەرێم و سەپاندنی دادی کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت کار بۆ ئەوە بکات لەبەغدادەوە هەرێم ببوژێنێتەوە، دەبێت هەر لەبەغدادەوە بەڕەی ژێر پێی دەسەڵاتە قۆرخکارییەکەی هەرێم دەربهێنێت، بۆ ئەوەش دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لەبەغداد لەگەڵ هەریەکە لە ( کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ)، پێکەوە یەک بەرەی سیاسی و کوتلەی کوردی رابگەیەنن، بەمەبەستی چاکسازیکردن لە دەسەڵاتی فرەیی هەرێم. بۆ نمونە: ئەگەر هەوڵبدرێت لەرێگای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێداچونەوە بە یاسای فیدڕاڵی بکرێت، دەتوانرێت لەوێوە پێڕاکێشانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ببڕدرێت و چاکسازی لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم بکرێت، ئەگەر لەبەغدادەوە، دەسەڵاتی قەزائی هەرێم بەیاسای تایبەتمەند بەو دەسەڵاتە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ، ببەسترێتەوە بەدەسەڵاتی قەزائی مەرکەز، لەوڕوانگەشەوە دەتوانرێت، مەحکەمەی ئیتیحادی و دەسەڵاتی قەزائی مەرکەز، بەهێز بکرێت و یاسای مەرکەزی بەسەر هەرێم و حیزبەکانی هەرێم بسەپێندرێت، لەهەمانکاتدا دەتوانرێت لەڕێگای دادوەرەکانی بەغدادەوە، هەر بەرپرسێکی گەندەڵ و حیزبی خوارو خێچ، ببرێتە نێو دادگاو نێو قەفەزی دادگاو بەیاسا سزای بەسەردا بسەپێندرێت. تا دەسەڵاتی قەزائی لەدەستی حیزبدا بێت، ناتوانرێت گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەو سەروەت و سامانی ئەم میللەتە بوەستێندرێت. دوهەم: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕڵەمان هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی ئەو بزوتنەوەیە بە بەهێزی بمێنێتەوە، دەبێت بەزوترین کات ئەم چەند هەنگاوەی خوارەوە بنێت، کە ئەویش چاکسازی ریشەییە لەکێشە ناوخۆییەکانی ئەو بزوتنەوەیەو کارکردنە بەمانیفێستی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە بۆ ئەو بزوتنەوەیەی داڕشتوە، بۆ ئەوەش دەبێت. یەکەم: هەموو سەروەت و سامانی کاک نەوشیروان مستەفا کە بۆ کاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیەو کۆمپانیایی ووشەی وەرگرتوە، یاخود لەسایەی ئەو بزوتنەوەیەو کۆمپانیای ووشە بەدەستی هێناوە، رێگا نەدرێت بکرێت بەمیراتی و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو بەشی دارایی ئەو بزوتنەوەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت، سەرجەم پشکەکانی بزوتنەوەکە کە لەسەر هەردوو کوڕی کاک نەوشیروان (نما و چیا) تاپۆ کراوە، بەشێوەی رێککەوتنی بزوتنەوەکە لەگەڵ میراتگرەکانی، بخرێتەوە سەر هەژماری ئەو بزوتنەوەیە، بۆ ئەوەی دەنگدانی جەماوەری بزوتنەوەکەش بەدەست بهێندرێتەوە، دەبێت کوڕانی کاک نەوشیروان بەفەرمی و لەسەر تی ڤی یان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم چەناڵەکانی راگەیاندن، گەڕاندنەوەی پشکەکان بەفەرمی رابگەیەنن. دووەم: ئاشتکردنەوەی لایەنگرو هەڵسوڕاوو جەماوەرو دەنگدەری ئەو بزوتنەوەیەو کەسایەتی دیارو رۆژنامەنوس و میدیاکار و پێشمەرگەی دێرین، ئاشتکردنەوەی دەنگدەران و لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە، ئەوەش کاتێک دێتە ئاراوە، کە ئەو بزوتنەوەیە ئیش بەمانیفێستی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بکات، بۆ ئەوەش دەبێت پشت بکاتە دەستەڵات و روو بکاتە میللەت، دەبێت ئەو بزوتنەوەیە دەستبخاتە ناو دەستی هەموو ئەو هێزانەی کە کار دەکەن بۆ هێنانە دی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی خۆشگوزەرانی بەبێ جیاوازی. سێیەم: دەبێت ئەو بزوتنەوەیە ئاراستەی کاری سیاسی خۆی لەگۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا دیاری بکات، ناکرێت رۆژێک دژ بە حیزبە دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت و رۆژێکیش هاوپەیمان و دۆست، ناکرێت کە دژبوو، هەرچی گوتاری خراپ و هەرچی گوتەی ناشیرین هەیە بەعەلاگەی حیزبە دەسەڵاتەکاندا هەڵیبواسێت، بەڵام کە ئاراستەی کاری سیاسی خۆی گۆڕی و بوو بە دۆستیان، وەک فریشتە سەیری ئەو دوو حیزبە بکات، دەبێت ئەو بزوتنەوەیە بڕیار بدات، وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە تا خەڵک لەگەڵی دەبێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی نزیک لەوان، یاخود دەبێت بە هاوپەیمانیان و لەگەڵ ئەواندا دەمێنێتەوەو دەچێتە ناو دەسەڵات. کاک نەوشیروانی رەوانشاد هەردوو رێگاکەی تاقیکردەوە، بەڵام فریای رێگای سێهەم نەکەوت، رێگای یەکەم، لە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩ رێگای ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕڵەمانی بوو، تا ئاستێکی زۆر باش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەهەمانکاتدا توانی ببێت بەهاوپەیمانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی، چ لەئاستی سیاسی و قیادی، چ لەئاستی جەماوەری و گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی، ئەو سێ حیزبە یەکگوتاری سیاسییان هەڵبژارد، ئەویش دژبون بوو بەگەندەڵی و پاکسازی و رێکسازی و چاکسازییان کرد بە هەوێنی چونیان بۆ دەسەڵات، بەڵام پاش ئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، بەهەرسێ حیزب نەیانتوانی ٥٠+١ بهێنن، دروشمی چون بۆ دەسەڵات و هاوپەیمانی یەکێتی و پارتییان هەڵبژاردو بون بە دەسەڵات، تا ئاستێک لەدەسەڵاتدا، بەتایبەتی لەپەڕڵەماندا، کاری باش و جدی کرا، بەڵام ئەوەش هەتا سەرنەبوو، بەڵکو بەهۆی کەم جیقڵدانی پارتی و قەبوڵنەکردنی هەندێک گوتاری دژ بەراوبەری لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو حیزبە ململانێیەکی توندی بزوتنەوەکەی کرد، بۆ ئەوەش بەداخوازی حیزبی و دور لە یاسایی پەڕڵەمانی، بزوتنەوەکەیان لە حکومەت دەرپەڕاند، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لەئێستاوەو لەبەردەم جەماوەرەکەی بڕیار بدات، دەبێت بە ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕلەمان؟! یاخود دەچێتەوە نێو دەسەڵات و شانبەشانی ئەوان درێژە بەحوکمی نا عەدالەتی ئەدات؟!. یاخود دەبن بە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەڕڵەمان و ئاراستەی کاری سیاسی و گوتارو بۆچونی خۆیان لەچوار چێوەی ئەو جۆرە لەئۆپۆزسیۆن بون دیاری دەکەن؟!. چوارەم: دەبێت ئەنجومەنێکی یاسایی لەناو بزوتنەوەکەو ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەو نوێنەری ژوری حکومەت و پەڕڵەمان و ژوری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە پێکبهێنرێت، بۆ پێداچونەوە بە کارو بارەکانی خانەی راپەڕاندن و چاکسازیکردن لە کۆتو بەندو کێشەکانی ئەو خانەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت ئەو خانەیە هەڵبوەشێتەوەو لەکورترین ماوەدا کۆنگرەی بزوتنەوەکە بکرێت و هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن بکرێت، بەو مەرجەی ژن و گەنج لە خانەی ڕاپەڕنداندا بەشداری پێبکرێت. پێنجەم: دەبێت سیستەمی بزوتنەوەکە لەچەقدا نەهێڵدرێت و سیستەمی دوو لایەنەی بەڕێوەبردن پێکبهێندرێت، وەک هەمان سیستەمی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ نمونە، چۆن رێکخەر هەیە، دەبێت هاورێکخەریش هەبێت و چاکسازی لەو سیستەمە چەق بەستوەدا بکرێت، ئەوەش بۆ هەموو ژورەکان و هەموو ئەو شوێنانە دەبێت بکرێت کە یەک کەس تا هەڵبژاردن یان کۆنگرە دەبێت بە ڕێکخەرو هەموو کارەکان لەو یەک کەسە وەک چەقی کارکردن قوڵدەکرێتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت سیستەمی هاورێکخەر دروستبکرێت و ژن و گەنج بەشێکبن لەو هاوڕێکخەرییە. شەشەم: دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ببێتەوە بە خاوەنی پڕۆژە گەورەکانی چاکسازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، رێکسازی لەیاساو بۆچونەکانی نێو پەڕلەمان، پاکسازی لەگوتارەکانی حکومەتی هەرێم، ئەوەش بە خستنەوە گەڕی میدیای بزوتنەوەکەو واڵاکردنی دەرگای رەخنەگرتن جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان، لەبیرتان نەچێت، داینەمۆی گۆڕانکاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ئەو جەماوەرەیە کە ئێستا لێتان زویر بوە، ئەو جەماوەرەش تەنها ئومێدیان بە مانیفێستی نەوشیروان مستەفا هەیە، ئەو مانیفێستەی کە دژ بەگەندەڵی و بەگەڕخستنی دادی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی گوتاری خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیانی پێیە، ئێوە دەبێت بزوتنەوەکە وەک لاشەی مرۆڤێک تەماشا بکەن و ئەو خەڵکەش وەک ئاوێنە، ئاوێنەیەکی درۆینە نا، ئاوێنەیەک کە خۆتانی تیادا ببیننەوە. لەبیرتان نەچێت دەبێت بەغداد چەقی ململانێکانتان بێت لەگەڵ یەکێتی و پارتی، بۆ ئەوەش دەبێت لیژنەی هەمئاهەنگی وەک هەمان لیژنەی هەمئاهەنگی سێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن بخەنەوە گەڕ، بەڵام ئەمجارە بەرفراوانتر و رونتر لەبڕیاردان کار بکەن، بۆ ئەوەش دەبێت، دەرگای گفتوگۆتان لەئاستی یەکتر واڵا بکەن و دەرگای کاری سیاسیتان بەڕوی پارتی و یەکێتیدا دابخەن تا دەگەن بە دەسەڵات. حەوتەم: ئەو بزوتنەوەیە موڵکی جەماوەرەکەیەتی نەک موڵکی خزمان و دۆستانی دەسەڵاتداران و هەڵسوڕاوو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی، بۆ ئەوەش دەبێت هەلی چونە پێشەوە برەخسێندرێت، لەنێوان گەنجان و ژنان و خەڵکانی نوێ و رۆحیەتی نوێ و بەرزبونەوە بۆ پلەی حیزبی و ئەندامبون بۆ نێو ژورو سەکتەرە سیاسییەکانی ئەو بزوتنەوەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت هەم کۆنفرانسی بزوتنەوەکەو هەمو کۆنگرەی بزوتنەوەکە بکرێت بە پێشینەی کارەکانی ئەو بزوتنەوەیە و هەوڵی بەستنی کۆنفرانس و کۆنگرە بڕەخسێندرێت لە کورتترین ماوەو لە زوترین کاتدا.
■ فرمان عەبدولڕەحمان ئەو جانەوەرە ریشنەی لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا شکۆی مرۆڤێک دەشکێنێ و سوکایەتی بە حکومەت و کۆمەڵگەیەک دەکات هەمووانی توڕەو نیگەرانکرد بەڵام دەبێت بزانین ئەو دیمەنەو چەندان دیمەنی دیکەی وەکو پڕشەقکردنی مامۆستاکەی هەولێرو ئەو گەنجەی لەسەر فول لایتەکە کوژراو کوشتنە لەناکاوو شاراواوەکان تیرۆری رۆژنامەنوسان و کەسایەتیە جیاوازەکانی لە نمونەی مەلا وشیارو بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەیان و سەدان رووداوی ناخۆشی دیکە هەموویان دیوی جیاوازی یەک دراون. بەرهەمی ئەو زەلکاوەن کە ۲۷ ساڵە لە سایەی پارتی و یەکێتیدا گەورە ئەبێ و باکیان نیە. بەرهەمی ئەو شکستە گەورەیەن کە رووبەرووی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەروەری یاسایان کردەوە. یەکێتی و پارتی ۲۷ ساڵە وزەی ژیان دەدەن بەو ژینگە ناتەندروستەی کە لۆژیکی کلکە دەمانچە تیایدا سەروەرە. کارەساتە گەورەکەش ئەوەیە لە پشتی هەموو ئەو کاراکتەرە بەڵتەجیانەوە هەمیشە بەرپرسێکی حیزبی یان حکومی سەر بە دەسەڵات ئامادەیی هەیە و زۆر جار بەشێکن لەو گروپەی پێیان دەوترێ پاسەوانی بەرپرسان کە لە ماوەی رابردوودا خاوەنی تۆمارێکی رەش و لێوانلێون لە کاری نامرۆیی بێ ئەوەی نە حیزب نە حکومەت هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێ بەرامبەریان ئاخر ئەوان بەڵتەجی و شەقاوەکانیان بە بەشێکی گرنگ و هەنوکەیی قۆناغەکە دەبینی هەقربۆیە ۲۷ ساڵە لە پەنای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا ئەو جانەوەرە ترسناکانە دەژین و گەورە ئەبن کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا بینیمان.. ئەو جانەوەرانە هەمیشە هێزیان لەو مەسئولانەیانەوە وەرگرتووە کە پاسەوانیان دەکەن.. بیست و حەوت ساڵەبەرپرسان و دارودەستەکانیان لەسەرەوەی هەموو یاساو عورف و پێودانگێک بوون چۆنیان حەزکردووەو ئارەزوو لێ بووە بەو شێوەیە رەفتارو مامەڵەیان کردووە هەربۆیە تاکە شتێک خاڵی بوبێتەوە لە قورساییو ئەرزش دادگاو دەسەڵاتی دادوەری بووە.. بینینی ئەو ڤیدیۆیە ناخی هەموومانی بریندار کرد چونکە زۆر بێ پەردەو بە راشکاوی شکۆو کەرامەتی ئینسانێکی تێدا دەشکێنرێ کە زۆرجار شکاندنی کەرامەت زۆر لە کوشتنی ئینسان سەخترو دژوارترە بەڵام دەبێ بزانین سەدان چرکەساتی لەو شێوەیە ناشرینترو بەسوێتر لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی روویانداوە بەبێ ئەوەی تۆمار بکرێن چونکە سزای راستەقینەو یاسایی تاوانبارانیان نەداوە ئەوان شکستیانهێنا لەوەی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێزو سەربەخۆ بونیاد بنێن.. ئەوان شانازی بە بەخشینەوەی دەمانچەو فیشەکەوە بکەن ئەوان کە یاسا بە گاڵتەی منداڵان بزانن ئەوان کە بەرژەوەندیە ئابوری و شەخسیەکانیان بە ئەمنی قەومی بزانن پێویستیان بە کاراکتەری وەکو ئەو جانەوەرە ریشنەی نێو ڤیدیۆکەیە. جا تەماشا مەهزەلەی حوکمڕانی تا چ ئاستێک رۆیشتووە لەم هەرێمەدا لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک گەنج لە بە چەکەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەرکەوتن و تیایدا خۆپیشاندانەکانی خەڵکیان کرد لە سلێمانی راپەڕین و گەرمیان بێ ئەوە هیچ کردەیەکی فیعلی ئەنجام بدەن لەسەر ئەرزی واقیع هەمویان گیران و کەس نازانێ چارەنوسیان چی بەسەرهاتووە. ئاخر ئەو گروپە ترسناک و لە دەرەوەی یاسا بوون چونکە جڵەویان لەژێر دەستی مەسئولەکاندا نەبوو بەڵام بکوژو کەرامەتشکێنەکانی دی کە سەر بە خۆیانن و رێشمەکانیان لەدەستی خۆیاندایە ئازادانەو بێ ترس هەموو کارێکی یاساشکێنی و وەحشیگەرانە ئەکەن چونکە ئەزانن هیچ شتێک نایانوەستێنێ کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین گوزاریشتێکی ئاشکرای ئەو بێ حورمەتیەیە کە ۲۷ ساڵە بەناوی حوکمڕانیەوە پارتی و یەکێتی بە خەڵکی ئەم هەرێمەی دەکەن.. کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین پردەی هەڵماڵی لەسەر ئەو چەتەگەرییەی لەم هەرێمەدا بەڕێوە دەچێ و پێویستە بەری پێ بگیرێ
■ چیا عەباس لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان سەرکردە و بەرپرس و کادر و کاندیدی حزبەکان زۆر بە پەلە و پەرۆشیەوە خۆیان دەخزێننەوە نێو رەحمی حزبەکەنیان، تەوژمی خوێنی گەرم و هەڵچوی حزب دەمارەکانیان دەبوژێننەوە، دەوروژێنن و گرژیشیان دەکەن. کچ و کورانی حزب بە لۆگۆ و دروشم و رەنگ و وێنە و پۆشاک و گۆرانی و سرودی حزب کەش و هەوای بانگەشە دەرازێننەوە و گەرمی دەکەن. زۆر ئاسایی و سروشتی و چاوەروانکراویشە نەوەکانی حزب خەڵک بە بەرنامە و خەونەکانی حزبەکانیان بە شێوازێکی هێمن و لە سنوری ئادابە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا ئاشنا بکەن، ئاساییتریشە لۆژیکانە رەخنە و تێبینیان لە سەر هێزە رکابەرەکانیان هەبێت. مەبەستێکی بنەرەتی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگایەکدا کە یەک هێز نەتوانێت زۆرینە بۆ حوکمرانی بەدەست بهێنێت ئەوەیە چەند براوەیەک بەیەکەوە لە سەر کارنامەی حوکمرانی بۆ بەرێوەبردنی وڵات رێک بکەون، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت لە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرچاوی دەنگدەر بۆ ئەگەرە بەهێزەکانی ئایندە رون بێت، چونکە بێ ئەم چاورونیە دەنگدەر لە نێو قەواغە سنوردار و دیاریکراوەکانی حزبیدا بێگومان دەنگ بە حزبەکەی خۆی دەدات بێئەوەی بتوانێت دەنگەکەی بە پرسێکی گەورەتر لە حزبەکەی گرێبدات، ئەوەی لە دنیا دیموکراسیدا پێی دەڵێن دەنگدانی ستراتیژی. ئەم پرەنسیپە گرنگەی بانگەشەی هەڵبژاردن لای خۆمان زۆر پشتگوێ خراوە، حزبەکان کاریان بۆ نەکردوە و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتیش وەک پێویست ئەو هاوکێشەیە ناخوێنێتەوە. هۆکارێکی گرنگی ئەم چەقبەستەنە دیموکراسیە دەگەرێتەوە بۆ چاوەروانی زۆربەی خەڵک کە هەرچۆنێک دەنگ بدرێت لە دوا مەتافدا پارتی و یەکێتی جومگەکانی دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەم بێ ئومێدیە لە سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤ دەمارگیری حزبی و هەڵچونی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیشی لێکەوتۆتەوە. ئەوەی شایستەی تێرامانە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەبینین دو هێزی دەسەڵاتدار بون بە دو بەشی رکابەری بەهێزی یەکتر. هەر هێزێک لێیان وا پیشانی دەدات خاوەنی هەمو کارە باشەکانی حوکمرانی بوە، رێگر بوە لە رودانی نەخوازیار و کارەسات و پەیامی بەهەشتی ئایندە بە دەنگدەر دەبەخشێت. ساڵانێکی درێژە لە حوکمرانیدا شەریکن، بەرپرسیارن لە چاک و خراپی فەرمانرەوایی کەچی کەوتونەتە گیانی یەکتر. بە خوێندنەوەی راگەیاندنی ئەو دو هێزە لە سەر یەکتر لەم بانگەشەیەدا چەندین پرسیاری جدی هەڵتۆقاون، پێدەچیت ئەم کامپینەی دژ بە یەکتر گەورەتر و قوڵتر بێت لە خواستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن. زمانی زۆر زبری کامپینەکەیان و تانەدان و باسکردنی کەسایەتیە باڵادەستەکانی یەکتر ئاماژەن کە ئەو دو هێزە کەمترین ئاستی متمانەیان بە یەکتر ماوە. هەرچی یەکێتیە گەمەیەکی ژیرانەی هەمە لایەنە بەرێ دەکات، کورە بچوکی مام جلال بۆتە واجهەی هەڵبژرادن و کورە گەورەکەشی بۆتە بزوێنەری پشت پەردە، بە گەرانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێتی بەشێک لە ئەگەرەکانی بەردەم پارتی سنوردار کردوە و ئەگەرەکانی خۆشی بەهێزتر کردوە، پارتیش بە پێداگری لەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی کوردستانە نەک لایەنێکی دیاریکراو و کاندیدی یەکێتی کۆدەنگی نەتەوەیی نیە، ئاماژەدانیش بەوەی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دەبێت دەیەوێت ئەگەرەکانی بەردەم یەکێتی بەرتەسک بکات، رێگەش نەدات لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو بریاری گرنگ لە پرسە نەتەوەییەکان بدرێت. بە مەزەندەی بەشێکی گرنگی پارتی شێوازی هێنانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جۆرێکە لە کودەتایەکی سپی بەسەر ئیرادەی پارتیدا. بۆ خۆم دەمێکە ئاماژەم داوە بەوەی لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لە دوای کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئامادەنین جڵەوی هاوپەیمانیان لە گەڵ یەکێتی و حوکمرانی کوردستان بدەنە دەستی قەزاو و قەدەر و ئەگەری چاوەروان نەکراو، ناهەقیشیان نیە کاتێک بە تەحەفوزێکی واقیعیەوە مامەڵەی ئەو دۆخ و رەوشە بکەن، وەک نەریتێکی سیاسی پارتی هەرگیز هەمو هێلکەکانی نەخستۆتە ناو یەکە سەبەتەوە. هەرچۆنێک بێت هەوڵدان لەم ساتە وەختەدا بۆ تێکدانی هاوسەنگی هێز لە کوردستان بە هەر وەسیلەیەک بێت ئاکامی باشی لێ چاوەروان ناکرێت، بۆیە دەبوا ئەم دو هێزە کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە کوردستان بەرێوەدەبەن بە ڵایەنی کەمەوە لە سەر پرسەکانی بەغدا لە یەکتر نزیک بونایە، لە سەر ئاستی کوردستانیش بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەو شێوە توند و گرژە نەکردایە. ئەمجۆرە بانگەشەیە لە کەش و هەوای دیموکراسی راستەقینەدا یەکسانە بە بێمتمانەیی و پوچەلکردنەوەی چەندین بەهای سیاسی و حوکمرانی. راستە لە ساتی هەڵبژاردندا کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، کێشەکە لەوەدایە ئەم راستیە پوخت و پاک بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت و بەمەبەستی خۆ بە پاڵەوان زانین و سفرکردنی لایەنەکانی تر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٢٢ی سێپتەمبەر ٢٠١٨
■ یاسین تەنها لەم ڤیدیۆیەدا كە رەنگە گرنگترین بڕگەبێت لەمێژووی بەرنامەكەی بەشیر، مەزاتخانەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەبێت. پەرلەمانتارانی لیستە سوننەكان كە دەنگەكانیان فرۆشتوە بەبنەماڵەی كەربولی بۆ هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی، یان وێنەی دەنگەكانیان دەگرن یان پیشانی دەلاڵەكانی دەدەن. باسی ئەوەش هەیە هەر دەنگەو بە 150 هەزار دۆلار فرۆشرابێت كە بەشیر بە كالۆری ناوی دەبات. لەناو دەنگ فرۆشەكاندا پەرلەمانتار هەیە پێشتر وەزیرو دوو خولیش پەرلەمانتار بووە (محەمەد تەمیم). بەم سەفقەیەش كەربولییەكان پاش كۆنترۆڵكردنی ئەنبار و پۆستی پارێزگارەكەی بەگەندەڵی و فرت و فیڵ، وا بەرەو بەغداش كشان و لەژێر ناوی پێشخستنی گەنجدا بوونە خاوەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەوترێت نرخەكەی بەرانبەر 30 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەوان رەتی دەكەنەوە شتی وا روویدابێت، بێگومان لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لەو پارەیە زیاتریان دەست دەخات. لەپاش دەنگدانەكەش ماجیدە تەمیمی هاواری كردبوو "عێراق فرۆشرا"، دواتریش یەكەم كەس بوو سەواو مامەڵەكەی بۆ رادیۆیەك ئاشكراكردو عەبادیش هەر ئەوەنەی پێكرا لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەدا بانگەوازی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە كرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتی بەسەر پەرلەماندا نییە. ئەمەی رویداوە لە مێژووی عەرەبە سوننەكان شتێكی نوێ نییە، لەزۆربەی خولەكاندا ئەوان وەزارەت و پشكەكانیان بەكڕین و فرۆشتن لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن، بەنمونە وەزارەتی پیشەسازیی تا 5 ملیۆن دۆلار رۆشت كە جارێكیان بەر ئەحمەدی برای جەمال كەربولی كەوت، وا ئیستا مەزاتەكە هەڵكشا بۆ لوتكەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق، چونكە سوننە لەئیستادا ئەوان هیچ قەزیەیەكیان نییە جگە لەپڕكردنی گیرفانیان و جەماوەرەكەشیان یان لەخێمەو كامپەكاندا یان لەشارە وێرانەكەنی پاش داعشدا ژیان دەگوزەرێنن. لەئێستادا مەترسی هەیە ئەم ماجەرایە لەسەرۆكایەتی كۆماریش دووبارە ببێتەوە یان سەفقەیەكی نزیك لەوە یەكلایی بكاتەوە ئەگەرهات و رێككەوتنی پێشوەختی لەبارەیەوە نەكرێت. خۆ رەنگە پاش ئەم ڤیدیۆیەو ئاشكرابوونی نهێنییەكە رێگربێت لەشتی لەوجۆرە یان پارتی و یەكێتی وەك كەربولییەكان نەتوانن پینەوپەڕۆی بكەن چونكە 329 پەرلەمانتار كۆنترۆڵ ناكرێن و هەندێكیان ئێستا وەك پەیامنێر بۆ فەیسبوك و سناب و تویتەر كاردەكەن.
■ د. ههردی مێد ئهم پرسیاره له ههر كهسێكی بكهیت، له وڵامدا به بێ سڵهمینهوه دهڵێت پارتی و یهكێتی. به مانایهكی دی، بۆ ههموومان ئهوا ئهم جووت حزبهیه كه زهمینهسازی به دهستگابوونی پهرلهمان ناڕهخسێنن. وهلێ، به پێچهوانهوهی ئهم دیده باوه كه بۆته حاشاههڵنهگر، من لهم بابهتهدا دهمهوێت ئهوا ئهو راستیه دهربخهم، كه به ئهندازهی پارتی و یهكێتی كه له ههوڵی لهدهستگاخستنی پهرلهمانن، ئهوهندهش لایهنگر و ئهندامانی ههموو حزبهكان، كۆمهڵگا به گشتی بهرپرسن لهم دۆخهی پهرلهمانی تێدایه. وڵامدانهوهی ئهم پرسیاره به بهبێ تێگهشتن و ناساندنی پرۆسهی به دهستگاییبوون بێهۆدهیه. بۆیه، به كورتی لێرهدا ههوڵدهدهم مهبهست له دهستگایبوون چییه روونبكهمهوه؟ له لایهك، به دهستگایی بوون بریتیه له پرۆسهیهك كه لێوهیڕا دهستگا دهبێته خودان جهستهیهكی بابهتی و سهربهخۆ له كارمهندهكانی، واته دهبێته خاوهن یاسا، ڕێسای كاركردن، بهها، نۆرم، وێنایهكی تایبهت به بوون و چۆنایهتی ههڵسوڕانی وهزیفهكانی، كۆمهڵێ بیروبڕوا، تد. كاتێك دهڵێین دهستگا دهبێته جهستهیهكی سهربهخۆ، مهبهست لهوهیه كه به پێی حهز، ئارهزوو، میزاج، بهرژهوهندی…تاكهكانی نهچێتهڕێووه و بهدهر لهمان و به پێی ڕێسا و بههاكانی خۆی مسۆگهری و بهردهوامێتی خۆی مهیسهر دهكات. له دۆركاهایمهوه تا دهستگاخوازه نوێییهكان به تێپهربوون به ماری دۆگلاس ههموو له سهر ئهوه كۆكن كه دهستگا ئهو كاته دهبێته دهستگا كه توانای له قاڵبدانی شێوازی تێفكرین و ئارهزووكردنمانی ههبێت، تا ئهو شوێنهی دهستبخاته ناوهخنمانهوه. له لایهكی دیش، دهستگایبوون بریتیه له پرۆسهیهك كه كارمهندهكانی ناو دهستگاكه ملكهچی پرۆسهی به پیشهمهندبوون دهبن، واته فێری ڕێساكانی ههڵسوڕانی دهستگاكه، زانیاری و توانستی پێویست و وابهسته به رۆڵ و كارهكانیان دهبن، هاوتا به ناوهكیكردنی (internalization) بهها و نۆرمهكانی و بڕوابوون به گرنگی و بایهخی دهستگاكه، تد. لهم گۆشهنیگایهوه، دهستگا واته كهڵهكهبوونی زانیاری، توانست، بیروبڕوا، وێنا، یاساكانی چۆنهڕێوهی، كه به سهر یهكهوه دهبنه زاكیره و كولتوری دهستگاكه و ڕێوشوێنگهلێك (path dependency) كه دهبێت كارمهندهكان بۆ ههڵسوڕانی كارهكانیان بیانگرنه بهر. بهڵام، ئهوهی گهرهنتی هێنانهدی ئهم پرۆسهی كهڵهكهبوونه دهكات خودی دهستگاكه به تهنها خۆی نییه، دهستگا روح لهبهرنییه كه خودی خۆی بهرگری له نۆرمهكانی بكات، بهڵكو كارمهندهكانی نێوی كه له پرۆسهیهكی دوور و درێژدا دهستگاكه دهكهن به خاوهن كولتور و ڕێساگهلێكی كهڵهكهبوو. كهواته مهرجی به دهستگایبوون تهمهندرێژی كارمهندهكانێتی: واته چهند كارمهندهكانی زیاتر له دهستگاكهدا بمێننهوه ئهوهنده پیشهمهندتر دهبن، چهندش پیشهمهندبن ئهوهندهش شانسی به دهستگایبوونی دهستگا دهڕهخسێنن. دهتوانین بڵێین، دهستگا ههر دهقه یاساییهكان، پهیڕهوی ناوخۆ، وێنا و ئهو چاوهڕوانیانه نییه بۆ دهستگاكه ههیه، بهڵكو له جهسته و زهینی تاكهكانشدایه. جا دهستگایهكی وهك پهرلهمان زۆر لهمهی ئاماژهمان پێدا پێوستی به دهستگابوونه، چونكه له بیرمان نهچێت پهرلهمان یهكێكه لهو دهستگایانهی تایبهتمهندی خۆی ههیه: كارمهندهكانی (واته پهرلهمانتاران) تهنها ئهو كاته دهتوانن فێری پیشهكانیان بن كه دهچنه نێو دهستگاكهوه. واته، كاری پهرلهمانتاری به پێچهوانهی پیشهكانی دییهوه پێشخانی زانكۆیی و خۆئامادهكردنی پێشینهیی نییه. بۆ نمونه، بوون به دۆكتۆر پرۆسهیهكی فێركاری پێشینهی ههیه، واته بۆ ئهوهی ببینه دۆكتۆر دهبێت بچین كۆلیژی پزیشكی بخوێنین. بۆ ئهوهی ببینه ئهندازیار دهبێت ئهندازیاری بخوێنین. وهلێ، بوون به پهرلهمانتار تهنها لهو كاتهوه دهستپێدهكات كه ههڵدهبژێردرێن و دهچینه نێو دهستگاكه. ئهو شتهی له زانسته سیاسیهكان پێدهڵێن <فێربوون له سهر شوێنی كار، به فهرهنسی (apprentissage sur le tas)>. شیاوی باسه، گهر لهم گۆشهنیگایهوه له پهرلهمان بڕوانین دهبینین ههڵبژاردن تهنها فرسهتێك نییه بۆ حزبهكان كه ١١١ كاندیدی نوێ بۆ پهرلهمان بهرن و له ڕێگهی ئهمانهوه دهستیان به سهرچاوهكان(موچه، حهسانه…)ی دهوڵهت بگات، یان ههر چوار ساڵێ پهرلهمانتارهكانیان خانهشین بكهن له سهر داهاتی گشت و دڵی ١١١ كادیریان رابگرن و ولائیان دهستهبهر بكهن، بهڵكو ریتواڵێكشه (تهقس) كه حزبهكان ههر چوار ساڵجارێ پهرلهمان له مانا و توانای كهڵهبوون و دهستگابوون بهتاڵ دهكهنهوه. حزبهكان له پێناو به دهستهێنانی موچه و گهشتن به سهرچاوهكانی حكومهت باكیان نییه ههر چوار ساڵ جارێ كاندیدی نوێ بنێرنه پهرلهمان و بهمهش ڕێگه له دروستبوون و سهرههڵدانی پهرلهمانتاری پیشهمهند بگرن. ئهمان، به دوای ئهوهدا ناگهڕێن ئهندام پهرلهمانی پیشهیی و قاڵبوهوهیان ههبێت، بهڵكو تهنها رازیكردنی دڵی كادیرهكانیان و كڕینی ولائو و دڵسۆزیان. بێگومان، ڕێگهگرتن له پیشهمهندبوونی پهرلهمانتار، ڕێگهگرتنه له بهدهستگاییبوونی پهرلهمان كه مهرجی كهڵهكهبوونی زانیاری و توانست و هێزه بۆ دهستگاكه و هاوكات سهربهخۆبوونی. بهڵام، ههڵه دهكهین گهر پێمان وابێت تهنها حزبهكان لهمه بهرپرسن. بێگومان كۆمهڵگاش تهواو لهمه بهرپرسه. بۆ نمونه، كۆمهڵگا دژی ئهوهیه پهرلهمانتارێك دووجار، یان سێجار ههڵبژێردرێتهوه له لایهن حزبهكهیهوه به بیانووی هێنانهپێشهوهی كهسی دی. بۆ نمونه، له ههڵبژاردنهكانی پهرلهمانی عێراق بۆ كاندیدكردنهوهی یهك دوو پهرلهمانتاری بۆ ئهم خوله نوێییه، بزووتنهوهی گۆڕان ناچاربوو به شێوهیهكی ئاشكرا و ڕاشكاوانه له بهیاننامهیهكی فهرمی بیانوو بۆ لایهنگر و ههڵسوڕاوهكانی بێنێتهوه چونكه دژی كاندیدكردنهوهی پهرلهمانتارانی پێشوو بوون. بێگومان ئهمه بۆ حزبهكانی دیش ههر راسته. بۆیه، لێرهوه تێدهگهین كه ههر سهركردایهتی حزبهكان بهرپرس نین له بهدهستگانهبوونی پهرلهمان، بهڵكو لایهنگر و ههڵسوڕاوانشیان لهگهڵ ئهمانشدا كۆی كۆمهڵگا، واته كۆی دهنگدهران.
■ لاوك سەڵاح حەقتانە بڕواتان بە دروشمە گەورەکان نەمابێت، زۆر راست دەکەن پرۆسەی دیموکراسی تا ئەم ساتە لە درۆیەکەی گەورە زیاتر نییە، مافی خۆتانە دەنگ بدەن یاخود نا، سەربەستن لەوەی بچن یان نەچن بۆ دەنگدان، ئازادن دەنگ بەکێ دەدەن تا ئەو ساتەی بەرژوەندییەکان رەوایە وتەندروستە وساغە و لەسەر بنەمای درۆ و فێڵ ولادان وچەواشەکردن نییە. ئێوە زۆرتان چەشت، تەنانەت دەنگیشتان تیرۆر کرا. بەڵام هەموو پرۆسەکە هەر لەوەندەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو ئەرکی خۆشتانە کە دەنگی خۆت بپارێزیت، واتە ئەو کاتەی کە دەنگت بۆ نوێنەرێکی دیکە دەروات دەبێت بەرگری لە دەنگەکەت بکەیت، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت بە نائومێدی وخەمساردییەوە بەرجەستە نابێت، ئەمە پرۆسەیەکی ماراسۆنیە. ئەوەی لێرە روودەدات ئەوەندە دەگمەن نییە، لە چەندان وڵات و لە نێوان هەزارەها میللەت ونەتەوەدا روودەدات، نەوەک جارێک بەڵکو چەندان جار. هەربۆیە چاوەرێی فێڵی نوێبن و سەرسام مەبەن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئەگەر تەکنیکی یان یاسایی بێت، چۆن پارتە سیاسییەکان و دەنگدەرەکان دوور لە رۆمانسیەت و شای و زەماوەند گێران و پەرچەکرداری پر سۆز، یاساکان و پرۆسەی دەنگدان و رێوشوێنەکانی دادەمەزرینن و پرۆسەکە شەفاف دەکەن تا ئەوەی تەزویر دەکات ئاشکرا و فەزح بکرێت و زوو دەرکەوێت. هەموو شتێک لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەداوەک خۆر دیار و رووناکە، ئاسانە کەسە فێڵبازەکان و رێوشوێنە نایاساییەکان بخرێنە بەردەم دەنگدەران. رەنگە بڵێن ئەوەی هێزی ئەمنی هەیە هەمیشە دەتوانێت کۆنترۆلێ هەموو بنکەکان بکات، ئەم قسەیە تا رادەیەک راستە، بەڵام قوتابی تەمبەڵ تا سەر ناتوانێت قۆپییە بکات، ئەگەر بەردەوام بوو ئەوە رەنگدانەوەی لاوازی هەموومانە هەر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی حکومەت، پارتە سیاسییەکان، دەزگاکانی میدیا و دەنگدەر خۆشی. دەڵێن ئەوەی دەنگەگان دەژمێرێت ئەو دەیباتەوە و ئەو دەستنیشانی ئاراستەی پرۆسەکە دەکات، کۆکم لەسەر ئەوەی ستەمە وڵاتێک هەموو سەدەکانی مێژووی جەنگی خوێناوی بووبێت بتوانێت دیمۆکراسیەت بکاتە رەفتار و شێوازی رێکخستنی کۆمەڵگە و سەرچاوەکانی و دەستەڵاتەکانی دادپەروەرانە و یەکسانانە دابەش بکات، بەڵام مافێکی زۆر سەرەتاییە کە دەنگی خۆت بدەیەتە ئەو کەسەی کە دڵنیایت کار بۆ کاری گشتی و بەرژوەندی کۆمەڵگە دەکات. راستە هەڵمەتێکی پڕگەرد لە ناوخۆدایە هەیە دەیەوێت بەهای دیموکراسیەت بەرجەستە نەبێت، دەیەوێت زانیاری چەوت بڵاوبکاتەوە و دەیەوێت ئەم کۆمەڵگەیە بە فۆبیا و وەهمەوە بەرێوە ببات بەڵام دەبێت دڵنیابین ئەمە تا سەر نابێت. راستە، کەسانێکی نائومێد هەن دووبارە و سێ بارەی دەکەنەوە کە ئێمە کۆمەڵگەیەکین مێژوو وەک خۆی دووبارەدەکەینەوە، کەلتوورمان ناگۆردرێت، خۆمان ناگۆڕیێین، دەڵێن ئێمە کەسانێکی چالاک نیین، ئەم وەهم و درۆیانە کەسانێک بۆ مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی و دوور لە بەرپرسیاریەت ئەحکام وتۆمەت وەک بڵێ کورد ناسن بڵاودەکەنەوە. لە راستیدا، گرفتەکانی ئێمە ئەگەر بەراورد بکەین بە وڵاتێکی وەک باشووری ئەفەریقاوە هێشتا نەهامەتەکانی ئێمە بە نیوەی مێژووی هەڵمەتەکانی رەگەزپەرستی لە باشووری ئەفەریقا ناچێت کە دواجار کۆمەڵگەکە گەیشتنە ئەو راستییەی کە دەبێت پێکەوە بژین و پرۆسەیەک بۆ دامەزراندنی پیشەیانەی دەوڵەت لە رەگەزی رەش و سپی پێکبهێنرێت. بە داخەوە هێرشێکی نارەوا لە شێواندنی هەموو توانایەکی چالاک هەیە بۆ دەستەمۆکردنی تواناکانی خەڵک ئەمەش بەشێوازی جیاواز، هێرشێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی کەس بڕوای بە هیچ نەمێنێت و تەنانەت توانای خەوبیین بە ئاینندەیەکی هەندێک باشترە نەمێنێت. ئەوان واتە نوخبە کەمینەکانی ناو پارتە سیاسیەکان لە نزیکەوە دەزانن کە سەرچاوە دارایی و مرۆکانی ئەم وڵاتە لە بن نەهاتووە، هەر لە بەرئەوە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکان تاوەکو هەتاهەتایە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بمێنێتەوە و هەر ئەوان دەستەڵاتی رەهایان هەبێت لە هەر بریارێکی سیاسی چارەنووسازدا. ئەمە لەبری ئەوەی کە دەبوایە ئەو سەرچاوانە بۆ دامەزراندن و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگە بوایە و بە جۆرێک کە فرسەت و هەلی کاری یەکسان و رەوا بۆ هەموو رۆڵەیەکی ئەم کۆمەڵگە بێ جیاوازی دابینکردایە. بۆ گەراندنەوەی متمانە بە پرۆسەی دەنگدان، هەر لە سەرەتاوە، پێویستیت بە پاراستی یاساکانی دەنگدان هەیە، پێویستت بە دڵنیابوونە لەوەی رێوشوێنەکان پیشەییانە بەرێوەدەچن، ئەمە کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی میدیا وتەنانەت پارتە سیاسییەکانە ئەگەر بڕوایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ دامەزراندنی هەرێمێک لەسەر بنەمای راستگۆیی بۆ ئەوەی دواتر برژێتە ناو پرۆسەی بەدەوڵەتکردنی هەرێمەوە. دەنگدەر دەپرسێت چۆن دڵنیابم دەنگم نافەوتێت، هەر لەبەر ئەم نیگەرانییە دەنگدەرێکی زۆر دەڵێن بە خۆمان رانابووێرین و ناچین، لە راستیدا چوون بۆ دەنگدان نیوەی ئەرکە نیشتمانییەکەیە، نیوەکەی تری پاراستنی دەنگەکەیە، کە دەنگدەر خۆشی دەتوانیت رۆڵی هەبێت. ئەوەی لە رابردوودا روویدا لاوازی یاساکان و نەزانینی بەکارهێنانی ئامێرەکان وتەنانەت نەبوونی کارمەندی بە توانا بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەکە بوو، هەندێ جار خەڵکانێکی زۆر زیاد لە جارێک دەنگیان داوە، یان پاشان پارتێکی سیاسی فشاری جۆراوجۆری کردووە بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بێت هەڵبژردرێتەوە. هەندێ کەس زیاد لە ناسنامەیەکیان بەکارهێناوە یان هێشتا ناوی مردووەکان بەکاردەهێنن یان بەهەر جۆرێکی تر بێت تەزویریان کردووە. هەموو ئەم کارانە نابێت کٶڵ بە دەنگدەر بدات کە دەنگ نەدات و دەنگی خۆی نەپارێزێت، چەسپاندی پرۆسەی دیموکراسی بە گوڵ نەرازاوەتەوە و دامەزراندنی شەرعیەتی سیاسی داکۆکیکردنێکی بەردەوام دەخوازێت. دەنگدەر دەتوانێت، لانی کەم پانابەرێتە بەر تۆمارکردنی هەرهەڵسوکەوتێک و رەفتارێکی نابەجێ کە لە رۆژی دەنگداندا هەستی پێدەکات و بەدونیادا بڵاوی بکاتەوە. دەنگدەرە گەنجەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون و پرۆسەکە رۆماڵ بکەن و کەسەکان کەشف بکەن. ئەمە لە پاڵ دڵنیابوون لە ناوەکان و تۆمارەکان وپرۆسەی چاودێریکردن و بە بەڵگەکردنی هەر هەموو پرۆسەکە وهەرهەموو بنکەکان بە چەندان شێوازی جیاواز.