■ ئاراس فەتاح چەند رۆژێکە بابەتی خەڵاتی ئاشتیی ساڵی 2018 کە بەھاوبەشیی بە ھەریەک لەنادیە موراد و دێنیس موکویچ بەخشرا، بووە بە بابەتێکی گەرمی ناو رووبەری گشتیی لە ھەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا زۆرینەی ھاونیشتیمانیانی ئاسایی کوردستان نادیە موراد وەکو سەرمایەیەکی رەمزیی گەلەکەی خۆیان تەماشادەکەن، ھەندێکی تر رەخنە لەوەدەگرن کە نادیە موراد خۆی بە سەرمایەیەکی رەمزیی گروپی ئێیزیدییەکان نماییشدەکات و تەنانەت لە بیۆگرافییەکەشیدا تەنھا باس لە گروپێکی ئاینیی دەکات لە ”باکووری عێراق“ و دان بە کوردبوونی خۆیدا نانێت. سەرەتا دەبێت ئەو راستییە باسبکەین کە خەڵاتەکە لەجەوھەردا خەڵاتێکی پڕبەھای گرنگی نێونەتەوەییە و پەیامێکە دژ بە توندوتیژی سێکسیی و بەکارھێنانی وەک چەکێک لەکاتی جەنگدا، ئەوسا ئەو جەنگە ناوخۆیی بێت یان ناسیۆنالیستیی یاخود ئاینیی، ھیچ لە بەھای خەڵاتەکە ناگۆڕێت. لەتەنیشت ئەم رەھەندەوە راستییەکی تر بۆ ئێمە کورد بەرجەستەبوو کە دەبێت دوور لە گوتاری ناسیۆنالیستیی و تەخویکردن، شیکاری سۆسیۆلۆژی و عەقلانیی ئەگەری پرۆسەی بەئەتنیبوونی ئێزیدییەکان بکەین و بزانین چی روودەدات. بە بۆچوونی من بەھا رەمزییەکانی ئەم خەڵاتە چەندە رەخنەیەکی توندە و روبەڕوی ناسیۆنالیزم و فەندەمێنتالیزم و جەنگ و سێکسیزم دەبێتەوە، ھێندەش بەدیوێکی تردا رەخنەیە لە ئەزموونی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی (القومية القطرية) کوردیی کە ساڵانێکە پارتی و یەکێتی بونیاتیان ناوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو ناوچەیەدا رابەرایەتی دەکات کە گروپی ئێزیدییەکانی تێدا دەژی. ئەم هەرێمە لەژیر باڵادەستی دوو دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیی لوکاڵییدا بووە بە رووبەری ھەیمەنەی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی حیزبیی. زمانی خوێندنی کوردییان کرد بە دوو دیالێکتی جیاواز، رەمزە نیشتیمانییە هاوبەشەکانیان نەھێشت، خەیاڵی سیاسی هاوبەشیان وێرانکرد، نموونەیەکمان نییە بەناوی سەروەری نیشتیمانیی ھاوبەش و سەرکەوتنی هاوبەش، تاوەکو ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان شانازیی پێوەبکەن. ھەرچی شکستە سیاسیی و نیشتیمانییەکانیشە کردوویانە بە موئامەرەی حیزبیی و دەیخەنە ملی یەکتر. مێژووی گەلەکەیان و ئابوریی نیشتیمانییان کردووە بە مێژوو و ئابووری حیزبیی و خێزانیی. پێشمەرگەیان کردووە بە لەشکری حیزبیی و شەهیدەکانیش ھیچ مانایەکی نەتەوەییان نەماوە، بەڵکو کراون بە مێژوو و موڵکی حیزبیی. ئەم پرۆسەی دابەشبوونە لە دەزگاکانی میدیا و راگەیاندنەوە دەستپێدەکات درێژدەبێتەوە و تادەگات بە کایەی وەرزش و تەنانەت کۆمپانیای مۆڵەتی تەکسیش کە ھەرھەمووی کراون بە موڵکی تایبەت و حیزبیی و لە رەھەندی نیشتیمانیی دابڕێنراون. بەکورتیی ھەموو سەرمایە ھەقیقەیی و رەمزییەکانی ئەم کۆمەڵگایە لە سەرمایەی نیشتیمانییەوە کراون بە سەرمایە و رەمزی حیزبیی. لەئەمڕۆشدا ھیچ لایەک لەم دوو حیزبە ناتوانن ئەم خانمە بکەن بە سەرمایەی حیزبیی خۆیان، چونکە ھەر ئەو کولتوورە لە حیزبییکردن دەناسن و ھەر ئەو میکانیزمە حیزبییەش لە نیشتیمانییکردن دەناسن، بۆیە خەڵاتەکەی نادیە مورادیش بووە بە سەرمایەی رەمزیی گروپەکەی خۆی و ئەو مرۆڤانەی کە تێگەیشتنێکی جیاوازتریان بۆ کوردبوون ھەیە وەک لە تێگەیشتنی پارتی و یەکێتی. نادیە موراد تەنھا چیرۆکی تراژیدیی خانمێکی ئازای کەموێنە نییە کە مێژووی جینۆسایدکردنی ئەم گروپە ئاینییەی کوردستانی باشووری بە جیھانی دەرەوە ناساند، بەڵکو لەھەمانکاتدا ھەڵگری رەگەز و ماکی چیرۆکی دابڕانێکی ئاینیی و کولتوورییشە لە جەستەی کۆمەڵگای کوردستان کە ئەگەر و ھێزی ئەوەی تێدایە لەداھاتووی دووردا بکرێت بە سەرمایەیەکی رەمزیی و دابڕانێکی ئەتنی و سیاسییش لە کوردبوون بەرھەمبھێنێت. ھەر ئەم راستییەشە وامانلێدەکات بڵێین نادیە موراد ھەڕەشە نییە لە سەر کوردبوون، بەڵکو ھەڕەشەیە لەو مۆدێلە ناسیۆنالیستییە ھەرێمییەی کە پارتی و یەکێتی لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستانی باشووردا بەرھەمیان ھێنا. نادیا موراد نوێنەری دابڕانێکی ڕەمزییە لە جەستەی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و وەڵامی نائومێدبوونێکی سیاسییە لە کوردبوون بەو مانایەی کە حومکڕانێتی پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییدا بەرھەمیانھێنا. ئەم پرۆسەیە ھێندەی پەراوێزخستن و تەرەکردنی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی ئەم گروپەی بەرھەمھێنا، ھێندە نەیتوانی ئامێزانیان بکات. ھێندەی بەتەنھا بەرامبەر بە جینۆسایدکردن بەجێھێڵرا، ھێندە نەتوانرا بەرگریی لێبکرێت. ھێندەی لەپێناو مەرامی سیاسییدا سازشی پێکرا، ھێندە نەتوانرا بپارێزرێت. ئەوە راستە کە بەعسیزم لەرابردوودا ھەموو ھەوڵێکی دا بۆئەوەی ئەم گروپە لە کورد جیابکاتەوە، بەڵام ئەزموونی ئەم دەسەڵاتدارێتییە کوردییە لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەی حوکمڕانییدا خۆی بووە ھۆکاری سەرەکیی دابڕانی کولتووریی ئەم گروپە، چونکە نەک ھەر نەیتوانی لە ھەڕەشەی جینۆسایدبوون لەسەردەستی داعش بیانپارێزێت، بەڵکو پێشتر کاری لەسەر قووڵبوونەوەی ئەم دابڕانە دەکرد و ئێزیدیی وەک ھاونیشتیمانیی پلەدوو مامەڵەدەکرد. ئەم پرۆسەی چەوساندنەوە و پەراوێزخستنە کولتووریی و ئاینییەی ئێزیدییەکان لەناوچەکانی خۆیان و لەژێر ھەیمەنەی پارتیدا، بوو بە ھۆکاری پەرتەوازەبوونیان لە شارەکانی تری ھەرێم و عێراق و دەرەوەی وڵات بۆئەوەی ھەلی کار دابینبکەن و ژیانێکی پارێزراوتر و باشتر بۆخۆیان مەیسەر بکەن. پاش جینۆسایدکردنیان لەلایەن داعشەوە و ھەڵھاتنی ھێزی پێشمەرگە و بەرگریی لێ نەکردنیان، ئەم پرۆسەیە قووڵتر بووەوە و بوو بە برینێکی ئەنترۆپۆلۆژیی لای ئەم گروپە و ئەزموونێکی تاڵی سیاسیی و کولتووریی لەتەک کوردبووندا. پرۆسەی ئەتنیبوون، پرۆسەی بەرھەمھێنانی چەند وێنا و حیکایەتێکە دژ بە پەراوێزخستن و چەساندنەوەی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووریی کە لەمەودای دووردا دەتوانێت ببێت بە ستراتیژێکی سیاسیی و پرۆسەی دابڕانی کۆمەڵایەتیی و جوگرافیی بەرھەمبھێنێت. ئەزموونی کورد وەکو گەل، خۆی بەرھەمی ئەم پرۆسەیەیە، چونکە گەر کورد نەچەوسابایەتەوە و ھەڕەشەی جینۆسایدی لەسەر نەبایە و وەک ھاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا نەکرابایە، شتێک لەدایک نەدەبوو کە ناوی ناسیۆنالیزمی ئەتنی کوردیی بێت لەپارچەکانی کوردستان. ھەمان پرۆسەش لەمڕۆدا رووبەڕوی ئێزیدییەکان دەبێتە، چونکە گروپێکن کە نە دەسەڵاتدارێتی ھەرێمی کوردستان و نە دەوڵەتی نوێی عێراق نەیانتوانی وەکو ھاونیشتیمانییەکی ھاوماف و ھاوبەش مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و لە ھەڕەشەی جینۆسایدی داعش بیانپارێزن و رزگاریانبکەن. ھەروەکو چۆن ئێمەی کورد کاوەی ئاسنگەر و لەیلا قاسم و مامەریشەمان ھەیە، لەئەمڕۆشدا ئێزیدییەکان چەند رەمزێکیان ھەیە، کە دەتوانن ھەموو چرکەساتێک ئەکتیڤی بکەن و وەکو سەرمایەیەکی کولتووری و سیاسیی بەکاریبھێنن و بیخەنە ناو پرۆسەی دابڕانێکی سیاسیی ئەتنییە. یەکێک لە رەمزە ھەرە گەورە و کاریگەرەکانیانشیان لەمڕۆدا کە رەھەندێکی نێونەتەوەییشی وەرگرتووە، نادیە مورادە. نەتەوە پێویستی بە حیکایەت ھەیە، ئەمڕۆ نادیا موراد یەکێکە لەو حیکایەتانەی کە ھەم کوردبوونێکی تر لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەتوانێت بیکات بە بەشێک لە سەرمایەی رەمزیی و مێژوویی خۆی، ھەم ئێزییەکانیش دەتوانن بیکەن بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی سیاسیی و سەرمایەیەکی رەمزیی بۆ خۆدابرانیان لەو مۆدێلە ناسیۆنالیسییە شکستخواردووەی کە پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا بەرھەمیانھێنا. ھەربۆ وەیادخستنەوە، من لە یەکەم لێکۆڵینەوەم بۆ چەمکی نەتەوە و گروپە ستراتیژییەکان لە ساڵی 1996 شیکاری ئەگەری پرۆسەی بەئەتنییبوونی ئێزیدییەکانم کردووە و لەم کۆتاییەشدا لە 2014دەدا و بەتایبەت لەدوای پرۆسەی جینۆسایدکردنیان لەلایەن داعشەوە ئەم ئەگەرەم جارێکی تر تاووتوێکردووە. ڕاڤەی ئەوەم کردووە کە ئێزیدییەکان وەکو گروپ ھەموو کەرەسەکانیان بۆ ئەم پرۆسەیە لەبەردەستدایە، بۆئەوەی دابڕانێکی کولتووریی و ئاینیی و سیاسییش بەرھەمبھێنێت. زانستی سیاسەت ئەو ڕاستییە تیۆرییەی سەلماندووە کە ھەر کاتێک گروپێک یەکەم حیزبی سیاسیی تایبەت بەخۆی دروستکرد، دەتوانێت ئەکتیڤانە دەستکاری چەمکی نەتەوە بکات و پرۆسەی ئەتنییبوون وەگەڕبخات. لە ڕووی تیۆرییەوە ئێزیدییەکانیش لە جینۆسایدکردنیانەوە و لە دوای نادیە مورادەوە خاوەن سەرمایەیەکی سیمبوڵی گەورەی مێژوویین، ھەموو رەگەزەکانی پرۆسەی ئەتنیبوون و خۆدابڕانیان لە کورد تێدایە، چ لە ڕووی ئایینییەوە، چ لە ڕوی جوگرافییەوە و چ لە ڕووی بوونی نادادی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تادەگات بە پرۆسەی جینۆسایدکردنیان. شایانی باسە کە دەرھاویشتەی ئەم پرۆسەی پەراوێزخستن و تەرەکردنە تەنھا بەئەتنیبوونی ئێزیدییەکان نییە، بەڵکو بەپلە و چڕیی جیاواز ھەورامییەکان و زازاییەکان و کاکەییەکان و چەندین گروپی تریش دەگرێتەوە کە لەداھاتوودا ھەڵگری ئەم ئەگەرەن. لەمڕۆشدا نادیا موراد دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی سەرمایەیەکی رەمزیی دروستکرد کە دەشێت پرۆسەی دابڕانی ئەم گروپە قوڵتربکاتەوە و ماڵئاوایی لەو مۆدێلە فاشل و شکستخواردووە لە کوردبوون بکات کە پارتی و یەکێتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمیانھێنا. بۆئەمەش جگە لەو مێژووە درێژە تراژیدییەی کە لەگەڵ چەوساندنەوەی ئایینی و کۆمەڵایەتییدا لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی عێراقیی و کوردییدا ھەیانە، خاوەن مێژوویەکی تایبەتمەندی جینۆسایدیشن لەسەر دەستی داعش. بۆئەوەی ئەم سەرمایە رەمزیی و تراژیدیا ئینسانییەش بکەن بە ستراتیژێکی سیاسیی بۆ خۆدابڕانی ئەتنیی، پێویستیان بە رۆشنبیر و حیزب و رێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەیە کە نوێنەرایەتییان بکات و مێژووی تایبەت بەخۆیان بۆ بنووسێتەوە و وشیاری دەستەجەمعییان بۆ بەرھەمبھێنێت و کار لەسەر ئەکتیڤکردنی ئەم پرۆسەیە بکات. ئەو فاکتە سۆسیۆلۆژیی و سیاسییانەی لەبەردەستماندان، وامان لێدەکەن نەک تەنھا رەخنە لەو دیدگا ناسیۆنالیستییە کاڵفامە بگرین کە ئێزیدییەکان بە کەمکورد و بە موئامەرەچیی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی دەبینن، بەڵکو پرۆسەی ئەتنییبوونی ئێزیدییەکان وەک دەرئەنجامی شکستی ئەزموونی ئەم مۆدێلە لە ناسیۆنالیزمی کوردیی تەماشابکەین کە نەیتوانی وێنەیەکی نوێ لە شوناس و وێنایەکی نوێ لە کوردبوون بەرھەمبھێنێت و پێشکەشی ئەم گروپە زوڵملێکراوەی بکات، تاوەکو وەلائەتی بۆی ھەبێت و ھەستبکات کە ھاونیشتیمانییەکی ھاوماف و ھاومێژوو و ھاوخاک و ھاوچارەنووسە و دەبێت لەھەموو چەوساندنەوەیەکی ئایینی و ھەڕەشەیەکی جینۆسایدکردن بپارێزرێت.
■ دانا هەڵەبجەیی ئەمڕۆ زۆربەی میدیاکانی جیهان، هەواڵی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بڵاوکردەوە، کە پێشکەش بە خاتو نادیە مورادکە قوربانییەکی دەستی توندوتیژی و شەڕانگێزیی سێکسییە لە عێراق و دکتۆر دێنس مۆکویگە، کە ڕزگارکاری ژنانی قوربانیی دەستدرێژی سێکسییە لە کۆنگۆ، کرا. هەندێک سەرکردەی باشور و کورد کە جاران ئەیانویست بیکەنە خۆراکی ڕیکلامی حیزبیی خۆیان، و هەندێكی تریش کە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی دۆزەکەی بۆ دەسکەوتی حیزبی، ویستیان بەکاری بهێنن. بەڵام ئەم خاتونە نەچووە ژێربارییان، هەر بۆیە لە باشور پێشوازی و خێرهاتنیان نەکرد. کەچی ئیستا لە ماراسۆن و هەڵپەی و پیرۆزباییدان و خۆیان ئەکەنە خاوەنی ڕزگاربوونی و سەرکەوتنەکانی،،،. من زۆر لام ئاساییە، چونکە لە سیاسیەت ئاوایە؛ سەرکەوتن زۆر باوکی هەیە و شکست بێ باوک و هەتیوە، هەربۆیە پیرۆزباییەکانی سیاسی و سەرکردەکان، بڵقی ئاوە و بەندوداوە. زۆر لە خەڵک و کەسایەتی و نوسەر و ڕۆژنامەوانیش، هەریەکە بە دیدگەی خۆی شایەستەگی و پیرۆزبایی بۆ گوزارشت ئەکات،،،. بەڵام ئەوەی توشی وڕمان و سەمەرەی کردم، ئەو کۆمەڵە نوسەر و ڕۆژنامەوان و خەڵکە سادەن، کە گلەیی لە خاتو نادیە موراد ئەکەن، تەنانەت تا ئاستی تاوانبارکردنیشی، کە گوایە ئەم خاتونە کورد نییە، نەیوتووە کوردم، بە کوردی نانوسێت و نائاخافتوە، یاخود زۆر لەخۆباییانە خەڵاتی نۆبڵ بێ بەها ئەکەن، بە سیاسەتی ڕۆژئاوا و ئیمپریالیزمی ئەزانن!، لە دژی ئیسلام. ئەم کچە داماوە جگە لەوەی شەش برا و دایکیشی بەدەستی داعش کوژران، خۆیشی قوربانییەکی دەستی دەستدرێژی سیکسی دڕندانەی پیاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو. کەچی هێشتا تاوانباری ئەکەن کە بۆ خۆی بە کورد نازانیت وەک ئێزیدییەکی باکوری عێراق ناوزەندیان کردووە،،،. ئاخر خۆ ئەو و کەسوکارەکەی لەبەر ئەوە پەلامار نەدراون کە عەرەب نین، بەڵکو لەبەر ئەوە خۆی و خەڵکەکەشی ئەنفال کران کە موسڵمان نەبوون. نادیە موراد خاوەنی ئاینێکە کە پەرتوکە پیرۆزکەی (مەسحەفا ڕەش) بە کوردی نوسراوە، ئیتر چ کەچفامێک ئەتوانێت لە کوردبوونی بێ بەری کات؟. هەرچەند داعش داب و نەریتی دورگەی عەرەبی و پەیامی ئاینێکی بە عەرەبی نوسرای هەڵگرتبو، بەڵام پەلاماری شەنگالی نەدا لەبەر ئەوەی عەرەب نەبون یان عەرەبییان نەزانییوە، ئیتر بۆ ئەم هەڵچونە نەژادپەرستی و قەومچییە، بەو کڵۆل و هەناوسوتاو و بێ باوانە ئەڕژن.... بۆ لە ناو داعشدا کوردی کەم هەبوو، کە بە بەرگ و بە زمانی کوردی، پەیامی پەیامبەریان ئەگەیاند و خەڵکیان سەرئەبڕی؟. پێشمەرگە وەک دۆخی جەنگ و ڕوبەروبونەوە و ئازادمەندانی گەلەکەی لەگەڵ داعشدا لە شەڕدا بوو، نەک وەک قوربانی و قۆچ و بەکەنیزەکراو، هەربۆیە حکومەتی سوریاش کە عەرەبن لە دژی داعش لە شەڕدا بوون، وەک پێشمەرگە،،. ئیتر بۆ ئەیکەن شەڕی کورد و عەرەب؟. تۆ ئەوەندە نەتەوەپەرەستی، جارێ بڕۆ دابونەریتی بەزۆر سەپێنراوی دورگەی عەرەب لە خۆت بکەرەوە، ئەوسا بانگی کوردایەتیە خەڵەفاوەکە بدە بەگوێماندا. ئەی هەر کوردایەتە نەبوو کە سەدان هەزاریان بۆ بەکوشتدا، و هەزارانی تریشی کردوەتە ملێونەر، ئیتر بۆ داوا لەو سەرزلانە ناکەن کە کوردایەتی کردونی بە سوڵتان، خەڵاتی ئاشتیتان بۆ فەراهەم بکات. چیتان داوە لە کچە ئەتکراوێکی دەستی داعش؟. ئەی ئەوە نییە، هەر وەک چۆن کەنیسەی فەڵەکانی بەغدایان ئەتەقاندەوە، چونکە موسڵمان نەبون، ئاواش بەتەمابوون لە نزیک کەرکوک پەلاماری کاکەییەکان بدەن و بە سەبایا و کەنیزە و ئەنفالیان بکەن، نەک لەبەر ئەوەی کوردن، بەڵکو دیسان لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نەبوون و نین. کەسێک کە ئێزیدی بێت و خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، وەک قوربانییەک، وەک بەزییەک، وەک ئەوەی سەرەڕای مردنی گیانیی خۆشی، کەچی وەک چالاکوانێک دەنگی کچان و ژنانی هاوشێوەی خۆی و گەلەکەی کە ئێزیدین، بە دونیا گەیاندووە، ڕوی ڕاستەقینەی داعشی بە دنیا ناساند، بۆ ئەبێت ئیرەیی پێ بەریت و تاونباری بکەیت کە بە سۆرانی قسەی نەکردووە!،،،. ئاخر کەسێک دەردی و ئازاری ئەنفال و ژەهرە ئاسمانیی هەڵەبجەی نەچشتبێت، لە ئاگری ناو دڵی نادیەش ناگات،،،. ئایا وەک مرۆڤێک(بێ دەمارگیری قەومچییەتی) مافی خۆت نییە کە شایستەگەی ئەو خەڵاتە بەڕوا بزانیت، کە دراوە بە کیژێک و خانمێکی پێشێلکراوی دەستی هەوەسی جاهیلیانەی مرۆڤە دڕندەکان؟. هەر کیژێک بۆ خولەکێک، خۆی بخاتە جێی خاتو نادیە، نەک خەڵاتی نوبڵ، گەنجی قارونیش بدەرێ، ئەو ئازاری کزەی جەرگەی خامۆش ناکات. تکایە بۆ خولەکێک بیر لە کارەساتەکەی نادیە بکەرەوە و هیچی تر مەڵێ، چونکە ئەوە بەنرخترین خەڵاتە بۆی،،،. . 05/10/ 2018 لاهای
■ ئیسماعیل خورماڵی هەفتەیەکە دەیان تەلەفۆن و سەدان نامە و کۆمێنتم بۆ هاتووە داوا دەکەن کە ئەنجامەکان واژۆ نەکەین، چونکە ساختەکاری کراوە و وەک تەنها بژاردە لێی دەڕوانرێت. بەو پێیەی ماستەرم لەکاگێڕی ستراتیجی هەیەو، یەکێک لەو بابەتانەش کەزۆر حەزم لێیەتی و بەخوول دەیڵێمەوە بیرکردنەوە ستراتیجیە، بۆیە بەکورتی حەز ئەکەم سەرنجی خۆم لەو بارەیەوە بخەمەڕوو: ئێمە چ بژاردەیەکمان لەبەردەستە؟ بژاردەی یەکەم: ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان و واژۆ نەکردنی، ئەوەی زۆرینەی خەڵکی داوای دەکات،،، ئەنجامەکەی: دەبینە پاڵەوان و ماوەیەک میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەرم دەکەین، ئەنجامەکانیش وەک ئەوەی بەغداد بەکۆمەڵێ لەف و دەورانی یاسایی و پەرلەمانی و دادگا و هەڵای میدیاییدا دەڕوات و لەکۆتاییدا وەزعەکە وەک دەیان ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستان و سودمەندی یەکەم ساختەکارانە. بژاردەی دووەم: بەجدی و بوێرانە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی ساختەکاریەکان، یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان و بەدواداچوونی کەمووکوڕییەکان. بەکورتی پوچەڵ کردنەوەی دەنگە ساختەکان، نەک سندوقەکان، چونکە پوچەڵکردنی سندوقەکان نادادگەرانەیە، دەنکی حەڵاڵ نابێت بسوتێت بەهۆی دەنگی حەرامەوە. ئەنجامەکەی: دەنگی ساختەکاران دەسوتێت و بەشێک لەمافی خەڵکی دەگەڕێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی زۆر جیاواز دەبێت لە ئەنجامە بەراییەکان... واتە ژمارەی دەنگ و کورسیەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ هاوکێشەکان بگەڕێتەوە. بەڕای من، بژاردەی دووەم ئەرکی سەرەکی ئێمەیە. ئەگەر بتوانین بەوکارە هەستین کۆمەڵە خاڵێکی ئەرێنی دەبێت وەک: ۱- یەکەم جار دەبێت لەمێژووی عێراق و کوردستان کۆمسیۆن پیشەییانە کار بکات و گۆڕانکاری لەئەنجامەکان بکات. ۲- بەرپاکردنی جۆرێک لەدادگەری و گەڕاندنەوەی ئومێد و هیوا بۆ خەڵکی بەپرۆسەی هەڵبژاردن. ۳- دامەزراوەیەکی بەهێز و پیشەیی بونیاد دەنرێت کەزۆر گرنگە بۆداهاتووی ئەم وڵاتە. ٤- ئاشتەوایی دروست دەکات و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاسان دەکات بەهیوای خزمەتی خەڵکی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان. چەندین خاڵی تری گرنگ کە نوسینەکە درێژ دەکاتەوە... بۆیە بەباشی دەزانم تا ئەو شوێنەی بوار دەبێت و لەتوانادایە، ئیمە کار لەسەر بژاردەی دووەم بکەین، ئەوە ڕێگا دروست و تەندروستەکەیە بۆ کارو خزمەت. هەرکات بەبنبەست گەیشتین و نەمانتوانی بەو ئەرکە هەستین، ئەو کات بیر لەبژاردەی یەکەم و هەر بژاردەیەکی تر ی گونجاو بکەینەوە... وێنەکە: لیژنەی باڵای سکاڵاکان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. کەتەنها لەکۆبونەوەی ئەمڕۆ ٥۸ سکاڵای سور و زیاتر لە ٥۰ سکاڵای سەوز و هەمان ژمارەش زەرد هەبوو لەهەولێر ، کە دەیان هەزار دەنگ پووچەڵ دەکاتەوە. بەئومێدی کوردستانێکی بەهێز و ئارام و بەراکردنی چاکسازی و ئاشتەوایی و گەشەپێدان و نوێبوونەوە. * ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم
■ مەریوان وریا قانع ھەموو ئەوانەی وادەزانن بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە نادیە موراد بەخشینیەتی بە یەکێک لە قوربانییەکانی داعش بەھەڵەداچوون، ھەڵەیەکی گەورەش. ئەم خەڵاتە بە قوربانییەک نەدراوە کە ھێزێکی ترسناک بێبەزەییانە و بە مەبەستی وێرانکردنی جەستە و شێواندنی ڕۆحی دەستدرێژێ کردۆتە سەر. شوناسی نادیە موراد لە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا شوناسی قوربانیی نییە، شوناسی ژنێک نییە کە بەزەییپیاھاتنەوە ستراتیژیی دەرکەوتن و ئامادەبوونی بووبێت لەبەردەمی دونیادا. بە پێچەوانەوە ئەم خەڵاتە بە ژنێک دراوە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا سەرکەوتوە و بووە بە بکەرێکی چالاکیی ناو ڕووداوە کارەساتاوییەکانی ژیانی خۆی و ژیانی سەردەمەکەی، بووە بە بوونەوەرێکی خاوەن بوێریی و چاوقایمییەکی کەم وێنە، بە کەسێک خاوەنی زمانێکی ئینسانیی بۆ گێڕانەوەی حیکایەت و وردەکاریی برینە ترسناکەکانی. نادیە موراد بە تەنھا قوربانیی نییە، ئەسڵەن ئەم ژنە کەسێک نییە تەسلیم بە قوربانیبوون بووبێت و لەناو ڕۆڵ و پێگەی قوربانیدا چەقیبێت، نەک ھەر ئەمە بەڵکو تەسلیم بە قەدەری ژنبوون و یەزیدییبوونیش نەبووە و ھیچ یەکێک لەم دووانە وایان لێنەکردوە بێدەنگ و بێجوڵە و بێحیکایەت و شەرمن و سەرکز بێت. نادیە موراد نموونەی ژنێکی ھێجگار بوێر و ئازایە کە ھەم ئیرادەی گێڕانەوەی کارەساتەکانیی ھەیە، ھەم زمانێکیشی ھەیە توانای ئەوەی ھەیە گێڕانەوە ئەو کاراساتەنە بکات بە ڕووداو، ھەم خاوەنی ئیرادەیەکە کە دەیکات بکەرێکی چالاک و کەموێنە و نەترس. مێژووی ئێمە و ناوچەکە پێویستیەکی حەیاتیی گەورەیان بەمجۆرە بکەرانە ھەیە، پێویستیان بە کەسانێکە نە ترسی سیاسیی و نەترسیی دینیی و نەترسیی کولتوریی نەتوانێت بێدەنگیان بکات. کەسانێکی قسەکەر کە زمان وەک دینامیت بەکاربھێنن و بوێری ئەوەیان ھەبێت برینەکانیان بگڕێنەوە و گێڕانەوەکانیش بگۆڕن بۆ ڕووداو. سڵاو لە نادیە مورد کە ھەموو ھێزە کۆنەپەرست و ترسنۆکەکانی دونیای ئێمە لێیئەترسن. سڵاو لە قوربانییەک کە لەڕێگای قسەکردنەوە قوربانیبوونی خۆی ناشت و زمانێکی بە دونیا بەخشی بۆ تێڕامان و گوێگرتن و لێکدانەوە لە کارەساتەکانی. ئەم خەڵاتە دیارییەک نییە بە نادیە مورادی قوربانیی دراوبێت، بەڵکو دانپیانانێکە بەو نادیە مورادە کە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا زاڵبووە. جارێکی تر سڵاو کەم ژنە ئازایە.
■ ئومێد جاف کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەیاسایی ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٤) دامەزراوە، پەیرەوی ناوخۆی ئەم کۆمسیۆنە لەلایەن ئەنجومەنەکەی دارێژراوە و پەسەندکراوە و بەفەرمی لە وەقایعی کوردستان بەژمارە (١٨٧ لە ١٤/٥/٢٠١٥) بڵاوکراوەتەوە. واتە پێویستە ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە چوارچێوەی یاساو پەیرەی ناوخۆ بریارەکانی دەربکات. یاخود مافی هەمواری پەیرەویان هەیە بەمەرجێک پێچەوانەی بنەماکانی یاسا نەبێت، هەموارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن لە دوای ئەوەی لە وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. لە یاساو پەیرەوی ناوخۆی کۆمسیۆن دەقێک نەهاتووە کە ماف بدات بە ئەنجومەنی کۆمسیۆن باس لە پەسەندکردن یان نەکردنی ئەنجامە سەرەتاییەکان بکات، بەڵکو کۆمسیۆن وەک لایەنی جێبەجێکار کاری ئاشکراکردنی ئەنجامە نەک پەسەندکردن یان نەکردن. لەبەر ئەوەی کۆمسیۆن بە یاسا بێلایەنە و کاری جێبەجێکردن و راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایو کۆتایی و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکانە، سەرجەم ئەم قۆناغەکان رێکاری تایبەتی بۆ دیاریکراوە کە بە دەنگی کەمینەو زۆرینەی ئەنجومەن یەکلایی دەکرێتەوە. لایەنی زەرەرمەند مافی هەیە تانە بدات لەبریاری کۆمسیۆن لەبەردەم دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردن لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان، بریاری دادگا کۆتاییە بۆیەکلایی کردنەوەی کێشەکان. بریاری کۆمسیۆن بە ژمارە (٥٥ لە ٢٩/٩/٢٠١٨) لە برگەی (٥) کە باس لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی (٣/٢) ئەنجومەن، یەک ناگرێتەوە لەگەڵ بنەماکانی یاسای کۆمسیۆن و پەیرەوی ناوخۆ، چونکە دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆن بە حصری هاتووە لە ماددە (٥) یاسای کۆمسیۆن و ماددە (٣) لە پەیرەوەی ناوخۆی کۆمسیۆن، کە پێویستە لە هەموو قۆناغێک بریاری یەکلایی کەروەوەی هەبێ ئەنجومەن، ئەگەر ئەندامێک خۆپارێزی هەبێ لە بریارێکی ئەنجومەن دەتوانیت خۆپارێزیەکەی بە نوسین پێشکەش بە ئەنجومەن بکات و هاوپێچی کۆنوسی کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکرێت. بەپێچەوانەوە بەئیلزامی لە ماددە (٣٧)ی یاسای هەڵبژارد ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەموارکراو هاتووە کە کۆمسیۆن رێژەی سەدی هەرقەوارەیەک بەدەستی هێناوە لەگەڵ ژمارەی کورسیەکانی رادەگەیەنێت، هەروەها ناوی پاڵیوراوە سەرکەوتووەکان رادەگەیەنێت. هەروەها بە ئیلزامی لە ماددە (٤ برگەی ٩)ی یاسای کۆمسیۆن هاتووە ئاشکراکردنی ئەنجامە سەرەتایەکان بەمەرجێک لە (٧٢) کاتزمێر تێپەر نەکات. بۆیە لە ئێستادا پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن هەوڵی تەواو بدەن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو سکاڵایانەی کە لەلایەن هاوڵاتی و قەوارەسیاسیە بەشدارەکان پێشکەشکراوە، لەگەڵ بە دواداچون بۆ ناوەرۆکی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان، وردبینیکردنی تەواو پێش ئەوەی بریای قبول یان ردکرنەوەی سکاڵاکان بدەن. پارێزەرو شارەزای بواری هەڵبژاردن ئومید حمەرشید جاف
■ سەرتیپ وەیسی كەریم دوای ئهوهی ئهنجومهنی كۆمسیارانی سهر به كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان و ڕاپرسی ههرێم، به چهند مانگێك بهر له ههڵبژاردنی 30ی ئهیلولی پهرلهمانی كوردستان، بڕیاریدا بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان له ڕۆژی دهنگدان تهنها یهكێك له بهڵگهنامهكانی ( پاسهپۆرت، نفوس، ڕهگهزنامهو، كارتی نیشتمانی ) بهكاربهێنرێت، ههریهك له پارتی و یهكێیتی ئامادهكارییان دهستپێكرد، بهمهبهستی دروستكردنی نفوس و ڕهگهزنامهی ساخته. بهر له مانگێك زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستانی به ههزاران ڕهگهزنامهو نفوسی بهیهكهوه ساخته كرد، لهبهرامبهردا یهكێتیی نیشتمانی كوردستانیش به تهنها زیاتر له 150 ههزار ڕهگهزنامهی ساختهكرد، بهبێ نفوس. بهپێی زانیارییهكانی یهكێتیی، پارتی زیاتر له 200 ههزار ڕهگهزنامهو نفوسی بهیهكهوه ساختهكرد بۆ ڕۆژی ههڵبژاردن، پارتیش زانیاری تهواوی ههبوو یهكێتیی 150 ههزار ڕهگهزنامه ساختهكردوه بهم شێوهیه: 120 ههزار ڕهگهزنامه بۆ سهرۆك لیست و 30 ههزاریش بۆ كاندیدهكانی دیكهی حزبهكهی. پارتی زانیاری تهواوی ههبوو یهكێتیی دهیهوێ له ڕێگهی ( ئاسایش و دهزگای دژه تیرۆر، چهند دهزگایهكی دیكهی سهربازی) ساختهكاری بكات، بهوهی ههركهسێك له كارمهندانی ئهو هێزانه خۆیان و خانهوادهكهیان له چهندین بنكهو وێستهگهی جیاواز ههریهكهیان چهندین جار دهنگ بدهن، بۆ بهرگهگرتن لهم ههوڵهی یهكێتیی و بهتاڵكردنهوهی پلانهكهیان، پارتی ڕێگهو پلانی خێراو جیاوازی گرتهبهر. لهگهڵ ههوڵی شكستهێنان به ساختهكارییهكهی یهكێتی، پارتیش له سنووری خۆیدا پلان و ئامادهكارییهكانی بۆ ئهنجامدانی پلانی ساختهكاری، له سهدان بنكهو وێستگهی دهنگدانی لاچهپ و شاراوه به تهواوی ئامادهبوو. شهوێك بهر له ههڵبژاردن ( 29ی ئهیلول) پارتی دیموكراتی كوردستان، له ڕێگهی نوێنهرهكانیهوه كۆمسیۆنی لهو پلانهی یهكێتیی ئاگاداركردهوه، بۆئهمهش هانی ههریهك له ئیسماعیل خورماڵی ، ئهندامی ئهنجومهنی كۆمسیاران و نوێنهری یهكگرتووی ئیسلامی و ڕێزان حهمهڕهشیدی له گۆڕاندا، تاوهكو داوای كۆبوونهوه ئهنجومهن بكهن و لهوبارهیهوه بڕیارێ نوێ دهربكهن و، بهر لهو ساختهكاریه گهورهیه بگرن، پارتی توانیشی قهناعهت بهو كهسانه بێنێت ، بهڵام ئهو نوێنهرانهی گۆڕان و یهكگرتوو نهیاندهزانی پارتی بۆئهمه ئامانجی دیاریكراوی خۆی ههیه، كه فهشهل هێنانه ساختهكاریهكهی یهكێتیه. دوای ئهوهی ئهنجومهنی كۆمسیاران به چهند كاژمێرێكی كهم بهر له ڕۆژی دهنگدان و درهنگانی شهوی 29ی ئهیلول، به بێ ڕهزامهندی یهكێتیی لهوبارهیهوه كۆبوونهوهو كۆمهڵێك بڕیاریان دهركرد، یهكێك له بڕیارهكانیش ئهوهبوو: كه پێویسته له ڕۆژی دهنگدان نفوس و ڕهگهزنامه بهیهكهوه بهكاربهێنرێت، بهمهش ههوڵهكهی یهكێتیی بۆ ساختهكاری شكستیپێهێنرا له لایهن پارتيیهوه به هاوكاری گۆڕان و یهكگرتوو. یهكێتیی ههمان شهو له ڕێگهی سهرۆكی لیستهكهی و مهكتهبی ههڵبژاردن ڕایگهیاند: ئهوه گهلهكۆمهی پارتیيه له دژی یهكێتیی بۆئهم كارهشیان نوێنهرانی گۆڕان و یهكگرتوویان بهكارهێناوه. له دوای بڕیارهكهی كۆمسیۆن، یهكێتیی له ڕێگهی (...) پهیوهندی به ههریهك له ( نێچیرڤان بارزانی و عومهری سهید علی و علی باپیرو سهڵاحهدین بهائهدین) كرد، تاوهكو فشار لهسهر نوێنهرهكانیان بكهن له كۆمسیۆن، بۆ ڕهتكردنهوهی ئهو بڕیاره بهپهله، بهڵام سهركهوتوو نهبوون. درهنگانی ههمان شهو (29 ئهیلول) دوای ئهوهی یهكێتیی بێئومێد دهبێت لهو چوار حزبه، پهیوهندی به پارتی دیموكراتی كوردستان دهكهن و پهیامی خۆیان دهگهیهنن، بهوهی بهیانی پڕۆسهی ههڵبژاردن له سنووری پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجه ڕادهگرن، بهڵام پارتی بێباكی خۆی نیشان دهدات و نایهته ژێرباری ههڕهشهكانی ئهو حزبه. دواتر سهرۆكی لیستی یهكێتیی به تیمهكهی و حزبهكهشی ڕادهگهیهنێت : تازه بڕیارهكه دراوهو دهبێ مامهڵهی لهگهڵدا بكهن و ڕهتكردنهوهی ئهستهمه. بهیانی 30ی ئهیلول ههڵبژاردن دهستیپێكرد پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوابوو: تازه گۆڵی خۆی له یهكێتیی كردوهو له سنووری خۆشیدا بهپێی پلانهكهی خۆیان و بهشێوازێكی ڕێكخراو ساختهكاریان ئهنجامدا، لهبهرامبهردا یهكێتیی له دوای عهسر ههوڵیدا ئهو كاره ئهنجامبدات، بهڵام به تهواوی سهركهوتوو نهبوو، ههربۆیهش ههڵسا بهجێبهجێكردنی پلانی Bی. بهر له چهند خولهكێك بهر لهتهواوبوونی پڕۆسهكه، یهكێتیی بهشێكی پلانهكهی بهوه جێبهجێكرد، كه تهركیزی خهڵك و لایهنه سیاسییهكان و كۆمسیۆنی به ئاڕاستهیهكی دیكهدا برد، ئهمهش دوای ئهوهی سهعدی پیره، وتهبێژی ئهو حزبه له بهغداوه ئهنجامی ههڵبژاردنهكانی ڕهتكردهوهو هێرۆ ئیبراهیم ئهحمهدیش بهیاننامهیهكی لهبارهی دژایهتی خۆی بۆ بهرههم ساڵح دهربڕی بۆ بوون به سهرۆك كۆمار. یهكێتیی له نیوهرۆی ههمان ڕۆژ له ڕێگهی د. رێبین، بهڕێوبهری گشتیی كۆمسیۆن دهستیكردبوو به جێبهجێكردنی پلانهكهی، لهسهرهتادا ئۆفیسی سلێمانی پهیوهندی لهگهڵ ئۆفیسی گشتیی له ههولێر بڕی و، هیچ داتاو زانیارییهكی نهنارد له نێویشیان ڕێژهی بهژداریكردن له سنووری سلێمانی. یهكێتیی له سنووری ههڵهبجه نهیتوانی كاری ساختهكاری ئهنجامبدات، بههۆی ئهوهی بهڕێوبهری گشتیی كۆمسیۆن لهو پارێزگایه سهر به كۆمهڵی ئیسلامی بوو. ئهو پهیوندیيهی ئۆفیسی سلێمانی و ئۆفیسی سهرهكی به پچڕاوی مایهوه، تاوهكو 3 كاتژمێر دوای پڕۆسهكه؛ واته تاوهكو كاتژمێر 9ی شهو ئۆفیسی گشتیی ئاگای له هیچ له داتاو زانیارییهكانی ئۆفیسی سلێمانی نهبوو. زانیارییهكان ئاماژهبهوهدهكهن: له ماوهی ئهو 3 كاتژمێرهدا هیچ كهس نهیدهزانی ڕێژهی بهژداریكردن لهو پارێزگایه چهنده، ههربۆیهش لهوماوهیهدا یهكێتیی توانی بهشێك له پلانهكهی جێبهجێبكات، ڕێژهی بهژداریكردنی هاووڵاتیانی سلێمانی بۆ له 54 % بهرزكردهوه، له كاتێكدا ئهو رێژه بهژداریكردنه بهدهربوو له ههموو پێشبینییهكان و، جگهلهوهش له (8ی بهیانی تاوهكو 12 نیوهڕۆ) بهپێی ئاماری كۆمسیۆن ڕێژهی بهژداریكردن لهو پارێزگایه له 9% بوو. پاش 3 كاتژمێر ئینجا لقی سلێمانی كۆمسیۆن دهستیكرد به ناردنی داتاو زانیارییهكان، ئهم ڕهفتارهی لقی سلێمانی كۆمسیۆن، بهشێك له ئهندامانی ئهنجومهنی كۆمسیارانی زۆر توڕهكردو، لهماوهی ئهو چهند كاتژمێرهدا له كۆمسیۆن شهڕو دهمهقاڵی لهنێوان نوێنهرانی لایهنهكان دروستبوو، نوێنهرهكهی یهكگرتوو لهگهڵ گۆڕان دوای پڕۆسهكه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیان دا سازكردو هۆشداریان لهوبارهیهوه دا. زانیارییهكان ئهوهدهخهنهڕوو: له ماوهی سێ كاتژمێرهی دوای كۆتایی پڕۆسهی ههڵبژاردن پارتی و یهكێتیی، كۆمهڵێك پهیوهندی تهلهفۆنی خێرایان لهگهڵ یهكدا ئهنجامداوهو، ههردووك لا چاوپۆشیان له زۆر مهسهلهی پهیوهست به ههڵبژاردن و ساختهكاری كردوهو، بارودۆخهكهشیان بهرهو ئاڕاستهیهكی هێمنتر بردوه، چونكه بههۆی لێدوانهكهی وتهبێژی یهكێتیی و ڕهتكردنهوهی ئهنجامی ههڵبژاردنهكان، دۆخهكه بهرهو ئاڵۆزی چووهو ههڕهشهی ههڵدانهوهی مهلهفی یهكتریان كردووه. بهپێی زانیارییهكان ههرچهنده یهكێتیی لهوماوهیهدا له جێبهجێكردنی پلانی دووهمدا توانی بهشێكی زۆر له ڕێژهی دهنگهكانی زیادبكات، بهڵام ئهو ساختهكاریيهی یهكێتیی له قۆناغی دووهمدا ئهنجامیدا، له ئاستی چاوهڕوانی ئهواندا نهبوو، نهشیتوانی شوێنی پلانی یهكهمیان بگرێتهوه كه پارتی شكستیپێهێنا. ئێستا كه ههڵبژاردن تهواوبووهو تاڕادهیهك ئهنجامه سهرهتاییهكان دیاره، پارتی به ڕێژهیهكی یهكجار زۆر له پێشهوهیه، یهكێتیی پێیوایه: پارتی پلانی ههبووه بۆئهوهی رێژهی كورسییهكانی گهیاندۆته (44 بۆ 45) كورسی، لهگهڵ ئهوهشدا 10 كورسی كۆتاو دوو كورسی لیستی سهردهم و سۆشالیستیش هی ئهو حزبهیه، چونكه پارتی ڕۆڵی ههبووه له هێنانی دهنگ بۆ ئهو لایهنانه، ئامانجی سهرهكی پارتیش ئهوهیه له حكومهت و پهرلهمانی داهاتوودا زیاتر دهستكراوه بێت. پارتی و یهكێتیی لهماوهی پێش ههڵبژاردن ناكۆكییی زۆریان ههبوو لهبارهی پۆستی سهرۆك كۆمار، بهڵام له دوای ئهو گهلهكۆمهی پارتی له دژی یهكێتیی، زیاتر پهیوهندییهكان بهرهو ئاڵۆزی ڕۆیشت، یهكێك لهو هۆكارانهی كه یهكێتیی له بهغدا كاندیدهكهی نهكشاندهوه پهیوهندی بهو شهڕهی پشت پهردهوه ههبوو، كه له ههڵبژاردندا له دژی یهك ئهنجامیاندا. ئهمه تهواوی ناوهڕۆكی چیرۆكهكه نییهو، كۆتایی چیرۆكهش نییه، هێشتا دونیایهك زانیاری لهوبارهیهوه شاردراوهتهو، مهگهر ههر پارتی و یهكێتی و خوا بزانن، لهماوهی ئهو 24 كاتژمێرهدا چی ڕوویداوه ؟! مافی بڵاوكردنهوهی پارێزراوه بهبێ ناوهێنانی سهرچاوهكهی ...
■ سەردەشت حەمەساڵح رێبازێكی دی، جیاوازە بۆ چەند نەوەیەكی راهێنراو بە چەمك و سیاسەتەكانی چەند دەیەی رابردو. بافڵلیزم، وێستگەیەكی نوێ بۆ سیاسەت و كاركردن. رەنگە زوبێ قسە لەسەر تەمەندرێژی بكرێ بۆ ئەم رێبازە، هەروەك زوشە قسە لەسەر باش بون یان باش نەبونی بكرێ. ئەم رێبازە، جۆرێ لە جوڵەو خەونی قەتیسماوی تیایە، كە پێشتر لەبەر بونی كاریزما یان كەسی یەكەمی حزب نەتروكاوە، بەڵام دوای نەمانی ئەوان دەرچەیان بۆ لواوەو تروكاون و پەلاماری خێران و بەرەو خەونی بیرلێكراوەو گەڵاڵەبو جەسورن. بەگشتی سەردەمەكە پێویستی بە جۆرێك لە سیاسەتی نوێ هەیە، بۆیە بافڵلیزم بازدانەكانیان بەسەر چەقبەستوییدا خێران، هەربۆیەش چاوەكان خراونەتەسەریان و لەسەریان وەستاون، بەتایبەت ئەم جوڵانەی بافڵ تاڵەبانی لە پرۆسەی سیاسی و كایەكەدا نوێن. نوێییەكە هەر لە جوڵەكانیدا نییە، بەڵكو رێبازەكە لەهێرش دەچێ، كە تیایدا پەلەكاری هەیە بۆ روخان و تواندنەوەی ئەو سەهۆڵە سیاسیەی لەوەوبەر كە بێزراوە! بەگورجی دەرگای خەونی رێبازەكە دەكرێنەوەو لە حەزی خەڵكیش ئاڵاوە. بەتایبەت بەرگێكی پێوەیە كە باوەڕی بە بونیادی باوك و دایكیش نییە، ئەم بێباكییە بۆ رابردو سەرنجبەرە! كاتێك كاری نوێ نمایش دەكات. لە چەند ساڵی رابردودا شەقام و نارەزایی هیچی لێ سەوز نەبو، بۆیە ئومێدەكە یان رونتر بڵێم تۆپەكە هاتۆتەوە یاریگای دەسەڵات، بۆیە بافڵ تاڵەبانی بە گۆڵكەری یاریگاكە دەبینرێت. باشترە ئەم رێبازە تەنها بەرامبەر ركابەرەكانی هەنگاو نەگرێتەبەر، بەڵكو گرنگتریشە كار لەسەر خودی ئەو ژینگەیە بكات یان ئەو حزبە بكات كە كارەكتەرە سەرەكییەكانی ئەم رێبازە تێیدا گەورە بون و ئێستا خاوەنی دەرفەتن. دەرفەتێك كە دەتوانێ كاریزمایی بەدەست بهێنێت. دوای رۆشتنی كەسە یەكەمەكان، ئاشكرا تر بڵێم، دوای كۆچی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، بێ مۆڕاڵی زەق بۆتەوە، سەنگەرگۆڕكێ سانا بوە، سەوداكاری بە كەسیەتیەوە بڵاوە، تەنانەت ئەوانەی موریدو نزیكی هەردو سەركردە دەردەكەوتن، وێنەی بێوەفایی و بێ باكییان جوان دەبینرێ، حزبەكانیان وەك ئەو پۆلەی لێهاتوە كە مامۆستای لێ نەبێ، فەوزایەكی بێتام. بۆیە بافڵلیزم، جیا لەوەی پێناسەیەكی نوێیە بۆ كارو سیاسەت، فۆڕمێكیشە بۆ بەرگرتن لە بەڕەڵایی و بەرژەوەندخوازی كارەكتەرە سیاسییەكان. كە چەند دەیەیەكە بە كۆن و نوێكانەوە بەرگی رۆژگار دەپۆشن و بەربەستن بۆ گۆڕانكاری راستەقینە، لەبەر یارییەكانی خۆیان و بەرژەوەندییە شەخسییەكانیان ناهێڵن ئەو بەستەڵەكە بشكێ كە ناوی ( ئۆخەی ئۆخەی، هەركەس بۆخۆی ) دەگونجێ بۆی. بافڵلیزم، وا دەریخستوە كە هەڵگری خەونی خەڵك و شەقامە، دەیەوێ بڵێ هیوا بەدی دەهێنم، لێ من دەترسێم، دەترسێم ئەمیش دواجار بچێتەوە سەر تموحاتەكانی پێشتر، دەترسێم تەنها بەرگێكی گۆڕی بێ. ترس بۆ؟ ئەم ترسە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە سەرەتای رێبازەكە بە كڕین و پێدانی پلەو پۆست كارەكتەر كۆدەكاتەوە، كە ئەوە خامەیەكی تاقیكراوەن و باش نین و لە تاقیگەی خەڵك و رۆژگاردا ستۆكن. چونكە ئەوەی بكڕدرێ، دەشفرۆشرێ!. بەڵام ئەگەر كڕدراوەكان بۆ ئەوەبێ، سیاسەتی ئەم رێبازە وابخوازێ هەمویان بكڕێ و دواتر لەگەنجینەیەكدا فڕیان بدا كە شوێنی شیاویانە، ئەوا بەرەو دروستی دەڕوا. ئەگەریش بۆ مۆنۆپۆڵی دەسەڵات بێ و بیەوێ نەوە كۆنەكان بدات بەیەكدا، ئەوا رێبازێكی عومر كورت دەبێ و ناگاتە مەكتەب!. ئەوەی گرنگە بۆ رێبازی بافڵلیزم، تەنها سەركێشی نییە، بەڵكو گرتنەبەری سیاسەتێكی عەقڵانییە. مەرج نییە نوێكاری روخاندنی قەڵا كۆنەكان و دروستكردنی قەڵای نوێ و پتەوبێ، بەڵكو دەشێ هەندێ قەڵای كۆن بەدەمی ئەمڕۆ نۆژەن بكرێنەوە. ژیرانەتریشە بافڵلیزم، سەرقاڵی ئاهەنگی سەركەوتنەكانی نەبێ، بەڵكو ئامادەیی بكا بۆ سەركەوتنی بەردەوام. هیوادارم دوايی نەڵێین ( الیوم مثل بارحە) .
■ باقر زوبەیدی ترەمپ بە روونی رایگەیاند كە سەرقاڵی دامەزراندنی " ناتۆی عەرەبییە" كە لە وڵاتانی كەنداو و میسر و ئوردن پێكدێت و بە پارەی سعودیە- كەنداو بۆ بەرنگاربوونەوەی " شەڕی داهاتوو". لەسەر عێراق پێویستە لە ئێستاوە خۆی ئامادەبكات بۆ فراوانكردن و دامەزراندنی سوپایەكی عەقائیدی ( حەشدی شەعبی و عەشایەری) بۆئەوەی ژمارەیان بگاتە 3 ملیۆن شەركەر بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو هێزانەی لە پشتی دەریا دێن وڵاتانێك لەناوچەكەدا گیرۆدەی كاروبارەكانییان پێویستیان بەو جۆرە بەرگرییەیە. شكستی چەند دەوڵەتێك كە بە گەورە ناونراون لە فراوانتركردنی بازنەی داعش لە عێراق و سوریا و هەروەها شكستیدا لە شەڕی یەمەن، وایلێكردوو پلانەكەی لە بەكارهێنانی قاعیدە و داعشەوە بگۆڕێت بۆ پلانی دامەزراندنی هێزێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كە ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ناتۆ، دوای ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان نەیتوانی پەیمانی ناتۆ ملكەچ و گوێڕایەڵ بكات و قۆڵی ئەوروپا بابدات. ئەمریكا بەڕێوەیە.. بەهەموو رێگا و ئامرازێك جەنگ لەدژی روسیا، چین، ئێران، ئەوروپا و چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئیسلامیی بەرپادەكات، ئایا ئەو وڵاتانە سەركەوتوو دەبن لە بەرەنگاربووونەوەی هاوپەیمانی شەڕ و بەرەنگاریكردنی؟ و ئایا سەركەوتوو دەبن لە جڵەوكردن و شكستپێهێنانی ئەو پلانە شەڕەنگێزانە مەترسیدارەی لە رۆژئاواوە دێت؟ هۆشداری دەدەین.. كە وڵاتانی كەنداو دەبنە گۆڕەپانی ململانێكە و كوانوی ئەو شەڕەی كە دێت.
■ كەمال چۆمانی لەدوای ٢٠٠٣ەوە، یەکێتیی/بنەماڵەی تاڵەبانیی و پارتیی/بنەماڵەی بارزانیی هەمو پۆست و ئیراداتێکی وڵاتیان برا-بەش کردوە، بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنە، بۆ یەکەمجار بە پراکتیکیی رێککەوتننامەی ستراتیجیی لەقدەبێت. هێشتاش هەڵنەوەشاوەتەوە چونکە بەرژەوەندییەکان ئەو دوانە هەمیشە لەوە گەورەترن پرسی سەرۆک کۆمار بەتەواوی رێککەوتنە نادیموکراتیک و نانیشتیمانییەکانیان کۆتایی پێ بێنن. پارتیی دەڵێت 'ئەو پۆستە [سەرۆک کۆمار] و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتیی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانین." پرسیارێکی سادە بۆ پارتیی: ئێوە خۆتان لە خولی یەکەمدا چونەتە ناو کێبڕكێکەوە، کاندیدەکەتان دەرنەچوە، زانیوتانە دەرناچێت ئینجا كشاونەتەوە. ئێوە ئەگەر لە بنەڕەتدا نەچوبانە ناو هەڵبژاردنەکەوە، رێیتێدەچو ئێستا ئەو گلەیییە بکەن، بەڵام ئێستا ئەو گلەیییەتان نرخی نییە. پرسیارە سادەکەی من ئەوەیە؛ ئەگەر فوئاد حوسێن لە هەڵبژاردنەکە بیبردایەتەوە، ئەوکاتیش دەتانگوت ئەوە "نوێنەرایەتیی و ئیستیحقای گەلی کوردستان" نییە؟ نەخێر، واتان نەدەگوت. پارتیی هێشتا پێیوایە سیاسەتی کوردیی دەبێت لەلایەن بارزانییەوە دابڕێژرێت، تەنها هێزیش کە بە شایانی پشکداریی دەبینن، یەکێتیی و بنەماڵەی تاڵەبانیین. هیچ کاندیدێکی دیکەی کوردیشیان لا گرنگ نەبو، تەنها کاندیدەکەی یەکێتیی. ئەو عەقڵیەتیی تەماشاکردنی کوردستان وەک موڵکی کەسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی، ویستی فاشیستانەی لە پشتە. لەناو سونەدا، بە هەمان میکانیزم کاندیدێک هەڵبژێردرا کە بەهێزترین کاندیدی سونە کە لە شەڕی داعشیش دەوری هەبوە و پێشتر وەزیر بوە، بەرانبەر گەنجێکی سونە دۆڕا. شیعەکانیش لە سونە و کورد باشتر بون؛ ئەوان کە زانیان کەس ناتوانێت کاندیدێکی خۆی یەکلابکاتەوە، رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی بێلایەن، هەرچەندە بە هەمان میکانیزم بوە و ئێستا کاندیدەکە زیاتر کاندیدی "کوتلەی ئەکبەر"ە، بۆ نمونە کوتلەکەی عەبادیی ئیمزای لەسەر ئەو بەیاننامەیە نەکردوە کە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات بۆ راسپاردنی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی. بەڵام دەبێت پارتیی لەوە تێبگات ئەو کەڵەگایییەی لە هەولێر دەیکات، لە بەغداد ئاسان نییە چونکە بەغداد سەرکەوتوتر بوە لە دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە بەغداد لەدوای ٢٠٠٣. ئەوە پێنجەم سەرۆک وەزیران و سێیەم سەرۆک کۆماری فیعلیین دەگۆڕێن، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان تەنها بۆ ماوەی دو ساڵ سەرۆک وەزیرانێک گۆڕاوە کە دەستەڵاتەکانی تەنها لە چوارچێوەی سلێمانیی و هەندێک پرسدا بو لە هەولێر و دهۆک. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی رێککەوتنی یەکێتیی و پارتیی و هەردو بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانیی، هەنگاوێکی پۆزەتیڤە -پێشتریش لەو بارەیەوە نوسیومە- بەڵکو ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ ئەوەی لەناو پارلەمانی عێڕاق لەو چوار ساڵە هێزەکان چیتر لەسەر بنەمای ئێثنیسیتیی و طائیفە هاوپەیمانێتیی دروستنەکەن و پرسەکان پێشنەخەن، بەڵکو ئەو سیاسەتی موحاسەسە و بنەما ئێثنیسیتیی و طائیفییانە تێبپەڕێنن. ئەوکات چیتر هێزە راستڕەوە توندەکانی بەغداد و هەولێر ناتوانن کوردایەتیی و عوڕوبە و مەزهەبگەرایی بەکاربێنن بۆ گەوجاندنی خەڵک. بەڵکو ئەوە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی عێڕاقدا، لەبری ئەوەی دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکان دروستببن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو لە هەڵبژاردن هێزی کوردیی و شیعیی و سونیی و هتد... ببینین هاوپەیمانێتیی جیاواز دروستبکەن و دیموکراسیی لە عێڕاقدا هەنگاوێک بچێتە پێش. ئەوانەی دەڵێن ئەمە مەحاڵە، دەیانەوێت ئەو دۆخە هەنوکەیییە بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تێبپەڕێت، دەبێت هێزەکان جورئەتیان هەبێت و عەقڵییەتی سیاسیی خۆیان بگۆڕن. شیعە و سونە و کورد زۆر نادیموکراتیکانە سێ پۆستی باڵای عێڕاقیان لەسەر خۆیان تاپۆکردوە، کەچی باسی مافی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی دیکەی عێڕاق دەکەن. تاوەکو ئەو دابەشکارییە بمێنێت، هەرگیز نابینین ئێزیدییەک، کاکەیییەک، مەسیحییەک، کەلدۆ-ئاشورییەک یان ئەرمینیی و شەبەکێک ببنە سەرۆک وەزیران و سەرۆک پارلەمان و سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا لەوانەیە لەناو ئەو پێکهاتانە دەیان کەسی لێهاتوتر هەبێت بۆ ئەو پۆستانە. ئەمە دوەم تێكشکانە بۆ مەسعود بارزانیی دوای تێكشکانەکەی ریفراندۆمی ساڵی پار. پشکی سەرەکیی ئەو تێکشکانە بۆ دیکتاتۆرییەت لە قەرار دروستکردن دەگەڕێتەوە لەناو پارتییدا. پارتیی قبوڵی نییە قەرارەکان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی هەمەلایەنەی مەسەلەکان دروستببن، بەڵکو ویستێکی کەسیی، بنەماڵەیی و حیزبییان هەیە و دەیانەوێت بیسەپێنن. ئەم کەڵەگایییە بۆ هەولێر دەخوات و دەتوانن سەرۆک پارلەمان دەربکەن و پارلەمان دابخەن، بەڵام کە دێتە سەر پارلەمانی بەغداد و ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە ئیقلیم و وڵاتانی دەرەوە، پارتیی دەبێت باشتر راوێژ بکات و بارزانییش لە تەواوی پرسەکان ئاگاداربکرێتەوە. بارزانی جاری دوەمیەتی لێکدانەوەی هەڵە بۆ روداو و پرسەکان دەکات، هەردو جاریش بە شکستی خۆی تەواوبوە.
■ یاسین تەها زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كۆڵێك هیوایان بە عادل عەبدولمەهدی هەیە. ناوبراو ئیداری و سیاسییەكی قورس و بیرمەندو نوسەرێكی ئابورییو ستراتیژیی ناسراوی عێراقە. سەدرییەكان بە دەستەگوڵی خۆیانی دەزانن بەوپێیەی لەئێستادا سەربەخۆیەو مەرجەكانی نەجەفەی تێدایە. حەكیم و مەجلیسی ئەعلا پێیانوایە ئەوان براوەن بەڕاسپاردنی، چونكە پێشتر سەركردەیەكی دیاری ریزەكانی ئەم ڕەوتە بووە. پارتیو یەكێتی شاگەشكەن بە هەڵبژاردنی، چونكە هاوڕێی نزیكی بنەماڵەی تاڵەبانیو بارزانییەو پێشتر چەندین جوتە پێڵاوی سەردەمی خەباتی لە چیاكانی كوردستاندا دڕاندووە. ئێران بە كەسێكی وەلائیی دەزانێت، چونكە نزیكترین كەس بوو لە محەمەد باقر حەكیمو عەبدولعەزیزی برای. باكگراوەندە كۆنەكەشی لە دەورانی چەپ، لای رەوتی مەدەنی خۆشەویستی كردووە، رەگەزنامە فەڕەنسییەكەیو هەردوو بڕوانامە ماستەرەكەی لە بواری كارگێڕیو ئابووری نزیكی دەكاتەوە لە ئەمەریكی و ئەوروپییەكان. خەڵكی باشوری عێراق پێی دڵخۆشن، بەوپێیەی لەئەسڵدا بنەماڵەكەی خەڵكی ناسریەنو بەقسەی خۆیان "شروگی"یەو ئەزانێت لە خەموژانی شۆرەكاتی ئاو. بەڵام سەرباری هەموو ئەمە، رێگای ناوبراو پڕە لەدڕكو داڵو قۆناغێكی سەخت چاوەڕێی دەكات، تەنها یەك ساڵیش مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئەوەی وێنەیەكی جیاواز لە خەراباتێكی گەورەدا پێشكەش بكات. عەبدولمەهدی لە 12 مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسیە ببێتەوە لەوانەش: قەرزەكانی سەر عێراق، جێبەجێكردنی یاسای حەشد، كێشەی كەركوكو ناوچەی جێناكۆك، چەكی عەشایەر لە باشوور، كێشەی وشكەساڵیو كەمئاوی، شەڕەقۆچی ئەمەریكاو ئێران لەسەر خاكی عێراق، مەترسیی پاشماوەكانی داعش، مافیاتی فەسادو گەندەڵی حیزبو وەزارەتەكان، ئاوەدانكردنەوەی شارە كاولەكانی پاش شەڕو زۆر دۆسیەی تری ئاڵۆز. هاتنی عادل كۆتاییهێنا بە 15 ساڵ حوكمڕانی حیزبی دەعوە، بەڵام ئەگەر شكست بهێنێت رەنگە لەگەڵیدا سیستمی پاش 2003 بەتەواوی هەرەس بكاتو ئەمیش كۆتا سەرۆك وەزیرانی ئەم تایپە حوكمڕانییە بێت، چونكە بارودۆخ بەبەرییەوە نەماوە. زۆربەی لایەنەكان یەكدەنگ بوون لە كاندیدكردنی عەبدولمەهدی، بەڵام ناوبراو هیچ كوتلەو هاوپەیمانێتییەكی راستەوخۆی نییە لە پەڕلەمان تا پشتیوانی بكەنو بەڕوونی نازانرێت لەمەولا كێ پاڵپشتی یاسایی بۆ هەنگاوەكانی دابین دەكات؟ جگە لەوەش تەمەنی هەڵكشاوە بۆ سەروو 75 ساڵو وەك جاران حەوسەڵەی نەماوە. جاران لەتافی گوڕی خۆیدا هەمیشە وازنامەیەكی نوسراوی لە گیرفاندا بوو، چ جای ئێستا كە هەم تەندروستیو هەم بارودۆخەكە سەختترە. سەرباری هەموو ئەمانەش هێشتا گەشبینی بۆ سەردەمی ئەو زاڵترە لەهەموو ئەگەرێكی تر بەتایبەت كە برادەری نزیكی سەرۆك كۆمارەو پێكەوە گونجانی زۆر هەیە لەنێوانیان.
■ كەمال رەئوف چەند مانگێك پێش وەفات كردنی تاڵەبانی، بۆ جاری سێهەم لەدەباشان چوومە دیدەنی، ئامانجی سەردانەكە گەیاندنی پەیامێكی گللەیی ئامێزی كاك نەوشیروان بوو، لەسەر جێبەجێنەكردنی هەندێك لەوخاڵانە، كە بریار بوو وەك دەستپێكی رێككەوتنێكی فراوانتری هەردولایان، یەكێتی وەك نیشاندانی نیەت پاكی ئەنجامی بدات. لە سەرەتای بەهاری 2012 سەردانەكان دەستی پێكردبوو، لەیەكێك لەسەردانەكان كە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیم ساز كرد بۆ هاوڵاتی، ئارا ئیبراهیم هاوكارم بوو. دانیشتنەكان وا رێكدەخرا دوو بەدوو بێت، كۆتا جاری دیدەنیش، ناوەراستی مانگی هەشت بوو، ئەوكاتە مام جەلال بۆ چەند رۆژێك هاتبوەوە بۆ سلێمانی، لەودەمەدا پەیوەندیەكانی نێوان بزووتنەوەی گۆران یەكێتی، رووی لەهێوركردنەوە كردبوو، مەوعیدەكە پێشتر دانرابوو، دەبوو بۆ یەكتر بینینەكە بچمە دەباشان، ئەو رۆژە پێش ئەوەی بچمە دەباشان، شەو بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ كاك نەوشیروان كرد و ئاگادارم كردەوە لەمەوعیدەكە، ئەویش داوای كرد پێشتر بچمە لای لە گردی زەرگەتە تا لەنزیكەوە لەسەر سەردانەكە قسە بكەین، بەڵام ئەم جارە بینینەكە بەتەنها نەبوو، كاك نەوشیروان بۆ ئەوەی هەندێك لەبرادەرەكانی لەسەردانەكە ئاگاداربكاتەوە ئامادەی كردبوون و داوای كرد لەزمانی منەوە باسی ئاكامی سەردانەكانی پێشوو بكەم، تائەوانیش سەرنج و تێبینیەكانی خۆیان بخەنە سەر پەیامەكەی كاك نەوشیروان. دوایی وەرگرتنی پەیامەكە راستەوخۆ چوومە دەباشان، لەوێ مام جەلال چاوەرێ بوو، مام جەلال وەك سروشتی خۆی نیوەرۆخوانێكی رێكخستبوو، زۆر بە ئارامییەوە گوێی بۆ پەیامەكە راگرت، دواتر وتی" ئەوان هەقی خۆیانە رەنگە برادەرەكانی ئێمە كەمتەرخەمیان كردبێت، بەڵام وادەكەم ئەو گرفتانە بەخێرایی چارەسەر بكەین". چەند پێشنیارێكی تری بۆ نزیك بوونەوەكە كرد، لەوانە ئاگادار كردنەوەی پارتی و كاك مەسعود، چونكە رەئی وابوو بۆ ئەوەی ئەوان واتێنەگەن ئەم نزیك بونەوەیە بۆ پیلانە لەدژی ئەوان، دواتر باسی لەمیكانیزمی چارەسەرەكانیش كرد و پێشنیاری كرد سەردانی كاك مەسعود بكەم، دواتر وەك هەموو جارێك بەحورمەتێكی زۆرەوە باسی رۆڵی كاك نەوشیروانی كرد، بەجۆرێك قسەی دەكرد كە مرۆڤ نەتوانێت گومان و شكی هەبێت سەبارەت بە خۆشەویستی و پەرۆشی بۆ كاك نەوشیروان. ئەركی من ئەوەبوو هەندێك لەسەرنجە جدیەكان تۆماربكەم و وەك خۆیی بیگەیەنمەوە، بەشێكی تری قسەكان، كە گشتی بوون وەك وتووێژ باسم دەكرد. هەركەس كە لەنزیكەوە كاك نەوشیروانی ناسیبێت دەزانێت، كە ئەو بەسروشتی خۆی گوێگرێكی باش بوو، بەئارامی گوێی دەگرت، لەهەمانكاتیشدا حسابی بۆ بچوكترین دەربرین دەكرد، بۆ كۆتا جاریش هەستم كرد كە كاك نەوشیروان و مام جەلال لەخۆم باشتر لە پەیامەكانی یەكتر تێدەگەن و دەمزانی ویستێكی زۆر دروست بوە لەهەردولاوە بۆ نزیك بوونەوەی زیاتر. ئەمە جگە لەوەی دواتر زانیم لەپاڵ ئەو هەوڵەدا هەوڵی تریش لەئارادابووە بۆ نزیككردنەوە و لێكتێگەیشتنی نێوانیان، كە ئێرە شوێنی نییە باسی بكەین. هەر لەو ماوەیەدا بۆ چەند جارێك چاویان بەیەكتر كەوتبوو، لە 24/9/2012 وەك شاندنی گۆران سەردانی دەباشان كرا و بە رەسمی لە میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە، دوا چاو پێكەونیش ئەو سەردانەی تاڵەبانی بوو بەچەند رۆژێك پێش نەخۆشكەوتنی سەردانی ماڵی كاك نەوشیروانی كردبوو. رۆژی 17/12/2012 هەواڵی نەخۆشكەوتنی مام جەلال لەمیدیاكانەوە بڵاوكرایەوە، من لەئۆفیسی رۆژنامەی هاوڵاتی لەگەڵ هاوكارەكانم سەرقاڵی ئیشكردن بووین، كەس زانیاری وردی لانەبوو كەچی رویداوە، هەندێك لایان وابوو وەفاتی كردوە، هەندێكی تریش گومانیان بۆشتی تر دەچوو، ئێمە وەك هاوڵاتی تەنها هەواڵی نەخۆشكەوتنەكەیمان بڵاوكردوە، پاش چەند دەقیقەیەك لەبڵاوكردنەوەی هەواڵەكە، كاك نەوشیروان تەلەفۆنی كردو پرسیاری ئەوەی كرد، چیت دەبارەی تەندروستی مام جەلال لەلایە. دوای قسەكردن وتم ئەگەر بە گوێی من ئەكەی تەلەفۆنێك لەگەڵ هێرۆخان بكە، دیاربوو پێشنیارەكەی قبوڵ بوو، بەڵام هیچی نەوت، پاش نیوسەعات تەلەفۆنی كردەوە، وتی تەلەفۆنم لەگەڵ كرد و پێشموتون چی بەمن ئەكرێت بیكەم، دواتر وتی دیارە باری تەندروستی جێگیر نییەو رەنگە بیبەنە دەرەوەی وڵات. چەند هەفتەیەك بەسەر نەخۆشكەوتنی مام جەلال تێپەریبوو، ئومێدی چاكبونەوەی خێرا و گەرانەوەی نەبوو، هەواڵەكان تەنها ئەوەبوون گەیەنراوەتە ئەڵمانیاو دكتۆرەكان دەڵێن هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە لەمردن رزگاری بكەن. لەنێوان یەكیتی و گۆرانیش نزیككەوتنەوەو رێككەوتن پەكیان كەوتبوو، چونكە پێشتر بە ئامادەیی هەردوكیان هەندێك گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنەكە هەبوو هیچ كەس لە گۆران و یەكێتی ئاگاداری وردەكارییەكانی نەبوون. لەو سەروبەندەدا بەكارێك چووم بۆلای كاك نەوشیروان ئەو لەژوورەكەی خۆی بەپێوە وەستابوو، چەند كەسێكی تری لابوو، هێشتا بەپێوە بوو هەواڵی دەنگوباسی لێپرسیم، پاشان خۆی باسی تەندروستی مام جەلالی كردو بەتاسەوە وتی"ئەم جارە مام جەلال لەهەموومان رۆیی، چونكە ئەو رێككەوتنەكەی بەراست بوو، پرۆژەكەی ئێمەی بە گرنگ دەزانی و بەڵینی دابوو بیخاتە سەر سككە" بۆیەكەم جاربوو لەدوای ئەو هەموو یەكتر بینینە كاك نەوشیروان ئاوا ببینم كە بروای بەوەهێنابێت، مام جەلال بەراستیەتی بۆ رێككەوتن، بۆیە هەستم بەوەكرد بەنەخۆشكەوتنی مام جەلال كاك نەوشیروانیش بێئوێد بوو لەسەر كەوتنی رێككەوتن، بۆیە بە قوڵی وتی "مام جەلال لەئێمە رۆیی".
■ چیا عەباس دەمێکە کەسانێک بە گومانەوە دەرواننە پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، گومانێک رەنگدانەوەی خەستی لە سەر کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی و حوکمرانی هەبوە. کاک نەوشیروان بە چەند مانگێک پێش ماڵئاوایی لە کۆبونەوەیەک لە لەندەن رایگەیاند ژیانی پەرلەمانی لە هەرێم کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، مەخابن دەسەڵاتدارانی گۆڕان دوای وەفاتی ئەو بۆچونەیان بە هەند وەرنەگرت و بەدوای ئەڵتەرنەتیڤێکی کاریگەردا نەگەران، پێیان وابو لە واحەیەکی دیموکراسی نێو بیابانی وشک و کەمەرشکێنەری ناوچەکە تینویەتی خەڵک دەشکێنن. لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ زەبری چەک ئاراستەی دەرئەنجامەکانی کرد، دو هێزی دەسەڵاتداریش ئاراستەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە پرەنسیپی فیفتی بە فیفتی تەوزیف کرد. هەرچەندە تاکە سودی گەورەی ئەو پرەنسیپە رێگری بو لە سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ لەو ساتانەدا، بەڵام سەرەتایەکی زۆر قێزەوەن و بەدناو بو بۆ یەکەم ئەزمونی دیموکراسی لە هەرێمێکی شەکەت و ماڵوێران لە ئاکامی سیاسەتەکانی رژێمی سەدام. خەڵکی کوردستان بەپەرۆشی و ئومێدێکی زۆرەوە پێشوازییان لە یەکەم هەڵبژاردن کرد، تەنانەت روداوەکە بوە باسێکی گرنگی ئاژانسەکانی دنیا و مایەی بەرزنرخاندنی کورد لە پرۆسەکەدا. لە گەڵ بەرپاکردنی شەری ناوخۆ پەرڵەمان و پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن کرانە قوربانی فیشەک و مشتێک دۆلار، خاک و حوکمرانی و رەنگ و سیما نەتەوەییەکان و زمان و سەروەری هەرێم نێوان دو لایەنی شەرکەر دابەش کران، دابەشبونەکە مۆدێلی دیموکراسی کوردیشی گرتەوە، هەر یەک لە دو تەرەفەکە بە جیا هاواری دیموکراسی لە زۆنی خۆی دەکرد و تەرەفی موقابیلی بە دکتاتۆر و بکوژ و جۆرەها ناو ناتۆرە وەسف دەکرد. دیموکراسیەک لە هەمو شتێک دەچو تەنها دیموکراسی نەبێت، چونکە لە گەڵ هەر هاوارێکدا فیشەکێک دەنگێکی رەسەنی کوردی کپ دەکرد. لە دوا مەتافدا بە زەبری ئەمریکا و بە ئامادەبونی وەزیری دەرەوەی، کۆڵن پاوڵ، یەکەم دانیشتنی یەکگرتوی پەرڵەمانی کوردستان پاش زیاتر لە چوار ساڵ لە سەباتی " اهل الکهف" سازکرا. هێدی هێدی دوای روخاندنی رژێمی سەدام دو تەرەفی دیموکراتخواز بە ئەحکامی رێکەوتنی ستراتیژی کەوتنە گیانی پرۆسەی دیموکراسی و ئەو نوزەیەشی تێیدا مابو کپ کرا. وێرای چەند خاڵێکی سودبەخشی رێکەوتنەکە، بەڵام رێکەوتنەکە زەمینەی دەستەمۆکردنی دەنگدەر بو، ، گورزێکی قورس بو لە پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن درا. لێرە بەدواوە کاتێک هاتنە سەر دابەشکردنی پشکی حزبایەتی لە پۆست و ئیمتیازات و دەسکەوت لە هەرێم و بەغدا ئیتر پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەو دو هێزە بوە پێوەری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی وەلا و گوێرایەڵی بۆ حزبەکانیان تا هەر لایەنێک هیزی خۆی بۆ بەرامبەرەکەی بسەلمێنێت، بۆیە هیچ رکابەری و ململانێەکیان لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەر بەرنامە و کارنامەی حوکمرانی و سیاسی نەبوە، بێ یەک دو دوای هەڵبژاردنەکان غەنیمەی دیموکراسیان لە نێوانیان بەپێی قەوارەی وەلا دابەش کردوە. کرینی وەلا، ساختەکاری، فروفێلکردن و پشتگیری ئیقلیمی بونە ئامرازە گرنگەکانی هەڵبژاردنەکان. بێگومان خەڵک لە هەستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە و رێزگرتن لە خەبات و قوربانی ئەو دو هێزە لە مێژودا درێغیان لە ئەرکەکانی خۆیان نەکردوە. دروستبونی گۆڕان و هێز و کاریزمای کاک نەوشیروان دەسەڵاتی ئەو دو هێزەی راچڵەکاند، پەرلەمان ژیانی بەبەردا کرایەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوی کوردایەتیدا هێزێکی گەورەی کورد بەرێگەی پەرلەمان و سیاسیەوە بوە ئۆپزسیۆنی دەسەڵاتێکی حوکمرانی کوردی. لێرەوە هیوای خەڵک بە ژیانی پەرلەمانی و پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن گەشایەوە. هەر زۆر زو لە سەر دەستی کۆمەڵێک سیاسەتمەداری نابەرپرس پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم زیندە بەچاڵ کرا، دەبوا سەرکەوتن یاخود شکستی ئەو پرۆژەیە بە شێوازە دیموکراسیەکە بوایە، بەڵام پارتیش نابەرپرسانە و دور لە هەمو رەفتارێکی دیموکراسی ژیانی پەرڵەمانی ئیفلیج کرد. نەدەبوا پارتی سڵی لەو پرۆسەیە بکردایە چونکە شکۆداری و ناو و ناوبانگی بنەماڵەی بارزانی و پارتی لەم سەردەمەدا پەیوەستن بە دو چەمکەوە، یەکێکان مێژوە و دەومیشیان شێوازی مامەڵەکردنیانە لە گەڵ شەپۆلی هەڵچوی دیموکراسی لە ناوچەکە. دوا هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بێبەری نەبون لە ساختەکاری و فروفێڵ و دەست تێوەردانی دەرەکی بەرفراوان و هەمە چەشن. گۆڕان باجی گەورەی ئەو رەوشەی داوە، لێرەدا دەسەڵاتدارانی گۆڕان بێبەری ناکەم لە پشکیان لە پاشەکشەکانی گۆڕان، ئەمەیان کارێکی رێکخراوەیی ناو گۆڕانە و بێگومان گۆرانخوازان یەکلایی دەکەنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەر هەقی رەوای دزراوی دەنگدەرانی گۆڕان نەگەرێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی، دەبێت گۆڕان بوێرانە رەتی ئەنجامەکانی دوا هەڵبژاردن بکات و لەو جۆرە پرۆسە سیاسیەی لە هەرێم دەگوزەرێت بکشێتەوە، بەرەو ئاراستەی بزوتنەوەیەکی میللی هەنگاو بنێت تا دەستی زۆر کراوە بێت بۆ کارکردن بۆ ئامانجەکانی، بێگومانیش تەنیا هێز نابێت ئەوە بکات، بەم کارەش ساختەکاران دوچاری دابران و گەمارۆدان دەبنەوە. ناشێت بە ساختە و فروفێڵ دەنگی خەڵکی بدزرێت، سەبریش سنوری هەیە و مافی دەنگدەرانە کاتێک رێکارە یاساییەکان مافەکانیان نەپارێزن پەنا بۆ یاخیبون وشێوازی تر بەرن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان کە مافێکی رەوای هەر مرۆڤێکە. لە مێژە وتراوە هەق نابەخشرێت بەڵکو دەبێت بە بازوی خۆت بەدەستی بهێنیت. هەر بەرپرس و باڵادەستێکی گۆڕان خۆی لەم بەرپرسیاریەتیە بە هەر هۆکارێک بێت بدزێتەوە بێگومان زو یا درەنگ روبەروی تورەیی و هەڵچونی گۆرانخوازان دەبێت و مێژوی خۆشی لە ناو بزوتنەوەکە بە گەشاوەیی بەجێ ناهێلێت. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨
■ بڕوا بەرزنجی لە نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە، ئیتر دەوری پاڤێڵ تاڵەبانی ڕۆژ بە ڕۆژ دەردەکەوێت لە بڕیاردانی ناو یەکێتیدا. بەڵام لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و کاندیداکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە ھەمویشی گرنگتر سەرکەوتنی کاندیدەکەی تاڵەبانی کوڕ لەبەرامبەر کاندیدەکەی بارزانی. بەم درامای ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار، سەلماندی بۆ ناوخۆی حزبەکەیی و دەرەوەیی حزبەکەی کە ئیتر پیاوی بڕیارە قورسەکان دەبێت. لەدوای ٣١ ی ئاب و وەستانی شەڕی ناوخۆوە ، یەکەم جارە یەکێتی بەڕاستی و تاکۆتایی ململانێی بارزانی بکات ودەرئەنجام شکستی بارزانی بێت. کە پێناچێت ئەم ململانێ نوێیە لێرەدا بوەستێت، بارزانی بە تەمەنێکی لە سەرو حەفتا ساڵییەوە جارێکیتر دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ تاڵەبانییەکی گەنج. تاڵەبانی کوڕ، تا ئێستا وەک کەسێکی سەربازی و هەواڵگری ناسراوە. کە یەکەم دەرکەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ و لێدانی ئەنسار ئیسلام لە ھەورامان و دروستکردنی دژەتیرۆر. وەک کادرێکی باڵای یەکێتی و نزیک لە ماڵی مام جەلال پێی وتم"مام جەلال دوری خستەوە چونکە پێیوابوو توند و عینادە". بۆ لەمەودوا هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسییە لەناو یەکێتی و زۆنی سەوزیشدا. لەماوەی ڕابردودا هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر ئەم ستراتیژەی کردوە. لە نەخۆشکەوتنی مام جەلالدا، یەکێتی بە دەیان باڵی تێدا بوو. کە ڕایان وابوو ئەوان دەتوانن یەکێتی بەڕێوە ببەن. ناوەندی بڕیار لە لایەن بەرھەم ساڵح و کۆسرەت ڕەسوڵەوە دیارترینیان بوو. بەڵام ھەنگاوەکانی ئەم کارەکتەرە نوێیە، ڕێاگانی باڵ باڵێنی کورت کردەوە بۆ یەک ڕێگا کە دەباشانە. گەڕانەوەو کاندیداکردنی بەرهەم ساڵح، گفتوگۆی ئەم ماوەیە نییە، کادرە باڵاکەی یەکێتی پێی وتم"لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە دەباشان، لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشو بۆ پەڕلەمانی عێراق، لەبارەی د.بەرهەم و حزبەکەی، پاڤێڵ تاڵەبانی پێی وتین: نامەوێت کەس هێرش بکاتە سەر کاک بەرهەم و دژایەتی بکرێت. کاک بەرھەم برای ئێمەیەو کوڕی ماڵەکەیە" ئێستا، بەرهەم ساڵح کە بەدەر لە حزبەکەی و دوو کورسی پەڕلەمانی عێراق کەدەچنە پاڵ یەکێتی، کۆتایی بە ململانێ و جیابونەوەیش لەناو یەکێتی ھێنا، کە لە دروستبونیەوە ئەم حزبە پێوەی دەتلێتەوە. چیترکوتلە دروستکردن و بیرکردنەوە لە جیابونەوە ڕێگایەک لە ڕێگا سەرکەوتوەکان نابێت. بەرھەم ساڵح، خۆی و ئایندەی سیاسی لە بەغدادەو پێناچێت چیتر بەڕێوەبردنی یەکێتی، لە خەیاڵدانی ئەودا مابێت. ھاوکات قوباد تاڵەبانی ، کوڕی بچوکی تاڵەبانی کە پێشتر و لە سەردەمی مام جەلالدا چاوەکان لەسەر ئەو بون، وەک کەسێکی دیپلۆماسی، بەڵام وادەردەکەوێت، ڕوی حکومداری ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی بێت لە ھەولێر. وێنەکە وا پیشاندەدات، ئەوەی لەسەر کورسی دەباشان دادەنیشێت، پاڤێڵ تاڵەبانییەو بڕیارەکانی زۆنی سەوزیش لەوێدەدرێت. بەتایبەتی، کاتێک یەکێتی لە دوو ھەڵبژاردن پێشودا پێش بزوتنەوەی گۆڕان کەوت. ھەروەک لە غیابی نەوشیروان مستەفا و بۆ لەمەودوایش غیابی ھێرۆ ئیبرایم ئەحمەدی دایکی ، بەھۆی باری تەندروستی، کە ئەم قسەیە بۆ کۆسرەت ڕەسوڵیش ڕاستە. واتە لە بەرامبەر بارزانیدا ، بڕیار و ئیرادەیەکیتر ھەیە، کە تاڵەبانی نوێیە. ھەرچەندە تا ئێستا بارزانی و پارتی نایانەوێت دان بەم ڕاستییەدابنێن، کە پێدەچێت درامای ڕوداوەکانی دوو ساڵی ڕابردو توشی شۆکی کردبن. بەڵام یەکێک لە ڕەخنەکانی بارزانی و پارتی ، لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە ئەوەبوە، کە نازانن بڕیاری زۆنی سەوز لەکێ وەربگرن، بۆ لەمەودوا وەڵامی ئەو پرسیارە ڕونە. ئیتر لێرەوە ئێمە لە سەردەمی ململانێی نەوەی دوھەمی جەلالییەکان و نەوەی سێھەمی مەلاییەکان دەژین. "بەخێر بێن بۆ سەردەمی پاڤێڵ تاڵەبانی".
■ توانا عوسمان كاك مهسعود بارزانی كه كاندیدی شهخسی خۆی “د.فوئاد“ بۆ سهرۆكایهتی كۆمار پێشكهشكرد و ڤیتۆیهكی رانهگهیهنراویشی لهسهر د.بهرههم دانا، شتێكی وایكرد كه لهكۆتایی گهمهكهدا وهك سهرنهكهوتوو دهربكهوێت “ئهكرا كاك نێچیرڤان بكاته ئهدرهس و پهله لهبهیاننامه شهخسیهكان نهكات بهناوی خۆیهوهیه و ههروهها رێگهش لهوه بگرێت د.فوئاد زوو زوو بڵێت من كاندیدی بهرزانیم و وایبكردایه پارتی ببێته ناونیشانی ئۆپراسینۆنهكه نهك جهنابیان”. بۆیه لهئێستادا بارزانی ناچاره كردهوهیهك یان ههڵوێستێكی روونی وا بنوێنێت شوێنی ئهو كهلێنه پڕبكاتهوه كهخستیه ناو چاوهڕوانی خۆی و لایهنگرانی و كایهی سیاسیهوه بهگشتی. بارزانی دوو ڕێگهی لهبهردهمدایه بۆ مامهڵهكردن لهگهڵ یهكێتی، رێگهی یهكهم دۆزینهوهی هاوبهشێكی سیاسی تر لهدهرهوهی یهكێتی بۆ پێكهێنانی حكومهتی ههرێم، رێگهی دووهمیش مامهڵهكردنه لهگهڵ یهكێتی لهسهر بنهمای كورسی وهك برا بچوكێك. لهراستیدا گرتنهبهری رێگهی یهكهم لهئێستادا زۆر قورسه ئهگهر ئاستهمیش نهبێت، چونكه تێپهڕاندنی یهكێتی و دروستكردنی حكومهتێك بێ یهكێتی سهركهوتوو نابێت لهبهر ئهم هۆكارانه: 1. ههرێمی كوردستان لهدوو قهڵهمڕهوییهی جوگرافی سهربازی و ئابوریی پێكهاتوه، قهڵهمرهوی پارتی كه بادینان و بهشی زۆری ههولێرهو خاوهنی سهرچاوهی دارایی و پهیوهندی ههرێمی و هێزی چهكداری و دهروازهی سنوریی خۆیهتی، قهڵهمرهویی یهكێتیش كهسلێمانی و ههڵهبجهو گهرمیانه ئهویش دارایی و دهروازهو چهكدار و پهیوهندی خۆی ههیه، له ههرێمی كوردستاندا حكومهتێكی ههرێمی یهكگرتوو دروست نابێت بهبێ ئهوهی دوو هێزی چهكدار و ئابووری له ههردوو قهڵهمرهوهكه بهشداری لهدروستكردندا نهكهن، ههر ههوڵێكی لهو جۆرهش بدرێت سهردهكێشێت بۆ دوو ئیدارهیی و دواتریش رهنگه بگاته شهری ناوخۆ كهپێم وابێت لهم قۆناغهدا ئهگهرێكی زۆر دوور بێت. 2. بزوتنهوهی گۆڕانی ئێستا كه بێ زهعیمێكی وهك كاك نهوشیروانه و كه لهبری ٢٥ كورسی ١٣ كورسی هێناوه و هێزێكی بێ چهك و بێ ئابورییشه، ناتوانێت وهك هاوبهشێك بهتهنها نوێنهرایهتی قهڵهمرهی سلێمانی و ههڵهبجهو گهرمیان بكات بهرامبهر به پارتی لهحكومهتی یهكگرتووی ههرێمی كوردستاندا. 3. ئێران كهپشتیوانی یهكێتیه و بهشداره لههێشتنهوهی پێگهی یهكێتی بهبههێزی لههاوكێشهی عێراق و ههرێمدا، بوار نادات هاوپهیمانهكهی "كه قوڵایی ستراتیجی و سنوری ئهمنی و جوگرافی هاوبهشیان پێكهوهیه" پهراوێزبخرێ. رێگهی دووهم رێگهیهكی كراوهیه لهبهردهم بارزانیدا ئهویش مامهڵهكردنه لهگهڵ یهكێتی وهك خاوهنی نیوهی كورسیهكانی پارتی لهپهرلهماندا، واته سهوداكردنه لهگهڵ یهكێتی وهك خاوهنپشك بهپێی دهنگهكانی نهك هاوبهشێكی یهكسان "كه تارادهیهك" لهساڵانی پێشوودا كردویهتی. ئهم مامهڵه كردنهش ههم بۆ پارتی و ههم بۆ یهكێتی بێ سهریهشه و گرژی و مانۆڕ نابێت، چونكه قۆناغێك لهگهڵ خۆی دههێنێت لهیاریكردنی پارتی لهناكۆكیه موزمینهكانی یهكێتی و موجامهلهكردنی هێزهكانی تری قهڵهمرهوی سلێمانی و ئیسلامیهكان، ئهمهش دۆخێكی تازه دروست دهكات لهململانێ و ناكۆكی لهههرێمی كوردستاندا، كه پێشبینی كردنی دهرئهنجامهكانی لهئێستادا ئاسان نیه. رێگهی سێههم كه لهئهسڵدا لهئارادا نیه، من وهك خهونی خۆم پێشكهشی بارزانی دهكهم،:رێگای سێههم خۆ بههێزكردنه بهچاكسازی و چهسپاندنی دادپهروهری و سهروهركردنی یاسا، ڕێگا راستهكه شهڕی نمونه و پیشاندانی ئیرادهی باشكردنی وهزعی كوردستانه و هیچی تر.
■ د. ئیسماعیل نامیق بەپەلەپەل وبێ ئاگادارى جڤاتى نیشتمانى بڕۆیت بۆ بەغداد ولەدانیشتنى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماردا سوێندى یاسایى بخۆیت تا بەشدارى دەنگدانەکە بکەیت، پاشان بڵیى دەنگم بەسپیدا ئاخر ئەمە ماناى چیە؟ کەس هەیە ئەو رێگە دورە ببڕێ و ماندوێتى توشى خۆى بکات بۆ ئەوەى دەنگ بەکەس نەدات؟ دەستتان خۆش بێت چون بۆ بەغداد، پیرۆزبایتان لێدەکەم چونکە ئەوە مافى خۆتانە لەهەمان کاتدا ئەرکیشە لەسەرتان نوێنەرایەتى دەنگدەرەکانتان بکەن، بڕیارى بەڕێز رێکخەرى گشتى وخانەى راپەڕاندن چی بو ئەوەتان جێبەجێ کردبا بەبێ هیچ شەرم وسڵەمینەوەیەک، بەئاشکراش بۆ خەڵکى کوردستانتان رابگەیاندایە، چونکە ئێمەش حیزبى سیاسین مافى خۆمانە لەروانگەى بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان و ویستى دەنگدەرەکانمانەوە رێکەوتنى سیاسى ئاشکرا لەگەڵ هەمو پارتێکى سیاسیدا بکەین، یاخود کاندیدێکمان لاپەسەند بێت و یەکێکى ترمان لا پەسەند نەبێت، وە مافى خۆمانە وەکو هەر پارتێکى سیاسى تر تێڕوانینى سەربەخۆى خۆمان هەبێت، تێڕوانین وبڕیارى ئێمە هەرچیەک بێت وهەرچۆنێک بێت ئازایەتیە وعەیبە نیە، بەڵام بەخوا پاش ئەو رۆشتنە پەلەیەى دوێنێ بۆ بەغداد، دەنگدان بەسپى هیچ حیکمەتێکى سیاسى لەپشتەوە نیە وهەڵوێستێکى لاوازەو جێگەى قەناعەتى دەنگدەرەکانمان نیە.