دیسان قەیرانی موچە

Draw Media

2020-04-02 20:43:19



ئادەم ئاودەل

ماوەیەکە دەنگۆی برین و کەم بونەوەی موچە سەریھەڵداوەتەوە ، شەپۆلی ئەم دەنگۆیانە ھاوکات بوو لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا زیاتر لە نیوەی جیھان پێیەوە گرفتارە . 
ھەر لە سەروبەندی ئەو دەنگۆیانە بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتی بابەتەکەیان رەتکردەوە و بە ناراستیان لە قەلەمدا ، بەشێکیش لە نوێنەران و بەرپرسانی یەکێتی و گۆران نەیان شاردەوە کە ھەولێک لە ئارادایە بۆ دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران ، لە سەرو ھەموشیانەوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی کە ئەویش بە ناراستەوخۆی ئاماژەی بە ئەگەرەکانی دەستکاری موچەدا.  
لێرەدا حەقە بپرسین ئایە کەسێکی وەک سەرۆکی پەرلەمان کە بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتە دەکرێ لە خۆیەوە قسە بکات و بابەتیێکی ھەستیاری لەو جۆرەیە بێ زانیاری بوروژێنێ ؟؟ بێگومان نەخێر ... یا دەکرێ وەزیری دارایی و ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران بێ زانیاری قسە بکەن ؟؟ یا ھەموویان سەرقالی موزایەدەبن؟؟.
ئێستا ئەوەی کە ھەیە ھەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە پاشەکەوتیش نەیەتەوە حەتمەن موچە دوا دەکەوێ و لەمەودوا موچە بێ کێشە نابێ ، ئەوەی ئەم بابەتەی بەتەواوی پشتراست کردۆتەوە قسەی بەرپرسانی حکومەت و پارتی خۆیان بون کە لە زاری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاماژەی پێدراو رایگەیاند کە ./.٣٥ داھاتی ھەرێم کەمی کردوە ، بەم پێشھات و گۆرانکاریانەش بێ کە ھەیە دەردەکەوێ کە حکومەت توانای پێدانی موچەی نیە چونکە حکومەت دوچاری چەند قەیرانێکی لەناکاو بۆیەوە ، دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی داھاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو کە ھۆکارەکانیان ڤایرۆسی کۆرۆنایە ، حکومەتی گەیاندۆتە دوریانی مەترسیداری ئابوری . جیا لەمانەش تا ئێستا گەرەنتی پارەی بەغدا نیە کە لە ناردنی بەردەوام ئەبێ ، کە زیاتر لە نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ئەکرا ، بەتایبەتی کە بەغداش گیرۆرەی ھەمان قەیرانەکانی ھەرێمە .  
وروژاندنی خراپی دۆخی دارایی و ئەگەرێ دەستکاری کردنی موچە لە لایەن بەرپرسانەوە و دواتریش رەتکردنەوەی دەستکاری موچە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ، رەنگە جۆرێک لە پلانی حکومەت بێ و نیەتی زانینی کاردانەوەی خەلک و شەقام بێ ، بەجۆرێک بانەتەکەیان لە راگەیاندنەکانەوە وروژاند و نارەزایەتی زۆری خەلکی لێکەوتەوە و بەمەش حکومەت تێ گەیشت دەست بردن بۆ موچە ئاسان نیە . ھەربۆیە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتای بە دەستکاری کردنی موچە ھێنا بەڵام بابەتەکەی دانەخست و بە کراوەیی مایەوە ، کە ئایا موچە لە ھەموو مانگێک جارێک لە کاتی خۆیدا ئەدرێ یا سەردەکێشێ بۆ (٤٥ )و (٥٠ )رۆژ .  بەھەموو پێودانگێک موچە وەک مانگەکانی پێشو نابێ، گەر پاشەکەوتیش نەکرێ مانگانە لەکاتی خۆیدا نادرێ ، بەڵام بۆچونەکان بۆ ئەوەدەچن دۆخەکە کاتی بێت و لەگەل کۆتایی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەم نرخی نەوت بەرزبێتەوە و ھەمیش داھاتی ناوخۆ بێتەوە دەست.  رەنگە ئەمە واقیعەکە بێت بەڵام جۆرێک لە بێ متمانەیی لە نێوان حکومەت و خەلکدا دروست بووە ، دەسەڵاتداران ھەر رێگەیەک بگرنەبەر جێگەی باوەری خەلک نین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand