چاپکردنی دراو

Draw Media

2020-04-02 18:30:50



گوڵاڵە سدیق

دراو یان پارە بە گرنگترین هۆکاری مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دادەنرێت بۆ کڕینی شتومەک و خزمەتگوزاری لەنێوان دەوڵەتەکاندا، یان لە ناوخۆی هەمان دەوڵەت لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. 
لە سەرەتادا دراوی ئاڵتون و مس بەکار دەهێنرا و بەهۆی کێشیانەوە نرخ و بەهاکەی دەستنیشان دەکرا، بەڵام بەهۆی گەشەسەندی بازرگانی نێوان دەوڵەتەکان و دروستبونی ئاستەنگ بۆ بازرگانەکان بەهۆی زۆری کێش و قەبارەی دراوە کانزاییەکانەوە، وە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان، ووڵاتی چین یەکەم ووڵات بوو هەستا بەچاپکردنی دروای کاغەز،
نرخی دراوە کاغەکە دیاریدەکرا بەبڕی ئەو ئاڵتونەی کە دەتوانرێ بەو پارە کاغەزە بکڕدرێت.

لە کۆندا هەر دەوڵەتێک هەوڵی چاپکردنی دراوی کاغەزی بدایە، دەبوایە بە تەواوەتی بەقەدەر نرخی ئەو پارەیەی کە چاپی کردوە ئاڵتونی بەرامبەر دابنایە لە بانکی ناوەندی، وە بانکی ناوەندی زۆر بەئاسانی ئاڵتونی دەدا بە هەر تاکێک کە دراوێکی کاغەزی بۆ ببردایە، بەجۆرێک هەر جۆرە دراوێکی کاغەز بڕەکەی بەیاسا دیاریکرابوو چەند ئاڵتون دەکات.

بە تێپەڕبونی کات و فراوانبونی بازرگانی ئەم یاسایە بەرەو کاڵبونەوە چوو، لە ئێستادا بانکە ناوەندییەکان بەرامبەر چاپکردنی دراوی وڵاتەکەیان جگە لە ئاڵتون دەتوانن دراوی ئەجنەبی و سەنەدات دابنێن وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو دراوە نیشتمانییە کە چاپی دەکەن،
وە ئەوەی نرخی ئەو دراوە چاپکراوە دیاری دەکات، هێزی ئابوری ئەو ووڵاتەیە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا.

دەوڵەت خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بۆ چاپکردنی دراو، دەتوانێت هەر بڕە پارەیەک کە بیەوێت و چاپی بکات، کەواتە بۆ دەوڵەت ئەو کارە ناکات تا وڵاتەکەی لە قەیرانی کورتهێنانی بودجە و قەرز بپارێزێت؟

چاپکردنی دراوی زۆر، بەبێ هیچ پاڵپشتێکی نەختینەیی، لە ڕوی شکڵییەوە پارەیەکی زۆر دێتە وڵاتەوە و کورتهێنان لە بودجەدا پڕ دەکاتەوە، بەڵام لە ڕوە ئابورییەکەیەوە ئەم جۆرە چاپکردنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە، دراوەکە نرخە ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات، وە ئابوری دەوڵەت بەرەو داڕوخان دەبات. چونکە کاتێک کە دەوڵەت بێ گوێدانە پاڵپشتی نەختینەیی و قەبارەی ئابوری وڵاتەکەی و قەبارە و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ووڵاتەکەی دراوی زۆر بە چاپ بگەیەنێت، ئەوا نرخی کاڵاو شتومەک و خزمەتگوازرییەکان لەو وڵاتەدا بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیان هیچ سودێک لەو خستنەڕوە وەرناگرن. 
وە ئەم جۆرە خستنەڕوە و چاپکردنە تەنها بۆ مامەڵکردنی ناوخۆیی بەچاپ دەگەینرێت، ئەگینا لەڕوی نرخی کاڵا و شتومەکەوە بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکەی بەرەو هەڵئاوەسان دەبات و کاڵا و شتومەکەکان نرخە ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن و نرخیان بەرز دەبێتەوە.
کەواتە هەر جۆرە چاپکردنێکی دراوی نوێ بەبێ پاڵپشتی نەختینەیی و ئاڵتون هیچ سودێکی نابێت، وە لە ئەگەری هانا بردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەم دەرفەتە ئەوا نرخی دراوی عێراقی دادەبەزێت،  وەک ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو یان وەک ووڵاتی فەنزوێلا نرخەکان بەرزدەبنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand