عەبدولڕزاق شەریف هەرێمی سلێمانی وەک چارەسەر جارێک لە مەلا عومەری هاوەڵی (شێخ عیزەدین )یان پرسیبو ( مەلا تۆ بەراستیتە بانگەشە بۆ مام جەلال ئەکەیت کە داوای دەوڵەتی کورد، بۆ هەر چوار پارچەکە پێکەوە ئەکات ؟ ) . وتبوی بەڵێ وایە !، وتبویان چۆن و بۆچی بۆمان ڕونبکەرەوە ؟ زۆر بەسانایی لە وەڵامدا وتبوی ( مام جەلال لەم شاخ و کێوە بەسەر چەند پێشمەرگەیەکی ئەودیوا ئەخوڕێ و بە گۆچان لێیان ئەدا، قابیلە حەز نەکا بەسەر هەمو کوردا بخوڕێ و کوردی هەر چوار پارچەکە دارکاریبکا ) . وتبویان لەمەی مام جەلال تێگەیشتین ئەی باشە شێخ عیزەدین کۆمەڵەیە و چۆن ئەڵێی ئەویش وەک مام جەلال حەز بە یەکبونی هەر چوار پارچەکە ئەکات ؟ لە وەڵامدا ئەڵێ شێخیش ئێستا زەکات و سەرفترە بەس لە خەڵکی سابڵاخ وەرەگرێ، قابیلە حەزنەکا لە کوردی هەر چوار پارچەکەی وەربگرێ !. پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی و هاوبیرەکانیان، بە هەمان لۆژیکی ( مەلا عومەر ) حەز و خولیای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان هەیە، بۆیە کە باسی ئەکەن سەدان هەزار دەنگ بە ڕویاندا، بەرز ئەبێتەوە . هەندێ دەنگی ناوازەی ناڕازیش لە حوکمدارێتی بیست و نۆ ساڵی یەکێتی و پارتی و شەریکەکانیان، لە مەراقی قەیران و بێ ئومێدیا، ئەڵێن هەر زاڵم وکافرێ حوکمداریمان بکات لەم حیزبانەی کوردستان باشترە! هەندێ ئاخ بۆ گەڕانەوەی بەعس هەڵدەکێشن!، داوای ڕاستەوخۆ پەیوەست بون بە بەغدا و حوکمدارێتی حیزبە عێراقییەکان ئەکەن . ئەم دو بۆچون و بیرکردنەوەیە یەک سەرچاوەیان هەیە و گوزارشت لە یەک هەقیقەت ئەکەن، ئەویش فەشەلی سیستەمی سیاسی، ئیداری و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستانە . یەکەم بۆچون ئەیەوێ بیپارێزێت هەتا نەوت و جەوت چوڕبڕ ئەکات و ئایندەی زیندەگی مناڵی خێزانە سیاسییەکان مسۆگەر ئەکات، دوەم بۆچون ئەیەوێ تێکی بدات و تۆڵەی تاڵانی موڵکی خەڵک و نائومێدی خۆی بکاتەوە و لە پاڵیا ئایندەی زیندەگی مناڵەکانی باشتر بکات . سەرەنجام ڕێگەی هەر دو بیرکردنەوەکە، بە زەلیلی بەرەو بەغدا ئەڕوات و هەمو مافە دەستوری و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان کە سەدان ساڵە فرمێسک و خوێنی بۆ ئەڕێژین، لەیەکەمیاندا، بەرامبەر مانەوەی حوکمی بنەماڵەکان و لە دوەمیاندا بەرامبەر موچە سازشی لەسەر دەکرێت و هەمو کێشە و قەیرانەکانیش وەک خۆیان و زیاتریش ئەمێننەوە . و ( ما العمل )، ئەی چی بکەین ؟ برای بەرێز ( مەریوان وریا قانع )، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، هەردو بۆچونەکەی بە گەمژەیی سیاسی وەسفکرد و ڕێگە چارەکەشی بە نیوە ناچڵ باسکرد، دیارە لەکۆتایی بەرنامەکەیا بو، بێژەرەکەش بە هەر هۆیەک بو قسەکەی پێبڕی، بۆیە وەڵامی پرسیارەکە هەقی خۆی وەرنەگرت، کە ئەبوایە هەمو بەرنامەکە تەنیا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بوایە، نەک قسەکان کۆتایی پێ بهێنرێت . بە هەر حاڵ، کاک مەریوان لە وەڵامدا وتی ( ڕای من ئەوەیە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، فۆرمی فیدڕاڵیەت یەکێکە لەو فۆرمانەی کە ئەتوانێ زۆر کێشەی سیاسی چارەسەر بکات، فۆرمی پارێزگای سەربەخۆ بێت یان هەرێمی سەربەخۆ بێت، ئەتوانێ کۆمەڵێ کێشە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو فۆرمە پێویستی بە بکەری سیاسی هەیە کە تیایدا، دیموکرات بێت، نەک وەک پارتی و یەکێتی بێت ) . لە بنەڕەتدا، بیری فیدراڵیەت، بە دو مەبەستی سەرەکی هاتۆتە ناو کایەی سیاسی و حوکمڕانییەوە، یەکەمیان چارەسەری کێشەیە و ئەویتریان یەکبون و زیاتر پێکەوەبونە . پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان کێشە گەلێکی زۆریان لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی هەولێر لە لایەک و بەغدا، لە لایەکیتر هەیە، ئەو کێشانە، قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە، کار گەیشتوە بەوەی بژێوی ژیان تێکبچێت و ئایندەی خەڵک و خاکەکەمان بکەوێتە مەترسی گەورەوە و تەونی کۆمەڵایەتی لەبەر یەک هەڵبوەشێت. تەنیا ڕێگەی دەستوری و یاسایی بۆ ڕزگاربون بە هەرێمکردنی شارەکانی کورستانە، ئەمەش لە ڕێگەی دەنگی زۆرینەی خەڵکی هەر پارێزگایەکەوە جێبەجێدەکرێت و مەریوان وتەنی ( میلەتەکەمان لە زۆر کێشە دەرباز ئەکەین )، هەر پارێزگایەکیش بە کەرکوکی خۆشەویستیشەوە کە مافی بە هەرێمبونی وەرگرت، ئەتوانێ دەستورێک بە تایبەتمەندییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بنوسێتەوە و هەمو مافە دەستورییەکانی خۆی وەک هەرێمی سەربەخۆ لە عێراقدا، وەربگرێت . سنور و خاک و سەروەت و حوکمدارێتیش کە سەد ساڵە کێشەی هەمومانە لەم عێراقەدا، هەر بەو دەستورە، هەرێمەکان چارەسەری ئەکەن، هەندێ کێشەی کەمیش گەر بمێنێ، پێکەوە لەناو خۆماندا و لەگەڵ بەغدا، هەر هەرێمە و گفتوگۆی خۆی لە بارەوە ئەکات. ئەگەر بنەماڵە سیاسییەکانیش، حەز و خولیایان وەک تەفسیرەکەی مەلا عومەری کۆمەڵە بێت، بەخوا هەرێمی سلێمانی نە دارکاری قبوڵ ئەکات و نە سەرانەی بە ناوی زەکات و سەرفترەوە لێ ئەسەندرێ، ئەم بیست و پێنج ساڵەش کە بە دەنگی دهۆک و مێرگەسور و بە ئێف شانزەی تورک بۆیان کراوە ، سلێمانی دەستی بەو دەڤەرە ڕانەگەیشتوە .
عهدالهت عهبدوڵڵا لهبهر ئهوهی راستهوخۆ كاریگهریی لهسهر ئارامیی سیاسی و كۆمهڵایهتی و تهنانهت دهروونی تاكهكانیش ههیه، ئهوا رهنگه، له بنهڕهتدا، ناكۆكیی نێوان یهكێتی و پارتی، تهنها بۆ دوو لایهن خوازراو و بهكهڵك بێ: نهیارانی دهرهكی و ههلپهرستانی ناوخۆیی!. ناكۆكی، ئاساییه ئهگهر زادهی جیاوازی بێت، بهڵام ئهوهی، لهرووی سیاسییهوه، نائاساییهو، ئهوهی به كایهی سیاسهتیش نامۆیه!، درێژهدانه به ناكۆكی و ململانێ بهبێ ئهوهی هیچ باك و بایهخێك به بڕی ئهو زیان و مهترسییانه ههبێ كه بۆ سهر ئاسایش و ئارامیی سیاسی و دهروونیی گشت/كۆمهڵ، دروستیان دهكهن. هاوكێشهكه، له پهیوهندیدا به ههردوو پارته فهرمانڕهواكهی ههرێمهوه، تایبهتمهندیی زیاتریشی ههیه، چونكه ناكۆكییهكانی نێوان ئهمان، دهستبهجێ و لهیادهوهریی بهكۆمهڵدا، ههم برینی مێژوویی ئهكولێننهوه، ههم دابهشبوونی جوگرافی و ئیداری، ئهمهش بۆ تاقیكردنهوهی نهتهوهیهكی وهك كورد كه تهنها لهم بهشهی باشوور، له یهككاتدا، له عێراقی دوای بهعسیشا، هێشتا بهشێكی لێ دابڕێنراوهو، دهیان بنكهی سهربازیی توركیاش، لهدۆخی لهشكركێشی و داگیركاریدا، لهناو خاكهكهیدا دامهزراون و، لهولاشهوه، ناوبهناو، تووشی گێچهڵی تۆپیارانی ئێرانییهكانیش دهبێتهوه، ناكۆكییهكی یهكجار ناعهقڵانییه. خۆ ئهگهر، لهم ناكۆكییهدا، دیسانهوه، مهغرورانهو بێ پهند وهرگرتن له رابردوو، ههوڵ ههبێ بۆ ههژموونكردن و تاكڕهوی، یان یهكتر سڕینهوه، لهوهش زیاتر لهم خهیاڵدانه سیاسیه مهترسیدارهدا، بویسترێ گرهو لهسهر هێزو پاڵپشتیی داگیركهر بكرێ، ئهوا بێگومان دهبێ ههموو لایهك زۆر لهوه دڵنیابێ كه ستراتیژی شاراوهی داگیركهران، خۆشبهختانه!، رێك به پێچهوانهی ئهم خهیاڵدانهیه. ئهوان، لهكۆتاییدا، هیچ هێزێكی كوردی، چهند نۆكهرایهتیشی بۆ بكهن، لهخۆیانی گهوره ناكهن!، ئهوان ئهوهی زۆر به دیققەتهوه دهیخوازن و پلانی بۆ دادهنێن، تهنها بهرپاكردنی شهڕی ناوخۆیی ئیستنزافی و وێرانكهری وڵات و نهمانی یهكجاریی ههر ئهزموونێكی سیاسیی كورده له ههر بهشێكی كوردستاندا، بۆیه عهقڵیهتی پاوانخوازی و یهكتر سڕینهوه، لای ههر هێزێكی كوردی، له ههموو دۆخێكدا، ههر به تهنها گهمژهیهكی سیاسی و كورتبینیهكی ستراتیژی نییه، بهڵكو دهكرێ بوترێ عهقڵییهتێكی كهمتر دۆزهخییه بۆ كوردو ئهزموونی سیاسیی باشووری كوردستان به بهراورد بهو دۆزهخه گهورهیهی كه داگیركهران، له ناكۆكی و ئهگهری شهڕی خۆبهخۆی تری كورددا، بهرپای دهكهن!. ههر لهبهر ههموو ئهو هۆیانه، بهڵێ پێویستیمان به گفتوگۆی نێوان پارتی و یهكێتی ههیه، بهڵام گفتوگۆیهك كه جیاوازیی تێزو سیاسهت و بیركردنهوه له نێوان ههردوولادا، بكاته فره بژاردهیی، بكاته فراوانكردنی ئاسۆی بیركردنهوهی سیاسی، ڕووهو چارهسهركردنی قهیرانهكان و وهڵامدانهوهی داخوازیی رهوای خهڵكی كوردستانی بهرێ، نهك بیگۆڕێ بۆ كات كوشتن و نمایش و میوەخواردن و پێكهنین!، یان تهعهنودی سیاسی و دهمارگیری و دهستگرتن به بیروڕاو رهتكردنهوهی ههموو بیروڕایهكی بهرامبهر. جیاوازی لهناو كایهی سیاسیدا، بۆ نهتهوهیهك كه كێشهی شوناسی ههیه، كه هێشتا ههڕهشه لهسهر خاك و قهوارهی ههیه، كه هێشتا داگیركهر بۆی لهبۆسهو مهڵاسدایه، ههڵوێستێك نییه بۆ ئهوهی بكرێ به ناكۆكی و بایكۆتی سیاسی و تاقیكردنهوهی ئهندازهی شكاندنی ئیرادهی یهكتر!. هیچ لایهك ئهزموونی لهم بوارهدا نهبێ، یهكێتی و پارتی ههیانه!، دڵنیاشین، ههردوولا، هێشتا توانای - خوانهخواسته - چهندین خولی تری شهڕی ناوخۆییان تیا ماوه! بهڵام بهبێ ئهوهی هیچیشیان كۆتاییان پێ بێ و هیچ بچننهوه جگه له مهرگی زیاتری رۆڵهكان و وێرانكردنی قهوارهی سیاسیی كوردستان و كۆتایی پێهێنانی، چونكه ڕوونه هێشتنهوهی ناكۆكیی بهردهوام لهنێوان ئهم دوو هێزهدا، له نزیكهی نیوسهدهی رابردوودا، بهشێكی دانهبڕاو بووه له ستراتیژی داگیركهران، بۆ ئهمهش دهیان بهڵگهنامه له دهزگاكانی موخابهرات و ئهمن و بارهگاكانی حزبی بهعسی رووخاو و بهڵگهنامهی تری دزهكراوی دهزگای موخابهراتی وڵاتانی تردا ههیه!، بۆیه ههر هێزێكی سیاسییش ئاو بكاتهوه ئاشی ئهم ستراتیژهدا، ههر حزبێك له پێناوی تاكڕهوی و خۆسهپاندندا، كۆمهكی بكات، ئهوا نهك ههر براوه نابێت، بهڵكو ئهگهری مانهوهیهكی شهرافهندانهی خۆیشی نییه جگه لهدۆخی نۆكهرایهتی كه ههمیشه مهرجێكی بابهتی بووه له مهرجهكانی ههڵگیرسانی شۆڕش و راپهڕینهكانی گهلی كورد. گفتوگۆی یهكێتی و پارتی پێویسته، بهڵام بۆ ئهوه نا تهنها كۆببنهوهو گفتوگۆ بكهن، بهڵكو بۆ ئهوهی به راشكاوی خاڵی جیاوازی و سروشتیی ئهو بابهتانهی كه ناكۆكیی لهنێوانیاندا دروست كردۆتهوه، دهستنیشان بكهن، بۆ ئهوه كۆببنهوه كه، لهجیاتی ئهوهی، وهك له میدیای تهقلیدی و میدیای نوێNew Media و تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا ئهگوزهرێ!، لهسهر قهیرانهكان، به رههایی، یهكتر تۆمهتبار بكهن، بێن و بهرپرسیارێتیی هاوبهش ههڵبگرن، خاڵی هاوبهش بۆ تێپهڕاندنی ههلومهرجی سهختی دارایی و سیاسی و تهندروستی ههرێم بدۆزنهوهو بڕیاری بوێرانه بدهن. گفتوگۆی یهكێتی و پارتی، گرنگه، بهڵام بۆ ئهوه نهبێت كه رۆڵی هێزه سیاسییهكانی تری گۆڕهپانهكه فهرامۆش بكرێ و بخرێنه پهراوێزهوه، بهتایبهت ئهو هێزانهی كه لهدهرهوهی حكومهتن. ههر هێزێكی سیاسی كه لانیكهم عهقڵانی و ستراتیژناس بێت، ئهوا ههموو پلۆرالیزمێكی سیاسی وهك وزهی نیشتمانی سهیر دهكات، وهك یهدهكی هێزو پشتیوانی لێی دهڕوانێت، ههوڵی رهچاوكردنی تێزی باش و دڵسۆزانهی نهك تهنها گروپه سیاسییه جیاجیاكانی نیشتمان دهدات، بهڵكو حساب بۆ پێشنیاری گونجاو و بهنرخی ههموو هێزه مهدهنی و كۆمهڵایهتییهكان و تهنانهت هاووڵاتییهكی ئاسایی-یش دهكات. گفتوگۆی یهكێتی و پارتی، باشه، بهڵام بهوه سهردهكهوێت كه له پێناوی پاراستنی قهوارهی سیاسیی ههرێم و بهرژهوهندیی هاووڵاتیان و باشكردنی ژیان و گوزهرانیاندا، گیانی سازشكردنیان بۆ یهكتر تیا بێت، به رووی تێزو پرۆژهی یهكتردا بكرێنهوه، رهخنهی بابهتی و هێمنانه لهناو كۆبوونهوهكاندا لهیهكتر بگرن و لهدهرهوه كۆمهڵگه بهگژ یهكتردا نهكهن!، بهڵكو بیرۆكهو تێزهكان، به لۆژیكی دانوستان، بخهنهكارو قهیرانهكانیان پێ چارهسهر بكهن، لهوهش زیاتر، ئهنجامی كردارییانهی گفتوگۆكان، راستهوخۆ، لهسهر گوزهرانی هاووڵاتیان رهنگ بدهنهوهو كاتیان پێ بهڕێ نهخهن و نائومێدیان ناكهن.
مەریوان وریا قانع چەند سەرنجێك لەسەر مەسەلەی ”ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم“: لە ئێستادا ھەندێك قسە و باس لەسەر ھەڵوەشاندنەوە و كۆتاییھێنان بە ھەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لەئارادایە و زیاد لە دەنگێك لەم پرۆژەیەوە ئاڵاوە. بەر لە ھەمووشتێك ھەر ھەڵوەشاندنەویەك بۆ ئەم قەوارە فیدراڵییە بەبێ ڕاپرسیی لەسەری، كارێكی تەواو نادیموكراتە و سەپاندنی زەوق و سەلیقەی سیاسیی ئەم یان ئەو گروپە بەسەر سەرجەمی دانیشتوانی ناو ئەو قەوارە فیدراڵیەدا. بەم مانایە ئەم تێزە، لەم فۆرمەی ئێستایدا، تێزێكی تەواو نادیموكرتە. ئەگەر قەراربێت ھەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵیی ھەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت، ئەمە پێویستە لەڕێگای ڕاپرسییەوە ڕووبدات و زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم ھەم خوازیاری نەمانی ئەم ھەرێمە فیدرالیە بن، ھەم ڕایان لەسەر ئەوەبێت ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بەڕێوەببرێن. لە ئەزموونی سیاسیی كوردستاندا ئەمە مانای گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە ”حكومە زاتیی“ەكەی بەعس خۆشی. بە بۆچوونی من گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سێنتەر تێزێكە لە زیاد لە سەرێكەوە پڕكێشە و پڕ مەترسییە. لەڕووی كردەییەوە ئەم تێزە تەنھا ئەم مانایەی ھەیە: بۆ ئەوەی لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و منداڵەكانیان ڕزگارمانبێت، بابچینە بەردەستی بنەماڵەی سەدر و حەكیم و عەمامە بەسەرەكانی تری شیعە و میلیشیاكانی وەك سوپای مەھدیی و حەشدی شەعبیی و ھێزەكانی بەدر و عەسائیبی ئەھلی حەق ھتد.. بە دیوی ئەمدیویشدا چوونە بەردەستی ھێزە سونییەكان كە تێكەڵێكی ترسناكن لە بەعس و قاعیدە و ئیخوانی موسلیمین. لە ئاستی ئیقلیمیشدا لە ھەیمەنەی توركیاوە ڕاكەین بەرەو ھەیمەنەی ئێران و سعودییە. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغدا ھەڵوەشاندنەوەی ئیمارەتەكەی بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانییە، بۆ چوونە ناو ئیمارەتی ھێزە سوونیی و شیعەكانەوە، بۆ دەرگیربوون لەگەڵ عەقڵیەتی تائیفیی شیعەكانی عێراق و كەوتنە بەردەمی سەلەفیەتی سونیی لە چاپە ھەرە ترسناكەكانیدا. بە بۆچوونی من ئەم پرۆژەیە نەك قابیلی بەرگریلێكردن نییە، بەڵكو مرۆڤ مەگەر لە ڕووی سیاسییەوە تەواو گەمژە و لەڕووی سایكۆلۆژییە بە ڕق باركراوبت، كە وەك بەدیل و ئەلتەرناتیڤی دۆخی ئەمڕۆكە سەیری بكات. شەڕی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو ئیمارەتە سوڵتانییە جەردە و تاڵانچییەكەی ھەرێم شەڕێكە دەبێت لەناو ھەرێم خۆیدا ئەنجامبدرێت، نەك بە ڕاكردن بۆ باوەشی كۆمەڵێك بكەری سیاسیی دیكە، گەر لەمانەی ھەرێم خراپتر نەبن باشتر نین. عێراق تا ئەم ساتەش خاوەنی سیستمێكی فیدرالییە، پاراستنی ئەم فیدرالیزمە، پاراستنی ئەو لانیكەمەیە لە سەربەخۆبوون كە دەشێت وابكات ھەموو ھێز و بڕیار و دەسەڵاتەكان نەچنەوە بەر دەستی حوكمڕانان لە بەغداد. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم مانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فێدرالیزمە و گەڕنەوە بۆ پایتەخت. سیاسەتی ”بە پایتەختكردنی دەسەڵات“، ئەزموونێكە بە درێژایی سەدەی بیستەم، نەك تەنھا لە عێراقدا، بەڵكو لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە ستەمگەریی و دیكتاتۆریەت و ھەڵاوێردن و دیسكریمینەیشن شتێكی تری لێ سەوز نەبووە. بەبۆچونی من دۆخەكە لە ئێستادا بەم جۆرەیە: ھەولێر لە بەغدا خراپتر و بەغدا لە ھەرێم خراپتر. حوكمڕانانی كوردستان لە حوكمڕانانی بەغدا خراپتر و ئەوانی بەغداش لەوانەی كوردستان خراپتر. ھەردووكیان لە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و خراپبەكارھێنانی دەسەڵات و گرتن و كوشتن و فڕاندندا برای یەكن. ئەم حوكمڕانانە بە ھیچ مانایەك لەیەكتری جیاواز و دابڕاو نین، ئەوان بە سەدان ھێڵی بینراو و نەبینراوەوە بەیەكترییەوە گرێدراون. ئەوەی پێویستە بگۆڕێت، گۆڕینی ھەردوو جەمسەرەكەی دەسەڵاتە، نەك ھەڵاتن لە یەكێكیانەوە بەرەو ئەویتریان. ڕای من لەسەر دۆخی سیاسیی و ئابوریی و یاسایی و دەزگایی و حیزبیی و میدیایی و فەرھەنگیی قەوارەكەی ھەرێم بۆ زۆرێك لە خوێنەران ئاشكرایە، ئەوانە نەبێت كە بە ئەنقەست دەیانشێوێنن و بەوشێوەیە دایدەڕێژەنەوە كە خۆیان دەیانەوێت. من تا ئێستا چەندانجار باسم لەوە كردوە كە ئەم ئەزموونەی ھەرێم قابیلی چاكسازیكردن نییە، دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا و پەنابردنی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ھەڵبژاردن وەك ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی حیكایەتێكی تراژیدییە. ئەمڕۆ ئیتر تەواو ئاشكرایە كە ھەڵبژاردن ئامرازی گۆڕانی ئەو ئەزموونە و چاكسازیكردن لەناویدا، نییە. ئەم ئەزموونە سی ساڵ كاری مافیایی و جەردەیی و دزییكردن و پەنابردن بۆ ھێز و توندوتیژیی لەپشتە. ئەوەی دروستكراوە بە ڕادەیەك نالەبارە كە قابیلی چاكسازیی نییە و بە تەنھا دەسكاریكردنی موچە، یان چاودێركردنی خاڵەكانی گومرك لەسەر سنوور، یان فرۆشی نەوت بەتەنھا، بونیادە سەرەكییەكانی ئەو گشتە گەورەیە ناگۆڕێت. ئەوەی دەبێت ڕووبدات، ھەڵوەشاندنەوەی ئەوەیە كە دروستكراوە بە نیازی سەرلەنوێ دروستكردنەوەی بە شێوەیەكی جیاواز. ئەمەش ئەركێكە بەوە ئەنجامنادرێت بەرگریی لە خورافەتی ڕاكردنی خەڵكی كوردستان بۆ ناو ئامێزی ھێزە تائیفیی و دینیی و دەسەڵاتگەرەكانی بەغدا، بكەیت و قەوارە فیدراڵییەكە ھەڵوەشێنیتەوە. ئەوەی دەبێت ڕووبدات بەھێزكردنی ڕۆژانە و پلان بۆدانراو و بەردەوامیدانە بە ئیرادەی گۆڕانكاریی سیاسیی سیستمەكە و كاركردنی عەقڵانیی بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییە. ئەمەش ئەركێكە بەم بكەرە سیاسییە بچووك و نەفامانە ناكرێت كە خەون بە ڕاكردنەوە بۆ بەغدا دەبینن. ھاوكات باوەڕیشم وایە بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییە وەرگرتنی ھاریكاریی لە بەغدا، لە ئەمریكییەكان، یان لە شەیتان كارێكی ڕەوایە. چونكە درێژەدان بەم ئەزموونەی ئەمڕۆكەی كوردستان نزیككردنەوەی دەستەجەمعی خەڵكی كوردستانە لەناوچوون. ھەمان دۆخ كە لەبەغداش ئامادەیە و كاردەكات.
کاروان عەلی شامار فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لەیەک لە کتێبەکانیدا بەناوی (رەخنە چییە؟)، زۆر بەوردی باس لە رەخنەو جۆرەکانی دەکا، پێی وایە رەخنە ئامرازە، کەرەستەیە بۆ دوارۆژ یان بۆ حەقیقەتێک کە رەخنە نازانێت چۆن روو دەدات! وە ئەگەر بەشێوازێکی سادەش شرۆڤەیەکی رەخنە بکەین ئەوا جۆرێکە لە ھەڵسەنگاندن و نرخاندن بەمەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ. دیارە رەخنەش پابەستە بەزۆر بوارەوەو دەتوانرێت لە زۆر کایەی دیار لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و ئەخلاقی بخرێتە بەردەم نەشتەری رەخنەو رەخنەلێگرتنەوە. سەردەمانێک صەدام حسێن لەدژی نەیارەکانی و بەتایبەت ئەوانەی رەخنەیان لە رژێمەکەی دەگرت (زمانی دەبڕین)، ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و بەرتەسکردنەوەی مەودایی دیموکراتی! سەدام بەمانا دیکتاتۆر بوو ھەموو ئەو توندوتیژیانەی کە ئەنجامی دەدا، بروای تەواوی پێیان ھەبووەو ھیچی لەژێر ماسکەوە نەکردووە، ھەر بۆیە ناوی وەک دیکتاتۆرێک لە مێژوودا تۆمارکرا! ئەگەر رژێمی بەعس ماوەیەک زمان برینی وەک سزایەکی جەستەی دژ بە کەسانی رەخنەگرو ئازادیخواز ئەنجام دابێ وەلێ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ساڵانێکە لە ژێر ناوی دیموکراتی موزەیەفدا سزای جەستەیی و دەرونی ھاونیشتیمانیان و ئازادیخوازان دەدەن و ھیچ بەھایەکیان بۆ رەخنە نەھێشتۆتەوە. ئەگەر لەرابردوو شانازییەکیش ھەبوبێ بەھۆی رەھەندە شۆرشگێرییەکەوە بووە وەلێ لەدوای راپەرین ئەوەش لەباربرا! بەداخەوە وڵاتیان ھێندە بێ ھیوا کراون خۆزگە بە سەردەمی رژێمی صەدامی حسێنی دیکتاتۆر دەخوازن کە ئەمە کارەساتەو لێکەوتەکانی لەئایندەدا دەبینرێ! لەسەروبەندی پێکھێانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێم تا ھەنوکە ھەزاران رەخنەی جۆراو جۆر ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم کراون، گەر بەشێک لەو رەخنانە تەوزیف کرانایەو وەک پێویست سودیان لێ وەرگیرایە، ئەزمونی ھەرێم ئێستا دانسقەو پێشەنگ دەبوو. بیست و نۆ سالی رەبەقە ئازادیخوازان ھەرچی ئۆپشنی مەدەنی و دیموکراتی ھەیە تاقیان کردۆتەوە لێ ھیچ ئیعتیبارێکی نەبووە! لەدەرەنجامدا دەرکەوت سەردەمی رەخنەگرتن بەسەرچوەو ئەو میتۆدەی لەھەمبەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەکارھاتوە رۆلێکی ئەوتۆی نەبووەو نابێ، حەق وایە بۆ لەمەودوا بەشێک لەو بەرپرسانەی بەتایبەت ئەوانەی بەشێک نین لە خراپەکارییەکان ھەڵوێستەکانیان یەکخەن و تەنھا لە چوارچێوەی تیۆریدا نەبێ و ئەزمونێکی نوێ تاقی بکەنەوە، ئەگەر دەیانەوێ نەبنە بەشێک لە بێدادی و گەندەڵیەکانی ئەوانی تر، ئەوا پێویستە بۆ تەنھا جارێکیش بێ بەکرداری ھەنگاو بنێن بە ئاراستەی چاکسازی و گۆرانی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوری و باشکردنی گوزارەنی ھاونیشتیمانیان.
بابان ئهنوهر ئهزموونێكی تاڵ له ههڕهشهوه تا ههوڵی ڕفاندن دواهەمینجار کە چوومە بنکەی پۆلیس، پۆلیسی بەردەرگاکە گوتی ببورە گەورەم گوتویەتی ئەو کوڕە هات جارێکی تر مەیکەنە ژوورە..! لەپەنجەرە بچووکەکەی قولەکەوە پۆلیسێکی تر دەستی درێژکرد و سکاڵاکەی دایەوە دەستم پێی گوتم "ئەم وەرەقانەش بەرەوە با لێرە نەبێت بەژێر پێوە". ئهمه دواههمین ئهنجام بوو كه له بێنه و بهردهیهكی زۆر لهگهڵ دادگا و پۆلیسخانهكان دهستم كهوت، من ویستم دۆسێی ئهمجارهی پێشێلكاریی بهرانبهر ڕۆژنامهنووسان وهك ههموو دۆسێكانی تر تێپهڕ نهكات و له ڕێی دادگاوه ههقی خۆم وهربگرم، بهڵام لهمهشیاندا بێ ئهنجام بووم. هەموو ئەوانەی بەسەرم هات هەر لەهەڕەشە و جنێوپێدان و ڕێگەپێگرتن و گرفت بۆ دروستکردنم بەهۆی ئەوەوە بوو کە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیم لەسەر ژمارەیەک بەرپرس بڵاوکردەوە کە لهقهزای دهربهندیخان (باشووری ڕۆژههڵاتی سلێمانی) زەوی و موڵک و ماڵی گشتیان بۆ بەرژەوهندی خۆیان بەکار دههێنا و بەدەیان هەزار دۆنم زەوی گەشتیاریان داگیر کردبوو. ڕاپۆرتەکان كه له مانگهكانی ئاب و ئهیلول و سەرەتای تشرینی یهكهمی ساڵی ٢٠١٥ به زنجیره له كهناڵی (NRT) بڵاوم دهكردنهوه، نەبوون بەسەرچاوەی گەڕاندنەوەی ئەو موڵکە گشتیانە بۆ حکومەت و هاووڵاتیان، چونکە تا ئێستاش بەشێکی زۆریان هەر بە داگیرکراوی ماونەتەوە، بەڵام بوونه بهڵگه بۆ ژمارەیە بەرپرسی تر کە بۆ ململانێی سیاسی و تەکەتولاتی ناوخۆیی حیزبی وەک چەکێکی فشار بەرامبەر نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنا، تاکو وای لێهات هەندێ بەرپرس سزای سیاسی و حیزبی و ئیداری دران و چەند کەسێکیان لە پۆستی ئیداری دوورخرانەوە. ئهو زنجیره ڕاپۆرته كه ههمووی بهبهڵگه و داتا و ژمارهی ورد و ناوی كهسهكانهوه خرانه روو، چاوهڕێی ئهوهی لێ دهكرا دهزگا پهیوهندیدارهكان سوودی لێببینن بۆ گهڕاندنهوهی موڵك و ماڵه گشتییهكان، كهچی بێ ویستی خۆمان ئێمهی ڕاكێشایه ناو ململانێیهكهوه و به چهندین شێوازی ڕووبهڕووی ههڕهشه بووینهوه. یهكێك لهو نامانەی كه له ڕێی ماسنجهری فهیسبووكهوه بۆ ڕۆژنامهنووسی ئامادهكاری ئهم چیرۆكه نێردراوه و ئیدیتهری چیرۆكهكه چاوی پێكهوتووه، ههڕهشهی ڕوون و ڕهوانی تێدایه بۆ سهر گیانی ڕۆژنامهنووسهكه تا ڕادهی ههڕهشهی كوشتن و نووسراوه "دڵنیابه به سزای خۆت دهگهیت و باجی ئهو دهمدرێژیته ئهدهیتهوه... وهك....ئهتتۆپێنین"، ئهو كهسهشی نامهكهی ناردووه رۆژنامهنووسهكه دهیناسێت. metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=52&Jor=1 ئهم نامهیه منی سارد نهكردهوه، بهڵام زانیم ههڕهشهكان جدین و زیاتر له جاران خۆم دهپاراست، هەرگیز بەتەنیا بۆ هیچ جێگایەک نەڕۆشتووم تەنانەت ئەو ماوەیە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆم بەکار نەدەهێنا بە ئۆتۆمبێلی كهناڵهكهم هاتوچۆم دەکرد. پێنج ڕۆژ دوای ناردنی دواههمین نامه لەقەرەباڵغترین جێگا و لەناو خۆپیشاندانی ناڕهزایی مامۆستایان کە ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لەسەر شەقامی سالم بهڕێوهدهچوو، کەسێکی باڵابەرزی جل ڕەش كه جلی فهرمی لهبهردا بوو، لەپشتەوە دای بەشانمدا و داوایکرد لەگەڵی بڕۆم گوایه كاری پێمه، تێگهیشتم ئهمهش درێژكراوهی ئهو ههڕهشانهیه كه لهسهرمه و ژیانم له مهترسیدایه، ئەوکات زانیم ئیتر دوعا و نزاکانی دایکم بۆ ئەو ساتانەیە کە ئەو هەمیشە لێی دەترسا . www.facebook.com/watch/?v=995144920531576 بەخێرایی داوای کەسە نەناسراوەکەم ڕەتکردەوە و لهگهڵی نهڕۆیشتم، بهڵام زانیم به تهنیا نییه و چوارکەسی تری لەگەڵ بوو، ڕۆیشتمە ناوەڕاستی خۆپیشاندانەکە و لەبەردەم هوتاف کێشانی خۆپیشاندانەکەدا وەستام تا هیچ نەبێت بەبۆنەی ئەو خەڵکەوە پارێزراوبم، ئەوە بوو کەسەکە وازی نەهێنا و بەبەرچاوی هەموو ئەو خەڵکەوە پەلاماری دام تا بەزۆر لەگەڵ خۆیم بەرێ، وێنەگرەکەی هاوڕێم بۆ ئەوەی پارێزگاریم لێ بکات هاتە بەردەمیان و من خۆم ڕاوەشان لە دەستیان و کەوتمە سهر زهوی، بەهۆیەوە کامێرای دەستی وێنەگرەکەم شکاو مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانەکە بهرگریان لێكردین و نەیان هێشت لەگەڵ خۆیانمان بەرن. هەموو ئەمانە بەدیمەنی کامێرامانی هاوڕێیەکم لەکەناڵی کەی ئێن ئێن تۆمار کراوە دواتر هەمووی بۆناردمەوە و ئێستاش کە سەیری دیمەنەکانی ئەو ڕووداوە دەکەم وەک یادگاریەکی ناخۆش هەمیشە لە مێشکمدا دووبارە دەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆژە لەوێ بوون بۆ ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان ئەو کەسەی کە پەلاماری داین لە کامێرای چەند کەناڵێکەوە دەرکەوت بوو کە بەوردی چاودێری ئێمە دهکات بۆیە هەر زوو بەیارمەتی چەند هاوڕێیەکم دۆزیمانەوە کێیە، بەڵام بەچی دەچێ! https://www.youtube.com/watch?v=VadcczNGKnA&feature=youtu.be من دوای ئهم رووداوه راستهوخۆ چوومه بنكهی پۆلیس و سكاڵای یاساییم لهسهر هێرشبهرهكان تۆماركرد، ههموو ئهو ڕێوشوێنانهی پێویست بوو گرتمنه بهر تا دووباره كردنهوهی وتهكان لهبهردهم لێكۆڵهرهوهی داد و چوونه دادگا، بهڵام ئهمڕۆشی لهگهڵدا بێت نه من و نه هێرشبهرهكان بانگ نهكراوین بۆ دادگا، رهنگه بهشێكی پهیوهندی بهوهوه ههبێت كه من لهبهر سهلامهتی گیانی خۆم نهمتوانی لهناو سكاڵاكه ناوی كهسی هێرشبهر بهێنم و سكاڵام دژی نهناسراو تۆماركرد. سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان كه ئهوكات لهنزیكهوه ئاگاداری ئهم دۆسێیه بوو گوتی "پێشێلکارییەکان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەڵکشاندایە، تا ئەم ساتە لە کوردستان یەک کەس لەسەر ئەو پێشێلکارییانە دادگایی نەکراوە کە ناو و ناونیشان دیارەو بەڵگەی لەسەر.. لە ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام ئێستا هێندە بێهیوا بوون سکاڵاش تۆمار ناکەن". ههر به ڕاستیش وابوو، من كه دواجار له بنكهی پۆلیس بێ هیوایان كردم تێگهیشتم ئهگهر ڕۆژنامهنووسان پهناش ببهنه بهر دهدگا هیچیان بۆ سهوز نابێت. جەلال هۆرێنی رۆژنامەنوس کە خۆیشی چەند جارێک بەهۆی کارە میدیاییەکەوە تووشی سەرئێشە بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆسێیەن و لە میدیاکانیش بڵاویان کردووەتەوە و ئاگاداری ڕێکارە یاساییەکانیشن، دەشڵێت "بەداخەوە دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێک نییە کەس ئاواتی پێبخوازێ و ڕۆژبەڕۆژ پێشێلکارییەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان ڕوو لە زیاد بوون، کەمترین جاریش دادوەرەکان کاریان بە یاسای ڕۆژنامەنووسی کردووە کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، زۆرکات دادوەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی کە سزاکانی سەر ڕۆژنامەنووسان قورسترن". جەلال بێهیوایەیە لەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان بەمزووانە چاک ببێت و دەڵێت "ئاسۆیەک ڕوون نییە بۆ باشبوونی دۆخەکە و ڕۆژانە پێشێلکاری جۆراو جۆر دەبینین کە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت". ئەمە یەکێکە لەو دەیان چیرۆکە ڕاستەقینانەی ژیانی من کە بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە ڕووبەڕووی بوومەتهوه، ئێستا من له دهرهوهی كوردستان دهژیم، بهڵام ههموو ههوڵم بۆ ئهوهیه ئهو ئهزموونه تاڵهی من بینم ڕۆژنامهنووسانی دیكهی كوردستان نهیبیننهوه و ئهزموونێكی لهبار بۆ كاری ڕۆژنامهنووسی دهستهبهر ببێت. ئێستا ڕۆژنامهنووس بابان ئهنوهر لهوڵاتی ئهڵمانیا دهژی، ئهو كاتهی له كوردستان بوو، جگه لهم چیرۆكه رووبهرووی چهندین پێشێلكاری دیكه بووهتهوه -ئیدیتهر -.
سەرتیپ جەوهەر سیاسەتی شكستخواردووی چەندین ساڵەی حكومڕانیی لەكوردستان دەرهاوێشتەكەی یٔێستا دەبنین كە برتییە لە نەبوونیی و برسێتی و چەقبەستنی سیاسی و پاشەكشەیەكی زۆر مەترسیداری تێگەیشتنی نەوەی نوێ بۆ یٔایندەی وڵاتەكەی. یٔەوەی یٔێستا دەیبینین دەرەنجامی رووداوێكی سروشتیی یان بارودۆخێكی لەناكاو و بێ پێشینە نییە، بەڵكو كەڵەكەبووی خراپی حكومڕانییە لەماوەی رابردوو. چەند رۆژێكە پرسی یٔیعتیرافكردن بەشكستیی یٔەم حكومڕانییە لێرەو لەوێ باس دەكرێت، تەنانەت هەندێك واوەتر دەچن و دەڵێن یٔەم قەوارەیە شكستخواردووەو با هەڵوەشاندنەوەی رابگەینرێت!! بێگومان یٔەم قسانە بێ پێشخان نییە، واتە كەڵەكەبوونی خراپییەكانی رابردوو یٔەو تێگەیشتنەی دروستكردووە. یٔەم تێگەیشتنە كاردانەوەو توڕەیی خەڵكە لەبەرامبەر گەندەڵیی و كەموكوڕییەكانی یٔەم حكومڕانییەی هەیە، نەك لە یٔاو و خاك و یٔاڵای وڵاتەكەی! یٔەگینا ناكرێت یٔەم خەڵكە بەدرێژایی مێژوو خەزێنەی قوربانیی رێی خەباتی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت، كەچی یٔێستا باس لەهەڵوەشاندنەوەی قەوارەكە بكات! توڕەیی خەڵك لەزۆر وێستگەی جیاواز بەرامبەر حكومڕانیی كوردستان دەركەوتووە، بۆنمونە لەریفراندۆمەكەی 2017 بەروونی دەركەوت. بەپێی یٔەو یٔامارانەی بڵاونەكرانەوە رێژەی دەنگدەران بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان نەگەیشتە لە 40% بەڵكو لەهەندێ ناوچە لە 30% تێنەپەڕاند، لەوە خراپتر لەو رێژەیەدا دەنگدەرانی نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەهەندێ ناوچە هاوتای رێژەی دەنگدەرانی (بەڵێ) بوو! یٔەو دەنگی (نەخێر)ە نەخێر بوو بۆ حكومڕانانی هەرێمی كوردستان نەك بۆ سەربەخۆیی خاك و نیشتیمان، نەخێر بوو برسێتی و ناعەدالەتیی، بۆ هەموو یٔەو نەهامەتیانەی بەهۆی درێژەكێشانی سیاسەتی چەوتەوە دروست ببوو. لەهەڵبژاردنی رابردووی كوردستانیش، دیسان خەڵك رووی لەسندوقەكانی دەنگدان نەكرد، چونكە تێگەیشتنێكی گشتیی دروست بوو كە سندوقەكانی دەنگدان ناتوانێت گۆڕان لەحكومڕانیی دروستبكات، یٔەو یٔەنجامەیشی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، بەدڵنیاییەوە جێی راست نەبوو، بگرە بەیٔاشكرا هەموو لایەنەكان بە یەكێتیشەوە دانیان بەتەزویرو ساختەیی یٔەنجامەكە دانا. خەڵكی كوردستان بەشێك نین لەململانێی سیاسی و بەرژەوەندی یٔەو كەمینەیەی كۆنترۆڵی حكومڕانیی و جومگەكانی داهاتی كوردستانیان كردووە. یٔەوان قوربانیاندا لەپێناو رزگاریی نیشتیمانیی و دەربازبوون لەژێردەستەیی، كەچی یٔێستا سەرباری برسێتی، یٔەو كەمینەیە لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و شەخسی پشتیان كردۆتە هەموو یٔەو دروشمانەی پێشتر پێیان دەفرۆشتینەوە، یٔەمڕۆ نەك یٔەو دروشمانەیان لەبیر كردووە، بەڵكو یٔەوانەی پێیانوابوو زیادكردنی ژمارەی كورسیەكانیان لەپەرلەمان لەڕێی تەزویر دەیانگەینێتە زروەتی دەسەڵات، یٔەمڕۆ لەترسی توڕەیی خەڵك خۆیان لەكونان ناوەو وەك رژێمە دیكتاتۆرەكان لەبری داننان بەشكست و چارەكردنی گرفتەكان، رێگاو سەركۆڵانەكانیان گرتووە وەك یٔەوەی بەدوای دوژمنێكدا بگەڕێن.
ئومێد قهرهداخی یهكهم : گومان لهوهدا نیه ، هیچ كاتێك بوونی سیاسی كورد ، خهونی كورد بۆ دروستبوونی قهوارهی سیاسی ، كارێكی ئاسان نهبوه ، ههمیشه رووبهروو بوه لهگهڵ نهزعهی شۆفێنیستی نهتهوهی سهردهست ، بهڵام لهگهڵ ئهم واقعه تاڵهشدا گهلی كوردستان ئهم قهواره سیاسیهی دروستكردوه ، ئهم قهوارهیهی كه ناوی ههرێمی كوردستانی عێراقه ، قهوارهیهكی یاسایی سیاسی دانپێدانراوه له دهستووری عێراقیدا، له ئێستادا هیچ مهترسییهكی لهسهر نیه ، ئیدیعای مهترسی ههڵوهشاندنهوهی ئهم قهوارهیه تهنها درۆیهكی گهورهیه و هیچی تر ، ئهم درۆیهش ههمیشه ههموو بزووتنهوه قهومچییهكانی دنیا دهیكهن، ئهم ئیدیعایه دوو ئامانجی سهرهكی له پشتهوهیه ، یهكهمیان ئهوهیه بهناوی بوونی مهترسی دهرهكییهوه نارهزایهتیهكانی ناوخۆ سهركوت ئهكرێ، خواستی چاكسازی راستهقینه كپ ئهكرێت ، دوهمیشیان ئهوهیه ههموو مونافیسه سیاسیهكان تهخوین ئهكرین به پیلانگێر و دروستكردنی مهترسی لهسهر قهوارهی ههرێم ، له چهند رۆژی رابردوودا به روونی تێبینی ئهوه ئهكهین ماكینهی ئیعلامی پارتی به ههموو توانایانهوه خهریكی تهخوینی ئهم كهسایهتی و ئهو سهركرده و ئهو نوسهرن كه گوایه خهریكی موئامهرهن بۆ ههڵوهشاندنهوهی قهوارهی ههرێم . دووهم : مهترسی راستهقینه لهسهر كورد و قهوارهكهی نهیارهكان نین ، بهڵكو كورد خۆیهتی ، كورد خۆیهتی مۆدیلێك له حوكمرانی بینا كردوه گهندهڵی تا سهر مۆخ رۆچوه ، كورد خۆیهتی رێگای داوه توركیا به رۆژی رووناك و له دهروازه فهرمیهكانهوه كۆماندۆكانی بهێنێت ، كورد خۆی رێگای داوه تورك زیاتر له 22 بارهگای سهربازی لهناوچه ستراتیژیهكاندا دروست بكات ، كورد خۆیهتی ههموو كوردستانی كردوه به بازارێكی زهبهلاح بۆ ساغكردنهوهی كاڵای بێگانه و ئاسایشی خۆراك و كاڵا و جلوبهرگی كوردی خستۆته دهستی بێگانه ، كورد خۆیهتی بهدیاریكراتر بڵین ئیدیعاكهرانی كوردایهتیه ، پارتییه ، رێكهوتنی پهنجا ساڵهی فرۆشتنی نهوتی لهگهڵ توركیا ئیمزا كردوه و سامانی سروشتی ئهم وڵاتهی خستۆته خزمهت ئهوانی دیكهوه ، ئیدیعاكهرانی كوردایهتیه پهرلهمان و دام و دهزگا فهرمیهكانی ههرێمیان سووك كردوه و ههركات بیانهوێ وهك دوكان دایدهخهن ، ئهمانه مهترسیه راستهقینهكانی سهر قهوارهی ههرێمن نهك كۆبوونهوهی رۆتینی وهزیرانی دهرهوهی وڵاتانی دراوسێ، نهك لێدوان و پۆستی ئهم نوسهر و ئهو سیاسی . سێیهم : له دۆخی ئێستای ههرێمدا ، چاكسازی سیاسی گهیشتۆته كۆڵانێكی داخراو ، چونكه دامهزراوه شهرعیهكانی ههرێم بێ بایهخ و بێ كاریگهر كراون ، پهرلهمان وهك گرنگترین دامهزراوه نیشتیمانی پێگهی نهماوه ، پارتی ههر كاتێك بیهوێت به زهبری هێز دایدهخات ، ئێستاش كهداینهخستوه له رێگای دهستبهسهراگرتنی كورسی كۆتاكانهوه پهرلهمانی گرتوه به بارمته ، لهپهرلهمانهوه ههر ئهوه ئهروات كه پارتی ئهیهوێت، دادگا بۆته ئامرازی حساباتی تهسفیهی سیاسی ، رۆژێك بریاری گرتنی نهوشیروان مستهفا ئهدهن ، رۆژێك به رۆژنامهنووس ئهڵێن تیرۆریست و رۆژێكی دی ههر شتێك خۆیان بیانهوێ، له بارودۆخێكی لهم شێوهیهدا كه خهباتی سیاسی و پهرلهمانی و مهدهنی گهیشتۆته دۆخی نا ئومێدی، من دوو رێگا به گونجاو ئهزانم ؛ یهكهمیان : كۆتایهینان به مهركهزییهتی دهسهڵات له ههرێمدا و جێبهجێكردنی پرهنسیپی دابهشكردنی دهسهڵات بهسهر شار و ناوچهكاندا ، دابهشكردنی دهسهڵاتی كارگێری و دارایی و خۆبهرێوبهری له رێگای پیادهكردنی لا مهركهزییهتی كارگێری و دارایی بهرفراوان به جۆرێك ههر شارێك توانای تهواوهتی خۆبهرێوهبردنی پێبدرێت دوهمیان : دروستكردنی ههرێمی سلێمانی ، ئهمهش ئهتوانێت رێگا بگرێت لهو داروخانه ههمهلایهنهی له ههرێمی كوردستاندا ههیه
ئەبوکاروان ناخوازم لەم کورتە نووسینەدا بەچڕی و بەوردی باسی ھونەری مفاوەزە بکەم، یان باسی لایەنی ھونەری و زانستی ئەو چەمکە بکەم کە بەچەند ڕەهەندێکەوە پەیوەندیدارە، وەک زانستی سیاسی، ئیداری، کۆمەڵایەتی و دەروونی.. هاوکات هەڵوەستە ناکەم لەسەر بنەماکانی مفاوەزات و مەرجەکانی پەیوەست بەو لایەنە، بەڵکو دەمەوێ تەنها لە پێگەی شاندەکەی ھەرێمی کوردستانەوە ڕای خۆم بدەم. ھەموو لایەکمان دەزانین کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا لاوازە، بەوەی داخوازیەکان ڕوون و ئاشکران، کە لە موچەو بوجەدا خۆی دەبینێتەوە. لایەنی بەرانبەریش کە حکومەتی فیدڕاڵە باش دەزانێت داخوازییەکانی ھەرێم چین و چییان دەوێ، ئەمەش لە ھونەری مفاوەزەدا ھەڵەیەکی گەورەیە کە لایەنی ناکۆک بەتەواوی بزانێ بەرانبەر چیدەوێ. لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان مفاوەزە دەکات لەگەڵ بەغدا، پێگەو زەمینە گۆڕاوەو بۆچوونی بەرپرسانی بەغداو خودی کازمی و ھەتا ئەمریکاو دەوروبەرو ناوخۆی ھەرێمیش وەکوو ڕابوردوو نیەو پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستانە. پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێنابوو بەرانبەر داعش، پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی ھەرێم لەئاستێکی بەرزدابوو لەگەڵ دەوڵەتە زلھێزەکان، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا بوون، ئەم خاڵانە هەموو هۆکاربوون بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم، بۆیە بەغدا لەکاتی عبادی دا بەناچاری قبوڵی ئەوەی کرد کە ھەرێم نەوتی کەرکوک بفرۆشی و بێ ئەوەی دینارێک بداتە ناوەند. هەر ئەو پێگە بەھێزەبوو وایکرد چەندڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندووم، قاسم سولەیمانی داوابکات دەسەڵاتدارانی ھەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، لە بەرانبەردا بەڵێنیدا کە ئاڵای کوردستان لە حمرین بەرز بکاتەوە، شاراوەیش نیە حیدر عەبادی بەئاشکرا وتبووی من ئامادەم بە بڕیاری فەرمی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم پەیوەست بکەم بە حکومەتی ھەرێمەوە، ئەمە لەکاتیکدا لەدونیای دەوڵەتانی فیدراڵدا فڕۆکەخانەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەڕێوەدەبرێن.. بێگومان لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، کە دەڵێت ئایا پێگەی ھەرێم لەئێستادا وەکو چەند ساڵێک لەمەوپێشە؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێر دەبێ، کەواتە وەفدەکەی ھەرێم سەرکەوتوو نابێت لە گفتوگۆکانیداو ناچارە بەم بارودۆخە خراپەیەوە بەتایبەتیش لەبواری دارایدا بە کەمترین شایستە داراییەکان ڕازیبێت، چونکە نە کازمی دەیەوێ دەردی عبدولمەھدی بەسەردابێت و فشاری بکەوێتە سەر، کە ھاوکارییەکی باشی ھەرێمی کرد. ھەروەھا بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و لیژنەی دارای و نەوت لە پەرلەمان وەکو بەرپرسانی پێشووی بەغدا نابن و نین، کە پێشتر لە شاخ و لەدەمی ئۆپۆزسیۆن بووندا یەکتریان دەناسی و تاڕادەیەک ڕێزیان لێدەگرتن ھاوکاریان دەبوون. ئەوەیشمان لە بیرنەچی کە ئەمریکا پشتگیری کازمی دەکات و نایەوێ بەدەردی عەبدولمەهدى بچێ بەتایبەت لەبەرانبەر ھاوکاری ھەرێم، لەوەیش خراپتر ئەوەیە بەشداربووانی شاندەکەی حکومەتی ھەرێم کە لە حزبەکانیانەوە ئاڕاستە دەکرێن یەکگرتوو نین و لەسەر داخوازییەکانی ھەرێم تەبانین. بەگشتی هەموویان ڕازین لە سەر تنازولات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لایەنێکیان ڕیککەوتن لەگەڵ بەغدا بەتاکە چارەسەر دادەنێ. دەوڵەتی تورکیاو ڕیککەوتنە پەنجا ساڵیکەی بەرپرسانی ھەرێم لەسەر ناردنی نەوت، کە ڕێککەوتنێکی ناشەفاف و نایاساییە، گرفتێکی مەزنەو ڕێگری دەکات لەبەردەم شاندی دانوستاندن، بەمەبەستی ڕیککەوتن لەگەڵ بەغداو ئەنجامەکەشی لە بەرژەوەندی ھەرێمدا نابێت ئیدی ڕیککەوتن ڕووبدات یا نا.
سالار مەحمود گەلی کوردستان مافی هەیە بەئازادی و ئارامی لەسەر خاکی خۆی بژی. سنور بەزاندنەکانی تورکیا بۆ سەرخاکی هەرێمی کوردستانی عیراق پێشێلکردنی یاساو نەریتەکانی درواسێیەتیە. ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانی خستۆتە مەترسیەوە. چونکە لەئەنجامدا چەندین هاوڵاتی سیڤیل شەهید بونەو سامانی خەڵکی لەناوچوون. پەیامی نیگەرانی و ئیدانەی وتەبێژی رەسمی سەرۆک کۆمارو، دوای دوو جار بانگکردنی باڵوێزی تورکیا لە بەغدا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراق. کورد مەترسی نیە لەسەر هیچ نەتەوەیەک کورد مەترسی نیە لەسەر هیچ وڵاتێک بەردەوامبونی تورکیا لە سنوربەزاندنەکانی، دوای ئەوەی چەندین جار پەیامی پێ راگەیەنراوە. گوێنەدانەکانی ئەوە دەگەیەنێ یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی درواسێیەتی بەهەند وەرناگرێت. تورکیا مەرامی پاوانخوازی هەیەو خوێنی هاوڵاتی سڤیل بەکەم دەبینێت. کێشەکان تەنیا بە گفتوگۆو رێکاری مەدەنی و لێکگەیشتن چارەسەر دەبن. بە لێک نەگەیشتن و رێکاری کوشتن و پێشێلکاری دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت بۆ هەموولایەک. پێویستە عیراق و هەرێم زوڵاڵتر دەنگی نیگەرانی هەڵبڕن. پێویستە تورکیا کۆتایی بەسنوربەزاندنەکانی بێنێت.
سەركۆ عوسمان بەڵێ راستە ئەم حوکمرانیە بەم شیوازە شکستی هیناوە و سەرکەوتوو نەبووە ، دەکرێت بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە داوا بکریت حکومەت هەلوەشیتەوە، کابینەی وزاری بگۆڕدرێت، هەلبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدریت، بەلام داواکردنی هەلوەشانەوەی قەوارەیەکی دەستوری کە بە خەباتی دەیان سال و خوینی دەیان هەزار شەهید و سەدان هەزار هاولاتی و ویرانکاری شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەدی هاتووە داوایەکی لۆجیکی و قبولکراو نیە، وەهەروەها ئەم قەوارەیە مولکی تاقمیک یان حزبیک نیە بەتەنیا بگرە مولکی خەلکی کوردستانە وەهیچ کەس و لایەنیکیش بۆی نیە یاری بە چارەنوسی میللەتیکەوە بکات بە مەزاجی تەسکی بەرژەوەندی حیزبیەوە بریار بدات جا چ دەسەڵات بیت یان ئۆپۆزیسیون . ئەبیت لەو ڕاستیە تێبگەین نیشتیمان و خاک قابلی معاملەکردن نیە وە دەبیت جیابکریتەوە لە حکومەت، دەوڵەت و نیشتیمان مولکی خەلکە و حکومەت میکانیزمی بەریوەبردنە لەلایەن لایەنیک یان چەند لایەنیک بۆ کاتیکی دیاریکراو دەکریت داوای هەلوەشانەوەی بکرێت. بەڵام بەداخەوە ئیستا کۆمەڵیک کالفام و کۆلکە سیاسی پەیدا بوون کە سیاسەتی تۆپینی “خۆم و زەرەری ساحبی” بەریدەکەن ئەمانە لەبری ئەوەی ببنە داکۆکیکەری مافە دەستوریەکانی خەلکی کوردستان کەچی بوونەتە بوقی شۆڤینەتی عەرەبی و تورکی و ئیرانی ئینجا بە نەزانین بێت یان بە مەبەست کەوتونەتە وروژاندنی بۆچونێکی بێ بنەما کە بە سازشکردن و هەلوەشانی قەوارەی هەریم دەتوانریت خەلکی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکریت ئەوە خەیاڵیکی خاوە بگرە کیشە و گرفتەکان ئاڵۆزتر دەکات نەک چارەسەری بکات. بۆیە ئەگەر بمانەویت لەم قەیرانی شکستی دەسەڵاتدارانی کورد رزگارمان بیت دەبێت پارێزگاری لە قەوارەی هەریم بکریت هەوڵ بدرێت بەهیزتر بکریت بەچاکسازی و پاکسازی نەک بە چۆکدان و هەلوەشانی قەوارەی هەریم.
هادی حەمە رەشید 1️⃣ دەمێکە بڕوام بە جوڵەی مەدەنیی نەماوە، توێژینەوەی قوڵم لەسەر کردووە، چەندین کتێب و دەیان وتار و شیکاریی و ڕاپرسیم لەسەر خوێندووەتەوە، دەیان ڤیدیۆ لەشیکاریی و چاوپێکەوتنی بیریاران و پەرچەکرداری وڵاتانم لەسەر دیوە، توێژینەوەیەك کە لەکاتی سەرقاڵییم بەدەوامەوە«نەك سەروەختی کەرەنتینە» زیاتر لە دە ڕۆژی زێڕینی بردم، گەیشتم بەو ڕاستییەی کە نووسەری لوبنانیی #تۆنی_سەغبینیی لە کتێبی(#نەفرەتی_هەزارە، بۆچی چالاکیی گۆڕانخوازانە سەرکەوتوو نابێت)ـدا پێیگەیشتووە، بەڵام نایشارمەوە نەموێرا بڵاوی بکەمەوە، چونکە بێئەندازە مەبەستمە گوتاری بەرەنگاریی لەدژی ستەمکاریی و قۆرخکاریی لەناو کۆمەڵگادا بمێنێتەوە. پاڵەپەستۆی جوڵە و لێدوانی نابەرپرسانەی حکومەت، بەتایبەتیی ئەم کابینەیە وا لەخەڵك ئەکات بێنە سەر شەقام، لەگەڵ بەشێك لە چالاکانی مەدەنیی و ڕێکخراوەکان وەك خۆی لە ناکاریگەریی کاری مەدەنیی گەیشتووین، بەڵام کاتێك کە هەمووان توڕە و قەڵس ئەبن و هێزێکی سیاسیی جدیی نییە و ناتوانێت کەناڵیزەی ناڕەزایەتییەکان بکات، دیسان بارەکە ئەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵێك لە فیگەری ڕۆشنبیریی و مەدەنیی شارەکان. کە بانگەوازمان بۆ خۆپیشاندان لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکردەوە، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە پێشتر داینەمۆی ناڕەزاییەکان بوون، ئێستا یان بەبێدەنگ بێئومێد بوون، یان لە ئێمەومانان توڕەتر بوون وەك لە دەسەڵات، سەرکۆنەیان کردین، پۆستیان لەسەر نووسین، هەندێکیان بە تەنز و توانجەوە تانەبارانیان کردین، بۆ خۆم چاوی یەك بەیەکیان ماچ ئەکەم و دەستیان ئەگوشم، نەك نیگەران نیم بگرە پێموایە قۆناغێکە لە پێشکەوتنی ئاستی هۆشیاریی، بەڵام بەداخەوە وەك هەمیشە بێ سەرکردەی قۆناغەکەین! ئەرکی ئەم چەند دێڕە نییە کە تیایدا باسی وێرانەیی دۆخەکەتان بۆبکەم، هەر وەك هەستئەکەم پێویستیش نییە و بووە بە حەکایەتی مێش هەمووان ئەزانن کە حیزب و حکومەتی کوردیی بە بنبەست گەیشتووە و درز و کەلێنەکانیش کامانەن، بەڵام نازانن بەرەو کام ڕووگە ڕوو بکەن! خۆپیشاندانی دوێنێی هەڵەبجە پڕ بوو لە ژن و پیاوی سەربەرز و بە عیززەت، خەڵکی سەنگین کە ڕەنگە دۆخی خۆی لەزۆر کەس باشتربێت، بەڵام خەمێکی گشتیی هێنابووی بۆ ئەو مەیدانە. مامۆستایەك ئەوەندە توڕە و بێزار بوو لەو دەسەڵاتە کە زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بە پێ خاوسیی ڕێگای بڕی، پێڵاوەکانی دژی ستەم و گەندەڵیی بەرزکردبووەوە، دەنگی هەمووان بەدلێری ئەگەیشت بە هەموو نابیسایەکیش، بەڵام بەگوێی دەسەڵات نا، ئەمە و چەندین لایەنی جوانی خۆپیشاندانەکە کە کۆمەڵێك دۆست وەك جوڵەیەکی ئەرێنیی و شیاوی چاولێکردن لەسەریان نووسیی، بەڵام هێشتا ئەوانەی کە دایانە بەر توانج هەڵگری ڕاستییەکی زۆرن و نە لە حیقد و نە لە حەسادەتەوە دژی چالاکییەکە نەبوون. 2️⃣ پرسیاری جدیی ئەمەیە؛ کەواتە چی بکەین؟ بۆچی ئەبێت ئەو توڕەیی و ڕادیکاڵییەمان ڕێکنەخەین؟ بەشێك لە گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێمە وابەستەی ئەم قۆناغەی مرۆڤە، کە خۆی ئەبینێتەوە لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و دەستەوەستان بوونی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاوچنۆکیی کۆمپانیا و گروپە بازرگانییە بێ سنوورەکان و باڵادەستی نیولیبراڵە نائەخلاقییەکان، کە سەیر نەبێت کێشە هاوشێوەن لەگەڵمان لەکاتێکدا ئێمە زۆر میسالییانە سەیری ئەو وڵات و سیستمانەمان ئەکرد! بەشێکیتریان مارکەی کوردیین و سەرانی کوردایەتیی و بازرگانانی ئابوری سەربەخۆ و دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆیان دەوڵەمەند و گروپی کۆمپانیاکانیان کرد بە ژمارەیەکی لە شکان نەهاتوو و حکومەتیان مایەپوچ کرد، تا ئاستێك کە بۆ خۆیان خاوەنی سەدان ملیار دۆلارن، کەچی دەستەوەستانن لەبەردەم پەیداکردنی نزیکەی هەشت سەد ملیۆن دۆلار بۆ موچەی مانگێکی فەرمانبەران، یان تەنانەت لە کەمتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلاری هاتووی بەغداش بێ نیاز نەبوون و ئەویشیان حەپەلوش کرد، ئەمە چ بێئەخلاقییەکە؟! ئەوە بابوەستێت کە لەسەر ئاستی پاراستنی سەروەریی خاك، خراپترین نموونەیان خستەڕوو! لەدۆخێکی وادا بۆچی ئەبێت هیچ دەنگێکی جدیی و بەدیلێك نەبێت، بۆچی تاکە دەرفەت لەبەردەم هاوڵاتیاندا هاتنە سەر شەقام بێت و بەس؟! ئەی ئەرکی حیزب چییە؟! یان ڕاستتر بڵێین ئەم شێوازە لەحیزب کە بەتۆڕێك بەرژەوەندیی ماددی لکێنراون بە سەرچاوەی بڕیارەوە شێرپەنجە و وەرەمن یان حیزب؟! واز لە حیزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت بهێنن، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش یان لە حکومەتی خۆجێیی بەشدارن و دەیان منەتی دوو حیزبیان بەسەرەوەیە و سەرکردەکانیان موچەی چەوریان هەیە، یان بازرگانێکە و دەیان پڕۆژەی هەیە و بەردەوام سازشی دەسەڵاتیان ئەوێت! 3️⃣ چۆن بتوانین لەم قۆناغەدا حیزب تێپەڕێنین و جوڵەیەکی میللی تێروتەسەل ئەنجام بدەین؟ هەر ئەو خەڵکەی کە ئامادەیە بێتە سەرشەقام، یان ئەوەی کە لەوان توڕەترە و داوای بەدیلیتر ئەکات، یان ئەوانەی کە شەوانە هەزاران جنێو بە دەسەڵات ئەدەن، ئەوانەی کە شکۆی خۆیان ئەشکێنن و لەبەردەم بارەگای حیزبەکاندا سواڵ ئەکەن، ئەوانەی کە عیززەتی نەفسی خۆیان و کۆمەڵگاش ئەشکێنن و لەبەردەم شاشەی میدیاکاندا دوو سەد و پەنجا دینارییەك دەرئەهێنێت و ئەڵێ تەنیا ئەوەم پێیە...تاد بۆچی پێکەوە بیر لەچارەسەرێك ناکەینەوە؟! کۆمەڵێك دۆست ئەنووسن؛ ئێمە نایەین بۆ خۆپیشاندانی نەستەلەخۆریی دوو سەعاتیی، بەڵکو بە چەکەوە ئامادەین، ئەمە ئاستی ئامادەییە بۆ قوربانیانی زیاتر، بەڵام خۆ دیسان ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنە، ڕێکخستنێك ئاڵۆزتر لە دروستکردنی حیزب، یان ڕاستتر پێش ئەوەی باسی چەك بکرێت ئەبێت ڕەوتێك هەبێت کە بڕوای بە بەکارهێنانی چەك هەبێت و لە دەوری ئایدۆلۆژیایەك بتوانێت خەڵکیی کۆبکاتەوە! کە لەڕاستییدا ئەمەش وەهمێکیترە کە ئەم نەوەیە چاویان تێبڕیوە، چونکە حیزبی تەشکیلاتیی و خاوەن بڕوا بە یەکلاکردنەوەی فیزیکییانەی کێشەکان، سەرەتا بە تونێلی حیزب و موفرەداتی ئایدۆلۆژیادا براون، تاکێك کە بوونی بەستراوەتەوە بە مانەوەی حیزبەوە، بۆ وێنە(سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران) لەناو جەرگەی دەسەڵاتی پۆلیسیی موحەممەد ڕەزا شادا چالاکیی سیاسیی و ئەمنیی و چەکداریی ئەکەن، تاك بە تاکیان مرۆڤی پەروەردەکراو و ڕاهێنراو لەسەر زۆر تەکنیکیی سەربازیی و ئەمنیی، لە شارەکاندا سەدان خانوویان گرتووە بۆ کاری سیاسیی، ژنان و پیاوان سەردانی ئەکەن بەبێ ئەوەی بهێڵن دەسەڵات پێیان بزانن! هەموو ئەندامێکیان چەکێکیان پێ بووە لەگەڵ حەبی سیانوور، لەکوێدا فشاریان بۆ هاتبێت چەکی بەکارهێناوە، کەی ئابڵوقەش درابێت حەبەکەی خواردووە و خۆی کووشتووە تا نهێنی شۆڕش و حیزب ئاشکرا نەبێت. یان هەر ئەم حیزبانەی خۆمان لە شاخ، بۆ پەیوەندی بەناو شارەوە و ئەنجامدانی چالاکیی پارتیزانیی زۆر لێهاتوو بوون، بەختیار مستەفای برای کاك نەوشیروان سەرپەرشتیی پەڕلە(جفرە یان شفرە یان وشەی نهێنیی)ی شانە چەکدارەکانی ناوشاری کردووە، ئەوەندە لێزان بووە نزیکەی ٣٥٠ جفرە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کەشف ئەبێت، ئەمان ئەوەندە بەخێرایی وشەی جێگرەوەی بۆ دائەنێن، ناهێڵن یەك کەس زیانمەند بێت و ڕێکخستنی شار بکەوێتە مەترسییەوە. ئایا ئەم نەوەیە ئەزانن چەك واتە چی و میتۆدی خۆڕێکخستن بەبێ حیزب و بەشێوازی بەرگریی میللی چییە؟ ئایا لەبنەڕەتدا ئینتیمای ئەم نەوەیە بۆ چاکەی گشتیی و خۆبەخت کردن لەپێناوی ئەوەی کە بڕوای پێیەتی لەچ ئاستێکدایە؟! ئایا حەق نییە ئێمە بیر لە بەدیل بەواتای حەقیقیی ئەم جوڵە و چالاکییانە بکەینەوە؟ قسە زۆرە، بەڵام هیوادارم بیرکردنەوە لە ئایندەی ئەم نەوەیە وامان لێبکات، کە بێئومێد و بێباك نەبین لەگەڕان بەشوێن بەدیلدا.
د. مەیادە نەجار مستەفا كازمی لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە، ئەوەی خستەروو كەدەیەوێت گۆرانكاری سەرەكی بكات و نابێتە بەشێك لەسیاسەتی حكومەتەكانی پێشخۆی ئەمەش بەتەواوەتی نامەیەك بوو بۆ بەشێكی زۆر لەسەركردە شیعەكان، ئێستا كازمی خۆی لەناو چەند سیناریۆیەك دا دەبینیتەوە. ئۆپەراسیۆنێكی جیاواز شەوی بیست و شەشی حوزەیران كاتێك زۆربەی دانیشتوانی بەغدا لەخەودابوون، ئەوەندەیان زانی هیزەكانی دژە تیرۆر گەمارۆی بارەگایەكی حزبوڵلای عیراقیان داوە تەواوی ئەندامانی نیو بارەگاكەشیان دەستكيردووە كە ژمارەیان ١٤ كەس دەبیت دەست بەسەر چەندین جۆری چەكی جیاواز لە چەكی قورس و سووك دوو سەكۆی هەڵدانی موشەكیشدا گیراوە، بەتایبەتی، ئەمە بیجگە لەو هەنگاوانەی تری كازمی بانگەشەی بۆ دەكات، هەمووی بەزیانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران كۆتایی دیت، بەتایبەتی كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و چەككردنی گروپە چەكدارەكان، بۆیە روودانی هەر گرژیی و پەرچەكردارێك چاوەڕوانكراوە و پێناچێت گروپەكان دەستەوەستان بن. یەكێك لەسیناریۆ دیارەكانی كازمی بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكانی گروپە شیعەكانە، تەواوی دەروازە سنوورییەكانیش لەژێر كۆنترۆلی گروپە شیعەكاندان، بەمەش داهاتێكی خەیاڵی دەست ئەو گروپانە دەكەوێت، ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوەدا ئەوەیە كە تەواوی دەروازەكان لەدەست گروپە چەكدارەكان بهێنێتە دەرەوە، بەم هەنگاوەش ئێرانیەكان تووشی گەورەترین زیانی ئابووری دەبن. گەمارۆكان و ئێران ئاساییە كازمی بۆ رازیكردنی ئەمریكا، سنوور بەرووی كەلوپەلی ئیرانیدا دابخات، بەمەش دەتوانێت بەتەواوەتی گەمارۆكان لەسەر ئێران چربكرێتەوە، چونكە ئێستا عیراق بۆتە بۆرسەیەك بۆ گواستنەوەی دراوە گران بەهاكانی وەك(دۆلار و یۆرۆ ) بۆ ئێران، كازمی دەیەوێت لەرێگەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانەوە ئەو گورزە لەئێران بدات، لەكاتیكدا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ئێران ڕووبەڕووی فشاری گەورەی ئابوری بۆتەوە ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخەكەیان لە ئێران ئاڵۆزتر كردووە. سیاسەتی دەرەكی یەكەم سەردانی فەرمی كابینەكەی مستەفا كازمی بۆ دەرەوەی عێراق، لەرێگەی عەلی عەلاوی وەزیری داراییەوە بۆ ولاتانی كەنداو بوو یەكەمیان بە كوەیت دواتر بۆ سعودیە بوو، لەكاتێكدا ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئەمریكاوە پێشوازی لێكراوە، واشنتن دەیەوێت عیراق بگەرێینتیەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی و كۆتای بەهەژموونی ئیرانیەكان بهێنیت، ئەمە بیجگە لەوەی كازمی بەنیازە بۆ كرینی غازی سروشتی و كارەبا روو لە سعودیە بكات، ئەمە بیجگە لەوەی بەنیازە بەشێكی زۆری كەرتی غازی سروشتی بەتایبەتی (كیڵگەی عوكاز)عیراق رادەستی كۆمپانیا سعودیەكان بكات، ئەم هەنگاوەش زیاتر ئیرانیەكان توورە دەكات. هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوینەران یەكێكی تر لەهەنگاوەكانی ئەمجارە كازمی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی ، هەولدانە بۆ هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش كارێكی زۆر قورس و ئەستەمە لەرووی یاسایی و دەستوورییەوە، بەلام كازمی ئەوەی نەشاردۆتەوە كەخۆی بۆ هەلبژاردنی پێش وەخت ئامادە دەكات، لەم حالەتەشدا ئەنجوومەنی نوێنەران هەلدەوەشێنیتەوە، رەنگە كازمی ئەم بژاردەیە بۆیە دەوێت بەكاربهێنت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم رێگەیەوە كۆنترۆڵی دەستەلاتی یاسادانان بكات، بەتایبەتی زۆرینە ئەنجوومەنی نوێنەران لەهیزە شیعەكان پێكدێن و رێگری لەكارەكانی دەكەن، لەلایەكی تریشەوە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران نەما ئەوكات حكومەتێكی بچووكراوە دروست دەكات بەشێوەیەی كاربەرێكەری فەرمانرەوایی ولات دەكات، ئەمەش بابەتێكی زۆر ئەستەمە چونكە عیراق دەخاتە نیو بۆشاییەكی دەستووری و یاساییەوە. جەنگی ناوخۆیی لەكۆتایدا هەنگاوەكانی كازمی هەرچۆنێك بێت و چ ئامانجێكی هەبێت كازمیی لەنێوان دوو بژاردەدایە یەكەمیان ئەوەیە لە هەنگاوەكانی بۆ سنورداركردنی گروپەكان دەستی ئیران بەردەوام بێت، بەلام ئەمەش ئاسان نیە چونكە عێراق لەژیر نفوزی ئیراندایە و بەشێكی دانیشتوانی عیراق وەلائیان بۆ ئیران لەخودی ولاتی خۆیان زیاترە، ئەمەش وادەكات جارێكی دیكە عیراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆی لەم بارەشدا عیراق بەرەو داڕوخان دەروات، یان دەبێت هەولبدات رەچاوی بەرژەوەندییەكانی تاران و واشنتن بكات،دۆخی عێراق بەهاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكییەكاندا رابگرێت، بەلام ئەمەشیان زۆر ئەستەمە ئێستا چونكە كازمی لەیەكەم دەستپیكی كارەكانیدا خۆی بەهاوسۆزی ئەمریكیەكان نیشان داوە هەولەكانی بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی گروپەكانی لایەنگری ئێران چركردۆتەوە. قۆناغی دوای قاسم سلەیمانی ئەوەی زیاتر بۆ كازمی مایەی دڵخۆشیەو ئومێدی سەركەوتنی لەلای ئەو دروستكدووە ئەوەیە كە ئێستا غیابی قاسم سلەیمانی لە شانۆی هەرێمی و بەتایبەت لە عێراقدا بە روونی بەدیدەكرێت، بە ئاشكراش هەست بە نەمانی ئەو توانایەی سلەیمانی دەكرێت كە لە كپكردنەوەی كێشەكان و چارەسەردا لە بەرژەوەندی تاران بەكاری دەهێنا بەتایبەت لەناو ریزەكانی شیعەدا كە پەیوەندییەكی دێرینی لەگەڵ زۆرینەی سەركردەكاندا هەبوو و بەشێكیشیانی بە بەرژەوەندی و دەسەڵات رازی كردبوو، بەڵام دوای بێدەنگبوونی ئێران و رێگەدان بە گەیشتنی مستەفا كازمی بۆ سەر كورسی سەرۆك وەزیران. بە ئاشكرا هەست بە لاوازی پێگەی تاران دەكرێت، بەتایبەتی لەچەند مانگی داهاتوودا گۆرانكاری زۆر گرنگ لە عیراقدا روودەدات چونكە زۆر لەو سەركردە شیعییانە ئێستا لە دەسەڵاتدان هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتر لە ئەمریكا دەدەن، ئەمەش رەهەندێكی نوێ لە سیاسەتی ئەمریكا لەعیراقدا دەردەخات . لەكۆتایدا كازمی بەرەو قۆناغێك هەنگاودەنێت ئەستەمە سەركەوتوووبێت بەتایبەتی پیدەچێت پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەرێت لەپێناوی سەرقاڵكردنی حزبە سیاسیەكان بەهەلبژرادنی پێشوەختەوە ئەمەش ئەوەندەی تر عیراق دەخاتە نێو تونیلێكی تاریكەوە كەدیوی ئەو دیوی دیارنیە.
عەتا قەرەداخی ویست و خواستی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و کۆی هەنگاوەکانی ئەردۆگان بە ئاراستەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکە بۆ جوگرافیاو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی. ئایا ئەم خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان وەکو خەونی زۆر لە دیکتاتۆرەکانی تر دێتە دی یان نا، ئەوەیان بابەتیکی ترە. بەڵام هەنگاوە شەڕەنگێزییەکانی ئەردۆگان بە ئاراستەی جۆراوجۆرو لە پێش هەموویشیانەوە دژی کورد لە کوردستانی ژێرسایەی دەسەڵاتی عوسمانی پێشتردا بەڵگەی هەوڵی ئەردۆگان و رژێمە فاشیستەکەیەتی بۆ بەدیهێنانی خەونی بە سوڵتان بوون و زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی. بێجگە لە هەنگاوە کردەییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە زۆر جێگا، ئەم قسانەی ئەردۆگان خۆیشی راستی هەوڵی خۆیی و گەوهەری خەونە نەخۆشەکەی دەردەخەن. ئەردۆگان چەندین جار لە گوتارەکانیدا دەڵێت: ئێمە نەوەی عوسمانیەکانین. هەروەک لە ساڵی ٢٠١١دا کە پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆگان لە گوتاری سەرکەوتندا گووتی: بەو ئەندازەی ئیستانبول سەرکەوتووە، سەرایڤۆش سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی ئیزمیر سەرکەوتووە بەیروتیش سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی ئەنقەرە سەرکەوتووە دیمەشق سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی دیاربەکر سەرکەوتووە رامەڵاو نابلوس وقودس و غەزە سەرکەوتوون. سەرکەوتنی تورکیا مانای سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقازو بەڵقان و ئەوروپایە... لەپشتی ئەم لێکچواندنانەوە، خواست و ویستی فراوانخوازی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بەسەر هەموو ئەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە پێشتر لە سنووری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیدا بوون. هەروەک ئەردۆگان خوێندنی ئیسلامیاتی لە خوێندنگاکانی تورکیادا کرد بە ئیجباری و ساڵی ٢٠١٤ بڕیاریدا دەبێت زمانی عوسمانی لە خوێندنگاکاندا بخوێندرێت و لە بەرلەمانی زۆرینەی پارتەکەیدا هێمای عوسمانی کردەوە بە هێمای دەوڵەت و پردی سەر بۆسفۆری ناونا پردی سوڵتان سەلیمی یەکەم و زۆرجار دروشمی سوپای ٥٧ی عوسمانی لە پشتی خۆیەوە دادەنێت و زۆر شتی تریش. هەڵبەت ئاشکرایە کە دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی شانزەیەمەوە دەسەڵاتی بەسەر رووبەرێکی فراونی کوردستاندا هەبووە کە بە ولایەتی موسڵ ناوبراوە. لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵی 1514 لە نێوان عوسمانیو سەفەوییەكاندا، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە سوپای عوسمانی سەركەوتنی بەدەستهێنا، پێگەی عوسمانییەكان بەهێزتر بوو. دواتریش لە پەیمانی رێكخستنی سنووردا لە ساڵی 1639دا، هەردوو دەوڵەت كوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد. بێگومان ئەم دابەشكردنە كاریگەری نێگەتیفی لەسەر كورد وەكو نەتەوەو كوردستان وەكو نیشتیمان بەجێهێشت. هەر لەو كاتەوە فارسو توركەكانو پاشانیش عەرەبەكان سوودیان لەو دابەشكردنەی كوردستان وەرگرتووەو تەنانەت لە هەركاتێكدا پێویست بووبێت هاریكاری یەكتریان كردووە بۆ لێدانو سەركوتكردنی ئەو بزووتنەوەو راپەڕینانەی لە بەشەكانی كوردستاندا درووستبوون. هەركاتێكیش ئەو دەوڵەتانە ناكۆكی لە نێوانیاندا درووستبووبێت، هەریەكەیان هەوڵیداوە كوردی بەشەكەی تر لەبەرژەوەندی خۆی بەدژی دەوڵەتەكەی تر بەكاربهێنێت. کوردی ناهوشیارو نەزانیش پلانەکانی ئەوانی بەدژی براکەی خۆی بەجوانی جێبەجێ کردووە. لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیادا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان دەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەدا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كورددا وەكو نەتەوەیەك. هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیادا. دواتریش لە رێكەوتنامەی سیڤەری ساڵی 1921 بەندەكانی 61، 62، 63 سەبارەت بە مافەكانی كورد، یان چارەنووسی ولایەتی موسڵ جێبەجێنەكران و، لە پەیمانی لۆزاندا زیندەبەچاڵ كران. "دواتریش بەپێی مادەی ( 88 ) لە دەستووری یەكەمی كۆماریدا ئەوە جێگیر كرا كە دانیشتووانی توركیا بێ گوێدانە بڕوای ئایینیو ئینتیمای نەتەوەییان هەموو هاونیشتیمانی توركین "( بڕوانە:د. لگفی المعوش: دۆزی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، وەرگێڕانی، عەتا قەرەداخی، سلێمانی، ٢٠١٣ ). دیارە لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی ناسیونالیستی تورك لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورک و باڵادەستبوونی تێزی توركچێتی لەو وڵاتەدا، دەوڵەتی تورك هەموو هەوڵێكی داوە كەسێتی كورد تێكبشكێنێتو كورد لەنێو توركدا بتوێنێتەوە تا ئەو ئاستەی كە ناسیونالیستی توركی بەگشتیو بەرنامەی دەوڵەت بەتایبەتی كوردیان ناونا توركی چیایی. ئەوەش ئاشكرایە دەوڵەتی تورك بەشێوەیەكی شۆڤێنیانە رەفتاری لەگەڵ كورددا كردووە. لەو رووەوە كوردیش دەستەوسان دانەنیشتووە. پێش رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی بزووتنەوەی بەدرخانیەكانو بزووتنەوەی شیخ عوبەیدوڵای نەهری سەریان هەڵداوە. لەسەردەمی دەوڵەتی نوێی توركدا بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیرانو بزووتنەوەی شیخ رەزای دەرسیمو، لە چواردەیەی رابردووشدا پارتی كرێكارانی كوردستان لە خەباتێكی نەپساوەدا بووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورددا. لەماوەی رابردوودا پارتی كرێكارانی كوردستان لەرووی نەتەوەییەوە رۆڵێكی دیاری هەبووە لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی كوردی لە باكوری كوردستانو توانیووێتی تا ئەندازەیەک رێگا لە پرۆژەی تورك بۆ تواندنەوەی كورد بگرێت و بەشێوەیەكی گشتی ئەو هەستە لە باكوری كوردستان درووست ببێت كە كورد نەتەوەیەكی جیاوازە لە توركو شتێك نیە بەناوی توركی چیایی، بەڵكو عەقڵێكی شۆڤێنی هەیە ئەو ناوانە دەبەخشێتەوە كە ئەوەش دەرئەنجامی سیاسەتێكی شۆڤێنیانەیە كە دەوڵەتی نوێی ناسیونالیستی تورك لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاكو ئێستا پیادەی دەكات. بارودۆخی كورد ئەو راستییەی سەلماند كە هەرگیز ناتوانرێت نەتەوە یان ئیتنیكێك لەنێو نەتەوە، یان ئیتنیكێكی تردا بتوێنرێتەوە، یان هەڵوەشاندنەوەی سنووری ئیتنیکی کە مەبەست لێی تێکەڵاوکردنی ئیتنیکیە لەو پێکهاتە شاوڵیەی کە لە تورکیادا لە ساڵی ١٩٢٤ بەدواوە کاری لەسەر دەکرێت، سەرناگرێت، چونکە ئەوە پرۆژەیەکە بۆ باڵادەستی ئیتنیکی تورکی و روویەکی تری پرۆژەی تواندنەوەی ئیتنیکی کوردیە لە ناو ئیتنیکی تورکیدا. پارتی ناسیونالیست ئیسلامی شۆڤینی دادو گەشەپێدان بە خەیاڵی گێڕانەوەی چەمکی هاووڵاتیی عوسمانی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی لە دروستبوونیەوە لەسەر ئەم پرۆژەیە کاردەکات و خودی خەلیفە ئەردۆگان لە گوتارێکیدا لە دیاربەکر دەڵێت: رایەڵەکانی پیکەوەبەستنی تورک و کورد کە بڕوابوونی هەردووکیان بە ئیسلام و هاومەزهەبیان کە زیاتر سونەن و چەندین خاڵی هاوبەشی تریش هەن بۆ ئەوەی تورک و کورد پێکەوە پێکهێنەری یەک ئیتنیک بن کە ئیتنیکی تورکیە. هەر لەم ڕێگایەوە هەزارن کورد بوونەتە ئەندامی پارتی ئیسلام شۆڤینیستی تورکی و سەدان هەزار کوردیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەو پارتە دژە کوردە دەدەن. راستە ناسیونالیستی تورکی لە سەرهەڵدانیەوە تاکو ئێستا بە بەردەوامی لە هەوڵی سڕینەوەی سنوری ئیتنیکیدایە لە تورکیا بە ئامانجی دروستکردنی یەک ئیتنیک کە ئەویش ئیتنیکی تورکیە. بەهەرحاڵ سەرباری سەرکەوتنی تا ئەندازەیەکی ناسیونالیزمی تورک لە بە تورککردنی دەیان هەزار کورددا لە رێگەی پرۆژەی سڕینەوەی سنوری ئیتنیکیەوە، ئێستا ناسیونالیستی كوردی لە باكوری كوردستان لە پەرەسەندندایەو لە ماوەی رابردوودا هەرچۆن پارتی كرێكاران رۆڵی دیاری هەبووە لە زیاتر زیندووكردنەوەو پەرەسەندنی ئەو تێزو تێڕوانینەدا، بەهەمان شێوە ئاراستەی ناسیونالیستی مەدەنی کوردیش لە باکور بە باشی دەرکەوتووەو ئەنجامی دەنگی کورد لە سێ دەیەی رابردوودا بۆ پارتە کوردیە مەدەنیەکان ئەوە دەسەلـمێنێت، دیارە لێرەدا مەبەستمان لە ناسیونالیزمی مەدەنی بەو چەمکە نیە کە تورکەکان یان هەندێ لە نووسەرانی رۆژئاوا وەکو چەمکی تیکەڵاکردن سەیری دەکەن، تێکەڵاوکردن بە مانای تواندنەوەو سڕینەوەی سنووری ئیتنیکی دێت. ئاشکرایە کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریتی عوسمانیەوە دەبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی یەکەمی هەڵهێنا کە گۆڕینی دەستووری تورکیا بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش بە خەیاڵی خۆی هەنگاوی یەکەمە بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی. پەلکێشانی بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و بۆ لیبیا و بۆ سوریاو چەندبارەکردنەوەی خواست و ویستی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ ژیر سایەی دەوڵەتی تورک بەشێکن لەو خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان کە زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە سوڵتان بوونی خۆی نیشان دەدات. بێگومان رۆڵی خراپی ئیدارەی ترامپ لە سوریاو بواردانی بە تورکیا بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە، بە تایبەتی بۆ لێدانی کوردو ڕێگاگرتن لە دروستکردنی جۆرێک لە سەربەخۆی لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەکەوەو داگیرکردنی رووبەرێکی فراوان لە رۆژئاواو تاوانبارکردنی رووبەرێکی فراون لە کوردی رۆژئاوا بە تیرۆریست و چاونوقاندنی ئیدارەی ترەمپی نامرۆڤ بەرامبەر بەو هەموو دەستدرێژییەی دەوڵەتی فاشی تورک دژی کوردو پێ ڕاکێشانی لە بەشەکانی تری سوریا و لە لیبیاو لە شوینانی تریش هاندەری تورکیایە بۆ خەیاڵکردنی ئەوەی کە خەونە فراونخوازییەکەی دەبێت بە راستی. کاتێ لە ژێر فشاری جۆن بۆڵتن و هەندێ لە بەرپرسانی تری ئیدارەکەیدا، ترامپ بە تەلەفون بە ئەردۆگان دەڵێت: یەکەم، هێرش ناکەیتە سەر هیچ هێزیکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سوریا، دووەم، دڵنیابە کە هێرش دەکەیتە سەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، نەک کوردەکان. ئەردۆگان ئازاری دەچەشت کە بڵێت کوردی خۆش دەوێت و بەپێچەوانەشەوە، ئەو لەسەری رۆیشت و گووتی یەپەگە، پەیەدە، پەکەکە، یارییان بە کورد دەکرد، ئەوان نوێنەرایەتی کوردیان نەکرد. هەر ئەوکاتە ماکرۆن رای وابووە کە: تورکیا جەخت دەکاتە سەر هێرشکردنە سەرکوردەکان و لەگەڵ داعشدا سەوداگەری دەکات، بۆیە ماکرۆن داوای لە ترامپ دەکرد کە لە سوریا نەکشێنەوە"( John Bolton, The Room Where It Happened, New York, 2020, Chapter,7). بەڵام ترامپ گوێێ بە چارەنووسی کوردەکان نەدا وەکو هەموو بەرپرسەکانی تری ئەمەریکاو بەریتانیاو دنیای بڕیاربەدەست. بەهەرحاڵ سەرباری خواست و ویستی فراوانخوازی سوڵتان ئەردۆگان، دەگاتە ئەوەی بڵێت: کوردی باش کوردێکە کە مردووە". ئەمە روانینی ئەردۆگان و ناسیونالیستی ئیسلام-عیلمانی شۆڤێنستی تورکە بۆ کورد، ئەوەش هەڵوێستی ئەمەریکایە کە زۆرجار کورد سادەو کاڵفام ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە. توركیا لەماوەی چوار دەیەی رابردوودا هەموو كۆششێكی كردووە بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی كوردی لە باكورو لەسێ دەیەی رابردووشدا کە ویستبێتی لە ئاسمان و زەوییەوە پەلاماری باشووری کوردستان داوەو لە ساڵی ٢٠١١ یس بەدواوە چی کاری دڕندانەیە بەرامبەر بە رۆژاڤای کوردستان کردوویەتی. لە هاتنی ئیسلامیەکاندا بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیا، گومانێك یان گریمانەیەك هەبوو كە دەوڵەتی تورك لەوە تێگەیشتبێت كە لە رێگەی سەربازییەوە ناتوانێت بزووتنەوەی كوردی لە باكور سەركوت بكات بەڵكو بە پێچەوانەوە بزووتنەوەی كوردی رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێتو فشاری زیاتر لەسەر هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری سەر وڵاتەكەی دادەنێت. بۆیە ئەگەرێكی لاوازی ئەوە هەبوو كە دەوڵەت بۆچوونی لەو جۆرەی لەلا درووستبووبێت كە هەوڵبدات جۆرە سەوداگەرییەك لەگەڵ كورددا بكات. هەرچەندە من بۆ خۆم پێموایە نە دەوڵەتی تورك نە هیچ کام لە داگیرکەرانی تری کوردستان بە هیچ شێوەیەک دان بە بوونو شووناسی كوردیدا نانێن. پیشتر دەوڵەتی سیكولاری توركیا بە هیچ شێوەیەك دانی بەوەدا نەدەنا كە پێكهاتەیەك هەبێت لە توركیا بە ناوی كورد، بەڵكو كوردی ناونابوو توركی چیایی. لە سەركەوتنی یەكەمی ئیسلامیەكانیشەوە لە توركیا هەر لەسەردەمی نەجمەدین ئەربەكانەوە روانینی تورك بۆ كورد گۆڕانێكی وەهای بەسەردا نەهاتووە كە شایانی باس بێت. بەتایبەتی ئەو ئاراستە ئیسلامییەی كە ئێستا لە دەوڵەتدایە لە دوو رووەوە زیانی لە كورد داوە. لەلایەك بەكاریگەری ئایینەكە رووبەرێكی فراوان لە خەڵكی باكوری كوردستان دەنگ بەو ئاراستە ئایینیە دەدەن كە هیچ سوودێكی بۆ كورد وەكو نەتەوە تێدا نیە. لە لایەكی تریشەوە ئەو ئاراستە ئایینیە روانینێكی ئومەمی هەیەو بڕوای بە مەسەلەی نەتەوایەتی نییەو وەها سەیری كورد دەكات كە بەشێكە لە گەلی توركی مسوڵمان واتە ئەو بڕوای بە شووناسی توركیای مسوڵمان و شووناسی توركیایی هەیە و هیچ بڕوایەكی بە مەسەلەی نەتەوەیی كورد نیەو دان بە سنووری ئیتنیکی و جیاوازی ئیتنیکیدا نانێت. ئەردۆگان ئیدعای ئەوە دەکات کە ئەو شەڕی تیرۆر دەکات و زیان بە خەڵکی مەدەنی ناگەیەنێت.بەڵام شەهیدەکانی ئەم مانگەی شیلادزێ و شەهیدو بریندارەکانی ئەم هەفتەیەی چوارتا بەڵگەی راستەقینەی درۆو دەلەسەکانی ئەردۆگان و وتەبێژە بێ شەرمەکەی رژێمە فاشیەکەی دەسەلمێنن. جارێ ئەوەی ئێستا تورکیا لە سوریا و لە لیبیاو لە بۆمبارانکردنی گوندەکانی باشوری کوردستان و باخ و رەزو کێڵگەو دەغڵ و دانی هاوولاتیان دەیکات بێجگە لە کاری دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە شێوەی دەوڵەتی شەمشەمە کوێرەکانی داعش هیچی تر نیە. هەر لە راستیشدا پارتی دادو گەشەپێدان و داعش بەرهەمی هەمان فیکرو ئایدیۆلۆجیان و هەمان رەگوریشەیان هەیە. ئێستاش بە ئاشکرا دیارە، تورکیاو داعش لە باشوور بە هەمان شێوە دژی کورد کاردەکەن. بۆمباران دەکەن، خەڵکی مەدەنی لە جوتیارو وەرزیرو رەزەوان و شوان و رێبوارو خەڵکی مەدەنی و بێ چەکی کورد لە ژن و منداڵ و پیر شەهید دەکەن و دەغڵ و دان و باخ و رەزیان دەسووتێنن. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیای فاشی بۆسەر باشووری کوردستان بەشێکە لە هەنگاوی دەستپێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دەوڵەتی عوسمانی نوێ کە تورکەکان باسی گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بۆ سەر هەموو ئەو جوگرافیایە دەکەن کە قەڵەمرەوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بووە، بە خەیاڵی خۆیان لە یادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیمپراتۆرێتەدا کە دوا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٩٢٤دا لە لایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دەرکرا دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٢دا دەسەڵاتی سوڵتانی هەڵوەشێندرابووەوە. ئەردۆگان لە خەونی حوشتری خۆیدا بەهیوای ئەوەیە لە یادی سەد ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتدا، لەسەر کورسی سوڵتان دابنیشێت و ببێتە سوڵتانی جیهانی ئیسلامی لە لیبیاوە بۆ سەر سنووری ئیمپراتۆری ئاخوندەکانی جێنشینی سەفەوی و قاجارییەکان، بێگومان ئەوانیش هەمان خەونی سوڵتان ئەردۆگان دەبینن و سەرباری هەموو بەدبەختیەکان و دەستدرێژییەکانی هەردوولایان بۆ سەر کورد، مەترسی ئەوەشمان لەسەرە خەونە حوشترییەکانی ئەردۆگان و ئاخوندەکان چاڵدێرانێکی تر لە وڵاتە بێ خاوەن و بێکەس و بێ سنوورو بێ سەرەرییەکەی ئێمەدا دروست بکات.
پەیكار عوسمان - تورکیا زیاترە لە دوژمنێکی تەقلیدی. ئاخر دوژمنی تەقلیدی ئێمە، هەر ئەوەیە کە پارچەیەکی ئێمەی لایەو کوردی تیا ئەچەوسێنێتەوە. بەڵام تورکیا ئەم تەقلیدە زاڵمانەیەی شکاندوەو گۆڕیوە بە شتێکی زاڵمانەتر. بەوەی کە پارچەیەکی لایەو ئەیەوێ دوو پارچەی تریش قووتبدا! - تورکیا بەس دوژمنی ئێمە نیە، بەڵکو دوژمنی هەموو دەرەوەی خۆیەتی. چونکە ئەو فراوانخوازێکی ئیقلیمیی چاولەدەرە. جا ئێمە ئەگەر پێشوەخت هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵ تورکیا نەبێ، هەر خودی ئەوە کێشەیە، کە ئێمە نزیكترین شوێنی دەرەوەی تورکیاین و تورکیا هەر بێتە دەرەوە یەکسەر پێ بە ئێمەدا ئەنێ! - تورکیا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دانەمەزراوەو بۆ ئەوەنیە کە بتکا بە تورکیایی. بەڵکو لەسەر بنەمای نەژادیی دامەزراوەو بۆ ئەوەیە کە بتکا بە تورك. یەعنی بوونی تورکیا یەکسانکراوە بە بوونی تورك. بوونی تورکیش یەکسانکراوە بە نەبوونی ئەوانیتر! - دەی ئەوە هاوکێشەیەکی ستەمکارانەیەو ئێستابێ و هەزار ساڵی تربێ، هەر ئەبێ هەڵوەشێتەوەو پەیوەندییەکە لەسەر بنەمایەکی عادلانە دامەزرێتەوە. عەدالەتیش ئەوەیە کە بوونی هەمووان یەکسان و پارێزراوبێ و هیچ بوونێك لەسەر نەبوونی ئەویتر دانەمەزرێ. - خۆ نمونە جوانەکانی دەوڵەتی مۆدێرن، لە سەرەتاوە چیرۆکی هەموویان، هەر ناسیۆنالیزم و زاڵکردنی زمان و کولتورێکە بەسەر ئەوانیتردا. بەڵام دواتر لاسەنگییەکە لە هاوڵاتیبوون و ماف و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا ڕێکخراوەتەوە. بەجۆرێك کە ئیتر هەمووان لە خاڵێکدا یەکسان ئەبنەوەو ئەکەونە ناو پەیوەندییەکی ناستەمکارانەوە. ئەمەش ئەو گۆڕانە ئیجابییەیە کە لە ناسیۆنالیزمی نەژادیدا هەرگیز ڕوونادا. ناسیۆنالیزمی نەژادی لەمسەرو لەوسەریش هەر ستەمکارییە. چونکە کار بۆ یەکسانکردنەوەی ئینسانەکان ناکا کە پێکەوەژیانە، کار بۆ چونیەكکردنی ئینسان ئەکا کە ڕق و ستەم و جیاکارییە. - تورکیا لە فۆڕمە نەژادییەکەیدا لەسەر نەبوون و سڕینەوەی پێکهاتەکانی ناوخۆ بنیاتنراوە. لە فۆڕمە عوسمانییەکەشیدا لەسەر پەلهاویشتن و داگیرکاری و بندەستکردنی ئەوانیتری دەرەوە دامەزراوە. یەعنی لە فۆڕمە عوسمانییەکەیدا، ئەویتر هەیەو نایکا بە تورك، بەڵام ئەیکا بە بچوك و نۆکەری تورك! - یەعنی تورکیا چ لە فۆڕمە کەمالییە ناوەکییەکەداو چ لە فۆڕمە ئەردۆگانییە دەرەکییەکەدا، مەکینەیەکی گەورەی ستەمکارییەو هیچی تر. چونکە ستەمکاری لە ئاستە وجودییەکەیدا هەر ئەو دوو مواسەفاتەیە کە لە تورکیادا هەیە! هەر ئەوەیە کە کار لەسەر نەبوون و سڕینەوەی ئەویتر، یان کار لەسەر کەرامەتشکاندن و بە نۆکەرکردنی بکەیت. دەی تورکیا نەك هەردوکی ئەکا، بەڵکو ئەسڵەن بوونی خۆی لەسەر ئەم دوو کۆڵەکەیە دروستکردوە، کە ئەمە بوونێکی تەواو نا سروشتی و ستەمکارانەیە. - ئێستا ئەوەی کە دیارە، تورکیا دنیایەك قەیرانی هەیە. بەڵام لە نادیارداو لەڕاستیدا تورکیا هەر یەك قەیرانی هەیە. قەیرانی دیکتاتۆرێکی نەخۆش، کە خەو بە دەسەڵاتی هەتاهەتای ناوەوە ئەبینێ و ئەم خەونەشی تەنیا بە پەلهاویشتنی دەرەوە بۆ بەدی دێت. لێرەشەوە ئیتر خەونەکەی ئەردۆگان تەنیا بەڵای تورکیا نیەو ئەبێتە بەڵای هەموو ناوچەکە! - بەڵێ تەنیا بە پەلهاویشتنی دەرەوە خەونەکەی بۆ بەدی دێ، چونکە پەلهاویشتنی دەرەوە، پاشخانێکی عوسمانیی دوێنێ و پشتیوانییەکی ئیخوانیی ئێستاو حەزێکی هەمیشەیی تورکە قەومچیەکانە. لەولاوە زیندوبوونەوەی ڕوس و سەرهەڵدانەوەی جۆرێك لە دوو جەمسەری و یاریکردنی تورکیاش لە نێوانیاندا.. هەموو ئەمانە دوو شەشەو بۆ خەونەکەی ئەردۆگان هاتووە. - جا بەرامبەر بەڵایەکی وا، کە تا ئەوپەڕی نەخۆشیی نەخۆشەو شتەکانیش لە بەرژەوەندی نەخۆشییەکەی ئەوە، ئێمە نەك نابێ عەقڵ بدەینە دەس حەماسەت، بەڵکو لەڕاستیدا عەقڵێك بەش ناکاو ئەبێ عەقڵێکمان بکەین بە هەزار، بەس بۆ ئەوەی بزانین چۆن تەعامولی لەگەڵ بکەین. - هەموو عاقڵێك لەوە تێئەگا، کە پارتی و یەکێتی و هەرێم و بەغداش، ناتوانن بەر بە دەستێوەردانی تورکیاو ئێران بگرن. کاکە بەری پێمەگرەو داوای ئەوەت لێناکەین کە ناتوانی، بەڵام خۆ ئەتوانی هاوکارو چاوساغی نەبیت، دەی داواکەش هەر ئەونەیە. - باشترین بەرگری ئەوەیە کە شەڕەکە سنوردار بکرێ لەو شاخ و کێوانە. چونکە تورکیا پێیخۆشە ئاگرەکە فراوان ببێ و شارەکان کاولکاو خەڵکەکەی دەرپەرێنێ و ئاوارەی سوری بیهێنێتە شوێنیان. ئەو بیرە نەوتەکانی ئەوێ و لەڕاستیدا مەسەلەکە شارەکانە نەك شاخەکان! (چۆن ئێران شارە سونییەکانی کاولکردو شەڕی بردە ناویان، تورکیاش ئەیەوێ شارە کوردییەکان کاولکاو شەڕ بهێنێتە ناویان) ئاخر ئەو تەنیا بەم ڕێگایە ئەتوانێ نەخشەی دۆزەخی میللی دروستبکات. - بۆیە تا دوژمن شەڕ گەورەکا ئێمە ئەبێ بچوکیکەینەوەو تا ئەو گەرمیکا ئێمە ئەبێ ساردی کەینەوە. ئێمە نابێ تەسلیمبین، بەڵام ئەبێ هەزار ڕێگای بەریگریمان خۆلادانبێ لە شەڕ. چونکە شەڕ خودی داوەکەیە. ئەگەریش پێتوایە هەر یەکسەر کاتی نەفیرعامەو ئەبێ هەموو باشور دەسبەینە چەك، لەڕاستیدا ئەوە بەرگری نیە، ئەوە کەوتنە ناو پلانەکەی دوژمنە. ئەوە مانەوە نیە، ئەوە خۆکوژییە. - ئینجا بۆ کوردبوونێکی سافی بان حیزبایەتی، پاراستنی قەندیل و پاراستنی هەرێم پاکێجێکەو ئێمە ئەبێ هەردوکیان بپارێزین. نەك ئەوەی داوای پاراستنی ئەمیان و داوای هەڵوەشانەوەی ئەویان بکەین. پەکەکە ئەبێ هەرێم بپارێزێ، بە شەڕ نا، بەوەی کە نەیکاتە ساحەی شەڕ. هەرێمیش ئەبێ قەندیل بپارێزێ، دیسان بە شەڕ نا لەگەڵ تورکیا، هەر بەوەی کە لانیکەم نەبێتە هاوکاری تورکیا لە شەڕەکەدا. - ئینجا عادەتەن لەم دۆخانەدا باڵانسی عاتیفەو کێرڤی حەماسەت و شەپۆلی ڕق ئەفڕێ و هەموو ئەمانەش لەسەر حسابی عەقڵ و هۆشیاریی. لەکاتێکا هۆشیاریی بوونی تۆیەو دوژمنیش کێشەی لەگەڵ بوونتا هەیە. کەواتە باشترین چەك و بەرگری، ئەوەیە کە دەست بە بوونەتەوە بگریت کە هۆشیاریتە، کە دەست بە هۆشیاریتەوە بگریت کە بوونتە! - بەپێچەوانەوە لەناو ڕقسازی و حەماسەتبازیشدا هۆشیاریی ونە. کە هۆشیارییت ونبوو بوونت ونە. کە بوونیشت ونبوو ئیتر تۆ پێشەکی لە شەڕەکەدا دۆڕاویت، چونکە دوژمن هەر بۆ نەبوونت هاتووەو تۆش لەناو نەبوونتایت! - جا شەپۆلی ڕق لە تورك و جنێودان بە ئەردۆگان، یان شەپۆلی ڕق و تەخوین و جنێودان بە یەکتری لەناو خۆمان، هیچمان بۆ ناکات جگە لەوەی لامانئەدا لە "هۆشیاریی و بوونمان". - چارەی ئەوەڵ و ئەخیری ئێمە یەکگرتنەو ئەم یەکێتی یەکگرتنەش هەرگیز لەناو ڕق و خۆپەرستیدا ڕووناداو تەنیا لەناو هۆشیاری و خۆنەویستیدا ڕووئەدا. ئەم یەکێتییە لەسەر حەق دائەمەزرێ و حەقیش ئەوەنیە هیچ هێزێك سەرکەوێ بەسەر ئەویترداو بیسڕێتەوە (کە ئێمە باش و خراپمان هەر خەریکی ئەمەین). حەق ئەوەیە کە هەمووان واز لە شەڕی سڕێنەوەو زاڵێتی تایبەتی بهێنن لەپێناو بوون و مانەوەی گشتی.
بێریڤان محەمەد لە بەرنامەی بەرنامەدا بڕگەیەک هەبوو بەناوی دێوەکەی عەلادین ، هەرکات لە قۆریەکە دەهاتە دەرەوە و خەبەری دەبوەوە دەیگوت ئەمرکە و تەنفیزی بکەم ، هەرشتێکیشیان لێ داوابکردایە دەیگوت لەتوانای مندا نیە. وەزارەتی پێشمەرگەکەی هەرێمیش بووەتە دێوەکەی عەلادین. کاتێ وەزارەتە خۆی نمایش دەکات و لە بەرامبە کۆمەڵگا شانو شەوکەتیان دەردەخەن هەر مەپرسە چی دیمەنێک دەخەنە روو ، بەڵام هاوشێوەی کاهینەکانی سەردەمی فیرعەون جگە لە خەوتن و تێرکردنی سکیان (مەبەستم بەرپرسەکانیانە نەک پێشمەرگە بێ موچەکان) و فێڵ و ساختەکاری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو گەلدا یەک شتی تریان لەدەست نایەت. دانپێدانانەکەی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵگەی راست و دروستی هەرێمێکە کە خاوەن دەیان هەزار پێشمەرگەیە و کەچی بێ بەرگری ترین هەرێمی ئەم سەرزەویەیە. ئەوەتا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا کە بەشێکی فراوانی ئەم هەرێمەی داگیرکردوە و خەریکە بە تەواوی کۆنترۆڵی دەکات و هەر رۆژێک لە سایەی ئەم هێرشانەوە کۆمەڵکوژیەک ئەنجامدەدرێت، ئەم ئەمیندارە گشتیەی وەزارەت دەڵێت: - ئەرکی ئێمە نییە لێکۆڵینەوە لە بۆردوومانەکەی کونەماسی بکەین ئەرکی دامودەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییە. - ئەگەر ئەو هێرشانە لەسەر سنووریش بێت، ئەوا هەر ئەرکی ئێمە نیە و ئەرکی هێزی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی عێراقە. - لەسەر ئەو بۆردوومانانە ئەرکی ئێمە نییە هیچ بکەین، ئەرکی وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی عێراقە کاری لەسەر بکەن. - ئەرکی ئێمە نییە بۆچوونمان لەسەر ئەو بابەتانە هەبێت، بەڵکو ئەو بەیاننامەیەی کە حکومەتی هەرێم دەریدەکات بۆچوونی هەموو وەزارەتەکانە. - ئەو هێرشانە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجام دەدرێت، ئێمە سیستمی ڕادارمان نیە کە ئاگاداری ناسنامەی فڕۆکەکان بین و بزانین فڕۆکەی کێن و لەکوێوە دێن، هیچ دژە ئاسمانییەکیشمان نییە لە هەرێمی کوردستان کە بتوانین ڕووبەڕووی ئەو بۆردوومانانە ببینەوە. بە کورتی و کوردی یاوەر دەڵێت هیچ ئەرکێکی بەرگری و پاراستنمان نیە. لە پاڵ ئەو بودجە زۆرەی بۆ ئەم وەزارەتە تەرخان کراوە و ئەو ملیۆنان دۆلارەی لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە مانگانە پێی دەدرێت و ئەو لەشکرە زەبەلاح و پڕچەککراوە بە چەکی هاوپەیمانان و ئەو چەک و جبەخانە زۆرەی عێراق لە موسڵ و کەرکوک لە ٢٠١٤ و سەردەمی داعش کەوتە دەستیان، بەڵام تاکە ئەرکێک کە ئەم وەزارەتی پێشمەرگەیە جێبەجێی دەکات سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزاییەکانی شەقام و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. بەگوێرەی وتە و کردەوەی ئەم وەزارەتە چی لە ئێستای هێرشە مەترسیدارەکانی تورکیا و چی لەکاتی هێرشەکانی داعش لەسەر شەنگال و مەخمور ، هەوڵی و هاتنی سوپای عێراق لە دوای ریفراندۆم بۆ ناوچەکانی چوارچێوەی مادەی ١٤٠، هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی ئێران، مانەوەی ئەم گەلە بێ بەرگری و پاراستن زیاتر دەرکەوتە روو. راستیەکی گردونیش هەیە کە لهیچ بونەوەرێک بێ بەرگری ناتوانێ بژی ، تەنانەت گوڵیکیش لە رێگەی درکەکانی قەدیەوە خۆی دەپارێزێت، بەتایبەت مرۆڤ و بەتایبەت تریش گەلی کورد کە بەردەوام لەبەردەم هەرەشە و مەترسی و لەناوبردنە چۆن دەتوانێ بێ بەرگری درێژە بە هەبونی بدات. لە بارودۆخێکی وادا کۆمەڵگە ناچارە بەرگری خۆیی پێش بخات، بۆ ئەمەش ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە. لە ناو سیستەمی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای کوردستان هێزی پاراستنی رەوا هەیە ، ئەم هێزە لە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە ژن و گەنج و پیاوەوە بە هەموان خۆیان و خاک و وڵات دەپارێزن. ئەم پاراستنەش لە گەرەکێک تا گوندێک و تا شارێک و تا دەگاتە هەموو هەرێمەکە رۆڵی تێدا دەگێرن. (پاراسنی رەوا) بە شێوی هەمەڕەنگ لە بەرامبەر سەرجەم هێرشە سەربازی و سیاسی و زهنی و لتوریەکان بە شێوەی هەمە رەنگ ئەنجامدەدرێت و لەو دۆخە مەترسیدارەی رۆژئاوای کوردستان زۆر سەرکەوتوو بوە ، گرنگە لێکۆڵنەوەی زیاتری لێ بکرێ و دڵنیام لە سەدان لاوە پێویستیە و لانی کەم هەم گەل پارێزراو دەبێت و هەمیش کۆمەڵی بازرگان و ساختەکار ناوی پاراستن داهاتی گەل ناتوانن بدزن، هەروەها رزگارمان دەبێ لە هیزێک کە بەئاسانی کەی ویستی بێت نارەزایەتی کۆمەڵگا سەرکوت بکات و ترس و تۆقانن بڵاوکاتەوە.