ھەڵاتن بەرەو تاریکیی

2020-06-30 12:37:18

مەریوان وریا قانع 

 

چەند سەرنجێك لەسەر مەسەلەی ”ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم“:
 

لە ئێستادا ھەندێك قسە و باس لەسەر ھەڵوەشاندنەوە و كۆتاییھێنان بە ھەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لەئارادایە و زیاد لە دەنگێك لەم پرۆژەیەوە ئاڵاوە.
بەر لە ھەمووشتێك ھەر ھەڵوەشاندنەویەك بۆ ئەم قەوارە فیدراڵییە بەبێ ڕاپرسیی لەسەری، كارێكی تەواو نادیموكراتە و سەپاندنی زەوق و سەلیقەی سیاسیی ئەم یان ئەو گروپە بەسەر سەرجەمی دانیشتوانی ناو ئەو قەوارە فیدراڵیەدا. بەم مانایە ئەم تێزە، لەم فۆرمەی ئێستایدا، تێزێكی تەواو نادیموكرتە. ئەگەر قەراربێت ھەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵیی ھەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت، ئەمە پێویستە لەڕێگای ڕاپرسییەوە ڕووبدات و زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم ھەم خوازیاری نەمانی ئەم ھەرێمە فیدرالیە بن، ھەم ڕایان لەسەر ئەوەبێت ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بەڕێوەببرێن. لە ئەزموونی سیاسیی كوردستاندا ئەمە مانای گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە ”حكومە زاتیی“ەكەی بەعس خۆشی.
بە بۆچوونی من گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سێنتەر تێزێكە لە زیاد لە سەرێكەوە پڕكێشە و پڕ مەترسییە. لەڕووی كردەییەوە ئەم تێزە تەنھا ئەم مانایەی ھەیە:
 بۆ ئەوەی لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و منداڵەكانیان ڕزگارمانبێت، بابچینە بەردەستی بنەماڵەی سەدر و حەكیم و عەمامە بەسەرەكانی تری شیعە و میلیشیاكانی وەك سوپای مەھدیی و حەشدی شەعبیی و ھێزەكانی بەدر و عەسائیبی ئەھلی حەق ھتد..
 بە دیوی ئەمدیویشدا چوونە بەردەستی ھێزە سونییەكان كە تێكەڵێكی ترسناكن لە بەعس و قاعیدە و ئیخوانی موسلیمین. لە ئاستی ئیقلیمیشدا لە ھەیمەنەی توركیاوە ڕاكەین بەرەو ھەیمەنەی ئێران و سعودییە. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغدا ھەڵوەشاندنەوەی ئیمارەتەكەی بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانییە، بۆ چوونە ناو ئیمارەتی ھێزە سوونیی و شیعەكانەوە، بۆ دەرگیربوون لەگەڵ عەقڵیەتی تائیفیی شیعەكانی عێراق و كەوتنە بەردەمی سەلەفیەتی سونیی لە چاپە ھەرە ترسناكەكانیدا.
بە بۆچوونی من ئەم پرۆژەیە نەك قابیلی بەرگریلێكردن نییە، بەڵكو مرۆڤ مەگەر لە ڕووی سیاسییەوە تەواو گەمژە و لەڕووی سایكۆلۆژییە بە ڕق باركراوبت، كە وەك بەدیل و ئەلتەرناتیڤی دۆخی ئەمڕۆكە سەیری بكات. شەڕی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو ئیمارەتە سوڵتانییە جەردە و تاڵانچییەكەی ھەرێم شەڕێكە دەبێت لەناو ھەرێم خۆیدا ئەنجامبدرێت، نەك بە ڕاكردن بۆ باوەشی كۆمەڵێك بكەری سیاسیی دیكە، گەر لەمانەی ھەرێم خراپتر نەبن باشتر نین.
عێراق تا ئەم ساتەش خاوەنی سیستمێكی فیدرالییە، پاراستنی ئەم فیدرالیزمە، پاراستنی ئەو لانیكەمەیە لە سەربەخۆبوون كە دەشێت وابكات ھەموو ھێز و بڕیار و دەسەڵاتەكان نەچنەوە بەر دەستی حوكمڕانان لە بەغداد. ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم مانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فێدرالیزمە و گەڕنەوە بۆ پایتەخت. سیاسەتی ”بە پایتەختكردنی دەسەڵات“، ئەزموونێكە بە درێژایی سەدەی بیستەم، نەك تەنھا لە عێراقدا، بەڵكو لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە ستەمگەریی و دیكتاتۆریەت و ھەڵاوێردن و دیسكریمینەیشن شتێكی تری لێ سەوز نەبووە.
بەبۆچونی من دۆخەكە لە ئێستادا بەم جۆرەیە: 
ھەولێر لە بەغدا خراپتر و بەغدا لە ھەرێم خراپتر. حوكمڕانانی كوردستان لە حوكمڕانانی بەغدا خراپتر و ئەوانی بەغداش لەوانەی كوردستان خراپتر. ھەردووكیان لە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و خراپبەكارھێنانی دەسەڵات و گرتن و كوشتن و فڕاندندا برای یەكن. ئەم حوكمڕانانە بە ھیچ مانایەك لەیەكتری جیاواز و دابڕاو نین، ئەوان بە سەدان ھێڵی بینراو و نەبینراوەوە بەیەكترییەوە گرێدراون. ئەوەی پێویستە بگۆڕێت، گۆڕینی ھەردوو جەمسەرەكەی دەسەڵاتە، نەك ھەڵاتن لە یەكێكیانەوە بەرەو ئەویتریان.
ڕای من لەسەر دۆخی سیاسیی و ئابوریی و یاسایی و دەزگایی و حیزبیی و میدیایی و فەرھەنگیی قەوارەكەی ھەرێم بۆ زۆرێك لە خوێنەران ئاشكرایە، ئەوانە نەبێت كە بە ئەنقەست دەیانشێوێنن و بەوشێوەیە دایدەڕێژەنەوە كە خۆیان دەیانەوێت. من تا ئێستا چەندانجار باسم لەوە كردوە كە ئەم ئەزموونەی ھەرێم قابیلی چاكسازیكردن نییە، دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا و پەنابردنی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ھەڵبژاردن وەك ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی حیكایەتێكی تراژیدییە. ئەمڕۆ ئیتر تەواو ئاشكرایە كە ھەڵبژاردن ئامرازی گۆڕانی ئەو ئەزموونە و چاكسازیكردن لەناویدا، نییە. ئەم ئەزموونە سی ساڵ كاری مافیایی و جەردەیی و دزییكردن و پەنابردن بۆ ھێز و توندوتیژیی لەپشتە. ئەوەی دروستكراوە بە ڕادەیەك نالەبارە كە قابیلی چاكسازیی نییە و بە تەنھا دەسكاریكردنی موچە، یان چاودێركردنی خاڵەكانی گومرك لەسەر سنوور، یان فرۆشی نەوت بەتەنھا، بونیادە سەرەكییەكانی ئەو گشتە گەورەیە ناگۆڕێت. ئەوەی دەبێت ڕووبدات، ھەڵوەشاندنەوەی ئەوەیە كە دروستكراوە بە نیازی سەرلەنوێ دروستكردنەوەی بە شێوەیەكی جیاواز. ئەمەش ئەركێكە بەوە ئەنجامنادرێت بەرگریی لە خورافەتی ڕاكردنی خەڵكی كوردستان بۆ ناو ئامێزی ھێزە تائیفیی و دینیی و دەسەڵاتگەرەكانی بەغدا، بكەیت و قەوارە فیدراڵییەكە ھەڵوەشێنیتەوە. ئەوەی دەبێت ڕووبدات بەھێزكردنی ڕۆژانە و پلان بۆدانراو و بەردەوامیدانە بە ئیرادەی گۆڕانكاریی سیاسیی سیستمەكە و كاركردنی عەقڵانیی بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییە. ئەمەش ئەركێكە بەم بكەرە سیاسییە بچووك و نەفامانە ناكرێت كە خەون بە ڕاكردنەوە بۆ بەغدا دەبینن. ھاوكات باوەڕیشم وایە بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییە وەرگرتنی ھاریكاریی لە بەغدا، لە ئەمریكییەكان، یان لە شەیتان كارێكی ڕەوایە. چونكە درێژەدان بەم ئەزموونەی ئەمڕۆكەی كوردستان نزیككردنەوەی دەستەجەمعی خەڵكی كوردستانە لەناوچوون. ھەمان دۆخ كە لەبەغداش ئامادەیە و كاردەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand