مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌ كوێوه‌ دێن؟

2020-06-29 19:17:44

ئومێد قه‌ره‌داخی 

 یه‌كه‌م : گومان له‌وه‌دا نیه‌ ، هیچ كاتێك بوونی سیاسی كورد ، خه‌ونی كورد بۆ دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسی ، كارێكی ئاسان نه‌بوه‌ ، هه‌میشه‌ رووبه‌روو بوه‌ له‌گه‌ڵ نه‌زعه‌ی شۆفێنیستی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م واقعه‌ تاڵه‌شدا  گه‌لی كوردستان ئه‌م قه‌واره‌ سیاسیه‌ی دروستكردوه‌ ، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی كه‌ ناوی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌ ، قه‌واره‌یه‌كی  یاسایی سیاسی دانپێدانراوه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقیدا، له‌ ئێستادا هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر نیه‌ ، ئیدیعای  مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ ته‌نها درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و هیچی تر ، ئه‌م درۆیه‌ش هه‌میشه‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌   قه‌ومچییه‌كانی دنیا ده‌یكه‌ن،  ئه‌م ئیدیعایه‌ دوو ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌  به‌ناوی بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ناره‌زایه‌تیه‌كانی ناوخۆ سه‌ركوت ئه‌كرێ، خواستی چاكسازی راسته‌قینه‌ كپ ئه‌كرێت ، دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو مونافیسه‌ سیاسیه‌كان ته‌خوین ئه‌كرین به‌ پیلانگێر و دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم ، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا  به‌ روونی تێبینی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ین ماكینه‌ی ئیعلامی پارتی به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ خه‌ریكی ته‌خوینی ئه‌م كه‌سایه‌تی و ئه‌و سه‌ركرده‌ و ئه‌و نوسه‌رن كه‌ گوایه‌ خه‌ریكی موئامه‌ره‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم . 

دووه‌م : مه‌ترسی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر كورد و قه‌واره‌كه‌ی نه‌یاره‌كان نین ، به‌ڵكو كورد خۆیه‌تی ، كورد خۆیه‌تی مۆدیلێك له‌ حوكمرانی بینا كردوه‌ گه‌نده‌ڵی تا سه‌ر مۆخ رۆچوه‌ ، كورد خۆیه‌تی رێگای داوه‌ توركیا به‌ رۆژی رووناك و له‌ ده‌روازه‌ فه‌رمیه‌كانه‌وه‌ كۆماندۆكانی بهێنێت ، كورد خۆی رێگای داوه‌ تورك  زیاتر له‌ 22 باره‌گای سه‌ربازی له‌ناوچه‌ ستراتیژیه‌كاندا دروست بكات ، كورد خۆیه‌تی  هه‌موو كوردستانی كردوه‌ به‌ بازارێكی زه‌به‌لاح بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵای بێگانه‌ و  ئاسایشی خۆراك و كاڵا و جلوبه‌رگی كوردی خستۆته‌ ده‌ستی بێگانه‌ ، كورد خۆیه‌تی به‌دیاریكراتر بڵین ئیدیعاكه‌رانی كوردایه‌تیه‌  ، پارتییه‌ ، رێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی  له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كردوه‌ و سامانی   سروشتی ئه‌م وڵاته‌ی خستۆته‌ خزمه‌ت ئه‌وانی دیكه‌وه‌ ، ئیدیعاكه‌رانی كوردایه‌تیه‌ په‌رله‌مان و دام و ده‌زگا فه‌رمیه‌كانی هه‌رێمیان سووك كردوه‌ و هه‌ركات بیانه‌وێ وه‌ك دوكان دایده‌خه‌ن ، ئه‌مانه‌ مه‌ترسیه‌ راسته‌قینه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمن نه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی  رۆتینی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی  وڵاتانی دراوسێ، نه‌ك  لێدوان و پۆستی ئه‌م نوسه‌ر و ئه‌و  سیاسی .

سێیه‌م : له‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمدا ، چاكسازی سیاسی گه‌یشتۆته‌ كۆڵانێكی داخراو ، چونكه‌  دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانی هه‌رێم بێ بایه‌خ و بێ كاریگه‌ر كراون ، په‌رله‌مان وه‌ك گرنگترین دامه‌زراوه‌ نیشتیمانی  پێگه‌ی نه‌ماوه‌ ، پارتی هه‌ر كاتێك بیه‌وێت به‌ زه‌بری هێز دایده‌خات ، ئێستاش كه‌داینه‌خستوه‌ له‌ رێگای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كورسی كۆتاكانه‌وه‌   په‌رله‌مانی گرتوه‌ به‌ بارمته‌ ، له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌روات كه‌ پارتی ئه‌یه‌وێت، دادگا بۆته‌ ئامرازی حساباتی ته‌سفیه‌ی سیاسی ، رۆژێك بریاری گرتنی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌ده‌ن ، رۆژێك به‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌ڵێن تیرۆریست و رۆژێكی دی هه‌ر شتێك خۆیان بیانه‌وێ، له‌ بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا كه‌ خه‌باتی سیاسی و په‌رله‌مانی و مه‌ده‌نی گه‌یشتۆته‌ دۆخی نا ئومێدی، من دوو رێگا به‌ گونجاو ئه‌زانم ؛ یه‌كه‌میان :    كۆتایهینان به‌ مه‌ركه‌زییه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمدا  و جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات  به‌سه‌ر شار و ناوچه‌كاندا ، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی كارگێری و دارایی و خۆبه‌رێوبه‌ری له‌ رێگای پیاده‌كردنی لا مه‌ركه‌زییه‌تی كارگێری و دارایی  به‌رفراوان به‌ جۆرێك هه‌ر شارێك توانای ته‌واوه‌تی خۆبه‌رێوه‌بردنی پێبدرێت
دوه‌میان : دروستكردنی هه‌رێمی سلێمانی ، ئه‌مه‌ش ئه‌توانێت رێگا بگرێت له‌و داروخانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand