عەبدولقادر ساڵح وەک پێشتر چەند جارێک ئاماژەمان پێداوە، پەرلەمانى کوردستان لە بابەتى مووچەى فەرمانبەران ، ئەگەر نەڵێین بە تەواوى غایب بووە، ئەوا دەتوانین بڵێی ئەم بابەتەى بەرێژەى (95%) پشتگوێ خستووە، بەڵام دواجار لە یاساى چاکسازى ژمارە (2)ى ساڵى 2020 پەرلەمانى کوردستان، دەستى بردووە، بۆ ئەم بابەتە و فەرمانى کردووە بە دەسەلاتى جێبەجێکردن تا هەستێ بە رێکخستنەوەى دەرماڵەى فەرمانبەران، هەروەک لە ماددەى (5)ى یاساکەدا دەقى لەسەرهێناوە ، بێگومان ئەم هەنگاوەى دەسەلاتى یاسادانانى هەرێم، هەنگاوێکى بێ پێشینەیە و بە هیچ شێوەیەکى دەسەلاتى لەو جۆرە نەدراوە بە دەسەلاتى جێبەجێکردن بۆ تەحەکوم کردن بە بابەتى دەرماڵەوە ، لە خوارەوە لە چەند خاڵێیدا ، سەرنجى خۆمان تۆمار دەکەین: یەکەم: دەقەکە بە شێوەى وجوبى هاتووە: (على مجلس الوزراء) (پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران) ، لەسەر ئەم بنەمایەش بۆمان دەردەکەوێت کە ئەنجومەنى وەزیران دەبێت پابەندى ئەم دەقە بێت و هەستێ بە رێکخستنەوەى دەرماڵەکان و هیچ دەسەڵاتێکى نیە تا دەست بۆ ئەم بابەتە نەبات، بێ ئەوەى دەقى یاسادانەر لە نێو مادەکانى یاساکە رێسایەکى یاسایى (القاعدة القانونیة) هێنابێت بۆ ئەم رێکخستنى ئەم بابەتە. دووەم: دەستەواژەى دەرماڵەکان بە شێوەى رەها هاتووە، بەو مانایەى دەسەلات دراوە بە ئەنجومەنى وەزیران بۆ رێکخستنەوەى دەرمالەکان، ئیتر دەرمالە جێگیرەکان بێت یان ناجێگیرەکان، ئەمەش لەسەر بنەماى (المطلق یجرى على اطلاقه، مالم يقم دليل التقييد نصا أو دلالة). سێهەم: دەستەواژەى رێکخستنەوە، دەستەواژەیەکى (مطاطى) یە و بەبرواى ئێمە کەمکردن و زیادکردن لە خۆى دەگرێت ، رەنگە هەندێک لە دەرماڵەکان کەم بکرێتەوە لەبەر رۆشنایى بارودۆخى دارایى هەرێم. چوارەم: یاسادانەر لەم ماددەیەدا دەسەڵاتێکى یاسایى داوە بە ئەنجومەنى وەزیران، لەسەر ئەم بنەمایەش، ئەنجومەنى وەزیران بریار بدات بە هەر جۆرە رێکخستنێک بۆ دەرماڵەکان، ئەوا بریارەکەى لەرووى تایەتمەندییەوە(اختصاص)دروستە و کێشەى قانونى نیە. پێنجەم: ئەوەى سەیرە لە دەقى ماددەکەدا، دەستەواژەى (یاسا بەرکارەکان ـ القوانین النافذة) هاتووە ، کە دیار نیە مەبەستى پەرلەمان لە یاسابەرکارەکان کام یاسایانەن، چونکە ئەگەر مەبەستى یاساى مووچەى فەرمانبەرانى ژمارە (22)ى ساڵى2008، ئەوا ئەم یاسایە بە پێچەوانەى بڕیارى ژمارە (11)ى ساڵى 1992ى خودى پەرلەمانەوە بەرکار کراوە و پەرلەمان ئاگادارى نەبووە، خۆ ئەگەر مەبەستى یاساى راژە و ماددەى (3)ى یاساکە بێت تایبەت بە مووچەى فەرمانبەران ، ئەوا لە هەرێم ماوەى (12) ساڵە کار بەو ماددە و یاسایە ناکرێت، لەبەر ئەوە هێنانى دەستەواژەى یاسا بەرکارەکان، لەکەیەکى(عیب) گەورەیە بۆ دەسەلاتى یاسادانان، کە یاسایەک بەبەرکار بزانێت لەکاتێکد خۆى بەرکارى نەکردبێت و بە پێچەوانەى یاساوە بەرکار کرابێت. لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە ، سەرەراى بێدەنگى و پشتگوێخستنى پەرلەمان لە ماوەى (28) ساڵى رابردووى کارکردنیدا، کەچى بەم دەقە دێتە ناو بابەتى مووچە و وەزیفەى گشتى ، کە بە داخەوە دەقێکى بێ پێشینەیە و پێدانى دەسەڵاتێکى رەهایە بە ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستبردن بۆ بابەتى دەرماڵەى فەرمانبەران.
د. ئیسماعیل نامیق دەبێت جیاوازی بکەین، لەنێوان قەوارەی هەرێم وەکو خاک وسنور، قەوارەی هەرێم وەکو دەسەڵات ودەزگاکانی بەڕێوەبردن. قەوارەی هەرێم وەکو سنور، هیچ کەس دژی نیە وکەسیش ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، تەنانەت حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لەبەهێزترین دۆخیشیاندا ئامادە بوون لەژێر ناونیشانی خۆبەڕێوەبەریی دان بەم قەوارەیەدا بنێن، بۆیە کەس جورئەتی ئەوە ناکات دژی قەوارەی خاکی هەرێم بێت. بەڵام قەوارەی هەرێم وەکو ئەو دەزگا فشەڵانەی کەیەکێتی وپارتی لەپەنایدا خەریکی دزیی وراوو روتن، خەریکی ستەمکردن وشکاندنی کەرامەتی تاکی کورد وبەکۆیلەکردنن، نەک هەر جورئەت ئەکەین داوای هەڵوەشاندنەوەی بکەین، بەڵکو دەبینین لەواقعدا ئەم قەوارەیە بەرەو هەڵوەشاندنەوە هەنگاو دەنێت، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەکەشی بەئەنجامدانی ریفراندۆم وئەو هەموو شکست وسازشە گەورەیەی دوای ریفراندۆم دەستی پێکرد، پاڕانەوەی قەوارەوانانی ئەم قەوارەیە لەبەغداد بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی قەوارەکە بدات، هەروەها کەمپینی فەرمانبەرانی قەوارەکە بۆ گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ سەر بەغداد، ئەگەر شکست وهەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیە نەبێت چی دەگەیەنێت؟ قەوارەوانان دەبێت باش لەوە تێ بگەن، سروشتی مرۆڤــ وایە کاتێک شتێک ئازاری ئەدات وزیانی پێ ئەگەیەنێت، بەجۆرێک ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەو ئازارەدا هەڵ بکات ئەگەر چاوی خۆشی بێ ناچار ئەبێ دەری بهێنێ! ناکرێ هەرکەس ووتی برسیمە ئێوە بڵێن ئەم قەوارەیە بەقوربانیدان وخەباتی چەندین ساڵ دروست کراوە، بۆیە نابێ هاوار بکەی، ئاخر کەی خەبات وقوربانیدان دەکاتە ئەوەی تا هەتایە بەشتی خراپ رازی بین ولەئاستیدا بێدەنگ بین؟ مرۆڤـ چەند ماندوو بێت بەدروستکردنی شتێکەوە، کەزانی ئەم شتە بێفەڕە حیکمەت وای لێدەخوازێت تێکی بداتەوە، زۆرجار دایک وباوک دوای چاوەڕوانی وهیواو نزا رەنجی زۆر گەورە ئەدەن بۆ ئەوەی منداڵێکیان بۆ دروست ببێ وشەونخونی وماندووبونی زۆر دەکێشن تا گەورە دەبێ، بەڵام کەدەبینن منداڵەکە بێ کەڵکەو جگە لەزیان هیچی دیکەیان وبۆ ناهێنی، زۆرجار دەستبەرداری دەبن، ئایا پەیوەندی منداڵ لەگەڵ دایک وباوکی بەراورد بەپەیوەندی گەل لەگەڵ حکومەتەکەی کامیان پیرۆزتر وبەهێزترە؟ ئێوە ئەزانن یەکێتی سۆڤیەت رکابەری ئەمریکا بوو، بەڵام کەدەسەڵاتدارەکانی وەکو ئێوە دەستیان دایە گەندەڵی و خەڵکەکەی برسی کەوت، گوێیان نەدا بەگەورەیی وڵاتەکەیان ورکابەرێتی ئەمریکا، داوای روخاندنیان کرد؟ خەڵک باش لەوە تێ گەیشتووە ئێوە لەپاڵ قەوارە وئابووری سەربەخۆ خەریکی چەتەگەرێتی وراو وروتن، رەوا نیە هەرکەس بڵێ ئەمە هەڵەیە، ئێوە تەخوینی کەن. ئاخر ناکرێ چل ساڵ بەگوتاری کوردایەتی وقەومی فێڵ لەخەڵک بکەن وتا قیامەتیش بەبیانووی پاراستنی قەوارەی هەرێم بمانچەوسێننەوە!! ناکرێ ئێوە وەکو جاش وموستەشارەکانی سەردەمی بەعس مانگانە بچن لەبەغداد مووچەی قەبەی خۆتان وەربگرن، خەڵکیش کەلەژێر فشاری ئازار وبێدەرەتانیی خێزان ومنداڵدا دەڵێن گیرفانمان بەتاڵە، ئێوە پێیان بڵێن خیانەتکار ودژە کوردن ودەبێـت شاربەدەر بکرێن، تو ئەو قەوارە وکوردایەتیەی کەباوەڕتان پێی نیە ئەمە رەوایە؟ دڵنیابن قەوارەی هەرێم بەداواو هاواری خەڵکی برسی هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو بەهەراو کارەخراپەکانی خەڵکی دزو گەندەڵ نوغرۆ دەبێت. ئێستا میللەت داوا ئەکات، لەجیاتی ئەوەی ئەم قەوارەیە بەشێکی دیلی دەستی تورکیا وبەشەکەی دیکەی دیلی دەستی ئێران بێت، لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیداڵی عێراقدا، وەکو هەرێمێکی فیدراڵی هەڵسوکەوت بکات، بەپێی دەستور پابەند بێت بەماف وئەرکەکانیەوە، ئەمەش باشترین بژاردەیە، چونکە نەتورکیا وئێران لەعێراق شەریفترن، نەدیلی دەستی ئەوان باشترە لەژیان لەگەڵ بەغدادا. بۆیە هیچ پێویست ناکات تەپوتۆز لەسەر داواکارییەکان دروست بکرێت، وبەقەوانی کوردایەتی وپاراستنی قەوارەی هەرێم فیڵ لەخەڵک بکرێت. چونکە بەکورتی وبەکوردی، چارەنووسی ئەم قەوارەیە بەندە بە هەڵسوکەوتی ئێوەوە، ئەگەر خۆتان چاک بکەن وهەڵسوکەوتتان باش بێت وخەریکی دزی وراو وروت نەبن، دڵنیا بن قەوارەکە بەهێز دەبێت، ئەگەر ئێوەش نەتانەوێت، بەڵام ئەگەر هەر لەسەر ئەم ئەتوارانەی ئێستاتان بەردەوام بن، بێگومان بن لەوەی دەزگا فشەڵەکانی ئەم قەوارەیە دەکەون، جا بتانەوێ یان نەتانەوێ. کەواتە رازینەبوون بەسیستمی حوکمڕانی هەرێم، یەکسان نیە بەدەستبەرداربوون لەخاک ومێژوو ونەتەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی حوکمڕانی، هەڵوەشاندنەوەی خاک ونەتەوە ناگەیەنێت، قەوارەی حوکمڕانی لەئێستادا موڵکی یەکێتی وپارتیە، بەڵام قەوارەی خاک ونەتەوە موڵکی کەس نیە وکەسیش مافی ئەوەی نیە خۆی بکات بەخاوەنی، ئەگەر قەوارەی حوکمڕانی خراپ وبێ کەڵک بوو، هەڵوەشاندنەوەو دروستکردنەوەی ئەرکە، بەڵام قەوارەی خاک ونەتەوە، نەخراپ دەبێت ونەقابیلی هەڵوەشاندنەوەشە.
د.سەردار عەزیز ئێستا دەتوانین بڵێین کە بە سەرکردایەتی تورکیا، هەر سێ وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا لە فشار و هێرش و شەڕدان دژ بە کورد. توپبارانی ئێران بۆ سنورەکان، داوای عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لە گەل تورکیادا دوور لە دەستی حکومەتی هەرێم، لە گوندی ئۆڤاکۆی، هێرش و توپبارانەکانی تورکیا، هەموو لە یەککاتدا بەڵگە و نیشانەی ئەم دۆخەن. ئەندازیاری ئەم گەلەکۆمەیە لە ئێستادا تورکیایە. هەتا ماوەیەک لەمەوپێش چەند تێگەیشتنێکی هەڵە لە ئارادابوو کە ئەم ڕوداوانە هەمویانی پوچکردەوە. نمونەی ئەم تێگەیشتنە هەڵانە کە زۆر لە لایەن میدیای کوردییەوە بە گوێی خەڵكی کورددا دەدران: یەکەم، نەمانی ترسی دەرەکی لە سەر هەرێم، دووەم، نەبونی هەماهەنگی لە نێوان تورکیا و ئێران، بە تایبەتی دژ بە پەکەکە، سێیەم، نەمانی ترسی سەربازی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، یان هاوکاری نەکردنی عێراق بە مۆدێلی جاران دژ بە کورد. چۆن تورکیا توانی ئەم هێزانە کۆکاتەوە؟ هەردوو عێراق و ئێران لە ژێر فشاری دارایی و ئابوری زۆردان. یەکێک لە ئامانجەکانی حوکومەتی کازمی ئەوەیە کە داهاتی غەیرە نەوتی دەست بکەوێت، یەکێک لەو سەرچاوانە کە داهاتی زۆر دابین دەکات دەروازەکانە. بونی ئامانجی تورکیاش بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لە نێوان عێراق و تورکیادا، هەردوو ئەم لایەنانەی لە یەکتر نزیک کردوەتەوە. ئەم دەروازەیە لە گوندی ئۆڤاکۆی تورکی دەبێت. وڵاتی عێراق لە پاش ڕیفراندۆم هەوڵیدا ئەم کارە ئەنجام بدات، بەڵام ڕێگریی هاتە ڕێی، ئیستا جوڵەی کۆماندۆکانی تورکیا لە نزیک زاخۆ دەکرێت بە ئەو ئامانجە بێت. ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم دەروازەیە جگە لە ئابوری، سیاسی و جیوپۆەلتیکیە. یەکەم، ئەو ترس و نیگەرانیەی تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت کە دەبێت بە کورددا بگاتە عەرەب. چونکە تورکەکان دەیانەوێت ڕاستەوخۆ بگەنە عەرەب، وەک بازاڕ. دووەم، هەرێم گۆشەگیر دەکات و لە ڕوی ئابورییەوە هەژاری دەکات و سێیەم، هەرێم هێندەی تر ناچار بە تورکیا دەکات. نزیکبونەوەی تورکیا و ئێران، جێگای سەرسوڕمان نیە، چونکە دوو وڵاتی خاوەن کەلتوری ئیمپراتۆری هەمیشە لە گەڵ پەراوێزەکانیاندا بەو جۆرە مامەڵە دەکەن. ئێستای ئێران پێویستی بە تورکیایە، چونکە هەژارە و لە ژێر ئابلۆقەدایە، تورکیا دەروازەیەکە بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی و بە دەستهێنانی کاڵا و دەستکەوتنی داهات. بۆیە ئێران ئامادەیە چاوپۆشی بکات لە هێرشی تورک بۆ سەر کوردستان و پەکەکە. ئەوەی دەرخەری هاوپەیمانی نێوان ئێران و تورکیایە بۆردمانی تورکیایە بۆ کونەماسی کە بنکەی پژاکی تیادایە. دەکرێت ئەم هێرشە وەک دیارییەک لە لایەن تورکیاوە بۆ ئێران لێکبدرێتەوە، لە بەرامبەر ڕازیبون و پشتیوانی. چونکە ئێران لە ئێستادا خۆی ناتوانێت لە ئاسمانەوە کاری وەها بکات، تورکیا لەبڕی بۆی ئەنجام دەدات. بەڵام ئەوەی ئاسانکاری کردوە کە ئەم وڵاتانە پێکەوە کۆببنەوە و گەلەکۆمە بکەن هەبونی زەمینەیەکە بەوەی کە دەبێت ڕێگری لە بەهێزبونی کورد بگیرێت لە ناوچەکەدا. هەرسێ وڵات هاوڕان لە سەر لاوازکردنی کورد. لێرەدا چەند فاکتەرێكی تر دەکرێت ئاماژە پێبدرێت. ئایا تورکیا وەک یاریکەری سەرەکی ئامانجی چیە؟ هەتا ئێستا تورکیا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە عێراقدا نەبینراوە، بەڵکو ئەکتەرە سەرەکیەکان ئێران و ئەمریکابوون. دوو خوێندنەوەی گشتی هەیە بۆ دۆخەکە: یەکەم، ڕێککەوتنی کورد و کورد لە ڕۆژئاوا، تورکیای خستە ئەو خانەیەوە کە ئەگەری دروستبونی یەکەیەکی کوردی هەیە لە ڕۆژئاڤا، بە پشتیوانی نێودەوڵەتی. پاشان قسە لە سەر ئەوە هەیە کە ئەو یەکەیە لە گەڵ تورکیادا ئاشتی بکەن. بەڵام تورکیا ئەو یەکەیە بە مەترسی دەبینێت چونکە وەهای دەبینێت کە لە لایەن پارتی کرێکارانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەم ترس و بەهانەوە تورکیا دەیەوێت پانتاییەکی ئاسایشی وەک بەفەر بە سەر سنورەکەیدا دروست بکات، هەتا ڕێگری لە هاتوچۆی گەریلاکان بکات لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاڤا. ئەم ئامانجە لە گەڵیدا ئامانجی کشان بۆ باشور و بون بە ئەکتەرێکی لە سیاسەتی عێراقی و بەدستهێنانی دەستکەوتی ئابوری و سیاسی و جیوپۆلەتیکی. هەروەها ئەگەر بێتو یەکەیەکی تری هاوشێوەی باشور لە ڕۆژئاڤا دروست بێت ئەوا دەبێت دابراوبێت و بەو جۆرە تورکیا باکور و باشور و ڕۆژئاڤا لەیەکتر دادەبڕێت. دووەم، ئەگەر ئەوەیە کە تورکیا سزای باشور دەدات بەوەی کە هاوکاری ئەو ڕێککەوتنە بوە و هەوڵ دەدات کە لە ئێستاوە لە باری ببات بەوەی هەردوو باشور و ڕۆژئاڤاش لاوازبکات. لەم دیدە جیوپۆلەتیکیەدا ئێران هاودیدی تورکیایە. دیدی ناوخۆیی: بەشی زۆری ئەوەی بە سەر کورد دێت یان کورد ناتوانێت هیچ بکات، پەرتەوازەیی کوردە لە ناوخۆی خۆیدا. بۆیە دەبێت کورد بە خێرایی هەڵوێستیان بەرامبەر یەکتر بگۆڕن. ئێستا لە باشور سەردەمی ڕسوابون و نەمانی بەها و هاوبەشی و خەمە. لە دۆخی وەهادا ئەستەمە بتوانرێت فشار و کار بکرێت. بۆیە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێن لایەنە کوردیەکان دەبێت پیاداچونەوەیەکی گەورە بە خۆیاندا بکەن. بە پەرتەوازەیی و گەندەڵی و شەڕی میدیای و پەمپدانی هەوادارن ناتوانرێت ڕوبەڕوی هیچ فشارێک ببینەوە و ناتوانین هیچ فشارێک بکەین. هەرێم لەم پرۆسەیەدا نە لەلای بەغدا و نە لەلای ئەوانیتر هیچ سەنگێکی نەماوە. بەڵام پێش هەموو شتێک حکومەتی هەرێم لای خەڵكی کوردستان خۆی سەنگی نەماوە. لە دۆخێکی وەهادا ناتوانرێت هیچ جۆرە داکۆکی و بەرگرییەک بکرێت. بەشی زۆری ئەم دۆخەی هەرێم قەیرانی ئابوری و ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییە. هێشتا لە هەرێم داهاتێکی زۆر لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە، بەکاردەبرێت دژ بە خەڵکی کوردستان و ئامانجی گشتی. بۆیە هەنگاونان بەو ئاقارەی کە ئەم داهاتە بەفیڕۆچوانە ووردە ووردە بن بڕ بکرێت، بنەمای ئەوەیە کە خەڵک و حوکومەت ئاشت بنەوە. دووەم هەنگاو کۆبونەوەی یەکێتی و پارتیە و وەلانانی کێشە ناکۆتاکانیانە لە ئیستادا. یەکێتی و پارتی دەبێت فێری ئەوەبن کە چۆن پرۆسەی کۆمپارتمێنتەلایزەیشن بکەن. چۆن کێشەکانیان بەش بەش بکەن و هەر بەشێک جودا لە ئەویتر مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. نەک پرسێکی بچوک ببێتە هۆکاری شەڕی سەرانسەری لە هەموو ئاستێکدا. هەنگاوی هەرە گرنگی تر ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە بە ڕێنماییەکانی هاوپەیمان یەک بخرێن. هەرچەندە هێزی پێشمەرگە توانای ئەم جەنگەی نیە، چونکە یەکێک لەو فاکتانەی دەبێت لە بەرچاو بگیرێت وەرچەرخانی توانای تەکنەلۆجی و سەربازی تورکیایە: کە کورد ناچار دەکات جۆری خەباتی خۆی بگۆڕێت. بەڵام چاککردنی پێشمەرگە ئەو جۆرە پشتیوانیە دابین دەکات کە لە ڕۆژئاڤا بۆ کورد هەیە، ئەمە بنەمای کاری تری دیپلۆماسییە. ئەمەی بەرامبەر کورد دەکرێت هەوڵدانە بۆ لاوازکردنی کورد لە ساتەوەختێکدا کە دەرفەتی هەیە کە پێگەی هەبێت. بەڵام کوردی باشور بە تایبەتی لە هەموو ساتێکی تر زیاتر پەرتەوازە و توڕە و بێزارن. ئەمە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی نەوتە، چارەسەری بە ئاسانی نابێت بۆیە دەبێت بیر لە چارەسەری خێرا بکرێتەوە ئەویش، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی لە هەردوو ڕێگای چاکسازی ناوخۆیی و پەیوەندی دەرەوە بە تایبەتی لە گەڵ بەغدادا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. بەڵام ئەوەی فاکتە و نەگۆڕە، کورد گەر بیەوێت هەبێت،بێ نەیار و ڕکەبەر نابێت، ئەمە سروشتی پەیوەندی نێودەوڵەتییە. بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر ڕکەبەرێکی دەرەکی سەرەتا لە ناو ماڵی خۆمانەوە دەست پێدەکات. شەڕ لە گەڵ کورددا لە سەر ئەوەنیە کە کوردە، بەڵکو لە سەر خاک و سامان و پێگەکەیەتی.
ئاسۆ حاجی یەکێتی کەتۆتە داوی خۆی نە دەتوانێ بە ئاسانی ئەو پەیوەندیە ئالۆزیەی چەندین ساڵە بەبێ دیراسەکردن و دووربینی لەگەڵ پەکەکە دروستی کردوە کۆتایی پێبؽنێ،نە دەتوانێ لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەو قۆناغەی کە مەترسی لە سەر دروست نەکا و دژایەتی نەکات، ئەگەرچی ئێستا و بە دەست پێشخەری یەکێتی ژمارەیەکی زۆری کێڵگە نەوتیەکانی سنووری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی تورکی کڕاونەتەوە و ئەوان وەبەرهێنانیان تێدا دەکەن،هەروەها هاوکاریەکی هەواڵگری توند لە نێوان میت و دەزگای زانیاری یەکێتی هەیە کە ئەنجامەکەی تا ئێستا کوژرانی چەندین سەرکردە و کادیری پەکەکە بووە،یەکێتی ئەوەی وەک شیرینی و نیاز پاکی پێشکەشی تورکیا کردوە بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە هاوکێشەکە بگۆڕێ چونکە پەکەکە بە چەک و هێزەوە لە زۆنی سەوز بوونی هەیە و دەتوانێ ببێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر یەکێتی،بەتایبەتیش کە پەکەکە بەشێکە لە ئەجێندا و ستراتیژیەتی ئێران و لەو خاڵەدا لەگەڵ یەکێتی یەکدەگرنەوە،دیاریشە دوور کەوتنەوەی یەکێتی لە ئێران بە مانای لاوازبوونی دێ تا رادەی لەناو چوون. پەکەکە هۆکارە سەرەکیەکەیە لە راکێشانی تورکیا بۆ ناو باشور،ئێستا هەبوونی گەورەی پەکەکە نە لە ناو خاکی باکوری کوردستانە و نە لە چیا سنووریەکانی نێوان باشور و باکور بەڵکو هەبوونی گەورەیان لە رووی سەربازیەوە لە دەڤەری شنگال و باشوری کەرکوک کە لە ژێر سێبەری حەشدی شەعبی سەربازگەیان دامەزراندووە و موچەیان لێوەردەگرن،هەروەها لە سنوورەکانی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانن واتا لە ژێر سێبەری یەکێتی و ئێران کە درؽژکراوەی هەمان ستراتیژیەتی هەبوونیانە لە شنگال و کەرکوک و گەرمیان. کاتی خۆی لە باکور دەمیرتاش و هەڤالانی سەرکەوتن و هەشتا و یەک کورسیان بردەوە و ئەردۆغان مەمنونیان بوو حکومەتیان لەگەل پێکبهێنێ و ئامادە بوو هەتا شەش وەزیریان بداتێ،بەلام قەندیل گوتی دەمیرتاش ئەو کەسە نیە بتوانێ بریاری بەشداریکردن و نەکردن بدا و ئەوە قەندیلە ئەو بریارانە دەدا،چوون شەریان لە بن دیمەشق بردەوە ناو مالە کوردی هەژار لە جزیرە و دیاربەکر و شەرنەخ و هەزەخ و نسێبین و جۆلەمؽرگ و هەکاری و زیاتر لە شەش هەزار کەسیان بە کوشت دا کە چوار هەزار زیاتریان گەریلا و هێزەکانی هەپەسە بوون و باکوریان رادەستی تورکی تۆرانی کردەوە و لە سوریاش ئێرانیان بەهێز کرد و ئەسەدیان لە روخان دەرباز کرد،هەروەها نەیانهێشت دەمیرتاش ببێتە رابەری بێ رکابەری کوردانی باکور و خستیانە زیندان،ئێستا کە پارتی چاودێری ئاشتی نێوان کوردانی رۆژئاوا دەکا و جەنەرال مەزلوم کۆبانی رۆژ بە رۆژ لە قەندیل دوور دەکەوێ و بڕیارەکانیان جێبەجێ ناکات دەیانەوێ ئەو تۆڵەیە لە باشور بکەنەوە و ئەوجارەیان ئەگەر بۆیان بچێتە سەر وێرانی دەکەن. وەستانی لەشکرکێشی تورکیا لە خاڵێکدا بە بۆچوونی من پەیوەندی بە هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزەوە هەیە هەروەها بە هاوکێشە ئیقلیمیەکان،ئەگەر نا بۆی بچێتە سەر تورکیا سیاسەتی (کێ هێزی هەیە ئەو بڕیار دەدا)جؽبەجێ دەکا و رەنگە گەراندنەوەی ویلایەتی موسل بۆ سەر ئیمپراتۆریەتەکەیان بکەنەوە واقیع و عەهدی میللی بەجێبگەیێنن. حکومەتی عێڕاقی و شەخسی مستەفا کازمی داوەتکەری سوپای تورکیایە بۆ ناو سنووری نێودەوڵەتی دەوڵەتی بەناو عێڕاق لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەی کە بەر لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 عەبادی لەگەڵ تورکیا ئیمزای کردوە و مستەفا کازمی یەکێک بووە لە کەسە ئاگادارەکانی ناوەڕۆکی ئەو رێکەوتنە کە بەهۆیەوە تورکیای زیاتر دەست کراوەتر کردوە لەو رێکەوتنە ئەمنیەی لە ناوەراستی ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو لە نێوان عیڕاق و تورکیا ئیمزا کراوە کە رێگە بە تورکیا دەدا بە قوڵایی پازدە کیلۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ بۆ راوەدوونانی ئەو گروپە چەکداریانەی مەترسی لە سەر ئەمنیەتی تورکیا دروست دەکەن،هەر ئەو رێکەوتنەی عەبادیشە لەگەڵ تورکیا زاری حکومەتی عێڕاقی بەستەوە لە بەرامبەر هەبوونی نزیکەی دوو هەزار سەربازی تورکی لە بەعشیقەی نزیک موسل. سەرەدانی نهێنی هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت و کۆبوونەوەی لەگەڵ کازمی و هەبوونی یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەهەمان کاتدا لە بەغدا و بەنهێنی سەرنجمان بۆ ئەو پرسیارە دەبا،دەکرێ بەغدا لەشکری تورکیای داوەت کردبێ؟
كەمال رەئوف • لەدوای گۆنگرەی یەکێتی کەناوی "نوێ بوونەوە"ی لێنرابوو، دەبوو یەکەم کاری هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، رادەستکردنەوەی بینای مەکتەب سیاسییەکەیان بوایە، کە موڵکی وەزارەتی پەروەردەیە، ئاخر ناکرێت ئەو هەموو ساڵە یەکێتی حاکمی یەکەمی ئەم ناوچەیە بێت و بەشی ئەوە زەوی و موڵکی نەبێت کە مەکتەب سیاسییەکەی لە بینایەکی پەروەردەدا بێت و لەناو ئەو بینایەوە گفتوگۆی چاکسازی بکرێت و بەڵینی و نوێ بوونەوە بدرێت. • کەس نییە نەزانێت کە ساڵانێکی زۆرە غەدر لە سلێمانی ئەکرێت، بۆیە هەق وابوو یەکێتی دوای کۆنگرە هەنگاوی یەکەمی ئەوە بوایە لەئیدارەی سلێمانی کە لەبندەستی خۆیەتی، گۆرانکاری ریشەی بکات و و بەشەفافیەت داهاتی ئەم ناوچەیەی بخستایەتە روو، دەستی لەبازار و زانکۆ تێکەڵ کردنی ئیشی حزب و حکومەت هەڵگرتایە تا جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتی لێرەوە نیشانبدایە و ئەوکاتە لامەرکەزیەتی پێشنیار بکردایە، نەک بەشێوازە کلاسیکییەکەی ململانێ کە بەردەوام پارتی تیدا براوە بووە. • ئێستا لەم دۆخەدا کە ڤیرۆسی کۆرۆنا تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە، سێکتەری تەندروستی بن دەستی قەڵەمرەوی یەکێتی لەپەرێشان خراپترە، سەرباری لەخۆبوردەی کارمەندانی تەندروستی ودکتۆرە بەرێزەکان و کەفائەتی زۆر، کەچی تەندروستی سلێمانی واحاڵیان خراپ بووە، تەنانەت ناتوانن پشکنینی پێویست بۆ بەرکەوتوەکان بکەن، لەبەرامبەردا هاوسەرۆکەکانی یەکێتی هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نەخستۆتە سەرشانیان، کەدەکرا لەرێگەی گەرانەوەی بەشێک لەداهاتی سنورەکان و داهاتی کۆمپانیاکانیان، دۆخەکەیان بگۆریایەو بەدەستپێشخەری یەکێتی کە ساڵانێکی زۆرە پشکی گەورەی کۆنترۆڵکردنی ئەو داهاتەی لەلایە، بەبرێکی بەرچاو لەبەخشتنی پارە، هەڵمەتی نیشتمانی کۆکردنەوەی کۆمەکیان بکردایە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر بۆ نەخۆشخانەی هیوا و چەند پرۆژەیەکی تر کرابوو. • هەموو لایەک بەسەرکردەکانی پارتی و یەکێتیشەوە خۆیان باشتر لەخەڵک دەزانن، کە حکومەتی هەرێم، نە ئەوساو نەئێستاش، لەسەرهیچ شتێک، لەجەوهەردا یەک دەست و یەک دەم ویەک هەڵوێست نەبوون، تەنها لەسەر پشک و بەشکردنی دەسەڵات وداهات نەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی کەموزۆری پشکەوە لەنێوانیاندا. یەکێتی ئەوکاتە ئەیتوانی فشارێکی کۆمەڵایەتی لەدەرەوەی چوار چێوەی حزبییەوە لەسەرشێوازی حوکمرانی پارتی دروست بکات، کە دوای کۆنگرە خاڵی وەرچەرخانی دروست بکردایەو دەستی خۆی بەهەموو کەموو کورتیەکانەوە بۆ خەڵک بخستایەتە روو، تا چیتر بزنس و سیاسەت تێکەڵ نەکرێت و جیاوازی ئیدارەی قەڵەمرەوی دروست بکردایە ودژی گەندەڵی هەنگاوی عەمەلی هەڵبگرتایە. • سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەبوو مەرجی سەرکەوتنی نوێ بوونەوەی دوای کۆنگرەیان ببەستایەتەوە، بەرادەی ئاستی سەرکەوتنیان لەئاشتکردنەوە و نزیک کەوتنەوەیان لەخەڵک و دروستکردنی گۆرانکاری لەدۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک، نەک بەسەرخستنی کۆمەڵێک وگۆرانکاری لەخیتاب لەگەڵ پارتی، چونکە گەر یەکێتی بروای بەکاری ئایندە و هەستانەوەی خۆی هەیە، دەبوو ئەوەبکات چونکە ئەوە رێگا دروستەکە بوو، دەبوو بەشێنەی و مەحکەمی بەئیرادەوە، لێرەوە هەنگاوی هەڵبگرتایە بۆ نوێ بوونەوەکەی، نەک بە گرتنەبەری هەڵوێستی پەرچەکردار لەبەرامبەر ئەوانی دی.
مەجید ساڵح كاتێک ئیمپراتۆری رۆمانی (مارسيوس سنسورينوس) گەمارۆی شاری (قرطاجە)ی دا کە ئەو کات دەوڵەمەند ترین شاری دنیا و بازرگانی و هونەر تێدا زۆر گەشەی کردبوو لە هەما کاتدا خەڵکەکەی ئاشتی خواز بوون، داوی بە خەڵکەکەی وت: «چەکانتان دانێین و تەسلیمی منی بکەن، رۆما ئەرکی پاراستنتان دەگرێتە ئەستۆ». خەڵک بەدەنگ داواکەیەوە چوون و چەکەکانیان تەسلیم کرد،. دواتر پی وتن «کەشتیە جەنگییەکانتان تەسلیمی من بکەن، ئەو هەموو کەشتیەتان بۆچییە، خەرجی زۆری هەیە و سودی نییە بۆتان، ئیتر رۆما بەڵێنی داوە و دەتانپارێزێ،» خەڵکی ئاشتیخوازی قرطاجە بە گوێیان کرد و کەشتیەکانیان تەسلیم کرد. ئینجا پێی وتن: «سپاس بۆ ملکەچ بوونتان، ئێستا کاتی قوربانییە گەورەکەیە، رۆما بڕیاری داوە بۆ ریگری کردن لە هەر یاخی بونێک، قرطاجە لەگەڵ وێران بکات و لە گەڵ خاک یەکسانی بکات، لەمەولا ئێوە ئازادن لە کام بیابان کە بە دڵتانە بژین بەو مەرجەی هەشتا پلە لە دەریاوە دوور بێت.» ئا لەوکاتەدا خەلکی قرطاجە بۆیان دەرکەوت چ هەڵەیەکی گەورەیان کردوە، کەوتنە بەرگری کردن بەڵام دوای چی!؟ تازە شار وێران کرابوو و خەڵکەکەشی تەفروتوونا کرا و لە مێژوودا ناوی نەما... بەداخەوە، هەندێ سیاسەتمەدار و خەڵکی پۆپۆلیستی ئەم وڵاتە، وەک قرطاجەییەکان مامەڵەیان لە گەڵ فایرۆسی کۆرۆنادا کرد و بۆ مەرامەکانی خۆیان وڵاتیان توشی بەڵایەکی گەورەی وێرانکەر کرد، ئێستاس بۆ تەواوکردن و سڕینەوەی هەتاهەتایی مەملەکەت، وەک کەرە دیزە دەیانەوێ لەسەر نەخشە و میژوو بیسڕەوە...
عارف قوربانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی خەریکە دەگاتە بنبەست و تەنانەت دەرەقەتی پێدانی مووچەی مووچەخۆرەکانی نایەت. هەموو ئەو هەوڵانەشی کە دەیویست لە رێگەی بەغداوە بەشێک لە داهاتی پێ دەستەبەر بکات، بێئاکام دەبن. چونکە ستراتیژی بەغدا ئەوە نییە پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز بکات، بەپێچەوانەوە ئەو بەدوای ئەو رێگایانەوەیە کە زیاتر چۆک بە کوردستان دابدات. ئەگەر بەو شێوەیەش لە داهاتووی کوردستان نەڕوانێت، لە ئێستادا قەیرانی دارایی بەرۆکی خۆیشی گرتووە، ئەوەی مانگانە دەستیدەکەوێت نیوەی ئەوە نییە کە بۆ خەرجییەکانی پێویستییەتی، بۆیە هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێت کە بەغدا لە دۆخێکی دارایی وەک ئێستایدا بچێتە ژێر باری پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی ئەو سازشانەی ئێستا هەرێم کردوونی زۆر لەوە زیاترن کە پێش کۆرۆنا بەغدا داوایدەکرد، بەڵام بۆ بەغداش ئێستا هەلومەرجێکی دیکەیە. لە باشترین دۆخدا بەغدا کاتێک ئەوە دەکات کە نرخی نەوت زۆر بەرز بووبێتەوە، ئەگەر نرخی نەوتیش بەرز ببێتەوە ئەو کات کوردستان بەو ئەندازەیە پێویستی بە بەغدا نابێت. کەواتە بۆ هەردوولا دۆخەکە بە نرخی نەوتەوە پەیوەستە. تاوەکو زیاتر داببەزێت، هەردوولا دەباتە دۆخێکی مەترسیدارترەوە. هەر کات نرخی نەوتیش بەرز ببێتەوە، دەبێتە ئاسۆی تێپەڕاندنی قەیرانەکە. بۆیە دەکرێت وەک قۆناخێکی کاتی تەماشای قەیرانەکە بکرێت. بەغدا لەبەر ئەوەی دەوڵەتە و متمانەی نێودەوڵەتیی هەیە، دەتوانێت بە بەدەستهێنانی قەرز لە بانکە نێودەوڵەتییەکان ئەم قۆناخە تێبپەڕێنێت. بەڵام هەرێمی کوردستان دەستی ناگاتە ئەو کەناڵە داراییانەی جیهان تاوەکو قەرزیان لێبکات. بەغداش وەک ئەزموونی پێشووتر ئامادە نییە لەو قەرزە دەرەکییانە بەشی هەرێمی کوردستان بدات. کەواتە چارەسەر چییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک پارەی بکەوێتە دەست تاوەکو لەوە دڵنیا بێت وەک دەستمایەیەک لە بەردەستیدا دەبێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هەوڵەکانی چاکسازی بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ دەبێت؟ پارتی و یەکێتی وەک دوو هاوبەش لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی لە 28 ساڵی رابردوودا وەک حیزب و بەشێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان و بنەماڵەکانیان لە ترۆپکی ئەم دوو حیزبە لە رێگە و کەناڵی جۆراوجۆرەوە زۆر لە حکومەت سوودمەند بوونە. بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی شۆڕش و لەژیانی شاخیشدا خاوەنی گومرگ و رێکاری تایبەت بە خۆیان بوون لە وەرگرتنی سەرانە، کاتێک حکومەتی هەرێمیش پێکهات، لەپاڵ کارەکانی حکومەتدا تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو داهاتانە هەر دەچنە خەزێنەی حیزبەوە. بەهۆی دەسەڵاتیانەوە بە ملیۆنان مەتر زەوی لە شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناو شارەکان لەسەر کۆمپانیاکانیان تاپۆ کراون و دواتر فرۆشراون و پارەکەیان بۆ حیزبەکان چووە. لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و تا دەگاتە شیرینیی نەوت و پشکیان لە کۆمپانیا نەوتییەکان، هەروەها لە بردنی نەوت بە قاچاخ و زۆر شتی دیکە، ئەم دوو حیزبە و هەندێک لە بڕیاربەدەستەکانیان سەروەت و سامانێکی زۆریان لە سایەی ئەم حکومەتە پێکەوە ناوە. ئەمە جیا لەوەی تا داهاتی حکومەت زۆر بوو پشکی دیاریکراویان لە داهاتی گشتیی حکومەتیش بردووە و لە پشکی فرۆشی نەوتیش هەردوولا بە رێژەی جیاجیا مانگانە پارە چووەتە سەر ژمارەی بانکییان. بە ئێستاشەوە کە قەیرانی دارایی بەرۆکی حکومەت گرتووە و خەریکە بەچۆکیدا دێنێت، هێشتا پارتی و یەکێتی داهاتیان کەمی نەکردووە و هەر دەوڵەمەندتر دەبن و ئێستا هەردوو حیزبەکە لە رووی سەرمایەی کەڵەکەبوو، لە موڵک و کۆمپانیا، لە حکومەتەکەیان دەوڵەمەندترن. بۆ داهاتووش بەرژەوەندیی گەورە و زۆری ئەم دوو حیزبە بەستراوەتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. کەواتە تاوەکو تەمەنی دەسەڵاتیان درێژتر بێت، زۆرتر سوودمەند دەبن و لە ئەگەری تێکچوونی هەرێمی کوردستانیشدا پێش هەرکەس ئەم دوو حیزبە زەرەرمەند دەبن. بۆیە کاتێک دۆخی ژیانی خەڵک دەگاتە ئاستێک خۆزگەی رووخانی قەوارەکەی کورد بخوازێت، بە هەموو پێوەرێک دەبێت ئەم دوو حیزبە دەستبکەن بە گیرفانیاندا و هەریەکەو بەشێک لەو پارانەی بە رێگەی رەوا و ناڕەوا لەم حکومەتە دەستیان کەوتووە بیدەنەوە بە حکومەت، ئەمە ئەگەر وەک هاوکاریی تێپەڕاندنی قۆناخی قەیرانیش بێت، وەک چۆن ئەو چاوەڕوانییەیان لە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان هەیە. کە ئەمەش ساکارترین پابەندبوونی ئەخلاقی و نیشتمانییە ئەم دوو حیزبە بیکەن و هەریەکەی ئەوەندە پارە بدەنەوە حکومەت کە حکومەت بتوانێت بۆ لانیکەم شەش مانگێک دڵنیایی دەستەبەری مووچەی فەرمانبەرانی هەبێت. جا ئەمە جیاواز لەو کەناڵانەی دیکە کە لە رێگەیەوە پارەیان پێ کۆکردوونەتەوە. ئەم دوو حیزبە بە بڕی زۆر قەبە پارەی کاشی ئەم میللەتەیان لایە. من لێرەدا باسی سێ حاڵەت دەکەم، دڵنیام لەوەش زۆرتر براوە کە من دەیزانم یان کە لێرەدا باسیدەکەم. هەموو لەبیرمانە دوای کەوتنی سەددام، پۆڵ بریمەر بە چەند هەلیکۆپتەرێک سێ ملیار دۆلاری لە پارەی عێراق هێنا و دایە کوردستان. ئەمانیش نەخستیانە خەزێنەی حکومەتەوە و نە دایانە خەڵکی کوردستان، بە دوو رێژەی جیاواز بەشیان کرد بۆ پارتی و یەکێتی و هەردوولایان پارەکەیان بردە دەرەوەی کوردستان. لە کۆتایی ساڵی 2011 ئەو کاتەی پارە لە بەغداوە زۆر دەهات و لە پێویستیی هەرێم زیاتر بوو، بڕی چوار ملیار دۆلار پارەی شیرینیی نەوتی کۆمپانیا بیانییەکان کەڵەکە بووبوو، لە ترۆپکی هەردوو حیزبەکەوە کەوتنە کەینوبەینی چۆنیەتیی خۆش و بەشکردنی ئەو پارەیە و ئەوەشیان لەنێوان خۆیان بەشکرد و بووە سەرمایەی پارتی و یەکێتی لە بانکەکانی دەرەوە. سەرەتای ساڵی 2013 بەهۆی پێشهاتێکی سیاسییەوە پارەی بانکەکان کە پارەی هاووڵاتییان، پارەی پرۆژە، پارەی لقی هەرێمیی بانکە عیراقییەکان بوون، هەمووی گوازرایەوە. ئەوەی تاکە کەسێک ئازایەتیی ئەوەی تێدا بوو باسی بکات، مەلا بەختیار لە رۆژنامە و ماڵپەڕی چاودێر وتارێکی نووسی و هاواری کرد کوردستان بەرەو قەیرانێکی دارایی ترسناک دەڕوات بەهۆی ئەوەی پارە لە بانکەکان نەماوە و ژێرزەمینەکان پڕکراون لە فەردە دۆلار. پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و داواکاری گشتی و تەنانەت خەڵک و میدیاکانیش خۆیان لێ کەڕ کرد. ئەوەی مەلا بەختیار نووسیی و ئاماژەی مەترسیی قەیرانی دارایی خستەڕوو، 11 مانگ پێش ئەوە بوو کە مالیکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. ئەو قسە و باسانەش کە لەبارەی ئەوەوە دەکران مالیکی خرایە سەر ئەو رێیەی بودجەی هەرێم ببڕێت، بۆ شاردنەوەی شوێنەواری فەردە دۆلارەکانی ژێرزەمینەکان بوو، ئەوەی مەلا بەختیار ئاشکرای کرد و کەسی دیکە زاتی ئەوەی نەکرد بەدواداچوونی بۆ بکات. جا پارەی ئەم سێ حاڵەتە بەشی مووچەی دوو ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەیان هەر بە ئاشکرا موڵکی ئەو میللەتەیە. بۆیە دەبێت پەرلەمانتاران لە جیاتی ئەو زێدەڕۆییەی لە شەڕی یەکدی و پینەوپەڕۆی عەیب و عاری دەسەڵاتداران دەیکەن، شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم پارانە بکەن. پێویستە داواکاری گشتی لەسەر ئەمە بەدەنگ بێت، نەک ئەوەی ئێستا پێیدەکەن. هاووڵاتییانی کوردستان دەبێت داوای گەڕانەوەی ئەم پارە دزراوانە بکەن. بەمە کۆتایی بە قەیرانی دارایی دێت و رێ لە چەندبارەبوونەوەی تاڵانکردنی کوردستان دەگیرێت. RUDAAW
د. ئومێد رەفیق ههنگاوهكانی كازمی لهبرینی موچهی رهفحاو دهست بردن بۆ گێرانهوهی خاڵه سنورییهكان ، هێنانهپێشهوهی دهم وچاوی ازه بۆ ئهنجومهنی وهزیران و گۆرێنی ههندێك بهرپرسی سیاسی له پۆسته ئهمنی وسهربازی و كارگێرییهكان ، به تایبهتی ههندێك پۆستی ههستیاری و وهكو دهستهی ئاسایشی نیشتمانی ، له ههمو ئهمانهش دیار تر دهستگیركردن و ههڵكوتانه سهر بنكهی حیزبوللهی عێراقی و ئهو ههنگاوانهن، جیاوازی گهورهی كابینهكهی كازمییه لهگهڵ عبدولمههدی، كهههردوكیان به بێ پاڵپشتی كوتلهی سیاسی بێ پشتیوانی حیزبین. ههندێك وا خوێندنهوه بۆ كازمی ئهكهن كه دهیهوێت مۆدێلی پۆتین بێت بۆ گۆڕانكاری و ئیدارهدانی عێراق. پرسیارهكه ئهوهیه ئهم گۆرانكارییانه چهند له توانای كازمیدایه و تاچهند ئهتوانێت بۆ پشت وپهنای حیزبی لهگهڵ ئهو ههمو دۆسێ قورس وئاڵۆزهدا ، ئهتوانێ ئهوه كا كه چاوهڕوانی خهڵكهو ، دژ ههرژههوهندییه هێزه سیاسیهكانه، چونكه زیار له جارێك و له شوێنێك ئهوهی وتوه حیزبی ئهو گهله. كازمی له بریاردانه خێراو ، له دانوستان پشو درێژ دیاره، بۆیه لهم ههڵمهتهی دهستی پێكردوه دژ بهچهكدارانی وهكو خۆی ناوی نا وهههڵگهڕاوه لهدهوڵهت ، زۆر قورسه بهڵام موستهحیل نییه، لهلهحزهی سهرهتادا زۆربهی هێزه سیاسیهكان بروایان وابو لهبهرامبهر ئهو فشاره گهورهیهی به ناوی مقاوهمهی عێراقی و له ژێر پهردهی حیزبو ولائیهكان لێیكراوه پهشیمان ئهبێتهوه، بهڵام ههرززو به راگهیهندراوێكی به ناوی فهرماندهی پرۆسه هاوبهشهكانهوه دهركردوو ، پێداگری له ههڵوێستهكانی كردوو، گیراوهكانی به ههڵگهراوه له دهوڵهت دایه قهڵهم. ئم روداوگرژی وئاڵۆزیانه بۆ لهم كاتهدا دروست دهبن و ئامانجهكه چییه 1ـ هۆكاری سهرهكی ئهوهیه گفتوگۆی ستراتیژی ئهمریكی ـ عێراقی زهمینهسازی بۆدهكرێت بۆ ڕێكهوتن و بریاره كازمی سهردانی واشنتۆن بكات، زهرهرمهندییهكهم لهم ڕێكهوتنه ئهم هێزانهن وبۆیه بهههر ئامرازو شێوازێك بیر له ئاڵۆزی ئهكهنهوه. 2ـ له چاكسازی ئابوری و فهرزكردنی دهسهڵاتی دهوڵهتدا مافیاو چهتهو گروپی بهرژهوهندیخواز دۆخهكهی لێ تێك دهچێت و نانبڕاو ئهبن، بۆیه بۆئهوان بۆشایی و نهبونی دهوڵهت دۆخهلهبارهكهیه. ههندێك زانیاری باس لهوه دهكهن دانانی ئهو سهكۆ موشهكیانهی كه دهیان ویست ئاراستهی فڕۆكهخانهی بكهن، لهپهرچهكرداری ئهوه بوه ، كهئهم هێزانه بهكازمیان وتوه نابێت هاوكارییه پزیشكیهكانهی ئیماراتی عهرهبی وهربگرێت، بهڵام كازمی پێداگری كردوهو ، وهری گرتوه. 3ـ كازمی له ئێستادا له ژێر كاریگهری چهند گروپێكی ئاخێنراو به ئهجێندای تایبهتین، كهههندێكیان گروپی كابینهی پێشون ، ههندێكیان گروپی عهبادین و، گروپێكی تر لهژێر كاریگهری شهقام و ئهو جوڵه تازهیهی ئهمریكان ، كه دهیهوێت بهڕهكه لهژێر پێی ههندێك دهوڵهت دهربكات كهبریاردهری سهرهكی بون له عێراق ، بۆیه ههڵمهتی ئاوهژوكردنهوهی بهم گروپانه سپێراوه. بۆ كازمی ئهم قۆناغه ههستیارو یهكلاكهرهوهیه ، ههندیك لهسهركردهی ئهم گروپانه ههڕهشهی ئهوهی لێدهكهن ، ئهگهر واز لهم رهفتاره نههێنێت، ئهوا چارهنوسی (ناصر عبد ربه) چاوهڕێی ئهكات، كازمی له نێوان چارهنوسی خۆی و كابینهكهی نمونهی ریفۆرمیستێكی راستهقینه دهبێت، یا له نیوهی ڕیگه بهدهردی عبدولمههدی دهچێت. ئهگهری بههێز و واقیعی ئهوهیه كه سهرهرای ئاڵنگاری راستهقینه ، كازمی به پشتیوانی جهماوهری توڕه له گهندهڵی و دۆخی خراپی دارایی ، ئاراستهی روداوهكان له بهرژهوهندی كابینهكهی دهبێت.
لەتیف فاتیح فەرەج 1 ئەم دەسەڵاتە بەڕادەیەك پێشمەرگەی سوك و بێ بایەخ كردووە ،تەنانەت پاشكوشتنی خەڵكی سڤیل و وێرانكردنی ژیانی خەڵكیش پێشمەرگەو وەزارەتەكەی ئازایەتی ئەوەیان نیە بەیاننامەیەك دەربكەن ، هەر ئەو پێشمەرگەیەی كە رۆژگارێك شەڕی سوپای تورك و پاسدارو سوپای عیراقی دەكرد ، ئێستا بەرانبەر كوشتنی میللەتەكەی نقەی لێوە نایەت ، من نازانم جەنابی وەزیرو وەزارەتەكەی ئیشیان چیە ئەگەر نەتوانن بە توركیا بڵێن تا ئێرەو بەس . 2 لە وەڵامی سەرۆكایەتی كۆماردا حامی ئاكسۆی وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا چەند درۆی شاخدار دەكات كە لە راستیدا ئەوە ئەركی نوسەرێك نیە بە كوردی ئەم سەرنجە لە سەری بدات ، ئەو دەڵێت ئێمە هەرگیز خەڵكی سڤیلمان نەكردوەتە ئامانج ، باشە درۆو بێ ئاكاری بەو رادەیە ئەوە كەس نیە وێنەو ناوی قوربانیەكانی بۆ بنێرێت ، هەروەها دەڵێت سوپا قارەمانەكەمان هەڵبەت هەموو دەزانین ئێڤ 16و ناتۆو بێدەنگی دنیا نەبێت سوپای ترسنۆكی توركیا لە ناو ئەنكەرەش ناتوانێ شەڕی گەریلا ئازادیخوازەكانی كورد بكات . 3 هۆشیار زێباریدەڵێت ئەمە جینۆسایدە توركیا دەیكات ، ئەم قسەیە هەم راستە هەم زۆر گرنگە ، بەڵام پێویستە هەمان قسەی هۆشیار زێباری لە تویت دەربچێت و ببرێتە ناو كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی پارتیەوە ، ئەمە ئەگەربتوانن كۆبنەوە ویەكتر ببینن، زێباری دەبێت بە سەرۆكی پارتی بڵێت ئەوە جینۆسایدە تورك دەیكات ، ئەوەشی پێبڵێت كە خەڵكی بادینان رایان وایە توركیا لە سەر داوای سەرۆكی پارتی و پارتی بۆ سەركوتی كورد هاتوە ، بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەكانی دهۆك و دواتر . 4 هەڵوێستی جوامێرانەی حكومەتی هەرێم لە ئێستادا بەرانبەر توركیا نەبێدەنگیە نەبەیاننامە دەركردن ، ئەوان ئەگەر دەیانەوێت بە گژ توركیادا بچنەوە هیچ نەكەن تەنها نەوتەكە بۆ یەك هەفتە رابگرن ، ئێ نەوت بۆ بڕوات كە لە ساڵێكا حكومەت نەتوانێ دوو مانگ بە ڕێكی موچە بدات ،هەر هیچتان پێناكرێت نەوتەكە رابگرن ، ئەو نەوتەی هەموو خێرو بێرەكەی دەچێتە بەركی ئەردۆغان و دەورو بەرەكەیەوەو تەنانەت گەلی توركیش وەك گەلی كورد زیانی زیاتر لێدەبینێ تا ئەوەی سودێكی هەبێت . 5 ئێ باشە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ، ئەگەر وەزیری پێشمەرگە كە یەكێتیە نەتوانێ كونسڵی توركیا بانگ بكات و پێی نەڵێت ئێوە مناڵ و ژن دەپێكن ، ئیتر چاوەڕێی چیتان لێبكرێت ؟.
ساڵح ژاژڵەیی دوای 29 ساڵ حوكمڕانی جۆت حیزبی و جوت بنەماڵەیی وجوت ئیدارەیی ، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لە خرابترین دۆخی سیاسی ، دارایی ، ئابوری ، كۆمەڵایەتی دایە . لە هەموی خرابتر كۆی قەوارە ی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ژێر مەترسی نەماندایە . لە دوای ئەو هەموو ماڵ وێرانی و دەربەدەری و ئاوارەیی و ڕشتنی دەریایەك لە خوێن . دوای كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران و كۆڕەوی یەك ملیۆنی و بەدەستهێنانی گەورەترین پشتیوانی نێودەوڵەتی لە مێژوی كوردا . دوای پێكهێنیانی هەرێمێكی نیمچە سەر بەخۆ . دوای دامەزراندنی دام و دەزگای حكومەت ، وەكو پەڕلەمان ، فەرمانگە حكومیەكان ، هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی سەربەخۆ ، پەیوەندی دیبلۆماسی لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە . دواجار هاتینەوە سەرخاڵی سفر لە سایەی دەسەڵاتی جوت بنەماڵەوە .ئێستا ئاڵای سپیمان هەڵكردوەو بەرەو بەغدا گەڕاوینەوە . بەڵام تا ئێستا وەریان نەگرتوینەوە . ئەگەر مێژوو نوسێكی بێلایەن و بە ویژدان بێت و مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لە شەستەكانی سەدەی ڕابوردووەوە وەكو خۆی چۆن بوە بینوسێتەوەو شەن و كەوی بكات ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە كۆی هەموو ئەو نەگبەتیانەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێك ترازانەی لە ناو شۆڕشی ئایلولی 1961 ڕویداو بەرەی جەلال و مەلایی بەرهەم هێنا . لەو كاتەوە كێشەو ململانێكانی نێوان ئەو دوو بەرەیە لە گەشەی بەردەوامدایەو لە ئێستادا پێی ناوەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار و ترسناك و هەوڵ دان بۆ پاكتاو كردنی یەكتری . لە ئێستادا كێشەی نێوانیان نەك لە كەمبونەوەدایە ، بەڵكو دوای وەفاتی مامجەلالیش كێشەكە كەوتۆتە نێوان بەرەی ئامۆزاكانی ناو هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی . لەوەش خراپتر لەئیستادا كێشە لەناو خۆی ئامۆزاكانی یەك بنەماڵەشدا بە ئاشكرا دەستی پێكردوە . كەواتە ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات دەبێ چاوەڕوانی نیو سەدەی تریش بكەین خەڵكی كوردستان باجی ململانێی ئەمانە بدات . مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە لە ئێستادا ئامۆزاكان بونە حاكم و بڕیار دەر ئەوانیش هەرزەكاری سیاسین و شارەزاییان كەمەو هاتونە سەر حازری و ئەوەندەی دواڕۆژی خۆیان بەلاوە گرنگە ، نیوەی ئەوە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانیان لەبەر چاونییە . ئەگەر ئەم هەموو خەڵكەش چاوە ڕوانی بڕیاری ئەوانە بكات ، دەستیان خۆش بێت بۆ هەرچی پێمان دەكەن . سەیركەن لە ئێستادا كێشەی هەموو جیهان ڤایرۆسی كۆڕۆنایە . ڤایرۆسی كۆڕونا دنیای هەژاندوە . ئابوری جیهانی وێران كردوە ، ژیانی مرۆڤەكانی كردۆتە دۆزەخ . كەواتە تا ئەم ڤایرۆسە بمێنێت ، بارودۆخ خراپتر دەبێت . بۆ ئەوەی بارودۆخی جیهان ئاسایی ببێتەوە ، دەبێ چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بدۆزرێتەوە ، ئەو كات ژیان ئاسایی دەبێتەوە . كەواتە ئەگەر من و تۆ بێین و باسی چۆنیەتی چاك كردنی ئەم بارودۆخە بكەین ، دەبێ باسی ئەو دوو بنەماڵەیە بكەین . ئەوەتا هاوڵاتیانی كورد لە نێوان بەرداشی ئەم دوو بنەماڵەیدا دەبن بە ئارد . ناكرێت قسە لەسەر چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت ، بەبێ قسەكردن لەسەر ئەداو ڕوڵی ئەم دوو بنەماڵەیە . لە ئێستادا ئەم دوو بنەماڵەیە ، ئەم دوو بەرەیە یان ئەم دوو حیزبە كە لەناوەرۆكدا هەمویان یەك مانایان هەیە ڕوڵی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەبینن لەناو كوردانی باشوردا . ئەمانە ڤایرۆسی ڕاستەقینەی ناو ئەم كۆمەڵگایەن و هەتا ئەوانیش وەكو ئێستا بە فەرمان ڕەوایی بمێننەوە ، بارودۆخەكەش هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە و بەرەو خرابتریش دەڕوات . باشە لێگەڕێین هەر كار ئاوا بڕوات و زیاتر ماڵ وێران بین ، یان بە هەمومان بیر بكەینەوەو بەدوای چارەسەرێكدا بگەڕێین ؟؟. كەواتە ئەوەی كە ئێستا پێویستە هەمومان قسەی لەسەر بكەین و لەسەری كۆكبین ئەوەیە چۆن چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی حیزبی یان بنەماڵەیی بدۆزینەوە كە ماوەی 56 ساڵە جەستەی تاك بەتاكی ئەم میللەتەی داڕزاندوە . لە پەل و پۆی خستوە ، هێزی لێ برێوە . چارەسەری هەموو كیشەكانی ئەم كۆمەڵگایە ، لە چارەسەری ڤایرۆسی كۆڕۆنای حیزبی و بنەماڵەییدا خۆی دەبێنێتەوە . باسی هەر بابەتێكی تر بكرێت ، زیادەیەو خۆ خەڵەتاندنە . دیارە پێشتریش بەڕێز حاكم شێخ لەتیف كۆمەڵێك پێشنیاری بۆ ئەم دەسەڵاتە كردوە ، بەڵام ئەوان گوێ بۆ پیشنیارێك ناگرن ئەگەر لەبەرژەوەندی خۆیاندا نەبێت . بۆیە لە ئێستادا تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەردوو بنەماڵەدایەو چارەسەری بارودۆخەكە لە دەستی ئەواندایە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری بكەن . لە ئێستادا یان دەبێت ئەم دوو بنەماڵەیە بەڕاستی بێنە پێشەوەو كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن و چی تر هاوڵاتیان نەكەنە قوربانی خۆیان . یان باشتر وایە لایەنێكیان تەنازول بۆ لایەنێكی تر بكات و كۆتایی بەم بارودۆخە بهینرێت . یان باشتر وایە هەردوو لایان بە ئاشتیانە و ئارەزومەندانە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لێگەڕێن میللەت حوكمڕانییەك بۆخۆی دامەزرێنێت . بەڵام ئێمە دڵنیایین ئەم دوو بنەماڵەیە بە هیچ یەكێك لەم پێشنیارانە ڕازی نابن . كەواتە دەبێ لەم قۆناغەدا میللەت پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ئەمانەی خوارەوە بكات و چیتر بێدەنگ نەبێت ، چونكە قۆناغەكە زۆر مەترسیدارەو كارە ساتی گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت : 1- ئەم حكومەتەی ئیسَتا دەست لە كار بكَشێتەوەو حكومەتێكی نیشتمانی بیلایەن پێك بهێنرێت و و خەڵكی كوردستان ئاشت بكاتەوە و لە ژێر هەیمەنەی یەكێتی و پارتیدا نەبێت واتە هەردوو بنەماڵە . 2- ژمارەی وەزارەتەكان بۆ 8 وەزرەت كەم بكرێتەوە . چاكسازی بەمە دەكرێت نەك بڕینی موچەی خەڵك . سەیركەن ئێستا گۆڕان و یەكێتی داوای دامەزراندنی خەڵك دەكەن گوایە بەشی خۆیان بە تەواوی وەرنەگرتوە . كەواتە ئەگەر ئەمە بیركردنەوەی حیزبی سیاسی بێت لەم كاتی قەیرانە و لە بری هەوڵ دان بۆ كەمركردنەوەی خەرجییەكان ، تازە داوای دامەزراندنی خەڵك بكەن . كەواتە چاوەڕوانی چ چاكسازییەك لەم دەسەڵاتە دەكرێت ؟. 3- ئەم حكومەتە دەسەڵاتی تەواوی هەبێـت كە چارەسەرێكی گونجاو و مامناوەندی بدۆزێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی وەكو بندیوار موچە وردەگرن و بە نایاسایی خانە نشین كراون یان پلەی سەربازی زیاتریان بۆ حساب كراوە . لەناو هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی پاسەوانی بەرپرسەكان ، ژمارەیكی یەكجار زۆر موچە خۆری بندیوار هەیە . بە سەدان باخەوانیان هەیەو لەسەر لیستی پێشمەرگە موچە وەردەگرن . ئەگەر دەست بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە نەبرێت ، چاكسازی مانایەكی نابێت و هەر قسە دەبێت بۆ خەڵەتاندنی جەماوەر . 4- ئەم حكومەتە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و بە دوادا چون بكات بۆ دۆسیەی نەوت و چۆنیەتی گرێبەستەكان و بڕی قەرزەكان و شێوازی قەرزكرنەكاندا بچێتەوەو ڕێگا چارەیەكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان . 5- ئەم حكومەت بۆی هەبێت لەگەل َبەغدا كیشەكان بە پێی یاسا چارەسەر بكات و ڕێگا نەدات پارتی و یەكێتی بە جیا بچن لە بەغدا مامەلە بە مافەكانی كوردەوە بكەن . 6- بەزوترین كات بڕیاری هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بدات ، دوور لە دەست تێوەردانی یەكێتی و پارتی . بە كورتی لەم قۆناغەدا ئەمانە باشترین بژاردەو باشترین چارەسەری ئەم بارودۆخەی ئێستان . ئەگەر پارتی و یەكێتی بەمانە ڕازی نین و دەیانەوێت چۆنیان كردوەو چۆنیان لێخوڕێوە هەر ئاوا بەردەوام بن ، هەرێمی كوردستان زیاتر ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە. ئێستا كاتی ئەوەیە ئێمەی هاوڵاتی لە دەرەوەی دەسەڵات كە زەرەرمەندی یەكەمین ، چاوەڕوانی ئەوە بكەین ، بارودۆخەكە هەر ئاوا بڕوات و یەكێتی و پارتی یان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە هەمان شێوەی ڕابوردوو سامانی ئەم وڵاتە تاڵان بكەن خەڵك فەقیر بكەن نیشتمان بفرۆشن ، یان دێینە دەنگ و بەم دەسەڵاتە دەڵێن : بەسە تاڵانی سامانی وڵات ، بەسە یاریكردن بە ژیانی خەڵكەوە ، بەسە سازش و مامەلكردن بە گەل و نیشتمانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان . هاونیشتمانیانی خەمخۆر . ئەوە بزانن هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان بەقەدەر ئێستا لە ژێر مەترسسدا نەبوە . بە هۆی ریفراندۆمە شومەكەی مەسعود بارزانی سەر لێشێواوەوە ، نیوەی زیاتری ناوچە دابڕێنراوەكانمان لە دەستدا . بە هۆی خیانەتی بنەماڵەی بارزانییەوە ئەوەتا هەموو ناوچەی بادینان لە ژێر پۆستاڵی جەندرمەی توركدایە . ئەوەتا هاوینەهەواری كونە ماسی بە هۆی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لە بندەستی شاری سلێمانی موشەك باران دەكرێت و خەڵك شەهید و بریندار دەكرێت . ئەوەتا ئێرانیش كەوتۆتە هەڕەشەو لە نزیك سنوورەكان هێزی كۆكردۆتەوە. دەڵێن : ئەگەر دوو جار لە كۆنێكدا ، مارپیوەی دای جاری یەكەم خوا مارەكە بگرێت .بەڵام جاری دووەم خوا خۆت بگرێت . میللەتی زیندوو ئەو میللەتەیە كە هەمیشە بە ئومێدەوە دەژی ، هەموو تاكێك خۆی بەسەركردە دەزانێت و پێویستی بەكەس نییە پیشی كەوێت . میللەتی مردوش ئەو میللەتەیە كە هەمیشە لە بێ ئومێدیدا دەژێـت و دەڵێت : بەخوا تازە هیچ ناكرێـت و كەس نییە هیچمان بۆ بكات ، چونكە ئەو لە بنەڕەتەوە باوەڕی بە خۆی نەبوە . ماوەتەوە ئەوەی بڵێم ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی هەبێت ، دەتوانێت گەورەترین دەسەڵاتی دیكتاتۆر لە ڕەگ و ر ِیشە هەڵكێشێت و خۆی لە ژێر دەستەیی ڕزگار بكات ، ئەگەر بەهانە بۆ باربردن نەدۆزێتەوە . 21/6/2020
رێبین هەردی تۆ چیت؟ من کوردم خۆ ترسنۆک نیت؟ حاشا نەبەردم چی تۆی لەناوبرد؟ دوودڵی و نیفاق چۆن ڕزگار ئەبی؟ هەر بە ئیتیفاق هەردی باوک بۆی دەگێڕاینەوە کە لە سیەکانی سەدەی رابردوودا کاتێک فایەقە فەنی(واتە فایەق بێکەس) ئەبیت بە ماموستا لەیەکێک لە قوتابخانەکانی چەمچەماڵ، دەبینێت چی قوتابی پۆلەکەیەتی کە لێیان دەپرسێت ئێوە چین دەڵێن ئێمە تورکین...چەند مامۆستایەکی تورک لە قوتابخانەکە وانەیان گۆتۆتەوە و هەموو خوێندکارانیان وا فێر کردووە کاتێک ئەو پرسیارەیان لێدەکرێت وا وەلام بدەنەوە کە ئەوان تورکن..بێکەسێ گەورە کە ئەمە دەبینێت ئەو شیعرە دادەنێت بۆ مناڵان و بەسەر هەموو قوتابیاندا دەیسەپێنێت کە دەبێت هەموو لەبەری بکەن و ئەوەی لەبەری نەکات لە وانەکەیا دەرناچێت. مرۆڤ هەر کە ئەم چیرۆکە دەبیستێت ئەتوانێت مەزەنەی ئەوە بکات گەر فایەقە فەنی توشی ئەو ئەزموونە نەبوایەو مناڵانی کوردی نەدیایە کە خۆیان بەتورک دەزانن، ڕەنگە هەرگیز ئەو شیعرەی نەنوسیایە کە وابزانم تا ئێستاش لە وانەی خوێندنی کوردیدا بە خوێنداکاران دەگوترێتەوە. ئەریک فرۆم لە کتێبە نایابەکەیدا لەسەر ڕەگوریشە شەڕانگێزی دووجۆر توندوتیژی لەیەک جیادەکاتەوە..جۆرێکیان توندتیژیەکی هێرشکەرە کە دژ بە ژیان و بە حاڵەتی نەخۆشی دەزانێت و جۆرێکیشیان بەرگریکەری ژیانە و بۆ مانەوە و پاراستنی ژیان و ئازادی، بە پێویستی دەزانێت. رەنگە هەمان شت بۆ ناسێۆنالیزمیش راست بێت. ناسێۆنالیزمێک کە هێرشکەرە بۆ سەر ژیان و ئازادی خەڵکی تر و ناسێۆنالیزمێکیش کە بەرگریکەرە لە بوون و ئازادی خۆی. هەمیشەش ئەوە ناسێۆنالیزمی هێرشکەرە ناسێۆنالیزمی بەرگریکەر دروست دەکات. پرسی بوونی نەتەوەیی و ئازادیەکانی تەنیا لەو کاتانەدا دەبنە کێشە و پرسیاری سەرەکی مرۆڤ کە دەکەونە بەر هەڕەشە..بەس گەر هیچ هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەو بوونە نەبێت، نەکەس بیر لە نەتەوە و نە لە پرسیارەکانی دەکاتەوە. سەردەمێک لینین لەسەر کاغەز باشترین چارەسەر بۆ ئەم پرسە خستە ڕوو کە زوربەی مارکسیەکانی دوایی هەر فەرامۆشیان کرد: مافی چارەی خۆ نوسین بۆ هەمو نەتەوە و گەلێک..رێگەی کۆتایهاتن بە ناسێۆنالیزم تەنیا بەیەک ڕێگەدا دەڕوات سەلماندی مافەکانی و نەهێشتنی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر مافە نەتەوەییەکان. رێگەی کۆتایهانی ناسێۆنالیزم بە نکوڵیکردن و سەرکوتکردن و پەلاماری نەتەوەدا ناڕەوات، بەلکو بە دانپیانان و دەستەبەرکردنی مافەکانیدا دەروات. تا هێرشیش بۆسەر ئەو مافانە بەردوام بێت، ناسێۆنالیزمی بەرگریش بەردەوام دەبێت و راناوەستێت. تورکیا دوژمنە سەرەسەختەکەی کوردە کە لەگەڵ ئەوەشدا دەیان و سەدان جار دەستی رێکەوتن و برایەتی بۆ راکێشراوە، بەڵام ئەنجامەکەی هەمیشە پەلامار و نکوڵیکردن بووە لە مافەکانی..ئەردۆگان وتێتی باشتیرن کورد ئەوەیە کە مردووە..کەوابوو پێچەوانەکەشی دەبێت راست بێت خراپترین کورد ئەوانەن کە ماون..کاتێک کەسێک ئمە بروایەتی دەولەتێکی گەورەی بەو هەموو چەک و تفاق و لەشکرەوە دکەوێتە دەست، دەبێت چاوەرێ بکەین چ تاوان و دەستدرێژەیەک ئەنجام دەدات. مێژووی بەرگری کوردیش بەو چەک و کەرەسە کەمانەی لەبەردەستی دایە، لەهەموو ڕوویەکەوە جێگەی شانازیەکی گەورەیە… ئێمە لەو گەلانەین کە شانازی بەو بەرگریەوە دەکەین کە گەرچی ڕەنگە زوربەی شەرەکان بدۆڕێنین و سەدان و هەزرانمان شەهید بن، بەلام شانازی دەکەین کە هەر بەردەوامین و ئیرادەی مانەوە و بەرگریمان بە درێژای دەیان و سەدان سال نەشکاوە...براوە نین. بەلام لەناو نەچوین و هەموو ئەو زەبرە کوشەندانەش بەر گەلەکەمان کەوتووە، نەیتوانیووە وای لێبکات دەست لە داواکاری مافەکانی هەڵبگرێت...ئەم مێژووە بە هەموو تاڵی و ناخۆشیەکانیەوە جێگەی شانازین. بەڵام ئەوە رەفتاری داگیرکەر نیە بێزار و توڕەت دەکات، ئەوە ترسی باڵادەستی چەک و کەرەسەی ئەو نیە کە نائومێدت دەکات، تەنانەت ئەوە بێدەنگی دنیاش نیە کە سەیرکەری ئەو هەموو تاوان و کوشتارەن و هیچ ناڵێن...ئەوەی لە ناخەوە ..زۆر لە ناخەوە تورە ونائومێدت دەکات، نەک بێدەنگی بەڵکو هاوکاری ئەو کوردانەیە کە دەستی داگیرکەر زیاتر و زیاتر بۆ کوشتار دەکەنەوە...ئەوەی کوشەندەیە خیانەت و ناپاکی ئەو برا و کەسانەی خۆتە کە هەرگیز چاوەڕێ نەبووت ناپاکیت لێ بکەن. ئەمەشە هەموومان نائومێد و بێزار و توڕە دەکات. گەر ناپاکی و خیانەتی براکان نەبێت..لە کوێ و چۆن فرۆکەیەکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەکی لە سەیرانگەیەکی دەوری سلێمانیدا بکاتە ئامانج و ئامانجەکەش بپێکێت؟ گەر سیخوڕی خۆیی نەبێت، ئەو ماشینە چۆن دەبینرا و دەکرایە ئامانج؟ چاوەڕوانیەکانی ئێمە گەورە نیە...کەس داوای خستنە خوارەوەی فرۆکەکان ناکات، کەس داوای رێگەگرتن لە بومباران ناکات (چونکە دەزانین بە ئێمە ناکرێت) داواکەی ئێمە زۆر سادەتر و کەمترە: هیچ نەبێت هاوکاری مەکەن، سیخۆرەکان بدۆزنەوە و رێگە لە ناپاکی ناوخۆمان بگرن..بێدەنگیش بن قەینا، بەس کە قسەتان کرد شەرمەزار و ڕوو ڕەشمان مەکەن..هیچی تر نا.
شیلان رؤوف حکومەتى سیستەمى پەرلەمانى وهاوشێوەکانى لەسادەترین پێناسینیدا، ئەو دەزگایەیە کەبەشێوازى گروپ ووەکو یەک تیم کاردەکات لەپێناو جێبەجێکردن وبەدیهێنان وخستنە واقیعى ئەو بەرنامەیەى کەهەوێنى پێبەخشینى متمانە بووە پێى لەلایەن پەرلەمانەوە، هەڵسەنگاندنى کارەکانى حکومەت ولێپێچینەوە لێى لەسەر بنەماى ئەو بەرنامەیە دەبێت کەلەلایەن پەرلەمانەوە وهەر لەسەرەتاوە متمانەى پێبەخشراوە، کەواتە دەزگایەک بوونى نابێت بەناوى حکومەت ئەگەر زۆرینەى پەرلەمانى لەگەڵدا نەبێت وپشتگیرى نەکات بەبەردەوامى، لەهەر کاتێکدا حکومەت پشتیوانى زۆرینەى پەرلەمانى لەدەست بدات ئەوا متمانە پێبەخشینەکەش کۆتایى پێدێت ودەبێت حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە وحکومەتێکى نوێ پێکبهێنرێت کەبتوانێت متمانەى زۆرینەى پەرلەمانى مسۆگەر بکات، هەربۆیە بەرپرسیارێتى وەزیرەکانى حکومەت بەرپرسیارێتیەکى هەماهەنگکاریى ودەستەجەمعیە سەربارى ئەوەى هەر وەزیرێک خۆى بەتەنها بەرپرسە لەو وەزارەتەکەى کەپێى سپێردراوە. ئەم بەرپرسیارێتیە هەماهەنگکاری ودەستەجەمعیە کۆمەڵێک ئەرک لەسەرشانى تاک بە تاکى ئەندامانى حکومەت دروست دەکات، لەگرنگترینیان ئەمانەن: 1) سەرجەم بڕیارەکانى حکومەت بەزۆرینە دەردەچن، ئەمە ئەگەر نەکرا بەکۆى دەنگ بێت، کەزۆرینەشى بەدەست هێنا ناوزەند دەکرێت بەبڕیارى حکومەت وکۆى حکومەت بەرپرسیاریەتیەکەى هەڵدەگرێت هەر وەکو ئەوەى لەبنچینەدا بڕیارەکە بەکۆى دەنگ دەرکرابێت. 2) پارێزگاریکردن لەبەنهێنى هێشتنەوەى گفتوگۆکانى ناو کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، چونکە ئەوەى گرنگە بڕیارەکەیە کەبەزۆرینە دەردەچێت لەکۆتایدا وهەر ئەم بڕیارەشە کەشوێنەوارى یاسایى لەسەر بنیاد دەنرێت، نەک ئەوەى چى گوترا وچى گوزەرا وچى نەگوترا وچى دەبوو بگوترایە و بکرایە..... . 3) بەرگریکردن لەسیاسەتى حکومەت وبڕیارەکانى ئەرکى کۆى وەزیرەکانى پێکهێنەرى حکومەتە. 4) دوورکەوتنەوەى وەزیر لەهەر ڕەفتار وگوفتارێک کەشەرمەزارى بۆ سیاسەتى حکومەت دروست بکات لەبەردەم پەرلەمان وهاوڵاتیاندا. 5) ئەبێت ڕەفتار وگوفتارى وەزیر کۆک وگونجاو بێت لەگەڵ سیاسەتى گشتى وئاڕاستەى حکومەتدا. 6) وەزیر بەرپرسیارە لەکۆى سیاسەت وبڕیار وڕەفتارەکانى حکومەت کەئەندامە تیایدا، خۆ ئەگەر ڕەزامەند نیە وباوەڕى پێى نییە دەتوانێت دەستلەکاربکێشێتەوە وبەشێک نەبێت لێى، ئەگەریش دەستی لەکارنەکێشایەوە ناتوانێت خۆی لەبەرپرسیارێتى قوتار بکات بەبیانووى ئەوەى جەنابى وەزیر قسە وڕەخنەى هەبووە لەسەر فڵان بڕیار وفیسارى تر یان دەنگى پێنەداوە یان دژى بووە یان .....، بگرە دەبێت بەرگریشى لێبکات، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەى ئەندامە بەرپرسیارێتى کۆى سیاسەتى حکومەتى ئەکەوێتە ئەستۆ، ڕۆژى دەستلەکارکێشانەوەى ڕۆژى پچڕانى زنجیرەى بەرپرسیارێتیە لەئەستۆى. پێویستە ئەوە ڕوون بێت، لەسیستەمى پەرلەمانیدا زۆرینەى پەرلەمانى وحکومەت سەنگەریان لەیەکترى نەگرتووە، بەڵکو هاوکار وهەماهەنگ وتەواوکەرى یەکترن، بەواتایەکى تر زۆرینەى پەرلەمانى تەنها لەڕێگەى حکومەتەوە ئەتوانێت بەرنامەى هەڵبژاردنى خۆى جێبەجێ بکات، ئەو بەرنامەى هەڵبژاردنەى زامنى دەنگى زۆرینەى دەنگدەرانى بۆکردووە لەهەڵبژاردندا، حکومەتیش هەر لەڕێگەى پەرلەمانەوە دەتوانێت بەرنامە متمانە پێبەخشراوەکەى جێبەجێ بکات. خۆ ئەگەر حکومەتەکەش زادەى زۆرینەى ڕەها وبەهێزى پەرلەمانى نەبێت بەڵکو حکومەتى بنکە فراوان وزادەى هاوبەشیکردنى دوو پارت یان سێ پارت یان زیاتر بێت وهەموویان پێکەوە گوزارشت لەزۆرینەى پەرلەمانى بکەن لەپەرلەماندا وەک ئەوەى هەرێمى کوردستانى تێدایە، ئەوا ئەم پارتە هاوپەیمانانە بێگومان کۆمەڵێک بنەماى سەرەکى وگشتى هاوبەش لەنێوانیاندا هەبووە کەکۆیکردوونەتەوە، ئەگەر نا چۆن حکومەت پێکهات! خۆ ئەگەر هەر بەڕاست ودوور لەسیناریۆ حکومەت ولایەن وپارتە پێکهێنەرەکانى زۆرینەى پەرلەمانى ناکۆکن ئەوا حکومڕانى لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت، یەکەمیان لێسەندنەوەى متمانەیە لەحکومەتى ئێستا ومتمانە بەخشین بەحکومەتێکى نوێ کەکۆک وگونجاو بێت لەگەڵ زۆرینەى پەرلەمانیدا وگوزارشتى تەواوەتى لێبکات تاوەکو بتوانن پێکەوە هەڵبکەن وکاربکەن. بژاردەى دووەمیان بریتییەلە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ودووبارە پەنا بدرنەوە بۆ دەنگى خەڵک لەهەڵبژاردنێکى پێشوەختدا (بێگومان بەئومێدى بێخەوشى هەڵبژاردنەکە!) ئەوکاتیش دەنگدەران یەکلایبکەنەوە کێ و کام لایەن مافى نوێنەرایەتى کردنیانى هەیە لەڕێگەى پێبەخشینى زۆرینەى دەنگەکانیانەوە. لەناو شارى هەولێردا دوورى نێوان باڵەخانەى پەرلەمان وباڵەخانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنها چەند مەترێکە، ناکرێت وناگونجێت بڕیارێک کەلەحکومەتەوە دەردەچێت لەناو باڵەخانەى حکومەتدا تۆ لەگەڵى بیت، بەڵام لەدەرەوەى باڵەخانەکە بانگەشەى دژایەتى بڕیارەکە بکەیت، بەڕاستى ناکرێت تیمى حکومەتت لەگەڵ بڕیارەکە بن بەڵام لەدوورى چەند مەترێکەوە تیمى پەرلەمانت بانگەشەى دژایەتى بڕیارەکە بکەن، نە ئەرکى پەرلەمان ئەمەیە ونە کارى پەرلەمانتارى ئاوا دەبێت، ئەگەر ئەمە لەئەنجامى نەزانین وبێ ئاگایى وتێنەگەیشتن بێت لەکارى پەرلەمانى ئەوا بەڕاستى کارەساتە، خۆ ئەگەریش بەئاگایى وپلان ومەبەست بێت لەپێناوى هەڵخەڵەتاندن وگەوجاندن وشێواندنى ڕاستیەکان لەپێش چاوى کۆمەڵگادا وبەتایبەت بۆ ڕاکێشانى هەست وسۆزى هاوڵاتیانى دەرەوەى پارت ولایەنە سیاسیەکان ولەبابەتى موچەشدا بۆ سەرگەرمکردن ودابەشکردنى توێژى موچەخۆران بێت ئەوا کارەساتەکە گەورەترە. لەچیرۆکى شکستى ئەم کابینەیەدا هەموو لایەنە پێکهێنەرەکان بەشدارن چ لایەنى سەرەکى پێکهێنەرى حکومەت، چ هاوبەشى دەسەڵات وفەرمانڕەوایى چەندین ساڵەى، چ ئۆپۆزسیۆنى دوێنێ وهاوبەشى ئەمڕۆى دەسەڵات، بۆیە ڕەخنە وناڕەزایى وهاوارکردن وئەم جۆرە شتانە بەرامبەر بڕیارێکى حکومەت کەخۆت دروستکەر وپێکهێنەر وهاوبەش وهاوپەیمان بیت تیایدا هیچ لەدۆخى شکستەکە ناگۆڕێت وباشترى ناکات، بەڵکو شکستەکە فراوانتر وگەورەتر دەکات، لەشکستى حکومڕانیەوە شۆڕی ئەکاتەوە بۆ شکست لەمۆڕاڵ وسەرجەم بەها وپێگە وپایەکانى ئەم کۆمەڵگایەدا، هەربۆیە زۆر بەسادەیى بەشداریکردن لەحکومەتدا ئاوا نابێت، هەروەکو چۆن حکومڕانیش ئاوا نابێت.
د.حلمی رەسول رەزا * دۆخە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان بە شێوەیەک ئالۆزە، وای لێهاتوە، پیشبینی کردن بۆی دەچێتە قاڵبی فاڵگرتنەوە، کەواتە بێ سێ و دوو پێویستە ئەکادیمیانەو واقیعبینیانە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئەوەشی گومانی تێدا نیە بەرهەم ساڵح سەرۆکی قۆناغێکی پڕ گرفت و کێشمەکێشی عێراقە، هەر لە دروست بوونی خۆپیشاندانەکان و پاشان داتەبینی دۆخی ئابوری و لە هەموانیش بەڵاتر بڵاوبونەوەی پەتا جیهانیەکەیەو و گرفتی ئابوری کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی گرفتاری دەستی ئەو نەخۆشیانەیە، ئەمە ئەگەر فشارە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتەکانی لێ دەربکەین. دکتۆر بەرهەم لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە خاوەن دیدو دونیا بینی خۆی بوە بۆ کێشە کەڵەبوەکان و ویستویەتی عێراق لە پاشکۆیایی بێنێتە دەرو رێگربێت تا نەبێتە گۆڕەپانی پێکدادادنی زلهێزو هێزە هەرێمەیەتیەکان و بە ئاشکراش لە بۆنە نێو خۆی و نێو دەوڵەتیەکاندا ئەمەی بە گوێی سەرجەم وڵاتاندا داوە. کەواتە، وەک کۆسیستەم بەرهەم ساڵح داینەمۆی ئەو سیاسیەتەیە کە ئێستا عێراق گرتویەتیە بەرو هێدی هێدی وای کردوە بەزاندنی سنوری عێراق و سەروەریەکەی بەرێتە نێو یاسا نێو دەوڵەتیەکان و لەو رێگایەوە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە، نەک بە هاژو هوژی نێو میدیاکان، دیارە بەسروشتی خۆی ئەو کەسێکی پۆپۆلیست نیەو حەز بە هەرا نانەوە ناکات، وەک پیاوێکی دەوڵەتمەدارو لێهاتوی ناوچەکە گەرەکێتی ململانێکان خاو بکاتەوەو سەرجەم گەلانی عێراق لەو نەهامەتیە دەرباز بکات کە یەخەی پێگرتوە، بۆیە سەیرە کەسێکی خۆ بەئەکادیمی زان، لە سەنگەری پۆپۆلیستیەوە هەڵوزێستەکانی ئەو شیبکاتەوە. * سەبارەت بەوەی بێ دەنگە لە ئاست مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی گشتی، دکتۆر بەرهەم لە رۆژی دەست بەکاربوونی سەرۆکی هەرێمدا لە هەولێر، وەک سەرۆک کۆماری عێراق و لە بۆنەیەکی رەسمیدا بەرامبەر نوێنەری ولاتان و بالیۆزەکانیان و لە نێویاندا وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەی بە گوێی جیهاندا نا، لە تەک پرسە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی رەوای کورد، زەحمەتە رۆژهەلاتی ناوین سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ، ئەگەر ئەم ناوچە جوگرافیە گەرەکێتی بە ئارامی و پێکەوە ژیان ژیانی بۆ بچێتە سەر، پێویستە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت. * ئەو سەردەمەی بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی کوردستان بوو، بە گەواهیدانی یارو نەیار، یەکێک بوو لە سەردەمە پڕ بەرهەمەکان و سەقامگیری و ئاوەدانی جگە لە چەند رووداوێکی دروست کراو نەبێت، کە پاشان بۆ خەلکی ژیر روون بوەوە، چ سەردەمێکی زێڕین بوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو کاری دەکرد، نەیگوت ولات دەکەم بە بەهەشت و بەسەر کەسیشدا نەیفرۆشتەوە، و لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیشیدا، نەک قەرزار نەبوو، قاسەیەکی پڕ پارەشی بۆ بەجێهشتن، ئەوانەی ئەو سەردەمە لە گەڵیدا وەزیر و گزیرو کاربەدەست بوون، خۆیان بەو دەسکەوتانەوە بادەداو بزەی سەرکەوتنیان دەکرد، گەر دەوترێت ئەوکاتە پارەی بەغداد زۆر بووەوە نرخی نەوت باش بووە ئەوا پاش و پێش ئەویش نەوت نرخی هەر باش بووەو عێراقیش پارەی هەرناردوە. * ئێستا جۆرەها کێشەو گرفت لەم هەرێم و عێراقەدا هەیە، هەرێم قەرزارە، مووچەی پێ نادرێت، داهات شەفاف نییە، هەمووان وەکو شەیتان وێنای یەکتری دەکێشن، لە فەیسبووکدا هیچ نەماوە سوکایەتی پێ نەکرێت، کەچی دەبینرێ لەژێر برۆوە و بەناوی قسەی نەستەقەوە لەو هەموو مالوێرانیەی بەسەر ئەم گەلەدا هێنراوە هەندێک بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و رازیکردنی ئەوی دی، دەیانەوێت ملی کاک بەرهەم بادەدەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانەوێت هەموو کێشەو گرفتەکان بکەنە ئەستۆی ئەو، بێ ئەوەی ئەو پاڵەوانانە بتوانن شتێکی جدی لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان بڵێن، لە کاتێکدا ئەو وەک سەرۆک کۆماری عێراق شەوو رۆژی خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوە ئالۆزتر نەبێت، سەیرەکەش لەوەدایە، ئەوانەی جار جار چرنوک دەگرن، وەک مانگە شەو دۆخەکەیان لێوە دیارەو دەزانن چ پارسەنگێک راگیراوە بۆ ئەوەی هەمووان بەناو یەکتری نەکەون. *هاتنە دەنگی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر پێشێلکاریە هەرێمایەتیەکان کە ئێستا رێچکەیەکی یاسایی بە خۆیەوە بینیوە، بۆیەکەم جارە لە مێژووی عێراقی دوای رژێمی کۆن، بەغداد ئەوەندە توند بێت لەسەر سنور بەزاندن و پەلاماردانەکانی تورکیا، میدیا جیهانیەکان سەرنجی زۆریان داوەتە هەڵوێستەکانی بەغداد لەو بارەیەوە، ئەمە وێرای ئەوەی هەنگاوی ئایندەش رووکردنە نەتەوەیەکگرتوەکانە بەشێوەی فەرمی، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم پرسە زیاتر پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەو ئەنجومەنی وەزیرانەوە. ئەمانە هەمووی داینەمۆکەی بەرهەم ساڵح ە، بەڵام ئەو وەک کەسێکی مەدەنی کە پارە تەخشان و پەخشان ناکات بۆ کەناڵە میدیاییەکان، وەها وێنا دەکرێت بێ دەنگەو پاڵی لێداوەتەوە. بۆیە ئەوانەی پێیان وایە بەرهەم ساڵح بێ دەنگە، دەیانەوێ لە ژێر برۆوە رەماش و ئاماژە بنێرن بۆ ئەوانی دی کە ئێمە سەرۆک کۆمار بە ناسەرکەوتوو لە قەڵەم دەدەین، و دە ئێوەش رەحمێک بەم بێ کارییەی ئێمە بکەن.
هونەر تۆفیق بەتەنیا سەیریکردنێکی سەرپێی ی لەو نەخشەیەی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادەی دەکات ، بەناوی عەهدی میللیەوە بەسە ، بۆئەوەی لە دیدی سیاسی و جیوگرافی دەوڵەتی تورکیا تێبگەین بەرانبەر بەکورد و نیشتمانەکەی . پەیوەندی کورد و تورک دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا . کاتێک تورکە سەلجوقیەکان لە خۆرئاوای ئێستای تورکیا ( ئانادۆڵ )وە پاڵیان بە بەیزەنتەکانەوە ناو خۆیان لە شوێنەکەیان دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆمیان دامەزراند کەدواتر عوسمانیەکان بوونە میراتگریان . کورد هەمیشە دیواری بەرگری خۆرهەڵاتی تورکەکان بووە ، لەشاڵاوەکانی مەغول و دواتر سەفەوەیەکاندا کوردەکان ، تورکەکانی ئانادۆل ( تورکیای ئێستا)یان پاراستووە . لە جەنگی جیهانی یەکەمەدا ، هەرچی نەتەوەی ناو دەوڵەتی عوسمانی هەبوون ، بە ئەرمەنی ، مەقدۆنی ، یۆنانی و عەرەبەوە هەبوون لە تورکەکان هەڵگەڕانەوە و دژی عوسمانیەکان بوونە هاوپەیمانی ڕوس و ئینگلیز و فەرەنسیەکان . تەنیا کورد نەبێت تا دوا سات لەگەڵ تورکەکاندا مانەوە . دژی بەریتانی و فەرەنسی و ڕوسەکان دەجەنگان . بەشداری کاریگەری دروستکردنی کۆماری تورکیاش بوون . بەڵام پێچەوانەی هەڵوێستی کوردەکان ، تورکیا لەهەردوو بۆچوونی سیاسی و فەرهەنگیدا کورد بە دوژمن و مەترسی گەورەی سەر خۆی دەزانێت . بۆچوونی فەرهەنگی تورک لەو پەندەوە دەناسرێتەوە کە دەڵێن : کورد گیرفانێکی دڕاوە ، بەکەڵکی ئەوە نایەت هیچی تیادا هەڵبگریت . لە دیدە سیاسیەکەشیانەوە لەزمانی تەواوی سەرکردەکانی تورکەوە دەگوترێت : تەنیا ئەو کوردە دۆستە کە مردووە ، دەنا زیندووەکانیان دەبێت وەک دوژمن سەیربکرێن . لەو باگراوندە کورتەی پەیوەندی نێوان تورک و کوردەوە ، پێم سەیرە لەناو کورددا ، بۆچوونێک هەبێت کە پێ ی وابێت پەکەکە بیانو دەدات بەتورکیا هێرش بکاتە سەرمان ؟! یان بۆچی پەکەکە قەندیل چۆڵ ناکەن ؟! پەکەکە هەبێت یان نەبێت بە نەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا دیارە و نایشارێتەوە ، ئەوان تا سلێمانیش بە مستەعمەرەی خۆیان دەزانن و ئیش بۆ داگیرکردنەوەی دەکەن ، پەکەکە بە بەربەست دەزانن ، کەچی کورد هەیە خۆی بە پەکەکە دەڵێت : با قەندیل چۆڵ بکەن ! بەمانای با تورکیا پرۆژەکەی بهێنێتەدی !! پەکەکە دەستی وەرنەداوەتە کاروباری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان ، بەڵکە پێش دروستبوونی پەکەکەش تورکیا دەستی لەژیان و بوونی ئێمەدا هەیە و هۆکاری هەرچی نەهامەتی سیاسیە بەسەر کورددا هاتووە : - ١٩٣٦ کاتێک دەوڵەتی عێراق و بەریتانیەکان داوایان لە کوردەکانی عێراق کرد ڕێنووسێکی تایبەت بەخۆیان دیاری بکەن ، بۆئەوەی بەکوردی پێ ی بخوێنرێت . کوردەکان پیتی لاتینیان هەڵبژارد . تورکەکان بوون دەستیان خستە خوێندنی کوردی عێراقەوە ، فشاریان خستە سەر عێراق نابێت کورد بە پیتی لاتینی بنوسێت و بخوێنێتەوە ! - ١٩٧٠ کاتێک کوردەکان لەگەڵ عێراقدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئۆتۆنۆمی ، تورکەکان بوون ، شڵەژان و داوایان لە عێراق کرد ڕازی نابن جێبەجێ بکرێت . - حیلفی سەنتۆ ( بەغداد) لە ١٩٥٥دا تورکەکان بوون لەدژی کورد دروستیان کرد . - مفاوەزاتەکەی ١٩٨٤ ، بە فشاری تورکیا ، هەڵوەشایەوە . - فەشەلی کۆمەکی سیاسی نێو دەوڵەتی و دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە عێراقدا ، تورکیا پەکی خست . ئەمانە هەمووی دەست تێوەردانەکانی تورکیان لەکاروباری ناوخۆی کورد و عێراق لە دژی کورد ، بەر لەوەی پەکەکەش بوونی هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا ، کەچی بێ لەوەی ئاگامان لەخۆمان بێت ، خەریکە پەکەکە تاوانباردەکەین ، گوایە هۆکاری دوژمنکاریەکەی تورکیایە بەرانبەر بەئێمە . بەڕای من بۆ ئەوەی بەرگری لە پلانی داگیرکاریەی تورکیا بکرێت کەوەک لەنەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە ، پێویستە بەرگری لەمانەوەی پەکەکە بکرێت ، چونکە بەبوونی ئەوانەوە ناهێڵرێت ئەو پلانەی تورکیا سەربگرێت . هێرشەکەی دوێنێ ی کونە ماسیش باشترین بەڵگەیە بۆ وەک یەک سەیرکردنی تورکیا بەبێ جیاوازی بۆ کورد ، کە دەست پارێزی لەژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی کورد ناکات ، لەناو سەیرانگەکانیشدا بێمنەتانە کورد دەکوژێت . ئەگەر دەوڵەتێک زەڕەیەک شەرەفی عەسکەری هەبێت ، لەکاتی بۆردمان کردنی دوژمنەکانیدا ، خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ ، لە دوژمنەکانی جیادەکاتەوە و دەست پارێزی دەکات . بەڵام تورکیا دوێنێ هەمووانی بەیەکەوە بەبێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کرد .
بەهمەن تاهیر نەریمان ئەو دابڕانە هەرە قووڵەی لەنێوان دەسەڵاتداران لە هەرێم و خەڵک؛ بەڕادەیەکە وێنەی زۆر دەگمەنە، ڕقێکی ئێجگار ئەستوور، ڕقێک لەناو خەڵکدا دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرئاوکەوتووە، ئیتر لەوە دەرچووە بشاردرێتەوە و بوترێت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی ماستاوچییەکانی دەوروبەریانەوە نایبینن. کینەکە لە ئاستێکدایە ئەگەر هەر یەک لەو کاربەدەستە بەرزانەی ناو دەسەڵات بە زەلیلی بچێتەبەردەم خەڵک، لە قەززافی باشتری پێناکەن! هەواڵێک بڵاوبۆتەوە لەسەر بەرپرسێکی پلەبەرزی هەرێم، گوایە تووشی کۆرۆنا بووە، نوسینگەی ئەم بەرپرسە وتویەتی توشی کۆرۆنا نەبووە و نەخۆشیی تری هەیە. تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە، چوار سەد و چل و هەشت کۆمێنت لەسەر ئەم هەواڵە لە سایتێک دانراوە؛ تەنها یەک کۆمێنتی تیایە بۆ پشتگیری بەرپرسەکە، هەموو ئەوانی ترخوازیارن تووشی پەتاکە بوبێت، بگرە وێنەی هەندێک کۆمێنتم داناوە، هەر هەمویان، جوێن و سوکایەتی تێدایە، هەموو بەداخن نەخۆشییەکەی کۆرۆنا نییە و گوایە نەخۆشیی ترە. هەر بەڕاست ئەم دەسەڵاتدارانە سەیرێکی دوای خۆیان ناکەن و هەندێک لەو کۆمێنتانە ناخوێننەوە کە بۆیان دەنوسرێت؟ ئایا ئەوانە تا ئەو ئاستەش گەشتونەتە ئەو بێباکییە و هیچ گوێنادەن بە چەمکە مۆڕاڵییە-سیاسییەکانی وەک(خۆشەویستی گەل، ڕێزی ڕاستەقینەی گەل بۆ سەرکردە)، ئایا ئەوانیش، وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی، پێویستیان بەخۆشەویستیی دەوروبەریان نییە، هیچ نەبێت لەڕووی مەعنەوی و دەرونییەوە ئاتاجیان بەخۆشەویستیی نییە؟ ڕقی گەل لە دەسەڵاتداران، بەپێی پێگەکەیەتی، تا چەندە پلە و پۆستی بەرزبێت، ئەوەندە ڕقی ئەستووری گەل و جەماوەر ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتدارە دەبێتەوە. ئەم بۆشاییە قووڵەی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک ڕق و کینە پڕی کردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم شەڕی کورد بەکورد دەکەن، خاک دەفرۆشن، شۆفاری و چاوساغی بۆ ڕژێمە داگیرکەرەکانی مێژوی کورد دەکەن، دەچنە بەغداد و داوا دەکەن ئێراق دژی لەشکرکێشییەکانی دوژمنەکانی گەلەکەی هەڵوێستوەرنەگرێت، بەبەرچاوی هەموانەوە، زۆر ڕوون، نەک شەوکوتی، ڕۆژکوتی دەکەن و دزیی و گەندەڵییان بەڕادەیەک قەبارەی گەورەبووە، قابیلی شاردنەوە نییە، تەنانەت ئەوەندە بێچاوو بێڕووبون، شەرم ناکەن گەلەکەی خۆیان بەهۆی شکستی حوکمدارییانەوە توشی برسییەتییەکی خەتەرناک کردوەتەوە و پارەی گیرفانیان دەرهێناون و بەردەوامیشن لە دادۆشینی نیشتمان. کار گەشتۆتە ئەوەی گەندەڵیی دەسەڵاتداران و ڕاووڕوتیان، وەک گۆشتی سەرچەپەر، بۆ خەڵک ڕوونبۆتەوە و لەوە دەرچووە هونەری دزین بتوانێت دزییەکان بشارێتەوە. کاتێک سەیری ڤیدیۆی بانگەشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەیت، دنیایەک بەڵێنی ڕەنگاڵە دەدەن، دنیایەک خەونی گەورە دەخەنە بەرچاوی گوێگر و بینەرانیان، کەچی لە ئێستادا کاتێک ئەم خەونانە قڵپدەبنەوە و پێچەوانەی بانگەشەکان، وڵات دەبێتە کاولاش، هیچ شەرم نایان گرێت و لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بە جلوبەرگە (دبلۆماسی!) و کەشخەکانیانەوە باڵڕادەوەشێنن، ئیتر بەتەواوەتی لەوە دەگەیت، لای ئەم بەرپرسانە سیاسەت بەتەواوی لە مۆراڵ دابڕاوەو سیاسەت بریتییە لەبێشعوری و حسابنەکردن بۆ هەست و نەستی ئەو گەلە بەدبەختەی بونەتە قوربانیی سیاسەتە بێئەزمونەکانی ئەوان. سەیرتر لەوە ئەوەیە، ئەمانە لەسەر شاشەکان کە دەردەکەون، هەر خەریکی پێکەنین و حیلکەحیلکی خۆیانن! شتێک کە مرۆڤ لێی تێناگات ئەو بێباکییە گەورەیەی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستانە بەرانبەر خەڵکی خۆیان، بەرانبەر داهاتوو و مێژووی خۆیان، ئەم دەسەڵاتدارانە ئەوەندە بێباکن تا ئاستی دەبەنگی، هیچ ڕەحم بە مێژووی خۆیان و بنەماڵەیان ناکەن، بەشێوەیەک ڕەفتاردەکەن وەک ئەوەی دەموچاویان هەڵبەسترابێت و چەتەبن و کەس نەیان ناسێت و سبەی لەم باسکە چەتەیی دەکەن و دووسبەی لەو باسکەی تر، وا ڕەفتاردەکەن وەک ئەوەی شەقێکیان لە داهاتووی خۆیان هەڵدابێت و پەلەپڕوزەیانە لە کۆکردنەوەی گەنجینەی دزراوی ئەم وڵاتە. من لەوە دەگەم ئەم ڕقە هەر لەناو خەڵکدا نامێنێتەوە، ئەم سەرکردانە، بەهەمان ئاست، ئەوانیش ڕق و کینەیان لە جەماوەر هەڵگرتووە، چونکە ئێجگار ئەوەندەش لە خەڵک بێئاگانین، دەزانن ئائێستا بەتەنها بچنە بازاڕێکی قەرەباڵخی ئەم وڵاتە شاربەدەردەکرێن و حەسیرمەیانیان پێدەکرێت. ئایا ئەوان گەشتونەتە ئەو دۆخەی نەتوانن پردی پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک دورستبکەنەوە و خۆشەویستیی خەڵک بەدەستبهێننەوە، ئەگەر بە گوێیاندا بچێت من ڕێیان نیشاندەدەم، بەڵام لەبەر دزی بەگوێیاندا دەچێت؟