پێگەی ھەرێم لە هونەری مفاوەزات

Draw Media

2020-06-29 18:34:41



ئەبوکاروان
‏‎ناخوازم لەم کورتە نووسینەدا بەچڕی و بەوردی باسی ھونەری مفاوەزە بکەم، یان باسی لایەنی ھونەری و زانستی ئەو چەمکە بکەم کە بەچەند ڕەهەندێکەوە پەیوەندیدارە، وەک زانستی سیاسی، ئیداری، کۆمەڵایەتی و دەروونی.. هاوکات هەڵوەستە ناکەم لەسەر بنەماکانی مفاوەزات و مەرجەکانی پەیوەست بەو لایەنە، بەڵکو دەمەوێ تەنها لە پێگەی شاندەکەی ھەرێمی کوردستانەوە ڕای خۆم بدەم. 
‏‎ھەموو لایەکمان دەزانین کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا لاوازە، بەوەی داخوازیەکان ڕوون و ئاشکران، کە لە موچەو بوجەدا خۆی دەبینێتەوە.  لایەنی بەرانبەریش کە حکومەتی فیدڕاڵە باش دەزانێت داخوازییەکانی ھەرێم چین و چییان دەوێ، ئەمەش لە ھونەری مفاوەزەدا ھەڵەیەکی گەورەیە کە لایەنی ناکۆک بەتەواوی بزانێ بەرانبەر چیدەوێ. 
‏‎لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان مفاوەزە دەکات لەگەڵ بەغدا، پێگەو زەمینە گۆڕاوەو بۆچوونی بەرپرسانی بەغداو  خودی کازمی و ھەتا ئەمریکاو دەوروبەرو ناوخۆی ھەرێمیش وەکوو ڕابوردوو نیەو پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستانە. پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم  ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێنابوو بەرانبەر داعش، پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی ھەرێم  لەئاستێکی بەرزدابوو لەگەڵ دەوڵەتە زلھێزەکان، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا بوون، ئەم خاڵانە هەموو هۆکاربوون بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم، بۆیە بەغدا لەکاتی عبادی دا بەناچاری قبوڵی ئەوەی کرد کە ھەرێم نەوتی کەرکوک بفرۆشی و بێ ئەوەی دینارێک بداتە ناوەند. هەر ئەو پێگە  بەھێزەبوو وایکرد چەندڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندووم، قاسم سولەیمانی داوابکات دەسەڵاتدارانی ھەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، لە بەرانبەردا بەڵێنیدا کە ئاڵای کوردستان لە حمرین بەرز بکاتەوە، شاراوەیش نیە حیدر عەبادی بەئاشکرا وتبووی من ئامادەم بە بڕیاری فەرمی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم پەیوەست بکەم بە حکومەتی ھەرێمەوە، ئەمە لەکاتیکدا لەدونیای دەوڵەتانی فیدراڵدا فڕۆکەخانەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەڕێوەدەبرێن..
‏‎بێگومان لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، کە دەڵێت ئایا پێگەی ھەرێم لەئێستادا وەکو چەند ساڵێک لەمەوپێشە؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێر دەبێ، کەواتە وەفدەکەی ھەرێم سەرکەوتوو نابێت لە گفتوگۆکانیداو ناچارە بەم بارودۆخە خراپەیەوە بەتایبەتیش لەبواری دارایدا بە کەمترین شایستە داراییەکان ڕازیبێت، چونکە نە کازمی دەیەوێ دەردی عبدولمەھدی بەسەردابێت و فشاری بکەوێتە سەر، کە ھاوکارییەکی باشی ھەرێمی کرد. ھەروەھا بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و لیژنەی دارای و نەوت لە پەرلەمان وەکو بەرپرسانی پێشووی بەغدا نابن و نین، کە پێشتر لە شاخ و لەدەمی ئۆپۆزسیۆن بووندا یەکتریان دەناسی و تاڕادەیەک ڕێزیان لێدەگرتن ھاوکاریان دەبوون. ئەوەیشمان لە بیرنەچی کە ئەمریکا پشتگیری کازمی دەکات و نایەوێ بەدەردی عەبدولمەهدى بچێ بەتایبەت لەبەرانبەر ھاوکاری ھەرێم، لەوەیش خراپتر ئەوەیە بەشداربووانی شاندەکەی حکومەتی ھەرێم کە لە حزبەکانیانەوە ئاڕاستە دەکرێن یەکگرتوو نین و لەسەر داخوازییەکانی ھەرێم تەبانین. بەگشتی هەموویان ڕازین لە سەر تنازولات، بەڵام  کێشەکە لەوەدایە کە لایەنێکیان ڕیککەوتن لەگەڵ بەغدا بەتاکە چارەسەر دادەنێ.
‏‎دەوڵەتی تورکیاو ڕیککەوتنە پەنجا ساڵیکەی بەرپرسانی ھەرێم لەسەر ناردنی نەوت، کە ڕێککەوتنێکی ناشەفاف و نایاساییە، گرفتێکی مەزنەو ڕێگری دەکات لەبەردەم شاندی دانوستاندن، بەمەبەستی ڕیککەوتن لەگەڵ بەغداو ئەنجامەکەشی لە بەرژەوەندی ھەرێمدا نابێت ئیدی ڕیککەوتن ڕووبدات یا نا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand