ناوەرۆک و ئاڵنگارییەكانی توانای ستراتیژیی ھەناردەی ئێران لە بازاڕی عێراقدا

Draw Media

2021-04-10 19:55:58



درەو:
گۆڤاری ئاییندەناسی

بازرگانیی دەرەکی لە گرنگترین ڕایەڵەی مامەڵەی ئابووریی وڵات لەگەڵ وڵاتانی تردایە، پێویستی بە بەرنامەداڕێژییەکی زیرەکانە ھەیە. یەکێک لە بیرۆکە تیۆرییە گرنگەکان لە بواری ئابووریدا، سوودوەرگرتنە لە توانای بازرگانیی دەرەکی بۆ دروستکردنی گەشەپێدانی ئابووریی (Balaguer, Florica & Ripolles, 2015). پێویستە وڵاتان کردەی بازرگانیی دەرەکیی خۆیان دابەش بكەن، شیی بکەنەوە و ستراتیجییەکانی ھەناردەکردن بۆ کۆمپانیا سەرکەوتووەکان، لە پانتایی کڕین و فرۆشتنی ڕکابەریدا گەشە پێ بدەن (Demir, Ozmen & Rashid, 2014). ئێران خاوەنی شوێنگەی ستراتیجی و تایبەتمەندیی جیۆپۆلەتیکە، ھەروەھا سنووری وشکانیی لەگەڵ حەوت وڵاتدا ھەیە و لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و وڵاتانی دەوروبەری کەنداوی فارس سنووری ئاوی ھەیە.

   بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەوەی كە ئێران خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکان و تایبەتمەندیی جیۆپۆلۆتیکی و دیبلۆماسیی ئابوورییە، بەڵام نەیتوانیوە سوود لەم توانایانە وەربگرێت. پێویستییەکان و ژێرخانی ئابووری و بازرگانیی دەرەکیی بەھێز، پێشمەرجی دروستبوونی دیبلۆماسیی ئابووریی سەرکەوتوو و لێھاتووانەیە لە ناوچەکەدا. بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بەڵگەنامەی ڕوانگەی 2025 (سند چشم انداز 1404)، بینینی ئێران لە پلەی یەکەمی ئابووریدا، بە لەبەرچاوگرتنی دەرفەتی بازرگانییە دەرەکییەکان و سوودوەرگرتن لە توانا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دوو ھێندە گرنگیی ھەیە.

    عێراق وەک ھاوبەشی بازرگانیی ئێران، لەم توێژینەوەیەدا ھەڵبژێردراوە. ئەم وڵاتە دراوسێیە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران؛ توانایەکی ئابووریی بەھێزی ھەیە، لەم ڕووەوە دەتوانێت نوێنەرێكی گونجاو بێت لە ڕووی گۆڕانکارییە جیۆپۆلۆتیکییە تازەکان لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ لێکۆڵینەوەی دەرفەتەکانی نێوانیان ھەژمار بکرێت. عێراق دوای نەمانی ئاسایشی درێژخایەن و دامرکانەوەی ڕووداوە تیرۆرستییەکان، کەوتووەتە بارودۆخێکی نوێوە و بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیھانی[1]، لە ساڵی ٢٠١٧دا گەشەی ئابووریی عێراق لە %0,8 دابەزیوە، ھەروەھا تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی عێراق لە ٢٣٤ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بووە بە ١٩٧ ملیار دۆلار، کە دەرخەری کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی کاڵاکان و خزمەتگوزارییەکانە لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریدا، ئەم ڕەوتی دابەزینە بەتوندی لەژێر کاریگەریی شەڕە یەکلەدواییەکەکان و زیانلێکەوتنی ژێرخانەکان و لەکارکەوتنی پیشەسازیی دایک و گەمارۆ نێودەوڵەتییە درێژخایەنەکاندایە، گەشەی بەردەوامی عێراق لە قەبارەی بەرھەمھێنان و بەرژەوەندیی ئەرێنیی گەشەی ھەناردەی نەوتی خاو، زیادبوونی دانیشتووان، زۆربوونی پێویستیی کەرەستەکانی بیناسازی و کاڵا جیاوازەکان و ھەوڵدان بۆ بەپیشەسازیبوون و پشتگیرییەکانی دەوڵەت لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەم وڵاتەدا، ھەموو ئەمانە بارودۆخێکی زۆر باشی بۆ عێراق وەک یەکێک لە جەمسەرە گرنگەکانی خواستنی كاڵا و بەرهەمەكانی لە جیھاندا دروست دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی[2]، ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨، هەڵكشانی بەخۆوە بینیوە. بوونی تورکەکان لە عێراق، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ڕۆڵی ئابووری و بازرگانیی ئێران لە عێراقدا، لە كاتێكدا كە ئێران سنوورێکی ھاوبەشی لەگەڵ عێراقدا ھەیە بە درێژایی ١٤٠٠ کیلۆمەتر، سەرەڕای ئەوەش لە ڕووی کولتووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و ئایینییەوە خاوەنی كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشە لەگەڵ عێراقدا، ئەمە پێویستی بە بەرنامەیەکی ستراتیژی ھەیە بۆ گەشەپێدانی قووڵ لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، ھەروەھا بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتە بازرگانی و ئابوورییەکان و پێشکەوتنی ڕکەبەرەکان لە بازاڕی عێراقدا بەتایبەتی تورکیا.

مۆدێلی بازرگانی و وەبەرهێنان بە مەبەستی کەمبوونەوەی فشارە ئابوورییەکانی جیھان و تێپەڕاندنی گەمارۆی دوژمن؛ یاساکانی نێودەوڵەتی گۆڕاوە، ھەر بۆیە لەگەڵ ئەم بارودۆخانەدا، بابەتی لێکۆڵینەوە پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵ و چاوپیاخشاندنە لە سیاسەتە بازرگانییەکانی داھاتوو بەتایبەت لەگەڵ عێراقدا. ھەروەھا دەستنیشانکردنی ئەو بۆشاییانە و ئەو قەیرانانەی کە لە نێوانیاندایە لە کاتی دەرکەوتنیاندا و لە لایەنی ئاڵۆزی بازرگانیی دەرەکی و گۆڕانە لەبەرچاوەکانی تەکنەلۆجیای نوێدا بە پێویست دەزانرێت. لەسەر بنەمای ئەم لێکۆڵینەوەی کە لەبەر دەستدایە، بە سوودوەرگرتن لە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک، بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەین کە فاكتەرە کاریگەرەکان، ناوەرۆک و ئاڵنگارییەكانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق کامانەن؟

  • بارودۆخی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق
  • ئێران

   بەپێی کۆتا ژمارەکانی سەرژمێری و ڕاپۆرتی بانکی جیھانی، دانیشتووانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨، بە ١/٨٢ ملیۆن کەس ھەژمار کراوە. بەپێی سایتی دووریی جوگرافی ( GeoDistance)، ئێران دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و لەگەڵ ١٥ وڵات دراوسێیە. ڕاپۆرتی بازرگانیی نێودەوڵەتی[3] بەم شێوەیە ئێران دەناسێنێت: ئێران لە ڕۆژئاوای ئاسیا  لە نزیکی دەریای خەزەر، کەنداوی عەممان و کەنداوی فارسدایە. ئەم وڵاتە لە کاتی تێپەڕیندایە بە ئابووریی بازاڕدا. ئێران بە سێیەمین وڵاتی خاوەن نەوتی پاشەکەوتکراو لە جیھاندا دانراوە.

    بە شێوەیەکی سروشتی نەوت و گازی سروشتی گرنگترین ھەناردەکانی ئێرانن و ھەناردەی تری وەک ماددەی کیمیایی، پلاستیک و میوەیشی ھەیە. ھاوردەی سەرەکیی ئێران: ئامێرە کارەباییەکان، دانەوێڵە، ئاسن، پۆڵا و ماددەی کیمیاییە. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٧ی سایتی نەخشەی بازرگانی، ئێران بەرھەمەکانی بە ڕیزبەندیی ٦/٨ لە سەددا بۆ وڵاتی چین، ٣/٦% بۆ ئیماراتی عەرەبی، ١/٦% بۆ عێراق، ١/٤% بۆ کۆریای باشوور، ٨/٣% بۆ تورکیا، ٦/٢% بۆ ئەفغانستان، ٦/٢% بۆ ھیندستان؛ ھەناردە کردووە.

   بەپێی داتاکانی خشتەی ژمارە (١)، لە ھەناردەکاندا بەرھەمە سووتەمەنییە کانزاییەکان و چەورییە کانزاییەکان پلەی ١٦ی جیھان و پشکی ٩/١ی لە ھەناردە جیھانییەکان بۆ خۆی تەرخان کردووە. سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٧، دابەزینی بە نزیکەیی ٢٩٪ی ھەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧، پلەی پێنجەم لەسەر ئاستی جیھان و پشکی ٨/٣ لە ھەناردە جیھانییەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە و ٣٤٪ بەرزبوونەوەی بەرامبەر بە ساڵی ٢٠١٦ ھەبووە و بەھای ھاوردەی جیھانی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨، دابەزینی ٣٪ی ھەبووە. ئەم دابەزینە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەو وڵاتانەی بە خاوەن ئابووریی نەوت ھەژمار دەکرێن.

    لە ڕاستیدا (٦) گرووپ کاڵا، زۆرینەی ھەناردەکانی زیاتر لە ٨٥٪ی ھەناردەی ئێرانیان پێک ھێناوە کە بەرامبەر بە ٨/٥٦ ملیارد دۆلار بەھای ھەناردەی ئێرانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. لەم نێوانەدا تەنھا یەک گرووپ کاڵای تەرخان کردووە بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و پشکەکەی کەمترە لە ٢٪-ی بەرامبەر بە ٩٢٥ ملیۆن دۆلارە، بە واتایەکی تر: زیاتر لە ٨٣٪ی ھەناردەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا پەیوەست بووە بە نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان، پلاستیک، ماددەی کیمیایی، ئاسن و پۆڵا و بەردی کانزایی. داتاکان دەرخەری ئەوەن کە لە بابەتی ھەناردەکراوی بێجگە لە نەوت، بە شێوەیەکی سەرەکی بەرھەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان؛ ھەنگاوی بونیادی نەنراوە.

  بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی نەخشەی بازرگانی، پشکی وڵاتان لە زۆربەی ھاوردەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا بە دابەزینی %20 بەرامبەر بە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتووەتە ٤٠ ملیار دۆلار. لە ساڵی ٢٠١٧دا زۆرترین پشک لە بەھای ھاوردەکانی ئێران لە چینەوە بە پشکی %25/4 بووە و وڵاتانی ئیماراتی عەرەبی بە %15/8، کۆریای باشوور %7، تورکیا %6، ئەڵمانیا %5 و ھیندستان %4 لە ڕیزەکانی دواییدان. پشکی ئەم ٦ وڵاتە لە بەھای ھەموو ھاوردەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧دا بە نزیکەیی %64 بووە.

  • عێراق

   لەسەر بنەمای کۆتا ژمارەکانی سەرژمێری و ڕاپۆرتی بانكی جیھانی، دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، ٨/٣٨ ملیۆن کەس خەمڵێنراوە. بەپێی سایتی “GeoDistance، عێراق لەگەڵ (٦) وڵاتدا سنووری ھاوبەشی ھەیە. %95ی دانیشتووانی عێراق لە موسوڵمانەکان پێک ھاتووە و کولتوورە نەتەوەییەکان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی عەرەبەکان و کوردەکان دەگرێتەوە. موسوڵمانەکانیش %65یان شیعە و %32یان سوننەن (صادقی، مارابی و اکسا، ١٣٩٥). ئابووریی عێراق بە ھۆی ئەو کێشە زۆرانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا تووشی بووە، ڕووبەڕووی لاوازییەکی زۆر بووەتەوە لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریدا.

   ھێرشی سەربازیی ئەمریکا و لەناوچوونی ڕژێمی سەددام، لەگەڵ ئەو کێشە توندانەی کە بوونیان هەیە، ھاوکێشەی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی لە بنچینەوە گۆڕی. لە لایەکی ترەوە، دروستبوون و فراوانبوونی گرووپە تیرۆریستییە تەکفیرییە-سەلەفییەکان، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و تێکڕای قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی عێراق دانا (صادقی و ھاوکاران، ١٣٩٥).

   تێکڕای قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، یەکسان بووە بە ١٢٦ ملیار دۆلار. ھاوبەشە بنەڕەتییەکانی ھەناردەی عێراق بریتین لە: ولایەتە یەکگرتووەکان (%25ی کۆی گشتی ھەناردەکان)، ھیندستان %14، چین %12، کۆریای باشوور %9. لەسەر بنچینەی داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، عێراق بە بەھای ٩٦ ملیار دۆلار ھەناردەی ھەبووە و پلەی ٣٦ی ھەیە لە جیھاندا و ڕێژەی %5ی ھەناردەی جیھان پێک دەهێنێت.

  • زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەکە
  • زانیارییەکانی شیکاریی ناوەرۆک

لە بەشبەشکردن و شیکاریی داتاکانی چاوپێکەوتن بە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک (تحلیل مضمون)، ١٠ قەیرانی گرنگ و ستراتیژی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانی ئێران و عێراقدا دەستنیشان کران کە بریتیین لە: بەھای زیادە (ارزش افزودە)، نەبوونی جۆراوجۆریی ھەناردەكان، لاوازیی دیپلۆماسیی ئابووری، پشتیوانیی دەوڵەت، لێنەھاتوویی کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردە، ئاڵۆزیی ئابووری، کوالێتیی بەرھەمەکان، وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی، گەشەپێدان و نوێکردنەوەی پێکھاتەکان و گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئابووریی خۆڕاگرییانە (اقتصاد مقاومتی).

بەھای زیادە، کوالێتیی بەرھەمەکان و جۆراجۆریی ھەناردەکان؛ سێ چەمکی سەرەکیی گرنگن کە لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە. یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆیەکی عێراق، ئاماژەی بە ھەناردەی بەرھەمەکان کردووە بە بەھای زیادەی کەم و ئەم چەمکەی بەم شێویەی خوارەوە خستووەتە ڕوو: “كاڵا بەرھەمھێنراوەکان وەک کەلوپەلی ناوماڵ، تەلەڤزیۆن و… ھتد؛ تێچوونی زیاتریان ھەیە و زۆر پێشکەوتووترن لە ماددەی خۆراکی. ئەمڕۆ کوالێتیی بەرھەمەکان تەواو بووە و بەرھەمەکانی بەھا زیادەیان پێ دەڵێن.” سەرەڕای ئەمەش گلەیی لە بەرھەمەکانی ئێران ھەبوو: “بەرھەمەکانی تورکیا کوالێتیی باشتر و بەهای زۆرتریان هەیە، بۆ نموونە لە دووکانەکانی سلێمانی ھەموو ئامێرە کارەباییەکان و… ھتد؛ ھیی تورکیایە. ئێران تەنھا لە بەشی ماددەی خواردەمەنیدا بوونی هەیە.” “لە عێراق زۆربەی خەڵک وا دەزانن ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان ترسناکن و تەنھا لەبەر ھەرزانیی نرخ دەکڕدرێن.” “زۆربەی کاڵاکانی ئێران بۆ عێراق، ماددەی خۆراکی و شیرەمەنین. لە بەرامبەردا، تورکیا کاڵاگەلێکی وەک جلوبەرگ زیاتر ھەناردە دەکات.”

   یەکێکی تر لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو، بەم شێوەیە وتبووی: “ئەوەندەی کە شووتی، سەوزەوات، ماددەی ئێکسپایەربوو و ماددەی سەرەتایی و لەم بابەتانە بۆ عێراق ھەناردە دەکەین، ئایا دەرمان و پێویستییەکانی ماڵەوە و یان شتی تر دەنێرین؟” “بە ھۆی کوالێتیی خراپی بەرھەمەکان، بەداخەوە ئێمە براندی نەتەوەییمان لە عێراق خراپ کردووە.”

  • سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆی دەرەکی

   زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، باس لە بایەخپێنەدانی تواناکان و دەرفەتە کردەییەکانی عێراق دەکەن و بەم شێوەیە یەکێکی تر لە قەیرانەکان و بۆشاییەکانی ھەناردە دەستنیشان دەکەن: “عێراق ھەموو شتێک ھاوردە دەکات. ھەموو شت! بەڵام ئەم ڕەوتە بەردەوام نابێت و پێویستە نەبێت. ئێستا  عێراق لەژێر داروپەردووی ٤٠ ساڵ شەڕ ھاتووەتە دەرەوە، پێویستی بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەیە. عێراق دەتوانێت لەم بوارەدا سەرمایەگوزاری بکات. بێگومان عێراق پێشوازیی لێ دەکات.” “عێراق تینووی وەبەرهێنانی دەرەکییە، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازیدا. ئێران دەتوانێت لە بەرامبەردا، دەرگاکانی بازاڕە گەورە ٤٠ ملیۆنییەکەی عێراق بە ڕووی خۆیدا بکاتەوە.”

  • ئاڵۆزیی ئابووری

  فرۆشتنی ماددەی خاو و ھەناردەکردنی سەرچاوەکان، یەکێکی تر لە قەیرانە گرنگەکانی ئەو کەسانە بوون کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو و ئەم چەمکەیان بەم شێوەیە باس کرد: “لە ھەناردەکانی نانەوتی بەکردەیی بە ئاڕاستەی فرۆشتنی ماددەی خاو دەڕۆین.” “شتە ھەناردەکراوەکان، بێجگە لە شتی بەستەکراو و لەقوتوونراو  کە لە گرووپی ئەو کاڵایانەن لە بەرھەمەکانی بواری کشتوکاڵی وەک دوابەرھەم ھەناردە دەکرێت.” “ئێران لەجیاتیی بەرھەمھێنانی تەماتە و بیبەر، با لە بیری دروستکردنی گسکی کارەبایی و جلشۆردا بێت.”

  • پشتگیریی دەوڵەت، گەشەپێدان و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژێرخانەکان

  وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، زۆربەی فاکتەرە ڕێگرەکانی بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراق بە لاوازیی پێکھاتەیی دەزانن. ئەم چەمکەیان بەم شێوەیە باس کرد: “لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە وڵاتانێکی وەک ئازەربایجان و تورکەمەنستان لەخوار ئێمەوەن، دیسانەوەش لەم پانتاییەدا دۆڕاوین و ئێران نەیتوانیوە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت، ئەمەش دەریدەخات لە ناوخۆدا زۆر کێشەمان ھەیە.” “ئێران پێویستی بە چاککردنی ژێرخانەکانی خۆی لە پیشەسازیدا ھەیە، ئەمە تەنیا ڕێگایەکە کە دەتوانێت ڕکابەری بکات.”

   دابینکردنی متمانەی دارایی ھەناردەکان، لە ڕیزی یەکێکی تر لە بەربەستەکانی ھەناردەکارەکاندا خرایە ڕوو، ئەم چەمکە بەم شێوەیە باس کرا: “ئێمە دەتوانین متمانە بدەین بەو کۆمپانیا تایبەتە ھەرەوەزانەی کە لە موزایەدەی نێودەوڵەتیدا براوە بوون.” “بازرگانیی دەرەکی سوار کەژاوەی پەیوەندییەکانی بانك بووە، دەبێت ژێرخانە بانكی و کارگێڕییەکان بەھێز بکرێن بۆ ئەوەی بتوانێت متمانەی دەرەکی بە کڕیاری دەرەکی بدات. لە سندووقی گەشەپێداندا، پێویستە قەرز بەو پیشەسازییانە بدەین کە دەتوانن بەرھەمەکانیان ھەناردە بکەن.”

   دیبلۆماسیی ئابووری: زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ڕۆڵی دیبلۆماسیی ئابوورییان وەک ناوەندی سەرەکیی ئاسانکاریی ھەناردەی بەرھەمەکانیان لە بازاڕی عێراقدا لەقەڵەم دا و تورکیایان بە خاوەنی دیبلۆماسیی گشتی و تەراتێنی ئابووری لە عێراقدا دەزانی. ئەم چەمکە بەم شێوەیە خرایە ڕوو: “ئێستا تورکەکان بە دیپلۆماسیی گشتی و ئابووریی کاراوە چوونەتە عێراق و دیدار لەگەڵ خەڵکی عەشایەر دەکەن و لەگەڵیان نان دەخۆن و لەناو خەڵکی بازاڕدا ئامادە دەبن.”

   “پێویستە دەوڵەت بەربەستەکان لا ببات. کەسێک کە بەدوای دروستکردنی گەشەپێدانی بازرگانییەوەیە لەگەڵ وڵاتانی تر، پارێزگاریی لێ دەکرێت؟ پشتیوانیی دەکرێت؟ ڕێزی لێ دەگیرێت؟ تەنیا شتێک کە دیپلۆماسیی ئێران لێی بێئاگایە، ھەر ئەمەیە.” “پەیوەندیی ئێران لەگەڵ عێراق لە ئاستی دەوڵەت، بە تێڕوانینێکی سەربازییە.” “ئەگەر ھاوکاریی زەبەلاحی ئابووری بکرێت، بەدڵنیاییەوە باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات خێراییەکی زیاتری دەبێت.”

کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردەکان (EMC): ئەم خاڵە بە ڕای ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، بە یەکێک لە ھەرە خاڵە لاوازەکان لە بازاڕی عێراقدا دادەنرێت. “کاتێک وردە جووتیارێک بەرھەمەکانی ھەناردە دەکات بۆ دەرەوە، نە بازاڕێک دەناسێت و نە دەزانێت ژێرخانی ئابووری چییە و نە دەزانێت مافەکانی کامانەن و نە گەرەنتییەکانی چین، کاتێک ئەمە بوونی نییە، ھەناردەکردن کەم دەبێتەوە. ناتوانین بەرهەمەكان بفرۆشین، ئەم بۆشاییە لە وڵاتانی تردا بوونی ھەیە.” “EMC”یەکان ئەگەر بەڕاستییش بوونیان هەبێت، یەک کەس یان کۆمەڵێکی بچووکن کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن ببنە چەترێكی گشتگیر.

  • گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی “ئابووریی بەرگرییانە”

زۆربەی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ڕۆڵی گۆڕینی پێکھاتەی ئابووری لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئابووریی بەرگریيانە وەک ژێرخانی گۆڕان و تێڕوانینی نوێ لە سیاسەتەکانی بازرگانیی داھاتووی وڵات بە پێویست زانی. لەدەستدانی دەرفەتە بازرگانییەکان و ھاوکارییە ئابوورییەکان لە ناوچەکە و کەوتنە بارودۆخی ستراتیژیی تایبەت و تایبەتمەندییە جیۆپۆلۆتیکەکانی ئێران لە ناوچەکە و پاڵپشت بە توانا ناوخۆییەکان، لە پێویستییەکانی گۆڕانی پێکھاتەیی لە ئابووریدا ھەژمار دەکرێت. کلیلی چارەسەری دۆخی ئێستا و دەرچوون لەو بارودۆخە نالەبارە و ڕزگاربوون لە گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، لە گرەوی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئابووریی بەرگرییدایە.

  • بەراوردكردنی ھەناردەی ئێران و تورکیا لە بازرگانیی عێراق

لێکۆڵینەوەی ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکان لەنێوان ئێران و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧،هەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا: بنەمای بەراوردکاری، قەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی گرووپی کاڵا بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی (٢٠١٧)یە. لەسەر بنەمای داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەھای ھەناردەی ئێران بۆ تورکیا ٩/٣ ملیار دۆلارە کە پشکی %4ی ھەموو ھەناردەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت. زۆرترین بەھای ھەناردەکانی پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان، واتە سووتەمەنییە کازاییەکان و چەورییە کانزاییەکان و بەرھەمەکانی بە بەھای ٣/٢ ملیار دۆلارە. زیاتر لە %86 ی ھەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا، پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان و پیشەسازییە کانزاییەکانە.

   ھەناردەکانی تورکیا بۆ ئێران: بەپێی داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە ھەناردەکانی (٥) گرووپ کاڵای زۆرینەی ھەناردەکان بۆ ئێران، بەھای ھەناردەکان بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ بە بەھای ٣ ملیار و ٢٥٩ ملیۆن دۆلارە کە پشکی %2ی ھەناردەکانی کۆی گشتیی تورکیا لەخۆ دەگرێت. بە بەراورد، ھەناردەکانی ئێران بۆ تورکیا بە بڕی ٢/٧ ملیۆن دۆلار زیاترە لە تورکیا، پێشکەوتنی ھەناردەکانی ئێران لە بازرگانیی دوولایەنەی ئێران و تورکیا بە ھۆی زۆربوونی ھاوردەکردنی سووتەمەنییە کانزاییەکان و چەورییە کانزاییەکانە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا. بەپێی ئەم داتایە، (٥) گرووپ کاڵا دەست بەسەر زیاد ٤٠٪ی ھەناردەکانی تورکیا بۆ ئێراندا دەگرێت.

   مەکینەکان و کەلوپەلە میکانییەکان لە پلەی یەکەمدان و بەھای ھەناردەکردنیان ٥٤٢ ملیۆن دۆلارە. زۆرینەی بەرھەمە ھەناردەکراوەکانی تورکیا، لە بەرھەمە پیشەسازییەکانن کە بە بەراورد بە بازرگانیی دوو لایەنەی ئێران و تورکیا، پەیوەست بە بەرھەمە کانزاییەکان واتە سووتەمەنییە کانزاییەکان کە بێجگە لە نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان کە دەرخەری فرۆشتنی ماددەی خاوی سەرچاوە سروشتییەکان و ھەناردەکردنی کۆمەڵە کاڵایەکی لاوەکین. سێیەمین گرووپی کاڵاکان، تایبەتە بە ڕیشاڵە دەستکردەکان کە بەھای ھەناردەکردنی بە بڕی ٢٠٠ ملیار دۆلارە. لێکۆڵینەوەی شمەکی ھەناردەی تورکیا بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠١٧، دەرخەری ئەوەیە کە بەشێکی ھەناردەی تورکیا پەیوەستە بە بەرھەمە پیشەسازییەکان، بە واتایەکی تر: زۆرترین ھەناردەکانی تورکیا پێک ھاتووە لە ھەناردەکردنی کۆمەڵە کاڵایەک بە بەھای زیادەباڵا واتە بەرھەمە کۆتایی و بەرھەمە بەکارھێنەکان.

  • ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکانی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا

   ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق: بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆمەڵە کاڵایەک بە بەھای ٦ ملیار و ٤٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق نێردراوە. کە زۆرترین بڕی گرووپ کاڵا ھەناردەکان تایبەتە بە پلاستیک و بەرھەمەکانی. بڕی ھەناردەکانی ئەم گرووپە ١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە پشکی ٦/١٨ لە سەدی کۆی گشتیی ھەناردەکانی بۆ عێراق لەخۆ دەگرێت. بەرھەمە شیرەمەنییەکان و ئامێرە کارەباییەکان و کەلوپەلە میکانیکییەکان، میوە و سەوزەوات و بەرھەمەکانی کاشی؛ بە بەشێک لە زۆرینەی شمەکە ھەناردەکراوەکانی ئێران دادەنرێت. ٥ گرووپ کاڵا، %53ی ھەناردەکانی بۆ عێراق تایبەت کردووە. وێنەی ژمارە (١)، خشتەی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا پیشان دەدات کە %81ی ھەناردەکانی ئێران بە بەھای ٢/٥ ملیار دۆلار بۆ خۆی تەرخان کردووە.

لەو خاڵانەی کە جێگای سەرنجدانن لە زانیارییەکانی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراو بۆ عێراق لە خشتەی ژمارە (١)، ئەمەیە کە بەشێکی زۆر لە گرووپ کاڵا ھەناردەکراوەکان بەھای زیادەی کەمیان ھەیە، ئەم کاڵایانە بەرھەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکانن کە لە ڕیزبەندیی ھەناردەی بێجگە لە نەوتدان. بەرھەمە ھەناردەکراوەکانی وەک بەرھەمی شیرەمەنی، میوە، سەوزەوات، فەرش، ماسی، قارچک، سابوون و ماددەی پاککەرەوە، شووشەوات و قاپوقاچاخە.

  • ڕەوتی بازرگانیی گرووپ کاڵاکانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا

  ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراق: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەڵەتی، لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا دەریدەخات تورکیا توانیویەتی تەنیا لە ٥ گرووپ کاڵادا %39ی ھەناردە بۆ عێراق بۆ خۆی دابین بکات کە بەرامبەر ٣٥ ملیار دۆلار بەھای ھەناردەکەیەتی. بەردە بەنرخەکان و کانزا گرانبەھاکان زۆرترین بەھای ھەناردەکراویان بۆ عێراق ھەبووە لە ساڵی ٢٠١٧، بە بەھای  ١٨٥/١ ملیۆن دۆلار کە پشکی ٤/١٧ لە سەدی لە کۆی گشتیی بەرھەمە ھەناردەکانی ساڵی بۆ خۆی تەرخان کردووە.

  دوای ئەوە، بەرھەمەکانی بەرھەمە پیشەسازییەکان، جۆ، نیشاستە، گەنم و جلوبەرگ؛ ڕیزبەندیی بە پشکەکانی %7  و %4/9 و لە پلەکانی دواتری گرووپ کاڵاکانی زۆرینەی ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دەردەخات. شایەنی باسە کە ئەم ھەناردانە پشکێک بە نزیکەیی ٨١٪ لە بەھای ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراقیان ھەبووە.

   لە تایبەتمەندییە بایەخدارەکانی وێنەی ژمارە (٢)، لە زانیارییەکانی ٢٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق، ھەناردەی بەرھەمە کۆتاییەکان بە بەھای زیادە باڵا وەک بەردە گرانبەھاکان و جلوبەرگ، مۆبیلیات، بەرھەمە شیرەمەنییەکان، دانەوێڵەی ئامادەکراو، کەرەستە کارەباییەکان، ڕۆنی سروشتی، میوە، سەوزەوات و کاغەزە. کۆی گشتیی بەھای ھەناردەکانی گرووپ کاڵای بەرھەمە پیشەسازییەکان، شیرەمەنی، دانەوێڵە، ڕۆنی گیایی، میوە، سەوزەواتی لەقوتوونراو، سەوزەواتی خۆراکی؛ بە ڕێژەی ٢/٢ ملیار دۆلارە کە ھاوشێوەی بەرھەمە ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق بە بەھای ٦/١ ملیار دۆلارە. تورکیا لە دوو گرووپ کاڵاکەی جلوبەرگی بە بەھای ٦٥٩ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق ناردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە گرووپ کاڵای جلوبەرگ بە بەھای ٩٨ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق ھەناردە کردووە.

   بەپێی زانیارییە ھەناردەکان، ئێران لە گرووپ کاڵای بەرد و کانزا گرانبەھاکان ھەناردەی جێگە سەرنجی نییە. بەھای ھەناردەکانی ئەم گرووپ کاڵایە، بە نزیکەیی ٨٤ ملیۆن دۆلارە کە لەگەڵ ھەناردەکانی تورکیا لە بازاڕی جیھان و بازاڕی عێراق بەراورد ناکرێت، بە واتایەکی تر: بەبێئاگایی لە توانای ھەناردەکانی ئێران ھەژمار دەکرێت. بڕی ھەناردەی بەردە بەنرخەکان و کانزا گرانبەھاکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە بەھای ٨/١٠ ملیار دۆلارە، کە بڕی ١٠٪ی ھەناردەی تورکیا پێک دەھێنێت، ھەڵبەت لە ساڵی ٢٠١٨ ھاوکات بوو بە دابەزینی ٣٤٪. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەھای ھاوردەکانی ئەم گرووپ کاڵایە زیاتر لە ١٧ ملیار و ٨٤٠ ملیۆن دۆلارە و ٦ ملیار و ٣٩٥ ملیۆن دۆلار ڕێکاری بازرگانیی نێگەتیڤی ھەیە.

  • بەراوردی ڕەوتی ھەناردەکانی ئێران و تورکیا لە بازاڕی عێراقدا

  بەپێی زانیارییەکانی داتای ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ھەناردەی ئێران و تورکیا بۆ بازاڕی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا بەراورد کرا لەنێوان ١٠ گرووپ کاڵا ھاوشێوەی خشتەی ژمارە (٣).

بنەمای بەراوردەکە، ١٠ گرووپ کاڵای زۆرینە ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراقە. ھەناردەی ئێران بۆ عێراق لەم ١٠ گرووپ کاڵایەدا بە بەھای ٤/٢ ملیار دۆلار و ڕێژەی زیاتر لە ٣٧٪ی کۆی گشتیی ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراقە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تورکیا لە گرووپ کاڵاکانی خشتەکەی سەرەوە بە بەھای ٣/٥ ملیار دۆلار و بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٨٪ی کۆی گشتیی ھەناردەکانی تورکیا بۆ عێراقە. زانیارییەکانی خشتەکە دەریدەخەن کە تورکیا لە گرووپ کاڵای بەرھەمە کانزاییەکان، بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و پیشەسازی و خۆراک و بەرھەمەکانی پیشەسازیی دار و جلوبەرگ لەپێشترە. بێجگە لە ھەناردەکانی پلاستیک و بەرھەمە شیرەمەنییەکان، لە ٨ گرووپ کاڵای تردا تورکیا بەھێزتر و سەرکەوتووتر کاری کردووە و پێوانە ناکرێت بە ژمارەی ھەناردەکانی ئێران. لە کۆمەڵە بابەتێکی وەک ھەناردەی بەردە گرانبەھاکان بۆ عێراق، پشکی ئێران ١ ملیۆن دۆلارە.

بڕی ھەناردەی بەرھەمە بەرھەمھێنراوەکان؛ ٨٠  ملیۆن دۆلار پشکی ھەناردەکانی ئێرانە، لە کاتێکدا تورکیا ئەم بەرھەمانەی بە بەھای ٦٥١ ملیۆن دۆلار بۆ بازاڕی عێراق ناردووە. بە سەرنجدانی ژمارەکانی خشتەکە، ھەناردەکانی ئێران لە ڕیزی کاڵا نێوەندگیرەکانن. نموونەی بەرجەستەشی، ھەناردەی پلاستیکە کە بە بەشێک لە پیشەسازیی لەخوارتری پترۆکیمیایی دەژمێردرێ، ھەر بۆیە پێویستە ئێران لە توانا پشتگوێخراوەکانی ھەناردەکانی لە بازاڕی عێراقدا بکۆڵێتەوە. لە وێنەی ژمارە (٣)دا ھێڵکاریی ڕەوتی شیکاریی ھەناردەکانی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی نێوان (٢٠١٦-٢٠١٨)، ھاوشێوەی ١٠ گرووپ کاڵای ھەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ ئاماژەی پێ کراوە. ڕەوتی زانیارییەکان لە سێ ساڵی کۆتاییدا، دەریدەخەن کە ھەناردەکانی ئێران گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە لەو ١٠ گرووپ کاڵایەی کە تورکیا بۆ بازاڕی عێراقی دەنێرێت کە شایەنی سەرنج بێت.

ئەنجام

   ئەم لێکۆڵینەوەیە بە مەبەستی ناساندنی فاکتەرە ستراتیژییەکان و ناوەرۆک و قەیرانەکانی ئێستا لە گەشەپێدانی بازرگانیی دەرەکی و ھەروەھا شیکاری بارودۆخی بازرگانیی دەرەکیی ئێران لە بازاڕی عێراقدا، پشتبەستوو بە داتای زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی (نەخشەی بازرگانی) ئەنجام درا. بە میتۆدی شیکاریی ناوەرۆک، ١٠ نیشاندەری ستراتیژی لە بواری بازرگانیی دەرەکی دەستنیشان کرا کە بریتین لە دیبلۆماسیی ئابووری، ئاڵۆزیی ئابووری، بەھای زیادە، چڕکردنەوەی ھەناردەکان، کوالێتی، پشتگیریی دەوڵەت و ژێرخانی پتەو و نەرم، لەدەستدانی دەرفەت و سەرمایەگوزارینەکردنی ڕاستەوخۆی دەرەکی لە بونیادنانەوەی عێراق، لێنەھاتوویی کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ھەناردەکان و سەرنجنەدان لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابووریی بەرگری لە پێکھاتەی ئابووریی وڵاتدا.

   بە پیاچوونەوەیەک بە ئەدەبیاتی فراوانی ناو بواری بازرگانیی دەرەکی، دەبینین کە وڵاتان بە سیاسەتی نوێ و گرێبەستی دوولایەنە و ناوچەیی بەدوای گەشەپێدانی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ وڵاتانی تری دراوسێدان و پشتبەستن بە تایبەتمەندییەکان و توانا ناوخۆییەکانی وڵات؛ خاڵی دەستپێکی دەرکەوتنە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا و لە لایەکی ترەوە لە ھەلومەرجی گەمارۆکاندا بە باشترین ستراتیژەکانی بازرگانیی دەرەکی ھەژمار دەکرێت. ئێرانیش کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیھان، لەم یاسایە بێبەری نییە.

   لایەنگری تیۆری ڕاکێشانی ناوچەیی بە یەکێک لە باشترین میتۆدەکان لە فراوانبوونی پەیوەندییە بازرگانییە ناوچەییەکان ھەژمار دەکرێت و باڵاتر لە دووریی جوگرافی و ڕادەی ئابووری بە ئاڕاستەی پەیوەندیی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی بەرەو پێش دەڕوات. دەرفەتە ستراتیژی و جیۆپۆپۆتیکەکانی ئێران لە ناوچەکە و دراوسێیەتی لەگەڵ ١٥ وڵات، بە تواناگەلێکی بەھێز بۆ ئێران ھەژمار دەکرێت کە بەداخەوە بە ھۆی پێکھاتەی لاوازی ئابووری تا ئێستا نەیتوانیوە لەم دەرفەتە و تایبەتمەندییە سروشتییەکان سوود وەربگرێت. لە لایەکی ترەوە، تێۆری ڕاکێشان و لایەنگری بە ئاڕاستەی گرێبەستی پەیوەندییە بازرگانییە دوولایەنەکان، ستراتیژی نوێ بۆ ھەڵخەڵەتاندنی (تێپەڕاندنی) فشارە جیھانییەکان بەتایبەت گەمارۆی ستەمکارانەی وڵاتە زلھێزەکان. ئاڵۆزیی ئابووری لە چەمکە سەرەکییە گرنگەکانی ئابووریی جیھانی ئەمڕۆیە کە لەسەر بنەمای زانیاری و تەکنەلۆجیا ڕاوەستاوە. کێشەی زۆری وڵاتانی خاوەنی نەوت بەتایبەت ئێران، پشتبەستوو بە ھەناردەکردن و فرۆشتنی ماددەی خاو  و ئابووریی تاک بەرھەمی و نائاڵۆزە.

  لێکۆڵینەوەی زانیاریی داتاکانی نەخشەی بازرگانی و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، دەریدەخەن کە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران و عێراق تا ئێستا لەسەر بنەمای ئابوورییەکی تەواو کۆن بوون. بەپێی زانیاریی داتاکانی نەخشەی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١٨، لە کۆی ٦٦ ملیار دۆلار ھەناردە، زیاتر لە ٤٧ ملیار دۆلار  و بە واتایەکی تر: زیاتر لە ٧١٪ی تایبەتە بە سووتەمەنییەکان و ماددە کانزاییەکان. لە لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەراوردی ئێران و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ ( ١٠ گرووپ کاڵا )، دەرخەری لەپێشتربوونی تورکیایە لە ھەناردەکردنی بێجگە لە نەوت لە عێراقدا و ھەناردەکانی ئێران بە تورکیا بەراورد ناکرێت. لە پلەی بەراورددا، تورکیا ١٠ گرووپ کاڵای بە بەھای زیاتر لە ٣/٥ ملیار دۆلار بۆ عێراق ناردووە کە پشکی ئێران لەم ١٠ گرووپ کاڵایەدا، ٣/٢ ملیار دۆلار بووە.

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (6‌)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand