حكومەت چۆن موچەی مانگی داهاتوو دابین دەكات ؟ 

Draw Media

2020-05-21 15:40:14



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان ئەوانەی بەركارن‌و ئەوانەی خانەنشینن دواین موچەی (6 بۆ 8 ملیۆن) دینارییان وەرگرت، لەمانگی داهاتووەوە موچەكەیان دەبێت بۆ (3 بۆ 4 ملیۆن) دینار، سەرباری بڕیاری حكومەت بۆ كەمكردنەوەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، هێشتا پێشبینی دەكرێت حكومەت بۆ خەرجی مانگی داهاتووی موچەی موچەخۆران بڕی (237 ملیار) دینار كورتهێنانی هەبێت.
  
دواین موچە بە رێسا كۆنەكە !
ئەمڕۆ پەرلەمانتارو وەزیرەكانی هەرێمی كوردستان‌و ئەوانەی بەو دوو پلەیە خانەنشین بوون، لە بانكەكان موچەی مانگی یەكی 2020یان وەرگرت.
ئەمە دواین جار بوو پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵا خانەنشینەكان بەیاسا كۆنەكە موچەی خانەنشینی وەربگرن كە بڕەكەی زیاتر لە (6 ملیۆن) دینار بوو، بەپێی بڕیاری حكومەت لە مانگی داهاتووەوە 50%ی موچەكانیان دەبڕدرێت‌و دواتریش یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە بەهەمان شێوە بڕە پارەكەیان كەمدەكاتەوە.
بڕیارەكەی حكومەت بۆ بڕینی 50%ی موچە، موچەی ئەو پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵایانەش دەگرێتەوە كە ئێستا لەو پلانەدا كاردەكەن، واتە خانەنشین نەبوون.

موچەو خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیرەكان 
لە هەرێمی كوردستان موچەی مانگانەی پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 85 هەزارو 950) دینارە، وەزیرەكانیش مانگانە (7 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینار وەردەگرن.
تائێستا لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانتارو وەزیرەكان رێژەی 80%ی كۆی ئەو پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرن كە پێشتر لەكاتی كاركردنیان وەریانگرتووە، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت، چونكە لەم خولەی پەرلەماندا یاسایەك بەناوی چاكسازی لە موچە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان پەسەندكراوەو بەپێی یاسا نوێیەكە گۆڕانكاری لە رێژەی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكاندا كراوە بەمجۆرە:
•    ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچە‌و دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریانگرتووە، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارە‌و موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن.
•    بەڵام ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچە‌و دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریانگرتووە، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (77 ) پەرلەمانتارە.

یاسا یان بڕیار ؟
حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازی لە موچەی پلەباڵاكان لەبەردەستدایە، بەڵام تائێستا نەیخستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
حكومەت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و پەتای كۆرۆناوە دوچاری قەیرانی دارایی بووە، لەم دۆخەدا رۆژی (5)ی ئەم مانگە بڕیاریدا خەرجییەكان كەمبكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان پەنای بۆ یاسای چاكسازی نەبرد كە جێبەجێكردنەكەی كاتێكی زیاتری پێویست بوو، بەڵكو بەشێوەیەكی خێرا بە بڕیارێك رێژەی 50%ی موچەی‌و دەرماڵە‌و موچەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان‌و پلە تایبەتییەكانی كەمكردەوە.
بەپێی بڕیارەكە، لە مانگی داهاتووەوە كە موچەی مانگی (2)ی ساڵی 2020ە دابەشدەكرێت، موچەو خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50%ی كەمدەكرێتەوە.
بەگوێرەی ئەم بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، موچەی پەرلەمانتاران لە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارەوە كەمدەكرێتەوە بۆ (4 ملیۆن‌و 100 هەزار) دینار.
وەزیرەكانیش كە موچەی مانگانەیان (7 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینارە، كەمدەكرێتەوە بۆ (3 ملیۆن‌و 900 هەزار) دینار.
كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، پەرلەمانتارو وەزیرە خانەنشینەكانیش دەگرێتەوە. 
تا ئەم ساتە كە یاسای چاكسازی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، پلەباڵاكان رێژەی 80%ی موچەكەیان وەكو خانەنشینی وەردەگرن، واتە پەرلەمانتارە خانەنشینەكان مانگانە (6 ملیۆن‌و 468 هەزار) دینار وەردەگرن، وەزیرە خانەنشینەكانیش (6 ملیۆن‌و 240 هەزار) دینار.
بەپێی بڕیارەكەی حكومەت، لەمانگی داهاتووەوە پەرلەمانتارە خانەنشینەكان (3 ملیۆن‌و 234 هەزار) دینار وەردەگرن، وەزیرە خانەنشینەكانیش (3 ملیۆن‌و 120 هەزار) دینار وەردەگرن.

پلەباڵاكان كێن ؟
بڕیاری حكومەت بۆ كەمكردنەوەی موچە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50% لە مانگی داهاتووەوە، تەنیا وەزیرو پەرلەمانتاران ناگرێتەوە، چونكە بەپێی یاسای چاكسازی ئەوانەی كە پێیان دەوترێت پلەباڵا بریتین لەو كەسانەی كە لە یەكێك لەم پلە وەزیفیانەدان یاخود بەم پلانە خانەنشین بوون: 
•    سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ جێگرەكانیان
•    ئەندامانی پەرلەمان‌و وەزیرەكان‌و ئەوانەی بە پلەی پەرلەمانتارو وەزیر خانەنشین كراون
•    بریكارەكانی وەزارەت‌و ئەوانەی بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینكراون
•    خاوەن پلەتایبەتەكان‌و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە‌و ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن
•    سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم
•    گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێم، موچەی پلەكانی (1)‌و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی‌و سەربازی‌و هێزەكانی ناوخۆ

داهاتی بڕیارەكەی حكومەت ؟
بەو بڕیارەی كە كابینەی مەسرور بارزانی دەریكرد بۆ كەمكردنەوەی موچە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50%، بۆ مانگی داهاتوو بڕێكی زۆر پارە بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، كە دەتوانێت بەهۆیەوە بەشێك لەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە لەدوای دابەزینی نرخی نەوت‌و قەیرانی كۆرۆناوە لە خەرجییەكانیدا دروستبووە.
چونكە بەبڕینی رێژەی 50%ی موچەی پەرلەمانتاران، تەنیا لە خەرجی موچەی پەرلەمانتارانی ئەم خولەدا، بڕی زیاتر لە (448 ملیۆن) دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، لەناو حكومەتیش كە (32) كەس موچەی پلەی وەزیریی وەردەگرن، ئەگەر بۆ مانگی داهاتوو موچەكەیان بەرێژەی 50% كەمبكرێتەوە، بەكۆی گشتی بڕی (125 ملیۆن) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر داهاتەكانی حكومەت.
واتە تەنیا لە كەمكردنەوەی موچەی پەرلەمانتارو وەزیرەكانی ئەم خولەدا، بۆ مانگی داهاتوو (573 ملیۆن) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
ئەمە جگە لە موچەی ئەوانەی بەپلەی وەزیرو پەرلەمانتار خانەنشین كراون كە كەمكردنەوەكە بەهەمان رێژەی 50% دەیانگرێتەوە.
ئاماری ئەوانەی كە بەپلەی باڵا لە هەرێمی كوردستان خانەنشین كراون‌و بەو پلانە موچەی خانەنشینی وەردەگرن بۆ ئێستا لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی پێشتر كە دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستای حكومەت: 
•    461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
•    هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە)
•    كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
•    163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
•    506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
•    44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە
ئەگەر ئەم ئامارەش لەبەرچاوبگیرێت، ئەوا بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لەمانگی داهاتووەوە، بڕی (2 ملیارو 500 ملیۆن) دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێنێتەوە كە دەتوانێت بەهۆیەوە بەشێكی ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە لە خەرجی موچەی فەرمانبەراندا بۆی دروستبووە.
بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، مەزەندە دەكرێت بەهۆی بڕیارەكەی حكومەتەوە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، مانگی داهاتی حكومەت بەكۆی گشتی بڕی (5 ملیار) دیناری بۆ بگەڕێتەوە.

خەرجییەكانی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو
حكومەتی هەرێم لە دۆخی ئاسایدا تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بۆ خەرجی وەزارەتەكانیش مانگانە پێویستی (150 ملیار) دینار هەیە.
بۆ مانگی داهاتی خەرجی موچەی موچەخۆران كەمتر دەبێتەوە لەوەی پێشتر هەبووە، بڕیاری بڕینی 50%ی موچەی پلەباڵاكان لانی كەم بڕی (5 ملیار) دینار دەگەڕێنێتەوە، سەرباری ئەمە حكومەت لەهەوڵدایە بۆ پێداچوونەوەدایە بە دەرماڵەی فەرمانبەران كە (13) جۆرە‌و رەنگە لەم پرۆسەیەشدا بڕێكی تر پارە بۆ حكومەت بگەڕێتەوە.
لەلایەكی ترەوە، بەپێی هەمان بڕیارەكانی كۆبونەوەی رۆژی (5)ی ئەم مانگە، حكومەت بڕیاریداوە:
•    بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست كەمبكاتەوە، بودجەی خەرجی وەزارەتەكان كە لە حاڵی ئاسایدا (150 ملیار) دینارە، بڕی (100 ملیار)ی لێ كەمكراوەتەوە.
•    بودجەی وەبەرهێنان راگیراوە  
•    كەمكردنەوەی نەسریە‌و پێشینەی وەزارەت‌و سەرجەم دامەزراوەكان بۆ نزمترین ئاست.
•    پێداچونەوە بە خەرجییەكانی خزمەتگوزاری بواری نەوت‌و گاز.
هەموو ئەمانە وادەكات لەمانگی داهاتووەوە بەبەراورد بە پێشتر ئاستی خەرجییەكانی حكومەت كەمتر ببێتەوە.

داهاتی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو
بۆ مانگی داهاتوو، حكومەتی هەرێم پێشوەختە بڕی (400 ملیار) دینار لە حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەرگرتووە، ئەمە بناغەیەكی باشە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی حكومەت لەو مانگەدا.
سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم چەند سەرچاوەیەكی تری داهاتی هەیە كە ئەمانەن:
•    داهاتی نەوت: بەپێی قسەی بەرپرسانی حكومەت مانگی نیسانی رابردوو، داهاتی نەوت كە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی (60 ملیۆن) دۆلار بووە، بۆ مانگی داهاتوو پێشبینی دەكرێت ئەم داهاتە بۆ (100 ملیۆن) دۆلار واتە (120 ملیار) دینار بەرزببێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە.
•    داهاتی ناوخۆ: بۆ مانگی نیسانی رابردوو، داهاتی ناوخۆ بەپێی قسەی بەرپرسان هاوشێوەی داهاتی نەوت (60 ملیۆن) دۆلار بووە، ئێستا كە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا تاڕادەیەك ئاسایی كراونەتەوە‌و هەندێك لە فەرمانگەكان دەستیان بە دەوام كردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت بۆ مانگی داهاتوو داهاتی ناوخۆش بۆ (100 ملیۆن) دۆلار بەرزببێتەوە.
•    كۆمەكی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی (21 ملیار) دینارە.
واتە بە تێكڕا پێشبینی دەكرێت بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتی مانگی داهاتووی حكومەت بگاتە (261 ملیار) دینار.
بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتەكانی ترەوە، كۆی گشتی داهاتی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو دەگاتە (661 ملیار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران حكومەت پێویستی (898 ملیار) دینار هەیە، واتە بۆ مانگی داهاتووش هێشتا تەنیا لە خەرجی موچەدا داهاتەكانی حكومەت بڕی (237 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە.
بۆ ئەم مانگە حكومەت كورتهێنانەكەی لەڕێگەی قەرزكردنی بڕی (400 ملیار) دینار لە سەرمایەداران پڕكردەوە، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو رەنگە پێویستی بە قەرزی سەرمایەداران نەبێت ئەگەر وەكو ئەوەی خۆی بڕیاریداوە (60 رۆژ)جارێك موچە دابەشبكات، چونكە لەو (60 رۆژ)ەدا حكومەت داهاتەكانی دوو مانگی خۆی كەڵەكە دەكات‌و بۆ دابەشكردنی موچەی یەك مانگ كورتهێنانەكە پڕدەكاتەوە.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand