پەیامەكەی بارزانی و نامەكەی ئەتروشی
2025-12-30 09:52:25
درەو:
" پەیامەكەی بارزانی، نامەكەی فەرهاد ئەتروشی، شاندەكەی پارتی، خودی كاندیدەكە" هۆكاری شكستی كاندیدەكەی پارتیبوو لەبەرامبەر كاندیدەكەی هەڵوێست.
شەوی رابردوو لە دوو گەڕی هەڵبژاردندا كاندیدەكەی پارتی (شاخەوان عەبدوڵا) بە جیاوازییەكی زۆر لەدواوەبوو، لەبەرامبەر كاندیدەكەی هەڵوێست (رێبوار كەریم)، كە لە گەڕی یەكەمدا (153 بەرامبەر بە 119) و لە گەڕی دووەمدا (156 بە 102).
لە دوێنێوە مشتومڕی زۆر درووست بوو لەسەر هۆكاری كشتی كاندیدەكەی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە پارتی باس لە موئامەرەی عێراقی و هەرێمایەتی دەدات لە دژی پارتی، بەڵام هۆكارە ناوخۆییەكان و یارییەكانی پارتی هۆكاربوون بۆ شكستی كاندیدەكەی پارتی بەرامبەر بە كاندیدەكەی هەڵوێست.
پەیامەكەی پارزانی
كاتژمێر 11:23 خولەكی دوێنێ 29/12/2025 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆمار بڵاوكردەوە لە پەیامەكەیدا بەرونی وتی:
- دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
- یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت
- یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون
- یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن
- مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت.
- گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
پەیامەكەی پارتی یەكێتی و لایەنەكانی توڕەكرد، كە بۆچی باس لە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دەكات و دەڵێت دەبێت كۆدەنگی لەسەر بێت، ئەی بۆچی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆدەنگی و رای فراكسیۆنە كوردییەكانی لەسەر نەبێت.
كاتی پەیامەكە هەڵەبوو، كاتێك بوو كە ئەگەری ئەوە هەبوو یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدات، بەڵام پەیامەكەی بارزانی نەك یەكێتی توڕە كرد بەڵكو بە ئاشكرا وتی دەنگ بە كاندیدی بەرامبەر دەدەین.
نامەكەی فەرهاد ئەتروشی
فەرهاد ئەتروشی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نامەیەك دەخاتە گروپی گشتی پەرلەمانتارانی عێراقەوە لەبری بیخاتە گروپی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتیەوە.
لە نامەكەدا فەرهاد ئەتروشی دەڵێت دەنگ بدەن بە سالم عیساوی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبەرامبەر هەیبەت حەلبوسی كە كاندیدی سونەو تەوافوقی شیعەش بوو، ئەم نامەیە لایەنە سونەو شیعەكانی توڕەكرد، بۆیە لە كاردانەوەدا هەموو دەنگیان بە كاندیدەكەی هەڵوێست دا.
شاندەكەی پارتی
شاندەكەی پارتی كە لە چەند رۆژی رابردوو چوونە بەغداد، لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا نیگەرانیان لە محەمەد شیاع سودانی و محەمەد حەلبوسی دەربڕیوە و قسەیان لەسەركردوون، ئەمەش ئەو دوو كەسایەتییەی بەتەواوی توڕەكرد كە سودانی هێزی یەكەمی شیعەیەو حەلبوسیش هێزی یەكەمی سونەیە لەرووی كورسیەوە، ئەوان بەتەواوی لە دژی كاندیدەكەی پارتی و كاركردن بۆ كاندیدەكەی هەڵوێست كاریانكرد و كاریگەریشیان درووستكرد.
خودی كاندید.
بەنگین رێكانی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری پارتی لە بەغداد شەوی رابردوو بەروونی وتی: كێشەكە شەخسی و سیاسیە، مەبەستەكە پەیوەندی بە شەخسی شاخەوان عەبدوڵاوە هەیە، كە بەشێك لە فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی پێشوو كێشەیان هەبووە لەگەڵی و پێیان وابوو كەسێكی رەق و ناسیۆنالیستی و لە مامەڵەكردنیش لەگەڵ پەرلەمانتاران و فراكسیۆن و لایەنەكاندا توند بووەو نەیتوانیوە باڵانسی پەیوەندییەكانی بەشێوەیەكی درووست رابگرێت.
پارتی
ئەو روداوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان "شۆكهێنەر"بوو، چونكە لە هەردوو گەڕەكەی هەڵبژاردندا كاندیددەكەی پارتی شكستیهێنا، شێروان دوبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق شەوی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەمە گەلە كۆمەكی سیاسیەو دوجاری شۆكی كردین، چونكە پێشتر رێككەوتنی سیاسیمان هەبوو لەگەڵ لایەنەكان.
ئەگەرچی سەركردەكانی پارتی لە بەغداد درك بە هەندێك لە كەموكوڕییەكانی خۆیان دەكەن لە پرۆسەكەدا بەڵام پێیان وایە ئەمە گەلە كۆمەكێی دەرەكی و ناوخۆییە دژی پارتی بەتایبەت گروپە چەكدارەكانی عێراق كە خاوەنی هەژمونێكی بەهێزن لە پەرلەمانی عێراقدا و دەیانەوێت ئیرادەی پارتی بشكێنن لە عێراق.
ماجد شەنگالی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە تۆڕی "ئێكس" دەڵێت چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت پەرلەمانتارانی گروپە چەکدارەکان، پەرلەمانیان کۆنترۆڵ كردووە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روويدا پەیامێكی روونى گروپە چەكدارەكانە بۆ پارتی.
لە گەڕی یەكەم:
- رێبوار كەریم :153 دەنگ
- شاخەوان عەبدوڵا: 119 دەنگ
لە گەڕی دووەم:
- رێبوار كەریم :156 دەنگ
- شاخەوان عەبدوڵا: 102 دەنگ
هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لایەنی كورد و شیعەو سونە بوون بە دوو بەشەوە:
ئەوانەی دەنگیان بە كاندیدەكەی هەڵوێست (رێبوار كەریم)دا:
- فراكسیۆنی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی محەمەد شیاع سودانی كە (46) كورسی هەیە
- فراكسیۆنی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی كە (27) كورسی هەیە
- فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4) كورسی هەیە
- فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری (1) كورسی هەیە
- فراكسیۆنی سادقیونی خەزعەلی (27) كورسی هەیە
ئەوانەی دەنگیان بە كاندیدەكەی پارتیدا (شاخەوان عەبدوڵا)دا:
- فراكسیۆنی پارتی (27) كورسی
- فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا (29) كورسی
- فراكسیۆنی فەتحی هادی عامری (21) كورسی
- فراكسیۆنی رەوتی حیكمە (18) كورسی
- فراكسیۆنی سیادە خەمیس خەنجەر (9) كورسی
