Draw Media

پەرلەمانی عێراق دووچارەی چارەنوسی پەرلەمانی كوردستان دەبێتەوە ؟

پەرلەمانی عێراق دووچارەی چارەنوسی پەرلەمانی كوردستان دەبێتەوە ؟

2025-12-27 13:30:57


(درەو):
كات بەرەو كۆتایی دەڕوات، هێشتا نە سوننەكان لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان گەیشتوەنەتە رێككەوتن، نە شیعە لەسەر كاندیدی جێگری (یەكەم)، نە كوردیش لەسەر كاندیدی جێگری (دووەم)، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریش هۆشداری داوە لەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی دوو شەممە بەڕێوەدەچێت نابێت هاوشێوەی ئەوەی هەرێمی كوردستان درێژبكرێتەوە یاخود دوابخرێت، هەر دەبێت لەو دانیشتنەدا سەرۆك و جێگرەكانی هەڵبژێردرێت. 

سوننەو دوو كاندید
وادەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیكدەبێتەوەو هێشتا هیچ یەكێك لە پێكهاتەكانی (سوننە)و (شیعە)و (كورد) لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن. 
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامدا داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەیە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ (شیعە)و پۆستی جێگری دووەمیش بۆ كورد دەبێت. 
لایەنە براوەكانی سوننە لە دواین هەڵبژاردن كە پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی (ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) دروستكردووە، دوای چەندجارێك شكستهێنان لە دیاریكردنی كاندیدی تەوافوقی، بڕیاریانداوە سبەینێ و بەر لە 24 كاتژمێر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەم، سەرلەنوێ كۆببنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
سەڵاح كوبەیسی كە یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی( سیادە)یە قسەی بۆ (شەفەق نیوز) كردوەو دەڵێ: لایەنە سوننەكان ناكۆكییەكانیان لەسەر زۆرێك لە پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەلاداخستووە، تەنیا ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ماوەتەوە.
بەقسەی كوبەیسی، هێشتا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم سورە لەسەر خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم-یش بەرامبەری راوەستاوە. 
ئەم پیاوە پێشبینی ئەوە ناكات لە كۆبوونەوەی سبەینێش لایەنە سوننەكان لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگەنە رێككەوتن، پێیوایە دواجار (ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) بە دوو كاندیدەوە (حەلبوسی+ سامەڕائی) دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و، پەرلەمانتارانی كوردو شیعە دواجار بڕیار دەدەن كام یەكێك لەو دوو كاندیدەی سوننە دەبن بە سەرۆكی پەرلەمان.

شیعەكان و جێگری یەكەم
لایەنە شیعە براوەكانی هەڵبژاردن كە خۆیان لەناو هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) كۆكردوەتەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئۆفیسی (عەممار حەكیم) سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆببنەوە. 
كۆبوونەوەكە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی جێگری (یەكەم)ی سەرۆكی پەرلەمانە كە پشكی پێكهاتەی شیعەیە. 
سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكەن، بەگوێرەی ئەو میكانیزمەی لەناو شیعەكاندا بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دیاریكراوە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (15 خاڵ)ی لەسەر دانراوە، هەر خاڵێك بەرامبەرە بە یەك كورسی پەرلەمان، واتا بەهای پۆستەكە 15 كورسی پەرلەمانە بۆ ئەو لایەنەی كە دەیبات. 
وەكو باسدەكرێت، سێ كەس لەناو پێكهاتەی شیعەدا كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كە بریتین لە هەریەكە لە: 
-    عەدنان فەیحان- لە عەسائیبی ئەهلی حەق
-    موحسین مەندەلاوی- لە هاوپەیمانی ئەساس
-    ئەحمەد ئەسەدی- لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدانی محەمەد شیاع سودانی
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هێشتا لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران نەگەیشتونەتە رێككەوتن، بۆیە یەكلاكردنەوە كاندیدی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت بە سەرەتایەك بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی تری پشكی شیعە. 

كوردو جێگری دووەم
لەدوای كەوتنی رژێمی سەددام و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی كوردە هەموو جارەكان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، جگە لە یەك خول (كابینەی حەیدەر عەبادی 2014-2018) كە درا بە (ئارام شێخ محەمەد) لە بزوتنەوەی گۆڕان. 
پارتی و یەكێتیی هێشتا هیچ رێككەوتنێكیان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد نەكردووە، یەكێتیی خوازیارە پۆستەكانی بەغداد لەگەڵ پۆستەكانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بخرێنە ناو یەك سەبەتەو دواتر دابەشبكرێنەوە، هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزبدا هەبوو، بەڵام پارتی دەیەوێت بەگوێرەی "شایستەی هەڵبژاردن"و هەریەكەیان بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، واتا خوازیارە پرسی پێكهێنانی حكومەت لە بەغداد جیابكاتەوە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە كوردستان.
بەڵام بەوپێیەی یەكێتیی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی خۆیەتی، رەنگە وەكو جاری پێشوو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدێكی پارتی بەجێبهێڵێت، بەتایبەتیش كە پارتی نەیوتوە پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت، بەڵكو وەكو رابردوو جەخت لەوە دەكات دەبێت كاندیدەكە تەوافوقی لەسەر بێت، ئەگەر نا دەبێت هاوشێوەی سوننە، كوردیش بە دوو كاندید یان زیاتر بچێتە ناو پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. 

دانیشتنەكە درێژدەكرێتەوە؟
لە هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە ساڵێك و مانگێك یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی هێڵدراوەتەوەو لایەنە براوەكان بەدیاریكراوی (پارتی و یەكێتیی) لەسەر پێكهێنانی كابینەی (دەیەم)ی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن. 
بەڵام ئایا پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان دەردی پەرلەمانی كوردستان دەچێت و ناتوانێت بەر لە ساڵی نوێ دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژێرێت؟
دادوەر فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ سەرۆكی تەمەن-ی خولی نوێیی پەرلەمانی عێراق كۆبووەو هۆشیداری پێدا دانیشتنی یەكەم كە بڕیارە 29ی ئەم مانگە واتا رۆژی دوو شەممە دەبێت تێیدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن و؛ بەگوێرەی دەستورو یاسا نابێت دانیشتنەكە دوابخرێت یاخود درێژبكرێتەوە. 
ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات و لە یەكەم دانیشتنداو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئیتر خشتەی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەستپێبكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand