زورفی شیعەی كردووە بە دوو كەرتەوە

Draw Media

2020-03-24 12:47:01




راپۆرتی: درەو 
هەفتەیەك بەسەر ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) پارێزگاری پێشووی نەجەف‌و سەرۆكی كوتلەی ئیئتیلافی نەسر لەپەرلەمانی عێراق تێپەڕیووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دابەشبوون‌و ناكۆكی ناوماڵی شیعە وەك خۆیەتی‌و پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەسەر ئەرزی واقیع ڕووینەداوە.
هادی عامری‌و نوری مالیكی لەلایەك‌و سەدرو عەبادیش لەلاكەی تر، گرەو لەسەر گۆڕینی هەڵوێستی یەكتر دەكەن سەبارەت بە ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی). دوانەكەی یەكەم، میكانیزمی ڕاسپاردنەكە بە شەڕی شكاندنی ئیرادە لێكدەدەنەوەو پێداگری دەكەن لەسەر گۆڕینی. دوانەكەی دووەمیشیان گرەو لەسەر كات دەكەن، لەهەمان كاتیشدا كۆدەنگی ناوماڵی شیعیەیان بەلاوە گرنگەو، داوای كاندیدێكی پەسەندكراو دەكەن بۆ جێگەكەی (زورفی). 
كاتژمێرو ڕۆژانی داهاتوو بۆ (زورفی) یەكلاكەرەوەبێت، ئەو بەنیاز نییە بكشێتەوە‌و، سەرقاڵی هەوڵی خۆیەتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، پەیامی دڵنیایش دەنێرێت بۆ ڕكابەرەكانی، بەڵام لەكۆتایدا بەرژوەندی هێزە سیاسییەكان بڕیاردەدات، ئەو بەردەوامدەبێت یان وەك (عەلاوی) وازدەهێنێت یان وازیپێدەهێنن.

زورفی دڵنیایی دەدات
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هاوشانی پێداگری نەیارەكانی لەسەر ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی، (زورفی) هەوڵەكانی چڕكردووتەوەوە بۆ دڵنیاكردنەوەكەیان، لەیەكەم چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیشدا دوای ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەگەڵ ژمارەیەك لەمیدیا عێراقییەكان، (زورفی) تەئكیدی كرد: ئەو  بژاردەیەكی عێراقی پەتییەو لەڕێی هیچ ڕێككەوتنێكی نهێنییەوە نەهاتووە، وتیشی: ئەگەر لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بەناچاری پەنایبردبێت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، مانای وانییە  بووە بە ئەمریكی.   
پێناچێت پەیامە ئاشكراو نهێنییەكانی (زورفی) گۆڕانكاری لەهەڵوێستی هێزە نەیارەكانیدا كردبێت. هەروەك چۆن بەرەی نەیاریشی كە پێكدێن لە "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی‌و"هاوپەیمانی فەتح" بەسەرۆكایەتی هادی عامری‌و نەیانتوانیووە قەناعەت بە "هاوپەیمانی سائیرون" بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو "ئیئتیلافی نەسر"بەسەرۆكاییەتی حەیدەر عەبادی بهێنن، بۆ ڕاسپاردنی كەسێكی تر لەشوێنی (عەدنان زورفی)بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. 

دواین كۆبونەوە
(ئەسەعد مورشیدی) پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە ئاشكرایكردووە: ئێوارەی یەكشەممەی ڕابردوو هێزە شیعییەكان دواین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، لەكۆبونەوەكەدا چەند ناوێك بۆ شوێنگرتنەوەی (زورفی) پێشنیازكراوە، بەڵام لەسەر هیچ ناوێكی دیاریكراو ڕێككەوتن نەكراوە.
(مورشیدی) بەڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی وتووە: هاوپەیمانی سائیرون‌و ئیئیتیلافی نەسر، بایكۆتی كۆبونەوەكەیان كردووە، بەڵام پەیامێكیان گەیاندووەتە هێزە شیعییەكان‌و پێیانڕاگەیاندوون، ئەگەر قەناعەت بهێنن بەو كەسەی لەشوێنی زورفی كاندیدی دەكەن، ئەوا ئەوان لەگەڵ كۆدەنگی ناوماڵی شیعیەدان. ئاماژەی بەوەشكردووە: لەچەند كاتژمێری داهاتوودا، هێزە شیعییەكان كۆبونەوەی نوێ‌ ئەنجامدەدەن، كۆبونەوەكەش تایبەت دەبێت بە تاتوێكردنی دوو پرس، ڕێككەوتن لەسەر پێدانی دەرفەتێك بە (زورفی) لەگەڵ ئەوەی پرسێكی قورسە لەئێستادا، بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی فەتح‌و دەوڵەتی یاسا بەتەواوی ڕەتیدەكەنەوە، یاخود ڕۆیشتن بەرەو دانانی جێگرەیەوەك‌و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هەڵوێستیان نەگۆڕاوە
سەرچاوەكە لەزاری وەزیرێكی حكومەتێكی عێراقەوە كە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، بڵاویكردووەتەوە: لە كاتژمێرەكانی ڕابردوودا زۆربەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەڕێی پەیوەندی تەلەفونیان گفتوگۆیان ئەنجامداوە، بەڵام نەگیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك. تائێستا (سەدرو عەبادی) پێداگرن لەسەر هەڵوێستی خۆیان‌و گۆڕینی (زورفی) بە كەسێكی تر ڕەتدەكەنەوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، هەڵوێستی (عەمار حەكیم)و ڕەوتی حیكمەش ناڕوون‌و خۆڵەمێشییە، پێشیوایە كە ئاماژەی گۆڕانكاری لەهەڵوێستی (نوری مالیكی) سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەدیدەكرێت سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی (زورفی)و، ڕەنگە لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕوونی دەربكەوێت. 
لای خۆیەوە (كریم محەمەداوی) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە: هێزە شیعییەكان لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ڕاسپاردنی (زورفی) لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، ڕێككەوتوون لەسەر گۆڕینی‌و ڕەتكردنەوەی لەپەرلەمان. وتوشیەتی: هەندێك لەهێزە سیاسییەكان هەوڵی گۆڕینی هەڵوێستی ئەو هێزانەیان دا كە (زورفی)یان ڕەتدەكردەوە بەڵام سەركەوتوونەبوون‌و، لەدواین كۆبونەوەشدا تەئكید لەسەر ڕەتكردنەوەی كراوەو ئاراستەكە بەرەو گۆڕینێتی بەكاندیدێكی تر. گفتوگۆكانیش بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەكە بۆ ناوبراو، كۆمەڵێك ناو پێشنیازكراون، لەڕۆژانی داهاتووشدا ناوی تریش دەخرێنەڕوو. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand