درەو: ڕیکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافیت لە پرۆسەکانی نەوت ئامادەکردن و نووسینی فریا کاڵێ ماستەر لە بواری بەڕێوەبەردنی كار، یادگار سدیق ماستەر لە بواری بەڕیوبردنی نەوت و گاز دەستپێك شۆڕشی پیشەسازی دەرفەتێکی فراوانی نوێی بۆ بەکارهێنانی نەوت ڕەخساند. لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەدەی بیستەمدا، نەوت وەک سەرچاوەی وزەی پەسەندکراو سەریهەڵدا. بزوێنەری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییە گڵۆپی کارەبایی و ئۆتۆمبێل بوو. خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل و خواست لەسەر کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد ، لەگەڵ ئەوانیشدا خواست لەسەر نەوت زیادیکرد. دەرهێنانی سووتەمەنی بەردین زیانی گەورەی هەیە و دەرهێنانی نەوت پیشەسازییەکی مشتومڕاوییە. دەتوانین بڵێین سەرەتاکانی هۆشیاریی ژینگەیی رێکخراو لەدوای بڵاوکردنەوەی کتێبی "بەهاری بێدەنگ" کە کتێبێکی زانستی ژینگەیە لە نووسینی ڕەچەڵ کارسۆن. کتێبەکە لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٦٢دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەبە بەڵگە ئەو زیانانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی قڕکەرەکانەوە بە ژینگە دەگات دۆکومێنت کردووە. کارسۆن پیشەسازی کیمیایی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست. کتێبەکەزیاتر لە ٥٠٠ هەزار دانەی لە ٢٤ وڵاتدا فرۆشرا ،هۆشیاری و نیگەرانی گشتی بۆ زیندەوەرە زیندووەکان، ژینگە و پەیوەندییە دانەبڕاوەکانی نێوان پیسبوون و تەندروستی گشتی بەرزکردەوە. ئەم هوشیارییە وایکرد ساڵی ١٩٧٠ سەرەتا بەهەوڵی گایلۆرد نێڵسن، سیناتۆری بچووکی ویلایەتی ویسکۆنسێن کە نیگەرانبوو لە پیسبوونی ژینگە و دواتر ستافێکی نیشتمانی دروستکرد کە ژمارەیان ٨٥ کەس بوو هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتیان راگەیاند سەبارەت بە پیسبوونی ئاو و هەوا هەر زوو هەوڵەکە فراوانتر بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێکخراو و گروپە ئایینییەکان و ئەوانی دیکە بگرێتەوە. ناوەکەیان گۆڕی بۆ ڕۆژی زەوی،٠ ڕۆژی زەوی ئیلهامبەخش بوو بۆ ٢٠ ملیۆن ئەمریکی بەشداری لە رۆژی زەویدا کرد. پاشان ساڵانە هەڵمەتە کە فراونتر دەبوو تاوەکو گەشتە ئاستێک ئێساتا ساڵانە ملیارێک کەس بەشدار دەبێت لە رۆژی ژینگەدا و بووە هۆی ئەوەی لە رێی ریکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە وڵاتان سنورێک دانێین بۆ پیس بوونی ژینگەو بەیاسا بەربەست بخرێتە بەردەم ئەو پیشەسازیانەی دۆستی ژینگە نین، رێکەوتننامەی پاریس لە ساڵی ٢٠١٥ دا باشترین نموونەیە. پێشکەوتنە پیشەسازییەکان و فشارەکانی رێکخراوەکانی ژینگە و شەقام لەلایەک و بەکارهێنانی وزە وەک چەکێکی سیاسی (جەنگی ئۆکرانیا بەنموونە) لەلایەکی تر هاندەرێکی زیاترن تاوەکو وڵاتان و بەتایبەت رۆژئاوا خێراتر هەنگاو بنێن بەرەو دورکەوتەوە لە سەرچاوەکانی وزەی پیس و وەبەرهێنانی زەبەلاح بکەن لە وزەی نویبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا درووشمی ئابووری سەربەخۆی بەرزکردەوە. هەنگاوەکانی هەرێم بۆ ئابووری سەربەخۆ زیاتر لە هەناردەکردنی نەوتدا کورت کرایەوە و دانەبەزی بۆسەکتەرەکانی تر و لە خودی نەوتدا ئامادەکاری نەکرا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی نەوت. دەتوانین بڵێین نەبوو بە پلانێکی گشتگیر و هەمەلایەنە کە پشت ببەستێت بە سەرچاوەی داهاتی هەمەجۆر. تەنها پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە بۆ داهات وەك نەوت لە ئابوریدا کارێکی پڕ مەترسییە، بەدەر لەو هۆکارانەی پەیوەندی بە ناسەقامگیری نرخەوە هەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئەوەمان بەدی کرد کە نرخی نەوت لە )١٢٠( دۆلارەوە دابەزیە سەر کەمتر لە )٢٠( دۆلار. ئاڕاستەی ئابووری جیهان ئێستا ئاراستەی جیهان بۆ دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی وزەی پیس( نەوت و گاز و خەڵوز ) و رووکردنە وەبەرهێنانە لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا بەئاراستەی پابەند بوون بە رێکەوتنامەی پاریس ٢٠١٥. هەتا ئەمڕۆ ١٩٣ لایەن (١٩٢ وڵات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا) لە ناویشیاندا عێراق پەیوەست بوون بە ڕێککەوتنی پاریسەوە. بە پێی ڕیکەوتنەکە پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك(zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە. رێککەوتنەکە پابەندبوونی هەموو ئە وڵاتانە لەخۆدەگرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و پێکەوە کارکردن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها داوا لە وڵاتان دەکات پابەندبوونەکانیان بە تێپەڕبوونی کات بەهێز بکەن. ڕێککەوتنەکە ڕێگایەك بۆ گەلانی پێشکەوتوو دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی گەلانی گەشەسەندوو لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە ژەهراویەکان و کاریگەریەکانیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و خۆ گونجاندن لەگەڵی، لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەك بۆ چاودێریکردنی شەفاف و ڕاپۆرتکردنی ئامانجەکانی کەشوهەوای وڵاتان دروست دەکات. ڕۆڵی تەکنەلۆژیا و نەوت دۆزینەوە نوێیەکان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی رێکەوتنی پاریس و لەهەمانکاتدا دەبێتە مەترسی لەسەر سەکتەری نەوت (لەگەڵ ئەوەی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆجیا ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی نەوت دەکات، بەڵام مەترسی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لەسەر نەوت لەوەدایە کە پشت بەستن بە نەوت بۆ بەرهەمهێنانی وزە کەم دەکاتەوە بە وەی تێچووی وزەی جێگرەوە کە وزەی نوێ بووەوە یە کەم دەبێتەوە). هەربۆیە کۆمپانیاکانی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نووی بۆوە و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و دەیانەوێ رۆڵی پێشەنگی خۆیان لە دەست نەدەن. لێرەدا پێویستە دوو نموونە وەبیربهێنینەوە: 1. لەبواری پەیوەندییەکاندا لە کۆتایی سەدەی رابووردوودا کۆمپانیای نۆکیا بۆ ماویەکی زۆر گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایل بوو وەك یاریزانێکی پێشەنگ لە بازاڕی جیهانی تەکنەلۆژیای مۆبایلدا سەیر دەکرا, و کۆنترۆڵی (٥٠٪) ی بازاڕی مۆبایلی کردبوو، بەڵام چوونکە نەیتوانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیادا لەبواری پەیوەندیدا کۆمپانیای تری وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ هاتنە پێشەوە و توانیان بە هۆی داهێنانەکانیان لە مۆبایلی زیرەکدا بە پشت بەستن بە تەکنلۆجیای نوێ جێ پێ بە نۆکیا لەق بکەن و نەك پێشەنگی لەدەستدا بەڵکو ئێستا زۆر لە دواوەیە و کەمتر( ٥٪ )ی پشکەکانی بازاڕی هەیە. 2. کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل زۆرن و زۆریشیان ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایدان بەڵام تا ئێستا تێسلا کە ناوێکی نوێ یەو بە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی دەستی پێکرد لە پێشەنگی هەموو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئۆتۆمبێلی جیهاندایە. گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و روکردنە وزەی نوێ بۆوە( وزەی خۆر، با و هایدرۆجین…هتد ) بەکارهێنانی نەوت وەك سەرچاوەی وزە لە جیهاندا کەم دەکاتەوە و دەبێتە مەترسی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تەنها پشتیان بەداهاتی سامانی سرووشتی وەك نەوت بەستووە بە دوو هۆکاری سەرەکی: • یەکەم: کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت. • دووەم: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت روودەکەنە وزەی نوێ بۆوە. کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری LMC Automotive لە کۆی نزیکەی (٩٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە جیهاندا فرۆشراون، (١،٣) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی پاتری بوون. هەروەها بەپێێ ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکی ئی ئای ئەی(EIA) ئاماژە بەوە دەکات کە کەم بوار لە جیهانی وزەی پاکدا هەیە کە بەقەد بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دینامیکی بێت. فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ کە ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٢دا تەنها (١٢٠) هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون. لە ساڵی ٢٠٢١دا هەفتانە زۆر لەوە زیاتر فرۆشراوە. نزیکەی (١٠٪)ی فرۆشی ئۆتۆمبێلی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١دا کارەبایی بووە، کە چوار هێندەی پشکی بازاڕی ساڵی ٢٠١٩ بووە، بەمەش کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە جیهان گەیشتە نزیکەی (١٦،٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل. فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە شێوەیەکی بەهێز بەرزبووەتەوە، لە چارەکی یەکەمدا (٢) ملیۆن فرۆشراوە، کە بە ڕێژەی(٧٥%) زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١. بە پێی ئەم ئامارانەی کە لەسەرەوە خستمانە ڕوو دەبینین بەشێوەیەکی خێرا ئاڕاستەی بەرهەمهێنای ئوتومبیڵ بەرەو کارەبایی دەچێت. کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ جیهانێکی نوێدا بگونجێنن کە کارەبا جێگەی بەنزین و دیزڵ دەگرێتەوە. کارگەکان چاکسازییان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنن و کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلیش هەموو لەپێشبرکێدان بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. کۆمپانیای فۆرد مۆتۆر نزیکەی (٣) هەزار کارمەندی دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە بەمەبەستی کەم کردنەوەی تێچوو, هەوروەها ئامادەکاری بۆ گۆرینی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات. فۆرد لەبەرنامەیدایە تا ساڵی ٢٠٣٠ رێژەی (٥٠٪)ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەرهەمی دەهێنێت کارەبایی بێت. هەروەها کۆمپانیای هیۆندا و کیا رایانگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار فرۆشی ئۆتۆمبێلە ژینگەدۆستەکانیان، کە ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی لەخۆدەگرێت، (١١١) هەزار ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە. گروپی ڤۆڵکسواگنی ئەڵمانی کە خاوەنی پۆرش، بوگاتی، سکۆدا، لامبۆرگینی و سیاتە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا (٣٠) ملیار یۆرۆ خەرج دەکات بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان هایبرید بۆ هەریەك لە بڕاندەکانی، هەروەها پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ نزیکەی (٧٠) مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بخاتە بازاڕەوە، وە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٣٠ دەیەوێت لە هەر (١٠) ئۆتۆمبێلێك کە دەیفرۆشێت چواریان کارەبایی بێت واتە بەڕێژەی (٤٠٪)ی ئۆتۆمبێلە بەرهەم هاتووەکانی. هێربێرت دیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن پێی وایە کە کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە ئەوروپا، دەتوانێت پێش کۆمپانیای تێسلا بکەوێت و تا ساڵی ٢٠٢٥ ببێتە گەورەترین فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا. ئەمە لە کاتێکدا کە بەپێی دوایین زانیارییەکانی کۆمپانیای کێلی بلو بوك کە تایبەتە بە توێژینەوە لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە؛ تێسلا پشکی شێری هەیە بە لە (٧٥٪)ی پشکی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا. بەپێی ڕاپۆرتی توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیای تێسلا (TSLA)، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی لە ئێستادا (٢) ملیۆن ئۆتۆمبێلە. تێسلا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕوونی پێشەنگی جیهان بوو لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لە بازاڕی چیندا خێرا گەشەی سەندووە وبەهێز بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا، BYD کە بنکەکەی لە چینە وەك ڕکابەرێکی نوێی گەورە سەرهەڵدەدات و ڕکابەرایەتی تێسلا دەکات. لە ساڵی ٢٠٢١دا مامناوەندی نرخی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە چین تەنها (١٠٪) زیاتر بووە لەئۆتۆمێلێکی ئاسایی. بە پێی توێژینەوەیەک کە لەسەر وڵاتی چین کراوە ئایا ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێچووی کێبڕکێی هەیە؟ ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2018، ئۆتۆمبێلی کارەبایی گرانتر بوون لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی، بەڵام لە دوای ساڵی 2025 بە پێچەوانەوە هەرزانتر دەبێت. لەئەوروپاش کۆمپانیای مارسیدس لە دوایین تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو بو کە بە تەنها بەیەك جار بارگاویکردن دەتوانێت هەزار کیلومەتر ببڕێت، ئەم سەرکەوتنە داهاتووی ئوتومبێلی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات. هەروەها کۆمپانیای تاتا مۆتۆرزی هیندستان ئاڤینیای کارەبایی بە مەودای (٥٠٠) کم نمایش دەکات. لە ئێستادا زیاد لە (٣٧) کۆمپانیا سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایین، لەوانە هەر یەك لە تێسلا، لوسید مۆتۆرز، زووکس، ئاپتیڤ، ڕیڤیان، ئێن ئای ئۆ، نیسان، ڤۆڵڤۆ وە زۆری تر. ئەم نموونانەی کە باسمان کرد هەمووی ڕاستی ئەوەمان پیشاندەدن کە ئاڕاستەی ئۆتومبێڵ لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوو بەگشتی دەگۆردرێت بۆ کارەبا. هەر پەیوەست بەم بابەتە یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٣٥ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بزوێنەری گەرمی قەدەغە دەکات. هەروەها لە ئەمریکا ئیدارەی بایدن زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری تەرخان کردوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین. هەروەها ولایەتی کالیفۆرنیا ڕێسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەم ڕێسایە قۆناغ بە قۆناغ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و بارهەڵگر کۆتایی پێدەهێنێت، کە دەگاتە قەدەغەکردنی تەواوەتی فرۆشتنی نوێی ئۆتۆمبێلەی بزوێنەری گەرمی تا ساڵی 2035. لە هەمان کاتدا بەریتانیا لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و دیزڵ لە ساڵی ٢٠٣٠. گۆرینی ئۆتۆمبێڵی بەنزین بۆ کارەبایی تەنها لە ئەوروپا و ئەمریکا و چین و هند نیە، زۆربەی زۆری وەڵاتان دەستیان کردووە بەم کارە، چ بەرهەم هێن یان بەکاربەری ئۆتومبێل بن. بۆ نموونە، سعودیە لە ماوەی (١٠) ساڵدا ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کۆمپانیای لوسید دەکڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی کارگەیەك لە شانشینی سعودیە راگەیاند. ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی سعودیە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێك بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، ئەوەش دوای هەوڵەكانی ئەم دواییەی سعودییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی كە هەمەچەشنكردنی ئابووری وڵاتەكەیەتی دوور لە نەوت. ئەم کارەی سعودیە لە کاتێکدایە کە سعودیە یەکەم بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهاندا و لە هەمان کاتدا ساڵانە (٢٠) ملیۆن گەشتیار روو ئەکەنە ئەو وڵاتە بۆ حەج و عەمرە و پلانیان هەیە ئەو ژمارەیە زیاد کەن بۆ (٣٠) ملیۆن لە ساڵێکدا. سعودییە بەم کارەی لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ کەم کردنەوەی پشت بەستن بە نەوت. لە هەرێمی کوردستانیش تۆتۆمبێڵی هایبەرد لە ئێستادا دەفرۆشریت و پەیتا پەیتا خەڵك لە سوودی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە تێدەگەن بە تایبەتی لەم کاتەدا کە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە. هەروەها لە ئاستی کەسیدا چەند ئۆتومبێلیکی کارەبایی هاتووەتە کوردستان کە پێ دەچێت تێچووی بارگاویکردنەوەی لە مانگێکدا لە ٥٠٠٠ دینار کەمتر بێت بەهۆی هەرزانی نرخی بارگاوی کردنی. بە پێی سایتی (ENERGY EFFICIENCY & RENEWABLE ENERGY) لە بەرمیلێك نەوتی خاو بڕی (٧٣) لیتر بەنزین و (٤٠) لیتر سووتەمەنی دیزڵ بەرهەم دەهێنرێت. بەرهەمەکانی دیکەی وەك سووتەمەنی فڕۆکە و ڕۆنی گەرمکەرەوە تەنها یەك لەسەر سێی پێکهاتەکان پێکدەهێنن. بە واتایەکی تر لە (٦٦٪)ی یەك بەرمیل نەوتی خاو دەکرێت بە بەنزین ودیزڵ بۆ سوتەمەنی ئۆتۆمۆبیل بەکاردێت، بۆیە ئەبێت خۆمان بۆ ئەگەری ئەوە ئامادە کەین کە پاش چەند ساڵێکی تر ئۆتۆمبێڵی بەنزین و دیزڵ زۆر کەم دەبێتەوە و ڕەنگە نەشمێنێت، دەرئەنجام ئەو خواستەی لەسەر نەوت هەیە بەڕێژەی (٦٦٪) بۆ بەنزین و دیزڵ کەم دەکات. هەروەها ئێمە وڵاتی بەکاربەرین و پشتمان بەو بەرهەمانەیە کە دەککەوێتە بازەڕەوە، وەکو دەشبینین ئاراستەی بازاڕ بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلی کارەباییە بۆیە هەرلە ئێستاوە دەبێت خۆمانی بۆ ئامدەبکەین لە هەوڵی بنیادنانی ژێرخانی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بین. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت بە قورسی وەبەرهێنان لە وزەی نوێ بووە وەدا دەکەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە بنەڕەتدا هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج وە مانەوەیان لە پێشبڕکیێ بازاردا و ئاراستەی جیهانیش چەندین ساڵە بەرەو وزەی نوێ بۆوە دەچێت و یاساکانیش بەتایبەت لە رۆژئاوا توند دەکرێنەوە لەسەر بەکارهێنانی وزەی پیس، بۆیە نایانەوێ لە پێشبرکی و پێشەنگبوون دەرکرێن هەربۆیە چەندین ساڵە دەستیان کردووە بە سەرمایە گوزاری لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا. پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران و خاوەن پشکەکان سەبارەت بە دەردانی کاربوون و گۆرانی کەش و هەوا بە تایبەت دوای ڕێکەوتنی پاریس رەنگە پاڵنەرێکی زیاتر بێت بۆ پەیڕەو کردنی ئەم ستراتیجیە. کۆمپانیا نەوتییەکان وردە وردە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی ژێرخانی بارگاویکردن نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵکو لە سەرانسەری بازاڕە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئاسیادا. شێل و تۆتال ئینێرجی پێشەنگی کۆمپانیاکانن لە بواری وەبەرهێنان، لەوانەش بەرهەمهێنانی کارەبای پاك، تەکنەلۆژیای پاتری و ژێرخانی شەحنکردنەوە، تا ساڵی ٢٠٢٥ کۆمپانیای شێڵ پلانی هەیە زیاتر لە (٥٠٠) هەزار خاڵ لە سەرانسەری جیهاندا درووست کات لە کاتێکدا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی (١٥٠) هەزار خاڵی بارگاویکردن لە سەرانسەری ئەوروپادا دەکاتە ئامانج. کاریگەری نرخی نەوت کاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە نرخی سوتەمەنیش زیاد دەکات تا وای لێهاتوو ئێستا تێچووی بەرهەم هێنانی کارەبا لە ڕێی وزەی نوێ بۆوە کەمترە لە سەرچاوەی گاز و نەوت. بەهەمان شێوە نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی وەك و بەنزین و گازوائیل زۆر بەرزدەبێتەوەو تێچویەکی زۆر لەسەر بەکاربەر دەکەوێت، و لەبەرانبەردا روودەکەنە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی. هەروەها ئەگەر نرخی نەوت نزمبێتەوە و لە چاوی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوتەوە سەیر بکەین ئەوا داهاتیان کەم دەکات و تووشی قەیرانی دارایی دەبن، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا شاهێدی ئەوە بووین. هەریەك لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت ( تۆتاڵ، بی پی، شێڵ، En, شیفرۆن و ئێکسۆن مۆبیل) ساڵانە بڕێکی زۆر بوجە تەرخان دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نوێبۆوەدا و ساڵانە چەندین تۆێژینەوە دەکەن لەسەر ئەو بوارانە. دیدگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و غازی فەرەنسی تۆتاڵ ئامانجیەتی لە ساڵانی داهاتوودا گەشە بە وەزەی نوێبووە بدات و بەردەوامێش دەبێت لە ئایندەدا. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ نزیکەی نیوەی فرۆشەکانی لە وزەی نوێبووەوە و کارەبا بێت. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیاکە پلانی هەیە ساڵانە ٣.٢٥ بۆ (٤ )ملیار دۆلار بۆ وزەی نوێبووەوە و کارەبا خەرج بکات تا ساڵی ٢٠٢٥. کۆمپانیای بی پی تاساڵی ٢٠٣٠ تە نها لە بەریتانیابڕی (٣٠) ملیار پاوەند کە زیاتر لە (٢١) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەوزەی نوی بۆوە دا دەکات، هەروەها کۆمپانیای شێڵ هەوڵدەدات لە نەوت و گاز دوور بکەوێتەوە و بەرەو وزەی نوێبووەوە بڕوات. وە ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ هەمان شت داناوە. کۆمپانیاکانی تریش بە هەمانشێوە. ئەم هێڵکارییە وەبەرهێنانی وزەی خاوێن لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ نیشان دەدات، وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای کۆرۆنا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا زۆر لە سەرووی تێکڕای پێنج ساڵەوە ماوەتەوە. دەرئەنجام بە پێی ئەو راستیانەی باسمان کرد خواست لە ئایندەدا لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە، کاتێكیش خواست کەم بوو نرخ دادەبەزیت، دابەزینی نرخیش مانای کەمی داهاتە بۆ وەڵاتیكی وەك عیراق و هەرێمی کوردستان کە نزیکەی (٩٥٪)ی داهاتیان پشتی بە نەوت بەستووە. لەگەڵ ئەوەی پێشبینییەکان هەمووی بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی جێگای ئۆتۆمبێلی بەنزین دەگرێتەوە و خواست لە سەر نەوت کەم دەبێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەوەش بەو شێوەیە ڕوونەدا کە پێشبینی ئەکرێت، ئەوا مەترسیەکی تر هەیە کە ئەویش نەوت هەتا کەی بەکاردەهێنرێت؟ ئامانج لەم نوسینە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم هەرچی زووترە بەجدی کار لەسەر وزەی جێگرەوەی نەوت بکات، هەرلە ئێستاوە ئامادە سازی بکات بۆ ئەو کاتەی کە نەوت وەکو سەرچاوەی وزە و داهاتی سەرەکی ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت. دەبێت ئامادەکاریی بۆ ئەو قۆناغە بەشێك بێت لە پلانی ستراتیجی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات . سەرچاوەکان: 1. https://www.energy.gov/eere/vehicles/fact-676-may-23-2011-us-refiners-produce-about-19-gallons-gasoline-barrel-oil#:~:text=button%20button-,Fact%20%23676%3A%20May%2023%2C%202011%20U.S.%20Refiners%20Produce%20about,from%20a%20Barrel%20of%20Oil&text=A%20standard%20U.S.%20barrel%20contains,an%20additional%206%25%20of%20product 2. https://www.iea.org/data-and-statistics/data-product/global-ev-outlook-2022 3. https://worldpopulationreview.com/country-rankings/oil-consumption-by-country 4. https://www.eia.gov/outlooks/steo/report/global_oil.php#:~:text=We%20estimate%20that%2098.8%20million,b%2Fd%20increase%20from%202021. 5. https://electrek.co/2022/07/20/tesla-tsla-reports-massive-increase-production-capacity-across-all-factories/ 6. https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/ 7. https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/ 8. https://news.middleeast-24.com/news/353910.html 9. https://www.nbcnews.com/business/autos/ford-laying-3000-workers-rcna44237?cid=sm_npd_nn_fb_ma&fbclid=IwAR1kyrMvPOEp67TIEpr_DPYtakcRCAGs-6foqIsyDpkuAUyYcPr3o-PQOpg 10. https://www.npr.org/2022/08/25/1119456396/california-is-set-to-ban-sales-of-new-gasoline-powered-cars-by-2035#:~:text=%22California%20now%20has%20a%20groundbreaking,better%20off%20for%20future%20generations.%22 11. https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement 12. https://www.ev-volumes.com/ 13. http://ae.ruc.edu.cn/docs/2021-10/9fcb3ef125be47ef9b11ccff4635c506.pdf 14. https://www.bp.com/en/global/corporate/news-and-insights/press-releases/bp-to-invest-up-to-18-billion-pounds-in-uk-energy-system-by-2030.html 15. https://auto.hindustantimes.com/auto/cars/electric-cars-beat-petrol-cars-in-sales-for-first-time-in-this-country-41648876403562.html#:~:text=According%20to%20the%20sales%20data,petrol%20models%20in%20this%20country. 16. https://www.powermag.com/oil-and-gas-majors-focus-on-renewable-energy-hydrogen-and-carbon-capture/ 17. https://powertechresearch.com/oil-companies-and-energy-retailers-take-charge-in-ev-charging-space/ 18. https://www.climate-transparency.org/15-market-share-of-electric-vehicles-in-new-car-sales 19. https://www.acea.auto/fuel-pc/fuel-types-of-new-cars-battery-electric-9-8-hybrid-20-7-and-petrol-39-5-market-share-in-q3-2021/ 20. https://www.offshore-technology.com/comment/oil-electric-vehicle-adoption/ 21. https://education.nationalgeographic.org/resource/petroleum 22. https://theicct.org/2021-global-race-evs-mar22/ 23. https://auto.economictimes.indiatimes.com/news/commercial-vehicle/lcv/electric-transport-revolution-set-to-spread-rapidly-into-light-and-medium-cv-market/69367425 24. https://www.youtube.com/watch?v=125epDfOPcQ 25. https://www.youtube.com/watch?v=9HwubmPbrWo
(درەو): بڕیاری دابەزاندنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لەناو گروپی ئۆپێك پڵەسدا، ئەمریكای لە سعودیە توڕە كردووە، دیموكراتەكان داوا دەكهن ئاستی فرۆشی چەك بە سعودیە كەمبكرێتەوە، بایدن ترسی هەیە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو پیران نرخی بەنزین بەرزببێتەوە. ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ویلایەتە یەكگرتووەكان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە، ئەمە دوای ئەوەی سعودیە لەگەڵ وڵاتانی تری گروپی ئۆپێك پلەس رێككەوتنی كرد لەسەر كەمكردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت. بلینكن وتی: لەبارەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعودیە بەچڕی لەگەڵ كۆنگرێسدا راوێژ دەكەین. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەدیاریكراوی باسی لەو هەنگاوانە نەكرد كە واشنتۆن تاوتوێی دەكات، بەڵام دوێنێ دیموكراتەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا داوایان كرد ئەمریكا ئاستی فرۆشی چەك بە سعودیە كەمبكاتەوە. هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گومانیان لە پەیوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیان هەیە لەگەڵ سعودیە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا توڕەییەكی زۆر هەیە سەبارەت بە كوژرانی خەڵكی مەدەنی لەو هێرشانەدا كە سعودیە لە یەمەن ئەنجامیان دەدات، ئەمە سەرباری پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سعودیەدا. ئیدارەی جۆ بایدن نیگەرانە لەوەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی ئەنجومەنی نوێنەرانو پیرانی ئەمریكا كە بڕیارە رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونكە دیموكراتەكان دەیانەوێت پارێزگاری لە كۆنترۆڵی خۆیان لەناو ئەو دوو ئەنجومەنەدا بكەن. تائێستا بایدن ئەو هەنگاوانەی ئاشكرانەكردووە كە بڕیارە دژی دابەزاندنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بیانگرێتەبەر، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ" واشنتۆن كارێك ناكات كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی خۆی بگەیەنێت".
درەو: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی، گۆڤاری ئاییندەناسی نووسەران: داریۆ کالدارا، سارا کۆنلیسک، ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ و مادی پێن١ وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد لەپاش لەشکرکێشیی سوپاى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مەترسییەکى گەورە لەسەر تێکچوونى هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانی ڕووی داوە. ئەم مەترسییە ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانى بوارى ستراتیژیی سیاسی و جیۆئەمنی، شارەزایانى ناوەندەکانى بەرهەمهێنان، جەمسەرە سەرەکییەکانى بازاڕی جیهانی و لێکۆڵیارانى جیۆئیکۆمۆنی؛ پێشبینی دەکەن جەنگەکە لێکەوتەیەکی گەورەى لەسەر ڕاکێشانى جووڵەى ئابووری و بەرزبوونەوەى دیاردەى هەڵئاوسان هەبێت، لە کاتێکدا ئەم کاریگەرییە نەرێنییە دەرئەنجامێکی توند و مەترسیدار لەسەر هەڵکشانى نادڵنیایی و بێمتمانەیى لە سێکتەری ئابووریی جیهانیدا دروست کردووە٢. وەک نموونەیەک بۆ دروستبوونى ئەم نیگەرانییە جیهانییە، هەروەها نیشاندانى کاریگەرییە نەرێنییەکانى ئەم قۆناغە، ڕاپۆرتى کۆتایی سندووقی دراوى نێودەوڵەتى لە بارەى ئایندەى دۆخى ئابووریی جیهان کە لە کۆتایى مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا ئەنجامی داوە، پتر لە دوو سەد جار تێچێنى لە بارەى چەمکەکانى “جەنگ و وێرانکاری” لەنێو فەرهەنگەکەیدا بەکار هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەو کاریگەری و پێشبینییانە لە ئێستادا خەریکە بەدی دێن، بەتایبەت ئەو هەلومەرجە مەترسیدارەى بەسەر ئابووریی ڕووسیا و ئۆکرانیادا هاتووە کە لە ئەنجامى لێکەوتە ڕاستەوخۆکانى جەنگ و ئەو سزا ئابووری و نێودەوڵەتییانەى بەسەر ڕووسیادا سەپێنراوە، بە شێوەیەکى توند و نائاسایی دۆخى ئابوورییان دووچارى شپرزەیی و داکشانی خێرا کردووەتەوە، ساغکردنەوەى بەرهەم و کاڵاکان لە گێژاوێکی بێبازاڕیدان، بۆرسە لۆکاڵی و بازاڕە داراییەکان هەر لە دەستپێکى جەنگەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، بەم چەشنە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە سیاسی و ئابوورییانەدا پرسیارێکی سەرەکى دەورووژێت، کە ئایا ناجێگیریی دۆخى جیۆپۆلەتیکی و گرژییە جیۆئەمنییەکان، تا چەند قورسایی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ و دواتریشدا جێ دەهێڵن؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە، لەنێو تەوەرە سەرەکییەکانى ئەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین سەرەتا بەرزبوونەوە و هەڵکشانى ئاستى ئەم دواییەى مەترسییە جیۆپۆلۆتیکییەکان لە ڕێگەى بەکارهێنانى دوو پێوەر لەسەر بنەماى شیکاریی دەقی و ژمارەیی بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان پشتئەستوورە بە خستنەڕووی داتا و زانیاریی ناو ڕۆژنامە جیهانییەکان، هەر چی دووەمیانە لەسەر بنەماى ڕێژەیی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان بونیاد نراوە. لەم ڕووەوە بە پشتبەستن بە جووڵە سەربازییەکان و پێوەرە ژمارەییەکان، دەتوانین نموونەیەک لە مۆدێلێکی ئابووریی پاڵپشت بە داتا و زانییارییەکانى ئەم دواییانەى ئابووریی جیهانى بەکار بهێنین، تاکوو بە سوودوەگرتن لە ئەزموونەکانى ڕابردوو لێکەوتە مەزنەکانى ئەو جموجووڵە لەسەر ناهاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانى و مەترسییە سەرەکییەکانى بخەینە ڕوو. ئەنجامى سەرەکیى توێژینەوەکە ئەوە نیشان دەدات کە پاش هێرشەکانى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆدێلێکی نوێ لە هەڵکشانى چاوەڕوانکراو لە ئاست مەترسیی ناهاوسەنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان ڕووی داوە، کە کاریگەرییە مەزنەکەى لەسەر ئابووریی جیهانى (GDP)بۆ ساڵی ٢٠٢٢ چەند هێندەیە بەراورد بە ئابووریی جیهانى لە دۆخی سەقامگیریی دوور لە جەنگدا. هەر بۆیە لەنێو ئەم مۆدێلە نوێیەدا جەنگ و وێرانکاری گوشارێکی فراوانى لەسەر دروستکردنى قەیران و کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی جیهانیی بۆ نزیکەى 1،5% ڕسکاندووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانى لەسەر بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوسان لەسەر ئاستى جیهان بە گوژمەى 1،3 خاڵ زیاد کردووە، بەم جۆرە لێکەوتە نەرێنییەکانى ئەم مۆدێلە لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕێگەى داکشانى ڕێژەى بەکاربردن، بەرزبوونەوەى نرخەکان و ئاڵۆزبوون و بێسەروبەریی بازاڕە داراییەکان؛ بە خێراییەکى ڕێژەیی دەبینرێن. وێڕای ئەوە، پاڵپشت بە پێوەرە بنەڕەتییەکانى ئاستى قازانج و داهاتى کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە پێدەچێت لە ئایندەدا زەبرێکی ئابووریی گەورە و کاریگەر بەر ئابووریی ئەورووپا بکەوێت و زۆرترین مەترسیی هەڵئاوسان و دروستبوونى قەیرانى ئابووری بە مۆدێلی ئەورووپایی دروست ببێت بەتایبەت لەنێو پیشەسازیی بەرهەمهێنانى کاڵا خزمەتگوزارییەکاندا، کە لێکەوتە سەرەکی و ڕاستەوخۆکانى بە زیادبوونى نرخی کاڵاکان دەست پێ بکات. پێوانەکردنی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان تێگەیشتن لە کاریگەرییە ژمارەییەکانى بەرزبوونەوەى ڕادەى گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان پێویستى بە ئاڵنگارییەکی سەرەکی هەیە کە پەیوەندیی بە پێوانەکردنیانەوە هەیە، لێرەدا یەکەمین پێوەرمان هەڵسەنگاندنەکانى مەترسیی جیۆپۆلەتیکی (کالدارا – یاکۆڤیێلۆیە) (GPR)، کە لە ڕێگەى بەکارهێنانی گەڕان و پشکنین بۆ ئەو بابەتانەى لەنێو ڕۆژنامەکاندا بڵاو کراونەتەوە کە باس لە ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان و لێکەوتە و مەترسییە پەیوەندیدارەکان دەکات، بەم هۆیەوە ئیندێکسی (GPR) تیشک دەخاتە سەر پشکینین و گەڕان بەدواى ململانێ توندەکانى وەک: (جەنگ، هێرشی تێرۆرستى، بارگرژیی نێوان وڵاتان، ناکۆکیی نێوان کارەکتەرە سیاسییەکان)، یاخود هەموو ئەو بارگرژییانەى کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاڕاستە و ڕەوتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێ بهێڵێت٣. ئەم پێوەرە لە ساڵی ١٩٠٠ کارا بووە، ئەویش لەسەر بنەماى گەڕانێکی خولی و ئۆتۆماتیکی لەنێو دەقی ڕۆژنامە گرنگەکانى وەک (شیکاگۆ تریبیون، نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست)، هەروەها لە ساڵانى ڕابردوودا پێوەرەکە پشتی دەبەست بە حەوت ڕۆژنامەى دیکە لە ئەمەریکا، بەریتانیا و کەنەدا. وێنەى یەکەم، پێوەرەکانى “GPR” لە ساڵی (١٩٧٠)ەوە نیشان دەدات، کە ڕادەى بەرزبوونەوەى ناو وێنەکە (پێوەرەکە) پەیوەندیدارن بە مەترسی و لێکەوتەى جەنگەکان یان ڕووداوە تیرۆریستییە گەورەکان. شیاوى باسە ئەم پێوەرە لەپاش لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و مەترسیدار هەڵکشاوە، بە جۆرێک لە ئازاری (٢٠٢٢)ەوە هەڵسەنگاندنى ئەم پێوەرە گەیشتە یەک لە بەرزترین ئاستەکان لە ماوەى پەنجا ساڵی ڕابردوودا، کە بەراورد کراوە بە هەڵکشانێکی لوتکەیی هاوشێوە لە قۆناغی جەنگى کەنداو و عێراقدا. وێنەی (1) پێوەرەکانی مەترسییە جیۆسیاسییەکان تێبینی: ژمارەکان لەسەر بنەماى پێوەرەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان (کالدارا – یاکۆڤیێلۆ) (GPR)ە کە لە کانوونى دووەمى 1970 تا ئایاری 2022 نیشان دەدات، پێوەرەکە پشت دەبەستێت بە هەڵسەنگاندنێکی مێژوویی (GPR) کە لە 1970 تا 1984 بونیاد نراوە، تاکوو هەڵسەنگاندنى کۆتایی (GPR) لە ساڵی 1985دا، بەڵام بە سەرنجدان لە وێنەکە، دەردەکەوێت کە بە درێژایی ماوەى نێوان (1985-2019) هەڵسەنگاندنى پێوەرەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاسایی بووەتەوە بۆ ئاستێکی مامناوەند کە یەکسانە بە ١٠٠ نمرە. سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی لەسەر بنەمای “داریۆ کالدارا” و “ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ” (2022)، “پێوانەکردنی مەترسیی جیۆسیاسی”، پێداچوونەوەی ئابووریی ئەمەریکی لە لایەکی دییەوە دوو لە گرنگترین پێوەرە گشتییەکان کە هەڵسەنگاندنى “GPR“ى لەسەر بونیاد نراوە، بریتین لە پێوەرەکانى لێکەوتەى جەنگ یاخود هەڕەشە جیپۆلەتیکییەکان لەسەر ناوچە و شوێنگەی تر کە ناوچەى ڕاستەوخۆی شەڕ نییە، لەمەوە “GPT” کارى ژمێرەیی بۆ سەرجەم ئەو نیگەرانییانەش دەکات کە پانتایی ناسەقامگیری و کاریگەریی بارگرژی و ململانێکان لەسەر ناوچەی دەرەوەى ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان جێ دەهێڵێت، یان ئەو شوێنانەى بە ناڕاستەوخۆ دەکەونە بەر مەترسی. هەروەها یەکێکی دی لە پێوەرەکان “GPA“ە بۆ دەرخستنى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، جووڵە کردەییەکانە لە وادەى دەستپێکردنى ڕووداوەکان٤، وەک لە (وێنەى دووەم – A)دا نیشان دراوە، بە چەشنێک پێوەرەکانى “GPT” لەنێوان مانگەکانى کانوونى دووەم و ئازاردا بەرز بووەتەوە، بەڵام لە مانگەکانى نیسان و ئایاردا دابەزیوە، ئەم شیکارییەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا دەگونجێت کە دەرئەنجامە توندەکانی جەنگەکە، وەک بەشداریکردنی ڕاستەوخۆى چەند وڵاتێک یان زیاتر، ڕەنگە تا ئەندازەیەک کەمتر هەست پێ بکرێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین هەمان پێوەری “GPR” کە لەپاش جەنگ و داگیرکارییەکانەوە هەڵکشابوو، بە شێوازێکی نەرم و لەسەرخۆ پاشەکشە دەکات. وێنەی (٢) نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی ئەم دواییە تێبینی: پانێڵی چەپ جووڵەکانی ئەم دواییە لە پێوەرەکانی “GPR” و دوو پێکهاتە لاوەکییەکەیدا دەخاتە ڕوو، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) نیشان دەدات. پانێڵی ڕاست پەرەسەندنی پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیا جیهانییەکان دەخاتە ڕوو، کە باس لە نیگەرانییەکان دەکەن سەبارەت بە ململانێی نێوان ڕرووسیا و ئۆکرانیا. جێگەى باسە هەردوو پانێڵەکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دەگرێتەوە. سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) لەم توێژینەوەیەدا داتا و زانیارییەکانی ناو پێوەرەکانی “GPR” لە ڕێگەى هەڵسەنگاندنێکی تر و بە پێوەرى دووەم کە تایبەتە بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان پشتڕاست دەکەینەوە، ئەویش لە ڕێگەى گەڕان بەدواى دۆکیۆمێنت و بەڵگە نووسراوەکانى داهاتى کۆمپانیا زەبەلاح و جیهانییەکان کە لەسەر بنەماى لەشکرکێشەییەکەى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بونیاد نراوە٥. بە پێی ئەم پێوەرە، بۆچوونە نەرێنییەکانى کۆمپانیاکان لە بارەى ململانێکانەوە لە ڕێگەى کۆنفڕانسە جیهانییەکان بۆ خستنەڕووی بڕی داهات لە سەرانسەری جیهاندا خراونەتە ڕوو، ئەمەش دەریدەخات ٤٠%ی سەرجەم ئەو بابەتانەى پەیوەندیدارن بە بڕی داهاتى کۆمپانیاکان لە مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا، ڕاستەوخۆ کاریگەریى ململانێی جەنگەکەیان لەسەر بووە، ئەمەش وەک لە “پانێڵی ڕاست”دا دەردەکەوێت، پێوەرەکانی مەترسیی جیۆپۆلەتیکی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی داهات و پشکەکان، ڕێژەیەکی داینامیکیی چوونیەک و هاوشێوە لەگەڵ پێوەرەکانی داتا و زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان نیشان دەدەن، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێوەرەکانی “GPR” لەسەر بنەمای زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان پەیوەندییەکى ڕاستەوانەیان بە بڕی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان و سیستمى وەبەرهێنەرانەوە هەیە. دیاریکردنی ژمارەی کاریگەرییەکانی مەترسییە “جیۆسیاسییە بەرزەکان” لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی (GPD) و دیاردەى هەڵئاوسان بە شێوەیەکی گشتى لە ڕووی مێژووییەوە قۆناغەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە لێکەوتەى نەرێنی و مەترسیداریان هەبووە، تا ئەندازەیەکی بەرچاو پەیوەندیی خراپیان لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان جێ هێشتووە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی جەنگەکان سەرمایەی مرۆیی و فیزیکی لەناو دەبەن، سەرچاوە و ماتەوزەى بەرهەمهێن دەگۆڕن بۆ بەکارهێنى ناچالاک، جووڵەى بازرگانیى نێودەوڵەتیی کەڵەکەبوونى سەرمایە سست دەکەن، ڕیتمى ئابووریی جیهانى تێک دەدەن، وێڕاى ئەوەش کات و مەوداى جەنگ و دەرئەنجامە نزیک و دوورەکانى ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان ڕەنگە قورسایی زیاتر لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دابنێت، ئەویش بە پاشەکشێ لە بوارەکانى وەبەرهێنان و دامەزراندنی کۆمپانیاکان، کەمکردنەوەی متمانەی بەکاربەران و توندکردنەوە و گرژبوونى بارودۆخی دارایی. لەم توێژینەوەیەدا خستنەڕووی پێوەرە ژمارەییەکان کە تایبەتن بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ڕێگەمان پێ دەدات لە ڕووی چەندایەتییەوە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی جەنگ لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان دەستنیشان بکەین. بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە مۆدێلێکی خۆپاشکەوتنی ڤێکتەری بە پێکهاتەی “VAR” دەخەمڵێنین، هەروەها مۆدێلی خەمڵێنراو بەکار دەهێنین بۆ ژماردن و دیاریکردنی کاریگەرییەکان بە درێژایی ماوەى جەنگ، کە لەم ڕێگەیەوە هەڵکشانى ئەم دواییەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دروستتر نیشان دەدات. مۆدێلەکە پێوەرەکانی (مانگانەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان، ڕێژەی هەڵئاوسانی جیهانی، نرخی پشکەکانی جیهان، نرخی ڕاستەقینەی نەوت، بەهاى ڕاستەقینەى دۆلار، نرخی کاڵاکان، ئاستى متمانە و دڵنیایی بەکاربەری جیهانی، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) لەخۆ دەگرێت٧. مۆدێلی “VAR“، داتا و ئامارى مانگی کانوونى دووەمى ساڵی ١٩٧٤ تا نیسانی ٢٠٢٢ دەخاتە ڕوو کە تێکڕا لەو ماوەیەدا سێ داکشانى ناچوونیەک لەخۆ دەگرێت٨، ئێمە گریمانە دەکەین کە گۆڕانکارییەکان لە پێوەرەکانی “GPT” و “GPA“؛ ڕێژەى هەڵئاوسان لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ گۆڕاوە ئابوورییەکانی تردا پێش دەخات، بە جۆرێک کە هەر پەیوەندییەکی هاوچەرخ لەنێوان مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕاوە داراییەکاندا دروست ببێت، ڕاستەوخۆ گریمانە دەکرێت کە کاریگەریی ئەو مەترسییە جیۆپۆلەتیکییانە لەسەر گۆڕاوە داراییەکان ڕەنگ بداتەوە، بەپێچەوانەشەوە هەر گۆڕاوێکی دارایی لە توانایدایە کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕاوەکانی بەجێ بهێڵێت. وێنەی سێیەم شیکارییەکى مێژوویی ئەنجامە خەمڵێنراوەکانی “VAR” نیشان دەدات، کە بە تێپەڕبوونى کات کاریگەرییەکان لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستى جیهانی و هەڵکشانى ڕێژەی هەڵئاوسان و زیادبوونى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان لە کانوونى دووەمى (2022)ەوە بە ئەندازەیەکی هەستپێکراو فراوان بووە، بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە تا ئێستا لەمساڵدا بینراون، ئەمەش ڕاکێشانێک لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی جیهان دروست دەکات کە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ لێکەوتەى دەبێت، هاوکات بە کەڵەکەبوونى ئەم کاریگەرییەش لێکەوتەیەکی نەرێنی بە گوژمەى ١.٧% لەسەر ئاستى ڕێژەی بەرهەمە جیهانییەکان دەبێت. بە هەمان شێوە بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، نرخەکانیش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی جیهانی بە ڕێژەی ١.٣% تا نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام پاش ئەوە شەپۆلی ئەم کاریگەرییانە دەست دەکەن بە کەمبوونەوە و پاشەکشە. وێنەی (3) کاریگەرییەکانی زیادبوونی ئەم دواییەی مەترسیی جیۆسیاسی تێبینی: ژمارەکان وەڵامدەرەوەى ئەو کاریگەرییانەن کە بە تێپەڕبوونی کات لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (پانێڵی چەپ) و هەڵئاوسانی جیهان (پانێڵی ڕاست) ڕوویان داوە بۆ بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، کە تێکڕا قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی 2022دا نیشان دەدات. هێڵە سوورە زەقەکان خەمڵاندنى مامناوەند نیشان دەدات، هێڵە شینە خاڵییەکان ئاماژە بە ئاستەکانى دڵنیایی دەدات کە ڕێژەى ٧٠% دەستنیشان دەکەن، گۆڕاوەکان لە کانوونى دووەمى ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بە لادان لە هێڵی بنەڕەتی لە دۆخى ئارام و دوور لە جەنگ نیشان دراون. سەرچاوە: ژمێریاریی دەستەی یەدەگی فیدراڵی لەگەڵ ئەوانەشدا، دەکرێت بپرسین مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان چۆن دەگوازرێنەوە بۆ سەر ئاسایشی ئابووریی جیهانی؟ لێرەدا ئێمە بە خەمڵاندنی پێکهاتەی “VAR” لەگەڵ چەند کەناڵێکی جیاوازدا وەڵامى ئەم پرسیارە وەردەگرین، بەتایبەت لە ڕێگەى “وێنەی چوارەم” کە نەخشێکی وردتری ئابووریی جیهانى لەبەردەم شۆکێکی مەزن و مەترسیدارى جیۆپۆلەتیکی دەخاتە ڕوو، لەم ڕووەوە پێمان دەڵێت کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢-دا پەیوەندییان بە دابەزینی متمانەی بەکاربەران و نرخی پشکەکانەوە هەیە، کە هۆکارگەلێکن و کۆى گشتیى خواستى بەکاربەر لاواز دەکەن. بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرز دەبێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە بەرزبوونەوەی نادڵنیایی جیهانی و هەستی مەترسیی نەرێنی، تێکڕا دەتوانن ببنە بەربەست لەبەردەم خاوبوونەوەى مەترسییەکان و ڕەخساندنى دۆخی ئارام و سەقامگیری ئابووری لەسەر ئاستى جیهان و مەترسییەکانى سەر سەرمایەی نێودەوڵەتى (فۆربێس و وارنۆک، ٢٠١٢)، بەم پێودانگەش نرخی نەوت و کاڵاکانى تر بەرز دەبنەوە، ئەمەش فشاری داکشان لەسەر چالاکییەکانی جیهان و فشاری هەڵکشان لەسەر دیاردەى هەڵئاوسان دروست دەکات. وێنەی (4) میکانیزمی گواستنەوەی مەترسی (جیۆسیاسییە بەرزەکان) لەسەر گۆڕاوە ئابوورییە گەورەکان تێبینی: ژمارەکان زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا نیشان دەدات، کە قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی ٢٠٢٢ ڕووی داوە. بۆ هەر گۆڕاوێک، خاڵە سوورەکان خەمڵاندنی ناوەندی زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمدا نیشان دەدەن. هێڵە شینەکان ئاماژە بە ئاستى دڵنیایی ٧٠% دەکەن. کاریگەرییەکە بە لادان لە هێڵی بنەڕەتیی دوور لە جەنگ بۆ هەموو گۆڕاوەکان جگە لە هەڵئاوسان دەپێورێت. سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی کێبڕکێ و بەرکەوتنە پیشەسازییەکانى نێوان وڵاتان سروشتی ناوچەیی زۆرێک لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ڕەنگە ئەو مەترسییانە کاریگەری نەرێنیی ئابوورییان بە یەکسانی لە سەرانسەری جیهاندا نەبێت. ئێمە بەرکەوتنى وڵاتێک لەسەر بنەماى ململانێکانى ئێستای دەپێوین، ئەویش لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى پشکی ئەو کۆمپانیایانە کە لە داهاتى چارەکی (quarter) ئەمساڵدا کاریگەریى جەنگى ئۆکرانیایان لەسەرە، ئەویش بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە٩. “وێنەی پێنجەم” بەرکەوتنی وڵاتان لە نەخشەی جیهاندا نیشان دەدات، بە جۆرێک ڕەنگى تۆخ ئاستی بەرکەوتنی بەرزتر نیشان دەدات. وەک دەبینرێت وڵاتانى ئەورووپا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە جەنگ و ململانێکان نزیکن، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. نزیکەی ٨٠ %ی کۆمپانیاکانی فینلاند و پۆڵەندا کە دوو وڵاتن سنوورێکیان لەگەڵ ڕووسیا یان ئۆکرانیادا هاوبەشە، نیگەرانن لە شەڕەکە. هەر چی ئەڵمانیاشە، وڵاتێکە لە ڕێگەی هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیاوە کاریگەرییەکى زۆری ململانێکانى لەسەرە، ئەم کاریگەرییەش وەک ئەوەى لە ئاستى داهاتى کۆمپانیاکاندا دەردەکەوێت (٧٥%)ە، پاش ئەوەش پێناچێت کاریگەریی ململانێکان لەسەر ناوچەکانى تری جیهان بەو شێوەیە چڕ بێتەوە١٠. بەگشتی ئەم بەڵگانە ئاماژەن بۆ ئەو مەترسییەی کە وڵاتانی ئەورووپا ڕەنگە تا ڕادەیەک زیاتر بەدەست کەوتنی ئابووریی ململانێکانەوە بناڵێنن. وێنەی (٥) نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لەسەر وڵاتان بە پێی ئاستی داهاتى کۆمپانیاکان لە ساڵی 2022 تێبینی: ئەم هێڵکارییە بەرکەوتنی وڵاتان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نیشان دەدات، کە بە بەکارهێنانی پشکەکان لە داهاتی کۆمپانیاکان کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن؛ هەژمار کراوە، بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە. پشکی پەیوەندییەکانی داهات بۆ ئەو وڵاتانە حیسابی بۆ دەکرێت کە لانی کەم 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022. ئەو وڵاتانەی کە هیچ پەیوەندییەکی داهاتیان نییە یان کەمتر لە 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە، بە ڕەنگى خۆڵەمێشی نیشان دراون. ڕەنگى سپی ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ کۆمپانیایەک باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان ناکات، لە کاتێکدا سووری تۆخ ئاماژەیە بۆ لە سەددا سەدی ئەو کۆمپانیایانە کە باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان دەکەن. سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) هەروەها ئەگەری زۆرە کاریگەرییە ئابوورییەکان بە هۆی جەنگ و ململانێکانەوە بە پێی جۆری پیشەسازی نایەکسان بن. “وێنەی شەشەم” پشکی ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکات کە باس لە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکەن لەلایەن ڕووسیاوە لە پەیوەندییەکانی داهاتی چارەکییاندا بە پشتبەستن بە کارکردنیان لە پیەشەسازییە قورسەکاندا. کاریگەریی ئەم ململانێیەی ئێستا زیاتر لە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی کاڵادا چڕ بووەتەوە کە بە پێی زانیارییەکان تەنانەت پێش لەشکرکێشیی ڕووسیاش دووچارى تەنگەنەفەسی ببوو، کە ڕێژەی ڕوودانی نزیکەی ٨٠%ی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەورووپا دەگرێتەوە. لەم نێوەندەدا، ئەو پیشەسازییانەی کە کەمتر کاریگەریی داکشانیان لەسەرە، وەک پیشەسازیی خزمەتگوزارییەکان، کەمتر نیگەرانیی خۆیان لە جەنگەکە دەردەبڕن. وێنەی (6) نیگەرانیی کۆمپانیاکان بە هۆی تێکچوونى هاوسەنگیى جیۆسیاسی لەسەر بەرهەمهێنانى پیشەسازى لە ساڵی 2022 تێبینی: ئەم هێڵکارییە پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیاکان نیشان دەدات کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022، بە پشتبەستن بە پیشەسازیی کارکردنی کۆمپانیاکان و شوێنی جوگرافییان. پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای ستانداردی جیهانیی پۆلێنکردنی پیشەسازی (GICS) دامەزراوە. تێبینی: کۆمپانیا ڕووسی و ئۆکرانییەکان لە ناوچەی یەکێتیى ئەورووپا بێبەشن، هەر بۆیە کۆکردنەوەکان لە “GICS” بەم شێوەیە دەبێت: (ئۆتۆمبێل و پێکهاتەکانی لەخۆ دەگرێت، کاڵای سەرمایە و بەکاربەر، کەلوپەلی بەکاربەر و جلوبەرگ، نیمچەڕێبەر و ئامێری نیمچەڕێبەر، نەرمەکاڵا و خزمەتگوزاری و ڕەقەکاڵا و ئامێری تەکنەلۆژیا، وزە و خۆراک، فرۆشیارى ماددە خۆراکییەکان، خواردن و خواردنەوە و تووتن، کەلوپەلى ناوماڵ، خزمەتگوزاریی بانکى، خزمەتگوزارییە بازرگانی و پیشەییەکان، دارایی هەمەچەشن، ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی، بیمە، میدیا، کاتبەسەربردن، دەرمانسازی، بایۆتەکنەلۆژیا، زانستی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان). سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) ئەنجامی سەرنج و لێکدانەوەکان زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە بە هۆی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروست بوون و لە ئایندەدا کاریگەرییەکانى چەند هێندە دەبن، هەر بۆیە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ کاریگەریی نەرێنی و قورسایی خراپی لەسەر بارودۆخی ئابووریی جیهانی دەبێت. ئەم جۆرە کاریگەرییانە لە مۆدێلەکەماندا خەمڵێنراون کە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی هەڵئاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو خراونەتە ڕوو، ئەمەش مامەڵەی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی بانکە ناوەندییەکان دەبێتەوە؛ لە سەرانسەری جیهاندا گرژ و ئاڵۆزتر دەبن، هەر چەندە کاریگەرییەکان گەورە و بەهێزن، بەڵام پێناچێت ئەم کاریگەرییانە ئەوەندە گەورە بن کە بتوانن هەوڵ و تێکۆشانى وڵاتانی جیهان بۆ ڕێکخستنەوە و چالاککردنى سیستمى ئابووریی جیهانى بوەستێنن، بەڵام داهاتووی جەنگەکە زۆر نادیارە و پێشهاتە پێشبینینەکراوەکان لە ململانێکاندا دەتوانێت گۆڕانکاریی زیاتر لە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیدا دروست بکات و لێکەوتە لەسەر بوارە ئابوورییەکان زیاتر بکات و کاریگەرییە نەرێنییەکان زیاتر خۆیان نمایش بکەن. پەراوێزەکان نووسەرانی ئەم بابەتە، ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵین لە بەشی دارایی نێودەوڵەتی. جێگەى باسە نووسەران بەرپرسیارن لە سەرجەم زانیاری و داتاکانى ناو ناوەرۆکی توێژینەوەکە، لەم ڕووەوە هەر هەڵە و کەموکوڕییەک هەبێت یان هەر بیروبۆچوونێکی جیاواز لەخۆ بگرێت، ڕەنگدانەوەى تێگەیشتن و بۆچوونى نووسەرانە و پەیوەندیی نییە بە دەستەى پارێزگارانى یەدەگى فیدراڵییەوە، یان هەر کەس و لایەنێک کە پەیوەندیدار بێت بە دەستەى سیستمى یەدەگی فیدراڵییەوە. بۆ نموونە: سەرنج بدە لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیی “جیرۆم پاول”؛ سەرۆکی بانکی فیدراڵی کە لە پەراوێزى کۆبوونەوەی ٣-٤ی ئایاری ٢٠٢٢ تایبەت بە چالاکییەکانى لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی ئەنجامی دا و تیایدا باسی لە کاریگەری و لێکەوتەکانى جەنگەکە کرد لەسەر جووڵەى ئابووریی جیهانى و ئەوەى خستە ڕوو کە لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی چەندین پێوەری ناهاوسەنگ لە نادڵنیایی ئابووری. بۆ بینینی ناوەرۆکی وتارەکە، بڕوانە: https://www.federalreserve.gov/mediacenter/files/FOMCpresconf20220504.pdf. بۆ وەرگرتنى زانیاریى ورد و زیاتر، بڕوانە: Caldara and Iacoviello (2022). ئیندێکسی “GPT” بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت لەنێو بابەتی ڕۆژنامەکاندا کە پەیوەندییان بە جەنگ، لایەنى سەربازی، ئەتۆمی و هەڕەشەی تێرۆریستییەوە هەیە، هەر چی ئیندێکسی “GPA”ە بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت کە ئاماژە بە سەرەتا، یان پەرەسەندنی جەنگەکان، یان ڕوودانی ڕووداوە تێرۆریستییەکان دەکەن. تا ڕادەیەکی پێویست ئێمە نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی پەیوەست بە ململانێکان لەسەر بنەماى چەمکەکانى پەیوەست بە جەنگ دەخەینە ڕوو، وەک “جەنگ” یان “لەشکرکێشی” لەگەڵ “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا”. بەڵام پێوەرە هاوشێوە و فراوانەکانی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئاستی کۆمپانیاکان (بە پشتبەستن بەو گەڕانانەی کە مەرج نییە وشەی “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا” لەخۆ بگرن). کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022) نیشان دەدەن کە لە سەرانسەری وڵاتان و بە تێپەڕبوونی کات، مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان پەیوەندییان بە ئەگەری زیاتری کارەساتی ئابووری و کەمبوونەوەی گەشەی چاوەڕوانکراوی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە. ئێمە نرخی پشکەکان بە پێوەرەکانی دۆلاری جیهانی (FTSE) دەپێوین، نرخی کاڵاکان بە پێوەرەکانی کاڵای “S&P Goldman Sachs”، متمانە بە پێوەرەکانی دڵنیایی بەکاربەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان و نرخی نەوت بە پێوەرەکانی ناوەندی ڕۆژئاوای تەکساس. هەڵئاوسان لە داتای دارایی جیهانییەوە وەرگیراوە. بەرهەمی ناوخۆیی مانگانە لەسەر بنەمای یەکسانیی هێزی کڕین دامەزراوە و بە بەکارهێنانی ئەو میتۆدۆلۆژیایە دروست دەکرێت کە لە کوبا-بۆردا، میکانیک و ڕافۆ (2018)دا باس کراوە. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، مۆدێلی “VAR” لەنێو پێکهاتەى ئابووریی ئەمەریکا، وە پێوەرێکی خەمڵێنراو بۆ سەیرکردنی کاریگەرییە داینامیکییەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەکار دێنن. ئێمەش لێرەدا “VAR” وەک مۆدێلێک بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکار دێنین (ئێمە لە ساڵی 1970 دەست پێ دەکەین لەبریی 1985)، بەکارهێنانی داتای مانگانە و سەیرکردنی کاریگەرییە جیهانییەکان نەک بەتەنها ئەمەریکییەکان، بە ڕەچاوکردنى بایەخدانى بەرچاو بە دیاردەى هەڵئاوسان. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، نیشانی دەدەن کە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیی بەرزی ئاستی کۆمپانیا کە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی شیکاریی هاوشێوە کە لەم تێبینییەدا باس کراوە، هەژمار کراوە تیایدا بەرهێنانی ئاستی کۆمپانیا کەم دەکاتەوە. کارەکانی ئەم دواییەی فریدری تیلی (٢٠٢٢)، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندی فەزایی پەرەسەندنی ئابووری لە جەنگی ئۆکرانیا. ئەوان “سزای نزیکی” لە گەڕانەوەی پشکەکاندا دیاری دەکەن: تا وڵاتێک لە ئۆکرانیا نزیکتر بێت، دابەزینی بازاڕی پشکەکانی بەراورد بە سەرەتاى دەستپێکردنى جەنگەکە فراوانتر دەبێت. سەرچاوەکان سەرچاوە: دەستەی پارێزگارانی سیستمی یەدەگی فیدراڵی لە واشنتۆن (The Federal Reserve System) لینك: The Fed – The Effect of the War in Ukraine on Global Activity and Inflation (federalreserve.gov) تێبینی: كۆتا نوێكردنەوەی (update) ئەم بابەتە، لە ڕێكەوتى 27ی ئایاری 2022-دا ئەنجام دراوە. Anayi, Lena, Nicholas Bloom, Philip Bunn, Paul Mizen, Gregory Thwaites, and Ivan Yotzov (2022), “The impact of the war in Ukraine on economic uncertainty“, VoxEU.org, 16 April. Caldara, Dario, and Matteo Iacoviello (2022), “Measuring Geopolitical Risk,” American Economic Review, vol. 112 (April), pp. 1194–225. Cuba-Borda, Pablo, Alexander Mechanick, and Andrea Raffo (2018), “Monitoring the World Economy: A Global Conditions Index,” IFDP Notes, Board of Governors of the Federal Reserve System, June 15. Federle, Jonathan, Andre Meier, Gernot Müller, and Victor Sehn (2022), “Proximity to War: The stock market response to the Russian invasion of Ukraine“, CEPR Discussion Paper 17185. Forbes, Kristin J. and Francis E. Warnock (2012), “Capital flow waves: Surges, stops, flight, and retrenchment,” Journal of International Economics, vol 88 (2), pp. 235-251.
(درەو): پادشای نوێی بهریتانیا حهزی به نوكتهو قسهی خۆش ههیه، بهڵام ئهڵێن عادهتێكی خراپی ههیه زوو ههڵئهچێ، نهیارهكانی ئهڵێن دهستوهردان له كاروباری سیاسیدا ئهكات، رهنگه ئهمه دواجار سیستهمی پادشایهتی له بهریتانیا بخاته مهترسییهوه، بۆ ئهو كوردانهشی بهمدوایه به قاچاخ خۆیان گهیاندوهته بهریتانیا، رهنگه هاتنی پادشای نوێ بۆ ئهوانیش لهگهڵ خۆیدا بهختی هێنا بێت، چونكه پادشای نوێ دژی دیپۆرتكردنی زۆرهملێی پهنابهرانه بۆ رواندا، وردهكاری زیاتر لهم راپۆرتهدا. 70 ساڵ چاوهڕوانی تهخت دوای مردنی شاژن ئیلیزابێسی دایكی، دواجار شازادە چارلز بوو بە پادشای بەریتانیاو 14 وڵاتی تر، بەمەش كۆتایی هات بە زیاتر لە 70 ساڵ چاوەڕوانی شازادە بۆ گەیشتن بە تەختی پادشایەتیی، ئەمە درێژترین وادەی چاوەڕوانی شازادەیەكە بۆ تەخت لە مێژووی بەریتانیادا. چارلز روبەڕووی ئەركێكی سەخت دەبێتەوە، كۆچكردووی دایكی خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەهێزو رێزێكی زۆر بوو، بەڵام لەدوای خۆی خێزانێكی شاهانەی بەجێهێشتووە كە ئابڕوچونەكانو ناكۆكی خێزانی لەبەر یەكتری هەڵوەشاندووە، ئەمە لەپاڵ دەنگۆی بەردەوام لەبارەی رەگەزپەرەستیی بەرپرسانی كۆشكی باكنگهام. چارلز كە لە تەمەنی (73) ساڵیدایە كە روبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە دەبێتەوە، ئەو بەتەمەنترین پادشایە لەناو خێزانی شاهانەدا تەخت وەردەگرێت كە مێژووی حوكمڕانییان دەگەڕێتەوە بۆ (هەزار) ساڵ، هاوسەری دووەمی چارلز كە ناوی (كامێلا)یە، لەناو رایگشتی بەریتانیادا مشتومڕی لەسەرە. ئەوانەی نەیارن دەڵێن، پادشای نوێ كەسایەتیی لاوازەو حەزی بە دەستوەردان لە سیاسەت هەیەو گونجاو نییە بۆ ئەو پلەیە. چارلز پێشتر روبەڕووی گاڵتەجاڕی بوەتەوە، ئەمە بەهۆی بانگەشەكردنی بۆ قسەكردن لەگەڵ درەختو ئارەزووەكانی بۆ ئەندازیاری بیناسازیو ژینگە، ژیاننامەی ئەو هەمیشە دەبەسترێتەوە بە كۆچكردوو شازادە (دیانا)ی هاوسەری یەكەمی، وەكو هاوسەرگیرییەكی شكستخواردوو. بەڵام ئەوانەی پاڵپشتی لێدەكەن دەڵێن، ئەمە تەنیا بۆ شێواندنی كارە باشەكانی چارلزەو هەمیشە تێگەیشتنی هەڵەی بۆ دەكرێت، ئەو لە بواری گۆڕانكاری كەشوهەوادا پێش سەردەمی خۆی كەوتووە. هەندێكی تریش بەو قسەیە پاڵپشتی لە چارلز دەكەن كە كەسایەتییەكی هۆشیارەو هەمیشە بایەخ بە خۆشگوزەرانی بەریتانییەكان دەدات لە هەموو چینو توێژەكانی كۆمەڵگا. دامەزراوە خێرخوازییەكەی كە ماوەی نزیكەی (50) ساڵە بەردەوامە، یارمەتی زیاتر لە (یەك ملیۆن) گەنجی هەژارو بێكاری داوە. چارلز جارێكیان لە فیلمێكی دیكۆمێنتاری تەلەفزیۆنیدا وتی:" كێشەكە ئەوەیە تۆ هەمیشە لە پێگەی دۆڕاوێكدا گیردەخۆیت. تەنانەت ئەگەر هیچ شتێكیشت نەكردبێت.. هێشتا هەر سكاڵات لەدژ دەكەن". بەدرێژایی ژیانی خۆی، چارلز لەناو سیستەمێكی شاهانەدا گیری خواردووە كە سیستەمێكە هەوڵی نوێكردنەوەی خۆی دەدات لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی خێرا گۆڕاو و یەكسانخوازدا، ئەمە لەپاڵ پارێزگاریكردن لەو نەریتانەی كە بوون بە سێبەر بەسەر دامەزراوەی شاهانەوە. ئەم نیگەرانییە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە ژیانی دوو كوڕەكەیدا ببینرێت، كوڕە گەورەكەی كە شازادە (ولیام)ی تەمەن (40 ساڵ)ەو ئێستا بووە بە شازادەی جێنشینی بەریتانیا، ژیانێكی پڕ لە كۆتوبەندی نەریتیی دەژیو زۆرینەی كاتەكان بۆ كاروباری خێرخوازیو دەركەوتن لە مەراسیمە سەربازییەكاندا تەرخان دەكات. بەڵام كوڕە بچوكەكەی كە شازادە (هاری)ی تەمەن (37 ساڵ)ە، لە دەرەوەی لۆس ئەنجلیس لەگەڵ (میگن)ی هاوسەریو دوو منداڵەكەیدا دەژی، هاوسەرەكەی ئەكتەرێكی پێشووی سینەمای ئەمریكایە، ئەم شازادەیە شێوازێكی ژیان پەیڕەو دەكات كە زیاتر لە ژیانی ئەكتەرەكانی هۆلیوود دەچێت وەكو لەوەی لە شازادەیەكی كۆشكی باكنهگام بچێت. ئەم دوو برایە پێشتر زۆر نزیك بوون لە یەكترەوە، بەڵام ئێستا زۆر بە دەگمەن لەگەڵ یەكتر قسە دەكەن. گەورەبوونی چارلز چارلز فیلیپ ئارسەر جۆرج لە كۆشكی باكنگهام لە 14ی نۆڤێمبەری 1948 لەدایكبووە، لە ساڵی دوانزەیەمینی حوكمڕانی شا جۆرجی شەشەمی باپیریدا، لەوكاتەوە شارلز ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان ببێت بە پادشا. لە تەمەنی سێ ساڵیدا بووە كاتێك چارلز بووە بە شازادەی جێنشینی بەریتانیا، ئەمەش دوای ئەوەی دایكی لە ساڵی 1952دا تەختی پادشایەتی وەرگرتووە، بەڵام گەورەبوونی چارلز جیاواز بوو لەو شێواوەی كە پێشتر پادشاكانی بەریتانیا پێیدا تێپەڕیون، بەپێچەوانەی پێشینەكانەوە كە مامۆستای تایبەت وانەی پێ وتونەتەوە، چارلز چوەتە خوێندنگەی (هیل هاوس) لە خۆرئاوای لەندەنو دواتر بووە بە خوێندكاری خوێندنگەی (چیم) لە بیركشایەر كە شازادە فیلیبی باوكیشی لەم خوێندنگەیەدا خوێندویەتی. دواتر نێردراوە بۆ خوێندنگەی گۆردۆنستۆن كە خوێندنگەیەكی ناوخۆیی بووە لە سكۆتلەندا، چارلز ئەم ماوەی ژیانی خۆی وەكو "دۆزەخ" ناودەبات، كە تێیدا توشی تەنیاییو قسەڵۆك بووەتەوە، تا ئەو رادەی ئەم ماوەیەی ژیانی بە "حوكمی زیندانیكردن" پێناسە دەكات. چارلز جارێكی تر نەریتی باوی خێزانی شاهانەی شكاندووە، ئەوەش كاتێك بووە كە چووە بۆ كۆلیژی (ترینیتی) لە كامبردج بۆ خوێندنی زانستی شوێنەوارناسیو ئەنسرۆپۆلۆجیا، بەڵام دواتر رشتەی خۆی گۆڕیوە بۆ مێژوو. لەماوەی خوێندنیدا، چارلز بە فەرمی وەكو شازادەی ویڵز دانراوە، ئەمە نازناوێكە كە بەشێوەیەكی نەریتی وەكو میراتگری تەختی شاهانە لە ئاهەنگێكی گەورەدا لە ساڵی 1969دا وەریگرتووە، ئەمەش دوای بەسەربردنی (9) هەفتە لە یەكێك لە زانكۆكانی ویڵز، وەكو خۆی دەڵێ لەو ماوەیەدا لەوێ بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە روبەڕووی ناڕەزایەتی نەتەوە پەرەستەكان بوەتەوە، بەڵام ساڵی دواتر بووە بە یەكەم شازادەی جێنشینی بەریتانیا كە بڕوانامەی زانكۆی بەدەستهێناوە. وەكو زۆرێك لە ئەندامانی پێشووی خێزانی شاهانە، چارلز چوەتە ریزی هێزە چەكدارەكان، لە سەرەتادا لە ساڵی 1971 چوەتە هێزی ئاسمانی شاهانەو دواتریش بۆ هێزی دەریایی، پلەی سەربازی بەرزبوەتەوە تا بووە بە فەرماندەی پاككردنەوەی مین (ئێچ. ئێم. ئێست برۆننگتۆن)، لە ساڵی 1976 خزمەتی سەربازی تەواوكردووە. لەسەردەمی لاوێتیدا وێنەیەك بۆ چارلز دروستكراوە كە وێنەی شازادەیەكی وەرزشكارەو حەزی بە یاری خلیسكێنەی سەر بەفرو سواربوونی شەپۆلەكانی دەریاو ژێرئاوگەڕیی هەیە، هەروەك ئارەزووی یاری ئەسپسواریی كردووەو لە زۆر پێشبڕكێدا ئەسپسواریدا بەشداری كردووە. ساڵی 1979دا مامی گەورەی چارلز كە ناوی لۆرد (مۆنتباتن) بووە لە تەقینەوەیەكی سوپای كۆماری ئیرلەندا كوژراوە، ئەم رووداوە زۆر كاریگەری هەبووە لەسەری. لەبارەی ئەم رووداوە وتویەتی:" پێدەچێت بناغەی هەموو ئەو شتانەی كە لەژیاندا شانازییان پێوە دەكەین، بەشێوەیەك داڕمابێت كە نەتوانین چاكی بكەینەوە". كاتێك هێزی دەریایی لە ساڵی 1976دا بەجێهێشتووە، بەدوای رۆڵێكدا گەڕاوە لەناو ژیانی گشتیدا، ئەمە لەسەردەمێكدا كە هیچ ئەركێكی دەستوریی روون بۆ شوێنگرەوەی تەختی شاهانە دیاری نەكراوە، ئەو لەوبارەیەوە وتویەتی" ئەمە كارێكە كە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا دەبێت خۆی دروستی بكات". مۆتەكەی خاتوو دیانا ! بۆ زۆر كەس لە بەریتانیاو دەرەوەش ناوی چارلز هەمیشە بەستراوەتەوە بە هاوسەرگیرییە شومەكەی لەگەڵ خاتوو (دیانا سبنسر)و پەیوەندییەكەی لەگەڵ (كامێلا باركەر بولز)ی خۆشەویستی ژیانی. كاتێك چارلز لەگەڵ دیانا لە ساڵی 1981دا هاوسەرگیری كرد، نزیكەی (750 ملیۆن) كەس لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە لەسەرتاسەری جیهان تەماشای ئاهەنگەكەیان كرد، وا دەركەوت دیانا باشترین بژاردەی چارلز بێت. لەسەرەتاوە هەموو شتێك بە باشی تێپەڕیو لە ساڵانی 1982و 1984دا دوو منداڵیان بوو (ولیامو هاری)، بەڵام لە پشتی پەردەوە هاوسەرگیرییەكە دوچاری چەندین كێشە بووەوە، دیانا بەرپرسیارێتی داڕوخانی تەواوەتی هاوسەرگیرییەكەی لە ساڵی 1992دا خستە ئەستۆی (كامێلا)وە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی" لەم هاوسەرگیرییەدا سێ كەس هەبوون"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ كامێلای خۆشەویستی چارلز. بەڵام چارلز دەیوت ئەو هێشتا وەفادارە بۆ دیانا "تا داڕمانی هاوسەرگیرییەكە بەشێوەی كۆتایی". كارەكە لە ساڵی 1996دا بە جیابونەوەی چارلزو دیانا كۆتایی هات. كاتێك دیانا لە رووداوێكی هاوتوچۆدا لە پاریس لە ساڵی 1997دا گیانی لەدەستدا، لە میدیاكانەوە چارلزو كامێلا روبەڕووی شەپۆلێكی بەهێزی رەخنە بونەوەو بەمەش ئاستی جەماوەریی چارلز دابەزی. سەرباری ئەوەی هێشتا بەراورد بە دایكی ئاستی جەماوەریی هەر لاواز بوو، بەڵام لە ساڵانی دواتردا وردە وردە وێنای لەناو رایگشتیدا هەندێك باشتر بوو. ساڵی 2005 دواجار چارلز هاوسەرگیری لەگەڵ كامێلای خۆشەویستی كردو بەهۆی مامەڵەی ساكارو خاكیانەی خۆیەوە، كامێلا بەشێوەیەكی خێرا لەناو رایگشتیدا قبوڵكرا. بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا مۆتەكەی دیانا بەشێوەیەكی بەردەوام چارلز راوەدوو دەنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خەڵك بایەخێكی زۆریان بۆ وردەكاری ژیانی دیانا هەیە، لەم ساڵانەی دوایدا ژیانی شازادەی كۆچكردوو بابەتی فیلمێكی گەورەو شانۆیەك بوو لە (برۆدوەی)، زنجیرە تەلەفزیۆنیی بەناوبانگی (زە كراون) كە بەرهەمی نێتفلێكس بوو، سەرەنجی خستبووە سەر پەیوەندی ئەو جوتە هاوسەرە. سوكایەتیكردن بە میدیاكان كاتێك میدیاكان سەرەنجیان خستە سەر پەیوەندییەكانی، مامەڵەی چارلز لەگەڵ میدیاكاراندا گرژی تێكەوت، هەوڵی نەدەدا بێڕێزیكردنەكانی بەو وێنەگرانە بشارێتەوە كە شوێن كەسە بەناوبانگەكان دەكەون (پاپارازییەكان). ساڵی 1994 وتی" بەڕاستی من نازانم رۆڵی مەیمونی سەماكەر بگێڕم. من كەسێكم بایەخی بە ژیانی تایبەتی خۆم دەدەم". لە میانی وێنەگرتنێكی پشووی خلیسكێنەی سەر بەفردا لە ساڵی 2005دا، دەنگی چارلز بیسترا كاتێك دەزگاكانی راگەیاندنی بە كەسانی "خوێناوی" ناوبردو بە پەیامنێری كاروباری شاهانەی تۆڕی هەواڵی (BBC)ی وت" ناتوانم بەرگەی ئەو پیاوە بگرم، زۆر ترسناكە". كاتێك میدیاكان سەرەنجیان خستبووە سەر ژیانی تایبەتی چارلز، ئەو هەوڵیدەدا لەبارەی پرسە كۆمەڵایەتییو رۆحییەكانەوە قسە بكات، هەرگیز شەرمی لە دەربڕینی ئەو بابەتانە نەدەكرد كە خۆی بۆی گرنگ بوو. بەڵام بەهۆی هەندێ كاری وەكو دامەزراندنی براندنی (دەچی ئۆریجناڵز)ی بازرگانییەوە كە بانگەشەی بۆ خۆراكە ئۆرگانییەكان دەكردو قسەكەی لەبارەی ئەوەی لەگەڵ درەختەكانی گفتوگۆ دەكاتو تەوقەیان لەگەڵ دەكات، جارێكی تر كەوتەوە بەر سەرەنجی میدیاكانو وەكو كەسێك ناویان برد كە هەڵسوكەوتی نامۆ دەكاتو بۆ ئەوە باشە ببێت بە جوتیار نەك شازادە. هەروەك روبەڕووی رەخنە بووەوە بەهۆی تێڕوانینە راشكاوەكانی سەبارەت بە ئەندازیاری تەلارسازیی، جارێك پاشكۆی هاوچەرخی گەلەری نیشتمانی لەندەنی بە "زیپكە" ناوبرد، هەروەها بەهۆی بانگەشەكردنی بۆ دەرمانی جێگرەوە، بەكەسێكی قۆڵبڕ ناوی هێنرا. بەمدواییە میدیاكان تیری رەخنەكانیان لەسەر چارلز هەڵگرتو ئاڕاستەی كوڕەكەی (شازادە هاری)یان كرد، بەڵام هێشتاش بەتەواوەتی رەخنەكانیان لەسەر چارلز رانەگرتووە. مانگی حوزەیرانی رابردوو میدیاكان رایانگەیاند، چارلز كەوتوەتە ناكۆكیی لەگەڵ سیاسەتەكانی حكومەتی بەریتانیا سەبارەت بە دیپۆرتكردنی پەنابەران بۆ رواندا، وەكو باسدەكرا شازادە چارلز ئەم هەنگاوەی بە "ترسناك" ناوبردووەو ئەمەش رەخنەی وەزیرو میدیاكانی بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژنامەی (دەیلی میل) لە سەروتاری خۆیدا لەبارەی هەڵوێستەكەی چارلزەوە نوسی " ئەگەر زۆر وریا نەبێت، ئەوانەی ناكۆكن لەگەڵیدا سەبارەت بە دەستوەردانە سیاسییەكانی، رەنگە بگەنە ئەو بڕوایەی چیتر پادشایەتی دەستوریی بەریتانیا شایستەی مانەوە نییە". بایەخدان بە خەڵك لایەنگرەكانی دەڵێن، هەڵوێستەكانی پادشای نوێ دەرخەری ئەوەن پادشا پیاوێكی جدیەو بایەخ بە گەلەكەی دەدات، بەلای هەندێك كەسەوە چارلز روبەڕووی ئەركێكی سەخت دەبێتەوە، ئەمەش لەنێوان تۆمەتباركردنی بە دەستوەردان لە كاروباری سیاسی لەلایەكو تۆمەتباركردنی بەوەی شازادەیەكی نازدارەو بایەخ بە كەسانی تر نادات لەلایەكی تر. ساڵی 2021 شازادە چارلز لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی" بۆچی پێتان وایە من بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵانە ئەم كارانەم كردووە؟ چونكە من بایەخ بە نەوەی داهاتوو دەدەمو هەر بەوشێوەیەش دەمێنمەوە". لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەماوەی داڕمانی ئابوری بەریتانیادا، چارلز پاداشتی كۆتایی خزمەتەكەی لە هێزی دەریایی كە بڕەكەی (7 هەزارو 400) جونەیهی ئەستەرلینی بووە، بەخشیی، لە قۆناغی دواتریشدا كە ئاژاوەو بێكاری لە زۆرێك لە شارەكانی بەریتانیا زیادی كردووە، ئەو كۆمەڵە خێرخوازییەكەی دروستكردووە بۆ یارمەتیدانی گەنجە بێكارەكان بۆ ئەوەی كاری بازرگانی تایبەت بە خۆیان بنیاد بنێن. یەكێك لە دیاترین ئەو بوارانەی كە پادشای نوێی بەریتانیا بایەخی پێدەدات پرسی ژینگەیە، ئەو ئێستا ئیتر دەتوانێت شانازی بكات بە دەستكەوتی خۆیەوە كاتێك سەركردەكانی جیهان وەڵامی داواكارییەكەیان داوەتەوە بۆ پێویستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا. سەرچاوەی خۆشبەختیی دوور لە ئەركەكانی لە كۆشكی شاهانەو چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی، چارلز خۆشترین كاتەكانی لە باخچەی ماڵەكەی لە هایگرۆڤ لە خۆرئاوای بەریتانیا بەسەردەبات، یان وەكو كۆچكردووی دایكی لەناو موڵكەكانی خێزانی شاهانەدا لە سكۆتلەندا پیادەڕەوی دەكاتو ماسی دەگرێتو بە رەنگی ئاویی وێنەدەكێشێت. ئەو حەزی لە هونەرەكانیش هەیە، بەتایبەتی كارەكانی شكسپیرو ئۆپراو لیۆنارد كوهین. یاریدەدەرەكانی دەڵێن حەزی بە نوكتەو قسەی خۆش هەیە، بەڵام بەخێرایی هەڵدەچێتو داواكاری زۆرە، یاریدەدەرەكانی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە كە باسلەوە دەكەن چارلز حەزی بە سیماكانی خۆشگوزەرانییە، بەڵام دەڵێن باوەڕی وایە ئەگەر پێویستی كرد دەبێت سروشتی فەخامەتی شاهانە دەربكەوێت.
(درەو): ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا كە ژمارەیان نزیكەی (160 هەزار) كەسە، خاتوو (لیز ترهس)ی وەزیری دەرەوەیان وەكو رێبەری نوێی پارتەكەیان هەڵبژارد، ئەمە دەرگای لەبەردەم خاتوو ترهس كردەوە تاوەكو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وەربگرێت. هەڵبژاردنی خاتوو ترهس دوای ئەوەهات (بۆریس جۆنسۆن)ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەهۆی یاخیبونێك كە لەناو تیمە حكومییەكەیدا وەكو ناڕەزایەتی دژی ئابڕوچونەكانیو دۆخی خراپی دارایی وڵات رویدا، دەستی لە سەرۆكایەتی پارتی پارێزگاران كێشایەوە. خاتوو ترهس كێیە ؟ • ساڵی 1975 لە شاری (ئۆكسفۆرد) لە باشوری ناوەڕاستی بەریتانیا لەدایكبووە واتە تەمەنی (47) ساڵە. • سەربە خێزانێكە لە چینی مامناوەند كە هەڵگری بیروباوەڕێكی بەهێزی چەپن. • بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2010 وەكو پەرلەمانتار لەسەر ناوچەی (ساوس وێست نۆرفۆلك) هەڵبژێردراوە. • بەهۆی بیروبۆچونە ئازادیخوازانەكانییەوە لەبواری ئابوریو بازرگانیدا بووە بە كارەكتەرێكی ناسراون لەناو ئەندامانی پارتی پارێزگاراندا. • دووەم ژن بووە لە بەریتانیا كە پۆستی وەزیری دەرەوە وەربگرێت، نازناوی (ژنە پۆڵاینەكە)ی پێبەخشراوە. • لەدوای جەنگی ئۆكرایناوە رۆڵی هەبووە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر مۆسكۆو ئۆلیگاریشە روسەكاندا. • چەندین پۆستی وزاری لە بەریتانیا بەڕێوەبردووە، رۆڵی هەبووە لە دانوستانی تایبەت بە رێككەوتنە بازرگانییەكان دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئەوكات وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتیی بووە. دیارترین بەڵێنەكانی • هیچ باجێكی نوێ دانانێتو باجی زیادەی سەر كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنێتەوە كە پلانی بۆ دانراوە. • هەڵپەساردنی ئەو جۆرە باجەی كە بە "باجی سەوز" ناسراوەو بەشێكە لە كڵێشەی وزە كە دەدرێت بە پرۆژە كۆمەڵایەتیو سەوزەكان. • بەڵێنیداوە تاوەكو ساڵی 2026 بڕی (2,5%)ی تێكڕای داهاتی ناوخۆیی بۆ بواری بەرگریی خەرج بكاتو تاوەكو ساڵی 2030 بۆ رێژەكە بۆ (3%) بەرزبكاتەوە. ئاڵنگارییە گەورەكان لەوكاتەوە جۆنسۆن دەستی لەكاركێشاوەتەوە، چاوەڕوانییەكانی گەشەی ئابوری پاشەكشێی كردووە، هەروەك تێكڕای هەڵاوسانی ساڵانە بۆ سەرو 10% بەرزبوەتەوەو نرخی سوتەمەنیو خۆراكیش زیادیان كردووە. نائومێدییەكی زۆر لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی بژێوی دروستبووەو سەدان هەزار كرێكاری بەندەرەكانو هێڵەكانی شەمەندەفەرو بەرید مانگرتنیان راگەیاندووە. لەدوای ریفراندۆمی (برێكزێت)ەوە جونەیهی ئەستەرلینی خراپترین مانگی بەخۆیەوە بینیوە، بانكی ئینگلتەرا پێشبینی ئەوە دەكات لەگەڵ قەیرانی وزەدا رێژەی هەڵاوسان بۆ 13% بەرزببێتەوە، "سیتی گروپ" چاوەڕێ دەكات لە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوودا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا بگاتە ترۆپكی خۆی كە 18%ە. ئەم دۆخە وایكردووە بەریتانیا كە شەشەم گەورە ئابوری جیهانە پلەیەك لە ریزبەندییەكە بێتەخوارەوەو شوێنە بۆ هیندستان بەجێبهێڵێت. دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێ چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ بۆریس جۆنسۆن دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بخاتە بەردەم شاژنە ئیلیزابێسی دووەم لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینەی شاژن لە (بالمۆراڵ)ی سكۆتلەندا، لەدوای ئەمەوە شاژن پێشوازی لە خاتوو (لیز ترهس) دەكات بۆ ئەوەی ببێت بە (15) هەمین سەرۆك وەزیران لەسەردەمی شاژندا كە (70) ساڵە ئەم سەردەمە بەردەوامە. دوای بینینی شاژن، خاتوو لیز ترهس دەگەڕێتەوە بۆ لەندەنو لەوێ لەبەردەم تەلاری حكومەت لە "داوننگ ستریت" یەكەمین وتاری خوی دەخوێنێتەوە، ئەمەش بەر لە پێكهێنانی حكومەتەكەیو روبەڕووبونەوەی (كیر ستارمر) رێبەری ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان لە رۆژی چوارشەممەدا.
وەرگێرانی؛ ئەنوەر کەریم هەڵئاوسان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گەیشتە (52.5%) بەراورد بەساڵی ڕابردوو بە پێی داتا فەرمییەکانی ئێران تەنها لە مانگی ئایارەوە بۆ مانگی حوزەیران نرخەکان بەڕێژەی (13.2%) بەرزبۆتەوە. ئەو دیپلۆماتکارە ئەوروپیانەی کە هەوڵدەدەن جارێکیتر رێککەوتنە ئەتۆمیەکە زیندوو بکەنەوە، لاوازی ئابوری ئێران و فشارە توندەکانی سەر بەرپرسانی وڵاتەکە یارمەتیەکی باش دەبێت بۆیان کە سود لەو دۆخە وەربگرن. کە ئاستی بژێوی ئێرانییەکان لە نۆ مانگی ڕابردوودا بەتەواوی خراپبووە. سەرۆکی ئێران (ئیبراهیم رەئیسی) دەستیکردوە بە ووتوێژ بۆ لابردنی سزاکان و وەستانی پیتاندنی یۆرانێوم بە هۆی ناڕەزایی خەڵکی ئێرانەوە. هاوکات توندڕەوە محافیزکارەکان سازشیان لەو خاڵە گرنگەش کرد کە ئەمریکا سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆرێستیەکان دەربهینێت. هەرچەندە لە ئێستادا بەربەستی سەرەکی هەیە لەبەردەم رێککەوتنەکەدا، بەڵام ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان زیاتر گەشبینن بەوەی کە بگەنە رێککەوتن. ئەوەی کە گومانی تیانیە ئێرانیەکان زۆر ماندوون بەدەست بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان کە بەشێکی لە ئەنجامی سزاکان و بەشەکەی تری لە ئەنجامی خراپ بەڕیوەبردنی ئابوریەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێدا دەڵێت "ئێرانییەکان پێمان دەڵێن گفتوگۆو دانوستانەکان زۆر درێژەیان کێشاوە". ئێران کە خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەکی غازی سروشتی و چوارەم یەدەکی نەوتی خاوە لە جیهاندا. کەچی دەسکەوتی نەبوو لە بەرزبونەوەی نرخی ووزە کە بەهۆی داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر یۆکرانیا ڕویداوە. بەڵام نرخی خواردنە سەرەکیەکان کە ئێران هاوەردەی ئەکات زۆر بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەو شەڕەوە، لە مانگی ئایارەوە نرخەکان بەرزبونەوەی زیاتریان بەخۆوە دیوە، لەبەرئەوەی حکومەتی ئێران پاڵپشتی بۆ دراوە بیانیەکان وەستاندوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم پاڵپشتییە لە پێناو سەقامگیرکردنی دراوی ئێرانی لە ساڵی 2018ەوە دەستیپێکردبوو، کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمریکا "ترامپ" لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە هاتبووە دەرەوە. بەڵام ئەو بازرگانانەی پەیوەندی باشیان لەگەڵ حکومەت هەیە دۆلاریان بەهەرزان وەرگرتوە و دواتر قازانجێکی زۆریانکردوە لەو بازاڕە ناڕێکخراوەی ئێراندا. لە تاران گوشتی سوور بە رێژەی (90%) بەرزبۆتەوە بەراورد بە ساڵی ڕابردووە، برنجی بەسمەتی بە ڕیژەی (200%) بەرزبۆتەوە بە پێی داتاکانی بلومبێرگ. رێژەی هەڵئاوسانەکەش ئاسێکی بەرزتری تۆمارکردووە بە هۆی دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانیەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوە لە بازاڕی ناڕێكخراودا کە (25%)ی بەهای خۆی لەدەسەتداوە ئەمەش نزمترین نرخی دراوەکەیە. بەڵام کاتێک کە دیپلۆماتکارە ئەوروپیەکان ئەوەیان ڕاگەیاند وەڵامەکەی ئێران بۆ ڕیکەوتنەکە بودنیادنەوە، نرخی ڕیاڵی ئێرانی کەمێک بەرزبوونەوەی بەخوە بینی. مامۆستا و خانەنشیننان و کرێکارانی پاڵاوگەکانی نەوت و ئەندازیاران و جوتیاران و شۆفێری پاسەکان ناڕازاییان دەربڕیوە بەرامبەر بەزبونەوەی نرخ و بەرزنەکردنەوەی کرێ و موچەوە ئەو گەندەڵیە درێژخایەنەی کە لە ئێراندا هەیە. ئاژانسی هەواڵی قوتابیانی ئێران ڕایگەیاند؛"بەپێی راپۆرتەکانی دەزگای پۆلیس و دادگا ژمارەی دزی و تاوان بەرزبۆتەوە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە سەرەکیەکان بە گشتی"، ئەم دۆخە خراپەی ئابوری ئێران نەک تەنها هەڵئاوسان پاڵنەردەبێت بۆ ئێرانیەکان کە بگەنە رێککەوتنێک. ئەمانە لە کاتێکدایە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری ئێرانی بە (3%) دەستنیشان کردووە بۆ ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرامبەر ووڵاتانی تری نەوت فرۆش ئەو ڕێژەیە زۆر کەمترە. ئابوری ناس و ڕاوێژکارێکی پێشووی (محمد خاتەمی- سەرۆکی پێشووتری ئێران)، (سەعید لەیلاس) ووتی؛ "لە ئێراندا پێنج ملیۆن کارمەندمان هەیە، کە ئێمە وەک چینی ناوەڕاست ئەمانبژاردن، بەڵام ئەمانە لە ئێستادا لە هێڵی هەژاریدا ئەژین". ئەو سزایانەی کە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە سەپێنرا بەسەر ئێراندا، دەماری ئابوری نەوتی پساند و بووە هۆی وەستانی وەبەرهێنانی بیانی. ئێران وەڵامی سزاکانی بە خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی دایەوە لە مانگی ئابی ساڵی 2020، هەناردەی نەوت و کۆندێسەتی ئێرانی لە (2.5 ملیۆن) بەرمیلەوە دابەزی بۆ (133 هەزار) بەرمیل ڕۆژانە بەپێێ داتاکانی بلومبێرگ کە لەلایەن چینەوە کڕاوە. رەئیسی سەرۆکی ئێران وەڵامەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕووسیاو چین دا بەهێزبکات و ئێرانیەکان وا دەربخەن کە خۆیان زیاتر پشت بەخۆیان دەستن و خۆ بژێوی بکەن، هەروەها باجی لەسەر بازرگانان زیادکرد، ئەمەش بوە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە بازاڕە گەورەکەی تاران. ڕاگرێکی کۆلیج کە ڕاهێنان بە دەرونناسەکان ئەکات و خۆی بە "بەرهەم" ناساندووە کە بۆ میدیای بیانی قسەی کردوە وتویەتی "لەدوای ئیشەکەی خۆمەوە دوو کاری تر ئەکەم کە پەیوەندی بەبوارەکەی خۆمەوە نیە، واش ناتوانیت بژیت، ووتوشیەتی هەمووی پەیوەندی بەسزاکانەوە هەیە بە هەر رێگایەک بێت". - سایتی بلومبێرگ https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-08-25/a-sick-economy-is-forcing-tehran-s-hand-in-nuclear-deal-talks#xj4y7vzkg
نوسینی؛ ئەنوەر کەریم گرنگترین فاکتەر لە ئابوریدا کە بڕیار لەسەر نرخ دائەنێت فاکتەری خواست و خستنە ڕووە . نەوت ئەو کا ڵاگرنگەیە کە ئەبێتە هۆی هەڵسوڕانی ئابوری جیهان بۆیە هەموو سیاسیەکان و بازرگانەکان ئەیانەویت ڕۆڵیان هەبێت لەسەقامگیریکردنی نرخدا، تانە بێتە هۆی دروستبوونی هەڵئاوسان و کێشە بۆ گەشەکردنی ئابوری دروستنەکات . نرخی نەوت لە ئیستادا لەسەروو 90 دۆلارەوە یە بەڵام کۆمەڵێ فاکتەر وایکردوە بۆ ئەوەی بەهای نەوت لەم نرخەدا جێگیر بێت . بەکورتی هۆکارەکان ئەمانەن 1- بازرگانەکان پێشبینی ئەوەدەکەن ڕێکەوتنی ئیران گروپی5+١ ڕێبکەون لەسەر ئەتۆمیەکەی ئیران ، ئەمەش ئەبێتە ڕێگەدان بەوەی کە نەوتی ئیران بێتە بازاڕەکانی جیهانەوە ئەو کورتهێنانەی ڕووسیا پڕبکاتەوە کە بڕیارە لە کۆتاییی ئەمساڵدا بچێتە جێبەجێکردنەوە . 2- خاوبونەوەی گەشەی ئابوری چین کە کێشەی پرۆژەی خانووبەرە گەورەترین کێشەیە، هەروەها تاێستا سیاسەتی سفر بۆ کۆڤید -19 ئەمەش بۆتەهۆی داخستنی هەندێ شار ئەمەش خواستی لەسەر نەوت کەمکردۆتەوەو یارمەتی دابەزینی نرخی داوە . 3- بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی بەگشتی لە هەموو جیهاندا تەنها چین و تورکیا بە پێچەوانەی شەپۆلەکەوە ئەڕۆن سوودی بانکی دائەبەزێنن. ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ترس لە سەر گەشەی ئابوری جیهان هەبێت 4- بە هۆی بەهێزی دۆلارەوە کە نەوت بەهاکەی بەدۆلار دیاریدەکرێت لە ئیستادا Dollar index لەبەرزترین ئاستدایە. بەرامبەر دراوەکانی تر 5- بەکارهێنانی خەزانە ستراتیجیەکانی نەوت لە ووڵاتنادا ئەمەش بۆتە هۆی زیادبوونی خستنەڕوو . بۆتە هۆی دابەزینی نرخ . پێشبینی نرخی نەوت بۆ کۆتاێی ساڵ و ساڵی داهاتوو. پێدەچێت نرخی نەوت لەدەوری 100 دۆلاردا بمێنێتەوە بۆ مانگەکانی داهاتوو بەهۆی هەندێ فاکتەری سیاسی و ئابوریەوە . ئەو هۆکارانەش ئەمانەن 1- وەبەرهینان لە کەرتی ووزەدا بەگشتی کەمیکردوە و، وەبەرهینان گواستراوەتەوە بۆ کەرتی ووزەی پاک و سەوز . وە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان خەریکی دابەشکردنی قازانجەکانیان بەسەر پشک هەڵگرەکاندا لە جیاتی ئەوەی وەبەرهینان بکەن . 2- توانای بەرهەمهینانی نەوت نزیکبۆتەوە لە بەرزترین ئاستی لە ووڵاتانی ئۆپێکدا چاوەڕێناکرێت بەرهەمی نەوت زۆر زیاتر بخرێتە بازاڕەوە هەندێ لە ووڵاتانی ئۆپێک تەنانەت ناتوانن ئەو ژمارە بەرمیلە بەرهەمبهینن کە لە لایەن ڕیکخراوەکەوە بۆیان دیاریئەکرێت. 3- ڕێکەوتنی ئیران و گروپی٥ +١ بۆ ئەتۆمیەکە بۆتە کارێکی سەخت و نابێتە هۆی زیادکرنی نەوتی ئیران بۆ بازاڕەکانی جیهان .وە ئەگەر بێتو ڕێکبکەون هەروا بە زووی نەوتی ئیران ناتوانێت بازاڕەکان پڕبکات چونکە ئەبێت پاپۆرە ئیرانیەکان جارێکی تر دڵنیایی و وە هەروەها سەلامەتی((Recertified and Insured پاپۆرەکان لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە بسەلمێنرێت ئەمەش کاتی زۆری ئەوێت وە هەروەها کێڵگە نەوتیەکان کۆنن وە پیویستیان بە ئیدامە هەیە 4- بانکەکانی ئەمریکاو ئەوروپا ناتوانن بەبەردەوامی ڕێژەی سوودی بانکی بەرزبکەنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسان بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی ڕێژەی هەڵئاوسان کە بەخواستی خۆیان ئەیانەوێت ، بۆیە لەساڵی داهاتوودا ئەبێت تۆزێک خاوببنەوە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ئەمەش ئەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری و زیادکردنی خواست بۆ نەوت . 5- ئەوخەزانانەی کە بەتاڵ بوون ئەبێت پڕبکرێنەوە بۆیە هەر ئەبێتە هۆی زیادکردنی خواست لەسەر نەوت . 6- چاوەڕیدەکرێت خواستی ڕۆژانە بگاتە سەروو 100 ملێۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کاتی ئاسایبوونەوەی ژیان و هەڵگرتنی کۆت و بەندەکان لەسەر کۆڤید -19 لە ووڵاتی چین. 7- دابەزینی بەرهمهینانی نەوتی ڕووسی بە هۆی چوونەدەرەوەی كۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە ڕووسیادا، بە هۆی سزاکانی سەر ڕووسیا لە ئەنجامی داگیرکاری ڕووسیاوە بۆ ئۆکرانیا ، بۆیە خستنە روو کەمتر ئەبیت و ئەمەش یارمەتی نرخی نەوت ئەدات بۆ 100 دۆلار .
(درەو): نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا دەستی گرتووە بەسەر (11) بەند بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لە ماڵەكەی ترەمپدا، لە ناوچەی (Mar-a-Lago) لە فلۆریدا. یەكێك لەو كۆمەڵە بەڵگەنامانەی كە دەستی بەسەردا گیراوە، لەسەری نوسراوە "زانیاری نهێنی/ زۆر هەستیار"، ئەمە ئاماژەیەكە لەسەر ئەو نوسراوانە دادەنرێت كە دەكرێت زیانی زۆر گەورە بە ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەیەنن. ترەمپ رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت، دەڵێ ئەو بەڵگەنامانە لەوانەن كە نهێنیبوونیان لەسەرهەڵگیراوە. ئەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەكەی ترەمپدا دەستیان بەسەرداگیراوە پێكدێن لە زیاتر لە (20) سندوقو فۆڵدەری وێنەو نامەیەكی نوسراو بەناوی رۆجەر ستون ستراتیژناسی سیاسی كە ماوەیەكی دورودرێژە هاوپەیمانی ترەمپە. هەروەك زانیاریش لەبارەی (سەرۆكی فەڕەنسا) لەماڵەكەی ترەمپدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە زانیارییەكە باسلە چ شتێك دەكات، دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی یاداشتێكی دەستگیركردن ئاشكرا كرا كە لە حەوت لاپەڕە پێكهاتبوو. پێشتر وەزارەتی داد داوای لە دادگا كردبوو كرۆكی یاداشتی پشكنینی ماڵەكەی سەرۆكی پێشووی وڵات بۆ رایگشتی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش هەنگاوێكە كە زۆر كەم روودەدات كاتێك پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەردەوامە، سەرباری بەڵگەنامە زۆر نهێنییەكان، لیستەكە سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی نهێنی"و سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی تایبەت" لەخۆدەگرێت. یاداشتەكە باسلەوە دەكات، كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی تەماشای ئەگەری پێشێلكردنی یاسای سیخوڕیكردنیان كردووە، چونكە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هەڵگرتنی زانیاری ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن هەر كەسێكەوە كارێكی نایاساییە. یاساكە سڕینەوەی بەڵگەنامەو بابەتی نهێنی قەدەغە دەكات، ترەمپی خۆشی كاتێك لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكادا بووە، سزاكانی لەسەر ئەم جۆرە تاوانە توندكردوەتەوە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە لە ئەمریكا دەگاتە زیندانیكردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ. بەپێی یاداشتەكە، ئەو شوێنانەی كە لە ناوچەی (Mar-a-Lago) پشكنینیان بۆ كراوە ناوچەیەك دەگرێتەوە بەناوی "ئۆفێسی 45"و ژورێكی مەخزەن، بەڵام تەماشای جەناحی میواندایكردنی تایبەت نەكراوە كە ترەمپو كارمەندەكانی بەكاریدەهێنن. رۆژی 5ی ئەم مانگە وەزارەتی داد رەزامەندی دادوەری وەرگرت بۆ پشكنینی ماڵەكەی ترەمپ، واتە بەر لە سێ رۆژ لە ئەنجامدانی پشكنینەكە كە رۆژی دوو شەممە 8ی ئەم مانگەدا بوو. لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر تۆڕی "تروس سوشال" بڵاویكردەوە، ترەمپ رایگەیاند" ئەو شتانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرجەمیان نهێنیبوونیان لەسەر هەڵگیراوەو بەشێوەیەكی سەلامەت خەزن كراون". وتی: تەنانەت بەر لە جێبەجێكردنی یاداشتی پشكنینەكەش ئامادەبووم ئەو دۆسێیانە رادەست بكەم.. هەر كاتێك بیانویستایە دەستیان پێی دەگەیشت، تەنیا ئەوە بەس بوو پرسیار بكەن". تایلور بودۆڤیچ وتەبێژی ترەمپ بە تۆڕی (CBS NEWS)ی راگەیاند" دوای ئەم هەڵمەتە شكستخواردووە، ئیدارەی جۆ بایدن زیانەكانی لەئەستۆدەگرێت.. پشكنینەكە نەك بێ پێشینەیە تەنانەت پێویستیش نییە.. ئیدارەی بایدن درۆ دزەپێدەكات بۆ ئەوەی بەهانە بۆ چەكداركردنی حكومەت دژی نەیارە سیاسییەكانی بدۆزێتەوە". پشكنیەكەی رۆژی دوو شەممەی ماڵەكەی ترەمپ، یەكەم حاڵەتی پشكنینە كە بۆ ماڵی سەرۆكێكی ئەمریكا دەكرێت وەكو بەشێك لە لێكۆڵینەوەی تاوان، ئەمە وایكرد زۆرێك لە دۆستە كۆمارییەكانی ترەمپ ئیدانەی ئەم هەنگاوە بكەنو وا لێكیبدەنەوە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە. سەرچاوە: BBC
راپۆرت: درەو رێژەی 37%ی كۆی هەناردەی تایوان بۆ چین بریتییە لە پسكیتو شیرینیی، هاوكات لەگەڵ مانۆڕە سەربازییەكەیدا، چین هاوردەكردنی ئەم دوو كاڵایەی لە تایوانەوە راگرت، ئەمریكا كە پابەندبوونی خۆی بە سیاسەتی "یەك چین"ەوە راگەیاندووە، بەڵام هاوكات تایوان بە "دورگەی دیموكراتیی" ناودەبات، ئەم دوانە بەیەكەوە ناگونجێن، ئەمە هەڕەشەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. تایوان لەژێر ئابلۆقەدا گەورەترین مانۆڕی سەربازیی چین لە ئاوەكانی دەوروبەری دورگەی تایوان دەستیپێكرد، ئەمە دوای سەردانەكەی خاتوو (نانسی پیلۆسی) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دێت بۆ تایوان. بڕیارە ئەم مانۆڕە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بێتو چەند ناوچەیەك لە دووری 12 میل لە دورگەی تایوان بگرێتەوە، خاتوو (تسای ئینگ ون) سەرۆكی تایوان رایگەیاند، وڵاتەكەی روبەڕووی هەڕەشەی سەربازیی زیاترو بەئەنقەست بووەتەوە. رۆژی چوارشەممە نانسی یپلۆسی دوای سەردانێكی كورتی پڕ كێشمەكێش، دورگەی تایوانی بەجێهێشت، دورگەیەك كە چین وەكو بەشێك لەخاكی خۆی تەماشای دەكات. ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئەمڕۆ چین دەستیپێكردووە، بە گەورەترین مانۆڕ لە دەوروبەری تایوان ئەژماردەكرێت، ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیەكی (پەكین)ە بۆ سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان، ئەمە سەرباری راگرتنی هاوردەكردنی هەندێك كاڵا لە تایوانەوە. پەكین دەڵێ مانۆڕەكان لە رێڕەوە ئاوییە قەرەباڵغەكاندا بەڕێوەدەچێتو چەكی زیندووی دوورمەودای تێدا بەكاردەهێنرێت، بەپێی قسەی تایوان، چین 27 فڕۆكەی جەنگیی ناردووە بۆ ناوچەی بەرگریی ئاسمانیی تایوان، 22 فڕۆكەیان هێڵی سنوریی جیاكەرەوەی نێوان چینو تایوانیان وەكو دورگەیەكی ئۆتۆنۆمی، بەزاندووە. وەزارەتی بەرگری تایوان راگەیاند، ئەمڕۆ سوپای وڵاتەكەی بۆمبی روناكیی هەڵداوە بۆ دورخستنەوەی فڕۆكەی نەناسراو و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كە بەسەر دورگەی (كینمن)دا لە نزیك خاكی وڵاتەكەی فڕیون. وەزارەتی بەرگری تایوان باسلەوە دەكات روبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی بوەتەوە، ئەمە لەپاڵ هێرشی هاوشێوەدا كە كراوەتەسەر ماڵپەڕە حكومییەكانی تری وڵات، تایوان داوای لە كەشتییەكان كردووە رێگای تر بدۆزنەوە بۆ تێپەڕبوون بەمەبەستی خۆبەدورگرتن لە مانۆڕە سەربازییەكەی چین، هاوكات لەگەڵ ژاپۆنو فلیپیندا لە گفتوگۆدایە بەمەبەستی دۆزینەی رێگای ئاسمانیی نوێ. هەندێك لە بەرپرسانی تایوان ئەمە وەكو ئابلوقەی دەریاییو ئاسمانیی لەسەر وڵاتەكەیان ناودەبەن. كاردانەوەی نێودەوڵەتیی جیك سولیفان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، مانۆڕە سەربازییەكەی چینی بە "نابەرپرسانە" ناوبرد، هۆشداریدا لەوەی مانۆڕەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت، وتی: ئەمریكا هیوادارە چین خۆی بەدوربگرێت لە توندكردنەوەی زیاتر كە رەنگە سەربكێشێت بۆ هەڵە یاخود خراپ خەمڵاندنی دۆخەكە لە ئاسمانو دەریادا. لەبارەی ئەو ناوچانەی كە مانۆڕەكانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ژاپۆنیش نیگەرانی خۆی بە چین گەیاندو دەڵێ ئەو ناوچانەی مانۆڕەكەی تێدا دەكرێت دەكەونە ناوچەی ئابوری ئەوەوە. هیرۆكازۆ ماتسونۆ گەورە ئەمنیداری ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن رۆژی چوارشەممە راگەیاند، تۆكیۆ خوازیارە بەشێوەیەكی ئاشتیانەوەو لەرێگەی دیالۆگەوە پرسەكانی دەوروبەری تایوان چارەسەر بكرێت. سنوری ناوچەی ئابوری ژاپۆن لەگەڵ دراوسێكانیدا ناوچەیەكی جێگە مشتومڕە، كە ژمارەیەك دورگە لەخۆدەگرێتو هاوشێوەی تایوان، چین داوای ئەو دورگانەش دەكات. لەبەرامبەردا (هوا چۆن ینگ) وتەبێژی حكومەتی چین رایگەیاند، ئاوەكانی ئەو ناوچەیە دیاری نەكراونو قبوڵ ناكەین ناویان لێبنرێت ناوچەی ئابوری پوختی ژاپۆن. وەكو هەوڵێكیش بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت (كەنەدا، فەڕەنسسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیاو ئەمریكا) بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركردو رایانگەیاند، توندكردنەوەكەی چین هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە دەكات. بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەكردووە" هیچ بەهانەیەك نییە بۆ بەكارهێنانی سەردانەكەی نانسی پیلۆسی وەكو هۆكار بۆ ئەنجامدانی چالاكی سەربازیی دوژمنكارانە لە تەنگەی تایوان، چونكە شتێكی ئاساییو رۆتینییە خەڵكانی بواری یاسادانان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەشت بكەن". چین لە سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان توڕەیە، كە لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا گەورەترین بەرپرسە لەسەر ئاستی ئەمریكا سەردانی تایوان بكات، بەهۆی ئەم سەردانەوە حكومەتی چین باڵیۆزی ئەمریكای لە پەكین بانگهێشتكردو بەشێكی زۆر لە هاوردەی كشتوكاڵی خۆی لە تایوانەوە راگرت. پەكین وەكو بەشێك لە خاكی چین تەماشای تایوان دەكات، بەڵام تایوان بانگەشەكانی چین لەمبارەیەوە رەتدەكاتەوەو بەڵێنیداوە بەرگری لەخۆی بكات، لەنوێترین جموجوڵیشدا تایوان رایگەیاند فڕۆكەی ناردووەو سیستمی موشەكی بلاوكردوەتەوە بۆ چاودێریكردنی چاكییەكانی چین لەناوچەی بەرگری ئاسمانیی خۆیدا. ئەم دۆخە لەكاتێكدا روودەدات، ئەم ساڵانەی دوایی تایوان بەردەوام سكاڵا دەكات لەبارەی جوڵەی هێزی ئاسمانیی چین لە نزیك دورگەكە، بەتایبەتیش لە بەشی باشوری خۆرئاوای ناوچەی بەرگری ئاسمانیی تایوان. نانسی پیلۆسی لە كۆتایی سەردانەكەیدا بۆ تایوان وتی: چین ناتوانێت رێگری لە سەركردەكانی جیهان بكات سەردانی دورگەكە بكەن.. جێگەی داخە تایوان بێبەشكراوە لە بەشداریكردن لە كۆبونەوە جیهانییەكان كە دواترینیان كۆبونەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بوو، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتی حزبی شیوعی چینەوە، ئەگەر چینییەكان بتوانن رێگری لە تایوان بكەن سەركردەكانی بنێرێت بۆ كۆڕبەندە جیهانییەكان، بەڵام ناتوانن رێگری لە هیچ سەركردەیەكی جیهان بكەن سەردانی تایوان بكاتو رێزی خۆی بۆ دیموكراتییە گەشەكردووەكەی دەربڕێت.. ئەمریكا دەست لە پابەندبوونی خۆی بەرامبەر بەم دورگە دیموكراتە هەڵناگرێت كە لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی داگیركاریی چیندایە. سیاسەتی "یەك چین" چییە ؟ جۆن كێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەڵێ: سەردانەكەی پیلۆسی بۆ تایوان هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا كە جەختكردنەوەیە لەسەر یەكێتی خاكی چین (یەك چین)، ئیتر پێویست بەوەناكات سەردانەكەی بگۆڕدرێت بە قەیران. دوێنێ چین رایگەیاند، بە چەكی زیندوو مانۆڕێكی سەربازی ئەنجام دەدات، بۆیە رێگری لە هەموو كەشتیو فڕۆكەیەك دەكات بچنە ناو ناوچەی مانۆڕەكەوە. هاوكات چین هاوردەكردنی (35) جۆر كاڵای وەكو پسكیتو شیرینی لەتایوانەوە راگرت، پسكیتو شیرینی گرنگترین رەگەزی بازرگانی نێوان تایوانو چینن. نزیكەی دوو لەسەر سێی هەناردەی تایوان لە ساڵی 2021دا بریتی بووە لە پسكیتو شیرینی كە بەهاكەی گەیشتوەتە (646 ملیۆن) دۆلار، ئەمە بەپێی قسەی میدیاكانی تایوان. لە ساڵی 2020دا رێژەی ئەم جۆرە بازرگانییە گەیشتوەتە (660 ملیۆن) دۆلارو رێژەی 37%ی كۆی هەناردەی تایوانی پێكهێناوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، ئەگەر سزاكەی چین بەردەوام بێت، زیاتر لە (100) كۆمپانیای تایوان ناچاردەبن مامەڵەی خۆیان لەگەڵ چین رابگرن. لە ساڵی 1979وە ئەمریكا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داننان بە سیاسەتی "یەك چین"دا، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەمریكا دان بە هەڵوێستی چیندا دەنێت بەوەی (تەنیا یەك حكومەت لە چیندا هەیە). بەگوێرەی ئەم سیاسەتە، ئەمریكا بووە بە خاوەنی پەیوەندییەكی فەرمی لەگەڵ چیندا نەك پەیوەندی لەگەڵ تایواندا، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەەمریكا هێشتا پاڵپشتی دورگەی تایوان دەكاتو بەڵێنیداوە لەبواری بەرگریدا یارمەتی پێشكەش بكات، لەناویشیاندا چەك. ئێستا سیاسەتی "یەك چین" بووە بە بەردی بناغەی پەیوەندی ئەمریكاو چین، چینییەكان هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دەكەن ئەگەر تایوان سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. سەرچاوەی زانیارییەكان: بی بی سی
(درەو): لە تونس ریفراندۆم لەسەر دەستورێك دەستی پێكرد كە سیستمی حوكمڕانیی وڵات لە پەرلەمانییەوە بەرەو سەرۆكایەتی دەبات، بەجۆرێك دەستورە نوێیەكە دەسەڵاتی دانانی حكومەتو لەكارخستنی داوە بە سەرۆكی وڵات، بەڵام چۆنیەتی لادانی سەرۆك كۆماری دیاری نەكردووە. بەیانی ئەمڕۆ بنكەكانی دەنگدان لە تونس بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە، ئەمە ریفراندۆمە لەسەر پرۆژەی دەستورێكی نوێ كە لەلایەن (قەیس سەعید)ی سەرۆكی وڵاتەوە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ ئەوەی جێگەی دەستورەكەی ساڵی 2014 بگرێتەوە. ئەم هەموارە كە لە دەستوردا كراوە، مشتومڕێكی گەورەی لەناو خەڵكو حزبە سیاسییەكانی تونسدا دروستكردووە، هەندێك وای دەبینن پرۆژە نوێیەكەی دەستور گرەنتی ئازادی تاكو كۆمەڵی تێدا نییەو تەنیا گرەنتی دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بۆ سەرۆك كۆمار كردووە. شارەزایانی دۆخی سیاسی تونس خاڵی ناكۆكی نێوان دەستورەكەی 2014و پرۆژە دەستورەكەی ئێستا لەمانەدا كورت دەكەنەوە: • دەستورەكەی ساڵی 2014 كە بەدەستوری شۆڕشی روخانی رژێمی پێشوو (زەینعابدین بنعەلی) ناودەبرا، گرەنتی چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی كردبوو، بەڵام ئەو دەستورەی كە ئێستا سەرۆك (قەیس سەعید) خستویەتیە ریفراندۆمەوە، دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بە سەرۆكی وڵات بەخشوە، ئەمەش جۆرێك لە دابڕانی لەگەڵ دەستورەكەی شۆڕشەكەی سەرەتای "بەهاری عەرەبی" دروستكردووە. • لە دەستوری 2014دا دەسەڵاتی بوارەكانی بەرگریو دەرەوە دراوە بە سەرۆك كۆمار، لەم دەستورە نوێیەدا دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار لەمەش فراوانتر كراوە تاوەكو رادەی دانانی حكومەتو دادوەران، بەجۆرێك هەژموونی پەرلەمان بەسەر سیستمی وڵاتدا لاوازكردووە. • دەستورە نوێیەكە سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی دانانی سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكانی داوە بە سەرۆكی وڵات، دەسەڵاتی ئەوەشی پێداوە حكومەت هەڵوەشێنێتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان هیچ رۆڵێكی لەم پرۆسەیەدا هەبێت. • دەستوری نوێ، دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی گشتی دەوڵەتو دیاریكردنی بژاردە سەرەكییەكانی بەخشیوە بە سەرۆكی وڵات وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، تەنیا لە تەماشاكردنی پرۆژە یاساكاندا ئەولەویەتی تەماشاكردن دراوە بە پەرلەمان. • دەستورە نوێیەكە، ئەركی یاسادانانی دابەشكردووە بەسەر (ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل) كە ئەندامەكانی بە دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن هەروەها (ئەنجومەنی نیشتمانی ناوچەكان) كە نوێنەری هەڵبژێردراوی هەموو ناوچەكان لەخۆدەگرێت، ئەم دوو ئەنجومەنە دەبێت دواتر یاسایەكیان بۆ دەربكرێت كە شێوازی كاركردنیان رێبكخات، سەرۆك قەیس سەعید كە خۆی دەستورەكەی ئامادە كردووە پێیوایە ئەم ئەنجومەنە لامەركەزیەت لە بڕیارداندا پتەو دەكاتو وا دەكات ناوچە پەراوێزخراوەكانیش لەڕووی پەرەپێدانەوە قسەی خۆیان هەبێت. • بەپێی دەستورە نوێیەكە، سەرۆكی وڵات دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت قبوڵ دەكات دوای ئەوەی بەزۆرینەی دەنگی (دوو لەسەر سێی) ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنەكە، نوسراوێكی تۆمەتباركردنی حكومەت ئاڕاستەی سەرۆكی وڵات دەكرێت، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك لە رەخنەگران دۆخێكە كە سەختە بەدی بێتو دەرفەت خۆش دەكات بۆ ئەوەی سەرۆكی وڵات خۆی بڕیاردەری یەكەمو كۆتایی بێت لەبارەی چارەنوسی هەر حكومەتێكەوە كە لە تونس دروست بكرێت. • ئەو دەستورەی كە ئەمڕۆ لە تونس خراوەتە ریفراندۆمەوە، بەپێچەوانەی دەستورەكەی 2014وە، هیچ بڕگەیەكی لەبارەی چۆنیەتی لەكارلادانی سەرۆكی وڵات لەخۆنەگرتووەو بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو ئەنجومەنی نیشتمانی ناوچەكانی داوەتە دەست سەرۆكی وڵات. • دەستورەكە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆكی وڵات دادوەران دابمەزرێنێت، ئەمە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە ناوی دادوەرەكان ئاڕاستەی سەرۆكی وڵات دەكرێت، بەبۆچونی هەندێك لە دادوەران ئەمە دەستوەردانە لە سەربەخۆیی كاری دادگاكاندا. • دوو ماددەی ناو دەستورە نوێیەكە كە زۆر مشتومڕی لەسەر دروستبووە بەتایبەتی لەلایەن رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤەوە بریتین لە ماددەكانی (50)و (55). • ماددەی (5)ی دەستورەكە دەڵێ "تونس بەشێكە لە ئوممەتی ئیسلامیو پێویستە لەسەر دەوڵەت لەبەر رۆشنایی سیستمی دیموكراتیدا كاربكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ئیسلامێكی خاوێن لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵو كەرامەتو ئاینو ئازادیدا"، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پێیانوایە ئەم ماددەی دەستورە نوێیەكە جۆرێك لە هەڵاواردنی تێدایە بەرامبەر بە گروپە ئاینییەكانی تری تونس، ئەمە لەكاتێكدایە دەستورەكە بەگشتی پارێزگاری كردووە لە "ئازادی ئاینیی" كە لە دەستورەكەی 2014 زامنكراوە. • ماددەی (55)ی دەستورە نوێیەكەش دەڵێ" كۆتوبەند دانانرێت لەسەر مافۆ ئازادییە زامنكراوەكان لەم دەستورەدا، مەگەر بەپێی یاساو پێداویستی سیستمی دیموكراتیو بەئامانجی پارێزگاری لە مافی كەسانی ترو ئاسایشی گشتیو بەرگری نیشتمانی یاخود تەندروستی گشتیی"، حزبە سیاسییەكان دەڵێن ئەم ماددەی دەستورەكە بوارێكی گەورە بە دەسەڵاتداران دەدات سنور بۆ ئازادییەكان دابنێن بەبێ سانسۆر.
درەو: لە (العربی الجدید) وەرگیراوە وڵاتی سوید بەدەست زیادبوونی دووجۆر توندوتیژیەوە دەناڵێنێت، یەکەمیان پەیوەندیدارە بە باندە چەکدارەکان کە تاوانی رێکخراو ئەنجامدەدەن، دووەمیان کوشتنی ژنانە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە چوار ژن یەکێکیان رووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە،تەنها لە ساڵی (2021)دا (34) هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە. بە پێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی رێگریکردن لە تاوان "ویستی نەهیشتنی تاوانی توندوتیژی بکوژ لە دژی ژنان رووبەڕوی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، لەوانە نەبونی هەماهەنگی و سەرچاوەی پێویستە". وێنەیەکی تاریک لە توندوتیژی و تاوان وڵاتی گرتۆتەوە، پۆلیسی نیشتمانی سوید لە راپۆرتێکی 22 حوزەیرانی ئەمساڵدا رایگەیاند، لە ساڵی (2021) دا (16) ژن بە دەستی هاوبەشەکانی ژیانیان کوژراون، لە ساڵی (2020) دا (14) ژن بە هەمان شێوە کوژراون، لە ساڵی (2021) سێ پیاو لە لایەن ژنانەوە کوژراون. حکومەتی سویدی بەرنامەیەکی خستۆتەڕوو پێک دێت لە (40) خاڵ، ئامانج لێی وەستاندنی توندوتیژی پیاوانە لە دژی ژنان، پاشان بەرنامەکە لە ئەمساڵدا بۆ (99) بەند فروانکرا. لە حوزەیرانی رابوردوودا، ستۆکهۆڵم هەنگاوێکی دیکەی نا لە رێگای پێشنیار کردنی پاکێجێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، لە ناو پاکێجەکەدا زیادکردنی سەرچاوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی هەبوو، لە ساڵی (2019) پۆلیسی نیشتمانی لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، دەستمانکردووە بە رێکاری پێویست بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تاوانی باندەکانی ماددەی هۆشبەر و بازاڕی لەشفرۆشی لە چواردەوری شاردا، کاردانەوەی پۆلیس خێراتر بوو بە ناردنی مەفرەزەکان بۆ ئەو ناونیشانانەی دراوسێکان سکاڵایان دەکرد لە بوونی کێشەی نێوان هاوسەرەکان بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ وەستاندنی توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان تا دەگاتە کوشتن. پۆلیس رووبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەسەر سکاڵاکانی توندوتیژی دژی ژنان،ئەمەش وایکرد هەندێک لە بەرپرسان دان بە بوونی هەستی پیاوسالارانەی بەشێک لە پیاوە پۆلیسەکاندا بنێن، "بەڵام لەم دواییەدا پۆلیس توانای خۆی دەرخست، ئاستی لێکۆڵینەوەکانیان بەرز کردەوە، جددیتر مامەڵە لەگەڵ سکاڵاکان دەکەن". لە ساڵی (2021) دا (16) ژن بە دەستی هاوبەشەکانی ژیانیان کوژراون پێشتر پۆلیس گوێی لە ژنە قوربانییەکان دەگرت، ئامۆژگاری دەکردن بە وازهێنان لەو پیاوانەی کە توندوتیژن، بەڵام کەمپەینی (Me To) دژ بە هەراسانی سێکسی ئەم کارەی پۆلیسی بە پیاوسالارانە وەسفکرد، بەڵام یۆهانسۆن، سەرۆکی بەشی تاوان لە پۆلیسی ناوچەی باشوری ستۆکهۆڵم، دووپاتیکردەوە " پۆلیس هەمواری رێکارەکانی کردووە، چیتر هەوڵی رازیکردنی قوربانییەکە نادات بە بەجێهێشتنی ئەو کەسەی توندوتیژی ئەنجامدەدات بەرامبەری، بەڵکو تەرکیزیان لەسەر نێرینە تاوانکارەکە دەبێت کە توندوتیژی لە دژی مناڵان و ژنان لە خێزاندا ئەنجامدەدەن، ئەمەش پێوستی بە گۆڕانکاری لە هەڵوێست و عورف و زیادکردنی پشتیوانی ژناندا دەبێت". پۆلیسی سوید ئاماژە دەکات بەوەی "زۆرینەی حاڵەتەکانی توندوتیژی کە پیاوان ئەنجامی دەدەن، پێشتر پێشینەی تاوانیان هەبووە بەڵام هەندێک لە تاوانباران کە ژن دەکوژن پێشتر دۆسییەی تاوانیان لای ئێمە نەبووە". ئەوانەی لە پەیوەندی خۆشەویستیدان لە کاتی بوونی توندوتیژیدا بابەتەکە ئاڵۆزتر دەبێت، حکومەتی سویدی دان بە زیادبوونی لەم جۆرەی تاوانەدا ناوە، بەڵام ئەو پاکێجەی حکومەت دایناوە بۆ رێگری لە توندوتیژی ناو خێزان لە سەر ئاستی بڕیاری دادگاکاندا بەرهەمی هەبووە، بە تایبەت دوای هەمواری یاسای وەرگرتنی شاهێدی لە منداڵان. هەروەها دەسەڵاتداران لە هەوڵدان بۆ چاککردنی پەیوەندی نێوان ئیدارە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دادگاو کۆمەڵگەی مەدەنی، چونکە نەبوونی هەماهەنگی توندوتیژی زیاد دەکات، پۆلیس پێی وایە بۆ رێگریکردن لە تاوان، پێویستە بە باشی بۆ سەرنجی کچان و ژنان گوێبگیرێت، تێبینی بەرپرسەکانی پەروەردە لە قوتابخانەکان سەبارەت بە ئاماژەی کچان بۆ هەبوونی توندوتیژی لە چوارچێوەی ماڵەکاندا بە هەند وەربگیرێت. دادگاکان ئەوانەی لەبەردەم منداڵدا توندوتیژی لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن سزادەدەن، بەڵام چالاکوانەکان تاوانی "پێشێلکردنی سەلامەتی منداڵ" بە بینینی توندوتیژی لەسەر ژنان زیاددەکەن. "تاوانی غیرەکردن" ماریا بیلینگەر، زانای کۆمەڵناسی لە یەکەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی شارەوانی ستۆکهۆڵم دەڵێت "ئیستراتیژی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ژنان، پەیوەندیدارە بە تێگەیشتن لە کۆنسێپتی یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز، پێویستە هەوڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی چەمکی یەکسانی چڕبکەینەوە تا توندوتیژی نەهێڵین، (26) شارەوانی ستۆکهۆڵم بەدەست کێشەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری گیرۆدەیە". سوید روبەڕووی کێشەی نۆرمەکانی پیاوسالاری دەبێتەوە، بە تایبەت لە ناو ئەوانەی نوێن لە سوید و پەنابەرن، ئێلینور هالبێرۆ، شارەزا لە بواری توندوتیژی لە پەیوەندییەکان دەڵێت "بەرنامەی نوێ بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی بریتییە لە راهێنانەوەی پیاوانی تاوانبار بە توندوتیژی لە دژی ژنان کە چۆن زاڵببن بەسەر توڕەبوونیاندا، وابکەن کۆنترۆڵی غیرە کردنیان بکەن کە زۆر جار هۆکاری کوشتنی ژنانە". لە ساڵی (2021)دا (34) هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە ئەو تاوانانەی لە لایەن خزم و هاوسەری ئێستا یان پێشوو ئەنجامدەدرێت لە ناو پەنابەران دا بە "تاوانی شەرەف" ناودەهێنرێت، بەڵام لە ناو سویدییەکاندا کە ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن بە "تاوانی غیرەکردن" ناوی دەبەن، هەستی غیرەکردن پاڵنەرە بۆ کوشتن، جگەلەوە کیشەی دەروونی وادەکات هەر کاتێک خۆشەویستەکەی بڕیاری کۆتایی پێهێنانی پەیوەندییەکەی دا خێرا پەنا بباتە بەرتوندوتیژی. ئەنجومەنی سویدی بۆ رێگری لە تاوان دەڵێت، لە 80٪ تاوانی توندوتیژی و کوشتن لە ماڵی یەکێک لە لایەنەکاندا یان لە ماڵی هاوبەشیاندا روودەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوشتنی هاوسەر پێشووتر ماوەیەکی درێژی لە هەڕەشە و توندوتیژی هەبووە، نیوەی حاڵەتەکانیش پێشتر سکاڵایان لەسەر توندوتیژی هەبووە. لە ساڵی (2017)وە لە سوید ساڵانە (15) حاڵەتی کوشتن "تاوانی غیرەکردن" دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، تەنها (3) حاڵەتیش لە دژی پیاوان بەڵام توندوتیژی هاوسەرە گەنجەکان زۆرتر دەگرێتەوە، ئەنجومەنی سویدی بۆ رێگری لە تاوان نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ناو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار (25) ساڵەوەیە، لە هەمان کاتدا جەخت لە رۆڵی بەرچاوی قوتابخانەکان لە رێگریکردن لە توندوتیژی نێوان هاوبەشەکان دەکات لە تەمەنی هەرزەکارییاندا. بە پێی راپۆرتێک کە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی سویدی بڵاوی کردەوە، بریتیبوو لە پێداچونەوەی (75) حاڵەتی توندوتیژی کە تیایدا مندالان و ژنان گیانیان لەدەستدابوو، ئاماژە بە بوونی "(30) گرفت لە تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا کراوە، وەڵامدانەوەی توندوتیژی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری، تەندروستی، پۆلیس و قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە، قوربانی تاوانەکان لە پەیوەندی چڕدا بوون لەگەڵ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵام پشتیوانی پێویست نەکراون". دەسەلاتدارانی کۆمەڵایەتی سوید ئاماژە بەوە دەکەن کە "تاوانی توندوتیژی ناو ماڵەکان جیاوازە لە تاوانەکانی تر، ئەوان بە تێکڕا تەمەنییان لە قوربانییەکە گەورەترە، ژیانێکی ئارامتریان هەیە، خاوەنی کاری خۆیانن". لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن نیوەی بکوژانی ژن پێشینەی تاوانیان نەبووە، تەنها یەک لەسەر چواری تاوانبارانی توندوتیژی لە دژی ژنان پیشتر دۆسییەی تاوانیان هەبووە یان بە تاوانێکی توندوتیژی پێشتر ئیدانە کراون. پیش چەند ساڵێک، سوید بە توندی مامەڵەی لەگەڵ بچوکترین ئاماژەی توندوتیژی خێزانی دەکرد، منداڵەکانیان دەگواستەوە بۆ خێزانی تر، لە ساڵی (2020) ئەمە بووە هۆکاری ناڕەزایەتییەکی فراوانی کەمایەتی پەنابەران کە لەو وڵاتەن.
د.سەلام عەبدولكەریم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023 بڕیارە لەهاوینی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەبچێتو تیایدا سەرۆكی سیازدەیەمینی ئەو وڵاتە لەكۆشكی چانكایا ماوەی پێنج ساڵ فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە بكات. رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی كۆماری ئێستای توركیا پاش گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی توانی سەركەوتوو بێتو دواتریش لەكێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018 دیسان سەركەوتنی بەسەر ركابەرە سیاسییەكانی تۆمار كردو ئەمجارەش خۆی بۆ كێبڕكێیەكی گەرمو گوڕتر ئامادە دەكات، بەتایبەت لەئێستادا شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، كەپێكهاتوون لە لە(پارتی گەلی كۆماریی)و (پارتی چاكە)و (پارتی ئاشتیو پێشكەوتن)و پارتی (سەعادەت)و پارتی (دیموكراسیی) سەرقاڵی كۆبوونەوەی بەردەوامن بەمەبەستی داڕشتنی ستراتیژی كاری سیاسیی بەرەیی بۆ وەستانەوە بەڕووی هاوپەیمانییەكەی ئاكپارتیو پارتی مەهەپەی نەتەوەپەرست، كەكرۆكی پرۆژەی سیاسیی ئەو شەش پارتە گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی توركیایە بۆ سیستەمی پەرلەمانیو رێكەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیای 2023دا. هەرچی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)شە تائێستا لەدەرەوەی پرۆژەی كاری سیاسیی هەردوو بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنەو بەتەنها ماوەتەوەو نیازیان هەیە بەتەنها خۆیان بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكەنو دیاریش نییە ئاخۆ كاندیدیان دەبێت یان نا؟ بەپێی پێوەرە سیاسییەكانی هەڵبژاردنو دۆخی نێوخۆیی توركیا ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەردوو بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنو بۆ هەدەپەو كوردیش وەك گەردەلولو زریانو باوبۆرانی سیاسییە، چونكە هەر لایەك لەو دوو بەرەیەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ئەوا زریانی توڕەیی خۆیو بەرنامەو ئەجێندای سیاسیی خۆی بەسەر ئەویترو پێنج ساڵی داهاتووی توركیاشدا دەسەپێنێت. بۆیە گەر بۆ بەرەی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن جارێك مەترسیدارو هەستیار بێت، ئەوا بۆ هەدەپە دووجار، چونكە ئەگەر هەدەپەش كاندیدی هەبێت، ئەوا پێناچێت ئەندامو لایەنگرانی هیچ كام لەو شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنە دەنگ بەكاندیدەكەی هەدەپە بدات، چونكە جگەلەوەی هەر لەدەسپێكی كۆبوونەوەكانی لوتكەی شەش پارتەكەوە هەدەپە بەشداری پێنەكراوە، هاوكات خۆشیان رایانگەیاندووە، كەبێشك كاندیدیان بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەبێت، هەروەك لەبەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی شەشەمی لوتكەی نێوانیان رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بەجۆرێك تیایدا هاتبوو:"سەرۆكی سیازدەیەمینی توركیا كاندیدی خۆشەویستانی دیموكراسیو لەپشتیوانانی سیستەمی پەرلەمانی دەبێت". بێئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكەن. كۆنگرەی پێنجەمی هەدەپە..بەگژاچوونەوەی كەنارخستن لەبری بەخۆداچوونەوەی سیاسیی لەرۆژی (3)ی ئەم مانگە لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا هەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی گرێداو تیایدا جارێكیتر هەریەكە لە(پەروین بوڵدانو مەدحەت سنجار) بەهاوسەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرانەوەو لەگەڵیشیدا (100) ئەندام وەك ئەنجومەنی سەركردایەتیو (50)ی دیكەش وەك یەدەگ بۆسەركردایەتی هەدەپە هەڵبژێردران سەرباری هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی دیسپلینی ناوەندیو لیژنەی ئاشتی. ئەم كۆنگرەیە لەبری ئەوەی كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەی بەشداری سیاسییو لانیكەم موراجەعاتی بەشێك لەو هەڵە سیاسیو ستراتیژییانە بێت، كەهەدەپە لەماوەی بەشداری سیاسیی لەپرۆسەی سیاسییو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیو سەرۆكایەتیو شارەوانی توركیادا كردوونی، بەپێچەوانەوە زیاتر كۆنگرەیەك بوو بۆ بەگژاچوونەوەی ئەو كەنارگیریو پەراوێزخستنەی، كەماوەیەكە تووشی بووە. سەرباری ئەوەی پەیامێك بوو بۆ شەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیا، كەماوەیەكە بێ هەدەپە سەرقاڵی ئامادەكاریو رەنگڕێژكردنی ستراتیژی كاری سیاسیی لەمەڕ ئایندەی سیاسی توركیاو پرۆسەی هەڵبژاردنس سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا لەساڵی 2023. هەروەك (پەروین بوڵدان)ی هاوسەرۆكی نوێی هەڵبژێردراوی هەدەپە رایگەیاند:"چیتر رێگە نادەین كەس وەك پرد بەكارمان بهێنێتو بەسەرماندا بپەڕێتەوە". بەڵام بەبۆچوونی ئێمە ئەم قسەیەی بوڵدان درەنگ وەخت بوو، چونكە دەمێكە ئەوان لەلایەن جەهەپەو كەمال كڵیچدار ئۆغلوی سەرۆكی پارتەكەوە وەك پرد بەكارهێنراون بۆ مەرامو ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان دژ بەئەردۆگانو ئاكپارتیو هاوپەیمانی گەلی لەگەڵ مەهەپە بەدیاریكراویش گەورەترین بەكارهێنان وەك پرد بریتی بوو لەبەركارهێنانی هەدەپەو دەنگدەرو لایەنگرانیان لەدووبارە هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەمبوڵ، كاتێك لەگەڕی یەكەم نەتوانرا ئەنجامەكە یەكلاییبكرێتەوە، بەڵام لەگەڕی دووەمو كۆتایی بەهۆی پشتیوانی هەدەپە لەئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی جەهەپە كێبڕكێكە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی كۆتایی هات. ئایا نەدەبوو لەو دۆخە هەستیارەدا هەدەپە هۆشی بەلای بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیو پرسی كورد لەتوركیا هەبووایەو نەكەوتایەتە ئەو هەڵە زەقە سیاسییەوە؟! بۆیە ئەوەی دەبوو هەدەپە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكەی ئەنجامی بدات پێداچوونەوەو بەخۆداچوونەوەی سیاسیی ورد بوو لەگەڵ هەڵسەنگاندی بەشداری سیاسییو ستراتیژی كاركردنی لەگۆڕەپانی سیاسیی توركیاداو دانانی نەخشەو كارنامەی داهاتووی سیاسی لەململانێ سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت، كەگۆڕانكاری گەورە لەنەخشەی سیاسیو هێزە سیاسییەكانی توركیادا هاتۆتە ئاراوەو پارتی رێكخراوی سیاسی نوێ لەنموونەی پارتە سیاسییەكان (عەلی باباجانو ئەحمەد داود ئۆغلو) دروستبوون، ئەمە جگە لەگۆڕانی دیزاینیو پێكهاتەی هاوپەیمانیو بەرە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان، كەلەئێستادا لەشەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی مۆزایكی ئایدۆلۆجیاو هزر ئیسلامیو كەمالیو لیبرال دیموراتدا بەرجەستە بووە بەبێ حسابكردن بۆ هەدەپە. هەدەپە لەم دۆخە سیاسییەو تا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023 بچین زیتر دەكەوێتە نێوان بەرداشی گوشاركردنی زیاتری ئەردۆگانو ئاكپارتیو لەم لاشەوە فەرامۆشكردنو پەراوێزخستنی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیاوە، بەدیاریكراوی ئەگەر لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ئەو شەش پارتە رێكبكەون، ئەوكاتە دیسان كار لەسەر بەكارهێنانی كاتی هەدەپە دەكەن بۆسوود وەرگرتن لەدەنگدەرەكانیانو دووریش نییە وەك جەهەپەو كاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا جارێكیتر هەدەپە لەگۆڕەپانی سیاسی توركیادا فریو بدرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەجۆرو شێوازێكی دیكە. دەمیرتاشو تێنگەیشتن لەرۆڵی نوێی جیهانیو هەرێمی توركیا سەلاحەدین دەمیرتاشی یەكێك لەسەركردە سیاسییە باڵاكانی هەدەپەو كورد لەتوركیا لەزیندانەوە لەپەیامێكدا رایگەیاندبوو، كەلەدوای ساڵی 2023 پارتێكی سیاسی بەناوی ئاكپارتی نامێنێت، ئەوەش وەك ئاماژەكردن بووە بۆ ئەگەری شكستی ئەردۆگانو ئاكپارتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023و بەمەش ناكۆكیو دووبەرەكی زیاتر لەنێو ئەو پارتدا دروستدەبێتو بەنەمای لەدەسەڵاتی سیاسی توركیادا كۆتایی پێدێتو هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام بەوردبوونەوە لەم وتەیەی دەمیرتاش تێدەگەین، كەجۆرێك لەتێنەگەیشتنو لێكدانەوەی وردی سیاسیی هەیە لەمەڕ ئەو رۆڵە نوێیانەی، كەتوركیا بەخۆوەی بینیوە لەچەند ساڵی رابردووداو لەئێستاو ئاییندەشدا، كەدەیگێڕێت. هاوكات دەبوو دەمیرتاش پەیامی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە هەبووایە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكە لانیكەم كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەو موراجەعاتی كاری سیاسی پارتەكەی بەگشتی و كورد بووایە بەتایبەت راوەستان لەسەر هەڵە كوشندەكانی هەدەپە لەكاتی هێنانی نزیكەی 80 كورسی كەدەرفەت بوو لەگەڵ ئاكپارتی لێكتێگەیشتنی نوێی سیاسی تا ئاستی هاوپەیمانی لەسەر چارەسەری پرسی ئاشتیانەی كێشەی كوردو پێكهێنانی حكومەتی ئئتلافی ئەوكات مەهەپە دووربوو لەئاكپارتی. هەڵەی دووەم دوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمموزی 2016 بوو، كەئاكپارتی لەگەڵ هەموو پارتەكانو هەدەپەش كۆبووەوە بەڵام هەدەپە ئەویشی رەتكردەوە. هەڵەی سێیەم پێداچوونەوەی پاڵپشتی بێسودی هەدەپە لەجەهەپە و ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی شارەوانی ئەستەمبوڵی ئەو پارتەو وەستانەوە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی. ئێستاش كە شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە رێك لەتەوقیتی نزیكی رۆژی كۆنفرانسی هەدەپە كۆبوونەوەو پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكی تریان ئەنجامداوەو لەم كۆبوونەوەیەدا زیاتر لەسەر پرسی كاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن وتووێژیان كردووە بەبێ هەدەپەو لەكۆبوونەوەكانی تریش هەدەپە پشتوێ خراوەو كراوەتە دەرەوەی ئامادەكارییەكانی كێبڕكێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، كەبڕیارە لەهاوینی 2023 ئەنجام بدرێت، بەم پێیە بێت هەدەپە وەك دەستبەتاڵ لەپرۆسەی داهاتووی توركیا دەكرێتە دەرەوە، چونكە دەمیرتاش خۆشی كاندید بكاتەوە جگە لەئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە خۆیان، ئەوا ئەندام و لایەنگری هیچ كام لەشەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان و تەنانەت ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپەش، كەبەحسابی هەدەپە هاوپەیمان و نزیكی سیاسیانە پێناچێت دەنگ بەدەمیرتاش و هیچ كاندیدێكی دیكەی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا بدەن. ئایا ئیتر كاتی موراجەعات و پێداچوونەوەی هەڵە سیاسییەكان و كاری سیاسی چەند ساڵەی هەدەپە نییە، كەلەكۆنگرە نوێیەكەیاندا وەك بڵێی ئەو چەند ساڵەی بەشداری سیاسیان نەبایان دیبێ و نەبۆران، كەفەرامۆشكردنی باوو بۆران و زریانی سیاسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بێڕەحمە سەبارەت بەهەدەپە و كوردیش. ئەو بۆچوونانەش كەدەمیرتاش كەلێن و درزی خستۆتە ناو ئاكپارتی، نەك واقیعی نییە، تەنانەن عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغلوی دامەزرێنەرانی پێشووی ئاكپارتی نەیانتوانیوەو پێناچێت بشتوانن ئەو دووبەرەكییە لەنێو ریزەكانی ئاكپارتی لەم قۆناغەدا دروست بكەن. نەخوێندنەوەی پێگەو رۆڵی مێژووی توركیا و ئەندامی بەهێزی ناتۆو هاوپەیمانی سەرەكی ئەمەریكاو ئیسرائیل و هاوپەیمانی توركیا لەگەڵ روسیا و ئێران لەرابردووی نزیك ئێستاشدا و هاوپەیمانی و پەیوەندی و كۆمەكییە داراییەكانی قەتەرو كۆمەكییە لۆجستی و ئیدارییەكانی ئیخوان موسلیمین و ئاوڕدانەوەو ئاشتبوونەوەی توركیا لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیەو ئیمارات و دەستپێشخەرییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ میسرو سعودیەو بەهێزبوونەوەی پێگە رۆڵی توركیا پاش سەرهەڵدانی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا لەسەردەمی ئاكپارتی و ئەردۆگاندا كورتبینییەكی سیاسی دەمیرتاش و سەركردایەتی سیاسی هەدەپەبووە لەرابردوو ئێستا و داهاتووشدا، گەر بەم تێڕوانینە بەردەوام بن.
وەرگێڕانی: ئەنوەر کەریم بەهای یۆرۆ لەدابەزیندایە لە چەند مانگی ڕابردوودا وە ئیستا بەهاکەی هاوتا بوە لە گەڵ دۆلاری ئەمریکیدا. شارەزایانی ئابوری دوو هۆکاری سەرەکیان دەستنیشان کردوە بۆ لەدەستدانی بەهای یۆرۆ وە کاریگەری چیە لەسەر یەکێتی ئەوروپا . هۆکارەکان 1- بەرزی ڕیژەی هەڵئاوسان لە ناوچەی یۆرۆدا . ( سوشانتا مالیک ) پڕۆفیسۆر لە بواری دارایی جیهاندا لە زانکۆی ( کویین ماری ) لە لەندەن ووتی تەنها ( پێنج ) ووڵاتی ناوچەی یۆرۆ لە ژێر هیڵی تێکڕایدان بۆ هەڵئاوسان . ئەم هەلئاوسانەش بە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ووزەیە ، بە هۆی کاریگەری شەڕی رووسیاو ئۆکرانیاوە. بە ڵام ئابوری ئەمریکا کاریگەری ئەو شەڕەی زۆر کەمە لەسەری .بەهۆی بەرزبونەوەی زۆری نرخی ووزە وایکرد کە ئەمریکا دەستببات بۆ یەدەکی نەوتیان . وە سەر چاوەی تری ووزە بەکار بهێنن . هەر لەم ماوەیەدا یۆرۆ زیاتر لە10 % لە بە هاکەی لەدسەتداوە . 2- هۆکاری بەرزبونەوەی دۆلار بەرامبەر بەیۆرۆ ( دۆلار وەک بەهەشتیكی سەلامەتی لێهاتوە بۆ وەبەرهێنەر) بە پێچەوانەی ئەوروپا سودی بانکی لە ئەمریکا بۆ چەند مانگێکە بەرزدەکرێتەوە ئەمەش وادەکات کە دۆلاری ئەمەریکی زیاتر سەرنجی وەبەرهێنەر رابکێشێت ( لوسیۆ سارنۆ ) پڕۆفیسۆر لە دارایی جیهاندا لە (زانکۆی کامبرج ) ووتی زیادکردنی سودی بانکی وادەکات خواست لەسەر دۆلار زیاتربێت وەک رەمزێکی سەلامەتی بۆ کاتی شەڕ . بە کە ناڵی جزیرەی ئینگلیزی ووت . هەر لەسەرەتای مانگی کانونی دووهەمی ئەمساڵەوە بەڕێوبەری بانکی یەدەکی ئەمریکا ئەڵێت ئیمە بەبەردەوامی سودی بانکی بەرزدەکەینەوە ئەم بەرکردنەوەیەش بوە هۆی ئەوەی بەهای دۆلار لە هەڵکشاندا بێت ، بانکی ناوەندی ئەوروپا لەوە ئەچیت ئەم مانگە ڕێژەی سودی بانکی بەرزبکەنەوە تەنها بە ڕێژەی 0.25%. بەڵام بانکی ناوەندی ئەمریکا تەنها لە مانگی حوزایراندا سودی بانکی بەڕیژەی 0.75% بەرزکردۆتەوە ئەمە ش لە 30 ساڵی رابردوودا لە ئەمریکا ئاوا ڕێژەی سوودی بانکی بەرزنەکردۆتەوە . وە ئەمریکا ریژەی سوودی بانکی لە ئیستاو داهاتوودا زۆر زیاتر لە لە یەکیتی ئەوروپا بەرزدەکاتەوە . یەکێتی ئەوروپا بەبەرزکردنەوەی ڕێژەی سودی بانکی زیاتر وادەکات کە بەهای یۆرۆ بەرەو بەرزبونەوە بڕوات . دابەزینی بەهای زیاتری یۆرۆ وادەکات ڕیژەی هە لئاوسان لە ئەوروپادا زیاتر بەرزببیتەوە ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نیوەی زیاتری هاوردەی ئەوروپا بەدۆلار ئەکڕێت . بەکاربەران ئەبێت چاوەڕێی بەرزی نرخی زیاتر ببن بەهۆی زیاتر بەرزبونەوەی نرخی ووزە و کەرەسە سەرەتایەکان هەتا دۆخەکە ئاسایی ئەبێتەوە . . یەکێتی ئەوروپا گەشەکردنی ئابوری پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەری تێچووی ژیان کەمبیتەوە وە هێزی کڕیین لاواز نەبێت بۆ تاک و خێزانەکان . https://www.aljazeera.com/news/2022/7/13/what-prompted-euros-parity-with-us-dollar-and-whats-its-impact
ئامادەكردنی: ئەنوەر کەریم سایتی بلومبێڕگ ئەمریکا گازی سروشتی هەناردە ئەکات بۆ یەکێتی ئەوروپا زیاتر لەوەی کە ڕوسیا لە مانگی حوزایراندا هەناردەی کردوە بە هۆی شەڕی ڕووسیاو ئۆکرانیاوە . ژمارەکان لە ئا ژانسی وزەی جیهانی( IEA ) پیشانی ئەدەن کە ئەوروپیەکان گازی سروشتی (LNG) یان هاوردە کردوە لە ئەمریکا، وەک لەوەی کە بە بۆریەوە هەناردە دەکرێت بۆ یەکێتی ئەوروپا. ئەمەش بە هۆی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپاوە بۆ سەر ڕووسیا . ئەورپیەکان چەندین ساڵ پشتیان بە گازی ڕووسی بەستوە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان و وە بۆ پەیداکردنی وزەی کارەبا و چەندین جۆری تری بەکارهێنان ، وە ترسێک هەیە لای ئەوروپیەکان کە ڕووسیا بەتەواوی هەناردەی گاز بوەستێنیت ،تاوەک و پێگەی سیاسی خۆی بە هیزتر بکات بەرامبەر ئەوروپیەکان FATIH BIROL بەڕێوبەری جیبەجێکاری ( IEA) لە تویتێکدا ڕۆژی 5 شەممەی رابردوو لە گرافیکێدا ڕایگەیاند کە هەناردەی گاز بۆ یەکێتی ئەوروپا لە ڕوسیاوە لە پاشەکشەدایە . ئەم کەمکردنەوەی خێرایەی یەکێتی ئەوروپا بۆ گازی هاوردەی ڕووسی یەکەم مانگە لە مێژوودا کە لە بۆریەوە کەمتر بێت ، Fatih Birol پێشتر ئاگاداری یەکێتی ئەوروپای کردۆتەوە کە گازی ئەمریکا بەشی ئەوە ناکات کە بتوانێت کێشەی یەکێتی ئەوروپا چارەسەر بکات بەتایبەتی کە بەرەو زستان ئەڕوات ، ڕووسیا ئەمساڵ بە ڕیژەیەکی زۆر گازی کەمکردۆتەوە بۆ یەکێتی ئەورپا کە نزیکەی 35 ملیار مەتر سێجایە. ئەمەش کێشە دروست ئەکات بۆ پڕکردنەوەی خەزانەکانی یەدەکی گاز لە یەکێتی ئەوروپادا . ئەمەش کارتی سوورە بۆ زستانی داهاتوو . ئەم کەمبوونەوەیە وا ڕێکخراوە کە ساڵانە بۆ ئیدامەدانی بۆریەکانی( نۆرد ستریم ) ئەکرێت لە مانگی تەموزدا بۆ دوو هەفتە ، کە ئەبیتە هۆی کەمبونەوەی تەزویدی گاز لە ڕوسیاوە بۆ یەکیتی ئەوروپا، حکومەتی ئەڵمانیا کارەکانی ( نۆرد ستریمی 2 ) کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو ڕاوەستاندوە ، بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیاوە لە لایەن ڕوسیاوە. بە پێی ڕاپۆرتی بەشی ووزەی ئەمریکا . ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سروشتیە بەڵام لە یەدەکدا گەورەترنیە. گازی سروشتی ئەمریکا تەزویدی سێ یەکی گەرمکردنەوەی ئەمریکاو پەیداکردنی وزەی کارەبای ئەمریکا ئەکات . لە کاتێکدا کە گازی سروشتی لە ڕێگای بۆریەوە ئەگوێزرێتەوە لە ناوخۆدا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بازاڕی گازی سروشتی گەرمە لە جیهاندا وایکردوە کە کە گازی سروشتی بەشیوەی ( لیکیوفاید ) بکرێت سایتی فەرمی ( IEA). https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-07-01/us-lng-supplies-to-europe-overtake-russian-gas-iea-says?fbclid=IwAR3Z1u1duTrZu-sFG-GPbgZnPH7RNBc2YGf8TZh4_nvIzOqJWs2dCmDfx9I
عەلی مەحمود محەمەد دوای 203 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی دوو پارتی سەرەكی لە كۆلۆِمبیا كە زیاتر لە سەدەو نیوێك كورسیەكانیان (فیفتی بە فیفتی) دابەش دەكرد، دواجار لە هەڵبژاردنی چەند رۆژی رابردوودا لیستی رێكەوتنی مێژوویی چەپگەرا بە سەرۆكایەتی گەریلایەكی سەر بە رەوتی رۆبن هود و كارەكەرێكی مالان، سەركەوتنی گەورەیان بە دەست هێناو كۆتایییان بە دەسەڵاتی دوو پارتی دەسەڵاتداری كۆڵۆمبیا هێنا، كە تەواوی دەسەڵاتە سیاسی و ئیدارییەكانی وڵاتیان قۆرخكردبوو. كۆڵۆمبیا یەكێك لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتینە, روپێوەكەی 1141748 كم چوار گۆشەیە, ژمارەی دانیشتووانی 51049498 كەسە, داهاتی نەتەوەیی 295 ملیار و 610 ملیۆن دۆلارە, داهاتی تاكی 5752 دۆلارە لە ساڵێكدا. كۆڵۆمبیا دووەم وڵاتە رێژەیەكی بەرز سپی پێستی تێدا نیشتەجێ بووە لە ئەمەریكای لاتین, دەگاتە 37%, وە 6,68%ی هاوولاتیانی ئەفریقین, دانیشتوانی رەسەن تەنها 4,31% ولات پێك دەهێنن, 49%شیان تێكەڵەن. لە نیو سەدەی رابردوو ئاشتی لە گەڵ گەریلاكان و شەڕی چەكداری كێشەی سەرەكی خەڵك بوو لە كۆڵۆمبیا, جەمسەری بەندی هەڵبژاردنیان دیاری دەكرد, ئاخر 260000 هەزار كوژراو حەوت ملیۆن ئاوارەی لێكەوتەوەو لە دوای پرۆسەی ئاشتی ساڵی 2016 ی نێوان گەریلا ماركسیستەكانی فارك و حكومەتی كۆڵۆمبی بارودۆخ گۆڕا, داخوازی دیكە هاتە پێشەوە وەك نا یەكسانی, گەندەڵی, مافی ژنان, مافی كەمایەتیەكان, پاراستنی ژینگە..... ئەمانەش پێویستیان بە هێزی چەپ بوو بسیان بكات و كاریان لەسەر بكات, لێرە بەدواوە چەپ گرێدراو نییە بە خەباتی چەكداری و كاری زەبرو زەنگەوە, بەڵكە گرێدراوە بەو كێشە هەنووكەیانەی ئاماژەمان پێیان دا. جاران حوكم بۆ راست, چەك و جەنگەڵ و لادێ و شاخیش بۆ چەپ بوو , چەپیان بە قاچاخچی مادەی هۆشبەر دەناساند, كەچی خەباتی چەكداری چەپ یەكێك لە هۆكارەكانی لە دژایەتی ئەوانەوە لە دایك بووە "لە ساڵی 1964ەوە لە خەبات بۆ چاكسازی كشت و كاڵ (دابەشكردنی زەوی) هۆكاری سەرەكی دەست دانە چەك بووە" , جەنگ لە دژیان فارك دەستی پیكرد, ئەو قاچاخچیانە بۆ راستەكان هێز بوونە هەمیشە. ئۆلیگارشیەكانی كۆڵۆمبیا بە خوێن و مادەی هۆشبەر 203 ساڵ حوكمیان كرد, كۆڵۆمبیا تاكە دەوڵەتی كیشوەرەكەیە كە تا ئێستا هەڵبژاردن تیایدا لە نێوان راست و راست بووە, لە ئێستا بە دواوە كایەكە گۆڕا بۆ چەپ و راست, خەڵك لە فەرمانڕەواییەوە چەپ تاقی دەكاتەوەو لێرەوە چەپی پراتیكی و زاهید دەیباتەوە, لە خەباتەوە دەچنە قۆناغی تاقیكردنەوە, قۆناغێكی مەترسیدارترە لە خەباتی چەكداری. ئەنجامی هەڵبژاردنی نیشانەی تێكشكانی سستەمی حیزبی پێشوو بوو, گۆڕان بوو بەرەو چەپ, نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت راپەڕینی خەڵك ساڵی پار, پشتی بزاڤی ئۆربیسمۆی راستگەرای كۆنەپەرستی شكاند, لێ كۆڵۆمبیا وڵاتێكی پارێزگارە گۆڕانكاری رادیكاڵی قەبوڵ ناكات, وە راگەیاندنیش بە دەست راستەكانەوەیە, یان ئەوەتا ئاراستەی پەمبەیی وەربگرن, یان ئەزموونی رابردووی هندۆراس و پاراگوای دووبارە بكەنەوە بە كودەتا, یان وەك ئێستای پیرۆ سەرۆك پیدرۆ كاستیلۆ دەستی بەستراوە و تا ئێستاش نەیتوانیوە كابینەیەكی حكومەتی یەكگرتووی تەواوی هەبێت, چوار جار سەرۆك وەزیرانی پێ گۆڕاوە, ئۆلیگارشییە پارێزگارەكان جوڵەیان پێ بڕیووە, بە كەمایەتی ناو پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران وەك پیرۆ زیاتر لەم ئەزموونەوە نزیكە. لە كۆڵۆمبیا دەسەڵاتی شاراوە هەیە, پێك دێت لە بازرگانانی مادەی بێهۆشكەر, سەرمایەدارو خێزانە راستڕەوە دەوڵەمەندەكان, سەرباری سوپاو ئەمەریكا و كەنیسە و هەردوو پارتە حوكمڕانەكانی پێشوو, كۆی ئەمانە دەسەلاتێكی مەزنیان هەیە, لە سەروی هەمووشەوە راگەیاندنی بەهێزیان هەیە, ئەمانە بەرەو رووی گۆڕانكارییەكان دەبنەوەە, هەوڵ بۆ تێكشكانی كەسایەتییەكان دەدات, لە 7 ئۆگستەوە جەنگەكە دەست پێ دەكات, ئاخر سەركەوتن بۆ كارە, ئەوان رێگا لە كارەكە دەگرن بۆ گەیشتنەوە بە دەسەلات. نابێت لە بیرمان بچێت بە یاسا بانكی ناوەندی پارێزراوە لە دەست تێوەردانی حكومەت و دادگای دەستوورییش یەكلا كەرەوە و دەسەڵاتدارە, ئەمانیش وەك لوغمن رێگا دەگرن لە گۆڕانكاری ریشەیی. حاڵی نایەكسانی كۆڵۆمبیا نایەكسانی تیایدا بە پێوەری جینی 0,504 ە, كە ئەمەش رێژەیەكی بەرزە, ئەگەر یەك بێت واتا سەرمایەی وڵات لە دەستی كەسێكدا كۆبۆتەوە, بەڵام ئەگەر سفر بێت یانی یەكسانی تەواو هەیە, سەروەت و سامانی وڵات بە یەكسانی تەواو بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا دابەشكراوە", كۆڵۆمبیا لە ئەمەریكای لاتین دووەم وڵاتی نا یەكسانە دوای ولاتی بەرازیل و حەوتەمیشە لە جیهان . لە ساڵی 2021 دا رێژەی هەژاری لە كۆڵۆمبیا گەیشتە 39,3% ی هاوولاتیان , ژمارەیان 18,9 ملیۆن كەس بوو لە كۆی ژمارەی دانیشتووان. 10%ی هەرە دەوڵەمەندترینی هاووڵاتیان 58%ی داهاتیان بەر دەكەوێت, 10%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی ولات خاوەندی 65%ی سامانی وڵاتن 1. 2%ی ئاغاكان خاوەند 90%ی زەوی وڵاتن , 11% ی هێزی كاری وڵات بێكارن, زۆرترین كاری نا فەرمی لە ئەمەریكای لاتین لە كۆڵۆمبیایە. لە شار رێژەی هەژاری نزیك 30%, لە لادێدا رێژەی هەژاری دەگاتە 65%, بەشی زۆری هاووڵاتیانی لادێ هەژارن, بۆیە ناوچەكانیان بۆتە ناوەندی دەستەو گروپی چەكداری چەپ و تەنانەت تاوانكاری راستگەرایی و مافیایی و باندی قاچاخچی جۆراو جۆر2. رێكخراوی هاوكاری و گەشە دەڵێت " یانزە نەوەی دەوێت تا 10%ی هەرە هەژارەكانی كۆڵۆمبیا بگەنە داهاتی مام ناوەند" هەرچەندە كۆرۆنا نا یەكسانی زیاتر كرد, ئەو ماوەیەشی گۆری و ئەو خەونەی درێژترەوە كرد 3. 25000 هاووڵاتی لە شاری بۆگۆتای پایتەخت خەریكی كۆكردنەوەی پاشماوەی دەوڵەمەندەكانن, كە رۆژانە كەمتر لە 5 دۆلار داهاتیانە, بەشی زۆریشیان لە شەقامەكان دەخەون, داهاتەكەیان تەنها بەشی جەمێك خواردنیان دەكات 4- گرنگی كۆڵۆمبیا بۆ ئەمەریكا كۆڵۆمبیا وڵاتێكی گرنگە, وەك شافێز وتەنی ئیسرائیلی دووەمە لە ناوچەكە, سیاسەتی ئەمەریكاو ناتۆ لە ئەمەریكای لاتین بەڕێوە دەباتو زیاتر لە 200 ساڵە پاشكۆی ئەمەریكایە. ساڵی 1962 دوو ساڵ پێش ئەوەی فارك دەست بە خەباتی چەكداری بكات, كۆڵۆنێڵی ئەمەریكی ویلیام یاربۆرۆ لە میانی سەردانی كۆڵۆمبیای دا پێشنیاری دروستكردنی تیمی مەرگی كرد بۆ بنەبڕكردنی جوتیارە شیوعیەكان. لە ساڵی 1963 ژەنەراڵ ئەلبەرتۆ رویزۆ نۆفۆوا, كە لە شەڕی كۆریا بەشداری كردبوو, پێشنیاری دروستكردنی دەستەی چەكداری مەدەنی كرد بۆ شەڕی شیوعیەكان لەناو كۆمەڵگاكانیان. لە سەردەمی حوكمڕانی ئەلفارۆ ئۆربی 7 August 2002 – 7 August 2010 ژەنەراڵ ماریۆ مۆنتا كە ئەمەریكا راهێنانی پێكردبوو, زیاتر لە 10000 خەڵكیان كوشت, بەشی زۆریان چەپ بوون, زۆرجار قوربانیەكان بەرگی گەریلایان دەكردە بەریان دوای كوشنتنیان . كۆڵۆمبیا شەریكی پەیمانی ناتۆیە, 9 سەربازگەی ئەمەریكای لێیە 5, سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ئازاری ئەمساڵ كۆڵۆمبیای هاوپەیمانی سەرەكی لە دەرەوەی ناتۆ دیاریكرد. لەوەش زیاتر رۆیی و وتی: ئەمەریكای لاتین باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا نییە , بەڵكە گۆڕەپانی پێشەوەی ئەمەریكایە 6. لە مێژوودا پارێزگارە راستڕەوە دەسەلاتدارەكانی كۆڵۆمبیا پشتیوانی دەزگا سیاسی و داراییەكانی ئەمەریكایان لە پشت بووە, نەخشەی ئەمەریكایان لە كیشوەرەكە بردۆتە پێشەوە , ئەگەر ئەمەریكای لاتین باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا بووبێت و ئەوا كۆڵۆمبیا سەنگەری پێشەوەی ئەمەریكا بووە. هەموو نەخشە سیخوڕییەكان دژ فەنزوێلا لە كۆڵۆمبیاوە ئاراستە كراوە, تەقاندنەوەی كارەبا و نەوت و ئاو تا رێكخستنی كودەتاو هەوڵی تیرۆر كردنی مادۆرۆ و هێنانی چەك و نانەوەی پشێوی, لە ئازاری 2008 شافێز راستی وت كە كۆڵۆمبیای بە ئیسرائیلی ئەمەریكای لاتین ناو برد7. كۆڵۆمبیا بەرەی گەڕانەوەی راستەكان بوو بۆ دەسەڵات لە بەرازیل, ناوەندی دەست خستنە ناو كاروباری ولاتانی دیكەی وەك پیرۆ و ئیكادۆرو و پۆلیڤیا بوو لە ناوچەكە, تا ئێستا لە روی سیاسییەوە جێگیرترین ولاتی دۆستی ئەمەریكا بوو لە كیشوەرەكە وەلێ لە پڕ گۆڕا, تسۆنامی سور گەیشت پێی 8. ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە پارتی كۆماری ماریا إلفیرا سالازار " وتی من نیگەرانم لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كۆڵۆمبیا, بیترۆ دزو تیرۆریست و ماركسیی و داكۆكیكەری شافێزو كاسترۆیە 9. هەرچەندە بایدن پیرۆزبایی كرد لە بیترۆ و وەلێ فەمانداری فلۆریدا رون دی سانتیس وتی بیترۆ تیرۆریستێكی ماركسییە كاری مادەی هۆشبەری كردووە, وەلێ رێك سكوت سیناتۆری فلۆریدا وتی بیترۆ سۆسیالستێكی چەپی توندرەوە 10. خوێن لە كۆمەڵگا دەچۆڕێت, مەترسی خۆ كاندیدكردن تا ساڵی 2010 خۆپالاوتن لە كۆڵۆمبیا بۆ چەپەكان خۆكوژی بوو, لەو مێژوەوە لە خۆكوژییەوە بووە مەترسی, ساڵی 1948 كاندیدی چەپ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا خۆرخی ئەلیسیر گایتان تیرۆر كرا, لە هەڵبژاردنی ساڵی 1990دا هەر سێ كاندیدی سەرۆك كۆمار, كاندیدی لیبراڵ لویس كارلۆس و هەردوو كاندیدی چەپ برناردۆ جارامیلۆ ئوسا و بیزارۆ لیونگۆمیز تیرۆر كران. لە میانی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دا میلشیا چەكدارە راستگەراكان رایان گەیاند, دەنگدەرانی بیترۆ ئامانجی سەربازین, لە هەندێك ناوچە نەیان هێشت دەنگ بدەن, لە هەموو خولەكانی پێشوودا بۆ چەپ هەروا بووە, لەم خولوشدا دووبارە بوەوە. لەماوەی 8 ساڵ دەسەلاتی ئەلفارۆ ئۆربی لە نێوان 2002 بۆ 2010, زیاتر لە 6402 كەس لە لایەن سوپاوە كوژران, زۆریشیان دوای كوشتنیان بەرگی گەریلایان كردە بەریان, ئۆرۆبی باوكی لە لایەن گەریلا ماركسیستەكانی فاركەوە كوژرا, لە ساڵی 2016 لە هەڵمەتی راپرسی بۆ ئاشتی دژ بە پرۆسەی ئاشتی وەستایەوە 11. ساڵی 1988 لەسەردەمی تیرۆر كردنی چالاكوانانی چەپ و كۆمۆنیستەكان, ئەنجامی رێكەوتنی هەواڵگری لیوای چواری سوپاو كارتلەكانی بازرگانی مادەی هۆشبەر بوو لە مێدلین 12. لە دوای پرۆسەی ئاشتی نێوان گەریلاكانی فارك و حكومەتی كۆڵۆمبیاوە 1321 كەس كوژراون لە رابەران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و گەریلاكان. لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە 120 سەركردەی كۆمەلایەتی تیرۆر كرا, لە ساڵی 2021 دا 121 كۆمەڵكوژی ئەنجامدراوەو تەنها لەمساڵدا 47 كۆمەڵكوژی,94 رابەری كۆمەڵایەتی, 21 گەریلای فارك كوژران13. لە ساڵی 1985 ەوە بۆ ساڵی 2018 دەركەوت 5733 ئەندامی پارتی Unión Patriótica چەپگەرا كوژران, هاوكات 3000 ساندیكایی تیرۆر كران, تا ئێستا لە دوای پرۆسەی ئاشتییەوە لە ساڵی 2016 , 315 گەریلای فارك كوژراون 14. لە ماوەی 8 ساڵدا 1163 چالاكوانی پارتی یەكێتی نیشتمانی Unión Patriótica چەگپەرایان كوشت, لە ناویاندا كاندیدی سەرۆك كۆمار, 13 پەرلەمانتار, 11 پارێزگار هەبوون 15. ی إندیباز 1317 من القادە والمدافعین عن حقوق الإنسان الژین تم گۆستافۆ بیترۆ جێگرەكەی كێن؟ غوستافو فرانسیسكو بیترو أوریغو لەدایك بووی 19-4-1960, لە خێزانێكی لادێی بە بنەچە ئیتاڵی هاتۆتە دنیاوە, كۆچی كردووە بۆ شار, بە منداڵی وانەی ئاینی كاسۆلیكی خوێندووە, سەرەتای هوشیاری سیاسی چەپی لەوێوە لە دایك بووە, كاتێك بینی باوكی بۆ مەرگی كوشتنی جیڤارا هۆن هۆن دەگریا. لە گەنجی ناوەندێكی رۆشنبیری كردەوە بە نوی گارسیا ماركیز, وەلایەنگری لاهوتی ئازادیبەخش بووە 16. لە ساڵی 1973 ەوە بە كاریگەری كودەتای شیلی لە لایەن بینۆتشەوە بەسەر حكومەتی چەپگەرای هەڵبژێردراو وە ساختەی هەڵبژاردنەكانی كۆڵۆمبیا رێگای ماركسیزم دەگرێت, لە تەمەنی 17 ساڵی لە ساڵی 1977 دەبێتە گەریلای گروپی چەپگەرای ئێم 19, بیترۆ لە ساڵی 1985 دەستگیركراوە بە تاوانی هەڵگرتنی چەك بە نایاسایی 18 مانگ لە زیندان بووە. ئەو ناوی ئۆریالنۆی هەڵبژارد لە كاری نهێنی, كە قارمەنێكی ناو رۆمانی سەت ساڵ لە تەنیایی گارسیا ماركێزە. پیترۆ پسپۆری سیاسی ناسراو, لە 20-12- 1991 ەوە ئەندامی پەرلەمانی كۆڵۆمبیا بووە دوو خول, وە وەك هاوكارێكی دیبلۆماسی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە برۆكسل كاری كردووە, ساڵی 2010 وەك باشترین ئەندامی ئەنجومەنی پیران و كەسایەتی سیاسی ساڵ دیاریكراوە, دكتۆرای لە ئابووری و مافی مرۆف هەیە, هاوكات پارێزگاری پێشووی شاری بۆگۆتای پایتەختی كۆڵۆمبیاش بووە 31-4-2014 تا 23-12-2015. لەم هەڵبژاردنە وێرشای هاوپەیمانی مێژوویی هاوكات كاندیدی كۆڕبەندی ساوپاولۆی چەپەكانی ئەمەریكای لاتینیشە. جێگرەكەی فرانسیا ماركیز رەش پێستی بە بنەچە ئەفریقییە" كۆڵۆمبیا دووەم ولاتە لە ئەمەریكا لاتین رێژەی ئەفریقی لە خۆی دەگرێت ", لە 1ی دیسەمبەری 1981 لە گوندێكی ناوچەی كاوكا لە دایك بووە, لە دایك و باوكێكی كرێكاری كانەكان, لە 13 ساڵییەوە بۆتە چالاكوان لە بواری ژینگەو مافی مرۆڤ, لە ئازایەتی و بوێریدا نەیارانی زیاتر سەرسامن پێی, لە 16 ساڵی وازی لە خوێندن هێنا تا منداڵەكەی بەخێو بكات. لەكاتی خوێندن لە قۆناغی زانكۆی سانتیاگۆ دی كالی كۆلێژی یاسا كارەكەری ماڵانی كردووە تا خەرجی خوێندنەكەی دەربكات, ئێستاش یەكەم ژنی رەش پێستە ببێتە جێگیری سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا , دووەم جێگیری سەرۆك كۆماری رەشە لە ئەمەریكای لاتین دوای ئەبسی امبل لە كۆستاریكا. لە لیستی 100 ژنە بەهێزەكەی جیهانی بی بی سی دا بووە, خەڵاتی جۆڵدمانی وەرگرتووە كە هاوتای نۆبڵی ژینگەی جیهانە 17. لە رووی سیاسییەوە, فرانسا ماركیز لە چەپی بیترۆوەیە گەریلاكانی ئێم 19 كێ بوون؟؟؟ گروپی ئێم 19 دژ بە ساختەكاری هەڵبژاردنی ساڵی1970 وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەری دامەزراو دواتر هانایان بۆ چەك برد, لە 8-1-1974 دەستیان دایە چەك تا رێكەوتی 8-3-1990, لایەنێكی بچوكتر بوون لە دەستە چەكدارییەكانی دیكەی وەك فارك و ئیلین , لە نێوان 1500 بۆ 2000 گەریلا بوون, لە دوای ساڵی 1985 ەوە گەشەیان كرد بوونە دووەم هێزی چەكداری یاخی. ئێم 19دەستەیەكی چەكداری شاری بوون وەك بزاوتی تۆبامارۆس لە ئۆرۆگوای و مۆنتینرۆس لە ئەرجەنتین, كەمتر لە گروپەكانی دیكە زەبرو زەنگیان بەكار دەهێنا, پێك هاتبوون لە قوتابیان و هونەرمەندو چالاكوانان, زیاتر رۆشنبیرانی شاری بوون, گەنگەشەیان بۆ پراتیكی رۆبن هودانە دەكرد, دەستیان بەسەر شیری ناو بارهەڵگری ماركێتەكان دەگرت و دابەشیان دەكرد لە گەڕەكە هەژار نشینەكان, تەنانەت دەستیان گرت بەسەر شمشێرەكەی سیمۆن پۆلیڤار, دواتر ساڵی 1990 دوای رێكەوتن لە گەڵ دەسەلات شمشێرەكەیان هێنایەوە, لە روی قوتابخانەی فكرییەوە زیاتر نزیك بوون لە كوبا. ئەم بزووتنەوەیە لەماوەی بەرهەڵستكارییان زۆر چالاكی گرنگی سەربازیان ئەنجامدا, وەك رفاندنی فرۆكەو دەستگرتن بەسەر سەفارەتخانەكان وەك سەفارەتی دۆمۆنیكان لە 27-2-1980 توانیان 14 باڵوێز بە بارمتە بگرن, دەستگرتن بەسەر خانووی دادپەروەری ناوەندی كە زیاتر 100 كەسی تێدا كوژرا, نیوەیان لە دادەرەكان بووون. لە شەوی سەری ساڵ 1979تونێلێكیان لێدا بۆ كۆگای چەكی سوپا لە نۆرس كانتۆن, لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر 5000 پارچە چەكدا گرت. زۆر لە سەركردەكان گەریلاكانی ئێم 19 راستەوخۆ سەركردایەتی چالاكییەكان ناو شارەكانیان دەكرد, زۆریان لەم نێوەدا گانی خۆیان بەختكرد. ئەم بزووتنەوەیە دوای رێكەوتن لە گەڵ دەسەڵات, لەساڵی 1990 بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەناوی 19th of April Movement, لە هەڵبژاردنی دیسەمبەری 1990 رێژەی 26,93%ی دەنگەكەیان هێنایەوە, كە دەیكردە 992613 دەنگ و 19 كورسی لە كۆی 75 كورسی پارلەمانیان بەدەست هێنا, دووەم هێزی ناو پەرلەمان بوون, ئەوەی شایانی ئاماژەیە لە ساڵی 1990 دوو هەڵبژاردن لە كۆڵمبیا ئەنجامدرا لە مانگەكانی مارت و دیسەمبەر, هەڵبژاردنی دووەم لە ئەنجامی رێكەوتنی حكومەت و گەریلاكانی ئێم 19 ئەنجامدرا, یەكەم هەڵبژاردنیش بوو ئۆپۆزسیۆنی چەپ بەهێزەوە چووە پەرلەمانەوە. هەر لەو ساڵەدا 26-4- 1990 كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كارلوس بیزارو لیونغومیز تیرۆر كرا. رۆڵی راگەیاندنی دژ پێش خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا, گۆڤاری سیمانای بەناو بانگ لەسەر بەرگی گۆڤارەكەی نووسی: لە نێوان جەنگاوەرێكی رابردوو و ئەندازیارێك. لە كاتێك ئەو چەكدارە سێ دەیەو نیوە بەرگی گەریلایی فڕێداوەو زۆر پۆستی سیاسی گرنگی لە وڵات وەرگرتووەو دو خولی پەرلەمان, پارێزگاری پایتەخت, وابەستەی سیاسی باڵوێز لە برۆكسل, ئەندامی ئەنجومەنی پیران, دوو خول كاندیدی سەرۆك كۆمار, پسپۆڕی ئابووری و سیاسی, پارێزەری ژینگەو مافی مرۆڤ و لایەنگری مافی ژنان, ئەو ئەندازیارەش كە باس دەكرێ دژە ژن و كۆنەپەرست و لایەنگری هیتلەرە. هەرناندیز بە ترامپی كۆڵۆمبیا دەناسرا, لە ساڵی 2016 خۆی رایگەیاندبوو هەواداری هیتلەرە 18. گۆستافۆ وتی هەڵمەتەكەمان لە دەستی ژنانە, پێشتر لە چاوپێكەوتن لە گەڵ رۆژنامەی ئیل ئیسبیكتادۆر وتی هرناندیس تا ئاستی تاڵیبان كۆنەپەرستە 19. وەك دەبینین راگەیاندنی راست چۆن راستییەكان پیچەوانە نیشان دەدەن. ئۆلیگارشییەكان كۆڵۆمبیا كەناڵەكانی راگەیاندنیان كۆنترۆڵكردووە, هیچیشیان لایەنگری پیترۆ نەبوون لەو جەنگە سیاسییە, بەڵكە تەواو دژ بوونە. سەیر كەن چۆن ئۆلیگارشییەكان كۆنترۆڵی كەناڵەكانی راگەیاندنیان كردووە, لویس كارلۆس سارمینۆ خاوەند 27 كەناڵی راگەیاندنە, كارلۆس ئەردیلا خاوەند 7 كەناڵە, سانتۆ دۆمینگۆ خاوەند 4 كەناڵە و سێ هەرە دەوڵەمەندەكانی وڵاتن. بە پێی زانیاری یەكێتی رۆژنامەنووسانی كۆڵۆمبی 78%ی هاوولاتیان زانیاری لە 8 كەناڵەوە وەردەگرن 20. ئەم كەنالانە چۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە پیترۆ بوون, لە داهاتووشدا بەرەو رووی دەبنەوە وەك مەكسیك و فەنزوێلاو پیرۆو پۆلیڤیاو ...... هتد. هەڵبژاردنی نێوخۆی هاوپەیمانی مێژوویی لەم خولەی هەڵبژاردندا كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمارو جێگرەكەی بەربژێری هاوپەیمانی رێكەوتنی مێژویی -كۆڵۆمبیایەكی دیكە شیاوی بەدی هاتنە" Pacto Histórico" نە بوون, كە لە 17 لایەن شیوعی و چەپ تا چەپی ناوەند پێك هاتووە, 13 لایەنیش لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتییەكە پشتیوانین, هاوپەیمانییەتییەكە لە رێكەوتی 11-2-2021راگەیەنراوە, بیترۆ نوێنەری Colombia Humana ەیە لەناویدا. لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی هاوپەیمانیەتیەكە 5 كاندید ركابەری یەكتریان كرد تا ببنە بەربژێری سەرۆك, 5818375 كەس بەشداری دەنگدانیان كرد, لە ناویاندا دەنگی 122479 كەسیان سپی بوو, وە 111138 كەسیش دەنگەكانیان سوتا. بیترۆ كاندیدی كۆڵۆمبیای مرۆڤی و یەكێتی نیشتمانی بوو لە هەڵبژاردنی ناوخۆی هاوپەیمانیەتیەكە, توانی متمانەی 80,5%ی دەنگدەرانی پارتەكانی ناو هاوپەیمانییەتییەكە بە دەست هێنا كە دەیكردە 4،495،831 دەنگ, بەمەش بووە كاندیدیان, فرنسا ماركیزی جێگیریشی رێژەی 14,05%ی دەنگەكانی هێنایەوە كە دەیكردە 785215 دەنگ, ناوبراو كاندیدی پارتی جەمسەری دیموكراتی چەپگەرا بوو. كۆبوونەوەی ئەو لایەنانە لە دەوری ئەم هاوپەیمانییە, هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ دیاریكردنی نەخشە رێگای گۆڕانكاری كە زیاتر لە 203 ساڵ بوو دەسەڵاتی سیاسی ئابووری و سەربازی و راگەیاندن بەدەست ئۆلیگارشیەكانەوە بوو. زەمینەی هەڵبژاردن ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی كۆمار لە كۆڵۆمبیا, تسۆنامییەك بوو رابردووی 203 ساڵەی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی پارێزگاری كۆڵۆمبی راماڵی, لە مێژووی سیاسی كۆڵۆمبیا راست و راستی پەڕگیڕ دەستیان بەسەر ژیانی سیاسی كۆڵۆمبیا گرتبوو, بۆ یەكەمجار لە دەستیان دەرهێنرا. تا ساڵی 2008 هەموو ولاتەانی ئەمەریكای لاتین چەپ بە رادیكاڵەكان و پراگماتییكەكانەوە دەسەلاتداری بوون, بە ئۆرۆگوای بۆرجوازییشەوە, پاش 175 ساڵ لە دەسەلاتدارێتی پارتەكانی بلانكۆو كۆلرادو. هەرچەندە باسی شەپۆڵی پەمبەیی دەكرێت لە ئەمەریكای لاتین وەلێ لە راستیدا تسۆنامی سورە هەڵیكردووە. تا ئێوارەی رۆژی یەك شەمەی رێكەوتی 19-6-2022, كەس باوەڕی ناكرد ئەمجارە چەپ لە كۆڵۆمبیا هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری بباتەوە, كێشە لە ئاستی هژمۆنیای جەماوەری نەبوو, كە دیار بوو بەلای چەپدا قورس بوو, بەڵكە ئەزموونەكانی هەڵبژاردنەكانی رابردوو وە هێزی شاراوەی راستی دەسەلاتدار و گرنگی ئەم ولاتە بۆ ئەمەریكا كە 203 ساڵ بوو پاشكۆی سیاسەتەكانی بوو, ئەو باوەڕەی دروستكردبوو, ئێستاش رێگاكە راستە رێ نییە و لوغماوییە, سەرمایە بە ئاسانی دەسەلات تەسلیم ناكات, 203 ساڵ راستڕەوە پارێزگارەكان حوكمیان كرد, لەم ولاتە بەرفراوانترین شەڕی ناوخۆیی تیایدا ئەنجامدرا بۆ پاراستنی دەسەلات, چەندین كاندیدی تێدا كوژرا, بۆیە نەك پێش نەوەیەك و بگرە پێش رۆژێكیش باوەڕ ناكرا بەم ئەنجامە, هەنووكە بووە بە پرسێكی راستی, بەڵام بۆمب رێژە. راستەكان لە وڵات دوای وڵات لەم كیشوەرە سورە جەماوەر دەترسێنن بەوەی شوعیەت هات, وەلێ هەژاران و لاوان بێترس لە وشەی شیوعیەت دەنگ بە چەپەكان دەدەن, چونكە پاكترو راستگۆترن, بەرنامەو گوتارەكانیان لەگەڵ بەرژەوەندییان دێتەوە. دامودەزگا سەركوتكەرەكان, بەرتیل و دەنگ كڕین, لایەنداری راگەیاندن بۆ ئۆلیگارشیەكان, چاوسور كردنەوە, دەسەلاتی قوڵ, تەڵەكەبازی هەمە جۆر لە پرۆسەی هەڵبژاردن...... هەموو ئەمانە وای دەكرد سەركەوتنی چەپ خەون بێت. ساغبۆتەوە پارەی مادەی بێهۆشكەر بەكار هێنراوە بۆ كڕینی دەنگ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی رابردوو. گۆستافۆ بیترۆ دەڵێت هاوپەیمانی لە نێوان هەندێك كەرتی دەوڵەت و قاچاخچیەكانی مادە هۆشبەرەكان هەیە, هەر كاتێك كەرتی كشتوكاڵ وێران بكەن مادەی هۆشبەر زیاد دەكات. ساڵی 2002 لەسەردەمی دەسەلاتی ئۆربی لەكاتی جەنگی سەرانسەری دژ بە گەریلا ماركسییەكان, پەیوەندی لەگەڵ میلشیا تاوانكارەكان و بازرگانانی مادە بێهۆشكەر دانا, لەوكاتە كۆنگرێسی كۆڵۆمبی 35%ی لە ژێر دەسەلاتی بازرگانانی مادەی هۆشبەرو تاوانكاران بوو 21. وەلێ متمانە بەو دەسەلاتە نەما, هەڵبژاردنەكان تا ئێستا دوبارە كردنەوەی رابردوو بوون, وەلێ ئەمجارە نۆرەی هاتنی قازە رەشەكە بوو , رێژەی رتكردنەوەی ئۆربیسمۆكان گەیشتە 70% - 22. لە كۆڵۆمبیا گوایە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت , وەلێ چەتەی مادەی بێهۆشكەر سەرۆك و پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی داناوە 23. مێژووی هەڵبژاردن لە كۆڵۆمبیا لە ساڵی 1821 ەوە 56 هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە كۆڵۆمبیا ئەنجامدراوە, لە ساڵی 1857 دا یەكەم هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكایەتی كرا پارتی لیبراڵَ و پارێزگاران بەشداربوون لە پێشبڕكێكە, دواتر گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە لایەن نوێنەرانەوە, هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك ئەنجام نەدرایەوە تا ساڵی 1914, لەوساوە بۆ ئێستا 26 هەڵبژاردن راستەوخۆ ئەنجامدراوە, 55 جار بە گشتی هەردوو پارتی لیبراڵ و پارێزگاران پۆستەكەیان بردووە, 26 جاری لە رێگای نمایشی هەڵبژاردنی راستەوخۆوە. تا ساڵی 1970 تەنها هەردوو پارت پارێزگاران و لیبراڵ بەشدار بوونە لە پرۆسەكە, لە دوای ئەو مێژوەوە پارتی دیكە هاتۆتە ناو پرۆسەكەوە" ساڵی 1974 هەڵبژاردن نەكراوە". لە هەڵبژاردنی 19ی ئەبرێلی 1970 ساختەكاری كرا بە قازانجی میشایل باسترانا بۆریۆرۆ, بۆیە لایەنگرانی غۆستافۆ روخاس بینیلا(12 مارس 1900 ـ 17 ینایر 1975- ناوبراو لە رێگای كودەتاوە لە ساڵی 1953 گەیشتە دەسەڵات, مافی دەنگدانی بەخشی بە ژنان, نەخۆشخانەو تەلەفزیۆن و زۆر پرژەی كردەوە...... ) نارازی بوون لە ساختەكاریەكە و دەستیان دایە چەك و بزافی 19 m یان راگەیاند. خەون بوو بە راستی ئەگەر زۆر بوو كۆڵۆمبیا لە ساڵی 1948 سەرۆكێكی چەپ هەڵبژێرێت لە دواهامین ولاتی لاتینەوە ببوایەتە یەكەم وڵاتی لاتین خاوەند سەرۆكی چەپ بەناوی خورخی ئەلیپێر جایتان, سەرۆكی كارێزمای پارتی لیبراڵ, بەڵام تیرۆر كرا, نووسەری بەناو بانگی جیهانی گارسیا ماركیز لە پەرتووكی ژیان چیرۆك دەگێڕێتەوە Vivir para contar la historia بە درێژی باسی پرۆسەی تیرۆكردنەكە دەگێڕێتەوە, لەو كاتەدا لە نزیكی شوێنی روداوی تاوانەكە بووە. لە هەمان رۆژی تیرۆركردنی جایتان, دەبوایە گەنجێكی ببینیایە بەناوی فیدل كاسترۆ, بۆ ئەوەی پێكەوە باسی شۆرش بكەن. پرۆسەی تیرۆر كردنەكە لە مێژوودا ناو نرا بۆ غۆتازۆ 24. پیترۆ كۆڵی نەدا سێجار خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار, ساڵی 2010 كە خۆی كاندید كرد, ریزبەندی چوارەمی گرت و نەیتوانی بچێتە خولی دووەمی پێشبڕكێكەوە, لە هەڵبژاردنەكە تەنها 1331267 دەنگی هێنایەوە كە دەیكردە 9,14% ی دەنگەكان. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 چەپەكان لە بری پیترۆ خاتوو كلارا لۆبیزیان كاندید كرد, توانی 1958518 دەنگ بهێنێتەوە كە دەیكردە 15,22% ی دەنگەكان. لە هەڵبژاردنی 17ی یۆلی 2018 ەدا گۆستافۆ پیترۆ بۆ جاری دووەم خۆی كاندید كردەوە, لە خولی یەكەم 4855069 دەنگی هێنایەوە, كە دەیكردە 25,09% دەنگەكان , ریزبەندی دووەمی بەدەستهێناو چووە خولی دووەمەوە, لە خولی دووەمدا توانی 8040449 دەنگ بهێنێتەوە, كە دەیكردە 41,77% ی دەنگەكان, ئەم رێژە بەرزە نیشانەی گەشەی جەماوەری چەپ بوو لە وڵات, لە كاتێكدا لەو ساڵەدا هێشتا چەپ خولی دووەمی سەركەوتنەكانی لە كیشوەرەكە دەست پێ نەكردبوەوە, لە قۆناغی دۆڕاندا بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردن. بەمەش پیترۆ دەنگەكانی بە رێژەیەكی بەرز لە چاو 8 ساڵ لەمەوبەر زیادی كرد, لە خولی یەكەم بە رێژەی 364% و لە خولی دووەم بە رێژەی 604%. لێ لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا پترۆ توانی لە خولی یەكەم 8541617 دەنگ بەدەست بهێنێت كە دەیكردە 40,3% ی دەنگەكان, لە خولی دووەم دەنگەكانی بەرز كردەوە بۆ 11281013 دەنگ كە دەیكردە 50,44%ی دەنگەكان, بە پێی شێوازی ژماردنی دەزگای هەڵبژاردنی كۆڵۆمبی, 2739396دەنگ زیاتری لە خولی یەكەمی هێنایەوە, زۆرینەیان ئەوانە بوون لە خولی یەكەم بایكۆتی دەنگدانیان كردبوو. لە بەرامبەردا هەموو راستەكان بە پۆپۆلیست و لیبراڵ و پارێزگارەكەیەوە كە دەنگیان بە ڕكابەرەكەی دا. هەرچی ركابەرەكەیەتی رودولفو هرناندیز ناسراو بە ترامپی كۆڵۆمبیا لە خولی یەكەم 5,965,335 دەنگی بەدەست هێنا, كە دەیكردە 28.17% دەنگەكان, لە خولی دووەم دەنگەكانی بەرز بوەوە بۆ 10,580,412 دەنگ, كە دەیكردە 47,31%ی دەنگەكان, ئەم رێژەیەش كۆی دەنگەكانی راستگەرەكانە بە دەنگی راستی دەسەلات فیدیریكو جوتیریز یشەوە, كە بۆ خۆلی دووەم خۆی یەكلا كردەوەو زۆر زوو بێ بیركردنەوە پشتیوانی بۆ هرناندیز دەربڕی, ناوبراو 5,069,448 دەنگی لە خولی یەكەم هێنابوەوە دەیكردە 23.94%ی دەنگەكان. پترۆ توانی بە زێدەی 700601 دەنگ هەڵبژاردنەكە لە راكەبەرەكەی بباتەوە, كە دەیكردە 3,13%ی دنگەكان, پێچەوانەی ئەوانەی بانگەشە دەكەن بۆ ئەوەی بە رێژەیەكی زۆر كەم لە پێشەوەیە. دەنگە سپیییەكان لە خولی یەكەم 365764 ە, دەكاتە 1,73%ی دەنگەكان, لە خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 501987 دەنگ, كە دەیكردە 2,24%ی دەنگەكان. كۆی دەنگەكان خولی یەكەم 21173157, لە خولی دووەم ژمارەی دەنگەكان بەرز بوەوە بۆ 22363412 دەنگ. دەنگە سوتێنراوەكان لە خولی یەكەم 268448 دەنگ كە دەكاتە 1,25%ی دەنگەكان , لە خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 295282 دەنگ كە دەكاتە 1,30%ی دەنگەكان. ژمارەی بەشداربووان لە خولی یەكەم 21441605 كەسە, بۆ خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 22658694 كەس, رێژەی دەنگدان لە خولی یەكەم 54,98%ە, لە خولی دووەم بوو بە 58,1%, ئەمەش بەرزترین رێژەی بەشداری دەنگدانە لە 50 ساڵی رابردوودا. كۆی دەنگە راستەكان لە خولی دووەم 21861425 دەنگە, رێژەی دەنگەكان پترۆ لە كۆی دەنگە راستەكان 51,6%, لە بەرامبەردا دەنگی ركابەرەكەی 48,4%ی دەنگەكانە. بە پێی جوگرافیا بێت چەپەكان زیاتر لەناوچەی لیبراڵەكان چوونە پێشەوە, زۆرینەی ناوچەی لیبراڵەكان گۆڕاوە بۆ چەپ, ناوەوەش تا ئێستا پارێزگارن, هەرچەندە زۆر جیاوازی لە نێوان ئەو دوو حیزبە نییە, نووسەری گەورەی كۆڵۆمبی گارسیا ماركیز دەیوت جیاوازی نێوان پارێزگارەكان و لیبراڵەكان ئەوەیە پارێزگارەكان كاتژمێر 6بەیانی دەچن بۆ كەنیسەو لیبراڵەكان كاتژمێر 7 دەڕۆن 25. چەپ لەم هەڵبژاردنە لە بۆگۆتای پایتەخت و كەنارەكان, ناو پێك هاتەكان " رەش پێستەكان, دانیشتووانی رەسەن"زۆرینەی بەدەست هێنا, بەتایبەت هەرێمی تشۆكۆ كە زۆرینەی 80% ئەفریقین و ئەوانی دیكەش هەژارن , لەم هەرێمە چەپەكان زۆرترین رێژەی دەنگیان لەسەر ئاستی هەموو وڵات تێیدا هێنایەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران تا ساڵی 1974 هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران لە كۆڵۆمبیا ئازاد نەبوو, بەڵكە كورسییەكان 50% بە 50% دابەش دەكران لە نێوان پارێزگارەكان و لیبراڵەكان, هەڵبژاردن لە ناو لیستی هەر یەكێك لەو دوو پارتە دەكرا, لەو مێژووە بە دواوە لایەنی دیكەش هاتنە ناو پرۆسەكەوە. چەپەكان ناو هاوپەیمانی مێژویی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 خاوەند 9 و 7 كورسی بوون, لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران, وەلێ لەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان بۆ 28 كورسی بەرز كردەوە لە كۆی 169 كورسی, لە گەڵ 5 كورسی بۆ پارتی كۆمێنز ( فاركی پێشوو) , 2 بۆ ئەفرۆ ئەمەریكی وە دانەیەكیش بۆ هاوولاتیانی رەسەن. هەروەها لە ئەنجومەنی پیران هاوپەیمانی مێژوویی 20 كورسی لە كۆی 106 كورسی بردەوەو وێڕای 5 كورسی بۆ كۆمێنز, 2 كورسیش بۆ هاووڵاتییە رەسەنەكان. ئەگەر هەلچبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئەنجام بدرابایە, ئەوا تسۆنامییەكە كاری لەسەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەش دادەنا. دۆست و دوژمنان چی لەبارەوە دەڵێن؟ پێگەی فۆرۆ مەدریدی راستگەرای ئیسپانی پیترۆی تۆمەتبار كردووە بە پەیوەندی لەگەڵ كوباو فەنزوێلا, دەڵێت لە تەمەنی 17 ساڵی بۆتە گەریلا لای گروپی ئێم 19ی ماركسی, بەشدار بووە لە پەلاماری تەلاری دادوەری گەورەترین پەلامار بووە لە مێژووی كۆڵۆمبیا. نەیارانی دەڵێن پیترۆ لە ساڵی 1994 شافێزی بینیوە دوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی, ساڵی 2016 سەردانی فەنزوێلای كردووە,چۆتە, ماركێتێكی پڕ خۆراك لەسەر رەفە, پۆستێكی كردووە بەوەی نەبوونی خۆراك پڕوپاگەندەی نەیارانی حكومەتە. ماڵپەڕی بارۆن نووسی: سەرۆكی كۆڵۆمبیای نوێ ولاتی بەرەو چەپ برد, بازاڕ پێیان باش نییە. بلمبۆرگ نووسی بازاڕی كۆڵۆمبی دەخنكێت دوای سەركەوتنی پیترۆ. لە بەرامبەردا یەكێتی چەپی ئیسپانیا" شیوعی و پۆدیمۆس " پشتیوانی لێ دەكەن و دەنگی بۆ كۆدەكەنەوە لە ناو پەنابەرانی كۆڵۆمبی لە ئیسپانیا. هاوكات ئابووریناسی بەناو بانگی فەرەنسی فرانسۆ بیكتی رەزامەند بوو راوێژ بە حكومەتی بیترۆ بكات لە دوای سەركەوتنی. حیزبی شیوعی كۆڵۆمبیش هاوپەیمانی نزیكیەتی, پێیان وایە ولات پێویستی بە سەركەوتنی چەپە, چاكسازی زەوی, ئاشتی لە نیوەی رێگا راوەستاوە دەبێت تەواو بكرێت, یاسای كاری دادپەروەر پێویستە, چاكسازی كەرتی پەروەردە لە خزمەت قوتابیان داواكاری هەنووكەیین. سەركەوتنی چەپ و كاریگەری لە سەر فەنزوێلاو ئەمەریكای لاتین كۆڵۆمبیەكان گوێیان لە بەشێك لەو 1,7 ملیۆن فەنزویلییە رانەگرت كە ئاوارەی ولاتەكەیان بوونە, دەنگیان بە كاسترۆشافیستایەك دا, چونكە ئەوان ئاوارەی ئابلوقەی ئابوورین نەك سیاسی, زۆریان لە سەردەمی شافێزدا كەرامتیان بۆ گەڕابوەوە. كۆڵۆمبیاو فەنزوێلا 2217 كیلۆمەتر هاوسنووریان پێكەوە هەیە, كۆڵۆمبیا لە ماوەی رابردوو زۆر كێشەی بۆ حكومەتی فەنزوێلا دروست كرد, بە ئەندازەی ولاتە ئەنگلۆ سەكسۆنیەكان زیاتر كاری بۆ روخانی حكومەتەكەی كرد. غوایدۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی راستی فەنزوێلی, وە سەرۆكی دیاریكراوی ئەمەریكا, تا ئێستا پیرۆزبایی لە بیترۆ نەكردووە بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی كۆڵۆمبیا, ئەو نەك هەموو كارتەكانی دۆڕاندووە لە كۆڵۆمبیا, تەنانەت زۆر كۆمپانیای وەك مۆنیمۆرۆس كە بارەگای لە كۆڵۆمبیایە, دوای سەركەوتنی پیترۆ خاوەنداری دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فەنزوێلی, كە ئەمەریكا بەخشی بووی بە ئۆپۆزسیۆن, بۆیە ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فەنزوێلی شكستی گەوەیان لەم هەڵبژاردنە خوارد, شكستی ئەوان جەرگبڕترە لە شكستی ئۆلیگارشییە كۆڵۆمبییەاان, بە سەركەوتنی چەپ حكومەتی فەنزوێلا دەستەكەوتێكی گەورەی بە دەست هێنا, ئارامی و سەقامگیری زیاتر بەخۆوە دەبینێت, چاوەڕوانی جەژنی سەركەوتنی مانگی ئۆكتۆبەری لۆلان لە بەرازیل, یەكجاری ناوچەیەكی ئارام لە كیشوەرەكە بۆ چەپەكان پێك دەهێنێت, سەقامگیری بۆ فەنزوێلاو پۆلیڤیا و ولاتانی دی دەخولقێنێت, وە زەمینە بۆ سەركەوتنەوەی چەپ لە ولاتانی وەك ئۆرۆگوای و ئیكوادۆرو پاراگوای خۆش دەكاتەوە, كە دووەكەی یەكەم دوو ئۆپۆزسیۆنی بەهێزی چەپی تێدایە كە پێشتر دەسەلاتدار بوونەو ئێستاش لە دەرگای حوكمڕانی دەدەنەوە. بۆیە سەركەوتنی چەپ لە كۆڵۆمبیا تەنها گەیشتن بە دەسەلات لە وڵاتێك نییە, بگرە هێزیشە بۆ چەپ لە هەموو ئەمەریكای لاتین. سەركەوتن مسۆگەرە كرێتەوە؟ ژیان تەنها 4 ساڵی داهاتوو نییە, چەپ بوونیش تەنها پڕۆژەی خولێكی دەسەلات نییە, بەڵكە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دادگایی ئەم چوار ساڵە لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە دێتە پێشەوە. پترۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردن راگەیاند لە ئابووری مەرگەوە دەگوازینەوە بۆ ئابووری ژیان "نەوت, خەڵوز, كۆكایین" ی بە مەرگ ناوزەد كرد. وەلێ تا ئێستا ئەو سێیە زۆرترین داهاتی كۆڵۆمبیا دیاری دەكەن, كۆڵۆمبیا یەكەمی جیهانە لە بەرهەم هێنانی كۆكاین, ئەگەر دەستبەرداریان ببێت ئەلتەرناتیفیان چییە بۆ داهات تا پڕۆژەكانی بباتە پێشەوە؟, كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵاتن, پڕۆژەكانی ئەو بۆ كەسانێكن هەموو گیرفانیان بەتاڵە, بۆیە گیرفانی پڕی دەوێت. بڕیار وایە باجی سامان بەسەر 400000 كەس لە هەرە دەوڵەمەندەكان كۆڵۆمبیا بسەپێنێت, زیادكردنی لانی كەمی كرێ, تەندروستی گشتی, بیمەی بێكاری, چاكسازی ریشەیی زەوی, خوێندنی خۆڕایی ......, هەموو ئەمانەش پەیوەستن بەو باجەی دەیسەپێنێت بەسەر دەوڵەمەندەكانی وڵات. دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاران پەیوەستە بەوەی دەست بەسەر زەوی ئاغاكاندا بگرێت, بۆ ئەوەی شتێك بە زۆرینە بدات دەبێت بەشێك باش لە چینە داراكان وەربگرێت, بۆیە بواری مانۆڕ و پاشەكشە لە بەڵێنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەماوە. پیترۆ ئەگەر لە كۆكردنەوەی چەپەكان سەركەوتوو بوو, دەبێت لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا وەفادار بێت بەرامبەر بە گرێبەستە سیاسییەكان, خەڵك ئەویان وەك جەمسەرێك لە هەمبەر ئۆلیگارشیەكان هەڵبژاردووە, دەبێت نان و كارو ئازادی و كەرامەتیان بۆ بگەڕێنێتەوە, دەبێت لە چوار ساڵی داهاتوو ژمارەی تیرۆركراوەكان كەم بووبێتەوە, ژمارەی تاوانكارانی رزگار نەبوو لە سزا چوبێتە سەر, ولات ئارامتر بوبێت, رەنگ و روو و روخسارو پۆشتەیی جەماوەرەكەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەرەو باشی گۆڕا بێت, چینی ناوەند بە هۆی خوێندنی خۆڕایی رێژەو ژمارەیان زیادی كردبێت, ژمارەی بێ لانەو یەك ژەم خۆرەكان كەم بوبێتنەوە, رێژەی هەژاری و بێكاری هاتبێتنە خوار, پێوەری جینی هاتبێتە خوارو نایەكسانی كەمتر بووبێتەوە, گەریلاكانی ناو جەنگەڵەكان پەیوەست بووبێتن بە پرۆسەی ئاشتییەوە, ژیانی گەریلاكانی پێشوو پارێزراو بێت, باندەكانی قاچاخچی تاوانكاری راستڕەوەكان كەم بوبێتەوە, هەموو ئەوانە پێویستن بو ئەوەی چەپ رەگ دابكوتێت, خۆی وەك هێزێكی جیا لە حوكمڕانی 203 ساڵەی رابردوو نمایش بكات, بۆ ئەوەی لە داهاتوو درێژە بە حوكمڕانی بدات. سەرچاوەكان : 1- https://thenextrecession.wordpress.com/2022/05/29/colombia-a-turn-to-the-left/ 2- الرئیس الكولومبی انچم لجماعـە متمردە تقتدی بتقالید مجموعە «روبن هـود» - ترجمە :عوچ خیری عن «الغاردیان» https://veryarts.com/world/350076.html 3- https://www.laprogressive.com/latin-america-2/gustavo-petroz-capitalist-colombia 4- الفقراو فی بوغوتا یعیشون من نفایات اڵاپریاو 5--رئیس كولومبی جدید "یغیر مسار التاریخ" ویقلق أمیركا, بایدن 6- أمریكا اللاتینیە لم تعد «الفناو الخلفی» لواشنگن-فهد المچحكی. 7-.ما الژی قد تخسره الولایات المتحدە بفوز الیسار فی كولومبیا؟-المصدر: المیادین نت. 8--هل یُنهی غوستافو بیترو حقبە الحكم الگویلە للیمین الكولومبی؟زهراو رمال -المصدر: المیادین نت. 9-غوستافو بیترو أول رئیس یساری فی كولومبیا-رشید غویلب. 10- حكومە یساریە للمرە اڵاولی فی تاریخ كولومبیا... واڵان تأتی المرحلە الصعبە - بۆرزو درغاهی. 11- The left could be poised to take power in Colombia for the first time Published: June 5, 2022 12- Live Updates: Colombia Panel Will Issue Report on Decades-Long Civil War 13 https://www.telesurtv.net/news/colombia-asesinan-lider-social-20220702-0017.html 14- How the Left Is Building Peace in ColombiaMariela Kohon 15- كولومبیا: بیترو یحقق انتصارًا تاریخیاً – اڵان لنكافح من أجل الاشتراكیە! غابرییل جالیانو. 16-https://aawsat.com/home/article/3722486/%D8%BA%D9%88%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%81%D9%88-%D8%A8%D9%8A%D8%AA%D8%B1%D9%88-%D9%83%D9%88%D9%84%D9%88%D9%85%D8%A8%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D9%86%D8%B6%D9%85-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D9%85%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B3%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D9%8A%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%AA%D9%8A%D9%86%D9%8A 17- Colombias left turn ASH NARAIN ROY | New Delhi | June 28, 2022 18- Colombian elections go to second round amid coup threats and false promises of change Tomas Castanheira 19- النساو فی صلب حملە الدورە الپانیە للانتخابات الرئاسیە فی كولومبیاhttps://www.swissinfo.ch/ara/%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B3%D8%A7%D8%A1-%D9%81%D9%8A-%D8%B5%D9%84%D8%A8-%D8%AD%D9%85%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D8%B1%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AB%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%83%D9%88%D9%84%D9%88%D9%85%D8%A8%D9%8A%D8%A7/47653946 20-https://www.telesurtv.net/bloggers/Colombia-Eleccion-intervenida-por-el-cartel-mediatico-empresarial-20220612-0001.html 21- Can Colombias left survive the persistent logic of armed conflict? Ben Gilvar-Parke https://www.greenleft.org.au/content/can-colombias-left-survive-persistent-logic-armed-conflict 22-https://redflag.org.au/article/colombia-elects-first-leftist-president-rejecting-traditional-politicians 23-https://www.telesurtv.net/bloggers/Colombia.-Entre-la-alegria-de-la-victoria-y-el-enorme-desafio-de-un-devenir-dificil-pero-no-imposible-20220620-0003.html 24- Colombias left turn ASH NARAIN ROY | New Delhi | June 28, 2022 25- خریگە الفرز السیاسی الجدید فی أمیركا اللاتینیە... بانتڤار انتخابات البرازیل https://aawsat.com/home/article/3722481/%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D8%B7%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%B1%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D8%AF%D9%8A%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%85%D9%8A%D8%B1%D9%83%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%AA%D9%8A%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%A8%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%B8%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D8%A7%D8%B2%D9%8A%D9%84