Draw Media
هه‌واڵ / جیهان

 (درەو):  هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووە‌و سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوە‌و بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت.  "سەركەوتوو بوو" جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو.  "هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت.  سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)‌و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایە‌و هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە. سەركردەیەكی قاعیدە ! دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووە‌و داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە. هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون.  رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوە‌و تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج".  بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووە‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا  لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلب‌و ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراون‌و هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون. ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت.  ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج.  تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریا‌و توركیا‌و ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە.  شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووە‌و داوایان لە ژن‌و منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".  


درەو: نوسینی: خالد سلێمان لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ  دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون.  توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان.  بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews  لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت.  نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت. بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون.  لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی.  چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟ ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا.  بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات.  بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت  سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک.  لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن. بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ. ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>.  لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا.  بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات.   ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن".  ڕووەکەکانیش لەناوبران نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات.  دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە.  مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830. گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان. تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ. کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە.  هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی.  گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات.  بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا.  ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات،  سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە.    لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات.   


درەو: بارام مەجید خان - گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر.   یەرەوان ئەبراهامیان[1]   بەرایی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر.    ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند. ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2]. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3]. شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش. جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە: بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4] بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی) شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی  ١٩٩٦[5]. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6]. پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات. ڕێککەوتننامەی تاران لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7]. تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8].   ڕێککەوتننامەی پاریس سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9]. لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی  لێ کەوتەوە. قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند. سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10]. گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە: – بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی.  – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا.  – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. – بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە  ئێران دەکات.  – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ. – بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد. قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11]. ٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A))   ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“. ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا. ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13]. بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14].  ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە. ٤. پاش بەرجام جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“. ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16]. ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17]. گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].” دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات. لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین. ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی. ئەنجام دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک.   سه‌رچاوه‌كان: [1]  یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم. [2]  سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [3]  کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [5] هەمان سەرچاوە. [6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [7]  دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک. [8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە. [9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86 [12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب  دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [13] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance [15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian . [16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s [17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا.   [18] https://www.bbc.com/persian/44046173 [19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85


هێمن محه‌مه‌د عه‌بدوڵا هێزی نه‌رم بریتییه‌ له‌ توانایی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به‌ شێوازی نه‌رم و نیان و ئاشتییانه‌ی دوور له‌ توندوتیژی و سوپا، هه‌روه‌ها دوور له‌ گوشاری ئابووری و پێدانی پاداشتی دارایی (به‌رتیل)، سه‌ركه‌وتنی هێزی نه‌رم په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاده‌ی پێشكه‌وتوویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی كلتوری وڵاته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا زیره‌كیی و لێوه‌شاوه‌یی نێردراوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، ئه‌م هێزه‌ زیاتر له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا به‌كارده‌هێنرێت و سه‌رچاوه‌كانی جێبه‌جێكردنیشی جۆراوجۆرن، میدیا یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌ گرنگه‌كان كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هێزه‌دا به‌كارده‌هێنرێت، چه‌مكی هێزی نه‌رمیش بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای ڕوخانی یه‌كێتی سۆڤێته‌وه‌ به‌كارهێنرا.      ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئاشناین به‌ ئه‌وه‌ی هێزی نه‌رم كه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و یه‌كه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌‌‌ به‌كارده‌هێنرێت به‌تایبه‌تیش له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی دا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری جیهانیی به‌ لای وڵاته‌كانیاندا ڕابكێشن و ڕووه‌ جوانه‌كه‌ی خۆیان نیشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌رم و نیان و ئاشتییانه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی حكومه‌ته‌كانی تر دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌ توندڕۆكان په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره‌ هێزه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان بینیوه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕێكخراوانه به‌ زه‌بری هێز و ئه‌نجامدانی توندوتیژیی ویستوویانه‌ خۆیان بسه‌پێنن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ی بۆ تاڵیبان و گرووپ و بزووتنه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی ئاسان كردووه‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌, ئه‌م تۆڕانه‌ مه‌رجی سه‌پێنراوی وه‌كو پێویستیی هه‌بوونی كیانی فه‌رمی دانپێدانراو یان ده‌وڵه‌تیی نیه‌ هه‌تا له‌ هێزی نه‌رمدا به‌كارببرێت، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هێزی نه‌رمی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌ ئه‌مریكا 250 هاووڵاتی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌ و قایلی كردوون بڕۆنه‌ سوریا، هه‌روه‌ها هه‌زاران كه‌سی تر كه‌ هه‌ڵگری پاسپۆرتی ئه‌وروپیین په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌،  بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانیش سوودی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌رگرتووه‌ و ده‌یان هه‌زار هه‌ژماری فه‌رمی و نافه‌رمی دامه‌زراندووه‌ تا به‌هۆیانه‌وه‌ هێزی نه‌رمی خۆی به‌گه‌ڕبخات بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانییه‌وه‌ قه‌بوڵ بكرێن و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا جێپێی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ چۆن تاڵیبان توانیویه‌تی به‌هۆی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هێزی نه‌رم تاقی بكاته‌وه‌ و لێره‌شه‌وه‌ سەرقاڵی گۆڕینی خۆیەتی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارەوە بۆ حکومەتێکی شارستانی.      تاڵیبان كاتێك له‌ ئه‌یلولی ساڵی 1996 له‌ ئه‌فغانستاندا ده‌سه‌ڵاتیان په‌یدا كرد، ئینته‌رنێتیان قه‌ده‌غه‌ كرد و له‌ هه‌ر ماڵ و شوێنێكدا ته‌له‌ڤزیۆن و كامێرا و كاسێتی ڤیدیۆییشیان به‌دی بكردایه‌ ده‌یانشكاند و له‌ناویان ده‌بردن، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا ڕۆیشتن، وتیان دوژمنه‌كانمان كه‌ناڵی میدیاییان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش پێویسته‌ هه‌مانبێت، له‌ ساڵی 2005 دا ماڵپه‌ری فه‌رمییان به‌ ناوی (ئه‌لئه‌ماره‌) دامه‌زراند و هه‌تاوه‌كو ئێستا به‌م ناوه‌وه‌ له‌ تویته‌ر و تۆڕه‌كانی تریش نووسین و ڤیدیۆ و په‌یامه‌كان به‌ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و سێ دیالێكتی ئه‌فغانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌رهه‌نگی بزووتنه‌وه‌كه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت, ئێستا هه‌زاران هه‌ژماریان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان فه‌رمی و هه‌ندێكیشیان نافه‌رمین و له‌لایه‌ن كه‌سانی نادیاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ هاوسۆزییان بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌، له‌م دواییانه‌دا كه‌ ئه‌مریكا وڵاته‌كه‌ی چۆڵكرد ئه‌وه‌ بوو میدیاكانی جیهان هه‌ڵهاتنی خه‌ڵكی ئه‌فغانستانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ ته‌قه‌یان لێ ده‌كردن و ترسیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام تاڵیبان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وێنه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌ و ترس و تۆقاندنه‌كانی به‌ درۆ ده‌خستنه‌وه‌، تۆماس جۆنسۆن مامۆستا له‌ كۆلێجی توێژینه‌وه‌ی باڵای ده‌ریایی (سه‌ربازیی) له‌ كالیفۆرنیا ده‌ڵێت " تاڵیبان تێگه‌یشت كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی جه‌نگ پێویستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی ئه‌فغانیی مۆبایلی زیره‌كی پێیه‌، بۆیه‌ دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن به‌ جه‌ماوه‌ر بڵێن كه‌ پێویسته‌ چ شتێك بكه‌ن"، تاڵیبان ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی له‌ فه‌یسبووك، یوتیوب و تویته‌ره‌وه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، كاتێكیش كه‌ تۆڕه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و سێ سه‌كۆیه‌ داده‌خران له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ ئه‌وا ده‌یان هه‌ژماری تریان داده‌مه‌زراند به‌تایبه‌تیش له‌ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ كه‌متر به‌ربه‌ستیان بۆ درووستكراوه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌فغانستانی ئه‌مڕۆ زۆر جیاوازه‌ له‌و ئه‌فغانستانه‌ی كه‌ تاوه‌كو 2001 یش هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردنی ئینته‌رنێتی تێدا ده‌درا له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، ‌ئێستا بزووتنه‌وه‌كه‌ مۆبایلی زیره‌كیان  خۆشه‌وێت و هه‌زاران هه‌ژماریان له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی فه‌یسبووك، تویته‌ر و یوتیوب هه‌یه‌، به‌پێی ئامارێكی ساڵی 2020 یش نزیكه‌ی 23 ملیۆن كه‌س له‌و وڵاته‌دا مۆبایلی زیره‌كیان پێیه‌ كه ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی زیاتر 70% ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌.      له‌ دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا تاڵیبان هه‌وڵی داوه‌ له‌ چه‌ند ئاستێكدا كار به‌ هێزی نه‌رم بكات، له‌ نێوان ساڵانی 2002 هه‌تا 2009 به‌شێوه‌یه‌كی چڕ كاری له‌سه‌ر ناوبانگی خۆی ده‌كرد له‌ ناوخۆی ئه‌فغانستاندا و ده‌ستیكرد به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی كۆمۆنیكه‌یشن و به‌كاریده‌هێنان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌یان ئاراسته‌ كرد بۆ په‌یوه‌ندییگرتن له‌گه‌ڵ ئامرازه‌كانی میدیا و په‌خشكردنی هه‌ڵوێسته‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌، به‌مجۆره‌ش توانی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان زیندووبوونی خۆی بسه‌لمێنێت و بڵێت كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانستانداین، له‌نێوان ساڵانی 2009-2017 شدا ته‌ماحه‌كانی گه‌وره‌تر بوون و پێیان خسته‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، چیتر له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ میدیاكانی ئه‌فغانستاندا له‌گه‌ڵ میدیاكانی جیهانیشدا ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی درووستكرد، به‌ جۆرێك كه‌ میدیاكانی جیهانی كرد به‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌یام و نیازه‌كانی، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند ئێستگه‌یه‌كی ڕادیۆییه‌وه‌ پلانی چالاكییه‌كانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، په‌یام و بڵاوكراوه‌كانی تاڵیبان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی سیاسی و سه‌ربازییدا قه‌تیس نه‌بوون به‌ڵكو به‌رنامه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو به‌ شیعر و ئه‌ده‌ب و ته‌نانه‌ت مۆسیقا و چیرۆكی دڵخوازی خۆیان له‌ ڕێگه‌ی ئێستگه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك بگۆڕێن، تاڵیبانێك كه‌ هه‌میشه‌ په‌نای بردبووه‌ به‌ر چه‌ك ئێستا دێت چیرۆك و هونه‌ری تر به‌ گوێی گوێگرانییدا ده‌دات، هاوكات ده‌رفه‌تیان بۆ په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانی جیهان ڕه‌خساند تاوه‌كو بڕۆنه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبانه‌وه‌ و وێنه‌ بگرن و چاوپێكه‌وتن ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ ڕای سه‌ركرده‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌پێناو ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پڕۆپاگه‌نده‌ی حكوومه‌ته‌كانی خۆرئاوایه‌، له‌نێوان ساڵانی 2017 هه‌تا 2021 یشدا تاڵیبان  زیاتر دركی به‌وه‌ كرد كه‌ پێویستیی به‌ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگییدانه‌كانی چڕكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ڕای گشتی جیهانیی به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئامرازه‌كانی تری میدیا، هه‌وڵیاندا له‌م ڕێگایه‌وه‌ خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی، له‌م ساڵانه‌دا بزووتنه‌وه‌كه‌ توانی چه‌ندین پێگه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك و تویته‌ر و یوتیوب دابمه‌زرێنێت و هه‌تاوه‌كو ئێستاش كاریان له‌سه‌ر بكات. تاڵیبان له‌ سێ ئاستدا تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاراسته‌ كردووه‌      تاڵیبان له‌ چه‌ند ئاستێكی جیاوازدا تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی به‌كارهیناوه‌ بۆ به‌هێزكردنی هێزی نه‌رمی خۆی، له‌لایه‌ك ڕوبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانی و له‌ لایه‌ك به‌ره‌و ڕووی سوپای ئه‌فغانی و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی و جه‌ماوه‌ری جیهانیی بووه‌ته‌وه‌.      له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی ئایاری 2021 دا كاتێك ئه‌مریكییه‌كان و هێزه‌كانی ناتۆ ده‌ستیانكرد به‌ جێهێشتنی ئه‌فغانستان، تاڵیبان له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری سه‌ربازییه‌كاندا هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌ تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، سات به‌ ساتی جموجۆڵ و گۆڕانكارییه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌دا به‌ چاو و گوێی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانییدا، هه‌ڵمه‌ته‌كان به‌ جۆرێك كاریگه‌ر بوون كه‌ ئه‌مروڵڵا ساڵحی جێگری سه‌رۆكی ئه‌فغانستان له‌ په‌یامێكدا داوایكرد هیزه‌كانی سوپا و جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانی به‌ پڕۆپاگه‌نده‌ و بڵاوكراوه‌ ناڕاسته‌كانی تاڵیبان نه‌خه‌ڵه‌تین كه‌ له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان و هه‌ڵهاتنی سوپاوه‌ بڵاویانده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ئاستی ڕوبه‌ڕووه‌ستانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییشدا‌، سوهه‌یل شاهین نێردراوی تاڵیبان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ تویتێكدا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بڵاویكرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند: تاڵیبان ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییدا بكرێته‌وه‌ و خوازیاره‌ گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ بكات و به‌ركه‌وتنێكی ئه‌رێنیانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت، خودی شاهین له‌ سه‌كۆی تویته‌ر زیاتر له‌ 530 هه‌زار فۆڵۆوه‌رسی هه‌یه‌.       تاڵیبان زانیویه‌تی ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر له‌ وڵاته‌كه‌یدا زۆره‌، بۆیه‌ زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر تویته‌ر بووه‌، له‌ تویته‌ردا چه‌ند ته‌كنیكێكیان به‌كارهێناوه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی هێزی نه‌رمدا، بۆیه‌ به‌رده‌وام جریوه‌كانیان به‌ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ته‌كنیكی چه‌ندباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ گرنگه‌كانیان به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها جریوه‌كان به‌ ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی (خه‌ڵكی ئه‌فغانیی) له‌لایه‌ن زه‌بیحوڵڵا موجاهیده‌وه‌ كراون و ئه‌م هه‌وڵیداوه‌ ئاسایش و ئارامی ناوخۆی وڵات له‌سه‌رده‌می تاڵیبان به‌ هه‌ردوو شێوه‌زاری پشتۆی و دری بڵاوبكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانیی هه‌ڵنه‌یه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی ترسناك بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ دروست نه‌كه‌ن, هاوكات به‌كارهێنانی به‌رده‌وامی به‌كارهێنانی هاشتاگ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی درووشمه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی خێراتر بڵاوببنه‌وه‌ و زووتر بدۆزرێنه‌وه‌ یان ببینرین یه‌كێكی تر بووه‌ له‌ شێوازه‌كانیان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا, ته‌كنیكێكی تریان به‌كارهێنانی كه‌ناڵی جێگیره‌وه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام په‌یامی خۆیان به‌ گوێی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان و جیهاندا بده‌ن و لێیان دانه‌بڕێن, هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن یوتیوبه‌وه‌ سانسۆریان خرابێته‌ سه‌ر ئه‌وا له‌ تۆڕی ستریم یارد سه‌ریان ده‌رهێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تویته‌ر مه‌ودای فراوان نه‌بووه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكه‌ دورودرێژه‌كانیان ئه‌وا له‌ تیلیگرامه‌وه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند تۆڕێكی تری جێگیره‌وه‌دا. به‌ده‌ر له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌كنیكی تری هێزی نه‌رم      له‌ نامیلكه‌یه‌ك به‌ ناوی (چۆن تاڵیبان له‌ گونددا سه‌ركه‌وت) نووسه‌ری ئه‌مریكی مارك سكستون ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی گوندێك كۆنترۆڵ بكه‌ن هه‌ڵمه‌تی هاوشێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانیان ڕێكده‌خست، ڕوبه‌ڕوو گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێڵ و پیاوانی ئایینی دا له‌ گونده‌كاندا درووست ده‌كرد، له‌وێشه‌وه‌ كارلێكیان له‌گه‌ڵ گوندنشیناندا ده‌كرد و هه‌وڵی قایلكردنیان ده‌دا، دواتریش له‌وانه‌وه‌ زانیارییان ده‌ستده‌كه‌وت، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك باردا به‌شێك له‌ گوندنشینه‌كان شانبه‌شانی چه‌كدارانی تاڵیبان شه‌ڕیان ده‌كرد،  ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی تاڵیبان له‌ پێش گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش چاویان كه‌وتو‌وه‌ به‌ پیاوانی ئایینی، سه‌رۆك هۆزه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌شی كه‌ پێچه‌وانه‌ و دژی به‌رنامه‌یانن تاوه‌كو بتوانن له‌گه‌ڵیاندا كۆڕاییه‌ك درووستبكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی چونه‌پاڵ ڕه‌ئییه‌كانی ئه‌وان و قایل كردنیان.      كه‌ناڵی جه‌زیره‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین سه‌كۆكانی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان بووه‌ له‌باره‌ی تاڵیبانه‌وه‌، له كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ كابولی پایته‌خت تاوه‌كو ئێستا ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن، ماڵپه‌ر، فه‌یسبووك، ئینستاگرام و یوتیوبه‌وه‌ سه‌دان هه‌واڵ و ڕاپۆرتی له‌باره‌یانه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ سوودی ئه‌و گرووپه‌دا بوون، به‌شێك له‌وانه‌ بانگه‌شه‌ن بۆ تاڵیبان و تواناكانی به‌ڕێوه‌بردنی و به‌شێكی تریشیان گواستنه‌وه‌ی لێدوانی به‌رپرسان و گۆشه‌نیگای بزووتنه‌وه‌كه‌یه.      له‌ نوێترینیاندا، چاوپێكه‌وتنێكی عه‌بدولقه‌هار به‌لخی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستانه‌ له‌گه‌ڵ جه‌زیره‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی (9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021) بڵاوبووه‌ته‌وه‌، وته‌بێژه‌كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی گرنگ له‌باره‌ی سیاسه‌ت و گۆشه‌نیگای گرووپه‌كه‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا ده‌خاته‌ڕوو، له‌ پرسی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌كو داعش و قاعیده‌دا وته‌بێژ وه‌ڵامێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ به‌ جیهان ده‌ڵێت ئێمه‌ وه‌كو ئه‌وان نین به‌ڵكو ئه‌وان توندڕه‌ون و خه‌ڵك ئه‌وانی ناوێت، به‌ جیهانی ئیسلامییش ده‌ڵێت ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایینه‌كه ناكه‌ین و ڕێگه‌ ناده‌ین سنووره‌كانی ئیسلام ببه‌زێنرێت، وته‌بێژ چه‌ند ته‌وه‌رێكی تریش باس ده‌كات، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێكاندا، خواستی خۆیان نیشانده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی دیالۆگ و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا و چین و ڕووسیا، باس كردن له‌ مافی مرۆڤ و مافی ئافره‌تان، ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی ڕۆژنامه‌وانیی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی سه‌رۆكی تاجیكستان، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ (ئێران، تاجیكستان، ئۆزبه‌كستان، پاكستان) به‌شی تری گفتوگۆكه‌ن كه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و باس و خواسانه‌ن كه‌ تاڵیبان پێویستییه‌تی جیهان گوێی لێ بێت و له‌ ده‌می خۆیانه‌وه‌ بیبیستن.            میدیا، ده‌كه‌وێته‌ ناو قوتابخانه‌ی دیپلۆماسییه‌تی گشتی خۆسه‌پێنه‌وه،‌ ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ پێی وایه‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی خێرا (ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) كه‌ناڵی خێرا و خۆسه‌پێنن و ده‌توانن له‌ ڕێگایانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بكرێت, ده‌توانین بڵێین هێزی نه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی میدیا و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندایه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌ پراكتیكدا جێپێی خۆی دیاری بكات.      دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە ده‌وحه‌، وتەبێژی بزوتنەوەكە ڕایگەیاند " تەواوی هێرشە چەكدارییەكانمان لە ئەفغانستاندا ڕاگرتووە, چاوەڕوانین ئەمریكا بەڵێنەكانی جێبەجێ‌ بكات و ئەفغانستان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ژێر پەیڕەوكردنی سیستمی ئیسلامی"، ڕێككەوتنه‌كه‌ دەنگدانەوەی زۆری لە ناوەندە سیاسی و میدیاییه‌كاندا هه‌بو,   گرنگترین خاڵه‌كانی بریتی بوون له‌ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ڕێگەنەدانی تاڵیبان بە گەڕانەوەی ڕێكخراوی قاعیدە بۆ ئەفغانستان, ڕێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهان بەشداری تێدا كرا و زیاتر لە 20 وڵاتی ناوچەكە نوێنەریان لە مه‌راسیمه‌كه‌یدا هەبوو.  


ئەنوەر كەریم  بەرپرسیاری یەکەم لە   دابەزینی بەهای لیرەی تورکی  (  رەجەب  ئەردۆگان) سەرۆکی تورکیایە  بە هۆی دەست تێوەردانە بەردەوامەکانی لە کارەکانی بانکی ناوەندی کە  پێویستە دەزگایەکی سەربەخۆ بێت دوور بێت لە دەستی سیاسیەکانەوە   ، بەڵام بیرکردنەوەی  ئەردۆگان پێدەوترێت(  view  Unorthodox ) پێچەوانەی یاساکانی ئابوریە.  بانکی ناوەندی    لە 4 مانگی رابردوودا( 500)  basic point    دابەزاندوە  لە ئێستادا  ڕێژەی سوودی بانکی 14%   یە،   کێشەکە ئەوەیە   لە بەر ئەوەی هەڵئاوسان لە تورکیادا لە 21%.   بانکی ناوەندی دەبوو  رێژەی سوودی بانکی   دانەبەزاندایە  .  چونکە  بەیاسا ی ئابوری کاتیک  هەلئاوسان بەرزە  ئەبێت  ڕیژەی سوودی بانکی بەرزبکەیتەوە  تاکو بازاڕ خاوبێتەوە ، لە ئیستادا لەسەرتاسەری  جیهاندا بانکەکان خەریکی بەرزکردنەوەی  ڕێژەی سوودی بانکین   .  بۆ نموونە (پوتین) سەرۆکی ڕووسیا  سوپاسی بانکی ناوەندی ووڵاتەکەی کرد  کە ڕیژەی سوودی بانکی بەرزکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵی هەلئاوسان  . وە گاڵتەی بەسیاسەتی بانکی ناوەندی تورکیا کرد   لە ڕۆژی  (22-12) ،  وە ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئەمریکادا گەیشتۆتە6.2 % بانکی ناوەندی ئەمریکی بڕیاری داوە 3  جار ڕیژەیی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ساڵی داهاتوو.  ئەردۆگان  پێچەوانەی  ئەم یاسایە  کاردەکات  بۆ یە بازاڕیش لیرەی تورکی   دەفرۆشێت  ئەبیتە هۆی دابەزینی ، کەبەهای  1 دۆلاری ئەمریکی   گەیشتە  18.4 لیرە ،واتە بەڕێژەی 60% دابەزی بۆ ساڵی 2021  ئەم دابەزینە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە  1-    توانای هێزی کڕین کەمدەکاتەوە . 2-      دەبێتە هۆی  بەرزبونەوەی هەڵئاوسان  .  3-     خەڵک زیاتر هەژارتر دەبێت  4-     دەبیتە هۆی   بیزنسەکان زیاتر سەرمایەکانیان ببنە دەرەوە.   5-     سەرمایەی  بیانی نەیەتە ناو ووڵاتەکەوە  لە بەر ئەوەی بانکی ناوەندی سەربەخۆ نیە.   6-     قەرزە دەرەکیەکانی  سەر تورکیا زۆر قورس دەبیت  بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە .     چۆن بە های لیرەی بەرزبوەوە.   دوای ئەوەی  کە بەهای لیرە بەتەواوی دابەزی   بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ،  حکومەت  هات پلانی  دانا، بۆ ئەوەی  خەڵکی تورکیا واز لە   دۆلار بهێنن،   پارەکانیان بە لیرە دابنێن لە بانکەکاندا ، هەرچەندە بەپێێ راپۆرتەکان نیوەی خەڵکی تورکیا  پارە پاشەکەوتکراوەکانیان یان ( ئالتون  یان دۆلار ) .  ئەمەش پلانەکە یە .  1-     خەڵكی تورکیا پارەکانیان  لە بانکدا دابنێن بە لیرەی تورکی ئەگەر  بێتو بەهای لیرەی تورکی زیاتر لە  سوودی بانکی دابەزێت ئەوا وەزارەتی خەزینەی تورکیا  ئەو جیاوازیەی  دەبژێرێت بۆ پاشەکەوتکەرەکە  بۆ  ساڵەکە ،  ئەمەش دیسانەوە   ئەبێت باجدەری تورکی بیدەن . بۆ نمونە ئەگەر  پاشەکەوتکەرێک بە رێژەی سوودی بانکی 15% پارەکە پاشەکەوتبکات  . ئەگەر  بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەی 20% دابەزی لە ماوەی ئەو ساڵەدا  ئەوا  وەزارەتی خەزینەی تورکی رێژەی 5%  بۆ دەبژێڕیت 2-     حکومەت هات  لە ڕیگای 3 بانکی   تورکیەوە دەستیان کرد بە  دۆلار فرۆشتن لە ناو بازاڕدا  کە لە ڕۆژی    2 شەممەو  3 شەمەدا 6 ملیار دۆلار فرۆشراوە  بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە . ئەمەش زیان  بەیەدەکی  بانکی تورکی ئەگەیەنێت کە بەرەو کەمبونەوە دەبات. کە داتاکانی بانکی ناوەندی تورکیا  پیشانی داوە یەدەک دابەزیوە بۆ 12 ملیار دۆلار کە هەفتەی پێشووتر 21 ملیار دۆلار بوە .  وە  خستنە ناوەوەی ئەو پارەیە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەڵئاوسان .  3-     ئەم دابەزینەی  بەهای لیرە نرخی ( Insuring against a sovereign default) واتە  بۆ  دڵنییای دانەوەی قەرزاکان کە دوانەکەویت  لە کاتی دیاریکراودا زۆر بەرزبۆتەوە، هوندێ ڕاپۆرت ئاماژە بەوەدەکەن کەوەک عێراق وایە.   چارەسەر .   حکومەتی تورکیا  ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە سەر یاسا  کلاسیکیەکەی ئابوری  ڕێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی  هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ  بکرێت و بەهای لیرەش  بەرزئەبێتەوە ،  ئەگەر  ئەمە نەکات  زیاتر بەهای لیرە دادەبەزێت،    ئامادەکردنی ؛ ئەنوەر کەریم        https://www.newsbreak.com/news/2468758967370/turkey-s-state-banks-boosted-lira-rally-after-erdogan-rescue-plan-four-sources       


(درەو):  رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە لەسەر سنوری روسیا‌و ئۆكرانیا رۆژێكی ئارام نەبوو، بەپێی قسەی بەرپرسانی ئۆكرانیا" هێزە داگیركەرەكانی روسیا" رێككەوتنی ئاگربەستیان لەو رۆژەدا (6 جار) شكاندووە.  ئەم بەریەككەوتن‌و پێشێلكارییان نوێ نین، ماوە لەدوای ماوە روودەدات، بەڵام شتە مەترسیدارەكە كە هەموان هۆشداری لەبارەوە دەدەن ئەوەیە، جەنگێكی گشتگیر لەنێوان روسیا‌و ئۆكرانیا رووبدات، بەتایبەتیش كە چەند ساڵێكە ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.  ئێستا وڵاتانی خۆرئاواو ئۆكرانیا دەڵێن، روسیا هێزی سەربازی گەورەی لەسەر سنور كۆكردوەتەوە‌و ئامادەكاری بۆ جەنگ دەكات، بەڵام روسیا ئەم قسەوباسانە رەتدەكاتەوە.  رۆژی هەینی ئۆلێكسی ریزنیكۆڤ وەزیری بەرگری ئۆكرانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند، روسیا زیاتر لە (94 هەزار) سەربازی لە سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە.. هەواڵگری ئێمە شیكاری بۆ هەموو سیناریۆكان، لەنێویشیاندا خراپترین سیناریۆ دەكات، رەنگە لە كۆتایی مانگی داهاتوودا روسیا هێرش بكات".  رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، كرملن ئامادەكاریی بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لەچەند بەرەیەكەوە هێرش بكات.  بەپێچەوانەی خەمڵاندنی ئۆكرانیا، هەواڵگریی ئەمریكا پێیوایە روسیا تەنیا نزیكەی (70 هەزار) سەربازی لەسەر سنور كۆكردوەتەوە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەكات ئەم ژمارەیە بۆ (175 هەزار) سەرباز زیاد بكات.  لەبەرامبەردا روسیاش دەڵێ ئۆكرانیا هێزێكی سەربازی زۆری لەناوچەی (دونباس) لەسەر سنور كۆكردوەتەوە. چاودێران بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی نیازی راستەقینەی روسیا لەم جموجوڵە سەربازییانە، هەندێك دەڵێن سەرۆك ڤلادیمیر پۆتن بڕیاری خۆی لەبارەی شەڕەوە یەكلاكردوەتەوە، هەندێكی تر پێیانوایە بابەتەكە پەیوەندی بە هەندێك هۆكاری ناوخۆی روسیاوە هەیە لەوانە پەردەپۆشكردنی دۆسییەی ئەلێكسی ناڤالنی رێبەری ئۆپۆزسیۆن، لەسەر ئاستی دەرەوەش روسیا دەیەوێت بڕیاری ڤلادیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا‌و وڵاتانی خۆرئاوا تاقی بكاتەوە. هەندێكی تر پێیان وایە روسیا تەنیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سنوردار لەناوچەی (دونباس) ئەنجام دەدات، بەوپێیەی روسیا پێیوایە ئۆكرانیا لەم ناوچەیە پرۆسەی پاكتاوی رەگەزیی ئەنجام دەدات.  تۆڕی (سی ئێن ئێن) دەڵێ، ئەمریكا‌و پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێیانوایە جێگیربوونی هێزەكانی روسیا لەسەر سنوری ئۆكرانیا، لەم چەند هەفتەی دوایدا "ناسروشتییە".  مانگی (نۆڤێمبەر)ی رابردوو، مانگە دەستكردەكان جموجوڵی ئامێری سەربازی گەوریان لە بنكەیەكی راهێنان بەدی كردووە، كە نزیكەی (300 كیلۆمەتر) لە سنوری ئۆكرانیاوە دورە، ئەو كەلوپەلانەی كە روسیا رەوانەی سنوری كردوون بریتی بوون لە زرێپۆش‌و تۆپهاوێژ‌و تانكی جەنگی.  سەرباری ئەم قسەوباسانە، هێشتا زانیاری پێویست لەبەردەستدا نییە كە بانگەشەی وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا بسەلمێنێت.  زۆرینەی بنكە سەربازییەكانی روسیا دەكەونە خۆرئاوای وڵاتەوە، ناوچەیەك كە روسەكان لەڕووی مێژووییەوە پێیانوایە مەترسی بۆسەر وڵاتەكەیان لەم ناوچەیەوە دێت.  رۆژی 1ی ئەم مانگە، روسیا مانۆڕێكی سەربازی زستانەی لە نزیك سنوری ئۆكرانیا راگەیاند، نزیكەی (10 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، ناوەڕاستی مانگی مارسی رابردووش روسیا سێ مانۆڕی سەربازی گەورەی لەسەر سنوری ئۆكرانیا ئەنجامدا.  لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەناوچەی (دونباس) شەڕ لەنێوان ئەو هێزە ئۆكرانیانەی كە روسیا پاڵپشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی سوپای ئۆكرانیا بەردەوامە‌و تادێت توندتر دەبێتەوە.  ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی ئۆكرانیا باسی لەوەكرد، روسیا رۆژی هەینی چەكی پێشكەوتووی بەكارهێناوە، جۆرە چەكێك كە بەكارهێنانی لەناوچەی (دونباس)ی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەگوێرەی رێككەوتنی ئاگربەست كە شەش ساڵ لەمەوبەر لە مینسك ئیمزاكراوە، قەدەغە كراوە. ئەم قسانە لەكاتێكدا دەكرێن كە رێككەوتنی ئاگربەست لەناوچەكە چەندینجار لەلایەن هەردوولاوە پێشێلكراوە.  لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئاستی پێكدادانی نێوان جوداخوازەكان كە روسیا پشتیوانیان دەكات لەگەڵ هێزەكانی ئۆكرانیا لەناوچەی (دونباس) زیادی كردووە، بەجۆرێك هەندێكجار بەهۆی تەقەی هێزەكانی روسیاوە سەربازانی ئۆكرانیا كوژراون.  شەڕی نێوان روسیا‌و ئۆكرانیا لە ساڵی 2014وە دەستی پێكردووە، ئەم شەڕە بوو بەهۆی كوژرانی زیاتر لە (13 هەزار) كەس، ئەمەش دوای راپەڕینێكی جەماوەریی كە لە كیێڤ رویدا‌و بوو بەهۆی لادانی سەرۆكی وڵات، بەدوای ئەمەشدا روسیا نیمەدورگەی (كریمیا)ی خستە سەر خاكی وڵاتەكەی كە بەشێك بوو لە خاكی ئۆكرانیا.  لە ئەگەری روودانی شەڕو هێرش بۆ سەر ئۆكرانیا، ئەمریكا هەڕەشەی زیادكردنی سزائابورییەكانی دەكات لەسەر روسیا.  


به‌هرۆز جه‌عفه‌ر به‌ پێی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، کە له‌ میانەی كۆنفڕانسی (COP26) ی نۆڤه‌مبه‌ری (2021) ەوە ئاماژەیان پێکردوە، زیاتر له‌ (800) ملیۆن كه‌س به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه‌ له‌ جیهاندا تووشی برسێتی بون، هه‌روه‌ها به‌ پێی پرۆگرامی ژینگه‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان عێراق له‌ ڕیزی (5) مین ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ستیارانه‌دایه‌ كه‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كاری تێ ئه‌كات. به‌ پێی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق، چاوەڕوان ئەکرێت تاوه‌كو ساڵی (2035) به‌بڕی (10) دە ملیار و هەشت سەت ملیۆن م3 عێراق تووشی كه‌مئاویی بیێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق ئێستا (40) ملیۆن كه‌سه‌ به‌ڵام له‌ساڵی (2050) رێژه‌ی دانیشتوان بگاته‌ دوو هێنده‌ زیاد بكات و ببێته‌ (80) ملیۆن كه‌س. ئالۆک شارما، سەرۆکی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە پێش چاوی نوێنەرانی زیاتر لە (190) وڵاتی جیهان لە گڵاسگۆی سکۆتلەندا لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کوشوهەوا کۆبوونەتەوە، ئەڵێت "هەرەشەیەکی ڕێستەقینە لەسەر هەسارەکەمان دروستبووە، ڕێژەی گازەکانی دوانۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین هێندە زیادیان کردووە، کە 800 هەزار ساڵە شتی وا رووینەداوە. له‌ ساڵی (1992) ه‌وه‌ ئه‌وه‌ (29) ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆئه‌بێـته‌وه‌، چاره‌سه‌رێكیان بۆ ئه‌م گرفته‌ پێ نییه‌!. ساڵانه‌ نزیكه‌ی (196) ده‌وڵه‌ت واژۆی ئه‌كه‌ن كه‌ ڕێگه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و ووشكه‌ ساڵی و به‌ بیابانبون و كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو بگرن، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو یه‌ك گرفتن و به‌هۆی یه‌كه‌وه‌و به‌دوای یه‌كدا دروست ئه‌بن، كه‌چی وه‌كو بوریس جونسون له‌ میانه‌ی كۆنفرانسی (COP26) له‌ (2ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021) وتی " ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ فریا نه‌كه‌وین، زەوی بەکەڵک نایات و جرج و مشك ئه‌مانخوات". كوردیش، به‌شێكه‌ له‌م گۆی زه‌وییه‌، له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی ترسناكی سیاسیی و جیۆپۆڵه‌تیكی سه‌خت، كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراقه‌، بۆخۆی به‌ سروشت ناوچه‌یه‌كی كه‌م باران و گه‌رمه‌و به‌ هه‌ڵمبونی زۆرتره‌. ئەم ڕەوشە نالەبارەی پیسبون و گەرما بەڕێژەی (93%) کاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق کردوە. هەرچۆنێک بێت ئەم پرسە ئێستا بۆتە تۆپیکی نەمبەر وەن لە ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بۆیه‌ گرنگه‌ هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی یەدەگی سروشتی و سەرچاوەکانی ئاوە ئه‌رك و ئامانجی گه‌ردونی خۆی دیاری بكات، سه‌لماندنی زانستی و گه‌ردوونی –Universal بۆ نمونه‌: له‌بواری پرسه‌كانی گۆڕانی كه‌شو هه‌وا-Climate Change و گه‌رمبونی گۆی زه‌وی –Global warming و پیسبون-Pollution و هه‌نگاوه‌كانی ڕێگریكردن له‌ گه‌وره‌تربونی گرفته‌كه‌. كه‌ له‌ به‌رئه‌نجامی كاركردنی نا-ستاندارانه‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گاز یان كارگه‌كاندا، یاخود ڕه‌چاونه‌كردنی مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستانه‌و ژینگه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووبارو ده‌ریاچه‌و به‌نداوه‌كاندا ئه‌م گرفتانه‌ دروست ئه‌بن. لێره‌دا، ئێمه‌ له‌مه‌ولا ئه‌پرسین: كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و كارخانه‌كان چه‌ندیان بۆ خۆیان ده‌ست كه‌وتوه‌، چه‌ند پێویسته‌ وه‌ك به‌رنامه‌ی هاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی (Corporate Social Responsibility) به‌ پێی گرێبه‌سته‌كان بده‌ن به‌ پاك ڕاگرتنی ژینگه‌و بیناكردنی ڕێگه‌وبانه‌كان و هاریكارییه‌كانی تر!. تا چه‌ند به‌ ئه‌ركه‌ ژینگه‌ییه‌كان هه‌ستاون؟. ئه‌م هۆشیارییه‌ چۆن شۆڕ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌؟. یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ گرفته‌ داخهێنه‌ره‌كانی كه‌رتی نه‌وتی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ دوای ساڵی (2006) كرا، دروست نه‌ كردنی كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی- خۆماڵی – نیشتیمانی- كوردیی بو. ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین به‌شێك له‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی كه‌ كاركردنیان له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم دا كه‌وته‌ ئه‌ستۆ ئه‌زمونێكی ئه‌وتۆیان نه‌بو، ته‌نانه‌ت چه‌ندین كۆمپانیای (بیانی) له‌وانه‌ ته‌مه‌نی دامه‌زراندنیان هه‌مان ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌!. ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌مان بكه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسیی ئابوریی (چونكه‌ ئاستی خه‌رجی ئه‌و جۆره‌ كۆمپانیایانه‌ زۆر زۆره‌) هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ژینگه‌ تێك بچێت و پاشانیش سروشتی كێڵگه‌كان و توانا هایدرۆكاربۆنییه‌كان تێك و پێك بشكێنن، كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها ساڵ له‌ ته‌مه‌نی زینده‌وه‌رو مادده‌ ئۆرگانییه‌كان بونه‌ته‌ هۆی دروستبونی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا. من، ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنم دابو، له‌خزمه‌ت ئه‌م پرسه‌دا به‌ په‌په‌رێكی ئه‌كادیمی ته‌واو به‌شداربم و، له‌ په‌یمانگه‌ی مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی بڵاوبێته‌وه‌. به‌ڵام هه‌ستمان به‌دواچون و ته‌ماشاكردنی داتا مه‌ترسیداره‌كان، بڕیارماندا له‌بری هه‌موو حیزب و میدیاو داموده‌ستگه‌ فه‌رمییه‌كان (كه‌ بایه‌خێكیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌) له‌ سیاساتی گشتییان دا، كۆنفڕانسێكی جیهانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگه‌كانی داهاتودا ببه‌ستین.


راپۆرتی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست كۆڵن پاوڵ ده‌یزانی كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئه‌و ده‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ داگیركارییه‌ شومه‌كه‌ی 2003ی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ده‌بێت پێگه‌و ناوبانگه‌كه‌ی باجی ئه‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌ ناراستانه‌ بدات كه‌ وه‌ك پاساوێك به‌كارهێنران بۆ روودانی جه‌نگ. "من درۆم نه‌كرد، نه‌مده‌زانی كه‌ راست نییه‌. من وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بووم، نه‌ك به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری،" ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا وای وت، ته‌نها چه‌ند مانگێك پاش ئه‌وه‌ی داوای لێكرا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكات له‌ ئیداره‌كه‌ی جۆرج ده‌بلیو بوش. به‌ڵام "من كاتێكی زۆر به‌فیرۆ ناده‌م له‌وه‌ی سه‌یری ئاوێنه‌ی روداوه‌كانی رابردوو بكه‌م، چو‌نكه‌ تازه‌ تۆ ناتوانی هیچ شتێك بگۆریت،" هه‌روه‌ها وتی: "من خه‌ڵكم دیوه‌ ناخی خۆیان خواردووه‌ به‌ زیندوویی، ئه‌ویش به‌ بیركرنه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یانتوانی چی شتێك بگۆرن."  راستی كرد پاول، ئه‌و كه‌ رۆژی 2 شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد ئه‌ویش پاش وه‌رگرتنی چاسه‌ری شێرپه‌نجه‌، نه‌ك به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ له‌ عێراق.  ئه‌و زۆرینه‌ی پاشماوه‌ی ژیانی له‌ قسه‌كردن بۆ خه‌ڵك به‌سه‌ر برد سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركردایه‌تی كردن و به‌هاكانی ئه‌مریكا.  ئه‌و به‌ وریاییه‌وه‌و زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ توانی ناوبانگی خۆی جارێكی دیكه‌ دروست بكاته‌وه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ متمانه‌ پێكراوترین كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ ئه‌مریكادا.  به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو هه‌وڵو خۆ ته‌رخان كردنه‌كانی بۆ له‌بیركردنی رۆڵی ئه‌و له‌ دروستكردنی جه‌نگێكی پر مه‌سره‌ف و تێوه‌گلانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌، ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ به‌ رابردووی ئه‌وه‌وه‌ هه‌رگیز ناسرێته‌وه‌.  هه‌ركات پرسیاری لێبكرایه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌ ئه‌سه‌فێكه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌و ده‌یوت. "زۆر به‌ ئازاربوو". هه‌ندێك كاتیش ده‌یوت "ئێستاش ئازارم ده‌دات". زیاتر له‌ 4 هه‌زار ئه‌مریكی و سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی عێراقی مردن بەهۆی ململانێی یاخی بوەکانەوە کە داگیرکردنی عێراق رێگەخۆشکەر بوو بۆ کردنەوەی ئەو دەرگایە. هه‌رچه‌نده‌ عێراق ماوه‌یه‌كی زۆربوو وه‌ك مه‌نجه‌ڵی بوخار له‌ ناوه‌وه‌ ده‌كوڵا، به‌ڵام ئه‌وه‌ چونه‌ ژوره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌ره‌نجامی ره‌فتاره‌كانی جه‌نگ بوو كه‌ سه‌ری مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی ته‌قانده‌وه‌و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی له‌ ناو توندوتیژی و قه‌یرانی ئابوریدا نوقم كرد.  ئه‌وه‌ جه‌نگێكی پێشتری ئه‌مریكابوو دژی عێراق كه‌ خۆشه‌ویستی و ناوبانگێكی گه‌وره‌ی پێ به‌خشی، وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌ش – گه‌نج ترین و یه‌كه‌مین ره‌شپێست كه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتبێت له‌ مێژوودا – ئه‌وه‌ كۆڵن پاوڵ بووك پێشنیاری بۆ جۆرج ده‌بلیو بوش كرد كه‌ كۆتایی ساڵی 1990 كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و كاریگه‌ر سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی داگیركارییه‌كه‌ی عێراق بۆ كوه‌یت.  نزیكه‌ی 12 ساڵ له‌ دوای ئه‌و روداوه‌ كاتێك كابینه‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، كه‌ بریار بوو سه‌دام حوسه‌ین دور بخه‌نه‌وه‌، كۆڵن پاوڵ ئه‌وكاته‌ له‌ پۆستێكی جیاوازدا بوو.  چه‌ند مانگێك پاش سوربونی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە سەدام حوسەین چەکی ئەتۆمی دروستکروە، کۆشکی سپی داوای لە پاول کرد کە ئامادەکاری بۆ داگیرکاری بکات. لە مانگی شوباتی 2003، لە کاتێکدا هێشتا ترسی ئەگەری دوبارەبونەوەی کردەوەی تیرۆرستی تەواوی ئەمریکای تەنی بوو، وەک سەرکردەیەکی سەربازی و ستراتیجی ئەمنی وتارێکی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی پێشکەش کردو ئەوەش هێزو متمانەی ئەوی زیاتر کرد. "هەر شتێک من ئەمرۆ دەیلێم پاڵپشتە بە چەندین سەرچاوەی بەهێز،" پاوڵ وتاره‌كه‌یدا وای وت كه‌ ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی داگیركارییه‌كه‌ پێشكه‌شی كرد. "ئه‌مانه‌ گریمانه‌ نین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێتان ده‌ده‌ین راستی و ده‌ره‌نجامه‌كانن له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌واڵگری تۆكمه‌." وتاره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، گومان و دودڵی خه‌ڵكی نه‌هێشت سه‌باره‌ت به‌ داگیركارییه‌كه‌ له‌ماوه‌ی شه‌وێكدا. رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاوڵ وا بڵێت كه‌واته‌ راسته‌. دواترو پاش ئه‌وه‌ی پشكنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان چونه‌ عێراقه‌وه‌و داگیریان كرد، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی چه‌كی ئه‌تۆمی و بایه‌لۆجییان نه‌دۆزییه‌وه‌. پاوڵ لۆمه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری كرد كه‌ زانیارییه‌كانیان هه‌ڵه‌بوون، له‌ جیاتی لۆمه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ حه‌زی داگیركارییان هه‌بوو. "ئه‌مه‌ نه‌نگی و عه‌یبه‌یه‌كه‌ له‌ مێژووی مندا،" كۆڵن پاوڵ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌ ساڵی 2005 وای وت.


درەو: ئەلكسەندەر نازارۆڤ - RT رەجب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی جیاواز لە پەیوەندییەکانی دەرەوی وڵاتەکەیدا پەیڕەو بکات، بەنیازە لەو سۆنگەیەوە تەحەدای کۆمەڵێک وڵات بکات کە بەراورد بە وڵاتەکەی خۆی زۆربەهێزترن.  ئەو شێوازەی کە ئەردۆغان، ئێستا پەیڕەوی دەکات تاڕادەیەکی زۆرهاوشێوەی ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر(ئەدۆڵف هیتلەر) کە لە دەمی جەنگی جیهانی دووەمەدا پەیڕەوی کردبوو، کە بریتی بوو لە قۆستنەوەی خاڵە دژ بەیەکەکانی نەیارەکانیی ودواتر بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەجۆرێک بتوانێت دواتر دژ بەلایەنی سێهەمیش بەکاریان بهێنێت.  ئەم جۆرە پلان وگەمانە پێدەچێت دواتر بگۆڕدرێت بۆ بابەتێکی ئەرێنی، کێشەکانی ئەنکەرە و واشنتن، ئێستا زۆر دڵخۆشکەرن بۆ روسیا، هاوکات کێشیەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیاش بەتایبەتی لە ناوچەکانی "قەرەباغ وئوکراینا" دڵخۆشکەرن وسودی بەرچاویان هەیە بۆ واشنتن. ئەو گەمانەی کە لەم جۆرەن، یاریزان تێیدا ناچاردەبێت لەیەک کاتدا پارێزگاری لە هەماهەنگیی وململانێیەکانی بکات بەهەمان ئاراستەو و لەگەڵ هەموو کارکتەرەکانی نێو ئەو گەمەیە، هاتنەناوەوەی یاریزانی نوێیش بۆ ناو گۆڕەپانەکە، وادەکات ئەو لایەنه وبەرێژەیەکی باش بتوانێت پارێزگاریی لە هاوسەنگی ومانۆڕی خۆی بکات، بۆیە نامۆ نییە خەڵکانێکی زۆر ڕقیان لە ئەردۆغان بێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستیانیش پێی هەیە.    کەمی سامانە سروشتییەکانی تورکیا، پاڵنەڕێکی سەرەکی بووە بۆئەوەی ئەردۆغان ئەو جۆرە سیاستە بگرێتەبەر، لەسەرووی هەموویانەوە سەرچاوەکانی وزە، تورکیا بەراورد بە بەشێک لە دراوسێیەکانی نە نەوتی هەیە نە گازی سروشتی، لە هەمانکاتیشدا کەلێنێکی گەورە و بەرچاو بەدی دەکرێت لە داهاتەکانیدا، بۆیە ئەو خاڵە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەتێکدانی و شڵەژانی سەقامگیری وڵاتەکەی. ئەنجامی کۆتایی ئەم جۆرە گەمانە "گێژاوە"، گەمە ئابورییە بچووکەکەی تورکیا ئێستا بێت یان دواتر هەر بە شکست کۆتایی دێیت. سەرباری ئەوەی کە دۆخی ئابوریی تورکیا ناهەموارە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تا ئەم ئان وساتە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. رێژەی کورتهێنان لە بودجەی گشتی تورکیا لەنێوان مانگەکانی کانونی یەکەم وتەموزی ئەمساڵدا 9)ملیار( دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام سەرباری ئەوەش دۆخی ئابوریی ئەو وڵاتە زۆرباشتربووە لەو دۆخەی کە تورکیا پێیدا گوزەریکرد لەسەروبەندی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، ئەو بەراوردە وەک ئەوە وایە کە هەموو کەس دەزانێت مردن یەکە ( ڕێژەی نەگۆڕە)، بەڵام هۆکارەکانی جیاوازن بۆ نمونە شێوازی مردنەکە بە "گولـلـه" بێت یان بە تەقینەوەی "بۆمبی ئەتۆمی"، بۆیە ئەنجامی ئەو گەمەیە بۆتورکیا هەرمایە پووچبوونە لە کۆتاییدا. ئەردۆغان پارەدارکردنی سەرکێشییەکانی دەرەوەی بووەتە "مۆتەکە" بۆی، کورتهێنانی بودجەش زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە، سەرەڕای ئەوەش کێشەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دۆخەکەی زیاترنەرێنی ترکردووە. هەوڵە بەردەوامەکانی ئەردۆگان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تەمویل، وایکردووە سیستمی دارایی تورکیا دوچاری هەرەس و ڕۆچوون بکاتەوە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە ناچاربکات دراوی بێ پشتیوان (بێ کەڤەر) چاب بکات ورێژەی سوود بۆ ئاستێکی کەمتردیاری دەست نیشان بکات. خستنەڕووی نەختینەی (M1) بەرێژەی 18% زیادی کردووە لەنێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2020 و تاوەکو مانگی ئەیلولی 2021. پێش هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەردۆگان سێ ئەندامی لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لەکارەکانیان دوورخستەوە کەدژایەتی رێکارەکانی کەمکردنەوەی زیاتری نرخی سودیان کردبوو، پێشترئەردۆگان سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی گۆڕیوە بە بیانووی جیاجیا. ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی تورکیا نرخی سودی بۆ جارێکی دیکە کەمکردەوە بۆ 16%، کە ئەوەش وایکرد بەهای لیرەی تورکیا زیاتر پاشەکشەی بکات بەڕێژەی 2.7% کە ئەوەش بەراورد بەساڵی رابردوو لیرە بەرێژەی 27% بەهاکەی لە دەستداوە. بانکی ناوەندی لەهەوڵی ئەوەدایە هاڕەکردنی دراوی نیشتیمانی وڵاتەکەی لە ئاستێکدایە رابگرێت، ئەوەش لەرێگەی زیادکردنی رێژەی خەرجکردن لەیەدەکی وڵات. لە نیسانی ئەمساڵدا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، بەمەبەستی فەراهەمکردنی سەقامگیری ئابوری لە وڵاتەکەیدا، نزیکەی( 165 ملیار) دۆلاریان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرجکردووە، کە ئەوەش وایکردووە یەدەگی نەختینەیی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیا لە کۆتایی 2019 بەرێژەیەکی مەترسیدار وبێ پێشینە لە (41 ملیار) دۆلارەوە  کەم بکات  تەنها بۆ( 8 ملیار دولار)، بەڵام جارێکی تر ئاستی یەدەکی بانکی ناوەندی تورکیا لەمانگی ئەیلولی رابردوو بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە( 27 ملیار ) دۆلار.  هاوکات تورکیا بەبەهای زیاترلە(40 ملیار دۆلار) خاوەنی  زیری عەمبارکراوە، وبە بەهای( 65 ملیاردۆلار) یەدەکی پارێزراوی هەیە کە تایبەتە بە بە بانکە بازرگانییەکان.    سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی دراوی بیانی( نەختینەی سەخت) بۆبانکی ناوەندیی تورکیا، ئەو رێککەوتنانەیە کە پێیان دەگوترێت ( ڕێکەوتنی  ئاڵۆگۆڕی دراوەکان). لەمانکی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڵاویکردەوە، لەگەڵ چوار وڵات گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن. هەرلە مانگی حوزەیراندا ئەردۆگان ڕایگەیاند، وڵاتی چین ڕەزامەندی داوە لەسەر پلانی زیادکردنی ئاڵۆگۆڕ  لە نێوان هەردوو وڵات بە بەهای (6 ملیار دۆلار)، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر وڵاتی قەتەر بڕی( 15 ملیار دۆلار)ی بەخشی بوو بە تورکیا.ئەوەی جی سەرنجە هەر لەمانگی حوزیراندا، بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا مامەڵەکانی بە دراوی " یوان" چینی ئەنجامبدات وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژووی کردووە. داڕمانی بەهای " لیرە"ی تورکیا ئازاربەخش و کەمەرشکینە بۆ تورکیا،  جگەلەوەش کایەی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەدەست کورتهێنانێکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت کە بەهاکەی لەمانگی ئابی 2021 گەیشتە( 4.26 ) ملیار دۆلار، هاوکات (ئەژمێری ئێستا)" ی ئەو وڵاتەش دوچاری کورتهێنان بووەتەوە.  بۆیە شتێکی سەیرو نامۆنییە ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لەماوەی ساڵێکدا لە 11% هەڵکشێت بۆ زیاتر19%.  ئەو جۆرە گرفتە ئابوریانەی کەڕووبەڕووی وڵاتان دەبێتەوە، هەندێک جار وادەکات هەڵاوسان ڕادەبەدربێت وتێکرای دیاریکراوی خۆی تێپەڕبکات، لەدۆخێکی لەو شێوەیەدا ئەستەمە هیچ  سیستمێکی دارایی بتوانێت بەربەرکانی بکات و بەزیندوویی بمێنێتەوە. کە ئەوەش دواتر بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی  کۆمەڵایەتی و ئابوریی سەختی لێدەکەوێتەوە.  سەرۆککۆماری تورکیا لەهەوڵی بێ وچاندایە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان نزیک بکاتەوە لەتێکرا ئاساییەکان، بەڵام ئەو هەوڵانە بەئاسانی ناتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، ئەو شڵژانە نوێیانەی کە دووچاری بازار بوونەتەوە پێدەچێت ڕەوتی ئەو بابەتە خێراتر بکات وتورکیا بە هەمان رێچکەی فینزویلا پیادە بکات.   پێیم وایە ئەم دۆخە، ئەردۆگان ناچار دەکات دەستبەرداری چالاکییەکانی تورکیا بێت لە سیاسەتی دەرەوە، بێ گومانیش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی بکات، بەڵام دەبێت دەستوبرد بکات وخۆی یەکلایی بکاتەوە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی، یان تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی وڵاتەکەی، ئەوکات دەبێت بزانین کە ئەمەریکا وچین دوو کڕیاری سەرەکی دەبن، بەڵام من پێیم وایە چین چانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی تورکیا بکڕێت.


درەو: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد باڵیۆزی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاو حەوت وڵاتی تر لە ئەنکەرە دەربکات. ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە تورکیا کرد عوسمان کاڤالای بزنسمان ئازاد بکات کە لە ساڵی 2017ەوە لە زینداندایەو تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتای ئاراستەکراوە. ئەردۆغان داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە باڵیۆزەکانی ئەو دە وڵاتە لە ئەنکەرە وەک  کەسانی ناپەسەند بناسێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکردنی ئەو باڵیۆزانە لە تورکیا. ئەو وڵاتانەی کە داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤالایان کردووە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، دانمارک، فینلەندا، ئەڵمانیا، نەرویج و سوید. کاڤالا بزنسمان، یان نەیاری ئەردۆغانە؟ عوسمان کاڤالا کۆتاییەکانی ساڵی 2017 دەستگیرکرا،  بە تۆمەتی هاوکاریکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013  گەزی پارکی گۆڕەپانی تەقسیم لە ئیستانبوڵ. کاڤالا لە تۆمەتەکەی گەزی پارک بێ تاوان دەرجوو، بەڵام لە شوباتی 2020 دادگایەکی تورکیا  تۆمەتباریکرد بە هاوکاری پلانێک بۆ  هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی2016.  لە دۆسیەی دوومدا کاڤالا تۆمەتبارکراوا بە ئەنجامدانی چالاکی سیخوڕی و سیاسی و سەربازی و پێشێلکردنی دەستور بە هاوکاری توێژەر هێنری پارک بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرژەوەندییە ئەمنیی و سیاسییەکانی تورکیا. لە پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە:"  بە ڕێکەوت نەبوە کە سەردانی هێنری پارکی بۆ تورکیا هاوکات بووە لەگەڵ ڕودانیدۆخێکی دژوار لە وڵاتدا و لێدوانەکانی گومانلێکراویش جەخت لەوە دەکەنەوە"، واتە لەکاتی هەوڵی کودەتاکەدا هێنری پارکی لە تورکیا بووە. هەتا ئێستا کەڤالا لەلایەن دادگاوە لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا شکستخواردووەکە لەلایەن تاوانبار نەکراوە. کاڤالا خۆی وا دەناسێنێت کە خەبات دەکات لە پێناوی دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەربڕین و ڕەتیشیدەکاتەو هیچ سەرپێچییەکی کردبێت و لە چەند لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:  باوەڕم وایه کە هۆکاری ڕاستەقینەی دەستگیرکردنی بەردەوامم ئەوەیە کە حکومەت پێویستی بەوە هەیە کە  گێڕانەوەی بوونی پەیوەندی لە نێوان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک و پیلانێکی بیانی بە زیندویی بهێڵێتەوە". بەڕای مافناسان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک خۆڕسکانە دەستیان پێکردووە لەدژی پلانێک بۆ لابردنی پارکێکی گشتی نزیک مەیدانی تقسیم لە ئیستانبوڵ، بەڵام دواتر فراوان بوون و بون بە خۆپیشاندان لە دژی حکومداریی ئەردۆغان و داواکاری ڕوخاندنی حکومەت. ئەگەر کاڤڵلا تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەوڵی کودەتای بەسەردا ساغببێتەوە، ئەوا ڕوبەڕوی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێندرێت و ئەگەری ئەوەشی نابێت بە مەرج ئازاد بکرێت و بڕیاریشە 26 نۆڤەمبەری داهاتوو دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت. بنەچەی كاڤالا عوسمان کاڤالا ساڵی 1957 لە پاریس لەدایکبووەو بنەماڵەکەی خەڵکی شاری کاڤالای یۆنانن،  کە بۆ چەندین سەدە ئەو شارە لەژێر حوکمڕانی عوسمانییەکاندا بووە. خێزانەکەی کاڤالا کە لە بواری بازرگانی توتندا کاریان کردووە بیستەکانی سەدەی کۆچیان کردووە بۆ تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی هاوڵاتیانی یۆنانی نیشتەجێی خۆرئاوای تورکیا لەگەڵ ئەو موسوڵمانانەی لە یۆنان ژیاون لە کۆتاییەکانی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا. کەڤالا لە زانکۆی تەکنیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنکەرەی پایتەخت ڕشتەی کارگێڕی خوێندووەو پاشان ڕشتەی ئابوری لە زانکۆی مانچستەری بەریتانی  تەواوکردوە. ساڵی 1982 لەکاتی سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا  لە ئەمریکا باوکی کۆچی دوایی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئیستانبوڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی خانەوادەکەی و کۆمپانیاکانی باوکی و  لەو کاتەشەوە چەندان خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردووەتەوە.


راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت بەڵگەنامەكانی باندۆرا گوزارشتە لە دزەپێكردنی نزیكەی (12 ملیۆن) بەڵگە كە سەروەت‌و سامانی نهێنی، خۆدزینەوە لە باج، لە هەندێك حاڵەتیشدا شتنەوەی پارە لەلایەن هەندێك لە رێبەرانی جیهان‌و دەوڵەمەندەكانەوە، ئاشكرا دەكات.  زیاتر لە (600) رۆژنامەنوس لە (117) وڵاتەوە لێكۆڵینەوەیان لە دۆسیەكانی (14) سەرچاوەی بەناوبانگ كردووە‌و گەیشتونەتە هەندێك چیرۆك كە لەم هەفتەیەوە بە زنجیرە بڵاوی دەكەنەوە. ئەم تۆمارانە دەست یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار (ICIJ) لە واشنتۆنی پایتەخت كەوتووە، كە لەگەڵ زیاتر لە (140) دامەزراوەی میدیایدا كاردەكات‌و ئەمە گەورەترین لێكۆڵینەوەی جیهانی لەو شێوەیەیە كە دەكرێت.  بی بی سی پانۆراما‌و رۆژنامەی گاردیان سەرۆكایەتی لێكۆڵینەوەكەیان كردووە لە بەریتانیا. بەڵگەنامەكان چییان ئاشكرا كردووە؟  بەڵگەنامەكانی باندۆرا دزەكردنی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دیكۆمێنت‌و نزیكەی (3 ملیۆن) وێنە‌و زیاتر لە (ملیۆنێك) ئیمێڵ‌و نزیكەی (نیو ملیۆن) خشتەی تۆمار لەخۆدەگرێت. ئەو چیرۆكانەی تائێستا ئاشكراكراون ئەمانەن: •    تێوەگلانی یەكێك لە دیاردترین كۆمەكبەخشەكان بە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە یەكێك لە گەورەترین ئابڕوچوونەكانی گەندەڵیدا لە ئەوروپا. •    پادشای ئوردن لەرێگەی چەند كۆمپانیایەكی نهێنی خۆیەوە بڕی (70 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی لە كڕینی خانو لە بەریتانیا‌و ئەمریكا خەرجكردووە.  •    خێزانی دەسەڵاتداری ئازەربایجان بەنهێنی تێوەگلاون لە گرێبەستی خانوبەرە لە بەریتانیا كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە (400 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی. •    سەرۆك وەزیرانی چیك بابەتی بەكارهێنانی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ كڕینی دوو ڤێلا لە فەڕەنسا بە (12 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی، شاردوەتەوە.  •     ماوەی چەندین دەیەیە، خانەوادەی ئۆهورۆ كینیاتا-ی سەرۆكی كینیا بەنهێنی خاوەنی تۆڕێك كۆمپانیای دەرەكین. •    دۆسیەكان نیشانی دەدەن چۆن هەندێك لە بەهەژمونترین كەسایەتییەكانی جیهان لەناویاندا زیاتر لە (330) كەسایەتی سیاسی لە (90) دەوڵەت، كۆمپانیا بیانییەكان بەشێوەی نهێنی بەكاردەهێنن بۆ شاردنەوەی سەروەت‌و سامانەكانیان.  •     لاكشمی كومار لە دامەزراوەی (Global Financial Integrity)ی ئەمریكی كە دامەزراوەیەكی بواری توێژینەوەیە دەڵێ" ئەو كەسانە دەتوانن پارە حەواڵە بكەن‌و بیكێشنەوە‌و بیشارنەوە"، ئەمەش زۆرجار لەرێگەی بەكارهێنانی كۆمپانیای نادیارەوە دەكرێت. مەبەستمان چییە لە كۆمپانیاكانی دەرەوە "ئوفشور"؟ بەڵگەنامەكانی باندۆرا تۆڕی ئاڵۆزی ئەو كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكەن كە لەناو سنوردا دروستكراون‌و زۆرجار دەبن بە خاوەندارێتییەكی شاراوە بۆ سەروەت‌و سامان.  بۆ نمونە، رەنگە كەسێك موڵكێكی لە بەریتانیا هەبێت، بەڵام لەرێگەی زنجیرەیەك كۆمپانیاوە لە وڵاتانی تر "لە دەرەوە" خاوەندارێتی ئەم موڵكە بكات.  ئەو وڵات‌و هەرێمە دەرەكییانە ئەم تایبەتمەندیانەیان هەیە:  •    دروستكردنی كۆمپانیا تێیاندا ئاسانە •    یاساكانیان وا دەكات قورس بێت ناسنامەی خاوەن كۆمپانیاكان بزانرێت •    باجی كۆمپانیاكان كەم یاخود هەر نییە زۆرجار ئەم شوێنانە بە بەهەشتی باج‌و دۆسیە یاساییەكان ناودەبرێت، لیستی دیاریكراوی باجیان نییە، بەڵام ناوچەی زۆر بەناوبانگن‌و هەرێمەكانی پشتی دەریاكانی بەریتانیا دەگرێتەوە لەوانە دورگەكانی كەیمان‌و ئیسلەندی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی وەكو سویسرا‌و سەنگاپورە.  ئایا بەكارهێنانی بەهەشتی باج كارێكی یاساییە ؟ بوونی كەلێن لە یاسادا یارمەتی كەسەكان دەدات خۆیان لەپێدانی هەندێك باج بەشێوەی یاسایی بدزنەوە، ئەمەش لەرێگەی گواستنەوەی پارەكانیان یان دروستكردنی كۆمپانیا لە بەهەشتەكانی باجدا، بەڵام ئەمە زۆرجار وەكو كارێكی نائەخلاقی تەماشا دەكرێت.  حكومەتی بەریتانیا دەڵێ خۆدزینەوە لەباج پێویستی بەكاركردنە بە "دەقی یاساكان، نەك رۆحی یاساكان". هەروەك هەندێك هۆكاری گونجاویش هەن كە وا لە كەسەكان دەكەن ئارەزووی ئەوە بكەن پارەو موڵك‌و ماڵیان لە وڵاتانی جیاوازدا هەبێت، لەوانە پاراستنی لە گروپە تاوانكارەكان یان حكومەتە ناسەقامگیرەكان.  سەرباری ئەوەی بوونی سامان لە دەرەوە بەشێوەی نهێنی یاسایی نییە، بەكارهێنانی تۆڕێكی ئاڵۆزی كۆمپانیای نهێنی بۆ گواستنەوەی ئەو سەروەت‌و سامانانە، باشترین رێگەیە بۆ شاردنەوەی داهاتی كارە تاوانكارییەكان.  سیاسەتمەداران خوازیاری ئەوەن خۆدزینەوە لە باج‌و شاردنەوەی سەروەت‌و سامان بكەن بە كارێكی زۆر ئەستەم، بەتایبەتیش دوای ئەو بەڵگەنامانەی پێشتر لەمبارەیەوە دزەیان كرد، لەوانە بەڵگەنامەكانی پەنەما.  ئایا شاردنەوەی پارە لە بەهەشتەكانی باجدا ئاسانە ؟  هەموو ئەوەی پێویستیەتی، دروستكردنی كۆمپانیایەكی وەهمییە لە یەكێك لە وڵاتانەی كە پلەیەكی بەرزی نهێنیبوون دەبەخشن. ئەم كۆمپانیایانە تەنیا بەناو بونیان هەیە‌و ئۆفێس‌و كارمەندیان نییە، بەڵام ئەمە هەندێك پارەی تێدەچێت، ئەگەر ئەەم پارەیە بدرێت بەو كۆمپانیایانەی كە تایبەتمەندن لە بواری بەڕێوەبردنی كۆمپانیا وەهمییەكان، ئەمان ناو و ناونیشان بۆ بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا وەهمییەكان دروست دەكەن كە موچە وەردەگرن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە شوێنەواری ئەو كەسە دەشارنەوە كە بەڕاستی لە پشت كۆمپانیا وەهمییەكەوە راوەستاوە.  قەبارەی ئەو پارانە چەندن كە لە بەهەشتی باجدا شاردراونەتەوە ؟ زانینی ئەمە سەختە، بەڵام خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بڕەكەی لەنێوان (5.6 ترلیۆن بۆ 32 ترلیۆن) دۆلاردایە، ئەمە بەپێی قسەی یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار. سندوقی دراوی نێودەڵەتی پێشتر وتی، حكومەتەكان لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی بەكارهێنانی بەهەشتەكانی باجەوە، نزیكەی (600 ملیار) دۆلار زیان دەكەن.  خاتوو كومار دەڵێ" ئەم بابەتە كاریگەری لەسەر تەواوی كۆمەڵگە دەبێت‌و توانای شاردنەوەی پارە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانت دەبێت، ئەمە كاریگەری لەسەر دەرفەتی منداڵەكەت بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزاری خوێندن‌و تەندروستی‌و ژیان لە ماڵێكی باشدا دەبێت".  ئەو رێوشوێنانە چین كە بەریتانیا دەیگرێتەبەر بۆ روبەڕووبونەوەی ئەم بابەتە؟ بەریتانیا روبەڕووی رەخنە بوەتەوە بەهۆی ئەوەی رێگەیداوە كۆمپانیا نادیارەكانی دەرەوە ببن بە خاوەنی موڵك. حكومەت ساڵی 2018 پرۆژەیاسایەكی بڵاوكردەوە، كە داوای ئاشكرایكردنی خاوەنی راستەقینەی موڵك‌و ماڵەكان دەكات لە بەریتانیا، بەڵام هێشتا ئەم پرۆژە یاسایە چاوەڕوانە بخرێتە بەردەم پەرلەمانەوە.  راپۆرتێكی پەرلەمانی كە ساڵی 2019 دەرچووە ئاماژە بەوە دەكات، سیستمی بەریتانیا كەسانێك رادەكێشێت كە "پارە سپی دەكەنەوە، پشت بە كڕینی موڵك دەبەستن بۆ شاردنەوەی ئەو پارانەی كە بەشێوەی نایاسایی دەستیان كەوتووە".  راپۆرتەكە دەڵێ، لێكۆڵینەوەی زۆر دوچاری "بەربەست" بوون بەهۆی ئەوەی پۆلیس ناتوانێت خاوەنی راستەقینەی ئەو موڵكانە دیاری بكات.  بەمدواییە حكومەت ئاستی مەترسی تایبەت بە شتنەوەی پارەی لەرێگەی كڕینی موڵكەوە، لە پلەی "مامناوەند"ەوە بۆ "باڵا" بەرزكردەوە، حكومەت دەڵێ رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر دژی شتنەوەی پارە، ئەمەش لەڕێگەی یاسای زۆر توندترەوە، ئەگەر پەرلەمان رێگە بدات، تۆماری ئەو كۆمپانیایانەی كە موڵكیان لە بەریتانیا هەیە، دەخاتەڕوو.   


 درەو: لە گەورەترین لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی بنكۆڵكاریدا یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار، پەردە لەسەر چەندین نهێنی دارایی و سەروەت و سامانی سیاسی و ملیاردێرو كەسە دیارەكان لەسەر ئاستی جیهان ئاشكرا دەكات. لێكۆلینەوەكە چەندین مامەڵەی نهێنی و موڵك و ماڵی شاراوەی (٣٣٠ ) كەسایەتی دیاری سیاسی لە (٩٠ )وڵاتی جیهاندا ئاشكرا دەكات. بنكۆڵكارییە كە چەند مانگێكە (٦٠٠ ) رۆژنامەنوس توانیویانە ( 11 ملیۆن و 903) فایلی نهێنی پڕ لە زانیاری بە قەبارەی (2.9) تێراباییت ،( ملیۆنێك و 205) ئیمەیڵ (2 ملیۆن و 937) وێنە ( 6 ملیۆن و 406) بەڵگەنامە دەست بخەن كەتایبەتە بەو داتا و دۆكیومێنت و ئیمەیڵانەی دەوڵەمەند، سیاسەتمەدار و سەركردەكانی دونیا كە لەژێرەوە خەریكی دزی و چەتەگەرایین. هێدی هێدی راپۆرتەكان بڵاودەكرێنەوە و گەندەڵییە ملیار دۆلارییەكان دەبینین.  ٣٥ سەركردەی جیهانی و باڵوێزو وەزیرو سەرۆك شارەوانی و راوێژكاری سەرۆك و بەرێوەبەری بانكی ناوەندی لە نێو دۆكیومێنتەكاندا بونیان هەیە. بە پێی دۆكیومێنتەكان ١٠٠ كەس لە ملیاردێرەكان توانیویانە بە رێگەی نا شەرعی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار كۆ بكەنەوە. چیرۆكەكانی سندوقی پاندۆرا كە تا ئێستا ئاشكرا كراون •    پادشای ئوردن خەرج كردنی (٧٠ ملیۆن) یۆرۆ بۆ كرینی موڵك و ماڵ لە بەریتانیاو ئەمریكا لە رێكەی كۆمپانیای نەناسراوەوە. تێوەگلانیان لە مامەڵەی نهینی بۆ كرینی مولك لە بەریتانیا بە بری زیاتر لە (٤٠٠ ملیۆن) یۆرۆ شاردنەوەی خاوەندارێتی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان لە دەرەوەی ولات كە بەكاری هێناوە بۆ كرینی دوو ڤێللای فەرەنسی بە بری (٢ ملیۆن) یۆرۆ •    خێزانی سەركردەكانی ئازەربایجان ، سەرۆكی ئازەربایجان شوقەیەك بە بری (٣٣ ملیۆن) یۆرۆ لە ناوەندی لەندەن بۆ كورە (١١ )سالەكەی. •    سەرۆك كۆماری چیك، شاردنەوەی خاوەندارێتی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات كە بەكاری هێناوە بۆ كڕینی دوو ڤێلای فەرەنسی بە بری (12ملیۆن) یۆرۆ  یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار، ناوەندیكی هەواڵی و تۆرێكی رۆژنامەنوسانی سەربەخۆیە كە بارەگای سەرەكی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكایە 


(درەو):  میشاڵ عەون سەرۆكی لوبنان‌و نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئیمزایان لەسەر مەرسومی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە لوبنان كرد، نەبیە بڕی سەرۆكی پەرلەمانیش ئامادە بوو لەم مەراسیمەدا.  لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، ناكۆكی سیاسی لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەتەوە، بووە هۆی تەقینەوەی گەورەترین قەیرانی ئابوری لەمێژووی لوبناندا.  پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێگا لەبەردەم دانوستانی لوبنان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بكاتەوە لەبارەی بڕیاردان لەسەر چەند رێوشوێنێك بۆ رزگاركردنی ئابوری وڵات لەو قەیرانەی تێیكەوتووە.  لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، دراوی لوبنانی رێژەی 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش ئێستا سێ لەسەر چواری خەڵكی لوبنان گەیشتونەتە ئاستی هێڵی هەژاریی.  پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنان بەمشێوەیە:  •    محەمەد نەجیب میقاتی- سەرۆك وەزیران •    سەعادە شامی- جێگری سەرۆك وەزیران •    بەسام مەولەوی- وەزیری ناوخۆو شارەوانییەكان •    یوسف خەلیل- وەزیری دارایی •    عەبدوڵا ئەبوحەبیب- وەزیری دەرەوەو رەوەندی دەرەوە •    وەلید فەیاز- وەزیری وزەو ئاو  •    جۆنی قرم- وەزیری پەیوەندییەكان •    عەباس حەلەبی- وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا •    هێنری خوری- وەزیری داد •    موریس سەلیم- وەزیری بەرگری نیشتمانی •    عەلی حمیە- وەزیری ئەشغال‌و گواستنەوە •    فراس ئەبیەز- وەزیری تەندروستی گشتی •    هیكتۆر حەجار- وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی •    ناسر یاسین- وەزیری ژینگە •    مستەفا بیرم- وەزیری كار •    ئەمین سەلام- وەزیری ئابوری‌و بازرگانی •    وەلید نەسار- وەزیری گەشتوگوزار •    عەباس حاجی حەسەن- وەزیری كشتوكاڵ •    محەمەد مورتەزا- وەزیری رۆشنبیری •    جۆرج دباكیان- وەزیری پیشەسازی •    جەجلا ریاشی- وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری گەشەپێدانی كارگێڕیی •    جۆرج قەرداحی- وەزیری راگەیاندن •    عسام شەرەفەدین- وەزیری كۆچبەران •    جۆرج كلاس- وەزیری وەرزش ‌و لاوان  


راپۆرت: ئیدریس ئەلبای- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت پرسیاری سەرەكی كە ئێستا‌و پاش گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان خۆی نمایش دەكات، پەیوەندی تالیبانە لەگەڵ هاوپەیمانە دورمەوداكەیدا "قاعیدە". قاعیدە پابەندە بە لایەنداریی خۆی بۆ تالیبان، ئەمەش دوای ئەوەدێت بەیعەتی پێدا، بەیعەتێك كە ئوسامە بنلادن رێبەری كۆچكردنی قاعیدە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بە مەلا عومەری رێبەری تالیبانی دا.  سەرباری ئەوەی لەلایەن تالیبانەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لەوكاتەوە ئەم بەیعەتە چەندجارێك نوێكراوەتەوە. بەپێی رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 2020 لەگەڵ ئەمریكا، تالیبان رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی رێگە بە قاعیدە یاخود هەر گروپێكی توندڕەوی تر نەدات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا كاربكات، دوای دەستگرتن بەسەر كابولدا لە 15ی ئابی رابردوو، تالیبان جارێكی تر جەختی لەسەر ئەم بابەتە كردەوە.  بەڵام بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا خۆی لە قاعیدە بێبەری نەكردووە‌و قاعیدەش ئاستی دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا نەرم نەكردوەتەوە. بایەخی بەیعەت بەیعەت پابەندییەكی دووسەرەیە لەنێوان ئەو كەسەی بەیعەت دەدات لەگەڵ ئەو كەسەی بەیعەتەكەی پێدراوە، ئەمەش ملكەچبونی كەسێك بۆ سەركردە یاخود رێبەرێك دەخوازێت كە بەیعەتی پێدراوە. لە ئیسلامدا شكاندنی بەیعەت تاوانێكی گەورەیە.  قاعیدە، بەیعەت دەیسبەستێتەوە بە تالیبانەوە، ئەمەش لەژێر نازناوی " أمیر المۆمنین" كە بە رێبەری تالیبان‌و جێنشینەكانی دراوە.  رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت كە لەدوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە مەلا عومەر رەتیكردەوە بنلادن رادەستی ئەمریكییەكان بكات‌و بەوهۆیەوە ئەمریكا سەركرایەتی شەڕی دژی ئەفغانستان كرد.  یەكێك لە نمونە دیارەكان بۆ شكاندنی بەیعەت، رەتكردنەوەی پابەندبوون بوو بە سەركردایەتی ناوەندیی لەلایەن لقی قاعیدەی عێراقەوە، كە بووە هۆی جیابونەوەی ئەم لقە‌و دواتر رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لێ دروست بوو.  ململانێیەكی قورس لەنێوان قاعیدە‌و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەیە كە خۆی لە "ویلایەتی خۆراسان"ی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان‌و پاكستان‌و وڵاتانی دراوسێدا دەبینێتەوە.  قاعیدە تاكە گروپی جیهادی نییە كە بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشیوە. بزوتنەوەی تالیبانی پاكستانیش پێشتر بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشی‌و ئەمدواییەش دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، جارێكی تر بەیعەتەكەی نوێكردەوە.  بەیعەتی پیاوی مردوو  دوای مردنی بنلادن لە ساڵی 2011دا، ئەیمەن زەواهیری جێگری بەنوێنەرایەتی رێكخراوی قاعیدە‌و هەمو لقە هەرێمایەتییەكانی، بەیعەتی بە مەلا عومەر بەخشی.  بەیعەتەكە لە ساڵی 2014دا دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە عێراق‌و سوریا، نوێكرایەوە.  لە تەموزی 2015دا بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند مەلا عومەر بەر لە دوو ساڵ كۆچی دوایی كردووە، بەیعەتی زەواهیری بۆ مەلا عومەر لەدوای مردنی، بووە هۆی شەرمەزاركردنی قاعیدە.  زەواهیری لە 13ی ئابی 2015دا جارێكی تر بەیعەتەكەی بۆ مەلا (ئەختەر محەمەد مەنسور) رێبەری نوێی تالیبان نوێكردەوە، بەڵێنی "جیهاد بۆ ئازادكردنی بست بە بستی خاكی داگیركراوی ئیسلام"ی پێدا.  مەنسور بەشێوەیەكی خێرا دانی بەوەدا نا لەلایەن "رێبەری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی جیهادی"یەوە بەیعەتی پێدراوە، ئەمەش وەكو دانپێدانانێكی روون بوو بە ئامانجی كاری "جیهادی نێودەوڵەتی" لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە. ئەم هەڵوێستەش بەتەواوەتی دژی ئەو پەیامەیە كە تالیبان دەیەوێت بە جیهانی دەرەوەی بگەیەنێت كە پەیامەكەش ئەوەیە تالیبان تەنیا دەیەوێت ئیسلام لە ئەفغانستان جێبەجێ بكرێت‌و دەخوازێت پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.  كاتێك دوای مردنی مەنسور لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە ئایاری 2016، هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رێبەرایەتی تالیبانی گرتەدەست، تالیبان بە ئاشكرا دانی بەوەدا نەنا زەواهیری بەیعەتی پێداوە، هەروەك رەتیشی نەكردەوە.  ئەم ناڕوونییە كە بەدەوری دۆخی ئێستای بەیعەتەكەدا هەیە، بوەتە هۆی مشتومڕو نادڵنیایی بەردەوام لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو گروپەوە.  دواتر چی ؟ لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، دوو رەوت هەن كە لەململانێدان لەبارەی ئاڕاستەی بزوتنەوەكەوە.  سەرەتا ئەو پەیوەندییەی كە تالیبان بە قاعیدەوە دەبەستێتەوە، مسداقیەت‌و پێگە بە تالیبان دەبەخشێت لەناو بازنە جیهادییەكەدا، هەروەك پابەندبوونی مێژوویی بزوتنەوەكەش بە رێكخراوی قاعیدەوە وای لێدەكات سور نەبێت لەسەر دەستبەرداربوون لە هاوپەیمانەكەی دوای ئەوەی گەیشتوەتە دەسەڵات.  بەڵام بزوتنەوەكە پابەندە بەو بەڵێنانەی بەگوێرەی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا داویەتی لەگەڵ ئەو رێبازە پراگماتییەی كە تالیبان بۆ حوكمڕانی ئەفغانستان بەكاریدەهێنێت.  بزوتنەوەی تالیبان بەبۆنەی ئەو "سەركەوتن"ەی بەدەستیهێنا، لەلایەن رێكخراوی قاعیدە‌و ئەو گروپانەی لەناو فەلەكی قاعیدەدا دەسوڕێنەوە نامەباران كرا‌و جەخت لەسەر پێگەی "هیبەتوڵلا ئاخوندزادە"ی رێبەری تالیبان كرایەوە وەكو " أمیر المۆمنین".  تالیبان بە ئاشكرا باسی لەم نامەی پیرۆزباییانە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئاماژەی بەو نامانە كرد كە لەلایەن گروپە ئیسلامییەكانی تر لە نمونەی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە، بۆی نێردرابوو. بەڵام هەواڵی گەیشتنی (ئەمین حەق) كەسایەتی نزیك لە بنلادن بۆ ئەفغانستان، ئەوەی نیشاندا بزوتنەوەكە نایەوێت نكولی لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدە بكات‌و خۆی لێ بێبەری بكات.  دەوترێت قاعیدە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ تۆڕی "حەقانی"دا هەیە، كە یەكێك لەو گروپانەیە كە لەژێر ئاڵای تالیباندایە.  ئەم مەسەلەیە تەنگژەیەك نیشان دەدات كە ئێستا روبەڕووی بزوتنەوەكە دەبێتەوە، لەلایەك ئەوەی لەتوانایدایە دەیكات بۆ ئەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حوكمی خۆی لە ئەفغانستان‌و دەستكەوتەكانی دواتری بەدەستبهێنێت، كە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر لەسەر ریشەكێشكردنی توندڕەوی راوەستاوە، لەلایەكی ترەوە، ناتوانێت بە ئاسانی خۆی بێبەری بكات لەو هاوپەیمانێتییەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ قاعیدە هەیەتی.  هەڵگرتنی هەنگاوی لەمجۆرە، رەنگە ببێتە هۆی دوركەوتنەوەی توندڕەوەكان لەریزی بزوتنەوەكە‌و گروپە توندڕەوەكانی تر كە بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، خۆشی زۆریان دەربڕی.   


درەو: مانگی رابردوو تالیبان  هێرشیكردە سەر كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەماوەیەكی كورتداو بەبێ‌ شەڕ كۆنترۆڵی كرد,هەرەسهێنانی خێرای سوپای ئەفغانستان جیهانی توشی شۆك و سەرسوڕمان كرد كە چۆن سوپایەكی مەشقپێكراو‌و هاوكاریكراو لەلایەن خۆرئاواوە بەو ماوە كەمە هەرەسی هێنا‌و داڕما. چەند بەرپرسێكی دیاری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان لە لێدوانیاندا بۆ  ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن سەركەوتنی بروسكە ئاسای تالیبان بە تەواوەتی پێشبینی نەكراو نەبوو ئەوە دەرەنجامی شكستی سەركردایەتی‌و گەندەڵی بەرفراوان‌و پروپاگەندەی تالیبان بوو لەگەڵ " خیانەتی" ئەو هێزانەی كە ئەمریكا فەرماندەیی دەكردن بە خێرا كشانەوەیان. بەرپرسێكی گەورەی نزیك لە ناوەندی دەسەڵات دەڵێت كە دوو رۆژ پێش ئەوەی چەكدارەكانی تالیبان بگەنە كابوڵ ئامادەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بووە كە ئەشرەف غەنی سەرۆكی پێشوو  لەگەڵ وەزیرەكانو فەرماندەكانی سوپا‌و دەزگاكانی هەواڵگری ئەنجامیداوە. بەرپرسەكە دەڵێت:" پێیان وتین كە چەك‌و تەقەمەنی‌و پارەی ئەوتۆ لەبەردەستدایە كە بتوانن بۆ ماوەی 2 ساڵ بەرگری پێ لە كابوڵ بكەن".  ئاماژە بەوەشدەدات كە 100 ملیۆن دۆلار پارەی نەقد لە بەردەستدا بووە بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی كابوڵ بەڵام نەتوانرا شارەكە بۆ دوو رۆژ بپارێزرێت. " درۆ" ئەو بەرپرسە ئەفغانیە كە لە ترسی تۆڵەكردنەوە نەیویستووە ناسنامەی خۆی ئاشكرا بككات دەڵێت بە رادەستكردنی كابوڵ شۆك نەبووە و دەڵێت" وەزیرەكان درۆیان بۆ ئەشرەف غەنی دەكرد‌و دەیانوت هەموو شتێك باشە بۆئەوەی بتوانن پارێزگاری لە پۆست‌و ئیمتیازەكانیان بكەن, لە كاتێكدا بزوتنەوەی تاڵیبان لە سەرتاسەری وڵاتدا هێرشی دەكرد بازنەی ناوخۆ گفتوگۆیان لەسەر چاكسازیی سیاسی دەكرد." دەشڵێت: " بە شێوەیەكی دروست كارە لە پێشینەكانمان دیاری نەكردبوو, لەگەڵ كەوتنی یەك لەدوای یەكی شارەكانی ئەفغانستان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆبوەوە بۆ تاوتوێَكردنی سەربازیی زۆرەملێ‌‌و چاكسازی دامەزراوەیی". هێزەكانی تالیبان تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو ئەفغانستانیان كۆنترۆڵ كرد لە زۆربەی جارەكاندا بەبێ‌ تەقاندنی یەك فیشەك پایتەختی ویلایەتەكانیان دەگرت, بەرپرسێكی تری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت: هیچ كام لەوانەی لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوون رۆڵی سەركردایەتیكردنیان نەگێڕا, هیچیان قسەیان بۆ میدیاكان نەكرد بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە سەربازەكانمان, هیچیان نەچوونە مەیدان". ئەم راوێژكارە نزیكەی سەرۆكی پێشوو ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەشرەف غەنی سەرۆكیش هەڵەی ستراتیژی بنەڕەتی كردووەو دەڵێت:" پێشنیازم كرد باشوور بەجێبهێڵین چونكە هێزی مرۆیی تەواوەتیمان نییە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەرگری بكەین. بەڵام سەرۆك رەتیكردەوەو وتی ئەفغانستان هەمووی سەر بە حكومەتە". " گەندەڵی"  بەلای سوپای ئەفغانستانەوە وەستانەوەو خۆراگرتن بەرامبەر بە تالیبان لە هەموو ناوچەیەك ئەركێكی ئەستەم بوو, سەرەڕای چەندان ملیار دۆلار لە هاوكاری سەربازیی‌و پێشكەشكردنی كەرەستەی سەربازییو مەشقو راهێنان لەلایەن ئەمریكاوە تواناكانی سوپا بەهۆی گەندەڵییەوە زۆر كەمبوەتەوە. ئەفسەرە باڵاكانی سوپا دەستیان بۆ دزینی موچەی سەربازەكان بردووەو سوتەمەنی‌و تەقەمەنیان دەدزی و كاتێكیش شوباتی 2020 ویلایەت  یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێككەوتنەی لەگەڵ تالیبان ئیمزاكرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی دۆخەكە ئاڵۆزتربوو. ژەنەراڵ سامی سادات كە یەكێكە لەو فەرماندانەی سوپای ئەفغانستان كە بە ئازایەتی لە شەڕی دژ بە تالبیان بەناوبانگەو چەند رۆژێك پێش كەوتنی كرا بە فەرماندەی هێزە تایبەتەكان لە كابوڵ دەڵێت:" خیانەتمان لێكرا", نەمانی هاوكاریی ئاسمانی ئەمریكی‌و وەستانی فڕۆكەوانی سەربازی ئەفغانی دوای ئەوەی واشنتۆن كارمەندە گرێبەستەكانی بواری سیانەی فڕۆكەكانی كشانەوە, سوپای ئەفغانستان تایبەتمەندییە ستراتیژییەكەی لەدەستدا. " سریالی" سادات لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: رێككەوتنەكەی ئەمریكا تالیبانی هاندا, چەكدارەكانی هەستی سەركەوتنیان لا دروست بوو, پێش ئەو رێككەوتنە تالیبان لە هیچ شەڕێكی گرنگدا دژی سوپای ئەفغانستان سەركەوتنی بەدەستنەهێناوە, بەڵام دوای رێككەوتنەكە رۆژانە دەیان سەربازمان لەدەست دەدا. سادان ئاماژە بۆ رۆژەكانی دوایی شەڕ دەكات‌و دەڵێت " سریالی" بوو, ئێمە لەسەر زەوی بە سەختی شەڕمان لەدژی تالیبان دەكرد, فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بەسەرسەرمانەوە وەك تەماشەكەر دەهاتن‌و دەچون". سادات پاساوەكانی جۆ بادینی سەرۆكی ئەمریكای رەتدەكاتەوە كە وتبووی سوپای ئەفغانستان بەبێ‌ شەڕ هەرەسی هێناوەو دەڵێت: زۆر ئازایانە هەتا كۆتایی شەڕمان كرد. لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا 66 هەزار  سەربازمان لەدەستدا كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی هێزی شەڕكەرمان". دەربارەی سەربازانی هێڵی پێشەوەی شەڕیش هیچ هۆكارو پاڵنەرێك نەبوو رووبەڕووی مەرگ ببنەوە كاتێك دەبین فەرماندە باڵاكانیان رادەكەن‌و ئەفسەرێكی سوپا دەڵێت:" كاتێك تالیبان گەیشتە دەروازەكانی كابوڵ سەربازەكان زانیان كە سەرۆك وڵات بەجێدەهێڵێت لەبەرئەوە شەڕیان نەكرد". بزوتنەوەی تالیبان لە جەنگەكەدا زۆر بەباشی دەزگاكانی راگەیاندنی بەكارهێنا بۆئەوەی سەربازانی سوپای ئەفغانستان خۆیان رادەستبكەن‌و ئەوەش ورەی سوپای زۆر دابەزاند, ئەو ئەفسەرە دەڵێت: ئێمە بە تەواوەتی جەنگی  نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانمان لەدەستدا, تالیبان بە سەربازەكانی دەوت كە بەبێ‌ هودە دەجەنگن چونكە لەسەر ئاستی باڵا رێككەوتن ئیمزاكراوە".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand