Draw Media

پەکەکە و ئۆچ ئالان و «برایەتی» تورک و کورد

پەکەکە و ئۆچ ئالان و «برایەتی» تورک و کورد

2025-06-01 10:28:23


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)



(دوابەش)


کۆتابەشی ئەم نووسینە بە بۆچونێکی فەیلەسوفی فەرەنسی، میشێل فوکۆ، دەستپێدەکەم کە لەیەککاتدا دژ بە بێهیوایی و تەسلیمبوون و هیچنەکردنێکی نەهلیستییانە و دژ بە یۆتۆپیاگەرایی و دیدگای نامێژوویی و ناپراکتیکیشە. فوکۆ لەم ڕووەوە دەنووسێت: «لە کۆمەڵگاکەتدا بەدوای ئەوەدا بگەرێ کە باش و بەهێز و جوانە، لەوێوە دەستپێبکە و بیربکەرەوە. پاڵ بەو شتانەوە بنێ بەرە و دەرەوە و بەرەو پێشەوە، هەمیشە شتی تازە لەو شتانەوە دروست بکە کە پێشتر هەتە." ئەوەی فوکۆ لێرەدا دەیڵێت داواکردنی پەیوەندییەکی رەخنەگرانەیە بە ئێستاوە، دەستپێکردنە لەو «ئێستا»یەوە کە هەیە و لەئارادایە، بە مەبەستی گۆڕانکاریی و رۆیشتن بەرەو پێشێەوە، نەک ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاسەریی و هەمەلایەنەی ئەو ئێستایە. 
لای فوکۆ هەموو ئێستایەک شتی باش و بەهێز و جوانی تێدایە و ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت بەهێزتر و باشتر و جوانترکردنی ئەو شتانەیە. لەباتی ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی هەموو شتێک لەو ئێستایەدا بدرێت، پێویستە سەرەتا رەگەزە باش و بەهێز و جوانەکانی ناو کۆمەڵگاکە بدۆزرێنەوە، ئینجا گەشە بەو رەگەزانە بدرێن و بەرەوپێشەوە ببرێن، نەک تەسلیمبوون بە هیچنەکردنێکی نەهلیستیانە، یان پێشنیارکردنی کۆمەڵێک یۆتۆپیای ڕەها داوای ئەوەبکات لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکەین. پاڵنان بەو شتانەوە کە لە ئێستاد باش و بەهێز و جوانن بەرەو پێشەوە، مانای هەوڵدان بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ، یان قووڵکردنەوە و گەورەکاردنی ئەو رەهەندە باشانەی ناو ئێستای کۆمەڵگاکە و بەکارهێنانیان وەک کەرەستەی خاو بۆ گۆڕانکاریی و تازەکردنەوەی زیاتر و هەمەلایەنتر. ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە ئەو ئاکارەیە کە کردەی داهێنەرانەی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازیی مێژوویی لە مۆدێلی یۆتۆپی و ئەبستراکت و نامێژوییی جیادەکاتەوە. ئەم جۆرە دیدگایە، جگە لەوەی دیدگایەکی مێژوویی کۆنکریتە، هاوکات ئەلتەرانتیڤی دوو جۆر دیدگای زیانبەخشیشە. یەکەمیان نیهلیزم کە رەتکردنەوە و باوەڕنەبوونە بە هیچ شتێک. دووهەمیان ئایدیالیزمێکی یۆتۆپیانەی بێبناغە و نامێژوویی. 

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک پارتێک کە زیاد لە چل ساڵە ئەرکی خەباتی چەکداریی جێبەجێکردوە. بە بۆچوونی من ئەم بڕیارە بڕیارێکی مێژوویی عەقڵانیی و دروستکەرانەیە، دەکرێت هەنگاوی یەکەمی هێنانەکایەی «سەرەتایەکی تازە»ی خەباتکردن بێت بۆ دروستکردنی سەردەمێکی نوێی خاڵیی لە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندییدا بە پرسی کوردەوە لە تورکیادا، لەئارادا بووە. 

پەکەکە بزوتنەوەیەکی سیاسییە هەڵگری پرۆژەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی میلەتێک کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر نکوڵی لەبوون و ماف و خواستەکانی لە تورکیادا دەکرا. پەکەکە هێزی بەدەستهێنانی ئیعتیراف و دانیپیانانێکی سیاسیی و دیموکراسییانە بوو، بە مافی بوونی ئەو میلەتە و بەو مافانەشدا کە پابەستن بەبوونی ئەو میلەتەوە وەک میلەت لەناو تورکیادا. لە ساڵی ٢٠٠٠دا پەکەکە بە فەرمی لە بزوتنەوەیەکەوە کە «خەباتی رزگاریی نیشتیمانی»دەکات گۆڕا بۆ بزوتنەوەیەک کە دەخوازێت «کۆماری دیموکراسی تورکیا» دروستبکات. 

لەناو تورکیا خۆیشیدا، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە لەدایکدەبێت، کە پێشتر لە تورکیادا بوونی نەبووە و مەحاڵ بووە بیریلێبکرێتەوە. لەم قۆناغە تازەیەدا بۆ یەکەمجار دان بە بوونی پرسی کورد لە تورکیادا دەنرێت. دووساڵ دواتر،  لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، ئەو پرۆسەیە لەدایکدەبێت کە ناوی «کرانەوەی دیموکراسیی»، Democratic Opening، لێدەنرێت. لەم کرانەوەیەدا پێ لەسەر سێ شت دادەگیرێت. یەکەم، گەشەدان بە دیموکراسیەت لە تورکیادا. دووهەم، گەشەدان بە مافەکانی مرۆڤ. سێهەم، گەشەدان بە مافە ئەتنی و کولتورییە ناوچەییەکانی ناو تورکیا. دەرەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لە پەیوەندیاندا بە پرسی کوردەوە بریتین لە: 

پەخشکردنی بەرنامە بە زمانی کوردی لە تەلەفیزیۆندا. کردنەوەی دەرگا بە ڕووی  نووسین بە زمانی کوردیدا. ئەنجامدانی دانوسان لەگەڵ پەکەکەدا. لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەو شتە لەدایکدەبێت کەناوی «دەستپێشخەری کوردیی»، ‘Kurdish Initiative’ لێدەنرێت. ئەم دەستپێشخەریەش خۆی لە  دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەدا بۆ پرسی کورد لە تورکیادا، دەبینێتەوە. هاوکات قسە لە داماڵینی چەک لە پەکەکە دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە ڕێ بە بەکارهێنانی ناوە کوردییەکان لە تورکیادا دەدرێت و ناوی ئەو گوند و شارۆچکە کوردییانەی کە کرابوون بە تورکی، سەرلەنوێ دەکرێنەوە بە کوردیی. هەروەها بە فەرمی قبووڵدەکرێت کە زمانی کوردیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پروپاگەندەی سیاسی و لە کۆڕ و کۆبوونە سیاسییەکاندا، بەکاربهێنرێت. کردنەوەی قوتابخانەی تایبەتیش بە زمانی کوردیی ڕێگای پێدرا. ئەم گۆڕانکاریانە وا لە ئۆچ ئالان دەکات لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵێت: «هیواکان بەرزن، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئێمەدا دەستپێدەکات. ئێستا دەرگا کراوەتەوە بۆ قۆناغێک تیایدا ئێمە لە خەبات و بەرگریی چەکدارییەوە دەگوازینەوە سەردەمی خەباتی سیاسیی دیموکراسیانە». 
هەموو ئەمانە دوو پاڵنەری سەرەکیی دەیبردن بە ڕێوە. یەکمیان هاندان و دەستخۆشیکردنی یەکێتی ئەوروپا بوو، کە ئەو جۆرە چاکسازییانە بەشێکیش بوون لەو چاکسازییە ناوەکییانە کە تورکیا پێویست بوو بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا، ئەنجامینبدات. 
دووهەمیان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوو لە تورکیادا، لەلایەن ئاکەپە، پارتەکەی ئەردۆغانەوە. ناسنامەیەک دەیخواست شوێنی کەمالیزم بگرێتەوە، بەمەش هەم ئیسلام گرنگییەکی تایبەت و هەم ڕابردووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیەکی تایبەت وەربگرن.


بەڵام تەریب بەو گۆڕانکارییە پۆزەتیڤ و خاڵە بەهێز و باشانە، هاوکات گۆڕان بەرەو دروستکردنی دەسەڵاتێکی دەسەڵاتگەری تاکەکەسیی بەڕێوەدەچوو، کە تیایدا ئەردۆغان دەبوو بە تاکە حوکمرانی وڵاتەکە و کەسایەتی ئەو دەچووە شوێنی بەشێکی زۆر لە دەزگا سەرەکییەکانی وڵاتەکە. ئەم دەسەڵاتگەرێتییە  شەخسییە، وەکچۆن بەشە عەلمانیی و نادینییەکەی تورکیای پەراوێزدەخست، هاوکات بەگژ ئەو بەشە دینییەی تورکیاشدا دەچووەوە کە لەژێر کۆنترلی ئەردۆغاندا نەبوو، بەگژاچونەوەی گولەنییەکان بە نموونە. لە پەیوەندیشیدا بە کوردەوە دۆخەکە بەرەو درێژەدان دەچوو بە هەمان قۆناغی نیشتەجێکردنی پرسی کورد لەناو چوارچێوەی تێرۆر و بەگژاچوونەوەی تێرۆریزمدا. بەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهێنرابوون جارێکی دیکە پاشەکشیان لێکرا. 
 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرسی کورد لە تورکیادا لەوەدایە کە ئەم پرسە کێشەکانی تەنها لەگەڵ «دەوڵەتی  فەرمی» لە تورکیادا نییە، بەڵکو پرسێکە لەگەڵ «دەوڵەتی قووڵ» و لەگەڵ فۆرمێکی زۆر پەڕگیری ناسیۆنالیزمیشدا، دەرگیرە. ئەمەش وادەکات  چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تەنھا بە خواست و ئیرادەی دەوڵەتەوە گرێنەدرابێت، بەڵکو خواست و ئیرادەی دەوڵەتی قووڵ و خواست و ئیرادەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای تورکیی خۆیشی، کە ناسیۆنالیزم شوناسی ژمارە یەکیانە، پێویستبێت. 
هاوکات «دەوڵەتی قوول» لە تورکیادا تەنها کۆمەڵێک گروپی مافیایی و دەسەڵاتخوازیی ڕێکخراو نییە، تەنها تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو نییە، تەنها گەندەڵیی و بوونی ئابورییەکی قاچاغی نافەرمی نییە، تەنها شێوازی کوشثنی گۆترە و وونکردنی بێداوەریکردن نییە. دەوڵەتی قووڵ لە تورکیادا جۆرێک لە زیهنیەت و عەقڵیەتی دیاریکراویشە، تێکەڵەیەکە لە «زیهنیەت»ێکی ناسیۆنالیستانەی پەڕگیر و «دیدگا»یەکی میلیتاریستیی پەلاماردەر و هێرشبەر. خودی ناسیۆنالیزم خۆیشی لە تورکیادا زۆر زیاترە لەوەی تەنها هێما بۆ زیهنەیت و دیدگایەکی سیاسیی بکات، واتە زیاترە لەوەی تەنها ئایدیۆلۆژیایەک بێت لەپاڵ ئایدیۆلۆژیەکانی تردا، بەڵکو «سیستمێکی هێمایی» و «ئەخلاقیی» بەرفراوانە،  هێما بۆ دڵسۆزبوون و نیشتیمانپەروەربوونێکی پەڕگیر و بۆ ئینتیمایەکی بیمار و پاسۆلۆژی بۆ نەتەوەیەکی بە مەزن و فووتێکراو، دەکات. لەراستیدا ناسیۆنالیزم لە تورکیادا پێشمەرجی هاووڵاتیبوونە، بە مانایەک لە ماناکان پێشمەرجی مرۆڤبوونیشە. هەستێکی هێجگار بەهێز و بیماری ئینتیماکردنە. یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم زیهنیەت و سایکۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە رقبوونەوەیە لە کورد و کوردبوون و مامەڵەکردن و وێناکردنی کورد و کوردبوونە وەک دوژمن و هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیی. لە تورکیای ئەم چەند دەیەی دواییدا تەحەدای عەلمانیەت و کەمالیزم، کراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش تەحەدای ناسیۆنالیزم نەکراوە.
لێرەوە خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیادا لەیەککاتدا خەباتە دژ بە مەیلە دەسەلاتگەرەکانی دەولەتی فەرمی، خەباتە دژ بە جیهانە نهێنی و داخراوەکەی دەوڵەتی قووڵ و خەباتیشە دژ بەو زیهنیەت و مانایانەی ناسیۆنالیزم لە تورکیادا لەخۆی گرتوە. ئەمەش ئەرکێکی هێجگار قورس و سەخت و هەمەلایەنە، ساڵانێکی درێژی خەباتی مەدەنیی و سیاسیی بێماندبوونی پێویستە. بەگژاچوونەوەی دەوڵەتی فەرمی و دەوڵەتی قووڵ و بونیادە زیهنی و سایکۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمی تورکیی، شتێک نییە بە خەباتی  چەکداریی بکرێت. 

هیوادارم عەقڵانیەتی بڕیاردانی پەکەکە لەسەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی و گواستنەوە بۆ خەباتی مەدەنیی و سیاسیی، لە وێناکردنی ئەو دیمەنە سەختە و بوونی  ئەو خاڵ و ئەگەرە باش و بەهێزانەدا بێت کە هێمام پێکردن. نەک لەناو ئەو دیدگا ئیادیۆلۆژییە یۆتۆپییەوە هاتبێت کە ئۆچ ئالان لە ساڵانی زیندانیکردنەکەیدا بەرهەمیهێناوە. لەوانەش بۆ نموونە، دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ «مۆدێرنەی کاپیتالیستیی»، یان «کۆتاییهێنان بە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە»، یاخود «هێنانەکایەی شارستانیەتێکی تازە» و دروستکردنی سیستمێکی «کۆنفیدرالی دیموکراسیی» لە تورکیا و ناوچکەدا. بە بۆچوونی من ئەم دیدگا ئایدیۆلۆژییە یۆتۆپییە نامێژووییە، دوور و نزیک، پەیوەندیی بە پرسی کوردەوە نییە. ئەوە ئەرکی پرسی کورد لە تورکیاندا نییە، مۆدێرنەیەکی تر و شارستانیەتێکی تر دروستبکات، یان کۆتایی بە کاپیتالیزم بهێنێت و سیستمی دەوڵەت نەتەوە لە جیهاندا بسڕێتەوە. 

لەراستیدا ئەو کەمە قسە و لێدوانانەی ئۆچ ئالان کە گەیشتۆتە دەستی میدیاکان، لە پەیوەندیدا بە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدار و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە، هیچ هێمایەکانی تێدا نییە بۆ ئەو پرۆژە ئایدیۆلۆژییە یۆتۆپییە کە ئۆچ ئالان ساڵانێکە بەرگری لێدەکات. ئۆچ ئالان باس لە پرسی دروستبوونی «گرێبەستێکی تازە» لە تورکیادا دەکات. بەڵام چۆنیەتی قسەکردن لەم گرێبەستە پێشنیارکراوە و زمانی ئەم قسکردنە هێما بۆ هۆشیارییەکی سیاسیی قەیراناوی و بەدحاڵیبوونێکی سیاسیی گەورە، دەکات. 
ئۆچ ئالان دەڵێت: «پێویستمان بە گرێبەستێکی نوێیە بۆ یاسای برایەتی. ئەوەی ئەنجامی دەدەین نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی پارادایم دەکەن. جەوهەری پەیوەندی تورکیا و کورد تەواو جیاوازە، ئەوەی دەشکێت پەیوەندی برایەتییە. براکان شەڕ دەکەن، بەڵام كەس بەبێ ئەویتر ناژی. ئێمە خەریکی پاککردنەوەی تەڵە و مینەكانین، یەك لە دوای یەك، رێگاو پردە روخاوەكان چاکدەكەینەوە كە ئەم پەیوەندییە تێکدەدەن.»

ئەوەی کورد بە تورک و بە دەوڵەتی تورکیاوە گرێئەدات پرسی برایەتیی و پەیوەندیی براکان بەیەکەوە نییە.   بەڵکو پرسی بوونی ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان و پرسی ڕێزگرتنی سیاسیی و کولتوریی و زەلیل و گرگن نەکردنی یەکترییە. پرسی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش و گشتییە هەمووان لەناویدا هاوڵاتی خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانبن. ئەوەی پەیوەندییەکانیان رێکدەخات برایەتی و لەوێشەوە ئەندامبوون لەیەک خێزاندا نییە، بەڵکو مەسەلەی هاوڵاتیبوونی یەکسان و داننانی سیاسییە بە ماف و بەرپرسیارێتییە یەکسان و هاوبەشەکاندا. پەیوەندیی کورد و تورک لەگەڵ یەکتریدا، پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای تورکیش لەناو خۆیاندا، پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی هەر کۆمەڵگایەکیش لەگەڵ یەکتریدا،
دیسانەوە پەیوەندیی برایەتیی و خزمخواهیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی سیاسیی و یاسایی و دەستورییە. ئەوەی دەبێت رووبدات بوون بە برای یەکتری کورد و تورک نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بە یەک سەدە نکوڵیکردن لە کوردبوونی ملیۆنان مرۆڤ لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیادا و داننانە بە مافە تایبەت و هاوبەشەکانی یەکتریدا. سڕینەوەی چوارچێوەی تێرۆر و هەڕەشەکردنە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی پرسی کورد، جێگرتنەوەشی بە چوارچێوەی ماف و داننان بەیەکتریدا وەک بەشی جیاواز و لەیەکنەچووی دانیشتوانی ناو وڵاتێکی هاوبەش. 

هیچ دەوڵەتێکی فرەئەتنیی و فرەکولتور و فرەزمان پەیوەندییە ناوەکییەکانی لەسەر بنەمای برایەتی و پەیوەندیی خوێن و خزمخواهیی رێکناخات، بەڵکو لەسەر بنەمای بوونی مافی سیاسیی و یاسایی و دەزگایی و دەستوریی رێکیان دەخات. نەتەوە خۆیشی وەک یەکەی سەرەکیی ناو دونیای ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی خێزانیی یان کولتوریی نییە، بەڵکو کۆمەڵەیەکی سیاسیی خەیاڵکردە کە ماف و بەرپرسیارێتی هاوبەش و یەکسان پەیوەندییەکانیان رێکدەخات. لەزۆر ڕووەوە ئەم زمانی بەخێزانیکردن و بەخزمخواهیکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، نەک گۆڕانی پارادیم نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی فیودالیزمی سیاسیی. 
بە کورتی، بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی بڕیارێکی عەقڵانیی و ستراتیژیی گرنگە، پێویستی بە بەرگریلێکردن و گەشەپێدان هەیە. ئەم بڕیارە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گۆرینی ناوچە کوردنشینەکانی باکور لە «سەربازگە»ەوە بۆ کۆمەڵگایەکی ئاسایی، ئەمەش دەسکەوتی ژمارە یەکی ئەم وازهێنانەیە لە خەباتی جەکداریی. دوای ئەوە کارکردنی سیاسیی و مەدەنی بەردەوام و سەخت بۆ گۆرینی رای گشتی لە تورکیادا، کە ماوەی سەدەیەکە لەپاڵ نکوڵیکردن لە کورد و کوردبووندا دروستدەکرێت و دەپارێزرێت. سێهەم لەباتی دروستکردنی مۆدێرنەی ناکاپیتالیستی و نەهێشتنی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە، بەکار هێنانی ئەو پێگە باش و بەهێزانەیە کە لە پەیوەندیدا بە پرسی کوردەوە لە تورکیادا دروستبوون. هەموو ئەمانە بە مەبەستی گەورەترکردنی رووبەرەکانی ئازادیی، تەحەداکردنی ستەم و بێمافی، گەشەدانی زیاتر و زیاتر بە رێزگرتنی مرۆڤ، سڕینەوەی دەزگا و میکانیزمەکانی ئیهانە و زەلیلکردن، گەورەکردنی سنوور و رووبەرەکانی سەربەخۆبوون، بەرهەمهێنانی هەقیقەتی کۆمەڵایەتی باشتر و ئینسانیتر، هتد..
بە هیوای سەرکەوتنی ئەم پرۆسە مێژوییە ئالۆز و سەخت و فرەلایەنە. 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand