Draw Media

دادگای فیدراڵی: لە نزیكترین كاتدا بڕیار لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەین

دادگای فیدراڵی: لە نزیكترین كاتدا بڕیار لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەین

2025-06-01 10:52:09


(درەو): 
فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سكاڵایەكی یاساییان تۆماركردووەو داوای ئەوە دەكەن لەڕێگەی فەرمانێكی (سالاریی)ەوە، تەیف سامی دەكەن بە ناردنی موچەو؛ هاوكات داوای تەوتینكردنی موچەكانیان دەكەن، دادگای فیدراڵی وەڵامی داونەتەوەو دەڵێ لە نزیكترین كاتدا بڕیاری لێ دەدەین.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە كەوتوەتە كێژاوی ناكۆكییەكی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. 
لەروونكردنەوەكەدا، دادگای فیدراڵی ئاشكرایكردووە كە ئەمڕۆ سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە داواکاری بەردەوامی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان و لەوادەی دیاریكراودا تۆماركراوە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و یەکگرتووەکەی ٢٦٩/فیدراڵی/٢٠٢٣ لە ٢/٢١/٢٠٢٤).
دادگای باسلەوە دەكات، لە سكاڵاكەیاندا، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاریی (وەلائی) دەكەن بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە پێدانی موچە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی؛ كە هەردوو سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق پابەند دەكات بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاو لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت  و سەرجەم فەرمانبەرانی لایەنە حكومییەكانی ترو خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم و بڕینی ئەم پارەیە لە پشكی هەرێم بەگوێرەی یاسای بودجە. 
سكاڵای فەرمانبەرانی هەرێم بە ژمارە (١٠٤/فیدراڵی/٢٠٢٥) تۆماركراوەو دادگا رایگەیاندووە، لەزووترین كاتدا بڕیاری لەسەر دەدات. 
تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی ناردنی موچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگرتووەو دەڵێ بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵە، هەرێم پشكی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ وەرگرتووە، حكومەتی هەرێمیش دەڵێ حساباتەی تەیف سامی هەڵەیەو خەرجی هەرێمی لەسەر خەرجی راستەقینەی عێراق ئەژماركردووە هەروەها حساباتی هەڵەی بۆ داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێم كردووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand