کاریگەرى جەنگى ئۆکرانیا لەسەر جموجووڵی ئابووریی جیهانى

Draw Media

2022-09-20 09:01:40



درەو:
سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی، گۆڤاری ئاییندەناسی

نووسەران: داریۆ کالدارا، سارا کۆنلیسک، ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ و مادی پێن١

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

لەپاش لەشکرکێشیی سوپاى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مەترسییەکى گەورە لەسەر تێکچوونى هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانی ڕووی داوە. ئەم مەترسییە ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانى بوارى ستراتیژیی سیاسی و جیۆئەمنی، شارەزایانى ناوەندەکانى بەرهەمهێنان، جەمسەرە سەرەکییەکانى بازاڕی جیهانی و لێکۆڵیارانى جیۆئیکۆمۆنی؛ پێشبینی دەکەن جەنگەکە لێکەوتەیەکی گەورەى لەسەر ڕاکێشانى جووڵەى ئابووری و بەرزبوونەوەى دیاردەى هەڵئاوسان هەبێت، لە کاتێکدا ئەم کاریگەرییە نەرێنییە دەرئەنجامێکی توند و مەترسیدار لەسەر هەڵکشانى نادڵنیایی و بێمتمانەیى لە سێکتەری ئابووریی جیهانیدا دروست کردووە٢. وەک نموونەیەک بۆ دروستبوونى ئەم نیگەرانییە جیهانییە، هەروەها نیشاندانى کاریگەرییە نەرێنییەکانى ئەم قۆناغە، ڕاپۆرتى کۆتایی سندووقی دراوى نێودەوڵەتى لە بارەى ئایندەى دۆخى ئابووریی جیهان کە لە کۆتایى مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا ئەنجامی داوە، پتر لە دوو سەد جار تێچێنى لە بارەى چەمکەکانى “جەنگ و وێرانکاری” لەنێو فەرهەنگەکەیدا بەکار هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەو کاریگەری و پێشبینییانە لە ئێستادا خەریکە بەدی دێن، بەتایبەت ئەو هەلومەرجە مەترسیدارەى بەسەر ئابووریی ڕووسیا و ئۆکرانیادا هاتووە کە لە ئەنجامى لێکەوتە ڕاستەوخۆکانى جەنگ و ئەو سزا ئابووری و نێودەوڵەتییانەى بەسەر ڕووسیادا سەپێنراوە، بە شێوەیەکى توند و نائاسایی دۆخى ئابوورییان دووچارى شپرزەیی و داکشانی خێرا کردووەتەوە، ساغکردنەوەى بەرهەم و کاڵاکان لە گێژاوێکی بێبازاڕیدان، بۆرسە لۆکاڵی و بازاڕە داراییەکان هەر لە دەستپێکى جەنگەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، بەم چەشنە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە سیاسی و ئابوورییانەدا پرسیارێکی سەرەکى دەورووژێت، کە ئایا ناجێگیریی دۆخى جیۆپۆلەتیکی و گرژییە جیۆئەمنییەکان، تا چەند قورسایی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ و دواتریشدا جێ دەهێڵن؟

بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە، لەنێو تەوەرە سەرەکییەکانى ئەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین سەرەتا بەرزبوونەوە و هەڵکشانى ئاستى ئەم دواییەى مەترسییە جیۆپۆلۆتیکییەکان لە ڕێگەى بەکارهێنانى دوو پێوەر لەسەر بنەماى شیکاریی دەقی و ژمارەیی  بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان پشتئەستوورە بە خستنەڕووی داتا و زانیاریی ناو ڕۆژنامە جیهانییەکان، هەر چی دووەمیانە لەسەر بنەماى ڕێژەیی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان بونیاد نراوە.

لەم ڕووەوە بە پشتبەستن بە جووڵە سەربازییەکان و پێوەرە ژمارەییەکان، دەتوانین نموونەیەک لە مۆدێلێکی ئابووریی پاڵپشت بە داتا و زانییارییەکانى ئەم دواییانەى ئابووریی جیهانى بەکار بهێنین، تاکوو بە سوودوەگرتن لە ئەزموونەکانى ڕابردوو لێکەوتە مەزنەکانى ئەو جموجووڵە لەسەر ناهاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانى و مەترسییە سەرەکییەکانى بخەینە ڕوو.

ئەنجامى سەرەکیى توێژینەوەکە ئەوە نیشان دەدات کە پاش هێرشەکانى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆدێلێکی نوێ لە هەڵکشانى چاوەڕوانکراو لە ئاست مەترسیی ناهاوسەنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان ڕووی داوە، کە کاریگەرییە مەزنەکەى لەسەر ئابووریی جیهانى  (GDP)بۆ ساڵی ٢٠٢٢ چەند هێندەیە بەراورد بە ئابووریی جیهانى لە دۆخی سەقامگیریی دوور لە جەنگدا. هەر بۆیە لەنێو ئەم مۆدێلە نوێیەدا جەنگ و وێرانکاری گوشارێکی فراوانى لەسەر دروستکردنى قەیران و کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی جیهانیی بۆ نزیکەى  1،5% ڕسکاندووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانى لەسەر بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوسان لەسەر ئاستى جیهان بە گوژمەى 1،3 خاڵ زیاد کردووە، بەم جۆرە لێکەوتە نەرێنییەکانى ئەم مۆدێلە لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕێگەى داکشانى ڕێژەى بەکاربردن، بەرزبوونەوەى نرخەکان و ئاڵۆزبوون و بێسەروبەریی بازاڕە داراییەکان؛ بە خێراییەکى ڕێژەیی دەبینرێن. وێڕای ئەوە، پاڵپشت بە پێوەرە بنەڕەتییەکانى ئاستى قازانج و داهاتى کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە پێدەچێت لە ئایندەدا زەبرێکی ئابووریی گەورە و کاریگەر بەر ئابووریی ئەورووپا بکەوێت و زۆرترین مەترسیی هەڵئاوسان و دروستبوونى قەیرانى ئابووری بە مۆدێلی ئەورووپایی دروست ببێت بەتایبەت لەنێو پیشەسازیی بەرهەمهێنانى کاڵا خزمەتگوزارییەکاندا، کە لێکەوتە سەرەکی و ڕاستەوخۆکانى بە زیادبوونى نرخی کاڵاکان دەست پێ بکات.

پێوانەکردنی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان

تێگەیشتن لە کاریگەرییە ژمارەییەکانى بەرزبوونەوەى ڕادەى گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان پێویستى بە ئاڵنگارییەکی سەرەکی هەیە کە پەیوەندیی بە پێوانەکردنیانەوە هەیە، لێرەدا یەکەمین پێوەرمان هەڵسەنگاندنەکانى مەترسیی جیۆپۆلەتیکی (کالدارا – یاکۆڤیێلۆیە) (GPR)، کە لە ڕێگەى بەکارهێنانی گەڕان و پشکنین  بۆ  ئەو بابەتانەى لەنێو ڕۆژنامەکاندا بڵاو کراونەتەوە کە باس لە ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان و لێکەوتە و مەترسییە پەیوەندیدارەکان دەکات، بەم هۆیەوە ئیندێکسی (GPR) تیشک دەخاتە سەر پشکینین و گەڕان بەدواى ململانێ توندەکانى وەک: (جەنگ، هێرشی تێرۆرستى، بارگرژیی نێوان وڵاتان، ناکۆکیی نێوان کارەکتەرە سیاسییەکان)، یاخود هەموو ئەو بارگرژییانەى کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاڕاستە و ڕەوتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێ بهێڵێت٣. ئەم پێوەرە لە ساڵی ١٩٠٠ کارا بووە، ئەویش لەسەر بنەماى گەڕانێکی خولی و ئۆتۆماتیکی لەنێو دەقی ڕۆژنامە گرنگەکانى وەک (شیکاگۆ تریبیون، نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست)، هەروەها لە ساڵانى ڕابردوودا پێوەرەکە پشتی دەبەست بە حەوت ڕۆژنامەى دیکە لە ئەمەریکا، بەریتانیا و کەنەدا.

وێنەى یەکەم، پێوەرەکانى “GPR” لە ساڵی (١٩٧٠)ەوە نیشان دەدات، کە ڕادەى بەرزبوونەوەى ناو وێنەکە (پێوەرەکە) پەیوەندیدارن بە مەترسی و لێکەوتەى جەنگەکان یان ڕووداوە تیرۆریستییە گەورەکان. شیاوى باسە ئەم پێوەرە لەپاش لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و مەترسیدار هەڵکشاوە، بە جۆرێک لە ئازاری (٢٠٢٢)ەوە هەڵسەنگاندنى ئەم پێوەرە گەیشتە یەک لە بەرزترین ئاستەکان لە ماوەى پەنجا ساڵی ڕابردوودا، کە بەراورد کراوە بە هەڵکشانێکی لوتکەیی هاوشێوە لە قۆناغی جەنگى کەنداو و عێراقدا.

وێنەی (1)

 پێوەرەکانی مەترسییە جیۆسیاسییەکان

تێبینی: ژمارەکان لەسەر بنەماى پێوەرەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان (کالدارا – یاکۆڤیێلۆ) (GPR)ە کە لە کانوونى دووەمى 1970 تا ئایاری 2022 نیشان دەدات، پێوەرەکە پشت دەبەستێت بە هەڵسەنگاندنێکی مێژوویی (GPR) کە لە 1970 تا 1984 بونیاد نراوە، تاکوو  هەڵسەنگاندنى کۆتایی (GPR) لە ساڵی 1985دا، بەڵام  بە سەرنجدان لە وێنەکە، دەردەکەوێت کە بە درێژایی ماوەى نێوان (1985-2019) هەڵسەنگاندنى پێوەرەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاسایی بووەتەوە بۆ ئاستێکی مامناوەند کە یەکسانە بە ١٠٠ نمرە.

سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی لەسەر بنەمای “داریۆ کالدارا” و “ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ” (2022)، “پێوانەکردنی مەترسیی جیۆسیاسی”، پێداچوونەوەی ئابووریی ئەمەریکی

لە لایەکی دییەوە دوو لە گرنگترین پێوەرە گشتییەکان کە هەڵسەنگاندنى “GPR“ى لەسەر بونیاد نراوە، بریتین لە پێوەرەکانى لێکەوتەى جەنگ یاخود هەڕەشە جیپۆلەتیکییەکان لەسەر ناوچە و شوێنگەی تر کە ناوچەى ڕاستەوخۆی شەڕ نییە، لەمەوە “GPT” کارى ژمێرەیی بۆ سەرجەم ئەو نیگەرانییانەش دەکات کە پانتایی ناسەقامگیری و کاریگەریی بارگرژی و ململانێکان لەسەر ناوچەی دەرەوەى ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان جێ دەهێڵێت، یان ئەو شوێنانەى بە ناڕاستەوخۆ دەکەونە بەر مەترسی. هەروەها یەکێکی دی لە پێوەرەکان “GPA“ە بۆ دەرخستنى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، جووڵە کردەییەکانە لە وادەى دەستپێکردنى ڕووداوەکان٤، وەک لە (وێنەى دووەم – A)دا نیشان دراوە، بە چەشنێک پێوەرەکانى “GPT” لەنێوان مانگەکانى کانوونى دووەم و ئازاردا بەرز بووەتەوە، بەڵام لە مانگەکانى نیسان و ئایاردا دابەزیوە، ئەم شیکارییەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا دەگونجێت کە دەرئەنجامە توندەکانی جەنگەکە، وەک بەشداریکردنی ڕاستەوخۆى چەند وڵاتێک یان زیاتر، ڕەنگە تا ئەندازەیەک کەمتر هەست پێ بکرێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین هەمان پێوەری “GPR” کە لەپاش جەنگ و داگیرکارییەکانەوە هەڵکشابوو، بە شێوازێکی نەرم و لەسەرخۆ پاشەکشە دەکات.

وێنەی (٢)

نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی ئەم دواییە

تێبینی: پانێڵی چەپ جووڵەکانی ئەم دواییە لە پێوەرەکانی “GPR” و دوو پێکهاتە لاوەکییەکەیدا دەخاتە ڕوو، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) نیشان دەدات. پانێڵی ڕاست پەرەسەندنی پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیا جیهانییەکان دەخاتە ڕوو، کە باس لە نیگەرانییەکان دەکەن سەبارەت بە ململانێی نێوان ڕرووسیا و ئۆکرانیا. جێگەى باسە هەردوو پانێڵەکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دەگرێتەوە.

سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P)

لەم توێژینەوەیەدا داتا و زانیارییەکانی  ناو پێوەرەکانی “GPR” لە ڕێگەى هەڵسەنگاندنێکی تر و بە پێوەرى دووەم کە تایبەتە بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان پشتڕاست دەکەینەوە، ئەویش لە ڕێگەى گەڕان بەدواى دۆکیۆمێنت و بەڵگە نووسراوەکانى داهاتى کۆمپانیا زەبەلاح و جیهانییەکان کە لەسەر بنەماى لەشکرکێشەییەکەى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بونیاد نراوە٥. بە پێی ئەم پێوەرە، بۆچوونە نەرێنییەکانى کۆمپانیاکان لە بارەى ململانێکانەوە لە ڕێگەى کۆنفڕانسە جیهانییەکان بۆ خستنەڕووی بڕی داهات لە سەرانسەری جیهاندا خراونەتە ڕوو، ئەمەش دەریدەخات ٤٠%ی سەرجەم ئەو بابەتانەى پەیوەندیدارن بە بڕی داهاتى کۆمپانیاکان لە مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا، ڕاستەوخۆ کاریگەریى ململانێی جەنگەکەیان لەسەر بووە، ئەمەش وەک لە “پانێڵی ڕاست”دا دەردەکەوێت، پێوەرەکانی مەترسیی جیۆپۆلەتیکی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی داهات و پشکەکان، ڕێژەیەکی داینامیکیی چوونیەک و هاوشێوە لەگەڵ پێوەرەکانی داتا و زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان نیشان دەدەن، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێوەرەکانی “GPR” لەسەر بنەمای زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان پەیوەندییەکى ڕاستەوانەیان بە بڕی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان و سیستمى وەبەرهێنەرانەوە هەیە.

دیاریکردنی ژمارەی کاریگەرییەکانی مەترسییە “جیۆسیاسییە بەرزەکان” لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی (GPD) و دیاردەى هەڵئاوسان

بە شێوەیەکی گشتى لە ڕووی مێژووییەوە قۆناغەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە لێکەوتەى نەرێنی و مەترسیداریان هەبووە، تا ئەندازەیەکی بەرچاو پەیوەندیی خراپیان لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان جێ هێشتووە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی جەنگەکان سەرمایەی مرۆیی و فیزیکی لەناو دەبەن، سەرچاوە و ماتەوزەى بەرهەمهێن دەگۆڕن بۆ بەکارهێنى ناچالاک، جووڵەى بازرگانیى نێودەوڵەتیی کەڵەکەبوونى سەرمایە سست دەکەن، ڕیتمى ئابووریی جیهانى تێک دەدەن، وێڕاى ئەوەش کات و مەوداى جەنگ و دەرئەنجامە نزیک و دوورەکانى ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان ڕەنگە قورسایی زیاتر لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دابنێت، ئەویش  بە پاشەکشێ لە بوارەکانى وەبەرهێنان و دامەزراندنی کۆمپانیاکان، کەمکردنەوەی متمانەی بەکاربەران و توندکردنەوە و گرژبوونى بارودۆخی دارایی.

لەم توێژینەوەیەدا خستنەڕووی پێوەرە ژمارەییەکان کە تایبەتن بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ڕێگەمان پێ دەدات لە ڕووی چەندایەتییەوە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی جەنگ لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان دەستنیشان بکەین. بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە مۆدێلێکی خۆپاشکەوتنی ڤێکتەری بە پێکهاتەی “VAR” دەخەمڵێنین، هەروەها مۆدێلی خەمڵێنراو بەکار دەهێنین بۆ ژماردن و دیاریکردنی کاریگەرییەکان بە درێژایی ماوەى جەنگ، کە لەم ڕێگەیەوە هەڵکشانى ئەم دواییەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دروستتر نیشان دەدات. مۆدێلەکە پێوەرەکانی (مانگانەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان، ڕێژەی هەڵئاوسانی جیهانی، نرخی پشکەکانی جیهان، نرخی ڕاستەقینەی نەوت، بەهاى ڕاستەقینەى دۆلار، نرخی کاڵاکان، ئاستى متمانە و دڵنیایی بەکاربەری جیهانی، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) لەخۆ دەگرێت٧. مۆدێلی “VAR“، داتا و ئامارى مانگی کانوونى دووەمى ساڵی ١٩٧٤ تا نیسانی ٢٠٢٢ دەخاتە ڕوو کە تێکڕا لەو ماوەیەدا سێ داکشانى ناچوونیەک لەخۆ دەگرێت٨، ئێمە گریمانە دەکەین کە گۆڕانکارییەکان لە پێوەرەکانی “GPT” و “GPA“؛ ڕێژەى هەڵئاوسان لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ گۆڕاوە ئابوورییەکانی تردا پێش دەخات، بە جۆرێک کە هەر پەیوەندییەکی هاوچەرخ لەنێوان مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕاوە داراییەکاندا دروست ببێت، ڕاستەوخۆ گریمانە دەکرێت کە کاریگەریی ئەو مەترسییە جیۆپۆلەتیکییانە لەسەر گۆڕاوە داراییەکان ڕەنگ بداتەوە، بەپێچەوانەشەوە هەر گۆڕاوێکی دارایی لە توانایدایە کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕاوەکانی بەجێ بهێڵێت.

وێنەی سێیەم شیکارییەکى مێژوویی ئەنجامە خەمڵێنراوەکانی “VAR” نیشان دەدات، کە بە تێپەڕبوونى کات کاریگەرییەکان لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستى جیهانی و هەڵکشانى ڕێژەی هەڵئاوسان و زیادبوونى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان لە کانوونى دووەمى (2022)ەوە بە ئەندازەیەکی هەستپێکراو فراوان بووە، بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە تا ئێستا لەمساڵدا بینراون، ئەمەش ڕاکێشانێک لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی جیهان دروست دەکات کە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ لێکەوتەى دەبێت، هاوکات بە کەڵەکەبوونى ئەم کاریگەرییەش لێکەوتەیەکی نەرێنی بە گوژمەى ١.٧% لەسەر ئاستى ڕێژەی بەرهەمە جیهانییەکان دەبێت. بە هەمان شێوە بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، نرخەکانیش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی جیهانی بە ڕێژەی ١.٣% تا نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام پاش ئەوە شەپۆلی ئەم کاریگەرییانە دەست دەکەن بە کەمبوونەوە و پاشەکشە.

وێنەی (3)

 کاریگەرییەکانی زیادبوونی ئەم دواییەی مەترسیی جیۆسیاسی

تێبینی: ژمارەکان وەڵامدەرەوەى ئەو کاریگەرییانەن کە بە تێپەڕبوونی کات لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (پانێڵی چەپ) و هەڵئاوسانی جیهان (پانێڵی ڕاست) ڕوویان داوە بۆ بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، کە تێکڕا قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی 2022دا نیشان دەدات. هێڵە سوورە زەقەکان خەمڵاندنى مامناوەند نیشان دەدات، هێڵە شینە خاڵییەکان ئاماژە بە ئاستەکانى دڵنیایی دەدات کە ڕێژەى ٧٠% دەستنیشان دەکەن، گۆڕاوەکان لە کانوونى دووەمى ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بە لادان لە هێڵی بنەڕەتی لە دۆخى ئارام و دوور لە جەنگ نیشان دراون.

سەرچاوە: ژمێریاریی دەستەی یەدەگی فیدراڵی

لەگەڵ ئەوانەشدا، دەکرێت بپرسین مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان چۆن دەگوازرێنەوە بۆ سەر ئاسایشی ئابووریی جیهانی؟ لێرەدا ئێمە بە خەمڵاندنی پێکهاتەی “VAR” لەگەڵ چەند کەناڵێکی جیاوازدا وەڵامى ئەم پرسیارە وەردەگرین، بەتایبەت لە ڕێگەى “وێنەی چوارەم” کە نەخشێکی وردتری ئابووریی جیهانى لەبەردەم شۆکێکی مەزن و مەترسیدارى جیۆپۆلەتیکی دەخاتە ڕوو، لەم ڕووەوە پێمان دەڵێت کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢-دا پەیوەندییان بە دابەزینی متمانەی بەکاربەران و نرخی پشکەکانەوە هەیە، کە هۆکارگەلێکن و کۆى گشتیى خواستى بەکاربەر لاواز دەکەن. بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرز دەبێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە بەرزبوونەوەی نادڵنیایی جیهانی و هەستی مەترسیی نەرێنی، تێکڕا دەتوانن ببنە بەربەست لەبەردەم خاوبوونەوەى مەترسییەکان و ڕەخساندنى دۆخی ئارام  و سەقامگیری ئابووری لەسەر ئاستى جیهان و مەترسییەکانى سەر سەرمایەی نێودەوڵەتى (فۆربێس و وارنۆک، ٢٠١٢)، بەم پێودانگەش نرخی نەوت و کاڵاکانى تر بەرز دەبنەوە، ئەمەش فشاری داکشان لەسەر چالاکییەکانی جیهان و فشاری هەڵکشان لەسەر دیاردەى هەڵئاوسان دروست دەکات.

وێنەی (4)

میکانیزمی گواستنەوەی مەترسی (جیۆسیاسییە بەرزەکان) لەسەر گۆڕاوە ئابوورییە گەورەکان

تێبینی: ژمارەکان زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا نیشان دەدات، کە قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی ٢٠٢٢ ڕووی داوە. بۆ هەر گۆڕاوێک، خاڵە سوورەکان خەمڵاندنی ناوەندی زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمدا نیشان دەدەن. هێڵە شینەکان ئاماژە بە ئاستى دڵنیایی ٧٠% دەکەن. کاریگەرییەکە بە لادان لە هێڵی بنەڕەتیی دوور لە جەنگ بۆ هەموو گۆڕاوەکان جگە لە هەڵئاوسان دەپێورێت.

سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی

کێبڕکێ و بەرکەوتنە پیشەسازییەکانى نێوان وڵاتان

سروشتی ناوچەیی زۆرێک لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ڕەنگە ئەو مەترسییانە کاریگەری نەرێنیی ئابوورییان بە یەکسانی لە سەرانسەری جیهاندا نەبێت. ئێمە بەرکەوتنى وڵاتێک لەسەر بنەماى ململانێکانى ئێستای دەپێوین، ئەویش لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى پشکی ئەو کۆمپانیایانە کە لە داهاتى چارەکی (quarter) ئەمساڵدا کاریگەریى جەنگى ئۆکرانیایان لەسەرە، ئەویش بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە٩. “وێنەی پێنجەم” بەرکەوتنی وڵاتان لە نەخشەی جیهاندا نیشان دەدات، بە جۆرێک ڕەنگى تۆخ ئاستی بەرکەوتنی بەرزتر نیشان دەدات. وەک دەبینرێت وڵاتانى ئەورووپا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە جەنگ و ململانێکان نزیکن، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. نزیکەی ٨٠ %ی کۆمپانیاکانی فینلاند و پۆڵەندا کە دوو وڵاتن سنوورێکیان لەگەڵ ڕووسیا یان ئۆکرانیادا هاوبەشە، نیگەرانن لە شەڕەکە. هەر چی ئەڵمانیاشە، وڵاتێکە لە ڕێگەی هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیاوە کاریگەرییەکى زۆری ململانێکانى لەسەرە، ئەم کاریگەرییەش وەک ئەوەى لە ئاستى داهاتى کۆمپانیاکاندا دەردەکەوێت (٧٥%)ە، پاش ئەوەش پێناچێت کاریگەریی ململانێکان لەسەر ناوچەکانى تری جیهان بەو شێوەیە چڕ بێتەوە١٠. بەگشتی ئەم بەڵگانە ئاماژەن بۆ ئەو مەترسییەی کە وڵاتانی ئەورووپا ڕەنگە تا ڕادەیەک زیاتر بەدەست کەوتنی ئابووریی ململانێکانەوە بناڵێنن.

وێنەی (٥)

نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لەسەر وڵاتان بە پێی ئاستی داهاتى کۆمپانیاکان لە ساڵی 2022

تێبینی: ئەم هێڵکارییە بەرکەوتنی وڵاتان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نیشان دەدات، کە بە بەکارهێنانی پشکەکان لە داهاتی کۆمپانیاکان کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن؛ هەژمار کراوە، بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە. پشکی پەیوەندییەکانی داهات بۆ ئەو وڵاتانە حیسابی بۆ دەکرێت کە لانی کەم 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022. ئەو وڵاتانەی کە هیچ پەیوەندییەکی داهاتیان نییە یان کەمتر لە 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە، بە ڕەنگى خۆڵەمێشی نیشان دراون. ڕەنگى سپی ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ کۆمپانیایەک باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان ناکات، لە کاتێکدا سووری تۆخ ئاماژەیە بۆ لە سەددا سەدی ئەو کۆمپانیایانە کە باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان دەکەن.

سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P)

هەروەها ئەگەری زۆرە کاریگەرییە ئابوورییەکان بە هۆی جەنگ و ململانێکانەوە بە پێی جۆری پیشەسازی نایەکسان بن. “وێنەی شەشەم” پشکی ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکات کە باس لە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکەن لەلایەن ڕووسیاوە لە پەیوەندییەکانی داهاتی چارەکییاندا بە پشتبەستن بە کارکردنیان لە پیەشەسازییە قورسەکاندا. کاریگەریی ئەم ململانێیەی ئێستا زیاتر لە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی کاڵادا چڕ بووەتەوە کە بە پێی زانیارییەکان تەنانەت پێش لەشکرکێشیی ڕووسیاش دووچارى تەنگەنەفەسی ببوو، کە ڕێژەی ڕوودانی نزیکەی ٨٠%ی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەورووپا دەگرێتەوە. لەم نێوەندەدا، ئەو پیشەسازییانەی کە کەمتر کاریگەریی داکشانیان لەسەرە، وەک پیشەسازیی خزمەتگوزارییەکان، کەمتر نیگەرانیی خۆیان لە جەنگەکە دەردەبڕن.

وێنەی (6)

نیگەرانیی کۆمپانیاکان  بە هۆی تێکچوونى هاوسەنگیى جیۆسیاسی لەسەر بەرهەمهێنانى پیشەسازى لە ساڵی 2022

تێبینی: ئەم هێڵکارییە پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیاکان نیشان دەدات کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022، بە پشتبەستن بە پیشەسازیی کارکردنی کۆمپانیاکان و شوێنی جوگرافییان. پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای ستانداردی جیهانیی پۆلێنکردنی پیشەسازی (GICS) دامەزراوە.

 تێبینی: کۆمپانیا ڕووسی و ئۆکرانییەکان لە ناوچەی یەکێتیى ئەورووپا بێبەشن، هەر بۆیە کۆکردنەوەکان لە “GICS” بەم شێوەیە دەبێت: (ئۆتۆمبێل و پێکهاتەکانی لەخۆ دەگرێت، کاڵای سەرمایە و بەکاربەر، کەلوپەلی بەکاربەر و جلوبەرگ، نیمچەڕێبەر و ئامێری نیمچەڕێبەر، نەرمەکاڵا و خزمەتگوزاری و ڕەقەکاڵا و ئامێری تەکنەلۆژیا، وزە و خۆراک، فرۆشیارى ماددە خۆراکییەکان، خواردن و خواردنەوە و تووتن، کەلوپەلى ناوماڵ، خزمەتگوزاریی بانکى، خزمەتگوزارییە بازرگانی و پیشەییەکان، دارایی هەمەچەشن، ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی، بیمە، میدیا، کاتبەسەربردن، دەرمانسازی، بایۆتەکنەلۆژیا، زانستی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان).

سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P)

ئەنجامی سەرنج و لێکدانەوەکان

زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە بە هۆی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروست بوون و لە ئایندەدا کاریگەرییەکانى چەند هێندە دەبن، هەر بۆیە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ کاریگەریی نەرێنی و قورسایی خراپی لەسەر بارودۆخی ئابووریی جیهانی دەبێت. ئەم جۆرە کاریگەرییانە لە مۆدێلەکەماندا خەمڵێنراون کە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی هەڵئاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو خراونەتە ڕوو، ئەمەش مامەڵەی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی بانکە ناوەندییەکان دەبێتەوە؛ لە سەرانسەری جیهاندا گرژ و ئاڵۆزتر دەبن، هەر چەندە کاریگەرییەکان گەورە و بەهێزن، بەڵام پێناچێت ئەم کاریگەرییانە ئەوەندە گەورە بن کە بتوانن هەوڵ و تێکۆشانى وڵاتانی جیهان بۆ ڕێکخستنەوە و  چالاککردنى سیستمى ئابووریی جیهانى بوەستێنن، بەڵام داهاتووی جەنگەکە زۆر نادیارە و پێشهاتە پێشبینینەکراوەکان لە ململانێکاندا دەتوانێت گۆڕانکاریی زیاتر لە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیدا دروست بکات و لێکەوتە لەسەر بوارە ئابوورییەکان زیاتر بکات و کاریگەرییە نەرێنییەکان زیاتر خۆیان نمایش بکەن.

پەراوێزەکان

  1. نووسەرانی ئەم بابەتە، ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵین لە بەشی دارایی نێودەوڵەتی. جێگەى باسە نووسەران بەرپرسیارن لە سەرجەم زانیاری و داتاکانى ناو ناوەرۆکی توێژینەوەکە، لەم ڕووەوە هەر هەڵە و کەموکوڕییەک هەبێت یان هەر بیروبۆچوونێکی جیاواز لەخۆ بگرێت، ڕەنگدانەوەى تێگەیشتن و بۆچوونى نووسەرانە و پەیوەندیی نییە بە دەستەى پارێزگارانى یەدەگى فیدراڵییەوە، یان هەر کەس و لایەنێک کە پەیوەندیدار بێت بە دەستەى سیستمى یەدەگی فیدراڵییەوە.
  2. بۆ نموونە: سەرنج بدە لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیی “جیرۆم پاول”؛ سەرۆکی بانکی فیدراڵی کە لە پەراوێزى کۆبوونەوەی ٣-٤ی ئایاری ٢٠٢٢ تایبەت بە چالاکییەکانى لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی ئەنجامی دا و تیایدا باسی لە کاریگەری و لێکەوتەکانى جەنگەکە کرد لەسەر جووڵەى ئابووریی جیهانى و ئەوەى خستە ڕوو کە لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی چەندین پێوەری ناهاوسەنگ لە نادڵنیایی ئابووری. بۆ بینینی ناوەرۆکی وتارەکە، بڕوانە: https://www.federalreserve.gov/mediacenter/files/FOMCpresconf20220504.pdf.
  3. بۆ وەرگرتنى زانیاریى ورد و زیاتر، بڕوانە: Caldara and Iacoviello (2022).
  4. ئیندێکسی “GPT” بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت لەنێو بابەتی ڕۆژنامەکاندا کە پەیوەندییان بە جەنگ، لایەنى سەربازی، ئەتۆمی و هەڕەشەی تێرۆریستییەوە هەیە، هەر چی ئیندێکسی “GPA”ە بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت کە ئاماژە بە سەرەتا، یان پەرەسەندنی جەنگەکان، یان ڕوودانی ڕووداوە تێرۆریستییەکان دەکەن.
  5. تا ڕادەیەکی پێویست ئێمە نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی پەیوەست بە ململانێکان لەسەر بنەماى چەمکەکانى پەیوەست بە جەنگ دەخەینە ڕوو، وەک “جەنگ” یان “لەشکرکێشی” لەگەڵ “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا”. بەڵام پێوەرە هاوشێوە و فراوانەکانی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئاستی کۆمپانیاکان (بە پشتبەستن بەو گەڕانانەی کە مەرج نییە وشەی “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا” لەخۆ بگرن).
  6. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022) نیشان دەدەن کە لە سەرانسەری وڵاتان و بە تێپەڕبوونی کات، مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان پەیوەندییان بە ئەگەری زیاتری کارەساتی ئابووری و کەمبوونەوەی گەشەی چاوەڕوانکراوی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە.
  7. ئێمە نرخی پشکەکان بە پێوەرەکانی دۆلاری جیهانی (FTSE) دەپێوین، نرخی کاڵاکان بە پێوەرەکانی کاڵای “S&P Goldman Sachs”، متمانە بە پێوەرەکانی دڵنیایی بەکاربەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان و نرخی نەوت بە پێوەرەکانی ناوەندی ڕۆژئاوای تەکساس. هەڵئاوسان لە داتای دارایی جیهانییەوە وەرگیراوە. بەرهەمی ناوخۆیی مانگانە لەسەر بنەمای یەکسانیی هێزی کڕین دامەزراوە و بە بەکارهێنانی ئەو میتۆدۆلۆژیایە دروست دەکرێت کە لە کوبا-بۆردا، میکانیک و ڕافۆ (2018)دا باس کراوە.
  8. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، مۆدێلی “VAR” لەنێو پێکهاتەى ئابووریی ئەمەریکا، وە پێوەرێکی خەمڵێنراو بۆ سەیرکردنی کاریگەرییە داینامیکییەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەکار دێنن. ئێمەش لێرەدا “VAR” وەک مۆدێلێک بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکار دێنین (ئێمە لە ساڵی 1970 دەست پێ دەکەین لەبریی 1985)، بەکارهێنانی داتای مانگانە و سەیرکردنی کاریگەرییە جیهانییەکان نەک بەتەنها ئەمەریکییەکان، بە ڕەچاوکردنى بایەخدانى بەرچاو بە دیاردەى هەڵئاوسان.
  9. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، نیشانی دەدەن کە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیی بەرزی ئاستی کۆمپانیا کە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی شیکاریی هاوشێوە کە لەم تێبینییەدا باس کراوە، هەژمار کراوە تیایدا بەرهێنانی ئاستی کۆمپانیا کەم دەکاتەوە.
  10. کارەکانی ئەم دواییەی فریدری تیلی (٢٠٢٢)، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندی فەزایی پەرەسەندنی ئابووری لە جەنگی ئۆکرانیا. ئەوان “سزای نزیکی” لە گەڕانەوەی پشکەکاندا دیاری دەکەن: تا وڵاتێک لە ئۆکرانیا نزیکتر بێت، دابەزینی بازاڕی پشکەکانی بەراورد بە سەرەتاى دەستپێکردنى جەنگەکە فراوانتر دەبێت.

سەرچاوەکان

سەرچاوە: دەستەی پارێزگارانی سیستمی یەدەگی فیدراڵی لە واشنتۆن (The Federal Reserve System)

لینك: The Fed – The Effect of the War in Ukraine on Global Activity and Inflation (federalreserve.gov)

تێبینی: كۆتا نوێكردنەوەی (update) ئەم بابەتە، لە ڕێكەوتى 27ی ئایاری 2022-دا ئەنجام دراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand