تایوان له‌ژێر ئابڵوقه‌ی چیندا

Draw Media

2022-08-04 10:22:48



راپۆرت: درەو
رێژەی 37%ی كۆی هەناردەی تایوان بۆ چین بریتییە لە پسكیت‌و شیرینیی، هاوكات لەگەڵ مانۆڕە سەربازییەكەیدا، چین هاوردەكردنی ئەم دوو كاڵایەی لە تایوانەوە راگرت، ئەمریكا كە پابەندبوونی خۆی بە سیاسەتی "یەك چین"ەوە راگەیاندووە، بەڵام هاوكات تایوان بە "دورگەی دیموكراتیی" ناودەبات، ئەم دوانە بەیەكەوە ناگونجێن، ئەمە هەڕەشەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

تایوان لەژێر ئابلۆقەدا
گەورەترین مانۆڕی سەربازیی چین لە ئاوەكانی دەوروبەری دورگەی تایوان دەستیپێكرد، ئەمە دوای سەردانەكەی خاتوو (نانسی پیلۆسی) سەرۆكی ئەنجومەنی  نوێنەرانی ئەمریكا دێت بۆ تایوان.
بڕیارە ئەم مانۆڕە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بێت‌و چەند ناوچەیەك لە دووری 12 میل لە دورگەی تایوان بگرێتەوە، خاتوو (تسای ئینگ ون) سەرۆكی تایوان رایگەیاند، وڵاتەكەی روبەڕووی هەڕەشەی سەربازیی زیاترو بەئەنقەست بووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە نانسی یپلۆسی دوای سەردانێكی كورتی پڕ كێشمەكێش، دورگەی تایوانی بەجێهێشت، دورگەیەك كە چین وەكو بەشێك لەخاكی خۆی تەماشای دەكات.
ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئەمڕۆ چین دەستیپێكردووە، بە گەورەترین مانۆڕ لە دەوروبەری تایوان ئەژماردەكرێت، ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیەكی (پەكین)ە بۆ سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان، ئەمە سەرباری راگرتنی هاوردەكردنی هەندێك كاڵا لە تایوانەوە.
پەكین دەڵێ مانۆڕەكان لە رێڕەوە ئاوییە قەرەباڵغەكاندا بەڕێوەدەچێت‌و چەكی زیندووی دوورمەودای تێدا بەكاردەهێنرێت، بەپێی قسەی تایوان، چین 27 فڕۆكەی جەنگیی ناردووە بۆ ناوچەی بەرگریی ئاسمانیی تایوان، 22 فڕۆكەیان هێڵی سنوریی جیاكەرەوەی نێوان چین‌و تایوانیان وەكو دورگەیەكی ئۆتۆنۆمی، بەزاندووە.
وەزارەتی بەرگری تایوان راگەیاند، ئەمڕۆ سوپای وڵاتەكەی بۆمبی روناكیی هەڵداوە بۆ دورخستنەوەی فڕۆكەی نەناسراو و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كە بەسەر دورگەی (كینمن)دا لە نزیك خاكی وڵاتەكەی فڕیون.  
وەزارەتی بەرگری تایوان باسلەوە دەكات روبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی بوەتەوە، ئەمە لەپاڵ هێرشی هاوشێوەدا كە كراوەتەسەر ماڵپەڕە حكومییەكانی تری وڵات، تایوان داوای لە كەشتییەكان كردووە رێگای تر بدۆزنەوە بۆ تێپەڕبوون بەمەبەستی خۆبەدورگرتن لە مانۆڕە سەربازییەكەی چین، هاوكات لەگەڵ ژاپۆن‌و فلیپیندا لە گفتوگۆدایە بەمەبەستی دۆزینەی رێگای ئاسمانیی نوێ. 
هەندێك لە بەرپرسانی تایوان ئەمە وەكو ئابلوقەی دەریایی‌و ئاسمانیی لەسەر وڵاتەكەیان ناودەبەن. 

كاردانەوەی نێودەوڵەتیی
جیك سولیفان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، مانۆڕە سەربازییەكەی چینی بە "نابەرپرسانە" ناوبرد، هۆشداریدا لەوەی مانۆڕەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت، وتی: ئەمریكا هیوادارە چین خۆی بەدوربگرێت لە توندكردنەوەی زیاتر كە رەنگە سەربكێشێت بۆ هەڵە یاخود خراپ خەمڵاندنی دۆخەكە لە ئاسمان‌و دەریادا.
لەبارەی ئەو ناوچانەی كە مانۆڕەكانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ژاپۆنیش نیگەرانی خۆی بە چین گەیاند‌و دەڵێ ئەو ناوچانەی مانۆڕەكەی تێدا دەكرێت دەكەونە ناوچەی ئابوری ئەوەوە. 
هیرۆكازۆ ماتسونۆ گەورە ئەمنیداری ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن رۆژی چوارشەممە راگەیاند، تۆكیۆ خوازیارە بەشێوەیەكی ئاشتیانەوە‌و لەرێگەی دیالۆگەوە پرسەكانی دەوروبەری تایوان چارەسەر بكرێت.  
سنوری ناوچەی ئابوری ژاپۆن لەگەڵ دراوسێكانیدا ناوچەیەكی جێگە مشتومڕە، كە ژمارەیەك دورگە لەخۆدەگرێت‌و هاوشێوەی تایوان، چین داوای ئەو دورگانەش دەكات. 
لەبەرامبەردا (هوا چۆن ینگ) وتەبێژی حكومەتی چین رایگەیاند، ئاوەكانی ئەو ناوچەیە دیاری نەكراون‌و قبوڵ ناكەین ناویان لێبنرێت ناوچەی ئابوری پوختی ژاپۆن. 
وەكو هەوڵێكیش بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت (كەنەدا، فەڕەنسسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا‌و ئەمریكا) بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد‌و رایانگەیاند، توندكردنەوەكەی چین هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە دەكات.   
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەكردووە" هیچ بەهانەیەك نییە بۆ بەكارهێنانی سەردانەكەی نانسی پیلۆسی وەكو هۆكار بۆ ئەنجامدانی چالاكی سەربازیی دوژمنكارانە لە تەنگەی تایوان، چونكە شتێكی ئاسایی‌و رۆتینییە خەڵكانی بواری یاسادانان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەشت بكەن".
چین لە سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان توڕەیە، كە لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا گەورەترین بەرپرسە لەسەر ئاستی ئەمریكا سەردانی تایوان بكات، بەهۆی ئەم سەردانەوە حكومەتی چین باڵیۆزی ئەمریكای لە پەكین بانگهێشتكرد‌و بەشێكی زۆر لە هاوردەی كشتوكاڵی خۆی لە تایوانەوە راگرت. 
پەكین وەكو بەشێك لە خاكی چین تەماشای تایوان دەكات، بەڵام تایوان بانگەشەكانی چین لەمبارەیەوە رەتدەكاتەوە‌و بەڵێنیداوە بەرگری لەخۆی بكات، لەنوێترین جموجوڵیشدا تایوان رایگەیاند فڕۆكەی ناردووەو سیستمی موشەكی بلاوكردوەتەوە بۆ چاودێریكردنی چاكییەكانی چین لەناوچەی بەرگری ئاسمانیی خۆیدا. 
ئەم دۆخە لەكاتێكدا روودەدات، ئەم ساڵانەی دوایی تایوان بەردەوام سكاڵا دەكات لەبارەی جوڵەی هێزی ئاسمانیی چین لە نزیك دورگەكە، بەتایبەتیش لە بەشی باشوری خۆرئاوای ناوچەی بەرگری ئاسمانیی تایوان. 
نانسی پیلۆسی لە كۆتایی سەردانەكەیدا بۆ تایوان وتی: چین ناتوانێت رێگری لە سەركردەكانی جیهان بكات سەردانی دورگەكە بكەن.. جێگەی داخە تایوان بێبەشكراوە لە بەشداریكردن لە كۆبونەوە جیهانییەكان كە دواترینیان كۆبونەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بوو، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتی حزبی شیوعی چینەوە، ئەگەر چینییەكان بتوانن رێگری لە تایوان بكەن سەركردەكانی بنێرێت بۆ كۆڕبەندە جیهانییەكان، بەڵام ناتوانن رێگری لە هیچ سەركردەیەكی جیهان بكەن سەردانی تایوان بكات‌و رێزی خۆی بۆ دیموكراتییە گەشەكردووەكەی دەربڕێت.. ئەمریكا دەست لە پابەندبوونی خۆی بەرامبەر بەم دورگە دیموكراتە هەڵناگرێت كە لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی داگیركاریی چیندایە.

سیاسەتی "یەك چین" چییە ؟ 
جۆن كێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەڵێ: سەردانەكەی پیلۆسی بۆ تایوان هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا كە جەختكردنەوەیە لەسەر یەكێتی خاكی چین (یەك چین)، ئیتر پێویست بەوەناكات سەردانەكەی بگۆڕدرێت بە قەیران.  
دوێنێ چین رایگەیاند، بە چەكی زیندوو مانۆڕێكی سەربازی ئەنجام دەدات، بۆیە رێگری لە هەموو كەشتی‌و فڕۆكەیەك دەكات بچنە ناو ناوچەی مانۆڕەكەوە. 
هاوكات چین هاوردەكردنی (35) جۆر كاڵای وەكو پسكیت‌و شیرینی لەتایوانەوە راگرت، پسكیت‌و شیرینی گرنگترین رەگەزی بازرگانی نێوان تایوان‌و چینن. 
نزیكەی دوو لەسەر سێی هەناردەی تایوان لە ساڵی 2021دا بریتی بووە لە پسكیت‌و شیرینی كە بەهاكەی گەیشتوەتە (646 ملیۆن) دۆلار، ئەمە بەپێی قسەی میدیاكانی تایوان. 
لە ساڵی 2020دا رێژەی ئەم جۆرە بازرگانییە گەیشتوەتە (660 ملیۆن) دۆلار‌و رێژەی 37%ی كۆی هەناردەی تایوانی پێكهێناوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، ئەگەر سزاكەی چین بەردەوام بێت، زیاتر لە (100) كۆمپانیای تایوان ناچاردەبن مامەڵەی خۆیان لەگەڵ چین رابگرن. 
لە ساڵی 1979وە ئەمریكا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داننان بە سیاسەتی "یەك چین"دا، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەمریكا دان بە هەڵوێستی چیندا دەنێت بەوەی (تەنیا یەك حكومەت لە چیندا هەیە). 
بەگوێرەی ئەم سیاسەتە، ئەمریكا بووە بە خاوەنی پەیوەندییەكی فەرمی لەگەڵ چیندا نەك پەیوەندی لەگەڵ تایواندا، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەەمریكا هێشتا پاڵپشتی دورگەی تایوان دەكات‌و بەڵێنیداوە لەبواری بەرگریدا یارمەتی پێشكەش بكات، لەناویشیاندا چەك. 
ئێستا سیاسەتی "یەك چین" بووە بە بەردی بناغەی پەیوەندی ئەمریكا‌و چین، چینییەكان هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دەكەن ئەگەر تایوان سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. 

سەرچاوەی زانیارییەكان: بی بی سی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand