لە (32) دەروازەی سنوری تەنیا (6)یان دانپێدانراوە لەلایەن بەغدادەوە

2025-06-03 09:05:55
عومەر عەدنان وائلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، تیایدا، بوونی سێ جۆر دەروازەی فەرمی و نافەرمی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات .
-1ئەو دەروازانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵییەوە دانیان پێدانراوەو فەرمین.
-2ئەو دەروازانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دانیان پێدانراوەو حكومەتی فیدراڵی دانی پێدا نەناون و بە فەرمی نایانناسێنێت.
-3رێگاكانی بە قاچاغبردن و دەروازە نافەرمی و دانەپێدانەنراوەكان، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق.
ژمارەی ئەو دەروازە فەرمییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمەوە دانیان پێدانراوە (6) دەروازەن، كە ئەوانیش: " ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، فرۆكەخانەی سلێمانی، فرۆكەخانەی هەولێر".
ئەو دەروازە وشكانیانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دانیان پێدانراوەو حكومەتی فیدراڵی دانی پێدانەناون، ئەوانیش ژمارەیان (6) دەروازەیە، كە پێكهاتوون لە:" دەروازەی كێلێ، دەروازەی سەیران بەن، دەروازی تەوێڵە، دەروازەی پشتە، دەروازی سەرزیری، دەروازەی سیمالكا".
هاوكات (20) دەروازەو رێگای قاچاغ لە هەرێمی كوردستانیان بوونیان هەیە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەو حكومەتی فیدراڵییەوە دانیان پێدانەكراوەو نا فەرمین، ئەوانیش بریتین لە: " دەروازەی گمۆ، دەروازەی پەروین، دەروازەی بیمارۆك، دەروازەی بیارە، دەروازەی هاوار، دەروازەی دەرەی مەڕ، دەروازەی وشیاری، دەروازەی بادلان، دەروازەی داروخان، دەروازەی كونە میرو، دەروازەی ئەحمەد ئاوا، دەروازەی كۆڵ وشك، دەروازەی میشیاو، دەروازەی سیرین، دەروازەی بارێ، دەروازەی شایدین، دەروازەی چۆمان، دەروازەی موسك، دەروازەی قندۆل، دەروازەی زەڵێ".
