بەڵگەنامەكانی باندۆرا .. ئەوە چییە پەردەی لەسەر هەڵدراوەتەوە ؟

Draw Media

2021-10-05 14:35:44



راپۆرت: BBC
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
بەڵگەنامەكانی باندۆرا گوزارشتە لە دزەپێكردنی نزیكەی (12 ملیۆن) بەڵگە كە سەروەت‌و سامانی نهێنی، خۆدزینەوە لە باج، لە هەندێك حاڵەتیشدا شتنەوەی پارە لەلایەن هەندێك لە رێبەرانی جیهان‌و دەوڵەمەندەكانەوە، ئاشكرا دەكات. 
زیاتر لە (600) رۆژنامەنوس لە (117) وڵاتەوە لێكۆڵینەوەیان لە دۆسیەكانی (14) سەرچاوەی بەناوبانگ كردووە‌و گەیشتونەتە هەندێك چیرۆك كە لەم هەفتەیەوە بە زنجیرە بڵاوی دەكەنەوە.
ئەم تۆمارانە دەست یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار (ICIJ) لە واشنتۆنی پایتەخت كەوتووە، كە لەگەڵ زیاتر لە (140) دامەزراوەی میدیایدا كاردەكات‌و ئەمە گەورەترین لێكۆڵینەوەی جیهانی لەو شێوەیەیە كە دەكرێت. 
بی بی سی پانۆراما‌و رۆژنامەی گاردیان سەرۆكایەتی لێكۆڵینەوەكەیان كردووە لە بەریتانیا.

بەڵگەنامەكان چییان ئاشكرا كردووە؟ 
بەڵگەنامەكانی باندۆرا دزەكردنی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دیكۆمێنت‌و نزیكەی (3 ملیۆن) وێنە‌و زیاتر لە (ملیۆنێك) ئیمێڵ‌و نزیكەی (نیو ملیۆن) خشتەی تۆمار لەخۆدەگرێت.
ئەو چیرۆكانەی تائێستا ئاشكراكراون ئەمانەن:
•    تێوەگلانی یەكێك لە دیاردترین كۆمەكبەخشەكان بە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە یەكێك لە گەورەترین ئابڕوچوونەكانی گەندەڵیدا لە ئەوروپا.
•    پادشای ئوردن لەرێگەی چەند كۆمپانیایەكی نهێنی خۆیەوە بڕی (70 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی لە كڕینی خانو لە بەریتانیا‌و ئەمریكا خەرجكردووە. 
•    خێزانی دەسەڵاتداری ئازەربایجان بەنهێنی تێوەگلاون لە گرێبەستی خانوبەرە لە بەریتانیا كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە (400 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی.
•    سەرۆك وەزیرانی چیك بابەتی بەكارهێنانی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ كڕینی دوو ڤێلا لە فەڕەنسا بە (12 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی، شاردوەتەوە. 
•     ماوەی چەندین دەیەیە، خانەوادەی ئۆهورۆ كینیاتا-ی سەرۆكی كینیا بەنهێنی خاوەنی تۆڕێك كۆمپانیای دەرەكین.
•    دۆسیەكان نیشانی دەدەن چۆن هەندێك لە بەهەژمونترین كەسایەتییەكانی جیهان لەناویاندا زیاتر لە (330) كەسایەتی سیاسی لە (90) دەوڵەت، كۆمپانیا بیانییەكان بەشێوەی نهێنی بەكاردەهێنن بۆ شاردنەوەی سەروەت‌و سامانەكانیان. 
•     لاكشمی كومار لە دامەزراوەی (Global Financial Integrity)ی ئەمریكی كە دامەزراوەیەكی بواری توێژینەوەیە دەڵێ" ئەو كەسانە دەتوانن پارە حەواڵە بكەن‌و بیكێشنەوە‌و بیشارنەوە"، ئەمەش زۆرجار لەرێگەی بەكارهێنانی كۆمپانیای نادیارەوە دەكرێت.

مەبەستمان چییە لە كۆمپانیاكانی دەرەوە "ئوفشور"؟
بەڵگەنامەكانی باندۆرا تۆڕی ئاڵۆزی ئەو كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكەن كە لەناو سنوردا دروستكراون‌و زۆرجار دەبن بە خاوەندارێتییەكی شاراوە بۆ سەروەت‌و سامان. 
بۆ نمونە، رەنگە كەسێك موڵكێكی لە بەریتانیا هەبێت، بەڵام لەرێگەی زنجیرەیەك كۆمپانیاوە لە وڵاتانی تر "لە دەرەوە" خاوەندارێتی ئەم موڵكە بكات. 
ئەو وڵات‌و هەرێمە دەرەكییانە ئەم تایبەتمەندیانەیان هەیە: 
•    دروستكردنی كۆمپانیا تێیاندا ئاسانە
•    یاساكانیان وا دەكات قورس بێت ناسنامەی خاوەن كۆمپانیاكان بزانرێت
•    باجی كۆمپانیاكان كەم یاخود هەر نییە
زۆرجار ئەم شوێنانە بە بەهەشتی باج‌و دۆسیە یاساییەكان ناودەبرێت، لیستی دیاریكراوی باجیان نییە، بەڵام ناوچەی زۆر بەناوبانگن‌و هەرێمەكانی پشتی دەریاكانی بەریتانیا دەگرێتەوە لەوانە دورگەكانی كەیمان‌و ئیسلەندی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی وەكو سویسرا‌و سەنگاپورە. 

ئایا بەكارهێنانی بەهەشتی باج كارێكی یاساییە ؟
بوونی كەلێن لە یاسادا یارمەتی كەسەكان دەدات خۆیان لەپێدانی هەندێك باج بەشێوەی یاسایی بدزنەوە، ئەمەش لەرێگەی گواستنەوەی پارەكانیان یان دروستكردنی كۆمپانیا لە بەهەشتەكانی باجدا، بەڵام ئەمە زۆرجار وەكو كارێكی نائەخلاقی تەماشا دەكرێت. 
حكومەتی بەریتانیا دەڵێ خۆدزینەوە لەباج پێویستی بەكاركردنە بە "دەقی یاساكان، نەك رۆحی یاساكان".
هەروەك هەندێك هۆكاری گونجاویش هەن كە وا لە كەسەكان دەكەن ئارەزووی ئەوە بكەن پارەو موڵك‌و ماڵیان لە وڵاتانی جیاوازدا هەبێت، لەوانە پاراستنی لە گروپە تاوانكارەكان یان حكومەتە ناسەقامگیرەكان. 
سەرباری ئەوەی بوونی سامان لە دەرەوە بەشێوەی نهێنی یاسایی نییە، بەكارهێنانی تۆڕێكی ئاڵۆزی كۆمپانیای نهێنی بۆ گواستنەوەی ئەو سەروەت‌و سامانانە، باشترین رێگەیە بۆ شاردنەوەی داهاتی كارە تاوانكارییەكان. 
سیاسەتمەداران خوازیاری ئەوەن خۆدزینەوە لە باج‌و شاردنەوەی سەروەت‌و سامان بكەن بە كارێكی زۆر ئەستەم، بەتایبەتیش دوای ئەو بەڵگەنامانەی پێشتر لەمبارەیەوە دزەیان كرد، لەوانە بەڵگەنامەكانی پەنەما. 

ئایا شاردنەوەی پارە لە بەهەشتەكانی باجدا ئاسانە ؟ 
هەموو ئەوەی پێویستیەتی، دروستكردنی كۆمپانیایەكی وەهمییە لە یەكێك لە وڵاتانەی كە پلەیەكی بەرزی نهێنیبوون دەبەخشن. ئەم كۆمپانیایانە تەنیا بەناو بونیان هەیە‌و ئۆفێس‌و كارمەندیان نییە، بەڵام ئەمە هەندێك پارەی تێدەچێت، ئەگەر ئەەم پارەیە بدرێت بەو كۆمپانیایانەی كە تایبەتمەندن لە بواری بەڕێوەبردنی كۆمپانیا وەهمییەكان، ئەمان ناو و ناونیشان بۆ بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا وەهمییەكان دروست دەكەن كە موچە وەردەگرن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە شوێنەواری ئەو كەسە دەشارنەوە كە بەڕاستی لە پشت كۆمپانیا وەهمییەكەوە راوەستاوە. 

قەبارەی ئەو پارانە چەندن كە لە بەهەشتی باجدا شاردراونەتەوە ؟
زانینی ئەمە سەختە، بەڵام خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بڕەكەی لەنێوان (5.6 ترلیۆن بۆ 32 ترلیۆن) دۆلاردایە، ئەمە بەپێی قسەی یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكار.
سندوقی دراوی نێودەڵەتی پێشتر وتی، حكومەتەكان لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی بەكارهێنانی بەهەشتەكانی باجەوە، نزیكەی (600 ملیار) دۆلار زیان دەكەن. 
خاتوو كومار دەڵێ" ئەم بابەتە كاریگەری لەسەر تەواوی كۆمەڵگە دەبێت‌و توانای شاردنەوەی پارە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانت دەبێت، ئەمە كاریگەری لەسەر دەرفەتی منداڵەكەت بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزاری خوێندن‌و تەندروستی‌و ژیان لە ماڵێكی باشدا دەبێت". 

ئەو رێوشوێنانە چین كە بەریتانیا دەیگرێتەبەر بۆ روبەڕووبونەوەی ئەم بابەتە؟
بەریتانیا روبەڕووی رەخنە بوەتەوە بەهۆی ئەوەی رێگەیداوە كۆمپانیا نادیارەكانی دەرەوە ببن بە خاوەنی موڵك.
حكومەت ساڵی 2018 پرۆژەیاسایەكی بڵاوكردەوە، كە داوای ئاشكرایكردنی خاوەنی راستەقینەی موڵك‌و ماڵەكان دەكات لە بەریتانیا، بەڵام هێشتا ئەم پرۆژە یاسایە چاوەڕوانە بخرێتە بەردەم پەرلەمانەوە. 
راپۆرتێكی پەرلەمانی كە ساڵی 2019 دەرچووە ئاماژە بەوە دەكات، سیستمی بەریتانیا كەسانێك رادەكێشێت كە "پارە سپی دەكەنەوە، پشت بە كڕینی موڵك دەبەستن بۆ شاردنەوەی ئەو پارانەی كە بەشێوەی نایاسایی دەستیان كەوتووە". 
راپۆرتەكە دەڵێ، لێكۆڵینەوەی زۆر دوچاری "بەربەست" بوون بەهۆی ئەوەی پۆلیس ناتوانێت خاوەنی راستەقینەی ئەو موڵكانە دیاری بكات. 
بەمدواییە حكومەت ئاستی مەترسی تایبەت بە شتنەوەی پارەی لەرێگەی كڕینی موڵكەوە، لە پلەی "مامناوەند"ەوە بۆ "باڵا" بەرزكردەوە، حكومەت دەڵێ رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر دژی شتنەوەی پارە، ئەمەش لەڕێگەی یاسای زۆر توندترەوە، ئەگەر پەرلەمان رێگە بدات، تۆماری ئەو كۆمپانیایانەی كە موڵكیان لە بەریتانیا هەیە، دەخاتەڕوو. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand