Draw Media

شەش لایەنەكە لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە چی روودەدات ؟

شەش لایەنەكە لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە چی روودەدات ؟

2018-05-18 09:58:11


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
شەش لایەنی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانن و دەڵێن ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كراوە، ئەو لایەنەكان لە كۆبونەوە و گفتوگۆدان بۆئەوەی پێكەوە هەنگاوی هاوبەش بنێن.
ئەو شەش لایەنە سیاسییە كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) یەكێك لە بژاردەكانی بەردەمیان دژ بە "ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن" وەكو خۆیان دەڵێن، بژاردەی كشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق.
كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لە باشترین حاڵەتدا بریتییە لە بایكۆتكردن و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەو شەش لایەنە سیاسییە بە هەمویانەوە (11) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان هەیە، واتە بە كشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی (11) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتاڵ دەكەن.
وەكو دەردەكەوێت لە حاڵەتی كشانەوەیاندا لە پرۆسەی سیاسی، ئەو لایەنانە هەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرەكانیان نانێرن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتە نوێنەرەكانیان سوێندی یاسایی دەستبەركابونیان وەكو پەرلەمانتار ناخۆن، بۆیە ئەو رێوشوێنانە نایانگرێتەوە كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتی دەستلەكاركێشانەی پەرلەمانتار دانراون.
لە دەستوری عێراق و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەهیچ جۆرێك باس لە ئەگەری روودانی حاڵەتی كشانەوەی هێزێكی سیاسی بەشداری ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی سیاسیی نەكراوە.
خاڵی (یەكەم) لە ماددەی (49)ی دەستوری عێراق كردویەتی بەمەرج هەموو كورسییەكانی پەرلەمان پڕبكرێنەوە بەرێژەی هەر كورسییەك بۆ (100 هەزار) كەس لە دانیشتوانی عێراق.
خاڵی (پێنجەم)ی هەمان ماددە دەڵێت" ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەك دەردەكات بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی گۆڕینی ئەندامان لە حاڵەتی دەستلەكاركێشانەوە یان لابردن یان مردنی ئەنداماندا".
لەبەر رۆشنایی ئەم ماددەیەی دەستوردا، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (6)ی ساڵی 2006ی دەركرد، ئەم یاسایە ساڵی 2007 هەمواركرایەوە.
بەپێی خاڵی (یەكەم)ی ماددەی (یەكەم)ی ئەم یاسایە، بەهۆی یەكێك لەم هۆكارانەوە ئەندامی پەرلەمان ئەندامێتییەكەی كۆتایی دێت:
1-    ئەندامی ئەنجومەن پۆست لە سەرۆكایەتی دەوڵەت یان ئەنجومەنی وەزیران یاخود هەر پۆستێكی فەرمی تر وەربگرێت.
2-    یەكێك لەو مەرجانەی ئەندامێتی لەدەستبدات كە لە دەستور و یاسای هەڵبژاردنەكاندا هاتووە.
3-    دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام لە ئەنجومەن لە حاڵەتێك جگە لەو حاڵەتەی كە لە بڕگەی سێیەمی ئەم ماددەیەدا هاتووە.. بڕگەی سێیەم دەڵێ" پێویستە لەسەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی لە حاڵەتی پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوە و قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەیان، ماوەی ئەندامێتییان لە ئەنجومەن لە ساڵێك كەمتر نەبێت".
4-    مردن.
5-    دەرچوونی حوكمی یاسایی تاوان لەدژی بەپێی حوكمەكانی دەستور.
6-    توشبون بە نوخۆشی كوشندە یان پەككەوتن یاخود هەر شتێك كە رێگر بێت لەبەردەم راپەڕاندنی ئەركەكەی لە ئەنجومەن و پاڵپشتیكردنی ئەوە بە بڕیاری لیژنەی پزیشكی تایبەتمەند بەجۆرێك ماوەی كۆی گشتی مۆڵەتی نەخۆشییەكەی (سێ مانگ) تێپەڕ نەكات لەماوەی دوو وەرزی یەك لەدوای یەكی یاساداناندا، لە حاڵەتی تێپەراندنی ئەو ماوەیەدا رەوانەی خانەنشینی دەكرێت و ئەنجومەنی مافی ئەوەی هەیە تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەكانی لیژنەی تەندروستی بكات.
7-    لەكارخستنی ئەندام بەهۆی زۆری غیاباتەكانی بەبێ بوونی هیچ بەهانەیەكی گونجاو بۆ زیاتر لە یەك لەسەر سێی دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە كۆی یەك وەرزی یاساداناندا.
وەك دەردەكەوێت لەم رێوشوێنە یاساییانەشدا هیچ ئاماژەیەك بە حاڵەتی ئەگەری بایكۆتكردن و كشانەوەی پرۆسەی سیاسی و ئەگەری كشانەوەی پەرلەمانتار بەو هۆكارە نەكراوە، بۆیە رێوشوێن بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی حاڵەتەكەش دیاری نەكراوە.
بەگوێرەی ماددەی (50)ی دەستوری عێراق دەبێت پەرلەمانتار بەر لە دەستبەكاربوونی لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا سوێندی یاسایی بخوات. ماددەی (14) پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت" لە رۆژی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەن و هەموو مافەكانی ئەندامێتی پێدەدرێت، دوای سوێندی دەستوریش دەستبەكاردەبێت".
بەپێی ئەم دوو ماددە یاساییە، كاندیدی هەڵبژێردراو تاوەكو سوێندنی یاسایی نەخوات بە دەستبەكاربوو ئەژمار ناكرێت، واتە هیچ مافی پارێزبەندی (حصانە)ی پەرلەمانتاری و پاداشتە داراییەكانی پێنادرێت.
لە حاڵەتی كشانەوەی نوێنەرانی ئەو شەش لایەنە سیاسییەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران دیار نییە بەچ یاسایەك مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكەیان دەكرێت، ئایا كورسییەكانیان هەر بە بەتاڵی دەمێننەوە یاخود پڕ دەكرێنەوە.
ئەگەر كورسی ئەو لایەنانە بە بەتاڵی بمێنێتەوە، دەبێت بە سیمبوڵێك لەناو پەرلەمان و بەردەوام ئەوە بەبیری خەڵك و چاودێرانی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەهێنێتەوە كە ئەو كورسییانە وەكو ناڕەزایەتی دژی "ساختەكردنی هەڵبژاردن" بە بەتاڵی ماونەتەوە.
سەبارەت بە تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، كشانەوەی ئەو شەش لایەنە سیاسییە لە ئەنجومەن بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشە بۆ نیسابی یاسایی دروستناكات مەگەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا كە مشتومڕ لەناو ئەنجومەن لە نێوان فراكسیۆنە جیاوازەكان هەبێت.
بەپێی خاڵی (یەكەم)ی ماددەی (59)ی دەستوری عێراق، نیسابی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبونی زۆرینەی رەهای ئەندامان پێكدێت، واتە زۆرینەی رەهای (329) كورسی پەرلەمان.
لە حاڵەتی دەرچونی بڕیارەكانیشدا بەهەمان شێوە نائامادەیی نوێنەرانی ئەو شەش لایەنە كاریگەری بنەڕەتی نابێت مەگەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا كە كێشمەكێش و بایكۆتكردن لە ناو پەرلەمان هەبێت، چونكە بەگوێرەی خاڵی دووەمی هەمان ماددەی (59)ی دەستور، ئەگەر نیساب بە زۆرینەی رەها پێكهات، بڕیارەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی سادە تێدەپەڕن.
بەڵام بەپێی قسەی حاكم شێخ لەتیف یاساناس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر ئەو شەش لایەنە سیاسییە لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە، كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە بەتاڵی نامێننەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی نوێنەران شوێنەكان پڕدەكەنەوە، چونكە دەبێت هەموو كورسییەكانی ئەنجومەن پڕبكرێنەوە.
حاكم شێخ لەتیف دەڵێ: ئەو لیستانەی كاندیدیان دەرچووە بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسییەوە ناچنە بەغداد، لەماوەیەكی دیاریكراودا كاندیدی ئەو لیستانە دەخرێتە شوێنی نوێنەرەكانیانیان، كە لەدوای ئەوان دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێناوە.

بۆچونێكی تر هەیە دەڵێت، لە حاڵەتی كشانەوە ئەو لایەنانە لە پرۆسەی سیاسی، كورسییەكانیان بەپێی یاسای هەڵبژاردن و سیستمی سانت لیگۆ دابەش دەكرێت بەسەر لایەنە براوەكانی تردا، نەك ئەو لایەنانەی كە لەدوای ئەوان دەنگی زۆرینەیان هێناوە.
لەم حاڵەتەدا كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەو شەش لایەنە كوردییە بە زیان كۆتایی دێت، چونكە بەوەی كورسییەكانیان بە كەسانی تر پڕ دەكرێتەوە، پەیامە سیاسییەكەیان وەكو پێویست ناگات وەك لەوەی كورسییەكانیان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بە بەتاڵی بمێنێتەوە.
بەهۆی ئەوەی هیچ پێشینەیەك نییە لە عێراق كە حزبێك یان چەند حزبێك لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوە و كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، دیارنییە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كۆمسیۆن بە دیاریكراوی چۆن چارەسەری حاڵەتی كشانەوەی شەش لایەنە سیاسییەكەی كوردستان دەكەن (هەڵبەت ئەگەر كشانەوە)، بۆیە پێدەچێت هاوشێوەی ئەو پرسانەی كە جێناكۆكن دواجار پرسی پڕكردنەوە یان نەكردنەوەی كورسی ئەو لایەنانە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتەبەردەم دادگای فیدراڵی عێراق و ئەو دادگایە بابەتەكە یەكلابكاتەوە.
بەكشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی كورسی نوێنەرەكانیان لە بەغداد لەدەستدەدەن، هاوكات مافی بەشداریكردن و وەرگرتنی هەر پۆستێكیش لە حكومەتی داهاتووی عێراق لەدەستدەدەن، چونكە سیستمی حوكمڕانی عێراق پەرلەمانییە و كابینەی حكومەت لە پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت و لەلایەن لایەنە بەشدارەكانی ناو پەرلەمانەوە پێكدەهێنرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand