خۆپیشاندانێكی بێ سەر دەسەڵاتی تۆقاندوە

Draw Media

2019-10-05 13:19:01



راپۆرتی: درەو میدیا
خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لە عێراق توێژی سیاسی بە جارێك توشی ترس و شڵەژانێكی بێوێنەكرد، لانی كەم بێباكانە هاوشێوەی 16 ساڵی ڕابردو هەوڵی توڕە كردنی خەڵك و سوكایەتیكردن بە عەقڵیان ناكەن لەژێر ناوی تائیفە و نەتەوەدا، ئیتر ئەمانە بون بە بەشێك لەمێژو و زۆرینە باوەڕی پێناكات، ئەمە ڕای زۆرێكە لەو كەسانەی لەنزیكەوە چاودێری دۆخی عێراق دەكەن.

لە خۆپیشاندانەكانی تر ناچێت
 ڕەنگە دیارترین خاڵێك كە خۆپیشاندانەكانی ئێستای بەغداد و شارەكانی باشوری عێراق لە خۆپیشاندانەكانی پێشخۆی جیابكاتەوە، فەواز و نەبونی سەرێكی سیاسی بێت، خۆپیشاندانەكانی ڕابردو ڕونبون، گروپەكانی هەماهەنگی لەژێر ناونیشانی دیارو ڕاشكاودا سەركردایەتیان دەكردن، لەكاتێكدا ناڕەزایەتیەكانی ئێستا بێ سەرو پلانی پێشوەختەی خۆپیشاندانن، خۆرسكانە بەبێ‌ دیاریكردنی شوێن و كات ڕوو دەدەن، خاڵین لە كاریزما و كەسایەتی دیار، تاكە شتێك لەبارەی ناسنامەیان بوترێت ئەوەیە، گەنجانی چینی هەژار و دەرچوانی بێكار و وێڵی ژیانێكی شەرەفمەندانەو ڕێزلێگیراون، دروشمە بەرزكراوەكانشیان زیاتر لە ناعەدالەتی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزراییە گشتیەكاندا چڕبۆتەوە.

- 40%ی گەنجانی عێراق بێكارن ( بەپێی ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) 
- رێژەی هەژاری لە عێراقدا ( 41%) بەپێی ئاماری ( بانكی نێودەوڵەتی) 
 ئەگەر ناڕونی و نەبونی سەركردایەتێك بەدیوێكدا وەك كەموكوڕی ئەم خۆپیشاندانانە دابنرێن، بە دیوەكەی تردا ئەو سیحریە گەورەیەیە كە لەپشتی ترس و دڵە ڕاوكێی بەرپرسە باڵاكانی عێراقەوە وەستاوە.
بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا بە خۆپیشاندەران دەڵێت"پەیامەكەتان گەیشت، یەكەمەینجارە هەستدەكەم سیاسی و بەرپرسەكانی عێراق دەترسن".

مێژوی خۆپیشاندان

لە ساڵی 2011 وە، بەغدادی پایتەخت شوێنی سەرهەڵدانی جوڵەی ناڕەزایەتییەكان بووە لەعێراق، نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاكانی مەدەنی بە شێوەیەكی بچڕ بچڕ خۆپیشاندانیان ڕێكدەخست، سەرەتای داواكارییەكان بە دورخستنەوەی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق دەستیپێكرد و داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی مەدەنیان دەكرد كە مافەكانی خەڵك دەستەبەربكات، بەڵام بەزەبری هێز سەركوتكرا و ژمارەیەك لە كەسایەتیەكانی تیرۆركران كە دیارترینیان ڕۆژنامەنوس (هادی ئەلمەهدی)بوو، بەدوایدا كۆمەڵێك خۆپیشاندانی تر لە گۆڕەپانی (تەحریر) ڕێَكخران، تا ساڵی 2015 و بەهێزبونی ڕەوتی عیلمانیەكان لەناو پایتەخت.
لەساڵی 2018دا، شاری بەسرە مەڵبەندی خۆپیشاندان بو، چین و توێژە جیاوازەكانی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەكان لەبەرامبەر نەبونی پێداویستیە سەرەكیییەكانی ژیان وەك ئاو و كارەبا و هەلی كار لە شارێكی دەوڵەمەند كە بەبۆری هەناسەی عێراق دادەنرێت، چارەنوسی ئەم خۆپیشاندانەش هاوشێوەی ئەوانەی پێشخۆی بەزەبری هێزو بەفەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق سەركوتكرا، لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە جارێكی تر بەغدادی پایتەخت بوەوە مەڵبەندی خۆپیشاندانەكان و لەوێوە پەلی كێشا بۆ زۆرێك لەناوچەكانی تری عێراق.

بەغداد گۆڕەپانی ناڕەزایەتیەكان

ڕۆژی سێ‌ شەممەی پێشو چەخماخەی وەرزێكی نوێ‌ لەخۆپیشاندانەكان لەبەغدادی پایتەخت دەستیپێكرد، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا و دوای كوژران و برینداربونی چەندین خۆپیشاندەر، ناڕەزایەتیەكە سەركوتكرا، كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران لە بەغداد بووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان و پارێزگای میسان بووە دووەم شار دوای بەغداد كە خۆپیشاندان تیایدا سەریهەڵداو ئاڕاستەیەكی توندوتیژی بەخۆوە ببینی و خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە، دواتر خۆپیشاندان دیوانیەشی گرتەوە و خۆپیشاندەران ئەنجومەنی پارێزگای شارەكەیان سوتاند، پاشان خۆپیشاندان هەریەك لەشارەكانی نەجەف و كەربەلا و زیقاری گرتەوە.
خۆپیشاندانەكان تا ئێستا لەچەندین شار و ناوچەی عێراق بە لەغدادی پایتەختیشەوە بەردەوامە، بەپێی دواین ئاماری كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا 93 كوژراو و نزیكەی 4 هەزار كەس برینداربون و 560 خۆپیشاندەریش دەستگیركراون و بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیشەوە، ئەم ئامارانە لەگۆڕانكاری بەردەوامدان.
 تائێستا پەیامی بەرپرسانی عێراق نەیتوانیوە خۆپیشاندەران بنێرێتەوە بۆ ماڵەكانیان، وەك چۆن بەكارهێنانی توندوتیژی زیاد لەسنوریش نەیتوانیوە سنورێك بۆ خۆپیشاندانەكان دابنێت، ئەوەش ئایندەی عێراقی لەبەردەم  كۆمەڵێك ئەگەردا بەكراوەیی هێشتۆتەوە، كە ڕەنگە سادەترینیان كەوتنی ئەم حكومەتە و كۆمەڵێك سەری سیاسی گەورەبێت.

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand