Draw Media

درەو: داهاتی مانگی  تەموزی نەوتی عێراق  ( 3 ملیارو 491 ملیۆن ) دۆلارەو بەراورد بە مانگی حوزەیران (630 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە واتا بەڕێژەی (18%). وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2020ی بڵاوكردەوە بە جۆرێك داهاتی مانگی تەموزی نەوتی عێراق ( 3 ملیارو  491ملیۆن و 767 هەزار ) دۆلاربووە، لە كاتێكدا داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی حوزەیران ( 2 ملیارو 861ملیۆن و 141 هەزار) دۆلار بووە، ئەوە لە كاتێكدایە  داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی یەكی 2020دا ( 6 ملیارو 163 ملیۆن) دۆلار بووە.  🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2020/7 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 85ملیۆن و 663هەزارو 290) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: (2ملیۆن و 855 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (40.762) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( 3 ملیارو 491ملیۆن و 767) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2020/6 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 84ملیۆن و 490هەزارو 194) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 2ملیۆن و 816هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (33.86) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( 2 ملیارو 861ملیۆن و 141) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 5/2020 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 99 ملیۆن و 585 هەزارو 283) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 3 ملیۆن و 212 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (21) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( 2 ملیارو 91 ملیۆن و 811هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 4/2020 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 103 ملیۆن و 144 هەزارو 911) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 3 ملیۆن و 438 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (13.8) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( ملیارێك و 423 ملیۆن و 799هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 3/2020 🔹فرۆشی نەوت: (105 ملیۆن و 102 هەزار و 927) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیل: (28.4) دۆلار 🔹كۆی داهات: ( 2 ملیار و 988 ملیۆن و 711 هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2/2020 🔹فرۆشی نەوت (98 ملیۆن و 347 هەزارو 884) بەرمیل 🔹داهات ( 5ملیارو 52 ملیۆن و 528هەزار) دۆلار 🔹نرخی بەرمیل: (51.4) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 1/2020 🔹فرۆشی نەوت: ( 102 ملیۆن و 485 هەزار 591 ) دۆلار 🔹داهاتی نەوت : ( 6 ملیارو 163 ملیۆن و 338 هەزار) دۆلار بووە. 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (60) دۆلار  


راپۆرتی: هێمن خۆشناو  مژدەكەی ئەردۆغان لەمەڕ دۆزینەوەی (غازی سروشتی) لە دەریای رەشدا، دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناو توركیا و دەرەوە بەدوای خۆیدا نەهێنا. بەهای لیرەی توركیش لە بەرامبەر دۆلاردا جوڵەی نەكرد.  رۆژی پێنچشەممەی رابردوو ( 20 ئابی 2020) رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی دۆڵمەباخچە لە ئیستانبۆڵ، بە ئامادەبوونی گەورە لێپسراوانی حكوومەت و پارتەكەی، دۆزینەوەی كێڵگەیەكی غازی سروشتی لە دەریاری رەشدا راگەیاند. ئەردۆغان دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیەی بە (مژدە) بۆ خەڵكی توركیا لە قەڵەمدا.  ئەم مژدەیەی ئەردۆغان لە كاتێكدا دێت، كە توركیا لەڕووی ئابووری بەدەست چەندین كێشەی وەكو لە دەستدانی بەهای دراوەكەی، بێكاری، كشانەوەی سەرمایەی بیانی لە وڵات و كەمكردنی هەناردەی كاڵای توركی بۆ دەرەوە دەناڵێنێت و تووشی چەندین قەیرانی كردووە، پشتگیری جەماوەریش بۆ دەسەڵاتی 18 ساڵەی ئاكەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) لە خراپترین دۆخی دایە. دەسەڵاتی ئاكەپە بۆ شاردنەوەی ئەم هەموو قەیرانە، لە سیاسەتی دەرەوەیدا پەنا بۆ سیاسەتی ئافراندنی كێشە لەگەڵ دراوسێكانی و وڵاتانی ناوچەكە دەبات. كە ئەمەش لە ئاستی دەرەوەدا گۆشەگیری زیاتر ئەم وڵاتەی لێ كەوتۆتەوە.  لەبەرامبەریشدا بۆ رزگاربوون لەم دۆخە خراپە، رۆژ لەدوای رۆژ داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەموو ئەم داوایانە پشتگوێ دەخات، هەوڵی گۆڕینی رۆژەڤی خەڵكەكەی دەدات. بۆ ئەمەش جگە لە پەنا بردنی بۆ كارتی ماوە بەسەرچوو هیچ رێگایەكی دیكە نابینێت تا پەنای بۆ ببات.  لەم سۆنگەیەوە، مژدەی دۆزینەوەی غازی سروشتی لە قوڵایی دەریای رەشدا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. نووسەر و شڕۆڤەكار (ئیلهامی ئیشق) كە تا ئەم ساڵانەی دوایی كەسێكی نزیكی سەركردەكانی ئاكەپە بووە و ناوی بۆ چەندین پۆستی جیاواز هاتووە، ئەم بۆچوونەمان پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" چیرۆكەكە زۆر بێ واتایە. هەموو ساڵێك دەڵێن غازی سروشتی دەدۆزنەوە، هەر بۆیە متمانە بەم چیرۆكە ناكرێت".  هەروەها دەڵێت:" هەبوونی كێڵگەیەكی بەم شێوەیە چیرۆكێكی كۆنە. دەبوو لە ساڵی 2013 دەربهێندرێت، بەڵام بەهۆی زۆری تێچوونی پەشیمان بوونەتەوە".  ئیشق (دۆزینەوەی غازی سورشتی) بە هەڵمەتێكی سیاسی دەسەلات لە قەڵەم دەدات و لەكۆتایی قسەكانیدا دەڵێت:" ئەمە هەڵمەتی دەسەلاتێكە كە چیرۆكەكەی تەواو بووە، وەكو ئایا سۆفیا هەڵمەتێكە بۆ گۆڕینی رۆژەڤی خەڵك. ئەگەر راستیش بێت نەوەكو 3 ساڵ بەڵكو تا 10 ساڵی دیكەش ناتوانن دەریبێنن".  بە گوێرەی زانیاریەكانمان ئەم كێڵگەیە لە ساڵی 2008 دۆزراوەتەوە، بەڵام پسپۆرانی ئەم بوارە لە توركیادا بڕیاری وەبەرهێنانیان نەداوە. هۆكارەكەشی بۆ تێچوونی زۆری پڕۆسەكە دەگەڕێتەوە كە بە نزیكی 18 ملیار دۆلار دەخەمڵێندریت، پێیانوایە تێچووی پڕۆسەی دەرهێنانی غاز لەم كێڵگەیە زۆر زیاتر دەبێت بە بەراورد بە داهاتی ئەم بڕە غازەی لە كێڵگەكە دایە.  توركیا ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 50 ملیار مەتر سێجا لە غازی سورشتی هەیە، كە بەشی زۆری لە ئێران و بەشەكەی دیكەشی لە كۆمارەكانی سەر بە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و روسیا دابین دەكرێت.  نەسرین ناس، ژنە سیاسەتمەداری تورك و سەرۆكی پێشووی پارتی رێگای راست (DYP) بووە، پێیوایە دۆزینەوەی ئەم بڕە غازە وەكو بانگەشەی بۆ دەكرێت توركیا لە پەیوەست بوون بە غازی ئێران و وڵاتانی دیكە رزگار ناكات. لەمبارەیەوە دەڵێت:" بانگەشە دەكرێت ئەم كێڵگەیە 320 ملیار مەتر سێجا لەخۆ بگرێت.  بەڵام ئێران و وڵاتانی دیكە بە ترلیۆن مەتر سێجا غازیان هەیە". هەروەها دەڵێت:" لە ئێستادا تێچووی دەرهێنانی ئەم غازە و كوالێتیەكەی دیارنیە، كە ئەمەشیان كێشەیە و لایەنێكی ناڕوونی مژدەكەیە".  لە كۆتایی قسەكانیشیدا ناس پێیوایە:" شێوازی راگەیاندنی مژدەی دۆزینەوەی غازی سروشتی نیگەرانی و گومان دروست دەكات. پێموایە مەسەلەكە بە تەنیا گۆڕینی رۆژەڤ نیە، لەوانەیە زەمینە خۆشكردن بێ بۆ زیاتر هەڵكوتانە سەر ئۆپۆزسیۆن و بێدەنگكردنی ناڕەزایەكان".  لە تێكیچوونی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 دا، ئەردۆغان بۆ مانەوە لەسەر دەسەلات هەموو رێگایەكی گرتۆتەبەر. لە قەبوڵ نەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگرە تا گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی. ئەمەش وایكردوو، چاودێران و شڕۆڤەكاران بە چاوی گومان سەیری هەنگاو و سیاسەتەكانی ئەردۆغان بكەن. هەرچەندە مژدەی دۆزینەوەی غاز لە بنەمادا مەسەلەیەكی ئابووریش بێت، بەڵام بەدەر نابێت لەم خوێندنەوەی سەرەوە. ئەوەی زیاتر ئەم خوێندنەوەیە پشتڕاست دەكاتەوە، بەردەوامی شكانی نرخی بەهای لیرەی توركیە لە بەرامبەر دۆلاردا. لە كاتژێرەكانی یەكەمی راگەیاندنی مژدەی دۆزینەوەی غازدا، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و لە 7.30 گەیشتە 7.21، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات جارێكی دیكە لیرە دەستی بە دابەزین كرد و گەیشتە 7.33 بەرامبەر یەك دۆلاردا. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە سەرمایە متمانە بە قسەكانی ئەردۆغان ناكات و پێیوایە، هیچ بنەمایەكی زانستی ئابووری نیە و لە بادانەوەیەكی سیاسی زیاتر شتێكی دیكە نیە.   رۆژنامەنووس و نووسەر (فەهیم تاشتەكین) ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" ئەردۆغان لە هەموو پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا هەواڵی دۆزینەوەی غازی سروشتی و نەوت دەكاتە مژدە. لەم ناوچەیەدا (دەریای رەش) ماوەیەكی درێژە پڕۆسەی گەڕان بەدوای غازی سروشتی لە ئارادایە، بۆیە دۆزینەوەی غاز سوپرایز نیە. بەڵام نازانین هەبوونی ئەم كێڵگەیە بایەخی هەیە یان نیە".  هەروەها دەڵێت:" متمانە بە قسەكانی ئەردۆغان ناكەین. بۆ ئەوەی رای گشتی لە خشتە ببات، سەرۆكێكە هەموو رێگایەك تاقی دەكاتەوە. كاتی راگەیاندنی مژدەكە زۆر واتادارە. لەم كاتەی لە سیاسەتی دروستكردنی گرژی لە دەریای سپیدا ئەنجام ناگرێت، مژدەی دۆزینەوەی غاز لە دەریای رەش رادەگەینێت. هەر بۆیە ئەم هەڵمەتەی لە ئابووری زیاتر هەڵمەتێكی سیاسیە". لەبارەی قسەكانی ئەردۆغانیش كە دەڵێت:" لە ساڵی 2023 دا دەرهێنانی غاز لە دەریای رەش دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان!". تاشتەكین بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی دەهێنێت:" بە تەواوەتی بادانەوەیەكە پەیوەستە بە هەڵبژاردن. لەم كاتەی دۆلار لە بەرزبوونەوە دایە، راگەیاندنی ئەم مژدەیە بەدەرفەتێك دەزانی بۆ رێگرتن لە داشكانی زیاتر لیرە، بەڵام كاریگەری زۆر كووت خایەن دەبێت".  خوێندنەوەی میدیای جیهانیش بە تایبەتی ئەڵمانی (گۆڤاری دێر شپیگل و رۆژنامەی دی ڤێڵت) بەهەمان شێوەی پسپۆرانی تورك بە داتا و لێكدانەوە گومان دەخەنە سەر مژەدەكەی ئەردۆغان.  لەژێر رۆشنایی ئەم تێڕوانیانەی سەرەوە، دیار دەبێت كە كارتێكی دیكەی ئەردۆغان دەسووتێت، لەگەڵ خۆشیدا نیشانەكانی نزیكبوونەوەی بەسەرچوونی چیرۆكی دەسەڵاتی ئەردۆغان، تۆختر دەكات.


درەو: هەوڵی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، یەكێتی فشار لە پەرلەمانتارەكانی دەكات واژۆكانیان لەسەر نوسراوەكە بكێشنەوە.  ئەمڕۆ 24 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ لێپرسینەوەی لە ( مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی). لەناو ئەوانەی  واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە (5) پەرلەمانتاری یەكێتی و (4) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان هەن. یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی سیاسیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەو پێكەوە بە سێ قۆڵی كابینەی حكومەتیان پێكهێناوە. لەناو ئەوانەی نوسراوەكەی پەرلەمان داوا دەكات لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت نوێنەری یەكێتی هەیە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتە، لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەركەوتووە. لەم كاتەدا كە حكومەت توشی قەیرانی دارایی بووە، وەزیرو بەرپرسانی حكومەت خۆیان لە هەر جۆرە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەپارێزن چ جای ئەوەی بچنە بەردەم پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو)، بە پرسانی پارتی فشاریان خستوەتە سەر هەردوو هاوبەشەكەیان لە حكومەت (یەكێتی، گۆڕان) تاوەكو پەرلەمانتارانیان ناچاربكەن واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوی پرساندنی حكومەت لە پەرلەمان بكێشنەوە. (درەو) زانیویەتی ئێستا لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكایەتی یەكێتیەوە فشار دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانیان واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوەكەی پەرلەمان بكێشنەوە. ئەوانەی لە فراكسیۆنی یەكێتی واژۆییان لەسەر نوسراوەكە كردووە، بریتین لە: -    عەباس فەتاح -    سەركۆ ئازاد گەڵاڵی -    هاورێ مەلا ستار -    شەمۆڵ ئاشتی  -    شیرین یونس بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانیش ناڕازین لەوەی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەكەیان واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە، لە فراكسیۆنی گۆڕان ئەم پەرلەمانتارانە واژۆیان كردووە: -    عەلی حەمە ساڵح -    شیرین ئەمین  -    شایان عەسكەری  -    گۆڕان عومەر سەرباری فشارەكانی پارتی لەسەر بزوتنەوەكەیان، پێشبینی ناكرێت ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان واژۆكانیان بكێشنەوە بەتایبەتیش لەكاتێكدا حزبەكەیان لە شەقام روبەرووی ناڕەزایەتی فراوان بووەتەوە، بەڵام یەكێتی لە ئێستادا لە دانوستان و زنجیرەیەك كۆبونەوەدایە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتیدا، سەركردەكانی یەكێتی نایانەوێت بەبەشداریكردن لەم هەوڵەی پەرلەمان ئەو پەیوەندییە تێكبدەن كە بەمدواییە لەگەڵ پارتی بنیادیان ناوە، بۆیە ئەگەری كشاندنەوەی واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر نوسراوەكە پێشبینی كراوە. لە حاڵی كشانەوەی واژۆی پەرلەمانتارانی یەكێتی، نوسراوی پرساندنی حكومەت لەبەردەم پەرلەمان نیسابی یاسایی لەدەستدەدات و ئەوانەی سەركردایەتی هەوڵەكە دەكەن دەبێت بەدوای كۆكردنەوەی واژۆی تر لەناو پەرلەماندا بگەڕێن.     


(درەو): بە فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، (10) پۆست لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گۆڕانكارییان تێدا كراو ژمارەیەك بەرپرس لە پۆستەكانیان دورخرانەوە. ئەمڕۆ پرۆژەی سیستمی ئەلیكترۆنی سكاڵانوس "عەریزەنوس"ەكان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كرایەوە. چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ پرۆژەكەی كردەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" لەهەر شوێنێك پێویست بكات گۆڕانكاری دەكەین.. دەستمانكردووە بە ریفۆرم‌و چاكسازی لە دامودەزگاكاندا". چەتۆ ساڵح كە وەكو وەزیری ناوخۆ لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی مامەڵە دەكات، رایگەیاند" لە كەسی قبوڵناكەن دامودەزگاكان‌و پلەی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكاربهێنێت". چەتۆ ساڵح رۆژی 12ی تەموزی رابردوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ناو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیەوە دەست (درەو) كەوتوون،  لەسەر فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ژمارەیەك بەرپرسی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە پۆستەكانیان دورخستوەتەوە‌و كەسانی تری لە شوێنەكانیان داناوە، هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانیش ژمارەیەك گۆڕانكاری كراوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) عەميد فەرەیدون عومەر بەرێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: گۆڕانكارییەكان پەیوەندی بە رودانی گەندەڵی یاخود سەرپێیوە نیە، ژمارەیەك بەرپرس هەن ماوەی زیاتر لە (13) ساڵە لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوەو  دەبوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت، هەندێك گۆڕانكاریمان كردووەو لە داهاتوودا بەرپرسی هەموو بەشەكان دەگۆڕین. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، ئەو بەرپرسانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی دورخراونەتەوە‌و ئەوانەی تازە دانراون بریتین لەم كەسانە:  •    عەقیدی هاتوچۆ (سەعدوڵا عەزیز عەوڵا) لە بەڕیوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی گواستراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا بە پلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) •    موقەدەمی هاتوچۆ (فەخرەدین ئەمین ساڵح) لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشارەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی قەزای ناوەند بەپلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) •    موقەدەمی هاتوچۆ (بەهمەن ئەحمەد محەمەد) لە بەڕێوبەرێتی هاتوچۆی قەزای ناوەندەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشار/رۆژهەڵات بە پلەی بەڕێوەبەر ( بەوەكالەت) •    موقەدەمی هاتوچۆ (یوسف عەلی قادر) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی تۆماری بەڕێوەبەرێتییەكەوە/ تۆماری تایبەت، گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێری‌و خۆیەتی بە پایەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) •    موقەدەمی هاتوچۆ (بەختیار مەحمود بەهرام) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا •    رائید (فەریق عەلی غەریب) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێری‌و خۆیەتییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی بە پلەی بەرێوەبەری (بە وەكالەت)  •    رائیدی هاتوچۆ (ئاكام عەلی عومەر) بە پلەی بەڕێوەبەر كراوە بە بەڕێوەبەری بەشی (I.T) بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ.  •    بەخشین‌و لادانی (ئەندازیار فەرمان ئەحمەد قادر) لە پایەی بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆو گواستنەوەی بۆ سەر راژەی بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێڕی‌و خۆیەتی/ هۆبەی خۆیەتی. •    دانانی (یاریدەری سەرۆك ئەندازیار كانی حسێن حەمە خدر) ئەندازیار لە بەرێوەبەرێتی بەشی ئەندازەی هاتوچۆ بە پلەی بەڕێوەبەر لە جێگەی ناوبراوی بڕگەی پێشتر كە لادراوە.  •    گواستنەوەی (عومەر نامیق)  لە بەڕێوەبەری بەشی هونەری  هاتوچۆی پارێزگای سلێمانەوە وەك موعەوم بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە هەولێر


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم به‌هۆی ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و قه‌یرانه‌ی زۆرانه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ ‌( بێ موچه‌یی و نا عه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ...هتد )، به‌ڵام ده‌بینین خۆپیشادانه‌كان و ده‌نگی به‌ره‌ی ناڕازی، نه‌بۆته‌ هۆكاری دروستبوونی به‌ره‌یه‌ك، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكات، ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێبكه‌وێته‌وه،‌ ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. یه‌كێتیی و خۆپیشاندانه‌كان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ هاوبه‌شی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌گه‌ڵ پارتیدا ته‌نها له‌سه‌ر چه‌ند شێوازێكی به‌ڕێوه‌بردن و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی ناكۆكن، ئه‌گه‌ر نا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم ساز و ته‌بان و هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ له‌ نێوانیادا نییه، ئه‌و بڕیارانه‌شی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌یده‌ن به‌ راوێژكردنه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك. سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی چه‌ند مانگی رابردوویان، به‌ڵام تاوه‌كو هه‌فته‌ی رابردووش یه‌كێتیی ژماره‌یه‌كی پۆستی دیكه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕكردۆته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات. ئه‌وه‌ی زیاتر پارتی نیگه‌ران كردوه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك، ‌ پارتی پێیوایه‌‌ به‌شێكی زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ به‌ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌، به‌ڵام نه‌ك له ‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌ دژی خودی مه‌سرور بارزانی. زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی پارتی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌و حزبه، وایانكردووه‌ به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منییه‌كانی زۆنی زه‌رد، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر ده‌نگێك بۆ خۆپیشاندانن، زیڕه‌ بكه‌ن ترسی زۆریان هه‌بێت و شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان بكه‌نه‌ سه‌ربازگه‌. ئه‌و ترسان و به‌سه‌ربازیكردنه‌ی له‌ لایه‌ن پارتی، هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی یه‌كێتیی، نه‌ك ترسان له‌ هێزه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆن،‌ چونكه‌ پارتی دڵنیایه‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌ له‌ ئێستادا نه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، نه‌ تواناشیان هه‌یه‌ خۆپیشاندانی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ن. له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا، به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی پارتی له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتیی، ئه‌و هێزه‌ وایكرد په‌یام بۆ یه‌كێتیی بنێرێت، به‌وه‌ی كه‌ ناكرێ ئه‌وان زه‌مینه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی فراوانی یه‌كێتیی و پارتی، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆ هه‌بێ و رێگه‌ بدرێت خه‌ڵكانێك دۆخه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌. پارتی به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندوه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سنووری زۆنی سه‌وز ده‌گوزه‌رێت، پێچه‌وانه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو نێوان هه‌ردوولایه‌ له‌ هاوینه‌هه‌واری دۆكان. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ك وه‌كو كارت به‌رامبه‌ر خودی مه‌سرور بارزانی به‌كاریده‌هێنێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ پشتگیریكردن له‌ خۆپیشانده‌ران له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی، بۆته‌ جۆرێك له‌ بارمته‌گرتنی خۆپیشاندان، كه‌ واده‌كات خۆپیشاندان به‌ هیچ جۆرێك ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆی نه‌پێكێت؛ كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌دیهێنانی ژیانێكی باشتره‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی به‌ جدی ناڕازییه‌ به‌هۆی ئه‌و نفوزه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌ی هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌توانێت به‌ خۆپیشاندان و ده‌یان كارتی دیكه‌ی به‌رده‌ستی‌ به‌كاربهێنت بۆ گۆڕینی بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كانی ئێستای یه‌كێتیی به‌شێوه‌یه‌كه‌ نه‌ رێگه‌ ده‌دات خۆپیشادانی خۆرسك و جدی به‌ڕێوه‌بچێت و داواكارییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران بێته‌ دی، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ نه‌ رابه‌رایه‌تی خۆپیشاندان ده‌كات، نه‌ رێگه‌ش ده‌دات خۆپییشادان له‌سه‌ر رێچكه‌ دروسته‌كه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌بچێت. یه‌كێتیی خۆپیشاندانه‌كانی به‌ بارمته‌ گرتووه‌ بۆ داواكارییه‌كانی خۆی (هه‌ركاتێك بیه‌وێت فشار دروست بكات و په‌یام بنێری زه‌مینه‌سازی بۆ خۆپیشاندان دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وتیش به‌ده‌ست ده‌هێنیت ئه‌وه‌ سه‌ركوتی خۆپیشاندان ده‌كات). یه‌كێتیی ناچێت مه‌سئولیه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی هه‌ڵگرێت و بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ خۆپیشانده‌رانی راسته‌قینه‌ و حه‌قیقی خۆش بكات. پارتی و یه‌كێتیی ئه‌و ماوه‌یه‌، به‌رده‌وام له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ مشتوومڕیانه، به‌رده‌وامیش پارتی په‌یام بۆ یه‌كێتیی ده‌نێرێت، كه‌ ده‌ست له‌و كارانه‌ هه‌ڵگرن، چونكه ‌ئه‌وه‌ی له‌ زاخۆ روویدا خه‌ریك بوو له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكی سنووری هه‌ولێر رووبدات، به‌ڵام پارتی زوو یه‌كێتیی ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ ناتوانن ئه‌وانیش باره‌گاكانی ئه‌وان له‌ هه‌ولێر و دهۆك بپارێزن ئه‌گه‌ر شتێكی له‌م جۆره‌ له‌م شوێنانه‌ رووبدات. له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا، یه‌كێتیی له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بێده‌نگی كرد، به‌ڵام له‌ هه‌فته‌ی دووه‌م دا دوای فشاره‌كانی پارتی، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ هێرشكردنه‌ شاسوار و چه‌ند فه‌رمانگه ‌و باره‌گه‌یایه‌ك به‌شێك له‌ داواكارییه‌كه‌ی پارتی جێبه‌جێكرد، ره‌نگه‌ دوای ماوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ بیانوی توندوتیژی كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان‌، رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ك نه‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی نزیك ده‌بێته‌وه‌. نه‌وه‌ی نوێ و خۆپیشاندانه‌كان ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام له‌ هه‌رێم كیشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌، كه‌ نایه‌وێ بڵی خۆپیشاندان به‌هۆی‌ بێزاری خه‌ڵكه‌ و هه‌روا به‌رده‌وامیش له‌ تۆمه‌تی حازر به‌ده‌ست ده‌گه‌ڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوو له‌ زاخۆ روویداو خستیه‌ ئه‌ستۆی په‌كه‌كه‌ و نه‌وه‌ی نوێ. شاسوار، كه‌ ئێستا خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی ‌ شه‌قام، خزمه‌تی ئه‌و دوو خاڵه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی شاسوار خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی خۆپیشاندان ئه‌وه‌ش رێگه‌ی خۆشكردووه‌، بۆئه‌وه‌ی به‌بێ داتاشین بیانوه‌كه‌ بداته‌ ده‌ستیان و خزمه‌تیان بكات. ئه‌و كابرایه‌ خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی خه‌ڵكی ناڕازی له‌ شه‌قامه‌كان، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م به‌شێكی زۆر هێز و خه‌ڵكه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم له‌ رقان و به‌شێكی دیكه‌ ش نایه‌وێ كه‌س نوێنه‌رایه‌تیان بكات و ده‌یانه‌وێ خۆپیشاندان خۆرسك بێت ( كه‌ ئه‌مه‌ش قه‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی بچووك كردۆته‌وه‌) . هه‌میش‌ له‌ پێناو خواسته‌كانی خۆی شوناسێكی داوه‌ته‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ رابه‌رایه‌تیكردنی، ئه‌وه‌ش بۆته‌ بیانووه‌ك به‌ ده‌ست پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، بۆ لێدان له‌ خه‌ڵك و شه‌رعیه‌تدان به‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران. ئه‌مانه‌ش واده‌كات دواجار خۆپیشاندانه‌كان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بێت، یه‌كێتیش له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ركاتێك بیه‌وێ شاسوار وه‌ك مه‌قاش و كارتێك به‌رامبه‌ر پارتی به‌كاربهێنێت. پارتی و خۆپیشاندانه‌كان پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌رجارێك خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجامی كێشه‌كان مامه‌ڵه‌ ده‌كات؛ واته‌ كار له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن و گرتن و راوه ‌دونانی سه‌رانی خۆپیشانده‌ران ده‌كات، نه‌ك هۆكار و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه،‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ برسیكردنی خه‌ڵك و نا عه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی. پارتی نایه‌ت كار له‌سه‌ر بڕینی بیانوی خه‌ڵك و هێزه‌كان به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكات، ته‌نها به‌ به‌نجكردنی و سڕكردنی كاتی ده‌یه‌وێ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان توڕه‌یی خه‌ڵك دامركێنێته‌وه‌، له‌كاتێك ئه‌و ستراتیژه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر داواكاری خه‌ڵك هه‌ڵه‌یه‌، رۆژێك دێت ناتوانێت ئه‌و ناڕه‌زاییه‌تیانه‌ سه‌ركوت بكات، له‌وانه‌شه‌ سه‌ری بخوات. پارتی كه‌ خاوه‌نی حكومرانییه‌ و زۆرینه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه، ده‌بوایه‌ باشتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كان بكات، به‌ تایبه‌ت یه‌كێتیی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا پێیه‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و پێیه‌كی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه‌. پارتی گله‌یی له‌ یه‌كێتیی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانی ناراسته‌وخۆ ده‌كات، به‌ڵام نه‌یتوانیو ئه‌و گرێیه‌ ده‌روونییه‌ تێبپه‌ڕێنی و یه‌كێتیی بهێنێته‌ ژێر باری مه‌سئولیه‌ت، له‌ پێناو زۆرینه ‌و حاكمیه‌تی خۆی باشتر هه‌نگاو بنێت، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتیی ئه‌و گڕێ ده‌روونییه‌ تێبپه‌ڕێنێت. باشییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌بوو ئه‌و كات به‌ره‌ی پارتی و یه‌كێتیی باشتر روون ده‌بوویه‌وه‌، به‌ره‌ی ناڕه‌زایی و خۆپیشانده‌رانی حه‌قیش باشتر به‌ دیار ده‌كه‌وت. ئایه‌ پارتی هه‌ر له‌ به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌ روون نه‌بێته‌وه،‌‌ یه‌كێتیی ناهێنێته‌ به‌ره‌ی خۆی؟ بۆئه‌وه‌ی هه‌رجاره‌ی به‌ بیانوی یه‌كێتیی له‌ پشتی یه‌كێتیی له‌ خۆپیشانده‌ران بدات، یان پارتی به‌ قه‌ده‌ر غروری به‌هێزی و گه‌وره‌یی خۆی ناتوانێت سازش و دڵ فراوانی بكات.


راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف بە وشەی "ماو تسی تۆنگ"‌و لە تەنیشت "شەهید ئارام"ەوە زمانی قسەكردنی پژاوە‌و رۆڵەی كۆمەڵەی ماركسینی لینینی كوردستان بووە، ئێستا كۆمپانیای نەوتی هەیە‌و ئاشتی هەورامی راكێشاوەتە ناو دادگایەكی لەندەن‌و داوای (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار لە حكومەتی هەرێم دەكات، ئەو (هیوا ئاوات قارەمانی)یە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری ژیانی هیواو كەیسەكەی ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەن‌و نوسراوێكی نهێنی مەسرور بارزانی‌و دەستوەردانی قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بڵاودەكاتەوە. جارێكی تر ئاشتی هەورامی كێشەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت، دۆسیەیەك دادەخرێت‌و یەكێكی تر دەكرێتەوە. نەوتی هەرێمی كوردستان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە گورزێكی نوێی بەركەوت، گورزێك كە بەهاكەی دەگاتە (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار ئەگەر ئاشتی هەورامی تێیدا بدۆڕێت. ئەمە یەكەمجار نییە ئاشتی هەورامی روبەڕووی دادگا دەكرێتەوە، پێشتر هەورامی جارێك بڕی (ملیارێك‌و 980 ملیۆن) دۆلاری بە كۆمپانیای (دانە غاز) دۆڕاند، جارێكی تریش بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری بە هەمان كۆمپانیا دۆڕاند، هەموو ئەم پارانەش لە داهاتی نەوتی هەرێم دەرچوون. ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسێكی تری كیشەلەسەری نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. لەبارەی كەیسەكەوە كۆمپانیای (داینا ستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان‌و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە، تۆماركرد. ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات‌و دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە. كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە‌و سنوردارە لە بواری نەوت‌و غازدا، ئەم كۆمپانیایە رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:  •    بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەم‌و ناوچەی جەبارە •    بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوت‌و غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوە‌و دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.  بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆن‌و 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كرد‌و پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی بەپێی ئەوەی هەندێك لە میدیا خۆرئاواییەكان لەبارەی ئەم كەیسەوە نوسیویانە، ئاشتی هەورامی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ) بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی)، داوای رێژەی 20% بۆ 30%ی پارەی گرێبەستی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە كردووە، كۆمپانیای (داینا ستی) قایل نەبووە "بەرتیل" بە ئاشتی هەورامی‌و بەرپرسانی تری حكومیی لە هەرێم بدات، بۆیە ئاشتی هەورامیش رێگەی نەداوە گرێبەستەكە بچێتە بواری جێبەجێكردن. سەرباری ئەمەش بەپێی ئەو بەڵگانەی ئێستا لەبەردەستی دادگای لەندەندان، ئاشتی هەورامی كەمپەینێكی هەڕەشەكردنی لە خاوەنەكانی كۆمپانیای (داینا ستی) ئەنجامداوە، هەورامی سەرەتا داوای لە قوباد تاڵەبانی جێگری ئەوكات‌و ئێستای سەرۆك وەزیرانی هەرێم كردووە قسە لەگەڵ (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) بكات‌و داوای لێبكات لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە پاشگەز ببێتەوە، قوباد تاڵەبانی وەكو بریكاری ئاشتی هەورامی رەفتاری لەگەڵ كۆمپانیای (داینا ستی) كردووە، رەنگە بەشێكی ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە قوباد تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری نەوت‌و غاز بووە لە هەرێمی كوردستان. (هیوا ئاوات عەلی) ناچێتە ژێر باری هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، لەم ماوەیەدا‌و بەدیاریكراوی رۆژی 7ی ئابی 2019 ئاشتی هەورامی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی تری حكومەتی هەرێم كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی دەكات‌و بەهەمان شێوە داوای لێدەكات لە گرێبەستەكەی بۆ فرۆشتنی پشەكەكانی بە كۆمپانیای (داینا ستی) پاشگەز ببێتەوە، كۆمپانیا ئیسپانییەكە رەتیدەكاتەوە‌و ئامادە نابێت پاشگەزببێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی كە لەبەردەستی دادگای لەندەندان‌و هەندێكیان دزەیانكردووە بۆ ناو میدیا رۆژئاواییەكان، هەر لەو ماوەیەدا بووە كە پەیوەندییەك بە (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) كراوەو داوای لێكراوە چاوی بە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی زانیاری‌و پاراستن/ زانیاری بكەوێت (لاهور شێخ جەنگی ئێستا هاوسەرۆكی یەكێتییە). وەكو باسدەكرێت، لەو كۆبونەوەیەی نێوان (هیوا ئاوات عەلی)‌و لاهور شێخ جەنگیدا، لاهور شێخ جەنگی بە تەلەفۆن ئاشتی هەورامی وەرگرتووە، هەورامی لە پەیوەندییەكەدا داوای لە لاهور شێخ جەنگی كردووە هێز بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی هیوا ئاوات‌و پاشگەزكردنەوەی لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، بەڵام لاهور رەتیكردوەتەوە هێز لەدژی كۆمپانیای (دانیا ستی) بەكاربهێنێت، بەمشێوەیە ئاشتی هەورامی بێئومێد بووە‌و لە رۆژانی دواتری كێشەكەدا بیری لەوە كردوەتەوە پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی وەرگرێتەوە‌و خۆی جارێكی تر بیانفرۆشێتەوە. ئاشتی هەورامی نەیتوانی گرێبەستی كڕینی پشكی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لەلایەن كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام سەركەوتوو بوو لەوەی رێگەنەدات كۆمپانیای (داینا ستی) كارەكانی خۆی بكات دوای كڕینی پشكەكان، ئەمەیە كە كۆمپانیای (داینا ستی) داوای قەرەبوو دەكات‌و دەڵێ زیانی بەركەوتووە. كۆمپانیای (داینا ستی) لەو سكاڵایەدا كە لە دادگاكەی لەندەن تۆماریكردووە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی رێگریی كردووە لە دەستبەكاربوونی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا، هەروەها تۆمەتباری دەكات بە هەڕەشەكردن‌و فشاری نایاسایی. لە دادگا چی گوزەرا ؟ ئەمڕۆ دادگای (ئاربیترەیشن) لە لەندەن، لەسەر سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) دژی ئاشتی هەورامی، یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا. دانیشتنی دادگا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئاشتی هەورامی بەشداری نەكرد‌و لە بری خۆی پارێزەرێكی ناردە ناو دانیشتنە ئۆنلاینەكە، بەناوی (گراهام دینە). بەپێی رێوشوێنەكانی دادگا خەڵك بۆیان هەبوو بەشێوەی ئۆنلاین‌و لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی سكایپەوە بەشداری لە دانیشتنەكەدا بكەن، ژمارەیەك كورد بەشداربوون لەو پرۆسەی دادگایكردنەدا، لەوانە (سەركەوت شەمسەدین) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق‌و رۆژنامەنوس (دانا نەقی)‌و چەند كوردێكی تر. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەو كەسانەوە دەست (درەو) كەوتوون كە بەشداری دانیشتنە ئۆنلاینەكەی دادگا بوون، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی كۆمپانیای (دانیا ستی) بهێنێت، ئەوەش بەبەهانەی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەرییەو ئاشتی هەورامیش كە پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە، ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە‌و پارێزبەندی یاسایی هەیە، سەرباری ئەمە وای لێكداوەتەوە كۆمپانیای (داینا ستی) كۆمپانیایەكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستانە‌و دەبێت كەیسی سكاڵاكەی ببرێتەوە بۆ دادگاكانی عێراق. پارێزەری ئاشتی هەورامی نەیتوانی دادوەری دادگای بەریتانیا قایل بكات بەوەی ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پارێزبەندی یاسایی هەیە‌و نەوتی هەرێمی سەروەری فیدراڵی عێراقی هەیە، دادوەر بڕیاریدا لەسەر ئەم بابەتە‌و كۆی كەیسەكە دوای پێنج هەفتەی تر پارێزەری ئاشتی هەورامی‌و كۆمپانیا (دانیا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان داخڵی دۆسیەكە بكەن‌و قسەی خۆیان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەشی پێویست بەڵگە‌و شایەتییان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ پارێزبەندییەكی نییە، بەڵام پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوو رێگەی نەدا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەڵگەی خۆی لەبارەی ئەوە بخاتەڕوو كە ئاشتی هەورامی پارێزبەندی یاسایی نییە. تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامی قسەیان لە یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان وەكو شارەزایەتی یاسایی وەرگرتووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە قسەكانیدا بۆ تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد وتویەتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە هەرێمی كوردستان لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران‌و پەیڕەوی حكومەتدا بوونی نییە، بۆیە هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نایگرێتەوە. بەڵام كێشەكە لە شوێنێكی تردایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگای لەندەن دەست (درەو) كەوتوون، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی نوسراوێكی كردووە‌و تێیدا ژمارەیەك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە بەخشێوە، لەوانە دەسەڵاتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، كێشەی نوسراوەكەی مەسرور بارزانی لەوەدایە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم دەبوو ئەو نوسراوە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بەزمانی كوردی بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەم نوسراوە لە وەقائعدا نییە، بەبێ بڵاوكردنەوەشی لە وەقائیع ناوەڕۆكی هیچ نوسراوێك ناچێتە بواری جێبەجێكردن لەڕووی یاساییەوە. لەلایەكی ترەوە پرسی سەروەری نەوتی هەرێم لەچوارچێوەی یاسای فیدراڵی عێراقدا كێشەی هەیە، سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق بەشداری دادگاكەی كردووە‌و لەرێگەی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە بە دادگای راگەیاندووە بەدوو بەڵگەنامە دەردەكەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان سەروەریی نییە: •    بەڵگەنامەی یەكەم: حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووە‌و سكاڵاكەی بردوەتەوە. •    بەڵگەنامەی دووەم: ساڵی 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوە. دادگای بەریتانیا مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی دیاریكردووە بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەبارەی كەیسەكەی نێوان كۆمپانیا  (داینا ستی)‌و ئاشتی هەورامی. لە هیوای شۆڕشەوە بۆ هیوای نەوت هیوا ئاوات عەلی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) واتا ئەو كەسەی كە لە دادگای لەندەن سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، كوڕی (ئاوات قارەمانی)یە، كە فەرماندەیەكی دێرینی یەكێتییەو یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی شاسوار جەلال "شەهید ئارام" یەكەمین سكرتێری كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان. ئاوات قارەمانی كە سەرتیپی هێزێكی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ خێزان‌و منداڵەكانیدا كوردستانی بەجێهێشتووە‌و چوەتە دەرەوەی وڵات، قارەمانی ساڵی 2006 یاردەوەرییەكانی خۆی لە كتێبێكدا بەناوی "رێگا باریكەكان" بڵاوكردەوە، یەكێك لە كتێبە پڕخوێنەرەكان بوو بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە بەدوای ساغكردنەوەی مێژووی شۆڕشی كوردەوە بوون لە باشوری كوردستان. ئاوات قارەمانی لە كتێبی یادەوەرییەكانیدا باسی لەوەكردووە، "شەهید ئارام" لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشی نوێدا لە ماڵەكەی ئەودا بووە لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی، لەوێوە بە نهینی سەركردایەتی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی كردووە، ئەوكات كە "شەهید ئارام" لە ماڵی ئاوات قارەمانیدا بووە، هیوا منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان بووە، هەرزوو بەهۆی رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە ناوی "ماو تسی تۆنگ" كەوتوەتە سەر زمانی. بەپێی گێڕانەوەی ئاوات قارەمانی، لەناو هاوڕێیانی كۆمەڵەدا هیوا نازناوی "قالە"ی لێنراوە‌و ناوی نهێنی ئەو سەردەمەی ئاوات قارەمانی خۆشی لەناو رێكخستنەكاندا "باوكی قالە" بووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە‌و بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی ئاشتی هەورامی، هیوا ئاوات قارەمانی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) لە سلێمانی بووە. هیوا دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو چوەتە ئەوروپا، بەزووی فێری زمان بووە‌و بڕوانامەی باڵای لەبواری كۆمپیوتەردا بەدەستهێناوە، هاوڕێیەتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیدا هەبووە، چاوساغی كوڕانی تاڵەبانی بووە لە دۆسیە یاسایی‌و ئابورییە هەستیارەكاندا، دواجار هیوای شۆڕش‌و كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان گەنجێكی هەڵكەوتووی لێ بەرهەم هات‌و لە هیوای شۆڕشەوە بوو بە هیوای نەوت‌و كۆمپانیایەكی لەبواری نەوتدا دروستكرد. ئاوات قارەمانی باوكی هیوا ئێستا لە سلێمانی دەژی، دوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی، قارەمانی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، بەڵام ئێستا لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە‌و دانیشتووە‌و لەكاری حزبی دوركەوتوەتەوە. سەرەتای تێكەڵابوونی هیوا لە كەیسی نەوتدا لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی 2007، لەو ساڵەدا یەكێك لە كوڕەكانی مام جەلال دەكەوێتە كێشە لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی "ویسترن زاگرۆس"، ئەوكات كۆمپانیاكە كاری گەڕانی كردووە بۆ نەوت لەناوچەی گەرمیان‌و قەرەداغ، كاتێك كێشەكە ئاڵۆز دەبیێت، كۆمپانیاكە كەیسەكە دەباتە دادگایەك لە لەندەن، ماڵباتی تاڵەبانی ئەو سەردەمە سود لە تواناو لێهاتوویی هیوا ئاوات قارەمانی وەردەرگرن‌و لەرێگەی ئەو و كەسێكی ترەوە كەیسەكە دەبەنەوە، لەسەر داهاتی كەیسەكە، كێشە دروست دەبێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی هەرێم دەستوەردان دەكات‌و بە پارە كێشەكە چارەسەر دەكات، ئیتر ئەمە بووە بە سەرەتای نزیكبونەوەی هیوا لە ماڵباتی تاڵەبانی، نەوت هیوا لە لەندەنەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی. هیوا كە ئێستا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە‌و داوای (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، هێندەی چاوی لەوەیە كارێك لە بواری نەوتدا لە هەرێمی كوردستان وەرگرێت، هێندە نیازی بردنەوەی كەیسەكەی دادگای نییە، ئەو چاوی لەوەیە بە رێككەوتنێك لە دۆسیەكە دەرچێت، بەڵام بەمەرجێك جێ پێی لەنەوتی كوردستاندا قایم بكات.   فایلی نەوت‌و جانتاكەی هەورامی (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا) ئەمە ناوی تەواوەتی ئاشتی هەورامییە، ئەو پیاوەی تا ئەم ساتە یەكەم‌و كۆتا وەزیری نەوتە لە هەرێم‌و ماوەی (14) ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم بووە. مەسرور بارزانی بە فەرمانی ژمارە (4)، رۆژی 15ی تەمموزی ساڵی رابردوو بڕیاریداوە بە دانانی (ئاشتی هەورامی) بە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لە فەرمانەكەیدا بۆ دانانی ئاشتی هەورامی بە یاریدەدەری خۆی، پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە‌و ئاماژەی بە هیچ دەقێك نەداوە كە دەسەڵاتی ئەوەی پێببەخشێت كەسێك بكاتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران. لەماوەی 14 ساڵدا كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، دۆسیەی نەوت لەناو جانتاكەیدا بوو، وەزارەتەكەی بینای نەبوو، پەرلەمان ئاگاداری وردەكاری نەوت نەبوو، لەدوای دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتیشەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كەیسی نەوت هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەم كابینەیەشدا هەر لای پارتی مایەوە،  زیاتر لە ساڵێكە حكومەت دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا پارتی پۆستەكەی پڕنەكردوەتەوە. لەدوێنێوە كە وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی نێوان كۆمپانیای (داینا ستی)‌و ئاشتی هەورامی ئاشكرابووە، لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە هەواڵی ئەوە راگەیەندرا كە پارتی چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكان پەرلەمان دەكات‌و دەیەوێت پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە.  لەدوای دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكان (شێخ باز)ی سەرۆكی كۆمپانیای كار دەباتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشبینی دەكرێت دواجار بازەكە بەسەر شانی شێخ بازەوە بنیشێتەوە‌و پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرێت. ئاشتی هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشنیاز كرا بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی بووە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی، بەدورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی ویستی دەستی نێچیرڤان بارزانی لە كەرتی نەوتدا ببڕێت، بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی دەستبەرداری هەورامی ببێت، بەوپێیەی كۆدی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و گرێبەستە نهێنییەكانی لەلایە. (درەو) زانیویەتی، ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن‌و لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، كارەكانی بەڕێوەدەبات‌و تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات. لەو بینایەدا كە دەوامی تێدا دەكات، ئاشتی هەورامی ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی لەبەردەستدا لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. بەمدواییە ئاشتی هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی حكومەتدا كردووە، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەند جارێك و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاراستەی ئاشتی هەورامی كردووە‌و  بەرپرسیارێتی بەشێكی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستۆتە ئەستۆی ئەو.    


(درەو): نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری نییە‌و ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ پارێزبەندییەكیان نییە تا ئەوكاتەی دەیسەلمێنن، ئەمە بڕیاری ئەمڕۆ دادگای (هایپترەیشن) بوو لە لەندەن. یەكەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بە كەیسی سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان‌و یاریدەدەری ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە كۆتایی هات، كە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند. ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنی دادگای نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە). بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای (هایپترەیشن) لە لەندەن دەستی كەوتووە، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێت‌و لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتی‌و ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، بەڵام لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووە. تیمی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە. لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە.  كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریداوە، لە پێنج هەفتەی داهاتوودا لەسەر ئەم كەیسە هەردوولا (واتە تیمی پارێزەرانی ئاشتی هەورامی‌و تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای دینا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان وەكو شایەتحاڵ بهێننە ناو پرۆسەكەوە بۆ یەكلاكردنەوە بابەتە كێشەلەسەرەكان. سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانە بوو كە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری دانیشتنەكەی دادگای كرد، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە دانیشتنی دادگادا من لەڕێگەی پارێزەری كۆمپانیای داینا ستی-یەوە دوو بەڵگەم خستەڕوو، یەكەم نەوتی هەرێم خاوەنی هیچ سەروەرییەكی عێراق نییە، بەبەڵگەی ئەوەی حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركردووە‌و سكاڵاكەی بردوەتەوە، بەڵگەی دووەمیش سكاڵایەكی حكومەتی عێراق بوو كە ساڵی 2012 لەسەر ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم تۆماریكردووە لەبارەی نایاسایبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە، ئەم دۆسیەیە بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوە‌و نەگەیشتوەتە ئەنجام". دانا نەقی كە رۆژنامەنوسێكی كوردە، یەكێك لەو كەسانە بووە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە دانیشتنی دادگاكەدا كردووە، ئەو بە (درەو)ی راگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا بۆ پرساندن بوو، دادگا مۆڵەتی پێنج هەفتەی بە هەردوولا داوە بۆ ئەوەی هەریەكەیان دوو كەسی شارەزا بهێنن لەسەر كەیسەكە‌و خەڵكانی ئاسایی لە هەرێمی كوردستان داخڵی پرۆسەكە بكرێن‌و قسەی خۆیان بكەن، دادوەر لای روون نەبوو لە داهاتوودا پۆستی ئاشتی هەورامی چی لێدێت".  كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی لۆكاڵییە‌و گەنجێك بە ناوی (هیوا ئاوات) سەرۆكایەتی دەكات، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد‌و لە سكاڵاكەیدا ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی داوای بەرتیلی لێكردووە‌و بەهۆی ئەوەی بەرتیلی نەداوە كێشە بۆ گرێبەستێكی دروستكراوە بۆ كاركردن لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیای (داینا ستی) كە سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، دەڵێ پشكەكانی كۆمپانیایەكی ئیسپانی (ریپسۆڵ) لە هەردوو كێڵگەی (كوردەمیر)و (تۆپخانە) كڕیوەتەوەو بڕیاربوو لەو دوو كێڵگەیەدا كار بكات، بەڵام ئاشتی هەورامی رێگری لێكردووە‌و دەستوەردان‌و رێگری نایاسایی كردووە‌و داوای پشكی گرێبەستەكەی لێكردووە بە بەهای 20% بۆ 30%. كۆمپانیای ( داینا ستی) داوای قەرەبووی (ملیارێك و 500 ملیۆن ) دۆلار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات


درەو: سبەینێ لە شاری لەندەن یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ( كۆمپانیای داینا سیتی)یە لە دژی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكان و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە . دادگاییكردنەكە لە دادگای ( هاربیترەیشن) لە لەندەن كاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێدەكات، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆناوە رێگا بەكەس نادرێت بەشداری دانیشتنەكە بكات، بەڵام خەڵكی دەتوانن داوا بكەن لە رێگەی سكایپەوە تەماشای پرۆسەی دادگاییكردنەكە بكەن. بە پێی زانیارییەكان ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا ئاشتی هەورامی دادگاییەكە بدۆڕێنێت لە گەڕی دووەمدا دەبێت، هەریەك لە ( نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكە بن.   كۆمپانیای (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت و غاز، لەڕۆژی 14ی ئابی 2019 سكاڵای  لە دادگای شاهانەی بەریتانیا تۆماركردووە،  كۆمپانیای Dynasyty  چەند تۆمەتێكی لەدادگا ئاراستەی خودی ئاشتی هەورامی كردووە لەوانە "دەستوەردانی نایاسایی" "ترساندنی نایاسایی" "پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتن" بۆیە ئێستا داوای قەرەبوویەكی خەیاڵیی لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەویش بەهۆی دەستوەردانی هەرێمی كوردستان لە ڕێككەوتنی  داینستی (فرۆشیار) و ڕیپسۆڵ (كڕیار) ، كۆمپانیای دایناستی پشكەكانی لە كێڵگە نەوتیی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان بە  كۆمپانیای ڕیپسۆڵ-ی ئیسپانی  بفرۆشێت بەڵام ئاشتی هەورامی دەستوەردانی كردووە لەو مامەڵەیەداو رێگری لە فرۆشتنی ئەو پشكانە كردووە بۆیە كۆمپانیای دانیستی كەیسەكەی دەباتە دادگایەكی بەریتانیا.   بابەتی پەیوەندیدار بە دادگاییكردنی ئاشتی هەورامی  https://drawmedia.net/page_detail.php?smart-id=4382


ئامادەكردنی: رۆژان محەمەد رەشید   بەشی یەكەم:  لەمزگەوتێكی بێدەنگ‌و كش‌و ماتدا، تەرمی محەمەدی چوار ساڵان لەناو تابووتێكدا دانراوەو ئامادە كراوە بۆ ناشتن، سەرەداوێكی بچووك بەس بوو بۆ ئەوەی پەردە لەسەر راستی چیرۆكەكە هەڵبمەڵێت. ئەو رۆژنامەنووسەی ئەم بەدواداچوونەی ئامادەكردووە كاتێك كفنەكەی محەمەدی لێكردەوە، بینی شوێنەواری لێدان‌و برین بەجەستەیەوە دیارە، ئەمەش تەواو گومانی خستە سەر چۆنێتی مردنی منداڵەكە، پاش ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش، لەرێی پشكنینە پزیشكییەكانەوە دەركەوت كە محەمەد بەمردنێكی ئاسایی نەمردووەو كوژراوە. 80%ی منداڵان توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت راپۆرتێكی بڵاوكراوەی رێكخراووی یونسێف، ئاماژە بەوەدە دەكات (80%)ی منداڵانی عێراق تووندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت. لەسەرانسەریی هەرێمی كوردستانی عێراقدا، ، هیچ داتاو ئامارێكی وورد بەردەست نییە لەسەر رێژەی تەواوەتی ئەو منداڵانەی كە  تەمەنیان لەنێوان (سفر بۆ 18) ساڵدایەو رووبەڕوویی تووندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خودی خێزانەكانیانەوە. بەڵام لەمیانەی ئەو بەدواداچوونەی كە رۆژنامەنووسەكەی رێكخراویی "نریج" ئەنجامیداوە، لەماوەی (3) ساڵ‌و نیودا، لەسەر دۆسێی (تووندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بەمنداڵەكانی خۆیان) دەستی گەیشتووە بە (700)چیرۆكی توندوتیژی كە لەبەشی ئەرشیفیدا پارێزراوە. ئەمە جگە لەوەی تائێستا هیچ یاساییەكی تایبەتمەند سەبارەت بە"پاراستنی مافەكانی منداڵ" بوونی نییە، هەرچەندە وەكو رەشنووسیش پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام لەناو رەفەكانی پەرلەماندا تەنها وەكو مەرەكەبی سەركاغەز ماوەتەوەو تۆزی لەسەر نیشتووەو نەكراوە بەیاسا. (ن) باوەژنی محەمەدە، پاش ئەوەی دەستگیركرا، راستەوخۆ دانی بەوەدا نا كە لەكاتی شوشتنی محەمەددا جامێكی كێشاوە بەسەریداو بوراوەتەوە، دوای ئەوەش كە بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە لەوێ‌ هەرچەندە بەهۆش خۆی هاتووەتەوە، بەڵام دوای رشانەوە گیانی سپاردووە. ئەمەش لەروویی پزیشكیەوە نیشانەیەكی روونە بۆ خوێنبەربوونی ناوەكی (نزیف داخلی).  ئەگەرچی بەڕێوبەرایەتی (بەرەنگاربوونەوەیی تووندوتیژیی دژی ئافرەت/خێزان)  لەزۆربەی هەرە زۆری شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا نووسینگەی هەیە‌و تایبەتە بەتوندوتیژیە خێزانییەكان‌و تاوانلێكراو دەتوانێت سكاڵای یاسایی تۆماربكات لەتۆمەتبارەكە، بەڵام ئەمە دەرمانێكە تیماری ئەو دەردی توندوتیژیانە ناكات كە بەرامبەر بە مناڵ ئەنجامدەدرێت لەناو خودی خێزانەكاندا، چونكە زۆربەی كات مناڵ ئەو بوێری‌و هێزو توانایەی نییە كە خۆیی بچێت‌و سكاڵا تۆماربكات دژی ئەو ئەندامەی خێزانەی كە توندتیژیی بەرامبەر ئەنجامداوە یان ئەنجامی دەدات. ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە وادەكات تووندوتیژیەكە بۆ ماوەیەكی زۆر دوورو درێژ بەبێدەنگی‌و نهێنی بمێنێتەوە، بەمەش یان ژیانی مناڵەكە بەتەواوەتی دەكەوێتە مەترسیەوە یاخود دەمرێت. چیرۆكی ئەشكەنجە  یوسف  یەكێك بوو لە ئەو مناڵانەی كە بۆ ماوەی دوو مانگ بەبێ جل‌و هیچ راخەرێك بەزنجیر لەحەوشەی ماڵەكەیاندا بەسترابووە، رۆژانە ئەشكەنجەی زۆر دەدرا، بەشێوەیەك كە شوێنەواری برین بەسەرتاپای جەستەیەوە دیارە، لەو ماوەیەدا خواردنی تەواوی ڕۆژەكەی یوسف تەنیا كەمێك نان‌و ماست بووە، هەر بەم هۆیەشەوە كێشی ئەو منداڵە تەمەن (10) ساڵانە تەنیا (9) كیلۆ بوو. لەكاتێكدا بەپێی پێوەرە  تەندروستیە جیهانییەكان منداڵێكی ئاسایی ئەگەر تەمەنی (10) ساڵ بێت، ئەبێت كێشی لەنێوان (31 بۆ 32)كیلۆدا بێت.  لەڕووی تەندروستیەوە، ئەو منداڵانەی  كە توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت، هەمیشە كێشیان زۆر كەمەو گەشەی جەستەییان باش نییە لەچاو تەمەنی خۆیان‌و منداڵانی هاوتەمەنیان كە تووندوتیژیان بەرامبەر ناكرێت، زۆربەی هەرە زۆری كاتیش تووشی بەدخۆراكی دەبن، چونكە باش خزمەت ناكرێن‌و خواردنی باشیان پێنادرێت.  یوسف لەگێڕانەوەكەیدا بۆ (نریج) بەمشێوەیە باسی لەسەرگوزشتەی ژیانی خۆیكرد: "داكم ئەمنی خۆش ناوێت‌و كە لەكنی بووم ژیانم زۆر ناخۆش بوو، بەدارماسحەی لێ دەدام‌و لێ نەدەگەڕِا بڕۆمە ژوورێ، بێ عاریم بكردبایەو نەكردبایە ئەو هەر لێیدەدام‌و خوشك‌و براكانم ئەمنیان دەدی‌و هیچیان نەدەگوت، ئەمن جلكم لەبەر نەبوو، بەشەوان گەلێك دەترسام‌و زۆرجاران میزم دەكرد بەخۆما، نەیان دەناردم لۆ مەكتەبێ‌و ئەو زنجیرەیان لەپێ كردبووم‌و ئەمنیان بەستبووەوەو بێزیان لێ دەكردمەوەو نەدەهاتنە كنم، زڕ بابیشم لەدەوامێ بوو ئەمنی دەدەدی كە دەهاتەوە هیچی نەدەكرد، ئەمنیان لەخوێندن دەركردیە". نیوە شەوی وەرزی زستان بوو، كارزانی تەمەن (6) ساڵ، لەدەرەوەی ماڵەكەی خۆیان لەپشت دەرگاكەوە وەستابوو، بەپێی بێ‌ پێڵاوو هەردوو دەستی لەسەر سنگی توند كردبوو، لەدرزی دەرگاكەوە بەگریانەوە هاواری دەكرد "تخوا دایە باوە، دەرگاكە بكەنەوە زۆر سەرمامەو ئەترسم". ئێستا كارزان تەمەنی (9) ساڵەو هێشتا ئەوانەی بیرنەچووەتەوە كە بەرامبەری كراوەو  دەڵێت "باوكمم خۆش ناوێت" بەپێی زانستی دەروناسی هەرمناڵێك لەلایەن باوانیەوە رووبەڕووی تووندوتیژی ببێتەوە ئەوە لەگەڵ باوانیدا پەیوەندییەكی باش‌و گەرموگوڕو بەسۆزی نابێت. هەرچەندە یوسف‌و كارزان بەختیان هەبوو بەوەی لەلایەن دراوسێكەیانەوە هەواڵ درا بەلایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام مەرج نییە هەموو مناڵێك چانسی ئەوەی هەبێت كەسێك ڕزگاری بكات. ئاكار ناوێكی خوازراوی ئەو كوڕەیە كە سەرتاپای جەستەی پڕە لەشوێنەواری ئەشكەنجەدانی كۆن‌و تازە، بەقوڵپی گریانەوە دەیگێڕایەوەو دەیوت "دوای جیابوونەوەی دایك و باوكم، كەوتینە ژێر دەستی باوەژنەكەم، ئەوە سێ‌ ساڵە هەموو خەڵكی گوندی گۆپتەپە گوێیان لەدەنگی هاوارو قیژەی ئێمەیە بەدەست باوەژنەكەمەوە، ئاسەواری برینەكەشیان دەبینی، بەڵام واخۆیان پیشان دەدا كە نەیان بینیوەو نازانن، ئەو كاتەی داوای یارمەتیمان بكردبایە ئەیانوت قەیچێكە باوك‌و دایكتانە وانەبێت پەروەردە نابیت". بەڵام ئەو تاكە كەسێك نیە لە ماڵەكەدا تووندوتیژیی بەرامبەر كرابێت بەڵكو دوو خوشكەكەی تری شوێنەواری ئەشكەنجەدان بەسەرتاپایانەوە دیارەو تەنانەت خوشكە گەورەكەیی چاوی لەدەست داوەو زمانیشیان بڕیوە. دایكی محەمەد ئاماژەیی بە ئەوەكرد كە"، هیچ پارە و ئیش و كارێكم نییە، تا مناڵەكانم بەخێوبكەم" زۆربەی كات هەموو دەوروبەری ئەو مناڵەی كە توندوتیژیی بەرامبەر بەكاردەهێنرێت لەلایەن خێزانەكەیەوە، ئاگاداری بارودۆخی منداڵەكەن، بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندیداریی لێ ئاگادار ناكەنەوە‌و بەهانای مناڵەكەوە ناچن‌و رزگاری ناكەن لەتوندوتیژیەكە، هەموو جارێكیش ئەو منداڵانەی كە ژیانیان كەوتووەتە مەترسیەوە یان مردوون بەهۆكاریی تووندوتیژیی خێزانیی تاكە مناڵێك نین لەماڵەكەدا تووندوتیژیان بەرامبەر كرابێت. ئەحمەد سالار ئەو كوڕەیە كە دوای مردنی دایكی، خۆی‌و خوشكەكەی دەكەونە ژێردەستی باوەژنەكەی، پاش هەڵاتنی لەماڵ‌و رێكردنی بۆ ماوەی زیاتر لە(2) رۆژ سەرەنجام لەتاو ئازاری جەستەی‌و برسیەتی لەناو كەلاوەیەكدا، بەخەیاڵی  دایكەمردووەكەیەوە چاوی لەیەك ناوە.  ساڵێك پێش ئەوەی ئەحمەد لەماڵەوە رابكات، هەمان بارودۆخیش بەسەر خوشكەی هاتبوو. هێڵی بەدواداچون ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، نەك هەر زۆرجار خزم‌و كەسوكارو دەرودراوسێ بەهانایانەوە نایەن، بەڵكو خۆیشیان بەئاسانی دەستیان ناگات بەلایەنە پەیوەندیدارەكان. هاوڕێكەی شەیمای تەمەن (17) ساڵ، ئەو كچەی كە لەلایەن براكەیەوە (7) گولەی پێوەنراوە، باسی لەوەكرد كە پێش ئەوەی  ئەو رووداوە بەسەر شەیمادا بێت پەیوەندیی كردووە بە"هێڵی فریاكەوتنی منداڵان 116" بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەیان نەداوەتەوە، بەهانایەوە نەچوون. لەمیانەی ئەم بەدواداچوونەدا دەركەوت كە "هێڵی فریاكەوتنی منداڵان 116"  تەنیا لەرۆژانی یەكشەممان تاوەكو پێنجشەممان لەكاتژمێر (8:00)ی بەیانی تاوەكو (5:00)ی دواینیوەڕۆ وەڵامی پەیوەندیەكان دەدەنەوە، لەدوای ئەو كاتەوە هێڵەكە دادەخرێت،  هەرچەندە بۆ ئەوەی كە (24) كاتژمێر كارابكرێت هێڵەكە تەنیا پێویستی بە دوو فەرمانبەر هەیە. ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە بەشێك لەو منداڵانەی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت دەبرێنە نەخۆشخانەكان، لەلایەن پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانەوە راپۆرت نانووسن‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار ناكەنەوە. محەمەدی تەمەن (4) ساڵ یەكێكە لەو نموونانەی كە هەرچەندە براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبوونی حاڵەتێكی گوماناویی، تەرمەكەی رادەستی خانەوادەكەی كراوە، بەڵام لەلایەن رۆژنامەوانی ئەم بەدواداچوونەوە راستی بابەتە ئاشكراكرا. خوشكە تەمەن (3) ساڵانەكەی محەمەدیش، شوێنەواری گازگرتن‌و برین...هتد بەجەستەیەوە دیارە، كە لەتاو برسیەتی‌و ئەشكەنجەكاندا بەهیچ شێوەیەك نەیدەتوانی چاو بكاتەوە‌و تەنیا بەزۆر دەیتوانی كەمێك بنوزێنێت. لەبنكەی پۆلیسی كەركوكدا باوكی (م) خەریكی تەواوكردنی رێكارەكانە بۆ ئەوەی بەكەفالەت ئازاد بكرێت، هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئەوە بووە كە ئێوارەی پێشووتر بەكێبڵ لە(م)ی داوە لەبەر ئەوەی درەنگ لەیارییكردن گەڕاوەتەوە، ئەوكاتەشی كە بەدەم ڕێگاوەبوو دەگەڕایەوە بۆ ماڵ بەزەردەخەنەیەكەوە وتی "من كاتی خۆی باوكم لەوە خراپتر لێ داوم، مناڵ بەشەق‌و بۆكس‌و تێهەڵدان نەبێت خۆ تێناگات لەقسە، ئەوەم بۆیە كرد بۆ ئەوەی پەروەردەی بكەم". بەڵام ئەمە تاكە بیركردنەوەی باوكی (م) نییە، بەگشتی خێزانەكان پێیان وایە، كە بەكارهێنانی تووندوتیژیی بەرامبەر بەمناڵ ئامرازێكە بۆ پەروەردەكردن ، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ كلتور كە نەوە بۆ نەوەیەكی تر ئەم بیركردنەوەیە گواستراوەتەوە، بەشێكی تریشی پەیوەنی هەیە بەوەی كە خێزانەكان بەگشتی هۆشیاریی تەواوەتیان نییە سەبارەت بەخراپی لایەنی بەكارهێنانی توندوتیژیی بەرامبەر بەمناڵ. ئەو كاتەیی كە دایكی (م) بردی بۆنەخۆشخانە بۆتیماركردنی برینەكانی، پۆلیس بەتەكنیكێك باوكیان هێناو دەستگیریانكرد، ئەگەر نا زۆربەی هەرە زۆری ئەو مناڵانەی كە تووندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، كەیسەكانیان ناهێنرێتە دادگا، بەڵكو بەنهێنی لەناو خێزانەكەیاندا دەهێڵدرێنەوە. بینایی هاوژین ئەو كچە تەمەن (7) ساڵەیە كە لەناو قوتابخانەكەدا جیاوازتر لەهەموو منداڵەكانی تر لەسوچێكدا بەبێدەنگی دانیشتووەو تێكەڵی منداڵەكانی تر نەدەبوو، لەكاتی نزیكبوونەوە لێی‌و ووردبوونەوە، شوێنەواری داخكردن بەدەستیەوە دەبینرێت،  كاتێك رۆژنامەنووسی ئەم بەدواداچوونە لەباوانی تەمەن (10) ساڵانی برای بینایی كۆڵییەوە كە لەهەمان قوتابخانە بوو، بینی شوێنەواری داخكردنیش بەجەستەیی ئەویشەوە دیاربوو. دایكی بینایی لەدادگایەو كۆتا دانیشتنیەتی بۆ جیابوونەوەیی لەگەڵ مێردەكەی بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی كە بەرامبەر بەمنداڵەكانی دەیكات، ، سەبارەت بەداخكردنی مناڵەكانی وتی "من دایكیانم ئاین ئەو حەقەم پێ ئەدات كە لێیان بدەم ئەگەر نوێژ نەكەن، زۆر لاساریش بەلێدان نەبێت بێدەنگ نابن.." مەلا سەلام حەسەن، پێشنوێژو وتابێژ لە مزگەوتی تانجەرۆ، لەقەزای كەلار ئاماژەیی بەوەكرد كە خێزان مافی ئەوەی هەیە  لەمنداڵ بدات ئەگەر نوێژ نەكات. ناوبراو وتی "پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرموێ‌: ((مروا أولادكم بالصلاە لسبع واضربوهم علیها لعشر وفرقوا بینهم فی المضاجع)). رواه أحمد فی المسند وأبو داود (حدیپ صحیح)) واتە بەمنداڵەكانتان بڵێن لەتەمەنی حەوت ساڵیدا نوێژ بكەن، لەسەر نوێژ نەكردن لەتەمەنی دە ساڵیدا لێیان بدەن". سارا ناوی خوازراوی ئەو كچەیە كە لەخانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانیەو لەگەڵ چوار  خوشك‌و براكەی تری باسی لەوەكرد كە "باوكم دەیدا لە دایكم، دایكیشم بەرە بووە گیان من، منیش دەستم دەكرد بەلێدانی خوشكە بچووكەكەم، ئەویش لەدوایی لێدانەكەی من بەرەبووە گیانی براكەم". بەكارهێنانی تووندوتیژیی بەشێوەیەكی گشتی، بەتایبەتی تووندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بە مناڵ وەكو ڤایرۆس وایە كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە تاوەكو وای لێ دێت بەناو هەموو كۆمەڵگا رۆئەچێت‌و ئەبێت بەبەشێك لەكەلتور. هەر بۆیە پێویستە دامەزراوەیی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ پرسی توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بەمناڵەكانی خۆیان،  جیابكرێتەوە لە جۆرەكانی تری تووندوتیژیی خێزانی بەگشتی، رێكارە یاساییەكانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەپێی تایبەتمەندیی مناڵ بێت،  ئەمەجگە لەوەی كە دەبێت یاسایی تایبەتمەند دابنرێت  بۆ "پاراستنی مافەكانی مناڵ" لەپرۆژە یاساییەكی گەورەدا بەناویی یاسای "دڵنیایی هاریكاریی دەستەبەریی كۆمەڵایەتی". •    ئەم بەدواداچوونە لەلایەن تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە.  


راپۆرت: هێمن خۆشناو  چەند رۆژێكە دیمانەیەكی ڤیدیۆی (جۆن بایدن) كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بەر لە هەشت مانگ ئەنجامدراوە تۆڕە كۆمەلایەتیەكانی توركیای تەنیوەتەوە. بەمەش دەسەڵات و میدیای توركیا نیگەران بووە، لە كاردانەوەشیاندا بە ئاشكرا پشتگیری مانەوەی (دۆناڵد ترەمپ) دەكەن.  جۆن بایدن لەم ڤیدیۆیەدا كە دیمانەیەكە لەگەڵ چەند سەرنووسەرێكی (نیوۆڕك تایمز)، لە 16 كانوونی یەكەمی 2019 ئەنجامیداوە و لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی 2020 پەخش كراوە (لەگەڵ ئەم پۆستە بڵاودەكرێتەوە) لەبارەی توركیا باس لەم سیاسەتە دەكات كە دەیگرێتەبەر لە ئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا:  "پێویستە لە بەرامبەر ئەودا (مەبەستی ئەردۆغانە) هەڵوێستێكی جیاوازتر بگرینەبەر. دەبێت بە ئاشكرا پشتگیری لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەین. پێویستە پشتگیری لەو كوردانە بكەین كە دەخوازن لەناو كاری پەرلەمانیدا جێبگرن. دەبێت لەدژی ئەو شتانە دەنگ هەڵبڕین كە پێمانوایە هەڵەیە. پێویستە باجی كردەوەكانی بدات.  دەربارەی ئەوەی چەند جۆرە چەكێكی پێ بفرۆشین یان نەفرۆشین، ئامادەبین هەندێك باج بدەین.  پێموایە دەبێت وەكو رابردوو بكەین، پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن بكەین تا بتوانین ئەردۆغان بە دۆڕاندن بدەین. نەوەكو بە كودەتا بەڵكو بە هەڵبژاردن.  ئەردۆغان و پارتەكەی هەڵوەشاوەتەوە. لە ئیستانبۆڵ لێكترازاوە. باشە ئێمە چی بكەین؟ دابنیشین و ئاڵای تەسلیمبوون هەڵكەین؟ دەبێت ناچار بكرێت لە مەسەلەی كورد ملكەچی بنوێنێت".  بایدن، بەر لەوەی ببێتە كاندیدی سەرۆكی ئەمریكا، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە لوتكەی ناوەندی بڕیاردانی ئەمریكا جێی گرتووە. بۆیە ئەگەر كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكاش نەبێ، یان بە مەبەستی كەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەم قسانەی نەكردبێ، دیسان هەڵوێستەكانی گرانیەكی خۆی دەبێت و مایەی هەڵوەستەكردن و شڕۆڤەكردنە. بۆچی ڤیدیۆكە سەر لەنوێ دەبێتە رۆژەڤ؟ تورك پەندێكی پێشینانی هەیە كە دەڵێت:" لە رووی زەمانەوە واتادارە". بە لەبەرچاوگرتنی هۆكاری بە رۆژەڤكردنی ڤیدیۆكە بۆ جاری دووەم دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر بڵاوكردنەوەی بۆ یەكەم جار، دەكرێت كاردانەوەی توندی میدیا و دەسەڵاتدارانی ئاكەپە، بۆ ئەم ڤیدیۆیە، بە هەوڵەكانی ئاكەپە لە قەڵەم بدەین.  بۆ گۆڕینی رۆژەڤی سەرەكی ناوخۆی توركیا بە تایبەتی بارودۆخی خراپی ئابووری، هەڵكشانی رێژەی هەژاری و بێكاری. میدیای ئاكەپە لە ماوەی رابردوودا، بۆ دوورخستنەوەی نیگای خەڵك لەبارەی ئەم بارودۆخە زیرەكانە دوو رۆژەڤی سەختەیان دروست كرد و خەڵكیان پێ خەریك كرد. یەكەم جار گۆڕینی (ئایا سۆفیا) لە مۆزەخانە بۆ مزگەوت، پاشانیش گوایە (موحەڕەم ئینجە) كاندیدی پێشووی پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) لە پارتەكەی جیادەبێتەوە و پارتێكی دیكە دروست دەكات، كردە رۆژەڤ. بەڵام ئەم ڤیدیۆیە رۆژەڤە سەختەكانی ئاكەپەی پووكاندەوە و جارێكی دیكە نیگای رای گشتی توركیای راكێشایە سەر رۆژەڤی سەرەكی ئەم وڵاتە كە بریتیە لە كێشەی بارودۆخی سەختی ئابووری و سیاسەتی ناحەكیمانەی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەناوخۆ و دەرەوەی توركیادا.  لەهەمان كاتدا ڤیدیۆكەی بایدن ئاماژەیە بە هەڵكردنی رەشەبایەكی توند دژ بە توركیا لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم فیگوڕە 78ساڵیە. دوورنیە ئاكەپە لەوە دڵنیا بێت، كە ئەگەر بایدن بگەڕێتەوە كۆشكی سپی، ئەو قەڵغانە لەسەر توركیا هەڵدەگرێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دایناوە.  ئەردۆغان خۆی دەكاتە ئەكتەری هەڵبژاردنی ئەمریكا! ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ئەردۆغان و ستافەكەی رووداوێكە كە بە درێژایی مێژوو حكوومەتەكانی توركیا رووبەڕوی نەبوونەتەوە.  سەر لەنوێ بە رۆژەڤكردنی ڤیدیۆی دیمانەكەی بایدن لەگەڵ نیوۆرك تایمز، بەخوێندنەوەی دەسەڵاتدارانی تورك ئاماژەیە بە هەڵدانەوەی حسابی ساڵانی رابردوو. ئەم ڤیدیۆیە رۆژانی سێگۆشەی ئۆباما –كلنتۆن – بایدن بەبیر ئەردۆغان دەهێنێتەوە. هەر بۆیە لەو كاتەی هێشتا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئەمریكا چەند مانگێكی ماوە، هەردوو ركابەر، هەموو كارتەكانیان لەدژی یەك نەخستۆتەگەڕ، بەرپرسانی تورك، بەشەو و بەڕۆژ هێڕش دەكەنە سەر پارتی دیموكرات و جۆن بایدن.  بەشێك لە سیاسەتمەدار و لایەنگرانی ئاكەپە لەناوخۆی ئەمریكادا لە پێناو بەدەستهێنانی رەنتخۆری و دڵخۆشكردنی ئەردۆغان لەسەر پڕۆفیلی لاپەڕەكانیان لە سۆشیال میدیادا وەكو (تەرەمپچی) خۆیان بەناو دەكەن. بەرزكردنەوەی دروشمی (لایەنگری ترەمپ و دژبەری بایدن) لەلایەن ئەم كەسانە، قومارێكی دیكەی نوێی ئەردۆغانە. دەیسەلمێنێ كە سەركۆماری توركیا زۆر شتی خۆی بە دووبارە سەركەوتنی ترەمپ دەبەستێتەوە.  لەناوخۆی توركیاشدا رۆژنامەكانی (میللەیەت و توركیا) كە زۆر نزیكن لە ئاكەپە لایەنگری خۆیان بۆ ترەمپ دووپات دەكەنەوە و تۆمەتی پشتگیریكردنی تیرۆر دەدەنە پاڵ بایدن.  ستافەكەی ئۆباما ترسی ئەردۆغان زیاتر دەكات! لە ئەگەری سەركەوتنی جۆن بایدن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی یەكەمینیدا، چەندین ئاگاداری و وریا كردنەوە ئاراستەی توركیا بكات. كە ئەمەش سەرەتایەكە بۆ ئاڵۆزتر كردنی پەیوەندی واشنتن – ئەنقەرە.  هەروەها چاوەڕێ دەكرێت، بەڕێوەبەرایەتی بایدن لە مەسەلەكانی (ئێف – 35)، (ئێس – 400)، هەروەها مەسەلەی پشتگیریكردنی كورد لە ( سوریا، عێراق و توركیا) پێچەوانەی ئەردۆغان بیر بكاتەوە، ئەمەش ئەردۆغان ناچار دەكات تا هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە و خۆی بكاتە ئەكتەرێكی پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.  ئەگەر بایدن لە رووی ئیجرائیەوە زۆر توندیش نەبێت، ئەوە گومانی تێدانیە، كە بەهۆی كڕینی سیستەمی مووشەكی (ئێس – 400) لە رووسیا گەماڕۆی (CAATSA) بەسەر توركیا بسەپێنێ و تا كۆتایی 2021 یشدا بڕیاری دوایی دەربارەی دۆسیەی هاڵك بانك ئاشكرا بكات، كە پێشبینی دەكرێت بە توركیا ناچاری پێ ژماردنی ملیۆنان دۆلار بكات.  بایدن لە دیمانە و گفتەكانیدا چەندین جار بە راستەوخۆ باسی لە ستافەكەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كردووە، رایگەیاندووە لە ئەگەری سەركەوتنی لە ململانێی سەرۆكایەتیدا پشت بەو ستافە دەبەستێت و دەیانگەڕێنێتەوە كۆشكی سپی. ئەمەش گرفتێكی دیكە بۆ ئەردۆغان دروست دەكات، ئەوەندەی دیكە ئەردۆغان لە بایدن هار دەكات.  بەهۆی دوو هۆكاری سەرەكی ئەردۆغان نەفرەت لە ستافەكەی ئۆباما دەكات: یەكەمینیان: ئەم ستافە لەدوای 2014 و سەرهەڵدانی داعش رۆڵی سەرەكی هەبووە، لە هاوكاریكردنی كوردانی سوریا، جا ئەم هاوكاری كردنە لە رووی پێدانی چەك بێت یان مەسەلەی دیكە. ئەردۆغان باش دەزانێ ئەگەر هیلاری لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریكا تووشی شكست نەبووایە، زۆر زەحمەت بوو ئەمریكا چرای سەوزی بۆ هەڵكات و بتوانێ سەرێكانیێ و گرێ سپی لە باكووری رۆژهەلاتی سوریادا داگیر بكات.  دووەمینیان: ستافی ئۆباما – بایدن، پەیوەندی تۆكمەیان هەیە لەگەڵ گولەنیەكان. لە مەسەلەی ئیدارەی دەوڵەت و جومگە سەرەكیەكانی دەوڵەت لە توركیادا تا رادەیەكی دیار نزیكن لە دونیابینی گولەنیەكان.  ئایا بایدن (مێكگۆرك) دەگەڕێنێتەوە؟ ئەوەی زیاتر لەم مەسەلەیەدا پەیوەندی بە كورد هەبێت: گێڕانەوەی ستافی سەردەمی باراك ئۆبامایە بۆ كۆشكی سپی، لە ئەگەری سەركەوتنی (بایدن) دا. ئایا بایدن ئەم بەڵێنەكەی جێبەجێ دەكات و لە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی پشت بە ستافەكەی ئۆباما دەبەستێت؟ هەروەها لە ئەگەری جێبەجێكردنیدا، ئایا بایدن (برێت مێكگۆرك) نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەگەڕێنێتەوە كۆشكی سپی؟  ئەگەر ماكگۆڕك بگەڕێندرێتەوە، بێگومان پەیوەندی ئەمریكا – كورد لە پەیوەندیەكی تەسكی رۆژانە دەچێتە قۆناخێكی نوێ، ئەمەش بە قازانجی دۆزی كورد دەشكێتەوە!  


  (درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت مانگەكانی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوە، بۆ ئەمەش موچەی سێ مانگی ساڵی 2018 كە دابەشكردنی دواكەوتووە دەكات بە "پاشەكەوت"‌و دەیخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام چارەنوسی (2) موچەی سەردەمی كابینەی ئێستا نادیارە. گۆڕینی دیمەنی قەیران سایتی تەلەفزیۆنی (كوردستان 24)ی سەربە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری رایگەیاند، دوای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، پێویستە موچەی (سێ) مانگی ساڵی 2018 كە بە فەرمانبەران نەدراوە، بە "پاشەكەوت" ئەژمار بكرێت‌و موچەی هەر مانگێك بۆ ئەو مانگە ناوزەد بكرێت كە تێیدا دابەشدەكرێت‌و موچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێكبخرێت. ئێستا كۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2020ە، بەڵام حكومەت موچەی مانگی سێ بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەكات، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، بۆ مانگی داهاتوو حكومەت موچەی مانگی نۆ دابەش دەكات نەك مانگی چوار. كابینەی مەسرور بارزانی (سێ) موچەی ساڵی 2018 كە دواكەوتووە، دەخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی‌و دەیخاتە چوارچێوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو. كابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (13) مانگە دەستبەكاربووە (10/7/2019)، لەم ماوەیەدا موچەی (11) مانگی داوە‌و موچەی (2) مانگی نەداوە، هەواڵەكەی (كوردستان 24) ئاماژەی بە چارەنوسی ئەو (2) مانگە نەكردووە كە كابینەی مەسرور بارزانی موچەی نەداوە، بەڵام (3) مانگەكەی ساڵی 2018ی كردووە بە پاشەكەوت لەسەر كابینەی پێشووی حكومەت.  بەم بڕیارە كابینەی مەسرور بارزانی دەیەوێت هەندێك بارگرانی موچە لەسەر شانی خۆی سوك بكات‌و هەندێك گۆڕانكاری لە دیمەنی قەیرانی دارایدا بكات. موچە پاشەكەوتكراوەكان ئەگەر وەكو ئەوەی باسدەكرێت، كابینەی مەسرور بارزانی (3) موچەی ساڵی 2018 بە پاشەكەوت ئەژماربكات، ئەوا كۆی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێم لەلای حكومەت دەبێت بە (8) موچە، ئەمە جگە لە دوو موچەی تر كە بە فەرمانبەران نەدراوە‌و مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە. كابینەی پێشووی حكومەت كە ناوی لێنراوە كابینەی هەشتەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، ماوەی تەمەنی ئەو كابینەیە لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی شەڕی "داعش"‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا حكومەت توشی قەیرانی دارایی بوو. كابینەی پێشووی حكومەت لەماوەی تەمەنی خۆیدا بەتێكڕا ماوەی (8) مانگ هیچ موچەیەكی بە فەرمانبەران نەدا، (34) موچەشی بە پاشەكەوتەوە دابەشكرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆی ئەو موچانەی كە بە فەرمانبەران نەدراوە لەگەڵ ئەو موچانەی كە پاشەكەوتەوە دابەشكراون‌و لای حكومەت وەكو قەرز تۆماركراوە، بەهاكەی دەگاتە نزیكەی (9 ملیۆن) دۆلار، ئەمە بەشێكە لەو (27 ملیار) دۆلارەی كە مەسرور بارزانی وتی قەرزی كابینەی پێشووە‌و بۆ كابینەكەی ئەو بەجێماوە.  


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف  قەرزە كەڵەكەبووەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (20 بۆ 37 ملیار) دینار لەو (320 ملیار) دینارە دەبات كە عێراق بڕیاریداوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بنێرێت، ئەمە قەرزێكی تری بەجێماوی نێچیرڤان بارزانییە كە دەبێت ئێستا مەسرور بارزانی ئامۆزای لەسەردەمی قەیرانێكی قورستردا بیگەڕێنێتەوە. رێككەوتنێكی نوێ دوای گۆڕینەوەی (12) پێشنیازی جۆراوجۆر بۆ رێككەوتن‌و هاتوچۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، دواجار بەنێوەندگیرییەكی بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا گەیشتنە رێككەوتن. بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی مانگەكانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم)، هەر مانگێك بڕی (320 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات، واتا بەغداد تەنیا بۆ سێ مانگ پارەكە بە هەرێم دەدات‌و دوای ئەوەی دەبێت هەردوولا بۆ بودجەی ساڵی 2021 رێككەوتنێكی نوێ بكەن. قەرزی بانكەكان  بەپێی ئەو رێككەوتنەكەی كە لەنێوان حكومەتی كازمی‌و مەسرور بارزانیدا كراوە، هاوشێوەی بودجەی ساڵی 2019، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لە بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كە كابینەی پێشووی حكومەت (كابینەی نێچیرڤان بارزانی) لەكاتی قەیرانی دارایی یەكەمدا بە قەرز لە بانككە بازرگانییەكانی وەرگرتووە.  لە یاسای بودجەی 2019دا بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداد‌و هەرێم، حكومەتی ناوەند مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ هەرێم دەنارد، بەڵام بەرلەوەی پارەكە رادەستی حكومەتی هەرێم بكرێت، مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكەكانی لێدەبڕدرا‌و ئەوەی بە پوختی بۆ حكومەتی هەرێم دەمایەوە بڕی (441 ملیار) دینار بوو. بڕینی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكە بازرگانییەكان گواستراوەتەوە بۆسەر (320 ملیار) دیناری رێككەوتنە نوێیەكە، واتا لەكۆی ئەو (320 ملیار) دینارەی كە بۆ ماوەی مانگەگانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم) بەغداد بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەر لە گەیشتنی مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لێدەبڕدرێت‌و (308 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە.   قەرزەكەی بانكی TBI سەرباری قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینار لە موچەی فەرمانبەران دەبات، قەرزێكی تریش هەیە كە بەهەمان شێوەی میراتی نێچیرڤان بارزانییە‌و بۆ مەسرور بارزانی ماوەتەوە‌و دەبێت ئێستا لەسەر بەشە موچەی فەرمانبەران لە بەغداد  بیداتەوە.  بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان مستەفا كازمی‌و مەسرور بارزانی، دەبێت لەماوەی (35) رۆژدا حكومەتی هەرێم‌و بەغداد بگەنە رێككەوتن لەسەر میكانیزمی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی بانكی TBI كە لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكەبوون.  قەرزەكانی بانكی TBI كە لەلای حكومەتی هەرێمە چییە‌و چۆن كراوە ؟ ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەران‌و بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە. بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووە‌و پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە بڕەكەی (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلارە. بانكی TBI كە بانكێكی هاوبەشی نێوان كەرتی تایبەت‌و حكومەتە، ئێستا داوای قەرزەكەی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە، حكومەتی عێراق گێڕانەوەی قەرزی ئەم بانكەی لە رێككەوتنەكەیدا كردووە بە مەرج لەسەر حكومەتی هەرێم. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بانكی TBI داوا دەكات حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری ئەو قەرزانەی بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەرێم مانگانە (100 ملیۆن) دۆلار بداتەوە، كۆی قەرزەكە بە (40) مانگ كۆتایی دێت. بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانە بڕی (8 ملیار) دینار بگەڕێنێتەوە بۆ بانكی TBI، بەمشێوەیە كۆی قەرزەكە بە (500) مانگ كۆتایی دێت واتا (41 ساڵ)، بانكەكە بەمە قایل نییە. دانوستانەكانی داهاتوو دیاری دەكات لەنێوان ئەو (100 ملیۆن) دۆلارەی بانكەكە داوای دەكات لەگەڵ ئەو (8 ملیار) دینارەی كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانەی بیداتەوە، هەردوولا لەسەر چ بڕەپارەیەكی مانگانە رێكدەكەون. بەڵام بەپێی زانیارییە بەراییەكان، پێشبینی دەكرێت بانكی TBI بە (25 ملیار) مانگانە قایل بێت. پارەكەی بەغداد دوای لێدەركردنی قەرزەكان ئێستا دوای لێدەركردنی قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینارە لەگەڵ  قەرزەكەی بانكی TBI كە حكومەتی هەرێم داوا دەكات مانگانە (8 ملیار) بداتەوە، بەتێكڕا (20 ملیار) دینار لە بەشە پارەكەی هەرێم لە بەغداد دەبڕدرێت‌و بە پوختی (300 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە.  خۆ ئەگەر دانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI لە (25 ملیار) دیناری مانگانەدا جێگیر بكرێت، ئەوكات مانگانە لەكۆی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بڕی (283 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە. گەڕانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI مەرجە لەسەر حكومەتی هەرێم‌و دەبێت جێبەجێ بكات، بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق ئامادە نییە مانگانە بڕی (320 ملیار) دینارەكە بخاتەسەر حسابی حكومەتی هەرێم. بەرپرسانی عێراق بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە كە رێككەوتنەكە یەك پاكێجە‌و دەبێت هەموو جێبەجێ بكرێت، سەرباری ئەو مەرجانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە، هێشتا لایەنە شیعەكان دژی رێككەوتنەكەی مستەفا كازمین لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەشێكی ئەم دژایەتییەش پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە لە عێراق.  


درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پارەكەی بەغدادەوە (695 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ (894 ملیار) دیناری كۆی موچە، ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە، ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو موچە بە 21%ی لێبڕینەوە دابەش دەكرێت، چاوەڕەوان دەكرێت سبەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو پرسە كۆببێتەوە. شەوی رابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاریدا تا 31/12/2021 مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لەبەرامبەر (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكان و ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری و دەستەی گومرگەكانی عێراق بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان.  بە ناردنی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداو  داهاتی ناوخۆ و نەوت و پارەی هاوپەیمانیشەوە حكومەت ناتوانیت موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا راگەیەنراوە كە حكومەتی هەرێم (375 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، لەگەڵ (320 ملیار) دیناری كە بڕیارە بەغداد بینێرێت، دەكاتە ( 695 ملیار) دینار، كۆی موچەی موچەخۆران پێویستی بە (894) ملیار دینارە، واتا نزیكەی (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بەڕێژەی (22%). بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی رۆژی چوار شەممە پێش بخات و گفتوگۆ لەسەر شێوازی دابەشكردنی موچە بكات و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشكردنی موچە بكات. ئۆپشنەكانی شێوازی دابەشكردنی موچە: یەكەم: بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتە (695 ملیار) دینار و كورتهێنانی (200 ملیار) دینار واتا رێژەی (22%) كورتهێنان هەیە، ئەگەر مەسرور بارزانی وەك لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردوودا بەڵێنی دابوو بڕێك پارە قەرزبكات، (200 ملیار) دینار قەرز بكات، ئەوا موچە بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت. دووەم: ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو بۆ موچەی مانگی ئازاریش بە لێبڕینی (21%)ەوە موچە دابەش دەكرێت.  سێیەم: بە لێبڕینی 50%ی موچەی پلە تایبەتییەكان و رێوشوێنەكانی یاسای چاكسازی، بەشێك لەو كورتهێنانە چارەسەر بكات و لەگەڵ قەرزێكی (100 ملیۆن) دۆلاری، چاوەڕەوان دەكرێت حكومەت بتوانێت بە بێ لێبڕین موچەی موچەخۆران دابەش بكات.   


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چەندین سەردانی قوباد تاڵەبانی‌و وەفدەكەی بۆ بەغداد بەبێ ئاكامی مانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی بە تەلەفۆنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رێككەوتنی كرد، بەڵام یەكێتیش بێ ئاگا نەبوو، بەر لە مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی رێككەوتنەكەی بۆ لاهور شێخ جەنگی رونكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) وردەكاری رێككەوتنی نێوان حكومەتی بەغداد‌و هەرێمی كوردستان لەبارەی بەشە پارەی مانگانەی هەرێمەوە كە بڕەكەی (320 ملیار) دینارە، بڵاودەكاتەوە. بە تەلەفۆنێك حەل كرا ! ئەوەی بەچەندین سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرا، ئەمشەو بە یەك تەلەفۆن چارەسەر كرا. ئەمشەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە تەلەفۆن قسەیكرد. لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفا كازمی بڕیاریدا مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغداد بكات. رێككەوتنەكە مەرجێكی تێدایە بۆ هەرێمی كوردستان، مەرجەكە ئەوەیە هەرێم قایل بێت بەوەی عێراق فەرمانبەرانی چاودێری دارایی عێراق بنێرێتە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ئەوەی چاودێری كارەكانیان بكەن. دیالۆگەكەی كازمی‌و مەسرور بارزانی بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد‌و هەولێر دەست (درەو) كەوتوون، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان مستەفا كازمی‌و مەسرور بارزانی لەسەر داوای فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق‌و بەنێوەندگیری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدراوە.   سەرەتای چیرۆكەكە بەوە دەستیپێكردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، فوئاد حسێنی ناردەیتە لای مستەفا كازمی‌و داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی لێكردووە، مستەفا كازمی رازی نەبووەو بە فوئاد حسێنی وتووە پێشتر تۆ بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكە بویت‌و رێككەوتووین، بەڵام مەسرور بارزانی پەشیمان بوەتەوە.  دواجار لەسەر داوای بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن، مستەفا كازمی قایل كرا بەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسە بكات، فوئاد حسێن بەتەلەفۆن مەسرور بارزانی بۆ مستەفا وەرگرتووەو بەوشێوە هەردوو سەرۆك وەزیران پێكەوە قسەیان كردووە. (درەو) زانیویەتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا مستەفا كازمی بە مەسرور بارزانی وتووە:" خۆتان یەكلا بكەنەوە، ناكرێت جارێك رێكبكەون‌و دواتر بەیاننامە دەربكەن‌و پەشیمان ببنەوە !!".  مەسرور بارزانی وتویەتی:" جەنابی سەرۆك وەزیران وای دابنێ ئەو بەیاننامەیەمان هەر دەرنەكردووە". مستەفا كازمی وتویەتی:" من ئامادەم 320 ملیار دینار بنێرم، بەڵام دەبێت 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بنێرن‌و فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی گومرگەكانی بەغداد بێنە خاڵە سنورییەكانی هەرێم". مەسرور بارزانی وتویەتی:" ئێمە رازین‌و لەم مانگەوە 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان دەنێرین‌و بە هەموو مەرجەكان رازین، دوای گەڕانەوەتان لە گەشتەكەتان بۆ ئەمریكا، وەفدی هەرێم دەنێرینە بەغدادو لەوێ لەسەر میكانیزمی مانەوەی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی گومرگەكان گفتوگۆ بكەن، هەرچەندە ئێمە رازی بە ناردنی فەرمانبەرانی ئەو دوو دەزگایەی عێراق، بەڵام با لەسەر شێوازی كاركردن‌و مانەوەی ئەو فەرمانبەرانە رێكبكەوین".  بەمشێوەیە كازمی‌و مەسرور بارزانی گەیشتنە رێككەوتنێك بەرایی لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات. (درەو) زانیویەتی، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوایان لە ئەمریكیەكان كردووە فشار لە بەغداد بكەن بۆ ئەوەی بەشە پارەی مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمریكییەكان وتویانە:" كازمی وازی لە نەوت هێناوە، ئێوە گومرگیان رادەست نەكەن، ئێمە ناتوانین فشار لە كازمی بكەین".    یەكێتی ئاگاداری رێككەوتنەكەیە (درەو) زانیویەتی، دوێنێ شەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسەی كردووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مستەفا كازمی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرن، بەمەرجێك قەیل بن بەوەی كارمەندانی چاودێری دارایی‌و گومرگەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێم. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئەوان وەكو یەكێتی ئامادەن كارمەندانی چاودێری دارایی عێراق لە دەروازە سنورییەكان جێگیر بكرێن‌و بەشێوەیەكی بەردەوامیش بمێننەوە، واتە یەكێتی بەپێچەوانەی پارتییەوە مەرجی لەسەر هاتن‌و مانەوەی چاودێرە عێراقییەكان نییە.   دوای چی ؟ رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی‌و مستەفا كازمی دوای شەڕە بەیاننامەیەك هات كە لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمدا رویدا. سەرەتای پەرەسەندنەكان دوای ئەوەهات، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كۆشكی كۆماری عێراق بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەیەك كرا‌و لەو كۆبونەوەیەوەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری كرد. ئەمە دواین دانیشتنی زنجیرەیەك كۆبونەوە بوو كە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا بەمەبەستی ئەوەی حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن. لەدواین كۆبونەوەدا (واتە كۆبونەوەكەی رۆژی سێ شەممەی رابردوو)، مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕی مانگانە بڕی  (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی بەبێ داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئەمە بەمەرجی ئەوەی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی خاڵە گومرگییەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و چاودێری كارەكانیان بكەن، لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش سەرەتا قایل بوو.  بڕیاربوو رۆژی 11ی ئەم مانگە رێككەوتنی نێوان بەغداد‌و هەرێم رابگەیەنرێت، بەڵام رۆژی 12ی مانگ مەسرور بارزانی پەشیمان بووەوە‌و رازی نەبوو بە ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمە رەوتی دانوستانەكانی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. دوای ئەمە وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا سەرسوڕمانی خۆی لەبارەی بەیاننامەی حكومەتی هەرێم راگەیاند كە تێیدا باسی لەوەكردبوو حكومەتی عێراق ئامادە نییە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەكرد، ئەوان داوایانكردووە بەپێی ماددەی 114ی دەستور، چاودێری گومرگەكانی هەرێم بكەن، بەڵام هەرێم نەرمی نەنواندووە‌و ئەمە هۆكاری ئەوە بووە نەگەنە رێككەوتن. وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی كوردستانیش لە وەڵامدا وتی:" ئیدارەدانی گومرگەكان لە هەرێم پێچەوانە نییە لەگەڵ ماددەی 114ی دەستوور و بە تەواوی پێوەی پابەندبووین. بەڵام دارایی عێراق رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە كار بە دەستوور بكرێت و پێچەوانەی دەستوور و سیستمی فیدراڵی و لەسەر بنەمای ناوەندێتی رەفتاری كردووە. كێشەكە ئیدارەی گومرگ نییە، بەڵكو كێشەی هەوڵدانی دەسەڵاتی ناوەندە بۆ ئیستغلالكردنی رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و وروژاندنی هەست و سۆزی فەرمانبەران بۆ هێنانەدی روانگەی خۆی لە بارەی سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا". مەسرور بارزانی چۆن پاشگەز بووەوە ؟ بەیاننامەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ناردنی چاودێرانی عێراقی بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێم بە سەپاندنی ئیرادەی بەغداد بەسەر هەرێمدا ناودەبرد، ئێستا چۆن مەسرور بارزانی قایل بوو بەوەی چاودێرانی عێراقی بێنە دەروازەكانی هەرێم. چەند هۆكارێك لەپشت قایلبوونی مەسرور بارزانییەوە بوون بە پێشنیازەكەی كازمی كە ئەمانەن: * كازمی لە دوو رۆژی داهاتوو بە گەشتێك دەچێتە ئەمریكاو دوای دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە هێزو پشتیوانییەكی زیاترەوە دەگەڕێتەوە عێراق‌و ئەوكات رێككەوتن لەگەڵی رەنگە ئەستەم تر بێت. *  ئەمریكییەكان بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە لەگەڵ بەغداد بگاتە رێككەوتن.  * بەهۆی نەبوونی موچەوە، رۆژ لەدوای رۆژ لەناوخۆی هەرێم فشاری شەقام‌و لایەنە سیاسییەكان لەسەر حكومەتی مەسرور بارزانی زیاتر دەبێت. * ئەم رێككەوتنە هەمیشەیی نییە‌و تاوەكو رۆژی 2020/12/31 كاری پێدەكرێت‌و ئەوكات لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021دا هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنێكی نوێ دەكەن‌و حكومەتی مەسرور بارزانی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی موچە دەتوانێت تا ئەوكاتە بەرگەی مەرجەكەی بەغداد بۆ ناردنی چاودێر بۆ دەروازەكان بگرێت.  


راپۆرتی عەلی حەمە ساڵح بۆ حكومەت ئەم لێكۆڵینەوەیە تایبەتە بە گرفتی خاڵە سنوریەكان بەگشتی، چەندین مانگ كاری تێدا كراوەو سود لە دەیان بەڵگەنامەو شاهید و سەرچاوەی فەرمی وەرگیراوە، جگە لە دەستنیشانكردنی گرفت و گەندەڵییەكان چارەسەری پێویستیش خراوەتەڕوو. بە كاركردن بەم پێشنیازانە مانگانە لە نێوان 150 بۆ 170 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم، نرخی تێچونی كاڵا لەسەر هاوڵاتیان هەرزاندەبێت، پیشتیوانی بەرهەمی ناخۆی دەكرێت و ئاسایشی هەموان پارێزراو تر دەبێت. ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی بەدواداچونین، ئەم راپۆرتە لە 6/12/2019 ئامادەكراوە، بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە كرا بە واژووی یاسایی ئەندامان بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی لەبارەوە بكرێت، بەڵام پاش هەشت مانگ چاوەڕوانی ئەم دانیشتنە نەكرا. لە 15/8/2020  دوایەمین پێداچونەوە كراوە. یەك: كاری نایاسایی و قاچاخی: كاری نایاسایی و قاچاخی لە زۆربەی خاڵە سنورییەكان دەكرێت، هەریەكە بە فۆڕم و شێوازی خۆی. هەموو ئەو كاڵایانەی قەدەغەیە هێنانیان بە ئاسانی دەهێندرێنە ژورەوەو هەندێك جاریش دەبرێنە دەرەوە. 1-مەرزی باشماخ، ماوەی یەك ساڵە بووە بە ناوەندێكی گەورەی قاچاخچێتی، ئەو كاڵایانەی كە رێگا پێدانیان قەدەغەیە لەم مەرزەوە داخڵدەكرێت، كاڵا قەدەغەكراوەكان لە خەتی ئاسایشەوە دێن و بە هیچ پرۆسەیەكی گومرگدا تێناپەڕن، گرنگترین ئەو كاڵایانەی بەقاچاخ دێن، ئۆتۆتمبیلی مۆدێل نرم كە بەفەرمی داخڵناكرێت. هێلكەو جگەرەو توتنی نێرگەلەو دوگی حەیوان و قۆخ و پیاز و خەیار و جگەرو مریشك..........هتد. نوسینگەی قاچاخی دانراوە بازرگانەكان دەچن لە نوسینگەكان بەپێی ئەو نرخەی دانراوە پارەكە دەدەن، بۆنمومە دوگی حەیوان 30 هەزار دۆلار و هێلكە 12 هەزار دۆلار و خەیار 4 هەزار دۆلار. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی ئێمە كردوومانە قەبارەی قاچاخی لەباشماخ نزیكەی 35 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە. 2- وەلید: خاڵی سنوری وەلید 36 كیلۆمەتر لە زاخۆوە دورە، بەشێكی زۆری ئاڵگۆڕی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوادا لەم خاڵەوە دەكرێت،  لەم خاڵی سنوریە كۆمپانیای ستێر باڵا دەستە لە دیوی هەرێمی كوردستان و لە دیوی ڕۆژئاواش پەیەدەیە دوو كەس سەرپەرشتی دەكات (عەلی شێر‌و عەبد ئێزیدیە) . بازرگانی بە شیش و چیمەنتۆو دەرمان و جۆرەكانی خۆراك و مەڕ و نەوتی رۆژئاواو .... هتد دەكرێت و كەمترین داهاتی بۆ حكومەتی هەرێمە. 3- سمێلكا(خابور) بڕیار بەدەست لەم خاڵە سنوریە كۆمپانیای ستێرە و ئەوان بڕیاری بازرگانی و هێنان و بردن دەدەن. 4- پەروێزخان: لە مانگی 7ی 2020 ەوە قاچاخی لەم خاڵە سنورییە بەشێوەیەكی مەترسیدار و بەرفراوان دەستی پێكردووە نوسینگەی قاچاخی لە گەرمیان و سلێمانی دانراوە، هێلكەو مریشك و ئۆتۆمبیلی خوار مۆدیل و دوگی حەیوان ...... هتد  بەرپرسانی ئەمنی دەروازەكە كار ئاسانی بۆ هەموو ئەم قاچاخیانە دەكەن. 5: ئیبراهیم خەلیل: بەپێی بەدواداچونی ئێمەو قسەكردن لەگەڵ چەند كارمەند و بازرگانێك چەندین گرفت لەم خاڵی سنوریە هەیە، گۆڕینی كاڵایەك بە كاڵایەكی دیكە لە پێناو گومرگێكی كەم، لەوانە: گۆڕینی جگەرەی گرانبەها بە ئیسی ، گۆڕینی حەب و دەرمانی پزیشكی بەكاڵای دیكە، گۆڕینی ئۆتۆمبیلی شەش پستۆن بە چوار پستۆن، چەندین زانیاریشمان دەستكەوتووە كاڵای قاچاخ لەم سنورەش داخڵ بوون، لەوانە مریشكی توركی كە زیاتر لەشەش مانگە قەدەغەیەو پاش بەدواداچون لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەركەوت كەسێك بەناوی ئەبو نور داخڵی دەكات. بەپێی زانیاری چەند بارەهەڵگرێك بۆ ئەوەی گومرگی كەمتر بدرێت جگەرەو مەشروب و دەرمان كراون بە ئارد و گومرگ نزیكەی 90% كەمیكردووەو بەڕێگای كەسێك كراوە ناوی هێرش بەرواری و هاوارە. گرفتی سەرەكی ئیبراهیم و خەلیل و حاجی ئۆمەران كۆمپانیاكانە( لەبەشی كۆمپانیاكان بە وەردی باس دەكرێت) . قاچاخی بە ئەندازەیەكی مەترسیدار زیادی كردووە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك بازرگانی جگەرە، وتیان : ئێستا 95% جگەرە بە قاچاخ دێت و نوسینگەی قاچاخیەكەش لە بازاڕی جگەرەیەكەیە. چارەسەر:  1-خەتی ئاسایش لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان دابخرێت. 2-پۆلیسی گومرگ بەهێز و تۆكمە بكرێت و میلاكی پێویستی بۆ دابینبكرێت، هەر بەشێك لە پۆلیسی گومرك هاوكاری قاچاخچێتی كرد، رەوانەی دادگا بكرێت. 3-هیچ خاڵێكی سنوری نافەرمی نەمێنێت. 4- ئەو گرفتەی لە مەرزە سەرەكیەكاندا هەیە لە لاوەكیەكان بەزیادەوە هەیە، پێویستە ئەوانیش بە باشی كۆنتڕۆڵ بكرێن. دوو:  كۆمپانیاكانی خاڵە سنورییەكان.  لە دەرەوەی هەموو پرۆسەیەكی یاسایی لە پێدان مۆڵەت و بوونی پێوستی، لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان، چەندین كۆمپانیا سەرقاڵی وەرگرتنی پارەن بە ناوی جیاوازەوە. بەشێك لەمانە هەر پێویست نییەو تەنیا بۆ كۆكردنەوەی پارەیە، بەشێكی دیكەی ئەركی دەوڵەتە. ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران 1-    راگەیاندنی گومرگی، بۆ كۆمپانیای كۆریدۆر، كاغەزێكی ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكی نەبوو لە مانگی 9ی 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت. 2-    كۆمپانیای ستار، بۆ دڵنیایی ئیجباری لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دراوە تەنیا 10% بۆحكومەتە.. 3-    مەنفێست25 دلار، لە ئیبراهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجی ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە . 4-    سكانەر، 50 دلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیای هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت. 5-    تەعقیم بۆ 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەردەگیرێت، 85% بۆ كۆمپانیاو 15% بۆ حكومەت. 6-    پشكنینی خۆراك و كاڵا، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیای نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت. بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگیرێت. 7-    كۆمپانیای سەربەخۆ كە وەزارەتی ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگای پێداوە،  بۆ  دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت. 8-    لە حاجی ئۆمەران چەند رێگایەكی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پارە لە ئیبراهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوی كۆمپانیای گەشتیاری و ئەركی دیار نیە. 9-    كۆمپانیایەك بەناوی سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكی ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70% بۆ كۆمپانیا 30% بۆ حكومەت. 10-    لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران كۆمپانیای شەو رۆژ، بەناوی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگیرێت ( ئێرانی و عێراقی)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكی نەكردووە. جگە لە وەرگرتنی پارە بەناوی گەراجانە. 11-    لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكی سنوری دیكە نیە، كۆمپانیای ئەنتەرتیك لەسنوری ئیبرایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەی كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەی 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سی پارەی دیكە بەناوی پشكنینی فیزیایی و كیمیاوی و بایۆلۆجی وەردەگرێت!!! داهاتی ئەمیش مانگانە نزیكەی 3 ملیۆن دۆلارە؟ 12 – گۆڕپانی (بەتون كوردستان) لە ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەی 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینی بۆ دەكرێت و بە ئیجباری 55 دۆلار وەردەگیرێت و بڕێكی زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت. 13-رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆتمبیلی نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆلار وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە. 14- ئەمە جگە لەوەی پێشتر چەندین كاڵا بەناوی سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20% گومرگ دەدەن، بەڵام نەڕۆشتون بۆ سوریا. باشماخ و پەرویزخان 1- بەناوی مەنەفێستەوە بۆ (نقل البری) بەبێ‌ ئەنجامدانی هیچ كارێك چەند كۆمپانیایەك پارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبیلەكان وەردەگرن، بۆ نمونە : كۆمپانیای (اشراقات العواد) كە مەنەفێستی (نقل البری ) دەبڕێت و تائێستا نازاندرێت گرێبەستی لەگەڵ كێدا هەیە، بۆ هەر وەسڵێكی مەنەفێست 25 دۆلار وەردەگرێت، هیچ نوسینەگەیەكی لە خاكی ئێراندا نیەو تەنیا پارە وەردەگرێت. 2-چەند كۆمپانیایەكی دیكەی نەوتی مەنەفێست دروستدەكەن بۆ تانكەری نەوت و هەر مەنەفێستێك كە كاغەزێكەو مۆرێكی لێدەدەن 25 دۆلار وەردەگرن، لەكاتێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت ئەم كارە بكات و هیچ ئەرك و تێچونێكی نیە. 3--دڵنیایی ئیجباری، دراوەتە كۆمپانیای دڵنیا، لە 5 هەزار دینارەوە بۆ 20 هەزار دینار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەر دەگیرێ، دڵنیای نابێت بە ناچاری بێت و بۆ 24 كاتژمێر بێت و كەس قەرەبوو نەكرێتەوە. 4- كۆمپانیایەكی ئێرانی بۆ هەر بارهەڵگرێك دێتە هەرێمی كوردستان بڕی 50 دۆلار وەردەگرێت بەناوی ترانزێت، بەرپرسانی خاڵە سنورییەكانیش نازانین ئەم پارەیە بۆچی وەردەگیرێت. 5-كۆمپانیای ئەستێرەكان و ئاسمانی كوردستان، بڕی 5هەزار دینار لە هەر هاوڵاتیەكی ئێرانی وەردەگیرێت بەناوی (خبر وصول) كارێكی تەواو نایاساییەو هیچ خزمەگوزارییەك پێشكەش ناكات 6- بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، راگەیاندنی گومرگی دراوەتە كۆمپانیای رۆژان، بۆ هەر راگەیاندنێك بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرن لە 10/9/2019 ەوە كەوتووەتەكار، لەكاتێكدا پێشتر حكومەت خۆی بێ‌ بەرامبەر و بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەم راگەیاندنەی دەكرد. 7-كۆمپانیا سەربەخۆ، بۆ  دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت، هەمان كۆمپانیا بەپێی گرێبەستێك بۆ هەرتابلۆیەكی هەمیشەیی 50 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوەی جێگای سەرنجە 27 ملیار دیناری پێشەكی پێدراوە! 8-  كوالێتی باشماخ بەناوی رەزگەو و پەروێزخان لۆكس ئەجانسی، بۆ ئەو كاڵایانەی دێنە هەرێمی كوردستان.  بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت. بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگیرێت. تێبینی: بەپێی بەدواداچون لە رابردوودا هەندێك لەم كۆمپانیانە كەمتەرخەمی زۆریان كردووەو ئاسانكاریانكردووە بۆ هاتنە ژورەوەی كاڵای خراپ بەشێكیشیان ئامێری پێویستیان نیە بۆ پشكنین.. 12-    كۆمپانیای دڵنیای 5 هەزار لە هاوڵاتی وەردەگرێت بەناوی دڵنیای و هیچ گرێبەستێكی نیە. 13– وەرگرتنی سێ‌ هەزار دینار بەناوی رێكخستنی ریزی ئۆتۆمبیل. 14- لەم كابینەدا ڕێپێدان كراوە بۆ دوو كۆمپانیا لە باشماخ و پەروێزخان بەناوی تەعقیمەوە لە هەر ئۆتۆمبیلێك 10 دۆلار وەبەرگیرێت بۆ هەر هاتن و چونێك. لە راپۆرتێكی دیكەی هاوپێچدا پرۆژەی چارەسەر بۆ كاری ئەم كۆمپانیایانە خراوەتەڕوو، هەر كارەو كاری كام دامەزراوەی حكومەتەو كام كاریش زیادەیە. سێ‌ : ترانزێت ئێستا(15/8/2020) ئەم گرفتانەی كە لێرەدا باسكراوە بە بەراورد بە شەش مانگ پێش ئێستا كەمتر بووە. -لە خاڵە سنورییەكانەوە بەناوی ترانزێت بۆ سوریا و بەمەبەستی خۆدزینەوە لە گومرگ  بەبەردەوامی كاڵای جۆراو جۆر هاوردە دەكرێت، بەشی هەرە زۆری ئەم كاڵایانەش بۆ ترانزێت نین، ترانزێت دەبێت رەزامەندی ئەو وڵاتەی هەبێت كە كاڵاكەی بۆ دەبرێت. بەناوی ترانزێتەوە هەم كاڵای قەدەغەكراو دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان، هەم گومرگ نادرێت، ترانزێت یەك لەسەر پێنج گومرگ دەدات. ئەم هەنگاوە، جگە لەوەی زیان بەبەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت، مانگانەش چەندین ملیۆن دۆلار زیانی لە داهاتی گشتی داوە. بۆ نمونە:  -نوسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگ ژمارە 4775 لە 18/3/2019 رەزامەندی دراوە بە داخڵكردنی 2000 هەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل 2017 لە ئیبراهیم خەلیلەوە گوایە ترانزێتە بۆ سوریا، وەزیری دارایی رەزامەندی دەربڕیوە بە داخڵكردنی و یەك لەسەر پێنج گومرگ دراوە، پاش بەدواداچون ئەم ئۆتۆمبێلانە نە ڕۆشتوەتە سوریا. لە 1/7/2019 بە رەزامەندی وەزیری دارایی بڕی 300.000 هەزار كارتۆن هێڵكە بەناوی ترانزێتەوە بۆ سوریا  هاتووەتە ناو هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی لەو بەهۆی نەخۆشی هێنانی هێڵكە قەدەغە بووەو هیچ گومرگێك نەدراوە، بە وتەی بەرێوبەری گشتی گومرگ ئەم هێلكە نەچووەتە سوریا. چارەسەر: مۆڵەتی ترانزێت بەبێ‌ نوسراوی ئەو وڵاتەی كاڵاكەی بۆ دەكرێت ناكرێت، لە كاتی نوسراویشدا دەبێت هێزێكی ئەمنی پاسەوانی كاڵاكە بێت تا دەچێتە ئەو وڵاتەی كاڵاكەی بۆ ترانزێت دەكرێت و بە نوسراوی گومرگیش ئاگاداری وردەكاری كاڵاكە بگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی. چوار: بەخشین لە گومرگ.  ئێستا(15/8/2020) ئەم گرفتانەی كە لێرەدا باسكراوە بە بەراورد بە شەش مانگ پێش ئێستا كەمتر بووە، چەند بڕیارێكیش دەرچو بۆ راگرتن و پێداچونەوەی بەخشینی گومرگی كاریگەری هەبووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە.  لەلایەن وەزیری دارایی پێشووتر و پاشان بەڕێوبەری گشتی گومرگ بەخشیینێكی زۆری گومرگی هەیە، هەندێك مانگ بە ئەندازەی چەندین ملیۆن دۆلار بەخشینی گومرگی كراوە. -بەخشین بەناوی پرۆژەی وەبەرهێنانـ، بەپێی یاسایی وەبەرهێنان، ماوەی 10 ساڵە ئەو ئامێر و كاڵایانەی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەهێندرێت لە گومرگ دەبەخشرێت، ماددەیەكی یاسایی لە یاسای وەبەرهێنان بەكارهێندراوە بۆ خۆدزینەوە لە گومرگ بۆ چەندین كاڵا كە پەیوەندیان بە پرۆژەكانی وەبەرهێنانەوە نیە، بەناوی وەبەرهێنان داخڵكراون. بەبێ‌ یاسا نابێت بەخشین بۆ هیچ كاڵایەك بكرێت، ئەو كاڵایانەش بەخشینیان بۆ دەكرێت دەبێت دڵنیابونەوە بكرێت ئایا بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان تەرخاندەكرێت یان بۆ بابەتێكی تر. پێنج: چەند دۆسییەك لە بەرێوبەرایەتییەكانی گومرگ. _ بەپێی رێكخستنەوەی گومرگی بردنە دەرەوەی هەمو جۆرە كانزایەك قەدەغەیە، بەڵام ڕۆژانە لە گومرگی ناوخۆیی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ، زیاتر لە 20 بارهەڵگر مس، فافۆن، قوڕقۆشم، ستیل و پاتری و چەندین موادی دیكە ، دەبرێتە دەرەوە. _ چەند كۆمپانیایەكی گەورە، كاری هەناردەكردنی فافۆن و مس دەكەن لە شێوەی خشت ( قاڵب) كە لە بنەمادا ئەم كارە قەدەغەیە و بە بڕێكی كەم پارە سەرجەم كارەكانیان بۆ ڕێك دەخرێت. _ بەپێی پێناسی گومرگی یەكگرتو، چەندین جۆر كاڵا قەدەغە كراوە، بەڵام بە بەردەوامی دێنە هەرێمی كوردستان، لەوانە چەند دەرمانێكی مێرو كوژ، كە گومانی بونی مادەی شێرپەنجەی لێدەكرێت، لە نمونەی تار و ماری ئێرانی و .......هتد _ لە گومرگی ناوخۆیی گۆڕینی مادە بە مادەیەكی تر كە گومرگی كەمتر لەسەر بێت ئەنجام دەدرێت، واتا جۆری مادەكە دەگۆڕدرێت بۆ مادەیەكی تر ، بۆ نمونە گۆڕینی انترنیت لیدە( تەلیست) كە بۆ پاڵاوگەكان بەكاردێت  دەگۆڕدرێت بۆ بەنزین و سەدان سەدان هەزار دۆلار گومرگی ئەومادانە بە نادیاری ماوەتەوە . تێبینی: ئەم دۆسیانە بەراورد بە شەش مانگ پێیش ئێستا كەمی كردووە.   ئەم راپۆرتە ئاراستەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حبزەكان نێردراوەو كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand