Draw Media

  (درەو): ملیۆنان كەس لە ئەمریكا‌و سەرتاسەری جیهان چاوەڕێی میتینگە تەلەفزیۆنییەكەی ئەمشەوی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵات‌و كاندیدی كۆمارییەكان دەكەن لەبەرامبەر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەڵبژاردنێك كە زۆرێك لە چاودێران بە "گرنگترین" هەڵبژاردن لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكان ناوی دەبەن.  ئەمە یەكەمین میتینگی نێوان ترەمپ‌و بایدنە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی ئەمریكا‌و بەرەبەیانی سبەینێ بەكاتی وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبچێت. میتینگەكە لە زانكۆی (كیس وسترن ریسرف) لە شاری كلیفلاند لە ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەدەچێت، ئەم ویلایەتە لە كۆنەوە گۆڕەپانی سەرەكی ركابەرێتی كۆماری‌و دیموكراتەكان بووە لە هەڵبژاردنەكاندا. میدیاكانی ئەمریكا پێشبینی دەكەن ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان تەماشای میتینگەكەی نێوان ترەمپ‌و بایدن بكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەر لە (48) كاتژمێر لەم میتینگە، رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە. ئەم میتینگە دەرفەتێكی باشە بۆ زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەمریكی بۆ ئەوەی زیاتر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بناسن، كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە جەماوەرو دەنگدەرانەوە دوربووە، بایدنی تەمەن (78 ساڵ) دەیەوێت لەم میتینگەدا مەترسی دەنگدەران لەبارەی تواناكانییەوە بۆ سەركردایەتیكردنی وڵات بڕەوێنێتەوە.  بایەخی میتینگەكە لەو كاریگەرییەیدا دەردەكەوێت كە لەسەر دەنگە "خۆڵەمێشی"یەكان هەیەتی، واتا ئەوانەی كە تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كێ دەدەن، بەڵام بەلای هەندێكی تر لە دەنگدەرانەوە میتینگەكە روداوێكی ئاساییە كە تێیدا هەریەكە لە دوو كاندیدەكە دەیانەوێت ئەوی تر توشی شڵەژان بكەن لەبەردەم دەنگدەراندا.  رۆژی 3ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەچێت، ئێستا خەڵكی ئەمریكا تەنیا (35) رۆژ لەو رووداوە مێژوییەوە دورن. لەبارەی میتینگەكەوە •    میتینگەكە لەلایەن (كریس والاس) پێشكەشكار لە تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز" بەڕێوەدەبرێت، دەستەی سەرپەرەشتیاری میتینگ لەلایەن لیژنەیەكی ناحزبییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت. •    كاتی تەرخانكراو بۆ میتینگەكە تەنیا (90) خولەكە. •    لەم ماوەیەدا لەسەر (6) بابەت ترەمپ‌و بایدن گفتوگۆ دەكەن. •    هەریەكەیان ماوەی (15) خولەك كاتیان هەیە بۆ قسەكردن. •    هەریەكە لە كاندیدەكان دەبێت لەماوەی تەنیا (2) خولەكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە ئاڕاستەیان دەكرێت بەر لەوەی كۆمێنت لەسەر قسەی یەكتر بدەن.  ئەو شەش تەوەرەی كە دیاریكراون لە یەكەمین میتینگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ترەمپ‌و بایدن قسەی لەسەر بكەن ئەم تەوەرانەن: •    بەڵای كۆرۆنا •    دادگای باڵا •    ئابوری •    توندوتیژی لە شارەكانی ئەمریكا لەسەر بنەمایی رەگەزیی •    مێژووی هەردوو كاندیدەكە •    خاوێنی هەڵبژاردنەكان لیژنەی سەرپەرەشتیاری میتینگ دەڵێ ئەگەر هەیە لە دوا ساتەكاندا بەهۆی روداوەكانی ئەم دواییەی ئەمریكاوە گۆڕانكاری بەسەر تەوەری گفتوگۆكاندا بێت، بەتایبەتیش توندوتیژی پۆلیس‌و مردنی (روس بادر جینسبێرگ) دادوەری دادگای باڵا‌و ئەو كاندیدەكەی كە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.  دوای میتینگەكەی ئەمشەوە، ترەمپ‌و بایدن دوو جاری تر میتینگ دەكەن، یەكێكیان رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری داهاتوو لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت، ئەوی تر لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر لە شاری ناشفیڵ لە ویلایەتی تینیسی. لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری داهاتووش لە (سولت لیك ستیڤی) لە ویلایەتی یوتا، میتینگی تەلەفزیۆنی لەنێوان (مایك پێنس) جێگری ترەمپ‌و (كامالا هاریس) جێگری جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت.  بۆچی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە ؟ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت جیهان بەدەست قەیرانی گەورەی كۆرۆناوە دەناڵێنێت، قەیرانێك لە لە ساڵی 1918و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئیسپانییەوە، جیهان روداوەی لەوشێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە.  جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكا دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:  •    رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە كاریگەری گەورەی لەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە دروستكردووە، زۆرێك لە دیدارو كۆبونەوەكانی تایبەت بە بانگەشە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمریكا كۆنگرەی گەورە رێكدەخرا بۆ هەڵمەتی بانگەشەكردن. •    سەرباری ئەمە شێوازی دەنگدان بەشێوەی راستەوخۆ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێكی زیاتر دەخایەنێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت راگەیاندنی ئەندامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە كاتێكی زیاتری دەوێت.  •    خەڵك ترسیان هەیە سیناریۆی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2000 دووبارە ببێتەوە، كاتێك راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ماوەی (36) رۆژی خایاند، ئەمەش بەواتای ژمارەیەكی زۆر شەڕی یاسایی دێت لە دادگاكان لەسەر بنەماكانی دەنگدان، لە ساڵی 2020دا زیاتر لە (190) سكاڵای یاسایی لە (43) ویلایەت بۆ دادگاكان بەرزكراونەتەوە. •    سەرباری ئەمە، دادگای باڵای ئەمریكا خۆی بوەتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان دیموكرات‌و كۆمارییەكان، مردنی خاتوو (رۆس بادر گینسبێرگ) بووە هۆی چۆڵیبوون پۆستێكی گرنگ لە دادگای باڵا، ترەمپ دەیەوێت كەسێك لە رەوتی پارێزگاران لە شوێنەكەی دابنێت، ئەگەر ئەمە روبدات ناڕەزایەتی ئەمریكییە لیبڕاڵەكانی لێدەكەوێتەوە، چونكە ترسیان هەیە ئەو مافانە لەدەستبدەن كە لەپێناویدا خەباتیان كردووە. •    لەلایەكی ترەوە ترەمپ گومانی لە شەرعیەتی دەنگدان هەیە لەرێگەی بەریدەوە، دەڵێ ئەمە ساختەكاری لێدەكەوێتەوە، سەرباری ئەمە ترەمپ رەتیدەكاتەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات رادەستبكات ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدۆڕێنێت، ئەمەش روداوێكە كە لە هیچ هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا روینەداوە.  


  درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان (413 ملیار) دیناری بۆ موچەی مانگی نیسان لەبەردەستەو چاوەڕێی (320 ملیار) دینارەكەی بەغدایە تا بە لێبڕینی (18%)ەوە موچە دابەش بكات. كۆتای مانگی ئەیلولەو تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی نیسانی دابەش نەكردووەو چاوەڕەوانی پارەكەی بەغداد (320 ملیار) دینارەكەیە تا موچە دابەش بكات. هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند: بەدواداچوونمان بۆ دواكەوتنی موچە كردووە، حكومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار) دیناری ئامادەیە بۆ موچە، چاوەڕێی پارەكەی بەغداد دەكات، بۆ ئەوەی بە لێبڕینی (18%)ەوە كە دەكاتە (161 ملیار) موچەی مانگی نیسان دابەش بكات، كە كۆی موچە بە لێبڕینی (18%) ەوە دەكاتە (733 ملیار) دینار لە كۆی (895 ملیار) دینار. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17/8/2020 موچەی مانگی رابردووی دابەشكرد، بۆیە تا ئێستا (44) رۆژە، حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی دابەش نەكردووە. دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە (14) مانگی تەمەنیدا كابینەی نۆیەم (12) موچەی دابەشكردووە، وەزیری ئاوەدانكردنەوە مانگی ئەیلولی ئەژمار نەكردووە، كە ئێستا لە كۆتایی مانگی ئەیلولداین و هێشتا موچەی مانگی نیسان دابەش نەكراوە، واتا حكومەت موچەی شەش مانگ قەرزاری موچەخۆرانە مانگەكانی ( 4، 5، 6 ، 7 ، 8 ، 9) واتا سێ مانگی پاشەكەوتی كابینەی پێشووەو سێ مانگی ئەم كابینەیە. ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕەوانی پارەكەی بەغدایە كە (320 ملیار) دینارە، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتیعێراق تا ئێستا دەستی نەكردووە بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول و باس لە دواكەوتنی موچە دەكرێت، سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند: ئەگەرچی پێشتر لە 17-18ی مانگ موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكرا، بەڵام حكومەت راستە كێشەی یەدەگی دارایی هەیە بەڵام دەیەوێت موچەی تەواوی وەزارەتەكان بخاتە سەری مانگەوەو هەروەك چۆن مانگی رابردوو وای كردوو لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا موچەی تەواوی وەزارەتەكانی دابەشكرد. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، هەر كات بەغداد بڕیاری دابەشكردنی موچەی دا كە ئەگەری زۆرە پێنج شەمم بێت، ئەو كات پارەیكەی هەرێمیش دەنێرێت، چونكە پارەكەی هەرێم لە چوارچێوەیموچە دایەو سێەم وەزارەتە لە ناو لیستی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی عێراقدا. بە پێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، حكومەتی عێراق (320 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام ناردنەكە سێ جارە نەك سێ مانگ، بۆیە عێراق یەك جار پارەكەی ناردووەو تا سەری ساڵ دوو جاری تر دەینێریت، بۆیە چاوەڕوانیش دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تەنها دووجاری تر موچە دابەشبكات.    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شەڕێكی نوێ لە باشوری قەوقاز دەستێكرد، ئەمە دەرگای ئابوری ئاسیایە بەڕووی ئەوروپادا، دوو هێڵی گواستنەوەی نەوت‌و غاز دەكەونە نزیك شوێنی شەڕەكە، توركیا دەیەوێت جێ پێی خۆی لە قەوقاز بكاتەوە‌و كارتێكی نوێى لەبەرامبەر روسیا دەستكەوێت، ئێران ئێستا بای داوەتەوە‌و چیتر پشتگیری لە ئازەربایجان ناكات، خەونی ئەوروپییەكان بۆ دەستبەرداربوونی لە وزەی روسیا لەبەردەم مەترسیدایە، كێشەی هەرێمی كەرەباخ‌و لێكەوتە سیاسی‌و ئابورییەكانی لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە. شەڕێك بە رەهەندی جیهانییەوە  دوێنێ پێكدادان لەنێوان سوپای ئازەربایجان‌و ئەرمینیا رویدا، نیكۆل باشنیان سەرۆكی ئەرمینیا دەڵێ ئازەربایجان لەرێگەی تۆپخانەكانی‌و لە ئاسمانیشەوە هێرشی كردوەتە سەر وڵاتەكەیان، ئازەربایجان رەتیدەكاتەوە‌و دەڵێ سەرەتا ئەرمینیا هێرشی كردووە‌و ئەوان وەڵامیان داوەتەوە. شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە كە ئەمڕۆش بەردەوام بوو، هەرزوو لەسەر ئاستی جیهان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. تەقینەی شەڕی دوێنێی ئەم دوو وڵاتە دوای لێدوانێكی هەفتەی رابردووی ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان دێت كە وتی:" لە دانوستانەكان سەبارەت بە كەرەباخ دەكشێینەوە‌و مافی ئەوەمان هەیە كێشەكە بەرێگەی سەربازی چارەسەر بكەین".  بەڵام تەقینەوەی كێشەكانی ناوچەی قەوقاز زۆر لەوە گەورەترە بەتەنیا كێشەی نێوان دوو دەوڵەت بێت كە سنوری هاوبەشیان بەیەكەوە هەیە، بەڵكو ململانێی ژمارەیەك وڵاتە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچەیەدا كە دەرگای كیشوەری ئاسیایە بەڕووی ئەوروپادا.  توركیا‌و روسیا لە شەڕی كەرەباخدا شەڕەكە رەهەندێكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، روسیا كە چەك بە ئازەربایجان‌و ئەرمینیاش دەفرۆشێت، لەم كێشەیەدا پاڵپشتی لە ئەرمینیا دەكات. توركیاش كە لەبارەی رەشەكوژی ئەرمەنەكانی لە ساڵی 1915 لەسەر دەستی عوسمانییەكان كێشەی لەگەڵ ئەرمینیادا هەیە، پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات‌و ئەم پاڵپشتییەش نوێ نییە‌و مێژوویەكی كۆنتری هەیە. هەندێك پەیوەندی بەهێزی نێوان توركیا‌و ئازەربایجان بۆ نزیكی رەگەزیی دەگێڕنەوە، بەوپێیەی گەلی ئازەربایجان كە ئازەرین، رەگەزیان توركه، سەرباری ئەمەش گەلی هەردوو وڵات موسوڵمانن، هەرچەند لەڕووی مەزهەبییەوە جیاوازن‌و ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەمەزهەبن‌و توركەكان سوننەن، بەڵام ئەرمینیا خەڵكەكەی مەسیحین. وڵاتانی خۆرئاواش بە گشتی، كە چاویان لە كێڵگەكانی نەوت‌و غازی ئازەربایجانە لە دەریای قەزوین، داوا دەكەن بەشێوەی دانوستان كێشەكە لەچوارچێوەی كارەكانی رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەروپادا چارەسەر بكرێت، كە چەندین ساڵە لەوبوارەدا كاردەكات. دەوترێت ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی داهاتی نەوتەوە، ئازەربایجان سوپاكەی نوێكردوەتەوە‌و چەكی تازەی كڕیوە، لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2014 ئازەربایجان خەرجی سەربازی خۆی (20 هێندە) زیادكردووە، پێشتر سەرۆكی ئازەربایجان لەمبارەیەوە بە شانازییەوە وتی:" تەنیا خەرجی سەربازیمان لە هەموو بودجەی ئەرمینیا زیاترە"، ئەرمینیاش سەرباری ئەو دۆخە ئابورییە سەختەی بەهۆی داخستنی سنورەكان لێی لەلایەن ئازەربایجان‌و توركیاوە توشی بووە، بەڵام هەوڵیداوە پێ بەپێی ئازەربایجان پەرە بە توانا سەربازییەكانی بدات لەرێگەی كڕینی چەكەوە لە روسیا، واتە روسیا هەردوو لایەنی شەڕەكە لەناوچەی باشوری قەوقاز پڕچەك دەكات. روسیا لە ئاستی بایەخی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ كێڵگە نەوتەكانی ئازەربایجان لە دەریای قەزوین تێگەیشتووە، چونكە لەگەڵ رودانی شەڕەكەی دوێنیدا لەنێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیا، وڵاتانی خۆرئاوا مەترسییان لێ نیشت شەڕەكە لەو ناوچەیەدا پەرەبسەنێت كە دەكەوێتە نزیك هێڵی بۆرییەكانی باشوری قەوقاز لە ئازەربایجان، لەم ناوچەیە دوو هێڵ هەن كە نەوت‌و غاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازنەوە، ئەوروپییەكان كە خوازیارن دەستبەرداری وزەی روسیا ببن، نایانەوێت ئەم هێڵانەی ئازەربایجان زیانیان پێبگات، بەتایبەتیش كە هەردوو هێڵەكە بەلای هەرێمی كەرەباخدا تێدەپەڕن، هەروەك شەڕەكە زیان بە خەونی ئەوروپییەكانیش دەگەیەنێت بۆ دروستكردنی ژمارەیەكی زیاتری هێڵی گواستنەوەی نەوت‌و غاز لە ئازەربایجانەوە، كە ئەمە یەكێكە لە پرۆژەكانیان بۆ داهاتوو.  توركیا سەرباری كێشە مێژوویەكەی لەگەڵ ئەرمینیا سەبارەت بە كەیسی رەشەكوژی ئەرمەنەكان، لەڕووی ئابورییەوە چاوی لەسەر ناوچەكەیە، سەركردەكانی توركیا دەیانەوێت ئاستی پشتبەستنی وڵاتەكەیان بە وزەی روسیا كەمبكەنەوە، ئەو غازەی كە توركیا لە روسیای دەكڕێت نرخەكەی نزیكەی یەك هێندە زیاترە لەوەی كە روسیا بە یەكێتی ئەوروپای دەفرۆشێت، بۆیە ئازەربایجان وەكو گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری نەوت بۆ یەكێتی ئەوروپا، جێگرەوەیەكی گرنگە بۆ توركیا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە گرێبەستی غازی توركیا لەگەڵ روسیا لە ساڵی 2021دا چاوەڕێی نوێكردنەوەیە، توركیا ئەگەر بتوانێت جێ پێی خۆی لەناوچەی قەوقازدا بكاتەوە، كارتێكی بەهێزی دەستدەكەوێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ روسیا لە داهاتوودا. بۆ ئەم شەڕە ئابورییە گەورەیە، توركیا بۆ پاڵپشتیكردن لە ئازەربایجان سود لە كێشەی توركە ئازەرییەكانی هەرێمی كەرەباخ وەردەگرێت، قسەوباس هەیە توركیا "مورتەزەقەی سوریا"ی رەوانەی ئازەربایجان كردووە بۆ پاڵپشتیكردن لە سوپای ئەو وڵاتە دژ بە ئەرمینیا. توركیا كە لەسەر كێشەی سوریا‌و لیبیا لەگەڵ روسیا ناكۆكە، بە دەستوەردانی لە كێشەی هەرێمی كەرەباخدا دەرگایەكی تری ناكۆكی لەگەڵ روسیا كردەوە. ئێران‌و كێشەی كەرەباخ هەڵوێستی ئێران لە كێشەی ئەمجارەی هەرێمی كەرەباخدا جێگەی سەرسوڕمانە، ئێران كە پێشتر لە ململانێی نێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیادا پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكرد، ئێستا هەڵوێستی گۆڕیوە‌و پاڵپشتی ئەرمینیا دەكات. ئەمە لەكاتێكدایە پەیوەندییەكی رۆشنبیری‌و رەگەزی‌و ئاینيی بەهێز لەنێوان ئێران‌و ئازەربایجاندا هەیە، نزیكەی یەك لەسەر سێی خەڵكی ئێران لە رەگەزی ئازەرین، زۆرینەی گەلی ئازەری شیعەمەزهەبن‌و پەیڕەوی لە مەرجەعە ئاینییەكانی ئێران دەكەن لە قوم‌و تەورێز. حوەزیرانی رابردوو ژمارەیەك خەڵكی ئازەری لە تارانی پایتەخت خۆپیشاندانیان كرد بۆ پاڵپشتیكردن لە ئازەربایجان لە شەڕەكەیدا دژی ئەرمینیا، دەسەڵاتدارانی ئێران (10) كەس لە خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركرد. ئێران‌و ئازەربایجان (760 كیلۆمەتر) سنوریان بەیەكەوە هەیە، هەردوكیان دەكەونە سەر دەریای قەزوین كە ئەمبارێكی گەورەی نەوت‌و غازە. ناكۆكی نێوان ئێران‌و ئازەربایجان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەسەڵاتدارانی تاران، ئازەربایجان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (10 ملیۆن) كەسە، بەبەشێك لە ئێران دەزانن‌و دەڵێن بەشێكە لە پارێزگای "ئازەربایجان"ی ئێران، ئەمە بابەتێكە كە ئازەربایجان رەتیدەكاتەوە. هەندێك لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن تاران هەوڵی لاوازكردنی ئازەربایجان دەدات بۆئەوەی چیتر ئازەرییەكانی ئێران داوای مافی زیاتری خۆیان نەكەن، سەرباری ئەمە ئێستا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا بەرفراوانتر بووە‌و ئەرمینیا یەكەمین كڕیاری وزەی ئێرانە. لەلایەكی ترەوە ئێران لە پەیوەندییەكانی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت‌و نایەوێت ئیسرائیل لەرێگەی ئازەربایجانەوە بێتە سنورەكانییەوە. لەبالارەی كەرەباخەوە (ناجورنو كەرەباخ) ناوچەیەكی شاخاوییە لەناو خاكی ئازەربایجاندا، زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنین‌و لەلایەن دەوڵەتی ئەرمینیای دراوسێوە پشتیوانیان لێ دەكرێت.  وشەی (ناجورنو) بە زمانی روسی بەواتای "بەرزاییەكان" دێت، وشەی (كەرەباخ)یش بە زمانی ئازەری بەواتای "باخی رەش" دێت. ئەوانەی سەربە نەتەوەیی ئەرمەنن، ناوە ئەرمەنییەكە بۆ ناوهێنانی ناوچەی (ناجورنو كەرەباخ) بەكاردەهێنن كە وشەی "ئارتساخ"ە، ئارستاخ بەواتای "دارستانی ئار" دێت، "ئار" خوداوەندی خۆرە لەلای ئەرمەنە دێرینەكان.  هەرێمی كەرەباخ دەكەوێتە بەشی خۆرئاوای ئازەربایجانەوە، نزیكەی (270 كیلۆمەتر) لە شاری باكۆی پایتەختەوە دورە، روبەری هەرێمەكە نزیكەی (4 هەزارو 400) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە‌و رێژەی 15%ی خاكی ئازەربایجان پێكدەهێنێت. شاری (ستیباناكرت) پایتەختی هەرێمەكەیە كە دەكەوێتە سەر لوتكەی شاخێك بەبەرزی (750 مەتر) لەسەر روی دەریاوە، ئەم شاری لەدوای شۆڕشی بەلشەفی لە ساڵی 1917دا لەسەر ئاسەواری گوندی (خان كندی) دروستكراوە‌و ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (ئیستبانا كیرت) وەكو ئاماژەیەك بۆ رێبەری شیوعی بەلشەفی (ئیستبانا شاهومیان) كە لە گۆڕەپانی ناوەڕاستی شارەكەشدا پەیكەرێكی بۆ دانراوە. بەپێی ئەو سەرژمێریەی كە دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا لە كانونی دووەمی 2016دا كردویانە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەكە زیاتر لە (148 هەزار) كەسە، لەم رێژەیە 95%ی خەڵكەكە ئەرمەنن‌و ئەوەی دەمێنێتەوە لە پێكهاتەكانی ترن. كێشەی كەرەباخ دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهان‌و شۆڕشی بەلشەفی لە روسیا، رژێمی نوێی سۆڤیەت لەسەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوودا لەچوارچێوەی سیاسەتی "پەرتكە‌و زاڵبە"، ناوچەی خۆبەڕێوەبەرێتی لە (ناجورنو كەرەباخ)ی لەناو خاكی كۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی پێشوودا دامەزراند، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنی بوون. جۆزیف ستالین رێبەری سۆڤیەت لە ساڵی 1923 بڕیاریدا هەرێمی كەرەباخ بە شێوەی خۆبەڕێوەبەرێتی بخاتەسەر ئازەربایجان، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەرێمی (ناختشیڤان) كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئازەری بوون لەناو خاكی ئەرمینیا وەكو خۆی هێشتەوە، ستالین ئەمەی كرد بۆ ئەوەی ریشەی ناكۆكییەك لەنێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیا دروست بكات‌و لەو رێگەیەوە وا بكات حكومەتی ناوەندی لە مۆسكۆ بەردەوام دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەدا بڕوات.  بۆیە كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەریدا نەما، ئیتر لە ساڵی 1988 ناكۆكییەكان لەنێوان ئەرمینیا‌و ئازەربایجان لەبارەی خاوەندارێتی ناوچەی كەرەباخ تەقییەوە، كاتێكیش لە ساڵی 1991 هەردوو دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان لە یەكێتی سۆڤیەت وەرگرتەوە، ناكۆكییەكان گەیشتنە لوتكە، ئەم ناكۆكییە یەكێكە لە "ململانێ چەقبەستووەكان"ی دوای سەردەمی سۆڤیەت لەسەر ئاستی جیهان. لەگەڵ روخانی یەكێتی سۆڤیەت لە كۆتاییەكانی ساڵی 1991دا، كەرەباخ خۆی وەكو كۆمارێكی سەربەخۆ راگەیاند، ئەمە دۆخەكەی لە ململانێوە گۆڕی بۆ جەنگێكی گشتگیر‌و لە دەرەوەش دان بە كەرەباخدا نەنرا وەكو "دەوڵەتی ئەمری واقع"، تەنانەت ئەرمینیا خۆشی دانی بە دەوڵەتەكەی كەرەباخدا نەنا. سەرباری ئەوەی ئەرمینیا بەفەرمی دانی نەنا بەسەربەخۆیی ناوچەی كەرەباخدا، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پاڵپشتیكردنی دارایی‌و سەربازی ئەرمەنەكانی ناوچەكە.  ئەوكات حكومەتی ئازەربایجان هێزی نارد بۆ كۆنترۆڵكردنی هەرێمەكە، لەبەرامبەردا ئەرمینیا پاڵپشتی لە ئەرمەنەكانی كەرەباخدا كرد‌و شەڕ دەستی پێكرد‌و كۆتایی بە ژیانی زیاتر لە (30 هەزار) كەس لە ئەرمەن‌و ئازەرییەكانی ناوچەكە هێنا.  جگە لە زیانە گیانییەكان، شەڕەكە دۆخێكی دیمۆگرافی‌و جوگرافی نوێی لە ناوچەكە سەپاند، زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 200 هەزار) كەس لە دانیشتوانی هەرێمەكە بەدوو ئاڕاستەی ئاوارەبوون، زۆرینەی ئاوارەكان كە ئازەرییەكان بوون ئاوارەی ناو ئازەربایجان بوون، هەندێك لە ئەرمەنەكانیش كۆچیان كرد بۆ ئەرمینیا.  لەم شەپۆلی ئاوارەبوونەدا جارێكی تر ئەرمەنەكان بوون بە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی كەرەباخدا، چونكە بەپێی راپۆرتەكان ئەوكات ئازەرییەكان رێژەی 25%ی دانیشتوانی ناوچەكەیان پێكهێناوە‌و دوای شەپۆلی كۆچكردنەكە رێژەیان زۆر كەمیكردووە. ئەرمەنەكان سەرباری ئەوەی دەستیانگرت بەسەر هەرێمەكەدا، حەوت ناوچەی تری ئازەرییان لەسەر سنور كۆنترۆڵكرد بۆ ئەوەی هێڵی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئەرمینیا زامن بكەن، دەوترێت روبەری ئەو ناوچانەی كە ئەرمەنەكان لەسەر سنور دەستیان بەسەردا گرتووە (20%)ی كۆی گشتی خاكی ئازەربایجانە.  ساڵی 1993 لە هەوڵێكدا بۆ راگرتنی شەڕ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (822)ی دەركرد‌و دوای كرد هێزەكانی ئەرمینیا لە كەرەباخ بكشێنەوە، ئەرمینیا پابەندنەبوو بە بڕیارەكەوە.  ساڵی 1994 بەنێوەندگیری روسیا، رێككەوتنی ئاگربەست ئیمزاكرا، بەپێی رێككەوتنەكە كەرەباخو روبەرێكی خاكی ئازەرەكان ناوچەكە، كەوتنەژێر كۆنترۆڵی ئەرمینیا، بەڵام ئەمە كۆتایی جەنگ نەبوو، تائێستاش هەردوو وڵات لە حاڵەتی شەڕدان، چونكە ئەوەی كە كردیان رێككەوتنی ئاگربەست بوو نەك پەیماننامەی ئاشتی.  لەوكاتەشەوە بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەستەوە، چەندین سەرباز لە هەردوولا كوژراون، داخستنی سنورەكانیش لەلایەن توركیا‌و ئازەربایجانەوە كێشەی گەورەی ئابوری بۆ ئەرمینیا دروستكردووە.  لەدوای رێككەوتنی ئاگربەستەوە، رێگاكە گەیشتوەتە بنبەست، ئازەرییەكان خەم بۆ لەدەستدانی خاكی كەرەباخدا دەخۆن كە بە مافی خۆیانی دەزانن، ئەرمەنەكانیش بەهیچ جۆرێك ئامادەنین دەست لە ناوچەكە هەڵگرن. روسیا‌و فەرەنسا‌و ئەمریكا سەرۆكایەتی گروپێك دەكەن بەناوی "مینسك" كە دەكەوێتە ناو رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەوروپاوە، ئەم گروپە كار بۆ دانانی سنورێك دەكەن بۆ ناكۆكییەكانی ناوچەی كەرەباخدا. ساڵی 2006 ئەرمەنەكانی كەرەباخ جارێكی تر هەرێمێكی سەرباخۆییان لەژێر چەتری دەستورێكی نوێدا راگەیاند‌و جیابونەوەی هەرێمەكەیان لە ئازەربایجان راگەیاند‌و شاری (ئیستیانا كریت)یان كرد بە پایتەختی كۆمارە سەربەخۆكەیان. حوزەیرانی 2011 سێرج سەركیسیان سەرۆكی ئەوكاتی ئەرمینیا‌و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان لەشاری (قازان)ی روسیا لەژێر سەرپەرەشتی دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆكی ئەوكاتی روسیا زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر چوارچێوەیەك كە هەردوولا پابەند بكات بە رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێز بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەرەباخ. لە پێنجی تەموزی 2015دا ئازەربایجان رایگەیاند هێزە سەربازییەكانی توانیویانە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەرمینیا بخەنەخوارەوە كە بەمەبەستی هەواڵگری بەسەر ناوچە ئازەرنشینەكانی "تەر تەر"دا سوڕاونەتەوە لەنێوان هەردوو وڵات.  چەند مانگێك دوای ئەم رووداوە پێكدادان لەنێوان هەردوولا زیادیان كرد، دۆخەكە گەیشتە ئاستێك رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەوروپا رایگەیاند، چیتر دۆخەكە بەرگەی لەوە زیاتر ناگرێت.  پەرەسەندنی روداوەكان وایكرد ئازەربایجان لە كانونی یەكەنی 2015دا بۆ جاری یەكەم دوای 20 ساڵ تانكی بەكارهێنا لەدژی هێزی ئەرمەنە سەربەخۆخوازەكانی هەرێمی كەرەباخ.  رۆژی 2ی نیسانی 2016 ئازەربایجان‌و ئەرمینیا یەكترییان تۆمەتباركرد بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست، بەڵام دۆخەكە بەم شێوەیە كۆتایی هات. ئابوری كەرەباخ دانیشتوانی هەرێمی كەرەباخ بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ دابینكردنی بژێوی خۆیان پشت بە كشتوكاڵ دەبەستن، لەمەشدا سود لە ئاوی روبارەكان‌و باران دەبەستن كە لە وەرزی هاوینیشدا دەبارێت، لەم ئاوە وزەی كارەباش بەرهەمهێنراوە. هەندێك كەسیش لە دانیشتوانی ناوچەكە كار لە بواری پەرەپێدانی ئاژەڵ‌و پیشەسازی بچوكدا دەكەن.  دەسەڵاتدارە سەربەخۆخوازەكانی هەرێمەكە یارمەتی دارایی لە ئەرمینیا‌و رەوەندی ئەرمەنی لە تاراوگە وەردەگرن، سەرباری ئەمە ئەمریكا لەژێر كاریگەری لۆبی گروپە ئەرمەنییەكاندا، گەورەترین پشكی یارمەتییە داراییەكانی بۆ وڵاتانی جیهان بە ئەرمینیا دەدات.  دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە هەوڵی راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەدەن بۆ پەرەپێدانی بوارەكانی بیناسازی‌و كانەكانی ئاڵتون‌و مس‌و پەیوەندییەكان‌و بانك‌و هۆتێلەكان‌و پیشەسازی كشتوكاڵی لەنمونەی دروستكردنی شەراب لە كراباخ. زۆرینەی وەبەرهێنەرانی بیانی كە رویان لە كەرەباخ كردبێت لە روسیاو ئەمریكا‌و فەرەنسا‌و بەلیجكا‌و سویسراو ئوسترالیاوە بووە.


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لیژنەیەكیان بۆ پێداچونەوە بە دارایی حزبدا دروستكردووە، داهاتی كۆكراوەی مانگانەی یەكێتی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، بەڵام خەرجی یەك مانگی حزب (5 ملیۆن) دۆلارە، واتە داهاتی یەكێتی مانگانە بەبەراورد بە خەرجییەكەی 50% كورتهێنانی هەیە، یەكێتی بەدوای سەرمایە ونبوەكەیدا دەگەڕێت‌و لێپێچینەوە لە سەرمایەدارو كۆمپانیا‌و هاوبەشە بازرگانییەكانی دەكات، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی تەنیا لەڕووی سیاسییەوە پەرت پەرت نەبووە،  لەڕووی ئابوریشەوە شێواو پەرێشانە، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لە (درەو) بخوێنەرەوە. ئابوری سلێمانی لە سێبەری یەكێتیدا ئەم رۆژانە سلێمانی تەنیا لەڕووی سیاسییەوە پەرت پەرت نەبووە، بەڵكو لەڕووی ئابوریشەوە شێواو پەرێشانە، چەند رۆژی رابردوو سایتی بەناوبانگی "مۆنیتۆری"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردبوو" لە مەرزی پەروێزخان پرۆسەیەكی گەورەی قاچاخچێتی بەڕێوەدەچێت"، یەكێتی كە جڵەوی دەسەڵاتی لەم ناوچەیە بەدەستەوەیە، لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاوە گورزی سیاسی گەورەی بەركەوت، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دوركەوتنەوەی تاڵەبانیەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، لەڕووی ئابورییەوە گورزێكی گەورەتری بەركەوتووە. ئێستا لە سلێمانی‌و سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رۆژانە سەرمایەداری نوێ سەردەردەهێنێت، لەبەرامبەریشدا زۆرینەی خەڵك رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر دەبێت، ئەمە دۆخێكە لە ناوچەیەكدا كە بەناوچەی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكان ناوبانگی دەركردووە، مەترسی هەیە لە هەر ساتێكدا ئەم بارودۆخە بەر لە پارتی، بەڕووی یەكێتیدا بتەقێتەوە، سنوری سلێمانی رۆژانە زەوییەكانی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پارچە پارچە دەكرێت‌و دابەشدەكرێت، لەپشت كۆمپانیاكانەوە بەرپرسانی حزب خۆیان مەڵاسداوە، بەڵام داهاتەكانیان ناگەڕێتەوە بۆ ناو سندوقی حزب. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا ئەو پارەیەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی حزبەكە (5 ملیۆن) دۆلارە، واتا داهاتی مانگانەی یەكێتی بەبەراورد بە خەرجییەكانی بەرێژەی 50% كورتهێنانی هەیە، یەكێتی ئەم كورتهێنانە چۆن پڕدەكاتەوە ؟ (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ بەدوادچوون بۆ پارەكانی حزب‌و رێكخستنەوەی دارایی یەكێتی. لیژنەیەكی سێ كەسیی ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لیژنەیەكی سێ كەسییان بەناوی "لیژنەی جێبەجێكاری ئابوری هاوسەرۆكەكان" دروستكردووە. ئەو سێ كەسەی كە لەم لیژنەیەدان، كار بۆ كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی دارایی یەكێتی دەكەن، هەریەكەیان لەبوارێكدا تایبەتمەندییان هەیە‌و كەسەكان بریتین لەمانە: •    دانا دۆغڵەمەچی (شارەزای بواری غازە) •    هاوڕێ شێخ دارۆ (كوڕی دارۆی شێخ نوری بەرپرسی پێشووی ئیدارەی گشتی یەكێتییە‌و شارەزای بواری ئیدارەیە) •    هیوا ئاوات (شارەزای بواری نەوتە) ئەم سێ كەسە لەماوەی رابردوودا لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە راسپێدراون بەدواداچوون بۆ سەروت‌و سامانی یەكێتی بكەن‌و ئەو كەسانەی ناو حزب دەستنیشان بكەن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی یەكێتییەوە قەبارەی سەرمایەكانی خۆیان گەورەكردووە‌و بەهۆی سەرمایەكەشیانەوە پارێزگارییان لە پێگەی سیاسی خۆیان كردووە لەناو حزبدا. هاوسەرۆكەكان دەیانەوێت لەمەودوا سندوقی دارایی حزب بچێتەوە لای خۆیان، چونكە پێیانوایە دارایی یەكێتی توشی نەزیف بووە‌و دەبێت رێكی بخەوە، سندوقی یەكێتی كە دارایی یەكێتی تێدا بووە، پێشتر لای ئیدارەی گشتی بووە‌و لەوێ لەلایەن بۆردێكەوە بەڕێوەبراوە‌و دلێری سەید مەجید سەرپەرەشتی بۆردەكەی كردووە‌و هەریەكە لە (سالاری ئیدارەی گشتی، شوانەی نۆكان، شێخ ئەحمەدی نۆكان) ئەندامی بۆردەكە بوون، بەڵام بەمدواییە هاوسەرۆكەكان كۆمەڵێك گۆڕانكارییان لە ئیدارەی گشتیدا كردووە‌و ئێستا سندوقەكەی یەكێتی لەژێر چاودێری خۆیاندایە. دوای ئەوەی سندوقی یەكێتییان خستوەتەژێر چاودێری خۆیانەوە، هاوسەرۆكەكان بۆیان دەركەوتووە، ئەو داهاتەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ سندوقەكە زۆر لەوە كەمترە كە چاوەڕێیان كردووە، بۆیە گومانی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی گەورەیان بۆ دروستبووە. ئەوانەی ئاگادارن لە دارایی یەكێتی دەڵێن، كۆمپانیا هەبووە كە بەپارەی یەكێتییەوە كاری كردووە، مانگانە (5 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، بەڵام تەنیا بڕی (500 هەزار) دۆلاری بۆ سندوقی یەكێتی گەڕاندوەتەوە، بەڵام كاتێك زیانی كردووە، زیانەكەی بە یەكێتی بژاردووە. هاوسەرۆكەكان پێیانوایە، بەشێكی زۆر لەوانەی لە ئیدارەی گشتی یەكێتیدا كاریان كردووە، لەسەر گیرفانی یەكێتی قاسەی خۆیان پڕكردووە‌و سندوقەكەی یەكێتییان بەتاڵكردوەتەوە، دەوترێت لەناو ئەوانەدا ئێستا كەسانی (ملیۆنێر) هەیە‌و چەند كەسێكیشیان قەرەبای سەرمایەكەیان گەیشتوەتە سەرو (ملیار) دۆلار. سەرباری ئەمە لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕی (3 ملیار) دۆلاری یەكێتی كە بەپێی بەدواداچوونی لیژنە سێ كەسییەكە لەماوەی رابردوودا بێ سەروشوێن بووە‌و چارەنوسی نازانرێت‌و رەنگە هەندێكی برابێتە دەرەوەی وڵات. بەڵام هەندێك لە یەكێتیەكان پرسیاری ئەوە دەكەن ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن دارایی یەكێتی رێكبخەنەوە لە حاڵێكدا ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی خۆشیان لەو كاروبارە بازرگانیانە تێوەگلاون كە داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ سندوقەكەی یەكێتی. لیژنەكە چی دەكات ؟ بەپێی ئەوەی لەناو یەكێتیدا باسی دەكرێت، كاری یەكەمی ئەو لیژنە سێ كەسییەی كە هاوسەرۆكەكان دروستیان كردووە، سەرەتا لە مەرزە سنورییەكانی (باشماخ‌و پەروێزخان)ەوە دەستپێدەكات، كە ماوەیەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و میدیاكانی دەرەوەش قسەوباسی زۆریان لەسەر دەكرێت. لیژنەكە دەیەوێت لە مەرزە سنورییەكان دەستی ئەو بەرپرسانەی حزب ببڕێت كە كۆمپانیایان هەیە‌و بەبێ ئەوەی هیچ داراییەك بۆ سندوقی یەكێتی بگەڕێننەوە، ناوبانگی حزبەكەشیان لەلای ئەمریكییەكان خراپ كردووە‌و گومانی ئەوەیان دروستكردووە یەكێتی كاری قاچاخچێتی دەكات لەگەڵ ئێران‌و سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێل دەكات. لەلایەكی ترەوە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو لیژنەیەی دروستیان كردووە، كۆتایی بە قۆرخكاری چەند كۆمپانیایەك بهێنن كە لەلایەن ژمارەیەك كارەكتەری یەكێتییەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەمە لەلایەك بڕێكی زیاتری دارایی بۆ سندوقی حزب دەگەڕێننەوە‌و لەلایەكی ترەوە دەیانەوێت بەم هەنگاوە بڕێك لە ناڕەزایەتی سەرمایەدارانی سنورەكە لەدژی حزبەكەیان‌و ئەو كۆمپانیایانەی كە بازاڕیان كۆنترۆڵكردووە، بڕەوێننەوە. دەسەڵاتدارانی یەكێتی دەڵێن ئێستا مانگانە تەنیا (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ناو سندوقی دارایی حزب، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیای (نۆكان) كە بەفەرمی سەربە ئیداری گشتی یەكێتییە خاوەنی (46) كۆمپانیایە‌و لە بوارەكانی (وەبەرهێنان، خزمەتگوزاری نەوت، موڵك، فڕۆكەخانەكان، بازاڕ، كوالیتی كۆنترۆڵ، قەپان، هۆتێل، بەڵێندەرایەتی، گەشتیاریی، كارەبا، جگەرە، مەرزەكان‌و چەند بوارێكی تردا) كاردەكات، هاوسەرۆكەكان مەزەندە دەكەن داهاتی مانگانەی ئەم كۆمپانیایانە پێكەوە بگاتە (25 ملیۆن) دۆلار، بەڵام مانگانە 10%ی ئەم پارەیە بۆ سندوقی یەكێتی دەگەڕێتەوە. یەكێتی‌و كۆمپانیای قەیوان جگە لەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانەی كە بە فەرمی لەژێر چەتری یەكێتیدا بوون‌و بە سەرمایەی یەكێتییەوە كاریان كردووە، بەمدواییە بەشێك لە دارایی یەكێتی كەوتوەتە دەرەوەی چەتری ئیدارەی گشتی‌و چوەتە بواری شەراكەتەوە. ئێستا گەورەترین شەراكەتی یەكێتی لەدەرەوەی كۆمپانیای نۆكان، لەگەڵ گروپی كۆمپانیاكانی "قەیوان"دایە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو)یان داوە، ساڵی 2009 پاڵاوگەی نەوتی بازیان رێژەی 100%ی پشكەكانی موڵكی یەكێتی بووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە دواتر بووە بە پرۆژەیەكی شەراكەت لەنێوان یەكێتی‌و كۆمپانیای قەیواندا، لەم شەراكەتەدا یەكێتی رێژەی 51%ی پشكەكانی هەبووە‌و كۆمپانیای قەیوانیش رێژەی 49%ی پشكەكانی هەبووە، ئێستا ئەم هاوكێشەیە گۆڕانكارییەكی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، رێژەی 100%ی پشكەكانی پاڵاوگەی نەوتی بازیان موڵكی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانە. ئەو لیژنە سێ كەسییەی كە هاوسەرۆكەكان بۆ پێداچونەوە بە دارایی یەكێتی دروستیان كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێك لە كارەكانی بریتییە لە پێداچوونەوە بەو شەراكەتەی كە ئیدارەی گشتی یەكێتی لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان كردویەتی لە كێڵگەی نەوتی بازیاندا. بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لەماوەی ساڵانی 2006 بۆ 2020 كە ماوەی (14 ساڵ) دەكات، كۆمپانیای قەیوان لەبواری بازرگانی نەوتدا تەنیا كەمتر لە (500 ملیۆن) دۆلاریان بە یەكێتی داوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو دەرەنجامانەی كە لیژنەی هاوسەرۆكەكان پێی گەیشتووە، دەبوو بڕی ئەو پارەیەی كە لەماوەی ئەو (14 ساڵ)ەدا قەیوان بە یەكێتی داوە بگەیشتایەتە زیاتر (4 ملیار) دۆلار.  لەسەر بنەمای ئەم پێداچونەوانە، یەكێتی دەیەوێت شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان بگۆڕێت، كە ئێستا زەبەلاحترین كۆمپانیای سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتییە‌و زۆربەی بوارەكانی كاركردنی لە سنورەكەدا كۆنترۆڵ كردووە. چیرۆكی یەكێتی‌و كۆمپانیا سەرەتای بە كۆمپانیابوونی حزب لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، ئەوكات جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم كەس بووە بیری لەوەكردوەتەوە حزب كۆمپانیای هەبێت‌و بتوانێت لەڕێگەی بارزگانییەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، وەكو باسدەكرێت لەم بیرۆكەیەدا تاڵەبانی باوك سەرسام بووە بە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین كە ئەوكات خاوەنی ئابورییەكی گەورە بووە. یەكێتی لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كۆمپانیای (نۆكان)ی دروستكرد، (نۆكان) تەنیا كۆمپانیایەك نەبوو، دواتر بوو بە زنجیرەیەك كۆمپانیا، بۆ نمونە لە كەرتی بیناسازیدا نۆكان ژمارەیەك كۆمپانیای دروستكردبوو بەناوەكانی (راز، دەرگەزێن، توژەڵە، رەزگە، قوباد، شكۆفە، رێكۆ، چیا، ئیرۆن)‌و چەندین كۆمپانیای تر كە ساڵانە پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی پەیدا دەكرد. كە نەوتیش دۆزرایەوە، كۆمپانیای نۆكان لە كەرتی وزەشدا ژمارەیەك كۆمپانی دروستكرد، لەوانە (مەهد، وزە، زەوی، باوان)‌و چەند كۆمپانیایەكی تر كە لەبواری نەوتدا كاریان دەكرد‌و پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی كۆدەكردەوە. كاتێك قسەوباس لەسەر كۆمپانیاكانی حزب زیادیان كرد، هاوكات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەكان لەسەر دارایی حزب، كۆمپانیای نۆكان بیری لە دروستكردنی كۆمپانیایەكی ئەمنی كردەوە‌و بۆ پارێزكاریكردن لە زنجیرە كۆمپانیاكانی، كۆمپانیایەكی ئەمنی بەناوی "داهۆڵ" دروستكرا. كۆمپانیای نۆكان چووە ناو بواری بازرگانی ئۆتۆمبیلیشەوە، لەم بوارەدا كۆمپانیایەكی دروستكرد بەناوی (كارزۆن)، ئەم كۆمپانیایە ئۆتۆمبیلی بۆ سنوری زۆنی سەوز هاوردە دەكرد‌و ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی دابین دەكرد. تاوەكو ساڵی 2016، نۆكان كۆمەڵێك كۆمپانیای تری دروستكرد كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاریان دەكرد لەوانە (هوما، كەڕنت، كوردستان، سایكس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازكۆ). بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، تاوەكو ساڵی 2016 كۆمپانیای نۆكان (16) كارگەی هەبووە كە لەبواری پیشەسازی لەوانە دروستكردنی (PVC)‌و خشتی سورو بەرهەمهێنانی خوێ‌و دروستكردنی جلوبەرگ‌و چەند بوارێكی تر. نۆكان چەندین پرۆژەی تری لەناو شاری سلێمانیدا هەبوو لە كەرتی هۆتێل‌و چێشتخانەكاندا، لەوانە (ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، ئەزمەڕ پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان). لە كەرتی فڕۆكەوانیشدا، كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی جێ پەنجەی خۆی دانا‌و دوو كۆمپانیای بەناوەكانی (ئەزمەڕ ئایەر)‌و (هۆما تراڤڵ) دروستكرد. ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و سكیوریتی‌و هێڵی ئینتەرنێت‌و جگەرەو بوارەكانی تر. كۆمپانیای نۆكان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرا، گرێبەستی پرۆژەكانی وەردەگرت، ئابورییەكی گەورەی بۆ حزب دروستكرد. دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، ساڵی 2016 یەكێتی دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانی‌و جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی‌و بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێر گشتی، دوو جێگرەكەی سكرتێر رەوتێكیان لەناو یەكێتیدا بەناوی "ناوەندی بڕیار" راگەیاند، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە دارایی حزب بوو. ئەوكات باڵی ناوەندی بڕیار لە بەیاننامەیەكدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵباتی تاڵەبانییان تۆمەتباركرد بەوەی یەكێتییان كردووە بە هێزێك بۆ "تاڵانكردنی نەوت‌و هەڵلوشینی سەروەت‌و سامانی خەڵك"‌و دارایی یەكێتییان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان دلێری سەید مەجید بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی بوو، كە ئەوكات لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نزیك بوو. كۆتایی ساڵی رابردوو، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا دەستكاری مەكتەبی دارایی حزب نەكراو وەكو خۆی تائێستا لای دلێری سەید مەجید ماوەتەوە، دلێر بەهۆی ئەوەی ئەوەی ساڵانێكە دارایی یەكێتی لایە، لەناو حزبدا نازناوی "پیاوی پارەكە"ی لێنراوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی یەكێتی دەبێت بەرپرسی مەكتەبەكان كەسانێك بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن، دلێری سەید مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، ئەندامە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی دارایی لاببرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارە نەدراوە.  


راپۆرتی: پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدانی لەسەر دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ 2020/10/10 دواخست. بڕگەی " فرەبازنەیی هەڵبژاردن" لە نێوان كوتلەكانى ناو پەرلەمانی عێراقدا  ناكۆكی لەسەرە، بەو هۆیەوە تا ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە بەتەواوەتی یاساكە یەكلا بكاتەوە، چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكان لەناو پارێزگاكاندا راو بۆچونی جیاوازی لەسەرە. پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن كە تایبەتمەندە بە هەڵبژاردنەكان، راپۆرتێكی لەسەر " تۆماری دەنگدەران " و "فرەبازنەیی" لە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خستوەتە روو.  پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌:  پرۆژه‌ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە رۆژی‌ 29/12/2019 ده‌نگی له‌سه‌ر درا، له‌ نۆ بەش و پەنجا ماددە پێکهاتووە. له‌م راپۆرته‌دا تەنها تاووتوێی دوو پرسی سەرەکی ناو ئەو پرۆژە یاسایە  ده‌خه‌ینه‌ڕوو، لەبەرئەوەی ئەم دوو پرسە کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەنجامەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەکە هەیە.  یەكەم: تۆماری ده‌نگده‌ران تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری یان ئەلەکترۆنی •    لە هیچکام لە پێنج مادەکەی (م ١٧ - م٢١) به‌شی شه‌شه‌می پرۆژه‌ یاساكه‌، کە تایبه‌ته‌ به‌ قۆناغی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، ئاماژەی‌ به‌ تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری نه‌كراوە‌و جارێكی تر تۆماری فۆرمی خۆراك كراوه‌ته‌وه‌ به‌ بنه‌ما بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنەکە. •    لە (م١٧/ب١)دا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە تۆماری ئەلەکترۆنی کراوەو تێیدا هاتووە كە (پێویستە كۆمسیۆن ئەو دەنگدەرانە تۆمار بكات كە ئەم یاسایە مەرجەكانی دیاریكردووە.)، کاتێک لە (م٥/ب٤)ی پرۆژەیاساکەدا سەیری مەرجەکانی دەنگدەر دەکەین دەبینین یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە هەڵگری (کارتی دەنگدانی ئەلەکترۆنی) بێت. لە کاتێکدا ئه‌گه‌ر بریاربێت تۆماری بایۆمەتری به‌كاربێت ئه‌وا پێویسته‌ ده‌نگده‌ر لە رۆژی دەنگداندا كارتی بایۆمەتری پێبێت نه‌ك كارتی ئه‌لكترۆنی، وەکئەوەی لە ده‌نگدانی تایبه‌تدا كارتی بایۆمەتری كراوه‌ به‌ مه‌رج (م ٣٩)‌. •    ماده‌ی (39) بڕگه‌ی (پێنجه‌م)‌ خاڵی (سێیه‌م) ئاماژه‌ی داوه‌ به‌ به‌راوردی په‌نجه‌ مۆری ده‌نگده‌ری تایبه‌ت و گشتی له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا، ئه‌م برگه‌یه‌ بۆ خۆی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمسیۆنی عێراق سێرڤه‌رێكی تایبه‌ت نیه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجەم په‌نجه‌ مۆره‌كان و سرینه‌وه‌ی په‌نجه‌ مۆری دوباره‌، واتا پێویسته‌ ئامێری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر راسته‌وخۆ به‌سترابێته‌وه‌ به‌ سێرڤه‌رێكی تایبه‌ته‌وه‌و له‌ رێگه‌ی سێرڤه‌ره‌كه‌وه‌ راسته‌وخۆ په‌نجه‌ مۆره‌ دوباره‌كان بسرێنه‌وەو‌ رێگه‌ی ده‌نگدانیش به‌ده‌نگده‌ره‌كه‌ نه‌درێت. بۆ رێگەگرتن لە دەنگدانی دووبارەك ده‌بێت ئه‌م برگه‌یهی خوارەوە لە پرۆژە یاساکەدا‌ زیاد بكرێت: {بونی سێرڤه‌رێكی یەکخراوی سه‌رتاسه‌ری کە سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی پشكنینی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر  له‌ وێستگه‌دا پێوه‌ی ببه‌سترێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ كاتی پرۆسه‌ی ده‌نگداندا له‌ناو وێستگه‌كه‌دا راسته‌وخۆ په‌نجه‌مۆری دوباره‌ ده‌ربكه‌وێت و رێگه‌ نه‌درێت كه‌س دوجار ده‌نگ بدات.} دووەم: بازنەکانی هەڵبژاردن و سیستمی هه‌ڵبژاردن به‌شی چواره‌م و پێنجەمی پرۆژه‌ یاساكه‌ تەرخانکراوە بۆ "بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن" و "سیستمی هەڵبژاردن" کە لە چوار ماددە پێکهاتووە (م١٣-م١٦).  لەمباتەیەوە ئەم سەرنجانە دەخەینە ڕوو:  1-    سەرەتا پێویستە سیستمی هەڵبژاردنەکە وەک ناو بهێنرێت.  2-    دەبێت هەموو رەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەو سیستمەی هەڵبژاردن، کە لە یاساکەدا ناوی هاتووە، لە ناو ماددەو بڕگەکانی تردا رەنگبداتەوە و تەواوکەری ناوەکە بێت نەک ناکۆک بێت لەگەڵیدا.. بۆ نموونە: ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە پرۆژه‌ یاساكه‌دا هاتووە بە ناو (براوەی یەکەم)ە، واتە دەبێت هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن یەک کورسی/ یەک نوێنەری هەبێت، بەڵام ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی نوێنەرایەتی لە ناو بازنەکەدا لە یەک کورسی زیاتر بێت لەوکاتەدا دەچین بەرەو لقێکی تری سیستمی زۆرینەی فرەیی کە ئەویش پێیدەوترێت (یەک دەنگی نەگوێزراوە). بە رەچاوکردنی ئەو هەڵکەوتەیەی یەکە کارگێڕییەکانی هەر ١٩ پارێزگاکەی عێراق پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەی حزبە خاوەن چەکدارو پارەدارە سیاسییەکان هەیانە، ئەوە بە گونجاو دەزانین کە:  ١/ قەزای ناوەندی پارێزگاکان و ئەو قەزایانەی دوو کورسی یان زیاتریان بەردەکەوێت بکرێنە (یەک بازنەی فرە کورسی/ نوێنەرایەتی) وپاڵێوراوەکانیان بە سیستمی (یەک دەنگی نەگوێزراوە) کورسییەکان ببەنەوە.  بەڵگەمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە زەحمەتە بتوانرێت لەناو سنوری یەک قەزای گەورەدا، کە زیاتر  لە کورسییەکی بەردەکەوێت، دیزاینی جەند بازنەیەکی هەلیژاردن بکرێت و هاوکات بتوانرێت رێگە لە کاری تەزویریش بگیرێت.  ٢/ ئەو یەکە کارگێڕیانەی بە تەنها یان لەگەڵ قەزای تردا یەک بازنەی (یەک کورسی/ یەک نوێنەرایەتی) پێکدەهێنن ئەوە بۆ خۆی سیستمی براوەی یەکەمی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.    ئامادەكردنی   ئارام جەمال ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن   دانا جەمیل،   شارەزا لە بواری هەڵبژاردن


ئامادەكردنی: سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانەسروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێم بڕی  ٥٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیای كار گروپ خەرج دەكات، كە كۆمپانیاكە تەنها لە لە پاڵاوتنی نەوتدا ٤ملیارو ٩٦٤ملیۆن دۆلاری قازانجكردووە... حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێدانی لە سەدا سەدی ٪١٠٠پشکەکانی کێڵگەی خورمەڵە بە کار گروپ بۆ ئەوەی پەرەپێدان و گەشپێدان وەبەرهێنان و دەرهێنانی کرود و پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوتی تیدا بکات ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان  بەڵام لە ئابڕووچونێکی بێ وێنەدا حکومەتی هەرێم لە ماوەکانی پێشودا بڕی ٥٢٤.٠٠٠،٠٠٠ پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن دۆلار دەدات بە کار گروپ بۆ پەرەپێدان و گەشە پێدان لە کێڵگەی خورمەڵە لە هیچ یاسایەکدا نیە کە کێڵگەیەک بدەیت بە پشکی لە سەدا سەد بە کۆمپانیایەکی بواری نەوت حکومەت بێت و پارەیەکی وا زەبەلاح بدات بە کۆمپانیاکە بەڵام ئەمە ڕویدا لە هەرێمی کوردستان ،بۆ بەرقەرار کردنی شەفافیەت و چاکسازی لە بواری نەوت دا هەر لایەنێک دەیەوێیت بەدوادچوون بکات بۆ ئەم ئابڕووچون و بەهەدەردانە من ئامادەم هەموو بەڵگەکان لە ناو قاعەی پەرلەمان لە بەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە ڕادەستی بکەم .. جگە لەم ئابڕووچونە لێرەوە تیشک دەخەینە سەر داهاتی پاڵاوگەی کەلەک بۆ ئەوەی هەموو لایەک بزانێت تەنها لە ڕیگەی ئەم پاڵاوگەیەوە  کار گروپ چەند ملیار دۆلاری قازانج کردەوە لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی هەرێمی کوردستان .. کاتێک کۆمپانیای کار گروپ پاڵاوگەی کەلک (خەبات) دروست دەکات ،وەزارەتی سامانەسروشتیەکان گرێبەستێکی کرد لە گەڵ کار گروپ بۆ پاڵاوتنی نەوتی خام بۆ دروست کردنی مشتقاتی نەوتی وەک بەنزین و گازویل و نەوتی سپی و نەفتا هتد ،بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت وەزارەتی سامانەسروشتیەکان بڕی ١٧ دۆلار دەدات بە کار گروپ . ئەمە لەکاتێکدا کار گروپ لە گەڵ وەزارتی نەوتی عێراق گرێبەستی کردوە بۆ پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوت بە ١٠ دۆلار .. بەچەند قۆناخێک بە بڕی جیاواز و کاتی جیاواز داهاتی پاڵاوگەکە بەم شێوەی لای خوارەوە ڕووندەکەینەوە :- قۆناخی یەکەم لەسەرتایی دەست بەکاربونی پاڵاوگەیی کار گروپ توانایی  پاڵاوتنی  ٢٠،٠٠٠ بیست هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا  بوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتیەکان دەستی پێکرد  لە مانگی ٧ ی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ سەرتایی ساڵی ٢٠١٠ .  قۆناخی دووەم  بەپێ بەڵگەنامەکانی  وەزارەتی سامانەسروشتیەکان کار گروپ توانایی پاڵاوگەی کەلەک بەرزکردۆتەوە بۆ ٤٠،٠٠٠ چل هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ، لە سەرەتایی ساڵی٢٠١٠بۆ  ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژیکدا بڕی ٤٠،٠٠٠هەزار بەرمیل پاڵاوتوە .. قۆناخی سێیەم /  کار گروپ بەردەوام بوە لە بەرزکردنەوە ئاستی پاڵاوتن لە سەرتایی ساڵی ٢٠١٢ بۆ ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی پاڵاوتنی بۆ هەشتا هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا . قۆناخی چوارەم / لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەست پێدەکات کە بەرهەمهێنانی پاڵاوتن بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبیتەوە بۆ سەد و هەشتا هەزار بەڵام سەد هەزاری بۆ حکومەتی هەرێم پاڵاوتوە ئەو بڕەی تر بۆ پاڵاوتن بوە لە کێڵگەکانی کەرکوک .. بەڵام بە هۆی قەیرانی دارای و هەندێ کێشەوە ناردنی پاڵاوتن لە ساڵی ٢٠١٧ وەستا قۆناخی پێنجەم / ئەم قۆناخە پشتی بە کۆتا ڕاپۆرتی دیلۆیتی ساڵی ٢٠١٩ بەستوە ، لە ڕاپۆرەتەکەدا هاتوە بۆ پاڵاوتنی ٨.٧٣٧،٤٤٤ هەشت ملیۆن و حەوسەد و سی و حەوت هەزار و چوار سەد و چل و چوار بەرمیل بوە داهاتەکەی دەکاتە ١٨٦،٦٢٩،٣٥٥ سەد و هەشتاو شەش ملیۆن و شەش سەد و بیست و نۆ هەزار و سێ سەد و پەنجاو پێنج دۆلار بوە. کۆی گشتی داهاتی بەدەست هاتوو و قازانجی کار گروپ لە پاڵاوتنی نەوت لەو ساڵانەی ئاماژەم پێکرد کە بە پینج قۆناخ ڕوونم کردۆتەوە بریتیە بوە لە (٤،٩٦٤،٠٠٠،٠٠٠ )چوار ملیار و نۆسەد و شەست و چوار ملیۆن دۆلار بوە ، لێرەوە دەبینین بەم جۆرە گرێبەستانە حکومەت دادۆشراوە بۆ کۆمپانیەکی حیزبی ناوخۆی لە بواری نەوتدا ، ڕوون دەبیتەوە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ تەنها بۆ قازانجکردن و دەوڵەمەند کردنی کۆمپانیا حیزبیەکانە نەک ئامانج بۆ زیاد کردنی داهاتی حکومەت و ژیانێکی شایستەبیت بەلکو لە واقیعدا دەبینین پارەی زەبەلاح بۆ کۆمپانیای حیزبی هەیە بەڵام مووچەی مووچەخۆران نیە ..    لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە خورمەڵە ١٧٠،٠٠٠ سەد و حەفتا هەزار بەرمیلە لەم دەرهێنانە چەندی دەست دەکەویت و چەند پارە لە خزمەتگوزاری وەر دەگریت.. یەكێکی تر لە گەندەڵیەکانی پاڵاوتنی نەوت ئەوەیە دوای پاڵاوتن کە دەبوو ئەو بەرهەمە نەوتیانەی  وەک گازویل و نەوتی سپی و دیزل و بەنزین و کیرۆسین و نەوتی ڕەشی پاشماوە ،،دەبوایە بدرایتەوە بۆ حکومەت بەلام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە بازرگانی دەفرۆشریت هەر پێ دەڵین نەوت وبەنزینی کار گروپ .  


(درەو): وتارێک لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی: 🔻 "عێراق ئەو شوێنەیە چەند هەفتەیدا هاتوو ململانێی ئێران و ئەمریکای تێدا دەتەقێتەوە" 🔻 "داخستنی باڵیۆزخانە بەواتای هێرشی ئەمریکا دێت بۆسەر میلیشیا شیعەکان" دەیڤید ئیگناتیۆس لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی پشتڕاستیدەکاتەوە کە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کردووەو هۆشداری پێداوە ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی خۆی لە بەغداد دادەخات ئەگەر حکومەت عێراق نەتوانێت بەر لە هێرشی موشەکی میلیشیا شیعەکان بگرێت بۆسەر ناوچەی سەوز. نوسەر دەڵێ:" داواکارییەکەی پۆمپیۆ تەنگژەیەکی سەختە بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کە تائێستاش دڵخوازی ئیدارەی ترەمپە". نوسەر لە وتارەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، کازمی دەیەوێت پەڕوباڵی ئەو گروپە شیعانە بکات کە بە نوێنەرایەتی ئێران لەناو عێراقدا کاردەکەن، بەڵام نایەوێت ئەم کارە لەسەر حسابی خۆکوژی سیاسی خۆی ئەنجام بدات". لەبەشێکی تری وتارەکەیدا نوسیویەتی:" ئەوەی پومپیۆ وتویەتی لەبارەی ئەوەی ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە عێراق دادەخات، لەڕووی پروپاگەندەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران، بەڵام داخستنی باڵیۆزخانە دەبێت بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ئەمریکا هەڵمەتێکی چڕی هێرشی ئاسمانی بۆسەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق دەستپێبکات". "عێراق ئەو شوێنەیە کە دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێرانی تێدا بتەقیتەوەو ئەمە ببێت بە سوپرایزی مانگی ئۆکتۆبەری بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێران خۆی دەپارێزێت لەوەی لەم وەرزی بانگەشەی هەڵبژاردنەدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئیدارەی ترەمپ ئیستیفزاز بکات، بۆیە بەباشی دەزانێت لە گۆڕەپانی عێراقدا شەڕەکە بکات، گۆڕەپانێک کە دواتری دەتوانێت نکوڵی لێ بکات". نوسەر باسی لەوەکردووە، روبەڕووبونەوەی ئەمریکاو ئێران لە عێراق لە هەموو رویەکەوە مەترسیدارە، ئەگەر هاوڵاتیانی ئەمریکی لە هێرشی میلیشیاکانی سەربە ئێراندا بکوژرێن، پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ دژە هێرش بکات، ئەگەر کازمی هێرش بکاتە سەر میلیشیاکان وەکو ئەوەی پۆمپیۆ داوای لێدەکات، ئەوکات ئێران وەڵام دەداتەوە.. ".


(درەو): وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی سەرکردەکانی شیعەی عێراق کرد، بەوەی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دەکێشێتەوە ئەگەر هێرشە موشەکییەکان بەردەوام بن. ئەو موشەكانەی بەمدواییە ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد دەكرێت، ئەمریكا بەتەواوی نیگەران كردووە. دوێنێ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا، پۆمپیۆ بە بەرهەم ساڵحی راگەیاندووە:" ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنداین و نامانەوێت هیچ ئاڵۆزییەك روو بدات، بۆیە لەوە زیاتر ناتوانین قبوڵی ئەو موشەكانە بكەین كە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەكان دەكرێت لە ناوچەی سەوزی بەغداد". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتویەتی:" ئەو كارانە كاریگەری لەسەر شكانی شکۆی ئەمریكا دەبێت لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە، بۆیە چیتر ئەو دۆخە قبوڵ ناكەین". پۆمپیۆ رایگەیاندووە  ئەگەر هێرشە موشەکییەکان بۆسەر باڵیۆزخانەکان لەناوچەی سەوزی بەغداد بەردەوام بێت، ئەمریكاو ئەوروپاو تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش باڵیۆزخانەکانیان لە عێراق دەکێشنەوە.   ماوەیەکە بەشێوەیەکی چڕ شەوانە گروپە نەناسراوەكان موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد دەكەن، هەندێک لەو موشەكانە بەجۆرێکن تەنانەت سەكۆی دژە موشەک "پاتریۆت" لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا ناتوانێت بەرپەرچیان بداتەوە. ئەمریكا پێیوایە ئەو موشەكانە لەلایەن گروپەكانی حەشدی شەعبی و بەتایبەتیش ئەوانەوە ئەنجامدەدرێن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.  دوێنێ بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی لەگەڵ  زۆربەی سەرکردە شیعییەكانی عێراق كۆبونەوە لەوانە (نوری مالكی، حەیدەر عەبادی، هادی عامری، فالح فەیاز، عەدنان زورفی ...). لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران بە روونی  سەركردەكانی حەشدی شەعبیان ئاگادارکردووە لەوەی، چیتر ئەمریكا ئەو دۆخە قبوڵناكات و پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان بەروونی بە سەركردەكانی حەشدی شەعبی راگەیاندووە، بەرپرسانی حەشدی شەعبی وتویانە ئەو موشەكانە هیچ پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە نیەو كاری تێكدەرانەیە. وەك نیازپاكیەك بەرامبە بە پەیامەكەی ئەمریكا، سەركردە شیعییەكان چەند سەركردەیەكی حەشدی شەعبیان دوورخستەوە كە لەلایەن ئەمریكاوە داواكراوبوون.  كەمێك پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا نیگەرانی دەربڕیوە لەو هەڕەشانەی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەكان دەكرێن لە عێراقداو رایگەیاند:" ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق".


د. عابد خالد رسول   بەرایی لەدوای گۆڕانکارییەکانی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کێشەی ناوچەی جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ جێی بایەخی چەند دەقێکی دەستووری دیاریکراو بوون، وەک مادەی (٥٨)ی دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤ کە ناسراوە بە “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” و مادەی (١٤٠)ی دەستووری فیدراڵیی ساڵی ٢٠٠٥ کە ناسراوە بە “دەستووری کۆماری عێراق”، کە هەریەک لەم دەقانە چەندین ڕێکار و ئامرازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لەخۆ گرتووە، بەڵام لە هیچ دەقێک لەم دەقانەدا واتای تەواو و سنووری جوگرافیی ئەم ناوچانە دیاری نەکراوە، لە ئەنجامیشدا هیچ چەمکێکی یاسایی ورد و پڕاوپڕ بۆ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” گەڵاڵە نەکراوە. ئەم کەلێنەش بووەتە سەرچاوەی چەندین گرفتی یاسایی و پراکتیکی لەبەردەم پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، کە لە لایەک دەرگای ڕاڤەکردنی جیاوازی بۆ ئەو دەزگا و دامەزراوانە خستووەتە سەرپشت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵیان لە جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانەدا هەبووە، وەک “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠” و “دادگای فیدراڵیی باڵا”، لە لایەکی تریش هەریەک لە لایەنە جیاکانی کێشەکە هەوڵی داوە لە بەرژەوەندیی خۆی؛ واتا و سنووری ئەو ناوچانە ڕاڤە و دیاری بکات، هەر ئەم ڕاڤەیەشی کردووەتە بنەمای هەڵسوکەوت و کارکردنی لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەڵکوو هەندێک لایەن ئەم کەلێنەی قۆستووەتەوە بۆ دواخستن و پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانە. ئاشکرایە کە ڕیشەی مێژوویی کێشەی “ناوچە جێناکۆکەکان” دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەتییش دوای لکاندنی ئەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا بە “ویلایەتی موسڵ” ناسرابوون بە عێراقەوە لە ساڵی ١٩٢٥دا، بەڵام مێژووی یەکەمین بەکارهێنانی فەرمی بۆ دەستەواژەی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لەو ساڵەدا لە بڕگەی “ج”ی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” ئاماژە بۆ دەستەواژەی “اڵاراضى المتنازع علیها” کرا([1])، ئەمجا له بڕگەی “دووەم”ی مادەی (١٤٠)ی “دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥”دا ئاماژە بۆ دەستەواژەی “المناگق… المتنازع علیها” کرا([2])، بۆیە لە زمانی عەرەبیدا لەنێوان هەردوو زاراوەی “اڵاراچی المتنازع علیها” و “المناطق المتنازع علیها”، زیاتر دووەمیان بەکار دەهێنرێت، لە زمانی ئینگلیزییشدا بۆ “Disputed Territories” و “Disputed Areas” وەرگێڕدراون، بەڵام لە زمانی کوردیدا لەپاڵ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان”؛ چەند دەستەواژیەکی تر بەکار دەهێنرێت وەک: “ناوچە کێشەلەسەرەکان” و “ناوچە دابڕێنراوەکان” و “ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە هەندێکیان گۆشەنیگای سیاسی و حیزبی تایبەتیان لە پشتەوەیە، هەندێکیشیان تەنها وەرگێڕانن بۆ زاراوە عەرەبییەکە کە “المناگق المتنازع علیها”یە، ئەم توێژینەوەیەش زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” بەکار هێناوە، بەڵام جیاوازییەکان لەمەڕ ئەم چەمکە هەر تەنها ئەم ڕەهەندە زمانەوانییانە نییە، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە بنچینەی ڕاڤەکردن بۆ چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ هەر تەنها مامەڵە لەگەڵکردنێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو شرۆڤەکردنی ڕیشە مێژووییە قووڵ و ڕەهەندی سیاسییە فراوانەکانیشیەتی. ئامانج لەم توێژینەوەیە؛ خستنەڕووی تێڕوانینە یاسایی و سیاسی و مێژووییە جیاوازەکانە لەسەر چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”، کە هاوکات بریتییە لە تێڕوانینی ئەو لایەن و دەزگا جیاوازانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە کێشەی ناوچە “جێناکۆکەکان” و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی، بەتایبەت تێڕوانینی هەریەک لە “حکومەتی عێراقی” و “حکومەتی هەرێمی کوردستان” لەگەڵ “نەتەوە یەکگرتووەکان”، ئەمجا دوای خستنەڕووی ئەو تێڕوانینانە، توێژینەوەکە هەوڵی داوە بەپێی چەند پێوەرێک؛ پێشنیاری دیاریکردنێکی زانستیانە بۆ “چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان” گەڵاڵە بکات، بەم شێوەیە: یەکەم: تێڕوانینی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی بڕیاری کارگێڕیی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری ٢٠٠٥”، ژمارە (١٥٩) لە (١١/١٢/٢٠١١) کە تایبەتە بە “مەرج و دیسپلین و ڕێنماییەکانی پەیوەست بەو کەسانەی حوکمەکانی مادەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە”، ناوچەی جێناکۆکەکان “بریتییە لەو ناوچانەی کە دووچاری تاوان و کردەوە خراپەکانی ڕژێمی پێشوو بوون، کە بریتی بوون لە گۆڕینی دیمۆگرافی و گۆڕینی دۆخی دانیشتووان لە ڕێی ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووان لە زێد و شوێنی نیشتەجێبوونیان و نیشتەجێکردن یان نیشتەجێنەکردنی کەسانی تر لە جێیان، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و بەموڵککردنی بە ناوی کەسانی ترەوە یان سڕینەوەی مافی مامەڵەپێوەکردنیان و بێبەشکردنیان لە مافی کارکردن لە ڕێی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان (تصحیح القومیە)، یان لە ڕێی گۆڕین و یاریپێکردنی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە بە مەبەستی بەدیهێنانی چەند مەرامێکی سیاسی کە خواستی ڕژێمی پیشوو بوون([3])“. ئەم پێناسەیەش کە زۆر بەرفراوانە، لە ناوەرۆکی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە ساڵی ٢٠٠٤” هەڵێنجراوە، مەبەست لەم بەرفراوانیی پێناسەکردنەش ئەوەیە کە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان؛ پارێزگای “بەغدا” و چەند ناوچەیەکی تری ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەرکی زیاتر بکەوێتە ئەستۆی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠”، بە شێوەیەک کە توانای جێبەجێکردنی نەبێت، بەمەش پڕۆسەی “ئاساییکردنەوە” کە یەکەمین قۆناغە لە سێ قۆناغەکەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان (ئاساییکردنە، سەرژمێر، ڕاپرسی)؛ کاتی زیاتر بخایەنێت، هاوکات خەرجیی زیاتر لەوەی پێویست بێت کە بۆی تەرخان کراوە، جگە لەمەش ژمارەی ئەو لایەن و بەرانەش زیاتر بکات کە لەگەڵ کورددا دەکەونە ناکۆکییەوە، هەموو ئەمەش لە پێناو شکستپێهێنانی پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکە بووە. لەبەرامبەر ئەم پێناسە بەرفراوانەدا، “دادگای فیدراڵیی باڵای عێراق”، لە بڕیاری ژمارەی (١١٣)یدا کە لە (٢٩/١٠/٢٠١٧) دەریکردووە؛ پێناسەیەکی زۆر بەرتەسکی پێشنیار کردووە، پوختەی ناوەرۆکی نووسراوەکە لەم سێ خاڵەدا کورت دەبێتەوە([4]): ١. “ناوچە جێناکۆکەکان” کە لە بڕگەی “دووەم” لە مادەی (١٤٠)ی دەستووری ٢٠٠٥ هاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچانەی کە جێی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقین، جا لەبەر ئەوەی برگەی (أ) لە مادەی (٥٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە (دەستووری کاتیی ٢٠٠٤)؛ دانی بە حکومەتی هەرێمدا ناوە وەک حکومەتی ڕەسمیی ئەو ناوچانەی کە لە (١٩/٣/٢٠٠٣) بەڕێوەی بردوون و دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و دیالە و نەینەواوە([5])، بۆیە ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە براون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([6]). ٢. پێوەری ئەوەش کە چ ناوچەیەک جێی ناکۆکییە یان نا؟ بڕگەی (ب) لە مادەی (٥٣)ی دەستووری کاتیی (٢٠٠٤)ە، کە دەڵێت “سنووری هەژدە پارێزگاکە لە قۆناغی گواستنەوەدا بەبێ گۆڕان دەمێنێتەوە”. ٣. ئەو لایەنەش کە دەسەڵاتی دیاریکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی هەیە، حکومەتی فیدراڵیی عێراقە. دیارە ئەم پێناسەیە نە لەگەڵ ڕۆحی دەستوور و دەقەکانی تەبایە، نە لەگەڵ نییەتی یاسادانەریش گونجاوە، نە لەگەڵ ئەو واقیعەش دێتەوە یەک کە لەدوای ڕووداوەکانی (٢٠٠٣)وە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو لەگەڵ لۆژیکیشدا ناکۆکە، چۆن دەکرێت دەستوور لە مادەیەکیدا (مادەی ١١٧) دان بە هەرێمی کوردستاندا بنێت([7])، کەچی دواتر لە مادیەکی تردا (مادەی ١٤٠) بە ناوچەی جێناکۆک لەقەڵەمی بدات! هەر چەندە دادگای فیدراڵیی باڵا دەرکی بەم هەڵەیەی لە دیاریکردنی چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”دا کرد و لە بڕیارێکی تردا کە بە ژمارەی (٤٣) لە (١١/٣/٢٠١٣) دەریکردووە، دەڵێت: “لە تێڕوانی ئێمەدا، زەوییە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە نەبراون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([8])“، بەڵام دواجار ئەم دادگایە لە پێشکەشکردنی پێناسەیەکی ورد بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی سنوورەکەی؛ سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەو بڕیارە نوێیەیدا دەسەڵاتی یەکلاییکردنەوەی هەموو ئەمانەی داوە بە لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠)، دیارە ئەم لیژنەیەش، وەک پێشتر باسمان کرد، پێناسەیەکی هێندە فراوانی بۆ ئەو ناوچانە کردووە کە جێبەجێکردنی مادەکە تەواو ئەستەم دەکات. دووەم: تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان هەر چەندە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی مافی مێژوویی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕەوایەتیی مافی داواکردنی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەری ناکۆکە، بەڵام بەڵگەکانی بۆ دیاریکردنی سنووری ئەم ناوچانە؛ زۆر توندوتۆڵ نین. لە ڕاستییشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا کەمتەرخەمیی گەورەی پێوە دیارە، هەر بۆیە دەبینین وێڕای ئەوەی کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە چەند دامەزراوەیەکی حکومی بۆ کاروباری ناوچە جێناکۆکەکان دروست کراوە، لەوانە: “وەزارەتی کاروباری ناوچە دابڕێنراوەکان لە کوردستان”، کە دواتر بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠) گۆڕاوە بە “دەستەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە” و سەرۆکەکەشی بە پلەی وەزیر دامەزراوە، بەڵام هێشتا هەوڵێکی جددیی ئەوتۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم وەزارەت و دامەزراوانەشەوە بۆ دیاریکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە “جێناکۆکەکان” نییە، تەنانەت ماڵپەری ئەلکترۆنیی ئەم دەستەیەش کە ناسراوە بە “دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە ماڵپەڕێکی زۆر لاوازە و زۆر درەنگ ئەپدەیت دەکرێتەوە، هیچ بەڵگەنامەیەک یان توێژینەوەیەک یان نەخشەیەک یان ئامارێک یان وتارێکی تایبەت بە ناساندن و ژمارەی دانیشتووان و سنوور و پێگەی جوگرافی و مێژووی ناوچە جێناکۆکەکان تیا نییە. لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠)، کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو دەستەیە بریتییە لە “کۆکردنەوە و بەدۆکۆمێنتکردنی بەڵگە و ڕووداوی مێژووی پەیوەندیدار بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان([9])“. بەڵکوو تا ئێستا لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستانەوە پێناسەیەکی فەرمیی ورد و ڕوون بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە، جگە لەو پێناسە گشتی و ئاڵۆزە نەبێت کە لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٠دا هاتووە و دەڵێت: “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئەو ناوچانەن کە لە کوردستان – عێراق بە پێچەوانەی واقعی مێژوویی و جوگرافی دابڕێنراون و ڕێکارەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەیانگرێتەوە([10])“. بەڵام هەروەک وتمان، ئەم پێناسەیە زۆر گشتییە و بەدیاریکراوی ئەو ناوچانە دەستنیشان ناکات کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون. دەکرێت بۆ دیاریکردنی تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، پەنا بۆ سەرچاوەی ناڕاستەوخۆ ببەین، وەک پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە (٢٥/٩/٢٠١٧)، کە جگە لەو ناوچانەی لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون، تا ڕادەیەک لە زۆربەی ناوچانەکانی دەرەوەی هەرێم کە بە جێناکۆک ناسراون؛ ئەنجام درا، ئەو ناوچانەش ئەمانە بوون: لە نەینەوا (شەنگال، بەرتەلە، حەمدانیە، مەخموور، تەلگیف، وانە، ربیعە، عیازیە، بەعشیقە، قەوس، شیخان، زومار)، لە دیالە (خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە)، لە کەرکووک (کۆی کەرکووک، جگە لەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون)، لە سەڵاحەدین (جەبارە و دوزخورماتوو)([11]). ئەم ناوچانە بە درێژایی شریتێکی لێکنەپساو کە نزیکەی (١٠٠٠ کم) دەبێت، هەر لە شەنگالەوە تا مەندەلی، ڕاستەوخۆ لکاون بە باشووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و ژمارەی دانیشتووانی کورد تیایاندا زیاتر لە یەک ملیۆنە. بەکورتی: لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناوچە جێناکۆکەکان (ئەو ناوچانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبات و لەدوای (٢٠٠٣)وە داوای گەڕاندنەوەیان دەکات بۆ سنووری حوکمڕانیی خۆی و ئەم پێداگرییەی هەرێمییش لەسەر گەڕاندنەوەیان؛ سیفەتی جێناکۆکی پێ داون). سێیەم: تێڕوانینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕوانگەی ئەو دەقەی لە مادەی (٥٨)دا هاتووە و ڕێگە بە سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵیی عێراق داوە کە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتیی بێلایەن دەستنیشان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە([12])، “ئەنجوومەنی ئاسایش”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە بڕیارێک دەسەڵاتی بەخشی بە “نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق – UNAMI”، تا بۆ دانانی ڕێکاری پێویست لە پێناو یەکلاییکردنەوەی کێشەکە؛ ڕاسپاردە پێشکەش بە حکومەتی عێراقی بکات([13])، بۆ ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی هەردوو لایەنی کێشەکە (حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق)، لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٨–٢٠٠٩)، “UNAMI” ڕاپۆرتێکی (٤٧٢) لاپەڕەیی لە دووتوێی دوو بەرگدا بە ناونیشانی لە “سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان – Disputed Internal Boundaries – الحدود الداخلیە المتنازع علیها” پێشکەش کرد. بەپێی ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەش، “ناوچە جێناکۆکەکان” لە (١٤) قەزا و (٢) ناحیە پێک هاتووە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون([14]): لە پارێزگای نەینەوا: قەزاکانی (شەنگال، تەلەعفەر، تەلكێف، شێخان، عەقره، حەمدانیە و مەخموور) و ناحیەی (قەحتانیە)، لە پارێزگای کەرکووک: قەزاکانی (ناوندی کەرکووک، دوبز، حەویجە و داقووق)، لە پارێزگای سەڵاحەدین: قەزای “دوزخورماتوو”، لە پارێزگای دیالە: قەزاکانی (کفری و خانەقین) و ناحیەی “مەندەلی”. هەر چەندە لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەندێک لەم ناوچانە؛ “ناوچەی جێناکۆک نین” وەک هەردوو قەزای (عەقرە و مەخموور)، هاوکات ئامادەش نەبوو ئەو ڕاسپاردانە قبووڵ بکات کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە پێشکەش کراون، بەڵام دانانی ڕاپۆرتەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هەوڵیدا بۆ دیارکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە جێناکۆکەکان پاڵپشت بە چەندین بەڵگەنامە و نەخشە و چاوپێکەوتن و سەردانی مەیدانی.   چوارەم: پێوەرەکانی گەڵاڵەکردنی تێڕوانینێکی زانستی بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بەر لە هەموو شتێ، دەبێت ڕەچاوی ئەو ڕاستییە بکەین کە چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان” هەر تەنها چەمکێکی یاسایی و دەستووری نییە، بەڵکوو چەمکێکی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافی و مێژووییشە، بۆیە ناکرێت تەنها بە پێوەری “یاسایی” یان “سیاسی” پێناسەی بکەین، بەڵکوو دەبێت کۆی پێوەرەکان یان زۆربەیان لەم پێناسەکردنەدا ڕەچاو بکەین. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕوای کوردەکانی عێراق، ناوچە کوردستانییەکانی عێراق ئەو ناوچانەن کە لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لە ١٩٢١؛ زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون، بەتایبەتییش بەر لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، بەڵام لە سایەی سیاسەتی خراپی حکومەتە یەکلەدوایەکەکانی عێراق بەگشتی و ڕژێمی بەعسیش بەتایبەتی، بەشێکی زۆر لەم ناوچانە دووچاری گۆڕینی دیمۆگرافی بوون بە ڕاگواستن و دەرکردنی دانیشتووانە کوردەکانیان و بە تەعریبکردن و گۆڕینی ناسنامەیان و بە نیشتەجێکردنی کەسانی تر لە جێیان و بە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و کردنی بە ناوی کەسانی ترەوە، هەروەها بە گۆڕینی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی چڕیی دانیشتووانی کورد تیایاندا. بە درێژایی ئەم ماوەیەش، بەتایبەت لە کاتی هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر کورسیی حوکم لە عێراقدا، کوردەکان لەپاڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی چەکداری دژی ئەم سیاسەتە خراپانە، چەندین جار لەگەڵ حکومەتی عێراقی چوونەتە ناو دانوستان، لە پێناو ڕاگرتنی ئەو سیاسەتانە و داننان بە کوردیبوونی ئەو ناوچانە و بەخشینی مافی بەڕێوەبردنیان بە کورد خۆی، بەڵام هەمیشە ئەم دانوستانانە شکستیان هێناوە و سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی ئەو ناوچانە و دانیشتووانیان؛ بەردەوام بووە. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، بەشێک لەم ناوچانە کەوتنەوە دەستی کورد، دوای دانوستانێکی تری کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس و شکستهێنانی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان” وەک دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەشە ڕزگارکراوانە دامەزرا، بەڵام بەشەکەی تری کە زیاد لە نیوەی ناوچە کوردستانییەکانی عێراقە، لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسدا مانەوە تا ١٩/٣/٢٠٠٣، لەدوای ئەم ڕێکەوتەشەوە، ئەو ناوچانە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لە دەستی بەعسدا مابوونەوە، بوونە جێی ململانێ و ناکۆکیی نێوان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی عێراق”، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم لەپاڵ ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکات بۆ بەر لە سەرژمێریی ١٩٥٧، کاتێک کورد تیایاندا زۆرینەی دانشتووانیان بووە، هاوکات داوای گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر سایەی بەڕێوەبردنی خۆی و لکاندنەوەیان بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات، بەرامبەر بەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، حکومەتی عێراق ئامادە نییە دەستبەرداری بەشێک لەو ناوچانە بێت، بەتایبەت کە هەندێکیان ناوچەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و گاز، هەر لەبەر ئەمەش ئەم ناوچانە لە دەستووری کاتیی ٢٠٠٤ و دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥ بە “ناوچە جێناکۆکەکان” ناوزەند کران، ئەم ناکۆکییەش تەوەرێکی سەرەکیی ئەو کێشانەیە کە تا ئیستا لەنێوان هەردوو لایەندا بەردەوامە. کەواتە بۆ پێناسەکردنی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێناکۆکە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەمەوە ڕەچاوی سێ پێوەر بکەین کە ڕەنگدانەوەی هەرسێ تێڕوانینەکەی “حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان”ە، ئەو سێ پێوەرەش بریتین لەمانە: ١. ناوچەکە بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت. ٣. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت. بە ڕەچاوکردنی هەرسێ پێوەرەکەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین: “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧؛ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.” ئەگەرچی لە ڕووی کردارییەوە هەندێک لەم ناوچانە بۆ ماوەیەک (لە ساڵی ٢٠٠٣-ەوە تا ٢٠١٧) کەوتوونەتەوە دەست هەرێم، وەک کەرکووک و دوزخورماتوو و جەلەولا و هەندێک ناوچەی تر، بەڵام تا ئێستا دان بە گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنراوە. سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ئەم ناوچانەش، ئەو شریتە زەوییە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە باشووری ئەو سنوورەی هەرێمی کوردستانەوە کە تا ڕێکەوتی (١٩/٣/٢٠١٧) لەلایەن حکومەتی ئەم هەرێمەوە بەڕێوە براوە، ئەم شریتە زەوییە لە شەنگالەوە کە هاوسنووری سووریایە، دەست پێ دەکات و بەرەو “شێخان” لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕوات، ئەمجا لەوێوە بۆ باشوور دادەبەزێت و بە درێژایی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە کۆی چوار قەزاکەی “پارێزگای کەرکووک” لەخۆی دەگرێت، تا دەگاتە ناحیەی “مەندەلی” لەسەر سنووری ئێران. بۆیە ئەم شریتە زەوییە، بەپێی هاوسێیەتیی سنووری جوگرافی، ئەم یەکە کارگێڕییانەی خوارەوە لەخۆی دەگرێت: قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقره و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحە دین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە. ئەنجام ١. بۆ پێناسەکردنی چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکی زانستیی ورد و بۆ دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێی ناکۆکییە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەم ئەم سێ پێوەرە ڕەچاو بکەین: ١. بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت. ٣. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت. ٢. کەواتە مەبەست لە چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە. ٣. بەپێی ئەو سێ پێوەرە و پێناسەکەی سەرەوە، لە عێراقدا ئەم یەکە کارگێڕییانە بە ناوچەی جێناکۆک ئەژمار دەکرێن: قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقرە و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە. سەرچاوەكان [1])) بڕگەى (ج)ى مادەى (٥٨)ى یاساى قۆناغى گواستنەوەى ٢٠٠٤، دەڵێت: “تؤجّل التسوية النهائية للأراضي المتنازع عليها، ومن ضمنها كركوك، إلى حين استكمال الإجراءات أعلاه، وإجراء إحصاءٍ سكاني عادلٍ وشفّافٍ، وإلى حين المصادقة على الدستور الدائم، يجب أن تتمّ هذه التسوية بشكلٍ يتّفق مع مبادئ العدالة، آخذاً بنظر الاعتبار إرادة سكّان تلك الأراضي”. [2])) بڕگەى “دووەم”ى مادەى (١٤٠)ی دەستوورى ٢٠٠٥ دەڵێت: “المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية، والمنصوص عليها في المادة (٥٨) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية، تمتد وتستمر الى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستور، على أن تنجز کاملةً (التطبيع، الإحصاء، وتنتهي باستفتاء في کرکوك والمناطق الأخرى المتنازع عليها، لتحديد إرادة مواطنيها) في مدةٍ أقصاها الحادي والثلاثون من شهر کانون الأول سنة ألفين وسبعة”. [3])) ورد فی الأمر الاداری الصادر من لجنة تنفیذ المادة ١٤٠ المرقم (١٥٩) فی (١١/١٢/٢٠١١) أن المناطق المتنازع عليها: “هي المناطق التي تعرضت لممارسات النظام السابق والمتمثلة بالتغير الديموغرافي وتغيير الوضع السكاني من خلال ترحيل ونفي وتهجير الافراد من اماكن سكناهم كهجرة قسرية وتوطين او عدم توطين افراد اخرين مكانهم ومصادرة الاملاك والاراضي والاستملاك واطفاء الحقوق التصرفية وحرمانهم من العمل من خلال تصحيح القومية او من خلال التلاعب بالحدود الادارية لتلك المناطق بغية تحقيق اهداف سياسية كان يبغيها النظام السابق”. [4])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (١١٣/اتحادیة/٢٠١٧) فی (٢٩/١٠/٢٠١٧)، متوفر على الرابط الآتي: https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2017/113_fed_2017.pdf [5])) بڕگەى (أ) لە مادەى (٥٣)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤. [6])) مادەى (١٤٣)ى دەستوورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، دەڵێت: “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە و پاشکۆکەی هەڵدەوەشێنەوە لەپاش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، جگە لە بڕگەی (أ)ی مادەی (٥٣) و مادەی (٥٨).” [7])) مادەى (١١٧)ى دەستورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، لە بڕگەى “یەکەم”یدا دەڵێت: “ئەم دەستوورە لە ڕێکەوتی پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی”. [8])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (٤٣/اتحادیة/٢٠١٨) فی (١١/٣/٢٠١٨)، متوفر على الرابط الآتي:  https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2018/43_fed_2018.pdf [9])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٣)ى یاسای دەستەی گشتیی هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە، ژمارە (٢)ی ساڵى ٢٠١٠. [10])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٢)ى یاسای ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٠. [11])) شبكة أخبار العراق، تعرف على المناطق المشمولة بالاستفتاء من خارج الإقليم، متوفر على الرابط الآتي: http://aliraqnews.com/تعرف-على-المناطق-المشمولة-بالاستفتاء/ [12])) بڕگەى (٢) لە مادەى (٥٨)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤. [13])) قرار مجلس الأمن الدولی المرقم (١٧٧٠) فی ٢٠٠٧. [14])) بعثە الأمم المتحدة لمساعدة العراق، الحدود الداخلیة المتنازعة علیها (تقریر)، الجزء الأول، ترجمة غیر رسمیة، ٢٠٠٩، ص ص ٢٣ – ٢٧٠.   گۆڤاری ئاییندەناسی، ژمارە (3) ئەیلولی 2020


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعی‌و دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكرد‌و محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانی‌و لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە.    دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكرد‌و سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراق‌و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتی‌و یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی  7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەس‌و لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕأن و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە ، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوە‌و وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین".  لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیان‌و مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێت‌و دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە:  •    كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". •    مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتی‌و یەكێتی سەردانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". •    رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". •    هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایە‌و پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. •    كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە  مەدەنی‌و عەلمانی‌و دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". •    كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. •    بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەین‌و پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". •    مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووە‌و پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە".  •    محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕان‌و كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". •    مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییە‌و كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: •    هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. •    هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. •    زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو  ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا‌و لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووە‌و داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوە‌و رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووە‌و رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوە‌و پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. •     زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێوی‌و موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: •    ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. •    ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمان‌و ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كرد‌و دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: -    چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. -    بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووە‌و خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوە‌و بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێت‌و بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەى دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانی‌و نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كرد‌و بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەست‌و سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و باڵیۆزی ئەمریكا‌و یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوە‌و هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكات‌و دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە.  بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوە‌و پاشەكشێی كردووە‌و بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێت‌و تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییە‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەن‌و دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەن‌و دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكات‌و دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووە‌و بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان.  بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخات‌و بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیا‌و ئەڵمانیا‌و فەرەنسا‌و نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكات‌و لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغداد‌و ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە.  تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیا‌و فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكات‌و سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: •    رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات‌و داهات. •    جێبەجێكردنی ماددەی 140. •    چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوە‌و وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێت‌و دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كرد‌و دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێت‌و كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوە‌و داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوری‌و سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)‌و ناڕەزایەتی ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و یەكێتی ئەوروپا، بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداری‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكە‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە‌و لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێران‌و توركیا سنورەكانی وشكانی‌و ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخست‌و لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركرد‌و كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكرد‌و بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.  


  (درەو) سایتی مۆنیتۆری ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە" میلیشیاكانی ئێران مەرزی (پەروێزخان)یان لە سنوری هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ كردووەو ئێران لەژێر پەردەی زیارەتكاراندا قاچاخچێتی دەكات سایتی مۆنیتۆر لە راپۆرتێكدا: •    میلیشیاكانی ئێران سنوری هەرێمی كوردستانیان كۆنترۆڵكردووە‌و بەبەهانەی سەردانكردنی شوێنە پیرۆزەكان لەو سنورانەوە قاچاخچێتی دەكەن. •    ئێران كۆنترۆڵی نیمچە تەواوەتی دەروازەی سنوریی پەروێزخانی كردووە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و بوەتەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە داهاتی باجی گومرگیی بێبەش ببێت. •    تۆڕی گەورەی قاچاخچێتی هەیە بەبەهای ملیۆنان دینار، ژمارەیەكی زۆر میلیشیا كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكەیان كردووە‌و حەشدی شەعبی دەستی بەسەر هەموو بەشەكانی سنورەكەدا گرتووە. •     ئەفسەرێكی ئەمنی بە (مۆنیتۆر)ی وتووە، یەكێك لەو تەكتیكانەی كە ئێران لە سنوری پەروێزخان بۆ قاچاخچێتی بەكاری دەهێنێت ناردنی زیارەتكارانە بۆ شوێنە پیرۆزەكان لە نەجەف‌و كەربەلا.  •    لە مەرزی پەروێزخانەوە زۆرترین بڕی كاڵای ئێران هەناردەی عێراق دەكرێت، لە چوار مانگی ئەمساڵدا بەبەهای (562 ملیۆن) دۆلار ئێران كاڵای لەو دەروازەیەوە هەناردە كردووە.  •    ساڵی 2017 رێژەی زیاتر لە 54%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەرێگەی مەرزی پەروێزخانەوە بووە، لەو ساڵەدا بەهۆی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانەوە ئێران ئەم دەروازەیەی بۆ ماوەی سێ مانگ داخست، بەوهۆیەوە بەپێی قسەی یەكێك لە میدیاكانی ئێران، لەو ماوەیەدا سێ هەزار كەس لە دیوی ئێران كە لە دەروازەكەدا كاریان كردووە، بێكاربوون.  لینكی راپۆرتەكەی سایتی مۆنیتۆری ئەمریكی 


درەو: حكومەتی عێراق موچەی (5) مانگی فەرمانبەرانی دامەزراوە فیدراڵیەكانی ناردووەو حكومەتی هەرێمیش دەیەوێت بە لێبڕینەوە موچەكەیان بەسەردا دابەش بكات، چونكە كورتهێنانی لە موچەكەدا هەیە.  ماوەی پێنج رۆژە حكومەتی عێراق بڕی ( 9 ملیار) دینار پارەی موچەی پێنج مانگ واتا مانگەكانی (4، 5، 6، 7، 8)ی دامەزراوە فیدراڵیەكانی عێراقی رەوانەكردووە كە بۆ مانگێك ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دیناری دەكات، بەڵام ئەو دامەزراوە فیدراڵیانە ( پاسپۆرت، نشینگە، رەگەزنامە، كارتی زانیاری، كارتی نیشتمانی، فڕۆكەخانە، سنورەكان) كە ژمارەیان (5 هەزارو 500) فەرمانبەرو ئەفسەرە،موچەی مانگانەیان ( 6 ملیار و  300 ملیۆن) دینارە، مانگانە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی پڕكردۆتەوە واتا بۆ هەموو مانگێك بڕی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن) دیناری كورتهێنانی خستۆتە سەر ئەو ( ملیار و 800 ملینۆ) دینارە بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی ئەو فەرمانبەرانە دابین بكات، لەبەر ئەوەی هەرێم خۆی دەستی خستۆتە ناو ئەو دامەزراوە فیدراڵیانەوەو فەرمانبەری دیكەی بۆ دامەزراندوون، حكومەتی ناوەندیش بڕە پارە بۆ ئەو فەرمانگەو فەرمانبەرانە دەنێرێت كەخۆی رەزامەندی لەسەرداون.  لە ئێستادا ماوەی نزیكەی (80) رۆژە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە موچەیان وەرنەگرتووەو بە پێی زانیارییەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە بە لێبڕینی (21%)ەوە دەیەوێت موچەكەیان بەسەردا دابەشبكات، بە پێی بەدواداچوونەكانی  (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە لە ناردن و بەرزركردنەوەی لیستی موچەی دامەزراوە فیدراڵیەكان بۆ بەغداد. 


راپۆرت:  فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف   پارتی كارتێكی سوری بەڕووی یەكگرتوودا بەرزكردەوە، مەگەر پەیوەندییە تایبەتەكەی "ئەمیندار" لەگەڵ بارزانیدا دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئەگەر نا سەر بۆ شتی تریش دەكێشێت، كۆمەڵی ئیسلامی بارێكی لەتوانای خۆی گەورەتر هەڵگرتووەو دەیەوێت مەسرور بارزانی تا هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان پەلكێش بكات، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا لەناو پەرلەمان خاوەنی (٥٧) كورسین و هەموو لایەنەكانی تر بەیەكەوە (٥٤) كورسییان هەیە، گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕی بۆ ئەوەی بەشداری هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی نەكات، یەكێتیش بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستی بەستراوەو رێواز فایەق كەوتوەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان دەڵی "نەكەی"، دوەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە"، لەم بارودۆخە بابەتی پرسیاندنی سەرۆكی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە لە پەرلەمان، بەكوێ دەگات ؟ پەیوەندییەكانی پارتی و یەكگرتوو پارتی لە پارێزگای دهۆك بەشێوەیەكی تاكلایەنە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوە. ئەمە پەیامێكی پارتی بوو بۆ یەكگرتوو، لەبارەی ئەوەی ناڕازییە لە هەڵوێستە ساسییەكانی یەكگرتوو سەبارەت بە:   🔹 خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی دهۆك و تێوەگلانی یەكگرتوو لەو ناڕەزایەتییانەدا 🔹بەشداری پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پرۆسەی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان. ساڵی ٢٠١٤ یەكگرتوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە دهۆك، (١٧) پۆستی لە ئیدارەی پارێزگاكە وەرگرت، بەڵام پارتی دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی، دەیەوێت ئەو پۆستانە لە یەكگرتوو وەربگرێتەوە. پارتی پێی خۆش بوو یەكگرتوو بەشدار بێت لە كابینەی مەسرور بارزانیدا، بەڵام یەكگرتوو كە لە دواین هەڵبژاردندا دەنگەكانی پاشەكشێیەكی زۆری كرد، نەیویست جارێكی تر سەرچڵی بەدەنگی شەقامەوە بكات و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد. یەكگرتوو كاتێك بوو بە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی پارتی لە هەولێر، لە پارێزگای دهۆك رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەشدار بو لە حكومەتی خۆجێی دهۆكدا. بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی دهۆك، ئێستا پارتی و یەكگرتوو هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەنێوانیاندا نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە رەنگە تەنیا پەیوەندییە تایبەتەكەی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو بێت لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا، كە ئەمیندار هەرگیز نایەوێت سەرچڵی بەو پەیوەندییەوە بكات. یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان لە میدیا فەرمیەكەیەوە بڵاویكردۆتەوە كە خۆی بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەتی خۆجێی دهۆك،كشانەوەی    یەكگرتوو لە حكومەتی خۆجێی دهۆك لەكاتێكدایە یەكگرتوو هێشتا لە حكومەتە خۆجێییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بەشدارەو ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی ناوچەكەی بەدەستەوەیە. بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018، یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای دهۆك خاوەنی (٤٣ هەزار) دەنگە. یەكگرتوو تاكە حزبی هەرێمی كوردستانە كە لەڕووی دەنگەوە دابەش نەبووە بەسەر واقعی جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستان و هەم لە زۆنی زەردو هەم لە زۆنی سەوز تاڕادەیەك پارسەنگی خۆی لە هەڵبژادنەكاندا پاراستووەو بەتەواوەتی نەبووە بە حزبی شارو زۆنێكی دیاریكراو. یەكگرتوو سەرباری ئەوەی نایەوێت سەرچڵی گەورەی سیاسی بە پەیوەنییەكانییەوە بكات لەگەڵ پارتی، بەڵام لە كابینەی نوێدا كاتێك بە ئومێدی گەڕاندنەوەی دەنگە لە دەستچووەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد، بەبەراورد بە رابردوو كەمێك گوتارو رەخنەكانی لەسەر پارتی و حكومەت توندكردەوە، میدیای فەرمی یەكگرتوو ئێستا گوتاری قسەكردنی زۆری نەماوە بۆ شێوازەكەی (٢٠٠٩)ی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام كێشەكەی ئەوەی كە میدیایەكی ناسراو و كاریگەر نییە لەسەر رایگشتی. لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هەرێم بۆ بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەی سەبارەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، سەرەتا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی سەرۆكایەتی دەكرد. كۆمەڵی ئیسلامی لە رابردوودا ئەزموونی ئەوەی كردووە تاوەكو لە گوتاری لە شەقامەوە نزیك بێت، ئاستی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكان زیاتر بووە، ئێستا كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنەو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیكبوەتەوە، دەیەوێت بارێكی قورس لە توانای خۆی هەڵگرێت و بەوەش سەرنجی شەقامی ناڕازی كوردستان بەلای خۆیدا رابكێشێت. ئەوانەی داوای پرساندنی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب دەكەن دەڵێن بڕیاری لێبڕینی ٢١٪ی موچەی فەرمانبەران بڕیارێكی نایاساییەو حكومەت مافی نییە كارێكی لەوجۆرە بكات. هەوڵی یەكەم لەسەرەتاكانی مانگی ئەیلول دەستی پێكرد، (٢٤) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی، سەربەخۆكانی (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە)، شیوعی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردو نیسابی یاساییان بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی بە زیادەوە تەواوكرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی نوسراوەكەیان رێكارەكانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام نەداوە، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، هەوڵەكەی شكستپێهێنا، ئەویش بە گەڕاندنەوەی نوسراوەكەی پەرلەمانتاران بە بیانووی كێشەی پەیڕوی. ناوەڕاستی ئەم مانگە جارێكی تر بەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی دووەم بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەمان بابەتی تایبەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەستی پێكرد، لە هەوڵی دووەمدا پەرلەمانتارانی یەكێتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان كشانەوەو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ جێگەیان گرتەوە. نیسابی یاسایی بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستی بە ئیمزای (٢٣) پەرلەمانتار هەیە، ئێستا (٢٢) پەرلەمانتار ئیمزایان كردووەو تەواوبونی نیسابەكە پێویستی بە ئیمزای (یەك) پەرلەمانتار هەیە، پارتی نایەوێت نیساب تەواو ببێت، بۆیە فشاری لەسەر ئەو لایەنانە توندكردووە كە پەرلەمانتارەكانیان ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە. عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ كە سەركردایەتی هەوڵەكە دەكات دەڵێ:" ئەم دەسەڵاتە رۆژ بە رۆژ بەرەو دیكتاتۆریییەت دەڕوات، تا ئاستی دروستكردنی دەسەڵاتێكی پۆلیسی و هەواڵگریی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا  ترسی لە واژۆیەكیش هەیە كە پەرلەمانتارێك كردویەتی تا سەرۆكی حكومەت بێتە بەردەم ئەو پەرلەمانەی كە حزبەكەی زۆرینەیە تیایدا !". یەكێتی دەترسێت ! پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە، یەكێتی زیاتر لە پارتی ترسی لە بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هەیە بۆ بەردەم پەرلەمان. (5) پەرلەمانتاری یەكێتی لە هەوڵی یەكەمدا ئیمزایان لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی كرد بۆ بەردەم پەرلەمان، بەڵام لە هەوڵی دووەمدا پاشەكشێیان كرد. رێواز فایەق لەسەر پشكی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی پێدراوە، بەڵام ئێستا كەوتووەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان پێی دەڵی "نەكەی" دووەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە". سەركردەكانی یەكێتی ترسیان هەیە لەوەی هەوڵی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دواجار سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە، ئەگەر دۆخەكە بەم ئاستە بگات، پارتی بەهۆی ئەو زۆرینەیەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی دەتوانێت مەسرور بارزانی لە لێسەندنەوەی متمانە رزگاربكات، بەڵام ئەگەر یەكێتی بەشدار بێت لە هەوڵەكەدا، پارتی ئامادە نییە قوباد تاڵەبانی لە هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە رزگار بكات. ئێستا بەشێكی یەكێتی بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكەی و لایەنگرەكانی رەخنەی توندیان لە كابینەی مەسرور بارزانی هەیە، بەڵام بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستیان بەستراوەو توانای هەڵگرتنی هیچ هەنگاوێكی كردارییان نییە. پێشتر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كرد ئەگەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت، بەڵام لێبڕین هەر بەردەوامەو یەكێتیش لە حكومەت نەكشاوەتەوە، بۆیە ئەوەی هاوسەرۆكەی یەكێتی وتی هێشتا هەر لەچوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوەو پێناچێت رۆژێك لە رۆژانیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. سەرباری ئەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ماڵباتی تاڵەبانی لەبەرامبەر لاهور شێخ جەنگی و ئاڕاستەكەی لەناو یەكێتیدا خۆیان كۆكردوەتەوەو بەتوندی پاڵپشتی لە قوباد تاڵەبانی نوێنەری خانەوادەكەیان لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەكەن. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە بەر لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەردەوام رۆژانە "تەنز"ی لەسەر پارتی دەنوسی، ئێستا كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو لەوكاتەوە بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردراوە، بێدەنگەو هیچ قسەیەك لەسەر پارتی ناكات، شاناز پاڵپشتی بەهێز لە قوباد تاڵەبانی خوشكەزای دەكات و دەیەوێت لە هەڕەشەی جوڵە سیاسییەكانی لاهور شێخ جەنگی بەرامبەر بە پارتی بیپارێزێت، لەولاترەوە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەرگری لە قوبادی برای دەكات و بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاسایی كردوەتەوەو نایەوێت لەسەر دەستی چەند پەرلەمانتارێك لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە گورزێك بەر قوبادی برای و گورزێكیش بەر پەیوەنییەكانی خۆی لەگەڵ بارزانیدا بكەوێت، بۆیە یەكێتی ناچیتە ناو گەمەی پرساندنی سەرۆكی حكومەتەوە. یەكێتی بە زەحمەتێكی زۆر كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە كۆتاییەكانی ٢٠١٩دا بەست بۆ ئەوەی كۆتایی بە فرە جەمسەریی یاخود وەكو ئەوەی پارتی ناوی لێنا بوو "فرە كوێخایی" بهێنێت، بەڵام دوای نزیكەی (١٠ مانگ) لەبەڕێوەچوونی كۆنگرە، یەكێتی هێشتا خاوەنی ناوەندێكی بەهێزی بڕیار نییە، بەشێك لە یەكێتییەكان وەكو ئۆپۆزسۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن و بەشەكەی تر وەكو دەسەڵات. تاكە كارێك كە كۆنگرەی چوارم كردی ئەوەبوو ململانی ناوخۆیی یەكێتی لەنێوان مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی حزب و ماڵباتی تاڵەبانیییەوە گۆڕی بۆ ململانێی نێوان ماڵباتی تاڵەبانی +  ئیبراهیم ئەحمەد لەبەرامبەر كوڕانی شێخ جەنگیی، بەم بارودۆخەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لە پاشەكشێی بەردەوامدایەو ئاسۆی هەستانەوەی ناوچەكەو راوەستانی لەبەرامبەر قەڵەمڕەوییەكەی پارتی لە هەولێرو دهۆك، نادیارە. گۆڕان چی دەكات ؟ یەكێك لەوانەی كە پرساندنەكەی پەرلەمان كردویەتیە ئامانج ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابورییە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، كە لە هەوڵی یەكەمدا یەكێك لەوانە بوو ئیمزای لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جیگرەكەی و وەزیری دارایی كرد، دەڵێ:" من خۆم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێم لێبووەو هەموو فراكسیۆنەكانیش دەزانن بۆ ئەم خولەی پەرلەمان رێككەوتن لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان هەیە كە پەرلەمان پرساندن لە هیچ وەزیرێك نەكات". كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو عەلی حەمەساڵح دەستی لەپۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە، ئەوكات وا باسكرا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە فشاریان لە عەلی حەمەساڵح كردووە ئیمزای لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی مەسرور بارزانی بكێشێتەوە، بەوپێیەی ئەو سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەو بڕیارەكانی گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەكە دەكات، عەلی رازی نەبووە بەوەی ئیمزاكەی بكێشێتەوەو دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كێشاوەتەوە. بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دوێنێ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن، كێشەی خستە ناو فراكسیۆنی گۆڕانەوە، عەلی حەمەساڵح و پێنج پەرلەمانتاری تر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوە، ئایا لەم دۆخەدا كە لە سیاسەتی سەركردایەتی حزبەكەیان و دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی فراكسیۆنەكەیان نیگەرانن، ئیمزا لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی دەكەن و نیسابە یاساییەكە تەواو دەكەن یاخود نا ؟ بەمدواییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەدیاریكراویش فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە بەغداد ناڕەزایەتییەك دەستی پێكردووەو داوا دەكەن گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی بكشێتەوە، ئەوانەی داوای كشانەوە دەكەن دەڵێن كابینەی مەسرور بارزانی چاكسازی پێناكرێت و گۆڕان هیچ رۆڵێكی لە كابینەكەدا نییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بزوتنەوەكە بەدیاریكراویش عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن جگە لە (شەماڵ عەبدولوەفا) دژی كشانەوەن لە حكومەت و نایانەوێت ئەزمونی كابینەی رابردووی حكومەت لەگەڵ پارتی دووبارە بكەنەوەو جارێكی تر بكەونەوە ناو كێشەی سیاسی لەگەڵ پارتی. رێكخەری گشتی گۆڕان و چیا نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی ئەوە ناكەن فراكسیۆنی گۆڕان ببێتە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆیە دوێنێ پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان لە بەرژەوەندی ئەم ئاڕاستەی بیركردنەوەیە یەكلاكردەوە. پەرلەمان و حكومەت لە هەرێمی كوردستان ئێستا سیستمی حوكمڕانی بەشێوەی پەرلەمانییە، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان لەناو پەرلەمان هەڵبژێردراون و متمانەیان پێدراوە، بۆیە بەپێی یاسا بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەكانی خەڵكدا. ئێستا كە خولی پێنجەمە، دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمان تێپەڕیوە هێشتا پەرلەمان پرساندنی لە هیچ یەكێك لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكانی نەكردووە، بەڵام پێشتر چەند وەزیرێك لەوانە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری وەزیری ناوخۆ و بەشێك لە وەزیرەكان چونە بەردەم پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، ئەمە پرساندن نەبوو، بەڵكو گفتوگۆ بوو، بۆیە سەری نەكێشا بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبنەڕەتەوە كابینەیەكی سێقۆڵی "ترۆیكا"یە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، بەڵام پارتی لەسەر پشكی خۆی پێكهاتەكان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیشی دەعوەتی ناو كابینەكە كردووە. پارتی لەم خولەی پەرلەماندا لە كۆی (١١١) كورسی (٤٥) كورسی هەیە، ئەمە سەرباری (١١) كورسی كۆتاكان كە شكاونەتەوە بەلای پارتیدا، پارتی كاتێك رازی بوو بەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە یەكێتی بدات كە زۆرینەی زامن كردو ترسی نەما لەوەی هاوشێوەی خولی رابردوو لە رێگەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە گورزێك لە بەرژەوەندییەكانی بدرێت و بۆ چارەسەركردنی ناچار ببێت پەنا بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمان ببات. مەسرور بارزانی بەهێزین سەرۆك وەزیرانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، چونكە كاتێك دەسەڵاتی گرتوەتە دەست كە حزبەكەی زۆرینەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بەدەستەوە بووە، بۆیە لەكۆتایدا هەر هەوڵێك بۆ لەكارخستنی لەناو پەرلەمان شكست دەهێنێت تەنانەت ئەگەر هەموو حزبەكانیش لەدژی یەكبگرن. ئێستا پارتی لەناو پەرلەمان لە كۆی (١١١) پەرلەمانتار، دەنگی (٥٧) پەرلەمانتاری لەگەڵدایە، ئەم دەنگانە بریتین لە دەنگی (٤٥) كورسی پارتی خۆی، (١١) كورسی كۆتاكان و دەنگی (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكاران و رەنجدەران كە نوێنەرایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش دەكات بەوپێیەی لە هەڵبژارندا بە یەك لیست بەشداربوون. لەبەرامبەردا بەرەی دەرەوەی پارتی بە یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو و حزبی شیوعی و ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە ژمارەی كورسیەكانیان لەناو پەرلەمان (٥٤) كورسییەو زۆر سەختە ئەم ژمارەیە لەسەر پرسێك پێكەوە بگەنە كۆدەنگی لەبەرامبەر پارتی. سەرباری ئەوەی پارتی ئەم هاوكێشەیەی ناو پەرلەمان بەباشی تێدەگات و دەزانێت هەوڵی پرساندنی مەسرور بارزانی لە قۆناغی لێسەندنەوەی متمانەدا سەركەتوو نابێت، بەڵام هێشتا پارتییەكان قەڵس و توڕەن بەوەی هەوڵی لێپرسینەوەی لە سەرۆكی حكومەت بدرێت و كار لەسەر پەرتكردنی ریزی نەیارەكانیان دەكەن، مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی مێژویی حزبەكەیانە، یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، نایانەوێت لە پەرلەمان بشكێندرێت و لە شكۆی بدرێت، سەرباری ئەمە پارتی لێرەوە دەیەوێت جارێكی تر ریزی نەیارەكانی پەرت بكات و وایان لێبكات لەسەر هیچ بابەتێكی تر لە داهاتوودا نەچنە ناو كۆدەنگییەوە دژ بە پارتی.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رێكخەری گشتی گۆڕان گۆڵێكی لە گەنجەكانی ناو بزوتنەوەكەی كرد‌و لە گەمەیەكی نوێدا پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام چارەنوسی فراكسیۆنەكەی خستەبەردەم دابەشبوون‌و رەنگە دواجاریش جیابونەوە‌و لەبەریەكهەڵوەشان. پۆستێك‌و دوو هەڵبژاردن ئێوارەی ئەمڕۆ فراكسیۆنی گۆڕان لەناو هۆڵی تایبەت بەخۆی لەناو پەرلەمانی كوردستان، بۆ جاری دووەم دەنگدانی كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوكێشەی دابەشبوونی دەنگەكان لەناو فراكسیۆنی گۆڕان، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی لەبەرامبەر (دابان محەمەد) كە لە هەڵبژاردنی یەكەمدا دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، ئەمجارە (گوڵستان سەعید)ی كاندیدكردووە. كاتێك ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن دووبارەكرایەوە، دابان محەمەدو گوڵستان سەعید هەریەكەیان بە (6) دەنگ یەكسان بوون. ناكۆكی لەسەر دەستور ! شاخەوان رەئوف ئەندامی فراكسیونی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، ئەگەر پیاو و ژنێك لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكەدا بكەونە بەرامبەر یەكترو ئەنجامی دەنگەكانیان یەكسان بێت، ئەوكاتە ئۆتۆماتیكی كاندیدە ژنەكە پۆستەكە وەردەگرێت، بۆیە ئێستا گوڵستان سەعید بەفەرمی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە‌و ژوری هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەندكردووە، ئەمە بۆچونی یەكێك لەو كەسانەیە كە پاڵپشتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ دەكات. لەبەرامبەردا ئەوانەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆن دەڵێن، لە دەستوردا ئەم بابەتە لە پرسی هەڵبژاردنی رایەڵە‌و بازنەكاندا باسكراوە‌و پەیوەندی بە هەڵبژاردنی فراكسیۆنەكانەوە نییە‌و لە دەستورەكەدا باسی فراكسیۆن نەكراوە. واتا دوو ئاڕاستەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لێكدانەوەی جیاوازیان هەیە بۆ دەستوری ناوخۆیی حزبەكەیان‌و هەریەكەیان دەیانەوێت بۆچونی خۆیان بسەپێنن، لەم نێوەندەدا لایەنی یەكلاكەرەوە كە تەفسیری دەستورەكە بەلایەكدا بخات، دەبێت ژوری یاسایی بزوتنەوەكە بێت. وتەبێژو میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بەفەرمی هەواڵی هەڵبژاردنی (گوڵستان سەعید)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاونەكردوەتەوە. سەرهەڵدانی كێشەی فراكسیۆن كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، بەوهۆیەوە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان چۆڵ بوو، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ململانێ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكە دروستبوو. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پاڵپشتی (شاخەوان رەئوف)ی كرد بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن وەرگرێت، شاخەوان پێشتر باژێڕوانی گۆڕان بووە لە شارەزورو كاری حزبی كردووە‌و پەیوەستە بە بڕیارەكانی حزبەوە، ئەمە وایكرد رێكخەرو هاوپەیمانەكانی لەخانەی راپەڕاندن پاڵپشتی لێ بكەن، لەبەرامبەردا لەناو خانەی راپەڕاندن هەریەكە لە عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد پاڵپشتیان لەوەكرد (دابان محەمەد) پۆستەكە وەربگرێت، دابان رۆژنامەنوس بووە‌و لە میدیای گۆڕان كاریكردووە، زیاتر لە گەنجەكانەوە نزیك بوو، بۆیە پاڵپشتییان لێكرد. لەناو ململانێی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە (12) ئەندام پێكدێت، دابەشبوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك كە ژمارەیان (5) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی رێكخەری گشتی دەكرد، بەرەكەی تر كە زۆرینەن‌ بوون‌و ژمارەیان (7) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد دەكرد.  هەڵبژاردنی یەكەم بڕیاربوو یەكەمین رۆژی ئەم مانگە، لەناو گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، فراكسیۆنی گۆڕان بە ئاگاداری رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن‌و لەژێر سەرپەرەشتی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەدا، هەڵبژاردن بكات‌و سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی رێكخەری گشتییەوە، هەڵبژاردنەكە نەكرا. نەیارانی كاندیدەكەی رێكخەری گشتی كاتێك زانییان ناتوانن لەناو گردی زەرگەتە هەڵبژاردنەكە بكەن، گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەوانەی پاڵپشتییان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد دەكرد كە ژمارەیان (7) پەرلەمانتار بوو، لە دەنگدانێكدا (دابان محەمەد)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژارد، ئەو (5) ئەندامەی فراكسیۆن كە سەربە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بوون بەشداری هەڵبژاردنەكەیان نەكردو بایكۆتیان كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا نەنا، بەڵام عەدنان عوسمان كە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی‌و هاوكات وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی لە دابان محەمەد كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن، میدیای فەرمی گۆڕانیش هەواڵی هەڵبژاردنی دابان محەمەدی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاوكردەوە. بەهۆی ناڕەزایەتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە هەڵپەسێدراوی مایەوە، ئەو (7) كەسەی كە دەنگیان بۆ (دابان محەمەد)دا، بەشداری چوار دانیشتنی پەرلەمانیان نەكرد، دابان محەمەدیش هەرگیز لەسەر كورسی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەناو پەرلەمان دانەنیشت. رۆژی 14ی ئەم مانگە كاتێك هێشتا كێشەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان یەكلانەكرابووەوە، عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن پێشكەشكردو لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا باسی لەوەكردبوو ناڕازییە لە سیاسەتەكانی رێكخەری گشتی، بەڵام دوو رۆژ دواتر پاشگەزبووەوە‌و دەستلەكاركێشانەوەكەی كشاندەوە‌و گەڕایەوە بۆسەر كارەكەی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەوماوەیەدا كێشەكە لەماڵی چیا نەوشیروان مستەفا كە هەر لەناو گردی زەرگەتەدایە یەكلاكراوەتەوە‌و بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی لەنێوان (شاخەوان رەئوف)‌و (دابان محەمەد)دا كەسێكی تر بكرێت بە سەرۆكی فراكسیۆن، ئەو كەسەش (گوڵستان سەعید)ە، كە بەهەمان شێوە سەربە رێكخەری گشتییە. بەدواخستنی ماوەی هەڵبژاردن‌و یەكلانەكردنەوەی كێشەكە، رێكخەری گشتی سودی لەكات وەرگرت‌و لەو ماوەیەدا كاری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆن كرد‌و توانی دەنگێك لە دابان محەمەد بكاتەوە، بۆیە كاتێك ئەمڕۆ هەڵبژاردن كرا، دەنگەكانی دابان محەمەد لە (7) دەنگەوە بۆ (6) دەنگ كەمیكردو ئەنجامی ململانێكە هاوسەنگ كرا، بۆ ئەوەی بەپێی پەیڕەو بشكێندرێتەوە بەلای كاندیدەكەی رێكخەری گشتیدا كە (گوڵستان محەمەد) بوو. بەمشێوەیە، پیرەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە شارەزایی‌و ئەزمونی خۆیان گۆڵێكیان لە گەنجەكان كردو یارییەكەیان لێ بردنەوە، رێكخەری گشتی‌و دۆستەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە گەمەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حزبدا ئەزمونێكی زۆریان هەیە‌و دەزانن چۆن لە كۆتایدا ئەنجامەكە بەلای خۆیاندا بشكێننەوە. ناڕازییەكان چی دەكەن ؟ بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چیتر پەیوەست نییە بە سیاسەتەكانی ئێستای سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمەی دوای ئەوە هات فراكسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكدا داوایكرد بزوتنەوەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكشێتەوە، بزوتنەوەكە بە (نەخێر) وەڵامی ئەم داواكارییەی فراكسیۆنی بەغدادی دایەوە. فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر گەندەڵە‌و ناتوانێت چاكسازی بكات‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە كابینەكەیدا بێ دەسەڵاتە، ئەمە ململانێیەكی نوێیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبووە كە سەركەوتن یان شكستهێنانی، چارەنوس‌و هێڵی سیاسی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكات. لەم بارودۆخەكە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سیاسەتی خۆی لە سیاسەتی فەرمی بزوتنەوەكەی جیاكردەوە، كێشە لەناو فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دروستبوو، رێكخەری گشتی‌و هاوپەیمانەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە بایەخی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان تێگەیشتن، بۆیە رێگرییان كرد لە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی فراكسیۆنەكەی بەغداد. ئەوەی ئێستا فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەیكات، ئەگەر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بیكات، رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت‌و هەر جۆرە رێككەوتنێكی تری سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لە پشتی پەردەوە كرابێت، بۆیە رێكخەری گشتی‌و ئەوانەی بڕیار بەدەستن، نەیانهێشت لانی كەم پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كە پۆستێكی سیاسییە‌و گوزارشت لە سیاسەتی فەرمی گۆڕان دەكات، لە بەرژەوەندی گوتارە ناڕازییەكەی ناو بزوتنەوەكە یەكلاببێتەوە. لەم حاڵەدا پێشبینی دەكرێت یەكەمین كاردانەوەی دابان محەمەدو ئەوانەی دەنگیان پێداوە ئەوە بێت، ئیمزا لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بكەن بۆ بەردەم پەرلەمان، نوسراوێك كە ئێستا تەنیا یەك واژۆی ماوە بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو بكات، ناڕازییەكانی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەو ئیمزایە یەكەمین پەیامی خۆیان هەم بە پارتی‌و هەم بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان دەگەیەنن‌و لە دورمەوداشدا دیار نییە دابەشبونەكەی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەچ ئەنجامێك كۆتایی دێت.  سەرباری ئەمە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو كەسەی كە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەردەگرێت هاوكات دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە، ئەم جڤاتە بەپێی دەستور بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبەكەدا.   


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت لە هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت كێشەی نییە، ئاوی خواردنەوەش لە قەیرانێكی قوڵدایە، دوو كۆمپانیا نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلاریان لە خەڵك وەرگرتووە پێوەری ئاویان بۆ دابنێن، بەڵام پێوەرەكانیان ژمارەی هەڵە دەخوێننەوە، حكومەت بە دانانی پێوەری ئاو ویستی رێگە لە بەفیڕۆچوونی ئاوی خواردنەوە بگرێت، بەڵام دەرگای لەسەر بەفیڕۆچوونی پارە كردەوە، لەوكاتەوە كە پرۆژەكەی دەستپێكردووە زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی ئابوری بەر حكومەت كەوتووە، خەڵكیش متمانەیان بە پرۆژەكە نییە، سەرباری ئەمە ئێستا پرۆژەكە لە لێواری داڕوخانی تەواوەتیدایە‌و ئەگەر شكست بهێنێت دەبێت حكومەتی هەرێم بەبڕی (60 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی سێ كۆمپانیا بكاتەوە، بۆیە سەرباری قەیرانەكانی، حكومەت نایەوێت پرۆژەكە رابگیرێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. لەبارەی پێوەری ئاوەوە ئەمڕۆ ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژایەتی خۆی بۆ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم دەربڕی كە داوا دەكات هەر ماڵێك بە بڕی (100 هەزار) دینار غەرامە بكرێت ئەگەر پێوەری ئاوی دانەنا.  لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاردرا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت. ساڵی 2014 كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربوو، خاتوو (نەورۆز مەولود) لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزاری وەرگرت، نەورۆز ساڵی 2015 بڕیاریدا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، بەڵام كێشەیەكی گەورەی بۆ وەزیرەكەی دوای خۆی جێهێشتووە كە (ساسان عەونی)‌و لەم كابینەیەدا هەر لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزارەتی شارەوانی وەرگرتوەتەوە. ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان  دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوەبوو رێگری بكرێت لە بەفیڕۆچوونی ئاوی پاكی خواردنەوە. لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (ملیۆنێك) بەشداربووی ئاو هەیە، بەپێی قسەی حكومەت، تێچووی گشتی ئاوی خواردنەوە رۆژانە (840 ملیۆن) دینار خەرجی لەسەر حكومەت دەكەوێت. بەگوێرەی خەمڵاندنی حكومەت، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن‌و 100 هەزار) مەتر سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم بڕە رۆژانە (850 هەزار) مەترسێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدرێت، تێچووی ئەم ئاوە بەفیڕۆدراوە رۆژانە (340 ملیۆن) دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت‌و ساڵانە خەرجی ئاوی فەفیڕۆدراو دەكاتە (124 ملیار) دینار. لە هەرێمی كوردستان، حكومەت یەكجۆر ئاوی بۆ ماڵان دابین كردووە كە ئاوی پاكی خواردنەوەیە، ئاو بۆ بەكارهێنانی ناوماڵ بوونی نییە، ئەمە وایكردووە خەڵك ئاوی خواردنەوە بەكاربهێنن بۆ پاكژكردنەوەی ناوماڵ‌و شتنی ئۆتۆمبیل‌و پێداویستییەكانی تریان. لەبارەی گرێبەستەكانەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوەی سەرەتا بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵانی وروژاندووە، كۆمپانیایەك بووە بەناوی (ئاراس)، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە پیاوێك بووە كە كەسی پلە یەكی نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی هەرێم بووە، بەڵام نەورۆز مەولود كاتێك كە وەزیر بووەو لەبارەی ئەم بابەتە پرسیاری لێكراوە وتویەتی مانگێك بەر لەوەی ئەو وەكو وەزیر دەستبەكار ببێت، بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاو باسكراوە، بەمە ویستویەتی بابەتی كۆمپانیای مێردەكەی لەخۆی دوربخاتەوە. نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی دواجار گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بەخشی بەدوو كۆمپانیا: •    كۆمپانیای (ئاراس): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك وەرگرت، خاوەنی كۆمپانیاكە هاوسەرەكەی وەزیر بوو. •    كۆمپانیای (جنون): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی واتە پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە وەرگرت، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە ناوی (بەهادین مەحمود رەشید)ەو برای مەلا یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای (بەڕێز)ە، دواتر كۆمپانیای جنون پشكەكەی فرۆشتوەتەوە بۆ كۆمپانیایەكی دیكە.  بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردبویان، دەبوو كۆمپانیاكەی سنوری یەكێتی پێوەری (ئیتاڵی) بۆ ماڵان دابنێت، كۆمپانیاكەی سنوری پارتیش پێوەری (توركی)، بەڵام كاتێك دەستیان بەكار كرد، تێبینی كرا ژمارەیەكی زۆر پێوەری "چین"ی تێكەڵ كراوەو بۆ ماڵان دانراوە كە كوالیتییەكەی نزمترە، ئەم دوو كۆمپانیایە لە ساڵی 2014وە تاوەكو 2017 بەردەوام بوون لەسەر دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان، 2017 كێشە كەوتە كارەكانیانەوە، رەخنەكان زۆربوون لەسەر كوالیتی ئامێرەكان، حكومەت ناچاربوو كاری ئەو دوو كۆمپانیایە راگرێت، بەڵام راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە بەواتای راگرتنی تەواوەتی پرۆسەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان نەبوو، چونكە دوای راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە، حكومەت كاری بەستنی پێوەرەكانی ئاوی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگاكان كردووە‌و ئێستاش بەستنی پێوەری ئاو ئازادكراوە‌و چەند كۆمپانیایەك پێوەر هاوردە دەكەن‌و هاوڵاتیان لە بازاڕی رەشدا ئەو پێوەرانە دەكڕن‌و لەماڵەكانیاندا دەیبەستن. ئەو دوو كۆمپانیایەی كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاویان بۆ دەرچووە، لەو ماوەیەی كە كاریان كردووە، بەبەهای نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلار پێوەری ئاویان بەماڵان فرۆشتووە، نرخی هەر پێوەرێك نزیكەی (19) دۆلار بووە، بەڵام ئەوان بۆ بەستنی هەر پێوەرێك لانی كەم (45 هەزار) دیناریان لە ماڵان وەرگرتووەو لە هەر مالێكیش كە دانانی پێوەرەكە پێویستی بە هەندێكی كاری زیاترو بڕینی بۆری هەبوبێت پارەی زیاتریان لە نرخی دیاریكراو لە خەڵك وەرگرتووە. سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە پێوەرەكە‌و سێ كۆمپانیای تر لەپاڵ ئەمەدا، وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ سێ كۆمپانیادا كردووە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو بكەن‌و پارەی ئاو لەماڵان كۆبكەنەوە، ئەو سێ كۆمپانیایەی كە ئەم گرێبەستەیان وەرگرتووە بریتین لە: •    كۆمپانیای (گرنگ)، گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو و وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵانی لە پارێزگای سلێمانی پێدراوە، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە هەمان خاوەنی كۆمپانیای (جنون)ە كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی پێدراوە، واتا سەرباری گرێبەستی دانانی پێوەری ئاو، گرێبەستی كۆكردنەوەی پارەی ئاویشی پێدراوە. •    كۆمپانیای ئۆرانۆس، ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی لە پارێزگای هەڵەبجە‌و سنوری ئیدارەی راپەڕین‌و گەرمیان پێدراوە. •    كۆمپانیای (خگیب و علمی) كە كۆمپانیایەكی لوبنانییە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و كۆكردنەوەی پارەی ئاوی لە پارێزگای هەولێرو دهۆك پێدراوە. پێوەری ئاو و ناڕەزایەتییەكانی هێشتا سكاڵاكان لەسەر ئەو دوو كۆمپانیایەی كە سەرەتا پێوەری ئاویان بەستووە كۆتایی نەهاتووە، یەكێك لەو كەسانەی كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات پەرلەمانتار (دابان محەمەد) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، دابان كۆتایی تەموزی ساڵی رابردوو نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە‌و داوا دەكات لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر پێنج كۆمپانیا دروستبكرێت كە رۆڵیان لە پێوەری ئاوی ماڵاندا هەبووە. دابان محەمەد لە نوسراوەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كراوە، لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵانەوە ئەم تێبینیانەی نوسیوە:  •    ئەم پێوەرانە گونجاونین بۆ تۆڕەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت كە هیچ تۆڕێك 24 كاتژمێر ئاوی تێدا نییە. •    هیچ یەكێك لە پێوەرەكان كە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان بەراورد نەكراوە بەو پێوەرانەی لە گرێبەستەكاندا رەزامەندی لەسەر نیشان دراوە. •    هیچ یەكێك لە پێوەرەكان تێست نەكراوە‌و راستەوخۆ بۆ ماڵان بەستراوە. •    سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە. •    كۆمپانیاكانی تایبەت بە دانانی پێوەر پابەند نەبوون‌و نین بەدانانی نرخی پێوەری ئاو بۆ ماڵان كە (40 هەزار) دینارەو تا سەرو (100 هەزار) دینار لە هاوڵاتی وەرگیراوە. •    ئەم پێوەرانە بەرگەی گەرمی‌و ساردی زۆر ناگرن، بەشێكی زۆریان لەناوچە گەرمەكان لە وەرزی هاویندا هەروەها لە ناوچە ساردەكان لە وەرزی زستاندا تێكچوون. •    كۆمپانیاكان پابەند نەبوون بە خزمەتگوزاری چاككردنەوەی پێوەرەكانی ئاو. ئەو پەرلەمانتارە لە نوسراوەكەیدا داوایكردووە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتانە بكرێت سەبارەت بە پێوەری ئاوی ماڵان: •    لێكۆڵینەوە بكرێت لە گرێبەستەكانی كۆمپانیای (جنون و ئاراس)‌و پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیانەوە. •    لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی ئەندامدانی تەندەرەكان، بەتایبەت بەرپرسی بەشی گرێبەستەكانی ئەوكاتە. •    لێكۆڵینەوە بكرێت لە هێنانی (55 هەزار) پێوەری صینی لەلایەن كۆمپانیای جنونەوە، دواتر چاوپۆشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو لەبری ئیجرائاتكردن. •    لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی تەندەرەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و گرێبەستەكانیان بەتایبەت بەرپرسی بەشی هەڵسەنگاندن‌و چەند ئەندامێك.    نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە.   كێشەیەكی تر ! ئەوەی كێشەی هەیە تەنیا ئەو دوو كۆمپانیا نین كە پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان بەستووە، ئەو كۆمپانیایانەشی كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكان‌و وەرگرتنی پارەی ماڵانیان كردووە كە سێ كۆمپانیان لەگەڵ حكومەت كێشەیان هەیە. بەپێی نوسراوێكی هاوبەشی هەرسێ كۆمپانیای (خگیب و علمی) و (ئۆرانۆس)‌و (گرنگ) كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە‌و لە 20ی تشرینی دووەمی 2019دا ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە، ئەو كۆمپانیایانە كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان وەرگرتووە، سكاڵا لەبارودۆخی خۆیان دەكەن‌و لەو سكاڵایەدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خراپی پرۆسەی دانانی پێوەری ماڵان دەسەلمێنن‌و دەڵێن: •    بەهۆی هەڵە ئەژماركردنی كرێی پسوڵەی ئاو ناڕەزایەتی لەناو هاوڵاتیان دروستبووەو بەشێوەیەكی زۆر ترسناك‌و خراپ لەسەر پرۆژەكە شكاوەتەوە‌و هاوڵاتیان دەستیانكردووە بە لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو. •    بەپێی گرێبەست دەبوو رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاویان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێوەری ئاویان بۆ ببەسترایە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان بۆ بەستراوە لە رێژەی 50% تێپەڕی نەكردووە، ئێمە لەسەر ئەو بنچینەیە نرخمان پێشكەش كردووەو كەڵكی ئابوری پرۆژەكەمان هەڵسەنگاندووە. •    دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو هاوبەشانەی كە پێوەرەكانیان لە كاركەوتووە هەروەها ئەوانەی كە رێگەنادەن پێوەریان بۆ ببەسترێت. ئەمە كورتەیەكی نوسراوی ئەو سێ كۆمپانیایەیە بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئەم سێ كۆمپانیا گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردووە پێوەرەكانی ئاوی ماڵان بخوێننەوە‌و پارەی ئاو بۆ حكومەت كۆبكەنەوە، حكومەت بۆ هەریەكێك لەو كۆمپانیایانە بۆ خوێندنەوەی هەر پێوەرێكی ئاو بڕێك پارەی دیاریكردووە، لەمەشدا بڕە پارەكان جیاوازن، هەریەكەیان بە نرخێك كارەكە بۆ حكومەت دەكەن. كێشەیەكی تری كاری ئەم سێ كۆمپانیایە رەهەندێكی ئەمنی هەیە، ئەویش دروستكردنی سیستمی (داتا سەنتەر)ە بۆ هاوبەشەكانی پێوەری ئاو لە هەموو شارەكانی هەرێم، ئەم سیستمە لە هەولێر جێگیركراوە، ئەمە لەڕووی ئەمنییەوە كێشەی هەیە، هەندێك ترسیان هەیە لەڕێگەی پسوڵەی ئاوەوە، هەموو زانیارییە تایبەتییەكان‌و شوێنی نیشتەجێبونیان بكەوێتە بەردەست دەزگا ئەمنییەكان‌و بەشێوەیەكی نەرێنی لەدژیان بەكاربهێنرێت، داوا دەكرێت داتا سەنتەری هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكەی خۆیدا بێت. ئەم سێ كۆمپانیایە لە بەرژەوەندیانە ژمارەیەكی زیاتر لە پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، چونكە لە خوێندنەوەی هەر پێوەرێكدا بڕێك پارەی زیاتریان دەستدەكەوێت، ئێستا كە پرۆژەكە بەرەو داڕوخانی تەواوەتی دەڕوات، ئەم كۆمپانیایانە لە زیانە ئابورییەكانی خۆیان دەترسن، ئەمان كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردوە مەرجەكەیان ئەوە بووە رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاون لە هەرێمی كوردستان پێوەری ئاویان بۆ دابنرێت، بەڵام ئەم رێژەیە نەبەستراوەو بەپێی زانیارییەكان كەمتر لە 50%ی هاوبەشەكان پێوەریان بۆ دانراوەو ئەوەش بەشێكی كێشەی تێدایە، حكومەت دەڵێ لەكۆی سەرو ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێم، (800 هەزار) هاوبەش پێوەری ئاویان بۆ دانراوە، لەمەدا حكومەت دەیەوێت خۆی لە ناڕەزایەتی ئەو سێ كۆمپانیایە بپارێزت و وایان لێبكات بمێننەوە‌و لەچوارچێوەی گرێبەستەكەدا كارەكەی خۆیان بكەن، چونكە بەپێی گرێبەستەكە ئەگەر پرۆژەكە سەركەوتوو نەبێت، دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (60 ملیۆن) دۆلار وەكو قەرەبوو بەو كۆمپانیایانە بداتەوە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكان‌و وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان دەكەن، ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم سەرباری خراپییەكەی نایەوێت پرۆژەی پێوەری ئاو رابوەستێت. لە ساڵی 2014وە تائێستا حكومەتی هەرێم لە پرۆژەی پێوەری ئاودا زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی بەركەوتووە، چونكە تەنیا داهاتی پارەی ئاو مانگانە (10 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام لەدوای پرۆژەی پێوەری ئاوەوە، بەشێكی زۆری خەڵك مانگانە پارەی ئاو نادەن. گاڵتەجاری پێوەرەكان ! خراپی كاركردنی پێوەرەكانی ئاو ماوەیەكە بووەتە بابەتی تەنزو گاڵتەجاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەمدواییە پسوڵەی ماڵێك لە ناحیەی (كەڵەكچی)ی پارێزگای دهۆك بڵاوكرایەوە كە بەپێی پێوەری ئاوەكەی بۆ مانگێك بری زیاتر لە (19 ملیۆن) دیناری بۆ گەڕابووەوە. پێوەرەكان زۆربەیان بەشێوەیەكی هەڵە كاردەكەن، بەر لە دانانی ئەم پێوەرانە، مانگانە هاوڵاتیان بڕی (15 هەزار) دینار پارەی ئاویان بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە. مانگی شوباتی ئەمساڵ مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد، تێیدا باسی لە گرفتەكانی پرۆژەی پێوەری ئاو كرد، لەبارەی خوێندنەوەی هەڵەی پێوەرەكانەوە ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: •    نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە. •    374 هاوبەش لەنێوان (دوو) تا (سێ) ملیۆن دیناریان بۆ هاتوەتەوە. •    (٢ هەزارو ٧٣٣) هاوبەش لەنێوان (٥٠٠ هەزار) تا (یەك ملیۆن) دیناریان بۆ هاتوەتەوە. •    (٩ هەزارو ٤٤٨) هاوبەش لەنێوان (٢٥٠ هەزار) دینار تا (٥٠٠ هەزار) دیناریان بۆ هاتووەتەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand