(درەو): دواجار مەسرور بارزانی کۆتایی بە (١٥ ساڵ) دەستڕۆیشتووی ئاشتی هەورامی لەبواری نەوتدا هێنا. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ناوی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، کاندیدەکە ناوی (کەمال ئەتروشی)یەو لەم هەفتەیەدا پەرلەمان لە دانیشتنێکدا متمانەی پێدەبەخشێ. ئەتروشی سیڤییەکی قورسی لەبواری خوێندن و کارکردن لە بواری نەوتدا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بە سیڤییەکەی دەتوانێت نەوتی هەرێم لە تەنگژەو ناڕوونی دەربهێنێت و بیخاتە سەر رێڕەوێکی دروست کە داهاتەکەی لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بێت و لەژێر هەژموونی کەسانی دەستڕۆیشتوو دەریبهێنێت ؟ کەمال ئەتروشی کێیە ؟ 🔹 ساڵی ١٩٥٥ لەدیکبووە 🔹 ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە کۆلیژی زانستەکانی زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. 🔹 دوای تەواوکردنی خوێندن دەستی بەکارکردن کردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا لە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (INOC)و تاوەکو ساڵی ١٩٨٥ لەم بوارە کاری کردووە. 🔹 چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و ساڵی ١٩٨٧ خوێندنی باڵای لەزانکۆی (Université de Bordeaux1)ی فەڕەنسی تەواوکردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە. 🔹 ساڵی ١٩٩١ لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. 🔹 دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ نەوت (IFB) French Petroleum Institute دەستی بەکاری توێژینەوە کردووە. 🔹 شارەزایی زیاتر لە (٣٥ ساڵ)ی لەبواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە. 🔹 لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٩ وەکو توێژەر لە کۆمپانیای (Elf)ی فەڕەنسی کاریکردووە، کە ئەوکات کۆمپانیاکە لە خۆرئاوای ئەفریقاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە. 🔹 دواتر رووی لەکارکردن کردووە وەکو راوێژکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی کەنەدا بۆ پەرەپێدانی ئەو پرۆژانەی کە لە کیشوەری ئەفریقادان، تا ساڵی ٢٠٠٥ ئەم کارەی کردووە. 🔹 لە زانکۆکانی مکگیل (McGill University)و کارلتۆن (Carleton)ی کەنەدی وەکو وانەبێژو راوێژکاری پرۆژەکانی دۆزینەوەو پەرەپێدانی گێڵکەکانی نەوت کاری کردووە، سەرپەرەشتی ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵای کردووە لەبواری جیۆفیزیادا. 🔹 ساڵی ٢٠٠٥ رووی لەکارکردن لەبواری جیۆفیزیای پێشکەوتوتردا کردووە لە کۆمپانیای نەوتی کوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت، راوێژکاری هونەری پرۆسە روپۆشەکان و بیرە نەوتەکان بووەو کارەکەی جێبەجێکردنی تەکنیکی (Microseismic reservoir performance monitoring)و تەکنیکی (Micro-gravity airborn)ی لەخۆگرتووە، کاری لەسەر راهێنان و باشکردنی توانای هونەری کارمەندانی کوەیتی کردووەو بەردەوام بووە لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانی نەوتی کوەیت تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨. 🔹 دواتر رووی لەکارکردن کردووە لە کۆمپانیای پترۆناس (PETRONAS)ی مالیزی و تاوەکو ساڵی ٢٠١٢ کاری بۆ ئەم کۆمپانیایە کردووەو نوێنەری کۆمپانیاکە بووە لە یەکێتی و دیدارە جیهانییەکاندا. 🔹 ساڵی٢٠١٢ کۆمپانیا مالیزییەکەی بەجێهێشتووەو تاوەکو ٢٠١٤ وەکو رێکخەری پرۆژە تەکنیکییەکانی بواری دۆزینەوەو وەبەرهێنان و توێژینەوەی پەرەپێدان کاری کردووە، ئەمە لەپاڵ کارکردنی وەکو راوێژکار بۆ کۆمپانیای دۆزینەوە دەرەکییەکانی نەوتی کوەیت (KUFPEC). 🔹 پاشان لەگەڵ کۆمپانیای (TOTAL)ی فەڕەنسی کاریکردووەو راوێژکاری پێشکەوتووی جیۆلۆجی ئەم کۆمپانیایە. 🔹 ئەندامه لە زۆرێک لە دەستەو رێکخراوە زانستییە جیهانییەکاندا. 🔹 لە زۆرێک لە کۆنگرە زانستییەکانی بواری جیۆلۆجیا، جیۆفیزیاو پیشەسازی نەوتدا لەسەر ئاستی جیهان، پرۆژەی خۆی هەبووە. 🔹 خاوەنی چەندین توێژینەوەیە لەبوارەکەی خۆیدا، لەوانە: 🔸 Optimal Seismic Processing and Seismic Inversion of Low Coverage 2D seismic Data, West of Amara, Southern Iraq. A Seismic Reservoir Characterization study for Mishrif, Rumaila, Zubair and Ratawi formations. 🔸Seismic Imaging of Digenesis: A Tool for Studying Hydrothermal Dolomite Systems. 🔸 Case studies of some Middle East carbonate reservoir characterization technologies. 🔸 Seismic reservoir characterization, analysis and modern approach, Optimization of low coverage 2D seismic data well-driven processing for fine-stratigraphic analysis 🔸 First Microseismic Monitoring Results for a Middle-East Carbonate. 🔸 Analytical Review of Hamrong Geology and Geophysics Data. 🔸 Systematic Evaluation of Kuwaiti Reservoirs to Determine Optimum Candidates for Underbalanced Drilling. 🔸 Microseismic monitoring of a Middle East carbonate reservoir: Minagish sensitivity test results. 🔸 First Microseismic Monitoring Results for a Middle East Carbonate Reservoir: Minagish Oil Field Case Study, Western Kuwait.
(درەو): مەسرور بارزانی، كەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكان كاندید دەكات و ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان بۆ پێدانی متمانە كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە پەرلەمان پشووی زستانەدایە. ئەو سەرچاوەیە کە خۆی داوای کرد ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە وتی:" پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سامانە سروشتییەکان یەکلاکردوەتەوەو دەیەوێت لە پەرلەمان متمانە بۆ کاندیدەکەی وەرگرێت". بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان (دکتۆر کەمال ئەتروشی)یە. (کەمال ئەتروشی) کە لەدوای دوای ئاشتی هەورامییەوە دەبێتە دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەکان لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، راوێژکاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە بۆ کاروباری وزەو مامۆستای زانکۆی ئەمریکییە لە دهۆک و ماوەیەک راوێژکاری کۆمپانیایەکی کوەیتی بواری نەوت بووە. ماوەی ساڵێک و شەش مانگە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستبەکاربووە، هێشتا پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پڕنەکردوەتەوە، یەکێتی وەکو لایەنێکی بەشداری حکومەت بەردەوام رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرێت لەبارەی ئەوەی دۆسیەی نەوتی لەدەستی خۆیدا کۆنترۆڵ کردووەو سامانە سروشتییەکان وەزیری نییەو بەشدار نییە لە وەفدی حکومەتی هەرێم و گفتۆگۆکان لەگەڵ بەغداد، لەکاتێکدا رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەند پەیوەندی بەم وەزارەتەوە هەیە.
(درەو): بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت"تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەكراوین لەوەی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست دەكات، بۆیە داوامان لە هەرێمی كوردستان كردووە بڕێك لەو نەوتەی رادەست بكات كە لە ئێستادا رۆژانە (430 هەزار) بەرمیل هەناردەی بەرندەری جەیهانی توركیا دەكات" عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نیشتمانی بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق (واع): • بڕیارە نەوت لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەببرێت، بەدیاریكراویش لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە، ئەمە بۆ هەرێمی كوردستانو حكومەتی ناوەندیش باشترە. • بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لەبەردەم كۆمپانیا جیهانییەكان شكۆ بە عێراق دەبەخشێت، بەوپێیەی تاكە لایەنە كە لەڕێگەیەوە نەوت هەناردە دەكرێت، ئەمە باشتریشە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەوت نەقۆزرێتەوە. • زۆرینەی ئەو گرێبەستانەی كە تەماشاكراون ئاماژە بەوە دەكەن نەوتی هەرێم بە كەمتر لە (6 بۆ 9) دۆلار لە نرخی ئەو نەوتە دەفرۆشرێت كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، ئەمەش زیانە. • داوامان لە هەرێمی كوردستان كردووە بڕێك لە نەوتەكەی رادەستبكات تاوەكو لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێتو سۆمۆ توانای لەخۆگرتنی نەوتی هەرێمی هەیە. • بەگوێرەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەبێت هەرێمی كوردستان (250 هەزار) نەوت یاخود داهاتی ئەو بڕە لە نەوت رادەستی سۆمۆ بكات. • رەشنوسی بودجەی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات (250 هەزار) بەرمیل رادەستبكات یاخود ئەوەی كۆمپانیای سۆمۆ بەهای نەوتی هەناردەكراو بە نرخی خۆی بخەمڵێنێتو وەزارەتی دارایی لێ ئاگادار بكاتەوە. • تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەكراوین لەوەی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست دەكات. • بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگاتە (430 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا. • هیچ زانیارییەكمان نییە لەبارەی ئەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان هەبێت لەڕێگەی بارهەڵگرو رێگەی ترەوە. • گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی هاوبەشیو خزمەتگوزارییە، رێژەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە بەپێی گرێبەستە هاوبەشەكان هەناردە دەكرێت رۆژانە رێژەكەی دەگاتە (150 بۆ 180 هەزار) بەرمیل.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) سێ ساڵ پێش کوژرانی، کتێبێک لەبارەی ژیان و یادگارەکانی جەنگی لەنێو ئێراندا بڵاوکرایەوە لە بەراییەکەیدا ئاوا وەسفی کردبوو: "ڕۆژئاواییەکان ڕوخساری حاجی قاسم ناناسن، لەم ڕووەوە ئەم مناڵەی بیابانیان لا ئاڵۆز و ترسناکە. بۆ کاوبۆیەکانی ئەمریکا، {سولەیمانی} نموونەی فەرماندەیەکی سەربازی یان ژەنراڵ ڕۆمێل یان ئایزنهاوەرە.. بەڵام قاسمی سولەیمانی بە زیرەکی جەنگاوەرییەکەی... لە تەواوی ژەنراڵە سەربازییە ناسراوەکانی سەدەی بیستەم جیاوازترە. بۆیە لە لۆژیکی کاوبۆیەکان هیچ پێناسەیەکی نییە، وەک ئەوەی لە دنیایەکی دیکەوە هاتبێت. ئەو ترسناکییەکی ڕووت و کابووسێکە، پێویستە باتمان و سۆپەرمان و سپایدەرمان بۆ جەنگی بنێرن"(١). لە تۆمارێکی ڤیدیۆییشدا، خودی سولەیمانی لە مانگی ٧ی٢٠١٨دا، هەڕەشەی لە ترەمپی سەرکۆماری ئەمریکا کرد، پێی وت: "ترەمپی قومارباز، من بەتەنهایی بەرامبەرت دەوەستم..."(٢) بەڵام دەرکەوت پرۆسەی کوشتنەکەی بۆ ترەمپ و ئەمریکییەکان هێندەش سەخت نەبوو، نە بە سپایدەرمان و نە ئایزنهاوەر، بەڵکو بە فەرمانی "قوماربازەکە" و بە درۆنێکی بێفرۆکەوان، لە نیوەشەوێکی تێکەڵ بە ئاهەنگەکانی سەرەتای سەری ساڵدا کۆتاییان بە ژیانی ژەنڕاڵە بوغرنجەکەی ئێران و دنیای شیعە هێنا.(٣) بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرۆکسییەکانی، مەرگێکی کوشندە بوو، نەک تەنها لەبەرئەوەی پیاوێکی بێبەدیل و بەهێز و سەرلەشکری سوپای قودس و دەستەڕاستی ڕێبەری کۆمار عەلی خامینەیی لەناوبرا، بەڵکو جۆری کوشتنەکە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەکانیش بۆ سەرکردەکانی ئێران بۆ خۆی شەرمن و قەرزاری بەردەم شەقامی شیعە و ئێرانی کردن. هەر ئەوکات لە لوتکەی شیرازە سیاسییەکەوە تا سەربازێکی ئاسایی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی چەند بەرامبەریان لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد، بەڵام تا ئێستاش تۆڵەکردنەوە لە جوڵە و بۆڵەی سیاسیی زیاتر، لە واقیعدا شتێکی لە برینی کوژرانی سولەیمانی بۆ هەوادارانی ساڕێژ نەکردووە. لەوەش زیاتر چەندین هەنگاوی دیکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نراوە کە ئێرانی لاوازتر کردووە و ئێران نە تۆڵەی سولەیمانی و نە لە پاشەکشەشی وەستاوە: - تەنیا لە ٢٠٢٠دا ئیسرائیل ٥٠ هێرشی کردووەتە سەر سوریا و بنکەکانی ئێرانی لەو وڵاتە بە ئامانج گرتووە و زیانی مرۆیی و ماددی پێگەیاندووە، ئێران لەبەرامبەردا تەنها بێدەنگی هەڵبژاردووە. - هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەیانجار بارەگا و بنکە و سەرباز و جبەخانەکانی ئێران یان پرۆ ئێرانییەکانی لە سوریا و عیراق بە ئامانج گرتووە و وەڵامێکی لەو شێوەیەش نەدرایەوە. (بۆ نموونە لە مانگەکانی ٣،٥و١٠/٢٠٢٠) - ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ڕێی چەند کردەیەکی نهێنی هەواڵگریی-سەربازییەوە، چەند چالاکییەکی چاوەڕێنەکراوی (لەلایەن ئێرانەوە) ئەنجام دا: ڤایرۆسیکردنی کۆمپیتەرەکانی دامودەزگاکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئێران، تەقاندنەوەی پێگەی نەتەنزی ئەتۆمی، دزینی دەیان بەڵگەنامەی نهێنیی بواریی ئەتۆمی ئێران و گواستنەوەیان بۆ ئیسرائیل کە هەر بەم بەڵگانە بوو ئیسرائیل ترەمپی قەناعەت پێهێنا تا لە ڕێککەوتنی ٥+١دا بکشێتەوە، کوشتنی کاریگەرترین زانای ئەتۆمی ئەندامی باڵای سوپای پاسداران لە نێو ئیراندا، لە کردەیەکی نهێنیدا کوشتنی محەمەد میسری کەسی ژمارە دووی ڕێکخراوی قاعیدە لە هاوینی ٢٠٢٠دا لە گەڕەکی پاسدارانی باکووری شاری تاران، کە ئێران پەنای دابوو.(٤) - سەرەڕای ئەوانەش زیادبوونی سزاکانی سەر ئێران و دابەزینی بەهای تمەن بۆ ٢٥٠٠تمان بۆ هەر دۆلارێک لانیکەم و پێکهێنانی حکومەتێکی نائێرانی لە عێراق و سنووردارکردن و بگرە سڕکردنی چەندین گرووپی حەشدی شەعبی هەر لە ساڵی ڕابردوودا، نیشانەیەکی تری نینۆککردنی ئێرانن و سیاسەتیی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا ناچار بووە بە بێدەنگیی کردەیی. شەقامی ئێرانی و سولەیمانی ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانیدا (11/٣/1957-3/١/2020ز) تێدەپەڕێت، هیچ تۆڵەیەکی وا لە بکوژان و هۆکارەکانی نەکراوەتەوە، هەر لەوکاتەوە و لەگەڵ کوژرانیدا، شەقامی ئێرانی بەسەر دوو جەمسەردا بەش بووە: ١. بەشێکیان بەهەواڵەکە دڵخۆش بوون، یان لانیکەم پێیان ناخۆش نەبوو لەوانە: ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە(چونکە بە کەوتنی هێمایەکی پایەداریی و بەهێزی کۆماری ئیسلامییان دەزانی) بەشێکی ڕیفۆرمخوازان(چونکە یادگاریی تاڵ و دوورمەودایان لەگەڵ سلێمانیدا جێهێشت بوو، لەوانە: سولەیمانی یەک لەوانەبوو کە هەڕەشەی لە خاتەمی کرد١٩٩٨ کە زیادەڕەوی نەکات، یەکێک بوو لەوانەی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵی هەبووە، لە سەردەمی ڕۆحانیشدا زۆرینەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانی لەدەستدا بوو و ڕۆڵێکی بۆ جەواد زەریف نەهێشتبووەوە کە وەزیری بەرگری بوو، تەنانەت جارێکیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەبەر دەستوەردانەکانی پێشکەکشکرد)، زۆرینەی چینی خوار و هەژاری ئێرانی(چونکە سولەیمانی ئەڵقەی پەیوەندی سیاسیی و دارایی و سەربازیی ئێران و پرۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی ناو سوپای قودس بوو-حزبوڵای لوبنان-حەماس-میلیشیاکانی عیراق و یەمەن و..تاد، لەوەدا کە ئەمانە سەرلەبەر نمەکی سولەیمانییان کردبوو، خەڵکی ئێران پێیان وایە پارەیەکی زۆری وڵات لە بژێویان دەگیرێتەوە و دەبرێتە دەرەوە و لەمانەدا خەرج دەکرێت و دۆخی ئابوورییش بەهۆی ئەوانەوە خراپە -بۆیە لە دروشمەکانیشدا دەیانووت: "نە عێراق و نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران"، وەک ئاماژەیەک کە ئەوانە بەسەر ئێرانەوە دەژین و ئێرانییەکان خۆیان برسییانە). ڕاستیشیان کرد ئاخر لە دوا لێدوانی مەحمود زەهاری یەک لە دامەزرێنەرانی حەماسی فەلەستینی و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەلەستین، نەیشاردەوە و وتی: "یەکەمین دیدارم لەگەڵ قاسم سولەیمانی ساڵی ٢٠٠٦ بوو، بۆ چەن وڵات سەفەرم کرد و دواوێستگەم لەگەڵ سولەیمانی بوو، دیدارێکی ئەرێنیمان ئەنجام دا و داواکاری خۆمانم پێووت، وتم سەرەکیترین کێشەمان پێدانی مووچەی فەرمانبەرانمانە، ئەوکات گەمارۆ درابوون، سولەیمانی دەستبەجێ وەڵامی داینەوە و ڕۆژی دواتر کاتی گەڕانەوەمان لە فرۆکەخانەدا ٢٢ملیۆن دۆلاری لە نۆ جانتای سەفەرکانماندا جێ کردووبوویەوە (نۆ کەس بوون)، ڕێککەوتنمان لەسەر زیاتر بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی نەماندەتوانی ٤٠ کیلۆ زیاتر ببەین چونکە لە فرۆکەدا ڕێپێدراو نییە."(٥) حەسەن نەسروڵاش پێشتر (٢٠١٦) نەیشاردەوە کە نان و ئاو و مووچەی حزبوڵا و مووشەکەکانی سەرجەم لە ئێرانەوە دێت.(٦) ئێرانییەکان ئەم لێدوانە و دەیانی دیکەش لە بەرپرسانی عێراقی و لوبنانی و یەمەنی دەبیستن و سەرلەبەریشیان ئەڵقەی پەیوەندییان قاسم سولەیمانی بوو. ٢. هەوادارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و شیعە و پرۆئێرانییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێش، لەوانە بوون کە نەک پێیان ناخۆش بوو، بەڵکو بە گورزێکی کوشندە و کاریگەرییان زانی، هیچیان گریان و هەڕەشە و کاردانەوەکانیان بۆ نەشاردرایەوە. ئەم هەوادارانە سولەیمانییان وەک دەستەڕاست، مالیکی ئەشتەری زەمانە، هاوڕیی هەرەباشی ڕێبەر، پایەی هێز و هەژموونی ئیران لەدەرەوە و ئەفسانەی سەربازیی ئێرانیان دەزانی. ئێستا ئێرانییەکانی لایەنگیری شۆڕش، لە واقیعدا پێچەوانەکەی دەبیننەوە، نەک تەنها سولەیمانی بەڵکو کۆی هەڕەشەی سەرکردەکانیان هێشتا نەک نەیانتوانیووە تۆڵە بستێننەوە بەڵکو بەدواشیدا وەک باسکرا چەندین ڕووداوی هاوشێوە و پەلاماری دیکە هاتووە. لە ساڵیادی کوژرانیدا، کە یادێکی فراوانی لە ناوەوە و دەرەوە بۆ کرایەوە، سەرەکیترین پرسیاری جەماوەر و میدیاکان لە بەرپرسان ئەوەبوو، بۆچی تۆڵەی سولەیمانی نەکرایەوە، لە مەراسیمی یادکردنەوەکەشدا بەرپرسانی ئێرانی هەریەکە و جۆرێک تۆڵەنەکردنەوەکەی ئاراستە دەکرد یان دووبارەی دەکردەوە: ڕۆحانی وەک هەمیشە بە وەڵامە گشتییەکانی وتی ئەوان دەستی سولەیمانییان بڕی، ئێمە پێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبڕین!(٧) سەردار سەلامی سەرلەشکری سوپای پاسدارانیش ئاراستەی تۆڵەکردنەوەکەی گۆڕی و وتی: دوو جۆر تۆڵە هەیە یەکێکیان لەبری خوێنی سولەیمانی کە بکەرانی کردەکە تۆڵەکە وەردەگرن، دووەمیش تۆڵەی ستراتیژییە کە بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەرەسپێهێنانی ئیسرائیل(٨). ئیسماعیل قائانیش شوێنگرەوەی سولەیمانی و سەرکردەی سوپای قودس بە جۆرێکی دیکە هەڕەشەی کرد و وتی ڕەنگە لە ناوخۆی ئەمریکادا وەڵامی تۆڵەکردنەوەکە بدرێتەوە(٩)... سەرلەبەری ئەم هەڕەشانە دەری دەخات کە جۆری هەڕەشە و شوێن و وردیی جێبەجێکردنەکەی لاستیکییە و هاوڕا نین، حکومەتی ڕۆحانی دەیەوێت تۆڵەکردنەوە دیبلۆماسیانە بێت و لە نێو سوپاش هەندێکی دەیەوێت کردەی سەربازی بەرامبەر ئەمریکا بێت و هەندێکیشی دەیەوێت لە هاوپەیمان و هاوکارانی ئەمریکا تۆڵەبکرێتەوە. بەڵام بەگشتی لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە تۆڵەکردنەوەی ڕاستەوخۆ دوورنییە جەنگێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە نەک خوێنی سولەیمانی بەڵکو کۆی کۆمارەکە دەخاتە مەترسییەوە و بۆیە ڕەنگە لەم قۆناغەدا ستراتیژی مروونەتی حەسەنی بەکاربهێنن تا بەرەنگاربوونەوەی حوسەینی. هەرسکردنی ئەمەش بۆ ئێرانییەکان ئاسان نییە و پێیانوایە دواکەوتنی تۆڵەکردنەوەکەی سولەیمانی لە تۆڵەوە بۆ بۆڵە سەر دەکێشێت. پەراوێز و سەرچاوە: . قاسم سلیمانی،١٣٩٥: حاج قاسم(جستاری در خاطرات حاج قاسم سلیمانی)، بە کوشش: علی اکبری مزدآبادی، انتشارات یا زهرا، تهران. ص٦. ٢ . https://www.youtube.com/watch?v=6GBhfpeFZY4 ٣. https://www.bbc.com/persian/iran-50979264 ٤ . https://www.radiofarda.com/a/israel-us-s-covert-ops-against-iran-as-iran-s-allies-on-high-alert-in-trump-s-final-weeks-in-office-/30963164.html ٥ . https://www.youtube.com/watch?v=EGV20S91TsI ٦ . https://www.youtube.com/watch?v=VFwODFdZ6Dw ٧ . http://bit.ly/3pIJh4x ٨ . http://bit.ly/2MgM8TN ٩ . http://bit.ly/2LbCLnV
(درەو): "حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆلاری چاپی كۆن كە پێی دەوترێت دۆلاری سەوز دەباتە بازاڕەكانی بەغدادو بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی دەیفرۆشێت بۆ ئەوەی دیناری عێراقیی كۆبكاتەوە" ئەمە قسەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە. محەمەد ساحب دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ملیۆنان دۆلاری ناڕوون لە بازاڕی كڕینو فرۆشتنی دراودا لە بەغداد هەیە. دەراجی بەشێوەی مەیدانی سەردانی بازاڕەكانی فرۆشتنی دراوی بیانی كردووە لە بەغداد، بەتایبەتیش بۆرسەی (كیفاح)و (حارسیە)و بۆرسەكانی تر، وەكو خۆی دەڵێ، بۆی دەركەوتووە رۆژانە (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی دەخرێنە بازاڕەكانەوە لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئاڵوگۆڕی دراوەوە. ئەم ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسلەوەدەكات، ئەو دۆلارانەی كە خراونەتە بازاڕەكانەوە پێیان دەوترێت "دۆلاری سەوز"، مەبەست لەمە ئەو (100 دۆلارییانە)یە كە چاپی كۆنن، ئەمە لەكاتێكدایە بانكی ناوەندی چاپە نوێیەكەی (100 دۆلار)یی دەفرۆشێت كە پێی دەڵێن "دۆلاری شین"، واتە ئەو دۆلارە سەوزانە سەرچاوەكەیان بانكی ناوەندی نییە. لەبارەی چاپە كۆنەكەی (100 دۆلار)یی لە بازاڕەكاندا، دەراجی ئاماژە بەوەدەكات، ئەم پارانە رێگەیەكی نایاساییو لە ئۆتۆمبیلی تایبەتدا دەگەنە هەرێمی كوردستانو سەرچاوەی ئەم پارانە پرۆسەی فرۆشتنو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە، كە لەڕێگەی بانكێكەوە لە دوبەی حەواڵەی بانكی (جی پی مۆرگن)ی ئەمریكی دەكرێتو پاشان دەچێت بۆ بانكێكی تر لە توركیا كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەو پارانە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكات. دەراجی دەڵێ:" هەرێمی كوردستان ئەو دۆلارانە لە بازاڕەكانی بەغداد دەفرۆشێت بەمەبەستی راكێشانی دیناری عێراقیی، چونكە سود لەو دینارانە دەبینێت، ئەو لایەنانەی كە دۆلارەكانی هەرێم دەفرۆشن، بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی عێراق دۆلارەكان دەفرۆشن، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەهای بازاڕی ناوخۆیی دەبێت". داوا لە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان دەكات، چاودێری ئەم پرۆسەی "مەترسیدارە" بكەن كە بەوتەی ئەو كاریگەری لەسەر ئابوری نیشتیمانیی عێراق دەبێت.
درەو : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وعێراق هۆشداری توند دەدەنە بە ئێران وئەو میلیشیایانەی كە پشتیوانیان لێدەكات، وهەڕەشەی وەڵامدانەوەی خێرا دەكەن بۆ هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر دیبلۆماتكاران و هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا. ڕۆژنامەی ”وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویكردووەتەوە ئەم هۆشداریەی واشنتۆن و بەغداد هاوكاتە لەگەڵ لەگەڵ نزیكبونەوەی یەكەمین ساڵیادی كوشتنی جەنەراڵ قاسمی سڵێمانی، بەلێدانێكی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی. لەمبارەیەوە فەرماندەی سەربازیی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، فرانك ماكێنزی، ڕایگەیاند : ”هیچ كەس ناتوانێت لە تواناكانمان بۆ بەرگری كردن لە هێزەكانمان، یان لە مامەڵەكردنمان بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك كەم بكاتەوە”. پاش بە ئامانج گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بەژمارەیەك موشەك، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شاندێكی ڕەوانەی تاران كرد، بەپێی ووتەی ڕۆژنامەكە كە لە وەریگرتووە لە پەرلەمانتاری عێراق، عامر ئەلفایز. شاندەكەی عێراق پەیامێكی ئاگادارییان گەیاندە تاران كە ئەمریكا بەرپرسیارێتی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر بەرژەوەندیەكانی، دەخاتە ئەستۆی تاران. لەم ڕۆژانەی دواییدا داواكاری ئەنجامدانی كاری توندوتیژی لەلایەن ئەو میلیشیایانەی كە پشتیوانیی دەكرێن لەلایەن ئێرانەوە ڕوو لە زیادبوون بوو. هەر بەپێی ڕۆژنامەكە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، گروپێكی هەواڵیی عێراقی سەر بە ئێران، وێنەیەكی باڵوێزخانەی ئەمریكا یان بڵاوكردۆتەوە وئەم كۆمێنتەی لەسەر دانراوە ”لەبیرت بێت هەمیشە دەتوانم ئەوە ببینم كە دەیكەیت”.
ڕاپۆرتی شیكاری: ئینستیوتی ئابووری بەژمارە قەیرانی دابەشكردنی بڕی مووچە و كاتی دابەشكردنی بابەتێكی زۆر ڕوونە، بەڵام ئینستیوتی ئابووری بەژمارە وەك ناوەندێكی شیكاری داتا و ئابووری لەم شیكاریەدا وەڵامی پرسیاری 2020؛ 8 مووچە یان 5 مووچە دابەشكراوە؟ بە پشت بەستن بە بەڵگە و داتا و زانیاریەكان دەداتەوە. پیویستە پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەوە ڕوون بكەێنەوە، دابەشكردنی مووچە لەماوەی 12 مانگ جیاوازە! لە پرسی دابەشكردنی مووچە بۆ ساڵی 2020ە، چونكە لەڕووی ژمارەیەوە سەیر بكڕێت حكومەت لەنێوان مانگی 1 بۆ مانگی 12ی ئەمساڵ 8 مووچەی دابەشكردووە. بەڵام ئایا ئەو 8 مووچەیە مووچەی ساڵی 2020 بووە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر.. ئەوەی دابەشكراوە 3 مووچەی ساڵی 2019 بووە بەڵام لە ساڵی 2020 دابەشكراوە. پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2020 مانگی 1/ كانوونی دووەم كاتی دابەشكردنی مووچە: 4/5/2020 مووچەی دابەشكراو: 892,000,000,000 ملیار دینار .................. مانگی 2/ شوبات كاتی دابەشكردنی مووچە: 26/6/2020 مووچە بەلێبڕینی 21% : 727,000,000,000 ملیار دینار ................ مانگی 3/ ئازار كاتی دابەشكردنی مووچە: 18/8/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ....................................................................... مانگی 9/ ئەیلول كاتی دابەشكردنی مووچە: 15/10/2020 مووچە بەلێبڕینی 18%: 737,000,000,000 ملیار دینار ........................................................ مانگی 10/ تشرینی یەكەم كاتی دابەشكردنی مووچە: 2/12/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ........................................................................................................ پەیوەندار بەدابەشكردنی مووچە لەساڵی 2020دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا مووچەی 5 مانگی دابەشكردووە لەكاتێكدا 4 مانگی بەلێبڕینەوە دابەشكراوە كە دەكاتە 81% مووچەیەكی تەواو. واتە یەك مووچەی تەواو و 4 مووچە بە لێبڕین و 3 مووچە پاشەكەوت كراوە لەسەر كابێنەی هەشتەم و 4 مووچەش بەنادیاری ماوەتەوە لە كابینەی هەشتەم. ئەگەر سەیری خشتەی دابەشكردنی مووچە لە ساڵی 2020دا بكەین لە زۆركاتدا 50 رۆژ جارێك مووچە دابەشكراوە و ئەویش بە لێبڕینی 21% لە كۆی گشتی مووچە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كابینەی نۆیەم بە بیانوی خۆگونجاندن لەگەل حكومەتی عێراق مانگەكانی (4/5/6) بە پاشەكەوت ئەژماركردوە لەسەر كابینەی هەشتەم. لەهەمان ساڵدا كابینەی نۆیەم ساڵی 2020 بەجیدەهیڵێت بەبی ئەوەی ڕوونكردنەوە بدات لەسەر مووچەی مانگەكانی (7/8/11/12) و هەروەها لێبڕینی مووچەی مانگەكانی( 2/3/ 9/10) كە دەكاتە 81% كۆی گشتی مووچەی مانگی مووچەخۆرێك.. لەبەرئەوە ساڵی 2020 نەك 5 مووچە دابەشنەكراوە، بەڵكو 4 مووچە و 19% مووچەیەك دابەشكراوە. بەپێی خەمڵاندانەكان بڕی پارەی پیویستی بەردەستی حكومەت بۆ دابەشكردنی 5 مووچەی مانگەكان لەساڵی 2020 بڕەكەی 3ترلیۆن و 810 ملیار دینار بووە، بەپێی نوسراوێكی حكومەتی عێراق لەماوەی ساڵی 2020 بڕی 2ترلیۆن و 81 ملیار دینار لەچوارچێوەی شایستە داراییەكان بۆ ساڵی 2020 ڕەوانەكردووە، واتە دوای لیدەركردنی بڕی تەرخانكراوی حكومەتی عێراق دەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی 2020 تەنیا بڕی 1ترلیۆن و 729 ملیار دیناری تەرخانكردووە كە تەنیا 45% كۆی مووچەی دابەشكراوی ساڵی 2020ە. * بیلال سەعید، سەرۆكی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە
درەو: داهاتی نەوتی عێراق گەیشتە ( 4 ملیارو 213 ملیۆن) دۆلار و بە بەرارود بە مانگی رابردوو نزیكەی ( ملیارێك) دۆلار زیادی كردووە. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی كانونی یەكەمی 2020ی بڵاوكردەوە بە جۆرێك فرۆشی نەوتی عێراق (88 ملیۆن و 211 هەزارو 750) بەرمیل نەوت بووە ، بە بەراورد بە مانگی رابردوو ( تشرینی دووەم ) كە داهاتی نەوتی عێراق ( 3 ملیار و 403 ملیۆن) دۆلاربووە، بەو پێیە داهاتی نەوتی عێراق نزیكەی ( ملیارێك) دۆلار زیادی كردووە. - لە مانگى كانونی یەكەمدا رۆژانە (2 ملیۆن و 846 هەزار) بەرمیل نەوتی رەوانە كراووە. - نرخی یەك بەرمیل نەوت لە مانگی كانونی یەكەمدا بە ( 47 دۆلارو 765 سەند) فرۆشتووە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت وێنای ساڵی 2020 وەكو ساڵێكی قورسی دارایی بگۆڕێتو دەڵێت لەو ساڵەدا بە تێكڕا (8) موچەی بە فەرمانبەران داوە، ئایا ئەمە راستە ؟ كورتەیەك لە ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان (8) موچەی دابەشكردووە، لەم (8) موچەیە، (3) موچەی هی مانگانەكانی ساڵی 2019 بووە، واتا بەتێكڕا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) تەنیا (5) موچەی مانگەكانی 2020ی بۆ فەرمانبەران خەرجكردووە. ناتوانێت وێنای دۆخەكە بگۆڕێت ! كابینەی مەسرور بارزانی لەدواین ساتەكانی ساڵی 2020دا جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ساڵی 2020 بە تێكڕا (8) موچەی دابەشكردووە، حكومەت دەیەوێت ئەم وێنایە لە زەینی موچەخۆراندا بچەسپێنێت، بەڵام لێدانەوەی ژمارەكان پێچەوانەی ئەم قسەیە نیشان دەدات، چۆن ؟ تێكڕای خەرجی موچە بۆ هەرمانگێك لە هەرێمی كوردستان (894 ملیار) دینارە، كۆی خەرجی موچەی (12) مانگ واتە ساڵێك، بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە. ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بۆ موچەی مانگەكانی 2020 خەرجی كردووە، بڕەكەی تەنها (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار بووە، واتا حكومەت لە 2020دا تەنها رێژەی (34%)ی كۆی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ موچە تەرخانكراوەو لە ساڵەكەدا بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە. ئەو (8) موچەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا دابەشیكردووە، بەمشێوەیە بووە: • لە 13/1/2020 موچەی مانگی (10)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 9/ تا 7/3/2020 موچەی مانگی (11)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 28/3/2020 موچەی مانگی (12)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 5/5/2020 موچەی مانگی (1)ی 2020 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 4/7/2020 موچەی مانگی (2)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) • لە 17/8/2020 موچەی مانگی (3)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) • لە 15/10/2020 موچەی مانگی (9)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 18% دابەشكراوە) • لە 10/12/2020 موچەی مانگی (10)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) پاشەكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2020 حكومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بۆ كەمكردنەوەی گوڕی ئەو قەیرانە داراییەی كە لەسەری بوو، بەبڕیارێك دەستكاری ساڵی دارایی كرد. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبڕیارێك، موچەی مانگەكانی (4، 5، 6)ی 2019ی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، موچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەران بوو بە "پاشەكەوت"و قەرز لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی، قەرزێك كە دیارنییە ئایا حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە یاخود نا ! هەر بەو بڕیارە، مەسرور بارزانی، موچەی مانگەكانی (7، 8)ی 2020ی كابینەكەی خۆی خستەئەستۆی حكومەتی بەغداد بەبەهانەی ئەوەی بەغداد موچەی نەناردووە، چارەنوسی ئەم دوو موچەیەش نادیارەو تائێستا وەفدی حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەغداد قایل بكات بەوەی موچەی ئەو دوو مانگە بگەڕێنێتەوە. مەسرور بارزانی بەگشتی بەرپرسیارێتی (5) موچەی فەرمانبەرانی لەئەستۆی خۆی هەڵگرتو خستیەئەستۆی نێچیرڤان بارزانیو بەغداد. واتا حكومەتی هەرێمی لە 2020 تەنها (8) موچەی دابەشكردووە بە بڕی (6 ترلیۆن و 332 ملیار) دینار، لە (8) موچەیە (3) موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووە، كە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 682 ملیار) دینار بووە. بەڵام بۆ (12) مانگەكەی ساڵی 2020 بەگشتی تەنها (5) مانگی حكومەت موچەی دابەشكردووە بە بڕی (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار، ئەمە لەكۆی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دیناری خەرجی موچەی هەموو ساڵەكە. داهاتی حكومەت لە 2020دا ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 دا لە بەغدادەوە پێی گەیشتووە بەمشێوەیە بووە: • بڕی (453 ملیار) دینار لە 17/1/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 2/3/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 26/3/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 24/4/2020 نێردراوە • بڕی (320 ملیار) دینار لە 16/8/2020 نێردراوە • بڕی (320 ملیار) دینار لە 12/10/2020 نێردراوە كۆی گشتی ئەو پارانەی كە لەساڵی 2020دا لە بەغدادەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دینار بووە. واتا حكومەتی هەرێمی لەو (6 ترلیۆنو 332 ملیار) دینارەی كە لە 2020دا بۆ موچە خەرجیكردووە، تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ هاتووەو پاشماوەی خەرجییەكانی تری موچەی بەم داهاتانەی تر دابین كردووە: • (160 ملیار) دیناری پارەی هاوپەیمانان لە ساڵەكەدا بەتێكڕا • (3 ترلیۆنو 773 میار) دیناری داهاتی حكومەت خۆی لە ساڵەكەدا بە تێكڕا واتا داهاتی (نەوتو ناوخۆ). ئەم هاوكێشەیە دەریدەخات ئەو خەرجییەی كە حكومەتی هەرێم لە 2020دا بۆ موچە كردویەتی، داهاتەكانی بەمشێوەیە بووە: • رێژەی (60%)ی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە 2020دا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم خۆی دابەشكراوە. • رێژەی (38%)ی خەرجی موچەی 2020 بەو پارەیە پڕكراوەتەوە كە لە بەغدادوە هاتووە. • رێژەی (2%)ی خەرجی موچەی 2020 پارەی هاوپەیمانان دابینی كردووە. داهاتی ئێستای حكومەت لە ئێستادا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە ساڵی 2021وە دەیەوێت ئەمساڵ یاسای بودجە بباتە ناو پەرلەمان، بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتی هەرێم بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: 280 ملیۆن دۆلاری مانگانە • پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە • داهاتی ناوخۆ: 180 ملیار دیناری مانگانە • كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە مانگێكدا: 600 ملیار دینارە بەگوێرەی ئەم داهاتانە، ئەگەر بەغداد لە بودجەی 2021ی خۆیدا هیچ پارەیەك بۆ حكومەتی هەرێم نەنێرێتو حكومەتی هەرێم چاكسازی گەورە نەكات بۆ بەرزكردنەوەی داهاتەكانی، ئەوا بۆ ساڵی نوێ حكومەت ناچار دەبێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ بۆ (33%) بەرزبكاتەوە. مەسرور بارزانی بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەڵێ"دابەشكردنی موچە بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە"، واتا تەنانەت نایەوێت هاوشێوەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئەو لێبڕینەی موچە ناوبینێت "قەرز" یاخود "پاشەكەوت"، مەسرور بارزانی بڕی (28 ملیار) دۆلار قەرزی لە كابینەكانی پێشی خۆیەوە بە میراتی بۆ بەجێماوە، ترسی هەیە لە گەورەبوونی قەبارەی ئەم قەرزانە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بیر لەوە دەكاتەوە بۆ چەندین كابینەی داهاتوو هەر خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، بەڵام دەیەوێت باری لاری قەرزە كەڵەكەبووەكانی حكومەت لەسەر شانی فەرمانبەران راستبكاتەوە.
راپۆرتی: (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا (2) پەرلەمانتار هی قسەیەكیان نەكردووە لە كۆبونەوەكانی پەرلەماندا و (4) پەرلەمانتار یەك جار قسەیان كردووە، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، كە دەبوو (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، دەبوو لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، دەقی راپۆرتەكەی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە پوختەی كارو چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 ی قەیران و كۆرۆنادا ساڵی 2020 لە جیهان بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەت، ساڵی قەیران و نەهامەتی و گرژی و ئاڵۆزی بوو، قەیرانەكانی ئابووری، سیاسی، تەندروستی، پەروەردەیی و كۆمەلایەتی تەشەنەی سەندبوو، بار و گوزەرانی هاولاتیان سەخت بوو و ئەگەر وابڕوات بەرەو خراپتریش دەچێت، كەشی سیاسی گرژبوو، جا چ لەنێوان هیز و لایەنە كوردستانیەكان بێت یا لەنێوان هەولێر و بەغدا، یا لەگەل ولاتانی دەوروبەر، ڤایرۆسی كۆڤید-19 بڕستی لەبەر هاولاتیان بڕیبوو و پەكی هاتووچۆ و كارو كاسبی خستبوو، پرۆسەكانی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی بالا پەكیان كەوتبوو و تا ئێستاش دەستیان پێ نەكردۆتەوە، بەهەدەردانی سامان و داهاتی ناوخۆ زۆر و زۆرتر بوو لەلایەن هێزە باڵا دەستەكان و كۆمپانیاو گروپەكانیانەوە. ئەمانەو چەندان قەیران و بابەتی تر كە بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتبوو، ئەوەی دەبوایە رۆڵی هەبێت و جێدەستی بەسەر روداوەكانەوە دیار بێت پەرلەمانی كوردستانە كە پێویست بوو وەك لەیاسادا هاتووە مەرجەعی باڵا بێت، نەك سەرقاڵی كاری لابەلا بێت. ئێمە وەك (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشە پێدان) كە ماوەی حەوت ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەلسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)مان گرتۆتە ئەستۆ و تا ئێستا (16) راپۆرتمان لەسەر بلاوكردۆتەوە،بەمەبەستی دروستكردنی فشاری مەدەنی و راستەڕێ كردنی كاری پەرلەمانی و پێگەیشتنی پرۆسەی دیموكراسی و هێنانەكایەی كۆمەڵێكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی رۆَڵی پەرلەمانی كوردستان وەك خۆی و روونتر بۆ هاولاتیان بخەینە روو، لەم كورتە راپۆرتەدا تەنها بە ژمارە باس لە پەرلەمان دەكەین لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا، كە ئاخۆ بە ئەركەكانی خۆی هەڵساوە وەك مەرجەعێكی باڵا، یاخود رۆڵی پەراوێز خراوەو سەرقاڵ كراوە بەكاری لابەلا!؟ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 31/12/2020 پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە 1-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا كە دوو خولی گرێدانی (پایزە) و (بەهارە) لەخۆدەگرێت، (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت. 2-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (4) دانیشتنی كە راگەیاندبوو دوای خستووە، ئەمەش بەهۆی ململانێی سیاسی و لاوازی دەستەی سەرۆكایەتیەوە كۆبوونەوەكان دواخراون. 3-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەها (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، لەڕابردوودا كۆبوونەوە هەبووە نیو كاتژمێر و كۆبوونەوەش هەبووە دە كاتژمێری خایاندووە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كاتژمێری كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە. 4-لەماوەی ساڵێكدا و لە كۆی (12) كۆبوونەوەدا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوە جا بەهۆی ئامادەنەبوونەكە بەهۆی (غیاب)ەوە بووبێت، یا مۆڵەت یا بایكۆت، لەكاتێكداتۆماری ئامادە نەبوونی ئەندامان لە (4) كۆبوونەوەشدا تۆمار نەكراوە یا رانەگەیەنراوە، بۆیە لەبەردەست نەبوو، ئەگینا ژمارەكە لەوە زیاترە. سەبارەت بە ناوی ئەوانەی ئامادە نەوبوون لە كۆبوونەوەكان هەمووی لە پێگەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان (www.payied.org) لەبەشی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران هەیە. 5-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی بۆ (9) پرۆژە یاسا كردووە، سەرباری ئەو كێشەو گرفتانەی هەن،سەرباری بوونی كەلێنی یاسایی لەهەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەلام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە. 6-پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ساڵێكدا تەنها (5) یاسای پەسەند كردووە. كە بریتین لەمانە: لە ماوەی ساڵێكدا تەنها ئەو پێنج یاسایە پەسەند كراون: -یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقلیەكان لەهەرێمی كوردستان عێراق. -یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین وئیمتیازاتەكان وخانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. -یاسای ژمارە (3)ی رێگریكردن لەبەقاچاخ بردنی نەوت و گاز ولێدەرهێنراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان-عێراق. -یاسای ژمارە (4)ی یاسای ماف وئەركەكانی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان-عێراق. -یاسای ژمارە (5)ی یاسای لەئەستۆكردن لەهەرێمی كوردستان. 7-لەماوەی ساڵێكدا تەنها دوو بڕیار پەسەندكراوە كە كەتایبەت بە بابەتی كارگێڕی پەرلەمان نەبن: -بریاری ژمارە (1)ی سالی 2020: بریاری بۆنە فەرمیـیەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان. -بریاری ژمارە (5)ی ساڵی 2020: سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بریار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە. 8-لەماوەی ئەم ساڵەدا پارێزبەندی لەسەر یەك پەرلەمانتار هەڵگیرا، ئەویش بەپێی بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی 2020، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عمر سعید) هەلگیراو بەناچاری دەستی لەكار كێشایەوە. 9-لەماوەی ئەم ساڵەدا وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە. 10-لەماوەی ئەم ساڵەدا لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە (2) جار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كراوە. 11-لەماوەی ئەم ساڵەدا هیچ كام لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كە بانگهێشتكرابوون بۆ لێپرسینەوە، ئامادە نەبوون بچنە بەردەم پەرلەمان. 12-لەماوەی یەك ساڵدا (14) داوا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەردەم پەرلەمان. بەلام (9) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون. 13-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە كۆی (23) ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران، تەنها (16) جار ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی لیژنەكان بوون بەمەبەستی گفتوگۆ و میوانداری. 14-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە گرژی و خۆپیشاندانەكاندا هەشت پەرلەمانتار پەلامار دراون. 15-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو حەوت ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمان پەسەند نەكراوە، پەرلەمانیش بێدەنگە. 16-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو نۆ ساڵە ژمێرەی كۆتایی نەچۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە، پەرلەمانیش بێدەنگە. 17-لەماوەی ساڵی 2020 نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەلام بەپێی وتەی ئەندامان و خودی سەرۆكی پەرلەمانیش زۆرینەی پرسیارەكانی ئەندامان لەلایەن حكومەتەوە وەلام نادرێنەوە. بۆ نمونە سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/3/2020ی پەرلەماندا وتی:"لەئێستادا زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران كە ئاراستەی ئەندامانی كابینەی وزاریی حكومەتی هەرێم كراون وەڵامنەدراونەتەوە". 18-لەماوەی ساڵێكدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (165) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو بەلای كەمەوە پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم ساڵەدا (456) جار كۆبونەوە بكەن. 19-لەماوەی ساڵی 2020 دا لەو (165) كۆبوونەوەیەدا (313) جار ئامادەنەبوون تۆمار كراوە، كە بەبەراورد لەگەل كۆبوونەوەكان رێژەكە زۆرە. 20-لەماوەی ساڵێكدا بە هەموو لیژنەكانەوە پێویست بوو (33) راپۆرت بنوسن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن، بەلام تەنها (11) راپۆرتیان نوسیوەو (22) راپۆرتیان پشتگوێ خستووە. 21- لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆیو لە راگەیاندنەكاندا (93) جار پیرۆزبایی لە جەژنەكانی سەری سال و رەمەزان و قوربان و جەما و رۆژی ئالا و جەژنەكانی تر و پیرۆزبایی دامەزراندنی حزب و رێكخراوەكان و بابەتی تری لەم جۆرەی كردووە. 22-لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (76) جار پرسەو سەرەخۆشی لە هەندێك لەو كەسایەتیانەی كۆچی دواییان كردووە. 23-لەماوەی ئەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (3) راگەیەنراوی تایبەتی بە (PKK) دەركردووە كە هەریەك لەو راگەیاندنانە تەعبیر لە رایی یەكێك لەئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگدانەوەو تێڕوانینی حزبەكانیانی تیادا دانراوە. یەك راگەیەنراویش سەبارەت بە هێرش و پەلامار و بۆردومانی توركیایە بۆ هەرێمی كوردستان. 24-لەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (1) راگەیەنراوی تایبەتی سەبارەت بە سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەركردووە. 25- بەپێی كۆبوونەوەكانی دەستپێكی هەردوو خولی بەهارەو پایزە لە رۆژانی(1/3/2020) و (2/9/2020)، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوە بەلێنی جێبەجێكردنی بەڵێن گەلێكیان دا كە ۆی لە (141) خاڵ دەبینیەوە، بەلام كەمترینیان لێ جێبەجێ كراوە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە: -كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور. -هێنانی بودجەی (2020) بۆ پەرلەمان. -گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا. -فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات. -دڵنیایی كۆمەڵایەتی و تەندروستی. -چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست. -دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكان. -یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ. -وەبەرهێنان. -دەروازە سنورییەكان. -پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی. -ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك. -رێكخستن و فرۆشتنی هاوردەكردنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت. 26-بەدرێژایی ساڵی 2020 ئەندامانی پەرلەمان بەم جۆرە قسەیان لەناو هۆڵی پەرلەمان كردووە: -دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە. -چوار پەرلەمانتار (1) جار قسەیان كردووە. -دە پەرلەمانتار (2) جار قسەیان كردووە. -هەشت پەرلەمانتار (3) جار قسەیان كردووە. -یانزە پەرلەمانتار (4) جار قسەیان كردووە. -هەشت پەرلەمانتار (5) جار قسەیان كردووە. -یانزە پەرلەمانتار (6) جار قسەیان كردووە. -سێ پەرلەمانتار (7) جار قسەیان كردووە. -شەش پەرلەمانتار (8) جار قسەیان كردووە. -حەوت پەرلەمانتار (9) جار قسەیان كردووە. -شەش پەرلەمانتار (10) جار قسەیان كردووە. -نۆ پەرلەمانتار (11) جار قسەیان كردووە. -پێنج پەرلەمانتار(12) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (13) جار قسەی كردووە. -دوو پەرلەمانتار (14) جار قسەیان كردووە. -سێ پەرلەمانتار (16) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (17) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (18) جار قسەی كردووە. -دوو پەرلەمانتار (19) جار قسەیان كردووە. -دوو پەرلەمانتار (20) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (21) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (23) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (24) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (27) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (30) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (36) جار قسەی كردووە.
درەو: فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند فڕۆكەی جۆری بی 52ی ناسراو بە ستراتۆفۆرترس گەیشتوەتە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر لایەنێك كە بیەوێت زیان بە ئەمریكییەكانو بەرژەوەندییەكانیان بگەیەنێت. فڕۆكەكان بە بنكەی مینۆت لە ویلایەتی نۆرس داكۆتاوە دەستیان بە فڕین كردووە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو ئەوەش سێیەمجارە لەماوەی 45 رۆژدا بۆ ئەو ئەركە بێنە ناوچەكە. B52, مێژوو, توانایەكی تێكشكێنەر فڕۆكەی بی 52 مێژوویەكی زۆری لە هێزی ئاسمانی ئەمریكادا هەیە چلەكانی سەدەی رابردوو نەوەی یەكەمی لەلایەن كۆمپانیای بۆینگەوە دیزاین كراوە 5ی ئابی 1954 یەكەمین جۆری B-52 A چوەتە بواری خزمەتكردنەوە كۆمپانیاكە چەندین شێوازو جۆری جیاوازی لەو فڕۆكەیە بەرهەمهێناوە لە نێوان ساڵی 1952 بۆ 1962 ژمارەی گەیشتە 744 فڕۆكە جۆری بی 52 سترارتۆ فۆرتس نوێتریان جۆریەتی كە بۆ چەندین ئەركی تایبەتو جۆراو جۆر دروستكراوە لە توانایدایە تا بەرزی 50 هەزار پێ بفڕێت دەتوانێت تەقەمەنی ئەتۆمیی و كلاسیكیش هەڵبگرێت كە زۆر بە وردی ئامانجەكانی دەپێكێت. لە ئایاری 2014 هێزی ئاسمانی ئەمریكا یەكەم فڕۆكەی ئاشكراكرد كە نوێكراوەتەوە بە پێشكەوتوترین سیستمی پەیوەندیكردن. لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی ئەمریكا 76 فڕۆكەی لەكاردابوو كە پلان دانرابوو نوێبكرێنەوە ئێستا 58 فڕۆكە لە خزمەتكردندان لەگەڵ 18 فڕۆكەی یەدەگ. درێژی بی 52 ستراتۆر فۆرترس 48 مەترو بەرزییەكەی 12.4 مەترەوە كێشی فڕۆكەكە 83 هەزارو 250 كیلۆگرامە سێ بزوێنەری هەیەو زۆرترین خێرایی دەگاتە 1046 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا. نرخی یەك فڕۆكە 83 ملیۆن دۆلارە لە توانایدایە بڕێكی زۆر تەقەمەنی هەڵبگرێت كیشوەربڕەو لە توانایدایە ماوەیەكی زۆر بفڕێت و لە ئاسمانیش سوتەمەنی وەربگرێت. فڕۆكەكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی جەنگی ساردو پرۆسەی گەردەلولی بیایان لە ساڵی 1990 بەشداری كردووە. لە رۆژی 2,3 ی سێپتەمبەری ساڵی 1996 درێژترین گەشتی بۆ لە ئەركی شەڕكردنیدا تۆماركردووە. لەو كاتەدا لە لویزیاناوە گەشتی كردووە بۆ بەغداو ماوەی گەشتەكەی 34 كاتژمێری خایاندوووەو بەبێ وەستان 16 هەزار میلی بڕیوە.؟ لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا لە ساڵی 2003 بەشداری كردووەو لەیەك ئەركی شەوانەیدا 100 موشەكی كروزی ئاراستەی ئامانجەكانی كردووە. ساڵی 2016 لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریاو عێراق هاتوەتە ناوچەكەو 1800 فڕینی هەبووە. ساڵی 2018 بەشداریكردووە لە هێرشەكانی دژ بە سوپای رژێمی سوریا. هێزی ئاسمانی ئەمریكا پێشبیندەكات بی 52 هەتا ساڵی 2050 لە خزمەتكردن بەردەوام بێت. لە توانایدایە 12 بۆمبی هێرشی راستەوخۆی جۆری (JDAM) هەڵبگرێت كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە ئاراستە دەكرێتو كێشی 226 بۆ 900 كیلۆگرام دەبێتز دەتوانێت بۆمبی جۆری " بایفوای" زیرەك هەڵبگرێت كە بە لەیزەر ئاراستە دەكرێت. چەندین شوێنی تایبەت بە قەناس بەدەستی تێدا ئامادەكراوە. دەتوانێت موشەك تەقێنی جۆری روتاری هەڵبگرێت كە توانای تەقاندنی 20 موشەكی كروزی لە جۆری JASSM هەیە. لە توانایدایە 12 موشەك لە باڵەكانی جێگیر بكرێتو هەشت موشەكیش لە ناوەوە هەڵبگرێت. توانای هەڵگرتنی موشەكەكانی جۆری AGM-158 JASSM كە مەوداكەیان دەگاتە 250 میلو كڵاوەیەكی تەقەمەنیشی هەڵگرتووە كە كێشەكەی دەگاتە 450 كیلۆگرام.
(درەو): حكومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ نهێنی لەسەر بەڵگەنامەیەكی خۆی هەڵگرت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی سەرۆك وەزیران جۆن میجەر لەساڵانی 1995 بۆ 1997. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، حكومەتی بەریتانیا لەسەردەمی سەرۆك وەزیران جۆن میجەردا ترساوە لە ئەگەری تێوەگلانی لە شەڕێكی تردا دژ بە رژێمی سەددام حسێن بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەریتانییەكان بیریان لەوە كردوەتەوە پشت لە هاوپەیمانە كوردەكانیان بكەن لە عێراق. بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، جۆن هۆڵمز سكترێری تایبەتی جۆن میجەر هۆشداری داوە لەوەی "ئەمریكییەكان رەنگە هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەیەكی سەربازانی بازنەفراوان بدەن" ئەگەر هێزەكانی سەددام حسێنی سەرۆكی عێراق دەستبگرێت بەسەر هەرێمی كوردستاندا. بەر لە كۆبونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ (وارن كرستۆڤەر) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی سەرۆك بیل كلینتۆن، جۆن هۆڵمز لە مانگی نۆڤێمبەری 1996دا واتە سێ مانگ دوای رووداوەكانی 31ی ئاب نوسیویەتی" ناتوانین بە ساكاریی پاڵپشتی لە كردەوەی سەربازی لەمجۆرە بكەین". لەو سەردەمەدا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناویشیاندا بەریتانیا ناوچەی ئارامیان بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردبوو، هێڵی دژەفڕینیان بۆ كوردستان دروستكردبوو كە بە هێَڵی 36 ناسرابوو. بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، هۆڵمز لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆسەر رژێمی عێراق، نوسیویەتی:" ئەمە دەكرێت ببێت بە تەنگژەیەكی سیاسی گەورە بۆ ئێمە.. رەنگە بۆ ئێمەو ئەمریكییەكانیش لەڕووی واقعییەوە وا باش بێت دەست لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بەربدەین". بەریتانییەكان لەو سەردەمەدا ئارەزووی كاری سەربازی بازنەفراوانی تریان لەدژی رژێمی سەددام بەباش نەزانیوەو هۆڵمز دەڵێ:" ئەمریكا ناتوانێت بچێتە ناو جەنگێكی لەوشێوەیەوە". سكرتێری جۆن مێجەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستبەرداربوون لە باكوری عێراق (مەبەستی لە هەرێمی كوردستانە) دەبێت بە "شەرمەزاری" بۆمان، بەڵام رەنگە هیچ بژاردەیەكی ترمان نەبێت.. هیچ یەكێك لە ئێمە ئامادە نییە لە خستنەگەڕی هەوڵێكی سەربازی راستەقینە یاخود تەرخانكردنی دارایی بۆ راگرتنی سەددام حسێن لە باكوری عێراق، ئەگەر هەوڵی كارێكی لەوجۆرە بدەین، رەنگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وێران بكەین. هاوكات هۆڵمز ئامۆژگاری كردووە كە ئیدارەی كلینتۆن لەم بابەتە ئاگادارنەكرێتەوەو نوسیویەتی" داننان بەوەی لەئێستادا توانامان نییە پاڵپشتی ئەمریكا بكەین لە دۆخێكی گریمانەكراوی داهاتوودا، كارێكی زۆر سەختە". بەر لە جۆن مێجەر، كاتێك جەنگی یەكەمی كەنداو رویدا، مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، لەم سەردەمەداو لە ساڵی 1990 سەددام كوەیتی داگیركردو هاوپەیمانان لەدژی وەستانەوە. جۆن مێجەر لە نۆڤێمبەری 1990 پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای وەرگرت، تاوەكو فێبرایەری 1991 بەریتانیای كرد بە هاوبەشی ئەمریكا لە شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رژێمی عێراق. بەڵام ساڵی 1997، پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی تۆنی بلێر، لە هەڵبژاردندا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر پارتەكەی جۆن مێجەردا بەدەستهێنا. تۆنی بلێر كە دەسەڵاتی گرتەدەست، پاڵپشتی جۆرج بوشی سەرۆكی ئەمریكای كرد بۆ هێرشكردن بۆسەر رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا.
(درەو): کڕینی دوو ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان عێراق کێشەی دروستکردووە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبیلەکان هەڵوەشێندرێتەوەو ئەو ئۆتۆمبێلانەش وەربگیرێنەوە کە موڵکی پەرلەمانن و هێشتا لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمان ماون. لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمانی کردووە، حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات گرێبەستی دوو ئۆتۆمبیل هەڵوەشێندرێتەوە کە بۆ ئەمینداری پەرلەمان کڕدراون. ئەم نوسراوە دوای ئەوەدێت، دوێنێ (درەو) بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو ئۆتۆمبیلی بۆ (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمان کڕیوە کە سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەپێی زانیاییەکان، بەهای ئەو دوو ئۆتۆمبیلە دەگاتە (٤٠٠ ملیۆن) دیناری عێراقی. کڕینی ئەم ئۆتۆمبیلانە بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان، ناڕەزایەتیی دروستکردووە، هەندێک ئەم بابەتەیان کردووە بە بەهانە بۆ هێرشکردن بۆسەر پەرلەمانی عێراق و دەڵێن پەرلەمان بەبەهانەی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان دەیەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت، بەڵام خۆی زیادە خەرجییەکانی رانەگرتووە. کڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە بەدیاری سەری ساڵ و "سانتاکلوز" ناودەبرێت و ئەوانەی ئاگاداری چۆنیەتی کاروباری پەرلەمانی عێراقن دەڵێن (سیروان سیرینی) رازگریی حەلبوسییەو ئاگاداری بەهەدەردانەکانییەتی، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ئۆتۆمبیلی بۆ کڕیوە. لە نوسراوەکەیدا حەسەن کەعبی دەڵێ:" گرێبەستی کڕینی ئەوئۆتۆمبێلانە هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی ئەوەی ئێستا وڵات بە قەیرانێکی دارایی خنکێنەرو دۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویست بە کڕینی ئۆتۆمبیل ناکات و ژمارەیەک ئۆتۆمبیل هەن کە لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمانن و دەبێت بەشێوەیەکی خێرا ئەو ئۆتۆمبیلانە بگەڕێندرێتەوە".
(درەو): پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتە پەرلەمانی عێراق، بودجەكە كۆی خەرجی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2021 بە بڕی ( 13 ترلیۆن و 904 ملیار) دینار دیاریكردووە، كە (3 ترلیۆن) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینارە. ماددەی (11)ی پرۆژەیاساكە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان، واتا نەوتو بەشە بودجە. بەپێی ئەو رەشنوسەی بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان، جارێكی تر هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بەوەی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات، نەك نەوتەكە خۆی، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە پەرلەمانتارانی شیعە لە پەرلەمان دژایەتی دەكەنو دەیانەوێت هەرێم نەوت رادەست بكات نەك داهاتەكەی، ئەمە یەكێكە لەو بڕگانەی كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت. بابەتێكی تر كە لە رەشنوسەكەدا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو وەكو خۆی ماوەتەوە بابەتی (مقاصە) واتە "لێبڕێن"ە، مەبەست لە لێبڕین ئەوەیە، ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، حكومەتی عێراق بەهای ئەو بڕە نەوتە بە پارە لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەمەش یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو پرۆژەی بودجە كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت، چونكە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، لێبڕین بنەمایەكی سیاسییە نەك دەستورییو دەبێت كۆتایی پێ بهێنرێت. ماددەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، لە چەند بڕگەیەك پێكدێت كە پوختەكەی بەمشێوەیە: ماددەی (11) بڕگەی (یەكەم): شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵو هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2020 پاكتاودەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات.. ماددەی (11) بڕگەی (دووەم)- خاڵی (ا): حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەی كێڵگەكانی، بەو نرخەی كە كۆمپانیای "سۆمۆ" دەیفرۆشێت، ئەو بڕە نەوتەی كە دەمێنێتەوە بەكاردەهێنرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی هەرێمو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتەكەی هەرێم. ماددەی (11) بڕگەی (2)- خاڵی (ج): ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە بڕگەی (1)، واتە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە پشكی هەرێم دەبڕێت. كۆی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق لە پرۆژەكەدا بەم شێوەیەیە: - بودجەی بەكاربردن: (10 ترلیۆن و 912 ملیارو 627 ملیۆن و 512 هەزار) دینارە. - بودجەی سەرمایەگوزاری: ( 2 ترلیۆن و 991 ملیارو 384 ملیۆن و 940 هەزار) دینارە. - كۆی گشتی پشكی هەرێم: (13 ترلیۆن و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار) دینارە. واتا ئەگەر هەرێمی كوردستان (250 هەزار) بەرمیل نەوت و ئەو پابەندە داراییانەی تری دەكەوێتە سەری رادەستی بەغداد بكات، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی بدات، كە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینارە كە ساڵانە دەكاتە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینار، واتا (3 ترلیۆن و 176 ملیار) دیناریش دەمێنێتەوە لەو (13 نرلیۆن و 904 ملیار) دینارەی كە پشكی هەرێم دەبێت لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراق. ئەمە لە كاتێكدا روو دەدات پرۆژە بودجەكە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێت (كە ئەستەمە)، خۆ ئەگەر دەستكاریش كراو هەرێم ناچاركرا لەبری ئەوەی داهاتی نەوت رادەست بكات، نەوتەكە خۆی رادەستبكات، ئەوا داهاتەكە بەهەمان شێوە دەبێت بۆ هەرێم و دەتوانێت كێشەی موچە ساڵی دارایی 2021 چارەسەربكات.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) وا ساڵێكی تر تێدەپەڕێتو ساڵێكی نوێ لە دەرگای ماڵەكانمان دەدات، بەڵام ئەوەی ئێمە لە دونیای خۆماندا دەیبینینو بەبەرچاومانەوە ڕوودەدات، چەندان قەیرانی هەمەجۆرو ترسناكە كە كۆمەڵگاو ئینسانی ئێمە بەرەو پڕوكانێكی تەواوەتی دەبات. یەكێك لەو قەیرانانە كە ڕەنگە ترسناكترین بێت، بەڵام كەمترین قسەی لەسەر كرابێت، قەیرانی كۆتاییەكی هەمەلایەنەو سەرتاسەری سیاسەتە. ساڵانێكە ئێمە لە ژیانێكی بەتاڵ لە سیاسەتدا دەژین، ژیانێك داماڵدراو لە سیاسەتو لە زۆر سەریشەوە تەواو دژ بە سیاسەت. لە دونیای ئێمەدا چەندان بكەری جیاواز ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە كوشتنی سیاسەتدا. بەجۆرێك ئەوەی ئێمە ئەمڕۆكە دەیبینین ئامادەگیی ”كایەیەكی سیاسیی“ە بەبێ سیاسەت، ئامادەگیی ”سیاسیی“ە بەبێ سیاسەتو ئامادەگیی ”سیاسەتێكی تەفسیركردنی دونیای ئێمەیە“ لەدەرەوەی ڕەهەندە سیاسییە كوژاوەكەی ئەو دونیایەدا. بەڵام چۆن دونیای ئێمە بێسیاسەتە؟ بە چ مانایەك كایەی سیاسیی ئێمە كایەیەكی بێسیاسەتە؟ ئەی ئەوە نییە هەمووان ڕۆژانە باس لە سیاسەت دەكەنو چەندان نووسەرو ڕۆشنبیر جەغت لەوەدەكەن سیاسەت هەموو شتێكی داگیركردوە. ئەی ئەوە نییە چەندان تێز هەن باس لە دابڕانو خۆجیاكردنەوە لە سیاسەت دەكەن وەك مەرجی یەكەمی ڕزگاریی تاكەكەسییو ڕزگاریی كۆمەڵگاكە. ئەی ئەو هەموو پارتو ڕێكخراوە سیاسییانە، ئەو میدیا تا بینەقاقا بە حیزبییو ئەو هەموو قسەو باسو گوتارانە، چین؟ یەكەمین خاڵ كە پێویستە لە ڕوونكردنەوەی ئەم ”تێزی نەمانی سیاسەت“ەدا وازیلێبهێنین، ئەوەیە كە نابێت سیاسەت وەك پیشەی ئەم یان ئەو كەسو ئەم یان ئەو پسپۆڕو لێزان ببینین. سیاسەت پیادەكردنی بۆچونو ئایدیاو بیرۆكەی كۆمەڵێك خەبیرو فەیلەسوفو نووسەر نییە، كە تیایدا زۆرینەی كۆمەڵگا بێدەنگ، یان پەراوێز بخەن، یان وەك ”عامە“یەكی نەزانو گەمژە مامەڵە بكەن. سیاسەت كردەی ئەم یان ئەو پارتی سیاسییش نییە كە خۆی بە ”پێشڕەوی كۆمەڵگا“و پێشڕەوی مێژوو بزانێت. بەهەمان شێوە سیاسەت كردەو خەونی ئەم یان ئەو سەركردە پیرۆزە نییە كە بەناوی هەمووانەوە قسەبكاتو بخوازێت دەستی هەمووان بەرەو ئارامییو بەهەشت، بگرێت. سیاسەت كاتێك سیاسەتە كە وەك چالاكییەك لەسەر بنەمای یەك ڕاستیی كۆمەڵایەتیی دروستبووبێت، ڕاستیی ئەوەی كە دۆخی مرۆڤ هەمیشە دۆخێكی پلورالو پڕجیاوازییە، جیهانو كۆمەڵگا جیهانێكی پلورالن، جیاوازیی یاسای پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتییە. سیاسەت چالاكیی ڕێكخستنی ئەو جیاوازییانەیە بە شێوەیەك هەم وەك جیاوازیی دەربكەونو هەم وەك جیاوازیی توانای ژیانیان هەبێت. ئەمە وادەكات یەكەی سەرەكیی سیاسەت مرۆڤ نەبێت وەك تاكو بوونەوەرێكی تەنها، بەڵكو مرۆڤەكانە بە كۆ و بەیەكەوە، مرۆڤەكانە لە دۆخی بوونی پەیوەندییدا بەیەكترییەوە. مرۆڤی تەنها دەشێت یەكەی سەرەكیی ناو شیعرو ئەدەبیاتو فەلسەفە بێت، بەڵام هەرگیز یەكەی سەرەكیی ناو سیاسەت نییە. بەم مانایە سیاسەت چالاكی كاركردنە لەسەر پلورالیزمی ئینسانیی، لەكاتێكدا فەلسەفەو بەشێكی تری لقەكانی فیكر باس لە مرۆڤ وەك تاكەكەس دەكەن. پلورالیزم وەك یەكەی سەرەكیی سیاسەت مانای باسكردنی مرۆڤ لە دۆخی بەیەكەوەبووندا، لە دۆخی پەیوەستبوونیان بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە بەكەیەوە. بۆیە هەموو ئەو چەمكانەی كە ڕێیان دەكەوێتە ناو سیاسەتەوە هەموویان دەبنە چەمكی پلورالو گشتییو كۆ. ”ئازادیی“ مرۆڤ، بۆ نموونە، دەشێت لە فیكری فەلسەفییدا ئازادیی تاكەكەس بێت، پەیوەندیی بە قسەكردن لەسەر ئەوەوە هەبێت ئایا تاكەكەس دەتوانێت ئازادبێت؟ ئایا شتێك هەیە بەناوی ئیرادەی ئازادەوە؟ ئەگەر هەیە تا چەندو كوێ ئازادە؟، هتد. لە هەموو ئەمانەدا باس لە توانای مرۆڤ وەك تاكەكەس لەسەر ئازادیی دەكرێت، لە كاتێكدا لە سیاسەتدا قسەو باس لەسەر بوون یان نەبوونی ئیرادەی ئازاد لای تاكەكەس نییە، ئازادیی ئیرادە بابەتی سیاسەت نییە، ئەسڵەن لە سیاسەتدا تاكەكەس وەك تاكەكەس ناتوانێت ئازاد بێت، چونكە تاكەكەس هەمیشە لە پەیوەندییدا بە كەسانی دیكەوە، لەناو پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتییدا، لەناو كۆمەڵێك پەیوەندییدا بە كەسانی ترەوە، ئامادەیە. مرۆڤ ناتوانێت بەتەنها مومارەسەی ئازادیی بكات، بەڵكو لەناو سیستەمێكی پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتییو بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتییدا پیادەی ئازادیی خۆی دەكات. ئازادیی لە سیاسەتدا ئازادیی مرۆڤەكانە بە كۆ، كاتێك بەیەكەوە دەژینو بەیەكەوە كاردەكەنو بەیەكەوە لەپەیوەندییدان. ئازادیی لێرەدا تەنها لەگەڵ مرۆڤەكانی ترو لە پێكەوەبووندا بوونو مانای هەیە. بەمجۆرە سیاسەت دەبێتە چالاكی كاركردنو ڕێكخستنو بەڕێوەبردنو دروستكردنی ژیانی گشتیی، ئەو ژیانەی كە مرۆڤە تاكەكەكان لەگەڵ یەكدا دروستیدەكەنو تیایدادەژین. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا غائیبە ئەم دیدو ڕوانینەیە بۆ سیاسەت، ئەم بەرخوردەیە بۆ سیاسەت. ئەوەی غائیبە سیاسەتە وەك چالاكی ڕێكخستنو ماناداركردنی پلورالبوونی ئینسانەكانو ڕێكخستنو داڕشتنی پێكەوەبوونیان بەیەكەوەو كاركردن لەسەر فۆرمو شێوازیی ئەو پەیوەندییانەی مرۆڤەكان وەك كۆ و بە گروپ لەگەڵ یەكدا دروستیدەكەن. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا هەیە ڕێك پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەیە بۆ سیاسەت، لەڕاستیدا دیوە دژەكەی ئەم تێگەیشتنەیە. لای ئێمە سیاسەت چالاكیی پاراستنی پێگەی گروپێكی بچووكی ناو كۆمەڵگایە دژ بە زۆرینەی گروپەكانی تری ناو كۆمەڵگا، كورتكردنەوەی سیاسەتە بۆ چالاكیی گەورەكردنو بەهێزكردنی زیاترو زیاتری سودو قازانجی چەند خێزانو بنەماڵەیەك لەسەر حیسابیی زۆرینەی كۆمەڵگا. تاپۆكردنی سیاسەتە لەسەر چەند گروپێكی بچووكو بەنفرەتكردنیەتی لەلایەن كەسانێكی ترەوە. كۆمەڵگای كوردیی هیچ چاوەروانییەكی باشی لە سیاسەت نەماوە، نەك لەبەرئەوەی سیاسەت بیابانێكەوە هیچی تیا سەوزنابێت، بەڵكو لەبەرئەوەی شتێك بەناوی سیاسەت كە سەوزكردنی ژیانو رێكخستنی كۆمەڵگاو پاراستنی پلورالیزمو ئازادیی وەزیفە سەرەكییەكانێتی، بوونی نییە. لە كۆمەڵگای ئێمەدا لەباتی پەیوەندیی ناپەیوەندییو لەباتی پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتیی گێتۆسازییو لەباتی دروستكردنی ژیانی هاوبەش پارچەپارچەكردنی كۆمەڵایەتییو دابڕانو دوورخستنەوەی مرۆڤەكانو شارەكانو ناوچەكان لەیەكتری، سەروەرە. بەم مانایە ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە لۆژیكی بەر لە دروستبوونو لەدایكبوونی سیاسەتە، لۆژیكی توندتوتیژییو هاوكێشەی هێزی ناو جەنگەڵە، كە تیایدا بەهێز لاوازو لایەنێك ئەوانیتر كۆنترۆڵو ئاڕاستەدەكاتو كەیش ئەمەی بۆنەكرا، بەخائینو ناپاكو مەترسییو هەڕەشە ناویدەبات. واتە سەرەتا لە ئاستە ڕەمزییەكەیدا دەیكوژێت، دواتر گەر هەلومەرج لەباربوو لە ئاستە مادییو فیزیكییەكەشیدا لەناویدەبات. ئەگەر لۆژیكی سیاسەت لۆژیكی پەیوەندییو پێكەوەبوونو كاری پێكەوەیی ناو ژیانی گشتیی بێت، ئەوا ئەوەی لە هەرێمدا ئامادەیە لۆژیكی هێزە بەمانا جەنگەڵییەكەی كە توندوتیژیی دەركەوتە سەرەكییو بنەڕەتییەكەیەتی. سیاسەت لێرەدا چالاكییەكە هێندەی بەرهەمهێنەری هەڕەشەو پیلانو ئەگەری بەگژاچوونەوەی توندوتیژو هێندەی چالاكییەكی ڕێكخراویی دزینیی موڵكو سامانی گشتییو تێكدانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكانە، هێندە چالاكییەك نییە بەو ئاڕاستەیەی ئێمە باسمانكرد. سیاسەت لەناو دەسەڵاتدارێتیی كوردییدا لەڕووی گوتارەوە بووە بە درۆ و هەڕەشەی ڕووتو لەڕووی پراكتیكییەوە بووە بە جوڵاندنی هێزو پیادەكردنی توندتوتیژیی. بێگومان بابەتی ”كۆتایی سیاسەت“ لەناو فیكری سیاسیی خۆیدا چەند جارێك بووە بە جێگای لەسەر ڕاوەستانو گفتوگۆ. ڕەنگە گرنگترینیان تێزەكەی هانا ئارێنت بێت لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا. بەشێوەیەكی گشتیی ئارێنت ڕای وایە كە دونیای مۆدێرن ڕەهەندی سیاسیی ناو مرۆڤەكانی سڕیوەتەوەو سیاسەت گۆڕاوە بۆ مەنێجمێنتو ئیدارەدان، بەڵام لەناو بونیادی جەنگی ساردو دوستبوونی چەكی ئەتۆمییدا ئیتر باس لە كۆتایی سیاسەت دەكات. ئارێنت ڕای وابوو كە كردەی سیاسەت لەسەردەمی مەترسییەكانی جەنگی ئەتۆمییدا لەژێر هەڕەشەی مردندایە، چونكە هەموو خەمی سیاسەت كوتبووەتەوە بۆ رێگەگرتن لە مەترسیی ڕوودانی ئەو جەنگە. بەبۆچوونی ئارێنت ئەو جەنگە گەر ڕووبدات، نابێتە جەنگی جیهانی سێهەم، بەڵكو دەبێتە دواجەنگو كۆتایی مرۆڤایەتییش. كورتكردنەوەی سیاسەت بۆ هەوڵدان لەپێناوی ڕێگرتن لە دروستبوونی جەنگ، مانای كوشتنی كردەی سیاسەتە، كە ئەركە سەرەكییەكەی پاراستنی پلورالیزمی مرۆڤەكانو پێكەوەژیانو دەستەبەركردنی پەیوەندیی بەردەوامو ئازادییە لەناو ڕووبەری گشتییدا. هاوشێوەی هانا ئارێنت، یورگن هابەرماسیش لە شەستەكانی سەدەی بیستەمدا، باس لە كۆتایی سیاسەت دەكات، بەڵام لە دیدێكی كەمەكێك جیاوازەوە. بۆچوونی هابەرماس وابوو كە سیاسەت خەریكە بگۆڕێت بۆ چالاكییەكی نهێنیی، بۆ نماییشێكی ناسیاسیی گەورە كە بەدزییەوە ڕوودەداتو لە كۆمەڵگا دەشاردرێتەوە. لەم چالاكییە نهێنییەشدا سیاسەت دەبێت بە رێككەوتنی نوێنەرانی بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەكان لەسەر بازاڕو قازانج. بەڕای هابەرماس ئەم نهێنیكارییەو ئەم بێبەشكردنو دابڕانەی خەڵكو كۆمەڵگا لە چالاكیو بەشداریی سیاسیی، وادەكات دیموكراسییەت لەوە بكەوێت دیموكراسییەت بێت، بەڵكو دەبێت بە دەزگایەكی قەبەو بەتاڵكراو لە هەموو چالاكییەكی سیاسیی راستەقینە. خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دیدە لای ئارێنتو هابەرماس ئەوەیە سیاسەت لەوە دەخرێت كە كاری پێكەوەییو دستەجەمعیی مرۆڤەكان بێت لەگەڵ یەكدا بەمەبەستی دروستكردنی ژیانێكی گشتیی، لەوەدەكەویت بە دروستكردنو پێشخستنی ژیانی گشتیی مۆرڤەكانەوە سەرقاڵبێت، پەیوەندیی بە پلورالبوونی ژیانو ئازادییو بوونی مرۆڤەكانەوە نامێنێت، بەڵكو كورتكراوەتەوە بۆ پاراستنی كۆمەڵێك قازانجو دەسكەوتی تایبەت. ئەم وەرچەرخانە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی سیاسەتدا وایكردوە خودی چالاكییەكە ببێت بە مەترسیی هەم بۆ سەر سیاسەت خۆیو هەم بۆ سەر كۆمەڵگا. لەباتی پاراستنی ژیانی گشتییو لە شوێنی گرنگیدان بە جیاوازییەكانو ڕێكخستنیان، لۆژیكی دابەشكردنی دونیا بۆ دۆستو دوژمن كاردەكات. بۆ كەسێك لەگەڵ منەو بۆ كەسێك كە دژ بە منە، كەسێك قازانجەكەی قازانجی منەو كەسێك قازانجەكەی زیانی منە. كردنی ئەم لۆژیكی دروستكردنی دۆستو دوژمنە بە لۆژیكی سیاسەتو دانانی لە شوێنی پاراستنی جیاوازییو پلورالیزمی ژیانو مرۆڤەكاندا، ئەو لۆژیكەیە كە تۆتالیتاریزمی لەسەر دروستدەبێت. ئەم تۆتالیتاریزمە لە سەدەی بیستویەكەمدا بە بەرگێكی پۆپۆلیستیی كولتوورگەراییەوە هاتۆتە ناو جیهانی سیاسەتو كار لەسەر دابەشكردنی دونیای ئینسانەكانو كۆمەڵگاكانو دەوڵەتەكان لەیەكتر دەكات. لەو ناوچەیەی ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتانو جەنگی ناوخۆی هێزەكان لەگەڵ یەكدا، ساڵانێكە زۆرینەی دەوڵەتەكانی ناوچەكە گیرۆدەی ئەو جەنگەن كە بە ”جەنگی دژ بە تیرۆر“ ناونراوە. بەشی زۆری ئەم جەنگانە تەنها رەهەندێكی ناوخۆییان نییە، بەڵكو رەهەندێكی ئیقلیمییو نێونەتەوەییشییان هەیە. زیاد لە بكەرێكو زیاد لە گروپو زیاد لە هێزێكی ئیقلیمیی لەناوچەكەدا بەریەك دەكەون. ساڵانێكی زۆرە سیاسەت لەناوچەكەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوەو كارە سەرەكییەكەی بووە بە ڕاكردن بەدوای ئەو كێشانەدا كە جەنگو شەڕی ناوخۆییو دروستبوونی گروپە چەكدارەكانو نوخبەیەكی فاسیدی دەسەڵاتدار، بۆ كۆمەڵگا بەرهەمیدەهێنن. ئێستا ئیتر لە دوای شكستی ئەزموونی سێ دەیەی دەسەڵاتدارێتیی كوردیی، سیاسەت لە قۆناغی كۆتاییەكانی خۆیدا دەژیی. سەرەتا باوكە سیاسییەكان سیاسەتیان وەك چالاكی دروستكردنی ژیانێكی گشتییو پاراستنی پلورالیزم وێرانكردو سیاسەتیان لە سیاسەت بەتاڵكردەوە، ئێستا ئیتر سەرە هاتۆتە سەر منداڵەكانیان. سیاسەت لای ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە بووە بە كردەی نابەرپرسیارێتییەكی رێكخراو، بووە بە بیركردنەوە لە چۆنێتی ڕێكخستنو ئیدارەدانی بێبەشكردنی خەڵك لە مافو خزمەتگوزارییو شكاندنی كەرامەتی ئینسانەكان. دەسەڵاتدارانی هەرێم سەركەوتووبوون لەوەی كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەم هاونیشتیمانییبوون وەك بەرئەنجامی بەشداریی سیاسییو هەم ئینتیما وەك دەرەنجامی تێركردنی خواستە كۆمەڵایەتییەكان، لە ئازادییەوە بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، بەتەواوەتی وێران بكەن. بەم چەشنەش سیاسەت بكەن بە ئەكتێك لە توندتوتیژییو هەڕەشە، بە چاكییەكی نهێنییو نماییشێكی ناسیاسییانە كە بە دزیی خەڵكەوە ڕوودەدات. ئەم دۆخە دروستكراوە داخستنی هەموو دەرگایەكە بەڕووی ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكی سیاسیی كە بتوانێت مانایەكی ترو دەركەوتێكی تر بە سیاسەت ببەخشێت. سیاسەت لەسەردەمی منداڵانی باوكە سیاسییەكاندا بووە بە درێژكراوەی شكست بە كەرەسەی تر. ئەم نەوە تازەیەش تەنها درێژە بەو كولتووری داماڵینەی سیاسەت لە جەوهەرەكەی خۆی نادات كە باوكە سیاسییەكان بەرهەمیان هێنابوو، بەڵكو لەڕاستییدا خۆیان بەرهەمێكن لە بەرهەمەكانی ئەم كۆتاییهاتنەی سیاسەت. ئەزموونی ئەمساڵ پێماندەڵێت كە نەوەی نوێی خێزانە سیاسییەكان كردەی سیاسەتیان گۆڕیوە بۆ نابەرپرسیارێتییەكی رێكخراو. ئەزموونی ساڵی 2020 هەڵگری یەك پەیامی ڕوونە: ناتوانرێت لەم نەوە نوێیەش چاوەڕێی ئەوە بكەین، ببێتە هێزی بەخشینەوەی ژیان بە سیاسەت. بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی